ئارامتر بخوێنەوە!

ئاسمانی بێ ڕەگەز، ئاسمانێکی ئازادە!

شەهرام ڕەسووڵ

هەمووان دەربارەی گرفتەكانی ژن و كێشەی فێمێنیزم ئاگادارین. بابەتەكانی ئەم بزووتنەوەیە فرە ڕەنگ و جۆراوجۆرن. خۆیان لە سیاسەت و زمان و پێگە و ئازادی و چی و چی تردا دەبیننەوە بەڵام ئاخۆ بە دیاریكراوی ئەم كێشەیە چییە؟ كێشەی ژن، یان مێیینە، یا ئەوەی لەم درەنگانەدا قەوارەی بزووتنەوەی وەرگرت و ناوی لێ نرا بزووتنەوەی فێمێنیزم، چییە؟ ئایا تەنها كێشەیەك یا دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە؟ ئایا گرفتەكانی ژن، لە نێوان ژن و ژنە؟ لە نێوان ژن و پیاوە؟ یان چی؟ ئایا ئەم گرفتە لەسەر بنەمای جیاوازییە دەروونییەكان دروست بووە؟ یا گرفتەكە جیاوازییە دەروونیەكانی لە نێوان ژن و پیاودا دروست كردووە؟ ڕیشەی كێشەكە دەگەڕێتەوە بۆ چی و بۆ كوێ؟ ئابووری و كار؟ بەهێزیی جەستەی پیاو؟ یان دڕندەییی سروشت بەرامبەر بە مێیینە؟ ئەوەی پیاو لە دژی ژن دەیكات، لە كوێوە هێناویەتی؟ هەڵكشان و داکشانەكانی پێگەی ژن لە ناو كۆمەڵگا لەم سەر زەوییە لە كوێوە هاتووە؟ بۆچی جارێ سەنەمە و جارێ تابۆ؟ جارێ حاکمە و جارێ مەحکوم؟
بێگومان حاشا لەوە ناکرێت کە ئەم کێشەیە پێیەکی لە ناو کایەی مەعریفەی سۆسیۆلۆژیدایە و پێیەکی دیکەشی لە ناو ئێپیستمۆلۆژیا. چۆنیەتیی بیرکردنەوەت لە جیهان و چۆنیەتیی بیرکردنەوەشتە لە خۆت و لە ئەوی تریش. لەم وتارەدا من دەمەوێت دەست بۆ بابەتێک ببەم کە بە بڕوای من کەم تا زۆر خوێنەری ئێمە لەم بارەیەوە بیری نەکردووەتەوە یا سەرنجی نەخستووەتە سەر، ئەویش پەیوەندیی ژن بە ئاسمانەوەوە. یان بە واتایەکی تر، تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ ئاسمان و دواتریش ڕەنگدانەوەی ئەم تێگەیشتنە بۆ ئەدای مرۆڤ لە ژیانیدا، لەپەیوەندییەکانیدا، لە دەروونی و لە خەیاڵدانیدا. خۆ کەمیش نین ئەوانەی لە دژی ئەمەن. ئەوانەی پێیان وایە بە پێچەوانەوە مرۆڤ ستراکتەرەکانی خۆی لە ئاسمانەوە نەهێناوەتە خوارەوە و خۆی و تێگەیشتنی خۆی لەسەر ئەو تێڕوانینە ئاسمانیانە بونیاد نەناوە، بەڵکوو ئاسمانی لەسەر زەوی و لەسەر نەزمە دونیایییەکان ڕام کردووە. وڵامە ڕاستییەکە هەر کامێکیان بێت، هیچ لە دووسەرەییی بابەتەکە ناگۆڕێت. هیچ لەوە ناگۆڕێت کە لە نێوان ژن و ئاسماندا و یاخود لە نێوان ئاسمان و ژندا، پەیوەندییەکی نەپساوە هەیە و کێشەکانی ژن و پێشکەوتنەکانی بزووتنەوەی فێمێنیزمیش، لەو پەیوەندییەدا بوونیان هەیە و ئێمە هەوڵ دەدەین چەند دیمەنێك یان چەند ئێپیستمێکی مەعریفی لەو ڕۆڵە باس بکەین و بیگوازینەوە و شرۆڤەی بکەین.
بێگومان بێ ئاوڕدانەوە لە چەمکەکانی وەك ئێپیستمە مەعریفییەکان و ئێپیستمۆلۆژیا و دابڕانی ئێپیستمۆلۆژیا، سەخت دەبێت بەو باسەدا تێپەرین. (بەلام ئێرە شوێنی باس کردنی ئەم چەمکانە نییە و هیوادارم خوێنەر بتوانێت خۆی بەدوایاندا بچێت تا باشتر بە مەبەستی وتارەکە ئاشنا ببێت) ئەوە ناشاردرێتەوە کە مێژووی ئێمە (ئێمە وەک کۆی زەمین نشینەکان) چەندین قۆناغی شارستانی و مەعریفیی لە یەکتر جیاوازی تێپەراندووە و چەندانی لە خۆی دابڕاندووە. ئایا ئەم دابڕانانە دابڕانی خێرا و کتوپڕ بوون یاخود ناڕاستەوخۆ و هێواش هێواش، سیستەمە مەعریفییەکانی ئێمە لە شێوە و فۆڕمێکەوە بووە بە شێوە و فۆڕمێکی تر؟ ئەمە خۆی کێشەیەکە کە تا ئێستا مشتومڕ لە نێوان بیریارانی ئەو بابەتەدا هەیە، بەڵام هیچ نکۆڵی لەوە ناکرێت ئەم دابڕانانە چ هێواش بن چ خێڕا، ڕوویانداوە و ئێپیستمەی جیهانی ئەمڕۆی ئێمە لەگەڵ هی هەزاران ساڵ پێش ئێستای ئێمە جیاوازە. ئەم جیاوازییە لە کۆی کایەکانە و لە کۆی ڕەهەندەکانە، بێگومان ژنیش وەک سەرەکیترین دانەی ناو ئەو ئێپیستمانە گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە و لە شوێنێک نەوەستاوە و بە بەرزی و نزمی خۆیدا ڕۆیشتووە. فاکتەری ئەو دابڕانە ئێپیستمانەش یەک و دووان و سیان نین و هەر توێژەر و بیریارێك، کۆمەڵێ فاکتەر دیاری دەکات، هەیانە ماددە، هەیانە ئایدیا، هەیانە سروشت و گۆڕانکارییەکانی سروشت و هەشیانە لەو باوەڕەدایە کە ئێمە ناتوانین دابڕانە ئێپیستمۆلۆژییەکان دیاری بکەین و لەبارەیانەوە بدوێین! ئێمە لە بەشی خۆمان هیچ کام لە زانستەکان و لە لقەکانی فەلسەفە وەک مێتافیزیکا و زانست یان ماددە و ئایدیا دیاری ناکەین، بەڵکوو ئاسمان وەک یەکێک لە سەرەکیترین فاکتەرەکان دیاری دەکەین. ئاسمانێک کە دیار نییە، ماددەیە یا تەنها ئایدیایە، پێمان وایە ئاسمان و تێڕوانینی ئێمەی مرۆڤ بۆ ئاسمان لە بارەی دابڕانە ئێپیستمۆلۆژییەکانەوە گرنگترین لێکەوتەیان هەیە و لە ناویشیدا لەگەڵ ئەو جۆرە پەیوەندییە و ئێپیستمەیە، کیشەی ژنیش گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە و دوا یا پیش کەوتووە.
ئەوە بۆ هەمو لایەک ڕوونە کە لە ئێپیستمە سەرەتایییەکان و لە سەرەتای مێژوو یا پیش مێژوو، ژن و باڵا دەستیی ژن، باڵی بەسەر شارستانی و ئابووری و خێزاندا کیشابوو. تەنانەت ژن جەنگ و ئاشتیی بەرپا دەکرد و زایندە و ژینەریش هەر خۆی بوو. ئەمەش لەو تێڕوانینەوە دەهات کە ژن و پیاو لە سیستەمە مەعریفییەکەی ئەوکات بۆ ئاسمان هەیانبوو. ئاسمانێک کە تێیدا چەندەها خوداوەند هەن، خوداوەندانێک کە ژن تێیاندا پشکی شێری بەرکەوتبوو و ئەو خۆی بەڕێوەبەری باران و جوانی، ئاو و دەریا، با و چاندن بوو. بە خەیاڵی ئەوان ئاسمان هیچ نەبوو جگە لە شوێنێک بۆ ئەوەی خوداوەندە خانمەکان تێیدا بدرەوشێنەوە و دەست بە سەر دونیاد بگرن! هەر لەمەشەوەیە دەبینی خوداوەندی دایک، وەک یەکەمین سەنەم لەسەر زەمین، وەک نوێنەری ئاسمان دەست دەگرێت بەسەر هەموواندا و هەمووان لەبەر دەمی ملکەچن و داوا و پاڕانەوە و نزای هەمووان، هەر بۆ دایک و بۆ ژن خۆی بوو!
ئەی چی بوو ئیتر ئەم سەنەمە شکا؟ ئیتر ئەم بتە ئاوا بوو؟ بێگومان دابڕانێکی ئێپیستمی بەسەر تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئاسماندا دێت. ئیتر ئاسمان شوێنێك نامێنێت بۆ باڵادەستیی ژن. لە دوای ئەوەی ئایینە یەکتاپەرەستەکان دەست بەسەر تێڕوانینی ئێمە بۆ ئاسماندا دەگرن و ئیتر ئاسمان دەبێت بە نیشتیمانی تاکە خودایەک کە کەس نازانێ ڕەگەزی چییە و سەرجەم باڵوێزەکانی لەم سەر زمینە پیاو و نێرینەن. خۆ ئەگەر خودا ڕەگەزیشی هەبێت بە دڵنیایییەوە مێیینە نییە! خودایەک کە چی نوێنەری هەیە، چی نێردراوی هەیە، هەر یەکێک کە پەیوەندیی لەگەڵ هەیە و لە لای ئەوەوە دێت و دەچێت، نێرە. ئاسمانەکان بە دروستکراوە نێرینەکانی ئەو داپۆشراون. خودایەک کە یەکەم مێیینە لە یەکەم نێرینە دروست دەکات، ئیتر ئەو ئاسمانە نامێنێت کە ژن تێیدا باڵادەست بوو و ئاسمان لە ژێر دەستی ژن دەردەهێندرێت و دوای ئەمەش زەمین! ئیتر ژن دەبێت بە تەکنەلۆژیایەک، بە کەرەستەیەک، بە کەلوپەلێک کە بۆ سایە و پێویستیی پیاو هەیە و لەو پێناوەدا، ژن ئابووری و سیاسەت و ئیدارە و چی و چی لێ وەردەگیرێتەوە و جگە لە کێڵگەیەک کە لە لایەن پیاوەوە خاوەنداری دەکرێت، هیچی تری لێ نامێنێتەوە!
ئەم ئێپیستمەیە، ئەم باڵادەستیی پیاوە، بەردەوام دەبێت. دووبارە ئەم ئاسمانە دەڕوخێت و ئاسمانێکی تر جێگەی دەگرێتەوە. بەڵام ئاسمانێک کە چۆڵە و ئیتر بۆشایییە. ئاسمانێک کە نە نێر نە مێ، نە خودا نە نێردراوەکانی خودای لێ نییە. ئیتر ئەو ئاسمانە، لە بۆشایییەکی گەورە زیاتر، هیچی تر نییە. ئەم مەعریفەیە لەسەر زانست هەڵدەچنرێت و ئیتر دابڕانێک لە خۆی و ئێپیستمەکانی پێش خۆی دروست دەکات. ئێپیستمەیەک کە ئیتر لە بەرانبەریدا ژن و پیاو دەبێت وەک یەکتری بن. ئێپیستمەیەک تێدا نە پیاو سەنتەرە و نە ژن، نە زەوی و نە ئاسمان. ئیتر ئاسمان وەک سەنتەرێک نامێنێتەوە، ئیتر زەوی و خۆر سەنتەری هیچ شتێک نین. ئەی بۆ پیاو سەنتەر بێت و ژنیش مانگی بێت؟
ئەم تێڕوانینە بۆ ئاسمان تێڕوانینێکی نوێیە و لەوێوە دووبارە ژن ئازاد دەبێتەوە و ئەمیش لە دوای پیاو بە دوو ساڵ گەشت دەکات بۆ ئاسمان. بۆ نیشتمانەکەی خۆی و لەوێوە ئیتر لە دونیادا کێشەکانی ژن دەتەقنەوە و بزووتنەوەکانی فێمێنیزم لە سەرانسەری دونیادا داوای مافەکانی ژن دەکەن و لە پێناویدا دەجەنگن و ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتی پیاو دێننە خوارەوە و هی خۆیان دەبەنە پێشەوە. ئیتر دەردەکەوێت کە کێشەی ژن بەتەنها لەگەڵ پیاودا نەبووە، لەگەڵ کاردا نەبووە، لەگەڵ بەهیزی و لاوازیدا نەبووە، بەڵکوو بابەتەکە لەوە ئاڵۆزترە و تەنانەت ژن خۆشی لە گەڵ ژن کێشەی هەیە و هەبووە. لە ناو ئێپیستمە یەک لە دوای یەکەکانی تردا، ژن خۆشی باوەڕی بەو چیرۆکانە کردبوو و دەستبەرداری ئەو ئاسمانە بووبوو و لێشی بێ هیوا بووبوو. تا ئەوەی ئیتر خۆی چوو دڵنیابۆوە لەوەی ئاسمان بە تەنها هی پیاوەکان نییە، بەڵکوو هی کەس نییە، تەنانەت ژن ئێستاش لەگەڵ ئەو ژنانەدا کێشەی هەیە کە باوەڕیان بە بێلایەنیی ئاسمان نەکردووە. بێگومان ئەم تێڕوانین و پارادایمانە، ئەم ئێپیستمە و سەردەمانە، بێ کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان نابن، بەڵام بە بڕوای ئێمە ئەمە سەرچاوەی کێشەکان نین، بەڵکوو لێکەوتەکانی ئێپیستمە و تێڕوانینەکان بۆ ئاسمانن کە ژن لە زاتێکی سەنەمەوە دەگۆڕن بۆ تابۆیەک و هەر ئەوەشە ئیتر ژن لە دەست پیرۆزی و نەفرەت دەردەهێنێت و ئازادی دەکات و شەڕ بۆ ئازادیی خۆی دەکات. بەڵام شەڕێک کە ئیتر ئاسمانێک لەو نێوەندەدا لە ئارادا نییە. شەڕێک کە ئیتر بووە بە شەڕی ئەو دیدە نەریتییانەی بۆ ئاسمان هەن. شەڕێک لە دژی ئەو پێگەیەی کە ئێستا پیاو هەیەتی و نایهەویت وا بە ئاسانی دەستبەرداری بێت. شەڕێک کە ئاسمان یەکلایی نەکاتەوە، شەڕێکی دوور و درێژ دەبێت؛ شەڕێکی یەکلاکەرەوە نابێت !

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان