ئارامتر بخوێنەوە!

ئەندازیاریی سیاسی

ڕامان ژاوەرۆ

ئاماژە

“ئەحزابی کوردی پێویستە سەبارەت بە دیاردەی هەڵبژاردنی دیموکراتیک چ لە ئاستی دەروون حیزبایەتیدا بێ و چ لە ئاستی کوردستان، پرسی ڕێبەری و ئاڵوگۆڕیی دەسەڵات تاوتوێ بکەن. دۆخی شپرزی ڕێبەرایەتی لە کوردستان ڕوانگە و بۆچوونی حیزبەکانی بچووک کردووەتەوە بۆ ئاستی تاکەکەس. خەڵک سەبارەت بە چەمکی سیاسەت بەدگومان بوون و ساردوسڕییەکی زۆر سەبارەت بە بابەتە سیاسی و نەتەوەییەکان کە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە چارەنووسی جەماوەرەوە هەیە، پێکهێناوە.”

هۆکاری وەرزی بوون و لە ئاکامدا لاوازبوونی خەباتی کورد، نەبوونی ئەندازیاریی سیاسیی بەڕۆژ و زۆرجار ئەتوانین بڵێین ئەندازیاریی سیاسیی پێچەوانەیە (معکوس).  لە کوردستان هەموو تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەی نەتەوە وەک حەشیمەت، خاک، مێژووی هاوبەش، زمان و کلتووری هاوبەش و … هتد هێشتا لە تەشقی گەشەدایە و هەروەها لە باری ئابووری و هەڵکەوتی جوغرافیایییەوە کوردستان خاوەن هەموو ئیمتیاز و هەڵکەوتێکی ژێئۆستراتژی و ژێئۆئێکۆنۆمی و … هتدە.

ئەوەی لێرەدا مەبەستە، نیشاندان و پێشنیارکردنی میکانیزمەکانی سیاسەتی درووستە کە لە سەر ئەو بنەمایە دەکرێ ئەندازیاریی سیاسی لە کوردستاندا بکرێ. سیاسەتی کوردی بە گشتی لە چوارپارچەی کوردستان لەو یەک دوو دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی قەیران بۆتەوە کە دەرئەنجامەکەی ناتەبایی، شەڕی ساردی ناوخۆیی، لەرزۆک بوون، کەم بوونەوەی دەسکەوتەکان و زۆرجار لەدەستدانی دەسکەوتەکانی ڕابردوو و … هتد بووە. پرسی کورد هەم لە ئاستی چوارپارچەدا لێک هەڵپێکراوە و هەم سەبارەت بە دەوڵەتانی ناوەندیی زاڵ بەسەر کوردستاندا بابەتێکی جیا نەکراوەیە. داڕشتنی فرمۆڵی سیاسی لەلایەن ئێلیتی کوردەوە لە چاخی ئیستەدا کە هەموو پەنجەرەکان بە ڕووی جیهاندا کراوەیە، بێگومان ئاڵوگۆڕی بەرین لە سیاسەتی کوردیدا پێک دێنێ و دەستکەوتەکانیش زیاتر و مسۆگەرتر ئەبن. خەسارناسیی سیاسی و پێداچوونەوە بە هەڵوێستی سیاسیی ئەحزابی کوردیدا پێویستییەکی گرنگ و جێی سەرنجە. لەو وتارەدا هەوڵ ئەدرێ هەندێک بابەتی سەرەکی سەبارەت بە مژاری بابەتەکە بێتە بەرباس و جێی خۆیەتی کە دوا وتاریش نەبێ.

سیاسەت

 سیاسەت هەم زانستە و هەم هونەر. سیاسەت زانستێکی ئاڵۆز و بگۆڕە کە لەلایەن بیرمەندانی وەک مەک ئایۆر بە “حکوومەت”1، هارۆڵد.ژ.لاسکی بە “خوێندنەوە و شرۆڤەی دەوڵەت” 2 و هارۆڵد لاسول بە “چۆنیەتیی دروست بوونی دەوڵەت و بەشداربوون تێیدا”3 لێک دراوەتەوە. بەگشتی، سیاسەت مانای چۆنێتیی بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرییەکانی وڵاتێکە لەلایەن دەزگایەکی گشتییەوە کە حکوومەتە. لە فەرهەنگە سیاسییەکانیشدا مانا گشتییەکەی بریتییە لە “بیرۆکە، ڕێگا و ڕەوشتێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان”4 . سیاسەت پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە دەسەڵات و کەوشەنی دەسەڵاتەوە هەیە. هەستیاریی سیاسەت و بەڕێوەبەریی لەوەدایە کە سیاسەتی تەندروست و دیموکراتیک کەشێکی هێمن و لەبار سەبارەت بە گەشەی هەموو ژێرخانە ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و … هتدەکان پێک دێنێ. ئیدەئالیزم و ڕیئالیزم دوو ڕچەی جیاوازن لە سیاسەتدا کە لە سەدەی ڕابردوودا تەنانەت ئێستەش، ڕیئاڵ پۆلەتیک یا واقیع خوازیی سیاسی باوترین ڕچەیە لە سیاسەتدا.

لە کوردستان بەهۆی چارەسەرنەبوونی پرسی نەتەوەیی، بابەتەکان تێکەڵ و ئاڵۆز بووە. ئامانج خوازیی بزاوی سیاسی لەسەر بنەماگەلی نەتەوەگەری و چەمکە ئایدۆلۆژیکەکان چەقی بەستووە، بەڵام سەبارەت بە کەشی ڕیئاڵیزم کە پەلی بەسەر جیهانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کێشاوە نەیتوانیوە سەردەمیانە و بەڕۆژ سیاسەت بکات. ڕاگرتنی باڵانس و هاوکێشی لە نێوان ویست و داخوازە نەتەوایەتییەکاندا و هەڵسوکەوت لەگەڵ سیاسەتی باوی ڕۆژدا گرنگترین پرسە کە کورد و بزاڤەکەی دەبێ ئاوڕی لێ بداتەوە و ڕەچاوی بکات.

ڕێبەرایەتی

 لە کوردستان ڕێبەری و ڕێبەرایەتی کردنی بزووتنەوە کوردییەکان لە سەد ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆوە دیوە. لە دوای هەرەس هێنانی مێرنشینە کوردییەکان، خەباتی گەلی کورد چەن ناوەندێتی تێدا بەدی هات و بە سەر پارچەکاندا دابەش بوو. چەمکی کاریزماتیک لە ڕێبەرایەتیی شۆڕشەکانی ڕابردوودا بەدی ئەکرێ و لە ڕاستیدا هەموو ڕێبەرەکانی جیهانێش خاوەن ئەو تایبەتمەندییە بوون. ئەوەی لەم باسەدا گرنگە، ئەوەیە کە مودێڕن بوونی چەمکی سیاسەت و ئاڵوگۆڕەکانی سیاسەت لە جیهاندا شوناس و پێکهاتەی ڕێبەر و ڕێبەرایەتیی تووشی گۆڕانکاری کردووە. بۆ گەلی کورد چەمکی کاریزمایی چەندە بەرژەوەندیی هەبووە ئەوەندەش خەساری بە داوە بووە. دوای مەرگی کاریزما هەم خەباتەکە لاواز بووە و هەم قەیرانی ڕێبەری درووست بووە.

گرنگی و بایەخی ڕێبەرایەتی لە سیاسەتدا باسێکی حاشاهەڵنەگرە. “ڕێبەری جۆرێکی تایبەتە لە هێز و پێوەندیی چڕوپڕی لەگەڵ جۆری هێزدا هەیە”. “جیاوازیی ڕێبەری و هێز لەوەدایە کە لە ڕێبەریدا شوێنکەوتووان دڵخوازانە بەشداریی پرۆسەکەن بەڵام لە هێزدا بە شێوەی زۆرەملی خەڵک دەخرێتە ژێر ڕکێف”5. باسی ڕێبەری و ڕێبەرایەتی کردن لە کوردستان پێویستە لەگەڵ دنیای نوێدا یەک بگرێتەوە. دیاردەی کاریزماتیک لە ڕێبەرایەتیدا لەسەر بنەمای بیرۆکەی چەپ بێ یا نەتەوەیی، مشتومڕ و ڕای جیاوازی لە سەرە. دیاردەگەلی وەک بە بنەماڵەیی کردنی ڕێبەرایەتی، هەتاهەتایی بوونی (مادام العمر)، پێکەوەسازان و دابەش کردنی ڕێبەرایەتیی بەکۆمەڵ، بەکاریزماکردنی ڕێبەر لە تایبەتمەندییەکانی دیاردەی ڕێبەرایەتییە لە کوردستان. پلۆراڵیزم و گەشەی پێوەندییەکان دیاردەی ڕێبەرایەتیی بچووک و تووشی قەیران کردۆتەوە . دیاردەی دیموکراتیکی هەڵبژاردن بە دوو هۆکاری “بگۆڕکردنی ڕێبەرایەتی” و “بەکۆمەڵکردنی ڕێبەرایەتی” بابەتی ڕێبەری لە کاریزما و ئەفسانەوە دابەزاندووە بۆ سەرۆک، لێپرسراو، سکرتێر و … . لە سەردەمی ئێستادا بەهۆی فرەڕەهەند بوونی چەمکی سیاسەت و کاروباری چڕوپڕی دەوڵەتییەوە، ڕێبەرایەتیی نەریتی وڵامدەر نییە. پیتر دارکر پێی وایە “کەوشەنی بەڕێوەبەری لە ڕێکخراو چۆتە دەرەوە و هیچکات ناتوانرێ بە هۆکارگەلی سیاسی و یاسایی چارچێوەی بەڕێوەبەری دیاری بکرێ”٦ دیاردەی هەڵبژاردن بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاتی کردووەتەوە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەنگی خەڵک ڕێبەرایەتییەکان هەڵئەبژێرێ. دەرئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن تامەزرۆیی خەڵک و ئێلیتی سیاسی بۆ بەشداری لە پرسە سیاسییەکان و وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتییەکان زیاد ئەکات و لە ئاکامدا جۆرێک کێبەرکێی دروست و شادیی سیاسی( نشاط سیاسی) لە نێو پرۆسەی سیاسیی وڵات و جەماوەردا پێک دێنێ.

ئەحزابی کوردی پێویستە سەبارەت بە دیاردەی هەڵبژاردنی دیموکراتیک چ لە ئاستی دەروون حیزبایەتیدا بێ و چ لە ئاستی کوردستان، پرسی ڕێبەری و ئاڵوگۆڕیی دەسەڵات تاوتوێ بکەن. دۆخی شپرزی ڕێبەرایەتی لە کوردستان ڕوانگە و بۆچوونی حیزبەکانی بچووک کردووەتەوە بۆ ئاستی تاکەکەس. خەڵک سەبارەت بە چەمکی سیاسەت بەدگومان بوون و ساردوسڕییەکی زۆر سەبارەت بە بابەتە سیاسی و نەتەوەییەکان کە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە چارەنووسی جەماوەرەوە هەیە، پێکهێناوە.

لە ڕێبەرایەتیی نەریتیدا، پێوەندییە دەروون حیزبییەکان ئەستوونییە (عمودی) بەڵام لە ڕەوتی نوێی سیاستەدا پێوەندییە دەروون حیزبییەکان ئاسۆیی (افقی) بۆتەوە. “یەکێ لە لایەنە گرنگ و حەیاتییەکانی ڕێکخراوە پێوەندییەکە کە لە بەستێنێکی ئاسۆییدا دابەش ئەبێ”۷.

پێکهاتەشکێنی

 “باسی پێکهاتە، باسێکی ئاساییە، باڵاخانەیەک بۆ خۆی پێکهاتەیە و لە ئەستوندەک، تیرەک، داڵان و سەرمیچ پێکهاتووە. ئەو پێکهاتەیە دیاریکەری جۆری چالاکییەکانی نێو ئەو باڵاخانەیە”۸. بەگشتی ئەتوانین بڵێین کە پێکهاتەی ڕێکخراو و حیزب بەپێی سەردەم پێویستی بە داڕشتنەوە و نۆژەن کردنەوەیە.” ئاڵوگۆڕی ڕێکخراوەیی( organization change) بریتیە لە پرۆسەی گۆڕانکاری لە دۆخی هەنوکەیی ڕێکخراودا بە مەبەستی کاریگەریی زیاتر و ڕێژەی بە دەست هێنانی ئامانجەکانی ڕێکخراو. لە ئیمڕۆدا ئاڵوگۆڕ یەکێ لە بنەما  سەرەکییەکانی ڕێکخراوە کە دەبێ مودیرییەت بکرێ”۹. لە پێکهاتەشکێنیدا دوو بابەتی “داڕشتنەوەی پێکهاتە” و “جۆری چالاکی” ڕووبەڕووی گۆڕانکاری ئەبێتەوە. لە قۆناخی یەکەمدا ئەندازە و گەورەییی ڕێکخراو، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت”۱۰. کاتێك کە ئەندازەی حیزب لە فورمی نوێدا بەربڵاو ببێتەوە، ئەوا ڕێژەی خەڵکان و چالاکانی نێو ئەو پێکهاتەیە زیاد ئەبێ. ” باشترین ڕێکخراو بوونی نیە”۱۱ هەر بۆیە هەموو ڕەوت و حیزبێکی سیاسی لە ژیانی سیاسیی خۆیدا بە پێی هەلومەرج دەبێ ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی خۆیدا پێک بێنێ. لەبەرچاو گرتنی مۆدیلەکان لە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕدا یارمەتیدەرە بۆ پێکهاتە شکێنی. ” ئانالیز یەکێ لە فاکتەرە ستراتیژیکەکانە بۆ بەراوردی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی نێو ڕێکخراو. سەبارەت بە (هەل) یا (مەترسییە)کانی دەرەوەی ڕێکخراو، ئانالیز شرۆڤەیەکی سیستماتیکە بۆ ناسینی ئەو هۆکارگەلە و دارشتنی ستراتیژی کە باشترین بەراوردکاریی نێوانیان دەهێنێتە ئاراوە. لە ڕوانگەی ئەو مۆدیلەوە ستراتیژییەکی لەبار فاکتگەلی(بەهێزی) و(دەرەتان)ـەکان ئەگەیەنێ بە لووتکە و فاکتە (لاواز) و (مەترسیی)ـەکان بە ڕادەیەکی زۆر دائەبەزێنێ “۱۲ لە کوردستان پێکهاتەی ڕێکخراوەکان و چۆنیەتیی ڕێبەرایەتی لێک هەڵپێکراون، هەر بۆیە شکاندنی ئەو پێکهاتەیە بووە بە تابۆ و هەر جۆرە چالاکییەک بۆ تێکدانی ئەو قەوارەیە بڤەیە. داڕشتنەوەی پێکهاتە و فۆرمی حیزب، ستراتیژیی نەتەوەیی کاڵ و کەمڕەنگ ناکاتەوە. بەڵکو هەوڵ و چالاکییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج خێراتر و بەربلاوتر ئەکات. لە ڕاستیدا یەکێ لە هۆکار و فاکتەکانی دابڕان و جیابوونەوە سیاسییەکانی ئەحزاب لەم چاخەدا ئەتوانین بۆ تابۆبوونی پێکهاتەشکێنی بگەڕێنینەوە.

پێکهێنانی بەرە

 “یەکێ لە خاڵە لاوازەکانی سیستەمی فرەحیزبی، نەبوونی یەکدەنگی و تەبایییە”۱۳. لە کوردستان ڕەوتە سیاسییەکان بە سەر سێ بیر و ڕەهەندی نەتەوەیی، مارکسی و ئیسلامیدا دابەش بوون. بێجگە لە باری فیکریی ئەحزاب، پرسی چارەسەرنەکراوی کورد هۆکارێکە بۆ ناتەباییی ماڵی کورد. داڕشتنەوەی پلاتفۆرمی هاوبەش بۆ پێکهێنانی بەرە دەبێ لەگەڵ واقیعی سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا یەک بگرێتەوە. ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی سەر بە پارچە جیاوازەکانی کوردستان بە پێکهێنانی بەرەی چالاک، چەتری هاوبەش بۆ کۆمەڵگا درووست ئەکەن:

سەبارەت بە دەسەڵاتی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بەرەی کوردستانی دەتوانێ قورساییی کورد لە هەمبەر بەرامبەرەکانی نیشان بدات. سەبارەت بە داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها سەبارەت بە بیروڕای گشتیی جیهان، کۆنگرەی نەتەوەییی کورد مەزنترین دەرئەنجامی دەبێ.  بەرنامە و پێڕەوی کونگرەی نەتەوەیی دەبێ لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەشی هەموو ئەندامانی ئەو پێکهاتەیە بێ. ئەگەر بنەمای کۆنگرەی نەتەوەیی و فۆرمی پێکهاتە و بەرنامەکانی بە شێوەی دیموکراتیک و گشت پەسەند تیئۆریزە بکرێ ئەوا لە چالاکییەکانیدا هەم بەردەوامی دەبێ و هەم دەسکەوتەکانی مەزن و گەورە دەبن.

سەرچاوەکان

۱- آیور .مک.ر.م؛جامعە و حکومت،ترجمە ابراهیم علی کنی.(تهران نشر کتاب۱۳۴۴ )ص۳۸

۲-هارولد.ژ.لاسکی.مقدمەای بر سیاست.ترجمە منوچهر صفا.ص۲٦۲

۳- رابرت،ا،دال،تجزیە و تحلیل جدید سیاست.ترجمە حسین ظفریان. ص  ۴- آشوری. داریوش.دانشنامە سیاسی.ص۲۱۲

۵-هال.ریچارد اچ.سازمان،ساختار،فرایند و رە آوردها،مترجمان دکتر علی پاسائیان،دکترسید محمد اعرابی.کتابخانە ملی ایران،ص۲۹۳

٦-  داوری،دڕدانە،مدیریت استراتژیک۱۳۸۰.نشرآتنا.ص٦

۷-اصول روابط بین الملل.علی قاسمی،دانشگا پیام نور

۸-هال.ڕیچارد اچ. سازمان ص

۹-هریسون.جفری اس.جان.کارن اچ. مبانی مدیریت استراتژیک.مترجمان.دکترسید محمد اعرابی.محمد رسول الماسی فردص۱۵۲

۱۰- هال.رچارداچ.سازمان،ساختار

۱۱- مبانی مدیریت استراتژیک.ص.۱۵۲

۱۲-مدیریت استراتژیک.ص.۱۰۳

۱۳- روشنی.یونس.خاستگا اخزاب سیاسی در جهان.تهران اندیشە ناب.۱۳۹۲ص۸۱

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان