ئارامتر بخوێنەوە!

ئازادی و سنوورەکانی حکومەت

دیڤید میللەر

مامۆستای فەلسەفەی سیاسی – زانکۆی ئاکسفۆرد

وەرگێڕان: شاهۆ زەنگەنە

 

ئەگەر ئێمە شێوەکاری ئەسینایی، ئەمبرۆجیۆ لۆرێنزێتی (خاوەنی نیگاری هێمای حکومەتی چاک و خراپ) بێنینەوە بەرچاوی خۆمان کە به ماشێنی زەمەن لە سەدەی چواردەیەمەوە گوازراوەتەوە بۆ ئێستا و پرسیاری لێ بکەین کە سەبارت بە فەلسەفەی سیاسی چ ڕایەکی هەیە، من بڕوام وایە بەشێکی زۆر لەو شتانەی کە تا ئیستا وتراوە بۆی ئاشنایە و پەسەندی دەکات. ئەو دەشێ وا بیرکاتەوە کە من دەرفەتی زیاتر لە پێویستم بە [نووسین سەبارەت بە] بیرۆکەی ئانارشیستی داوە و هەروەها ئەوەیکە هەرکەسێک دەبێ بە شێوەیەکی ئەخلاقی دژایەتیی ڕاوە ڕێوی بکات، لای ئەو بابەتێکی چاوەڕوان‌نەکراوە. بەڵام لەسەر سروشتی دەسەڵاتی سیاسی، لەسەر پێویستیی بەرپرسیاربوونی فەرمانڕەواکان لە بەرامبەر هەموو هاووڵاتیان و لەسەر ئەوەی کە دادگەری و بڕیار دەرکردنێکی سیاسیی چاک پێویستی بە چییە، (هیوام وایە) بە گشتی پێکەوە هاوڕا بین. لەگەڵ ئەوەشدا لۆرێنزێتی  وای دەبینێت ئەم بەشە کە ئێستا دەستم پێ کردووە سەرسووڕهێنەر و سەیرە. ئەم بەشە سەبارەت بەو پرسیارەیە کە ئایا ڕووبەرێک لە ئازادیی مرۆڤ هەیە کە دەبێ لە دەرەوەی بازنەی سیاسەتەوە رابگیرێت – ئایا لە ژیانی مرۆڤدا چەند بەشێک هەیە کە حکومەت بە هیچ چەشنێک نابێت دەستێوەردانی بکات. ئەم بۆچوونە، توخمی ناوەندیی ئایدیۆلۆژیی سیاسیی زاڵی سەردەمی ئێمە، واتە لیبراڵیزمە و کاتێک لۆرێنزێتی  شێوەکاریی دەکرد سەری هەڵنەدابوو. بە دڵنیاییەوە حکومەتی باش لای لۆرێنزێتی  بەشێکی بەرچاو لە ئازادی دابوو بە خەڵکەکەی؛ ئەوان تا ڕادەیەکی زۆر سەربەستییان هەبوو بۆ کشتوکاڵ، بازرگانی، ڕاو کردن و شتی هاوشێوەی دیکەش.  بەڵام ئەم ڕێگەپێدان بە ئازادییە بە هۆی باوەڕ بە رێساکانەوە نەبوو، بەڵکووو توانای حکومەت بۆ دەستێوەردان لەم بەشانەی ژیانی ڕۆژانەدا سنووردار بوو.

بیرۆکەی حکومەتی سنووردار لە ماوەی چەندین سەدەدا دروست بوو و یەکەم پاڵنەریشی ململانێ ئایینیەکانی دوای چاکسازیی ئەورووپی لە سەدەی شانزدەهەمدا بوو. کاتێک کە قۆرغکاریی کەنیسەی کاسۆلیکی ڕۆما بەسەر ژیانی ئایینیی خەڵکی مەسیحیدا داڕما، کاردانەوەی سەرەتایی ئەوە بوو کە هەر جڤاتێکی سیاسی پێویستە ئایینی فەرمیی خۆی هەبێت، جا کاسۆلیک بێت یا پرۆتێستان. بەڵام زۆربوونی ڕێبازە ئایینیەکانی پرۆتێستان بووە هۆی داواکاری بۆ لێبوردەییی ئایینی: لەگەڵ چەندین سنوور بۆدانان، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبوو ڕێگای خۆی بۆ لای خودا بدۆزێتەوە و دەوڵەت مافی ئەوەی نەبوو کە لەم بەدواداگەڕانەدا دەستێوەردان بکات. داواکاری بۆ ئازادیی ئایینی، لەگەڵ بەرەوپێش چوونی کات گەشەی سەند و بوو بە داواکارییەکی بەرفراوانتر بۆ ئازادیی تاکەکەسی – بۆ مافی هەر تاکێک بۆ هەڵبژاردنی بیروبڕوای خۆی و ڕێگای ژیانی خۆی، بە مەرجێک ئەو هەڵبژاردنە نەبێتە دەستدرێژیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مافی کەسێکی دیکە. بەتایبەتی بزاڤی ڕۆمانتیک لە کۆتاییی سەدەی 18 و سەرەتای سەدەی 19 ئەم بیرۆکەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بە میرات جێهێشت کە هەموو کەسێک تاکێکی بێ‌هاوتایە کە تەنیا ئەو کاتە دەگاتە چێژی ڕاستەقینە ئەگەر ڕێگای پێ بدرێ کە خۆی شێوازی ژیانی هەڵبژێرێت. ئەمەش پێویستی بە باشترین فەزای شیاو بۆ تاقیکردنەوەی ڕێگا نوێ و ناباوەکان بۆ ژیان – پیشەی نوێ، فورمی نوێی دەربڕینی هونەری، شێوازی نوێ بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە تاکەکەسیەکان و هتد هەیە. وەک ئەوەی جۆن ستوارت میل لە بەرهەمە کلاسیکەکەیدا دەربارەی ئازادی باسی دەکات (دەبێ دواتر  باس لە پێشنیارە بەسوودەکانیشی بکەین ):

هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤ لەسەر یەک شێواز  یا چەند شێوازی کەم بینا بکرێت، ئەگەر کەسێک خاوەنی ڕێژەیەک لە عەقڵی باو و ئەزموونی پەسەندکراو بێت، ئەو شێوازەی کە خۆی بۆ ژیانی هەڵیدەبژێرێت، ئەوە باشترینه، لەبەر ئەوە نا کە خۆی لەخۆیدا باشترینە، لەبەر ئەوەی کە شێوازی خۆیەتی. مرۆڤەکان وەک مەڕ نین، تەنانەت مەڕەکانیش وەک یەک نین.

لیبراڵەکان دەیانوت لەبەر ئەوەی ئازادیی تاکەکەسی بەهای گەورەی هەیە، حکومەتەکان جیاواز لەوەی چاک بنیادنراون یا خراپ، دەبێ ڕێگەیان پێ نەدرێت دەستێوەردانی ئازادیی تاکەکەسی بکەن. حکومەتی باش بەس نییە: تەنانەت حکومەتە نیەت پاک و باش بونیادنراوەکانیش وسوەسە دەبن کە دەستێوەردانی ئەو بەشە لە ئازادییە تاکەکەسیەکان بکەن کە دەبێ پیرۆز سەیر بکرێن. ئەمە ئەو بیرۆکەیە کە بۆ لۆرێنزێتی زۆر سەیر دەبوو ئەگەر لێرە بووایە، و من دەبێ لەم بەشەدا بەدواداچوونی بۆ بکەم.

دوو پرسیاری سەرەکی هەیە کە پێویستە ئێمە بیپرسین. سەرەتا، بە ڕوونی ئازادی چییە که ئێمە قسەی لەبارەوە دەکەین؟ مەبەست چییە لەوەی دەوترێت فڵان کەس ئازادە لەوەی ئەم کارە بکات یا ئەو کارە بکات، یان بەم شێوازە بژی یا بەو شێوازە؟ دووهەم، سنوورەکانی ئازادیی تاکەکەسی چین؟ کاتێک ئازادیی من لەگەڵ ئامانجە سیاسییەکانی دیکە، کە ئازادیی ئەوانی تریشی تێدایە، دەکەوێتە کێشەوە دەبێ چ بکرێت؟ ئایا لەم جۆرە بابەتانەدا هیچ ڕێسایەک هەیە بۆ بڕیاردان؟

با لە ئازادی بۆخۆیەوە دەست پێ بکەین، بیرۆکەیەکی ناڕوون کە لاپەرەی زۆرێک لە کتێبەکانی فەلسەفەی سیاسیی پڕکردووەتەوە. وەک یەکەم هەنگاو ڕێگا بدەن بڵێم ئازادیی تاکەکەس پەیوەندیی بە ژمارەی ئەو بژاردانەی کە لەبەردەمیدایە و توانای ئەو بۆ هەڵبژاردن لە نێوانیاندا هەیە. کەسێک کە مافی هەڵبژاردنی هەیە لە نێوان دە پیشەدا ئازادییەکی زیاتری هەیە لە کەسێک کە تەنیا دوو مافی هەڵبژاردنی هەیە. بەدڵنیایییەوە چۆنیەتیی بژاردەکانیش هەروەها گرنگە: لەوانەیە بیرکەیتەوە کە دوو پیشەی باشت لەبەردەمدا بێت بۆ هەڵبژاردن ئازادیی زیاترت پێ دەدات لەوەی کە دە پیشەی خراپت هەبێت، بەتایبەت ئەگەر پیشە خراپەکان لە یەک بچن وەک(کەناس، پاک کەرەوەی نووسینگە، خاوێن کەرەوەی ئاودەست و هتد). لەبەر ئەوە، لە بری “ژمارەی بژاردەکان” لەوانەیە باشتر بێت بڵێین “پانتاییی بژاردەکان” کە ئەمە هەم جیاوازیی بژاردەکان و هەم بەهای بژاردەکان لەبەرچاو دەگرێت. سەبارەت به دووهەم دەستەواژە، “توانای هەڵبژاردن”، ئێمە پێویستیشمان بەمە هەیە، لەبەر ئەوەی لەوانەیە کەسێک بژاردەکانی لەبەردەستدا بێت، بەڵام لەبەر هۆکارێک نەتوانێت هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەی لە نێوان بژاردەکاندا هەبێت. بۆ وێنە ئەم دوانیوەڕۆیە کەسێک بۆ  بینینی  شانۆیەک لە نێوان دوو شانودا بانگهێشتت دەکات، بەڵام تەنیا ناوی شانۆکانت پێ دەڵێت، تۆش هیچی دیکە سەبارەت بە شانۆکان نازانی. تۆ دەتوانیت هەڕەمەکی شانۆیەک هەڵبژێریت، بەڵام هەڵبژاردنی تۆ لەم کاتەدا ناتوانێت لەسەر بنەمای بڕیاری خۆت بێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو شانۆیەی کە حەزت لێیە بیبینیت. یاخود کەسێک بە تەواویەتی لە ژێر چەپۆکی دایکیدایە و هەمیشە ئەو کارە ئەنجام دەدات کە دایکی پێشنیاری پێ دەکات. ئەو چەند کارێکی پێ پێشنیار دەکرێ، دایمه ئەوە هەڵدەبژێرێت کە دایکی ئامۆژگاریی کردووە. لە ڕوانگەیەکەوە، ئەو ئازادیی ئەوەی هەیە کە پیشەکەی هەڵبژێرێت، بەڵام لە ڕوانگەیەکی دیکەوە ئەو ئازاد نییە.

لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین ئازادی هەم لایەنی دەرەکیی هەیە و هەم لایەنی ناوەکی: ئازادیی کەسێک پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئاخۆ جیهان جۆرێک ڕێکخراوە کە چەندین درگا بە ڕوی کەسێکدا کراوە بێت، بەڵام پەیوەندیی بەوەشەوە هەیە ئاخۆ ئەو کەسە توانای هەڵبژاردنی ڕاستەقینەی هەیە، که لە کام دەرگاوە بڕوات یان نا. بەڵام ئێستا ئێمە پێویستمان بەوەیە قووڵتر سەیری بکەین کە مەبەستمان چییە لەوەی کە درگا کراوە بێت و هەڵبژاردنی ڕاستەقینە مانای چییە.

چ کاتێک ئێمە دەتوانین بڵێین کە بژاردەیەک لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەی کەسێک هەڵیبژێرێت؟ ڕێگە بدەن با پرسیارەکە پێچەوانە بکەمەوە و بپرسم چ کاتێک بژاردە لەبەردەستدا نییە؟ ڕوونترین حاڵەت ئەوەیە کە ئەو کەسەی ئاماژەی بۆ دەکەین لە ڕووی فیزیکییەوە ڕێگای بەدواداچوونی بۆ بژاردەکەی لێ گیرابێت. کەسێک کە بەسترابێتەوە یا خرابێتە بەندیخانەوە ئازادییەکی زۆر کەمی هەیە، لەبەر ئەوەی لە ڕووی فیزیکییەوە ڕێگای لێ گیراوە تا ئەو کارانە بکات کە لەوانەیە لە کاتی ئاساییدا بیکردایە. هەندێک لە فەیلەسوفە سیاسییەکان لە ناویشیاندا هاوڕێ دێرینەکەمان هۆبز، وتوویانە کە تەنیا لەمپەری فیزیکییە کە ئازادیی خەڵک سنووردار دەکات. بەڵام ئەم ڕوانگەیە لای زۆرینەی خەڵک ڕوانینێکی بیرتەسکانەیە. ئێمە بەگشتی وا بیر دەکەینەوە کە بژاردەکان سنووردار دەکرێن، کاتێک چەند جۆرێک بەربەستیان بۆ دادەنرێت. بەتایبەتی یاساکان ئازادیی ئەو کەسانەی کە ئەم یاسایانە دەیانگرێتەوە سنووردار دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو کەسانەی کە سەرپێچیی یاساکان دەکەن سزا دەدرێن. ئەگەر من بەخێراییی زیاتر لەوەی ڕێگەی پێ دراوە شۆفێری بکەم، یا پەنجەرەی ماڵی دراوسێکانمان بشکێنم، هیچ شتێک نییە لە ڕووی فیزیکییەوە ڕێگام لێ بگرێت، بەڵام ئەگەر ئەم کارانە بکەم دەگیرێم و سزا دەدرێم. لەبەر ئەوە ئازاد نیم ئەو کارانە ئەنجام بدەم. دەکرێ ئەم شێوازی بەڵگەهێنانەوە بۆ هەڕەشەی کەسانی تایبەت بۆ سەر من بەکار بهێنرێت. ئەگەر کەسێک هەڕەشەم لێ بکات ئەگەر جارێکی دیکە لە کاتی قسەکردن لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی بمبینێت، ئەوا لێم دەدات، (وای دانێین هەڕەشەکە زۆر جیددیە)، ئەو بژاردەیە ئیتر بۆ من بژاردەیەکی کراوە نییە کە هەڵیبژێرم.

بەشێوەیەکی گشتی لەمپەڕە فیزیکییەکان و ئاستەنگەکان وەک بەربەست بۆ کەم کردنەوەی ئازادی  قبووڵ کراون. لەم بابەتەدا مشتومڕەکە لەوەوە سەرهەڵدەدات کە لەوانەیە هەندێک کەس، لەبەر ئەوەی گران دەکەوێت لەسەریان نەتوانن بە دوای بژاردەیەکدا بچن، هەرچەند ئەم بەهایەی کە دەبێ بیدەن لە شێوەی سزا یان وەک شێوەکانی دیکەی بەربەست نین. وەک پرسیارێک کە هەندێک کات دەپرسرێت: ئایا کەسێکی بێ پارە دەتوانێت لە چێشتخانەیەکی گرانبەها بۆ وێنە چێشتخانەی ڕێتز خوداردن بخوات؟ ئایا ئیمە دەڵێین “نا” لەبەر ئەوەی لەڕاستیدا هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ئەوەی ئەو کەسە لە ڕێتز خوداردن بخوات ( لانیکەم تا ئەو کاتەی نەیەوێت کە ڕووبەڕووی ئاکامێکی قورس، کە چاوەڕوانی دەکات ببێتەوە، کاتێک دەردەکەوێت پارەی ئەو خواردنەی پێ نییە)؟ یا ئێمە دەڵێن “بەڵێ” لەبەر ئەوەی تەنیا شتێک کە ڕێگرە کەمیی پارەکەیەتی، نەک هیچ مەبەستێک لە لایەن خاوەنەکانی ڕێتز یا کەسێکی دیکەوە کە ڕێگر بێت لەوەی لەو شوێنە خواردن بخوات. ئەم پرسیارە تەنیا پرسیارێکی فەلسەفی نییە، لەبەر ئەوەی وڵامەکەی ئێمە چۆنیەتیی بیرکردنەوەمان سەبارەت بە پیوەندیی نێوان حکومەت و ئازادییەوە دەردەخات. لە نێوان ئەو سیاسەتانەدا کە حکومەت پەیڕەوی دەکات، هەندێک سیاسەت هەن کە سەرچاوەی سامانەکان لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی کۆمەڵگا دەگوازنەوە – بە شێوەیەکی سروشتی لە خەڵکە دەوڵەمەندەکانەوە بۆ فەقیرەکان – ئێمە دەمانەوێت بزانین ئەم کارە ڕێژەی ئازادیی وەرگرەکان زیاد دەکات، یا ئازادیی بەخشندەکان کەم دەکاتەوە، یا هیچ کامیان، یا هەردووکیان.

ڕێگە بدەن باسی چەند نموونەیەک بکەین کە خەڵک لە کاتی ئاساییدا دەتوانن ئەنجامیان بدەن، بەڵام ئێستا بە هۆی بەرزیی نرخەکەیانەوە ناتوانن. دەتوانین بڵێین ئەگەر نرخ تا ڕێژەیەکی دیاریکراو بەرز ببێتەوە چیدی خەڵک ئازاد نین؟ زۆر سادەیە، کەسێک کە داهاتێکی کەمی هەیە و ناتوانێت بچێت بۆ سەیرانێک کە 10 هەزار پاوند خەرجی بێت، بەراوردی لەگەڵ کەسێک بە هەمان داهاتەوە بکەن کە بۆ رزگاربوون لە بارودۆخێکی پڕ ئێش و ئازار (پەککەوتەش نییە)، پێویستی بە نەشتەرگەرییەکە کە تەنیا لە نەخۆشخانەی تایبەتدا بە 10 هەزار پاوند دەکرێت. بۆ دەڵین کە دووهەم کەس ئازاد نییە لەوەی ئەو نەشتەرگەرییەی کە پێویستیەتی بیکات، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی سروشتی ئێمە بۆ کەیسی یەکەم زمانێکی جیاوازتر بەکار دەهێنین- لەوانەیە بڵێین ئەوکەسە ئازادە لەوەی بچێت بۆ سەیران، بەڵام بەئاسانی ناتوانێت خەرجیەکەی دابین بکات؟ بۆ لە کەیسی دووهەمدا بەشێوەیەکی سرۆشتی باسی ئازادی دەکەین، بەڵام بۆ یەکەمیان نا؟ سەیرانێکی گرانبەها، بابەتێکی خۆشگوزەرانییە کە دابەش کردنەکەی بەشێوەیەکی ژیرانە دەکرێ بخرێتە پاڵ بازاری ئابوورییەوە، ئەو شوێنەی کە خەڵک خۆیان هەڵیدەبژێرن کە چەندە پەیدا دەکەن و چۆن داهاتەکەیان خەرج دەکەن. ئەو کەسەی کە باسی دەکەین چ ئەوەی کە بتوانێت بە کاتژمێری کاری زیاتر، گۆڕینی پیشەکەی، یا کەم کردنەوەی خەرجییەکانی دیکەی، 10 هەزار پاوندکەی بەدەست بهێنێت یا خود نا – کە ئەمە خۆی بابەتی مشتومڕە – بەدڵنیاییەوە ئەوە دەزانین کەس ناچار نەکراوە بۆ ئەوەی پارەی سەیرانەکەی بۆ دابین بکات. لەبەرامبەر ئەوەشدا ئەرکی حکومەتە بۆ ئەوەی لەوە دڵنیا بێت کە هەموو کەسێک وەک پێویست دەستی بە خزمەتگوزاریی تەندروستی ڕادەگات، چ لە ڕێگەی سیستمی خزمەتگوزاریی تەندورستیی گشتییەوە بێ، یان بە دابین کردنی دڵنیاییی تەندروستی [تەئمین/بیمە]، بە شێوەیەک هەموو کەس توانای وەرگرتنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی گونجاوی هەبێت. ئەگەر کەسێک بۆ نەشتەرگەرییەک ڕووبەرووی لیستەی حیسابێکی 10 هەزار پاوەندی ببێتەوە، بەرپرسیارییەکەی دەکەوێتە سەرشانی دەوڵەت کە نەیتوانیوە ئەرکەکەی جێبەجێ بکات. ئەوەی ئایا نرخی هەڵبژاردنی بژاردەیەک، سنووردانان بۆ ئازادییە، تەنیا پەیوەندیی بە زۆری نرخەکەوە نییه، بەڵکوو پەیوەندیی بەوەشەوە هەیە که ئەم نرخە چۆن دانراوە و ئاخۆ کەسی دیکە بەرپرسیارە لە دروست بوونی ئەو نرخە یان نا.

ئەم ڕوانگەیە کە هەرچی حکومەت بەرپرسیارەتیی زیاتر بێت، خەڵک ئازادیی کەمتری دەبێت هەڵەیە. هەندێک جار حکومەت ئازادی سنووردار دەکات و هەندێک جار پاساوی بۆی هەیە، هەندێک جاریش نا (بۆ نموونە، یاسادانان بۆ پشتێنی سەلامەتی لە ئازادیی بەکارهێنەران کەم دەکاتەوە، بەڵام زۆرینەی خەڵک هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە پاساوێک بۆ ئەمە هەیە، ئەویش پاراستنی ژیانی خەڵکە). بەڵام لە هەندێک بابەتی دیکەدا چالاکیی حکومەت دەبێتە هۆی زیادبوونی ئازادی، بەوەی کە چەند بژاردەیەک دەخاتە بەردەم خەڵک کە لە کاتی ئاساییدا لەبەر زۆریی نرخەکەی، خەڵک دەستیان بەو شتانە ڕاناگات. پێویستە لە هەموو بابەتێکدا سەیری ئەو سیاسەتە تایبەتانە بکەین و بزانین ئایا لەگەڵ خستنە ڕووی چەند بژاردەیەک بۆ خەڵک، ئەوان چەند بژاردەی دیکە کە زۆر گرنگترن لانابەن. بەداخەوە وتاری سیاسییەکان سەبارەت بە “کۆمەڵگای ئازاد”، قەت باسی ئەم ئاستە لە وەردەکاری ناکەن. فەیلسوفە سیاسییەکان، پرسیاری ئەوەیان کردووە کە مەبەستمان لەوەی دەڵێین کەسێک ئازادە یا ئازاد نییە کە بژاردەیەکی دیاریکراو هەڵبژێرێت، چییە. ئەوان دەتوانن لە دادوەرییەکی وردبینانە و زانایانە سەبارت بە پەیوەندیی نێوان حکومەت و ئازادیی تاکەکەسی، یارمەتیمان بدەن. ئەمە ڕوون کردنەوەیەکی باشی بەڵگەکەی من لە بەشی یەکەمدایە کە سەبارەت بە کێشە سیاسییەکانی رۆژ باسم لە بایەخی بیرکردنەوەی فەلسەفی کرد.

حکومەت کەمتر دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر لایەنی ناوەکیی ئازادی هەبێت، واتە توانای کەسەکان بۆ هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە لە ناو ئەو بژاردانەی کە لەبەردەمیاندایە. ئەمە هەندێک جار پێی دەوترێت “ئازادیی ئەرێنی”، بۆ ئەوەی لە “ئازادیی نەرێنی” جیا بکرێتەوە. واتە هەبوونی کۆمەڵێک بژاردە کە هۆکارە دەرەکییەکان ڕێگایان لێ نەگرتبن. ئەم دوو جۆرە لە ئازادی وەک دوو چەمکی بەرامبەر بە یەک هاتوون وەک ئەوەی فەیلەسوفی سیاسی ئایزایا بێرلین لە وتاری بەناوبانگی “دوو چەمکی ئازادی”دا، باسی لێ دەکات. بێرلین دەیەوێت مەترسیی “ئازادیی ئەرێنی” بەرجەستە بکاتەوە، ئەو بڕوای وایە ئەمە دەکرێت وەک پاساوێک بۆ ڕژیمە تۆتالیتار یا زۆردارەکانی وەک یەکێتیی سۆڤیەتی سەردەمی ستالین کە “ئازادیی نەرێنی”ی زۆر کەمیان دەدا بە ژێردەستەکانی، بەکار بهێنرێت.[1] من بڕوام وایە ئەگەر ئەم دووانە وەک تەواوکەری یەکتر سەیر بکەین زۆر بە سوودترە، پێشتر نموونەم هێنایەوە بۆ دەبێ بە هەمان ئەندازە کە نیگەرانی بەردەست‌بوونی بژاردەکانین، دەبێ ئەوەندەش نیگەرانی هەڵبژاردنی ڕاستەقینە بین. بەڵام ئێمە چۆن بزانین چ کاتێک هەڵبژاردنێک ڕەسەن و ڕاستەقینەیە؟  بڕیاردان لەسەر ئەم مژارە زۆر دژوارترە.

   بۆ وەڵامدانەوی ئەم پرسیارە ڕەنگە باشتر وابێت کە لە ڕوانگەیەکی پێچەوانەوە لێی نزیک ببینەوە و بپرسین چ کاتێک هەڵبژاردنەکان بەڕوونی ڕەسەن و ڕاستەقینە نین؟ نموونەیەکی ئاشکرا بۆ ئەم باسە ئەو کەسانەن کە گرفتاری خوتخوتە [وەسواس] یا هۆگری مادەی هۆشبەرن – بۆ وێنە ئەو کەسانەی کە عاشقی دزی کردنن کاتێک لە دوکانێکدا هەلی دزی کردنیان بۆ دەڕەخسێت، ناتوانن بەری خۆیان بگرن، یا ئەو کەسانەی هۆگری مادەی هۆشبەرن ئامادەن هەموو کارێک بکەن بۆ ئەوەی ئەو مادەیە بەدەست بهێنن. کەسانێک کە لەم بارودۆخەدان، لە کاتی بڕیارداندا بەپێی بەهێزترین حەزەکانیان دەجووڵینەوە، بەڵام کاتێک دوور دەکەونەوە و بیری لێ دەکەنەوە، بۆیان دەردەکەوێت ئەمانە حەز و مەیلی دڵخوازی ئەوان نین. ئەگەر ئامێرێک هەبێ کە دەستی پێدا نێن و ڕزگاریان ببێت لە وەسواس بوون و هۆگریی مادەی هۆشبەر، ئەو کارە دەکەن. بڕیاری ئەوان بۆ دزینی کراسێک یان ئەوەی بە دەرزی هێرۆیین [مادەیەکی هۆشبەر] لەخۆیان بدەن، هەڵبژاردنێکی ڕەسەن و ڕاستەقینە نییە لەبەر ئەوەی هاندەرەکەی مەیلێکی زۆرە، ئەگەرنا ئەو کەسەی تێوەگلاوە حەزی دەکرد وا نەبوایە.

   نموونەیەکی جیاوازتر ئەوەیە کە هەڵبژاردەکانی کەسێک لە لایەن هێزێکی دەرەکییەوە دەستنیشان دەکرێت، وەک کچێک کە بەردەوام ئەو کارە دەکا کە دایکی پێی دەڵێت. هەرچەندە ئەو کەسە وا دەردەکەوێ کە به هەڵبژاردەکانی قایلە – بەڵام لەمەدا هەست بە ململانێیەکی دەروونی ناکەیت وەک ئەوەی لە کەیسی خوتخوتەکردن [وەسوەسەبوون] و هۆگریی مادە هۆشبەرەکاندا دەمانبینی – ئەوان وا هەست دەکەن کە بەڕاستی ئەمانە بڕیاری خۆیان نییە. هەڵبژاردنی ڕەسەن و ڕاستەقینە پێویستی بە جۆرێکی تایبەت لە سەربەخۆیییە. کەسێکی ئازاد پێویستە لە خۆی بپرسێت “بەڕاستی من چیم دەوێت یا بڕوام بە چییە؟” و توانای ئەوەی هەبێت کە وڵامە دەستی دووەکان ڕەد بکاتەوە کە بەتەواویەتی هی خۆی نین. لەم مانایەدا کاتێک گوشاری کۆمەڵایەتی لەسەر مرۆڤەکان زۆر زیاد دەکات، بۆ ئەوەی بیروڕا و داب‌ونەریتی باو پەیڕەو بکەن، ئەوان ناتوانن لە بەرانبەر ئەم گوشارانەدا بەرگری لە خۆیان بکەن و مرۆڤەکان ئازداییەکانیان لەدەست دەدەن. ئایین و ئایدیۆلۆژیی سیاسی هەردووکیان دەتوانن ئەو کاریگەرییەیان هەبێت.

   چۆن دەتوانین ئەم ئازادییە دەروونییە، واتە توانایەک بۆ هەڵبژاردنە ڕەسەن و ڕاستەقینەکان پەرە پێ بدەین؟ یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە کە ڕێژەیەکی فراوان بەدیلی جیاواز بخرێتە بەردەم خەڵک بۆ ئەوەی ئەو ئەگەرە کەم بکرێتەوە کە کۆمەڵێک بیروباوەڕ، یان هەر شێوازێکی ژیان، دەبێت تەنیا ڕێگای ڕاست بێت. (بەپێچەوانەی ڕێبازە ئایینی و ڕژێمە سیاسییەکان کە دەیانەوێت کۆنترۆڵی هەڵبژاردنەکانی ئەندامەکانیان بکەن، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەوان دڵنیا ببنەوە کە خەڵک ئەو شتانە نابینێت یا ئەزمونی ناکات کە دژی ئەو ڕێگای ژیانە بێت کە ئەوان بە ڕاستی دادەنێن). لەبەر ئەوە حکومەتێک کە بیەوێت گەشە بە ئازادیی هەڵبژاردن بدات، دەتوانێ بە بڕەودانی جۆراوجۆریی کۆمەڵایەتی – بە خستنە ڕووی ڕێگای نوێ بۆ ژیان، شێوازی نوێی کولتووری و هتد، هانیان بدات. یەکێک لە دەرکەوتە پراکتیکییەکانی ئەم سیاسەتە، سیستمێکی پەروەردەیە کە منداڵەکان بۆ بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی سەبارەت بەو بیر و بڕوا و بایەخانە کە لە باوک ودایکیانەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە، یا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەریان گرتووە، هانیان بدات و لە هەمان کاتیشدا بە دابین کردنی خوێندنگای هاوبەش بۆ پەروەردەکردنی ئەو منداڵانەی کە لە جڤاتی جیاوازەوە هاتوون، لەگەڵ بڕوا و بایەخە کولتوورییە جیاوازەکانی یەکتر ئاشنایان بکات. بەڵام بەپێچەوانەی ئازادیی دەرەکی، ئازادیی دەروونی گەرەنتی ناکرێت. هەندێک لە مرۆڤەکان بە سروشت لە ڕووی فکرییەوە سەربەخۆن، هەندێکیش ڕێ و شوێنی باو دەگرنە بەر. ئەوەی کە سیاسەت دەتوانێت بیکات ئەوەیە کە بارودۆخێکی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت ڕێگای خۆیان لە ژیاندا هەڵبژێرن.

   تا ئێستا هەوڵم داوە شی بکەمەوە ئازادی چییە و بۆ بەهایەکی ئەوەندە بەرزی لە کۆمەڵگاکانی سەردەمدا هەیە. ئێستاش دەمەوێت ڕاڤەی سنوورەکانی [ئازادی] بکەم. ئەم مەسەلەیە کە ئازادیی تاکەکەسی لە ڕێگای جیاوازەوە دەبێ سنووردار بکرێت، دەبێ شتێکی ڕوون و ئاشکرا بێت: ئازادیی هەر کەسێک پێویستە سنووردار بکرێ بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بتوانێت بە ڕێژەیەکی یەکسان چێژ لە ئازادیی(دەرەکی) خۆی وەربگرێت؛ بەڵام لە پشت ئەمەوە کۆمەڵێک ئامانجی کۆمەڵایەتیی ڕێگەپێدراو هەیە کە بۆ ئەوەی پێش بکەون، پێویستە بۆ ئەو کارانەی ڕەنگە تاکەکان بیکەن سنوورێک دابنرێت. بۆ نموونە، بۆ پاراستنی ژینگە دەبێ ڕێگە لەوە بگیرێت کە خەڵک خۆڵ و خاشاک و زبڵ فڕێ دەن، هەوا بە گازی پیس ژەهراوی بکەن، شوێنە سروشتییەکان کە ئاژەڵەکانی لێ دەژین بکەن بە شوێنی نیشتەجێ بوون. ئێمە دەمانەوێت لە نێوان ئازادی و بەهاکانی دیکەدا هاوسەنگی ڕابگرین و هەندێک جار ئازادی دەبێ بچێتە دواوە. بەڵام ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگییە تا کوێ بەردەوام دەبێت؟ ئایا هیچ بازنەیەک لە ئازادیی تاکەکەسی هەیە کە پاساوێکمان بۆ دەستێوەردانی نەبێت ، هەرچەند ئاکامی سنووردارکردنی ئەو ئازادییە باشیش بێت؟

   جۆن ستوارت میڵ لە نامیلکەی دەربارەی ئازادی کە پێشتریش ئاماژەم پێ کردووە، بڕوای وایە، لەڕاستیدا فەزایەکی وامان هەیە کە ئازادی تێیدا لە هەموو دەستێوەردانێک پارێزراوە. میڵ ئەوەی دەخستە ڕوو کە کاتێک کاری کەسێک “ڕوو لە خۆیەتی”، بەو مانایە کەڕەنگە جگە لە خۆی، هەڵسوکەوتی نابێتە هۆی زیان گەیاندن به بەرژەوەندیی کەسانی دیکە، هەرگیز نابێ دەستێوردانی کارەکانی بکرێت. میڵ پێی وابوو کە ئەم ڕێسایە پاساوێکیشە بۆ ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین و ئازادیی تاکەکەسی بۆ هەڵبژاردنی ڕێگای تایبەتی ژیان – چۆن جلوبەرگ بپۆشێت، چی بخوات و بخواتەوە، شوێن چ چالاکییەکی کولتووری بکەوێت، چ جۆرە پەیوەندییەکی سێکسیی هەبێت، شوێنکەوتووی چ ئایینێک بێت و هتد. (ئەم بیرۆکەیە ئێستا بۆ ئێمە ئاشنایە، بەڵام کاتێک میڵ لە ناوەڕاستەکانی سەردەمی ڤیکتۆریادا نامیلکەکەی دەنووسی، بە توندڕەویان ناو دەبرد تەنانەت بە ترسناکیان دادەنا.) بەڵام ئایا دەشێ ئەو هێڵی جیاوازییانە بکێشینەوە کە میڵ دەیویست دیارییان بکات؟  ئایا بەڕاستی هیچ کارێک هەیە لێی دڵنیا بین کە زیان بە کەسانی دیکە، جگە لەو کەسەی ئەنجامی دەدات، ناگەیەنێت؟

   میڵ ئەو بۆچوونەی لا ڕاست بوو کە لەوانەیە خەڵک لەو هەڵسوکەوتانەی کە ئەو وەک کارێکی “ڕوو لە خۆ” پۆلێنی کردبوون، بڕەنجێن – لەبەرکردنی جلوبەرگی پیس و ناشیرین، هەڵسوکەوتی سێکسیی نائاسایی، بێ‌خوداییی شەڕەنگێزانە و هتد. بەڵام ئەو دەیوت سووکایەتی کردن لە لایەن شتێکەوە هاوشێوەی زیان پێ گەیاندن لە لایەن ئەو شتەوە نییە. زیان گەیاندن واتای هێرش کردن یا تۆقاندنە، ئەوەی کە سامانەکەت لە ناو بچێت، یا خراپتر بوونی بارودۆخی ئابووریت، و لە ڕوانگەی میڵەوە ئەم شتە دەکرێت بە شێوەیەکی بێ لایەنانە ڕێک بخرێت، بەپێچەوانەوە سووکایەتی کردن، پەیوەندی بە بڕوا و هەڵسوکەوتی تاکەکەسیی ئەو کەسەوە هەیە کە سووکایەتیی پێ دەکرێت – تۆ لەوانەیە هاوڕەگەزبازی یا مۆسیقای ڕاپ بە سووک بزانیت، بەڵام ئەمەش هۆیەکەی ئەوەیە کە بەپێی ئەو پێوەرە تاکەکەسییەی بۆ بەهاکان هەتە، لای تۆ  ئەو چالاکییە هەڵەیە یا پەسەندکراو نییە: ڕەنگە پەرچەکرداری من هەندێک جیاوازتر بێت. بیرۆکەکەی میڵ بۆ کەسێک ڕاست بوو کە پێی وا بوو هەڵسوکەوتی خەڵکانێک بێزارکەرە، بۆ ئەوەی لێی دوور بکەوێتەوە، یا لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی هانیان بدات تاکوو شێوازی خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئەوان مافی ئەوەیان نییە لە ڕێگەی یاسا یا خود ئامرازێکی دیکەوە ڕێگری لەو هەڵسوکەوتانەیان بکەن.

   دەتوانین بپرسین ئایا دەکرێ سووکایەتی پێ کردن و زیان گەیاندن وا بە ئاسانی لێک جیا بکرێنەوە؟ وای دانێن ژنێک لە نوسینگەیەک یا کارگەیەک کاردەکات و زۆربەی فەرمانبەرەکانی پیاون و سوورن لەسەر ئەوەی چەند پۆستەرێکی گەورەی ئافرەتی ڕووت هەڵواسن و ئەو ژنەش ئەوە بە سووکایەتی دەزانێت. لە ئەنجامدا، ئەو ژنە حەز لەو پیشەی کە هەیەتی نەکات و لەوانەیە بڕیار بدات وازی لێ بێنێت. ئاشکرایە هەڵسوکەوتی “ڕوو لە خۆی” فەرمانبەرە پیاوەکان خەریکە زیان بەو ژنە دەگەیەنێت. نموونەیەکی دیکە ئەوەیە کە بە “وتاری قین” ناوی لێ دەبرێت – لێدوانی دزێو بەرانبەر بە کەمینەیەکی ئایینی یا ڕەگەزی لە  شوێنێکی گشتیدا، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لە خوێندنگا، زانکۆ یا شوێنی کارەکەیان دەریان کەن، یا بەلانیکەمەوە هەستێکی ناخۆشیان بۆ مانەوە لەو شوێنەدا هەبێت. جارێکی دیکە وا دەردەکەوێت کە هەڵسوکەوتێک کە لە سەرەتادا بە سادەیی ڕەنجێنەر بووه، لەوانەیە ناڕاستەوخۆ ببێتە هۆی زیان گەیاندن، هەر لەبەر ئەوە ئێمە هەڵبژاردنێکمان لەبەر دەمدایە: یان ئەوەتا بۆچوونمان سەبارەت بە ئازاردان بەرفراوانتر بکەین بۆ ئەوەی ئەم کەیسانەش بگرێتە خۆ کە لەم حاڵەتەشدا ڕووبەری کاری “ڕوو لە خۆ” بچوک دەبێتەوە یان ئەوەی دەبێ بگەڕێینەوە بۆ بیرۆکە سەرەکییەکە کە دەڵێت تەنیا دەستێوەردان لە هەڵسوکەوتێکدا بکرێ کە ڕاستەوخۆ زیان دەگەێنێت، و بڵین خەڵک پێویستە لە دەربڕینی خۆیاندا ئازاد بن تەنانەت کاتێکیش خەڵکانی دیکە پێیان وایە ئەو شێوازی دەربڕینە زۆر رەنجێنەرە.

   سەبارەت بەو نموونانەی خستمانەڕوو، سێ خاڵ بەتایبەتی شایانی ئاماژە پێ کردنن:

 یەکەم، کێشەکە تەنها لە خووی نائاساییی کەسیکدا نیە، کە هەڵسوکەوتەکەی سوکایەتی پێ کردن بێت. بۆچوونی ئێمە سەبارەت بەو پۆستەرە ڕووتە هەرچییەک بێت، دەبێت لەوە تێبگەین کە بۆ زۆرینەی ژنان هەست بە سووکایەتی دەکەن. ئەمە زۆر جیاوازە لەوەی تۆ ڕێگە نەدەیت کەسێک پۆستەری دیڤید بێکهام بەسەر مێزەکەتانەوە هەڵواسێت لەبەر ئەوەی تۆ لایەنگری تیپی رکابەری ئەویت.

 دووەم، کەسی قوربانی ناتوانێت خۆی لەو سووکایەتییە دووربخاتەوە، جگە لەوەی کە گۆڕانێکی گەورە لە هەڵسوکەوتیدا ڕوو بدات، بۆ وێنە پیشەکەی جێبهێلێت، نەچێتەوە بۆ زانکۆ. ئەمە بە پێچەوانەی ئەوەیە کە من بە بینینی چەند پۆستەرێک لەسەر دیواری ژووری دانیشتنی ماڵە دراوسێکەمان هەست بە سووکایەتی بکەم – من دەتوانم بە هاتنەدەر لەم ماڵە خۆم دوور خەمەوە – یا ئەو بیر و بۆچوونانەی کە لە رۆژنامەیەکی ڕەگەز پەرستەوە بڵاو دەبێتەوە بە سووکایەتی دەزانم کە پێویست ناکات بیکڕم.

سێهەم، هەڵسوکەوتی کەسی رەنجێنەر بەرانبەر ئەو خەم و ناخۆشییەی دروستی دەکات، خۆی لە خۆیدا بەهایەکی ئەرێنی نییە: ئەمە بۆ کەس، بەشێکی پێویست لە بیرۆکەی ژیانێکی باش نییە کە دەبێت لەکاتی کارکردندا بتوانن چاوببڕنە وێنەیەکی ڕووت یا هاوار کردن بە جۆرێک ڕەشپێستەکان یا موسڵمانەکان نیگەران بکات. (من ئەوە ڕەد ناکەمەوە کە لەوانەیە هەندێک خەڵک زۆر حەزیان لەوە بێت ئەو کارانە بکەن، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەو کەسانە چی لەدەست ئەدەن ئەگەر رێگرییان لێ بکرێت؟) هەرچەندە ئازادیی ڕادەربڕین گرنگە، بەڵام هەموو ڕا دەربڕینێک نابێت بە یەک چاو سەیر بکرێت. ئەمە زۆر گرنگە کە خەڵک بتوانن بە ئازادی خوداپەرەستیی خۆیان بکەن، بەشداریی گفتوگۆی سیاسی بکەن، لە ڕێگەی هونەرەوە ڕای خۆیان دەرببڕن و هتد. ئەوەی کە بتوانن پۆستەرێک لە شوێنی کارەکەیان نمایش بکەن، یا بە دەنگی بەرز دروشمی رەگەزپەرستانە بڵینەوە زۆر گرنگ نیە.

   لەوانەیە بگەینە ئەو ئەنجامە کە لەباتی ئەو رێسا سادەیەی میڵ – کە نابێت دەستێوەردان لە هەڵسوکەوتی سروشتیی کەسەکان بکرێت – پێویستمان بە دادوەریەکی ئالۆزتر بێت، واتا بەهای هەڵسوکەوتە جیاوازەکان بە پێی ئەو باجەی کە دەیسەپێنن بەسەر کەسانی دیکەدا، و ئەو زەحمەتەی کە ئەو کەسانە بۆ دوورکەوتنەوە لەو باجەی توشی دەبن، هەڵبسەنگێنین.

   ئێستا دەگەڕێینەوە لای چەند کێشەیەکی دیکەی رێساکەی میڵ: ئەو جۆرە لە هەڵسوکەوتانەی کە کاریگەرییەکی خێرایان لەسەر کەسانی دیکە نییە، جگە لە بکەری کارەکە، لەوانەیە لە درێژماوەدا کاریگەریی بکەنە سەر خەڵکانی دیکە، لەبەر ئەوەی توانای ئەو کەسە بۆ هاوبەشی لە کۆمەڵگادا کەم دەکاتەوە، یا خەرجی هەڵسوکەوتەکانی دەکەوێتە سەرشانی خەڵک. بۆ وێنە، کەسێک کە هەمیشە ئارەق دەخواتەوە ناتوانێت کارێکی جێگیری هەبێت، کەسێک کە زۆر جگەرە دەکێشێت، تەنانەت ئەگەر لە ماڵەکەی خۆشیدا بێت، ئەگەری تووش بوونی بە شێرپەنجە یا جەڵتەی دڵ زیاد دەکات، بۆیە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە لەسەر حسابی خەرجی گشتی. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئێمە دەبێت ئەم هەڵسوکەوتە بخەینە خانەی هەڵسوکەوتی سروشتییەوە و بە ناوی ئازادیی تاکەکەسییەوە بەرگرییان لێ بکەین.

   میڵ نموونەی ئەو کەسەی کە ئارەق ئەخوداتەوە باس دەکات و دەڵێت خورادنەوەی ئەو کەسە لە دوو حاڵەتدا ناچێتە خانەی هەڵسوکەوتی “خۆ بۆ خۆ”وە: کاتێک کەسێک نەتوانێت ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە لە ژێر کاریگەریی خوداردنەوەی مادە ئەلکولییەکاندا بە باشی ئەنجام بدات، یا کەسێک کە لەوانەیە دەست بداتە کاری توندوتیژی کاتێک کە سەرخۆشە. ئەگەر کاریگەریی خوداردنەوەکە تەنیا ئەوە بێت کە ئەو کەسە کەمتر لەوەی کە لەکاتی ئاساییدا چاوەڕوانیی لێ دەکرێت، توانای هاوبەشیی کۆمەڵایەتیی هەبێت، کۆمەڵگا مافی ئەوەی نییە ڕێگریی لێ بکات. منداڵەکان دەبێت فێری بەرپرسیاریەتییە کۆمەڵایەتییەکان بکرێن و لە مەترسیی مادە ئەلکولیەکان ئاگادار بکرێنەوە. بەڵام بۆ گەورەکان، بەرگری لە ئازادی، گرنگییەکی گەورەی هەیە تەنانەت ئەگەر هەموو کۆمەڵگا بە گشتی زیانی بەرکەوێت.

   یەکێک لەو هۆکارانەی کە لەوانەیە دوودڵمان بکات لەوەی شوێن میڵ بکەوین ئەوەیە کە ئێستا لەچاو ئەوکاتانەی کە ئەو کتێبەی دەنوسی، دەوڵەت ڕێژەیەکی زۆرتری لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر هاووڵاتیانی خۆی گرتۆتە ئەستۆ. لەبەر ئەوەیە دەبێت باجی زۆربەی ئەو هەڵسوکەوتە سروشتیانە بدات. کاتێک میڵ “دەربارەی ئازادیی دەنووسی، خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتی، سیستەمی پەروەردەی نیشتمانی، یا یارمەتیی داهاتی فەقیرەکان، دابین کردنی شوێنی نیشتەجێ بوونی گشتی و هتد، بوونیان نەبوو. لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەو کەسانەی کە زیانیان بە تەندروستیی خۆیان دەگەیاند یا وایان لە خۆیان دەکرد کە کاریان بۆ نەکرێت، خۆیان دەبوو باجی ئەو کارانەیان بدەنەوە، یا خود پەنا بەرن بۆ دەزگا خێرخوازییە ناوچەیییەکان. ئەوانیش مافی ئەوەیان هەبوو کە مەرج دانێن بۆ ئەو کەسانەی لە لایەن ئەوانەوە یارمەتی دەدران. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا رێساکەی میڵ هێستا مانای هەیە، دوای ئەوەی دەوڵەتێک کە خۆشگوزەرانی دابین دەکات و پارەکەی لە باج وەردەگیرێت، و بڕیاری داوە کە لانی کەمی داهات، پەروەردە، تەندروستی و شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ هەموو کەس دابین بکات. لەم چوارچێوەیەشدا ئایا پێویستە خەڵک بەرپرسیارەتیی کۆمەڵایەتی بەسەریاندا بسەپێت هەم بۆ بەشداریی کۆمەڵایەتی و هەمیش بۆ خۆ بە دوور گرتن لە بوون بە چاولەبەرێکی ناپێویستی خزمەتگوزاریی خۆشگوزەرانی؟

   ئەمە بابەتێکە ئەمڕۆکە لە سیاسەتیدا زۆر جێی مشتومڕە، یەکێک لەو هۆیانەی لەوانەیە ئێمە دواجار لەگەڵ میڵ هاوڕا بین ئەوەیە کە وا دیارە هیچ هێڵێکی ڕوون و ئاشکرامان بۆ سنووردارکردن نییە، کاتێک دەمانەوێت دەستبەرداری ئەم رێسایەی ئازادی ببین. بۆ نموونە، ئایا دەوڵەت دەبێت خەڵک ناچار بکات بۆ ئەوەی خوداردنی خاوێن بخۆن؟ دەبێت ناچاریان بکات بەردەوام وەرزش بکەن؟ دەبێت نەهێڵێت وەرزشی مەترسیدار بکەن؟ هەرکام لەم کارانە بە شێوەیەکی باش خەرجی تەندروستیی گشتی کەم دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕوانگەی  ئەم کارانە دەستێوەردانێکی قبوڵ نەکراوە لە ژیانی تایبەتیدا. (لە پاش وشەی ڕوانگەی وشەیەک قرتاوە) لەم نموونانەدا، لەوانەیە بگەینە ئەوەی کە دەوڵەت دەتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی داوای ئەوە بکات کە کارتی دڵنیاییان هەبێت کاتێک کە دەچن بۆ شاخەوانی یا وەرزشە قورسەکان، و دەوڵەت دەتوانێت لە پەروەردەکردنی خەڵکدا ڕۆلی گرنگ ببێت، بە تایبەتی سەبارەت بە مەترسیی جگەرە کێشان بۆ گەورەکان، بەکارهێنانی خوداردنەوە ئەلکولیەکان، خوداردنی خوداردنە چەورەکان، پاڵ نەکەوتن لەبەردەم تەلەفیزیۆندا لە کاتە بەتاڵەکاندا و هتد، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ناتوانێت لە ئەنجامدانی ئەم کارانە رێگرییان لێ بکات. میڵ وتەنی: “دەردیسەری شتێکە کە کۆمەڵگا دەبێت بەرگەی بگرێت، لە پێناو چاکەیەکی گەورەتردا کە ئازادیی مرۆڤەکانە.”

   بەرگریی میڵ لە ئازادی بەرانبەر دەوڵەت، پەیوەستە بە جیاکردنەوەی فەزایەک بۆ چالاکیی تایبەتی، کە خەڵک دەبێت لە ناو ئەو فەزایەدا ئازادیی تەواوەتییان هەبێت، بۆ ئەوەی چییان پێ خۆش بوو بیکەن. ئێمە هەندێک لە کێشەکانی ئەم ڕوانگەیەمان تاقی کردەوە، و لەگەڵ چەند نموونەیەکی زیاتریش لە بەشی 6 دا، رووبەڕوو دەبینەوە، کاتێک سەیری ئارگیومێنتی فیمینیستەکان دژی بیرۆکەی فەزای تایبەتی پارێزراو دەکەین. ئێستا دەمەوێت ڕێگایەکی جیاوازتری سنووردارکردنی حکوومەت راڤە بکەم،  ئەوەی کە دەوڵەت لەوانەیە لەژێر ناوی ئازادیی تاکەکەسیدا بۆ ئازادییەکان سنوور دابنێت. ئەم بیرۆکەیە بریتیە لەوەی کە هەرکەسێک خاوەنی کۆمەڵێک مافە کە پێی دەوترێت مافەکانی مرۆڤ، و حکومەت بۆی نیە دەستێوەردانی بکات.

   لەوکاتەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤی لە ساڵی 1948دا چەسپاند، کاریگەریی بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەردەوام و نەگۆڕ لە زیاد بووندایە. مافەکان بریتین لە لیستێکی درێژ لەو مافانەی کە هەموو ئەو دەوڵەتانەی ئیمزایان کردووە بەڵێنیان داوە سەبارەت هاووڵاتیانی خۆیان بیانپارێزن. بەڵام خودی چەمکەکە دەتوانین بیگێرینەوە بۆ زۆر پێشتر، بۆ بیرۆکەی مافی سروشتی کە لە قۆناغە سەرەتایییەکانی فەلسەفەی سیاسیی لیبڕاڵدا رۆڵی سەرەکیی هەبوو. بۆ نموونە، جۆن لۆک بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو پیاوێک بەلانی کەمەوە مافی سرۆشتیی هەیە بۆ ژیان، ئازادی، و خاوەندارێتی (ئەوەی کە هەڵاواردنی ژنان بە ئەنقەست بووە یان نا، جێگای مشتومڕە) ، کاتێک حکوومەتەکان لەسەر بنەمای پەیمانی کۆمەڵایەتی دروست بوون، وەک مەرجێک بۆ هەبوونی دەسەڵاتی سیاسی، بڕیاریان دا بۆ پاراستنی ئەم مافانە. لیستی مافەکان لە جاڕنامەی گەردونیدا زۆر فراوانترە، و لەپاڵ ئەو مافانەدا کە راستەوەخۆ بەرگری لە ئازادی دەکەن – وەک مافی ئازادیی جوڵانەوە، ئازادیی عیبادەت، ئازادیی هاوسەرگیری – ئەو مافانەش دەگرێتە خۆ کە کاریگەرییان هەیە لە سەر دابین کردنی سەرچاوە مادییەکانی خەڵک، وەک مافی کارکردن، مافی هەبوونی ئاستێکی قایلکەر بۆ ژیان، و مافی پەروەردە. سەرەڕای ئەوەش، لە ژێر رۆشناییی شی کردنەوماندا بۆ ئازادی لە سەرەتای ئەم بەشەدا، ئەم مافانەش دەکرێت وەک ڕێگایەک بۆ پارێزگاری لە ئازادیی تاکەکەسی ئەژمار بکەین، بە دڵنیا کردنەوەیان لەوەی کە ئەو بژاردانەی کە ڕەنگە بە هۆی کەمیی سەرچاوە مادییەکانەوە لەبەردەستدا نەبووبێت ئێستا بۆ ئەوان لە بەردەستدایە.

   لە سۆنگەی مافەکانی مرۆڤەوە، پرسیار لەوە ناکرێت کە ئایا هەندێک لە چالاکییەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی هێزەکی زیان بە ئەوانی دیکە دەگەیەنن. بەجێی ئەوە سەیری خودی ئەو کەسە دەکرێت و پرسیار دەکرێت کە ئایا دەتوانین بارودۆخێکی تایبەت بڕەخسێنین کە بە بێ ئەوە هیچ کەس نەتوانێت ژیانێکی شیاوی هەبێت. ئەم ڕوانگەیە هەوڵ دەدات بەرانبەر ئەو پرسیارەی کە باشترین جۆری ژیان بۆ مرۆڤەکان چییە، بێ لایەن بێت- ئەو ناڵێت کە باوەڕدارێکی ئایینی بیت بە بەهاترە یا چالاکێکی سیاسی، هونەرمەندێک، یا جوتیارێک، یا کابانێک – بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو ئەم شێوازانە لە ژیان پێویستیان بە بارودۆخێکە کە مافەکانی مرۆڤ پارێزگاریی لێ دەکات. هەندێک لەم بارودۆخانە ئاشکران و جێی مشتومڕ نین: کەس ناتوانێت بە شێوەیەکی شیاو بژی بە بێ ئازادیی بیروڕا، ئازادیی پەیوەندییەکان، شوێن گواستنەوە، بێ خوداردن و شوێنی مانەوەی پێویست، بە بێ هەبوونی چانس بۆ رێکخستنی پەیوەندیی تاکەکەسی و پیشەگەر لەگەڵ کەسانی دیکەدا و هتد. بەڵام ئەو بڕگانەی دیکە کە لە لیستی ستانداردی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، لەناویاندا جاڕنامەی بنەڕەتیی نەتەوە یەکگرتووکان، زیاتر کیشە دروست دەکات. ڕەنگە ئەو مافانە بن کە ئێمە پێمان خۆشە لە کۆمەڵگای خۆماندا جێبەجێ بکرێت، بەتایبەتی ئەگەر کەسێکی لیبراڵ بین، بەڵام ڕەنگە بە لامانەوە سەیر بێت کە ئایا ئەو مافانە بۆ ژیانی مرۆڤ لە هەموو شێوازەکانیدا بەڕاستی بنچینەیین.

   ڕێگە بدەن با سەیری دوو نموونە بکەین: یەکەم، مافی ئازادیی بیروڕا، ویژدان و ئایین، کە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەوندە بە گشتی لێکدانەوەی بۆ کراوە کە بریتی دەبێت لە ئازادیی گۆڕێنی ئایین و ئازادیی ئەنجامدانی رێورەسمی هەر ئایینێک چ لە فەزای گشتی یا خود تایبەتیدا. لەبەر ئەوەی باوەڕی ئایینی و ئەنجامدانی رێورەسمەکانی بەشێکن لە تایبەتمەندیی بەربڵاوی مرۆڤەکان، لەوانەیە هەموومان لەگەڵ ئەوەی کە هەرکەسێک دەبێت بواری عیبادەت  و خوێندنەوەی نوسراوە ئایینیەکانی هەبێت، بەڵام ئایا دەبێت ئەوان مافی ئەوەیان هەبێت کە ئایین و رێورەسمەکانی بە بێ هیچ سنوورێک هەڵبژێرن؟ دەبێت ئەوان مافی ئەوەیان هەبێت خەڵک بەرنە ناو دینەکەیان ( هەوڵدان بۆ گۆرینی ئایینی ئەو خەڵکانەی کە ئایینێکی جیاوازیان هەیە)؟ ئایا پێویستە دەوڵەت بەشێوەیەکی یەکسان لەگەڵ ئایینەکان هەڵسوکەوت بکات یا مافی ئەوەی هەیە کە ئایینێک وەک ئایینی رەسمیی وڵات پەسند بکات؟ لە کۆمەڵگا لیبراڵەکاندا ئەو مافانەی کە باسی دەکەین زۆر بە بەربڵاوی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، کە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بەڵی دەبێت. هێشتا لە هەندێک شوێنی دیکە زۆر کەمتر لەم مافانەش دانی پێدا نراوە، بەڵام قورسە کە بیسەلمێنین لەبەر ئەو هۆیانە ژیانی مرۆڤ لەو کۆمەڵگایانەدا گونجاو نیە.

   دووهەم، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی بەشداریی سیاسیش لە خۆ دەگرێت. ئەو دەڵێت هەموو کەس مافی بەشداری لە حکومەتی وڵاتی خۆیدا هەیە، و بەردەوام دەبێت تا ئەو شوێنەی دەڵێت ئەم مافە پێویستی بە هەڵبژاردنی ڕێک و پێک، مافی دەنگدانی یەکسان و گشتگیر، دەنگدانی نهێنی یا شتێکی هاوشێوەی ئەو هەیە. دووبارە ئەمە مافێکە کە لیبراڵەکان چەپڵەی بۆ لێدەدەن، و هەروەک لە بەشی پێشوتردا بینیمان هۆکاری باش هەیە بۆ ئەوەی بمانەوێت ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە بە شێوەیەکی دیموکراتیک بەرپرسیاریان بکەین بەرانبەر هەموو خەڵک بە گشتی. بەڵام ئەگەر باسی مافی مرۆڤ دەکەین، ئەو پرسیارەی کە دەبێت بیپرسین ئەوەیە، ئایا بەڕاستی مافێکی لەو شێوەیە، بەشێکی بنەرەتی و پێویستی ژیانێکی شیاو بۆ مرۆڤە. کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی بۆ هەزاران ساڵ بە بێ ئەم مافە دیموکراتیکانە بوونیان هەبووە، و هەرچەندە بە ستانداردی ئێمە هەموویان ناکامڵ بوون، بەڵام زۆر قوسە کە بانگەشەی ئەوە بکەین کە بە شێوەیەکی یەکسان هەموویان لە دابین کردنی بارودۆخێکی گونجاو  بۆ ژیانی ئەندامەکان شکستیان هێناوە.

   بە وتەیەکی دیکە، ئێمە پێویستە ئەو مافانەی کە بە شێوەیەکی باو وەک مافەکانی مرۆڤ ناسراون بە سەر دوو جۆردا دابەش بکەین. لیستێکی کورت لە مافەکان هەن،  بە هەندێک دڵنیایییەوە دەتوانین بڵێین، کە جیاواز لەو ژیانە تایبەتە کە کەسەکان بۆ ژیان هەڵیدەبژێرن، پێویستیی بنەڕەتین بۆ ژیانی مرۆڤەکان. ئەگەر ئەم مافانەیان لێ بسەندرێتەوە، ژیانیان دەکەوێتە تەنگ وچەڵەمەوە، گەشە ناکات و  ژیانیان بە گشتی مرۆڤانە نابێت. هەروەها لیستێکی دوور و درێژ لە مافەکانیش هەیە، کە بە بڕوای ئێمە هەموو هاووڵاتییەک مافی خۆیەتی کە لێیان بەهرەمەند بێت، و ئەو مافانە پێوانەیەکن بۆ ناسینەوەی باش بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. هەرچەند لەوانەیە کە بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کێ ئەم لیستەی کۆکردۆتەوە، چەندین نوسخەی لیستی درێژی جیاوازمان هەبێت. ئەو نوسخەی کە کۆمەڵگا لیبراڵەکان بە دڵیانە لەوانەیە جیاواز بێت لەو دانەی کە کۆمەڵگایەک بە پێشینەی کولتووری جیاوازەوە پەسندی دەکات، بۆ نموونە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان یا کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا بە نەریتی کۆنفۆسیوسی یا ترادسیۆنی بووداییەوە. دەتوانین بگەین بەو ئەنجامەی کە ئەو مافانەی لە یەکێک لەو لیستە درێژانەدا هەن، لە لیستە بچوکەکەدا نین، ئەگەر بمانەوێت وردبین بین، نابێت ناویان بنێین مافەکانی مرۆڤ. کاتێک شوڕشگێرە فەرانسییەکان لە ساڵی 1789 دا، بەیاننامەکەی خۆیان دادەڕشت ناویان نا جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتی. ئەگەر بمانەوێت ئەوان بە نموونە وەربگرین، دەتوانین ئەو مافانە ناو بنێین مافەکانی هاووڵاتی کە لە لیستە دریژەکەدا هاتوون، مەبەستمان لەوە ئەوەیە کە ئەو مافانە پێویستە لە کۆمەڵگای سیاسیی ئێمەدا وەک پارێزگاری سەرەتایی لە مافی تاکەکەس دانی پێدا بنرێت – لە کاتێکدا لە کۆمەڵگاکانی دیکەدا کۆمەڵێک مافی جیاوازتر هەن، کە لەگەڵ مافەکانی ئێمەدا لەیەک ئەچن، بەڵام دەقاودەق نین، ئەوانە زاڵن.

   من ئەم بەشەم بە خستنەرووی ئەو بیرۆکەیە دەست پێکرد کە روبەرێک لە ئازادیی تاکەکەسی هەیە کە حکومەت لە هیچ بارودۆخێکدا بۆی نییە دەستێوەردانی بکات، بە قووڵی  لە کۆمەڵگا لیبڕاڵەکاندا رەگی داکوتاوە. ئەوەی کە ئێمە گەیشتین بەوەی کە ئەم بیرۆکەیە تا رادەیەک کێشەی هەیە. کاتێک دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە لەوەی بەڕاستی ئازادی مانای چیە، بینیمان کە لە زۆربەی کەیسەکاندا ئازادی بە بێ چالاکی بەسودی حکومەت، بۆ دابین کردنی سەرچاوەکان بۆ بە کراوە هێشتنەوەی بژاردەکان، رەخساندنی بارودۆخێک کە خەڵک بتوانن هەڵبژاردنێکی ئازاد و بەئاگایانەیان هەبێت، نایەتە دی. هەروەها زانیمان ڕێگایەکی ئاسانمان بۆ پێناسە کردنی بازنەی هەڵسوکەوتی”خۆ بۆ خۆ” کە هیچ پەیوەندی بە کەسی دیکەوە نیە جگە لەو کەسەی ئەنجامی دەدات، نەبوو. و دواجار زانیمان کە بەکارهێنانی مافەکانی مرۆڤ وەک ڕێگایەک بۆ دانانی پێوانەیەکی رەها کە حکومەت پێویستە چاودێریی بکات، کاتێک دەتوانرێت کاری پێ بکرێت کە لیستی مافەکانی مرۆڤ کورت و بناخەیی بێت. لیستە دڕێژەکەی مافەکانی هاووڵاتی بە شێوەیەکی رێ پێ دراو لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە دەگۆڕێت، ئەمەش مانای وایە کە بابەتێکی راست و گونجاوە بۆ گفتوگۆی سیاسی. ئەو مافانەی کە سەردەمێک وادیار بوو کە جەوهەرین، لەوانەیە دواتر دەرکەوێت کە بۆ کۆمەڵگا زیانبەخشن (دامەزرێنەرانی ئەمەریکا دەیانویست دڵنیا ببنەوە کە هاووڵاتیی چەکدار بەردەوام دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ  پاراستنی وڵات، بۆیە لە دووهەم هەموارکردنەوەی دەستوردا مافی هەڵگرتنی چەکیان بە هەموو هاوڵاتیەکی ئەمریکی داوە- مافێک کە ئەمڕۆ لە بەردەم یاسادانەراندا بۆ دانانی سیاسەتێکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵ کردنی بڵاوبوونەوەی چەکی بچووک رێگرە).

   لەبەر ئەوە ئازادی بەهایەکی سیاسیی زۆر گرنگە، بەڵام ئەوەندە گرنگیش نا کە سنووری قورس و رەها بۆ کاروباری دەسەڵاتی سیاسی دابنێت. لە دیموکراسیدا پرسیارەکان بە تایبەتی سەبارەت بە بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ گەشەی ئازادی، سەبارەت بە ئازادی و بەرپرسیارەتیی کۆمەڵایەتی و ئەو مافانەی کە هەموو هاووڵاتیان دەبێت سودی لێ ببینن، بە کراوەیی تاوتوێ دەکرێت، و بۆ وڵام دانەوەی ئەو پرسیارانەش خەڵک پشت بە کۆمەڵێک بنەمای جیاواز- بە یەکسانی، بە دادپەروەری، بە چاکەی گشتی، بە رێزگرتن لە سروشت، بە پاراستنی کولتوور و هتد، دەبەستن. بە بەردەوامیی ئەم گفتوگۆیە چەند ئازادییەک هەڵدەبژێردرێن و وەک مافی بنەڕەتی رێزیان لێ دەگیرێت. هەروا کە ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام دەبن، ڕەنگە لە نوسینەوەی دەستوردا، کۆمەڵێک ئازادی هەڵدەبژێردرێن و پیرۆز بکرێن وەک مافە بناخەیییەکان، بەڵام ئەمە هەرگیز دوایین قسە نیە: هەروا کە کۆمەڵگاکان دەگۆڕێن، پێداویستیی نوێ و کێشەی نوێ سەرهەڵدەدەن، بە هەمان شێوە شکڵی ئازادییش دەگۆڕێت. کێ دەیتوانی 20 ساڵ لەمەوبەر خەیاڵی ئەوە بکات کە دەست ڕاگەیشتن بە ئەنتەرنێت، چاودێریی ئەلەکتڕۆنی و خاوەنداریەتیی جین، ئاوا بە زوویی ناوەندی سەرەکیی گفتوگۆی ئازادیی تاکەکەسی داگیر بکات؟ کێ دەتوانێت پێشبینیی ئەوە بکات کە لە 20 ساڵی داهاتودا چ بابەتێکی نوێ شوێنی ئەوان دەگرێتەوە؟

پەراوێزەکان

[1] بە باوەڕی بێرلین، ئازادیی ئەرێنی مانای ئەوەیە تاک بۆخۆی ئازادیی هەبێت کە لە ڕووی عەقڵەوە بڕیار بدات و ئەم بڕیاردانە گرێدراوی هیچ هێزێکی دەرەکی نەبێت. واتە تاک دەیەوێ بڕیاری کۆتایی بۆ ژیانی خۆی تەنیا لە لایەن خۆیەوە بێت و تەنیا تاک بۆخۆیەتی کە شێوازی ژیانی دڵخواز هەڵدەبژێرێت. بێرڵین پێیوایە ئەم مانایە لە کۆمەڵگا داخراوەکاندا باوە و هەر بۆیە بەرگری لە چەمکی ئازادیی نەرێنی وەک بنەمایەک بۆ لیبڕالیسم دەکات. لەم مانایەدا ئازادیی نەرێنی بریتییە لەوەی کە تاک لە هەرێمی تایبەتی خۆیدا ئازادە ئەو کارەی کە دەیەوێ بیکات بێ‌ئەوەی کەسانی تر بتوانن ڕێگریی لێ بکەن، لەمپەری بۆ ساز کەن و نەهێڵن. واتە مرۆڤ “ئازادە لە” هەر جۆرە دەستێوەردان، هەڕەشە و سنوورێک کە لایەنێکی دیکە بۆی ساز دەکات. (وەرگێڕ)

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان