ئارامتر بخوێنەوە!

تابلۆیەکی ٤٧-٤٦

ئەم تابلۆیە پێشکەشە بە گیانی پاکی شەهیدان و خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بە تایبەت جەنگاوەرانی بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٧-٤٦

بەشی یەکەم. ڕاسان/ هەناوێک لە دوو زەمەن

هادی عەزیزی

مێژووی کوردستان بە گشتی لە زۆر شوێندا تووشی ناڕوونی بووە و زۆر جار لە لایەن داگیرکەرانەوە یان لەبەر نەبوونی لێکۆڵینەوەی قووڵ و زانستی لە لایەن خودی کوردەوە نەیتوانیوە لە  ساتێک کە وا کەوتۆتە ژێر لێکۆڵینەوە، ئامانجەکانی خۆی لە حەقیقەتی مێژووییدا بپێکێت.

بەشێکی ئەم مێژووە دەکەوێتە چەرخی نوێ و سەدەی ڕابردووەوە و سەرەڕای هەبوونی دێکۆمێنت وبەڵگە و بیرەوەری و تەنانەت زیندووبوونی کەسایەتییەکانی ئەو سەردەمە، هێشتا هەژارییەکی زۆری پێوە دیارە.

ئامانجی ئەم نووسینە، زیندووکردنەوە و هێنانەوە کایەی بەشێک لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە تایبەتی لە دوای هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان لە ڕووی دەسەڵاتەوە هەتا نزیک کۆنگرەی سێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خۆ دەگرێت. ئەم ساڵانە کارگەلێگی زۆر بنەڕەتی و کۆڵەکەیی بە بووژاندنەوەی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدرێت کە زۆر بەکرچ و کاڵی باسی لێ کراوە و لە زۆر شوێنیش بە هۆکاری تایبەت بەردی لە سەر داندراوە.

کۆماری کوردستان ئەگەر وەک حکوومەتێکی مۆدێڕنی کوردی لەڕۆژهەڵات ناوی ببەین، دیارە ئەم دەستەواژەی مۆدێڕن بوونە تەنیا چارتی تەشکیلاتی و حکوومەتی لە خۆ ناگرێت، بەڵکوو کۆمەڵێک خاڵی کردەوەیی و ڕوانینی کۆمار بەرامبەر بە خوێندن و مافی ژنان و منداڵان و فەرهەنگی کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی کۆمار لە خۆ دەگرێت.

گۆشەی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە سەرەڕای کەم بوونی تەمەنی کۆمار، کۆمەڵێک هەنگاوی پێشکەوتنخوازانە و سەردەمییانە ئەو کات هەڵگیراوە، کە ئەگەر پلانی حکوومەتی پەهلەوی و بریتانیا بۆ ناوچەکانی خوارەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزدا بوو، سەری نەگرتبا و پاشەکشەیان بە حەمەڕەشیدخان و جافرسان ومەحموود خانی دزڵی نەکردبا، بە یەقینەوە دەتوانین بڵێین، ئەم سیستەمە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەگرتەوە.

لە دوای کۆماری کوردستان زنجیرەیەک کار و چالاکی ئەنجام دەدرێن کە دەتوانین وەک میرات و بناغەی بزووتنەوەی ٤٦ـ‌٤۷ چاوی لێ بکەین.

لەڕیزی یەکەمی ئەو چالاکییانە کە دەتوانین وەک ساغ کردنەوەی حیزبی دێموکرات لێی بڕوانین، کۆبوونەوەیەکی۱۱ی ڕەشەمەی ساڵی۱۳۲٦ ی هەتاوییە کە لە ماڵی غەنی بلوورییان بەڕێوەدەچێت و کەسانێکی وەک غەنی بلوورییان و محەممەد شاپەسەندی و سەدیق خاتەمی و عەزیزیوسفی و سەید خدر نیزامی(سەید پیرە) و سەید محەممەد ئیسحاقی تێیدا بەشدارن و وەک کۆمیتەی سەرەتاییی ساغ کردنەوەی حیزبی دێموکرات بڕیار دەدەن.

لە سەرەتادا پەیوەندی بە ئێحسانی تەبەری وەک سەرکردایەتیی حیزبی توودەوە دەکەن، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نادەنەوە، دواتر بەرەو باشووری کوردستان دەچن و چاویان بە شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحموود دەکەوێ.

لە ۲۳/۱۰/۱۹٤۸یەک ژمارە گۆڤار بە ناوی ڕێگا بڵاو دەکەنەوە کە تێیدا بانگەواز و چالاک بوونەوەی حیزبی دێموکرات بڵاو دەکەنەوە.

دوای ئەو بڵاو بوونەوەیە، زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی ساغ کەرەوە دەگیرێن و بەشێکیشیان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران دوور دەخرێنەوە.

ساڵی ١٩٥١ ی زایینی و دوای ئازادبوونی ئەندامانی کۆمیتەی ساغكەرەوە، كەسانێكی وەك غەنی بلوورییان، ڕەحیم سوڵتانی، كەریم وەیسی، ڕەحیم خەڕازی، عەزیز حیسامی، عەبدوڵڵا ئیسحاقی و دواتریش عەزیزیوسفی كە درەنگتر لە زیندان ئازاد دەبێ، کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی حیزبی دێموكرات زیندوو دەكەنەوە و پەیوەندی بە ھەموو کۆمیتەكانی سەردەشت، سەقز، نەغەدە و ژمارەیەك لە گوندەكان كە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزبیان مابوو، دەكەنەوە و کۆمیتەی مھاباد جیا لە بەڕێوەبردنی ئەركی خۆی، ڕێبەرایەتیی گشت کۆمیتەكانیش لە ئەستۆ دەگرێت.

لەم زنجیرە گیرانانەدا ڕاستییەك دەبیندرێ، ئەویش ئەوەیە كە ڕژێمی شا بەو گرتن و فشار ھێنان و زیندانی كردنانە، نەیتوانی مەترسیی بوونی ڕێكخراوی سیاسی لە سەر خۆی كەم بكاتەوە.

مێژووییترین کارێک كە کۆمیتەی مھاباد لەو سەروبەندەدا کردی ئەوە بوو كە بەرپرسیارێتیی ھەموو کۆمیتەكانی حیزبی لە ئەستۆ گرت و ڕێبەرایەتیی دەكرد.

دكتۆر قاسملووی نەمر، لە چل ساڵ خەبات بۆ ئازادیدا دەفەرموێت:

“ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمەی ١٣٢٩ ی ھەتاوی ڕەزم ئارا كوژرا، لە دواییدا دەركەوت ھەر نەبێ دوو دەستەی سیاسی پێیان خۆش بوو، ڕەزم ئارا بكوژرێت یان ڕاستەوخۆ دەستیان لە كوشتنیدا ھەبوو.

یەكیان مەزھەبییەكان بە ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵڵا كاشانی كە دوژمنایەتیی خۆیان لە گەڵ ڕەزم ئارا نەدەشاردەوە و ئەوەی دیكەشیان حەمەڕەزاشا بوو كە پێی خۆش بوو ڕەزم ئارا بكوژرێ.

چونكە بەرە بەرە ئەو شەخسییەت و نفوزەی كە ڕەزم ئارا لە نێو ئەرتەشی ئێراندا و ھەروەھا لە نێو وڵاتدا پەیدای كردبوو، مەترسییەك بوو بۆ دەسەڵاتی شا و پاشایەتی. پاش كوژرانی ڕەزم ئارا، حوسێنی عەلا كە دەستپەروەردەی ئینگلیز بوو، ڕۆژی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٢٩ بوو بە سەرۆكوەزیر، بەڵام نە ئەو نفووز و شەخسییەتەی ھەبوو و نە لە ھەلومەرجی ئەو كاتەدا دەرەتانی ئەوەی ھەبوو كە بتوانێ پشتگیری لە پەرەئەستاندنی جوڵانەوەی خەڵكی ئێران بۆ میللی كردنی نەوت بكا. پاش نەمانی ڕەزم ئارا ڕێگە بۆ میللی كردنی نەوت خۆشتر بوو و جەبھەی میللی و بەتایبەتی شەخسی دكتور موسەددیق لەو ھەلومەرجە باشترین كەڵكیان وەرگرت”.

لە ١٥/٣/١٩٥١ ھەتا ٢٠/٣/١٩٥١ نەوتی ئێران خۆماڵی كرا.

بە خوماڵی بوونی نەوتی ئێران و دەست كرانەوەی دكتۆر موسەددیق و جەبھەی میللی پێشڕەو، دەرگایەكی گەورەش بۆ چالاكیی ھەموو ڕێكخراوە دێموكراتییەكان كراوە و دواجاریش ھەر جەبھەی میللی كارێكی وای كرد كە لە ٢٨/٤/١٩٥١ موسەددیق وەك سەرەكوەزیری ئێران ھەڵبژێردرێ.

لە دوای ئەو ھەلومەرجە، حیزبی دێموكرات لە دوای ھەرەس ھێنانی كۆمارەوە توانی بۆ یەكەم جار بە ئاشكرایی بە بیانووی پشتیوانی لە خۆماڵی بوونی نەوتی ئێران یەكەمین خۆپیشاندانی جەماوەری لە ١/٥/١٩٥١ بەڕێوە ببا كە سێ ھەزار كەس تێدا بەشدار بوون.

لە دوای ئەم خۆپیشاندانە حیزبی تودە سەرنج دەداتە كوردستان و لەڕێی سارمەدین سادق وەزیری و شەھید سەدیق ئەنجیری ئازەر پەیوەندی بە حیزبی دێموكڕاتەوە دەكەن.

لە سەردەمی موسەددیقدا(١٩٥١-١٩٥٣) خەباتی ڕێكخراوەیی و مەدەنی لە ئێران زۆر باش بوو و ھەتا كودەتاكەی ٢٨ی گەلاوێژ ١٣٣٢(١٩/٨/١٩٥٣) حیزبی دێموكرات باشترین كەڵكی لە دۆخەكە وەرگرت.

دواتر كە شا و زاھیدی لە دژی موسەددیق كودەتایان كرد و سەركەوتن، زۆرینەی نووسینگەكانی حیزبی توودە داخران و زۆرینەی بەرپرسەكانیان گیران و ھەندێكیان لەڕادیۆ و تەلەڤزیۆن پەشیمانیی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام بە پێچەوانەی حیزبی تودە، حیزبی دێموكرات ھەرگیز چالاكییەكانی ڕانەوەستا.

مانگی فێبریڤەری ساڵی ١٩٥٤ غەنی بلوورییان، دكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، عەزیزیوسفی و سەدیقی ئەنجیری ئازەر لە تەورێز یەك دەگرنەوە و ٥ ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستانی ئۆرگانی حیزبی دێموكراتی كوردستان چاپ دەكەن.

لەو سەردەمە كە ئەوان لە تەورێز بوون لە ماڵی خانمێك بە ناوی ماروسیا لە گەڕەكی ئەرمەنییانی تەورێز دەژیان.

ھەر لەو سەروبەندەدا عەبدوڵڵا ئیسحاقی، لە سنە ھاوكاریی کۆمیتەی حیزبی دێموكراتی دەكرد و لە ماڵی عوبەیدی خالقی برای مەزھەری خالقی مابووەوە.

قادر شەریف (ھاشم ئەقلوتوللاب/حەقتەڵەب) و ئەسعەد خودایاری بیجاڕ، وەك بەرپرسانی کۆمیتەی بڵباس لە دەور و پشتی مھاباد مابوونەوە.

لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٣٤ ی ھەتاوی، کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی حیزبی دێموكرات لە سەر داوای غەنی بلوورییان كۆبوونەوەیەكی گرینگی لە ماڵی سەدیقی ئەنجیری لە تاران بەڕێوە برد، كە ھەر كامە لە غەنی بلوورییان، عەبدولڕەحمان قاسملوو، عەبدوڵڵا ئیسحاقی، سلێمان موعینی، محەممەد ئەمین ڕاتبی و ئەسعەد خودایاری و سەدیق ئەنجیری ئازەر تێیدا بەشدار بوون و بە كۆی دەنگ بڕیاری ئەوەیان دا كە پەیوەندی لە گەڵ حیزبی تودە بپچڕێنن، چونكە تودەییەكان لە بەرامبەر كودەتا لە دژی موسەددیق بێدەنگ بوون.

دوای كۆبوونەوەكەی تاران دوو كۆبوونەوەی دیكە دەگیرێ كە ھەمان ناوەرۆكی كۆبوونەوەی تارانە و لە ھەندێك شوێن ھەر دوو كۆبوونەوە وەك كۆنفڕانسی یەكەمی حیزبی دێموكرات ناوزەد دەكرێ كە یەكەمینیان لە گوندی كەوتەری مەنگوڕایەتی و ئەوەی دیكەشیان لە كێوی قەڵاتەڕەشی پشت گوندی سەیداوای پیرانشار لە لایەن سەیدڕەسوڵی بابی گەورەوە بەڕێوە دەچێت.

دواتر بۆ فستیڤاڵی لاوانی ١٩٥٧ ی مۆسكۆ، کۆمیتەی ساغكەرەوەی حیزب بڕیاری بەشدار بوون دەدا و لەو سەروبەندەشدا بەشێك لە سەركردایەتیی حیزب دەگیرێن، ھەر بۆیە بەرەو باشووری كوردستان شۆڕ دەبنەوە و ھێدی ھێدی لە گەڵ حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی باشوور و ئێراق تێكەڵاوی دروست دەكەن.

ساڵی ١٩٥٨ ی زایینی لە دوای گەڕانەوەی بارزانی بۆ ئێراق و پێكھاتنی كورد و عەرەب، دەرگایەكی ئاواڵە بەرەو ڕووی كورد لە باشووری كوردستان و ئێراقدا كراوە.

ساڵی ١٩٥٩ لە دوای چەند ھەڵەیەكی نەخوازراو زنجیرەیەكی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكرات لەڕۆژھەڵات دەگیرێن كە ئەمە یەكەمین زنجیرەی گەورەی گیرانی ئەندامانی حیزبە لە دوای خۆساغكردنەوە، ھەر بۆیە بەشێكی دیكەی بەرچاو لە ئەندامان بەرەوە باشوور دەڕۆن.

تێكچوونی پەیوەندیی عەڕەب و كوردی باشوور لە ئێراقدا، شۆڕشی ئەیلوولی ھەڵگیرساند و بەشێكی زۆریش لە حیزبی دێموكرات بەو شەڕەوە تێوەگلا، كە ھەر ئەمەش بووە بە ھۆكاری ئەوەی دوو دەستەیی بكەوێتە ناو ڕیزەكانی حیزبی دێموكراتەوە و حیزب بەرەو پەرتەوازەیی بڕوات.

حیزبی دێموكرات ئەو كات لە دوو بنكەی سۆنێ و زینوێ جێگیر ببوو و كاری ڕێكخستن و تێكۆشانی لەو دوو بنكەیەوە بەڕێوە دەبرد.

لەم ھەلومەرجەدا لە سەرماوەزی ١٣٤٣ ی ھەتاوی(نۆڤامبری ١٩٦٤) دووھەمین كۆنگرەی حیزب بەسترا و بەشێكی زۆریش لە كادیران و ئەندامان نەیانتوانی تێیدا بەشدار بن كە بۆ كێشە ناوخۆییەكانی حیزب دەگەڕایەوە.

لە دوای كۆنگرەی دوو خوێنێكی تازە لە دەماری حیزبی دێموكراتدا وەگەڕ كەوت و سەر لە نوێ بنكە و بارەگاكانی حیزب ڕێكخرانەوە. كۆمیسیۆنێك لە لایەن كۆنگرەوە ھەڵبژێردرا كە ھەموو ئەندامانی ناڕازی بگەڕێننەوە بۆ ناو حیزب… کۆمیتەی ناوەندی بە گوێرەی جوگرافیای ڕۆژھەڵات پێشمەرگەكانی لە سێ لك و دەستەیەكد اڕێكخست.

لكی یەكەم بە فەرماندەیی نحۆ پاشایی ناسراو بە باپیر شكاك، لە گەڵ چوار پێشمەرگەی دیكە بۆ ناوچەی سۆما و برادۆست.

لكی دووھەم بە فەرماندەیی مەلا ڕەحیم وێردی “میرزا ئەحمەد مەنجەڵان” لە گەڵ چەند پێشمەرگە بۆ ناوچەی بانە و سەقز.

لكی سێھەم بە فەرماندەیی سلێمان موعینی بۆ ناوچەكانی سەردەشت، مھاباد، نەغەدە و بۆكان.

مەلا سەید ڕەشید لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەك بۆ ناوچەی مەریوان و ھەورامان.

ئەمیر قازی لە مەقەڕی سۆنێ سەرپەرەستیی كارەكانی دەكرد.

ئەم ڕەوتە بەردەوامە ھەتا ساڵی ١٩٦٥ی زایینی كە پلۆنۆمی یەكەمی حیزب لە گوندی دێلۆ لە دیوەخانی حەمەدی كاحسێن كە دەبەسترێ، لە نێوان ئەحمەد تەوفیق و سەدیق ئەنجیری ئازەردا دەمەقاڵە و ھەرا ساز دەبێ و دوای ئەوە ئەحمەد تەوفیق بە بیانووی پشوودان ڕیزەكانی حیزب بەجێ دێڵێ و ڕوو لە شۆڕشی باشووری كوردستان دەكا و بەرەو حاجی ئۆمەران دەڕوا.

لێرە بە دواوە ھەموو ئەركی حیزب دەكەوێتە ئەستۆی شەھید سلێمان موعینی. دوای ڕۆیشتنی ئەحمەد تەوفیق لە حیزب، ھەندێك لە ئەندامانی حیزب وەك ڕاوێژكاری کۆمیتەی ناوەندی دەگەڕێنەوە، بەڵام مافی بڕیار دانیان نابێ. شەھید سلێمان موعینی وەك بەرپرسی یەكەمی حیزب ھەمووڕێكخستنەكان كارا دەكا و خەباتی ڕۆژھەڵاتی كوردستان دەبووژێنێتەوە.

سەركردایەتیی باشوور ئەحمەد تەوفیق بۆ بادینان دەنێرێ و وەك دوور خستنەوە ھەتا ئەو كاتەی نامێنێ، چاوی بە ڕیزەكانی ڕۆژھەڵات ناكەوێتەوە. مەلا ئەحمەد شەڵماشی كە ناسراوە بە مەلا ئاوارە، لەو زەمەنەدا بە تەنیا چالاكیی دەكرد و لە ناوچەی سەردەشت بوو، مەلا ئاوارە وەك ھونەری ڕێكخستن، بۆ یەكەمجار سیستمی ڕێكخستنی نھێنی لە شانەی یەك كەسیدا پێك ھێنا.

بەھاری ١٩٦٦ ی زایینی،بە پیلانی ساواک لە ناوچەی باڵەكایەتی سەدیقی ئەنجیری ئازەر بۆ ھەمیشە بێ سەروشوێن دەكرێ و تا ئێستاش مەیتەكەی نەدۆزراوەتەوە، كاتی خۆی فەرماندەییی باشووری كوردستان بە ئەمیر قازییان گووتبوو كە سەرێكی بڕاویان لە قەندیل بینیوەتەوە كە لە شەھید سەدیق ئەنجیری دەچێت. پێشتریش لە ساڵی ١٩٥٩ ئەسعەد خودایاری كە خەلكی بیجار و لە ئەفسەرەكانی كۆماری كوردستان بوو، لە باشووری كوردستان لە گوندی چۆم خڕگە تیرۆر كرابوو.

ڕۆژی ١٤/٩/١٩٦٦ لە سەرووی گوندی خەلان بە یاوەریی چوار كەس كە بریتی بوون لە فراكسیۆنی كۆنگرەی دووھەمی حیزب، لە لایەن سالار حەیدەری، سماییل شەریفزادە، مەلا ئاوارە و حەمەدەمین سیراجییەوە، کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموكرات پێك دێت.

کۆمیتەی شۆڕشگێڕ لە سەر دوو خاڵ پێك ھاتبوون.

یەكەم: ڕێكخراو دروست بكەن

دووھەم: ڕۆژنامەیەك بە ناوی تیشك دەربكەن كە زمانحاڵی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ بێت، كە شەھید شەریفزادە سەرنووسەری بوو و قەتیش بڵاو نەكراوە.

لەو كاتانەش سلێمان موعینی وەك لكی ٣ ی حیزب ڕۆژنامەی ڕۆژی بڵاو دەكردەوە كە بە دروشمی پەسەند كراوی كۆنگرەی دووھەم، یەكیەتی و خەبات و سەربەخۆیی دێموكراتی، بڵاو دەبۆوە.

شۆڕشی ٤٦-٤٧

بزووتنەی ٤٦-٤٧ لە كاتێكدا سەری ھەڵدا كە حیزبی دێموكرات بە ھەموو شێوەیەك دەیویست، خۆی لە دۆخی باشوور و پیلانی ساواك بڕەوێنێتەوە و لە سەر كار و چالاكی بۆ ڕۆژھەڵات بەردەوام بێ. ڕۆژی ١٧/٦/١٩٦٦ مەلاڕەحێم وێردی بەر لە دەستپێكردنی بزووتنەوەكە شەھید كرا. ١٨/٥/١٩٦٧ نحۆ پاشایی ناسراو بە باپیر شكاك، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ھەڵبژێردراوی كۆنگرەی دووھەم، لە گەڵ چوار پێشمەرگەی دیكە بە ناوكانی مەلا ئیسماعیل، ڕەزا، فەوزی و ناجی لە ناوچەی سەڵماس شەھید بوون.

١/٥/١٩٦٨ شەھید سمایل شەریفزادە، ناسراو بە مەلا عەزیز، بە ھۆی دزە كردنی بەكرێگیراوێك بۆ ناو پەلەكەیان تووشی شەڕێكی قورس دەبن و لە گەڵ سێ پێشمەرگەی دیكە بە ناوەكانی حوسێنی ڕەحمان ڕابی، میرزا محەممەدی ئەستێ مەنگوڕ، عەلی عەوڵا كۆڵی، لە گوندی دارێنەی بانە شەھید بوون و لەو شەڕەدا تەنیا پێشمەرگەیەكی گەنج خۆی دەرباز كرد كە نازناوی ئاڵیاز بوو و ئێستاش لە ژیاندا ماوە.

مانگی ٧ ی ١٩٦٨ ی زایینی عەبدوڵڵای موعینی و مینەشەم لە دوای شەڕێكی قارەمانانە لە گوندی قالوێی عەوڵاغا كە بە قالوێی موعینی ناسراوە لە مووچەی ئەحمەد كەوازەرد شەھید كران و پێشمەرگەیەكیش بە ناوی حەسەن خوڕخوڕەیی بە برینداری بە دیل گیرا كە دوای ئەوەی بە ماشێن ڕایدەكێشن، دواتر لە پادگانی مھاباد تیرباران كرا، شەھید حەسەن لە كاتی شەھید كردنیدا نەیھێشتبوو چاوی ببەستن.

٨/٦/١٩٦٨مەلا ئاوارە لە گوندی دیواڵان لە گەڵ دوو پێشمەرگەی دیكە بە ناوەكانی محەممەد ئەحمەد(مەلا كەچە) و ڕەحمان وتمان چاوشین دەستگیر كران و لە ٢/٩/١٩٦٨ لە سەردەشت گوللـەباران كران و شەھید بوون.

ناخۆشترین دۆخی ئەو سەردەمە شەھید كردنی شەھید سلێمان موعینی بوو كە وەك كەسی یەكەمی حیزبی دێموكرات دەهاتە ئەژمار. بە شەھید بوونی سلێمان موعینی ئاوێكی سارد بە سەر دەستی بزووتنەوەی ڕۆژھەڵاتدا كرا.

ساڵی ١٩٦٩ی زایینیش قادر شەریف ناسراو بە ھاشم ئەقلوتوللاب لە سلێمانی بە دەستی بەكرێگیراوێك بە نارنجەك شەھید دەكرێ.

زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندی و ڕێبەرایەتی شەھید بوون و دەبوا وەك بەردەوامی جێگرەوەیان بۆ دابنێن. ھەر بۆیە دواتر لە كۆنفرانسی سێ و كۆنگرەی سێ، كە شەھیدی ڕێبەر دكتۆر قاسملوو وەك فریادڕەسێك نەیھێشت خوێنی ئەوان بە فیڕۆ بڕوات و حیزبی دێموكراتی لەسەر بنەمای سیاسەت كردنی سەربەخۆ جارێكی دیكە ڕاست كردەوە.

ئەوەی ئێمە لە درێژایی زەمەنی تەمەنی حیزبی دێموكراتدا بەدی دەكەین كە ھەمیشە میراتی سیاسی و نەتەوەیی بە بەرەی پاش خۆی بەخشیوە و نەیھێشتووە بەرەی خەباتی كورد لەڕۆژھەڵاتی كوردستان لە كزی بدات.

ھەر وەك ھەموومان ئاگادارین لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا “ڕاسان” وەك ئالترناتیڤ و جووڵەیەكی سیاسی و نیزامی خوێنی تازەی بە دەماری كورد لەڕۆژھەڵات بەخشی و لە توێی شاخ و شاردا ھاوئاھەنگییەكی ڕێكخست.

لە نێوان وێكچوونی ڕاسان و بزووتنەوەی ٤٦-٤٧ كۆمەڵێك فاكتی گرینگ ھەن، كە سەلمێنەری سیاسەتێكی دژ بە كوردە كە لە نێوان پەھلەوی و ڕژێمی ئیستای ئێراندا یەك ناوەرۆكی ھەیە و ئەویش قڕكردن و خنكاندنی كوردی ڕۆژھەڵاتە.

بزووتنەوەی ٤٦-٤٧ لە كاتێكدا سەری ھەڵدا كە دیویست كفنی پاشكۆیی و سستی بدڕێنێ و ھەناسەیەكی نوێ بە ھەناوی ڕۆژھەڵاتدا بكات.

ڕاسانیش پاش دوو قۆناغی كشانەوە لە ڕۆژھەڵات و كشانەوە لە قەندیل، كە لە قوڵاییی باشووردا بزووتنەوەی ڕۆژھەڵات بەرەو خنكاندن دەڕۆیشت، وەك شمشێرێكی ناوقەدبڕ تەواوی ئەو بەربەستانەی پساند و ھەموو پەیوەندییەكانی پێشمەرگە و كۆمەڵگەی ھەڵبەستەوە.

ڕاسان لە زەمەنێكدا سەری ھەڵدا و خەونی ڕژێمی داگیركەری ئێرانی لە گۆڕ خست كە دەیانگوت بزووتنەوەی ڕۆژھەڵات بەرەوە پیری و مردن چووە.

بەسەرهاتی جەنگاوەرێک

هەرچەند ناتوانم ئەوەی له دڵمدایه به تەواوی بینوسم و بیخوێنمەوە بەڵام دەمەوێ لەسەرڕا بەسەرهاتی خۆم کەمێک یادداشت کەم.

لە تەمەنی یەک ساڵیدا :باوکم فەوتی کرد، و لە تەمەنی پێنج یا شەش ساڵیدا: دایکیشم بە رەحمەت چوو و بێ دایک و باوک کەوتمە دنیایێکی بەدبەختی و سەر لێ شێواوی. نەمدەزانی ژیان چییە و چۆنە. پێم وا بوو بۆ ژیان و زیندەگی دەبێ لە ناو باوەشی گەرمی دایک و باب و لە ناو ناز و نیعمەتدا و لە وڵاتێکی تێرو تۆخ و لە وڵاتێ ئازاددا ژیان بەسەر ببەین. بەڵام دیم وا نییه ژیان. لە وڵاتێکی خەفەقان و پڕ زولم و زۆر دا ژیان بەسەر دەبەین. زوڵم و زۆر لە ڕادەبەدەر بوو. تەمەنم بە دوازده سێزده ساڵی گەیی، لە دڵی خۆمدا سەرم دێناو دەبرد دەمگوت خودایە دەبێ چۆن ئەو هەموو زوڵم و زۆرە لە ناو بچێ دەبێ کەس بتوانێ لە بەرامبەر ئەو هەموو  زوڵم و زۆرە بوەستێ؟ بۆخۆم بە خۆم گوت بەڵێ، ئەگەر خەڵک یەکگرتوو بێ دەتوانێ زوڵم و زۆر لە ناو بەرێ. زۆرم سەر دێناو دەبرد، بەڵام کەس نەبوو بە من بڵێ وەرە بەو ڕێگایەدا بڕۆین. شەوێک لە بناویلی کوردان لە ماڵی حاجی محەمەدی مامم بووم. لە پڕ پۆلێک چەکدار وەژوور کەوتن. زۆر ترسام؛ لە دڵی خۆمدا گوتم ئەوە حەتمەن خۆیان گۆڕیوە. سەربازگیری بوو، کاک ساڵەی برام سەرباز بوو؛ شەوانە خۆیان دەشاردەوە. دانیشتن و گوتیان حاجی نان و چامان بدەیە و نەفەرێکمان بۆ پەیدا کە ئەو نامەیە بەرێ بۆ هەنداوێ، کە وایان گوت دیسان لە دڵی خۆمدا گوتم خۆ ئەوە کوردن. مامە حاجیم گوتی: ئەم برازایەم نامەکە دەبا.

بەو شەوە نامەکەم برد و گەڕامەوە، دیم لەوێ نەمابوون.

 بەیانی بە مامە حاجیمم گوت‌: مامە گیان ئەو چەکدارانە کێ بوون مامەم گوتی ڕۆڵە کارت چییە ئەوانە چەکدارن و خەڵکی وڵاتی خۆمانن.

دیسان کەوتمە خەیاڵاتەوە، خوایە چۆن پەیدایان کەم. زۆری پێ نەچوو خەبەر هات، لە ناو خەڵکدا باسیان بوو دەیانگوت بەخوا بەداخەوە ئەو نەفەرانە لە سورکێ کەوتنە ژێر هەرەسی بەفر. دوبارە بە مامە حاجیم گوت: مامە گیان ئەوە کێن وا خەڵک باسیان دەکەن، گوتی: ئەوە هەمان چەکدارەکانی ئەو شەوە بوون کە تۆ نامەکەت بۆ بردن. بە داخەوە کەوتنە  ژێر هەرەسی بەفر لە سورکێ و ئەوانە بابە عەلی و بابە رەسوڵیان پێ دەگوتن. منیش لە دڵی خۆمدا گوتم دەبێ بەو جۆگە ئاوەدا برۆم هەتا دەگەمە سەرچاوەکەی. بیرم کردەوە کە من خزمم لە بەکرەجۆ هەن دەچم بۆ ئەوێ بەڵکو لەوێ پەیدایان کەم. 

ڕۆیشتم، ئەو ڕۆژە بۆ شەوێ چووم بۆ شاناخسێ بۆ ماڵی حاجی عەلی سۆفی شەریفی. بۆ سبەی شەو چومە سەراومیراو. لەو دیوی گەمۆ ئێوارێ بوو، لەخۆوە سەرم بە ماڵێکدا کرد زۆریان بەخێر هێنام. کاک محەمەد لێی پرسیم خەڵکی کۆێی: گۆتم خەڵکی بانە زێرێم، خزممان لە بەکرە جۆی هەن دەچم بۆ لای ئەوان؛ نابێ لادەم دەبێ بەیانی بەڕێم کەی.

نان و چای بەیانیمان خوارد و دو پێشمەرگە بانگیان کردم وەرە با بڕۆین، خواحافیزیم کرد و کەوتینە ڕێ. لە دڵی خۆمدا گوتم خوا شوکر ئەوەی من دەمەوێ پێی گەیشتم. نزیک بوینەوە لە کورەداوی. گرمەگرمێک لە گوێم دەهات هەر بۆ ئەم لا و لام دەروانی، گوتیان ئەوە ڕۆڵە لە چی دەڕوانی؟ گوتم وەم زانی تەیارەیە، گوتیان نە، نە تەیارە و نە سەیارە.

ئەوە ئیزگەی شۆرشە، چوین بۆ مەقەڕ لێیان پرسیم بۆ چی دەچی بۆ بەکرەجۆ، گوتم خزمم لەوێن، دیسان لە دڵی خۆمدا لە خۆشی‌یان حاڵم نەبوو دەمگوت ئەوەی من لێی دەگەڕام پێی گەیشتم، سێ ڕۆژ لەوێ مامەوە.

ڕۆژێک بەیانی پۆلێک منداڵ لەناو دێ هاتنە خوارێ، بۆ یاری کردن منیش ڕۆیشتم بۆڵای ئەوان، لەپڕ بانگیان کردمەوە منیش بە دڵ شکاوی گەڕامەوە، گوتیان ئەوە بۆ کۆێ دەچووی؟ گوتم بۆلای ئەو منداڵانە بۆ یاری کردن دەچم.

(گوتیان) ئەتۆ لێرە سجنی یاری چی. لە جوابدا گوتم دەی باشە تفەنگم بدەنێ هەر لێرە دەبم ناڕۆم. نەمدەزانی سجن یانی چی! زۆر باشە تفەنگت بدەینێ بۆ شای بەریەوە؟

گوتم نەوەڵڵا هەر لای ئێوە دەبم. گوتیان باشە لەم وڵاتە کێ دەناسی؟

مەلا شەریف لەمڕانێ دەناسم. گوتیان دە باشە بڕو بۆلای ئەگەر کەفیلی کردی وەرەوە تفەنگت دەدەینێ.

بۆ شەو چوم بۆلای مەلا شەریف. گوتم مامۆستا هاتووم دەبێ کەفیلم بی لە کوڕەداوی تفەنگم بدەنێ. لە جوابدا گوتی ڕۆڵە ناتوانم. وازم لێ نەهێنا، ناچار گوتی بەیانی بچۆ بۆ بێورێ بپرسە بڵێ میرزا ئەحمەد یان  کوێخا کەریم لێرەیە؟ ئەوان لەوێ نەبوون بچۆ بۆ باسنێ بڵێ کاک مەحەمەد لێرەیە و ئەگەر ئەویش لەوێ نەبوو بچۆ بۆ سورەدزێ بۆ لای مامۆستا مەلا رەحیم، بیرم کردەوە مامۆستا مەلا رەحیم دۆڵەرزنێیە، یەکسەر چووم بۆ وێ لە بەردەرگای مزگەوتەکە پۆلێک پیاوی لێ وەستابوون سڵاوم کرد؛ و گوتم ماڵی مامۆستای کامەیە؟ گوتیان بۆ چیتە، گوتم: خزممانە.

گوتیان ئەوە ماڵەکەیانە سەرم بە ژۆرێدا کرد و سڵاوم کرد لە دایکی. مامۆستا و مەلاژن ماچیان کردم و گۆتیان عەبڵا چۆن ئێرەت زانی. گوتم پێیان گوتم. ئەی مامۆستا لە کۆێیە، لە دێرێ ژورەوە. چوم بۆ وێ گوتیان ئەوە لەدێرێ خوارەوە. لەوێ پرسیم و گوتیان ئەوە لە ئاوەزێیە. چووم بۆ ئەوێ، لەبەر ماڵان کە ڕوانیم مامۆستا لە سەربانی ماڵی وەستا کەریمی نەجار قەدەمی لێدەدا کە منی دی زەردەخەنەی کرد چووم بۆلای، سڵاوم لێ کرد و دەستم ماچ کرد، فرمووی عەبدوڵڵا ڕۆڵە چۆنت زانی من لێرەم؟ جوابم داوە: لەدواییدا گوتی وەستا کەریم میوانم هەیە دەڕۆمەوە، ماوەی یەک مانگ لای مامەوە لە دوایەدا نامەیێکی نووسی و فەرمووی ئەم نامە بەرە بۆ گۆڵێ، بۆ مامۆستا مەلا حەسەن، بەڵام دەبێ بۆ ماوەی  دە ڕۆژ بێیەوە. نامەکەم برد و گەڕامەوە بۆ لای. مانگی ڕەمەزانێ بوو. دوای جێژنێ نامەیێکی نووسی و لێی پرسیم لای ئێوە کوێ بەناوبانگی لێیە. گۆتم جاتراوی پشتی هەورازە و بێکەژ، بەشی بانەزێرێ ئاڵ یاز. فەرموی برۆرەوە بەڵام مانگی جارێک یان دو مانگ جارێک سەرم لێ بدە. بەڵام نامەکەی نەدامێ هەر بە خۆی بوو. ماوەی ساڵێک یا دو ساڵ دەچووم بۆ لای، کەرەتی ئاخری نامەیێکی دامێ بۆ دۆستێکی خۆی. نامەکەم برد و گەڕامەوە بۆلای بەڵام چاوم پێی نەکەوت. دایکی مامۆستا بە گریانەوە گوتی ڕۆڵە هەتا زووە بگەڕێوە ئەو بەری، مامۆستا شۆرش گرتی. منیش بە خەفەتباری گەڕامەوە بەڵام مامۆستا لە مەنتەقەی بانە و سەردەشت و ڕەبەت ئەندامانی حیزبی پێ ناساندبووم؛ لە گەڕانەوەمدا لەگەڵ ئەوان پەیوەندیم بەست. ئەوەبوو لە پایزی چل و شەشدا هێواش هێواش کار و فەعالیەتی سیاسی دەستی پێ کرد و کەوتە کار. ئاوا بوو کە لە پایزی ساڵی چل و شەشدا پێشمەرگە نەبەز و قارەمانەکانی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران و ئەندامان و کادرانی سیاسی بە ئاشکرا کەوتنە ناو مەنتەقە و بە ئاشکرا دەست بە کاری سیاسی کرا. هەر بۆیە رژیمی شا بەتەواوی تۆقاو و کەوتە دڵە لەرزە و پەلەقاژە و گرتن و ئەزیەت و ئازاری خەڵکی بێ دیفاع و چەک بە زۆر بەسەردا سەپاندنی خەڵک تا بتوانێ گڕی ئاگری دڵی خەڵک خامۆش کا، بەڵام جووڵانەوەی دوازدەی بانەمەڕی بەهاری ساڵی ١٣٤٦ و هاوین و پایزی ساڵی  ١٣٤٧ شاهیدی ئەوەیە کە هیچ دوژمنێکی گەلی کورد ناتوانێ گەلی کورد بە چۆکدا بێنێ.

شا وایزانی بە شەهید بوونی کاک ئیسماعیلی شەریفزادە و کاک محەمەدی ئەستێ مەنگوڕ و کاک عەلی دادخا، عەلی عەبدوڵڵا کۆڵ، کاک حسینی ڕەحمان ڕابی، کاک فایەقی موعینی، کاک خەلیل شەوباش، مامۆستا ئاوارە، مەلا کەچە، کاک موراد شیرێژ، مەلا مەحمودی زەنگەنە، کاک عەبدوڵڵای موعینی، مینە شەم، کاک حەسەن خوڕخوڕەیی و هەموو شەهیدانی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران و چەند شەهیدی دی لەوە پێش، پێی وابوو سەدای سیاسی و خەباتی گەلی کوردی خامۆش کردوە. نەیزانی ئاگرێکە لە ناو دڵی خەڵکدا  هەر بڵێسەی هەیە و ئاکامیشی هەر ئەوە بوو کە بە بڵێسەی ئەو ئاگرە سووتا، سڵاو لە هەموو شەهیدان و لە بنەماڵەی هەموو شەهیدانی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران…

ئەوەڵ شەڕمان شەڕی  ١٢ی بانەمەڕی بەهاری ساڵی ٤٧ بوو لە چەمی ئەحمەدخاندان و گاوەرۆ، لە بەر ماڵی دارێنەی ژورو و لە بەر ماڵی هەڵۆ پەڕشە، ئەو چەمە پردێکی لە سەرە بەناوی پردی مەلا عەزیز، ئاوی ئەو چەمە سەرچاوەکەی لە کۆێستانی مەیدانان، پشت ماڵی نجنەی ژوورو، و مەری جەڵەن، شێنان و کەشەنێ سەر چاوە دەگرێ و لەگەڵ چۆمی سوتوو و بەردەڕەش لە خوار شاخی بەردە زەردی، لە مابەینی دارێنەی خواروو و بانەزێر، یەک دەگرنەوە دەڕژێنە ناو گۆمەشین.

دوهەم شەڕمان شەڕی قالوێ بو، لە دوهەم مانگی بەهاری ساڵی ١٣٤٧کە لەو شەڕەدا کاک عەبدوڵڵا موعینی و مینە شەم، شەهید بوون، و کاک حەسەن خوڕخورەی بەدیل گیرا و لە دوای ماوەیێک ئیعدام کرا.

شەڕی سێیەم لە دێی سورەبان لە ناوچەی سەردەشت بوو. لەو شەڕەدا نەفەراتی زۆر لە دوژمن کوژران لە جاشەکان، پێشمەرگەیێکی قارەمان بە ناوی کاک مەحەمەدی رەسوەمەرە شەهید بوو و بریندارێکمان بەناوی کاک مەحەمەدی شخەڵی بە توندی بریندار بوو.

چوارەم شەڕمان، شەڕی کێو هۆمل پشت ماڵی شڵماش بوو. لەو شەڕەدا نەفەراتی زۆر لە جاشەکانی رەیس چیچۆ کوژران. پێشمەرگەیێک بەناوی کاک سەلیم کە ناو ئەسلی عەبدوڵڵا گڕوێ بوو، خەڵکی ناوچەی رەبەت بوو، چاوێکی بریندار بوو.

پێنجم شەڕمان شەڕی شاخی خاڵەباد، پشت مێرگەتێکێ بوو لە ناوچەی رەبەت، لەو شەڕەدا بریندارێکمان بەناوی کاک حەسەن ئەلیاسی خەڵکی گوندی وەرگێڵ بوو. بەداخەوە ئەویش لەگەڵ پێشمەرگەیێکی قارەمان بەناوی قەرەنی، خەڵکی ناوچەی سەردەشت بوو لە چیای سورداش شەهید بون. لە دوای شەڕی خاڵەباد لە پایزی ساڵی ١٣٤٧ دا دو پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەکانی کاک حوسەین خاتوون و حاجی، لە لای زستان شەهید بون.

شەڕی سورەبان، شەری هومل، شەڕی خاڵەباد، لە پایزی ساڵی ١٣٤٧ دا بوو کە مەسئولی بەرزمان مامۆستا قادر شەریف بوو. کە لە مزگەوتی مەزاتخانەکەی سلێنی بە نارنجۆک شەهیدیان کرد. کاوە مارەغانی لە مەقەڕی قەڵادزێ بەهۆی  دەست و پێوەندیەکانی  رێژیمی شا شەهید بوو. مامۆستای پایەبەرز، مامۆستا مەلا رەحیمی وێردیش، لە ڕێی تەوێڵە بۆ ئێران شەهید کرا.

کاک فایەقی موعینی، لەگەڵ کاک خەلیل شەوباش لە کوردستانی ئێراق شەهید کران. شەهید ساڵح لاجانی لەگەڵ چەند پێشمەرگەی دیکە دەستگیر کراون. ئەوانیش ئیعدام کران.

لە ساڵی ٥٢دا کاک محەمەدی ڕەمەزانی ڕژێمی شا ئێعدامی کرد. لە ساڵی ٥٢ مەلا قادری وێردی لە بانە بەهۆی چڵکاوخۆرانی ڕژێمی شا لە ماڵی عومەری خەیات شەهید کرا. کاک عەزیزی مستەفازادە لەگەڵ مەحەمەد سەدیق لە سنە ئیعدام کران. کاک عوسمانی کەریمی لە ساڵی ٥٨ لە شەڕی سێ مانگەدا لە نەغەدە شەهید کرا. کاک کامیلی قازی زادە لە سورکێو لە ژێر بەفر و سەرما شەهید بوو.

خوێنی ڕژاوی شەهید پێشەوا قازی، دوکتۆر قاسملوو، دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی، مامۆستا مەلا ڕەحیم وێردی، مەحەمەدی ڕەمەزانی، ئیسماعیلی شەریفزادە، مەحەمەدی ئەستی مەنگور، عەلی دادخا، حوسەینی ڕەحمان ڕابی، کاک فایەقی موعینی، خەلیل شەوباش، عەبدوڵڵای موعینی، حەسەن خورخورەی، حوسەین خاتون، حاجیلە مینەشەم، مەلا مەحمودی زەنگەنە، موراد شیرێژ، ساڵح لاجانی، و هاوڕێیانی مامۆستا ئاوارە، مەلا کەچە، مەحەمەدی ڕەسوە مەرە، شەهیدانی نیروان، عومەری ڕەحیمی، عێزەتی مینە بەگ، ناسری ڕەسوڵی، ڕەحمانی مەولودی، عەلی رەش، حەسەن دیمۆکرات، ئەحمەدی مچە شوان، مامۆستا مەلا برایمی حیکمەت، وەستا محەمەدی عەمار، خۆێنی ڕژاوی ئەو هەموو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و خۆێنی ڕژاوی گەلی کورد و گەلانی ئێران دەبێتە دەریای بێ بن کە تەواوی دوژمنانی گەلی کورد تێیدا قوم دەبن، هەر وەک مامۆستا مەلا ڕەحیم فەرمووی نەخۆش دەبین بەڵام نامرین، رەوتی مێژوو بەرەو پێش دەروا.

بیرەوەرییەکانی عەبدوڵڵا کەریمزادە ناسراو بە “عەبەڕەش”

عەبدوڵڵا کەریمزادە لە سەردەمی شۆرشی ٤٦-٤٧ ناسراوە بە ئاڵیاز و ئاڵیاز ئەو چەمەیە کە لە دارێنەوە بەرەو سەردەشت دەڕوا و لە گۆمەشین چەمی سەردەشت و ئاڵیاز تێکەڵ دەبنەوە و لەوێوە بەرەو ئاڵۆت دەڕۆن و دەرژێنە بەنداوی دووکانەوە. ئەو نازناوە لەلایەن شەهید مەلا ڕەحیم وەردی بۆ کاک عەبدوڵڵا دیاری کراوە.

با پێش هەمووشتێک ئەوەتان عەرز بکەم کە هەدەف لەوەی مامۆستا عەزیز (ناوی خوازروای سمکۆ شەریفزادە) و هاوڕێیانی تر گەڕابوونەوە ئەوە بوو کە چالاکیی سیاسی بکەن، ئێمە بە دێهاتاندا دەگەڕاین و قسەمان بۆ خەڵک دەکرد. مەلا عەزیز خۆی قسەی دەکرد.

نازانم چۆن باسی مەلا عەزیز بکەم ڕاستییەکەی. ئەمن ناتوانم بە هیچ لەونێک لەسەر ماهیەتی مەلا عەزیز قسە بکەم، ئینسانێکی هەتا بڵێی سەواددار، میللەتپەروەر، جوانچاک و حیزبی بوو.

 مەلا عەزیز کە باسی لەگەڵ خەڵک دەکرد زیاتر لەسەر مەسەلەی چینی زەحمەتکێش و هەژار و فەقیر قسەی بۆ خەڵک دەکرد. دەچووینە سەر مووچەی کابرای دروێنەوان و قسەمان لەگەڵ دەکرد. ئەو کابرایە زۆربەی جار یەکەم جار بوو مەلا عەزیزی دەدیت و بەڵام هەمیشە بە ئاواتەوە بوو، جارێکی تر بیبینێتەوە. چونکە مەلا عەزیز بە زمانێک قسەی لەگەڵ ئەو خەڵکە دەکرد کە زمانی خەڵک بوو؛ یانی وەکوو ئەوەی بڵێن بە دەستی بیخاتە ناو دڵی خەڵکەوە ئاوا بوو؛ بە شێوە و بە زمانی خۆیان قسەی لەگەڵ کابرای کەشاوەرز دەکرد، یانی دەیزانی چۆن ئەو خەڵکە لە دەردی چینی هەژار و زەحمەتکێشی حالی بکات.

 ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕاین کە تەشکیلاتی حیزب زیندوو بکەینەوە بۆ ئەوە دەگەڕاین، کە بە خەڵک بڵێین کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کێیە؟ چون ئێمەمانان نەماندەزانی کە حیزبی دێموکرات کێیە؟ ئیللا ئەو قەدیمیانەی کە زەمانی کۆماری کوردستانیان دیبوو، خۆ ئەوانیش نەیاندەوێرا لای باوکیشیان باسی ئەوە بکەن کە حیزب هەبووە کورد کێیە و هەر لە دڵی خۆیاندا هەڵیان دەگرت.

ئەمن لە شەمۆڵە [گوندێکی بانەیە] چەکی پێشمەرگایەتیم هەڵگرت.  ئێمە دەگەڕاین بە گوندەکاندا. ئێمە لە مەنتیقەی بانە بووین، مامۆستا مەلا ئاوارە لە مەنتیقەی سەردەشت بوو، مامۆستا مەلا مەحموود زەنگەنە، ساڵح لاجانی و مراد شیرێژ لە مەنتیقەی مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ، شنۆ و خانێ و لەو ناوە دەبوون.

مامۆستا قادر شەریف ئێستا نەهاتبۆووە دیوی خۆمان و کاک فایق و کاک عەبدوڵڵا موعینی ئەوان برا بوون ئەوان لە مەنتیقەی بۆکان و مەهاباد و ئەو ناوە بوون.

جاری وابوو دەگەڕاین یەکتریشمان  دەگرتەوە و ئێمە بەدوای کاری سیاسی و فەعالییەتی سیاسییەوە بووین و خەڵکمان کۆ دەکردەوە لە مزگەوتەکان و قسەمان بۆ دەکردن. خەڵکی ئەو دەمە دەتوانم بلێم بەحەدێک ئەو خەڵکە دڵسۆز و دڵپاک بوو، دەرهەق بە پێشمەرگە نەبێتەوە. ئیللا ئەوانەی کە بە ڕەسمی لەگەڵ ساواک بوون. ئەوە نەبێت کەس خیانەتی پێ نەکردین؛ چون ئێمە هەر شوێنێک دەچووین، ئیتر لە دوای ئێمە هیچ بۆ خەڵکەکە ڕووی نەدەدا [لە کۆنەوە پاش ڕۆیشتنی پێشمەرگە، ئەو بنەماڵانەی کە شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکان بوون، لە لایەن داگیرکەرانەوە ئازار و ئەزیەت دراون و دەستبەسەرکراون] بە ڕاستی خەڵکەکە دڵسۆز بوون. خەڵکەکە تامەزرۆی ئەوە بوو کە کەسێک ببێت، بەناوی حیزبی دێموکرات، بەناوی چینی زەحمەتکێش قسەیان بۆ بکات و لەسەریان وەجواب بێت. زولم و زۆرەکە لە حەد بەدەر بوو. خەڵکەکە جاڕز بوو، جا ئەگەر چەکدارێکی ئاوا چووبانایە و قسەیان بۆ کابرا بکردبایە لە ماڵیک دانیشتبانایە پیرو جەوانی ئەو دێیە کۆدەبوونەوە هەتا ئەو کەسە قسەیان بۆ بکات.

کاتێکی ئێمە لە مەنتیقە دەگەڕاین ڕەژیمی شا دەچوو، بە خەڵکەکەی دەگوت ئەوانە چەتەن، دیارە بە دەستەی پیاوەکانی خۆی ساواک لێرە و لەوێ بڵاوی دەکردوە کە بەلێ “جەماعەتێک چەتە” دەگەڕێن.

پاشان ڕەژیم بەوەش ڕازی نەبوو دەچوو ڕیش سپی و حاجییەکانی دێیەکانی کۆ دەکردەوە و سوێند و تەڵاقی دەدان کە ئەگەر کەسێکی ناشناسیان دیت خەبەری لێ بدەن و پاشان هەوڵی دا چەک بەسەر خەڵکدا داسەپێنێ و خەڵک چەکدار بکات و خەڵک زۆر بە کەمی ملی بەو شتەداکرد. دیارە ساواک ئەو کارانەی بەیارمەتیی کەسانی سەر بە خۆی دەکرد.

بەڵام ئێمە چۆن لە چەمی دارێنە دەرگیربووین؟

ئێمە کە لە مەنتیقە بووین، کەڕەتێک کاک فایەق و کاک خەلیل شەوباش و کاک محەمەدئەمینی سیڕاجی کۆمەکیان هێنا. چ بوو؟! لیباس و جامەدانە و شتوومەکی وەک ڕەخت و فیشەکدان بوو. هێنایان لە دیوی گەورکان [ناوچەیەکی شاخاوییە، دەکەوێتە نێوان سەردەشت، بۆکان ،سەقز و مهاباد کە عەشیرەتی گەورک لەو ناوچەیە دەژین و ٤٠٠ گوندێک لەخۆ دەگرێت] هەموومانیان کۆ کردەوە و دایانینێ.

کاک سولەیمان موعینی و کاک خەلیل مستەفازادەی بانە [خەلیل شەوباش] کۆمەکێکی تریان هێنابوو نەگەیشتە ئێمە نەمانزانی ئایا چەکە؟! ئایا پووڵە؟! ئایا چییە؟

ئەوان چووبوون کۆمەکەکەیان هێنابوو. لە کوێیان هێنابوو نازانم، گەڕابوونەوە سلێمانی لە سلێمانی کاک فایەق دەچێتە مالی قالە تەگەرانی کە بەقسە دۆستی سەمیمیی کاک فایەق بوو.

هەر ئەو شەوی کە کاک فایەق و کاک خەلیل دەگەنە سلێمانی، کاک فایەق نامەیەک دەنوسێ بۆ شەریفزادە و کاک عەبدوڵڵای برای، ئێمە لە سووتووی بانە بووین، نامەکەمان پێ گەیی لە نامەکەدا کاک فایەق نوسیبووی کە ئێمە ئەوە میوانی قالە تەگەرانین، لە سلێمانی، بۆ سبەی بە پیرمانەوە وەرن لە سوورکێو و لە گوندی دونێزی پشتی کانی برایم کە لەوێ  یەکتر دەگرینەوە.

ئەو جار کەوتینە تەگبیر کە کێ بچێ؟! کێ نەچێ؟! لەوێ ئەو جەماعەتی کە خەڵکی بانە بوون و شارەزاتر بوون لە هەموو شوێنێکی بانە، شەریفزادە گوتی ئێمە دەچین.

 ئێمە کێ بوون؟ سمکۆ شەریفزادە، ئەمن [ئاڵیاز]، محەمەدی ئەستێ مەنگوڕ خەڵکی شاتمانی سەردەشت، ئەو برادەرە تفەنگ ساز بوو. عەلی عەبدوڵڵا کۆلی خەڵکی مرانێ، ئەوە گوندەی بن ڕەبەتێ، لەگەڵ حوسێنی ڕەحمان ڕابی مەریجەڵان [مەریجەڵان گوندی بانەیە دەکەوێتە نێوان بانە و سەردەشت]. کوێخا شەریفی کێلەشینی میرەدێ، محەمەدێکمان لەگەڵ بوو یان زاوای بوو یان ژن برای کوێخا شەریف، خەڵکی سەقز بوو ئەو محەمەدە هیچ چەکێکی  پێ نەبوو. قەراربوو تفەنگی بۆ پەیدا بکەین.

 لەگەڵ مچە قەشکێن، ئەو مچە قەشکێنەم نەدەناسی [مەبەستی ئەوەیە نەیدەزانی خەڵکی کوێی کوردستانە و چ کەسێکە].

جەماعەتەکەی تر یانی کاک عەبدوڵڵا موعینی، مینەشەم و پێشمەرگەکانی تر دەگەڕانەوە بۆ بەری گەورکایەتی ، جا ئێمەش ئەو شەوە پاش تەگبیر و بۆ بەیانی هاتینە شاخی هەڵۆیان و نان و چای بەیانیمان خوارد و بۆ شەوێ چووینە دارێنەی ژووروو. لە دارێنە نان و چامان خوارد و چووین لە مزگەوتێ قسەمان بۆ خەڵک کرد و چووین لە مالی کوێخا حوسێنی دارێنە بخەوین ، خەڵک لە ماڵی کوێخا حوسێن لێمان کۆبوونەوە لەو ماڵە ئێمە بە هیوا بووین چەند سەعاتێک بخەوین و شەوێ سەعات سێ وەرێ بکەوین.

وەختێ جێگایان بۆ ڕاخستین بخەوین شەریفزادە گوتی: با کوێخا شەریف نیگابان بێت، ئەمن گوتم با ئەو نەچێ ئەمن دەچم، کوێخا شەریف لە عێراق بوو ئەو سێ  کەسی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ ناو ئێمە،  محەمەدی خزمی و مچە قەشکێن و حوسێنی ڕەحمان ڕابی.

 ئەوانە هەموویان لە عێراقەوە، پێکەوە کاریان دەکرد. کوێخا شەریف ئەو کاتی شەڕی چەمی دارێنە ڕوویدا، دوو مانگ بوو لەگەڵ ئێمە بوو، جا بە هۆی هێندێ پیاوی ساواک کە ئاغای گوندەکانی سەر سنوور بوون، کوێخا شەریفی لە لایان ساواکەوە، ڕێکخرابوو کە بێتە نێو پێشمەرگە و لەوێ چی پێ دەکرێ لەگەڵ ئێمەی بکات.

 کوێخا شەریف خەڵکی کێلەشینی میرەدێ [گوندێکی گەورەی نێوان بانە و سەقزە] بوو، ئەویش ئەو سێ نەفەری پەیدا کردبوو، حوسین ڕەحمان ڕابی، محەمەدی خزمی. حوسین چووبوو مچە قەشکێنی پەیدا کردبوو ئیتر پاش ئەوەی ساز دەبن، دێ بەدێ دەگەڕێن بە شوێن ئێمەدا.

ئێمە لە بانەزێرێ بووین، کابرایەک هات گوتی وەڵاهی جەماعەتێک پێشمەرگە لە ئێوە دەگەڕێن ئەوە لە کاولانن بەری هەورازان. ئێمەش گوتمان بچۆ بیانهێنە بۆ ئێرە، ئێمە کەسمان پێ شک نەدەهات کە پێشمەرگە بێت و لەو ناوچەیە بێت، کە هاتنە لای ئێمە، کوێخا شەریف و ئەو سێ کەسە بوون. شەریفزادە گوتی کاکە ئێمە ئەوانە ناناسین و دەبێ هەر کەس لەبەر خۆیەوە چاوی بەسەریانەوە بێت و بزانێ کێن و چ کارەن؟

لەو جەماعەتە تەنیا کوێخا شەریف و محەمەد ئاگاداری داوای ساواک بوون. ئەو دو کەسەی تر ئاگادار نەبوون. ئیتر لە پاش ئەو ڕۆژە هەتا ئەو شەوەی کە چووینە دارێنەی ژووروو، ئەو جەماعەتەمان لەگەڵ بوون.

 ژوورەکەی کە لە دارێنە ئێمە لەوێ بوین بانیژەیەکی هەبوو کە دوو پەنجەرە لەو ژوورەوە، دەچووە سەر بانیژەکە. شەریفزادە گوتی کوێخا شەریف تۆ بچۆ ببە بە نیگابان، کە کوێخا شەریف چوو، من گوتم شەریفزادە با کوێخا شەریف نەچێ گوتی: لێگەڕێ با ئەو بچێ هەتا نیگابانییەکەی تەواو دەبێ ئێمە ناخەوین ئەگەر تەواو بوو ئەوە خۆمان دەچین نیگابان دەبین.

ئەمن هەر لەسەری ڕۆشتم و شەریفزادە لێم توورە بوو گوتی: عەبدوڵڵا دەڵێی دەترسی؟!

 گوتم: ئا دەترسم. ڕاستە تۆ لە من بەڵەدتری بەڵام منیش خەڵکی ئەو ناوچەیەم و هەموو بنکە داری ئێرە دەناسم، ئەوە پاسگای وەرواوێ، ئەوە سیاوەمەیە، ئەوە بنژاژوو و ورچەکە، ئەوە ئاڵۆتە، لێرە بە پشتەوە دۆڵەزنە، ئەوە مەریجەڵانە، لەو لامانەوە دارساوێنە ئەو شوێنانە هەموو پایەگای نیزامی لێ بوو.

ئێمە پێخەف و جێگامان  بۆ ڕاخرابوو ئەو قسانەمان لەسەر پێخەفەکان دەکرد گوتم بۆ ئەوە نابێ کوێخا شەریف نیگابان بێت.

 بەڵام شەریفزادە گوتی: نا ئێمە ناخەوین ئەو نیگابانییەکەی تەواو دەبێت و ئەو کات یەكێکمان نیگابان دەبین ئەمن گوتم: شەریفزادە ئەمن هەمووی نیگبانییەکەی دەکێشم، گوتی: نابێ دەبێ بە نۆرە بێ.

ئیتر بەدەم قسەوە خەومان لێکەوت. پاشان کە کوێخا شەریف لە پەنجەرەکەوە زەینی دابوویە و زانیبووی  کە ئێمە خەوتووین، لەبانیژەکەوە و بە دەلاقەکەدا تەقەی لە شەریفزادە کرد، فیشەکەکە بەر محەمەدی ئەستێ مەنگوڕ کەوت ئەو لە تەنیشت شەریفزادەوە خەوتبوو. محەمەد لەسەر تەنیشت خەتبوو و گوللـەکە لە کەلەکەی لای ڕاستی کەوتبوو و پاش ئەوەی لە کەلەکەی دەرچوبوو بە دەستی چەپیشی کەتبوو چون دەستی بن سەری دابوو بە تەقەکە خەبەرمان بۆوە ، دەرپەرینە دەرێ ، خۆ کەس نەمابوو ، شەریفزادە گوتی : ئەوە کوێخا شەریف بووە.

کوێخا شەریف ئەو فیشەکەی تەقاندبوو و هەڵاتبوو چووبوو، خۆی تەحویلی پازگای سێلمێ دابوو، لەوێ گوتبووی کە ئەمن لە ماڵی کوێخا حوسین لە دارێنەی ژووروو، ٥ پێشمەرگەم کوشتووە.

پاش تەقەکە ئێمە هەستاین برۆین. محەمەد، چون بریندار بوو کەرێکمان پەیدا کرد و محەمەدمان سوار کرد. هەر ٥٠ میترێک دەبوو لە دێیەکە دوور کەوتینەوە، کە محەمەد گوتی: کاکە ئەمن هیچم نییە، لێمگەڕێن بۆخۆم دەرۆم و وڵاغم ناوێ، محەمەد گەرمە برین بوو کەرمان بەرەو  ماڵی ساحەبی داکردەوە و  محەمەد بە پێیان لەگەڵ ئێمەوە وەڕێ کەوت. لە مەودای تەقەکە هەتا ئەوەی سازبووین لە دێی دارێنە بێینەدەرێ، مچە قەشکێن هەلی پەیدا کردبوو هەڵاتبوو. مچە دەمانچەیەکی خۆی پێ بوو ئەو شەوە پاش تەقەکە گوم بوو ئیتر نەمزانی چی بەسەر هاتووە. ئەوەیش نەمابوو، ئێستا مابووین من، مەلا عەزیز، محمەدی ئەستێ مەنگوڕ، عەلی عەبدوڵڵا کۆڵ و ڕەحمان حوسێن ڕابی و محەمەدی خزمی کوێخا شەریف.

هێندێ ڕۆیشتین و محەمەدی ئەستێ مەنگوڕ وردە وردە پێی شل بوو. تفەنگ و فیشەکدانمان لێ وەرگرت. هێندێک تر ڕۆیشتن محەمەد تەواو شل بوو. نەیدەتوانی ڕێ ببڕێ. ئیتر ناچار بە کۆڵێ هەڵمانگرت گەیشتینە شیوێک، گوتم لێرە دەبین جارێ.  سارد بوو؛ هێندێ پووشیان هێنا کۆمان کردەوە و ئاوریان تێ بەردا؛ ئەمن زۆریشم گوت ئاوری تێ بەرمەدەن جوابیان نەداومەوە، بە قەراغ ئاورەکەوە، شەریفزادە و محەمەدی خزمی کوێخا شەریف وحوسین ڕەحمان ڕابی و عەلی عەبدوڵڵا کۆڵ  خەویان لێکەوت.

 کاتێ ئەو هاوڕێیانە خەویان لێکەوت،  محەمەدی ئەستێ مەنگوڕ کە بریندار بوو داوای ئاوی کرد، منیش زۆر گەڕام لە شیوێک ئەولاتر ئاوێکم دۆزیەوە. هێندێکم هێنا و گەیشتمەوە لای محەمەد. دەسماڵێکم  بەو ئاوە تەڕ دەکرد و بە لێوی محەمەدم دادێنا لەو کاتەدا محەمەدی خزمی کوێخا شەریف خەبەری بۆوە، گوتی: ئەو ئاوەت لە کوێ هێنا، منیش گوتم لەو شیوەی پشتەوە، وەڵا هەستا ڕۆی ڕوو بە شیوەکە، گوتی دەچم ئاو دەخۆمەوە.

 پاش قەدرێک حوسێنی ڕەحمان ڕابی خەبەری بۆوە.

 گوتی : ئەوە محەمەد چی لێهات

منیش گوتم: چووە ئاو بخوا

 گوتی : بەزاتی خودا ڕۆیوە.

 ئیتر چووین بە دوایدا کە چووین محەمەد نەمابوو.

 ئەو جارە شەریفزادە لە حوسێنی ڕەحمان ڕابی کەوتە شک. چون حوسێن لەگەڵ ئەوان هاتبوو. شەریفزادە دەستی لەسەر شانی حوسێن داناو گوتی: کاکە حوسێن هەرچی لە دڵدایە تۆ گیانی ئەولادت، هیچ مەکە و بڕۆ، ئێمەش کارمان پێت نییە.

 حوسێن چاوی پڕ بوو لە ئاو و فرمێسک بە چاویدا هاتەخوارێ گوتی: مەلا عەزیز ئەو حەیفە ئەمن دەکوژێ کە لەگەڵ کوێخا شەریف هاتووم دەنا هەتا خوێنم لەگەڵ تۆ نەڕژێ دەستت لێ هەڵناگرم. ئەو جار هەستاین ڕێ کەوتین بۆ نێو چەمەکە. ئیتر ئەو چەند کەسە من، مەلا عەزیز، محەمەدی ئەستێ مەنگوڕ کە بریندار بوو، حوسێنی ڕەحمان ڕابی و عەلی عەبدوڵڵا کۆڵ ماینەوە.

شەریفزادە گوتی: دەچینە ناو چەمەکە منیش: گوتم ناچینە ناو چۆمەکە دوور دەکەوینەوە بەرەوە شاخی هەڵۆیان. شەریفزادە فەرمووی نا ئێمە لێرە خۆ حەشار دەدەین، وادەزانن کە دوور کەوتووینەوە. من گوتم: کاکە ئەوانە دێن ئەو مەنیتقەیە هەمووی “کێو تەق دەکەن”[مەبەست گەڕان بە وردییە] جا ئەگەر کەس نەبینن دیارە ڕاست دێنە ئێرە و لێرە دەمانبینەوە. شەریفزادە فەرمووی: نا لێرە دەبین فکری ئەوەیان نییە ئاوا نزیک خۆ حەشاردەین.

بەهەرحال چووینە چەمەکەوە و هەتا ئەوەمان کرد ڕۆژیش هەڵهات و وڵات ڕووناک بوو. نانمان پێ نەبوو دوو سێ کولێرەی جۆمان پێ بوو زۆریش برسیمان بوو بەڵام دەستمان بە هیچ کوێ ڕانەدەگەیشت.  سەعات لای ٨ی بەیانی بوو. ئێمە لەسەر ئاوەکە بوین قاچمان لە ئاوەکەدابوو دوربینێکمان پێ بوو هەر لە خۆرا سەیری ئەمبەر و ئەوبەرم دەکرد، سێ نەفەرم بەرچاو هاتن، تفەنگیان پێ بوو گوتم: مەلا عەزیز ئەوە جاشن!!!

مەلا عەزیز گوتی: ئەوە کوێڕا تۆ جاشت پەیدا کرد؟ دوربینەکەی لێ وەرگرتم و خۆی سەیری کرد و گوتی: ئەرێ وەڵا عەبدوڵڵا ئەوە جاشن.

لەو ماوەیەدا محەمەد کە بریندار ببوو بەحاڵ هۆشی هەبوو. جێگایەکمان بۆ سازکردبوو لەوێدا ڕامانکێشابوو. من گوتم هەستن با بڕۆین، شەریفزادە گوتی: ناڕۆین ئێرە باشترە، لێرە نامانبینن. ئەگەر بڕۆین تازە درەنگە و ڕەنگە ئاشکرا بین. دەبێ لێرە خۆمان حەشار دەین. ئیتر کەس هیچی نەگوت و لەوێ ماینەوە.

هێندەی پێ نەچوو لە هەردوو لاوە وەک خیز و خۆڵ گوللـە بەسەرماندا هات. کە گوللـە هات بەسەرماندا شەریفزادە و حوسێن پێکەوە، چوونە قووڵکەیەکەوە وەک قووڵکە خەڵووز  بووبێت، پربووبێتەوە وابوو.

ئەمن و عەلیش لە جێی خۆمان نەجووڵاین، قاچمان لەنێو ئاوەکەدا بوو، ئیتر تەقە دەستی پێ کرد. ئەمن و عەلی ڕاستەوچەپ ڕاوەستاین؛ عەلی سەری لەبەری دارێنە بوو من سەرم لەبەری پەڕشەی بوو. بییەک بەسەر ئاوەکەدا ڕووخابوو، عەلی سنگی دابووە سەری و تەقەی دەکرد. ئەمن هەر لە یەکەم دەسترێژی لێمان کرا، ڕانم گوللـەی وێ کەوت؛ بەڵام هێسکی نەگرتبوو. هەر ئەوەندە شلکەی ڕانی ڕاستمی گرتبوو و دەرچووبوو. گوللـەش کە وە خیز و بەردی چۆمی کەوتبو هەموو هەڵبەزیبۆوە وەک پڕیشکەی گوللـە چۆنە ئاوا سمتم بە پریشکەی خیزەشینی چۆمی کون کون ببوو، خوێنی لەبەر دەرۆیی. ئەمن تفەنگەکەم لە یەکەم تەقەدا گوللـەی تێ گیرا و کاری نەکرد. هێندەی خەریکی تفەنگەکە بووم، بۆم چاک نەبوو. بەڵام لەو کاتەدا محەمەدی ئەستێ مەنگوڕ بە حاڵ هۆشی بوو کە ئەوەی دیت، گوتی عەبدوڵڵا تۆ تفەنگەکەی من هەڵگرە و من تەفەنگەکەی ئەوم هەڵگرت، لەگەڵ تفەنگەکە دوو بەستەی فیشەکیش بۆ فڕێ دام کە پێم بێت.

 لەو ئانوساتەدا عەلی بانگی کردم گوتی: عەبدوڵڵا نەترسی نەڕۆی گوتم: بۆ کوێ دەڕۆم بەڵام بریندار بووم. گوتی: کوێتی گرتووە. گوتم: هیچ نییە بەو خیزە شینە بریندار بووم. عەلی تفەنگەکەی برنوویەکی کورتی پێ بوو. ئەمن تفەنگەکەم ١١تیرێکی هۆڵەندە بوو.

 یەکەم جار کە مامۆستا ئاوارەم  دیت، مامۆستا ئاوارە پرسیی شەریفزادە ئەو کوڕە لەگەڵتە کێیە؟! شەریفزادە گوتی ئەوە عەبدوڵڵایە!!! خەڵکی بانەزێڕە وپێشمەرگەی بانەیە و تاقە پێشمەرگەی بانەیە. ئەوەیش  فەرمووی وەڵاهی چون تاقە پێشمەرگەیە ئەو تفەنگەی بە دیاری دەدەمێ ، تفەنگێکی دار زەردی هۆڵەندی بوو ١١ تیری دەخوارد.

شەریفزادە تفەنگی سیمۆنۆفی پێ بوو. حوسێنی ڕەحمان ڕابی، تفەنگێکی برنووی کورتی پێ بوو، محەمەد و عەلیش هەر وا تفەنگێکی برنووی کورتیان پێ بوو. کوێخا شەریفش هەر تفەنگێکی برنووی کورتی پێ بوو.محەمەد هۆشی تەقەی نەبوو سەعات زیاتر تەقەمان کرد.

 عەلی گوتی: ئایش عەبدوڵلا گیان؛ گوللـەیەک هاتبوو ڕاست چووە زاری عەلییەوە و عەلی هەر ئەوەندی گوت و تەواو بوو. ئەمن لێی چوومە پێشێ و چەند جارم ڕاژاند و بانگم کرد، دەنگی نەبوو عەلی شەهید ببوو.

ئەمن بریندار بووم، عەلیش شەهید بوو. شەریفزادە ئەوەندی بڵێی دوو سەد میتر لێمان دوور بوو، ئەو بەوەی نەزانی کە ئەمن و عەلی ئاوامان بەسەر هاتووە، ئیتر بەین بەین تەقە  دەکرا و بەین بەین تەقە بێ دەنگ دەبوو.

 ڕۆژ بەرەو ئاوابوون بوو. بەتەمای ئەوە بووین کە ڕۆژ ئاوا بێت و دەرچین. ئەوانیش بۆ ئەوەی دەرنەچین ئەو جار نارنجۆکی دووکەڵیان پێوەناین و دووکەڵێکی سەیر ساز بوو. نارنجۆکێ لەپەنا من لە ئاوەکە کەوت بەڵام من هیچم لێ نەهات. هەر چەقە دووکەڵێک سازبوو، دووکەڵێکی سەیر بوو چاوچاوی نەدەدیت. سێ، چوار دانە نارنجۆکی دووکەڵیان هاویشت. هەتا دووکەڵەکە ڕەویبۆوە، ئەوان لێمان نزیک بوونەوە، دیسان دەستیان کرد بە دەستڕێژ و تەقە کردن و ئێمەش دەستمان پێ کرد، لەو کاتەدا نەفەرێک لەوان کە دواتر زانیم ئەحمەد دارەبەن خەڵکی مەریجەڵان بوو، کوژرا.

دیسان دەستیان کرد بە دەستڕێژ هەر سەیر بوو. ڕەگباریان دەکرد ئەمبەراوبەر نازانم بە چی تەقەیان دەکرد. چەند گوللـە لە تەنیشتی منی دا ئەگەر سەیرم کرد ئەو ڕەگبارەی کە چەند گوللـەی وەتەنیشتی من کەوتبوو،  شەریفزادە و حوسینی ئەنگاوتووە و شەریفزادە کە ئەنگێودرا گلۆر بۆوە بۆ نێو چەمەکە و کەوتە نێو ئاوەکەوە، بەڵام حوسێن هەر لە جێی خۆیدا شەهید بوو.

 ئیتر ماینەوە من و محەمەد. من لە محەمەد دوور کەتبوومەوە، پاشان زانیم کە محەمەد هەر بەو برینەی گوللـەکەی کوێخا شەریف هێندەی خوێن لەبەر ڕۆیوە، ئەویش شەهید بووە. نەمزانی چ بکەم هێندێ تەقەم کرد، هەر جارێ بە لایەکدا دەمگوت، با بڵێن زۆرن، پاش قەدرێک ڕاوەستام و بیرم کردەوە وا باشە خۆم بە دەم ئاوەکەوە بدەم و  ئاوەکە هەم لێل بوو هەم سارد بوو، ساڵ نێوەراستی بەهار بوو. ئاوەکە قوڕاو بوو و بەفراو و قوڕاوی بەری مەریجەڵان بوو. ئاوەکە لێل و سارد بوو، هەرچی کردم نەموێرا خۆمی لێ دەم، دەترسام ئاو بمبات.

وەک ئەوەی کەسێک پێم بڵێت لە بەر خۆمەوە گوتم با کڵاو و جامانەکەم دەم ئاوەکەدەم. کڵاوجامانەکەم دەم ئاوەکەدا و گوتم ئەگەر تەقەیان کرد ئەوە خۆم ناچم بەدوویدا، ئەگەریش تەقەیان نەکرد ئەوە خۆشم دەچم بەدوویدا کڵاوجامانەم دەم ئاودا، هێندەم لێ دوور نەکەتبووەوە، دایانگرت و بوو بە قاوەقاو هەر دەتگوت ڕاوە بەرازە.

لەپەنا منەوە، گۆمێک هەبوو دیاربوو کە کاتی خۆی کەندەڵانی گۆمەکە هەرەسی کردووە، گابەردێک هاتبووە ناوی و دارە بییەک شۆڕابەی کێشابووە سەری. چرپی وچاڵێکی زۆر بەو دارە بییەوە گیرسابۆوە. تفەنگەکەم بەدەستەوە گرت و خۆم گەیاندە گۆمەکە و دەستم بە پەلە بیەکە گرت و گۆمەکەم تاقی کردەوە، قاچم نەدەگەیشتە ئەرزی. دیاربوو قووڵ بوو. تفەنگەکەم بە پەلە بییەکە داکرد و خۆم مات کرد، لەبەر خۆمەوە گوتم قامیشێک پەیدا دەکەم و لە دممی دەخەم و خۆم نوقم دەکەم  بەو قامیشێک نەفەس دەکێشم. لە چرپیوچاڵەکەی کە بەدارەبیەکەوە گیرسابۆوە قامیشێکم پەیدا کرد، چوومە بن چرپیوچاڵەکە و جارجارە قامیشەکەم لە دەمم دەنا و سەرم نوقم دەکرد و جار جار سەرم دەردێنا و ئیتر ئاوا چاوەڕێ بووم شەو دابێت و ئەوان بڕۆن، قەدرێکی پێ چوو پەیدا بوون بەڵام بەرەولای من نەهاتن  و گەڕانەوە مەیتەکانیان کۆکردەوە و هێندێکی تری پێ چوو، دەنگە دەنگ بڕا و ئیتر وڵات تەواو تاریک داهات.

 پاش تەواو بوونی دەنگەدەنگەکە، کەس نەما پاش ئەوەش کە دەنگە دەنگ بڕا، ئەمن دەترسام کە کەسیان بەجێهێشتبێ بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو خەڵک هاتنە شوێنەکە خەڵکەکە بگرن. بۆیە هەر نەمدەوێرا لە گۆمەکە بێمە دەرێ، قەدرێکی تر ڕاوەستام و پاشان لە ئاوەکە هاتمە دەرێ. هەموو گیانم تەزیبوو. بەناچاری وردە وردە بە هەر چنگەگرکەیەک بوو سەرکەوتم بەرەو شاخی هەڵۆیان. هەتا ئەوێ بە چنگەگرکێ ڕۆیشتووم. تەشبیهات نەبێت، وەک حەیوان.

گوتم دەچمە دێی هەڵۆی؛ لەوێ دەچمە ماڵی حاجی شەریفی هەڵۆ؛ ئەو حیزبی بوو. پاشان بە هەر چەشنێک بوو لیباسم داکەند و گوشیم و دواتر لەبەرم کردەوە و وردە وردە خۆم گەیاندە دێی هەڵۆی. لەوێ دێبەرێکی لێ بوو لە دێبەرەکە، خۆم مات کرد، کە گوێم دایە سەگوەڕێکی سەیر بوو، زۆر قەرەباڵغ بوو گوتم: بەخودا ئەوە جاشەکان لەوێن بۆیە نەچوومە نێودێی هەڵۆی و گەڕامەوە. چووم بۆ دێی پەڕشەی. ئەو وەخت کوێخا ڕەحمان لەوێ بوو. بەتەمای ئەوە بووم بچم بۆ ماڵی ئەوان، ئەویش حیزبی بوو. کە گەیشتمە قەراغ پەرشەی ئەویش هەر بەو دەستوورە سەگوەڕ و قەرباڵغ بوو گوتم بەخودا جاشەکان لێرەشن ئیتر نەچوومە نێودێ و گەڕامەوە ڕووم کردە بناویلە کۆن.

ئەوجار گوتم دەچم بۆ بناویلە کۆن. گەیشتمە سەر ڕێی بانەزێر- هەڵۆیە و لەوێوە چوومە سەر ڕێی بناویلە کۆن و سەگەلم لێ پەیدا بوو. تووشی کەرتە مەڕێک بووم نەمزانی مەڕەکەی هی کوێیە. شوانەکە هاورای کرد، هەی بیگرە، هەی بیکوژە، دەنگی شوانەکەم ناسی؛ هاورام کرد وەرە من ئاشێرم وەرە با ئەو سەگانە نەمگرن، شوانەکە خەڵکی بناویلە کۆن بوو.

شوانەکە هات و ئەگەر هات عەزیزی کوێخا مینە بوو، کە هاتە پێشێ دیتمی دەستی کرد بەگریان هێندێ دڵخۆشیی عەزیزم داوە و گوتم ببمبە نێو دێ. پاشان کاعەزیز، هاواری لە ئاوەڵشوانەکەی کرد. گوتی ئەمن هەتا ماڵێ دەچمەوە، لەگەڵ ئەو چوومەوە. ماڵەکەی لە بناویلە کۆن بوو. لەوێ نانم خوارد هێندێ پێ چوو. لە ماڵی عەزیز قەدرێک لەسەرخۆچووبووم. پاشان وەهۆش هاتمەوە؛ گوتمە عەزیزی ئەمن دەڕۆم بەڵام پاتۆڵێکم بۆ پەیدا بکە. جلەکانی خۆم دەستێ ڕەنک و چۆغەی سوور بوو. بە خەڵات وەرمگرتبوو. بەڵام گوللـەکە دایتەکاندبوو. بۆ لەبەرکردن نەدەبوو، هێندەش بە قوونە خشکێ ڕۆیشتبووم، تەواو تێکچووبوو.

  عەزیز پاتۆڵێکی دامێ و پاتۆڵەکەم گۆڕی و پاتۆڵەکەی خۆمم بەدەستەوە گرت. هێنامە خوارێ لە چەمی “کۆدەڵە” دەم ئاوەکەم دا بە عەزیزم گوت، لەگەڵم وەرە بۆ کاولان بەشی هەورازە.

 لەوێ دۆستێکی حیزبی لێ بوو بەناوی “حەسەنی ڕەسوڵی مینە”. ئەو دەستی دوکتوری و شتی وای هەبوو. عەزیز هەتا بەرماڵانی کاولان هات لەگەڵم و لەوێ گوتم، جا کاکە ئەتۆ بگەڕێوە، یەکمان ماچ کرد و گەڕاوە و گوتم باسی هیچ مەکە.

 ئەمنیش چوومە ماڵی کا حەسەن هەتا گەیشتمە ئەوێ ڕۆژ بووەوە. ئیتر لەوێ کاک حەسەن ڕایکێشام برینەکەی ڕانمی کردەوە یەک لیوان ئەلکۆلی چراتۆری تێ کرد.

ئەلکۆڵەکە برینەکەی برژاندمەوە .ئەو ڕۆژە لەگەڵ کا حەسەن چوومە جووتی، لە بینی  دێی دەنکێ و کاولان سەعاتێکی ڕۆژ مابوو. گوتم: کاک حەسەن ئەمن دەڕۆم بۆ بانەزێڕە. بەرەو بانەزێڕە وەڕێ کەوتم و چووم  بۆ مووچەی خۆمان، لەوێ گەوەڕێکی ماڵی ماممی لێ بوو. چوومە گەوەڕەکەوە و لەوێ سەرمام بوو، ئاورێکیم کردەوە و هێندێ خۆم پێ گەرم کردەوە. کاکەکەم لەوبەری گەوەڕەکە جووتی دەکرد کە ئاورەکەی دیتبوو، هات بۆ لام. هەتا لێم نزیک نەبۆوە، نەمزانی. کاکەم هات و باوەشی پێداکردم و دەستی کرد بەگریان و ئیتر لەگەڵ ئەو ڕۆیشتمەوە هەتا نێوشەخسەکەی بانەزێڕێ. [دەکەوێتە ٢ کیلومیتری گوندی بانەزێر] و لەوێ بە کاکەمم گوت ئەتۆ بچۆوە بە نەفەرێکدا هێسترێک و نانم بۆ بنێرە و خۆت مەیەوە.

  من چوومە نێو شەخسەکەوە و خۆم مات کرد و کاکەم ڕۆیشتەوە نان و هێستری بۆ ناردم و نانم خوارد و سواری هێستر بووم. چووم بۆ شەمۆلێ و لەوێ چووم بۆ  ماڵی “برایمی مام وسوو” ماڵی کاک برایم لە شەمۆلێ بوو. کاک برایم حیزبی بوو، زۆرکەسی تری لێ بوو. وەک “مامۆستا مەلا ساڵەی باریکان”، “برایمی مام وسوو”، “حەمە ئاغا شندڕان” و “مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای شەمۆلێ”. جەماعەتێکی زۆری لێ بوون  و ئەوانە هەمووی خەڵکی دێیەکە بوون؛ هەموو کەسی باش بوون، حیزبی بوون.

لە شەمۆلێ تفەنگەکەیان لێ وەرگرتم و وڵاخیان بۆ پەیدا کردم و بەڕێیان کردم بۆ بەری گەورکان. لەوێ لە  گوندی گەنمان کە دەکەوێتە پشتی موسێ، دەوری هەفتەیەک لەوێ بووم و دەرمانیان کردم و چاوەڕێی کاک عەبدوڵڵای موعینی و ئەوان بووم، هەتا شەوێک هاتن لە دوومان بردیانین بۆ نێوان کانییەڕەش و سوێناسێ. لەوێ لە کونە شاخێک بووین. بە ڕۆژ دەهاتینە دەرێ. ئیتر نەفەرێکم لەگەڵ بوو پێشمەرگەی خۆمان بوو؛ منی دەرمان دەکرد. لە دێی گەنمان کابرایەک بەناوی “عەوڵای ساڵە عەباس” خودا عافووی کات، نەماوە، کابرایەکی حیزبی بوو، زۆری یارمەتی دام. پاش ئەو مانگە سەرخۆ کەوتمەوە و دەمتوانی بگەڕێم. پاش ئەوە ڕۆژێکی هاتمەوە شەمۆلێ و لەوێ تفەنگەکەم وەرگرتەوە و چوومە دیوی گەورکان و لەگەڵ پێشمەرگە کەوتمەوە…

سەرچاوەکانی بەشی یەکەم

ئاڵ ەكۆك/ غەنی بلورییان
وتاری دكتور قاسملوو لە كۆبوونەوەی گشتیی ئاپریلی ١٩٨٩
ئەحمەد تۆفیق/ حامید گەوهەری
بیرەوەرییە سیاسیێەكانی ئەمیر قازی
وتووێژ/بیرەوەرییە سیاسییەكانی سەید عەلی رەحمانی
بیرەوەرییەكانی كەریم حیسامی
مرکز اسناد تاریخی/ساواک

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان