ئارامتر بخوێنەوە!

ئەرکی میدیا
بە هێزکردنی هزری ئاشتی و پەرەدان بە مافەکانی مرۆڤ یا ئامرازێک بۆ شەڕ و داپڵۆسین

عەبدوڵلا حیجاب


“بەبێ لەبەرچاوگرتنی شێواز، چەندایەتی و چۆنایەتیی کاناڵە میدیاییەکان، خودی دیاردەی میدیا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بووە بە نزیکترین هاوڕێ و تەنانەت شەریکی ژیانی ڕۆژانەی زۆربەی مرۆڤەکان. لە کۆمەڵگاشدا میدیا هەم ئەکتەرە و هەمیش ناوەندێکی هێزە کە کاریگەریی لەسەر ڕەهەندە سەرەکییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دادەنێت و ڕێڕەوی ڕای گشتی دیاری دەکات. لەو ڕوانگەیەوە میدیا وێڕای ئەوەی کە دەوری کاناڵ و ئامراز دەگێڕێ، وەک ئاکتۆریش هاتۆتە گۆڕەپانەوە و چالاکانە لە کۆمەڵگا، سیاسەت، بەڕێوەبەری، دەسەڵات، کولتوور، شێوەی ژیان، و پەروەردە لە لایەک و سەرکوت، دژایەتی و ململانێیەکان لە لایەکی ترەوە دەور دەگێڕێ.”


پڕەنسیپی دابەش کردنی دەسەڵات هەر لەو کاتەوە کە فەیلەسۆفی ناوداری فەرانسەیی مۆنتێسکیۆ (Charles Louis de Secondat Montesquieu) لە ساڵی ١٧٤٨دا‌ هێنایە نێو گوتاری سیاسی و دواتر لە دەستووری بنەڕەتیی سیستمە دێمۆکراتیکەکاندا وەک بنەمای دێموکراسی جێگیر کرا، دەسەڵاتی سیاسیی لەنێوان قانووندانان، بەڕێوەبەری و دادوەریدا دابەش دەکات. ئەو دابەشکردنەی دەسەڵات، ئەگەر لە هەموو وەڵاتەکانی جیهانیش جێبەجێ نەکرابێت، لانیکەم پڕەنسیپێکە کە لە سەرانسەری جیهاندا دەناسرێت. بەڵام لە سەردەمی نوێ و لە ڕەوتی گەشەکردنی سیستەمی بەڕێوەبەری لە دێمۆکراسییە پێشکەوتووەکانی جیهاندا ساڵانێکە باسکردن لە هێزی چوارەم وەک یەکێکی دیکە لە بنەماکانی دێمۆکراسی کەوتۆتە نێو گوتاری سیاسییەوە. هێزێک کە دەبێت لە بەرامبەر دەسەڵاتدا چاو، گوێ و دەنگی جەماوەر بێت و بە شێوەی بەرچاو (عەینی)‌هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداران هەڵسەنگێنێت، کۆمەڵگا ئاگادار و وشیار بکاتەوە و لە هەر جێیەک بێعەداڵەتی، نایەکسانی یا زۆردارییەک هەبوو زەقی بکاتەوە و بیکات بە ڕۆژەڤ‌. هەر چەند چەمکی چاوی خەڵک یا هێزی چوارەم، جارێ هاوشێوەی پڕەنسیپی دابەشکردنی دەسەڵات نەبووە بە چەمکێکی جیهانگیر، بەڵام نیشاندەری گرینگیی دەوری میدیا و قورسایی ئەرکێکە کە میدیای بەرپرس لە کۆمەلگا دا دەبێ پێی هەستێ.

هەڵە نییە ئەگەر ئیدیعا بکرێت‌ کە میدیا و ڕاگەیاندن بەهێزترین و کاریگەرترین ئامرازی شوێندانەر لەسەر کۆمەڵگا و ڕەوتە کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسییەکانن‌. کە باسی میدیا دەکرێت، مەبەست کۆی گشتیی هەموو ئەو دەزگا و کاناڵانەیە کە بۆ پێوەندی گرتنی خێرا و هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆری خەڵک بە کار دێن و لە ڕۆژنامە و گۆڤار و میدیای نووسراوە ڕا بگرە تا هەموو کاناڵەکانی دەنگ و دیمەن لە خۆی دەگرێت. لە ڕێگای ئەو پێوەندییە خێرا و فراوانەوە، کاناڵە میدیاییەکان هەوڵ دەدەن زانیاری، ئاگاداری و ڕا و بۆچوون بگەیەننە زۆربەی خەڵک و هەر بە هەمان شێوەش دەبێ زانیاری، ئاگاداری و ڕا و بۆچوونی کۆمەڵگاش بگوێزنەوە. بە گەشەپێدانی کاناڵەکانی ڕاگەیاندن و پێوەندی گرتن و شۆڕشی ئینتەرنێت، ئێستا میدیا کەم تا کورتێک تا ئاستی میدیای تاکەکەسیش بەرفراوان بووە و میدیای کۆمەڵایەتی و کاناڵە دیجیتاڵییە تاکەکەسیەکانی ڕادەربڕینیش دەگرێتەوە. بەڵام لە باسی میدیا گشتییەکان (Mass Media)دا مەبەست تەنیا ئەو سەچاوانەی ڕاگەیاندنە کە بە پشتیوانیی لایەنێکی دەسەڵات جا چ دەوڵەتی بێ یا نادەوڵەتی، کۆمپانیایەکی میدیایی یا ئوتۆریتەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی، ئابووری و هتد بەڕێوە دەچن. میدیای کۆمەڵایەتی وەک کاناڵی ڕادەربڕینی تاکەکەسی، شێوازێکی جیاواز لە میدیا گشتیەکانە و بە شێوەی سەرەکی دەکەوێتە خانەی ڕادەربڕینی تاکەوە، هەر چەند دیاری کردنی سنووری نێوان کاناڵی دەربڕینی ڕای تاکەکەسی و میدیای گشتی زۆریش ئاسان نیە.
بە گەشەی تەکنۆلۆژی، گۆڕانی شێوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرهەڵدانی زۆر کاناڵی دیکەی میدیایی دەوری هەر کام لەو کاناڵانەش‌ بە پێی کات و شوێن گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەگەر بە شێوەی فەرمی و بە پێی پێوانەی دیاریکراویش نەبێ، یەکەم دەزگای میدیایی جیهان کە ڕۆژنامەی (Nieuwe Tijdingen) بوو و لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٦٠٥ لە حەوتوودا دوو جار لە شاری ئانتوێرپنی پێتەختی هەرێمی فلامان لە بەلژیکی ئەمڕۆدا بڵاو کرایەوە ئەو ئەرکەی وە ئەستۆ گرت کە لە میدیای سەردەم چاوەڕوان دەکرێ. لەو کاتەدا شاری ئانتوێرپن لەلایەن سوپای سپانیۆلەوە گەمارۆ درابوو و خەڵکی شار لەژێر گوشاری شەڕ و گەمارۆدا تووشی چارەڕەشی، نەهامەتی و گرفتی زۆر ببوون. ڕۆژنامەی نیوتیدینگن بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی خەڵک، ڕەوشی گشتیی شار و خۆڕاگریی دانیشتووانی هەوڵی دەدا تیشک بخاتە سەر ئەو زوڵم و ناعەداڵەتییەی کە بەسەر خەڵکی بێبەرەڤاندا سەپابوو. لەو سەردەمەڕا تا سەردەمی سینەما لە ساڵی ١٨٨٠ دا، دواتر ساڵی ١٩٢٠ کە یەکەم ئێزگەی ڕادیۆیی لە شاری دێترۆیتی میشیگان لە ئامریکا دەستی بە وەشانی هەواڵ کرد (سیگناڵی ڕادیۆیی لە ساڵی ١٩٠٦ەوە بە کار دەهاتن) و دواتر لە ساڵی ١٩٢٦ دا کە یەکەم سیگناڵه تەلەڤیزیۆنییەکان وەگەڕ کەوتن، ڕۆژنامە گەورەترین و گرینگترین دەنگی میدیایی بوو. بەڵام بە سەرهەڵدانی کاناڵی ڕکەبەر و بە هێزتر و کاریگەرتری وەکوو فیلم، ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن و ئێستاش ئینتەرنێت و تێکنۆلۆژیی ژیر (Smart) ئێستا ڕۆژنامە کاریگەری جارانی لەسەر کۆمەڵگا یا بۆ کۆمەڵگا نەماوە. بەڵام لە فۆرمی نوێ و دیجیتاڵی خۆیدا هەر درێژە بە ژیانی دەدا و هەوڵ دەدات ئەرکی میدیایی خۆی لە قاڵبێکی هاوچەرخدا بەردەوام بکات.
بەبێ لەبەرچاوگرتنی شێواز، چەندایەتی و چۆنایەتیی کاناڵە میدیاییەکان، خودی دیاردەی میدیا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بووە بە نزیکترین هاوڕێ و تەنانەت شەریکی ژیانی ڕۆژانەی زۆربەی مرۆڤەکان. لە کۆمەڵگاشدا میدیا هەم ئەکتەرە و هەمیش ناوەندێکی هێزە کە کاریگەریی لەسە‌ر ڕەهەندە‌ سەرەکییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دادەنێت و ڕێڕەوی ڕای گشتی دیاری دەکات. لەو ڕوانگەیەوە میدیا وێڕای ئەوەی کە دەوری کاناڵ و ئامراز دەگێڕێ، وەک ئاکتۆریش هاتۆتە گۆڕەپانەوە و چالاکانە لە کۆمەڵگا، سیاسەت، بەڕێوەبەری، دەسەڵات، کولتوور، شێوەی ژیان، و پەروەردە لە لایەک و سەرکوت، دژایەتی و ململانێیەکان لە لایەکی ترەوە دەور دەگێڕێ‌. ئەو کاریگەرییە لە سۆنگەی ئەرک و ئەخلاقی میدیاییەوە حوکم دەکا کە دەزگا میدیاییەکان دەرفەتی یەکسان‌ بۆ تاک و کۆمەڵ پێک بێنن تا بۆچوون، تێڕوانین و ویستی خۆیان دەرببڕن، بۆ بەرەو پێش بردنیان هەوڵ بدەن و چالاکانە لە باس و گفتوگۆکانی نێو کۆمەڵگادا بەشداری بکەن.

لە سەرەتای دامەزرانی دەزگا میدیاییەکانە‌وە، هەموو کاناڵەکان کەم تا کورتێک بە شێوەی یەکسان بەشێک لە ئەرکە میدیاییەکانیان جێبەجێ دەکرد و هەوڵیان دەدا بە گێڕانەوەی ئۆبژەکتیڤ (بەرچاو) و تیشک خستنە سەر ڕووداوە گرینگەکان ببنە جێی متمانەی خەڵک. بەڵام لە ساڵەکانی ٣٠ سەدەی بیستەمدا ئەو پڕەنسیپە گۆڕانی گرینگی بە سەردا هات کاتێک کە وەزیری پڕۆپاگەندەی ئادۆلف هیتلێر لە ساڵەکانی ١٩٣٣ تا ٤٥، ژووزێف گۆبێلز (Joseph Goebbels) هەموو میدیاکانی وەڵاتی خستە خزمەت پڕۆپاگەندە بۆ ئایدیۆلۆژی نازیسم و بەرنامەی شەڕی ئالمانی نازی و شەخسی هیتلێرەوە. گووبێلز پێی وابوو “ئەگەر درۆیەک زۆرجار دووبارە بکرێتەوە‌، لە کۆتاییدا خەڵک وەک ڕاستی بڕوای پێ دەکا”. بە پشت بەستن بەو تێڕوانینە، ئەو بەهێزترین کۆمپانیای پڕۆپاگەندای سەردەمی وەرێ خست و تا ئەو شوێنەی هێزی ئالمان بڕی دەکرد، پرۆپاگەندای نازیسمی لە کۆمەڵگادا بڵاو کردەوە. بەو شێوەیە، گۆبێلز میدیای لە ئامرازی ڕاستوێژی و گێڕانەوەی ڕووداەکانی نێو کۆمەڵگاوە گۆڕی و کردی بە ئامرازی شکڵ پێدانی ڕەوتێکی نوێی سیاسی، ئایدیۆلۆژی و کۆمەڵایەتی.

ڕەنگە لەو سەردەمەدا تەنیا سیاسەتی ڕاگەیاندنی گۆبێلز نەبووبێت کە میدیای کردبێتە ئامرازی دەستی دەسەڵاتداران لە دژی خەڵک، بەڵام سیاسەتی ئەو بوو کە وەک لێوەگەر و سەرچاوەی ڕەهەندێکی نوێی میدیایی بۆ سیستەمە دیکتاتۆرەکان کەڵکی لێ وەرگیرا. دوو ناوەندی دیکەی پرۆپاگەندا کە میدیا و کاناڵەکانی ڕاگەیاندنیان بە شێوەی چالاک بۆ پەرەپێدانی ڕاوەستگەی سیاسیی دوو سیستەمی سیاسی جیاواز بە کار دەهێنا، واتا یەکیەتی سۆڤیەت و بەرەی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئامریکا لەو سەردەمەدا نەیاندەتوانی لە گەڵ دەزگای پڕۆپاگەندای ئالمانی هیتلەری پێشبڕکێ بکەن. ئەگەر پێشبڕکێشیان کردبا، دەوری ئەوان وەکوو پڕۆپاگەندەی بەربڵاوی نازیستەکان کاریگەر ‌نەبوو.
دەوری میدیا لە سەر کۆمەڵگا و بۆ هاندان یا شکڵ پێدانی ڕای گشتی لە ساڵەکانی پاش شەڕی جیهانیی دووهەمەوە هەر دەهات و زیاتر دەبوو. هەر بەو پێیەش خراپ بەکارهێنانی ئەو دەزگا گرینگه ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر ئالنگاری دروست دەکرد، بە تایبەت چونکە میدیا وردە وردە وەکوو یەکێک لە ئەکتەرە هەرە بەهێزەکان لە کۆمەڵگادا دەوری دەگێڕا. لە لایەکی دیکەوە بەکارهێنانی میدیا وەک ئامرازی دەسەڵات بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی کینە و نەفرەت و کاریگەرییە خراپەکانی ئەو شێوە کارەی میدیایی، مەترسیی لێکترازانی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکرد. بۆیە هەر لە ساڵەکانی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی دووهەمەوە کۆمەڵگای جیهانی، ڕووناکبیران، ناوەندە زانستی و میدیاییەکان خۆیان ناچار دەدیت‌ بکەونە بیری دانانی هێندێک پێودانگ و پڕەنسیپی گشتگیر بۆ کاری میدیایی. لە ژێر ڕووناکایی ئەو گەشەکردنانەدا بوو کە یەکەم کۆدە ئەخڵاقییەکان بۆ کاری میدیایی لە ساڵی ١٩٤٧ دا و لە ڕێگای کۆمیسیۆنی ناسراو بە کۆمیسیۆنی هوتچین (Hutchins Commission) کە بە ناوی سەرۆکی زانکۆی شیکاگۆ و سەرۆکی ”کۆمیسیۆنی دیاریکردنی کارکردی شیاوی میدیایی لە دێمۆکراسیی هاوچەرخدا“ ناودێر کرابوو دانران. بەپێی ئەو پێوەرانەی کە ئەو کۆمیسیۆنە بنەمای بۆ دانابوو، ڕۆژنامەوانان و کاناڵە میدیاییەکانی دەبێ‌ لە بەرامبەر هەواڵ و وەشانیاندا بەرپرس و وەڵامدەر بن و لە کاری میدیاییدا پێڕەوی لە هێندێک خاڵی هاوبەشی ئەخلاقی بکەن تا میدیا بتوانێ نەک تەنیا خزمەتی خاوەنەکانی بەڵکوو خزمەت بە کۆمەڵگا بکا. ئەخلاقی میدیایی لە ڕاستیدا مانیفێستی کاری میدیاییە کە لە فێرگە زانستییەکانی پەروەردەی میدیاکاردا بە بنەما دەگیررێت و ڕووی لەو تاکانەیە کە کاری میدیایی دەکەن. هاوتەریب لەگەڵ ئەخلاقی میدیایی سنوورێکیش بۆ ئەرک و پێوانە میدیاییەکان دیاری کراوە کە لە جیهانی دڵخواز یا ئیدەئالدا دەتوانێ میدیا بکاتە ئەو کاناڵەی کە یارمەتیدەری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرەو ئاشتی، پێکەوەژیان و گەشانەوە بێ.
کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بە تایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لە ساڵەکانی ٧٠ی سەدەی ڕابردووەوە کەوتنە بیری دانانی کۆمەڵێک پڕەنسیپ و چوارچێوەیەکی ئەخلاقی جیهانگیر بۆ کاری میدیایی. ڕۆژی ٢٨ی مانگی نوامبری ساڵی ١٩٧٨ یونسکۆ، بە پشت بەستن بە بەیاننامەی دامەزرانی خۆی، بەیاننامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ (ساڵی ١٩٤٨) و زنجیرەیەک پرەنسیپ و بەیاننەمەی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ١١ خاڵ پێک هاتووە کۆمەلێک ئەرک و پێوانەی بۆ میدیا و ڕاگەیەنە گشتیەکان دیاری کرد و بە دەوڵەتەکانی ئەندامی ڕا‌سپارد تا جێبە‌جێیان بکەن. لە بەندی ٢ی خاڵی ٢ی ئەو بەیاننامەیەدا کە بە “بەیاننامەی پڕەنسیپە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە یارمەتیدانی میدیای گشتی بۆ بە هێزکردنی ئاشتی و لێک تێگەیشتنی نێونەتەوەیی، پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ و دژایەتی کردنی ڕاسیزم، ئاپارتاید و هاندانی شەڕ‌“ ناودێر کراوە، بە ڕاشکاوی دەگوترێ: دەست پێڕاگەیشتنی جەماوەر بە زانیاری دەبێ لە ڕێگای سەرچاوە و کاناڵی جیاوازەوە بە شێوەیەک مسۆگەر بکرێ کە هەر تاکێک بتوانێ بۆ خۆی ڕاستیی ڕووداوەکان کۆنتڕۆڵ بکا و بە شێوەی بەرچاو یا عەینی هەڵیانسەنگێنێ. بە لە بەر چاو گرتنی ئەو مەبەستە، دەبێ دەستی ڕۆژنامەوانەکان ئاواڵە بکرێ تا بە ئازادی ڕاپۆرت ئامادە بکەن و دەستیان بە سەرچاوەگەلی نەشێوێنراوی زانیاری ڕا بگا. هەر وەها گرینگە کە میدیاکان گوێڕایەڵ و وەڵامدەری پڕسیارەکانی خەڵک و تاکەکان بن و بەو شێوەیە “ڕێگا بۆ بەشداری کردنی جەماوەر لە گەشەپێدانی زانیاریدا خۆش بکەن”.
هەر وەها لە بەندی ٣ی هەمان خاڵدا پێداگری دەکرێت کە “میدیا لە هەموو جیهاندا لە پێناو بە هێزکردنی ئاشتی و لێک تێگەیشتنی نێونەتەوەیی، بۆ پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ و تێکۆشان لە دژی ڕاسیزم، ئاپارتاید و شەڕخوازی، دەبێ بە پشت بەستن بە ڕۆڵی خۆی بۆ پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەت بکەوێتە خزمەتی کۆمەڵگاوە و ببێ بە دەنگی گەلانی ژێردەست کە لە دژی کۆلۆنیالیزم، کۆلۆنیالیزمی نوێ و داگیرکاریی بیانی و هەموو شێوەکانی دووچاوکی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و ژێر چەپۆکی خەبات دەکەن، بەڵام لە وەڵاتی خۆیان دا دەرفەتیان پێ نادرێ کە دەنگیان بەرز بکەنەوە”. ئەو پڕەنسیپانە دەوڵەتەکان و بە هەمان ڕادەش خاوەن کۆمپانیا گەورە میدیاییەکان بەرعۆدە دەکا تا سەربەخۆییی کاری میدیایی مسۆگەر بکەن و ڕێگا بدەن میدیا بە شێوەی چالاک ئەرکی خۆی لە گۆڕەپانی پێڕاگەیاندنی دەنگی ئەو کەس و لایەنانەی کە جڵەوی دەسەڵاتیان بە دەستەوە نییە بەجێ بگەیەنێت. ‌
گۆڕەپانێکی نوێ و گرینگی دیکەی هێزی میدیا کە لە ساڵەکانی ٩٠ی سەدەی ڕابردووەوە زیاتر خۆی نواند دەوری میدیا لە داپۆشینی قەیرانە جیهانیەکاندا بوو کە تەنانەت دەیتوانی کاریگەری لە سەر پارسەنگی هێز لەنێوان دەزگا خاوەن نفووزەکانی دەسەڵاتداریدا دابنێ. لە مانگی ژانوییەی ساڵی ١٩٩١دا کاتێک هێزەکانی ئامریکا ئۆپەراسیۆنی باهۆزی سەحرایان لە دژی هێزەکانی عێراق دەست پێ کرد، جۆرج بووش سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا ددانی بەو ڕاستییەدا نا کە هەواڵەکانی شەڕ بەر لە CIA لە ڕێگای CNNەوە پێ دەگەن. ئەو قسەیە تەنیا پرۆپاگەندەیەکی CNN بۆ نیشاندانی دەوری یەکەمی ئەو کاناڵە لە ڕاگەیاندنی هەواڵ و دەنگ و باسەکانی شەڕی کەنداودا نەبوو، بەڵکوو نیشاندەری سەردەمێکی نوێ بۆ دەسەڵاتی میدیایی لە جیهاندا بوو.
وێڕای کاری ڕاگەیاندن و زانیاری، یا گواستنەوەی دەنگ و داخوازیی خەڵک و تیشک خستنە سەر کەموکووڕی و نابەرابەرییەکان، ساڵانێکە کە میدیا وەکوو گرینگترین ئامرازی پەروەردە و پێگەیاندن، بڵاوکردنەوەی کولتوور و ڕەهەندە کولتوورییەکان، خۆشی دیتن لە کاتی بێکاری و پشوودان و ناوەندی باس و گفتۆگۆی پێوەندیدار بە ژیان، بیروبڕوا، هزر، سیاسەت، ئابووری، ژینگە و هتدیش کار دەکا. بە کردەوە گۆڕەپانی چالاکی و دەسەڵاتی میدیا ئەمڕۆ چیتر سنوور ناناسێ. بۆیە دەستپێڕاگەیشتن بە میدیا و شێوەی بە کارهێنانی، لە ڕاستیدا بووە بە سەرچاوەیەکی کاریگەری هێز و تواناییەکی بێسنووری پێ بەخشیوە. ئێستا ئیدی‌ دەسەڵاتی میدیا وەکوو هێزی چوارەم نە تەنیا هیچ جێی گومان نیه، بەڵکوو ئەو ئەگەرەشی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە کە میدیا لەنێو ئەو چوار هێزەی دەسەڵاتدا دەتوانێ کاریگەرترین و گرینگترینیان بێ.

بە هەڵکشانی ڕادەی پێشبڕکێ و پەرەگرتنی ناکۆکی و جیاوازییەکان لە جیهانی ئەمڕۆدا، ساڵانێکە کە زۆربەی کاناڵە مێدییاییەکان، بە تایبەت کاناڵەکانی سەر بە دەسەڵات‌ هەر دێ و زیاتر لەو پڕەنسیپ و پێوەرە ئەخڵاقییانەی کە لە ئەنجامی حەز و ئاواتەکانی مرۆڤایەتیدا دەستنیشان کراون دوور دەکەونەوە. ساڵانێکە ئەرکی میدیای فەرمی لە زۆر شوێن، بە تایبەت لە وەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا بە تەواوی گۆڕراوە و لە جیاتیی دەنگی خەڵک، کراوە بە ئامرازێکی کاریگەری شەڕی تایبەتی دەسەڵاتداران لە دژی خەڵک و داخوازییەکانیان. ئەو ڕەوشە لە وەڵاتە دیکتاتۆرەکانی زاڵ بە سەر کوردستان، و بە تایبەتیش لە ئێراندا زیاتر وەبەرچاو دەکەوێ. چونکە کۆماری ئیسلامی هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وەڵاتی کردوە بە سەرچاوەی درۆ، چەواشەکاری، پەرەپێدانی کۆنەپەرستی، هاندانی خەڵک لە دژی یەکتر، ئامرازی شەڕ و داپڵۆساندن، ئامرازێک بۆ پێش پێگرتن بە گەشەکردنی کولتووریی نەتەوەکانی دەرەوەی بازنەی دەسەلات، هێرشی فەرهەنگیی دەسەلاتداران لە دژی فەرهەنگی گەلانی ژێردەست و کپ کردنی دەنگی خەڵک.

هەمووی ئەو لایەنە نەرێنییانە هەم بە کردەوە و هەمیش بە فەرمی و لە چوارچێوەی دەستووریدا لە ئەساسنامەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە پشت بەستن بە خاڵی ١٧٥ی دەستووری بنەڕەتی ڕێژیم ئامادە کراوە بە شێوەیەکی زەق دەبینرێن. بە پێی خاڵی ٧ی ئەساسنامەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، دامەزراندنی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن لە ئێران تەنیا و تەنیا لە ژێر چاوەدێری و بە دەستووری سازیی دەنگ و ڕەنگ ئەنجام دەدرێ و لادان لەو ئەسڵە سزای دەستووری بەدواوە دەبێ. هەموو ڕۆژنامەکان، گۆڤار، بڵاوکراوە و ناوەندەکانی وەشان دەبێ لە ڕێژیم دەستوور وەربگرن و بە پێی پێوانە دیاریکراوەکانی دامودەزگا دەوڵەتییەکان کار بکەن. زۆر جاریش هەر خودی ئەو پێوەرانە دەخرێنە ژێر پێ و میدیا دەبێ تەنیا ببێتە پەسنبێژی ڕێبەر و نرخە دیاریکراوەکانی ئەوەوە. خاڵی ٩ی ئەساسنامەی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، ئامانجی ئەو ڕێکخراوەیە بە “پەرەپێدانی فەرهەنگی ئیسلامی، دروست کردنی ژینگەی باش بۆ بەخۆداچوونەوە و پەروەردەی مرۆڤ، گەشەپێدانی چاکە ئەخلاقیەکان و و خێراترکردنی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی شۆڕشی ئیسلامی لە جیهاندا” دەستنیشان دەکا. چوار پایەی سەرەکی ئەو سیاسەتە بە پێی دەستووری کاری ئەو سازییە “بەرنامەکانی ڕێنوێنی، فێرکاری، هەواڵ و سەرگەرمین” کە دەبێ لە ڕێگای ئەوانەوە سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ئێران و جیهاندا بەرەوپێش ببرێن. ئەو سیاسەتە زۆر لایەنی وێکچووی لە گەڵ ڕوانگەی گۆبێلز بۆ کاری میدیایی و پرۆپاگەندا هەیە و ئەو دەزگایە دەکاتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەت و ڕوانگەکانی تەنیا یەک لایەنی دەسەڵاتدار، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئیرادە، داخوازی و ڕوانگە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگا.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٥٧ (سەرەتای ١٩٧٩)ەوە تا ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وێڕای قەدەغه ‌کردن و دانانی سانسۆر لەسەر هەموو دەنگە جیاوازەکان، هەموو دەزگا میدیاییەکانی وەڵات، لە ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنەوە بگرە تا سینەما و فیلم و لەو دواییانەشدا سیستەمی ئینتەرنێتی خستۆتە خزمەت پەرەپێدانی کۆنەپەرستی و چەواشەکاری، هاندانی خەڵک لە دژی یەکتر، دروست کردنی کولتووری شەڕ، قین و بوغز، و ڕەوایی دان بە بێعەداڵەتی، هەڵاواردن و داپڵۆساندن. ئەو کارە بە شێوەی سیستەماتیک و لە ژێر فەرمان و بە بڕیاری وزارەتی “فرهنگ و ارشاد اسلامی”دا بەرێوە دەچێ کە هەر لە سەرەتاوە لە لایەن کۆنەپەرستترین کەسایەتی سەر بە دەزگای بەڕێوەبەری و کەسانی پەروەردەکراوی مەکتەبی ویلایەتی فەقیهەوە بەرێوە دەچێ کە پێوەری کاریان لە جیاتیی پیشەییبوون، بەستراوەبوونە.
یەکێک لە بنەڕەتیترین ئەستوونەکانی سیاسەتی میدیایی ڕێژیم سڕینەوەی شوێنەوارەکانی عەقڵانیەت و جێگیرکردنی بە دروشم و تێڕوانینی زەینی (یا سووبژەکتیڤ)ە کە بەپێی لێکدانەوەیەکی بەرتەسک لە کۆمەڵێک ئیددیعا و بڕوای غەیرە زانستی، سەرەبەنی هەموو “ڕاستییەکان” بە کورسی وەلی فەقیهەوە دەبەستێتەوە. هەر قسە یا هەڵوێستێک کە بە دڵی ئەو و لە پێناو ڕێبازی ئەودا بێ “ڕاستیی حاشاهەڵنەگر”ە، هەر وتە، کردار یا هەڵوێستێکیش کە بە دڵی ئەو نەبوو بە ناڕاست و تاوان لە قەڵەم دەدرێ. بۆیە کاتێک کە کاربەدەستێکی ڕێژیم خودا و پێغەمبەر بە شاهید دەگرێ و سەبارەت بە ڕووداوەکانی شەڕی کوردستان لە کۆتاییی پەنجاکان و سەرەتای شێستەکاندا (دەیەی ٨٠ی سەدەی ڕابردوو) بۆ وێنە دەڵێ: “لە کوردستان گۆشتی فڕۆکەوانی کوبرایان بە ٥٠٠ میلیۆن تمەن دەکڕی، خودا شاهیدە…” (پڕۆگرامی “انتهای الوند” لە کاناڵی ٢ی تەلەڤیزیۆنی ئێران مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩، دێسامبری ٢٠٢٠)، لە وەلی فەقیهەوە بگرە تا مەجلیس، دەوڵەت، دەزگای داد، سوپای پاسداران، حەوزەکانی قوم و مەشهەد و هتد نە تەنیا هیچ دژکردەوەیەک لە بەرامبەر ئەو درۆیەدا نیشان نادەن‌، بەڵکوو ئەو ئیددیعایە وە‌کوو ڕاستیی حاشاهەڵنەگر قبووڵ دەکەن و پشتیوانیشی لێ دەکەن.
پێویست ناکا کورد بی، شۆڕشگێر بی یا لایەنگری هێزە سیاسییەکانی کوردستان بی تا بتوانی زۆر بە ئاسانی بەرپەرچی ئەو درۆیە، کە پشتیوانیی باڵاترین لێوەگەری ئایینی ڕێژیمیشی لە گەڵە و لە میدیای فەرمیدا پڕوپاگەندای بۆ دەکرێ بدەیەوە. لە ساڵی ١٣٥٧ەوە تا ساڵی ١٣٥٩ نرخی دۆلار لە ئێران ٧ تمەن بوو، ساڵی ١٣٦٠ نرخی دۆلار بوو بە ٨ تمەن. تەنیا لە ساڵەکانی ٥٨ و ٥٩ و بە تایبەت لە شەرەکانی پاوە، سنە و شەڕی ٣ مانگەی ڕێژیم لە دژی خەڵکی کوردستاندا بوو کە هلیکۆپتێرەکانی ڕێژیم دەوری چالاکیان لە شەڕدا هە‌بوو و بە مەترسی دەژمێرران. بەو پێیە نرخی سەری هەر فڕۆکەوانێکی ڕێژیم لەو کاتەدا هەفتا و یەک میلیۆن و چوارسەد و بیست و نۆ هەزار دۆلار بووە. لە کاتێکدا کە هەموو بوودجەی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨دا دووسەد و چل و شەش میلیارد و سێسەد میلیۆن تمەن، واتا سی و پێنج میلیارد و سەد و پەنجا و حەوت میلیۆن دۆلار بوو. ئەگەر بە پێی قسەی ئەو فڕۆکەوانە بێ، بەو “بەدخەرجیەی” ڕێبەرانی کورد لەو سەردەمەدا، هەموو بوودجەی ئەو کاتی ئێران بەشی کڕینی سەری ٤٩٣ فڕۆکەوانی کۆبرای دەکرد. هێزەکانی کورد لەو سەردەمەدا هیچ پووڵێکیان لە بوودجەی ئێران وەدەست نەدەکەوت و لە بواری ماڵیەوە ئەوەندە دەستکورت بوون کە بە پێی ژمارەی ٢٧٨ی ڕۆژنامەی “نامە مردم” ئۆرگانی حیزبی تودە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٣٥٨، سکرتێری گشتی ئەوکاتەی حیزبی دێمۆکرات د. عەبدوڕەحمان قاسملوو ٩ میلیۆن دۆلاری لە ناتۆ وەرگرتبوو تا لە دژی کۆماری ئیسلامی شەڕی پێ بکا. هەر چەند ئەو ئیدیعایەش لە بنچینە و بنەوانەوە ناڕاست بوو، بەڵام دەردەخا کە ٩ میلیۆن دۆلار لەو سەردەمەدا پارەیەکی ئەوەندە بەرچاو بوو کە دەکرا شەڕی ڕێژیمی پێ بکرێ. لە کاتێکدا‌ ئەگەر قسەی ئەو کاربەدەستەی فڕۆکەوانی و مۆرەی جێی متمانەی ڕێبەری دینیی ڕێژیم بە بنەما بگیرێ، بە ٩ میلییۆن دۆلارەکەی ناتۆ سەهلە سەر‌، تەنانەت دوو لوولاکی لاقی فڕۆکەوانە حەفتا و یەک میلیۆن دۆلارییەکەی ئێرانیش نەدەکڕرا.
ئەوە تەنیا نموونەیەکی بچووک و تازەی خراپ بەکارهێنانی میدیا لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بۆ بەرەوپێشبردنی کولتووری کینە و دوژمنایەتی لە بەرامبەر خەڵکی کوردستاندا بوو، دەنا سەدان نموونەی لەو چەشنە هەن کە هەر کامەیان بەشی دەیان جار ڕیسوابوونی ئەو سیستەمە دەکەن کە لە پشت وەها سیاسەتێک ڕاوەستاوە. چونکە بە پێی بنەما فەلسەفیەکانی ڕێژیم‌، ڕۆژنامەنووسان و بەرێوەبەرانی کاناڵەکانی دەوڵەتی لە جیاتی پێبەندبوون بە ئەخڵاقی ڕۆژنامەوانی، دەبێ پێبەندی فەلسەفەی دەسەڵاتداران بن و لە جیاتی کاری ڕۆژنامەوانی دەبێ خۆیان لە کاری بەڕێوەبەری، حوکمدان و تەنانەت سزادانیش هەڵقورتێنن. بە پێڕەوی کردن لەو سیاسەتەیە کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمەوە هەموو کاناڵە میدیاییەکانی پشتیان لە ئەخلاقی میدیایی و پێوەرە جیهانییەکانی کاری ڕاگەیاندن کردووە و بوون بە گۆڕەپانی “ئێعتراف پێکردنی” دژبەران، شکاندنی کەرامەتی ڕەخنەگران و ئامرازی شەڕ بۆ سەپاندنی دیکتاتۆری. وێڕای چەواشەکاری، میدیاکانی کۆماری ئیسلامی لە برەوپێدان بە کولتووری شەڕ و شەرخوازی و بڵاوکردنەوەی کولتووری نەفرەت، کینە، تۆڵەئەستاندنەوە و توندوتیژیشدا وەکوو‌ ئەستوونێکی بە هێزی ماشێنی شەڕی ڕێژیم کار دەکەن. لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا زۆر زەحمەتە تەنانەت یەک ڕۆژیش ببینرێت کە تێیدا چەمکەکانی دوژمن، شەڕ، هێرش کردن، لە نێوبردن، تۆڵە ستاندنەوە و شکست دان بە جاران لە میدیاکانی ڕێژیمەوە بڵاو نەبنەوە‌ و زەق نەکرێنەوه. هەر ئەوەش بووە بە هۆکار کە سیاسەتی میدیایی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە سنووری سیاسەتی میدیایی گۆبێلزی تێپەڕێنێ و ببێ‌ بە ڕێچکەیەکی نوێتری چەواشەکاری لە بواری ڕاگەیاندندا.
جێگر یا ئالتەرناتیڤی میدیای شەڕخواز، جیاکار و پاشڤەڕۆی دەوڵەتی، میدیای ئازادە کە وێڕای گێڕانەوەی ڕاستییەکان، دەبێ بۆ بەرەوپێش بردنی ئەو نرخانەی کە لە بەیاننامە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ و پێوەرە پەسندکراوەکانی ئەخڵاقی میدیاییدا جێگیر کراون تێبکۆشن. گرینگترینی ئەو پڕەنسیپانە کە دوورەپەرێزی لە دەستتێوەردان یا کاریگەریی دەسەڵات، خۆبواردن لە زمانی زبر، سەربەخۆیی، شەفافیەت، ئازادی ڕادەربڕین، دانی زانیاری ڕاست و پشتبەستن بە سەرچاوەی جیاواز و جێی متمانەی هەواڵن، دەبێ لە کاری ڕۆژانەی میدیای ئازاددا خۆیان بنوێنن. لێرەدا مەبەست لە میدیای ئازاد ئەو میدیا زەبەڵاحانە نین کە بە سەرمایەی جیهانی یا هەرێمی و دەوڵەتی ڕۆژەڤی سیاسی جیهانیان بە دەستەوەیە و ‌هەموو ڕووداوێک لە فیلتەری پێوەرەکانی خۆیانەوە بۆ وەشان تێدەپەڕێنن. کەم لەو میدیایانە هەموو پێوەرەکانی جێگرتوو لە بەیاننەمای ساڵی ١٩٧٨ی یوونێسکۆدا پێڕەو دەکەن، هەر چەند ناکرێ هیچ کام لەو سەرچاوە و کاناڵە میدیاییانە لە گەڵ میدیای دەوڵەتی لە ناوچەی شێواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و بە تایبەت لە ئێراندا هەڵسەنگێنرێن. میدیای بەرپرس و ئازاد ئەو میدیایەیە کە دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگا بێ و تیشک بخاتە سەر ئەو گرفتانەی کە خەڵک بە دەستیەوە دەناڵێنن. ئەو دەزگا میدیاییانە دەستکورت و بێ ئیمکانن. بەڵام مەترسیدارتر لە دەستکورتی و گەورەترین هەڕەشەی سەر میدیای ئازاد، بەکارهێنانی زەخت و زۆر لە دژی ڕۆژنامەوانان و سیاسەتی دەسەڵاتداران سەبارەت بە بەرتەسک کردنی گۆڕەپانی خەباتیانە. وێڕای ئەو مەترسیە، ئالنگارییەکی دیکەی ئەو‌ میدیایەش چۆنیەتی هەڵسوکەوت، ڕووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستنیان لە کەوتنە داوی چەواشەکارییە.
ئاکامی سیاسەتی سیستەمە دیکتاتۆرەکان‌ بۆ جیهانی میدیا و تەنانەت ژیانی ڕۆژنامەوانان کارەساتبارە. ژمارەی ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە لە کار و چالاکی بێبەش دەکرێن، دەستبەسەر دەکرێن و سزا دەدرێن ساڵ بۆ ساڵ لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر دەبێ. کوشتن، هەڕەشە و دەیان شێوە و شکڵی ئەشکەنجە و زەخت لێکردن بەشێک لەو ئامرازانەن‌ کە ڕێژیم بۆ سەرکوتی میدیای ئازاد و بێدەنگ کردنی ڕۆژنامەوانەکان بە کاری دێنێ‌. لە کوردستان، بەلووچستان و هەرێمەکانی عەرەبی خووزستان بە بیانووی ئەمنیەتییەوە ڕێگا نادرێ ڕۆژنامەوانان لە سەر ڕەوشی ژیانی خەڵک و زەخت و زۆری دامودەزگا سەرکوتکەرەکان ڕاپۆرت و هەواڵی سەربەخۆ ئامادە بکەن و هەموو ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە هەوڵ دەدەن بە زمانی خۆیان یا لە سەر وەزعی خەڵکی ناوچەی خۆیان شتێک بنووسن تاوانبار دەکرێن کە بۆ نەیارانی ڕێژیم کار دەکەن. ساڵی ٢٠١٩ ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور لە ڕیزبەندی ١٨٠ وەڵاتی جیهاندا کە مافی ڕۆژنامەوانان پێشێل دەکەن، ڕۆژنامەوانان سزا دەدەن و پێش بە وەشانی ڕای ئازاد دەگرن، ئێرانی لە ڕیزی ١٧٠دا دانا. ئەو ڕیزبەندییە تەنیا کردەوەکانی ڕێژیم لە بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە وەک ڕۆژنامەوان ناسراون و لە لیستی یەکێک لە میدیا ناسراوەکاندا جێییان دیارە. ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەیشی لێ زیاد بکەین کە کاری ڕۆژنامەوانی دەکەن بەبێ ئەوەی‌ وەک ڕۆژنامەوان ناسرابن یا لە لیستی ڕۆژنامەوانان دا جێیان گرتبێ، بێگومان ئێران دەگاتە دوایین پلەی ئەو ڕیزبەندییە.

تەنیا بژاردەی بەردەست میدیای ئازاد لە ئێراندا، بەجێهێشتنی وەڵات و بەردەوامیدان بە کاری میدیایی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە. کەچی ژیانی دەرەوەی ئێرانیش ناتوانێ ئەولەکاریی ڕۆژنامەوانان و خەباتی میدیای ئازاد مسۆگەر بکا. هەر بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەی پێشوو، لە ساڵی ٢٠١٩ڕا تا کۆتاییەکانی ٢٠٢٠ ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە ٥٠ میدیاکاری دانیشتووی دەرەوەی وەڵاتی کردوە کە ئەگەر واز لە کارەکەیان نەهێنن، خۆیان و بنەماڵەکانیان سزا دەدرێن. لەو ماوەیەدا چەندین نموونە لە پەلکێش کردنی میدیاکارەکان بۆ ئەو وەڵاتانەی کە مۆرە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەربەستی کاری تێدا دەکەن، دەستگیرکردن و ڕاگوێستنیان بۆ ژێر پەتی سێدارە و گرتن و سزادانی کەسوکاری میدیاکارەکان تۆمار کراون.

دووهەمین ئالنگاری گەورەی میدیای ئازاد، وەک باسکرا نەبوونی دەرفەت بۆ هەڵسەنگاندنی ڕادەی متمانەکردن بە سەرچاوەکانی هەواڵ و مەترسی کەوتنە داوی هەواڵی چەواشەیە. هەواڵی چەواشە نە تەنیا وەک ئالنگاریی میدیای ئازاد، بەڵکوو وەکوو یەکێک لە مەترسیەکانی دێمۆکراسیش سەیر دەکرێ. بەرچاوترین نموونەی کاریگەری هەواڵی چەواشە لە سەر ڕەوتێکی دێمۆکراتیک ئەو دەنگ و باسانە بوون کە لە پێوەندی لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئامریکا لەو دوو خولەی دوایی هەڵبژاردندا بڵاو کرانەوە. مەترسیی کاریگەری هەواڵی چەواشە لە سەر سیاسەت و تەنانەت بڕیاری سیاسیش‌ لە ناوچە پڕ لە کێشە و ئاڵۆزییەکان، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کوردستانیشەوە زیاترە. پێشبڕکێ سیاسییەکان زۆر جار دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشە و لەسەر بنەمای ئەو هەواڵە چەواشانەش بڕیاری هەڵە دەدرێت. لەو نێوەدا زۆر زەحمەتە کە میدیای ئازاد هەمیشە بتوانێ ئەرک و پڕەنسیپە ئەخڵاقیەکانی بۆ وەشان بە جێ بگەیەنێ.
کەم نین ئەو جارانەی کە گوێمان لە “هەوالێک” دەبێت کە بە پێی قسەی ئەو میدیا یا کاناڵەی هەواڵەکە دەنێرێ، “سەرچاوەکەی نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکا”، یا “بەڵگەمان بە دەستەوەیە و لە کاتی خۆی دا بڵاوی دەکەینەوە، یا “لە بەر بواری ئەمنیەتی نامانەوێ سەرچاوەکەمان ئاشکرا بکەین” و زۆر داڕشتنی لەو چەشنانە. مەرج نیە هەمووی ئەو شێوە هەواڵانە یا هەموو ناوەڕۆکی هەواڵێکی چەواشەکراو ناڕاست بێ، بەڵام بە گشتی ئەوە شێوە داڕشتنێکە کە زۆربەی هەواڵە مەبەستدارە بێبنەماکان لە خۆی دەگرێ. ئینتێرنێت و کرانەوەی زۆرێک کاناڵی میدیایی دیجیتاڵ و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان ئیمکانی بڵاوکردنەوەی ئەو چەشنە هەواڵە پڕ لە مەترسییانە زیاتر دەکەن.


سەرچاوە، هۆکار، هاندەر و شێوەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشە زۆرن. بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی جێگرتنی هەواڵی چەواشە لەنێو جیهانی میدیادا کە بووە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پڕەنسیپەکانی میدیای ئازاد، دێمۆکراسی و خەبات لە دژی دیکتاتۆری، ئەو پۆپۆلیزمەیە کە لەو ساڵانەی دواییدا بە تایبەت لە کاناڵە کۆمەڵایەتییەکاندا سەری هەڵداوە و “هەواڵ” بە پێی حەزی بەشێک لە وەرگرانی دادەرێژێت کە توانایی لێک جیاکردنەوەی ڕاستی و چەواشەکارییان لاوازە. سەرچاوەی بەشێک لەو چەشنە هەواڵانەش ئەو کەس و لایەنانەن‌ کە بەرژەوەندیی خۆیان لە مانیپۆلاسیۆنی هەواڵ (دەستتێوەردان و گۆڕین) دا دەبینن.

لە ٨٣‌مین کۆنگرەی ناوەندی پەنی نێونەتەوەیی کە ڕۆژەکانی ١٨ تا ٢٢ی مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٧ لە شاری لڤیڤی ئۆکراین بەڕێوەچوو، مژاری پرۆپاگەندا وهەواڵی چەواشە بە ئاوایەکی بەرفراوان کەوتە ڕۆژەڤی کۆمەڵێک لە نووسەران و کەسانی خاوەن کاریگەری لە وێژەی جیهانیدا. کۆنگرە لە ژێر ناوی “داواکردنی ڕاستی لە سەردەمی پرۆپاگەندا” تیشکی خستە سەر جیاوازیی نێوان ڕاستی و چەواشەکاری و زۆر لایەنی کاریگەریەکانی چەواشەکاری و پرۆپاگەندای لە سەر ژیانی تاک و کۆمەڵگا هێنایە بەرباس. بە تایبەت تیشک خرایە سەر مەترسیی بڕیاردان لەسەر بنەمای هەواڵ و سەرچاوەی ناڕاست وەکوو ئاکامێکی پڕ لە مەترسیی هەواڵ و سەرچاوەهەواڵییەکانی چەواشەکار و کۆنتڕۆڵ کراو لە لایەن دەسەڵاتە سەرەڕۆکانەوە کە دەتوانێ کارەسات بخولقێنێ‌. داخوازیی هاوبەشی سەدان کەس لە نووسەرانی جیهانی لەو کۆنگرەیەدا ئەوە بوو کە یونسکۆ خوێندنەوەیەکی نوێ لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی میدیا و چەواشەکاری بکا و چوارچێوە و مێکانیزمێکی نوێ بۆ بەربەرەکانی کردن لە گەڵ ئەو مەترسییەدا دابنێ. ساڵی دواتر لە شاری پوونەی هیندووستان هەمان ڕێکخراو دووبارە پێداگریی لەسەر پێوەندیی نێوان ئازادی، حەقیقەت و فرەچەشنی کردەوە و چەواشەکاریی بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر فرەچەشنی لە قەڵەم دا.

لە ساڵی ٢٠٢١دا کاناڵە میدیاییەکان و سەرچاوەکانی زانیاری بە بەراورد کردن لە گەڵ ساڵەکانی دەیەی ٧٠ی سەدەی ڕابردوودا زۆر بەرینتر و فرەچەشنتر بوون، بەڵام پێوەر و پڕەنسیپەکانی کاری میدیایی بە شێوەی گشتی هەر وەک خۆیان ماون. ڕەنگە ئەو پێوەر و پڕەنسیپانە نەتوانن لە شێوەی ئێستایاندا وەڵامدەرەوەی هەموو ئەو دەرفەت و ئالنگارییانە بن کە تێکنۆلۆژیی ئێستا بۆ کاری میدیایی خولقاندوە، بەڵام کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە تەنانەت مەودای نێوان ئەو پێوەرە ناسراوانەی کە لە جیهانی دڵخوازدا دەبێ کاریان پێ بکرێ و کارکردی ڕۆژانەی زۆربەی میدیاکان هەر دێت و زیاتر دەبێ. هەر بەو پێیەش بەکارهێنانی میدیا وەکوو کاریگەرترین ئامراز بۆ کپ کردنی دەنگی بەشی بێدەرەتان و بێدەسەڵات لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا لە هەڵکشاندایە. بە شێوەیەک کە ئێستا مەترسیی ئەوە هەیە لە داهاتوودا میدیای دەسەڵات لە ناوچەی ئێمەدا بە دووبارە کردنەوەی بەردەوامی درۆکانی، جیهانێکی چەواشە و ڕاستییەکی بە تەواوی قەڵپ بە خەڵک بقەبووڵێنێ. لە وەزعێکی ئاوادا ژینگە بۆ میدیای ئازاد و چوارچێوەی ڕاستییەکان بە شێوەیەک‌ پیس دەبێ کە ڕەنگە خاوێن کردنەوەی دەیان ساڵ بخایەنێت، ئەویش بەو مەرجەی کە ئیرادەیەکی بەهێز بۆ ئەو کارە بخولقێت.



پەراوێز

http://portal.unesco.org/en/ev.php-URL_ID=13176&URL_DO=DO_TOPIC&URL_SECTION=201.html

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان