ئارامتر بخوێنەوە!

توندوتیژیی ڕیشەیی و سیستماتیک دژی کۆمەڵگا یا تەنها ژنان

ڕۆژیندا بەیان و ژیلا موستەئجێر

“ئاگاداری خۆتان بن، مامۆستاکانتان عەقڵتان لێ نەستێنن و ئەوەی کە دەیانهەوێ پێتانی بسەلمێنن”
له ئامۆژگارییەکانی برنارد شۆ بۆ قوتابییەکانی

دەستپێک

هەر خەباتێک لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتێک دەگاتە ئەنجام کە باوەڕێکی ڕادیکاڵی بە ئازادیی ژنان و هاوکاری و هاوخەباتیی ژنان هەبێت، لە سەردەمێکدا دەژین که پاراستنی هەمەچەشنیی ڕەگەزی بۆ دابین بوونی دێموکڕاسی، بنەمایەکی حاشاهەڵنەگرە و هیچ بزووتنەوەیەک ناتوانێ چاوپۆشی لەم بنەمایە بکات و لە هەمان کاتدا بتوانێت بانگەوازی ڕزگاری بۆ کۆمەڵان و دەنگە جیاوازەکان بکات.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین باس لەوە بکەین که کۆمەڵگای کوردستان بە هۆی داگیرکراوی لە هەموو جومگەکانی سیاسی، ئابوری و کلتووری و کۆمەڵایەتییەوە، چۆن دەکەوێتە ژێر کاریگەری و هاوکات لەگەڵ ئەوە ئەو توندوتیژییانەی که لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو دەدەن شەنوکەوی بکەین.

وتارەکە ئاوڕێکی کورت لەسەر ئەو باسەش دەبێت که سیستەمی داگیرکار چۆن ڕێگری لە گەشەسەندنی کۆمەڵگا دەکا و چۆن ئەو جۆرەی بیهەوێ ئەم کۆمەڵگایە بەرەو توندوتیژبوون دەبات و خەباتی مەدەنی بەرتەسک دەکاتەوە و کەسانی چالاک گۆشەگیر و نامۆ دەکات.
باسەکە لە کۆتاییدا سووکە لەنگەرێک لەسەر ئەو پرسە دەگرێت که داگیرکەر چۆن بەستێن بۆ خولقاندن و سەرهەڵدانی هەر جۆرە دیاردەیەک ساز دەکات و لە دوورەوە سەیری ئەم گێژاوە دەکات و هەلی بۆ دەرەخسێت کە ئەم نەتەوە بندەستە، وەحشی و بکوژ و توندوتیژ نیشان بدات و خۆی وەکوو دەسەڵاتدار، لە ئاستی چارەسەری ئەم کێشەیە دەستەوەستان نمایش بکات.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە توندوتیژی مژارێک نییە که لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر پێناسەکەی بگۆڕدرێت بەڵکوو چەمکێکی گشتی و جیهانییە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەی کەم نین ئەو ڕێکخراوە و دەوڵەتانەی هەوڵ بۆ پێناسە کردنی توندوتیژی دەدن، ئەو كاتەی باس لە چەمكی توندوتیژی دەكرێت، كێشەیەكی گەورە دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە تا ئێستا پێناسەیەكی كۆنكرێت و دیاریكراو لە توندوتیژی نەدراوە بە دەستەوە. بەشێك لە كۆمەڵناسان و دەروونناسان لەوانە گێڵز و ستراوس توندوتیژی بە هەڵسوكەوتێكی مەبەستدار دەزانن كە خەساری جەستەیی و دەروونیی بۆ سەر تاك هەیە.(١) لێرەدا لای ئەم دوو دەروونناسە خەساری جەستەیی و دەروونی وەک یەک پێناسە دەکرێت و ڕەنگە زیاتریش گرینگی بە خەساری دەروونی بدرێت. بێگومان خەساری دەروونیی هەر چەشنە توندوتیژییەک لە سەر تاک، کاریگەریی درێژخایەن و هەمەلایەنەی هەیە کە دەتوانێ سەرەڕای تێوەگلانی دەوروبەر، تەنانەت نەسڵی داهاتوویش بخاتە ژێر باندۆرێکی نەرێنیی خۆیەوە.

ئەوەی ئەم باسە لە کوردستان و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیا دەکاتەوە، هەبوونی دیکتاتۆرییەتێکی مەزهەبیی توندوتیژخوازە کە دڵنیایە خەسارەکانی هۆڤانەبوونی بەرانبەر بە ئەم نەتەوەیه، دەروونییە و بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ لە ئازارێکدا نوقم دەبێ. دووپاتبوونەوەی ئەو توندوتیژییە و ڕێگەنەدان بۆ چارەسەری توندوتیژییەکە وا دەکات، ئێمە بێینە سەر ئەو باوەڕەی که کارتێکەریی نەرێنیی توندوتیژیی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر نەتەوەی کورد، ڕۆچووەتە نێو دەروونی هەر تاکێکی کوردستان و بەردەوام خۆی لە ژیانی مرۆڤەکاندا دەردەخاتەوە.
دەوڵەتی ئێران لە ڕێگای مکانیزم و ڕێگە و شوێنی تایبەتی داگیرکارانەوە، جیا لە بەردەوامیی تاڵانکردن و وێرانکردنی کوردستان، هەوڵی داوە بە ڕۆنان و پەرەپێدان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی و پەرەدان بە بیرۆکەی داگیرکاریی جەستەی ژن، بەشیک لە هێزی کۆمەڵگای نێوخۆیی و دەرەکیی کوردستان بەم دیاردەیەوە سەرقاڵ بکات و لەلایەکی دیکەشەوە بەردەوام کورد وەک نەتەوەیەکی توندوتیژیخواز و توندوتیژیکار پێناسە بکات.

ڕێگە نەدان بە هەر چەشنە چالاکییەک لەم بوارەدا و پەرتەوازەییی هزری و یەکنەگرتووییی چالاکانی ژنان و سیاسییەکانی کوردستان و نەبوونی بزووتنەوەیەکی تایبەت بە ژنان و هەروەها ناشارەزابوونی زۆرێک لە چالاکان ئەم بوارە، بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە ڕووناکبیران بە سەرکوتی ناوخۆییی تاکی کورد، بانگەوازی هۆڤینی بوونی ئەم نەتەوەیە بکەن.

ژن لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا

یەکێک لە فۆڕمەکانی تۆندوتیژی دژی ژنان کە چالاکانی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسان باسی دەکەن و هەر لەم ڕێگایەوە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگا دەخرێتە ژێر ڕکێف، توندوتیژیی یاسایی یان توندوتیژیی حکوومەتییە.
توندوتیژیی یاسایی بە فۆڕمێک لە توندوتیژی دەوترێت کە بە پێی یاسا و بە هۆی ماددە یاسایییەکانەوە لە سەر ژنان بە ڕەوا دەزانرێت؛ یاسا و حکوومەت پاڵپشت، هۆکار و پەرەپێدەری ئەو توندوتیژییەن و پشتیوانیی لێ دەکەن.
`لێرەدا یاسا جگە لەوەی پشتیوان و لایەنگری قوربانی نییە، بەڵکوو خۆی ڕێکخەری پێکهاتەیەکە کە قوربانییەکە زیاتر دەچەوسێنێتەوە و پەڕاوێزتری دەخات.
یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە ٤ دەیەی ڕابردوودا، یاسا پشتیوان و پەرەپێدەری توندوتیژی دژی ژنان بووە و بە هەموو شێوەیەک دژی ژنان بووە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنییەوە، بەشێکی زۆر لە توێژ و چینە کۆمەڵایەتی- سیاسییەکانی کردە ئامانج و هێرشی کردە سەریان و بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی ڕەشی خۆی دەستی کرد بە سەرکوتی ئەو توێژ و چینانە.
داخستنی زانکۆ و زانستگەکان بە ناوی شۆڕشی فەرهەنگییەوە، هێرش بۆ سەر کرێکاران و بزووتنەوە و یەکیەتییە کرێکارییەکان، داخستنی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنە جیاوازەکان، هێرش بۆ سەر ژنان و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییە تاکەکەسییەکانی ژنان. داسەپاندنی چارشێو و عەبا و لەچکە بە سەر ژناندا و حیجابی زۆرەملێ و دوورخستنەوەی ژنان لە بەشێکی زۆر لە چالاکییە مەدەنی- کۆمەڵایەتی – سیاسییەکان و هەوڵ بۆ مانەوەی ژنان لە چوارچێوەی ماڵدا و ڕێگەنەدان بۆ چالاک بوونی ژنان لە کەرتی ئابوورییدا، هەم بە شێوەی یاسایی و هەم بە زەق کردنەوەی هێندێ کەلتوور لە ئاستی کۆمەڵگادا.
لە ڕاستیدا ژنان بە پێی یاسایەک، کە پشتی بە شەریعەتی ئیسلامی شیعە دەبەست، لە کۆمەڵگا خرانە پەڕاوێزەوە. هەرچەشنە دەنگ هەڵبڕینێکیان وەک تاوان ناو دەبرا.

بە پێی ئەو شۆڕشە کەلتوورییە ئیسلامییەی کە لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێ کرد، لە باری خوێندنەوە ژنان بۆیان نەبوو لە کۆمەڵێک بواری تایبەتدا بخوێنن، لەبەر ئەوەی ئەو بوارانە وەک بوارێکی تایبەتی پیاوانە ناویان دەبرا. خوێندن لە هێندێک ڕشتەی ئەندازیاری بەتایبەت لە دوای کارناسیی باڵادا بۆ ژنان بە تەواوەتی قەدەغەدەیە، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییش، زانکۆکانی ئێران وەرگرتنی ژنانیان لە ٧٧ ڕشتەی خوێندن، وەکوو ژمێریاری، زانستی پەروەردەیی، ڕاوێژکاری، چاککردنەوەی بینا مێژوویییەکان، شیمی مەحز، ئەدەبیاتی ئینگلیس و زانستی ئابووری قەدەغە کرد. (٢)

لە قوتابخانەکاندا مناڵان هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتایییەوە جیا کرانەوە و کچان لە پۆلی یەکەمەوە لە قوتابخانەکان مانتۆ و مەقنەعەیان بەسەردا کرا و داپۆشران.

سیستەمی خوێندن و پەروەردە کە لە هەموو وڵاتان بەردی بناغەی وڵاتی لە سەر دادەنرێت، لە ئێران سیستەمێکە لە سەر ئەساس و بنەمای جیاکاریی ڕەگەزی بونیاد نراوە. لەم سیستەمەدا ژنان پەڕاوێزخراون. هەر لە قارەمانەکانی ناو کتێبەکانەوە بگرە تا جۆری چیرۆکەکان. لەم کتێبانەدا ئەوەی پاڵەوان و قارەمانە پیاوە.
بۆ وێنە لە کتێبەکانی قوتابخانە “ریز عەلی”، “پێترۆس” و “حسێن فەهمیدە” کران بە قارەمان کە هەموویان پیاون. بە پێچەوانەوە “کوبرا” کچێکی فەرامۆشکارە، کتێبەکەی لە ژێر دارەکەدا لەبیر ئەچێت و کتێبەکەی تەڕ ئەبێت. کاری “کەوکەب خانم” ئەوەیە هێلکەوڕۆن دروست بکات و میوانداری لە میوانەکان بکات. بەڵام پیاوەکانی ناو کتێبەکان کاری دەرەوە دەکەن. دوکتۆرن، مامۆستان، ئەندازیارن، وەرزێرن و… وێنە و ڕەسمی ناو کتێبەکانیش بە هەمان شێوە دەرخەری ئەم جیاکارییەن.

لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کاری ژن ماڵداری و مناڵدارییە و کاری دەرەوە بە گشتی کاری پیاوانە.
کتێبی “حیرفە و فەن” نموونەیەکی بەرچاوی جیاکاریی ڕەگەزییە لە ئێران. کوڕان لەم کتێبەدا فێری دارتاشین، ئیشی کارەبا و… دەکران و کچان فێری جل دوورین و ماست دروست کردن و … وڵاتێک کە سیستەمی پەروەردەکەی لە سەر ئەساسی جیاکاریی ڕەگەزی بونیادنرابێت، دیارە ئەوەی دەبێت بە دەرهاوێشتەی ئەو سیستەمە، جیاکارییە ڕەگەزییەکەیە و برەوپێدانە بەو جیاکارییە ڕەگەزییە.

ژنان لە کۆماری ئیسلامیدا، لە بەشێکی زۆر لە چالاکییەکان دوور خراونەتەوە، ژن بۆی نییە ببێت بە دادوەر، ژن لە زۆر پیشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی ژنە دوور دەخرێتەوە. سەرۆک کۆمار لە ئێران ناتوانێت ژن بێت و تەنها “رجال سیاسی”، واتە پیاوە سیاسییەکان، ئەگەر شیعەی ١٢ ئیمامی بن و باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیە هەبێت بۆیان هەیە ببن بە سەرکۆمار( ئەسڵی سەدوپانزەی یاسایی بنەڕەتیی ئێران)

ژن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ناتوانێت بە بێ ئیزنی پیاوێک لە بنەماڵەکەی سەفەر بکات، بۆ سەفەر کردن پێویستی بە ئیزنی “مێرد”، “باوک”، “برا” و بە گشتی پیاوی سەرپەرەشتی بنەماڵە هەیە. یان دەبێت یەکێک لە پیاوانی بنەماڵە لەگەڵی بن بۆ سەفەر کردن. ئەمە لە حاڵێکدایە سەفەر کردن و ئازادیی سەفەر کردن، یەکێکە لە مافە سەرەتایی و بناغەییەکانی هەر تاکێک.( بەندی ٣ی مادەی ١٨ی یاسای پاسپۆڕت دەڵێت بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت پێویست بە ڕەزایەتی نوسراوەییی مێرد هەیە).

ژن لەم دەسەڵاتەدا لەبەر ئەوەی پاشکۆی پیاوە، بۆی نییە داوای مافی جیابوونەوە لە مێرد بکات. پیاو تەنها لەبەر ئەوەی پیاوە لە هەر پلەیەکی کۆمەڵایەتیدا بێت بۆی هەیە ٤ ژن بهێنێت، لەبەر ئەوەی یاساکە یاسایەکی ئیسلامییە. دەبێت ژن ملکەچی ئەو بێت. مافی جیابوونەوە و تەڵاق بە پیاوە و ئەم مافە کە وەک مافێکی بنەڕەتی دەبیندرێت، لە ژنان زەوت کراوە و ئەمە وای کردووە ئەگەر هات و ژنێک بە هەر هۆکارێک نەیتوانی لەگەڵ هاوسەرەکەی بژی و داوای جیابوونەوەی کرد، پیاو لە پێناو ڕازی بوون بە جیابوونەوە، ئەو لە بەشێکی زۆر لە مافەکانی خۆی بێبەری دەکات. لەوانە سەرپەرەشتیی مناڵ، مافە داراییەکانی و…

مناڵ بە پێی یاسا، مناڵی باوکە و سەرپەرەشتیی مناڵ بە باوکە. دایک تەنها ئەتوانێت بەخێوکەری مناڵ بێت. بەڵام کاتێک باسی سەرپەرەشتی و خاوەندارێتی دەکرێت، باوک خاونی مناڵە. لە ئەگەری جیابوونەوەی ژن و مێرد، مەگەر پیاوەکە بە هەر بیانوویەک بێت، ڕازی بێت بەوە سەرپەرەشتیی مناڵ بدرێت بە دایک، ئەگینا دایک بۆی نییە و ناتوانێت سەرپەرەشتی مناڵ بێت و ئەو منالەی کە جەرگیەتی لێی دوور دەخرێتەوە.(٢)

پیاو تەنها لەبەر ئەوەی کە پیاوە و خاوەنی ئیمتیازێکی تایبەتە، خاوەنی مڵک و دارایییە و بۆی هەیە بەو شێوەیەی کە حەز دەکات ئەم مڵک و دارایییە بەکار بهێنێت، بە پێچەوانەوە ژنان بە پێی یاسا و بە پێی دابونەریتیش، خاوەنی مافی ئابووری نین و ئەبێ چاولەدەستی پیاوان بن. تەنانەت بەشی زۆری ئەو ژنانەش کە لە دەرەوەی ماڵ ئیش ئەکەن و خاوەنی ئیشی تایبەتی خۆیانن، زۆربەی کات بە هۆی دابونەریت و یاسای باوەوە، چاو لە دەستی پیاوەکانیانن. ئەوان وا ناچار دەکرێن و بار هێنراون داهاتەکەیان سەری مانگ بە سەری مانگ بدەن بە دەست پیاوانی بنەماڵە و چاوەڕێی کەرەمی پیاوانەی ئەوان بن بەوەی پارەیان پێ بدەن بۆ ئەوەی پێویستییەکانی ڕۆژانەی ژیانیان بکڕن و دابینی بکەن.

میدیا و سیستەمی میدیایی لە هەموو وڵاتان کاریگەریی زۆریان هەیە، لەسەر پێکهێنان و ڕێکخستنی بیری گشتی و ڕای گشتیی کۆمەڵگا؛ میدیا لە کۆماری ئیسلامیدا لەبەر ئەوەی دەرهاویشتەی هەمان بیرکردنەوەی حکوومەتییە و بە بیستراو و بینراوەوە میدیای حکوومەتییە، میدیایەکە کە خزمەت بە پیاوسالاری دەکات و دژی ژن و مافەکانی ژنانە.
لەم میدیایەدا ژن وەک بوونەوەرێکی شەیتانی نیشان دەدرێت. ژن فزوولی گەڕەکە و ژن بشێوێنکەی بنەماڵەیە و هەر وەها لە میدیای کۆماری ئیسلامیدا پڕۆپاگەندە بۆ چەند ژنە بوونی پیاوان دەکرێ. پڕۆپاگەندە بۆ زوو بەمێرددانی کچان دەکرێت. پاراستنی شەرەف و نامووس و نامووس پەرەستی پڕۆپاگەندەیان بۆ دەکرێت. سیستەمی میدیاییی کۆماری ئیسلامی، بە هەمان شێوەی سیستەمی پەروەردەکەی، لەبەر ئەوەی لە ژێر چاودێریی توندی حکوومەتییدایە و سەربەخۆ نییە و بەشێکن لە سیستەمی پەروەردەییی حکوومەت، سیستەمێکی پیاومەزن و پیاوسالارن و دژی ئازادییە تاکەکەسییەکانی ژنانن.

ئەمانە بەشێکن لەو کێشانەی کە بە هۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە، ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە. بەڵام بەمەشەوە ژنان لە ٤٢ ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو بەربەستە یاسای و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان کە بۆیان دروستکراوە. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی حکوومەت کە هەوڵ دەدات ژنان دەستەوەستان بکات، بێدەنگ نەبوون و لە خەباتی خۆیان بەردەوامن. بەشێکی زۆر لە ژنان و کچانی ئێرانی، سەرەڕای هەموو یاسا دژە ژنییەکانی وەک یاسای بەناو پاراستنی بنەماڵە و … توانیویانە لە خوێندندا سەرکەوتوو بن. بە شێوەیەک کە زیاتر لە ٥٠% دەرچووانی زانکۆ ژنن.(٣)

بەڵام ئەگەر بمانهەوێت کۆی ئەو باسانە گرێدەینەوە بە پرسی ژنی کورد، زۆر کورت دەتوانین بڵێین کێشەکانی بەردەم ژنی کورد لەم سیستەمەدا چەند قاتە. ژنی کورد جارێک وەک ژن، لە ژێر دەسەڵاتێکی پیاو سالاردا دەچەوسێتەوە. جارێک لە لایەن مێرد و باوک و برا و هتدەوە دەچەوسێتەوە، دەسەڵات و حکوومەت و ئایین و دابونەریتیش مەشرووعییەت بەو چەوسانەوەیە دەدەن. لەگەڵ ئەمەش ژنی کورد جارێکی تر تەنها بە تاوانی کوردبوون، لەبەر ئەوەی کوردە، وەک تاکی کورد دەچەوسێتەوە. ئەمەش ئەتوانین بڵێین سیانەیەکی گەورەی چەوسانەوەی ژنی کوردن و بێگومان هەوڵدان بۆ نەمانی ئەم چەوسانەوانە، گرێدراوی یەکترن و نەمانی کۆماری ئیسلامی، ئەتوانێت بەشێکی زۆر لە دەرگاکان بەڕووی ژناندا بکاتەوە.

توندوتیژی، بەرهەمهێنەرەوەی توندوتیژیە و بێدەنگی خوڵقێنەری دیکتاتۆریی توندوتیژیکارە

ئەگەر چاوێکی خێرا و گشتی بە کۆمەڵگەی کوردستاندا بخشینین، دەبینین کە پلانی داگیرکار چەندە نەرم و بێدەنگ دزەی کردووە و بووەتە کلتوور و تاک بە تێکڕایی وەکوو ئەرزشێکی پیرۆز دەیپارێزێت. گیران، دەستبەسەر کران، مانەوە و ئەشکەنجە لەلایەک و ئیزن دان بە کوشتن وحەپس کردنی ژنان لە ئاخێن و هەناوی بنەماڵە و کۆمەڵگا لەلایەکی دیکەوە، هەموو نۆرمەکانی کۆمەڵگای تێکداوە و وردە وردە ئەوەی بەرەو داڕووخان دەچێت، بایەخ و نرخی بنەماییی دروست کردنی کۆمەڵگایەکی تەندروستە.

ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وەک ماڵپەڕێک کە هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی لەسەر پارێزگاکانی کوردستان و ئەو ناوچانە کە لە چوارچێوەی ئێراندا کوردی لێ نیشتەجێە، بڵاو دەکاتەوە، دەتوانرێ وەکوو سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو پشتی بێ ببەسترێ. کە چاو لە بەشی ژنانی ئەم ڕێکخراوەیە دەکەی، هەواڵەکانی تەنها چوار پارێزگای کوردستانی لە خۆ دەگرێت و ئەو جۆرەی دیارە دەستی بە بەشەکانی دیکەی کوردستان لەسەر دۆخی ژنان ڕاناگات کە خودی ئەم بابەتە دەرخەری ئەوەیە کە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی لەسەر باروودۆخی ژنان لە هێندێک ناوچە جیا لەوەی لە ژێر گاریگەریی دەسەڵاتدایە، لە ڕووی هەبوونی چالاکانی مافی ژنان و چالاکانی مەدەنییەوە لە ئاستێکی سەرەتایی و دڵخۆشکەردا نییە.

بەم حاڵەشەوە ئەگەر ئامار و ڕاپۆرتەکانی بەشی ژنان لە ڕیکخراوی هەنگاو بۆمان ڕێفرێنس بێت، ڕێژەی توندوتیژییەک کە داگیرکار هەوڵ دەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی پێ بدات و لە مێکانیزمی ئەمنییەتی کەڵک وەردەگرێت، لە جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی هەم زیاترە هەمیش کاریگەرتر. بە دڵنیایییەوە لە بواری دەروونشیکارییەوە، هەڵکوتانی داگیرکار بۆ سەر ماڵ و حاڵی هەر هاووڵاتییەک، کاریگەرییەکی نەرێنی و بارودۆخێکی نەخوازراو لەسەر تاک و کۆمەڵگا دادەنێت کە ئەم شێوازە لە سەرەتاکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە لەسەر کوردستان پیادە کراوە و بە شێوەی ڕاستەوخۆیش خودی ژنانیشی کردووەتە ئامانج. سەرەڕای گرتن و لەسێدارەدانی پیاوان، ژنانیش بوونەتە ئامانجی حەزف و ئامانجی توندوتیژیی سەربازی و بە دەیان ژن و کچی پێشمەرگە، ئەندام و چالاک و ئازادیخواز لە ڕیزی سەفەکانی سێدارە و تیرباران شەهید کراون و سەدانیش لە گرتووخانەکاندا لە ژێر ئەشکەنجەدا لە مافی هەبوونی داهاتوویەکی هێمن و گەش بێبەش کراون. هەموو ئەم کەسانە، بنەماڵە و دەوروبەریان و داهاتووی هەموویان، بە شێوەی ڕاستەوخۆ کراوەتە هەدەفی داگیرکار. لە کۆی ٢٢٧٠ کوردێک کە کۆماری ئیسلامی لە سێدارەی داون، ١٤٣ کەسیان ژن بوون، لەم ئامارە ١٥ ژنیان پێشمەرگە و ئەندام و هەواداری حیزبی دێموکرات بوون و ٤٣ ژن پێشمەرگە و ئەندامی کۆمەڵە، ٣٣ ژنی موجاهید و هەروەها ١٨ کەسیان خەڵکی ئاسایی و یا ئەندامی ئەحزابی دیکە بوونە. (٤)

لە ئێستاشدا هەر بە هەمان شێواز، داگیرکار هەوڵ دەدا بە گرتن و ئەشکەنجە و ڕاگیران لە بەندیخانەکاندا، کۆمەڵگا لە نێو ترس و تۆقاویدا ڕاگرێت و دوای سەرهەڵدانی هەر چەشنە چالاکییەک بە تایبەت ئەگەر ژنان تێیدا بەشدار بن، بە سەپاندنی پێناسەیەکی ئەمنییەتی، ژنان بخزێنێتە ماڵەوە و ڕێگری بکات لە بەشدارییان لە هەر جۆرەفۆڕمێکی چالاکیی مەدەنی و سیاسی و تەنانەت ژنانەش. بە توندوتیژی و خزاندنی ژنان بۆ نێو فۆرمی دڵخوازی داگیرکار، پەرە بە فۆرمەکانی دیکەی توندوتیژیی نێو بنەماڵە و کۆمەڵگایش بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەدەن.

بە پێی ئامارێک کە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی هەنگاو وەرمانگرتووە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ٢٧٩٧ پیاو لە کوردستان دەستبەسەر و ڕووبەری توندوتیژیی یاسایی و ئەمنییەتی کراون کە بەشێکی زۆریان حوکم دراون و تەنانەت سێدارە و لەم سەردەمەشدا تیرباران کراون.

لە بەرانبەریشدا ١٥٩ژن لە کوردستان دەستبەسەر و حوکمی بەندیخانەیان بەسەردا سەپێندراوە. (٥)

تەواوی ئەم حاڵەتانە کە بێگوومان بەشێکی بەرچاوی تۆمار ناکرێت، سەرەرای ئەوەی ئامانجە کاتییەکانی داگیرکەر دەپێکێت، ئامرازێکە بۆ هەرچی زیاتر پەرەپێدانی توندوتیژی و بێبەها کردنی بنەماکامی دێموکڕاسی کە بۆ پێکهێنان و ڕۆنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و بەتایبەت کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی تەندروست پێویستە.

درێژەی بیرۆکەی هۆڤینی داگیرکار لە نێو هێزە سیاسییەکاندا

مێژووی خەباتی ژنان بۆ سڕینەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی، مێژوویەکی لەوانەیە پرشنگدار نەبێت بەڵام هەموو کات لە ئارادا بووە، داکەوتن و هەستانەوە، تێوەگلان لە سیاسەتی پیاوسالاری و هەروەها هەڵسوورانگەلێکی سەقەتی بە خۆیەوە دیوە بەڵام کۆڵی نەداوە و خۆی بە دارودیواری مانەوەدا کێشاوە و گیانی نەسپاردووە.

نەبوونی پەروەردە و بارهێنانێک لەسەر بنەمای زانستی سەردەمی فێمێنیستی و بەتایبەت بۆشاییی نەبوونی فێمێنستێکی کوردانە، نەبوونی ڕاهێنانی بەدوور لە ئایدۆلۆژی، یەکێک لە خەسارەکانی سەرنەکەوتنی بزووتنەوەی ژنان بووە. ئەوەی لێرە مەبەستمانە ئاماژەی پێ بدەین هەبوونی کێشەیەکی نەدیتراو و شاراوەی بەردەم هەر چەشنە گەشەیەکی هەوڵی ڕزگاریدەرانەی ژنانی کوردە کە لە ژێر گاریگەریی داگیرکاریی دەوڵەتی حاکمدا بەسەرماندا سەپاوە و نەبوون و بۆشاییی فاکتەرەکانی سەرەوە، پەرە بە سەرهەڵدان و جێگیرکردنی ئاریشەکان دەدات و بەردەوام بە دەوری خۆماندا و لە نێو بازنەیەکی هەڵەدا، خۆخۆری دەکەین.

یەکسانیخوازانی پیاوسالار

پیاوسالاری چەمکێکە بۆ ئەو دەسەڵاتانە کە یان بە شێوەی ڕەها، پیاوان بەڕێوەی دەبەن و سیاسەتەکانی دادەڕێژن یان ژنان بەشێکی کەم لەم دەسەڵاتە بەدەستیانەوەیە و بەشداریی ژنان لە پۆستە بەڕێوەبەرییەکان، ڕێژەیەکی زۆر کەم تۆمار دەکات و لە ڕاستیدا ئەم بەشداری کردنە، خزمەت بە بەرژەوەندیی پیاوەکان دەکات، هەر بۆیە ژنان لەم جۆرە سیستمەدا هیچ جۆرە ماف و بەرژەوەندییەکیان پارێزراو نییە.

دەتوانین بڵێین کە زۆربەی دەسەڵاتەکانی جیهان پیاوسالار بوونە و دوای گواستنەوەی بزاڤی ژنان و هەوڵەکانیان لە بواری پەروەردە و بارهێنان، ئەمە ژنان خۆیان بە تێکۆشانیان، خۆیان لەم دەسەڵاتەدا جێ کردووەتەوە و سەلماندوویانە کە ناکرێت لە بەڕێوەبەریی هەر لە گروپێکی بچووکەوە بگرە تا دەسەڵاتداریی وڵاتێک، ژنان و هێزی ژنان لەبەر چاو نەگیرێن و بە گشتی نەریت و تابۆی بەشداریکردن و هەبوونی ژنان لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵاتەکان و ناوەندەکانی بڕیاردان بشکێت.

بیری پیاوسالاری وەکوو زۆریەک لە هەڵسوکەوت و بیر و بۆچوونەکانی مرۆڤ، لە یەکەم و بچوکترین کۆمەڵگا واتا بنەماڵەدا، کە مرۆڤەکان تیایدا لەدایک دەبن و گەشە دەکەن، بیچم دەگرێ. بێگومان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکووو بەردەستترین نموونە، پیاوسالاری بە هۆی تیئۆکراسی و تێکەڵاوبوونی شێوازی دەسەڵاتداری لەگەڵ ئایین (چون زۆربەیان دژە ژن و پیاوسالارن)، لە ڕێگەی پەروەردەی تایبەتەوە دەکرێتە سەرمەشقی بارهێنان و ئولگوو و ڕەفتارێکە ڕۆژانە بە ئاسایی دووپاتە دەکرێتەوە. ئایدۆلۆژیی پیاوسالارانە لە نێو پرۆسەی پەروەردە و بارهێنان بە دەستی دەوڵەتی حوکمڕان، لە هەموو جومگەکانی خوێندنگە، کار و نێو بازار، تی ڤی و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندندا بونیاد دەنرێت و بە شێوەیەک کە هاووڵاتییان دەستەمۆ دەکرێن و بارهێنانەکان لە پەیوەندییەکانی خۆیان بەکار دهێننن و لە ڕاستیدا بە واتایەکی دیکە دەبنە ئەو بووکەڵەیەی کە داگیرکار پلانی سازکردنی بۆی هەبووە و لە ئاکامدا ئەم ڕەفتار و ئولگووی ڕەفتارییە توندوتیژیکارە، دەبێتە بەشێك لە بیر و باوەڕێک كە زۆر جار بەوپەڕی دەمارگرژییەوە بەرگریی لێ دەکرێ و بە دروست دادەنرێت و نەسڵ لە دوای نەسڵ، لە ئەگەری هەر چەشنە وشیارییەکی بچووکیشدا، هەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی بە ڕوونی و ئاشکرایی دیار دەبن و ڕێگر دەبن لە جێگیربوونی هەر گۆڕانگارییەکی تەندروستی ڕەفتاری بە پێی سەردەم.

ژنانی کورد، هەر لە سەرەتای دەستپێکی ئەم خەباتە و بزاڤی یەکسانی و بەرابەری و بزووتنەوەی فمینیستی، دەبوایە لەگەڵ زۆر نۆرمی چەقبەستووی کۆمەڵگە بەشەڕبێن و ئەم خەباتە سەرەڕای هاوتەریب بوون لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریدەری نەتەوەیی، لە گەیشتن بە دەرەنجامێکی حەقیقی بەنیسبەت خەباتی ژنانی ناوچەکانی دیکەی جیهان زیاتر درێژەی کێشاوە.

ژنانی کورد جیا لەوەی لەگەڵ ئایینی زاڵ و نۆرم و تابۆ دژ بە ژنەکان، دەبێت بەرەوڕوو ببنەوە، پێویستە لەگەڵ هەڵسوکەوتی ڕیشەداکوتراوی (نەهادینە) پیاوسالاریی خۆیان و پیاوانی یەکسانیخوازیش بەرەوڕوو ببنەوە. هەمان هەڵسوکەوتێک کە بە هۆی پەروەردەی دەسەڵاتی داگیرکار لە نێو دابونەریتی بنەماڵەدا سەقامگیر بووە و بووەتە هۆی ڕێگری لە سەرکەوتنی هەر هەنگاوێک کە بۆ خەباتی یەکسانیخوازی هەڵدەگیرێ و لە جێگای خۆی دەینیشێنێتەوە و ڕێگە لە بەرەوپێش چوونی بزاوتی ژنان دەگرێت.

ئەوەی کە پیاوانی یەکسانیخواز لەو باوەڕەدان هەموو بەستێنێک بۆ ئەوەی ژنان بتوانن خۆیان پێبگەیەنن و لە هەموو بەشەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگە خۆیان بسەلمێنن ڕەخساوە، حەقیقەتی نییە و تەنیا پاکانەیەکی شووشەیییە کە پیاوان بۆ خۆدەرباز کردن لە بەرپرسیاریەتی بەرانبەر یارمەتیدانی ژنان بۆ گەیشتن بەمافەکانیان دەیڵێنەوە.

پیاوان لەو باوەڕەدان ئەوە خودی ژنانن بە هۆی تایبەتمەندییە دەروونییەکانیانەوە ڕێگرن لە سەرکەوتنی خەباتی یەکسانیخوازییان، ئەوان بە گوێرەی بنەمای پەروەردەی هەڵە، بەردەوام ژنان بە کەم دادەنێن و دەڵێن هەموو هەلێک بۆ ژنان لەبەردەستە، ئەوە ژنان خۆیانن کە ناتوانن ئەم بەرپرسیارەتییە بگرنە ئەستۆ، مەیدانی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنن بەڵام بەردەوام هەر لەو مەیدانەدا دەیانچەوسێننەوە و دەڵێن ئەمە یاسایە!! ( نمونە: ناڕەزایەتیی بەردەوامی ژنان لە بەشداری پێ نەکردنیان لە بڕیارە سیاسییەکاندا بە تایبەت نەبوونی حزوری ژن لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان)

ئەمە هەمان باوەڕی دژە ژنە بەڵام لە فۆڕمێکی بەناو ڕووناکبیری و شێوازێکی نوێدا، لە مەیدانی سیاسەتدا نمایش دەکرێن، بەڵام لە کاتی بڕیارداندا، ژنی سیاسەتزان و بەتوانا پەیدا نابێت.

ئەم حاڵەتە تایبەت نییە بە پیاوانی یەکسانیخواز، زۆرن ژنانێک کە بۆ پاساو هێنانەوەی کەمکاری یا لەبەر بەرژەوەندیی هەمان پیاوان، بەردەوام ڕەخنە لە خەباتی ژنان دەگرن و دەڵێن کە خودی ژنان بە هۆی کێبەرکێی (تەندروست یا ناتەندروست) ناتوانن بگەنە ئاکام، دەنا بەستێنەکانی سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە ئامادەیە.

لێرەدا دەردەکەوێ هێژمونیی بیرۆکەی داگیرکار لە سەر هۆڤینی کردنی کۆمەڵگا کاریگەریی درێژخایەنی داناوە و سەرەڕای گۆڕینی ژینگە و شێوازی بیرکردنەوە لەسەر سیاسەت و کۆمەڵگە بەڵام ناتوانین بە تەواوەتی ناخ و بیرمان لە بارهێنانی داگیرکار داماڵین و لە مەیدانی سیاسەتیشدا، ژنان وەکوو بەرانبەرێک دەبیندرێن و بە هۆی ئەوەی سەرتۆپی خەباتی حیزبەکان، خەبات بۆ ڕزگاریی گشتییە و پیاوان ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەکانیان لەسەر شان بووە، زۆر ئەستەم و بە هێواشی خەباتی ژنان پێدەگات.

لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، زۆربەی ژنان و پیاوانێک کە بانگەوازی تێکۆشان بۆ یەکسانیی مافەکانی ژنان و پیاوان دەکەن، ئێستاش لەگەڵ هەڵسوکەوت و لێکەوتەکانی سەقامگیر لە بیر و هزری هەڵە و دژە ژندا دەستەملانن بە هۆی نەبوونی زانستێکی فمێنیستیی کوردانە، ناتوانن خۆیان لەگەڵ بابەتەکە یەکلا بکەنەوە.

بۆ نموونە ئایا پیاوان کێبەرکێ و ململانێیان نییە پێکەوە؟! ئایا لە شۆرشگێڕانەترین حاڵەتدا زۆربەی پیاوان هەوڵی سڕینەوەی یەکترییان نەداوە؟! بۆچی تا ئەم ڕەفتارانە دەگاتە ژنان، ڕخنەکان ژنان دەکەنە ئامانج و بە هۆی کێبەرکێکانەوە گشتایەتیی خەباتی ژنان بەرەوڕووی شکست دەکەنەوە… هۆی شکستی هەوڵەکانی خەباتی ژنان، ململانێکانیان نییە پێکەوە، ئەوە قەبووڵ نەکردنی هێز و توانای ژنانە لە نێو پیاوان و خودی ژنانیشەوە کە بە بڕوای ئێمە زۆربەی کۆمەڵگا بە شێوەی ناوشیارانە و ئەگەریش وشیارانەیە دەرەنجامی پەروەردەی ستەمکارە، پەرەی پێ دەدەین و کاتیەتی لەم وێستگەیەدا، زۆر قووڵتر بڕوانینە ئەم پرسە.

هەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر پێمان وابێت ئەم بابەتە ناچێتە خانەی توندوتیژییەوە. ئادرەسی توندوتیژی تەنها چاوێکی ڕەش بۆوە و قسە و ناتۆرەی نێو بنەماڵە و شەقام و هەروەها زوڵم و ستەمی ئاشکرای داگیرکار لە ڕێگای دەستبەسەرکردن و سێدارە و حوکمی ناڕەوای درێژماوە و کورتماوە نییە، بەڵکوو هێزی ئەو پەروەردە نەرمەیشە کە کاریگەرییە نەرێنییەکان، لە هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لە ناوەندەوە، هەر لەسەرمان دەمێنێت.

لەگەڵ ئەوەیکە پێشەوا قازی محەممەد یەکەم کەس بووە کە هانی ژنانی بۆ بەشداری لە خەبات داوە، بەڵام دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو کە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و پشت ئەستور بە زانستی فێمێنیستی، هاوکاری ژنان بوو بۆ دەرکەوتن و بەشدارییان لە خەبات و هاندانیان بۆ تێکۆشانی زیاتر و پراکتیکتر.

دوکتور قاسملوو وەکوو یەکەم ڕێبەرێک کە هەر لەسەرەتای دەستپێکی خەباتی خۆی، ڕاشکاوانە باسی لە گرینگیی تێکۆشانی ژنان و هەبوون و حزووریان لە جومگەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا بۆ وەدەست خستنی مافی ژنان کردووە، لە زۆربەی وتار و ئاخاوتنەکانیدا هەمیشە باس لەوە دەکا دەبێ ژنان لە دوو بەرەدا خەبات بکەن، خەباتی نەتەوایەتی و خەبات بۆ گەیشتن بە یەکسانی …

دوکتور قاسملوو پێی وا بووە تەنها ژنانن کە ئاگاداری ماف و بەشە خوراوەکانیان نین، ئەو هیچ کات لە پرسەکانی تایبەت بە ژناندا باسی لەوە نەکردووە پیاوانیش وەکوو تاکی چەوساوە لە نەبوونی عەداڵەت و یەکسانی دەبێ لەم دوو بەرەیەدا هاوکات لە تێکۆشان بەردەوام بن، بەو زەروورەتە کە دوکتور قاسملوو هەستی پێ کردبوو کە دەبێ بە شێوەی پراکتیک هانی ژنان بۆ بەشداری لە خەبات بدا ئەم ڕخنەیە بەرەوڕوویان دەکەین کە دەبوو بناغەییتر بیر لە بونیاتنان و بەستێنسازیی بەشداریی ژنان بکەنەوە و ئەگەر بە پێی سەردەمیش بۆی بڕوانین دەبوو هەر ئەو کات زیاتر گرینگی بە ئامادەسازیی فکریەتیی پیاوان بەرانبەر بە ژنان، بەرانبەر بە هاوخەبات بوونی ژنان و هەروەها پەرەدان بە تواناییی هاوبڕیاڕیی پیاوان لەگەڵ ژنان بدرێت.

ئێستا ئەگەر لە دوورەوە بڕوانینە بارودۆخی خەباتی ژنان لە نێو ئەحزابی ڕۆژهەڵاتیدا دەبینین بە زۆر هۆکار، یەک لەوان زاڵبوونی بیر و هزری داگیرکارانە لە سەر تاکەکان، بۆشاییی پەروەردەی فێمینیستی هەست پێ دەکرێت و لەم سەردەمەدا کە ژنان لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا سەرکەوتنی مەزن و هاوتەریب لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ تۆمار دەکەن، دەبێت کورد بیر لە زانستێکی دژە داگیرکارانە بۆ بڕەودان بە خەباتی ژنان و خەباتی یەکسانیخوازانەی خۆی بکاتەوە.

گرینگتر لە هەموو شت، بەردەوامی و دووپات کردنەوەی ئەو پەروەردەیەیە کە تاک بە تایبەت تاکی شۆرشگێر و هەستیار بەو قەناعەتە دەگەیێنێت کە هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی داگیرکار پلان بۆ دارێژراوە و دەبێت بە وریایییەوە بەرپەرچی بداتەوە و پێش لە کاریگەرییەکانی بۆ ئێستا و نەوەکانی داهاتوو بگرێت.

سەرچاوەکان:

١-رابطە ویژگیهای شخصیت با رضایت زناشویی و مولفەهای آن در زوجها، نوشتە: علی خادمی، مریم ولی پور، لالە مرادزادە خراسانی، سیمین نیشابووری

٢-https://www.dw.com/fa-ir/%D9%85%D8%AD%D8%B1%D9%88%D9%85%DB%8C%D8%AA-%D8%AF%D8%AE%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A7%D8%B2-%D8%AA%D8%AD%D8%B5%DB%8C%D9%84-%D8%AF%D8%B1-%DB%B7%DB%B7-%D8%B1%D8%B4%D8%AA%D9%87-%D8%AF%D8%A7%D9%86%D8%B4%DA%AF%D8%A7%D9%87%DB%8C/a-16147830

٣-فصلنامە علمی – گروە روانشناسی دانشکدە علوم تربیتی و روانشناسی
سال ٨ شمارە ٤ (٣٢) زمستان ١٣٩٣
صفحە ٩٥-١٠٩

٤-کتاب کشتار بی پایان، دکتر جواد دانش پژوە، فصل سوم، بررسی اعدامها و ترورها بر اساس جنسیت و گرایشهای سیاسی، صفحەی ٨٧

٥-ناوەندی ئامار و بەڵگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان