ئارامتر بخوێنەوە!

بــــەرگریی لە هـــونــەر
نووسینی: حسێن شەبەق 

لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرم بە کۆپلەیەک لە قسەکانی شاعیر و نووسەری ئازیز، فەریدوون ئەرشەدی دەست پێ دەکەم:
” لەسەردەمانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا و بەڕێوەبردنی ئیدارەی شار و گوندەکانی لە لایەن خەڵک و حیزبە سیاسییەکانەوە، هەر وەها لە پاش هێرشی هەمەلایەنەی دەوڵەتی مەرکەزیی ئێران بۆ کوردستان و بەرخۆدانی پێشمەرگە قارەمانەکانی گەل و نیشتمان، سەرهەڵدانێکی چاوەڕەواننەکراو لە ئەدەب و هونەری بەرگریی لە رۆژهەڵاتدا دێتە ئاراوە کە سەرەڕای هەموو بێ ئیمکانی و کەمئەزموونییەکان، پڕبایەخترین و دەرەوشاوەترین بەرهەمی ئەدەبیی و هۆنەری لێ کەوتووەتە…”
پرسیار ئەوەیە بۆچی؟ بۆچی رێک لەم دەورەیەدا، ئەم رینسانسە ئەدەبییە لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدا؟
من لام وایە وەک چۆن گوڵ بە ئاو و خاک و هەتاو دەپشکۆێ، هونەریش ئاوا بە ئەرز و ئاو و هەوای تایبەت بە خۆی دەپشکوێ. ئەشقی خەڵک بە ئازادی لە کاتی خەفەقاندا، خەبات لە پێنێو پاراستنی ئازادی لە سەردەمی دیکتاتۆرییەکاندا و گیانفیدایی شۆڕشگێرانی پێشرەو بۆ پەرەدان بە ئازادی لە ڕۆژگارە ڕەشەکاندا ، ئەو ئاو و خاک و هەتاوە تایبەتەن کە توویی هونەری بەرگری دەگرنە خۆ و بە نهێنی هێز و وزەی پێ دەبەخشن و لە هەڵکەوتی خۆیدا دەیکەن بە گوڵ.
ئاوا نییە کە تەنیا لە سەردەمەکانی شۆڕشدا هونەری بەرگری بوونی هەبێ. نا، توویی هونەر و بەتایبەت هونەری بەرگری، لە کاتی خەفەقان و لە زستانی سیاسی و دیکتاتوریدا دەنێژرێ. هونەری بەرگری ڕێک وەکوو هێز و هزری خەبات لە تەنگانەکانی خەڵکدا، لە ئەستووری زۆرداریدا، لە جەنگەی غەدر و ستەمکارییدا، لە کاتی ڕەشەکوژی نێو کۆمەڵگا و ئێعدام و لەسێدارەدانی لاواندا، لە قووڵایی ئێش و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیاندا، لە کاتی هەستکردنی مرۆڤ بە سووکایەتی و لە زەلکاوی ڕیاکاری و گەندەلێدا و ڕێک لەو دیوی ڕووناکایی ئازادی و کتومت لە نێو دڵی تاریکیی دنیادا گەرا دادەنێ و هەوێنی بوونی لە منداڵدانی کۆمەڵگادا دەمەیێت. هونەری بەرگری ڕەگ و ڕیشەی لە خاکی ڕەشی چەوسانەوە و لە مەینەتی کارەساتی کۆیلەتی و لە برینی کارەساتی داگیرکاریدا دادەکوتێ. دواتر هەر قومە بارانێکی هزری ئازادی، هەر نەرمە هەوایەک کە بۆنی هیوا و شادی پێوە بێ، پەنجەی ڕەگەکانی لە نێو خاکی ڕەشدا بڵاو و درێژ و بەهێز دەکا و هەر ترووسکاییەکی ئومێد، بەهاری عومری نزیک و نزیکتر دەکاتەوە. ڕاستە ئەو کاتە دەپشکوێ کە دەورە دەگۆڕێ، کە شۆڕش بەرپا دەبێ. بەڵام ئەمە لەبەر ئەوەیە کە مرۆڤ لە دۆخی ڕزگاریدا، هەست بە ئازادییەکی بێسنوور دەکا و دەتوانێت باڵەکانی تەواو بکاتەوە و پڕ بە گەرووی خنکاوی خۆی دەنگ هەڵێنێ و بێپەنا و پەردە و بێسایە و سانسۆر قسەی دڵی خۆی بکات.
با هەر لە سەرەتاوە ڕووڕاست بین. من شتێک لەودیو سنووری هونەری بەرگرییەوە، بە نێوی هونەر ناناسم. هونەر واتە بەرگریی لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی. هەر بەرهەمێک ئەگەر ڕەوایی بە خولیایەکی خەڵک نەدا و تەزوو بە لەشی هیواکانیدا نەهێنێ و دنەی نەدا بۆ بووژانەوە، هەر بەرهەمێک ئەگەر شادی نەخاتە نێو ماڵ و خێزانی دیل و هەژارانەوە و دڕوویەک لە جەستەی خەڵک دەرنەهێنێ و ئۆخناییەک نەخاتە نێو هەنێوی ئاشقانەوە، هەر بەرهەمێک ئەگەر باوەڕبەخۆبوونی گەنجێک بۆ یاخیبوون لە ستەم قایمتر نەکا و گوڵێک لە یەخەی خەزاڵێکی ڕەنگ زەردی وڵات نەدا، هەر چیرۆکێک ئەگەر لە کۆتاییدا بزەیەک نەخاتە سەر لێوی دایکێکی جەرگسووتاو، چۆن دەتوانێ نازنێوی پیرۆزی هونەری لێ بنێیت؟ هەر بەرهەمێک کە ڕێز لە ڕۆحی بەهاکانی مرۆڤایەتی نەگرێ، من بە هونەری نازانم.
هونەر ڕاچڵەکاندنی خەڵکە لە خەوەبەردینە. هونەر یاخیبوونە لە ستەم. هونەر خەباتکردنە لە پێنێوی ئازادی و بەختەوەریی مرۆڤدا. هونەر ڕەخساندنی دۆخی شادی و خۆشحاڵییە بۆ خەڵک بۆ گەنجان، بۆ مناڵان. هونەر بەرگریکردنە لە ژن و مافە لێزەوتکراوەکانی کە هەر ئێمە خۆمان کردوومانەتە یەخسیری ئەبەدی سەدەکان. هونەر لێدان لە شەرارەتی جەهل و بەرگرییە لە زانست و جوانی و شادی و فراوانی و پێشکەوتن. هەر بەرهەمێک ئەگەر بۆن و بەرامەی ئەوانەی پێوە نەبێ، هونەر نییە.
ئەی ئەو کەسەی لە نێو تاریکیدا بۆ دۆزینەوە ڕێگای خۆت دەستەکوتە دەکەی! ئاگادار بە ئەوەی وردە وردە چرای ڕۆشنیی ڕۆحت کز و کزتر دەکا و بەرچاوت لێڵ و تاریکتر دەکا و کەم کەم وەجاخی بیر و تێگەیشتنت کویر دەکاتەوە و سەرشۆڕ و خەفەتبارت دەکا و سەرەنجام بە چۆکت دادێنێ، ئەوە هونەر نییە. ژەهری تاریکییە، فێڵبازییەکە بە هەڵکەوت بەرگی بووکێنی لەبەر کردووە.
ئەوەی هەوڵ دەدا بتترسێنی و دەروونت پڕ بکا لە خۆف و ئەژنۆی هیوات بشکێنێ و لە مرۆڤێکی داهێنەر و پڕ بەهرەوە بتکا بە کۆیلەیەکی چاو لە دەست و دەستەمۆ، هونەر نییە، چەقۆیەکی ژەهراوییە بە هەڵکەوت قاتڵێک هەڵیگرتووە. قاتڵێک کە بەرگی قارەمانییان لەبەر کردووە.
ئەوە هونەری دەستەڵاتدارانی فاشیست و دیکتاتۆرە کە دەر و ژووری ژیان و گیانت پڕ بکەن لە خۆف و ترس و بێباوەری و داوەشان. ئەوان ئەو کارە بە مەلاکان و بە مەداحانی خۆیان دەکەن. بە چیرۆکی زۆر ترسێنەری دوور لە واقع. بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی جەهەننەم و مار و دووپشکی بەقەد وشتران. نەکرا بە سەرنیزە و ڕەشبگیری و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و سێدارە دەیکەن. هەر نەکرا ئینجا بە مەواد بڵاوکردنەوە لە نێو خەڵک و لاوەکاندا دەیکەن. هونەری ئەوان بڵاوکردنەوەی تریاکە جا چ ئەو تریاکەی کە ڕۆحتان دەکوژێ و چ ئەو تریاکەی کە جەستەتان لە نێو دەبات.
ئەی ئەو کەسەی لە نێو تاریکیدا بە دوای دۆزینەوە‌ی حەقیقەت و ڕێگاچارەدا دەگەڕێی، ئاگاداربە! هونەر ئەو کرووزانەوە و پاڕانەوە و ئەو لاڵانەوە و نووشتانەوە و ئەو عەزا و شین و شەپۆڕ و باوکەڕۆیە نییە کە پاشماوەی سەدەکانی نێوەراست تۆویی پیسییان لە نێو زەلکاوەکانی کوردستاندا بڵاو کردووەتەوە.
سێ جوومگەی سەرەکیی هونەر، سێ کوچکەی بنەڕەتیی هونەر، سێ پایەی ئەسڵیی هونەر، سێ وشەی هەمیشە ئازیز لای من، ژیان و شادی و ئازادییە. ڕەگی ئەم سێ بنەمایەی هونەر هەتا نەهایەتی بێسنووری هەبوون لە نێو دڵ و هزری مرۆڤدا ڕۆ چووەنە خوار و هونەرمەندان هەرگیز لە وەسفی ئەم سێیە تەواو نابن. گەر ڕۆژێک دیتت هونەرمەندێک بۆنێکی لەم سێ بۆنانە، ڕەنگێکی لەم سێ رەنگانە، دەنگێکی لە سێ دەنگانە پێ ‌نییە، هەتا زووە لێی دوور کەوە. هەتا زووە پشتی تێ بکە با دەرفەتت لێ‌ نەهێنێ، با زەفەرت پێ نەبا و زیانت پێ‌ نەگەیەنێت.

بۆ تۆی خوێنەری هونەردۆستیش زۆر گرینگە کە بۆ دۆزینەوەی هونەر، لە کۆسپی ئیزم و میزمان تێ پەڕی. ئەم ئیزم و میزممانە ئێستا هەن، رێک وەک پەرژینی بێستان وان. تۆ پێویستە لێیان تێ پەڕی و خۆت بگەیەنێ بەرهەمی بێستانەکە. زۆر گرینگە بۆ تۆی تازە نووسەریش کە پەرژین و پەردە تار و مارەکان لە دەوری بیر و هزر و خەون و خولیای خۆت لا بدەی و لە کۆتاییدا هونەر وەک خۆی کە هەیە بەدی بکەی. بە ڕاستی و پاکی و زوڵالی و لە کانی و سەرچاوەی ڕەسەنی خۆیەوە کە هەمانا ژیان و ئاوات و ئارەزووەکانی خەڵکە بگەیت.
هەر بەند و ڕستە و هەر وشە و شێعر و گۆرانییەک، جوانییەکی سەرنجڕاکێشی دەروونی هەبوو کە ژێیەکانی ویژدانی مرۆڤبوونی تۆی هەژاند و هانی دای بەرەو جووڵە و پێشکەوتن، هەر دەنگێک کە هەستت کرد لە دڵەوە هات و ڕاست نیشتە سەر دڵت، هەر هاوارێک بانگی کردی تا لە ستەم یاخی بی و قەت کوڵ نەدەی، هەر هێمایەک کە هانی دای تا لەخۆڕا شاد و دڵخۆش و سەرفەراز بی، هەر نیشانەیەک کە نەهی کردی تا ویژدانت نەفرۆشی و بەها ئینسانییەکانی خۆت لە دەست نەدەی، بزانە کە ئەوە ڕێک خودی هونەرە. هونەری بەرگرییە.
ئەم وینە و تابلۆ و شانۆ و ئاواز و موسیقایەی دڵت خۆش دەکات و دەتخاتە پێکەنین و سەما، وە یان هێزت دەداتێ و هەستی جوانیپەرستیت دەباتە لووتکە، بزانە کە ئەوە هونەرە. هونەری ڕەسەن دایم دڵڕفێن و ڕۆحهەژێن و هێزبەخش و شادیهێنە.
ئەم وتانەی کە باوەڕبەخۆییت زیاد دەکا و هیوات بە داهاتوو دەبووژێنێتەوە، بزانە هونەرە. هونەرە، چوونکە لە تۆتۆی ڕەنگ و دەنگ و وشە و وتە بە نرخەکانیدا هەوڵ دەدا تا وشیارت بکاتەوە، هەڵ دەدات تا خەوت بزەڕێنێ و بەرگریی لە خۆت و داهاتوو و هیوا و ئارەزووەکانت بکات.
قەڵەمێ سەری خۆی هەڵگرت
هیچ دەفتەر و هیچ کاغەزێ
نەیانزانی
ڕووی لە کوێ کرد
چونکە ویستیان دای بدەن و
خۆی بە خۆی بکوژێننەوە!
چونکە ویستیان وا بنووسێ
هەر بە تەنیا سوڵتانەکان
بیخوێننەوە!

شێرکۆ وا دەڵێت. ئەو کە بەم چەند وشە کەمەوە ڕەوایەت لە خەفەقان دەکات. شێرکۆ بەو چەند ڕستەیە تابلۆی دیکتاتورییت نیشان دەدا. ئەم شاعێرەی بەرەی بەرەنگاری و شۆڕش، هەوڵ دەدا تا تۆی هاووڵاتی، تۆی نووسەر و شاعێری تازە پێگەیشتوو لە مەترسییەک ئاگادار بکاتەوە. شێرکۆ هەرگیز بەر لە نووسین بیری لەوە نەکردووەتەوە کە چ بنووسێ و چۆنی بنووسێ و لەسەر چ رێباز و ئیزمێک بینووسێ. ئەو دەزانێ کە پۆستمودێرنیزم و پەسامودێرنیزم و سەدان ئیزمی دیکە، نازناوی کاتی و کەم بەهان و خاوەنی هیچ ڕەسەنایەتیک و هەڵگری هیچکام لە ڕەساڵەتەکانی هونەر نین. جەوێکن ساز دەبن و تەمێکن بەسەر سروشتی کۆمەڵگادا دەکشێن و بەرگێکن لەبەر دەکرێن و هەور و هەوایەکن کە دین و دەڕۆن.
هاوڕێم هونەر بۆ هونەر و هەروەها هەموو ئیزمەکان وەک هەوری سپی ئاسمانی هاوین نەزۆک و بێبارن. زۆر نابات کە لە بەرانبەر خۆری حەقیقەتدا بەرەبەرە کەم دەکەن و دەتوێنەوە. هونەر ئەوەیە کە لە هەناسەیەکدا، دڵ و مێشک و گەرووت پڕ بکا لە هەستێک، لە هەوایەک، لە شتێک کە تۆ خۆیشت نازانی چییە، بەڵام حەزی پێ دەکەی. هەستێک کە شادیت پێ دەبەخشێ و پڕت دەکاتەوە. بریسکەیەک، هەوایەک کە بەرچاوت ڕوون دەکاتەوە. شتێک کە وا دەکات تا هەستێکی توانابەخش دەروونت دادەگرێ، هەبوونێک کە بەڕاستی ئاسان نییە پێناسە بکەی. بەڵام ڕێک دوای هاتنی، دوای دیتنی، دوای گوێگرتنی، پاشی خوێندنەوەی، ئیتر تۆ هەست دەکەی کە ئەو کەسەی جاران نەماوی. گەورەتربووی. بیرڕوونتر بووی. بەهێزتر بووی. قایمتر بووی. وشیارتر بووی. پشوویەکت هاتوەتەوە بەر و نــــوێ بوویەوە.

بەڵام لە مێژووی هونەردا دوو ئیزم هەن کە باوەڕپێکراون، ڕاستەقینەن، رەگیان لە زەوی و سەریان لە ئاسمانە. ڕئالیسم و ڕۆمانتیسم. هەموومان دەزانین کە بوون و نەبوون، مەرگ و ژیان، شەو و ڕۆژ، خێر و شەڕ، تاریکی و ڕووناکی و جەهل و دانایی دوانەی یەک زگ و تەواوکەری یەکترن. بــۆ وایــە؟ من نازانم. بەڵام ئەوەندە دەزانم کە لە جیهانی ئەدەبیاتیشدا، واقع و خەیاڵ، ڕئالیسم و ڕۆمانتیسم ئاوان. تەواوکەری یەکترن. هیچکامیان بەبێ ئەوی‌ تریان نابن. هەر کامەیان بەبێ ئەوی ‌تر سیس و ژاکاوە و وەک وێنەیەکی شێواو و ناڕوون دەنوێنێ.
هونەرمەند هەیە وەک “ژوڵ ورن” کە بەهرەکەی زیاتر لە تواناییی خەیاڵە سەرکەش و بزۆزەکەیدایە و شاکاری وەک “سەفەر بۆ نێوەندی زەوی”، “بیست هەزار فەرسەخ لە ژێر دەریا”، “دەوری زەوی لە ٨٠ ڕۆژدا”، “سەفەر لە زەوییەوە بۆ مانگ”، “پێنج حەوتوو لە نێو باڵۆنـ”ـی نووسیوە. نووسەرێک کە زۆر بە دەگمەن خاکی شار و وڵاتەکەی خۆی ـــ فەڕانسەـــ ی بەجێ هێشتووە. تەنیا خەیاڵی کردووە. ئارەزوو و خەیاڵەکانی خۆی نووسیوەتەوە، سەرنجڕاکێشی ئەوەیە کە لە سەردەمی ئەودا هێشتا نە فڕۆکە بوونی هەبوو، نە ژێردەریایی، نە قەتار، نە سەفینە و نە نەخشەی ورد و دەقیقی دنیا کە هەموو خەڵک و زمان و کولتوورەکان نیشان بدا. ژول ورن هەموو ئەو دیاردانەی بە خەیاڵ نەخشاندووە. ئەو لە ڕاستیدا ئارەزووی گشتی و هاوبەشی هەموو مرۆڤەکانی لە ڕۆمانەکانیــدا نەخشاند. ئەم خەیاڵە سەرکەشە، ژول ورنی کردە یەکێک لە ١٠کەڵەنووسەری جیهانی سەردەم.
نووسەریشمان هەیە وەک چیخۆف زۆر واقعگەرایە. ڕئالیستە. یان وەک داستایوسکی کە کەسێکی زۆر گەڕیدە و دنیادیدە بووە و هەر شتێکی دیتووە نووسیوویەتەوە. بۆ نموونە “براکانی کارمازۆف”. ئەم دوو نووسەرە هەردووکیان تواناییی ئەوەیان هەبووە هەرچی کە دەیبینن کوتومت بیهێننە سەر کاغەزەوە. بە جۆرێک کە ژیانی نێو کۆمەڵگای سەردەمی خۆیان وەک تەماتەیەک قاش دەکەن و نێوەکەی بە جوانی نیشانی خەڵک دەدەن و پێیان دەڵێن: “ئەوەتا خەڵکینە! تەماشا کەن! ئەوە ئێوەن. ئێــوە ئــاوا دەژیـن”.
ئەگەر دەتەوێ هونەرمەند و نووسەر و شێوەکار یان شاعیرێکی ڕەسەن بی، گوێ مەدە ئیزم و میزمەکان؛ بنووسە، لە خۆت، لە مافەکانت، لە خەونەکانت بەرگری بکە؛ لە ئارەزووت، لە خەیاڵت لە هیواکانت بەرگری بکە، چاوت لە دووی ئافەرینی کەس نەبێ و دەس لە کیسەی پیس و پڕ لە خوێن و چڵکاوی گەورەکانی دەوروبەرت مەکە.
شەو و ڕۆژ دێن و دەڕۆن، ئاشقان دێن و دەڕۆن، فەقیر و دەوڵەمەند دێن و دەڕۆن، حیزب و گرووپ دێن و دەڕۆن. دەوڵەتەکان دەڕۆن، کلیسا و مزگەوت دێن و دەڕۆن، کەم و زۆر چاک و خراپیش دێن و دەڕۆن، بەڵام واقع و خەیاڵ هەر دەمێنن. هەبوون و ئارەزووەکان هەر دەمێنن. هەرێمی ژیان و هومێدەکان هەر دەمێنن. بەرهەمی هونەری ڕەسەنیش بێگومان هەر لە هەوار و هەرێمی ئەم خەون و ژیانەوە، دیسانەوە لە دایک دەبن.
ڕاستە کە هەنووکە ستەمکاری و ڕیاکاری و گەندەڵکاری باوە. ڕاستە کە ئێستا باو باوی رێوی‌یە و شێری بێشە هەنگاوی شل و خاوە. بەڵام ئەمە دۆخێکی کاتییە و تێ دپەڕێ. لە سەرووی هەورە ڕەشەکانی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی و چۆڵپەرەستدا، ڕۆژی روونی حەقیقەت و بیر و خەونی ئازادیخوازی و ئەڵماسی مافخوازی و زێری سپی شادی، هەردەم لە درەوشانەوەدایە و دەبێ. پێویستە کە تۆ لەوە دڵنیا بیت کە خەونی بەختەوەری و جوانیخوازی مرۆڤ و داکۆکی لە مرۆڤایەتی، چەشنی ڕووباری خوڕینی بەهارە کە بە شڵپ و هۆر و کەفچەرێن دێ و تێدەپەڕێ و قەت قەت لە شەپۆل و جووڵە ناکەوێ. ژیان و خەونەکانمان هەدا نادەن!
“لەنگستۆن هیۆز” شاعێری ڕەشپێستی ئەمریکی دەڵێت: هیواکانت لە دەست مەدە. چونکە ئەگەر هیواکانت لە دەست بدەی، دنیا وەک بیابانێکی ڕووت و بەرەهووتی لێ دێت.
کورد و جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی کورد پێویستی بە هیوا و هیمەت و جەربزە بووە و هەیە بۆ ئەوەی گەلی کورد، لە کۆست و تەنگانەکاندا بەسەر کێشە و شەڕ و گرفتەکانیدا سەر کەوێ. شێعر و سروودەکانی بەرەنگاری، شانبەشانی گوللـەی تێکۆشەر و خەباتکاران لە بەرەی جەنگی کورددا، لە بەرەی خەڵکی بەشمەینەت و چەوساوەدا، ئێستاشی لەگەڵ بێ، لە شەڕدا بوون و هەن و بەردەوام شکۆ و شاکاری نوێ دەخولقێنن.
شێعر و هونەری بەرەنگاری ئاوێنەی باڵا نوێنی ئاواتەکانی خەڵک و خەبات و شۆڕشن. هونەری بەرەنگاری بە حەق لە هیوا و ئومێدبەخشینەوە بە جووڵانەوە و دۆزی ڕەوای کورددا دەوری سەرەکی گێڕاوە. شاعێرانی کورد لەم بوارەدا بوونە لووتکەی بەرزی لەشکاننەهاتوو. مێژوو شاهیدە کە زۆربەیان لە ڕیزی ڕابەرانی پێشڕەوی خەباتی گەلی کورددا بوون و هەن.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەدەبی کورددا بخشێنین، بەتایبەت مێژووی ئەدەبی سەردەم، تاقە یەک شاعێری گەورەی کورد نابینی کە شێعری بەرەنگاری نەگوتبێت.
با لە گۆرانەوە دەست پێ بکەین ـــ گۆران، گۆرانی جوانیناس، گۆرانی ڕچەشکێنی شێعری نوێی کوردی لە باشووری وڵات ـــ گۆران شاعێری، شێعری “ئافرەت و جوانی”، “گوڵی خوێناوی”، “بۆ جوانی لادێ”، “لە درزی پەچەوە”، “جوانی بێ‌ناو”، “بۆ بولبول”، “گەشت لە هەورامان” و دەیان شاکاری ‌تر کە شێعرەکانی کوتومت تابلۆیەکی شێوەکارین، تەنانەت ئەو شاعێرە یەکجار جوانیپەرەستەش نەیتوانیوە خۆ بە دوور بگری لە وتنی شێعری بەرەنگاری. لە ڕاستیدا ئەوە شێعرە بەرەنگارییەکانیەتی کە زیاتر گۆرانیان لە نێو خەڵکدا ناساندووە و خۆشناویان کردووە. شێعرە بەرەنگارییەکانی بوونە شاکارەکانی دیوانەکەی. بۆ نموونە لە شێعری “بەستەی نەبەز”دا لە ساڵی ١٩٥٣دا دەڵێت:
من ئەو دیلەم لە زیندانی تاریکا
هەتاوی بیر، ڕووناک ئەکا بەرچاوم؛
بە نێو هەزار حەڵقەی داوی باریکا
قەفی زنجیر ئەپچڕێنێ هەنگاوم!
***
من ئەو دیلەم لە پشت شوورای پۆڵاوە
ئاسۆی هیوای گەشم هەرگیز ون ناکەم؛
لە ڕووی ئاسمان بە گڕی سوور نووسراوە
بەندە بەندەی ئایین نامەی بڕواکەم!
***
من ئەو دیلەم ئامانجم قیبلەی گشتە؛
با سامدار بێ و پڕ دڕک بێ ڕێی ڕاستم،
مادام هێزی زۆربەی گەلم لە پشتە:
دڕک گوڵە و ترس ئارامە بۆ خواستم!
***
من ئەو دیلەم کـە سـرنجی بێ باکم،
سڵ لە چــاوی پـڕ لە قینی زەق ناکا؛
دانەچیڕەی گورگی هاری سەر لاکم
زاتـی گیـانی نـەلـەرزیـوم لەق ناکا!
***
من ئەو دیلەم کە دیل کەری زۆردارم
دڵی لەبەر گوڕی ناڵەم ئەلەرزێ؛
تا شڕتر کا کەڵبەی لەشی زامارم،
خۆی خراپتر لەنێو خوێنا ئەگەوزێ!
***
من سەربازی ئامانجێکم: پیرۆزە،
فیداکاری ڕێگایەکم: بێگەردە،
ڕەنجێک ئەدەم ڕەنجی پیاوی دڵسۆزە،
لە ڕێیەکا بێ باک ئەمرم: ڕێی مەردە!
ئەمە تەنیا یەک نموونە‌یە. گۆران دەیان شێعری بەرەنگاری هەیە وەک: “زیندانی ئەژدهاک”، “تاسەی دیدار”، “نەورۆز”، “بەری بەیانە”، “دەمی ڕاپەرینە” و “ساوای ئاشتیخواز” و هتد.
فایق بێکەس کە شاعێری ناسراوی کوردە، دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، گەرای هەست و بیری داکۆکی لە کورد و کوردستان و خەڵکەکەی خۆیەتی. کەس ناتوانێ بڵێ کە فایق بێکەس شاعێری بەرەی بەرەنگاری و شۆڕش نەبووە. هەمووان دەبینین کە بێکەسی باوک لە سەردەمی خۆیدا و دوای خانی و حاجی قادری کۆیی یەکێک لە پێشڕەوانی هونەری بەرگری بوو. ھۆنراوەی “بیست و حەوت ساڵە”کەی کە تێیدا داگیرکەرانی کوردستان سووک و ڕیسوا دەکات، کراوە بە سروودی نەتەوەیی و هەتا ئێستاش وێردی زمانی چووکە و گەورەی کوردستانە.
هێمن شاعێری ڕقی پیرۆز،
دەمگرێ، ئەمما لە گرتووخانە ڕق ئەستوورترم،
لێم ‌دەدا، ئەمما لە سەر داوا ڕەواکەم سوورترم،
دەمکوژێ، ئەمما بە گژ جەللادەکەمدا دێمەوە،
کـوردم و ناتــوێـمەوە ، ناتـوێـمەوە ، ناتـوێـمەوە.
یەک لە گەورەترین شاعێرانی کورد دوای شەڕی دووهەمی جیهانی. هێمنی ڕاستگۆ و ڕەوانبێژ و هەست ناسکە، کە دەیان شێعری بەرەنگاری هەیە و زۆربەیان کراونەتە سروود و گۆرانی وەک: “ئەمن کوردم”، “تۆم هەر لە بیرە”، “ڕۆژگاری ڕەش”، “بەغدا نیوەی ڕێت بێ”، “تەپڵی ئەمان”، “پەری شێعر”، “مەتەرێژی شەرەف”، “ترۆپکی ڕزگاری”، “شەو و شەیتان”، “سنوور”، “ئارەق و تین”، “کاروانی خەبات”، “بناری هەڵگورد”، “ڕقی پیرۆز”، “بەهاری ئاڵ”، “فرمێسکی ڕنوو”، “زیندەبەچاڵ”، “دەستڕێژی لاوان”، “ڕەوەز ورد نابێ”، “بەهار هەر دێ” و زۆری دیکەش.
کتێبی “بۆ کوردستانـ”ـی هەژار هەڵ دیەوە، لە کەم جێگا تووشی شێعر و هۆنراوەیەک دەبی کە بۆنی بەرەنگاری پێوە نەبێ. هەژار هێندە لە شێعری بەرەنگاری و فیکری بەرەنگاریدا قاڵ بووەتەوە کە بەڕاستی دیدی خۆی بچووک کردوەتەوە و بە جارێک خۆی هەژار کردووە و ئەو کاتانەی کە ئاگرە تووندەکەی دەروونی هەڵی گرتووە ڕکێفی لە دەست دەرچووە و تەنانەت پەلاماری خەڵک و نەتەوەی ‌تریشی داوە.
قانع شاعێری چەوساوەکان، شاعێری ڕاساو لە بێعەداڵەتی و زوڵم و جەوری دەرەبەگ و شێخ و مەلا و دەوڵەتەکان، هەرگیز قەناعەتی تەنیا بە جوانی و جوانیناسی و هونەر بۆ هونەر نەبووە. قانعی حە‌بێژ کەم شێعری هەیە کە لە رەنجێک و ئازارێکی قووڵی دەروونی خۆی و ژیانیەوە سەرچاوەی نەگرتبێ:
ئاخرین ماڵی ژیانم گونجی بەندیخانەیە
ئەم کەلەپچە مەرهەمی زامی دڵی دیوانەیە،
زۆر دەمێکە چاوەرانی زڕزڕەی زنجیر ئەکەم
سەیری ئەم زنجیرە کەن! وەک زیوەری شاهانەیە
….
گرتن و لێدان و کوشتن عامیلی ئازادییە
تۆپ و شەستیر و کەلەپچە، لام وەکوو ئەفسانەیە
چاوەڕوانی شۆڕشێکم عالمێ رزگار بکا
میللەتم بۆ ئەو مەبەستە، کردەوەی شێرانەیە
…..
سوارەی تیژ و وردبین و خۆشبێژ و جوانەمەرگمان کە ڕچەی سەر ڕێگای شێعری نوێی کوردیی لە رۆژهەڵات شکاند، هەر تەنها بە کارتی “خەوە بەردینە” دەتوانی بچێتە ڕیزی شاعیرانی بەرەی بەرەنگاری و شۆڕشەوە. ئەوە بێجگە لەوەی کە شێعری دیاری وەک “شار”، “کچی بەیان”، “خێڵی درۆ” و “بر خوان خورشید”یشی هەیە.
بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئیبراهیم ئەحمەد، کە وەک باوکی ناسیونالیسمی کورد دێتە ئەژمار، بە گشتی دەچنە بەرەی هونەر و شێعری بەرەنگارییەوە. ئەگەر هەر بە تەنیا باسی شێعری “شیرین بەهارە”کەی بکەین، دەبینین کە چۆن لە کاتی خوێدا ژیلەمۆی کوردایەتی گەشاندووەتەوە و ئاگرێکی سەرتاسەریی بەرەنگاری لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان‌ هەڵێساندووە.
پەشێو، پەشێوی ئاشقی حەق و ئاشقی جوانی، هێشتا گەنجێکی کەمتەمەنە کە ژیان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆر ڕەت دەکاتەوە و ڕێگای شاخ و هەندەران دەگرێتە بەر.

دەریان کردم،
چونکە شێعرم
مناڵێکی چەتوون ئاسا،
پلووکەبەردی هاوێشتە
ماڵی شووشەبەندی گەوران!

دەریان کردم
چونکە شێعرم هێڵی بەزاند،
لە ڕووی گەنجینەی دزراو
گڵۆپێکی
دە هەزار ڤۆڵتی داگیرساند!
زۆرینەی کار و بەرهەم و شێعرەکانی قانع، هێمن، هێدی، هەژار، پیرەمێرد، دڵدار، ڕەفیق سابیر، پەشێو، شێرکۆ بێکەس، جگەرخوێن، لەتیف هەڵمەت، جلال مەلەکشا، هادی زیائەدینی، شۆڕش ئاهی، شەریف، ئاسۆ، چاوە، کەماڵ میراودلی، قوبادی جەلیزادە، سارا فەقی خدر، حەمە سەعید حەسەن، ڕێبوار، ئەحمەد بازگر، ن. حیسامی، فەرهاد سەنگاوی، ڕەحمان بێساران، ڕەحیم لوقمانی، فەریدون ئەرشەدی، بـێـبـەش، کاکە، و زۆر کەڵە شاعێر و نووسەری دیکەشمان دەچنە قاڵبی شێعر و بەرهەمی بەرگرییەوە.
ئەگەر مانای بەرەنگاری بە قووڵی وەرگرین و بزانین کە داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ بە گشتی و دیفاع لە مافی چین و توێژ و کەمایەتییە نەتەوەییەکان بەتایبەتی، هەر هەمووی دەچێتە خانەی بەرەنگارییەوە، ئەوسا هیچ نووسەر و شاعێر و هونەرمەندێکی ڕەسەنی کورد نابینیەوە کە بەرهەمەکانی مۆری بەرەنگارییان لێ نەدرابێ.
کورد وەک نەتەوە، ئەوە ٥٠٠ ساڵە لە دۆخی بەرەنگاری لە خۆیدایە. بــــــــــۆ؟! چونکە چەندین نەتەوەی خۆبەزلزان و دڕ و مرۆڤکوژی دیکەی دەوروبەری، ئاشتیخوازییان کردە خاڵی لاوازی و پەلاماری خۆی و خاک و کلتوورەکەی دەدەن. سەیر نییە کە هونەرەکەی ڕەنگدانەوەی بەرگریکردن لە خۆی و خاک و کلتوورەکەی نەبێ؟
تــــۆ بـــڕۆ ملوانکەی شینی شەریف حوسێنپەناهی هەڵ دەوە، تاقە یەک شێعریم نیشان بدە کە شێعری بەرەنگاری نەبێ. دیل، فرمێسک بۆ فەلەستین، قوتابخانە، نامە بۆ کۆڕی شاعێران، کۆچ، ڕووبار، ژار، دایە گیان بگری، هەڵاڵە، لانەی بایەقوش و هتد.
تێ دەگەم کە تۆیی نووسەر، شاعێر یان هونەرمەندی ئەمڕۆ کە هەنووکە لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان دەژی، هەڵبەتە دەبێ هونەرەکەت ڕەنگدانەوەی سەردەمی خۆت و خەون و خەیاڵی خۆت و خەڵکەکەت بێت. دەبێ بەم ژان و حەزە نوێیانەوە ژانت بـێتـێ و بژی و بـێـیە دەنگ کە هەنووکە خەڵکەکەت پێوەی دەشەکـێن و دەشکـێنەوە. ڕاستە کۆمەڵگای کوردستان ئێستا پوولاریزە بووە و دۆخەکان ئیستا زۆر لە سەردەم و زەمانی ئێمەمانان ئاڵۆزترە و دەرد و ژانە کۆمەڵایەتیەکان بەژان‌تر و چەقۆ لە سەر زامی دڵی خەڵک قووڵتر چووەتە خوار. بەڵام ئایا بەڕاستی هەر ئەم دۆخە نالەبارە‌ نییە کە خۆی لە خۆیدا بووەتە هۆکاری سەرەکیی کاردانەوەی هەموو ڕۆژەی خەڵک و خەبات و بەرخۆدان و خوڵق و خوو و کردەوەی بەرگری و خەون و خولیای ڕزگاری‌؟ ئەی باشە ئەگەر وایە، ئەو هونەرەی کە ڕاست لەم دۆخە دەدوێ، ڕاستییە تاڵ و حاشاهەڵنەگرەکان دەردەخات، باس لە ئارەزووەکان دەکا و بیر و خەونی گۆڕینی ئەو دۆخە دێنێتە ئاراوە، هونەرێکی ڕەسەن نییە؟ من پێم وایە هەر ڕاست ئەمەیە کە بووەتە سەرچاوەی هونەری ڕەسەن. هونەری ڕەسەن دوان لە واقع و خەون و ئارەزووەکانی ئێمەیە. هونەری ڕەسەن، ڕەسەنایەتییەکەی لە بەرگری لە خەڵک و ئارەزووکانی خەڵک و تێکۆشان بۆ گۆڕینی “دۆخی ئارایی” وەردەگرێ. هونەری ڕەسەن، هونەری بەرگرییە. گەرای شاکارە گەورەکان لێرەوە دەبەسترێت و حەماسە و تراژیدیاییەکان لێرەدا لە دایک دەبن و ڕۆمانە هەرە گەورەکان لێرەوە دەست پێ دەکەن.
مێژووی کولتوور و ئەدەبی کوردی، خۆیشی خەزێنەیەکی پربایەخی هونەری بەرەنگارییە. ئەگەر بەم دیدەوە بێن چاوێک بە شێعر و گۆرانی و بەیت و باوەکانی کۆنی کوردیدا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە زۆر دەمێکە لە وڵاتی پان و بەرینی کوردستاندا هونەر و شێعری بەرگری خەریکی خەبات و تێکۆشانە بۆ خزمەت بە خەڵک و بۆ وشیارکردنەوەی تاکی کورد:
….
بێگانە نەڵین کە کورد نەزانن
بێ نووسەر و هۆنەر و زمانن
پێمان نەڵی وێژەوانی بیر ورد
دڵداری نەبوو لە نێو کورد
کوا ئێوە نە دڵتەڕن نە دڵبەر
لەم ڕێگە نە ڕێرەون نە ڕێبەر
….
کورد نە هێندە گێل و گێژ و کاسن
داخم ئەوە بێکەسن، کەساسن
ژیر و بەدڵن گەلێک دەزانن
بێخێوییە بێسەر و زمانن
….
ئەمە چەند کۆپلەیەک لە پێشەکی مەم و زینی ئەحمەدی خانییە کە نزیک بە ٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا نووسراوە. هەژار گەڕاندوویەتە سەر شێوەزاری سۆرانی.
شێعری زۆربەی لایەلایەی دایکانی کورد بۆ کۆرپە ساواکانیان دەچێتە خانەی هونەری بەرگرییەوە.
بێگومان زۆربەتان گوێتان لە لایەلایەکەی ماملێ بووە کە چەندە بەسۆز و دڵهەژێنە. شێعرەکەی وابزانم هی مامۆستا هەژارە و لە ڕاستیدا لە فولکلۆر وەرگیراوە. بڕۆ جارێکی‌ دیکەش گوێی لێ بگرەوە بزانە ئایا ئەمە ناچێتە خانەی هونەری بەرگرییەوە؟
لەم ڕۆژگارە ڕەشە‌ی نێزەبەدەستانی ڕەشپۆشی چەقۆوەشێنی فاشیزمدا، لە دەورەی مرۆڤسووتێنەکاندا، سەیر نییە ئەگەر کەسی دەربەدەر و شێعر و شاعێری دەربەدەر، زۆریش دیار نەبن. ئەمە بەڵام زۆر گرینگ نییە. دەربەدەری و دووریی فیزیکی ئێمە لە خەڵک، تا ڕادەیەک وێنەی ڕوخساری ئێمەی لە زەینی کۆمەڵگادا کاڵ کردووەتەوە. خەڵک بەتایبەت گەنجی وا هەیە کە نامانناسێ و بۆژۆیی بە بوونمانەوە دەکات. ڕوخساری ئێمە چەشنی زەردەی خۆری پاییز، تیشکەکەی بەرەو ئاوابوونە. من خۆمان دەڵێم، نەک هونەر.
بەڵام لە هونەردا بەگشتی ڕەمز و ڕازێک، حەز و خوازێک، خەون و خولیایەک، هەست و هەواێک و دوڕ و گەوهەرێک هەیە، کە نەگۆڕ و گشتییە. ئەبەدییە. ئەوە هیچ پەیوەندی بە دیاربوون و دیارنەبوونی فیزیکی ئێمەوە نییە. ئێمە ببین و نەبین هەر وایە. هەر ڕێک لەبەر ئەوەشە کە شێعر و نووسین و تابلۆکانی ئێمەمانانیش هەمیشە خوێنەر و بینەری خۆی هەیە و دەیبێت و قەت لە برەو ناکەوێ و هەرگیز لەبیر ناچێتەوە.
لــە دڵـی خوێنـم من دەخوێنـم
پـــڕ بە دنیــــا دەنگ هەڵدێنــم
جـەهـەننـەمـی ئــەم دنیـــایە
هەرگیز جەستــەم پێی ڕانـایە

ئـــــەی لاوەکان ئــەی مناڵان
خەرمانی خـەم بەن بە تـاڵان
گــــۆرانی نــــــوێ بـڵـێـنـەوە
گـــوڵی هیــــــوا بـژێـنـنـەوە،

نـەرگسەکـان چــاو هـەڵیـنـن
دەشتــی ســووتاو بخەمڵینن
مەلی شـەیدا دەنگ هـەڵـێنە
بە سـەد نەغمــە بچــریکێنـە

با بــەهـار و شــەیــدایی بێ
پـــەژارە و خــەم کۆتایی بێ
ژیــــان ئـەمـڕۆ زینــــدانییە
دنیــــــای ئـێـمە بـەیـانییە.
ئەمە قسەی دڵی منە. شێعری منە. ئێمە شاعێرانی بەرەی بەرەنگاری خوازیاری ئاڵوگۆڕی جیدی لەم بارودۆخەی ئێستاین. بە هونەرەکەمان بۆ پێکهێنانی ئەم ئاڵوگۆڕە تێ دەکۆشین. هونەری ئێمە هەڵوێستی ئێمەیە. هەڵوێستی ئێمە دەنگی ئێمەیە. دەنگی ئێمە هاواری خۆشەویستی و جوانی و ئەشق و ئازادییە.
من کە سەرگوزەشتەی خۆم دەخوێنمەوە دەبینم کە شەپۆلە سەرکەشەکانی کۆمەڵگا بەبێ خواستی خۆم هەڵیانگرتم و لەگەڵ خۆیانیان بردم. بێ خواستی خۆم بووم بە شاعێرێکی دەربەدەر. دەربەدەرێک کە هەڵبەتە ئێستا لەم زستانە سیاسییەی ژیانی کۆمەڵگادا، شێعرەکانیشی قاچاخ و دەربەدەرن. تاری جاڵجاڵووکەی سیخورەکانی دیکتاتۆری هیچ کون و قوژبنێک نەماوەتەوە کە بە چەکی چەپەڵکاری خۆیان نەیانتەنی بێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و ڕێک لە وەها سەردەمێکیش خەڵک و بەتایبەت لاوەکان شێعری ئێمە دەست بە دەست دەگێڕن و دەیکەن بە گۆرانی و سروود. بــــۆ؟ ڕێک لەبەر ئەوەی کە لە ڕێگایەک، لە هەوایەک، لە نەوایەک، لە دەوایەکی تازە دەگەڕێین. لە ڕێگایەک تا بیکەنە ڕێبازی دەرچوونیان لە دۆخی نالەباری ژیانیان. لە هەوایەک کە پشوویەکی تێدا بدەن، هەناسەیەک تازە کەنەوە. لە دەوایەک کە وەکوو مەرهەم بیخەنە سەر دڵی بریندار و تەشەنەی خۆیان.
کێ هەیە “گۆمە شینـ”ـی ئەحمەد بازگری بە دەنگی ڕەزازی نەبیستبێ و پێی خۆش نەبووبێ؟
کێ هەیە “دەلالۆ دەلالۆ هەستەوە”ی شێرکۆی نەبیستبێ و دەیان جار سروود و گۆرانیەکەی لێ‌ نەدابێتەوە؟
کێ هەیە “ئاگرە سوورە”ی نەکەرۆزی ڕەحیم لوقمانیی بە دەنگی کاک نەجمەی غوڵامی نەبیستبێ و نەبووبـێـتە وێـردی دڵ و زاری؟
کێ هەیە “کینە ئەمـ”ـی شوانپەروەری گوێ لێ نەبووبێ و هەموو مووی جەستەی ڕاست نەبووبـێـتەوە؟
زۆربەی گۆرانیبێژە گەورە و هەڵکەوتەکانی کورد، کاتێک نێویان دەرکەوتووە و خەڵک ئامێزی خۆشەویستی بۆ کردوونەوە کە شێعری شاعێرێکی بەرەی بەرەنگارییان کردووەتە سروود یان گۆرانی. نموونەی هەرە دیاری ئەم ئیدعایە تاهیر تۆفیق، شوانپەروەر، ڕەزازی و نەجمە غوڵامین. پرسیار ئەوەیە: ئەو ئازیزانە بۆ ئاوا خۆشەویستن؟ من لام وایە کە ئەوەی ئەوانی ئاوا شیرین کردووە لە ڕاستیدا ئەو دەنگ و نەغمە و ئەو وشە و رستانەیە کە شاعێرەکان گوتوویانە و هۆناویانەتەوە. ئەوانە ئەو وشە بەنرخانەن کە خەڵک، خەڵکی داگیرکراو، خەڵکی ڕەنجکێشاو و ئازاردیتوو، خەڵکی لە زوڵم و ستەم وەزاڵە‌هاتوو حەز بە بیستینی دەکەن. حەز بە بیستنی دەکەن چونکە کوتومت خۆیان و خەون و خەباتی خۆیانی تێدا دەبیننەوە. چونکە ڕەوایەت لە ڕەنجێک یان خولیایەکی ئەوان دەکات. لێرەدایە کە کەسی ژیر و وردبین بۆی دەردەکەوێت کە شێعری بەرەنگاری چەکێکە کە خەڵک دژی داگیرکەران بە دەستەوەی دەگرن و بەم شێوەیە پارێزگاری لە خۆیان و خەونەکانیان دەکەن. چەکێک کە پێی بەهێز دەبنەوە. هەر لەبەر ئەو هۆیەشە کە شەمشەمەکوێرەکانی تاریکپەرەست، دێوەزمەکانی دیکتاتۆری و خەفەقان، گوێلەمستان و خۆفرۆشان بە چاوی دوژمن چاو لە شاعێران و شێعرەکانی بەرەنگاری دەکەن و تیر و شیریان لێ دەسوون و قاچاخ و بزریان دەکەن و تەنانەت چەڵکاوخۆرەکانی خۆیان و قەڵەمفرۆشەکانیان لە دژی ئەم هونەری بەرگرییە بەسیج دەکەن. هەوڵ دەدەن وا بە خەڵک بقەبڵینن کە “تەواو ئیتر ئەمە کۆتایییە. هونەری بەرگری و شێعری بەرگری تەواو بووە. دەوری بەسەر چووە و تازە کەس چاو لە شتی وا کۆن ناکات. ئێستا ئیتر دوای پسامدرنیزمە. ئێستا ئیتر ئەوەی باش و شایستەیە تەنیا هونەر بۆ هونەرە”.
ئەم خۆڵ بە چاوکردنەی خەڵک لە لایەن دیکتاتۆر و قەڵەمفرۆشەکان ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا لە ئورووپا و ئەمریکاش باو بوو، بەڵام ئەم تەپوتۆزە هەنووکە لەوێ نیشتوەتەوە. خەڵکی ئورووپا و ئامریکا ئێستا چاوی خۆڵتێکراوی خۆیان هەڵ دەکۆڵن و دەبینن کە چ کڵاوێکیان چووەتە سەر. هەر ئەم خۆڵ لەچاوکردنە بوو کە تووشی شەڕی دووهەمی جیهانی کردن. ئەوان هەر خەڵکیان گەوجاند و بازرگانیان بە خوێنیانەوە کرد. خەڵک درەنگ لە درۆ و فڕوفیشاڵەکانیان گەیشتن، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ئەوان ئێستا تێگەیشتوون کە دیکتاتۆرەکان بـــۆیە وایان‌کرد تا خەڵک بەگشتی لە گێژاوی بەدبەختی خۆیاندا خول بخولێنەوە. بەرچاویان لێڵ و تاریک بێ. هێچ نەبینن و نەزانن کە خوێنخۆر و خوێنرێژەکان چ دەکەن.
کورد دەڵی بەرخ هەر لە بن سەوەتەیدا نامێنێتەوە. خەڵکیش ئاوا بۆ ئەبەد خۆڵی لە چاو ناکرێ. خەڵک تا ئەبەد گێژ نابێ. پاشنەی ئاشیلی دیکتاتورییەکان لێرەدایە. لە تاریکیی ڕەهاییدا ئەگەر تۆ شقارتەیەک لێ دەی، تاریکی دەشکێنی. شێعری شاعێرێکی بەرەنگاری هەر هیچ نەبێ مۆمێکە لە تاریکیی دنیا داگری ئەواندا. بێگومان ئێمە ئەو مۆمە هەڵ دەکەین. بە خۆشییەوە هەموو وڵاتی کورد ئێستا پڕپڕ لەو مۆمە ڕۆشن و پرشنگدارانەیە.
گەرچی شێعری بەرگری، ژیانێکی نوێ بە بەر مرۆڤ و کۆمەڵگا و ژیان دەکاتەوە و دەبێتە دەنگی دلێری ئەشق و ئازادی، بەڵام گرینگتر و خۆشتر لەو شێعر و هونەری بەرگرییەش، ژیان خۆیەتی. ژیان و جیهان هەردووکیان زۆر زۆر جوان و شیرینن. هەر بۆیەش نابێ ڕێگە بدەین کە زۆردار و چەوسێنەر و گەمژە و زەین کوێر و ستەمکار و گەندەڵ و بازرگانیی خوێنی خەڵک، خۆشی و جوانی و شیرینی ئەم جیهان و ژیانە‌مان لێ بکەن بە ژان و برک. بە دەرد و رەنج و یەخە دادڕین و بــاوکــەڕۆ.
ئێمە هەین هێشتا. ئێمە ماوین. تێکۆشان و هەوڵ و هاواری ئێمەی هونەرمەند و شاعێرانی بەرەی بەرخۆدان و بەرەنگاری رێک و ڕاست بۆ گێڕانەوەی ژیان و جیهانە بۆ دەق و دۆخە جوان و شیرینەکەی خۆی. ئێمە دەنگی ڕەوای گەلێکی بەشمەینەتین کە هەنووکە بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی خۆی دەجەنگێت. ئەوە ئێمەین کە بە هەوڵ و هیمەت و خوێن و قوربانیدانی خۆمان هاوارمان کرد و دیسانیش هاوار دەکەینەوە کە بــەرخـــۆدان ژیــانـە!
ئەگەر شێعر و شاعێر و شێوەکار و نووسەرو شانۆکار و سناریۆنووس و هەر هونەر و هونەرمەند‌ێک خزمەت بەم ڕەوت و رێگایە و بەم خەون و خولیایە و بەم ئەرک و ئاقارە نەکات بێگومان بن کە بەرهەمەکەی کەڵەی نێو بێستان و ژەهری نێو شەکران و بژیوی خۆپەرەستان و خزمەت بە هەلپەرەستانە.
ئەمە ئاگادارکردنەوە‌یە بۆ هەموو ئەو گەمژانەش کە پاڵیان وە لیخاوی گەندەڵی ئیسلامی سیاسییەوە داوە و بە ناوی هونەرمەند و نووسەر و ڕووناکبیر خەریکی شڵپەشڵپ و چڵکاو چڵپێنن و وایان داناوە کە ئەم دۆخە چەپەڵە ئەبەدییە و بۆ هەمیشە دەتوانن لەم قوڕاو و گەنداوەدا ماسیی ڕۆحی خەڵک بگرن. ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکیشە بۆ ئەوانە کە هەر ئێستا بە هونەرەکەیان خەریکی لەخشتەبردنی خەڵکن. با هەمووان بزانن و ئاگادار بن کە سۆنامییەک بەڕێوەیە. سۆنامییەک کە هەموو دار و دیوارەکۆنەکانی کولتووری و ئابووریی کۆمەڵگای کۆنی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە ڕەگ و ڕیشەوە لەبەریەک هەڵ دەتەکێنێ و تووی جیهانێکی شیاوی مرۆڤانەی نوێ لە زەوی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکاندا دادەچێنێ. ئەم سۆنامییە ڕێنساسێکی کۆمەڵایەتیی هونەر و زانست و ئابوورییە. ئەم ڕێنسانسە لە هونەری بەرگریی لە دایک دەبێت.
لە ‌یەک وشەدا هونەری بەرگری کاکڵ و ماک و کانی و سەرچاوە و دایکی ڕاستەقینەی ئاڵوگۆڕە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان