ئارامتر بخوێنەوە!

تارمایی‌یەکانی دۆزاک لە نیشتمان‌دا
(کۆماری ئیسلامی چۆن پەلاماری نووسەران و چالاکانی کورد دەدات؟)

ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

دەستپێک:
بە درێژاییی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو، هەوڵی دەستەڵاتی داگیرکەری ئێران ئەوە بووە که هەموو هێماکانی کوردبوون، یان بە گشتی بسڕێتەوە، یان هەندێک لایەنی دزێو بکات، یان بەشێک لەو نیشانانە بەخۆیەوە گرێ بدات. پرسی داگیرکەری لە کوردستان تەنیا گرێ نەدراوە بەوەی که خاکی کوردستان داگیر بکرێت و ڕێگە لە دەستەڵاتداریی سیاسیی کوردی بگیرێت، بەڵکوو ئامانجی داگیرکەر، توانەوەی شوناسی کورد لەنێو شوناسی ئێرانیدایە و لە پێناو ئەو ئامانجەشدا دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم که بەڕێوەبەری بڕیارەکانی دەستەڵاتداری ئێرانین، کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەگرنە بەر و بەدەر لە گیران و سەرکوتی ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردستان، دەیان پیلان و فێڵی ناڕاستەوخۆ دەگرنە بەر، هەتا چارەنووسی کۆمەڵگای کوردستان، خەڵک و لێهاتووانی کورد بەرەو ئەو ئاقاره بەرن کە دڵخوازی خۆیانە.
پێش هەموو باسێک دەبێت، دوو بابەت بۆ خوێنەری ئەو وتارە ڕوون بکەمەوە؛ یەکەم: “کۆماری ئیسلامی” و “دەستەڵاتداری پالەوی” هیچکات لە هیچ بەشێکی کوردستاندا، ڕەوایییان نەبووە و نابێ، هەر بۆیە دەستەڵاتداری تۆتالیتێر و سەرەڕۆی ئێرانی، زۆر بەلایەوە ئاسایییە کە هەموو خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان وەک دوژمنی خۆی سەیر بکات و پیلان و گەڵاڵە بۆ لەنێوبردنی ئەو “دوژمنە” دانێ و تا ئێستاش لەو ڕێیەدا لە هیچ کردەوەیەک نەپرینگاوەتەوە.
دووهەم: ئەو وتارە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی ١٥ ساڵی نووسەرەکەیەتی. تەنیا نووسەرەکەی لە بەرانبەر ئەو باسانەی کردوویەتی بەرپرسە.

بەشی یەکەم
ڕوونکردنەوەیەکی پێویست
دەستەڵاتداری ئێرانی لە ڕووی ئیدئۆلۆژییەوە دەستەڵاتێکی تۆتالیتێرە. ئەو دەستەڵاتدارییە شوناسێکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا هەوڵی سەرەکیی ئەوە بووە که شوناسی “فارس-شیعه” بەسەر هەموو ئێراندا زاڵ بکات و باقیی شوناسەکانی ‌تر لەنێو ئەو شوناسەدا بتوێنێتەوە. سیستەمی تۆتالیتێری ئێرانی، ئاوێتەی باوەڕێکی ئایینییە و ئەوەش وای کردووە که پێکهاتەی تۆتالیتێری ئێرانی، وەهمی ئەوەی هەبێت که ڕێوشوێن بۆ ئەم دنیا و ئەو دنیای مرۆڤەکان دیاری دەکات. هەر لەسەر ئەو تێفکرینەیە که پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی، یاسا و ڕێسا بۆ هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤ دیاری دەکات و تەنانەت هەوڵی ئەوەش دەدات شاراوەترین لایەنەکانی ژیانی خەڵکی بخاتە ژێر چاوەدێرییەوە.
لێرەدا پێویستە سووکە لەنگەرێک لەسەر بیروبۆچوونی “خامەنەیی” بگرین. “خامەنەیی” لە ٣٢ ساڵی ڕابردوودا تەنیا بریاردەری نێو کۆماری ئیسلامی بووە و سپای پاسداران و ناوەندە دینییەکان یان لە ژێر فەرمانی ئەو دابوون و یان ئەوەی ڕاوێژکاری ئەو بوون. خامەنەیی لەڕووی فکرییەوە سەر بە بەرەی ئیسلامی سیاسییە و لەژێر کارتێکەریی کەسانی وەک “سەید قوتب”دایە. خامەنەیی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەپانەوە باسی ئەوە دەکات کە دوایین ئامانجی کۆماری ئیسلامی، دامەزراندنی “شارستانییەتی نوێی ئیسلامی”یە. ئەو باسی ئەوە دەکات کە حکوومەتی ئیسلامی، دەبێت کۆمەڵگای ئیسلامی دامەزرێنێ و کۆمەڵگای ئیسلامییش، دەبێت شارستانییەتی ئیسلامی دامەزرێنێ.
خامەنەیی هەر وەها لە ڕاگەیاندراوێکدا کە خۆیان وەک گەڵاڵەی ٤٠ ساڵی داهاتووی کۆماری ئیسلامی باسی لەسەر دەکەن و ناویان ناوە “دووهەمین هەنگاوی شۆڕش” باسی خۆبارهێنان، کۆمەڵگابارهێنان و شارستانییەتسازی دەکات و پێداگرە لەسەر ئەوەی که ئەوان بنەمای تایبەتی خۆیان هەیە و لەسەر ئەو بنەمایەش سوورن و دەزانن چۆنی بپارێزن. کۆی ئەو قسانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە که کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی که بنەماکەی لەسەر ئەوە دامەزراوە که برەو بە شوناسی دڵخوازی خۆی که شوناسی فارس-شیعەیە بدات، بەڵکوو لە سێ ئاستی تاک، کۆمەڵگا و دەستەڵاتدا گەڵاڵەی هەیە بۆ سازکردنی ئەوەی که خۆیان پێی دەڵێن کۆمەڵگای ئیسلامی و شارستانییەتی نوێی ئیسلامی. هەر لەو پێوەندییەشدا سازکردنی ئەو تاک و کۆمەڵگایە، وەک ئەرکی حکوومەت لە قەڵەم دەدرێت. کۆی ئەو ئامانجانەی کۆماری ئیسلامی دەرخەری ئەوەن که ئەو ڕێژیمە بە دوای ئەوەدایە که ڕواڵەتی دڵخوازی خۆی لە تاک و کۆمەڵگا ساز بکات و ئەوان بۆ هەر کام لەو ڕواڵەتانە “ڕواڵەتی بەرزیان” دەستنیشان کردووە و کۆمەڵگا بە زۆرملی بەرەو ئەو ڕواڵەتە دەستنیشانکراوە دەبەن، وەک “حەسەن ڕووحانی” باسی دەکات، بە زۆری قامچی خەڵک دەبەن بۆ بەهەشت.
بابەتێکی دیکە کە دەبێت ئاماژەی پێ بکەین، پێناسەکردنی باڵەکانی ڕێژیمە. پێناسەی باڵەکانی ڕێژیم، بە دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم وتارە گرینگە: یەکەم هۆکار ئەوەیە که لەو ساڵانەی دواییدا، ڕەوتێک لە نێو خەباتی نەتەوەییی ڕۆژهەڵاتدا سەری هەڵداوە که لە چوارچێوەی کەشی ڕەخساوی باڵەکانی ڕێژیمدا، بە دوای دەرفەتدا دەگەڕێ و بە شوێن دەستەبەرکردنی ویستەکانی زیاتر تاکەکەسیی خۆیدایە. هۆکاری دووهەم ئەوەیە، بە هۆی جیاوازی لە پێگەی باڵەکانی دەستەڵاتی ڕێژیمدا، بە ڕواڵەت هەر باڵەی سیاسەتێکی تەواو جیاوازیان بەرانبەر بە کوردستان هەیە و هەر ئەوەش ئاڵۆزیی کێشەی کوردی ڕۆژهەڵاتی زیاتر کردووە.
دابەشکاریی باڵەکانی ڕێژیم بەسەر دوو بەرەی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازدا، ناتوانێ دەرخەری ڕاستیی ویست و خواستی ئەو دوو باڵە بێت. بە خوێندنەوەی ئەزموونی سیاسیی ئەو دوو باڵە دەردەکەوێ ئەو دابەشکارییە، دابەشکاریی خودی ڕێژیمە و ئامانجیشی ئەوەیە ڕواڵەتێکی ئەمڕۆیی و جوان بۆ ململانێی نێو دەستەڵاتی سیاسی بدۆزێتەوە. بۆ ئەوەی بە باشی لە ڕاستییە شاراوەکانی پشت ئەو دابەشکارییە تێبگەین پێویستە ئاگامان لەوە بێ کە کۆی ئەو کایەیەی دەستەڵات، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێیەکی ناوخۆیی لە دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ئەویش ململانێی نێوان “بنەماڵەی خومەینی” و “خامەنەیی”یە. لە پاش ئەوەی خامەنەیی دەبێتە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بە پانەوە هەوڵی ئەوە دەدات بنەماڵەی خومەینی و دەستوپێوەندەکانی ئەو بنەماڵەیە، بەتەواوی پەراوێز بخات، بۆ ئەوەی پلەی ڕێبەرییەکەی، وەک خۆی لە ڕۆژی دانانی لەو پلەیەدا دەڵێت: “پلەیەکی هەوانتە و بێ دەستەڵات نەبێت”.
پرسی گرینگ بۆ ئەو وتارەی ئێمە لەو پێوەندییەدا، ئەوەیە که وەزارەتی ئیتلاعات وەک یەکێک لە دەزگاکانی داپڵۆسێنەری کوردستان، ڕوانینی بۆ دۆزی کوردستان لەگەڵ سازمانی ئیتلاعاتی سپا جیاوازە.
لە کۆماری ئیسلامیدا ١٦ ڕێکخراوەی ئەمنییەتی هەیە کە لە چوارچێوەی “شووڕای هاوکاریی ئیتلاعات”دا ڕێکخراون، لەو شازدە ڕێکخراوەیە چاردەیان بە ئامانجی ئەوە دامەزراون که ناوەندی نیزامی، هەستیار و ناوەکیی ڕێژیم بپارێزن. بە کورتی ئەو تاقمە ڕێکخراوەی ئەمنی تایبەتن. دوو ڕێکخراوە که بریتین لە “وەزارەتی ئیتلاعات” و “سازمانی ئیتلاعاتی سپا” لە ڕاستیدا بۆ یەک ئامانج دامەزراون. لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێ بوونی ئەو دوو ڕێکخراوەیە چەشنێک کاری تەریب و سازمانی تەریب ساز کردنە، بەڵام بۆ ڕوونتر بوونەوەی باسەکە و درخستنی ڕاستییەکان، سەرەتا پێویستە باسێکی کورت لەسەر تەناهی لە چوارچێوەی ئیسلامدا بکەین. بەشی لێکۆڵینەوەی “مەجلیسی خوبرەگان” لە وتارێکدا لە ژێرناوی “جێگە و پێگەی تەناهی لە حکوومەتی ئیسلامی دا” کە ساڵی ١٣٨١ بڵاوی کردووەتەوە، ئەمنیەت بە یەکەم ئەرکی حکوومەتی ئیسلامی دادەنێت.
“ڕۆژنامەی کەیهان” کە له ژێر چاوەدێریی خامەنەییدایە، لە وتارێکدا لە ژێر سەردێڕی “گرینگیی تەناهی لە ئیسلامدا” که ڕۆژی ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ چاپی کردووە دەڵێت: “بە هەر پێوەرێک بیپێوی‌، ئەرکە لەسەر حکوومەتی ئیسلامی که ئەمنییەتی جۆراوجۆری خەڵک دابین بکات”.
لێرەدا دەبێت، ئەو پرسیارە بکەین، ئەدی هۆکاری چییە کۆماری ئیسلامی دوو ڕێکخراوەی هاوشانی یەکی ساز کردووە؟
ئەگەر لە یەک ڕستەدا بمانەوێ وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە دەبێ بڵێین، هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی بنەماڵەی خومەینی لە وەزارەتی ئیتلاعاتدا. وەزارەتی ئیتلاعات ساڵی ١٣٦٣و لەژێر هێژمۆنی “ئەحمەد خومەینی”، “عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی” و “محەمەد موسەوی خۆیینی‌ها” دامەزرا. هەرچەند لە ساڵی ٦٩وە بەردەوام خامەنەیی چاوەدێریی بەسەردا کردووە و ئاڵوگۆڕی بەسەر هێناوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە که بەپێی ئەوەی ساڵی ٧٧ بۆ ئەوەی بڵێن دەوڵەت لەگەڵ زنجیرە تێرۆرەکانی ئەو کات نییە، “سەعید ئیمامی” لەلایان “عەلی ڕەبیعی”یەوە که ڕێفۆرمخواز بوو و ئەو کات هیچ پلەیەکی لە ئیتلاعاتدا نەمابوو، لێپرسینەوەی لێ کرا و هەر وەها بەپێی ئەوەی که “موعاوینەتی ئیتلاعاتی سپا” ساڵی ١٣٨٨ لە هەڕەتی ئاڵۆزیی نێوان ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازەکاندا، بوو بە سازمانێکی سەربەخۆ، بە ڕوونی دیارە که ئیتلاعاتی سپا لە ڕاستیدا ڕێکخراوەی متمانەپێکراوی خامەنەیییە و لە ئاکامی ململانێی لەگەڵ بنەماڵەی خومەینی و لەترسی دزەی ئەو بنەماڵەیە بۆ ناو وەزارەتی ئیتلاعات دامەزراوە. هەر لەو پێوەندییەدا دەکرێت ئاماژە بە لێدوانێکی “حوسین غەریب‌پوور” سەرۆکی قەرارگای ئیمام عەلیش بکرێت که دەڵێت: “خامەنەیی گوتی من ئەمنییەتم لە سپا دەوێت و بۆیەش ئێستا سپا زیاتر دەپەرژێتە سەر بواری ئەمنیی”
گرینگیی ئەو پرسە بۆ بابەتی وتارەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی ڕوانینی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا بۆ بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان. بەرپرسانی پێشووی ئیتلاعات که ئێستا ڕۆڵی سەرکردایەتیی ڕێفۆرمخوازەکان دەبینن و لە نێویاندا دەتوانین ئاماژە بە هێندێک ناوی وەک “عەلی ڕەبیعی”، “سەعید حەججاریان”، “ڕەزا ئەمیری ساڵحی”، “محەمەدڕەزا تاجیک” و …. بکەین، سەرجەمیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ دۆزی کوردستان ئاشنان و لە نزیکەوە ئاگاداری هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان هەن. “ئەمیری” جێگری پێشووی بەشی فەرهەنگیی وەزارەتی ئیتلاعات بووە و “ڕەبیعی” هەتا ساڵی ١٣٧٢ هاوکات هەم جێگری وەزیری ئیتلاعات بووە و هەم بەرپرسایەتیی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە و ورمێی بە دەستەوە بووە. ئەو باڵە لە ڕێژیم خوێندنەوەیان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێمۆکڕاتیکی کوردستان ئەوەیە که ئەو بزووتنەوەیە وەک بزووتنەوەیەکی سێکۆلار دەبینن و ڕۆلێکی گرینگ بە پرسی دین، بەتایبەتی دینی ئیسلام و مەزهەبی سوننە لە تاوتوێکردنی بزووتنەوەکە و ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ بزووتنەوەکە نادەن.
بەڵام ئیتلاعاتی سپا، بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێمۆکڕاتیکی کوردستان، لە چوارچێوەی پرسی “شیعە و سوننی”دا لێکدەداتەوە و گرینگیی تایبەت بە پرسی دین لە نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و لەنێو بزووتنەوەی کوردستان دەدا. لە ڕاستیدا ئەوان بزووتنەوەی کوردستان وەک پرسێکی “سوننی-کورد” دەبێنن و ڕوونە بە هەمان شێوەش، شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە دادەڕێژن. یەکێک لە بەڵگەکانی سەلماندنی ئەو باسە ئەوەیە کە ڕێژیم بۆ کۆنتڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیستەمێکی سەیری ڕەچاو کردووە کە بریتییە لە دامەزراندنی “قەرارگای هەمزەی سپای پاسداران” کە هەموو ناوچە سوننی نشینەکانی کوردستانی لەژێر دەستدایە و “قەرارگای نەجەف”یش کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی ناوچە شیعە‌نشینەکانی کوردستانی پێ سپێردراوە. ئەوە لەگەڵ نۆڕمی دابەشکاریی قەرارگاکانی سپا جیاوازیی هەیە، چونکە باقیی قەرارگاکانی سپا، بەپێی دابەشکاریی پارێزگاکان دابەش کراون. هەر لەو پێوەندیەدا ڕەنگە بەڵاتانەوە سەرنجڕاکێش بێت که زیاتر لە ٥ ساڵە یەک کەس فەرماندەی سپای پارێزگای تەورێز و سپای پارێزگای ئورمیەیە.
لێرەدا ڕەنگە خوێنەر پرسیارێکی بۆ ساز بێ کە چ پێوەندییەک لە نێوان ڕەوتی ڕێفۆرمخواز و پەلوپۆ هاویشتنی دەستەڵاتی سپا لە کوردستاندا هەیە؟ ئایا لە کاتێکدا کە ڕێفۆرمخوازەکان لەسەر هێندێک چەمکی وەکوو “کۆمەڵگای مەدەنی”، “دێمۆکڕاسی”، “مافی شارۆمەند” و … پێداگرن؛ دەکرێ باسی ئەوە بکەین کە ئەو چەمکانە چ زیانێک بۆ بزووتنەوەی کوردستان بە دیاری دێنن لە کاتێکدا کە بەشێک لە حەولی ئەو بزووتنەوەیەش دابینکردنی ئەو دەرفەتانەیە بۆ کۆمەڵگا؟
پێش ئەوەی وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە دەبێت، بیری خوێنەری بێنمەوە که ڕاوێژکاری پرسی نەتەوەکان لە دەوڵەتی ڕووحانیدا که بۆ یەکەم جار لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئەو پلەیە دیاری کراوە، عەلی یۆنسییە، “عەلی یۆنسی” تەنیا پلەی بەڕێوەبەری که هەیبووە وەزیری ئیتلاعات بووە کە وایە زۆر بەڕوونی حکوومەت هەر چەشنە پرسێک لە پێوەندی بە نەتەوەکاندا وەک پرسێکی تەناهی تاوتوێ دەکا و پلانیشی بەو بارەدا بۆ دادەڕێژێ.
ئەگەر بە شێوەیەکی لۆژیکی بیر بکەینەوە و لە وڵاتێکی ئاساییدا بژین و بزانین بەدەر لە کایەی سیاسی و بە ڕاستی حەول بۆ وەدیهاتنی ئەو چەمکانە لە دونیای واقیعدا دەدرێ، دەبێ دڵخۆش و گەشبینانە بڕوانین و بڵێین ئەو چەمکانە هیچ خراپەیەکیان بۆ بزووتنەوەی کوردستان نییە. بەڵام با ئەو لایەنە لەبەرچاو بگرین کە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، ئێرانییەکان بە چاوی پرسێکی ئەمنییەتی سەیری دۆزی کوردستانیان کردووە و ئێستا تەنانەت ئەگەر دۆزی کوردستان لە چاو ئێرانییەکان لە پرسێکی ئەمنییەتییەوە بۆ پرسێکی سیاسی بگۆڕدرێت، بێ‌گومان تێچووی بزووتنەوەی کوردستان زۆر کەمتر دەکات و ئەوەش بە قازانجی بزووتنەوەکەیە. ئەوە بەدەر لەوەیە که پێکهاتەی سیاسیی ئێران، پێکهاتەیەکی تۆتالیتێرە و لەو پێکهاتە تۆتالیتێرەدا شوناسی کوردبوون وەک شوناسێکی ئەویتری شوناسی ئێرانی دەناسرێ و بۆ لەناوچوونی هەموو ڕێگایەک دەگیرێتە بەر.
بۆ ئەوەی پرسی دێمۆکڕاسی و کۆمەڵگای مەدەنی و مافی شارۆمەندی لە ڕوانگەی ڕێفۆرمخوازەکانەوە تاوتوێ بکەین دەبێ زۆر وردتر بڕوانینە بابەتی باڵەکانی ڕێژیم و ململانێی نێوان ئەو باڵانە، جا بەو پێیەش دەبێ بڵێین:
یەکەم: ڕێفۆرمخوازەکان لە دەستەڵات پەڕاوێزخراون و بەپێی ئەزموون، ئەوانە پێشتر کە لە دەستەڵاتدا بوون، لەبەرانبەر پرسی کورد و خەڵکی کوردستاندا زۆر دڵڕەقتر و خوێنڕێژتر بوون، کە وایە ئەگەری زۆرە بەپێی ئەوەی ئاگاداری ئەوە هەن کە کۆمەڵگای کوردستان پرسی دێمۆکڕاسی، مافی شارۆمەندی و … بە قازانجی خۆی دەزانێ، ئەو باوەڕەی کۆمەڵگای کوردستان وەک ئامێرێک بەکاربێنن بۆ گەیشتنەوەی خۆیان بە دەستەڵات، بۆیەش من پێم وایە کۆی دروشمەکانی ئەوان تەنیا بابەتێکی کاتییە و ئامانجی ڕوون لەو بابەتە ئەوەیە کە خۆیان دەستیان بگاتەوە بە دەسەڵات.

دووهەم: “مێهدی هاشمی” که کوڕی نێونجیی “ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی”یە، دەڵێت: “دێمۆکڕاسی لای ئێمە پرسێکی نێوخۆییی باڵەکانی ڕێژیمە” کە وایە ئەگەر ئەوان تەنانەت باوەڕیان بە دێمۆکڕاسییش هەبێت، ئەو دێمۆکڕاسییە لە ڕاستییدا لەنێوان باڵەکانی ڕەژیمدا دێمۆکڕاسییەکی بەڵێندارە. هاوشێوەی ئەو دێمۆکڕاسییە بەڵێندارەی که لەنێوان توێژی دەسترۆیشتووی وێنزوئیڵا لە ساڵەکانی نێوان ١٩٤٣ هەتا ١٩٧٥ هەبوو، بە کورتی ئەوەی ئەوان پێی دەڵێن دێمۆکڕاسی رێکارێکە بۆ ڕاگرتنی دەستەڵاتی خۆیان و کەمتر خوێناوی بوونی ململانێ نێوخۆیییەکانی ڕێژیم و دابەشکردنی بەرژوەندییە ئابوورییەکان لەنێو ئەو باڵانەدا و هەرگیز وەک دەرفەتێک نە بۆ خەڵکی کورد و نە بۆ خەڵکانی دیکەی ئێران کەڵکی لێ وەرناگرن و نایکەنە هەلێک بۆ گەلانی ناو ئێران.
سێهەم: بۆ ناسینی ڕێفۆرمخوازەکان نابێ دروشمەکانی سەردەمی هەڵبژاردنیان خەڵک و چالاکانی سیاسی بە لاڕێدا بەرێ. واتە باشترین تریبوون بۆ ناسینیان ئەو دروشمانە نییە کە لە کاتی هەڵبژاردندا بەرزی دەکەنەوە، بەڵکوو “ڕۆژنامەی شەرق” و باقیی بڵاڤۆکەکانیانە کە نیشاندەری گەڵاڵە و بیری سیاسیی ئەوانە بۆ گەیشتن بە دەستەڵات و پاش بە دەستەوە گرتنی دەستەڵاتیش، تەنیا بە سەیرکردنی چەند ژمارەی ڕۆژنامەی شەرق بۆمان دەردەکەوێت که ئەوان هەتا چەندە دژی دۆزی کوردستانن.
چوارەم: لە تاوتوێکردنی هەر باسێک بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی، دەبێت لە بیرمان بێت کۆماری ئیسلامی دۆزی کوردستان وەک دۆزێکی ئەمنییەتی سەیر دەکات، نەک وەک دۆزێکی سیاسی.
لێرەدا لەوانەیە خوێنەر ئەو پرسیارەی بۆ ساز بێت و بڵێت، دەی باشە سیاسەت خۆ زۆر بە کەمی لەسەر بناغەی متمانە دادەمەزرێ، بەڵکوو وەکی ئەزموونی ئەو بوارە دەریخستووە زیاتر لەسەر بناغەی بەرژوەندی خۆ دەگرێ، ئەگەر وایە بۆ ئێمە نابێ لەگەڵ ڕێفۆرمخوازەکان هاوپەیمان بین بۆ لێدان یان لاوازکردنی بناژۆخوازەکان؟
ئەگەر بە چاوێکی وەردبینانە لە ڕووداوەکانی چل ساڵی ڕابردووی ئێران بڕوانین، بەو ئاکامە دەگەین کە لە کێشەی نێوان کوردستان و ئێراندا، هەر ڕێکەوت و کردەیەک ببێتە هۆی لاوازیی زیاتری دەستەڵاتی ناوەندی، بەدەر لەوەی دەستەڵاتی ناوەندی هەتا چەندە دژی دۆزی کوردستانە، ئەوە بە قازانجی کوردستان و بزووتنەوەکەیەتی، بەڵام لە پرسی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازدا، ئێمە وەک کورد بە هۆی ئەوەی ئێرانییەکان دۆزی کوردستانیان وەک دۆزێکی ئەمنییەتی پێناسەکردووە و بە ئاسانی دەتوانن زەختی بزووتنەوەی کوردستان بۆ دابینکردنی بەرژوەندییەکانی خۆی، لەسەر باڵێکی ڕێژیم بە ڕێگای وەک گیران، سەرکوت، زیندان، …ەوە، لاواز بکەن، کە وایە ئەگەر ورد بڕوانین ئێمە ناتوانین هێندە زەخت بخەینە سەر ئێرانییەکان بۆ ئەوەی پابەندی دێمۆکڕاسی، مافی شارۆمەندی و … بەرانبەر بە کۆمەڵگای کوردستان بن، دوای ئەو باسە دەبێت بڵێین لە ململانێی نێوان ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازدا، ئێمە ناتوانین بەرژوەندییەکانمان دابین بکەین، کەوایە بەشداریی ڕاستەوخۆ لەو ململانێیەدا، تەنیا بارقورسییە بۆ سەر بزووتنەوەی کوردستان، بەڵام ئەو ململانێیە هەتا گرژتر و خوێناویتر بێت، بە قازانجی بزووتنەوەی کوردستانە، چون دەستەڵاتی ناوەندی لاواز دەکات.
بەڵام بەشداریی ڕاستەوخۆ یان کیسە بۆ هەڵدوورینی بەومانایە که پێمان وا بێت ئەگەر باڵێکی ڕێژیم دەستی بە دەستەڵات گەیشت لە باڵەکەی‌تر باشترە، هەڵەیە؛ بەڵام دەست تێوەردان لەو ململانێیە، بەقازانجی بزووتنەوەی کوردستانە.
لە کۆتاییی ئەو بەشەدا دەبێت دوو بابەت ڕوون بکرێتەوە:
یەکەم: شوناسی کوردبوون لە پێکهاتەی فکری ئێرانی بووندا، وەک شوناسێکی دوژمن پێناسەکراوە و ئەوەش وا دەکات کە بەدەر لە باسی دێمۆکڕاسی و خواستی بەشداری لە دەستەڵات، کورد بوون لە لای ئێرانییەکان، وەک شوناسێکی مەترسیدار بۆ سەر ئێرانی بوون سەیر بکرێت، لەبەر ئەوەی ئێرانییەکان بڕوایان بە وەهمی شوناسی مێژووییی ئێران هەیە و لەبەرانبەردا، سەرجەمی شوناسەکانی ‌تر وەک کورد بوون بە شوناسێکی ئاژاوەگێڕ دەزانن. ئەوان لەگەڵ خودی شوناسی کورد بوون کێشەیان هەیە، نەک لەگەڵ ئاستی خوازییەکانی ئەو شوناسە و خۆ گرژ کردن لە بەرانبەر داخوازییەکان تەنیا بیانویەکی کاتییە و هیچی دیکەی تێدا بەستە نییە.
دووهەم: بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت ئەوانەی وا لە دەزگا سیخوڕییەکانی ئەو ڕێژیمەدا کار دەکەن، زۆربەیان باوەڕی دینییان هەیە و ئەوان پێیان وایە که کوشتوبڕ و درۆ و بوختان ئەگەر لە پێناو ئیسلام و حکوومەتەکەیاندا بێت ڕەوایە و تەنانەت خێریشان پێ دەگات و خومینی بەپانەوە دەڵێت: “تۆمەت کە لە دینی ئیسلامدا گوناحی گەورەیە هێندێ جار واجب دەبێت”.
سێهەم: بەدەر لەوەی که هێزێکی چەکداری کوردستانی هەیە بەرەڕووی ڕێژیم بێتەوە یان نا، ئێرانییەکان چون شوناسی کوردبوون بە دوژمنی خۆیان دەزانن، کوردستان وەک پرسێکی تەناهی و مەترسییەک بۆ سەر خۆیان دەبینن، ئەوە وای کردووە تەنانەت لە قۆناغی دوای خەباتی چەکداریش، ئێرانییەکان کوردستان وەک گۆڕەپانی شەڕ دانێن و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی شوناسی کوردبوون تێکبدەن. لێرەدا باسی ئێمە لەسەر جۆرێک شەڕە که لەودا لەباتی چەک، قەڵەم لە گۆڕییە و لەباتی سەرباز، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و مامۆستا بوونیان هەیە. لە شەڕی گەرمدا تاکەکان دەکوژرێن، شەقام و شارەکان وێران دەکرێن، بەڵام لەشەری نەرمدا، شوناس دەکوژرێ و فەرهەنگ و زمان و داهاتوو وێران دەکرێن.
پاش ئەو باسانە، دەچینە سەر شێوازەکانی سەرکوتی نەرمی ڕێژیم کە بەرانبەر بە کوردستان بەرکاریان دێنێ.
وەک ڕوونکردنەوە، پێویستە باسی ئەوە بکەین که ئەوەی لەوە بەملاوە باسی لەسەر دەکرێت، ئەو شێوازە سەرکوتە نەرمانەیە که کۆماری ئیسلامی، بەرانبەر بە چالاکانی کورد بەکاریان دێنێ و بەدەر لە باسی ئیعدام، زیندان و ئەشکەنجەیە. ئەو بابەتەی دواتر گرینگ و باس ورووژێنە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دەمهەوێ لەو وتارەدا جەخت لەسەر شێوازی نوێی رووبەڕوو بوونەوە و خۆ تەیارکردنی رێژیم لە بەرانبەر مافخوازن و شوناس سازانی کورد دا بکەم، ئەو لایەنەی دیکە بۆ نووسینی و شیکاری تر هەڵدەگرم.

بەشی دووهەم
هێژمۆنیی فارسایەتی

لەسەرەتادا باسێکمان لەسەر بابەتی شوناس لە پێکهاتەی فکریی ئێرانییەکاندا کرد. ئەوان لە پێکهاتەی فکریی خۆیاندا شوناسی ئێرانیبوون که پێکهاتەیەک لە فارس بوون و شیعەبوونە، وەک شوناسێکی مێژوویی هەموو خەڵکی نێو جوگرافیای ئێران دەستنیشان دەکەن و لە قۆناغی دواتردا، هەر پرس، بابەت و مێژوویەک کە شوناسی ئێرانی بوون پشتڕاست نەکاتەوە، وەک شوناسی دژبەری خۆیان پێناسە دەکەن و هەموو ڕێوشوێنێک دەگرنە بەر هەتا ئەو شوناسە دژبەرە بتوێننەوە و دزێوی بکەن.
گرینگترین شێوازی سەرکوتی نەرم لە ئێران، تەشەنەکردن و گەشەدان بە هێژمۆنیی زاڵی فارسایەتییە!، ئەو شوناسە که وەک شوناسی ئێرانی بوون پێناسە دەکرێت، شوناسی ڕەواییی دەستەڵاتداری تۆتالیتری ئێرانییە که لەسەر بنەمای ئەو شوناسە دامەزراوە و ڕوونیشە که بۆ مانەوەی خۆی بە هەموو شێوەیەک برەو بەو شوناسە دەدات و شوناسەکانی ‌تر وەک دژبەری خۆی پێناسە دەکات.
هەر لەسەر ئەو بنەمایەشە که لە پێکهاتەی دەستەڵاتداریی ئێرانی، زانکۆکان، ناوەندە فەرهەنگییەکان و میدیای فارسییدا، شوناسی نەتەوەیی، زمانی نەتەوەیی، فەرهەنگی نەتەوەیی و هتد کە لەراستییدا شوناس، فەرهەنگ و زمانی فارسییە، لە بەرانبەر شوناس، زمان، فەرهەنگ و هتدی ناوچەیی یان خۆجێیی دادەندرێ کە زمانی نەتەوە نافارسەکانی نێو جوغرافیای دەستەڵاتداریی ئێرانە و لە بۆچوونی ئێرانیدا، پاراستنی شوناسی نەتەوەیی ئەرکی نیشتمانییە و پاراستنی شوناسی خۆجێیی نیشانەی “ئاژاوەگێڕی” و “سووک بوونە”، ئەو باسە ڕۆژانە لە هەموو ڕەهەندە فەرهەنگییەکانەوە دووپات دەبێتەوە و تەنانەت بە شێوەی قانون و بڕیار دەخرێتە نێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە؛ بۆ وێنە بودجەی تایبەت بۆ پاراستنی زمانی فارسی دیاری دەکرێت، بەڵام مامۆستاکانی زمانی کوردی وەک کەسانی مەترسیدار بۆ سەر “تەناهیی نەتەوەیی” دەستبەسەر دەکرێن.
ئامانجەکانی سازبوونی ئەو هێژمۆنییە بریتین لەو خاڵانەی لە درێژەی باسەکەدا ئاوڕیان لێدەدەمەوە:
یەکەم:
تاکی کورد وەک مەترسییەک سەیری کورد بوونی خۆی بکات، کاتێک تاکی کورد بوونی خۆی بە مەترسی بزانێ، بەردەوام بۆ ئەوەی لە مەترسیی گیران و ژانەسەری دەزگا ئەمنییەکان بەدوور بێت، خۆی لە پرس و بابەتی پێوەندیدار بە زمان، فەرهەنگ و هتدی کوردبوون دەبوێرێ، بە ڕواڵەتیش بێت، بایەخێک بەو باسە نادات. لێرەدا دیارەدەی زمانی بێ کەڵک یان زمانی بێ بەکارهێنەر سەرهەڵدەدات، زمانی بێ‌ بەکارهێنەر زمانێکە که بەکارهێنەرەکەی نەتوانێ یان نەیهەوێت بۆ هەموو پرسەکانی ژیانی بەکاری بێنێ و ئەوەش سەرەتایەکە بۆ توانەوەی هێندێ لایەنی زمان و فەرهەنگ.
دووهەم:
بایەخی هیچ زمانێک زاتیی نییە، گرینگیی زمان لای تاک بۆ ئاستی بەکارهێنانی ئەو زمانە لە ژیانی ڕۆژانە، ژیانی ئابووری، ژیانی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی و زانستی تاکەکان دەگەڕێتەوە. کاتێ زمانێک زانین و بەکارهێنانی دەبێتە ژانەسەرێکی تەناهی بۆ بەکارهێنەرانی، بێگومان بەکارهێنەرانی ئەو زمانە پشت دەکەنە زمانەکە و ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئابووریی زمان (چاپی کتێب، رۆژنامە، … وەرگێڕان و دیلمانجی و فێرکاریی زمان) تێکبڕووخێت، کە وایە تاکەکانی بەکارهێنەری زمانەکە ناچار دەبن، خۆیان لە گیرفانی خۆیان ئابووریی زمانەکە لەسەر پێ راگرن، وەک چۆن ئێستا گۆڤار و بڵاوڤۆکی کوردی، هیچ داهاتێکی نییە و ئەگەر بەڕێوەبەرانی لە گیرفانی خۆیان تێچووەکەی نەدەن، دادەخرێن.
ئەوە سەرەڕای ئەو باسەیە که ئایا ڕێژیم ئامادەیە مۆڵەتی چاپ کردنی گۆڤارێک بدات یان نا؟ لێرەدا ئەگەر مۆڵەتەکەشی بدرێت بۆ شاردنەوەی نیەتی ڕێژیمە و چون گۆڤارەکە ناتوانێ لە ڕووی ئابوورییەوە لەسەر پێ‌ ڕاوەستێ یان زۆر زوو لەنێو دەچێت، یان ئەوەی ناچار دەبێت، سەری بەم یان ئەو دەزگای ئەمنییەوە بنێ، کە ئەوەیش هەر لە ڕاستییدا لەنێوچوونە.
جێگای ئاماژەیە که کەم بەکارهێنانی زمانێک، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ڕێژەی چاپی کتێب، گۆڤار و … کەم بێتەوە و ئەو کەم بوونەوەیەش لە ڕووی ئابووریی فەرهەنگییەوە دوو قەیرانی بنەڕەتی ساز دەکات:
ئا: تێچووی چاپی بڵاڤۆکەکان دەباتە سەرێ و ئەوە خۆی دەبێتە، هۆکار بۆ ئەوەی ڕێژەی بەکارهێنەری کەمتر بێت؛ یان بەکارهێنەر ناچار بێت تێچوویەکی زیاتر بۆ ڕەهەندی فەرهەنگی کوردیی نێو ژیانی بدات. واتە بەکارهێنەر، کتێبیکی فارسیی بە هەرزانتر دەستدەکەوێ لە چاو هەمان کتێب بە زمانی کوردی.
بێ: کەسانی بەرهەمهێنەری ئەو بڵاڤۆکانە، بەهۆی ئەوەی ناتوانن کارو چالاکیی خۆیان وەک سەرچاوەی داهات سەیر بکەن و بەناچار چالاکییەکانیان دەبێتە کارێکی لاوەکی، گومانی تێدا نییە که کاتێ بەرهەمی فەرهەنگی، نوسین و بیرکردنەوە دەبێتە کارێکی لاوەکی، ئاستی بەرهەمەکان دادەبەزێت.
سێهەم:
پێشکەوتنی ڕەهەندە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لەسەر شانی لێهاتووانی ئەو کۆمەڵگایەیە. کاتێ کە زمان و فەرهەنگی کۆمەڵگایەک لە لایەن دەستەڵاتەوە وەک مەترسیی تەناهی سەیری دەکرێت و لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە وەک زمانێکی سووک و بێقیمەت لێی دەڕوانرێ، لێهاتووانی بەکارهێنەری ئەو زمان و فەرهەنگە یان پشت دەکەنە زمان و فەرهەنگی خۆیان و خزمەت بە زمان و فەرهەنگی تر دەکەن، یان ئەگەر پارێزەری بن، دەکەونە نێو قەیرانی جۆراوجۆرەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی لێهاتووان چێژ لە لێهاتووییی خۆیان نەبینن.
ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی زمان و فەرهەنگەکە زیاتر و زیاتر ڕوو لە لاوازی و تێکڕووخان بکات.
چوارەم:
دامەزراوەی فەرهەنگی، زمانی و هزری، بایەخی گرینگیان لە ڕەوتی ڕووناکبیریی نەتەوەکاندا هەیە ئەو دامەزراوانەن که دەتوانن ڕەوتی فکری بخوڵقێنن و مێژووی هزری و فەرهەنگی نەتەوەیەک پێکەوە گرێ بدەن و کاتێک دەستەڵاتی سیاسی پێش بەو دامەزراوانە بگرێت، بێگومان ڕووناکبیریی نەتەوەکە ڕوو لە کزی دەدات، ئاڵۆزیی فەرهەنگی، زمانی و هزری ساز دەبێت و ئەو نەتەوەیە ناتوانێ بیر لە پرسەکانی سەردەم بکاتەوە و تاکەکان بەردەوام بۆ وڵامی پرسیارەکانی نێو ژیانیان ڕوو لە هزر و بیری کۆمەڵگای سەردەست دەکەن، ئەوە سەرەڕای ئەو باسەیە کە ڕێژیم خۆی لەو بوارانەدا، ئاڵۆزی ساز بکات.
پێنجەم:
لە هەموو کۆمەڵگایەکدا گرینگە کە لێهاتووانی ئەو کۆمەڵگایە لەگەڵ خەڵکی ئاساییی کۆمەڵگاکە پێوەندی ئۆرگانیک و دوولایەنەیان هەبێت، بەو مانایەی کە لێهاتووان دوایین بیرکردنەوە، دەسکەوت، نووسین و ڕامانی خۆیان، بەپانەوە لەنێو خەڵک باس بکەن و خەڵک دوایین پێداویستی و حەز و ئاواتیان لەگەڵ لێهاتووان بێننە گۆڕێ. ئەوە بناغەی پێشکەوتن و سازبوونی گەشەی چەند ڕەهەندییە. کاتێ لە کۆمەڵگایەکدا دەستەڵاتی سیاسی، ڕەهەندی فەرهەنگی، فکری، سیاسی و ئابووریی ئەو کۆمەڵگایە بە مەترسیی تەناهی دادەنێت، دەکرێت بڵێین ئەو کۆمەڵگایە بە دەستی ئەنقەست، لە دۆخی دواکەوتووییدا ڕادەگیرێ، چون لێهاتووانی ناتوانن دەسکەوت، هونەر، ڕامان و هزری خۆیان پەروەردە بکەن و بیبەنە نێو خەڵکەوە و خەڵکیش ناتوانن پێداویستییەکانیان بەدەست لێهاتووانی خۆیان چارەسەر بکەن.
شەشەم:
شایی بەخۆیی، پرسێکی دەروونییە، بەڵام بابەتێکی گرینگە بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا بەرەو کاری گەورە هان بدرێن. کاتێ لێهاتووان لە کۆمەڵگایەکدا هیچ چێژێک لە لێهاتووییی خۆیان نابینن، ئاستی شایی بەخۆیییان دادەبەزێت و ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لێهاتووان لە ڕووی دەروونییەوە، نەتوانن و نەوێرن خۆ لە چارەسەری پرسی گەورە بدەن و خۆیان پێ سووک بێت و لێهاتووانی نەتەوەی باڵادەستیان پێ گەورەتر و شیاوتر لە خۆیان بێت، ئەم دیاردەیە ڕاستەوخۆ کارتێکەریی لەسەر پڕۆسەی ڕزگاریی نەتەوەکان و تەنانەت ئاستی داخوازیی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکان دەبێت.
حەوتەم:
زمان و فەرهەنگێک که پلان و سیاسەتی دەستەڵاتی سیاسی، وا بکات که پەڕاوێز بخرێت و نەتوانێ هەموو قۆناغ و ڕەهەندەکانی ژیانی تاک لەخۆ بگرێت و وا بکرێت که بەکارهێنەری شەرم لە بەکارهێنانی بکات، بێگومان بەرەو توانەوە و لەنێوچوون دەچێت و هاوکات زمان و فەرهەنگی باڵادەست دزەی تێدا دەکات و هێدی هێدی وشە و تەنانەت ڕێزمانی دەگۆڕدرێت و دەچێتە سەر وشە و ڕێزمانی زمانی باڵادەست.
ڕاستی ئەوەیە که ئێرانییەکان بۆ ئەو حەوت مەبەستەی سەرەوە بەردەوام هەوڵ دەدن که هێژمۆنی بۆ شوناسی ئێرانی بوون ساز بکەن.

بەشی سێهەم:
سەچە دانان

پیلانگێڕانی ئەمنییەتی لە ئێران، لەنێو خۆیاندا زاراوەیەکیان هەیە بەناوی “ریل گذاری”، ئەو زاراوەیە بۆ پیلانێکی بەکاردێنن کە لەودا ئامانج ئەوەیە بێ ئەوەی هێزی سەرکوت بەکاربێنن، بتوانن سنووری نوسین، بیرکردنەوە و گەشەی فەرهەنگی، دیاری بکەن و ناڕاستەوخۆ وا بکەن که نووسەر و هونەرمەند، لە جەغزێکی دڵخوازی ئەواندا بیر بکاتەوە و دەق بەرهەمبێنێ.
سەچەکردن لەڕاستییدا چون پڕۆسەیەکی درێژخایەن و چەند ڕەهەندییە وەک تەونێک وایە کە ئیلمەکانی دەبێتە هۆکاری ئەوەی گوڵێک سازبێت، بۆیەش ئەو پیلانە مەترسیدارترین و تووناوتوونترین پیلانی دژی کورد لە چەند دەیەی ڕابردووە و لەسەردەمی محەمەدڕەزای پەهلەوی ڕا بە کردەوە کاری بۆ کراوە و لەسەر ئاستی کۆمەڵگای کوردیش ئەو پلانە دابەزاوە.
ئامانجی سەچەکردن لە کوردستان وەک ئامانجی هێژمۆنیی فارسییەت لەنێوبردنی فەرهەنگ، زمان، مۆسیقا و ئەدەبی کوردییە و دەکرێت هێژمۆنیی فارسییەت وەک بەشێک لە سەچەکردن بێت بەڵام بەهۆی ئەوەی که هێژمۆنیی فارسییەت گرینگیی تایبەتی هەیە، من وەک بەشێکی سەربەخۆ دیاریم کردووە.
لە قۆناغی ئێستادا لە کوردستان بۆ پیلانی سەچەکردن، کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٧ شێوازی جۆراوجۆر بەکاردێنێ کە لە خوارەوە باسیان لەسەر دەکەین. وەک ڕوونکردنەوە دەبێت بڵێم کە ژمارەکانیان پێوەندی بە بایەخی شێوازەکە لە پیلانی سەچەکردندا نییە.
یەکەم: هێژمۆنیی میدیایی
میدیای فەرمی فارسی، سەرەڕای ئەوەی بەشی هەرە زۆریان لەژێرچۆکی سپای پاسداران و نووسینگەی خامەنەییدان، ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێریی “شورای عالی امنیت ملی” (ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی)دان و هەر هەواڵ و بابەتێک کە ئەو شووڕایە بیهەوێت بڵاوی بکاتەوە، ئەوان دەبێت بێ هیچ دەستکارییەک بڵاوی بکەنەوە، بەو شێوەیە هەم هەموو میدیای فارسییان لە ژێرچۆکدا دەبێت و هەم ڕاستەوخۆ کارتێکەری دەکەنە سەر میدیای فارسیی دەرەوی ئێرانیش و ئەوانیش ناڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵ دەکەن، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی که پرس و بابەتی پێوەندیدار بە کوردستان لە میدیای فارسیدا یان بڵاونەکرێتەوە یان ئەگەر بڵاوکراوە بەو شێوازەی کە دڵخوازی ناوەندە ئەمنییەکانە بڵاو بێتەوە. لە ڕاستیدا ئەوان هەم دیاری دەکەن چ بابەتێکی پێوەندیدار بە کوردستان بڵاوبێتەوە و هەمیش دیاری دەکەن که چۆن بڵاو بکرێتەوە.
سەرەڕای ئەوە لە باس و بابەتی وەک بەرهەمی هونەری، ئەدەبی و فکری، مادام بە زمانی کوردییە، میدیای فارسی که میدیای زاڵی نێو ئێرانە ئاوڕی لێ ناداتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵگا زۆر کەمتر ئاگاداری باس و بابەتی فەرهەنگی و ڕووناکبیری لە کوردستان ببن.
لە پاش ئەوە میدیای فارسی چ لە دەرەوەی ئێران و چ لە نێو ئێران بەردەوام دوانەی نەتەوەیی-ناوچەیی(ملی-محلی) بەرهەم دێننەوە و ناڕاستەوخۆ هەرچی هێمای کوردبوون بێت بە سووکی لێ دەڕوانن و ئەوی لەو پانتایە دا چالاک بێ بە ئاژاوەگێڕی دەزانن. واتە میدیای فارسی، خۆی گۆڕەپانێکی گەورەیە بۆ گەشەی هێژمۆنیی فارسایەتی. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا دەکرێت ئاماژەیەکی کورت بە بابەتی کارناس و شارەزایی کورد لە میدیای فارسیش بکەین.
ئەگەر لێی ورد بینەوە، بابەتی کارناس و شارەزای کورد لە میدیای فارسیدا، خۆی بووەتە دیاردەیەک و میدیای فارسی، کارناسی کورد وەک ئامێرێک بۆ ئامانجەکانی خۆی سەیر دەکات و لەو پێناوەشدا؛
یەکەم: زۆربەی جاران تەنیا بۆ پرس و بابەتی پێوەندیدار بە کوردستانەوە کارناسی کورد بانگ دەکرێن، نەک بۆ تاوتوێکردنی باسێکی گشتیی ئێران یان جیهان.
دووهەم: تەنیا ئەو کەسانە دەرفەتی بەشداری لە بەرنامەی میدیای فارسییان پێ دەدرێت که خوێندنەوە و ڕوانینیان لە چوارچێوەی بیری فارسیزم و ئێرانیگەریدایە. ئامانج لەو کارە ئەوەیە:
ئا: پلەی کارناسانی کورد خوارتر لە کارناسانی فارس دانێن.
بێ: وا بە کۆمەڵگای کوردی نیشان دەدەن که کارناسانی کورد شانازی بە ئێرانی بوونی خۆیان دەکەن و دۆخی هەنووکە بە باشترین بژاردە بۆ نەتەوەی کورد دەزانن.

دووهەم: “جاش قەڵەم”
لە بابەتی سەرکوتی نەرمدا، میدیا، نوسەر، ڕۆژنامەوان و هونەرمەند، گرینگیی تایبەتیان هەیە و لە بەرخۆدانی نەرمیشدا میدیا، هونەرمەند، ڕۆژنامەوان و نووسەران، ڕۆڵی پێشمەرگانە دەبینن. هەر بۆیەش لێرەدا پێویستە وێڕای پێناسەکردنی “”جاش قەڵەم””، باسێکی‌ کورتی ڕۆڵی “جاش قەڵەم” لە پڕۆسەی سەچەکردندا بکەین.
کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتیکردنی ئەو “پێشمەرگە قەڵەم”انەی کە داکۆکی لە بزووتنەوەی کوردستان دەکەن و بەشێک لە بەرخۆدانی نەرمی بزووتنەوەی کوردستانن، کەسانێکی لەنێو ئەو نووسەرانەی که کوردن و بۆچوونی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگای کوردیدا بڵاو دەکەنەوە دەکڕێت و مەیدانیان دەداتێ و گەورەیان دەکاتەوە و باس و بابەتیان بۆ بڵاو دەکاتەوە. دیارە “جاش قەڵەم”ەکان لەڕاستیدا ئامێرێکی دەستی داگیرکەرن و بوونیان دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو پەندەوە که دەڵێت: “پۆلوو بە مقاش دەگیرێ” و کۆماری ئیسلامیش لەو پێناوەدا هەوڵ دەدات که بە ڕێگای ئەوانەوە بزووتنەوەی کوردستان تووشی تێچوو و ژانەسەر بکات و بە کوردی و بە کورتی، بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستان بکاتە دوژمنی بەشێکی تر. وەک دیاردەی جاشایەتیی پێشوو بەڵام ئەمجارە جاشەکان لەباتی چەک قەڵەمیان پێیە.
لەو پڕۆسەیەدا، ڕێژیم بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدات کۆمەڵێک قەڵەمبەدەستی سەر بە “خۆی”، لە کۆمەڵگای کوردستاندا زەق بکاتەوە و ئەوان وەک دەمڕاستی فەرهەنگ و ڕووناکبیریی کوردستان نیشان بدات. مەبەستی سەرەکی لە بەکارهێنانی “جاش قەڵەم”ەکان ئەوەیە:
ئا: وا نیشان بدات که کۆماری ئیسلامی دژی زمان وچاندی کوردی نییە.
بێ: ڕەوتی بیر و فەرهەنگی کوردی بە لاڕێدا بەرێ و گرێی بداتەوە بە ئێرانی بوونەوە.
سێ: بە بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک دەقی لاواز، هێدی هێدی فەرهەنگ، زمان و هزری کوردستانی بتوێنێتەوە.
دێ: بە ڕێگای “جاش قەڵەم”ەکانەوە، تۆڕی شەڕی نەرم لە دژی بزووتنەوەی کوردستان بەڕێوە دەبات و وا نیشان دەدات که کورد لەگەڵ خۆی کێشەی هەیە و بەو شێوەیە ئاڵۆزییەک لە پڕۆسەی دوژمن ناسیدا بنێتەوە، ئەگەر زەینتان دابێتێ “جاش قەڵەم”ەکان، کورد خۆی بەسەرچاوەی هەموو نەدامەتییەکانی خۆی دادەنێن، دەڵێن کوردبووە که بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی هێرش بکاتە سەر کوردستان و یان لە کۆماری ئیسلامیدا دەرفەت هەیە بەڵام کورد خۆی ناتوانێ بەکاری بێنێ.

سێهەم: هاوتەریبسازیی میدیایی
ڕێژیمی پالەوی و کۆماری ئیسلامی، لە کۆتاییی چلەکانەوە هەتا ئێستا، زمانی کوردییان وەک ئامێرێک بۆ سەرکوتی خۆیان سەیر کردووە و لەگەڵ ئەوەی بەردەوام هەوڵی لەنێوبردنی ئەو زمانەیان داوە، خۆشیان نەبواردووە لەوەی که ئەو زمانە بۆ ئامانجی خۆیان بەکاربێنن.
هەر لەو پێناوەشدا کۆماری ئیسلامی بۆ سێ مەبەست میدیای کوردیی سەر بە خۆی دامەزراندووە:
یەکەم: هاوتەریبسازی لەبەرانبەر میدیای بزووتنەوەی کوردستاندا. مەبەست ئەوەیە که بەرانبەر هەر میدیایەکی کوردی میدیایەکی کوردیی سەر بە ڕێژیم دادەندرێ، بۆ وێنە کوردپرێس بەرانبەر بە کوردپا و …
دووهەم: کارتێکەری لەسەر ڕای گشتیی پارچەکانی تری کوردستان بەتایبەتی باشووری کوردستان دانێت.
سێهەم: زەق کردنەوەی “جاش قەڵەم”ەکان بە مەبەستی بەرین کردنەوەی کارتێکەریی شەڕی نەرم.
کەوایە ڕێژیم تەنانەت زمان و میدیای کوردییان وەک ئامرازێکی سەرکوت بەکارهێناوە. گرینگیی ئەو باسە لێرەدایە که هێندێ نووسەری کورد، میدیای ڕێژیم بە دەرفەتێک بۆ پاراستنی زمانی کوردی دەبینن، ئەو ڕوانینە هەڵەیە چونکە لەو میدیایەدا، هزر، بیر و بەرژەوەندییەکانی کوردستان هیچ گرینگییان نییە، بەڵکوو تەنیا و تەنیا زمانی کوردی بەکارهاتووە بۆ ئەوەی هزر، بیر و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو بکرێنەوە و بڕەویان پێ بدرێت. بۆیەش هاوکاری کردن لەگەڵ میدیای کوردیی سەر بە ڕێژیم، بە مانای هاوکاری کردن لەگەڵ پڕۆسەی سەرکوتی کوردستانە.
چوارەم: دەنگ لێ بڕین
وەک لەسەرەتادا باسمان لێ کرد، لە پڕۆسەی سەرکوتی نەرمی ڕێژیمدا، میدیا و “جاش قەڵەم” ڕۆڵی سەرەکییان هەیە و ڕوونە لە بەرخۆدانی نەرمیشدا، “پێشمەرگە قەڵەم” و میدیای بزووتنەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.
کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر “جاش قەڵەم”ەکاندا کە مەیدانیان پێ دەدرێت و پشتگیرییان لێ دەکرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بیانناسێ و گوێی لە دەنگیان بێت، بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵدایە که دەنگ لە “پێشمەرگە قەڵەم”ەکان ببڕێ.
“پێشمەرگە قەڵەم”ەکان سانسۆر دەکرێن، ڕێگایان لێ دەگیرێت بۆ ئەوەی دەنگیان بە کۆمەڵگای کوردستان نەگات، پەڕاوێز دەخرێن و توندوتیژیی میدیایی و مەجازییان بەرانبەر دەکرێت.
لێرەدا دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە “پێشمەرگە قەڵەم”ەکان، ڕێک هاوشان و هاوپلەی پێشمەرگەی سەنگەرن؛ بەڵام ڕەنگە شەهیدکرانی ئەوان جیاوازیی هەبێت لەگەڵ شەهیدکرانی پێشمەرگەی سەنگەر؛ لەبەر ئەوەی “پێشمەرگە قەڵەم” تەنیا لە دوای تێداچوونی جەستەی شەهید نابێت، بەڵکوو ئەگەری هەیە پێش جەستەی شەهید بێت. لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ڕاستییدا هەوڵ دەدات بیر و هزری “پێشمەرگە قەڵەم”ەکان بکوژێت. بۆیەش زۆر جار دەبینین، پاش کۆچی “پێشمەرگە قەڵەم”ێک، بە هەموو شێوەیەک کۆماری ئیسلامی هەوڵی بریندارکردنی کەسایەتیی ئەو “پێشمەرگە قەڵەم”ە دەدات.
پێنجەم: توندوتیژیی مەجازی
لە قۆناغی بڵاوبوونەوەی سۆشیالمیدیا و ئینتێرنێتدا، ڕێژیم هەلی ئەوەی بۆ خوڵقاوە کە بەبێ هیچ تێچوو و گرفتێک، شەپۆلێک لە توندوتیژی لە دژی چالاکانی کورد وەڕێ بخات. ڕواڵەتی ئەو کردەوەی ڕێژیم زۆر لەبەرچاو ناگێرێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئامانج لە توندوتیژیی مەجازی که بەشێک له شەڕی نەرمی دژ بە تاکەکانە، تێكدانی باری دەروونیی چالاکانی کوردە که ئەو کارە بێگومان هەم دەبێتە هۆکاری هەڵە کردن و هەم دەبێتە هۆکاری لاوازیی بەرهەمەکان.
لێرەدا پێویستە ئاماژەیەکی کورت بە جۆرێک توندوتیژیی تەکنیکی بکەین ئەویش ئەوەیە که بە کەم کردنەوەی خێراییی ئینتێرنێت و بە ئاسانی وادەکرێت کە ڕێژەی بەکارهێنەرانی ئەو ماڵپەڕ و بابەتانەی کە لە لایەن بزووتنەوەی کوردستانەوە بەرهەم هاتوون کەم ببێتەوە و ئەوەش شێوازێک لە سانسۆڕی دیجیتاڵییە و دیارە ئەو باسە سەرەڕای باسی فیلتێرینگە چون فیلتێرینگ بابەتێکی تایبەتە. جیا لەوەش جێگای ئاماژەیە که لە ئێران کەسانێک کە سەردانی ماڵپەڕی دەرەوەی ئێران دەکەن، دەبێت تێچوویەکی زیاتر بدەن، چون هیچ ماڵپەڕێکی بزووتنەوەی کوردستانیش ڕێگە نادرێت لەسەر دۆمەینی ئێران بێت کە وایە هەموو ئەو کەسانەی سەردانی ماڵپەڕی کوردی دەکەن، بەدەر لەوەی فیلتێر بێت یان نا، دەبێت تێچوویەکی زیاتر بدەن.

شەشەم: تێکدانی ژێرخانی مێژوویی، فەرهەنگی و هزری
لە پڕۆسەی سەچەکردندا، بایەخێکی تایبەت بە مێژووسازکردن، تێکدانی نۆڕمی فەرهەنگی و برەودان بە هزری ئێرانیچێتی، وەک ئێرانشاری و ئێرانی کەونارا، دەدرێت. لەو بەشەدا کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە هەوڵدایە که خودی بزووتنەوەی کوردستان وەک سەرچاوەی نەهامەتییەکانی خەڵک دانێت و هاوکات لەگەڵ ئەوە بەردەوام ئاڵۆزییەک لە ڕووداوە مێژوویییەکاندا ساز دەکرێت یان چەواشەکاری لە نۆڕمە فەرهەنگییەکاندا دەکرێت و گرێ دەدرێ بە ئێرانی بوونەوە. کتێبەکانی هووشەنگی تالع و عیرفانی قانعی‌فەرد، دوو نموونەی بەردەستی مێژووسازی بەدەست کۆماری ئیسلامییەوەن.
کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات، پێشگیری لەوە بکات کە بزووتنەوەی کوردستان دوژمن بۆ خۆی پێناسە بکات. لە پزیشکیدا خاڵێکی بنەڕەتی هەیە ئەویش ئەوەیە: کاتێ دەکرێت نەخۆشییەک چارەسەر بکرێت که نەخۆشەکە ئەوە قەبووڵ بکات کە ئەو نەخۆشە! جا گرینگیی ئەو خاڵە بنەڕەتییەی پزیشکی لە نەخۆشیی دەروونیدا دەردەکەوێت. بۆ وێنە کەسێک دەستی بشکێ چون دەستی وەک پێشوو کار ناکات دان بەوە دادەنێ کە نەخۆشە، بەڵام نەخۆشی دەروونی، زۆربەی ئاماژەکانیان زۆر ڕوون نییە. تووڕەیی دەتوانێ نەخۆشی بێت، دەشتوانێ دۆخێک لە دۆخی ژیانی مرۆڤ بێت. لە هەموو بزووتنەوەیەکدا خاڵی سەرەکیی بزووتنەوەکە پێناسەکردنی دوژمنە! کاتێ دوژمن دیار نەبێت، نەتەنیا بزووتنەوەکە ناتوانێ شێوازی خۆی دیاری بکات، بەڵکوو ناتوانێ ئامانجەکانیشی بە ڕوونی دەستنیشان بکات. لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ڕەنگە بە هۆکاری ئەوەی کە خودی خامەنەیی کەسێکی زۆر شارەزا لە شەڕی نەرمدایە، کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە که بزووتنەوەی کوردستان لە پێناسەکردنی دوژمندا تووشی هەڵە بکات. ئەو کارە بە شێوازی جۆراوجۆر کراوە. بۆ وێنە زۆرجار دەگوترێ تورکەکان دوژمنی کوردن. بۆ ئەو مەبەستەش دێن بابەتی کورد لە پارێزگای ئورمیە باس دەکەن و باسی ئەوە دەکەن کە لەوێ زوڵمی دوو قات لە کورد دەکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە دۆخی کورد لە پارێزگای ئورمیە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ دۆخی کورد لە پارێزگای سنە، کرماشان، ئیلام و خوڕەماوا نییە. لێرەدا تەنیا ئامانج ئەوەیە بزووتنەوە تووشی سەرلێشێواوی لە پێناسەکردنی دوژمندا بکات. هەڵبەت هەر لە درێژەی ئەو پڕۆسەیەدا، بەردەوام ناکۆکییەکانی نێو بزووتنەوە زەق دەکرێتەوە و هەوڵ دەدرێت که لایەنەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستان، وەک دوژمنی یەک پێناسەی یەکتری بکەن. بۆ وێنە بێ‌ئەوەی ئامانجێکی ڕوون دیاری بکرێت، کەسانێک بە ناوی دڵسۆز دێن باسی شەڕی ‌نێوخۆیی دەکەن و کە سەیری بابەتەکەشیان دەکەین، زیاتر لەوەی بیانهەوێت بابەتێکی مێژوویی باس بکەن، هەوڵ دەدن تاکی کورد بە ڕێگای ڕابردوویەکی تاڵ، تووشی ترس و دڵەڕاوکێ لە داهاتوو بکەن. دەی جا کاتێ تاکی کورد ترس و دڵەڕاوکێی لە خۆی و بزووتنەوەکەی هەبێت، بێگومان یان پشتی تێ دەکات و ڕوو دەکاتە دوژمن، یان ئەوەی لە لێکدانەوەکانیدا تووشی هەڵەی گەورە دێت.

حەوتەم: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
هەرچەند تەمەنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا نزیک بە دە ساڵە، بەڵام بە هۆی ڕێژەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و هەروەها بەهۆی ئەوەی بەرەی گەنج زیاترین بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتین، لە پڕۆسەی سەچەکردندا بۆ دوو مەبەستی سەرەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکار دەهێندرێ:
ئا: کۆکردنەوەی زانیاریی تاکەکەسی لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە.
بێ: هەوڵ بۆ ڕێکخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک میدیایەکی گشتگیر، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی خواست و ویستی خۆیان؛ واتە تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک تۆڕی میدیایی بەکار دەهێندرێن.
خاڵی گرینگی ئەو باسە لێرەدایە که کۆی زانیارییەکانی نێو سۆشیالمیدیا، لە داتابەیسێکی ناوەندیدا کۆدەکرێتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ڕێژیم بەئاسانی بتوانێ زانیاریی ورد لەسەر کۆمەڵگا و تاکی کورد کۆبکاتەوە و بە مەبەستی خۆی بەکاری بێنێ.
لێرەدا دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت که زانیاری هەتا ئێستا گرینگترین چەکی دەستی مرۆڤەکانە و ڕوونە کە هەبوونی داتابەیسێکی گەورە لەسەر کۆمەڵگای کوردستان، بە مانای ئەوەیە که دەتوانێ پڕۆژەی سەچەکردن بە شێوەیەکی ئاسانتر بەڕێوە بەرێت. هەڵبەت دەبێت ئەوەشمان لە بیر بێت که بە هۆی بەرفراوانیی تۆڕی کۆمەڵایەتی، ڕێژیم لە ئێستادا ئەو پلاتفۆڕمە وەک گۆڕەپانێکی سەرەکی بۆ ئامانجی خۆی بەکاردێنێ و هەموو ڕەهەندەکانی سەچەکردن لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بڵاو دەکاتەوە.

پڕۆژەی گورگی برسی
خوێناویترین پڕۆژەی ڕێژیم بۆ لەنێوبردنی چالاکانی بەرچاوی کورد، “پڕۆژەی گورگی برسی”یە. ئەو پڕۆژەیە دەبێت لە شێوازی کاری سازمانی KGB بەرانبەر بە چالاکانی دژی حکوومەتی سۆڤیەت وەرگیرابێ و ئامانجی سەرەکیی ئەو پڕۆژیە ئەوەیە که چالاکێک به هۆی قەیرانەکانی نێو ژیانی تاکەکەسی، نەتوانێ بەرهەم و بابەتی هەبێت.
لەسەرێ باسی ئەوەمان کرد کە “پێشمەرگە قەڵەم”ەکان گرینگترین بەشی بەرخۆدانی نەرمن و باسی ئەوەش کرا کە شێوەی شەهیدکردنی ئەوان لەگەڵ شێوەی شەهیدبوونی پێشمەرگەی چەکدار جیاوازیی هەیە. پڕۆژەی گورگی برسی لە ڕاستییدا بۆ شەهیدکردنی “پێشمەرگە قەڵەم”ەکان بەکار دێت.
بە کورتی لە “پڕۆژەی گورگی برسی”دا بە ڕێگای جۆراوجۆر وەک بەکارهێنانی پەرەستوو، سازکردنی قەیرانی ئابووری، سازکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بەرانبەر بە چارەنووسی بنەماڵە و …. کەسی چالاک هێندە لە قەیرانەکاندا ڕۆچێ که نەتوانێ بەرهەمی هەبێت، یان چالاکییەکەی درێژە بدات.
لە پڕۆژەی گورگی برسیدا، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەیانهەوێت ژیانی تاکەکەسیی کەسێکی دیاریکراو بە هەموو جۆرێک لەنێو بەرن، هەتا بەرهەمی هزری و هونەریی نەبێت.
هەڵبەت پڕۆژەی گورگی برسی تەنیا بۆ چالاکانی زیندوو تەرخان نەکراوە، بەڵکوو نووسەرانی کۆچکردووش دەگرێتەوە. کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە هەوڵدایە بەناوی “دیوی ڕاستیی ژیانی نووسەران” کۆمەڵێک بوختان بە نووسەرانی بەرچاوی کورد بکات و بە ڕێگای ئەوەوە کەسایەتییان بریندار بکات، هەتا خەڵک ڕێز لە فکرەکانیشیان نەگرێت. کە وایە گورگی نێو ئەو پڕۆژەیە تەنیا گوشت ناخوا بەڵکوو ئێسقانەکانیش دەشکێنێ.
لە پڕۆژەی گورگی برسیدا، “تۆڕی هادی”، زیاترین ڕۆڵ دەبینێ بۆیە لێرەدا باسێکی کورت لەسەر “تۆڕی هادی” و بابەتی بوختانکردن لە کۆماری ئیسلامیدا دەکەین.
ئایەتوڵڵاکانی شیعە بۆ پرسی ئەوەی که ئایا تۆمەت هەڵبەستن بۆ بەرهەڵستەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەوایە یان نا؟!، فەرموودەیەک لە پێغەمبەری ئیسلام دێنەوە که دەڵێت: »إذا ڕأیتم أهل الریب و البدع من بعدی فأظهروا البرائة منهم و أکثروا من سبهم و القول فیهم و الوقیعة و باهتوهم کیلا یطمعوا فی الفساد فی الاسلام و یحذرهم الناس و لایتعلموا من بدعهم یکتب الله لکم بذلک الحسنات و یرفع لکم به الدرجات فی الآخرة«.
واتە: “هەر کات پاش من تاقمی دوودڵ و بیدعەتتان دیت، بە پانەوە بێزاریی خۆتانیان پێ نیشان بدەن و جنێویان بدەنێ و بە خراپە باسیان بکەن و عەیبەکانیان زل کەنەوە و تۆمەتیان لێدەن، هەتا نەتوانن ئیسلام لەنێو بەرن و خەڵکیش خۆیان لێ ببوێرن و هیچیان لێ فێرنەبن، خودا لە بەرانبەر ئەو چاکەیەی ئێوەدا حەتمەن خێرتان وەڕێ دێنێ و ئاقیبەت بەخێرتان دەکات”.
بەشێک لە ئایەتووڵڵاکانی ئێران ئەو فەرموودەیە دەکەن بە بنەمای پڕۆژەی گورگی برسی و فتوای سەر و ماڵ و ژیان و ئابڕووی کەسی بەڕهەڵەستکاری خۆیان دەدن.
هەر لەو پێوەندیەدا خومەینی لە نامەیەکدا کە بۆ خامەنەییی ناردووە، دەڵێت: “حکوومەتی ئیسلامی کە بەشێک لە ویلایەتی پێغەمبەرە، لەبەر ئەوەی که لە ڕیزی ئەحکامی بنەڕەتیی ئیسلامدایە، بە سەر حەج و نوێژ و ڕۆژودا فەرزە” بۆ ڕوون بوونەوەی زیاتر دەڵێت: “حاکم[مەبەست دەستەڵاتداری ئیسلامییە] دەتوانێ مزگەوت یان ماڵێک که لەسەر ڕێگایە تێکی بدات، یان مزگەوتێک لە کاتی پێویستدا دابخات یان ئەوەی ئەگەر بەداخستن چارەی نەهات بیڕووخێنێ”.
هەر لەو پێوەندیەدا خومەینی دەڵێت: “[حاکم]هەر ئەرکێک چ تاعەت بێ و چ غەیری تاعەت، مادام دژ بە ئیسلام بێت، دەتوانێ پێشێ پێ بگرێت”.
کۆی ئەو قسە و فتوا و تێبینییانە وایان کردووە که سەر و ماڵ و ژیان و فکر و ئابڕووی هەر کەسێک کە کۆماری ئیسلامی چارەی نەوێت، حەڵاڵ بکرێت. لەو پێوەندیەدا تۆڕی هادی گرینگترین ڕۆڵ دەبینێ. تۆڕی هادی، لە ڕاستیدا پێهکاتەیەکە بۆ بڵاوکردنەوەی بوختان و درۆ. ئەندامانی ئەو تۆڕە لە ڕێگای ڕێکخراوەی بەسیجەوە هەڵدەبژێردرێن. ئەوان کەسانی ئاساییی نێو کۆمەڵگان. بۆ وێنە کابرایەکی بازاڕی، کارمەند، شۆفیر تاکسی یا پینەچی و ….ئەندامانی ئەو تۆڕە پیک دێنن.کەسانی چالاک لەو تۆڕەدا دوو ئەرکیان هەیە:
یەکەم: هەواڵ و باس و بابەتی نێو خەڵک دەبەنەوە بۆ دەزگا ئەمنییەکان.
دووهەم: بوختان و قسەی دڵخوازی دەزگا ئەمنیییەکان لەنێو خەڵکدا بڵاودەکەنەوە.
بەو شێوەیە بێ ئەوەی دەرکەوێ که حکوومەت خوازیاری بێ‌ئابڕوو کردنی کەسێکە، ئەو کەسە لەبەرچاوی خەڵک ڕەش دەکرێت.
زەختی ئابووری
بەدەر لە زەختی ئابووری کە لە لایەن دەستەڵاتی سیاسییەوە بەسەر کوردستاندا سەپاوە، هەر چالاکێکی کورد لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر بکرێت، بەدەر لەوەی چەند مانگ و ساڵ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە، هەتا ٢٠ ساڵ دوای زیندانەکەی، مۆڵەتی هیچ جۆرە کارکردنێکی (جەواز کسب) نادرێتێ و بۆ هەمیشە مافی کارکردن لە دامەزراوەی حکوومەتیی نابێت. ئەو زەختە ئابوورییە، دەبێتە هۆکاری ئەوەی چالاکانی کورد لە ژیانی ڕۆژانەیاندا تووشی قەیران ببن و ڕوونە کاتێک لە ژیانی تاکەکەسی و ڕۆژانەدا کەسێک تووشی قەیران دێت، ئەو قەیرانە ڕاستەوخۆ کارتێکەریی لەسەر ژیانی فکری و چالاکییەکانی دەبێت.

کۆتایی
ئەگەر سەیری قسەکانی خامەنەیی بکەین، بەردەوام باسی ئەو دەکات که مەترسیی “دزەی فەرهەنگی” لەسەر کۆماری ئیسلامی هەیە. هەرچەند ئەوەی خامەنەیی وەک دزەی فەرهەنگی باسی لێ دەکات، لە ڕاستیدا دەرئەنجامی ڕوانینی خامەنەیی بۆ دەستەڵاتە، بەڵام کەسێک کە بڕیاردەری سەرەکیی نێو دەستەڵاتێکی تۆتالیتێر بێت و ئەو دەستەڵاتە فەرهەنگ، هزر و بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆی هەبێت و ئامانجیشی ئەوە بێت که ئەو فەرهەنگ و هزرە بە هەموو شێوەیەک بەسەر کۆمەڵگادا داسەپێنێ، کە وایە هەموو ڕێگایەکش دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی فەرهەنگ و هزر و بیری جیاواز لەنێوبەرێ و هەر هەوڵەکەشی خاوەن گەڵاڵە و ئامانجدارە.
هەر لەو پێوەندیەدا دەتوانین ئاماژە بە شەپۆلی گیرانی چالاکانی کورد بکەین، هەڵبەت گیرانی چالاکانی کورد لە زستانی ١٣٩٩دا تەنیا شەپۆل لە پێوەندی بە گیرانی چالاکان نەبووە، بەڵکوو لە ١٣٧٢، ١٣٨٤،١٣٨٧،١٣٨٩ ،١٣٩٦و ١٣٩٨ شەش شەپۆلی پێش ئەو شەپۆلە بووە لە هەموو ئەو ساڵانەدا چالاکانی کورد بە رێژەی زیاتر لە ١٠٠ کەس لەیەک قۆناغدا لەلایان دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕەژیمەوە دەستبەسەرکراون.
ئامانجی سەرەکی لەو شەپۆلانە ئەویە:
ئا: تێچووی دەستکەوتەکانی بەرخۆدانی مەدەنی هێندە بەرنەسەرێ کە کەس خۆ لەو چالاکییانە نەدا، واتە گیرانەکان لە چوارچێوەی سەچەکردن دایە.
بێ: بەشێک لە چالاکانی کورد ناچار بکەن کوردستان بەجێبێڵن و بەشێکی‌تریش ناچار بکەن که بە دڵساردی و لەنهێنی زیاتردا چالاکی بکەن.
سێ: لە قۆناغی دەستگیرکردندا، چون بەناچار “پێشمەرگە قەڵەم”ەکان زیاتر خۆیان پەراوێز دەخەن، دەرفەتی ئەوە دەخوڵقێ که “جاش قەڵەم”ەکان خۆیان وەک دەمڕاستی کورد نیشان بدەن.
دێ: هەموو شەپۆلەکانی گیرانی چالاکانی کورد ترسێکی گشتی لەنێو خەڵکی کوردستاندا ساز دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی پرسی پێوەندیدار بە کوردبوون زیاتر و زیاتر تاکی کوردی لێ بپرینگێتەوە.
بە کورتی و لە رەستەیەکدا فەرهەنگ، بیر و هزری کۆمەڵگای کوردستان لە چاوی تۆتالیتاریزمی ئێرانییەوە وەک دژبەر ناسراوە و بۆیەش بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی سەرکوتکردن و لەنێوبردنی دەدرێت.
کۆی ئەو باسانەی خرانە ڕوو، تەنیا بەشێک لە پلانی شەڕی نەرمی ڕێژیم لە دژی کۆمەڵگا و چالاکی کوردن و ڕەنگە ئێستا بە کورتی بۆتان ڕوون بێتەوە که بۆچی شەجەریان دەتوانێ لە تێروتەسەلیدا بژی و عەباس کەمەندی لە هەژاری و دەستکورتیدا؟! یان هۆکاری چییە که “کاناڵی تەلەویزیۆنی مهاباد” حەسەن زیرەک لەگەڵ مۆڕتەزا پاشایی هەڵدەسەنگێنێ؟! یان لە “کاناڵەکانی تەلەویزیۆنییەکانی سنه و مەهاباد” بەرنامە لەسەر زمانی کوردی بەڕێوە دەچێت بەڵام لە “کاناڵە تەلەویزیۆنییەکانی کرماشان و ئیلام” زمانی کوردی پەڕاوێز دەخرێت؟ یان بۆچی فڵان نووسەری کورد لەگەڵ ئەوەی دەیان بەرهەمی هەیە لە کۆمەڵگای کوردستاندا نەناسراوە و ناتوانێ ژیانی خۆی هەڵسووڕێنێ؟ یان “بی‌بی‌سی” بۆچی دۆستایەتیی “جەلال مەلەکشا” لەگەڵ “ئەحمەد شاملوو” وەک شانازی بۆ مەلەکشا باس دەکات؟ یان کاتێ محەمەدڕەزا شەجەریان دەمرێت، بۆچی پێشکەشکاری “ئێران ئینترناسیۆناڵ” ئەو پرسیارە لە “مامۆستا ناسر ڕەزازی” دەکات که کارتێکەریی شەجەریان لەسەر مۆسیقای کوردی چ بووە؟ یان ئەوەی که لە میدیای فارسی زمانی دەرەوەی ئێراندا بۆچی لە ئاکامدا هەمیشە وا نیشان دەدا کە کوردەکان خۆیان سەرچاوەی نەهامەتی و چارەڕەشییەکەیانن؟!. یان بۆچی کۆمەڵێک بەناو دڵسۆزی کورد پێداگرن لەسەر ئەوەی کە تورک دوژمنی یەکەمی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە نەک فارس؟ یان بۆچی بەردەوام لایەنە کوردییەکان لەبەرانبەر یەکتریدا دادەنرێن؟!.
بە کورتی دوایین قسە ئەوەیە که کۆماری ئیسلامی وەک پێکهاتەیەکی تۆتالیتێر، سەرەڕای ئەوەی که سامانێکی زۆری لەبەر دەستە، زۆر بە ڕوونیش دەزانێ چ ئامانجێکی هەیە و هەموو سەرکوت و داپڵۆسینەکانی بەرنامەداڕێژراوە و لە پێناو ئەو ئامانجەدایە. هاوکات لەگەڵ ئەوە، لەبیرتان بێت کە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ئێراندا لە پێوەندی لەگەڵ نووسەرانی ئێرانی، ساڵەکانی ٧٠ هەتاوی بەرنامەی “هویت”ی ساز کرد و تێرۆری زنجیرەییی ڕێکخست، کە وایە دڵنیاش بن لە پێوەندی لەگەڵ نووسەر، چالاک و دلسۆزی کوردیش، دەیان گەڵاڵەی مەترسیداری هەیە و هەر ئێمە کەمتەرخەم بووین و لێی ‌ورد نەبووینەوە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان