ئارامتر بخوێنەوە!

تێرۆریزم لە ڕوانگەی جیاوازەوه

نووسین: د. عەبدولڕەحمان قاسملوو

وەرگێران لە فەڕەنسییەوە: حەسەن ئەیووبزادە

ئاماژە

تێرۆریزم، هێرش بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و ئازادیی خەڵکی بێ تاوانە کە لە شەڕی نێوان تێرۆریزم و دژبەرەکانیاندا بەشدار نین. لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا تەقاندنەوە یان دانانی بۆمب لە شوێنە گشتییەکان، بارمتەگرتنی خەڵک و ڕفاندنی فڕۆکە،  بە کردەوەیەکی دزێوی تێرۆر ناودەبردرێن . هەرچەندە ڕواڵەتەکانی دیکەی ئەم دیاردەیە لەوانە زیاترن و دەزگا ڕاگەیاندنە گشتییەکانی ڕۆژئاوایی ناویان نابەن و خۆی لێ دەبوێرن.

ڕێگا بدەن لەو باسەدا چەند پرسارێک بکەین

تێرۆریست کێیە؟ دەوڵەتێک کە بە ناوی پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەیی، خەڵکەکەی پەرێشان دەکا تێرۆریستە؟ ئاخۆ ئەم دیاردەیە تەنیا گرفتی وڵاتانی جیهانی سێهەمە کە دێکتاتۆرەکان بەسەریاندا حاکمن؟ ئایا ئەمە تەنیا تایبەت بە وڵاتانی جیهانی سێهەمە؟ ئایا وشەی “تێرۆریست” بۆ دژبەرێکی سیاسی دەبێ کە کردەوەیەکی تێروریستیی دژی دەوڵەت دەکا کە ئازادییە مەدەنییە دەستەبەرکراوەکانی قانوونی بنەرەتی پێشێل دەکا؟

ئەی لەمەڕ بزووتنەوەی ئازادیی نەتەوەیی کە بە ناوی ئازادی و سەربەخۆیی، تێرۆریزم هەڵدەبژێری چی دەگوترێ؟

ئەی ئەو وڵاتەی کە وڵاتێکی دیکە داگیر دەکا و بە زەبری تێرۆر، قانوونەکانی خۆی بەسەر خەڵکەکەدا دەسەپێنی؟

ئەی خەڵکێک لەگەڵ ترس و تۆقاندندا بەروەڕوو دەبن لەبەر ئەوەی کە دژی ڕاسیزم و گوشاری گرووپە قانونی و ناقانوونییەکان خەبات دەکەن؟

ئەو گرووپانە کەسانێکن کە بە دوای مەبەستی خۆیانەوەن کە خوازیاری گۆرینی سیاسەت، ئازادیی جینایەتکاران و ئەستاندنی پووڵی زۆرەملین.

بەراستی کێ تێرۆریستە؟

ئایا ڕەشەکانی ئافریقای باشوور کە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزیی” ئاپاراتاید” لە وڵاتەکەی خۆیاندا خەبات دەکەن تێرۆریستن؟ یان ڕێژیمی سپییەکان کە جیاوازیی ڕەگەزی دادەسەپێنن؟

ئایا خەڵکی کورد کە چەکی هەڵگرتووە و شەڕێکی عادڵانە بۆ پاراستنی پێناسەی نەتەوەییی خۆی دەکا تێرۆریستە؟ یان خومەینی تێرۆریستە کە لە ٧ ساڵی ڕابردوودا شار و گوندەکانی کوردستانی لە ئێراندا وێران کردووە و بە کۆمەڵ خەڵکی قەڵاچۆ کردووە؟٢

ئایا حکوومەتی ئانکارا تێرۆریستە کە بە گوشاری وەحشییانەی کە لە تورکیەدا بەسەر کوردیدا سەپاندووە قانع نییە و ئێستا خەریکی بۆمبارانی حەشیمەتی بێ دیفاعی کورد لە عیراقە؟

ئایا دەوڵەتی قانوونیی نیکاراگۆئە کە یارمەتی بە پێکەوە ژیان و ئاشتی لەو وڵاتە دەکا تێرۆریستە یان کۆنتراکان کە یارمەتیی بە لێشاو و پێشتیوانیی ڕەیگانیان لە پشتە تێرۆریستن؟

ئەگەر تێرۆریزم بە مانای هێرش بردن بۆ سەر ژیانی ئازادانەی خەڵکی بێ تاوان بێ، لەو حالەتەدا هەر کەسێ کارێکی ئەوتۆ بکا دەبێ وەکوو تیرۆریست سەرنجی بدرێتێ، چ ئەو کەسە تاک بێت یان ڕێکخراوە یان دەوڵەت.

ئەو پێناسەیە دەبێ بە بنەما دابندرێ ئەوەش لەگەڵ ڕوانگەی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا کە تەنیا لە کارتێکەرییەکانی تێرۆریزم دەکۆڵنەوە، یەک ناگرێتەوە. ڕۆژئاوا هەوڵ نادا لە هۆیەکانی تێرۆر بکۆڵێتەوە؛ پێویستە ئەو هۆیانە بۆ کەسێک کە خوازیاری بنەبڕکردنی تێرۆریزمە، ڕوون بن.

گوتراوە کە تێرۆریزم چەکی بێ بەشانە

دەبێ ئەوەش زیاد بکرێ کە تێرۆریزم ڕێگەی ئەو کەسانەیە کە ڕەنگە بیانەوێ تەنانەت لە بەرانبەر بێ عەداڵەتی، گوشار، دیکتاتۆری و ڕاسیزمدا دژکردەوەیان هەبێ. ئەم هۆکارانە کە بنەبڕ بکرێن، تێرۆریستەکان تەریک دەکەون و بە خێرایی مەترسییەکەیان کۆتایی پی دێ.

ئەگەر ویستە قانونییەکانی خەڵک دابین بکرێن و بێ عەداڵەتی نەمێنێ، هەموو کردەوەکانی تێرورۆیستان بە شێوەیەکی بەرین مەحکووم دەکرێن. چونکە تێرۆریستەکان کردەوە تیرۆریستییەکانی خۆیان بە ئیددیعای ویستە سیاسییە قانونییەکان دەڕازێننەوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا پێیان خۆشە بزووتنەوەی نەتەوەیی و خەباتی چەکداری لەگەڵ کاری تێرۆریستیدا تێکەڵ بکرێ، وێدەچێ تێرۆریزم لەگەڵ کردەوەی زۆر لە دەوڵەتەکاندا ڕێک بکەوێ، ئەگەر نەبێ ڕیک بخرێ.

نموونەی ئەو وڵاتانە زۆرن کە لەبەر پێویستیی خۆیان بە تێرۆریزم بۆ پەسند کردنی سیاسەتی تێرۆریستی، بە شێوەی ئاسایی خۆیان بە دژی تێرۆریست ناو دەبەن کە ئافریقای باشوور، شیلی و ئێران لەو ڕیزەدان.

کاتێ ڕەشەکان داوا دەکەن ئاپارتاید نەمێنێ، ئەوان ڕەشەکان بە تێرۆریست دەزانن، فەلەستینییەکان داوای وڵاتی خۆیان دەکەن. خەڵکی شیلی دژی دیکتاتۆرییە و ئێرانییەکان دیکتاتۆریی ئاخوندی ڕەت دەکەنەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ناچارکراوە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا دژی ڕژێمی خومەینی دەست بۆ خەباتی چەکداری بەرێ. ئەو خەباتە هەرگیز بەرەو تێرۆریزم نەکشاوە. بە پێچەوانەوە یارمەتیی کردووە بە ئازاد کردنی ژمارەیەک بارمتەگیراو کە حەوت کەسیان فرانسەوی بوون.

بزووتنەوە نێونەتەوەیییەکانی جێهان بەو شێویە هەڵسوکەوت دەکەن. ئەو شێوە هەڵسووکەوتە ناکەوێتە نێو گێژاوی تێرۆریزمەوە.

بە پێی پرەنسیپ، ئێمە تێرۆریزم ڕەت دەکەینەوە. چونکە پێمان وایە ئەو بنەمایە، ئازادیی کەرامەتی مرۆڤ دەستەبەر دەکا. هەروەها لە ڕاونگەی سیاسییەوە، لە درێژخایەندا تیرۆریزم، پرستیژی بزووتنەوە لە بەین دەبا و لە نێوخۆوە وێرانی دەکا. هەڵسەنگاندن و پێناسە کردنی نەگونجاوی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە تێررۆیزم، خەبات دژی ئەو دیاردەیە ئەستەم دەکا.

کردەوە تێرۆریستییەکانی دژی وڵاتانی ڕۆژئاوا مەبەستی جۆراجۆریان لە پشتە. تیرۆریستەکان بۆ ئامانجەکانیان پێویستیان بە پروپاگەندە هەیە. دەیانەوێ بە ناتەواویی دوژمنەکانیان ڕوحییەی مەعنەویی هێزەکانیان پتەو بکەن. ئەوان دەیانەوێت چالاکیە ئاساییەکانی دەوڵەتی دژبەر لە کار بخەن و هەوڵ دەدن دەوڵەت پێوانەگەلی نائاسایی بەمەبەستی دنەدانی نارەزایەتیی گشتی بخاتەگەر.

راگەیاندنە گشتییەکانی ڕۆژئاوا دەکەونە داوێکەوە کە تێرۆریستان بۆیان دادەنێنەوە. لەو حاڵەتەدا چالاکییە تێرۆریستییەکان بە بەربڵاوی بڵاودەکرێنەوە و بە ئاگاداریی خەڵک ڕادەگەیەندرێن. بەڵام خەباتی بزووتنەوەی دێموکراتیک بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە بیر دەکرێ. جیهادی ئیسلامی کە تەنیا نوێنەرایەتیی تاقمێکی دەسکرد دەکا، ناوبانگی لە جیهان هەیە بەڵام ویست و داخوازیی ٢٠ میلوێن کورد لە بازنەی سیاسیدا بە دژواری دەناسرێ. ئایا ئەو نەگونجاوییە و بێ قەوارەییە، بزوتنەوە دێموکراتیکەکان هان نادا بۆ ئەوەی پەنا بۆ کردەوەی تێرۆریستی بەرن، تاکوو دەنگیان ببیسترێ.

دێموکراسییەکانی ڕۆژئاوا ناتەواون و تێروریستەکان لەو ناتەواوییە کەڵک وەردەگرن. بەڵام هەر لەو کاتەدا دێموکراسی دوژمنی ژومارەیەکی تێرۆریزمە. لەو شوێنەی کە دێموکراسی هەیە، تێرۆریزم گەشە ناکا. تێرۆریزم بە ئاشکرا لە دەرەوا ڕا دێ. لەو وڵاتانەی کە ئازادییەکان پێشیل دەکرێن، دیکتاتۆری هەیە، بێ عەداڵەتی هەیە، هەڵاواردنی ئایینی و ئیتنیکی هەیە، گرفتە سیاسییەکان پەرە دەگرن. بەرتەسک کردنەوەی دێموکراسی زیاترین زیان بە دێموکراسیی ڕۆژئاوایییەکان دەگەنێ.

ئازاد کردنی بە بارمتەگیراوێک ئیمتیازێکە کە لە هەڵبژاردنەکاندا کەڵکی لێ وەردەگیرێ. تێرۆریستەکان لە ئیمتیازی ڕکەبەریی سیاسی کەڵک وەردەگرن ویستەکانیان پەرە پێدەدن. دەبێ لە بیرمان بێت کە بەبارمتەگرتنی ئەمریکاییەکان لە ١٩٨٠ی زاینی لە لایان خومەینییەوە، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئامریکادا، کاریگەریی خستە سەر سیاسەتی ئامریکاییەکان.

تێرویستەکان ئامانجیان ئەوەیە کە دێموکراسییەکان لەق بکەن، لە ناوەوە بنکۆلیان بکەن و گرفتەکان بەرەو ڕۆژئاوا بنێرن بۆ ئەوەی وڵاتەکانیان وێران بکەن، بەرتەسک کردنەوەی دێموکراسی بە مانای یارمەتی دان و لاینگری کردن لە تێرۆرە. لەو هەلومەرجەدا چۆن دەکرێ کۆتایی بە تێرۆر بێنین؟ مرۆڤ دەبێ ئاگاداری ئەو ڕاستییە بێ کە تێرۆریزم بە شەوێک کۆتایی پێ نایە و لەنێو ناچێ.!

وەڕێخستنی پروپاگەندەیەکی زۆر بۆ بەبارمتەگیراوان کەڵکی نییە چون ئەوە ڕاست ئەو شتەیە کە تێرۆریستان دەیانەوێ. ڕووخاندنی دەوڵەت ئەگەر نا دەوڵەت دەکەنە بارمتەی بارمتەکان. ئاگادار کردنەوەی ڕای گشتی لە مەڕ بەبارمتەگیراوان، مانای نوسینی وتارێکی سەرەکی لە چاپەمەنییەکاندا نییە. ” دان بەخۆدا گرتن” لەمەڕ بارمتەکان ڕەنگە زیاتر یارمەتی بە ئازادکردنیان بکا.

وتووێژ نابێ وەلابنرێ، بەڵام قەبوولی وتووێژ بەمانای چۆکدانان بۆ ویستەکانیان نییە. نابێ لە بیر بکرێت کە ملکەچ بوون بۆ ویستە ناقانونییەکانی تێرۆریستان ڕێگە دەکاتەوە بۆ ئەوەی داخوازییەکانیان ڕێکوپێکتر و زیاتر بکەن. زۆر گرینگە کە لەگەڵ تێرۆریستی ڕاستەقینە وتووێژ بکرێ نەک ئەو کەسانەی کە بۆ چاندنی بۆمبەکان و بارمتەگرتن و ڕفاندن کەڵکیان لێ وەردەگیرێ.

خاڵی وتووێژ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان چییە؟ لە حالێکدا هەموو دەزانن کە ئەمانە درووستکراوی تارانن. دەبێ سەرەنجام نوێنەرایەتیی ڕاستەقیینە بۆ وتووێژ بدۆزرێتەوە.

خومەینی پارەی دەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ عێراق درێژە بە شەڕ بدات. لەبەر ئەوەی ئابووریی ئێران بەرەوقەیران دەچێ، خاڵی سەرەکیی لە وتوێژەکانی نێوان فەرانسە و کۆماری ئیسلامی، پێوەندیی بە میلیارد دۆلار قەرزەوە هەیە کە ڕەژیمی ڕابردوو بە شیرکەتی ئۆیرۆدیفی دابوو. نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی وتووێژ لەسەر حەوت کەس لە بارمتە گیروان کە لە دەست حیزبوڵڵای لوبناندان ڕەت دەکەنەوە. هەموو دەزانن کە چارەنوسی ئەوان پەیوەندیی بە ویستی ئایەتوڵڵاکانەوە هەیە.

 گرووپەکانی دیکە سەر بە دەوڵەتگەلێکی ناسراوی دیکەن. شەڕ کردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە تێرۆر دەکەن پێویستە چاوپۆشی لێ نەکرێ. ئەو وڵاتانە دەبێ خۆیان بگلێندرێنە نێو ترس و خۆفەوە. هەموو وڵاتان دەبێ دژی تێرۆریزم هاوکاری بکەن ئەوەش تایبەت بە ناتۆ و EEC نییە لە ماوەی ٤٤٤ ڕۆژدا کە بارمتە ئامریکاییەکان لە ئێران بوون، چەند وڵاتێکی ئوروپایی پێوەندیی باشیان لەگەڵ ئێراندا هێشتەوە. لەنەبوونی ئامریکاییەکاندا دەوڵەتانی ئوروپایی قازانجی بازرگانیی باشیان لە ڕێژیمی خومەینی دەست کەوت. چەند مانگ چەند فەرانسەوی لە لە لوبنان دەست ئێرانییەکاندا بوون. فەرانسە گوشاری پروپاگەندەی لەمەڕ بارمتەکان تەجروبە کرد. هاوکارانی ئی ئی سی فەرانسە وەکوو ئینگلیستان و ئاڵمان ئێستاش پێوەندیی ئابووری زۆر بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە. ئەوان پشتیوانی لە ڕێژیمێک دەکەن کە تێرۆریزمی وەکوو دۆکتۆرینی دەوڵەتی هەڵبژاردووە.

هاوپەیوەندی لە دژی تێرۆر دەبێ کارامەتر بێ و ببێتە دیاردەیەکی نێونەتەوەیی. نە نەتیا وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەڵکو وڵاتانی سوسیالیستی بەتایبەتی جیهانی سێهەمیش بگرێتەوە. ئەو تیئۆرییە کە ئیدیعا دەکا جیهانی سێهەم تێرۆریزم دروست دەکا دەبێ وەلابنرێ. خەبات دژی تیرۆر کارێکی پێویستە، بێ جیاوازی و لە هەر جێیەکەوە کە سەرچاوە بگرێت. ژیرانەیە کە تێرۆریزمی عەڕەبەکان کە ژیانی بێ تاوانەکان دەخەنە مەترسییەوە، بێ ڕاڕایی و بە وردی مەحکووم بکرێ. هێرش بۆ سەر سێناگۆگی جوولەکەکان لە ئێستامبۆل کە تێیدا ٢٤ کەس کوژراون مەحکووم دەکرێ و دەگوترێ ئەو کردەوەیە دژی ئازادیی ئایینیە؛ بەڵام بۆچی هێرش بۆ سەر کوردی عێراق مەحکووم ناکرێ؟ ئەم هێرشە دەبێتە هۆی مەرگی سەدان کەسی مەدەنی.

هاوکووفەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کردەوە تێرۆریستییەکان مەحکووم دەکەن بەڵام زۆر گونجاوە کە ڕاڕایییەکانیان لە مەر ئەو هەنگاوانە دژی ڕێژیمی ڕەگەزپەرەستی ئەفریقای باشوور وەبەرچاوبگیرێ.

کاتی ئەوە هاتووە ئەو جیاوازی دانانە، کە لەم جیهانەدا بە شێک لە خەڵک وەکوو هاووڵاتیی دەرجە دوو و یان سێ چاویان لێ بکرێ و [وادەرکەوێت] کە ژیانیان ئەو بایەخەی نییە کە هاووڵاتییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەیانە، کۆتاییی پێ بێت. پشتیوانیی ئەخلاقی و سیاسی لە بزوتنەوەی ئەو خەڵکانەی کە پەنا بردن بۆ تێرۆر ڕەت دەکەنەوە،  ڕێگەیەکی دیکە بۆ خەبات دژی تێرۆریزمە.

  • ئەو نوسراوەیە بۆ کۆنفرانسی تێرۆر و ڕەوشتی مرۆڤانە نوسراوە. ئەو کۆنفرانسە لە ١٦ /٩/١٩٨٦ لە پاریس بەرێوەچووە.
  • هۆکاری ئەوەی لێرەدا نوسراوە ٧ ساڵە کە خومەینی کوردستان قوڵاچۆ دەکات ئەوەیە کە کاتی نوسینی ئەو وتارە ٧ ساڵ بەسەر دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا تێپەریوە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان