ئارامتر بخوێنەوە!

تێئۆریی ئاریایی و هیندوئەورووپی

ناسنامەیەكی داگیرکاریی دژ بە کورد

هادی عەزیزی

ئاماژە

“كێشەگەلێك كە لە ڕێی زمانەوانییەوە نەیدەتوانی ڕیشەی كورد بسەلمێنێ، هەمووی بوون بە هۆكار كە دەیڤید نیل مەكێنزی لە ساڵی ٦٩ ٠ بەو ئاكامە بگا كە بۆ دۆزینەوەی ١ ڕەگەزی كورد، پێویستە لە دەرەوەی گۆڤانی زمانەوانی بۆی بگەڕێن، شتێك لە دواتر لەسەر هەمان كێشە لە لایەن كاڤالی سفۆرزا لە زانستی چەند ڕشتەییدا تێكەل كرا، كە لە بەشێكیدا لە هەژدە خاڵی جیاوازدا لێكۆڵینەوەیان لە سەر خەڵكی كوردستان و دەور و پشتی كوردستان كردووە. سەرەتای لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان دەرخست كە كورد لە گەڵ خەڵكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێكچوونیان هەیە.”

لەم نووسینەدا، سەرەتا بە ئاراستەیەكی ھەڵە دەست پێ دەكەین كە زۆرینەی ڕۆژھەڵاتناسان و مێژوو نووسان وەكوو مێتۆدێكی لێكۆڵینەوە و ئامرازێكی مێژوویی، كردوویانە بە ڕێچكە و لە سەر ھەمان بنەماش دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان و بەتایبەتی فارس، خۆیان لە سەر ئەو ڕێبازە بەھێز كردووە.

ئەم مێتۆدە وەك سەرەتایەك هیندە ڕێگە خۆشكەر بوو ھەتا فارسەكان تەنانەت لە ناوەندە ئاكادمییەكانیشیاندا بە چەند قات زیاتر چەواشەكاریشی پێوە دەكەن.

نموونەی بەھێزی سەلماندنی ئەو درۆ و چەواشەکارییانەی ئەوان وای كرد كە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە لەندەن كتێبێك لە سەر ھەخامەنشی و كەسایەتیی كوورشی فارسی بنووسن و پێیان بسەلمێنن كە ئەوە ئێوە نین كە بەم شێوەیە باسی خۆتان دەكەن.

(Irving Finkel

The Cyrus Cylinder: The Great Persian Edict from Babylon)

مێتۆد و شێوازە ھەڵەكەی ناو ڕۆژھەڵاتناسان و مێژوونووسان:

[بە شێوەیەكی نەریتی كوردەكان وەك ئێرانی و بنەچەكی ئێرانی دەناسرێن، ھەر بۆیە بە شێوەیەكی گشتی بە هیندوئەورووپی ھەژمار دەكرێن، چونكە دەڵێن بە ئێرانی قسە دەكەن]

ئەم شێوازە بە گشتی لە لایان زمانەوانان و لێكۆڵەرانی مێژووی زمانەوە پەرەی پێ دراوە و ئەو فاكتانەی كە وەك بنەڕەتی تێزەكە پشتی پێ سپێردراوە، تەنیا وێكچوونی زمانییە.

ھەڵەی گەورەی ھەموو مێژوونووسان و لێكۆڵەران ئەوە بوو كە ھیچ كاتێك نەیانویستووە یان نەیانتوانیوە، زمانی كوردی لەگەڵ زمانە “ناسامییەكان” ـی ناو ڕۆژھەڵاتی ناوین یان میزۆپۆتامیا لێك بدەنەوە، ھەر چی لە لێكۆڵینەوەكانی ئەوانەوە دەرەكەوێت،خوێندنەوەیان لەسەر کورد تەنیا و تەنیا لە ڕووی مێژووی دەوڵەتی میدییەوەیە كە ئەوەش، ھەموو گریمانەكان بێ ھێز دەكات.

سەرھەڵدانی دەستەواژەی هیندوئەورووپی و دواتر گۆڕانی بە هیندوئێرانی و هیندوئەڵمانی، ھەروەھا تێكەڵ بوونی تێزێكی ھەڵە بە ناوی “ئاریایی” لە گەڵ ئەم دەستەواژانە، مەجالێكی بۆ فارس ڕەخساند كە لە دوای ئەوەی لە سەردەمی موزەفەرەددین شای قاجاردا یاسایەكی كرچ و كاڵی بنەڕەتییان بۆ دامەزراندنی وڵاتێكی یەكدەست نووسیبۆوە، بەم تێزانە لە سەردەمی ڕەزای پەھلەویدا نەخشەیەكی نوێ بە باڵادەستیی فارس بە سەر نەتەوەكاندا بكێشنەوە و “ممالك محروسە” كە جاران تا ڕادەیەك خۆیان باڵادەستی خۆیان بوون، بە یەكجاری لە ناو وڵاتێكی تازە بە ناوی ئێراندا بخنكێندرێن، كە كوردستانی ئێمەش لەم پیلانە بێبەش نەبوو.

بۆ ئەوەی ئێمە بەرپەرچی ھەموو ئەو تێزانە بدەینەوە، پێویستە بە شێوەیەكی بنەڕەتی ھەموو تێزەكان شیتاڵ بكەین و بە سەر مێژوویاندا بچینەوە. شیكردنەوەی پێ بە پێی ئەم قۆناغانە دەتوانێ ڕۆشنگەرییەكی بەھێز بە ئێمە ببەخشێ، كە دواتر بتوانین زیاتر لە حەقیقەتی “كورد و كوردستان” تێبگەین.

وەك سەرەتا باسمان كرد بە ھۆی ھەبوونی ھەندێك بەڵگە و وێكچوونی زمانی، كورد بەستراوەتەوە بە لقی زمانە ئێرانییەكانەوە و ئەوەش كارێكی وای كرد كورد بكەوێتە بازنەی زمانەكانی هیندوئەوروپییەوە كە زمانی كوردی لە ھەموویان كۆنتر بوو.

مێژووی تێئۆری هیندوئەورووپی زۆر كۆن نییە و كاتی خۆی دادوەرێكی سەربازیی بریتانیا بە ناوی سێر ویلیام جۆنز(sir william jones 1746-1794) كە وەك حاكمێك لە هیندوستانی ژێردەستی بریتانیا بڕیاری دەدا، ساڵی ١٧٨٦ بە سەرنجدان بە پەیوەندیی نێوان زمانی سانسكریت و یۆنانی و لاتین، بیرۆكەی هیندوئەوروپی بە مێشكدا ھات، بەڵام ئەو كاتە ھیچ ناوێكی لێ نەنا.

جۆنز لە ئێرانی ئەو كات كە ھێشتا ناوی ئێران نەبوو، زۆری ھاتوچۆ دەكرد و شارەزایییەكی باشیشی لە فارسیدا ھەبووە، تەنانەت ئەو بۆ فێربوونی زمانی عەڕەبی ماوەیەكیش لە شاری حەڵەبی ئەو كات ماوەتەوە كە بەشێكی زۆری دانیشتوانیشی كورد بوون، بەڵام ئەم زاتە ھیچ كات خۆی لە كوردستان و چیاكانی زاگرۆس نەداوە و تەواو لە زمانی كوردی بێ ئاگا بووە.

ھەر بۆیە بیركردنەوە لەم تێزە لە ڕووی بنەڕەت و بناغەی زمانناسییەوە نەبووە، چونكە ئەو تەنیا بەو زمانانە قسەی كردووە.

پێشتر لە لایەن ھەندێك خەڵكی دیكەوە سەرنجی پەیوەندیی نێوان زمانە ئەورووپییەكان درابوو، بەڵام ئەوە یەكەمین جار بوو كە كەسێك بەو جۆرە ئەو ھەموو زمانانە بەیەكەوە ببەستێتەوە كە لە یەك دوور بوون و جۆنز زمانی سانسكریتیشی بە تێئۆرییەكەوە بەستبۆوە.

دواتر ساڵی ١٨١٣ی زایینی، لێكۆڵەرێكی دیكەی بریتانی بە ناوی تۆماس یەنگ(thomas young 1773-1829) بۆ یەكەم جار دەستەواژەی هیندوئەورووپی(Indo-eropean) بۆ ئەو كۆمەڵە زمانانە دانا.

ھەر لەو سەروبەندەدا و دواتریش ئاڵمانییەكان بەم تێزەوە تێوەگلان و زۆرینەی جار لە بڕی دەستەواژەی هیندوئەورووپی دەستەواژەی هیندوئەڵمانی(Indo-germanic) ـیان بە كار ھێناوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕاوە كە ئاڵمانەكان دەستەواژەی هیندوئەورووپییان قەبوڵ نەدەكرد.

زۆرینەی لێكۆڵینەوەكانی ئەو كاتی ئەورووپا لە سەر ئاراستەیەكی فكری دەكرا كە لە تەوڕاتەوە وەرگیرابوو و لێكدانەوەی ھەڵە بۆ تەوڕات ئەوە بوو كە پێیان وابوو ئەم زمانانە تەنھا لە یەك بنەچەی زمان، بەڵكوو لە یەك ڕەگەزیشەوە ھاتوون، ئامانجی ئەورووپییەكان لەم گەڕانانەدا ئەوە بوومێژووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بدۆزنەوە. لە لایەكی دیكەشەوە ئەوان بۆ دیتنەوەی ڕەچەڵەكی خۆیان لە ناو مشتومڕێكی زۆر كەوتبوون.

لە سەدەی ھەژدە و نۆزدەھەمدا زۆر بە چڕی بە شوێن ڕەگەزی خۆیاندا دەگەڕان و حەولیشیان ئەوە بوو لە ڕۆژھەڵات شوێنێك بدۆزنەوە كە جێگەی سەرھەڵدانی ئایینە كۆنەكان بوو. ئەورووپییەكانی ئەو كات بە شێوەی زانستی ئەو كارەیان نەدەكرد، چونكە ھەژمۆنی ئایینی مەسیحی لە ناو نووسینەكاندا باو بوو و لە ھەمووشی گرینگتر ھێشتا زانستی ئاركیۆلۆژی دەستی پێ نەكردبوو، ھەر بۆیە ھەرچی ئەوان دەیانزانی ناوی ئەو نەتەوانە بوو كە لە كتێبە ئایینییەكاندا باسی كرابوو، كە میدی یان ماد و فارس و جوولەكە و هیندی لە خۆ دەگرت، ئەو كات ھێشتا ناوگەلێكی وەك سۆمەری و ھوری ناسراو نەبوون، ھەر بۆیە ئەوان لە ناو ئەو نەتەوانەدا دەگەڕان كە ناویان دەزانین.

لە ئاكامی ئەو ھەموو گەڕانەدا، گوتیان كە ئەم گەلە ئاری(aryan)بووە و مانای ناوەكەشی یانی ڕەسەن(noble).

[ئەمە ھەڵەیەكی ھەرە گەورەتر بوو كە ئەوان تێی كەوتن و لە بەشی سەلماندنی ڕیشە و ڕەگەزی كورد لە بەشی دووھەمی وتارەكەدا بە وردی و فورمولیزەكراو بەرپەرچی دەدەینەوە]

بە پێی باوەڕی ئەوان گوایە ئەم گەلە لە باكووری هیندوستان ژیاون و دواتر بوونەتە سێ بەش كە بریتین لە مید یان ماد و فارس و سانسكریت. یەكەمین جار ئەو بڕیارە لە لایەن كڕیستییەن لاسێن(christian lassen 1800-1876) ـەوە درا. ئەو داوای كرد وشەی ئاری یان ئاریایی لە بڕی دەستەواژەی هیندوئەورووپی بە كار بھێنرێت وەك ناوێكی گشتی بۆ خێزانی زمانە هیندوئەورووپییەكان و ئەو گەلانەی قسەیان پێ كردووە، لە سەر ئەوەی ناوی ئاری، دەتوانێ ھەستێكی ھاوبەشی ڕەچەڵەكی و جوگرافیایی بە ھەموو ئەم خەڵكانەی ناو بازنەی هیندوئەورووپی ببەخشێ كە ئەمەیان وەك بڵێی لە سەر بنەمای مێژوویی سەری ھەڵداوە كە تەواو نازانستی بوو.

ئاڵمانەكان پێشتر لە ساڵی ١٧٧٠ بە وشەی arier ئاشنا ببوون كە ئەوان ئەم وشەیەیان لە زمانەوانێكی پسپۆری هیندی و فارسی بە ناوی Abraham haycinthe anquetil-duperron وەرگرتبوو كە ئەویش وشەكەی لە ئاڤێستا و Rigivida(سەرچاوەی هیندی كۆن) وەرگرتبوو.

[Larrimore end Eigen, 2006, p 175]

بەڵام ھەڵبژاردنی ئەم ناوچەیە بنەمایەكی چەوتی ھەبوو، چونكە ئەوان بە ھەڵە تێگەیشتن لە تەوڕات بەو ئاكامە گەییشتبوون.

لە تەوڕاتدا باسی ئەوە دەكا ھەموو مرۆڤایەتی لە باخی ئەدێن (جنات عدن garden of eden) ـەوە ھاتووە.

[لە ھەر دوو ئایینی كریستیان و جوودا باسی ئەوە دەكرێت كە ئادەم و حەوا لە ئەدێنەوە ھاتوون و زاناكانیش زۆریان حەول دا ئەو شوێنە بدۆزنەوە، بەڵام وەك دەگوترێت چیرۆكەكە سۆمەرییە و ئادەم بە شێوەی Adamu نووسراوە و ئەو ناوچەیەش لای سۆمەر پێی دەڵێن Edin]

(Tsumura, 1989, p 123)

ئەورووپییەكان لە سەدەی ھەژدەھەمدا باخی ئەدێن ـیان بە شوێنێك دەزانی كە دەكەوێتە لای كشمیر و تبت ـەوە و ھەتاكوو سەدەی بیستەم لە سەر ئەو باوەڕە بوون، بەڵام دوای دەركەوتنی تێكستە سۆمەرییەكان، دەڵێن بنەچەی تەوڕات لە سۆمەر و مێزۆپۆتامیاوە وەرگیراوە و باخی ئەدێنیش ھەر لەو ناوچەیەیە. بۆ بنەڕەتی زمان و ڕەچەڵەك و دیتنەوەی ئەو شوێنە بە پێی خواست و بەرژەوەندیی وڵاتان جێی گۆڕاوە.

لێكۆڵەرێكی ئاڵمانی بە ناوی جولیۆس كلاپرۆس( 1783-1835 Julius Klaproth) كە مووچەخۆری رووسییای قەیسەری بوو، لە سەر ئەوەی ڕەوایی بە ئەم پڕۆژەیە بدات، ئاماژەیەكی بۆ زمانەكانی ناوچەكە كردووە و باسی ئەوە دەكا كە دوای تۆفانەكەی نوح مرۆڤ ھەمووی پەنایان بۆ چیاكان بردووەو بنەچەكی مرۆڤ لە ھیمالیا و قەوقازەوە دەست پێدەكا. بۆ پاداشتی ئەو كارەی كرا بە ئەندامی ئاكادیمیای ڕووسی و دواتریش نازناوی ئاكادێمیسییەنی پاشایەتیان پێدا.

(Eigen and larrimore, 2006, p 173)

لە ڕاستیدا تێئۆریی ئاریایی و ئەورووپی لە ھەموو سەردەمێكدا بە مەبەستی سیاسی بە كار ھاتووە. figueira 2002 فیگوێریا لە دوو توێی كتێبێكدا باس لە بەكارھێنانی ناسنامە جیاوازەكان بۆ مەبەستی جیاواز دەكات و بەشێكی زۆریشی بۆ ئەفسانەی ئارییەكان تەرخان كردووە.

فیگیوێریا دەگێڕێتەوە كە چۆن بریتانیاییەكان سودیان لەو تێئۆرییە وەرگرتووە و چۆن بە یارمەتیی ئەو ئەفسانەیە خۆیان لە گەڵ هیندییەكان كردووەتە ھاوڕەگەز و مانایەكی مێژوویی و ڕەوایان بە داگیركردن و حوكمڕانی لە هیندوستان داوە و خۆیان بە تەواوكەری ئاریایییەكان داناوە، [وەك ئەوەی وا ئێستا ڕێك فارس دەرحەق بە كورد دەیكا].

ھەروەھا چینی خوێندەوار و دەسەڵاتداری هیند لەم تێئۆرییە كەڵكیان وەرگرتووە كە خۆیان بە ھاوشان و ھاوڕەگەزی بریتانیایییەكان بزانن، بۆخۆشیان ھەندێك شتیان بە ئەم تێئۆرییە زیاد كردبوو كە دەیگوت: هیندی لە ڕەگەزی پاكی ئارین و ئایینی هیندووسی لە بنەڕەتدا ئایینی ئاریایییەكان بووە و ئیسلام و ئایینەكانی دیكە تێكیان داوە. ئەم بیرۆكەیە ئێستاش هیندووەكان وەك چەكێكی سیاسی كەڵكی لێ وەردەگرن.

ئەو تێئۆرییە ھەتا ئەمڕۆش لە ناو ئێراندا سوودی لێ وەردەگرن و بە مەبەستی مانادان بەم نەخشە سیاسییەی ئێران، فارسەكان خۆیان بە ئاریایی دەزانن و بە كوردیش دەڵێن تۆش ئاریایی و ڕەسەنیت و ھەموومان لە یەك ڕەچەڵەكین و نەتەوەكانی عەرەب و تورك دەبنە ھۆی تێكدانی وڵاتی ئاریایییەكان. بەم شێوەیە دەیانھەوێ كورد بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و كورد حوكمڕانیی ئێران بە بەشێك لە ڕاستیی مێژوویی بزانێت و لە ناو ئەم نازناوە ئەفسانەیییە قەبوڵی دەسەڵاتیان بكات و لە ھەمان كاتیشدا ئێرانییەكان دەیانھەوێ مانایەكی مێژوویی بە پان ئێرانیزم بدەن. زۆربەی جار بە كورد دەڵێن: تۆ لە خێڵە ئاریایییە ڕەسەكانی و وەكوو ئەوە وایە میداڵیای خەڵات بە كورد ببەخشن. نكۆڵی لەوە ناكرێ كە پەیوەندیی نێوان بە ناو زمانە هیندوئەورووپییەكان ھەیە، بەڵام دەستنیشان كردنی یەك ڕەگەز وەك بنەچەی ئەو زمانانە شتێكی مەحاڵە، لە بەر ئەوەی زمان و ڕەگەز دوو شتی جیاوازن.

مەرج نییە ھەموو ئەوانەی بە زمانی هیندوئەورووپی قسە دەكەن لە یەك ڕەگەز بن و جگە لەوەش ھیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە پاڵپشتی ئەو بۆچوونە بكات.

ئەم ھەڵانە تا ڕادەیەكە كە رودیگێڕ ئیشمیتی ئاڵمانی(schmitt rûdiget) باس لە تێزی زیرەكانەی ژیلبێرت لازاد(gilbert lazard) دەکات لە كتێبی compendium lingurum iranicarum كە بە ناوی زمانی ئێرانی و ئاریاییەوە، دەگەرێتەوە بۆ سەر ئەو كتێبەی كە بە سیاسەت و بناغە لە ئاڵمان لە ساڵی ١٩٠٣ چاپ كراوە.

[Grundriss der iranischen philologie, wilh geiger-ernst kuhn]

لەم كتێبەدا بە بیانووی وێكچوونی زمان، بە ئاشكرا پەرە بە ھزری ئێرانچییەتی دەدرێ، بێ ئەوەی باسێك لەوە بكەن كە تێزی هیندوئێرانی چۆن دامەزراوە. لە ھەمووی ئەوانە خراپتر ژویس بلو (Joyce blau) وەك كوردیزانێك كە زیاتر شارەزایی لە كورمانجیی ژووروودا ھەیە، بە چەند نووسینێكی زمانی دەیھەوێ ڕەچەڵەك و نەتەوەی كوردیش لە بەر یەك بپچڕێنێ و ھەورامی و زازا وەك نەتەوەی جیاواز نیشان دەدا و لە زمانەوانەوە دەبێت بە ئاركیۆلۆژیست. [ژویس بلو ئێستا لە ئەنستیتۆی بەناو نەتەوەیی كورد لە پاریسە و شاگردی كامەران بەدرخان بووە].

لە گەڵ گۆڕانی باری سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ئاڵمانەكاندا ئەم تێئۆرییەش گۆڕانی بە سەردا ھات و ئەیگن و لاریمۆر(Eigen and larrimore, 2006) لە كتێبێكدا بە ناو نیشانی: داھێنانی ڕەگەز لە لایەن ئاڵمانەكانەوە، باس لەوە دەكەن كە ئاریایی وەك ئەفسانەیەك لە سەدەی ھەژدە و نۆزدەدا پەرەی پێ دراوە و دواتریش تەنانەت بووەتە ھۆی ئەوی كە ڕەگەزیشی لە سەر دابمەزرێت.

“the german in vention of race”

لەم كتێبەدا دەڵێ: ئەفسانەی ئاریایی دوورە لە زانست و پێداگریشن لە سەر ئەوەی ئاریایی تەنیا وەھمێكە. ئاریا یان ھاریا ناوچەیەك بووە لە باكووری ئەفغانستان و باكووری ڕۆژھەڵاتی ئێرانی ئێستا و باشووری توركەمەنستان كە ھیچ پەیوەندییەكی بە زانستی زمانناسی و ڕەگەزناسییەوە نییە، ھەتا ڕەچەڵەكیشی لە سەر بدۆزنەوە.

ھەر بۆیە ئێمەی كورد بەم جوگرافیایەی ئێستامان كە نێوان چوار دەوڵەتی داگیركەر و ھەروەھا بە پیلانی زلھێزانی دنیا دابەش كراوە، دەبێ زۆر بە وردی لە سەر زمان و ڕەچەڵەكی كورد ھەڵوێست بگرین.

ڕەچەڵەكی كورد و لێكۆڵینەوە لە سەر ئەم ڕێبازە

وەك لە بەشی یەكەمدا باسمان كرد كە بە گریمانەی وێكچوونی زمانی دەیانویست و دەیانھەوێ ڕەچەڵەك بۆ كورد بدۆزنەوە و بە زۆر بە ئێرانییەوە بلەكێنن. بەڵام پێشكەوتنی زانست و بە پێی نوێترین لێكۆڵینەوەكانی DNA لە مرۆڤناسیدا، نیشانی داوە كە بە چوونەژوورەوە بۆ ناو ڕیشەی سەرەتایی، ئەژدادی كورد باپیری ئەو مرۆڤانەن كە لە دەشتە كشت و كاڵییەكانی باكووری نێئۆلۆتیك واتە كوردستانی ئەمڕۆ ژیاون و ئەم جوگرافیایەش بە گشتی باكووری ڕۆژاوای ئێرانی ئێستا و ڕۆژھەڵاتی نزیك ئوراسیا(نێوانی ئەورووپا و ئاسیا) دەگرێتەوە.

ئەژدادی كورد لە ڕێگەی ئەو كۆچەرانەی كە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە ھاتوون بە شێوەیەكی میلیتاریزەكراو بە ئێرانی كراون.

ئەم داتا نوێیانە نیشانی داوە كە كورد لەم كۆچەرانە نییە كە بە ناوی ئێرانی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە ھاتوون و ھەروەھا لەو كۆچەرانەش نییە كە لە ئەورووپاوە ھاتوون.

ئەم نێرینە نوێیە دەیسەلمێنی كە كورد لە باری زمان و ئیتنیك و نەژاد باگراوەندێكی جیاوازی ھەیە كە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ باپیرانی كورد.

ئەم بەرچاوروونییەش كە دەڵێ كورد لە ژێنێك و تۆرەمەیەكی جیاوازن لە زانستێك بە ناوی زانستی چەند رشتەیی وەدەست دێ كە بریتییە لە: 

palaeo/archeo-genetic evidence 

گۆڤان(شواھد) ی دێرینەناسی

Mainly DNA research on skeleton

لێكۆڵینەوە لە سەر ئێسك و پرووسك یان ئیسكلێت

Evolutionary anthropology-DNA genealogy of people living today

مرۆڤناسیی گەشەیی/گەشەكردوو لەو مرۆڤانەی وا ئێستا دەژین

Historial terminology-mainly cunei

زاراوەكانی مێژوو- ڕێڕەوی ڕاست یان خەتی

Onomasticon, linguistics(in paticular re constraction of old-irania using the example of ergative)

زانستیی بنچینەییی زمانەوانیی مێژوویی بۆ ناوی تایبەت(چاك كردنەوەی ئەو ناوانەی وا لە ئێرانی كۆندا ھاتووە وەك زمانێكی بێ كەماسی)

Science of history

كە دەبێتە زانستی مێژوو

 ھەموو ئەم زانستانە پێكەوە ئەم زانستە نوێیەیان پێك ھێناوە.

ئەم زانستە كاتێك بۆ یەكەمجار سەربەخۆیی كوردی وەك ڕەچەڵەكی جیاواز و خەڵكی ڕەسەن سەلماند لە لایەن دوو كەس لە ئان ئاربوور و بۆستۆنی ئامریكا ھاتە ئاراوە كە ئەم كەسانەن: گیرنۆت ل.ویندفۆھێر(gernot l.windfuhr) كە ئێرانۆلۆژیستە و ھەروەھا ئاناتول ئا.كلیۆسۆڤ(anatole a.klyosov) كە ژێنۆلۆژیستە.

شرۆڤەی سەلماندنی ڕەچەڵەكی كورد:

كورد لە مێژوودا ھەر لە سۆمەرەوە ھەتا ئاشووری و ئەكەدی و یۆنانی ھەر كامەیان ناوێكیان بۆ نووسیوە كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەرك نەكردنی ناوی ڕاستەقینەی كورد و ھەروەھا ئەوەی كە ھەر كامەیان بە زمانی ئاخاوتنی خۆی ناوی كوردی ھێناوە

بەڵام یەكەمین لێكۆڵینەوەكان لە سەر كورد لە لایەن دوو مسیۆنێری ئیتالییەوە دەستی پێ كرد كە لە لایەن كلیسای كاتۆلیكەوە بۆ بە مەسیحی كردنی كورد ڕاسپێردرابوون.

ئەم دوو ئیتالییە بە ناوەكانی مائۆریزیۆ گارزۆنی(maurizio garzoni 1734-1804) و ژۆزێپ كامپانیل(giuseppe campanile 1762-1835) ھەندێك كتێب و نووسینیان لە سەر كورد و زمانەكەی ھەیە. ساڵی ١٩٩٠ ی زایینی لە لایەن كەسێكی دیكەی ئیتالییەوە بە ناوی لوییگی لوكا كاڤاڵی-سفۆرزا(luigi luca cavali-sforza 1922-2018) لە لێكۆڵینەوەیەك لە ژێر ناوی: مێژووی جوگرافیای ژێنەكانی مرۆڤ (the history and geography of human genes) گۆمی ھەموو لێكۆڵینەوەكانی دنیای شڵەقاند و بیرۆكەیەكی نوێی سەبارەت بە كورد ھێنا ئاراوە كە دەیسەلمێنێ كورد نە لە ئاسیا و نە لە ئەورووپاوە نەھاتووە، بەڵكوو خەڵكی ڕەسەنی كوردستانن.

شی كردنەوەی تێگەیشتنە ھەڵەكان لە كورد كە جاران كرابوون:

١.ھەڵەیەك بە ناوی كورد و باكووری ڕۆژاوای ئێران 

ئەم تێئۆرییە بە ھەڵە میدی یان مادەكانی بە ھۆی وێكچوونی زمانی بە هیندوئێرانی بەستووەتەوە و دەیھەوێ بڵێ كورد وەك نەوەی مادەكان ئیرانین، چونكە بە ئێرانی قسە دەكەن.ئەم شتە تا ئێستاش وەك دامەزراوەیی باس دەكرێت بەڵام وشەی زۆر لە مادەكاندا نەدۆزراوەتەوە كە ئەوە بسەلمێنێ.

ئەو تێئۆرییە كە كورد مادەكانن لە سەدەی نۆزدەھەم لە لایەن مێژوونووسێكی ڕۆمای كۆن بە ناوی بارتوڵد جۆرج نیبور(barthold georg niebur 1776-1831) كە بە ئاڵمانی نووسیبووی سەری ھەڵدا، كە نووسەر دەڵێ كورد نیوە ئارامی ونیوە ماد و فارسن.

[vorträge über alte geschiche, Berlin, 1843]

{half aramaeie and half median-persian people}{kurden ein halb aramäisches und halb medisch-persian che volk}

دواتر ئەم تێئۆرییە كە كورد لە مادەكانن لە لایەن مێژووناسی ڕووسی ڤلادیمیر فیدۆرڤیچ مینۆرسكی بە جیھانی كرا.

(vladmir fedorvich minorsky 1877-1966)

٢.باكووری ڕۆژھەڵاتی ئێرانی ئەمڕۆ:

ئەم تێئۆرییە لە لایەن ڕۆژھەڵاتناسێكی سوئیسییەوە بە ناوی ئاڵبێڕت سوسین(albert socin 1844-1899) هاتووەتە ئاراوە کە لە نووسێنیكدا بە ناوی (grundriss der iranischen philologie) باس لەوە دەكا كە كورد لە ڕۆژھەڵاتی ئێرانەوە ھاتوون و دواتر بەرەوە ڕۆژاوا ڕۆیشتوون.

٣.باشووری ڕۆژاوای ئێران:

ئەم تێئۆرییە لە ئەوانەی دیكە سەقەتتر بە ھۆی وێكچوونی زمانی نێوان كورد و بەلوچ و فارس دەڵێ: كورد و بەلوچ و فارس ڕیشەیەكی ئیتنیكیان ھەیە وكورد خەڵكی باشووری ڕۆژاوای ئێرانن.

ئەم لێكۆڵینەوەیە ساڵی ٢٠٠٩ لە لایەن كەسێكی ئەرمەنیی لەدایكبووی ئێران كە ئێستا لە ئەرمەنستان دەژی، بە ناوی گارنیك ئاساتریان (Garnik asatrian) پێداگریی لە سەر كراوەتەوە كە ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەرمەنی ھەر لە سەردەمی داگیركارییەكانی تیگران پاشا لە سەردەمی ئەشكانییەوە خۆی بە خاوەنی ورمێ و باكووری كوردستان دەزانێ و بە ھەموو ڕوانگەیەك حەول دەدەن لایەنی باكووری كوردستان بۆ ئەرمەنی بگەڕێننەوە.

دواتر ئەو تێزەش لە لایەن ئێرانۆلۆژیستێك بە ناوی گێرنۆت ویندفۆھێر(Genot windfuhr) بەرپەرچ دراوە و دەڵێ: ھیچ بەڵگەیەك نییە ئەوە بسەلمێنێ و ھەرچی ھەیە سەلماندوویەتی كورد لە سەرووی فارسەكاندا ژیاون.

ئەم تێئۆرییانە كە بە تایبەتی لە سەر كورد ئاماژەمان پێ كردن، ھەموویان لە تێزەكانی سەدەی نۆزدەھەمەوە سەرچاوە دەگرن كە دەیانھەوێ لە ڕێگەی وێكچوونی زمانییەوە رەگەز و ڕیشە و جوگرافیای كورد دیاری بكەن.

تەواوی ئەو تێزانەی ھەتا ئێستا لە سەر كورد نووسراون لە لایەن ئەنجومەنی ئانترۆپۆلۆژیی ئامریكاوە بە توندی بەرپەرچ دراونەتەوە و دەڵێن:

“ئەوەی ھەتا ئێستا لە سەر كورد نووسراون ھیچی ڕاست نین، چونكە ھەمووی حەول دەدەن ڕەگ و ڕیشەیەكی ھاوبەش بۆ كورد بدۆزنەوە”

(American antropological association)

(e.g american journal of physical anthropology, vol.101[1996]569-570)

لە ڕابردوودا زۆر نموونەی وا ھەبوون كە بۆ سەلماندنی ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیەك لە زانستی زمانناسی كەڵك وەرگرن. تەواوی ئەوانە لە كاتێكدان كە ھەندێك زاناش دەڵێن كورد ھەر چیایی بوون. بەڵام، بەردی بناغەی سەلماندنی كورد لە لایەن دوو زاناوە دارێژرا كە دەڵێن كورد نەوەكانی گۆتی و لۆلۆیین و خەڵكی ڕەسەنی زاگرۆسن.

ئەوانیش نیكۆلای یاكوڤێلڤیچ مار و ئاڤیگدۆر سپایزەر بوون.

(nikolai yakovelvich marr 1864-1934)

(ebhraim avigdor speiser 1902-1965)

[speiser, mesopotamian orogins, 1930, 110-119]

ئەم كێشانەی كە لە ڕێی زمانەوانییەوە نەیدەتوانی ڕیشەی كورد بسەلمێنێ، ھەمووی بوون بە ھۆكار كە ئێرانۆلۆژیستی بریتانیایی دەیڤید نیل مەكێنزی لە ئاڵمان لە ساڵی ١٩٦٠ بەو ئاكامە بگا كە بۆ دۆزینەوەی ڕەگەزی كورد، پێویستە لە دەرەوەی گۆڤانی زمانەوانی بۆی بگەڕێن و نووسێنیكی بە ناوی

[the orginis of kurdish transactions of the phiblogical society,1961:p8]

بڵاو كردەوە.

شتێك لە دواتر لە سەر ھەمان كێشە لە لایەن كاڤالی سفۆرزا لە زانستی چەند ڕشتەییدا تێكەل كرا، ڕووناكییەكی زیاتری بەخشی، كە وەك پێشتر باسمان كرد لە ژێر ناوی مێژووی جوگرافیای ژێنەكانی مرۆڤ، كە لە بەشێكیدا لە ھەژدە خاڵی جیاوازدا لێكۆڵینەوەیان لە سەر خەڵكی كوردستان و دەور و پشتی كوردستان كردووە. سەرەتای لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان دەرخست كە كورد لە گەڵ خەڵكی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وێكچوونیان ھەیە.

ئەم وێكچوونە سەرەڕای تێكەڵیی ژینگە و فەرھەنگ و زمان، توانی ئەوە بسەلمێنێ كورد لە گەڵ خەڵكی ڕۆژھەڵاتی ناوین و ئوراسیا وێكچوونی زیاترە.

چەند ساڵ دواتر gernot windfuhr لە وتارێكدا لە ann abor باس لەوە دەكا كە كورد DNA ـەكی جیاوازتری ھەیە، سەرەڕای ئەوەیكە وێكچوونی لە گەڵ خەڵكی ئەو ناوچەیە ھەیە.

ھەر بۆیە ویندفۆھێر سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكانی ئاكامێكی سەرنجڕاكێشی پێشكەش كرد كە بە سێ دەستە دابەش دەبوون.

١.كورد و كاسپییەن

٢.ئێرانی و فارس وەك ناوڕاستی ئێران

٣.ھەزارەی تاجیك(دەری و پەشتوو)

لە لێكۆڵینەوەكەی سفۆرزا و ھاوكارەكانی كورد وەك بەشێك لە خەڵكی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە كاسپییەنەكان نزیكترە ھەتا لە فارسەكان و ناوەڕاستی ئێرانی ئەمڕۆ.

ھەتا پێش ١٩٩٤ كە ئەم جۆرە لێكۆڵینەوەیە كە بێت چەند زانست تێكەڵ بكا نەبوو.ئەم زانستە نوێیە ئەم سنوورەی بەزاند كە پێشتر باسێكی كلاسیكی لە سەر كورد دەكرد؟! كە تەنیا لە ڕێی زمانەوە بوو كە لە مەیدانێكی گەورە و ئیتنیكیدا خۆی بینیبۆوە، ھەر ئەوانەش بوون بە ھۆكار ھەتا ئەوە نیشان بدرێت كە كورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و میزۆپۆتامیا نزیكە ھەتا ئێران.

دوای ئەم لێكۆڵنەوە گرینگانە لە ئاستی ناونەتەوەییدا كۆمەڵێك بەدواداچوونی دیكە كرا كە لێرەدا باسیان دەكەین و وەك نزیكترین و نوێترین لێكۆڵینەوەكانی گۆی زەوی لە سەر ڕەچەڵەكی كورد جێی بایەخن.

ئەم لێكۆڵینەوانە لە ڕێی بەدەستھێنانی ژێن و DNA ئێسكلێتە كۆنەكانی كوردستان و مرۆڤی كوردی ئێستا بەراوەرد كراون و تەنانەت ئەوەش دەركەوتووە كە ھەتا دوێنێ دەیانگوت ھەورام و زازا لە ڕەگەزی كورد دوورن، بە پێچەوانە ھەموو كورد لە كوردستان لە ھەموو شێوەزارەكان و لكەزارەكان، سەرەڕای ھەورزا و نشێوی جوگرافیا، یەك ڕەچەڵەكیان ھەیە.

ئەم تاقیكردنەوانە لە ڕێی بە دەست ھێنانی Mtdna, y-Dna, y-chromosome كراوە كە پێشەكی ئەم وشانە بۆ ناساندن شیتاڵ دەكەین.

Mtdna:

ئەم بەش و پێكھاتەیە دەگرێتەوە كە لە ناسینی ژێندا لە دایكەوە بە مناڵ دەگا و دەكرێت لە ڕووی ئەم لێكۆڵینەوەیەوە ڕەگەز و ڕیشەی دایكی مناڵ بدۆزرێتەوە كە بۆ ناسینی ڕەگەز  لە لایەن دایكەوە كەڵكی لێ وەردەگرن.

Y-Dna

لێكۆڵینەوەیەكی تایبەتە كە ئەویش بۆ ڕەچەڵەكناسیی ژێنی مرۆڤ كەڵكی لێ وەردەگیرێت.

Y-chromosome

لێكۆڵینەوەیەكە لە ڕەچەڵەكناسیدا كە باس لە میراتی باوك بۆ كوڕ دەكا لە ڕێی ژێنۆلۆژییەوە.

یەكەم لێكۆڵینەوە نوێیەكان:

لە ڕێی ئەم مێتۆدە نوێیە و بەراوەردكردنە، لە ساڵی ٢٠٠٠ بەولاوە لێكۆڵینەوەكان بە شێوەیەكی چڕ دەستیان پێ كرد كە سەرەتا لە سەر كوردانی توركەمەنستان و ناوچەی فیرووزە تاقی كراوە، ھەتا وەك نزیكترین ڕاگواستووانی كورد لە سەردەمی سەفەویدا كە لەگەڵ كوردانی خۆراسان كۆچبەر ببوون، شتێكی نوێ وەدەرخا كە خۆشبەختانە لێكۆڵینەوەكە سەركەوتوو بوو.

دواتر زنجیرەیەكی دیكە لە لێكۆڵینەوە لە نێوان كوردانی گورجستان و كوردەكانی ئەرمەنستان و كوردەكانی باكوور و كوردی باشوور بە ئێزدی و موسوڵمانەوە كرا، كە خۆشبەختانە وێكچوونێكی زۆری ھێنا ئاراوە و زیاتر كوردی لەم ئیسك و پرووسكانە نزیك كردەوە كە ھەزاران ساڵ لەوە پێش لە كوردستان ژیاون و ئەنجامێكی ئاكادیمیی گەورەی بە دەستەوە دا ھەتا كورد لەم زنجیرە ئەفسانەییەی ئێرانی بوون بپسێنێ.

ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن كەسێك بە ناوی ئیڤان ناسیدز (ivan nasidze) لە ناوەندی ئانترۆپۆلۆژیی ئاڵمان لێكۆڵینەوەیەكی جددی لە سەر ژێنی كورد كرا كە جیاوازیی ئێم.تی دی ئێن ئەی و جیاوازی وای.كرۆمۆزۆمی كوردیان دەرخست و ساڵی ٢٠١٠ لێكۆڵینەوەیەكی چەند ڕشتەیی دێرینە ناسیشیان تێكەل كرد.

ناوەندی ئانترۆپۆلۆژیی ئامریكا و كەسانێكی وەك گێرنۆت ویندفۆھێر و ئاناتول كلیۆسۆڤ پشتیوانییەكی بەھێزیان لەم لێكۆڵینەوەیە كردووە و كەسێكی وەك كلیۆسۆڤ دیسان بە رەخنە گرتن لە گرووپە كۆچەرییەكانی ناوەڕاستی ئاسیا، بە لێكۆڵینەوەیەكی وەردتر توانی ئەوە بسەلمێنێ كە كورد “باپیری ئەو شوانە كۆچەرانەنن كە ھەزاران ساڵ لەوە پێش لە میزۆپۆتامیا و ناوچە كشت و كاڵییەكانی باكووری میزۆپۆتامیا ژیاون”.

ئەم ناوچەیەی كە كورد بۆ جاری یەكەم لە چاخی نێئۆلێتیكدا لە وێ ژیاوە، دەكەوێتە لای باكووری كوردستان و نزیكە لە پەرستگای گرێ ناڤۆكێ لە ناوچەی خەرابەرشك لە نزیك شاری رحای باكووری كوردستان كە كۆنترین پەرەستگای كۆچەرییە، كە دواتریش ئەم لیكۆڵینەوەیە ئەوە دەسەلمێنێ كە هیندوئەورووپی زادەی كوردن، نەك كورد لە بازنەی ئەواندا.

تێبینی

خوێنەری بەڕێز ھەر وەك دەبینن لەم وتارەدا بە ھیچ شێوەیەك باس لە ئەو لێكۆڵەرە كوردانە نەكراوە كە لە مێژوودا لە سەر نەتەوەی كورد كاریان كردووە، ئامانجی من لەم كارە یەكەم ئەوە باش دەزانم لێكۆڵەی كورد لە لای كورد بێ خاوەنە، دووھەم ڕوخساری ڕاستەقینەی ھەموو ڕۆژھەڵاتناسان و مێژوونووسان نیشان بدرێ كە زۆر جار كورد دڵی بە بەشێكیان خۆش كردووە.

خاڵێكی دیكەی ئەم نووسینە ئەوەیە كە ڕەنگە لە كۆتاییەكەدا كە بە شێوەی زانستی باس لە ڕەچەڵەكی كورد وەك باپیرانی ڕۆژھەڵاتی ناوین دەكات، خوێنەر تووشی ئەم ھەستە بكات كە منی نووسەری كورد بۆ لای نەتەوەكەی خۆم ڕامكێشابێ، بەڵام بە ھۆی نوێبوونی زانستەكە كە ھێشتا داگیركەرانی كوردستان دەستیان پێی ڕانەگەیشتووە، دەمەوێ ئەوە بڵێم كە جیا لە سەرچاوەكان وەك پاشكۆی نووسین، ئەم وشانەی خوارەوەش دەتوانن لە لێكۆڵینەوەی زیاتر و حەقیقەتی مژارەكە نزیكتان بكاتەوە.

Mtdna kurdish

Y-chromosome kurdish

Y-dna kurdish

Ivan naidze

Mark stoneking

Dominique quinque

Nina bendukidze

خاڵی كۆتایی ئەوەیە كە لە نووسینێكی دیكەدا تەواوی ئەم لێكۆڵینەوە نوێیانە كە DNA كورد شتیاڵ دەكا و بەپێی دێرینەناسی بەراوەردی دەكا، بە بەڵگەوە دەخەینە بەرچاوی خۆێنەری كورد.

سەرفەرازی بۆ كورد و كوردستان

سەرچاوەكان:

The Origin of Kurds, Ferdinand Hennerbichler

American anthropoloLogical association, journal of physical anthropology, vol.101[1996]569-570

كورد كێیە؟ سۆران حەمەڕەش

Ephraim avigdor speiser, mesopotamian orgins

Ivan nasidze, MtDNA and Y‐chromosome Variation in Kurdish Groups

لێكۆڵینەوەكانی

Gernot l.windfuhr, ann arbor

Anatole a.klyosov

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان