ئارامتر بخوێنەوە!

بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان و تێرۆریسم

جەمیل کولاهی

ئاماژە

تێرۆریسم بریتییە لە توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵکی سێڤیل و بێ چەک بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی سیاسی. تا ئێستا شرۆڤەیەکی ڕوون لە سەر تێرۆریسم کە پەسندی هەموو وڵاتانی دنیا بێت نیە. تێرۆریسم بە شێوەی جۆراوجۆر پۆلێنبەندی دەکرێ و ڕیشەی لە نێو کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندایە. بزووتنەوە ڕزگاریدەرە نەتەوەیییەکان لە گەڵ تێرۆر یەک ناگرنەوە و بە پێچەوانەی تێرۆریسم مەشرووعییەتی نێوخۆیی و نێونەتەوەییان هەیە.

کورتە

تێرۆریسم بریتییە لە توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵکی سێڤیل و بێ چەک بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی سیاسی. تا ئێستا شرۆڤەیەکی ڕوون لە سەر تێرۆریسم کە پەسندی هەموو وڵاتانی دنیا بێت نیە. تێرۆریسم بە شێوەی جۆراوجۆر پۆلێنبەندی دەکرێ و ڕیشەی لە نێو کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندایە. بزووتنەوە ڕزگاریدەرە نەتەوەیییەکان لە گەڵ تێرۆر یەک ناگرنەوە و بە پێچەوانەی تێرۆریسم مەشرووعییەتی نێوخۆیی و نێونەتەوەییان هەیە.

 

پێشەکی

تێرۆریسم بە واتا بەرفراوانەکەی بریتییە لە توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵکی سێڤیل و بێ چەک بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی سیاسی. (Fortna 2015) ئەم شێوە هەڵسوکەوتە کە بە توندوتیژی دەناسرێ، لە کاتی ئاشتی یان لە کاتی شەڕدا دژی خەڵکی ئاسایی کەڵکی لێ وەردەگیردرێ (Wisnewski 2008). هەر دوو چەمکی تێرۆر و تێرۆریسم لە شۆڕشی فەڕانسە و لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەی زایینییەوە هاتوونەتە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە (Stevenson 2010). بەڵام لە ساڵەکانی ١٩٧٠ بەم لاوە لە نێو کتێب و هەواڵ و ڕاپۆرتەکان لە سەر شەڕ و پێکدادانەکان لە ئیرلەندی باکوور، چریکەکانی باسک و فەلەستین زیاتر لە جاران کەوتە سەر زاران. لە ساڵەکانی ١٩٨٠وە خۆتەقاندنەوە زیاتر لە چەمکی تێرۆریست و تێرۆریسم لە هەواڵ و زانیارییەکاندا کەڵکی لێ وەرگیراوە.

تێرۆریسم واتا و شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ کراوە و چەمکێکی هەستیارە. ئەم کردەوەیە لە زۆربەی کاتەکاندا وەک شتێکی دژە ئەخڵاق ناوی لێوە دەبردرێ. دەوڵەتەکان و گرووپ و تاقمە نادەوڵەتییەکان بە مەبەستی زڕاندنی ناوی دژبەرانیان لەم چەمکانە کەڵک وەردەگرن (Ruthven and Nanji 2017). گرووپگەلێکی جۆراوجۆری سیاسی لە تیرۆر بۆ گەیشتن بە مەرامی سیاسی کەڵکیان وەرگرتووە. پارتە سیاسییەکانی بەرەی ڕاست وچەپ، تاقمگەلی ئێتنیکی، تاقمگەلی مەزهەبی، شۆڕشگێڕەکان و دەوڵەتەکان لەوانەن کە لە تێرۆریسم کەڵکیان وەرگرتووە (Terrorisme n.d.). تێرۆریسم لە زۆربەی وڵاتاندا لە یاسادا وەک تاوان ناسێبندراوە(“Illusion of War 2014). کاتێک تێرۆر لە لایەن دەوڵەتەوە دەکرێ، لە لایەن دەوڵەتی بکەرەوە وەک تێرۆر لە قەڵەم نادرێ و کردەوە تێرۆریستییەکە بەرەو ئاقارێکی ناڕوون دەبات کە جێ پێی بکەرەکە ون بێت (Teichman 1989). لەم پێوەندییەدا ساغبوونەوەیەک لە سەر ئەوە کە تێرۆریسم جینایەتی جەنگییە یان نا، نیە (Eviatar 2013).

ئیتیمۆلۆژیی تێرۆر

وشەی تێرۆر Terrorلە وشەی لاتینی Tersere وەرگیراوە. دواتر گۆڕدراوە بە Terrere کە ئەم شێوەی دووهەمە لە زمانە ئۆرووپییەکان لە سەدەی یازدەدا دەبیندرێ. سەرەتا لە زمانی فەرانسەیی بینراوە لە ساڵەکانی ١١٦٠ی زایینی. لە ساڵی ١٣٥٦ی زایینی‌‌یەوە وشەی Terreur دەبیندرێ. Terreur فۆرمی سەرەتایی Terrour لە زمانی ئینگلیزی ناوەڕاستە کە لە سەردەمی مۆدێڕندا بوو بە تێرۆر Terror (Fine 2010).

پێشینەی مێژوویی

چەمکی تیرۆریست یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٤ لە لایەن فەیلەسوفی فەرانسی گراچووس بەیبێف بۆ ڕژێمی ژاکۆبینی ماکسی میلیەن ڕوبێسپیەرە کەڵکی لێ وەرگیراوە  (Kellner 2004). لە دیسامبەری ١٩٧٥دا ئێدمۆند بوورکە لە وشەی تێرۆریست بۆ وەسفی دەوڵەتی نوێی فەرانسە کە پێیان دەگوت دایرێکتواری فەرانسە French Directory کەڵکی وەرگرت (Burke 1975). چەمکگەلی تێرۆریست و تێرۆریسم لە ساڵەکانی ١٩٧٠ بەملاوە لە ئاکامئ ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، پێکدادانەکانی ئیرلەندی باکوور و هەروەها چریکەکانی باسک سەرلەنوێ بایەخیان پێ درایەوە. دوای تەقینەوەکانی بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ و ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ و تەقینەوەکانی بالی لە ساڵی ٢٠٠٢ دیسان زنجیرە کتێب و وتارگەلێکی جۆراوجۆر لە سەر تێرۆریسم درایە دەرەوە.

شرۆڤەی مۆدێڕنی تێرۆریسم

بە پێی هێندێک سەرچاوە تا ئێستا زیاتر لە سەد شرۆڤەی جۆربەجۆر لە سەر تێرۆریسم دانراوە. ئەمە بە واتای ئەوەیە کە لایەنە جۆراوجۆرەکان بە پێی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان ڕا و بۆچوونیان لە سەر تێرۆریسم دەردەبڕن.

دۆکتور قاسملوو لە سەرەتای وتارێک لە ژێر ناوی تێرۆریسمدا، بە هێنانە ئاڕای چەند پرسیارێک هەموو شرۆڤەکانی دنیای ڕۆژئاوا لە سەر تێرۆریسم دەباتە ژێر پرسیار! ئەو دەپرسێ: تێرۆریست كێیه‌؟ ده‌وڵه‌تێك كه‌ به‌ ناوی پاراستنی ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، خه‌ڵكه‌كه‌ی په‌رێشان ده‌كا تێرۆریسته‌؟ ئاخۆ ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نیا گرفتی وڵاتانی جیهانی سێهه‌مه‌ كه‌ دیكتاتۆره‌كان به‌سه‌ریاندا حاكمن؟ ئایا ئه‌مه‌ ته‌نیا تایبه‌ت به‌ وڵاتانی جیهانی سێهه‌مه‌؟ ئایا وشه‌ی ” تێرۆریست”‌ بۆ دژبه‌رێكی سیاسیی ده‌بێ كه‌ كرده‌وه‌یه‌كی تێرۆریستیی دژی ده‌وڵه‌تێك ده‌كا كه‌ ئازادییه‌ مه‌ده‌نییه‌ ده‌سته‌به‌ركراوه‌كانی قانوونی بنه‌ڕه‌تی‌ پێشێل ده‌كا؟ ئه‌ی له‌مه‌ڕ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ به‌ ناوی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی، تێرۆریسم هه‌ڵ ده‌بژێرێ چێ ده‌گوترێ؟ ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ وڵاتێكی دیكه‌ ‌داگیر ده‌كا‌و به‌ زه‌بری تێرۆر، قانوونه‌كانی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌دا ده‌سه‌پێنێ؟ خه‌ڵكێك له‌گه‌ڵ ترس‌و تۆقاندندا به‌ره‌وڕوو ده‌بێ‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌ دژی ڕاسیزم و گوشاری گرووپه‌ قانوونی‌و ناقانوونییه‌كان خه‌بات ده‌كه‌ن. ئه‌و گرووپانه‌ كه‌سانێكن كه‌ به‌ دوای مه‌به‌ستی خۆیانه‌وه‌ن كه‌ خوازیاری گۆڕینی سیاسه‌ت، ئازادیی جینایه‌تكاران و ئه‌ستاندنی پووڵی زۆره‌ملین؟ به‌راستی كێ تێرۆریسته‌؟ ئایا ڕه‌شه‌كانی ئه‌فریقای باشوور كه‌ دژی جیایی ڕه‌گه‌زیی ( ئاپارتاید) له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیاندا، خه‌بات ده‌كه‌ن تێرۆریستن یان، ڕێژیمی سپییه‌كان له‌ پرێتۆریا كه‌ جیاوازیی ڕه‌گه‌زیی ده‌سه‌پێنێ؟ ئایا خه‌ڵكی كورد كه‌ چه‌كی هه‌ڵگرتووه‌ و شه‌ڕێكی عادڵانه‌ بۆ پاراستنی پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كا، تێرۆریسته‌ یان ئه‌وه‌ خومه‌ینییه‌ كه‌ له‌ 7 ساڵی ڕابردوودا شاروگونده‌كانی كوردی له‌ ئێراندا وێران كردووه‌ و به‌ كۆمه‌ڵ خه‌ڵكی قه‌ڵاچۆ كردووه‌؟ ئایا حكوومه‌تی ئانكارا تێرۆریسته‌ كه‌ به‌‌و‌ گوشاره‌ وه‌حشییانه‌یه‌ی كه‌ له‌ توركیه‌دا به‌سه‌ر كوردیدا سه‌پاندووه‌ قانع نیه‌ و ئێستا خه‌ریكی بۆمبارانی حه‌شیمه‌تی بێ دیفاعی كورد له‌ عێراقه‌؟ ئایا ده‌وڵه‌تی قانوونیی نیكاراگوئه‌ كه‌ یارمه‌تی به‌ هاوژینیی هێمنانه‌ له‌و وڵاته‌و هاوبوونیی ‌[هه‌بوونی] هێمنانه‌ی ئه‌مریكا ده‌كا، تێرۆریسته‌ یان كۆنتراكان كه‌ یارمه‌تیی به‌لێشاو پشتیوانیی ڕێگانیان له‌ پشته‌ تێرۆریستن‌؟ (Ghassemlou 1986)

(تێرۆر) شێوەیەکی ترسهێنەر بۆ دووپات کردنەوەی کردەوەی توندوتیژ بە هۆکارگەلی دوور لە عەقڵ، جینایەتکارانە و هەروەها سیاسی کە لە لایەن تاقمگەلێک لە تاکەکان، گرووپ یان دەوڵەتانەوە بەڕێوە دەچێ. بە پێچەوانەی قەتڵ ئامانجە ڕاستەوخۆکانی ئەم کردەوە توندوتیژە، ئامانجی کۆتایی نین. قوربانییەکانی تێرۆر بە شێوەی ڕەمەکی یان دەستنیشانکراو لە نێو کۆمەڵێک ئامانجدا هەڵدەبژێردرێن و وەک کەرەستەیەک بۆ گەیاندنی پەیامێک کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ. هەڕەشە و پێوەندییە توندوتیژەکانی نێوان تێرۆریست و گرووپە تێرۆریستییەکان، قوربانییەکان و ئامانجەکان بۆ داڕشتنی ئامانجی کۆتایی کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ، هەروەها بۆ هێنانە ئاڕای داوایەک یان بۆ خۆدەرخستن بە پێی ئەوەی کە بەرنامەی پشتەوەی تێرۆرەکە بۆ چاوترسێن کردن، خۆ سەپاندن یان پڕۆپاگاندا بێ، کردەوە تیرۆریستییەکە دێتە ئاڕاوە (Jongman 1988). بەڵام هاوکات ڕوانینگەلێکی دیکە لە سەر تێرۆریسم هەیە کە داوێنی دەوڵەتەکان لە تێرۆریسم پاک دەکاتەوە. لەم بارەیەوە دەتوانین بە ڕوانگەی ئاندرس ڕومارهەیم لە ئەنستیتۆی زانستەکانی پاراستن بکەین کە دەڵێ: “تێرۆریسم ئاکتەرێکی نادەوڵەتییە کە بە شێوەی سیستماتیک لە توندوتیژی، وێرانی و هەڕەشە دژی خەڵکی ئاسایی بۆ پێکهێنانی ترس و دڵەڕاوکێ کەڵک وەردەگرێ، ئەم کارە بۆ کێشەیەکی سیاسی و کاریگەری دانان لە سەر هەڵسوکەوتی ئەوانی تر کە قوربانیی کردەوە تێرۆریستییەکە نین دەکرێ.” (Hva er internasjonal terrorisme? 2005)

زۆرێک لە نووسەران جیاوازییەک لە نێوان شێوەی تێرۆرە سیاسییەکان دانانێن و ساغبوونەوەیەکیش لە سەر ئەم بابەتە نیە. لە کاتێکدا تێرۆری شۆڕشگێڕانەی تاکەکان و تێرۆری سیاسی، نەریتی گۆڕانێکی سیاسیی گەورە بە دوای خۆیاندا دێنن. لە زۆر بواردا جیاوازن. تاکتیک، شێوەکان، ڕۆڵەکان، شێوەی ڕوانین بۆ کۆمەڵگە و گرینگیی کردەوەی تاک لەو بوارە جیاوازانەن. زیاترین جیاوازییەکان لەو کردەوە کتوپڕەی کردەوەی تاکەوە سەرچاوە دەگرێ. لە تێرۆری سیاسیی نەریتیدا، ئامانج کەسایەتییەکی سیاسی لە لوتکەی دەسەڵاتدایە وەک پاشا یان دیکتاتورێکی دیکە، کە کوشتنی ئەو کەسانە گۆڕانی سیاسیان لێ دەکەوێتەوە و هەڵبژاردنی کەسی ئامانجی تێرۆرەکە، ئامانجی سەرەکیی تێرۆرەکەیە. زەربە لێدان لە ڕژێمەکە بە هەڵبژاردنی سووژەی تێرۆرەکە دەردەکەوێ. بەڵام لە تێرۆری شۆڕشگێڕانەی تاکەکاندا هەڵبژاردنی سووژەی هێرشە تێرۆریستییەکە، ئامانجێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کە تێرۆرەکەی بۆ دەکرێ. ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی و یان پەرەپێدان بە بزووتنەوەیەکی سیاسی لەو ئامانجە سەرەکییانەن (Iviansky 1977).

پێویست بە ئاماژەیە کە زۆرێک لە وەرگێڕانی فارس زمان بۆ پاساو هێنانەوە بۆ تێرۆرەکانی ڕژێمی ئێران بە ئەنقەست “قەتڵی سیاسی” لە بری تێرۆری سیاسیی نەریتی دادەنێن. بۆ نموونە لەم دوایانەدا لە ڕاگەینە فارسییەکاندا ناڵێن تێرۆری دۆکتور قاسملو، دەڵێن قەتڵی دۆکتور قاسملو. بەم شێوەیە دەیانەوێ تێرۆر بکەن بە قەتڵ. لێرەدا مەبەستێک شاردراوەتەوە، تێرۆر و تێرۆریسم شێوەی ژیانی سیاسییە و سیستماتیکە، بەڵام قەتڵ لە ناکاو ڕوو دەدات و بەرنامەداڕێژراو نییە. بۆیە دەیانەوێ ڕژێمی تاران کە تێرۆر لەودا سیستماتیک و شێوەی ژیانی سیاسییە لە تێرۆریسم داببڕن و بڵێن ئەوی کە ڕووی داوە تەنیا قەتڵێکە و هیچ دیکە.

جۆرەکانی تێرۆریسم

بە گشتیی توندوتیژی و تێرۆریسم بە شەش جۆر پۆلێنبەندی دەکرێ (Disorders and Terrorism 1976).

  • گرژی و ئالۆزیی کۆمەڵگە: شێوەیەک لە توندوتیژیی بەکۆمەڵە کە دژی ئاشتی، ئاسایش ڕەوتی سروشتیی کۆمەڵگەیە
  • تێرۆریسمی سیاسی: کردەوەگەلێکی جینایەتکارانە کە بۆ پێکهێنانی ترس لە کۆمەڵگە یان بەشێک لە کۆمەڵگە بۆ گەیشتن بە مەرامێکی سیاسی داڕێژراون.
  • تێرۆریسمی ناسیاسی: تێرۆریسمێک کە بۆ ئامانجی سیاسی نیە، بە شێوەیەکی ئاگایانە بۆ پێکهێنانی ڕادەیەکی زۆر ترس بۆ سەپاندنی زۆرەملێی ئامانجگەلێکی تایبەت داڕێژراوە، ئاکامی ئەم شێوە تێرۆریسمە نەک سیاسی بەڵکو دەستەبەر کردنی قازانجی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵە.
  • هاوشێوەی تێرۆریسم: کردەوەگەلێک کە لە خانەی توندوتیژیدان و لە فۆرم و شێوەدا وەک تێرۆریسمی ڕاستەقینەن، بەڵام جەوهەر و ناوەرۆکی تێرۆریسمی ڕاستەقینەیان نییە. ئامانجی سەرەکیی هاوشێوەی تێرۆریسم، تێرۆری قوربانییەکە نیە وەک ئەوەی کە لە تێرۆریسمی ڕاستەقینەدا ڕوودەدات؛ بەڵام هاوشێوەی تێرۆریستەکان لە شێوە و تکنیکی تێرۆریستە ڕاستەقینەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجی هاوشێوەی تێرۆری ڕاستەقینە کەڵک وەردەگرن. وەک ئەوەی کە تاوانبارێک بۆ دەرباز بوونی خۆی کەسێک بە بارمتە دەگرێ، شێوەکەی وەک تێرۆریستێکی ڕاستەقینەیە، بەڵام ئامانجەکەی بەتەواوی جیاوازە.
  • تێرۆریسمی سیاسیی سنووردار: تێرۆریسمی سیاسیی ڕاستەقینە بە کردەوەی شۆڕشگێڕانە دەناسرێتەوە. تێرۆریسمی سیاسیی سنووردار بە کردەوەی تێرۆریستی کە پاڵنەری ئیدئۆلۆژیک و سیاسیی هەیە دەوترێ، بەڵام بە گشتی بەشێک لە بەرنامەی دارێژراو بۆ زاڵ بوون بە سەر دەوڵەتدا نیە.
  • تێرۆریسمی فەرمی یان دەوڵەتی: ئاماژە بە وڵاتگەلێکە کە دەوڵەتەکەیان لە سەر ترس و زۆرداری بنیات نراوە، کە لە گەڵ تێرۆریسم یەک دەگرێتەوە. ئەمە ڕەنگە واتای تێرۆریسمی پێکهاتەییشی هەبێ کە دەوڵەتەکان بە مەبەستی دەستەبەر کردنی ئامانجگەلێکی سیاسی زۆرینەی کات وەک بەشێک لە سیاسەتی دەرەکیی خۆیان بەڕێوەی دەبەن.

هێندێک سەرچاوی دیکە تێرۆریسمیان بە شێوەگەلێکی دیکە پۆلێنبەندی کردووە. بۆ نموونە تێرۆریسمی ناوخۆیی و تێرۆریسمی نێودەوڵەتی (Purpura 2007). شێوەی دیکەی پۆلێنبەندیی تێرۆریسم بەم شێوەیەیە (Hudson 2002):

  • تێرۆریسمی سیاسی
    • تێرۆریسمی نادەوڵەتی: کە لە سێ بەشدا پۆلێنبەندی دەکرێ:
      • تێرۆریسمی شۆڕشی کۆمەڵایەتی: کە خۆڵقاندنی کەشێکی پڕ لە مەترسی دژی دژە شۆڕشەکانە
      • تێرۆریسمی سەربەخۆییخوازانی ناسیۆنالیست: پاڵنەری سەرەکی لێرەدا ناسیونالیزمە و ناسیونالیستەکان دژی داگیرکەران بەڕێوەی دەبەن.
      • تێرۆریسمی ئیسلامیی توندئاژۆ: پاڵنەر لێرەدا دینە. ئەم شێوە تێرۆریسمە دەبێتە دووبەش؛ کە بریتین لە تێرۆریسمی ئیسلامیی بناژۆخواز و تێرۆریسمی ئیسلامیی نوێ.
      • تێرۆریسمی بەرەی چەپ: لەم شێوە تێرۆریسمەدا باوەڕ وایە کە ڕژێمی کاپیتالیستی دەبێ بڕوخێندری و ڕژێمێکی سوسیالیستی شوێنی بگرێتەوە.
      • تێرۆریسمی بەرەی ڕاست: تێرۆریسمێکە کە لە لایەن لایەنگرانی ئیدئۆلۆژیی بەرەی ڕاست و توندئاژۆوە بەڕێوە دەچێ کە لەو ئیدئۆلۆژییانە دەتوانین ئاماژە بە نێئۆنازیسم، نێئۆ فاشیزم، ناسیونالیزمی سپی پێسەتەکان و ناسیونالیزمی دینی بکەین.
    • تێرۆریسمی پشت بەستوو بە دەوڵەت: لێرەدا دەوڵەت ناراستەوخۆ تێرۆریسم وەک سیاسەتی خۆی ڕەچاو دەکات. لەم شێوەیە تێرۆریسمەدا دەوڵەت بە ناردنی یارمەتیی ماڵی، چەک و کەرەستەی پێشکەوتوو بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان و هەروەها پشتیوانیی سیاسی و تەبلیغاتی لێیان، سیاسەتی تێکەڵ بە تێرۆریسم بەڕێوە دەبات.
    • تێرۆریسمی دەوڵەتی: لێرەدا دەوڵەت ڕاستەوخۆ لە دژی دژبەرانی و تەنانەت دەوڵەتانی دیکە، لە کردەوەی تێرۆریستی کەڵک وەردەگرێ.
  • تێرۆریسمی جینایەتکارانە: ئەم شێوە تێرۆریسمە لە نێو تاقمە جینایەتکارەکانە کە بۆ دەستەبەرکردنی قازانجی ماڵی بۆ تاک یان گرووپ بەڕیوە دەچی، وەک گرووپە مافیاییەکان.
  • تێرۆریسمی پاتۆلۆژیکی: ئەم شێوە تێرۆریسمە زیاتر لە لایەن تاکەکانەوە بەڕێوە دەچێ کە پاڵنەری سەرەکیشی حەزێکی لە ڕادەبەدەری ئەم کەسانەیە بۆ ترساندن و کوشتنی خەڵک، وەک ئەوەی کە لە قوتابخانەکاندا تەقە لە قوتابیان دەکرێ یان بەشداربوانی میوانییەک دەدەنە بەر دەسڕێژ. ئەم شێوە تێرۆریسمە هیچ پاڵنەرێکی سیاسی و ئایینی و ئابووریی لە پشت نیە.

ریشەکانی تێرۆریسم

ریشەی تێرۆریسم لە نێو کێشەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدایە. بە پێی ڕاپۆرتی کوفی عەنان سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کورتی دەتوانین ئاماژە بە پێنج خاڵ بکەین (FN-sambandet n.d.):

  • هەژاری: بە پێی تێئۆریی ئابووری، کاتێک ڕادەی خوێندەواری، داهاتی خەڵک و گەشەی ئابووری بە گشتی ڕوو لە کەمی دەکات، ڕادەی توندوتیژیی سیاسی هەڵکشانی زیادتر بە خۆیەوە دەبینێ. هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە نرخ و تێچوو بۆ کردەوەی تێرۆریستی کەم دەبێتەوە.
  • سەرکوت: زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە سەرکوت، حکومەتی سەرەڕۆ و پێشێل کردنی مافی مرۆڤەکان لە لایەن دەوڵەتەوە هەل بۆ سەرهەڵدانی تێرۆریسم دەڕەخسێنێ.
  • داگیرکردنی وڵاتی دیکە: داگیرکردنی وڵاتێک لە لایەن وڵاتێکی دیکەوە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی تێرۆرە.
  • هەڵاواردن: هەڵاواردنی ئێتنیکی، ئایینی و کولتوری لە نێو وڵاتدا یەکێکی دیکە لە هۆیەکانی تێرۆریسمە
  • کولتوری یەکتر قبووڵ نەکردن: کاتێک دێتە ئاڕاوە کە گرووپێک هیچ ئایین و کولتورێکی لە دەرەوەی چوارچێوەکانی خۆی قبووڵ نەبێ و ڕێزیان بۆ دانەنێت.

دۆکتور قاسملو لە سەر ڕیشەکانی تێرۆر دەڵێ: ئه‌گه‌ر تێرۆریسم به‌ مانای هێرش بردن بۆ سه‌ر ژیانی ئازادانه‌ی خه‌ڵكی بێ تاوان بێ، له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌ر كه‌سێ كارێكی ئه‌وتۆ بكا ده‌بێ وه‌كوو تێرۆریست سه‌رنجی بدرێتێ، چ ئه‌و كه‌سه‌ تاك بێ یان ڕێكخراوه‌، یان ده‌وڵه‌ت. ئه‌م پێناسه‌یه‌ ده‌بێ به‌ بنه‌ما دابنرێ. ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا كه‌ ته‌نیا له‌ كارتێكه‌رییه‌كانی تێرۆریسم ده‌كۆڵنه‌وه‌، یه‌ك ‌ناگرێته‌وه‌ ڕۆژئاوا‌ش هه‌وڵ نادا له‌ هۆیه‌كانی تێرۆر بكۆڵێته‌وه‌. پێویسته‌ ئه‌و هۆیانه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ خوازیاری بنه‌بڕكردنی تێرۆریسمه‌، ڕوون بن. گوتراوه‌ كه‌ تێرۆریسم چه‌كی بێبه‌شانه‌ .ده‌بێ ئه‌وه‌ش‌ زیادبكرێ كه‌ تێرۆریسم ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بیانه‌وێ ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر بێ عه‌داڵه‌تی، گوشار ، دیكتاتۆری‌ و ڕاسیزمدا دژكرده‌وه‌یان هه‌بێ‌. ئه‌م هۆیانه‌ كه‌ بنه‌بڕ بكرێن، تێرۆریسته‌كان ئیزۆله‌ (ته‌ریك) ‌ده‌بن و به‌ خێرایی مه‌ترسییه‌كه‌یان كۆتایی پێ ‌دێ. ئه‌گه‌ر ویسته‌ قانوونییه‌كانی خه‌ڵك دابین بكرێن وبێ عه‌داڵه‌تی نه‌مێنێ، هه‌موو كرده‌وه‌كانی تێرۆریستان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رین، مه‌حكووم ده‌كرێن. چونكه‌ تێرۆریسته‌كان كرده‌وه‌ ‌تێرۆریستییه‌كانی خۆیان به‌ ئیددیعای ویسته‌ سیاسییه‌ قانوونییه‌كان ده‌ڕازێننه‌وه‌. (Ghassemlou 1986)

دۆکتور قاسملو لە سەر ڕیشەکێش کردنی تێرۆریسم دەڵێ: نابێ ئەو ڕاستییە لە بەرچار نەگرین تا ڕیشەی تێرۆریسم لە بەین نەچێ، تێرۆریسم خاشەبڕ نابێ، تێرۆریسم هۆکارە نەک هۆ، تێگەیشتن لە هۆیەکانی پەرەسەندنی تێرۆریسم، مەبەست تێرۆریسمی سیاسییە، وەک بێ عەداڵەتی، قەیرانی کۆمەڵگە و ستەمی نەتەوایەتی، هێز و توانا و کاتێکی زۆری دەوێ. ئەگەر ڕۆژهەڵات بە سەرچاوەی تێرۆریسم دەژمێردرێ، لەبەر ئەوەیە کە زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە ناوەندی ناکۆکی و پێکدادانی ئێستراتێژیکی، ئابووری، ئایینی و نەتەوایەتییە. تا ئەم ناکۆکییانە لە بەین نەچن، تێرۆریسم ڕیشەکێش ناکرێ، تا ئەو کات خەبات دژی تێرۆریسم لە ئاستی نێونەتەوەییدا نە تەنیا لە گەڵ دەستە و تاقمەکان، بەڵکو زیاتر لە گەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە هانیان دەدەن دەبێ بکرێ (Abdulrahman 2005).

بزووتنەوەی ڕزگاریدەری نەتەوەیی و تێرۆریسم

تا ئێرە چییەتیی تێرۆریسم، هۆکارەکانی، ڕیشەکانی و جۆرەکانی تێرۆریسم باس کران. بەڵام ئەوەی کە لێرەدا جێی پرسیارە ئایا بزووتنەوەگەلێک وەک بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد، بەو جۆرەی کە داگیرکەران دەڵێن، بزووتنەوەیەکی تێرۆریستییە؟ ئەگەر تێرۆریستی نییە بۆ لە توندویژی و شەڕی چەکداری کەڵک وەردەگرێ؟

دوکتور قاسملو پێی وایە کە “ئەو ڕژێمە (رژیمی ئێران) لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد و نووسینی چەند وتار لە دەرەوەی وڵات ناروخێ، ئەم ڕژێمە لە ڕێگای زاڵ بوونەوە لە بەین دەچێ، ئێستا ئەم زاڵبوونە ڕاپەڕینی چەکدارانە لە نێو شارەکاندا دەبێ یا تێکەڵێک لە شەڕی چەکدارانەی شاری لە گەڵ شەڕی پارتیزانی لە دیهاتەکاندا و مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی لە نێو شارەکاندا” بەڵام لە بەرامبەریشدا دەڵێ: “ئێمە تێرۆریسم بە کردەوەیەک دەزانین کە ژیان و ئازادییەکانی خەڵکی بێ دیفاع دەخاتە مەترسییەوە، ماوەی حەوت ساڵە ئێمە لە گەڵ ڕژێمێکی جینایەتکاری وەک ڕژێمی خۆمەینی لە شەڕداین، بەڵام هەموو کاتێک دووریمان کردووە لە خستنە مەترسیی ژیان و ئازادیی خەڵکی بێ دیفاع. نەک ئەوەی کە پەنامان نەبردۆتە بەر بارمتە گیری، بەڵکو کومەکمان کردووە بە ئازاد بوونی چەند بارمتە لە وڵاتە ئورووپاییەکاندا بە تایبەت فەرانسە. بە ڕای ئێمە بۆمب دانانەوە و بارمتەگیری لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە هۆی پڕوپاگەندە بۆ ئەم یا ئەو گرووپ کە ئەو کارانە دەکەن، بەڵام لە درێژخایەندا زیان دەدەن لە پێشینە و پرەنسیپی جووڵانەوە و لە ڕێبازی ڕاستەقینە لایدەدەن و لە نێوخۆوە لێکی بڵاو دەکەنەوە. هەر بەم هۆیەوە حیزبی دیمۆکرات لە بنەڕەتدا دژی بۆمب دانانەوە و بارمتەگیرییە کە ژیان و ئازادیی کەسانێ کە هیچ لێپرسراوییەکیان نیە بخاتە مەترسییەوە.” (Abdulrahman 2005)

لێرەدا بۆ باشتر چوونە ناو باسەکەوە پێویستە ئاماژەیەک بە بۆچوونی کارل پووپر لە سەر کۆمەڵگەی باز و کۆمەڵگەی داخراو بکەین. لە کۆمەڵگەی داخراودا دەسەڵات تەنیا لە ڕێگەی توندوتیژییەوە وەلا دەنرێ و هیچ ڕێگایەکی ئاشتیخوازانە نیە کە بتوانێ دەسەڵاتداری دیکتاتور و فاشیست لە سەر کار لا بدات، بۆیە لەو کۆمەڵگەگەلە بینەری گرووپگەلێکی چەکداری دژی دەوڵەت و دەسەڵات دەبین. (Soli 2011)بۆچوونەکەی دۆکتور قاسملو و کارل پووپر لێرەدا یەک دەگرنەوە و هەردووکیان باس لە چۆنیەتیی خەبات لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی داخراوی ئێران کە لە ژێر دەسەڵاتی فاشیزمی مەزهەبیدایە دەکەن و لە تێرۆریسم جیای دەکەنەوە.

شتێکی گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە زیاتر ناوەرۆکی بزووتنەوەی کورد ڕوون بکرێتەوە. چونکە هەرچی زیاتر ناوەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە ڕوون بکرێتەوە، مرۆڤتەوەر بوونی بۆ هەموو دنیا زیاتر دەردەکەوێ. کوردستان وەک وڵاتی کوردان کە داگیرکراوە، داگیرکەرەکە بۆ مسۆگەر کردنی مانەوەی خۆی لە کوردستان، نەتەوەی کوردیش کە خاونی خاکەکەیە کردۆتە کۆیلە. بۆ دەڵم کۆیلە؟ چونکە تەنانەت مافی قسە کردن و نووسین و خوێندنی بە زمانی زگماکی لێ قەدەخە کراوە. جیا لەوە داگیرکەر هەموو هێزی مرۆییی کورد، هەموو سامانی سروشتی و کولتووریی کوردیشی بەتاڵان بردووە و خستوویەتە خزمەتی پێشکەوتنی نەتەوەی خۆی! داگیرکەر لە کوردستان بە دڕندانەترین شێوە کەوتۆتە گیانی نەتەوەی کورد و بە تێرۆر، کیمیاباران، فتوای جیهاد، سووتاندنی شار و گوند، ئاوارە کردن و ڕاگواستنی زۆرە ملێ، ئەنفال، بەدیل گرتن و لە سێدارەدان و ئەشکەنجە کردن خەریکی لە نێو بردنی کوردە، بۆیە بەتەواوی سروشتییە کە خەباتی چەکداری لە کوردستاندا هەیە و ئەگەریش نەبوایا ئێستا شتێک بە ناوی کورد نەمابوو!

بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازی و نەتەوەییەکان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زنجیرە یاسایەکی پەسند کردووە کە بە پێی ئەو یاساگەلە ئەو بزووتنەوانە دەتوانن درێژە بە خەباتی چەکداری خۆیان بدەن. لەم بارەیەوە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماددەی ٧٣دا جەخت لە سەر مافی دیاری کردنی چارەنووس و مافی خودموختاری و مەشروعییەتی بزووتنەوە سەربەخۆییخوازییەکان دژی دەوڵەتانی کلۆنیالیستی دەکاتەوە. هەروەها یاسا و ڕێساگەلی جۆربەجۆر لە سەر پشتیوانی لە خەباتی چەکداریی بزووتنەوە نەتەوەییەکان و هێزگەلێک کە بۆ دەستەبەر کردنی مافی دیاری کردنی چارەنووس خەباتی چەکداری دەکەن دەبینرێن. لەم بارەیەوە دەتوانین ئاماژە بە کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ ساڵی ١٩٤٩ لە سەر شەڕ و ناکۆکییە نانێونەتەوەییەکان (ئەو نەتەوانە کە بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی خەباتی چەکداری دەکەن) بکەین. هەروەها تێکۆشان و خەباتی وڵاتانی جیهانی سێهەم کە بە هەموو هێزیانەوە لە پشتی بزووتنەوەی بەرخۆدانی نەتەوەیی بوون و توانییان بڕیارنامەی ژمارەی ١٨ی کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژێر ناوی “دۆخی بەرهەڵستکاران لە شەڕە چەکدارییە نانێونەتەوەییەکان” بڕیارنامەی ساڵی ١٩٦٩ و ژمارە ٢٦٧٦ی پەسندکراوی ساڵی ١٩٧٠ کۆڕی گشتی، بە ناوەرۆکی بڕیارنامەی ژمارەی پێشوو (١٨)، لە پشتیوانی لە خەباتکارانی ڕێگای ئازادی بە پەسندی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بگەیەنن.

 ئەم بڕیارنامە و یاساگەلە، لە کۆنفرانسەکانی ژنێڤ لە ساڵەکانی ١٩٧٤ تا ١٩٧٧ یاسایەک بە ناوی یاسای بەشەردۆستانەی نێونەتەوەییی لێ کەوتەوە، کە شەڕە ئازادیخوازییەکانی نەتەوەکان وەک تێکهەڵچوونگەلی نێونەتەوەیی بەفەرمی ناسران. هەروەها برێارنامەی ٢٩١٨ی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٢ و بڕیارنامەی ٣١٢ ساڵی ١٩٧٣ بە ڕوونی ڕایگەیاند کە سەرهەڵدانی چەکداریی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریی نەتەوەیی، دژی ڕژێمە ڕەگەزپەرەست و کلۆنیالیستەکان مەشرووعە. هەروەها بڕیارنامەی ٣١٣٤ی ساڵی ١٩٧٦ بە ڕوونی ئیزنی کەڵک وەرگرتن لە هێز بە دژی کلۆنیالیزم و داگیرکەریی بە بزووتنەوە ڕزگاریدەرەکان داوە. (حەمد 2014)

کەوابوو بە پێی دۆخی کوردستان و یاسا نێونەتەوەییەکان، بزووتنەوەی چەکداریی کوردستان دژی داگیرکەران، مەشرووعییەتی نێوخۆیی و نێونەتەوەییی هەیە و تا لە سەر ئەم ڕێچکەیەی ئێستای بێت و خەڵکی سێڤیل و ماف و ئازادییەکانیان نەکاتە ئامانجی هێرش، وەک بزووتنەوەیەکی ڕەوا و مرۆڤتەوەر دەمێنێتەوە.

سەرچاوەکان

«”Illusion of War.» Er terrorisme en straffelov eller en krigshandling? . Mackenzie Institute , 2014.

Abdulrahman, Ghassemlou. tavgey heqiqet 2. 2005.

Burke, Edmund. Select Works of Edmund Burke, vol. 3 . 1975.

Disorders and Terrorism. National Advisory Committee on Criminal Justice Standards and Goals, 1976.

Eviatar, Daphne. «Er terrorisme en krigsforbrytelse som kan kjøres av Militærkommisjonen? Hvem vet?» Huffington Post, 2013.

Fine, Jonathan. Political and Philological Origins of the Term Terrorism from the Ancient Near East to Our Times. Middle Eastern Studies, 2010.

FN-sambandet. minstemme. Årsaker til terrorisme. https://www.minstemme.no/oppgaver/arsaker_til_terrorisme (funnet 08 29, 2019).

Fortna, Virginia Page. «Do Terrorists Win? Rebels’ Use of Terrorism and Civil War Outcomes.» 2015: 519–556.

Ghassemlou, Abdulrahman. «terrorism.» 1986.

Hudson, Rex A. «Who Becomes a Terrorist and Why The 1999 Government Report on Profiling Terrorists.» Redigert av Federal Research Division. The Lyons Press, 2002.

Hva er internasjonal terrorisme? . Wayback Machine. NUPI, 2005.

Iviansky, Ze’ev. “Individuell terror: konsept og typologi, Journal of Contemporary History vol. 12 . 1977.

Jongman, A.P. Schmid og A.J. Political Terrorism: A New Guide to Actors, Authors, Concepts, Data Bases, Theories and Literature. Royal Netherlands Academy of Arts and Sciences, 1988.

Kellner, Douglas. «9/11, spectacles of terror, and media manipulation: A critique of Jihadist and Bush media politics.» Critical Discourse Studies, 2004: 41-64.

Purpura, Philip P. Terrorism and homeland security. 2007.

Ruthven, Malise, og Azim Nanji. «Historisk Atlas of Islam .» Harvard University Press, 2017.

Soli, Eivind Balsvik & Susanna. Politisk teori. 2011.

Stevenson, red. av Angus. «Oxford Dictionary of English. .» New York: Oxford University Press., 2010.

Teichman, Jenny. How to Define Terrorism. 1989.

«Terrorisme.» Encyclopædia Britannica. (funnet 1 7, 2015).

Wisnewski, J. Jeremy, red. « Tortur, terrorisme og bruk av vold.» 175. , 2008.

حەمد, عەبدۆڵا. بزووتنەوەگەی ڕزگاری نەتەوەیی و پێکدادانە تێرۆریستییەکان لە یاسای نێونەتەوەییدا. 2014.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان