ئارامتر بخوێنەوە!

تیۆرییەکانی فێمێنیزم

بابان ڕۆژهەڵات

زایفە، دایکی منداڵەکان، ژنەکە و … هەزاران وشەی دیکە کە لە سەردەمی کۆیلەتێی ڕەگەزی بە جێ ماون، زۆر زیاتر لەوە بیری لێ بکەنەوە، بە کار دەهێنرێن. ئەوەی ڕاستی بێ ئەوەیە کە تەنانەت ئەو کەسانەی لە سەر ئەم مژارە دەنووسن و پێیان وایە پشتیوانی لە ژنان دەکەن، لە ڕاستیدا بە شێوەیەکی تر هەڵسوکەوت دەکەن.
من چی دەڵێم؟ دەمەوێ بەم شیوەیە ڕاستی بۆ ئێوە ڕوون بکەمەوە. بەڵێ ڕاستی. ئایا ڕاستی ئەوە نییە کە سێبەری کۆنەپەرستی هێشتاکەش لە سەر کۆمەڵگاکانە. بۆچی ژن دەبێ ئیش بکات؟ ژن چۆن بە تەنیا دەبێ ژیان تێپەڕ بکات؟ کێ ماڵداری بکات؟ کێ دایکایەتی بکات؟
هەندێ پرسیاری پێکەنینی کە دۆخی ئەمڕۆی مرۆڤ، توانای وڵامدانەوە بەوانەی هەیە؛ هەڵبەت ئەگەر ئۆلیگارشیی میدیایی ئیزنی بیرکردنەوەی قووڵ و ڕاستی دابێت.
ئەم پرسە لێکدەدەینەوە کە چۆن و بۆچی ژن لە ماف و ڕەگەزێک کە کەسێک دەتوانێ ببێتە خاوەنی، بووەتە ڕەگەز یان هاوڕەگەزێک کە شیاوی مافە و حەقیقەتی هەیە.
فێمێنیزم چۆن و بۆچی بەدی هات؟ و ئایا بە شێوەی شیاو پێداویستیی ژنان بۆ گەیشتن بە یەکسانی و عەداڵەتی لێکداوەتەوە؟
ئایا فێمێنیزم بە باشی توانیویەتی هاواری ژنان بۆ یەکسانی و عەداڵەت هەڵبڕێت؟ چ لەمپەرێک پێشی بە گەیشتن بەم مافانە گرتووە؟ ئایا بیر و هزرێکی نوێ بۆ گەیشتن بە ئاکامی کۆتایی، واتا هاوسانی و عەداڵەتی ڕەگەزی پێویستە؟
سوسیالیزم و کاپیتالیزم لە دەیەکانی پێشوودا چۆن بابەتی ئەم مافانەیان لێک داوەتەوە؟
ئایا نێوان ژن و سروشت وەکوو دوو دایکی هەمیشەییی زەوین، وێکچوونێک بۆ مەبەست یان ئامرازێک بۆ گەیشتن بەم مەبەستە هەیە؟
ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تریش هەن کە ڕەنگە نەکرێت لە وتارێکدا وڵامی هەموویان بدرێتەوە بەڵام هەرجار بە نووسراوەیەک دەتوانین بە ڕێگاکانی گەیشتن بە ئامانج نزیک و نزیکتر ببینەوە.
وا دیارە وشەی فێمێنیزم یەکەم جار لە ١٨٧١ زایینی لە دەقێکی پزیشکی بە زمانی فەڕەنسی بۆ توێکاریی جۆرێک ڕاوەستان لە گەشەی ئەندامان و تایبەتمەندیی جینسیی نەخۆشە پیاوەکاندا نووسراوە، کە پێدەچوو لە تایبەتمەندیی ژنانەییی جەستەی خۆیان ئازار دەبینن.
یەک ساڵ پاش ئەوە، نووسەرێکی فەڕەنسی ئەم وشەیەی بۆ ئاماژە بە ژنانێک بەکار هێنا کە پیاوانە هەڵسوکەوت دەکەن. هەرچەند لە وشەنامەی پزیشکیدا واتای فێمێنیزم وەرگرتنی تایبەتمەندیی پیاوانەی ژنان بوو، بەڵام، لە پێناسەی سیاسیدا ئەم وشەیە سەرەتا بۆ وەرگرتنی تایبەتمەندیی ژنانە بەکار دەهات. کەڵکوەرگرتن لەم وشەیە تا دەیەی ٦٠-٧٠ی زایینی بۆ ئاماژە بە کۆمەڵەکانی ژنان، باو نەبوو و لە پەیوەندی لەگەڵ کێشەکانی تایبەت و گرووپەکانی تایبەتدا، بەکارهێنانی سنوورداری هەبوو. نەمازە لەم دوایییانەدایە کە کەڵکوەرگرتن لەم وشەیە بۆ هەموو گرووپەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ پرسی مافی ژنان فرەپات و گشتگیر بووە.
شەڕ لە مێژوو و شووناسی کۆمەڵگا مرۆڤییەکان هەمیشە خاڵی هاوبەشی پێکهاتنی گۆڕانی نوێ و جیاکەرەوەی نەریتە کۆنەکان بووە، بەتایبەت ئەگەر شەڕی گەرم و بەزەبر بووبێت.
پاش دوو شەڕی جیهانیی یەکەم و دووهەم کە کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەبوو و جوگرافیای سیاسی و فەرهەنگیهی جیهان تووشی گۆڕانکاری بوو، ئەم بۆشایییە لە ئاستی سیاسەت و ئایدۆلۆژییەکان هاتە ئاراوە کە زیاتر لە هەر بارودۆخێک کارتێکەریی نەرێنیی لە پرسی ڕەگەزی سەرچاوەی دەگرت.
توێژینەوەکانی ساڵانی پاش شەڕ بەتایبەت لە بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسیدا نیشاندەری ئەوە بوون کە زۆرترین گرفتە بێدەنگ کراوەکان لەسەر کۆمەڵگەی ژنان بووە.
بەم پێیە توێژینەوە سەرەتایییەکان لەلایەن کۆمەڵناسان و دەروونناسانی پیاوەوە لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی ژنان لە سەردەمی شەڕ و پاش شەڕ، دەستی پێ کرد.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا دەستیان پێ کرد کە سەرهەڵدانە سۆسیالیستییەکان، بە پشتیوانیی بلۆکی ڕۆژهەڵات یەک لە دوای یەک بەپێی خواستی کۆمەڵگەی مەدەنی یان لەژێر کاریگەریی گوتاری زاڵی دەوڵەتی بەهێزی سۆڤیەت لە خوڵقاندا بوون. لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا کە کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت بوونی پیاوان بە ڕادەیەکی پێویست نەبوو، پەرەپێدانی ئایدۆلۆژی بە شێوازێک بوو کە ژنانیش لە ڕیزی بەردەنگانی ئەو ئایدۆلۆژییەدا بن.
لە لایەکی دیکەوە لە ڕێکخراوەی دەوڵەتە سۆسیالیستییەکان و بەتایبەت کۆماری سۆسیالیستیی یەکگرتووی سۆڤیەت، کارلێکی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، ڕاگەیاندن و… بە شێوازێک بەرنامەی بۆ دادەڕێژرا کە بەشداریی ژنان (تەنانەت بە سپاردنی کەمترین بەرپرسیارەتی) پێویست بێت، و ئەمە یەکەمین تروسکەکانی گۆڕانکاری لە پرسی بەشداریی ژن بەدەر لە چوارچێوەی “ماڵ” و بەرپرسیارەتییەکانی بنەماڵە بوو، گۆڕانی ئەو سەردەمە، پێشکەوتووترین گۆڕان بوو لە بواری فێمێنیزمدا.
لەلایەکی دیکەشەوە بووە هۆی دەرکەوتنی کەلێنی زۆر لە سیستەمی بورژۆوازی لە پەیوەندی لەگەڵ ژناندا.
لەگەڵ تەواوبوونی شەڕی سارد، هەر دوو سیستەمی فکریی بورژوازی و سۆسیالیزم، یەکسانیی دەرفەت و ڕوانگەی دوور لە هەڵبواردنی کۆمەڵگەکانی بەتەواوەتی نەڕەواندەوە و پێناسەکردنەوەی ئازادیی ژنان لەلایەن بیری نیۆلیبرالیستییەوە بوو بە بەکاڵابوونی زیاتر و ڕوانگەیەکی بەکارهێنەرانەی ژنانی لێ کەوتەوە.
بە ئاشکرابوونی شکستی دوو بیری زاڵی سەدەی بیستەم لە بواری ژناندا، داڕمانێکی هزری لە بیری “فێمێنیزمدا” هاتە ئاراوە و ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ بەجیهانی بوونی “قەیرانە ناوچەیییەکان” و ورووژاندنی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی بەرەو پرسی ڕزگارکردنی زەوی و گۆڕانی ڕوانگە بەرانبەر بە ژینگە.
لە مێژەوە و بە پشت‌بەستن بە چاخی ئوستوورەکانی باستان و چاو لێخستن لە فاکتۆرەکانی ئوستوورەناسیی فەرهەنگە سەرەتایییەکانی مرۆڤ، بە یارمەتیی دەروونشیکاری و هەڵسەنگاندنی مێژووییی ڕووداوە ئوستورەیییەکان هەموو کاتێک هۆشیاری سەبارەت بە پەیوەندیی قووڵی ژن و زەوی لە گەشە‌سەندندایە و داگیرکردنی ژن و زەویی لێ دەکەوێتەوە. لەم تیۆرییە‌دا دەتوانین بەردەوام ببینین کە کاریگەریی بیری چەپ، هەیە، لە لایەکی دیکەوە هەڵسوکەوتی لە ڕادەبەدەری هەردووک بیری سۆسیالیستی و سەرمایەداری لە کار‌کێشان لە زەوی و ژینگە بۆ بە دیهاتنی ئامانج و بەرنامە یەکلایەنەکان، بە جەخت‌کردنەوە لەسەر تاکڕەویی پیاوانە لەم ڕوانگەیەوە زۆرتر ئاشکرا دەبێت، هەروەها کار‌کێشانەوە لە ژن پەیوەندییەکی نهێنی و برینی هاوبەشی لەگەڵ زەویدا هەیە کە لە مێژوو و بارودۆخی ئێستادا ڕوونی دەکاتەوە.
بە تێپەڕینی کات و گەشەسەندنی بیرۆکەی چەپ و دۆخی پێکهاتەییی کۆمەڵگا سۆسیالیستەکان، بە یارمەتیی پێشکەوتنە تێکنۆلۆژییەکانی ڕاگەیاندن و گرینگترین وێنە واتە “تەلەڤیزیۆن”، دەرفەتێکی بەربڵاو بۆ کۆمەڵگا بەدی هاتووە. هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگای بلۆکی ڕۆژاوا لەگەڵ گۆرانکارییەکانی کۆمەڵگای بلۆکی ڕۆژهەڵات بە تایبەت لە بواری مافی ژناندا ئاشنا بن. بوو بە هۆی داخوازیی یەکسانی لە لایەن کۆمەڵگای مەدەنییەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆرانکارییانە ناکۆکییەکانی شەڕی سارد بەهێزتر بوو و گەشەسەندنی فەرهەنگی لە بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا بە هۆی گوشارە ناپێویستەکان کەوتە بارودۆخێکەوە کە خێراتر کەلێنەکانی بواری ژنان ڕوون بکاتەوە، وەک وێنە ئامادەنەبوونی ژنان لە دەسەڵاتی سیاسی و هەروەها بەشەکانی یاسایی، دەزگای دادوەری، چاودێری، ئاسایش و … تەنانەت ئەگەر ئیزنی ئامادە بوونی ژنانیش درابا، تایبەت بوو بە پلەوپایە نزم یان ناوەندییەکان. لە بواری مووچەکانیشدا هەروەها کێشەی سەرەکی هەبوو.
مووچەکان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پیاوان تەنانەت ئەوانەش کە پلە و پایەیان نزمتر بوو لە یەک ئاستدا نەبوون، هەڵبەت ئەبێ ئاستی کۆمەڵگاش لەبەرچاو بگرین. گەرچی کاریگەریی ئایینی بە توندی سنووردار کراوە بەڵام ئەخلاقی سەرچاوەگرتوو لە “سیستەم/ پێکهاتە”ی زەقی ئۆرتودۆکسی، لە هەڵسەنگاندنی ئەم گۆرانکارییانە بە باشی دیارە.
لە لایەکی دیکەوە هەر ئەم پرسانە لە بلۆکی ڕۆژاواشدا هەبوون بەڵام چون هەڵسەنگاندنەکان لە ئاستێکی ئازادتردا دەردەکەوتن و هیرارشیی دەوڵەتی کەم بوو، هێندێک لە کەلێنەکان دیاری کران و بۆ لەو ناو بردنی ئەوانە هەوڵ درا.
بەڵام زۆرێک لە بۆشایییەکان لە بوارەکانی تردا سەریان هەڵدا و دەرکەوتن. تەنانەت زۆرێک گیر و گرفتی نوێ لە بوارە جۆراجۆرەکاندا سەریان هەڵدا.
ئەم کاتە، لێک گرێ درانی چارەنووسی ژن و زەوی بوو و دەسپێکی سەرهەڵدانی “ئێکۆ فێمێنیزم”. لە زۆر لایەنەوە کە چاو لە ئێستا و ڕابردووی ژن و زەوی دەکەین، هاوبەشییەکی زۆرتر بۆ ئێمە ئاشکرا دەبێ.
بەڵام ئەو شتەی بۆمان ڕوونە، ئەوەیە کە بۆشاییەک لەم تیۆرییەدا هەیە، هەرچەند ئەمە شتێکی ڕوون و ئاشکرایە بەڵام هۆکاری بێ‌هیوایی نییە و دەبێ قەبووڵی بکەین کە دیالێکتیکی مێژوویی، لە کەمتر لە سەدەیەکدا، دۆخی ژنانی گەیاندووەتە قۆناغێک کە ئێستا ژنان لە بواری بنەماکانی زانستی مرۆڤی، ئەندازیاری، ڕامیاری، ئابووری و … بەشدارییەکی بێوێنەیان هەیە.
هەرچەند تا ئێستاش لانیکەم ئامانجی یەکەمین ژنانی پێشەنگ دەستەبەر نەبووە، بەڵام پەیوەندیی زەوی و ژن، نیشانەی چڕتر و قووڵتربوونی بابەتی ژنان لە ئاستی جیهانی و بنەڕەتی لە بواری بەربەرەکانێی جۆری مرۆڤ بۆ مانەوە بووە.
پرسی گرینگ لێڕوانینی ڕادیکاڵی ڕەوتی فێمێنیزمە کە لە بواری وەدیهاتنی ئامانجەکانیان، لە ڕێی زێدەڕۆییدا هەنگاویان هەڵێناوە و وەشوێن ڕوانگەیەک دەکەون کە هاوڕێیەتیی پیاو لە قەرەبووکردنەوەی هەڵەی مێژووییی خۆی، دەکاتە کاردانەوە و هەڵوێستگیری.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوەی بزووتنەوەی ژنان بە دوایدا بوون، یەکسانی لە هەبوونی دەرفەتەکانی بواری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و …. هاوڕا لەگەڵ ڕوانین، بەراوردی دوور لە ڕەگەز بوو.
پرسێکی دیکە، دادوەریی هەڵنەسەنگێنراو بە بنەمای قووڵ لە بیروباوەڕی نەریتخوازییە کە گەیشتووەتە سەردەمی ئێستا و نۆژەنکردنەوەی هەڵەکانی قووڵی مێژوویی بە لاڕێدا دەبات. پڕسێک کە پێویستە ژنان لەسەری سوور بن، شیکردنەوەی بنەمای سۆبژێکتیڤ(هزری) لە ڕوانگەی ژنانەیە کە هزری پیاوسالاری بخاتە ژێر پرسیار و ڕێگەیەکی جیاواز و ئاسۆیەکی باشتر بۆ گۆڕانکاری بکاتەوە و ناکامیی بنەڕەتی بیری “پیاو تەنیا مرۆڤە”، چارەسەر بکات.
هاوکاتیش دەبێ ئەم بنەما تیۆرییانە بە شێوەی بەرچاو لە دۆخی کۆمەڵگاکان دابڕێژڕێت کە زۆرتر گەشەی هزری بەهێز دەکەن.
گەرچی لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان و ئەوانەی لە پێشکەوتندان، ڕەنگە ئیدی باس لە ڕامانی “مرۆڤ بەس پیاو” نەکرێت بەڵام ئەوەی کە زۆر ڕوون و بەرچاوە لە هەموو سیستەمەکانی ئێستادا، پەیتاپەیتا سیاسەت، دەسەڵات و لە ڕاستیدا پیاوانی سیاسەت و دەسەڵات بە چەکی بەزەبرتر هاتوونەتە گۆڕەپان و هێدی هێدی بیر و هزری کۆمەڵگاکان دەکەنە ئامراز بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆیان.
ئیدی ئەم ئامرازە دەتوانێ پشتیوانی لە مافی ژن بە ناوی فێمێنیزم یان هەر شتێکی تر بێت کە بتوانن دەست بە سەر دەسەڵاتدا بگرن و سیاسەتی خۆیان دابڕێژن.
بۆ ئەوەی کە چۆن بەرەنگاری ئەم سیستەمە و سیاسەتەکانی لە کۆمەڵگاکاندا ببینەوە، لە ڕاستیدا بە لەبەرچاو نەگرتنی ئەو شتانە، بزووتنەوەی ژنان و بە پێی ئەوەش کۆمەڵگای مرۆڤی دەچێتەوە سەر کۆنەپەرەستیی پێشووی خۆی؛ تەنانەت ئەگەر خۆی لە ڕەنگ و بۆنێکی جوانیشدا بنوێنێ. کەواتە گەشەی بیر و داڕژاندنی بیری بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ کۆنەپەرەستییەکی لەم چەشنە، پێشبارێتیی هەیە. بۆ ئەم بەرەنگاربوونەوە بزووتنەوەی ژنان دەبێ زۆرتر لە ڕابردوو وریاتر بێت تاکوو عەداڵەت و یەکسانیی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەو شتەی کە بۆیانی دیاری دەکەن، نەگۆڕنەوە و حەقیقەتی کارەکه بکەن بە واقیعییەتێک که بوونی هەیە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان