ئارامتر بخوێنەوە!

ئانارشیی نێوخۆیی و پێویستیی ئامادەبوونی هێزی پێشمەرگە

د. محەمەد حسەین زادە

ئاماژە

“لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم جەخت لەسەر پێویستیی ئامادەبوونی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەندێ لە هۆکارەکانی ئەو پێویستییە بکەمەوە. تەنانەت ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا و بە هۆی خوێندنەوەی بارودۆخی ناوچە و دۆخی ئێران و هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکیی ئەوتۆی نەبێ، بەڵام پێویستە بەردەوام ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەکانی داهاتوو. بۆیە هەوڵ دەدەم گرنگیی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ساتی سەرهەڵدانی ئانارشی و دیلێمای ئەمنییەتی لە داهاتوودا ڕوون بکەمەوە.”

پێشەکی

زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بگۆترێت کە هیچ هێزێک بە ڕادەی پێشمەرگە لە سەر ڕەوتی خەبات و مێژووی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی کوردستان، کاریگەریی دانەناوە. ئاشکرایە کە ژی و مانەوەی نەتەوەیی (National Survival) گرنگترین و سەرەکیترین ئامانجی هەموو نەتەوەکانە لە جیهاندا و هەر بۆیە هەموو نەتەوەکان بە تایبەت نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان، هەوڵیان داوە لە ڕێگای دامەزراندنی هێزی ئەرتەش و سوپای نەتەوەییی خۆیانەوە، ئەمنییەت و مانەوەی خۆیان دابین بکەن. لەو نێوەدا، نەتەوەی کورد، وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت، جگە لە هێزی پێشمەرگە، هیچ هێز و کەرەسەیەکی بۆ پاراستنی خۆی نەبووە. لە ڕاستیدا ئەوە هێزی پێشمەرگە بووە کە لە کوردستانی داگیرکراو و دابەشکراودا، بەردەوام لە بەرانبەر سیاسەتی داگیرکەرانە، حاشالێکەرانە و تەفروتووناکەرانەی دەوڵەتە داگیرکەرە جیاوازەکاندا وەستاوەتەوە و هێچ کات نەیهێشتووە کە دۆژمنان، سیاسەتە دژە کوردییەکانی خۆیان لە کوردستان، بە ئاسانی و یان لانیکەم بە بێ دانی تێچووی زۆر ئەنجام بدەن. پێشمەرگە هەرچەندە لە ڕووی چەکوچۆڵ و هێزی مادییەوە هێزێکی هاوسەنگی لەگەڵ دۆژمندا نەبووە، بەڵام بە ئازایەتی و بوێری و دلێرییەکانی خۆی، بووەتە هۆی مانەوە و دابین کردنی ئەمنییەتی نەتەوەکەی.

سەرەڕای ئەوە، لەم ساڵانەی دواییدا ویرەویرێک سەبارەت بە کوتاییهاتنی پێویستیی پێشمەرگە بیستراوە. ئەگەر چاو لەوانە داپۆشین کە بە ئەنقەست و لە ناوەندە پیلانداڕێژییەکانی داگیرکەرانەوە خەڵک لە هێزی پێشمەرگە بێ هیوا دەکەن، باقی ڕەخنەگرانی هێزی پێشمەرگە، بە تایبەت پەنایان بردووەتە بەر سێ بیانوو و پاساوی نەگونجاو. یەکەم، هەندێ ساویلکە، بڕوایان وایە کە بنەما و بنچینەی سیاسەت کردن و سیاسەتی کردەوەیی لە جیهان و ناوچەدا گۆڕانکارییەکی بنچینەییی بە خۆیەوە بینیوە و بەم ­گریمانەوە، لەسەر ئەو بڕوایەن کە سیاسەتی گفتوگۆ-تەوەر دەبێت جێگای سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەردا بگرێتەوە. دەستەی دوویەم، مەسەلەی نەبوونی هاوسەنگیی هێز لە نێوان پێشمەرگە و سوپای دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا زەق دەکەنەوە و دەڵێن کە هێزی پێشمەرگە ناتوانێت هیچ قازانجێکی لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا هەبێت. تاقمێکی دیکەیش بە هۆی دڵساردی و ناهۆمێدی لەو سیاسەتە ناسەرکەوتووانەی کە هەندێک لە حیزبەکان گرتوویانەتە بەر و نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانیان، تاوانی ئەو سەرنەکەوتنە دەخەنە ئەستۆی پێشمەرگە و باسی ناکارامەییی ئەو هێزە لە ڕابردوودا دەکەن.

بەڵام هیچ کام لەو بیانوو و پاساوانە گونجاو و دروست نین. ئەوانەی کە باسی گۆڕانێکی قووڵ و جددی لە چییەتی و ناوەڕۆکی سیاسەت و شێوازی سیاسەت کردندا دەکەن، ڕوونی ناکەنەوە کە چ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەردا هاتووەتە ئاراوە و وڵام نادەنەوە کە بۆچی ئەو دەوڵەتانە هەر وەک پێشوو، هەوڵی چەوساندنەوە و پاکتاو کردنی نەتەوەی کورد دەدەن. ناڵێن ئەگەر لە ڕابردوودا خەباتی پێشمەرگە پێویست و ڕەوا بووە، ئێستا بۆچی ئەو پێویستییە نەماوە؟ ئەوانەیش کە باسی ناهاوسەنگیی هێز دەکەن، بە حەقێقەت، تێ­نەگەیشتوون کە لە بنەڕەتدا گرفتی سەرەکیی ئێمە نەبوونی هاوسەنگی بووە و ئەگەر کورد هاوسەنگیی هێزی لەگەڵ داگیرکەران هەبوایەت، لە بنەڕەتدا خاک و نیشتمانیان داگیر نەدەکرا. ئەوانەش کە پێشمەرگە بە تەواوەتی بە ناسەرکەوتوو دەزانن و دڵسارد و ناهۆمێدن لە هێزی پێشمەرگە، دان بەو حەقێقەتەدا نانێن کە مانەوەی ئێستامان، بەرهەمی بەخت کردنی گیان و لەخۆبردوویی هێزی پێشمەرگە بووە. هیچ کام لەو ڕەخنەگرانە وڵامێکی ڕوون بەم پرسیارە نادەنەوە کە ئەگەر هێزی پێشمەرگە لە باشوور و گەریلا لە ڕۆژئاوای کوردستان نەبوایەت، ئایا بەدەستهێنانی ئەم ڕادەیە لە سەربەخۆیی مومکین دەبوو؟ هەروەها کێشەیەکی گەورەتر و هاوبەشی هەموو ئەو بێ­بڕوایانە (بە هێزی پێشمەرگە) ئەوەیە کە تا ئێستا نەیانتوانیوە هێزێکی باشتر لە پێشمەرگە بناسێنن و هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ ئەو هێزە نەتەوەیی و نیشتمانییە نیە کە کارامەییی خۆی لە ڕەوتی خەباتی کوردستاندا، سەلماندووە.

نەک هەر پێشمەرگە بووە کە لە ڕابردوودا مانەوەی نەتەوەییی دەستەبەر و مسۆگەر کردووە، بەڵکوو لە داهاتوویشدا ئەگەر دۆخی سیاسەت کردن هەر دۆخی جاران (و ئێستا) بێت، دووبارە تەنیا هیوا و هۆمێدی کورد بۆ مسۆگەر کردنی مانەوە و ئەمنییەتی خۆی، هێزی پێشمەرگە دەبێت. لانیکەم ئەزموونەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە دوو بەشی کوردستان- باشوور و ڕۆژئاوا- نیشاندەری ئەوەیە کە لە کاتی سەرهەڵدانی مەترسی و هەڕەشەکان لە لایەن دەوڵەتانی ناوەندی و گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا بۆ سەر نەتەوەی کورد، هێزی پێشەنگی بەرگریکاری نەتەوەیی، هەر پێشمەرگە بووە. دیارە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و نابێت. حاشاهەڵنەگرە کە هەم دەوڵەتی داگیرکەر و هەم هەندێ لە لایەنەکانی دیکە لە ئێراندا وەک دۆژمن دەڕواننە کورد و هیچ پێداچوونەوەیەک لە تێڕوانینی ئەوان بە نیسبەت نەتەوەی کورد ڕووی نەداوە و ئەگەر هەلێکیان بۆ هەڵکەوێت و دەرفەت بە گونجاو بزانن، وەک قۆناغەکانی پێشو پەلاماری نەتەوەی کورد دەدەن. کەوابوو، نەتەوەی کورد دەبێت بەردەوام ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داهاتوو بێت و لەو نێوەدا پێشمەرگە گرنگترین ڕۆڵ دەگێڕێت.

 ئەم نووسراوەیە، هەوڵێکە بۆ وڵام دانەوەی ئەو پرسیارە کە پێویستیی ئامادەبوونی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتدا چییە؟ گریمانەی سەرەتاییی من ئەوەیە کە لەبەر ئەوەی کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی- ئەمنییەتی جددی و بە تایبەت لاوازیی دەوڵەتی ناوەندی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئانارشی و دیلێمای ئەمنییەتی ناوخۆیی و لە ئاوا حاڵەتێکدا نەتەوەی کورد جگە لە پشت بەستن بە هێزی پێشمەرگە هیچ هیوایەکی بە مانەوەی خۆی نییە، هەر بۆیە هێزگرتن و ئامادەییی پێشمەرگە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

کەوابوو، لە درێژەدی ئەم بابەتەدا، پاش ئاماژەیەکی کورت بۆ ئانارشی و دەرئەنجامەکانی، گرنگی و ڕۆڵی سەرەکیی پێشمەرگە لە ساتی سەرهەڵدانی ئانارشیی نێوخۆیی و دیلێمای ئەمنییەتیدا ڕوون دەکەمەوە و  بە ناساندنی “ڕاسان” وەک نموونەی سیاسەتێکی گونجاو بۆ ئەو قۆناغە مەترسیدارە، کۆبەند و دەرەنجامی باسەکە پێشکەش دەکەم.

ئانارشی نێودەوڵەتی

ئانارشی (Anarchy)، تایبەتەمەندیی سەرەکیی سیستەمی نێودەوڵەتییە (Inter-state system). ئانارشی بە مانای بێسەرەوبەرەیی و پاشاگەردانی یان بێ­ نەزمی نییە، بەڵکوو خۆی جۆرە نەزمێکە و مانای ئەوەیە کە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەسەڵات یان دەوڵەتێکی ناوەندی لە سەرەوەی دەوڵەتەکاندا بوونی نییە و سیستەم، سیستەمێکی پلە­بەندی (Hierarchic) نیە و دەوڵەتەکان لانیکەم لە ڕووی تێوری (و یاساییەوە) پێکەوە بەرابەر و هاوسەنگن. بە واتایەکی دیکە، هەموو دەوڵەتەکان خاوەن دەسەڵات و سەربەخۆن (تەنیا خاڵی جیاکەرەوەی دەوڵەتەکان، ئاستی هێز و توانایانە). ئەو تایبەتەمەندییە تا ڕادەیەک پاوەجێ و هەتاهەتایییە و دەوڵەتەکان ناتوانن لێی دەرباز بن(١). سەرچاوەی زۆربەی ململانێ و شەڕەکان لە سیستەمی نێونەتەوەیی(International system)دا، دەگەڕێتەوە بۆ ئانارشی. دەوڵەتەکان لە دۆخی ئاراشیکدا دەبێت بەشوێن ئەمنییەتی خۆیانەوە بن، لەبەر ئەوەی کە هیچ دەوڵەت یان ناوەندێک نییە کە لە ئەگەری پەلامار و هێرشی لایەنێکی دیکەدا، ئەمنییەتیان بپارێزێت.

لەوانەیە دەوڵەتەکان بە مەبەستی پاراستنی خۆیان و دابین کردنی ئاسایش و ئەمنییەتیان، هەندێ هەنگاو هەڵبگرن و سیاسەتگەلێکی تایبەت بگرنە بەر. بەڵام ئاکام و دەرئەنجامی ئەو هەنگاو و سیاسەتە تاکلایەنانە، کێبەرکێی چەکوچۆڵ (Arms races) و سەرهەڵدانی هاوپەیمانییەتییەکانە و لە ئاکامدا ئەو دۆخە بە سەرهەڵدانی دیلێمای ئەمنییەتی (یان تەگەرەی ئەمنییەتی یان تەنگەژەی ئەمنییەتی) (Security dilemma) توندتر و مەترسیدارتر دەبێتەوە و ئەگەری پێکدادان و شەڕ لە نێوان دەوڵەتەکاندا زیاد دەبێت. ئەوە مانای وایە کە ئەو ئامراز و کەرەسانەی کە ئەمنییەتی لایەنێک دابین دەکەن، دەبنە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی لایەن یان لایەنەکانی دیکە. کەوابوو، تەنانەت ئەو دەوڵەتەی کە بە مەبەستی بەرگری کردن لە خۆ، چەکوچۆڵ کۆ دەکاتەوە، ڕووبەڕووی وڵامی هاوشێوەی لایەنەکانی دیکە دەبێتەوە. هەر بەو شێوەیە، هاوپەیمانییەتییەک کە بە مەبەستی دابین کردنی ئاسایشی ئەندامەکانی، دەست دەداتە بەهێز کردنی خۆی، بەستێنی نیگەرانیی هاوپەیمانییەتییەکانی دیکە ساز دەکات(٢).

لە ئاوا جیهانێکدا، دەوڵەتەکان پەیجووی مانەوەی خۆیانن و خۆخواز(Itself-Interested)ن. واتا ئەو دەوڵەتانە لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتری و لەژێر کاریگەریی سیستەمی ئانارشیکدا کردەوەی هاوشێوە لە خۆ دەنوێنن و هەموویان بە مەبەستی دابین کردنی ئەمنییەتی خۆیان، لە ڕێگای ستراتێژیی هاوسەنگیی دەرەکی (External balance) (بۆ نموونە هاوپەیمانییەتی) یان هاوسەنگیی ناوخۆیی (Internal balance) ( سیاسەی خۆیارمەتی/Self-helping) هێزەوە، هاوکێشی و هاوسەنگیی خۆیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا دەپارێزن. زۆرجاریش ئەمنییەت بە پێی توانای سەربازی پێناسە دەکرێت(3).

ئاماژەمان بەو خاڵە گرنگە کرد کە تەنانەت ئەگەر لایەنێک تەنیا بە مەبەستی دابین کردنی ئەمنییەتی خۆی، خۆی پڕچەک بکات، لایەنەکانی دیکە هەست بە نائەمنی دەکەن و هەڵوێستی هاوشێوە لە خۆ دەنوێنن. جۆن هێرتز (John H.Herz) کە بۆ یەکەم جار باسی دیلێمای ئەمنییەتیی کرد، بڕوای وابوو کە هەست کردن بە نائەمنی، دەرئەنجام و ئاکامی دڵەڕاوکێ و ترس و بەدگومانیی دوولایەنەیە و هەر ئەوەش دەوڵەتەکان ناچار دەکات کە بۆ وەدەستهێنانی هێزی زیاتر، بە مەبەستی دابین کردنی ئەمنییەت، لەگەڵ یەکتریدا کێبەرکێ و ململانێ بکەن. دەوڵەتەکانی دیکە لەوە دڵنیا نین کە ئەو هێزە لە دژی ئەوان کۆ نەکرێتەوە و هەر بۆیە ئەوانیش بە پڕجەک کردن و بەهێز کردنی خۆیان، بەرپرچ و وڵام دەدەنەوە(٤). بە حەقێقەت، دەوڵەتەکان لە بەرانبەر پەلاماردان، شکستخواردن، کەوتنە ژێر ڕکێف یان تەفرووتوونابوون لە لایەن دەوڵەتانی دیکەوە، نیگەرانی ئەمنییەتی خۆیانن؛ هەر بۆیە هان دەدرێن بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە، هێزی زیاتر کۆ بکەنەوە. ئەمەش هەمدیسان لایەنەکانی دیکە نیگەران دەکاتەوە و کەوابوو هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەواوەتی هەست بە ئەمنییەت و ئاسایش بکات و هەر بۆیە کێبەرکێ بۆ کۆ کردنەوەی چەکوچۆڵ و زیاد کردن و کەڵەکە کردنی هێز بەردەوام دەبێت و دیلێمای ئەمنییەتی توندتر دەبێتەوە. کەوابوو، دەبێت بڵێین کە بنچینەی دیلێمای ئەمنییەتی، بەدگومانی و ترسی وڵاتانە لە یەکتری و ئەو ترسەش هەتاهەتایییە و هیچ کات لە سیستەمی نێونەتەوەیی ناسڕێتەوە و داناماڵڕێت و ئەوەش تراژیدییایەکی سامناک و ژانەسەرێکی خۆفناکە و سەرچاوەی سەرەکیی زۆربەی ناکۆکی و ململانێ و شەڕەکانە و تا کاتێک ئانارشی لە سیستەمی نێونەتەوەییدا زاڵە، هیچ ڕێگایەکییش بۆ ڕزگاربوون لەو تەنگەژەیە، نییە (٥).

لێرەدا پێویستە ئاماژە بکرێت کە ئەم دۆخە نەک هەر لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا، بەڵکوو لە دۆخی ناوخۆیی و بە تایبەت لەو وڵاتانەیدا کە چەندین نەتەوەی جیاواز لە خۆ دەگرێت و بە تایبەت لە وڵاتانی فرەنەتەوەی نادێموکراتیکدا، ئەگەری دەرکەوتنی هەیە. یوگسلاڤیی پێشوو، عێراق و بە تایبەت سووریا نموونەی ئەو وڵاتانەن کە دۆخی ئانارشیی نێوخۆیییان ئەزموون کردووە. با بزانین ئانارشیی نێوخۆیی چییە؟

ئانارشیی نێوخۆیی  

بە پێچەوانەی سیستەمی نێودەوڵەتی کە سیستەمێکی ئانارشیکە و هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی یان بانتر لەسەر دەوڵەتەکانەوە نییە کە بەر بە ململانێ و پێکدادان و شەڕ بگرێت، گریمانە ئەوەیە کە سیستەمی ناوخۆیی وڵاتەکان جۆرێک پلە و پایە (hierarchy)، نەزم و یاسای تێدایە و هەر بۆیە هەموو شارۆمەندان و گرووپەکان و نەتەوەکانی ناوخۆی وڵات، هەست بە ئەمنییەت دەکەن. دەوڵەت لە ئاستی نێوخۆییدا لە ڕێگای دامودەزگا و ناوەند و ڕێکخراوەکانەوە، بەر بە هەر جۆرە دەستێوەردان و هەڕەشەیەکی تاک و گرووپەکان بۆ سەر یەکتری دەگرێ و لە شانۆی دەرەکیدا ئەرکی پاراستنی مانەوەیان وەئەستۆ دەگرێت و خۆی بە نوێنەری ئیرادە، خواست، ئاوات و ئارەزووەکان و بەرژەوەندییەکانی دانیشتوان و هەموو گرووپەکان دەزانێت کە لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا دەژین و لە هەر جۆرە هەڕەشەیەک دیانپارێزێت. ئەوە بە تایبەت لە وڵاتانی فرە نەتەوەی دێموکراتیکدا بە زەقی بەرچاو دەکەوێت. لە ئاوا کۆمەڵگەگەلێکدا، خەڵکیش دەوڵەت لە خۆیان دەزانن، لایەنگەریی لێ دەکەن و بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی هەوڵ دەدەن و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆژمنانی دەرەکیدا گیانی خۆیان بەخت دەکەن. بەڵام ئەوە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا و لە هەموو ساتەکاندا بەرچاو ناکەوێت و وڵاتانێک هەن کە خەڵک و نەتەوەکانی ناوخۆ، ئاوا هەستێکیان بۆ دەوڵەتی خاوەن دەسەڵات نییە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە خودی ئەو نەتەوەگەلە لە ناوخۆدا، بەرەوڕووی نائەمنین(٦). بە تایبەت لە وڵاتانی فرە نەتەوەی نادێموکراتیکدا، زۆر جار دەوڵەت نەک هەر نوێنەری نەتەوەکان نییە و ئەمنییەتیان ناپارێزێت، بگرە خۆی (یان بە یارمەتیی نەتەوەیەکی زاڵ) دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر نەتەوەکانی دیکە. بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە نەتەوەکان بە زۆرەملێ کەوتبێتنە نێو سنوورە دەستکردەکانەوە و دەوڵەت لە ڕێگای هێزی سەربازییەوە دەستی بەسەر خاک و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو نەتەوانەدا گرتبێ.

لەو جۆرە وڵاتانەدا، لە ئەگەری داڕمان یان تەنانەت لاوازبوونی دەوڵەتی ناوەندیدا، هاوشێوەی ئاستی نێودەوڵەتی، ئانارشی و دیلێمای ئەمنییەتی دێتە ئاراوە. بەو مانایە کە هەر یەک لە نەتەوەکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە لە ڕێگای کۆ کردنەوەی چەکوچۆڵ و تەنانەت هێرش کردنە سەر نەتەوەکانی دیکە، هەم ئەمنییەتی خۆیان بپارێزن و هەم هەوڵی دابین کردنی ئامانجەکانیان بدەن. ئەگەری زۆر هەیە کە دەوڵەتی ناوەندی خۆی یان بە هاوکاریی نەتەوەی زاڵ، هێرش بکاتە سەر نەتەوەکانی دیکە. لە ڕاستیدا لە دۆخی ئانارشیی نێوخۆییدا، هەر گرووپ و یان نەتەوەیەک، وەک لایەنێکی سەربەخۆ و بە مەبەستی دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەجووڵێتەوە. یوگسلاویی پێشوو و عێراق و سووریای ئەم ساڵانەی دوایی نموونەی ئەو وڵاتانەن کە بینیومانە ئانارشی و دیلێمای ئەمنییەتیی نێوخۆیی لە نێویاندا سەری هەڵداوە و نەتەوەکان وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ سیاسەتیان کردووە و بەشوێن دابین کردنی ئامانجی خۆیانەوە بووەن. لە سووریای ئەم ساڵانەی دواییدا بینیمان کە چۆن هەم دەوڵەتی ناوەندی، هەم ئەکتەرە دەرەکییەکان (وەک تورکیا) و هەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە ئیدیعای نوێنەرایەتیی نەتەوە یان ئایینێکی دیکە پەلاماری نەتەوەی کوردیان دا. بەڵام ئانارشیی نێوخۆیی  چۆن سەرهەڵدەدات؟

چۆنییەتی سەرهەڵدانی ئانارشیی نێوخۆیی

بە کورتی، ئانارشیی نێوخۆیی  (و دیلێمای ئەمنییەتی)، کە ئەگەری ململانێ و ناکۆکی و شەڕ لە نێو وڵاتەکاندا، بەرز دەکەنەوە، لەوانەیە بە سێ شێوە بێنە ئاراوە. یەکەم ئەوەی کە دەوڵەتێک لە دەرەوە، بە هۆکارێکی تایبەت، هێرش بکاتە سەر دەوڵەتێکی فرە نەتەوەی نادێموکراتیک. دوویەم، دەوڵەتی ناوەندی بە هۆی شۆڕشی هەمەلایەنەی شارۆمەندانەوە توانای بەڕێوەبەریی کاروباری نەمێنێت یان بەرەو هەڵوەشانەوە بڕوات. لەو حاڵەتانەدا دەوڵەتی ناوەندی یان تووشی هەرەس و هەڵوەشاندنەوە و داڕمان دەبێت یان ئەوەندە لاواز دەبێت کە کونتڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات. لەو کاتەدا نەتەوەکانی دیکە و بە تایبەت ئەو نەتەوانەی کە هەست بەوە دەکەن کە خاک و وڵاتیان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە داگیر کراوە، دەرفەتێکیان بۆ دەڕەخسێت کە هەوڵی ڕزگاریی خاک و نیشتمانیان بدەن. هەموو نەتەوەکان وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ پەیجووی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبن. دەوڵەتی ناوەندی و نەتەوەی باندەستیش کە تا ئەو کات نەتەوەکانی دیکەیان چەوساندووەتەوە، بەرەیەک پێک دەهێنن. میکانیزمی ئانارشیی نێودەوڵەتی لە ئاستی نێوخۆییشدا بەرچاو دەکەوێت.

حاڵەتی سێیەم ئەوەیە کە ململانێ و ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتانەی کە چەندین نەتەوە لە سنوورەکانیاندا هەن، لە ڕێگای گفتوگۆ و وت­ووێژ و بە شێوازی ئاشتیخوازانە چارەسەر نەکرێن و ناکۆکییەکان بڕۆنە ئاستی پێکدادان و شەڕ. ئەگەری ئەوە هەیە کە ململانێ و ناکۆکیی نەرمی فرهەنگی و شوناسی، بگۆڕدرێت بۆ ململانێ و دیلێمای ئەمنییەتیی سەختی سەربازی. دیلێمای شوناسی، زۆر جار پێی دەگودرێت دیلێمای ئەمنییەتی کۆمەڵگەیی (Societal Security dilemma)(٧). بە تایبەت ئەوە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا، دەوڵەت یان نەتەوەیەکی باندەست و زاڵ  یان دەوڵەتێکی داگیرکەر، بە نیاز بێت فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەکانی دیکە یان ئەو نەتەوانەی کە خاکی داگیر کردوون، بسڕێتەوە و بەرەڕووی پەرچەکداری ئەوان ببێتەوە.

دیارە هەموو نەتەوەیەک پێویستی بە ئەمنییەتی کۆمەڵگەیی هەیە. ئەمنییەتی کۆمەڵگەیی توانای کۆمەڵگەیە بۆ پاراستنی تایبەتەمەندییە سەرەکییەکانی خۆی لە بەرانبەر هەڕەشە ڕاستەقینە یان ئەگەری و هەستپێکراوەکاندا. واتا توانای پاراستنی هێماگەل، زمان، ئایین، شوناسی نەتەوەیی و داب و نەریتە(٨). کۆمەڵگەکان گرنگییەکی زۆر دەدەنە فاکتەری شوناس. ئەگەر کۆمەڵگەیەک شوناسی خۆی لەدەست بدات ئیتر بەردەوام نابێت. بە تایبەت ئەو جۆرە ئەمنییەتە بۆ نەتەوە بێ دەوڵەتەکان گرنگە و هەوڵ دەدەن بەرەوڕووی هەرچەشنە هەڕەشە یان پەلامارێک بۆ سەر شوناسیان ببنەوە(٩). شوناس خاڵی جیاکەرەوەی نێوان “من”/”ئێمە” و “بێگانە”/”ئەوی دیکە”یه و هەستێکە کە بەستراوەییی تاکێک بە وڵاتێک و کۆمەڵگەیەکی تایبەتەوە نیشنا دەدات. مێژووی هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش نموونەی ڕەهەندگەلی ئەم شوناسەن و دەبنە هۆی یەکگرتوویی و هاوڕێیەتیی ئەندامانی کۆمەڵگەیەک لەگەڵ یەکتریدا. شوناسی کۆمەڵەیی دەتوانێت ڕەپاڵی سەرچاوەگەلی جۆراوجۆر بدرێت. بۆ نموونە، یەکێک لە گرنگترین جۆرەکان یان گێڕانەوەکان یا سەرچاوەکانی شوناسی کۆمەڵەیی، نەتەوەیە کە دەبێتە هۆی هاتنە ئارای چەمکی شوناسی نەتەوەیی.

شوناسی نەتەوەیی جۆری هەست کردن بە بەستراوەیی بە نەتەوەیەکی تایبەتە. لە ڕاستیدا خەڵک بەردەوام خوازیاری ئەوەن کە بەشێک بن لە نەتەوەی خۆیان و لەو ڕێگایەوە بناسرێنەوە. نەتەوەیەک کە هێماگەل، شوێنگەلی پیرۆز، داب و نەریت، مێژوو، پاڵەوانانی مێژوویی و فەرهەنگی و نیشتمانیی تایبەتی هەیە. ئەمنیەتی کۆمەڵگەیی واتا  پاراستن و چاوەدێریی ئەو تایبەتەمەندییانە و هەروەها پاراستن و بەردەوامیی یەکپارچەیی وڵات یان هەبوونی جەستەیی کۆمەڵگەی نەتەوەیی، پاراستن و بەردەوامیی یەکپارچەیی، کۆکی و پێکەوەبەستراوەییی نێوان ئەندامان، پاراستن و بەردەوامیی زمانی نەتەوەیی و بەردەوامیی میراتی ئەدەبی و فەرهەنگیی هاوبەش، پاراستن و بەردەوامیی داب و نەریت، ئایین و بۆنە نەتەوەیییەکان، پاراستن و بەردەوامیی فاکتەرە مێژوویییەکان و بیرەوەرییە هاوبەشە کۆمەڵییەکان. کەوابوو، ئەو هەڕەشانەیش کە ڕوویان لەو توخم و فاکتەرانە بێت، هەڕەشەن لەسەر ئەمنییەتی نەتەوەیی.

بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەیەک، لە لایەن نەتەوەکانی دیکە و بە تایبەت کۆمەڵگەی زاڵ و دەوڵەتی ناوەندییەوە پەلامار بدرێن. بە بڕوای “باری بوزان” هەڕەشەکان لە سەر شوناس، دەتوانن بە چەند شێواز خۆیان بنوێنن: قەدەغە کردنی بەکارهێنانی ناو و جلوبەرگی نەتەوەیی یان دژایەتیی زمان لە ڕێگای داخستنی ناوەندەکانی فێرکاری و ئایینی یان دوورخستنەوە و کۆشتنی ئەندامانی کۆمەڵگە (نەتەوە). لەوانەیە ئەو هەڕەشانەی پەلاماری بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵگە/نەتەوە دەدەن لە ڕێگای بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتنی بەردەوام لە کەرەسە و کردەوە سەرکوتکەرانەکان لە دژی ڕادەربڕین و نیشاندانی هێماکانی شوناس ئەنجام بدرێن. ئەگەر بەر بە چالاکیی ئەو دامەزراوانە بگیردرێت کە فەرهەنگ و زمان بەرهەم دێنن، ئاسایییە کە فاکتەری شوناس ناتوانێت لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە یان لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی دیکە بە شێوازێکی دروست و کارامە بگوازرێتەوە. کەوابوو، هەندێ لەو هەڕەشانەی کە پەلاماری ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی دەدەن، لەوانەیە سەربازی بن ( کوشتنی ئەندامانی گرووپ، داگیر کردنی مەڵبەندی مێژوویی ئەوان) بەڵام هەندێکی دیکەیش لەوانەیە سەربازی نەبن (بێبەش کردنی گرووپەکان لە مافی زمانی و ئازادیی ئایینی و شیوەی پەرەستنی خۆیان)(١٠)

هەڕەشە لەسەر شوناس هەمان هەڕەشەیە لەسەر “ئێمە” و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازە، لەبەر ئەوەی کە بەستراوەتەوە بەوەی کە شوناسی “ئێمە” لەسەر بنەمای چ فاکتەرگەلێک چێ بووە. بۆ نموونە، ئەگەر زمان، تەوەری شوناسی نەتەوەییی کورد بێت، هێژمۆنی زمانی فارسی وەک هەڕەشەیەکی سەرەکییە بۆ نەتەوەی کورد. کەوابوو ئەوەی کە وەک ئەمنییەتی کۆمەڵگەیی/نەتەوەیی سەرنجی بیرمەندان بۆ خۆی ڕادەکێشێ، ئاماژەیە بۆ پێویستیی هەبوونی ئەمنییەت بۆ نەتەوە/کۆمەڵگە، وەک یەکێک لە گرنگترین ئامادەکارییەکانە بۆ پاراستنی ژی و مانەوەیان.

بەڵام لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا – بە تایبەت وڵاتانی نادێموکرات یان وڵاتانێک کە پێکهاتەیان بەرهەمی داگیرکاریی خاکی چەند نەتەوەیە- ئەگەری زۆرە کە هەوڵی نەتەوەیەکی تایبەت، بۆ دابین کردنی ئەمنییەتی شوناسی خۆی، لەسەر بنەمای لاوازبوونی ئەمنییەتی شوناسی نەتەوەیەکی دیکە دابنرێت و ئەوەش دیلێمایەک لەم بوارەدا دێنێتە ئاراوە. بە واتایەک، ئەو چالاکییانەی وا نەتەوەیەک بە مەبەستی بەرز کردنەوەی ئاستی ئەمنییەتی خۆی ئەنجامیان دەدات، دەبنە هۆی بەرپەرچدانەوەی کۆمەڵگەیەکی دیکە کە ئەوەش دەرئەنجام دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ئەمنییەتی نەتەوەییی نەتەوەی یەکەم و شوناسی لاواز دەکات. هەر کاتێک کە نەتەوەکان لەسەر ئەو باوەڕە بن کە شوناسی ئەوان دەبێت بەسەر ئەوی دیکەدا زاڵ بێت، دیلێمای ئەمنییەتی نەتەوەیی سەرهەڵدەدات. بۆ نموونە، کاتێک گرووپی کۆمەڵایەتیی پێکهێنەری زۆرینە یان نەتەوەی زاڵ، پاراستنی ئەمنییەتی خۆی دەروەست بە بێ­بەش کردنی گرووپی کەمینە یان ژێردەست، لە مافی زمانیی خۆی بزانێت، گرووپی زاڵ ئەو کارە لە ڕێگای داخستنی قوتابخانەکان ئەنجام دەدات کە تیایاندا خوێندن بە زمانی گرووپی کەمینە ئەنجام دەدرێت. ئەوەش دەبێتە هۆی بەرپەرچدانەوەی کۆمەڵگەی دووەم بۆ پاراستنی زمانی خۆی بە شێوەی جۆراوجۆر و ئەوەش دیسان دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی یەکەم لە داخستنی قووتابخانەکانی کۆمەڵگەی دوویەم پێداگرتر بێت. بەمجۆرە، لەوانەیە دیلێمای ئەمنییەتی نێوخۆیی بەردەوام بێت و لە ئەگەری ڕەخسانی دەرفەتێکدا، ئەو دیلێما فەرهەنگییە، بگۆڕدرێت بۆ دیلێمای سەخت و سەرهەڵدانی ئانارشی و ململانێ و پێکدادانی نێوان نەتەوەکان.

هەموو نەتەوەکان ئەو مافە بۆ خۆیان بە ڕەوا دەزانن کە بەرگری لە ئەمنییەتی خۆیان بکەن. مەرج نییە کە ئەو بەرگری کردنە هەتاهەتایە بە شێوازی بووژاندنەوەی فەرهەنگ و شوناس بێت(نەتەوەگەراییی فەرهەنگی). بەڵکوو ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەگەر کێشە و گرفتەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و وتووێژەوە چارەسەر نەبن و میکانیزمێک بۆ متمانە کردن بە یەکتری نەدۆزرێتەوە، لەوانەیە بووژاندنەوەی فەرهەنگ و شۆناسی خۆ، وەک تەنیا ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکان، لەبەرچاو نەگیرێت و پەنا ببرێتە بەر چەک. لەو حاڵەتەدا دیلێمای نەرمی ئەمنییەتی دەگۆڕدرێت بۆ دیلێمای سەخت و کۆمەڵگەکان دەتوانن وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ لە دۆخێکی ئانارشیکدا، لە چەکوچۆڵ و توانای سەربازی بە مەبەستی بەرگری کردن لە شوناس کەڵک وەر بگرن(١١).

لەو دۆخەدا، هەموو لایەنەکان هەوڵ دەدەن بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو تواناکانیان خۆیان لە پەلامار و هێرشی لایەنەکانی دیکە بپارێزن یان تەنانەت پەلاماری لایەنەکانی دیکە بدەن. بە تایبەت نموونە پێشوەکان نیشانیان داوە کە دەوڵەت بە هاوکاریی نەتەوەی زاڵ، پەلاماری نەتەوەکانی دیکە دادا. هەر بۆیە، نەتەوە بێ دەوڵەتەکان دەبێ نیگەرانی ئەمنییەتی خۆیان بن و خۆیان ئامادەی خراپترین دۆخ بکەن. لەبەر ئەوەی لە ئاوا دۆخێکدا، ئەگەری زۆری هەیە کە پێکدادان و شەڕی لێ بکەوێتەوە.

سووریا لە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی و گۆڕانکارییەکانی چەند ساڵی ڕووبردوودا دەتوانێت نموونەیەک بێت لە سەرهەڵدانی ئانارشی و دیلێمای ئەمنییەتی نێوخۆیی. تا پێش سەرهەڵدانی نائارامییەکان لەو وڵاتەدا، ساڵانێکی زۆر، نەتەوەی کورد و عەرەبە سوننەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە، لە لایەن دەسەڵاتی کەمینەی عەلەوی-بەعسییەوە دەچەوسانەوە، بە جۆرێک کە نەتەوەی کورد لەو وڵاتەدا تەنانەت خاوەن کارتی پێناسە نەبوو و هیچ جۆرە مافێکی نەتەوەیی و تاکی و شارۆمەندیی نەبوو. دەربڕین و نیشاندانی بچووکترین نیشانە و هێمای نەتەوەیی کوردیی، دەرئەنجامی دەستبەسەر کردن و ئەشکەنجە و کوشتن بوو. بەڵام بە سەرهەڵدانی نائارامییەکان ئەو ڕەوتە نەیتوانی بەردەوام بێت. هاوکات لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی، پاش پێکدادانەکان و بەهێزبوونی حیزبە کوردییەکان و گرووپەکانی دیکە کە خۆیان بە نوێنەری نەتەوە یان ئایینەکانی دیکە دەناساند، جۆرێک ئانارشی هاتە ئاراوە. بەو مانایە کە هەر یەک لە گرووپ و نەتەوەکان، وەک ئەکتەرێکی شێوەدەوڵەتی، دەجووڵانەوە و سیاسەتیان دەکرد. هەر کام لەوانە نەک هەر بە شیوەیەکی خۆیارمەتیدەر((Self-helping)) (وەک ئەکتەرە سەربەخۆکان) بەشوێن دابین کردنی ئاسایشی نەتەوەییی خۆیانەوە بوون، بەڵکوو وەک دەوڵەتێک، لە ئاستی دەرەکیشدا، لە نێو وڵاتانی بەهێزی ناوچە و تەنانەت جیهاندا، هەندێ هاوپەیمانیان بۆ خۆیان پەیدا کرد. بۆ نموونە، دەوڵەتی ناوەندی بوو بە هاوپەیمانی ئێران و ڕووسیا. سوننەکان پشتیوانیی هەندێک لە سەرۆک وڵاتانی عەرەبیان بەدەست هێنا، بە شێوازێک کە لە هەندێک قۆناغی سەرەتاییدا، تەنانەت ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستیی وەک داعشیشیان بە سەرمایە و پارە و چەکوچۆڵی خۆیان بە بیانووی پشتیوانی لە عەرەبە سوننەکان تەیار دەکرد. کوردەکانیش بەهۆی ئەوەی کە گرنگییەکی زیاتریان بە دێموکراسی دەدا و لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییە ڕادیکاڵەکاندا شەڕیان دەکرد و خوازیاری دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراتیک لە بەراورد لەگەڵ هەموو گرووپەکانی دیکە بوون، نزیک بوونەوە لە هاوپەیمانانی ئەمریکا و ئەرووپا. 

لێرەدا دەبێت سەرنج بدرێتە ئەو خاڵە کە ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە سەرەتادا ناکۆکیگەلێکی نەرم بوون و تەنانەت ئیمکانی ئەوە هەبوو لە ڕێگای گفتوگۆ و وتووێژی دەوڵەتی ناوەندی لەگەڵ نەتەوە و کەمینەکاندا چارەسەر ببوایەن، بەڵام دەوڵەت تا ئەو کاتەی کە لاواز نەبوو و ململانێکان نەگۆڕدران بۆ پێکدادان و توندتوتیژی، ئامادەی هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانی خۆیدا نەبوو. ئەو کاتیش، ئەکتەرەکانی دیکە بە درەنگیان دەزانی. ئەسەدەکان تا پێش ڕاپەڕینەکان هیچ کاتێک ئامادەنەبوون کە دان بە مافی نەتەوەیی و شوناسی و فەرهەنگیی نەتەوە و ئاییەنەکانی دیکەدا بنێن. هەربۆیە ئەو لایەنانەیش کاتێک کە هەستیان کرد دەوڵەتی ناوەندی لاواز بووە، لەو دەرفەتەی کە ڕەخسابوو کەڵکیان وەرگرت و بە کەڵک وەرگرتن لە چەک و توانای ئەندامەکانیان، هەوڵی دابین کردنی ئەمنییەتی جەستەیی و شوناسیی خۆیانیان دا. هۆکارەکەی ئەوە بوو کە بۆ نموونە ئەگەر نەتەوەی کورد، لەو شانۆ ئانارشیکەدا خۆی پڕچەک نەکردایەت، ئەمنییەتی جەستەیی-شوناسییەکەی  دەکەوتە بەر مەترسیی حاشا لێ کران و تەفروتوونا بوون.

سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان نموونەیەکی زەقی نوێترین جۆری ئانارشیی نێوخۆیی  بوو. لە یوگوسلاڤیی پێشوو و تا ڕادەیەکیش لە عێراقدا هەمان هەلومەرج ئەزموون کراوە. بەڵام ئەو ڕەوتە تەنیا تایبەت بەو وڵاتانە کە ئاماژەیان پێ کرا نییە و ئەگەری زۆری هەیە لە داهاتووشدا لە وڵاتانی دیکەدا دووبارە ببێتەوە. هەندێ لە وڵاتە هاوچەشنەکانیان، هێشتا ئەو ڕێگایە دەپێون کە ئەسەدەکان و سەدام حوسێن پێوایان و بە لەبەرچاونەگرتنی مافی نەتەوەکانی نێو سنوورەکانیان و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هێما شوناسییەکانیان، داهاتووی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. ئێران نموونەیەکی بەرچاوە و ئاشکرایە کە لەو وڵاتەیشدا ئەو ڕەوتە خۆی دەنوێنێت. دوور نییە کە ئەگەر دەوڵەتی ناوەندی بە هاوکاریی فارسەکان، هەر بەو جۆرە بەردەوامی بە نەتەوەگەراییی فارس-تەوەرانە و دژایەتی لەگەڵ مافی نەتەوەکانی دیکە بدات و دیلێمای ئەمنییەتی نێوخۆیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توندتر بکاتەوە، دۆخی داهاتووی زۆر خراپتر بێت لەو نموونەگەلەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن. بارودۆخەکە بە جۆرێکە کە لە ئێستادا هەموو نەتەوەکان بە هۆی ئەو سیاسەتانەی کە دەوڵەت گرتوویەتییە بەر، هەست بە نیگەرانی دەکەن و دەوڵەتیش لە ڕاستیدا دەستی داوەتە هەڕەشە کردنی زیاتر لە نەتەوەکان. دەبینین کە بە تایبەت بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکوچوڵ ڕەوانەی کوردستان دەکات و خۆی ئامادەی شەڕێکی پێش بینی کراو دەکات.

پێش بینی دەکرێت لە ئەگەری هەر جۆرە لاوازبوونێکی دەوڵەتدا، چ بە شێوەی هێرشی دەرەکی و چ بە شێوەی شۆڕشی ناوخۆیی یان بە هۆی ململانێی نەتەوەکان، شانۆی ناوخۆییی ئێران و بە تایبەت کوردستان، ئێجگار سامناک بێت. کەوابوو، حیزبەکان وەک نوێنەری نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەلات، کە ئەزموونگەلێکی زۆریان لە ماڵوێرانی و کەوتنە بەر پەلامار و دڕندەییی دەوڵەت و لایەنەکانی دیکە هەیە، چارەیەکییان نییە جگە لەوەی پێشوەخت پلانێک بۆ ئامادەبوون لەو ساتە سامناکەدا، بە مەبەستی پاراستن و دابین کردنی ئەمنییەتی نەتەوەیی، داڕێژن. بە تایبەت دەبێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە چاوپۆشین لەوەی کە لە قۆناغی ئێستادا تا چ ڕادەیەک چالاکە و لە دژی دوژمن چالاکی دەنوێنێت و بە چاوپۆشین لەوەی کە چ کەس و لایەنێک ڕەخنەی بێ بنەما) لەو هێزە دەگرێت، بەردەوام ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی دۆژمنی سەرەکی، لە ساتی سەرهەڵدانی ئانارشیدا بێت. بە دلنیایییەوە هەمووان لەو ساتەدا سپاسمەند و شوکرانەبێژی هەبوونی هێزی پێشمەرگە دەبن.

ئانارشیی نێوخۆیی  و ڕۆڵی پێشمەرگە

هەر بەو جۆرەی کە هەموو مرۆڤێک پیویستی بە هەبوونی ئەمنییەت و هەست کردن بە ئاسایش هەیە، نەتەوەیش پێویستی بە ئەمنییەتە. سەرەتا گوتمان کە ئەو نەتەوانەی کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆن، دەوڵەت لە ڕێگای ڕێکخراوەی سوپا و ئەرتەشەوە، بەرگری لە نەتەوەکانیان دەکات. بەڵام ئەو نەتەوانەی کە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نین و لەوەش زیاتر وڵاتیان لە لایەن دەوڵەت و لایەنەکانی دیکەوە داگیرکراوە، بۆ ڕزگاریی خاک و پاراستنی شوناس و دابین کردنی ئەمنییەتی نەتەوەییی خۆیان، ڕێگایەکی دژوارتریان لەبەردەمدایە، لەبەر ئەوەی کە نەک هیچ دەوڵەتێک نییە کە نوێنەرایەتیی ئەوان و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوە بکات و ئاسایشیان دابین بکات، بەڵکوو ئەگەری هەیە خودی دەوڵەتی ناوەندی بە هاوکاریی نەتەوەیەکی زاڵ ببنە مەترسی بۆ سەر جەستە و شوناسی ئەو نەتەوە بێ دەوڵەتانە.

بە تایبەت لە کاتی سەرهەڵدانی ئانارشیی نێوخۆییدا، ئەگەری بەکردەوەبوونی ئەو مەترسییە زۆرە. نەتەوەی کورد،  نموونەی بەرچاوی نەتەوەی بێ دەوڵەتە. نەتەوەی کورد بە گشتی لە وڵاتانێکدا دەژین کە بە هۆی نەبوونی فرەچەشنیی جێگرتوو، مافەکانیان پێشێل کراوە و ساڵانێکی دوور و درێژ سەرکوت کراون و دەکرێن. لە بنەڕەتدا، دەوڵەتە ناوەندییە (داگیرکەرە)کان نەک هەر نوێنەری ئاوات و بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد نەبووەن و نین، بەڵکوو خۆیان هەڕەشەیێکن لەسەر مانەوەیان. بۆ نموونە، لە ئێراندا بەرژەوەندییەکانی فارسەکان کەوتوونەتە ئەولەوییەت و لووتکە و کوردەکان چەندین دەیەیە کە کەوتوونەتە ژێر هێرش و پەلاماری فارسەکان کە پشتیوانیی دەوڵەتی ناوەندییشیان لەگەڵدایە. هەر بۆیە، بۆ نەتەوەی کورد جیاوازیی نێوان سیستەمی دەرەکی و ناوخۆیی مانایەکی ئەوتۆی نییە و لە نێوخۆی سنوورە دەستکردەکانی ئێرانیشدا، بەردەوام خۆیان لە مەترسیی پەلامار و هێرش و توندوتیژیی دەوڵەت یان ئیتنیکی زاڵدا دەبیننەوە. نەتەوەی کورد بەردەوام نیگەرانی ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتەی کە خۆی بە نوێنەری ئیتنیکی زاڵ دەزانێت، ئەوان سەرکوت بکات، پەلاماریان بدات و کۆمەڵکۆژیان بکات. لە ڕاستیشدا نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، لە چەند قۆناغی مێژووییدا کەوتووەتە بەر توندوتیژی و هێرش و هەر بۆیە نیگەرانییەکانی بە هیچ جۆرێک دوور لە ڕاستی نیین.

فەتوای جیهاد و لەشکەرکێشی بە هەموو جۆرە چەکوچۆڵێکەوە بۆ کوردستان، لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ، کۆشتنی دانیشتووانی گوندەکان و دوورخستنەوەیان و ئاگرتێبەردانی مەزراکانیان، تیرۆر کردنی ڕێبەرە نەتەوەییەکانیان، تاڵان کردنی ئاسەوارە فەرهەنگی و مێژۆییەکان، بەتاڵان بردنی سەرچاوە سرووشتییەکان و سووتاندن و کاول کردنی پلان داڕێژراویی ژینگەیان و شەهید کردنی ژینگەوانانیان، بێ­بەش کردنیان لە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی و داگیر کردنی خاک و بەئەمنییەتی کردنی وڵاتیان، تەنیا بەشێکن لەو توندوتیژی و تاوانانەی کە دژ بە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دراون.

سەرەڕای ئەوەی کە پاش کوتایی هاتنی قۆناغی شەڕی چەکداریی بەربڵاوی حیزبەکان دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری کوماری ئیسلامی، تا ڕادەیەکی زۆر ئوپەراسیونی گەورەی سەربازی و کۆمەڵکۆژی لە ئاستێکی بەرفراواندا، بە نیسبەت نەتەوەی کورد ئەنجام نەدراوە، بەڵام هەوڵدان بۆ ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگیی نەتەوەی کورد یان پەراوێزخستن و لادان و لە نێوبردنی فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەی کورد بە چری و بە شێوەیەکی پلانداڕێژراو و سیستمیک لە ئارادا بووە و هەوڵێکی زۆر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دراوە. سەرەڕای ئەوە، هیچ زەمانەت و گەرەنتییەک نییە کە ئوپەراسیونە سەربازییەکان دووبارە نەبنەوە. لە بنەڕەتدا، ئەو نەتەوانەی کە خاکیان داگیرکراوە و خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نین، بەردەوام لە مەترسیی ئوپەراسیونی مەرگهێنەردان. بە تایبەت، هەر وا کە ئاماژەمان کرد، لە کات و ساتی سەرهەڵدانی ئانارشیی نێوخۆیی دا ئەگەری دەرکەوتنی ئەو مەترسییە زۆرترە. لە دۆخی ئانارشیدا، دەوڵەتی ناوەندی کە نوێنەرایەتیی دەوڵەتی زاڵ دەکات، ڕێکخراوە و ئەرتەش و سوپای لەبەر دەستایە. نەتەوەکانی دیکە (کە ئەگەری پێکدادانی نێوان ئەوانیش زۆرە) دەبێ هەوڵ بدەن بە کۆ کردنەوەی هێز و ئەرتەشی نیشتمانیی خۆیان، بەرگری لە خۆیان بکەن. تەنانەت هاوپەیمانییەتی لەگەل ئەکتەرە دەرکییەکاندا، گەرەنتییەک بۆ دلنیا بوونەوە لە دابین بوونی ئەمنییەت نییە. وەک نموونەیەک، لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کە هێزی گەریلا، هاوپەیمانی ئەمریکا وەک زلهێزی سیستەمی نێودەولەتی بوون، بەڵام لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین هیچ لایەنێک پالپشتیی کوردی نەکرد. کەوابوو، ڕۆڵی سەرەکیی پێشمەرگە، لەو هەلومەرجە هەستیار و مەترسیدارانەدا زەق دەبێتەوە و نەتەوەی کورد هیچ هیوایەکی بۆ دابین کردنی ئەمنییەتی خۆی و مانەوەی نییە، جگە لە هیزی پێشمەرگەی کوردستان.

ڕاستە پانتای سیاسەت بەربڵاو و کەرەسە و ئامراز و بژاردەکانی گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان بەرفراوانن و شێوازەکانی خەباتیش جۆراوجۆرن، بەڵام تەنیا پێشمەرگەیە کە دەتوانی بەر بە پەلامار و هێرشی دڕندانەی دۆژمن بگرێت و ئاسایش و مانەوەی نەتەوەیی دابین بکات. تەنانەت هێزی پێشمەرگەیە کە دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی خەبات و خۆڕاگری لە بوارەکانی دیکەدا. حاشاهەڵنەگرە کە تا ئێستاش مانەوەی نەتەوەی کورد، سەرەڕای زیان و خەساری زۆر، بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی پێشمەرگە بووە. ئەو پێشمەرگانەی کە پەراوێز خستن و بێ­بەها کردندنیان قەبووڵ نەکردووە، ملکەچی هێز و یاسای داگیرکەران نەبووەن و لە بەرانبەر ئەوانەی کە حاشایان لە نەتەوەکەیان کردووە، خۆڕاگرییان کردووە و لە بەرانبەر هێرشبەرانی داگیرکەردا، بە ئیرادەیەکی پۆلایین ڕاوەستاون. لە ڕاستیدا، ئەوانن کە هێزی ڕزگاریبەخشن و بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا، مانەوەی ئێمە بە ناچاری گرێدراوی ئامادەیی و بەهێزبوونی ئەوانە. دیارە لە کاتی سەرهەڵدنی ئانارشیی نێوخۆیی دا، دەوڵەتی داگیر و لایەنە هێرشبەرەکانی دیکە، لە نەبوونی هێزی ئامادەی پێشمەرگەدا، هیچ بەرگر و لەمپەڕێک لە بەرانبەر هێرشی خۆیان بە مەبەستی تەفروتوونا کردنمان نابیننەوە. کەوابوو دەبێت هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی گونجاو و ڕوو لەداهاتوودا، لەو پەڕی ئامادەییدا بێت.

ڕاسان وەک سیاسەتێکی گونجاو

ڕاسان داهێنانێکی ستراتێژیکە لە ڕەوت یاخود میتۆدی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بۆ کەلک وەرگرتن لە هەموو توانا و دەرفەتەکان، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزی داگیرکەری ناهاوسەنگدا. ئەو داهێنانە، بەرهەمی گەڕانەوەیە بۆ هەندێ لە تاکتیک و سیاسەت و میتۆدە بەکەڵک و سوودمەندەکانی “ڕابردوو”، خوێندنەوەی ئاوەزمەندانەی دۆخی “ئێستا”ی ناوچە و ئێران و ڕۆژهەڵات و هەروەها تێڕامان و پێش­بینیی “داهاتوو”ە.

کەوابوو، دوورنواڕی و دووربینی، بەشێکی سرووشتیی ڕاسانە. ڕاسان و بە تایبەت ئەو بەشەی کە بە ڕاسانی پێشمەرگە و شاخ ناسراوە، بە چاوپۆشین لەوەی کە لە ئێستادا چەندە چالاکە، جۆرێکە لە ئامادەبوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکانی داهاتوو. ئەوە ڕاستە کە ئامانجی سەرەکیی ڕاسان، بە مانای بەجەماوەری کردنی زیاتری خەبات و تێکەڵ کردنی هەموو چین و توێژەکانە بە ڕەوتی خەباتەوە، بەڵام ئەوەش حاشاهەڵنەگرە کە بنچینە و بنەمای سەرەکیی ڕاسان هەر پێشمەرگەیە. ئەگەر ڕاسان مانای وایە کە شاخ گرێ بداتەوە بە شارەوە، هیچ پێوەندیدەر و گرێدەرێ باشتر و بانتر لە پێشمەرگە بوونی نییە.

گرنگیی ڕاسان تەنیا لەوەدا نییە کە شێوازێکی ڕەوای خەباتی -خەباتی چەکدارانە/بەرگریکارانە- زیندوو کردووەتەوە، خاڵێکی دیکەی ئێجگار گرنگی ڕاسان، بەردەوامیی ئامادەبوونی هێزی پێشمەرگە و نزیکیی مەودایی لە گەل و دڵنیا کردنەوەی نەتەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵات، کە لە ئەگەری سەرهەڵدانی مەترسی و هەڕەشەدا، هێزی نیشتمانی، ئامادەی پاراستنییەتی. پێشتر ئاماژەمان کرد کە لە کاتی سەرهەڵدانی ئانارشیدا، مەترسییەکان و ئەگەری هێرش بۆ سەر نەتەوەی کورد زۆر دەبێت و لەو حاڵەتەشدا تەنیا پێشمەرگەیە کە دەتوانێت بەرگری لە نەتەوەکەی بکات. کەوابوو، ڕاسان هەم بەو مانایە دێت کە بیر لەو ساتە خۆفناکە کراوەتەوە و هەم نواندنی هێز و پەیامێکە بۆ دەوڵەتی داگیرکەر و لایەنەکانی دیکەی دوژمن، کە لە ئەگەری پەلامار بۆ سەر نەتەوەی کورد، ڕووبەڕووی هێزی ئامادەی پێشمەرگە دەبنەوە و هەم دڵنیا کردنەوەی گەلی ڕۆژهەڵاتە  لەوەی کە پێشمەرگە لە هەر کاتێکی دیکە لەوان نزیکترە و ئامادەی پاراستنیانە.

کەوابوو، لەبەر ئەوەی کە ئەگەری سەرهەڵدانی ئانارشیی نێوخۆیی  لە داهاتوو و لە نێو سنوورە دەستکردەکانی ئێراندا زۆرە، ئامادەبوونی پێشوەختی هێزی پێشمەرگە، هەم لە ڕووی کارامەییی ئەو هێزەوە و هەم بۆ بەرز کردنەوەی ورەی نەتەوەیی لە ناوخۆ، نەک کاریگەر، بەلکوو پێویستەیەکی حاشاهەڵنەگرە. دیارە، لە پانتای سیاسەت و ئەمنییەتدا، دەبێ پێشوەخت هەندێ ستراتێژی و تاکتیک دابڕێژرێت، بۆ ئەو ساتانەی کە قەیران سەر هەڵدەدات. بۆ نموونە لە کاتی لاواز بوون یان داڕمانی دەوڵەتدا، دەبێ پێشوەخت پلانمان داڕشتبێت. هۆکاری ئەو پێویستییە، ئەوەیە کە لە کاتی قەیراندا، لە لایەکەوە هەم هەڕەشە و هەم ئەگەری خافڵگیری زۆرە و لە لایەکی دیکەیشەوە کاتی بڕیاردان زۆر کورتە و ئەوە تایبەتەمەندیی قۆناغی قەیرانە، هەر بۆیە لەو کاتەدا ناکرێت پلانێکی هەمەلایەنە و عاقڵانە دابڕێژرێت، بەڵکوو ئەو پلانە دەبێ پێشتر داڕێژرابێت. کەوابوو، ڕاسان لەبەر ئەوەی کە پلانێکی پیشوەخت داڕێژراو و پشت قایم بە ڕابردوو و خوێندنەوەی دۆخی ئێستا و گرنگتر لەوانەش چاوی لە داهاتوویە، سیاسەتێکی ئێجگار گونجاوە.

ئەنجام

یەکێک لە سەرەکیترین پێویستییەکانی ئامادەبوونی هێزی پێشمەرگە لە کوردستان بە گشتی و لە ڕۆۆژهەڵات بە تایبەتی، پێش بینیی ئەو مەترسی و هەڕەشانەیە کە لە داهاتوودا و بە تایبەت لە کات و ساتی سەرهەڵدانی ئانارشی و دیلێمای ئەمنییەتی نێوخۆییدا دێنە ئاراوە و ئەگەری ئەوەی هەیە کە ئاسایش و مانەوەی نەتەوەی کورد بخەنە مەترسییەوە. لەو ساتەدا نەتەوەی کورد، جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هیوایەکی بۆ مانەوەی خۆی نییە.

ئانارشی لە بنەڕەتدا چەمکێکە تایبەت بە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەیی و لە نێوان دەولەتەکاندا دەبینرێت و مانای وایە کە هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی یان ڕێکخراوەیەک لە سەرەوەی دەوڵەتەکاندا نییە، کە ئاسایش و مانەوەیان دەستەبەر بکات. هەر بۆیە، هەر کام لە ئەکتەرەکان، دەبێت بە گەڕانەوە بۆ هەندێ سیاسەت و بە تایبەت خۆبەهێز کردنی ناوخۆیی  (خۆیارمەتی)، هەوڵی دابین کردنی ئاسایشی خۆیان بدەن. بەڵام، چەندین نموونەی مێژوویی و بە تایبەت نموونەی چەند ساڵی ڕابردووی سووریا/ڕۆژئاوای کوردستان، سەلمێنەری ئەوەن کە ئەگەری سەرهەڵدانی ئانارشی لە وڵاتانی نادێموکراتیکی فرە-نەتەوە، بە هۆی هێرشی دەرەکی یان شۆڕشی نێوخۆیی یان ململانێی نەتەوەکان، هەیە. لەو حاڵەتەدا، هاوشێوەی دەوڵەتەکان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هەر کام لە ئەکتەرەکان/نەتەوەکان دەبێ هەوڵ بدەن لە ڕێگای کۆ کردنەوەی هێز و بە پاڵپشتیی تواناکانی خۆیان، ئاسایش و مانەوەیان دەستەبەر بکەن.

 لە نموونەی ئێراندا، ئەگەری ئەوە زۆرە کە دەوڵەتی ناوەندی بە هاوکاریی هەندێ لایەنی دیکە یان لایەنە جیاوازەکان، هێرش بکەنە سەر کورد. هەر وەک قۆناغەکانی ڕابردوو و ئەزموونە مێژوویییەکان. هە بۆیە پێویستە کە نەتەوەی کورد و حیزبەکان، گرنگییەکی زۆر بدەن بە هێزی پێشمەرگە، وەک هێزی پاراستنی نەتەوە و نیشتمان. لانیکەم، ڕاسان وەک داهێنانێکی ستراتێژیک و گونجاو لەم کاتەدا، ئەو دڵنیاییە دەدات کە ئێمە دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە ئامادەییی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو کات و ساتە هەستیارە، لە توێی ستراتێژیی حیزبی دێموکرات، وەک یەکێک لە سەرەکیترین حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا، لەبەرچاو گیراوە. ئەوەش پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

سەرچاوەکان

١.بۆ خوێندنەوەی ئانارشی و تایبەتەمەندییەکانی دیکەی پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی- وەک ئەمنییەتخوازیی دەوڵەتەکان و دابەش بوونی هێز و تواناکان بە شێوەی ناهاوسەنگ و نابەرابەر لە نیو ئەکتەرەکاندا- لە ڕوانگەی واڵتزەوە، بڕواننە:

Kenneth N. Waltz, ’Realist Thought and Neorealist Theory’, Journal of International Affairs, Vol 44, No 1, Spring/summer (1990), pp:21-37, see: 29-30,Available ate: http://lib.jnu.ac.in/sites/default/files/RefrenceFile/realist%20thought.pdf 

2.Kenneth N. Waltz, “The Origins of War in Neorealist Theory”, Journal of Interdisciplinary History, Vol 1, 18, NO 4, The Origin and Prevention of Major Wars, Spring 1998, see p: 616, available at: http://users.metu.edu.tr/utuba/Waltz.pdf

  1. Nukhet. A Sandal and Patrick James. “Religion and International Relations Theory: Towards a Mutual Understanding”, European Journal of International Relations, (2011),see p:14, The online Version of this Article Can be Fond at: https://www.researchgate.net/publication/249690908_Religion_and_Interational_Relations_theory_Towards_a_mutual_understanding

٤.بڕوانە ئەو سەرچاوانەی خوارەوە:

-جان بیلیس و  اتیو اسمیت، جهانی شدن سیاست، روابط بین‌الملل در عصر نوین، تهران: موسسه فرهنگی مطالعات و تحقیقات بین‌المللی ابرار معاصر تهران، چاپ نخست، دیماه (1383)، ص ٥٦٩.

– گراهام ایوانز و جفری نونام، فرهنگ روابط بین‌الملل، مترجمین: حمیرا مشیرزاده و حسین شریفی، تهران: نشر میزان، چاپ اول، تابستان،١٣٨١، ص ٧٤٩.

– مهردادمیر عرب، «نیم نگاهی به مفهوم امنیت»، مترجم: سید عبدالقیوم سجادی، ص ١، برگرفته از: http://www.shareh.com/persian/magazine/uloum_s/09/09_08.htm

٥.  لەم بارەوە بڕوانە: بیلس و اسمیت، پێشوو، ل 570.

٦. حسین زادە، محمد (١٣٩٦). “ناسیونالیسم و بقا: راز دولت­خواهی ملت­ها”، فصلنامە هایا، شمارە ١٩ و ٢٠، ص ٧٨

٧.بۆ نموونە بڕواننە ئەو سەرچاوەی خوارەوە:

روی، پل (1382). «معمای امنیت اجتماعی»، مترجم: منیژه نویدنیا، فصلنامه مطاعات راهبردی، سال ششم، شماره سوم، پاییز، شماره مسلسل 21، صص 685- 708. 

٨. ابراهیم حاجیانی،«امنیت هویت: مبانی و چارچوب مفهومی»، مجله جامعه¬شناسی ایران، دوره شانزدهم، شماره 4، زمستان، (1395)، ص ٢٤.

 ٩. روی، هەمان، ص 694 ،

١٠.ڕووی هەمان، صص ٦٩٥ ، ٦٩٩ و ٧٠٠.

١١.روی، هەمان، ص 696

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان