بانگەوازی ژمارە ٦٥ی گۆڤاری تیشک

شۆڕشی ژینا


شەهیدبوونی “ژینا ئەمینی”، ڕاپەڕینێکی بەرین و جەماوەریی لێکەوتەوە کە لە کوردستانەوە بۆ زۆربەی شارەکانی ئێران تەشەنەی سەند. لە ٢٥ی خەرمانانەوە ئیتر ژینا دەبێت بە قۆناغ، بە شێوەیەک کە ئەمڕۆ لە کەشی سیاسیی ئێران و بەتایبەتی لە کوردستاندا، باسی قۆناغی پێش ژینا و، قۆناغی دوای ژینا دەکرێت. کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە ماشینی سەرکوت و بە دەزگای پرۆپاگاندا دۆخەکە بگەڕێنێتەوە قۆناغی پێش ژینا، هاوکات نەتەوەکانی ڕاپەڕیوی ئێران مکووڕن لەسەر ئەوە کە بە ڕەمزی ژیناوە، لەم قۆناغە تێپەڕن. پاڵنەری سەرەکیی ئەم ماڕاتۆنەی شۆڕشی نوێ، دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» بوو کە ڕەگێکی قووڵی لە مێژووی خەباتی نەتەوەی کورددا هەیە و، لەوە گرنگتر پوتانسیەلی دروشمێکی وەها کە گشت پێکهاتە نەتەوەیی، چینایەتی، سیاسی، جێندەری و کولتوورییەکانی ئێرانی هاودەنگ و هاوئاراستە کردووە. بەشێکی بەرچاو لە ئێلیت و دەستەبژێری سیاسیی کورد و ئێرانی قۆناغی ژینا وەک کاتالیزاتۆرێکی گرنگ بۆ یەکڕیزی و هاوخەباتی دژی کۆماری ئیسلامی دەزانن و، وەک مەجالێکی پڕاگماتیکیانە بۆ چارەسەرکردنی هاوکێشە کۆن و ڕەگاژۆکانی نەتەوەیی، جێندەری و چینایەتی دەبینن.

ئەو شتەی لەم نێوەدا جێگای تێڕامانە، کاراکتێر و پۆتانسیەلی بزاڤە ئیعترازییەکانن. بۆ هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ڕوونە کە بزاڤە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە قۆناغی پەرەسەندنیاندا زۆرجار تووشی لەمپەر و ئاستەنگ دەبنەوە و، لە درێژماوەدا ئەو لەمپەرانە دەبن بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆسەر یەکڕیزی و تەباییی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کە لە ڕاستیدا پاڵنەری سەرەکیی بزووتنەوەکانن. پێکهاتە چینایەتی، نەتەوەیی، جێندەری، کولتووری و ژینگەخوازییەکان کە لە زۆربەی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکڕیز و، لە هاوپەیمانییەکی عەقڵانیدا دژی دوژمنی هاوبەش هەڵوێست دەگرن، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتن و یەکلایی‌بوونەوەی جێگرەوەی سیاسی، زیاتر هەست بە مەودای نێوان ناوەند و پەراوێزەکان دەکەن، ئەولەوییەتبەندییەکان لە دۆخێکی وەهادا زیاتر دەچنە ژێر هێڵی هێژمۆنیی حیزبی، لەوەش گرنگتر تێگەیشتنی جیاواز لەمەڕ دێمۆکراسییە کە کۆتەڵە سیاسی و گرووپییەکان زیاتر بەگژ یەکتردا دەکاتەوە. کەوایە یەک لەو هۆکارانەی کە بزاڤەکان تووشی هەرەشەیەکی وەها دەکات، ئاسۆی گۆڕانی سیاسییە و، پێویست دەکات بزووتنەوە ئیعترازییەکان وێڕای ئاراستەی سەلبیی خەبات، بە شێوەیەکی هاوتەریب بیر لە ئاراستەی ئیجابیی خەباتەکەش بکەنەوە.
یەک لەو دیاردانەی کە ناچارمان دەکات بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەوە شۆڕشی ژینا هەڵسەنگێنین و، خەسارەکان دەستنیشان بکەین، غیابی ئاراستەی ئیجابی، واتە جێگرەوەی سیاسییە. ئاراستەی سەلبیی ڕاپەڕینەکە، واتە خەبات دژی پێکهاتەیەکی دینی-سیاسی و ناسەردەمییانە کە لەگەڵ نۆڕمە جیهانی و مرۆیی‌یەکاندا نامۆیە، ئەوەش پاڵنەرێکی بەهێز و یەکلایی‌کەرەوەیە بۆ ئەم بزووتنەوەیە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ئەگەر لە شەقامی گشتیدا ئاراستەی ئیجابیی ڕاپەڕینەکە دیار نەبێت، داهاتووی چارەسەرکردنی کەلێنە ڕژدەکانی کۆمەڵگاش ڕوون نابێت. دابەزاندنی خەبات تا ئاستی بێزاری دەربڕین و تووڕەییی خەڵک لە سیستەمێکی کۆنەپەرست کە ئاخوند، مەندیل، پۆشین و خورافە سیمبولەکانیەتی، ئامانج و مەبەستە سەرەکییەکانی شۆڕش پەردەپۆش دەکات. بەسەرنجدان بە جوگرافییای ڕاپەڕینەکان، دەبینین کە ناوەند وەک پارسەنگی گۆڕان بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێراندا کارایی نەماوە و، هەنووکە پەراوێزەکانن کە پاڵنەری شۆڕشن و ئەوەش لەوانەیە پێوەندی بە دیاردەیەکی بنەماییترەوە هەبێت. بە بۆچوونی زۆربەی توێژەرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا، راپەڕینەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و دووانەی چاکسازی- ئینقلاب، هەمیشە لە پێناوی بووژاندنەوەی پڕۆژەیەکی شکستخواردوو بە ناوی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانیدا بووە. خۆ نەبان‌کردن لە نێوەرۆک و قەیرانە بنەمایی‌یەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی کە لە پێناو نەسەلماندنی فرەنەتەوەیی و سڕینەوەی فرەڕیوایەتیی ناسنامە و مێژووی ئێران دامەزراوە، بە درێژاییی مێژووی ئێران هەمیشە ئیستبدادی سیاسی، نایەکسانی و سڕکردنی ئازادی بەرهەم هێناوەتەوە. لە ئەنجامیشدا خۆ خەریک‌کردن بە فۆڕمی کێشەکە و سازدانی هاوپەیمانییەکی سیاسی بۆ ڕاگوازتنی دەسەڵات، لە ڕاستیدا ئاڵوگۆڕێکی ڕووکەشییانەی سیاسییە. ترەندی دروشمی «مرگ بر دیکتاتۆر» کە لەم ڕۆژانەدا لەچاو دروشمەکانی دیکە بەرزترە، زۆر یەک لە لایەنە سیاسییەکانی بەوە دڵخۆش کردووە کە داهاتووی سیاسیی ئێران، دێمۆکراسییە. کەوایە سەرنجی سەرەکیی گۆڤاری تیشک بۆ ژمارەی داهاتوو، وێڕای خوێندنەوە و لێکدانەوەی «چییەتی» و «چۆنایەتی»ی ئەم شۆڕشە، ئەوەیە: کام مۆدێلی دێمۆکراسی دەتوانێت پرسی نەتەوایەتی لە ئێران چارەسەر بکات کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە لایەن ئێلیت و دەستەبژێری سیاسییەوە وەک پرس نەسەلمێندراوە، بەڵکە وەک کلیشە ئاماژەی پێ دەدرێت؟
تەوەرەکانی ژمارە ٦٥ی تیشک بەم چەشنە دەبن:
• ڕەچەڵەکناسیی شۆڕشی ژینا، ئامانج و لێکدانەوەی دروشمەکانی ئەم شۆڕشە؛
• ڕۆڵی جێندەر لە سەرهەڵدان و ڕێبەرایەتی کردنی شۆڕشی ژینا؛
• شرۆڤەیەک بۆ جێگۆڕکێی ڕۆڵی ناوەند – پەراوێز و بەستێنەکانی پرسی نەتەوە لەم شۆڕشەدا؛
• ڕۆڵی هونەر بۆ جوانیناسیی شۆڕشی ژینا؛
• شۆڕشی ژینا و داهاتووی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران؛
• پێوەندیی شۆڕشی ژینا لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی، چینایەتی و جێندەرییەکان؛
• فاکتەری دۆخی چینایەتی و ڕۆڵی جوگرافییای گەڕەک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەرییان لەسەر شۆڕشی ژینا؛
• خوێندنەوە و لێکدانەوەی شێوازەکانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و چاوەدێریکردنی دەزگاکانی زانیاری لە ئێران؛
• کام یەک لە تاکتیکەکانی خەباتی مەدەنی یان خەباتی بەرهەڵستکارانە دەتوانێت کاریگەریی زیاتری بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا هەبێت؛
• ڕۆڵی تێکنۆلۆژیای دیجیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا؛
• هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە لەمەڕ شێوازی مامەڵەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ شۆڕشی ژینا؛
• چۆنایەتیی ڕاگەیاندنی فارسی بۆ شرۆڤە و ڕووماڵکردنی شۆڕشی ژینا؛
• شۆڕشی ژینا تا چەند دەتوانێ کۆتایی بە پرسی تاکڕەوی لە مێژووی هاوچەرخی ئێران بێنێت و، پرسی فرەنەتەوەیی بخاتە ڕۆژەڤەوە؛
• تا چەند نایەکسانیی ئابووری-چینایەتی و، پرسی گەشەی لاسەنگ ڕۆڵی هەبووە لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا؛
• هەڵسەنگاندنی کارایی، قاڵب و ئەجێندا و پلانی ڕاگەیاندنی کوردی بۆ شۆڕشی ژینا؛


تێبینی: دوایین مۆڵەتی وەرگرتنی وتار و توێژینەوەکان:

25ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی
14ی فێبرێوێریی 2023ی زایینی

ئاگاداریی گۆڤاری تیشک لەبابەت دەستبەکاربوونی بڵاگی “ژیانەوە”؛

پێناسەی بلاگی “ژیانەوە”

“ژیانەوە” بلاگێکی ڕووناکبیری، سیاسی و شیکارییە. هاوکات، پرسی ڕۆژ و گەرموگوڕ لێک دەداتەوە و، لەژێر چاوەدێریی ستافی “تیشک” بەڕێوە دەچێت. ئامانجی “ژیانەوە” سازدانی بەستێنێکی دێمۆکراتیک و گونجاوە بۆ دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان نووسەر و ڕووناکبیرانی کورد سەبارەت بە پرسی ڕۆژ و مژارەکانی وەک (سیاسەت، ناسیۆنالیزم، پێوەندیی نێودەوڵەتی، فێمێنیزم، ژینگە و ئابووریی سیاسی).

مەرجەکانی بڵاوکردنەوەی وتار:

١- وتارەکان پێوەندییان بە پرسی ڕۆژەوە هەبێت و، لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی کورد و خەباتی فرەچەشن بۆ ڕزگاریی کوردستان نووسرابن.

٢- گۆڤاری “تیشک” دەرفەتێکی گونجاوی بۆ مژاری تیۆریک و بابەتی ئاکادێمیک ئامادە کردووە کە نووسەران دەتوانن بۆ بڵاوکردنەوەی وتار و شیکارییەکانیان لەو گۆڤارەدا بەشدار بن. هەر بۆ ئەم مەبەستە بلاگی “ژیانەوە” خۆ لە وتاری تیۆریک و شیکاریی ئاکادێمیک سەبارەت بە پرسی ڕۆژ دەبوێرێت و، هەوڵ دەدات وتارەکان لە ئاستێکدا بن کە گشت توێژەکانی کۆمەڵگا بەردەنگی بن.

٣- وتارەکان لە ١٥٠٠ وشە زیاتر نەبن.

٤- وتاری وەرگێڕدراو لە زمانەکانی دیکەوە بە مەرجێک بڵاو دەکرێتەوە کە دەقی سەرەکییەکەش هاوپێچی وەرگێڕدراوەکە بکرێت و، پاش پەسندکردن لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرییەوە، بڵاو دەکرێتەوە.

٥- وتارەکان دەبێ ڕەچاوی مەرجەکانی زمانەوانی بکەن کە لە سایتی گۆڤاری “تیشک”دا هاتووە.

٦- وتارەکان لەژێر چاوەدێریی دەستەی نووسەراندا مافی بڵاوکردنەوەیان پێدەدرێت.

وێڕای ڕێز و حورمەتێکی زۆر

دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک

کاتی بەردەست بۆ ناردنی بابەتەکانتان:

0Weeks0Days

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان