ئارامتر بخوێنەوە!

ئێمە و شەقام

ژاکان سنەیی

ئاماژە

ئەم ڕستەیەی کە دێموکراسی لە سندۆقی دەنگدانەوە مسۆگەر ئەبێت، ڕستەیەکی ڕێفۆڕمخوازانی ئێرانە کە بەردەوام هەوڵیان داوە بەم دەستەواژەیەوە خەڵک بخڵاوێنن. ئەمەشیان وەک هەنێ هەوڵی بێ‌بنەمای دیکەیانە وەک ئەوەی کە ئێمە لە نێوان خراپ و خراپتر ڕێگەیەکمان نیە بێجگە هەڵبژاردنی خراپەکە و زۆر نموونەی لەم چەشنە کە هەوڵی ئەم وتارە نە دەرخستنی سیمای ڕاستەقینەی ڕێفۆڕمخوازانە و نە دەرخستنی گرنگیی هەڵبژاردن و سندۆقی دەنگدان، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ بەهەند وەرگرتنی شەقام وەک شوێنێکی عەینی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر هەر جۆرە ڕژێمێکی دیکتاتۆڕ هەروەها وەسەرخستنی مەدەنییانەی ناڕەزایەتی.

ئێمه نە لە وڵاتێکی ئازاددا دەژین نە سیستەمێکی دێموکراتیکت حوکمڕانیمان بەسەردا دەکات، بەڵکوو لە دۆزەخێک بەناوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لە ئێرانێکی دۆزەخی‌تر دەژین، کەوایە با لەسەر ئەرزی واقیع قسە بکەین و هەڵوێستەکانمان لەم سۆنگەیەوە بێت. ئەوەی ڕاستی بێ تەنانەت لە وڵاتە ئازاد و لیبڕالەکاندا هێشتا شەقام ڕۆڵی سەرەکی ئەگێڕێ و هێشتا خەڵک وەک ئیمکانێک بۆ چەسپاندنی مافە زەوتکراوەکانیان کەڵکی لێ وەرئەگرن. بۆیە باس کردن لەهەر چەشنە گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بگرە تەنانەت هونەریش بە بێ لەبەرچاوگرتنی شەقام بێ مانایە و ئەگەر له باری مەعریفی و فەلسەفییەکەشی قووڵ بینەوە شەقام خۆی سووژەیە نەک ئۆبژە و هەموو ئێلێمان و پێکهاتەیەکی شەقام بەشێکە و تەنانەت وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا خاوەن ئەکتە و نەک شوێنێکە بۆ کۆکردنەوەی هێزی جەماوەر بەڵکوو هاندەرە بۆ هەر چەشنە بزووتنەوەیەک.

زۆرن ئەو شەقامانەی لە یەک سەدەی ڕابروودا ناویان لە مێژووی بزووتنەکاندا تۆمار کراوە و بوون بە پێناسە و شوناسی مرۆڤی سەردەم. هەر لێرەوە کە گرنگە هێزی شەقام جیددی وەربگرین و نابێ فەرامۆش بکەین ئەوەی شەقامی لە کۆنتڕۆڵدا بێ (لێرە مەبەستم ڕای گشتیە) لە هەر چەشنە دانوستان و گوشارێکا باڵادەستە و بەرگی براوەی مەیدانی سیاسییە.

مانگرتن وەک هەوڵێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە ڕژێمە پاوانخواز و دیکتاتۆرەکان، بڕێ جار تەنانەت لە وڵاتە دێموکراتەکانیشدا، خاوەن مێژوویەکی کۆنە. بەتایبەت لە سەدەی بیستەم بەملاوە شێوازێکی نوێ لە خەباتی مەدەنی و جۆرێک ناڕەزایەتیی سیاسییە و لە زۆرێک لە وڵاتاندا وەک کولتوورێکی باو، دژوارترین جۆری ناڕەزایەتییە دژ بە دەسەڵاتداران کە لە لایەن چالاکانی مەدەنییەوە چ بە شێوەی مانگرتنی تاک یان بە شێوەی گشتی بۆ جێبەجێ کردنی داخوازییەکان ئەنجام ئەدرێ. کوردیش بەردەوام وەک نەتەوەیەک لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دژ بە داگیرکەرانی کوردستان لە درێژەی خەباتی چەکداریی خۆیدا دەیان مانگرتنی سەرانسەریی ڕێکخستوە کە زۆربەیان لە مێژوودا تۆمار کراون.

خەباتی مەدەنییانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەتایبەت پاش شۆڕشی ئیسلامی، لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێراندا خاوەن مێژوویەکی تایبەتە. هەر لەیەکەم ڕۆژەکانی دامەرزاندنی کۆماری ئیسلامیدا، کۆچی مێژووییی شاری مەریوان و پشتیوانیی شارەکانی دیکەی کوردستان نموونەیەکی بەرچاوە لەو هەوڵە مەدەنیانەیە.

خەڵکی کوردستان لە پەنای خەباتی چەکداریی باشدا توانیان لە هێزی مەدەنی وەک ئێمکان و زەرفیەتێک بۆ داواکارییەکانیان کەڵک وەرگرن و تا دەهات ئەو چالاکییانە بەردەوام لە قەوارە و شێوازی جۆراوجۆردا خۆی دەردەخست. جیاوازییەک لە نێوان ئەکتی مەدەنیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێراندا دەبیندرا و  هەموو مانگرتنەکانی کوردستان و ناڕەزایەتییەکان مانادار بوون.

 ئەتوانین بێژین کوردستان مەکۆی خەباتی مەدەنی لە ئێراندا بوە، تەنانەت بەشداری کردن یان نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا. وەک لە خولی چوارەمی سەرۆککۆماریدا، خەڵکی کوردستان لەبەر ڕقێک لە ڕەفسەنجانی بوویان، دەنگیان بە بەرانبەرەکەی دا. هەڵسووکەوتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەچاو شوێنەکانی دیکەی ئێراندا جیاواز بووە و ئەمەش ئاساییە و ئەو هەڵاواردنە ڕەگەزی و مەزهەبییە لە کوردستاندا وای کردووە کە داواکارییەکانیش جیاواز بن و بەداخەوە لە کاتە هەستیارەکاندا، شارەکانی ئێران هیچکات بەهانای خەڵکی کوردستانەوە نەهاتوون و کێشەکانی کوردستانیان لەدەرەوەی کێشەی خۆیان زانیوە و تەنانەت ڕۆشنبیرەکانیشیان بە نیسبەت زوڵمێک لە کوردستاندا بەرەو ڕووی خەڵک بۆتەوە، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

ئەو شۆڕشە جەماوەرییە کاتی شەهیدکردنی «شوانە قادری» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی یان ئەو مانگرتنە بۆ شەهید «فەرزاد کەمانگەر» کە سەرانسەری کوردستانی تەنیبوو لەو نموونانەن کە بەداخەوە کوردستان تەنها خۆی بەڕێوەی ئەبرد، بەڵام وەک خۆی ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو لە چالاکیی مەدەنیی ڕۆژهەڵات و لە مێژووی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتدا تۆمار کرا. ئەگەرچی بەهەمان شێوەش لە شۆڕشە بەرفراوانەکەی ساڵی ٨٨ پاش نۆیەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی کە ئەو ساختەکارییە و دەستبردنە ناو دەنگی دەنگدەران بووە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران، بەڵام سەرەڕای ئەوەی سەرانسەری ئێران چاوی لە ناوچە کوردنشینەکان بوو کەچی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ پەرچەکردارێکی بەنیسبەت ئەو ڕووداوانە نیشان نەدا کە دواتر لێکۆڵەرانی سیاسی پێیان وابوو کە ئاسایییە خەڵکی کوردستان خۆی ناخاتە داوی نێوان دوو باڵی بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازەوە و کێشەی کورد و کوردستان قووڵتر لەو شەڕەیەکە ئەو دوو باڵە سازیان کردووە و هەر دوو لا نیشانیان داوە کە لە کاتێکدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە وەک پرۆژەیەکی ئەمنی لە کوردستانیان ڕوانیوە.

ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەم دوایییەی ئێران و ئەو شەپۆلەی لە ڕێبەندانی ساڵی ۹٦ لە لایەن چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای ئێرانی لە زۆرتر لە سەد شار کەوتە ڕێ، بە جۆرێک بوو کە هەر جۆرە مەشروعیەتێکی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سڕیەوە، تا ڕادەیەک کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کەوتنە قەیرانی دەسەڵاتدارییەوە و زۆری نەمابوو ئەو هەوڵانە بە ئەنجام بگات و کۆتایی بە نزیک چوار دەیە زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی بێت. بەڵام چی بوو و بۆچی بە ئەنجام نەگەیشت و ناڕەزایەتییەکان درێژەی نەبوو جێی تێڕامانە و دەبێ لەسەری بکۆڵینەوە. لەم ناوەشدا پرس ئەوەیە کە بە ئەزموون بۆمان دەرکەوتووە سەرجەم ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە کوردنشینەان لەگەڵ نارەزایەتییەکان لە ناوچەکانی دیکەی ئیراندا هاوکات نەبووە. بە پێچەوانەکەشی هەر کات ناڕەزایەتییەکی سەرانسەری لە ئێران ڕویداوە جمووجووڵێکی وا لە کوردستان نابیندرێ.

ئێستا پرس ئەوەیە کە ئایا دەتوانین بڵێین کە تاکی کورد بەو ئاستە لە وشیاری گەیشتووە کە چیدی نابێتە داردەستەی دوو باڵی سیاسی لە ئێران کە دواتر کێشەکانیان بەسەر کوردا هەر دەشکێننەوە و ئەم شەڕە شەڕی ئەوان نیە و شەڕی کورد شەڕی شوناسی نەتەوایەتییە لەگەڵ شوناسێک کە خۆی بە باڵادەست ئەزانێ و نەتەوەکانی دیکە دەستەمۆ ئەکات. ئایا ئەتوانین بڵێین ئێستا کورد پاش تاقی کردنەوەی هەموو ڕێگاکان بەو ئەنجامە گەیشتووە کە مسۆگەرکردن و چەسپاندنی مافەکانی تەنها بە مافی دیاری کردنی چارەنووس و خۆبەڕێوەبەری جێبەجێ ئەبێت.

ئێستا لە دۆخێکدا دەژین کە کورد پاش چل ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی کار و بارەکاندا لە  ئێران نییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ حیزبێکی کوردی ڕێگەی پێ نادرێ بە شێوەی فەرمی چالاکی و تەنانەت نوێنەرایەتیی شەقامی کوردی بکات. ئەوەی لەپەرلەمانیش بە ناوی نوێنەری کوردەوە هەیە سەرجەم نوێنەری ڕژێمی تارانن و گوێڕایەڵی دەسەڵاتی ناوەند.

  لەم حاڵەتەدا کورد دەبێ چۆن دانوستان لەگەڵ تاران بکات و چۆن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ناوەوە و دەرەوی ئێران مامەڵە بکات؟ دەبێ بە چ گوتارێک بکەوێتە دانوستان. ئەو هەموو ئەزموونەی ئەم چەن ساڵەی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە نە کۆماری ئیسلامی و نە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە دانیان بە مافی کورددا نەناوە. ئەمەش بەشێکی ئەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەیی و یەکدەنگ نەبوونی هیزی کوردی بە هەموو حیزبەکانیەوە و هەروەها یەک گوتار نەبوون و سەر لێ شێواویی کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا. ئەگەرچی باش دەزانین لە ئەگەری یەکدەنگ بوون و یەک هەڵوێست بوونی کۆمەڵگای کوردی، رەنگە دەسەڵاتداران دیسان هەر ملکەچی ویست و داخوازییەکانی کوردستانییان نەبن، بەڵام بە ئەزموون بۆمان دەرکەوتووە کە هەر کات حیزبەکان بەهێز بوون و چالاکانی مەدەنی لە ناوەوە پڕهەڵوێست و شێلگیرانەتر هەڵسوکەوتیان کردووە بە واتایەک هێزی شار و شاخ بەیەک ئاراستە و لەوپەڕی تواناکانیاندا دەرکەوتوون، دەسەڵاتی تاران بە جۆرێکی تر لە دۆزی کوردی ڕوانیوە. نموونەیەکی بەرچاو کە لەم دواییانەدا ڕووی دا کاتێ ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧ سێ چالاکی سیاسیی کورد ڕامین حوسەین پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی لە سێدارە دران و هاوکات بنکەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات لە کۆیە لەلایەن سوپای تیرۆریستی پاسدارانەوە مووشەکباران کرا، ئەم ڕەفتارە قیزەونانەی کۆماری ئێسلامی بووە هۆی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستان. بەجۆرێک لەسەر داوا و بەیانییەی سەرجەم حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی ٢١ی خەرمانان وەک مانگرتنی سەرانسەری دەسنیشان کرا. سەرەڕای تۆقاندن و چاوترساندنی خەڵک و چالاکانی مەدەنیی کورد و پڕۆپاگەندەی زۆرەوە، وەک بینیمان نەوەد لە سەدی خەڵکی کوردستان لە مانگرتنێکی بێ وێنەدا کار و چالاکییەکانی خۆیان ڕاگرت. ئەم مانگرتنە بەجۆرێک دەنگدانەوەی بوو کە تەنانەت بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و یەک لەوانە سەردار ڕەجەبی، فەرماندەی سوپای ناوچەی کوردستان لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وەک گلەیی و گازندە لە خەڵکی کوردستان دانی بەو مانگرتنە چاوەڕوانکراوەدا نابوو. ئەمەش دەری دەخات کە هێزی مەدەنیی کورد لە تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی دەنگدارترە و هێشتا خەڵک بە حیزبە کوردستانییەکان وەفادارن.

 ئەم بە دەنگەوە چوونەی حیزبەکوردییەکان لە لایەن خەڵکەوە بێ گومان ئەرکی حیزبەکانی قورستر کردووە و خەڵک چاوەڕێی پرۆژە و پلانی گونجاوتریان لێ ئەکەن و چالاکییە فەرهەنگی، سیاسی و تەنانەت نیزامییەکان دەبێ لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵکدا بێت. هیزی نیزامی نەک وەک ئەوەی لە ئێراندا وەک هێزێکی سەرکوتکەر هەیە، بەڵکوو هێزی نیزامیی کورد هێزێکە بۆ پاراستنی خەڵک و وەک هێزێکی ڕزگاریدەر چاولێ ئەکرێ و دەبێ ئەمەش بزانین کوردستان ئێستا و زۆرتر لە هەمیشە لە دۆخێکی نائاساییدا دەژی. داگیرکەران تۆختر لە جاران  وەک کۆلۆنیالیزم و ژێردەستە چاو لە کوردستان ئەکەن بۆیە دەبێ کورد خۆی بە هەندێ قسەوە نەخڵاوێنێ و لە پەنای پتەو کردنی هێزی مەدەنی، هێزی نیزامی و باڵی نیزامیی قایم‌تر و بەهێزتر بێت.

ناسیۆناڵیسم وەک میوەی سەردەمی مودێڕن هێشتا بەرەیەکی ئەتۆی بۆ کورد نەبووە و زۆربەی وڵاتان لەم هەلە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کەڵکیان وەرگرت و کورد بەو هەموو بەرەنگاری و بزووتنەوەیەوه تا ئێستا نەیتوانیوە دۆزی خۆی یەکلا بکاتەوە. راستە هەندێ هۆکار و بەربەست هەیە کە بڕێکیان لەدەرەوی ئێرادەی نەتەوەی کورددا بووە، بەڵام بڕێکیشی ڕووبەڕووی بزووتنەوەی کوردی ئەبێتەوە کە ئەمەش دەبێ نوخبەی سیاسی و قەڵەم بەدەستانی کورد بە دەیان پەرتووک و وتار لەسەری بکۆڵنەوە و لایەنەکانی دەربخەن کە بەداخەوە لەم بوارەشدا کورد کەمتەرخەم بووە و ئارشیو و کتێبخانەی کوردی بۆش و بەتاڵە. وەک چۆن مێژووەکەی کە ڕۆژهەڵاتناسان یان ئەویدی و نەیارانی بۆیان نووسیوە، ڕەنگە چاوەڕوانی ئەوە بین کە هەر ئەمەش دیتران بۆمانی بکەن و لە ئەنجامدا دیترانیش مافی خۆمان دوودەستی پێشکەشمان بکەن. ئەوەی ڕاستی بێت وەک ئەرک لەسەر حیزبەکانە کە لە نەبوونی هەرچەشنە دەزگا و ڕێکخراوەیەکی کوردیدا، هەلێک بۆ قەڵەم بەدەستان بڕەخسێنن و ئاوڕێکی جیددی لەم کێشەیە بدەنەوە.

لە کوردستاندا هێشتا هیچ بنەمایەکی فیکری کە ناسیۆنالیسمی کوردی تێیا تیۆڕیزە بکەینەوە لەئارادا نییە و هەرچی هەیە تەنها هەنێ هەست و نەستی کرچ و کاڵە. پێویستە لەم ناسیۆناڵیسمە بەدەویە بەرەو ناسیۆناڵیسمێکی عەقڵانی هەنگاو بنێت. ڕاگرتنی هێزی شار( باڵی مەدەنی) و شاخ (باڵی نیزامی) و هاوسەنگییەک لە نێوانیاندا دەتوانێ بزووتنەوەی کوردی بەرەو پێشەوە ببات.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان