ئارامتر بخوێنەوە!

ئابووری، گوتاری لەیادکراوی گەمە سیاسییەکانی کورد

ڕزگار بەهاری

ئاماژە

“لایەنە سیاسییەکان پێویستیان بە پلاتفۆڕمێکی ئابوورییە بۆ ناوچە کوردییەکان کە بەستێنێکی تۆکمە بۆ داهاتووی دەسەڵاتی کوردی پێکبێنێت. ئابووری، کەرتێکی گرنگی مێکانیزمی چارەنووسسازە بۆ دەسەڵاتی داهاتووی کورد و هەر وەرچەرخانێکی سیاسیی ناوچەکە، هەڵگری کۆمەڵگەی پێگەیشتووە لە ڕووە جیاوازەکانەوە.

زۆربەی گەلانی جیهان خاوەنی دەوڵەتن و هێندێکیش بەهۆکاری جیاواز لەژێر چەتری دەوڵەتانی دیکەدا ماونەتەوە و نەبوونە خاوەن دەسەڵاتێکی سەربەخۆ. گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانە کە تا ئیستا نەبۆتە خاوەنی دەوڵەت و گەلانی دیکەی وەک تورک، فارس و عەرەب لە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتیی دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا گەلانی باڵادەست و خاوەن دەسەڵات هەوڵیان داوە گەلی کورد پەراوێز و دابەش و لاواز بکەن کە نەتوانێت ئەستوونەکانی سەربەخۆبوون بچەقێنێت و دەسەڵاتێکی کوردی پێک بهێنێت.

هزری دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی مێژوویەکی دووری هەیە و گەلی کورد دەیان شۆڕشی گەورە و بچووکی لەپێناو‌ نەهێشتنی زوڵمی داگیرکەران و دەستەبەرکردنی کیانێکی سەربەخۆدا هەڵگیرساندووە. سەرەڕای سەرجەم ئاستەنگی‌ و تەنگەژەکان و هاوکات لەگەڵ کەموکورتیەکان، هزری سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری لەناو جیلە نوێیەکاندا خۆ نوێ دەکاتەوە. دژایەتی کردنی داگیرکەران و زلهێزانی جیهانی لە سازبوونی دەوڵەتێکی نوێ لە جیهاندا باس و خواس و تایبەت‌مەندیی خۆی هەڵدەگرێت و ڕەنگە لە ڕەهەندی ڕوانگەی ئەوانەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ، هاوتەریبیی جیهانی بشێوێت و پاشتر گەلانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەوانیش (هاوشێوەی کاتالۆنەکان لە سپانیا) داوای سەربەخۆیی بکەن.

سەرەڕای دژایەتی ‌و ناڕەزایەتیی زلهێزەکان، هەر گەلێک پێداگر بووبێت و تێچووی بۆ دابێت توانیویەتی لانیکەم بڕێک لە خواستەکانی دەست بخات، لێ تا ئێستا کۆمەڵگەی کورد وێستگەکانی خەبات و ئەو دەستکەوتانەی رەزامەندیی لەپاش خۆی هێنابێت تێپەڕ نەکردووە. جگە لە بەربەستی دەرەکی، بڕێک لە تاوانەکانی نەگەشتنە ئامانجی خەباتەکان وەک خۆی دەکەوێتە سەر شانی حزب و سیاسەتوانانێک کە بەدرێژاییی مێژوو، نوێنەرایەتیی کوردیان کردووە؛ لە پاوان‌خوازی و دابەش‌بوون بگرە تا نزیک‌بوونەوە لە داگیرکەران و نەبوونی ستراتیژی و پلانی زانستیی، کارتێکەر بوون لە ژێرچەپۆکە و قەتیس‌مانەوە لە بن‌دەستی داگیرکەران.

داڕشتنی پلانی بەدەسەڵات‌بوون یان دابین‌کردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆسەری لە ئەستۆی لایەنە سیاسییەکان و بە یەکڕیزی و هاوکاریی پسپۆڕانی شارەزا لە بوارە جیاوازەکاندا دەگاتە ئامانج. بە تەنها هۆکارێک یان چەند هۆکاری لاواز، هەلومەرجی بە سیستەم‌بوونی گەلێک ناڕەخسێنێت بەڵکوو چەند بزوێنەری دەوڵەمەند و هۆکاری جێگر دەتوانێت داگیرکەران و زلهێزان پێمل بە دیانپیانان بە دەسەڵاتی کوردیدا بکات. جگە لە هێز و توانای سەربازی وەک کارتێکی گوشار، باڵی سیاسیی ناوخۆ، پێوەندیی دەرەکی و دیپلۆماسی هەروەها ئابووریی‌کاریگەر، چەند هێڵی گوشاری دیکەن کە دەتوانێت دەستی گەلی کورد ئاوەڵا بکات لە گەیشتن بە ئامانجەکانی. دەکرێت پڕۆژەی دیفاکتۆی ناوخۆیی و دەرەوەی ئابووری لە کۆنگرەی حزبەکان بگونجێت و کومیتەی بۆ تەرخان بکرێت، پاشان بەیارمەتیی کومیتەکانی فەرهەنگی‌ـ‌کۆمەڵایەتی و میدیا و پەرتووکەوە نمای ئابووریی داهاتووی کوردستان تێ‌بشێنن و کۆمەڵگەیەکی زانا لەسەر زانستی ئابووری پەروەردە بکرێت.

گومان لەوەدا نییە کورد لەبواری سەربازیدا پڕاگماتیسم (Pragmatism) و وەک مەترسییەک بۆسەر زاڵمان لێی ڕواندراوە بەڵام لەبوارەکانی‌ دیکەی وەک دیپلۆماسی، سیاسی و ئابووریی‌کاریگەردا نەیتوانیوە وەک پێویست هەڵکشان بەخۆیەوە ببینێت. پاش شەڕی جیهانیی دووهەم و دواتریش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١دا کە ١٥ وڵات سەربەخۆییان ڕاگەیاند، جیهان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی لە سنوورەکانی وڵاتاندا بە خۆیەوە نەبینیوە. بە تێپەڕ‌بوونی کات، شەڕی سارد و پاشان شەڕی ئابووری هەردوو جەمسەری گۆی زەویی گرتووەتەوە و بەهۆی گرنگییەوە لە ئێستادا شەڕی ئابووری یەکێکە لە گرنگترین ململانێکانی نێوان زلهێزەکان. هەڵبەت لەیاد نەکەین بەهۆی هەڵکەوتەی ژێئۆپۆلەتیک‌-ی ئەو ناوچانەی کورد تێیدا نیشتەجێیە، مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ئاو دەکرێت و ئاسۆیەک بەدی ناکرێت کە کورد بتوانێت لە ماوەی ساڵانێکی نزیک پێگەیەکی هەبێت لە دیاری‌کردنی دەرەنجامی ئەم ململانێیە.

هەردوو وڵاتەکانی ئەرمەنستان و بۆسنی کە لە ساڵی ١٩٩٢ بەملاوە سەربەخۆ بوون بەهۆی گەندەڵی و نەبوونی ئابووریی بەتوانا نەیانتوانیوە لەڕووی سیاسیەوە سەربەخۆ بن؛ ئەرمەنستان لەژێر هەژموونی ڕووسیادایە و لەپاش سەربەخۆیی، شیمانە دەکرێ چوار بەیەکی شارۆمەندانی ئەو وڵاتە لەتاو هەژاری ئاوارەی وڵاتانی ڕۆژاوا بووبێتن. وڵاتی بۆسنیا پاش شەڕێکی قورسی چوارساڵە لەگەڵ سێربەکان تا ساڵی ١٩٩٥، بەهۆی هەژاری گەڕاوەتەوە ژێر هەژموونی سێربەکان. هەرچەند لەئاکامی خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەیان هەزاران کەس گیانی خۆیان بەخشی و جوگرافیاکەیان ئازاد کردووە بەڵام دانیشتوانی ئەو دوو وڵاتە ئێستاکە بۆ تێرکردنی سکی بنەماڵەکانیان وڵاتەکەیان جێ دەهێڵن. وەها وڵاتێک بۆ خۆ پارستن لە هەڕەشەی دەرەکی دەبێتە باڵ و پاشکۆی زلهێزێک تاکوو لە ئەگەری هەڕەشەی دەرەکی بیانپارێزێت و لە بەرکەوتنە نێودەڵەتیەکاندا وەک کارتێک بەکار دەهێندرێن.

ململانێی ئابووری، جێگرەوەی شەڕی سەربازی

ئابووری کارتێکی کاریگەرە بەدەست وڵاتانەوە و شەڕی ئابووری، خۆی لە گەمارۆی ئابووری و بەرزکردنەوەی نرخی گومرکی کاڵا و ڕاگرتنی هاوردە لە وڵاتی بەرانبەر دەبینێتەوە و بەم‌شێوەیە وڵاتەکان لە هاتنە‌ئارای ناکۆکیدا سزای یەکتر ئەدەن. هەر وڵاتێک خاوەن ئابووریی بەهێز بێت، هاوپەیمان و دەسەڵاتی لە ئاستی جیهاندا زیاتر و کاریگەرتر دەبێت بەڵام لەم نێوەدا گەلی کورد کە دەسەڵات و سیستەم نییە، یان نەیتوانیوە ناوچەیەکی خۆسەری سەقامگیر لە بوارە جیاوازەکان پێک بهێنێت چۆن دەتوانێت پاڵپشت و هاوپەیمان بگرێت و لانیکەم قسەیەکی لەئاستی ناوچەکەدا بۆ وتن هەبێت؟! ئابووری هێندە گرنگە کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی کورد تێیاندا دەژی، بە وردی چاودێریی بەرهەم و سامانی تاک بە تاکی کۆمەڵگە دەکەن و دەیخەنە ژێر چاودێریەوە نەکا سامانی کورد بگاتە ئاستێک کە مەترسیی بێت بۆسەر بەرژەوەندییەکانیان.

هەڵبەت مەبەست لە وروژاندنی وەها باسێک کاڵ‌کردنەوەی ئەستوونەکانی دیکەی وەک سەربازی و سیاسی نییە چونکە نەک کورد تەنانەت لە جیهاندا پرسی بەتایبەت سەربازی وەک ئەگەرێک (هەرچەند پڕتێچوو) پێگەی خۆی هەیە کە ئەویش خۆی لە بازنەی توانای ئابووریدا دەبینێتەوە بەڵام تاکوو بژاردەیەکی وەک کارتی گەمارۆی ئابووری جێگرەوە بێت، هێزی سەربازی ناخرێتە گەڕ. بە چاوخشاندنێک بە ئینفۆگرافیکی هێزە ئابوورییەکانی جیهان دەبینین هێز و توانای ئابووری، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە هێزی سەربازی و سەپاندنی سیاسەتەوە هەیە لەسەر گۆی زەوی؛ ئابووریی وڵاتی ئەمریکا کە گەورەترین زل‌هێزی سەربازیی جیهانە پتر لە سێ‌هێندەی دووهەم وڵاتی پاش خۆیەتی کە وڵاتی چین‌ـه.

ئابووری دەسەڵات دەهێنێت و وڵاتی تورکیا کە خاوەن هێزی ئابوورییە، لە گەمە سیاسییەکانیدا لەپێوەندی بە کورد، خواستی خۆی دەسەپێنێت چونکە وڵاتانی ڕۆژاوا لە نێوان تورکیا و کورددا لایەنێک هەڵدەبژێرن کە بەرژەوەندیی ئابوورییان لەگەڵیدا هەبێت. ئەووێنایە هاوکێشەکانی ئیستای ئەمریکا و ئێرانیش دەگرێتەوە بەو شێوەیە ‌کە ئەمریکا توانیویەتی بە شەڕی ئابووری، ئێران تووشی شڵەژان و قەیرانێکی مەزنی دەرەکی و ناوخۆیی بکاتەوە. هەروەها ئەمریکا ترسی لە ئابووریی بەهێزی وڵاتی چین لێ نیشتووە و لە ململانێی ئابووری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، هەوڵ ئەدات ئاستەنگی بۆ پڕۆژە ستراتیژییە ئابوورییەکانی چین ساز بکات؛ یەکێک لە گرینگ‌ترین ڕێگەکان کە چین دەیهەوێت کاڵاکانی پێدا هەناردەی ئەوروپا بکات بەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێدەپەڕێت و بە دەست‌تێوەردانی ئەمریکا لەنێو ئێران، ئەو ڕێگەیەی لێ دەبەسترێت.

لەڕاستیدا توانای ئابووریی تاک و کۆمەڵگەی کورد لای دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین هێندە گرنگ و هەستیارە کە ئیزن نادەن لەو سنوورەی بۆیان دیاری‌ کردووە زیاتر گەشە بسەنێت و بگرە بە هەر ڕێیەک بتوانن، دەست بەسەر سامانی خەڵکدا دەگرن یان چاوپۆشی دەکەن لە فەوتانی ملیاران دۆلاری کاسبکاران. ساڵی ٢٠١٢ کە بڕێکی زۆر لە سامانی خەڵک لەڕێی کڕین و فرۆشتنی دەرهەم بە شێوەیەکی گوماناوی فەوتا، دەسەڵاتی ئێران هیچ هەوڵێکی بۆ گەڕانەوەی نەدا. هەروەها لە مانگی ژوەنی ئەمساڵدا کاتێک ملیاردەها تمەنی خەڵک لەڕێی ماڵپەڕی وای‌کاپیتاڵەوە فەوتا، دەسەڵات هەوڵێکی ئەوتۆی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی ماڵ‌خوراوان نەداوە و خەڵکێکی زۆر مایەپووچ بوون و بەم‌شێوەیە داهاتی چەندین ساڵەی بڕێکی زۆر لە کاسبکارانی سەر سنوورەکان کە گەشەیان کردبوو بە دوو قۆناغ لەناو چوو.

هێشتنەوەی ڕۆژهەڵات لەژێر هێڵی هەژاری

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیزن نادرێت ناوچە کوردییەکان لەڕووی بازرگانییەوە گەشە بسەنێت و ئەگەر هەوڵێک درابێت بۆ بەفەرمی ناساندی سنوورێک و کردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانی، بەمەبەستی کەم‌کردنەوەی گوشارە ئابووری و گەمارۆکان بووە لەسەر ئێران، ئەگەرنا دەسەڵات ئیزن نادات ئابووریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی دیاری‌کراو زیاتر گەشە بسەنێت ئەمە لە کاتێکدایە کە ئازەرییەکانی نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی دراوسێ، خاوەنی زۆرترین کارگەکانی بەرهەم‌هێنانی شیرەمەنی، ئەلکترۆنی و پێداویستییەکانن.

تا سێ دەیە لەوەپێش بڕێکی زۆر لە کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ دابین‌کردنی بژێوی ژیان روویان لە پارێزگاکانی دیکە دەکرد بۆ سێوچنین و خشت‌بڕین بەڵام پاش بووژانەوەی کاسبیی سەر سنوورەکان لە ساڵەکانی ٧٠ی هەتاوی، گەڕانەوە بۆ کوردستان و لە ئاکامی ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی سەر سنوورەکان، ئابوورییان لەچاو ڕابردوو گەشەی سەند. لە ژانویەی ٢٠١٧ـه‌وە کە دەسەڵاتی ئێران و عێراق بە هاوئاهەنگیی یەکتر سنوورەکانیان داخست، سەرچاوەی بژێوی هەزاران کە‌س کە تەنیا سەرچاوەی بژێویان گواستنەوەی کەلوپەل بوو ڕاوەستا. جگە لە کوشتنی ڕاستەوخۆی کاسبکارانی سەر سنوور، دەسەڵات، هاوشێوەی ئازەرییەکان هاوکاریی دەسمایەدارانی کورد ناکات کە بەنیازن لە ناوچە کوردییەکان کارگەی بەرهەم‌هێنان بکەنەوە و تەنانەت کارگەی بەرهەم‌هێنەران ئاگر دەدات. یان کێشەی یاساییی بۆ دەسمایەدارانێک ساز کردووە کە دەوری ئەرێنیان بینیوە لە گەشەپێدانی ئابووریی کۆمەڵگە. لە دووساڵی ڕابردوودا پاش هاتنەئارای قەیرانی ئابووری، سەرلەنوێ بنەماڵە هەژارەکان ڕوویان لە پارێزگاکانی دیکە کردووەتەوە و لە باخەکاندا کرێکاری دەکەن بۆ نەتەوەکانی دیکە. ئەم دیاردەیە چەندین ئاکامی دەبێت وەکوو پەرتەوازەییی کورد و تواندنەوەیان لەناو نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

لەو ناوچانەی کورد و ئازەری تێدا دەژین دەسەڵاتی ئێران ئازەرییەکانی لەبواری ئابوورییەوە سەر خستووە و کورد نەتەوەی هەژاری ناوچە هاوبەشەکان بووە بە شێوەیەک کە کارگە و ناوەندەکانی بەرهەم‌هێنان لەدەست ئازەریدایە و کۆڵبەری و کرێکاری بۆ کورد ماوەتەوە. ئازەرییەکانیش زۆر بە وریایی لە پڕۆسەی ئابووریدا خۆیان هێناوەتە سەرەوە و کلتووری بەڕێخستنی ئابوورییان لەچاو کورد دەوڵەمەندترە. یەکێک لە هۆکارەکانی فێربوونی زمانی ئازەری لەلایان کوردانی ئەو ناوچانەوە، باڵادەستیی ئابووریی ئازەرییەکانە و ئابووریی بەهێز نەتەوەیەک باڵادەست دەکات و یەک لە مەترسییەکانە بۆ تواندنەوەی کلتووریی گەلی کورد لەناو ئازەرییەکاندا کە حەز و ویستی دەسەڵاتیشە‌. ئەم وێک‌چوونە لە باشووری کوردستان بە پێچەوانەیە و بەهۆی بەهێزتربوونی لایەنی سەربازی و ئابووریی کورد لە گەلانی دیکە، تورکمان و عەرەب بەتایبەت لە کەرکووک بەکوردی ئاخافتن دەکەن و هەژموونی کورد لەوێ باڵادەستە.

ئازەرییەکانی دانیشتووی ڕۆژهەڵات و ئێران جگە لە ئابووری، پشکێکی بەرچاویان لە دەسەڵاتی سیاسی هەیە و جگە لە شاری ورمێ و پارێزگاکانی زۆرینە ئازەری، لە پێتەختیش خاوەن دەسەڵاتی ئیداری وسیاسین. لە شارێکی دەوڵەمەندی وەک تەورێز، ئیدارە، ناوەندەکانی ئەمنی، سەربازی و داد بەگشتی لەلایەن کەسانی خۆجێییەوە بەڕێوە دەچێت. بەم ‌پێیە ئازەرییەکان پێکڕای فارسەکان پشکیان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئێران و لەگەڵ ئابووریی بەهێز، دەسەڵاتی سێبەر و «دیفاکتۆ»ن لەنێو ئێراندا . ئەمەش یەکێکە لە هەڕەشەکانی داهاتووی سیاسی بۆسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتێ و ورمێ بەتایبەتی کە پێویستە بە هەند وەربگیرێت.

تەنانەت دەسەڵاتی ئێران لە ڕاگەیاندنەکان بانگەشەی جیاواز بۆ پێڕاگەیشتنی ئابووری لە ناوچە کوردییەکان دەکات؛ بەپێی داتای ژوورەکانی بازرگانیی ئێران کە لە چەند بەش و کاتی جیاوازدا و ساڵانە دەکەوێتە بەر دیدی بازرگانان، لە ١٠ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی پشکی بازرگانیی ناوچە کوردییەکان لە ئاستی ئێراندا ٥٪ی تێنەپەڕاندووە. ئەو ژمارانە بەپێی هەندێک فاکتەری حکومی ڕادەگەیەندرێت کە ناوچە کوردییەکان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە لێی ڕواندراوە بەڵام لە ئەگەری لێکۆڵینەوەی مەیدانی، ئەم ڕێژەیە دەگۆڕێت بۆ کەمتر لە ٢٪ لە پشکی بازرگانی لەئاستی ئێراندا. بەپێی هەمان ڕاگەیاندنە فەرمییانە، ڕێژەی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ لە ناوچە کوردییەکان زیاتر لە ٣٠٪ لە ئاستی ئێراندایە و هەوڵێک هەیە ئەم ڕێژەیە زیاتر لە ئاست و قەبارەی خۆی نیشان بدرێت. بە سەرنجدانێک لە ڕێژەی هاوردەی کاڵا لە کەناراوەکانی خوارووی ئێران باشتر دەرکی ئەم بابەتە دەکرێت:

لە کەناراوەکانی خوارووی ئێران بەڕێژەی چەندین وڵاتی دەوڵەمەند ڕێگەی زەریایی هەیە و بەدەر لەوەی بیری لێ دەکرێتەوە کاڵا هاوردە دەکرێت. تا پێش ڕاگرتنی [سویفت]، لەماوەی ڕۆژێکدا تەنها لە بەندەرعەباس بڕی ٢٥ کەشتیی بارهەڵگری وڵاتانی دراوسێ (جگە لە وڵاتانی ڕۆژاوا) لەنگەری دەگرت و لە هەر کەشتیەک بڕی ٢٨کانتینەر بەتاڵ دەکران. بە لێکدانەوەیەکی هاکەزایی ڕوون دەبێتەوە پشکی هاوردەی کاڵا بە نافەرمی جگە لەوە بووە: ڕۆژانە پتر لە ٢٠٪ی کاڵا لەلایان مافیاکانی دەسەڵات بەشێوەی نافەرمی هاوردە کراوە و بەو هۆیەوە ڕێژەکەی ئاشکرا ناکرێت. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی هەڵاوسان و ناسەقامگیریی بەرهەم‌هێنان کە بەو هۆیەوە ڕانت و مافیاکاری چێ بووە و بۆشاییی باجی کاڵا بۆ بەرپرسان خوڵقاوە. بە گشتیی ڕێژەی بازرگانیی نایاسایی پتر لە ٧٠٪ی هاوردەی کاڵای نافەرمیی لە کەناراوەکانی باشووری ئێرانەوەیە، ئەمە جگە لە کەناراوەکانی زەریای کاسپیەنە کە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئێران و ڕووسیا. هاوکات پشکێکی کەم لە هاوردەی کاڵا بەشێوەی نایاسایی بە ڕێی کۆڵ لە شاخ و داخی ناوچە کوردییەکان(کە هاتوچۆ پێیدا دژوارە) بەر کورد دەکەوێت کە ڕێژەیەکی یەکجار نادیارە لەئاست هەموو ئێران بەڵام ڕاگەیاندنە حکومییەکان هەوڵی زەق‌کردنەوەی هاوردەی کاڵای قاچاخ ئەدەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە.

نها لە ڕۆژهەڵات کە سیستەم ئیزن بە گەشەی ئابووری نادات و چەوساندنەوەی ئابووریی کورد گیراوەتە بەر، گەشە سەندن لەم هێڵەدا قورسترە. جگە لە گوشاری سیاسی، ئەمنی، کولتووری و چەکداری لەدژی کورد کە داپڵۆسینی ئابوورییش پەیڕەو دەکرێت، کورد چەندە هەستی بەم قڕکردنە ئابوورییە کردووە و ئامادەییی تیدایە بەرەنگاری بێتەوە و خۆی لەم بەشەدا هەڵکشێنێتە سەرەوە جێی تێڕامانە. هەنگاونانی دەوڵەتان لە شەڕی کلاسیکی پڕتێچووی هاوچەرخدا بۆ شەڕی ئابووری پێمان دەڵێت ئیتر کاتی هاتووە کۆمەڵگەی مەدەنی و دەسەڵاتی سیاسیی کورد بناخەی گەشەی ئابووریی هەمیشەیی بە ستراتیژی بکات و چی‌دی ئەو بەشە پەراوێز نەخات. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە گرنگیی توانای ئابوریی زەق بکرێتەوە و لەناو کۆمەڵگەدا کار بۆ ڕاهێنان و بەزانستی‌بوونی بکرێت بەڵکوو تاکی کورد فام بە سیاسی‌بوونی ئابووری بکات.

دەبێت ئابووری لە ستراتیژییەکانی گەلی کورددا جێگە بگرێت و بخرێتە ڕۆژەڤەوە کە لە بەرکەوتنەکاندا بۆ پارسەنگی کەڵکی لێ وەربگیرێت؛ چونکە ئاراستەی شەڕە جیهانییەکان لە سەربازی و شەڕی ساردەوە هەنگاوی ناوەتە قۆناغی شەڕی تەکنەلۆژی و ئابووریەوە. ئامانجی دەسەڵاتی سیاسی بە تایبەت و گەل بەگشتی هەرچی بێت لە درێژ‌خایەندا لانیکەم پێک‌هێنانی ستاتۆیەکی سەربەخۆیە کە، خوازیاری مێکانیزمێکی چالاکە لە بوارە جیاوازەکاندا و ئابووری یەک لە بەشە گرنگەکانیەتی کە ئەگەر بناخەیەکی بەهێزی نەبێت، ئەو ستاتۆیە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت. ڕەنگە پاش ڕاگەیاندنی هەرجۆرە سەربەخۆیییەک، لەلایەن وڵاتانی هاوسنوورەوە گەمارۆ بدرێت و لە وەها ئەگەرێکدا کە بەرهەمی ناوخۆیی و ئابووریی بەتوانای نەبێت، لەڕووی سیاسیشەوە ناتوانێت سەربەخۆ بێت و شکست دەهێنێت.

ئابووریی «کۆمەڵگە» و «لایەنە سیاسییەکان» دوو گوتاری جیاوازن بەڵام پێوەندیی ڕاستەوخۆیان پێکەوە هەیە و هۆ و بەرهۆی یەکترن؛ ئێستاکە جگە لەوەی بەشێک لە داهاتی حزبەکان لەڕێی هاوکاریی کۆمەڵگەوە دابین دەکرێت، [گەشەی ئابووری]، هەژموونی کلتووری و سیاسیی کورد لەنێو گەلانی‌ دیکەی ناوەوە و دەرەوەی پارێزگا کوردییەکان بەهێز دەکات و بەم‌شێوەیە ئەرکەکانی سەرشانی لایەنی سیاسیش سووکتر دەبێت. شیاوە نوخبەی کورد و نووسەران، ڕۆشنبیران وسیاسەتوانان، لایەنی سیاسی و کۆمەڵگە بایەخی زیاتر بە گرنگی و تایبەتمەندییەکانی ئابووری بدەن و فام بە گرنگیی هێزی ئابووری بکەن و ئەم بابەتە لە گوتار و بەرهەمەکانیاندا ڕەنگدانەوەی هەبێت. ڕەهەندی فام‌ پێ‌نەکراوی گوتاری ئابووری، دیوی سیاسییەکەیەتی کە تا ئێستا لای کورد جێگە و پێگەی خۆی نەدیوەتەوە. بە پێچەوانەی کورد، گەلانی دراوسێی وەک ئازەرییەکان لەناو ئێران و تورکەکانی ئانادۆڵی زۆر بەباشی کاریان لەم بەشەدا کردووە و کەڵکیان لێ وەر گرتووە. لە سووچی نەتەوەییەوە لە پرسی ئابووری دەڕوانن و سیستمی ئابوورییان هێندە بەهێز کردووە کە ئازەرییەکان لەئاستی ئێران و تورکیەش لەئاستی ناوچەکەدا قسەیان بۆ وتن هەیە.

کەڵک وەرنەگرتنی باشوور لە سامانی سروشتی بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی

لە 28ساڵی دەسەڵاتداریی باشووری کوردستان، داهاتی سامانە سروشتییەکان بەگشتی بۆ بەهێزکردنی حیزب بەکار هاتووە و لەسەر پلان و ستراتیژییەک بۆ پێک‌هێنانی کوردستانێکی سەربەخۆ لەبوارەکانی ئابووری، سیاسی و سەربازیدا کار نەکراوە. ئاسۆیەکی ڕوونیش بەدی ناکرێت لە بەکارهێنانی ئابووری لەخزمەت پرسی نیشتمانی و دیپلۆماسیدا کە پێگەکانی سیاسی و ئابووریی داهاتووی هەرێم قایم و بەهێز بکات. دەسەڵاتدارانی باشوور دەبوا بەشێوەیەک پلانی ئابوورییان دابڕشتایە، کە تورکیای موحتاج بە نەوت و گاز پێمل بە خواستەکانیان بکەن بەڵام پێچەوانەکەی هاتووەتە دی. سەرەڕای دەوڵەمەند بوونی باشووری کوردستان بە سامانی سروشتیی نەوت، بەڵام شەڕی داعش بووە هۆی هاتنە ئارای قەیرانی دارایی تا ڕادەیەک کە دەسەڵات (سەرەڕای هاوکاریی وڵاتان) لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران داما؛ کە جگە لە ناڕوونی داهات و تێچووەکان لە هەرێم، هۆکاری دەگەڕێتەوە بۆنەبوونی پلانێکی تۆکمە بۆ قایم‌کردنی ژێرخانی ئابووری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.

نها بەهۆی هەلومەرجی ڕەخساو لەو بەشەی کوردستان، پێویستە جگە لە پشت‌بەستن بە کەرتی نەوت، کارگەکانی بەرهەم‌هێنانی پێداویستییە‌ سەرەتایییەکانی ژیان بکرێتەوە. هەروەها وەرگرتنی مۆڵەتی بنیاتنانی کارگە لە باشووری کوردستان کە دەسەڵاتی کوردی لەوێ حاکمە، بۆ پیشەوەران و بەرهەم‌هێنەران ئاسان بکرێتەوە و ئاستەنگییەکان بە تەواوەتی هەڵبگیرێت و وێڕای کەسانی حکومی و کەسانی نزیکیان، کۆمەڵگە هاوپشک بکرێت لە دەرفەتەکانی بازرگانی‌. لە وەها حاڵەتێکدا هەزاران گەنج ڕوویان لە تاراوگە نەدەکرد و هەلی کار تەنانەت بۆ گەنجانی پارچەکانی دیکەش دەڕەخسا بە جۆرێک کۆڵبەری بەم‌شێوەیە پەرەی نەدەسەند.

لەگەڵ ڕەخسانی هەلومەرجی گونجاو لە بەکارهێنانی ئابووری بۆ قایم‌کردنی پێگەکانی دەسەڵات لە باشووری کوردستان، لێ هەرێم نەیتوانی لە کەرتی نەوت و گاز وەک کارتێک کەڵک وەر بگرێت. تا پێش ڕیفڕاندۆم و 16ی ئۆکتۆبەر کە ناوچەکانی کەرکووک تا شنگال ڕادەستی حەشدی‌شەعبی و سوپای عێراق کرانەوە، بەگشتی وڵاتانی ڕۆژاوا هاوشێوەی دەوڵەتێک هەڵسوکەوت و پاڵپشتییان لە باشووری کوردستان دەکرد بەڵام پاش لەدەستدانی بڕێک لە چاڵە نەوتەکان، باشوور ئەو پێگە سیاسیەی ڕابردووی نەما. تەنها پاش چوار کاتژمێر لە چۆڵ‌کردنی چاڵە نەوتەکانی کەرکووک، کۆمپانیا بریتانیییەکان تێێدا جێگیر بوون و دەستیان بە هەڵگواستنی نەوت کرد کە نیشانەیەک بوو لە:

1- ئاگاداریی پێش‌وەخت لە دەستاودەست‌کردنی ٥١٪ی خاکی باشووری کوردستان و 2- گرنگیی پرسی ئابووری و نەوت بەلای زلهێزەکانەوە. شیمانە دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا‌ وەها دەرفەتێک بۆ حکومەتی باشووری کوردستان نەڕەخسێتەوە کە لەو قەبارەیەدا دەستی بە سەرچاوە ئابوورییەکان ڕابگات بۆ کەڵک‌ وەرگرتنی لەبەشی دیپلۆماسی‌.

سەرەڕای نەبوونی سەرچاوە سروشتییەکان وەک داهاتێک، پێگەی ئابووریی ڕەوتی ٤٠ساڵەی دوایینی خەباتی باکووری کوردستان کەمترین گرفتی لەو بوارەدا هەبووە. خەبات لەو بەشەی کوردستان خۆی لە «شەڕی سیاسی لە پەڕلەمان»، «مەدەنی سەر شەقام» و «چەکداری‌ لە شاخەکان» دەبینێتەوە. هاوکات کە ئابووری بایەخ‌پێ‌دراوە، ئەگەر ئاراستەی تێچووەکان وەکوو پێویست نەکرایە، خەبات توانای بەردەوامیی نەدەما. هەروەها ڕۆژاوای کوردستان کە هەمان ئایدۆلۆژیا پەیڕەو دەکات لەگەڵ هاوکارییە لۆجیستییەکانی ئەمریکا، پشتی بە ئابووریی خۆجێیی بەستووە تا ڕادەیەک کە لەشوێن بازاڕێک دەگەڕێت بۆ تواندنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی.

پێویستیی بەزانستی‌کردنی ئابووری

ئابووریی‌سیاسی(Pulitical economy)  شێوازێکی خوێندنەوە و پێداچوونەوەی زانستییە لەبواری دیاردە کۆمەڵایەتییەکان. ڕێگەچارەیەکی سەرەکییە، کە لەسەر پیوەندیی نێوان کەرتە سیاسی و ئابوورییەکان لە پێک‌هێنانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە. ئادام‌سمیت(Adam Smith) فەیلەسووف و زانای ئابووریی سکۆتلەندی لە پێناسەی ئابووریی‌ سیاسیدا دەڵێت: “لقێکە لە زانستی دەوڵەتمەدارێک یان یاسادانەرێک بە دوو ئامانجی «دابین‌کردنی داهاتی زۆر و بەردەوام» و «مووچەی باش بۆ کۆمەڵگە»”. بۆ گەلێکی وەک کورد کە جوگرافیای دەست‌نیشان‌کراوی سیاسیی نەبێت یان مەترسیی دەستێوەردانی داگیرکەرانی لەسەر بێت، ناچارە بە هەڵێنجاندنی ڕێگە چارەیەک لە زانستە ئابوورییەکان وەک نەخشە ڕێگەیەک بە پێی خوێندنەوەی ڕاست‌بینانەی ئەمڕۆیی لە تێوری فەیلەسووف و ئابووری‌ناسەکان. بەراورد و لەبەریەکدا نانی زانستی ئابووریی‌سیاسی و کەشی ئێستای سیاسیی کورد، خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت کە «ئابووریی دیفاکتۆی جێگرەوە» دەتوانێت یەک لە ڕێگەچارەکان بێت.

هاندانی گەنجان بۆ خوێندن لە بەشە زانستییەکانی‌ پێوەند بە زانستی ئابوریی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پسپۆڕانی ئابووریی جیهانی زێدە گرنگە و لە کۆمەڵگەیەکی شارەزا لە زانستی ئابووریدا گەشەی بەرچاو ڕوو ئەدات. هاوکات، بۆ پێک‌هێنانی وڵاتێکی دەوڵەمەند، پێوەندییەکی نزیک لەسەر بنەمای زانست و ئاگایی و هەروەها، ناسینی دەرەفەتەکانی کارکردن لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕووی تەکنەلۆژی و زانستی بناخەیی Knowledge-based economy)) بۆ خوڵقاندنی ئابوورییەکی زانستیی گرینگە. چونکە، هەرچەن ڕێژەی پێوەندی و دانووسانی زانستی لەگەڵ وڵاتانی بەهێز زیاتر بێت گوڕ دەدرێت بە پێشکەوتنی ئابووری.

نزیکترین و کەم‌تێچووترین ڕێگەی هاوردەو و هەناردە کردن لەنێوان تاران و ئەوروپا بە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێدەپەڕێت. جا کەلوپەل بێت یان نەوت و گاز. ئێستاکەش سنوورە فەرمییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات – باشوور و باکووری کوردستان دەرفەتێکە بۆ خەڵکی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان کەڵکی لێ وەربگرن و داهاتەکەی بخەنە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی؛ کردنەوەی کارگەکانی بەرهەم‌هێنانی گەورە و بچووک، بەفیڕۆ نەدان و خەرج‌کردنەوەی داهاتەکان لە ناوچە کوردییەکان و ڕێگە خۆش‌کردن بۆ هاتنی دەسمایەدارانی دەرەکی (بە لەبەرچاو گرتنی هاوسەنگیی دیموگڕافی)، ستراتیژیەتی گەشەی ئابوورییە. دەسەڵات لە ئێران پڕۆژەیەک بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووری پەیڕەو دەکات کە تێیدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتە ڕێگەی تڕانزیتی نێوان ئێران و وڵاتان بەبێ ئەوەی دانیشتوانی لێی سوودمەند بن.

یەک‌هەڵوێستیی ئابووری ودەرفەتەکانی بەردەم

وەک چۆن گەلی ڕۆژهەڵات لە مانگرتن و پرسە سیاسییەکاندا یەک‌هەڵوێستی دەنوینێت، لەمەڕ ئابووریش یەک‌هەڵوێستی بەو چەشنە ئەرێنییە. بەکار هێنانی بەرهەمی خۆراکیی ناوخۆیی و گەڕانەوەی خێر و بێری بۆناوخۆ، دەبێتە گەشە‌سەندنی ناوچەیی. ئەگەر ئاستی هەستیاریی سیاسی تاکەکان هێندە بەرز بکرێتەوە کە لەبری ئەوەی ڕکابەری بێ‌ڕەحمی بازرگانیی یەکتر بن، پشتی یەکدی بگرن و بەرژەوەندیی کۆمەڵ ڕەچاو بگرن، کاریگەریی دەکاتە سەر سەقام‌گیریی بازاڕەکان و لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە یەکڕیزی دەخوڵقێنێت. ئەگەرهەستی نەتەوەییی کۆمەڵگە بجووڵێندرێت وهزری ئابووریی‌سیاسی جێ‌بکەوێت، گوتارێک لەدایک دەبێت بەناوی هەستی «ئابووریی نەتەوەیی» کە ئابووریی دوورگەیی ناهێڵێت. لە ئابوووریی دوورگەیی، کەس، کەسانێک یان گرووپێکی هاوفکر دەست دەگرن بەسەر بەشێک لە بازرگانی یان کۆمەڵێک کاڵای بازاڕدا و لەڕووی نەتەوەییشدا زەبر لە کۆمەڵگە ئەدات کە مخابن گرووپ‌گەلێکی وەها لەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز بووە.

لەئیستادا زەینییەتی تاکی کورد لەسەر ئابووریی ‌ورد microeconomics)) و لایەنی سیاسی لەسەر ئابووریی ‌درشت (macroeconomics)، ڕانەهێندراوە کە لە ئابووری وەک کەرتێکی گرنگی پازێڵی سیاسەت‌وانی بڕوانێت. بەخۆزانیی تاک (consciousness خودآگاهی)، مەرجی گەیشتن بە کۆمەڵگەی ئەمڕۆییە کە، ڕاهێنان و پڕاتیک‌کردنی بەخۆزانی‌ لەو بوارەدا لە مەرجەکانیەتی. بەهۆی کەم‌کاریی خۆیی و هەروەها بەکۆڵۆنی‌کردنی کوردستان، کورد خاوەنی بڕەندێک نییە. کوردستان یەکێکە لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی بەرهەم‌هێنانی گلیم و فەڕش بەڵام کۆمپانیا غەوارەکان، فەڕشی کوردستان بەناوی فەڕشی ئێرانییەوە هەناردەی ئەوروپا دەکەن لەکاتێکدا ئەرکی بەرهەم‌هێنانی لەسەر شانی کچان و ژنانی کوردی فەڕش‌چنە کە دەشێ بکرایەتە بڕەندێکی کوردی. شیری ناوچە کوردییەکان دەبرێتە ناوچە ئازەرییەکان و دەکرێتە پەنیر و بە بڕەندی ئازەرییەوە دەفرۆشرێتەوە، ترێ و بەرهەمی باخەکان دەبرێت و دەکرێتە ئاومیوە و بە بڕەندی نەتەوەکانی دیکەوە دەفرۆشترێتەوە و هەناردە دەکرێت و هەنگوینی کوردستان دەبرێت و بەناوی بەرهەمی گەردەنەی حەیران دەفرۆشرێتەوە بە گەشتیاران.

هەروەها پارچەی جلی کوردی، جامانە، دەسماڵ، پشتوێن و زۆربەی پارچەکانی هێمای نەتەوەیی لە دەرەوەی کوردستان ساز و هاوردە دەکرێن و لە کۆڕ و کۆبوونەوەدا بەکار دەهێندرێت کە دەکرا ئه‌وانەی ڕەمز و بەشێکن لە کلتووری کوردایەتی بە ده‌ستی خۆیی ساز بکرایە و تەنانەت هەناردەش بکرایە. گەر بە هەندێک گۆڕانکاری لە کڵاشدا ئەمڕۆیی بکرایە، دەکرا هەناردە بکرێت و جگە لە کورد نەتەوەکانی دیکەش بەکاری بێنن. هەروەها کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی خۆجێیی بە درێژایی مێژوو بەستراوەییی ئابووری بە گەلانی دیکەوە ناهێڵێت و دەستپێکی ئابوریی سەربەخۆ و بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆی ئابووری و برسیەتییە، کەچی بڕێکی زۆر لە گوندنشینان ڕوو لە شارەکان دەکەن و ناچاری بەرهەمەکانی شیرەمەنی و کشتوکاڵی گەلانی دراوسێین.

لایەنە سیاسییەکان پێویستیان بە پلاتفۆڕمێکی ئابوورییە بۆ ناوچە کوردییەکان کە بەستێنێکی تۆکمە بۆ داهاتووی دەسەڵاتی کوردی پێک‌بێنێت. ئابووری، کەرتێکی گرنگی مێکانیزمی چارەنووس‌سازە بۆ دەسەڵاتی داهاتووی کورد و هەر وەرچەرخانێکی سیاسیی ناوچەکە، هەڵگری کۆمەڵگەی پێگەیشتووە لە ڕووە جیاوازەکانەوە. ڕەنگە بەهۆی کەشی خەباتەوە، بڕیک لەم ئەرکانە لە ئێستادا بکەوێتە سەر شانی حزبەکان بەڵام ئەم حاڵەتە لە داهاتوودا گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێت و پاش دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی، دەبێت حزب دەستێوەردانی ئابووری نەکات و تەنها وەک ئامرازێک چەرخی بزوێنەری پێشخستنی نیشتمان بێت. خۆ بواردن لە قایل ‌بوون بە هەبوونی پێگەی تایبەت و پلە و پایە، یان قۆرخ‌کردنی دەسەڵاتی سیاسی و کەرتی ئابووری لە لایان بنەماڵەی شەهید و خەباتگێڕانی ڕابردوو و بنەماڵەکانیان لە ئێستا و داهاتوو بەر بە گەندەڵی دەگرێت. وەها ئەزموونێک لە ئێران تاقی کراوەتەوە و جگە لە گەندەڵی ئاکامێکی نابێت.

سێ فاکتەری سەرەکی دەتوانێت لە گەشەی ئابووریی ستاتۆیەکدا ڕۆڵی گرنگی هەبێت. یەکەم: هەڵکەوتەی جوگرافیایی و ژێئۆپۆلێتیک کە وەک گرنگترین هۆکار، دەتوانێت کاریگەربێت لەسەر گەشە سەندن و دەست پێ‌ڕاگەیشتن بە ئاوی ئازاد و زەریاکان لە ئایتێمەکانیەتی. هەروەها شارستانییەت و هەبوونی جادە و دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی بۆ دەست‌ڕاگەشتن بە وڵاتانی بەهێز لەڕووی ئابووریەوە ڕۆڵێکی گرنگیان لە گەشەی ئابووریدا هەیە و بەپێچەوانەوە، نەبوونی ئەو ئایتێمانە دەتوانێت کارەساتی ئابووری و هەژاریی لەدوابێت.

دووهەم: فاکتەرێکی دیکەی گەشەی خێرای ئابووریی وڵاتێک هەبوونی کانزا سروشتییەکانە کە خۆبەخۆ لە دڵی زەریا و زەویدا هەیە و وەک دیارییەک بەخشراوەتە مرۆڤ. هەبوونی نەوت، گاز، مس، ئالیاژەکانی ئاسن وەک زێڕ و کانزاکان و کانی بەرد وهەروەها بن زەریاکان گرنگە و خۆبەخۆ دەوڵەمەندییەکی زۆر دەبەخشێتە وڵات. کانزا سروشتییەکان سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی داهاتێکی زۆرە و دەکرێ داهاتەکەی لە بەشەکانی دیکە خەرج بکرێتەوە، وەک کارتێک بەرانبەر وڵاتان کەڵکی لێ وەر دەگیرێت.

سێهەم فاکتەر: هەبوونی زانکۆکانی پیشەسازی و تەکنیکیی ستاندارد لەگەڵ زانستە جیهانیییەکان دەبێتە پەروەردەی کەسانی پسپۆڕ کە بەشێوەی ئاکادیمی خوێندنەوە بۆ پیشە و ئابووری دەکەن تاکوو لە ئاکامی پیشەسازیدا بناخەی ئابووری و بازرگانییەکی بەهێز دانرێت. ئاگایی بە زانستی ڕۆژ دەبێتە هۆی بەهێزبوونی گەشەی ئابووریی وڵات‌ و فاکتەرێکی گرنگە؛ دەست‌ڕاگەیشتن بە سەرڕشتە و یاساکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی و فەرمیی سەردەم، ڕێ دەگرێت لە لەدەست‌چوونی دەسمایە کار پێ نەکراوەکان و ئاراستەکردنی دەسمایەی تاکەکان بەرە و چێ‌بوونی ئابوورییەکی مەزن و بزێو.

یاسای بازرگانی لە جیهان‌ بەردەوام نوێ دەبێتەوە و دادەڕێژرێتەوە. کارناسانی وڵاتان بە پشت‌بەستن بە داتاکان، زانستی نوێ بە فەرمی دەکەنەوە وکۆمەڵگە بە ڕێگەی چێ‌کرنی ڕێخراوەی هەرەوەزی (Cooperative) یان بازرگانیی ئازاد (free trade) هاوپشک و بەشدار دەکەن. پێویستە ڕاوێژی پسپۆڕان و زانایانی بواری ئابووری بکرێت کە بەسەر زانستی ڕۆژدا زاڵن و بەهاوکارییان، کەڵک لە زانستی ڕۆژ و ئەزموونی کۆمپانیا و سەرکەوتووانی ئابووری لە جیهان وەربگیرێت و پاش هەڵسەنگاندن و بەراورد کردنی بە هەلومەرجی ناوچەکە، گەڵاڵەیەکی خۆجێیی دابڕێژرێت. ئەمەش فاکتەرێکی دیکەی گرنگە بۆ ئابوورییەکی زانستی چونکە هەرچەندە ڕاوێژ بە زانایانی ئابووری بکرێت و ئاگایی و دەست‌ پێ‌گەیشتن بە دواترین یاساکانی بازرگانیی فەرمی هەبێت کە بەردەوام دادەڕێژرێن و خۆ نوێ دەکەنەوە، کۆمەڵگە لەبواری ئابووریدا زاناتر بار دێت و گەشە دەسەنێت.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان