ئارامتر بخوێنەوە!

تەوەرە جێی باسەکان لە کۆماری شیعەدا

دەیڤید مەکدۆوال
وەرگێڕان: ڕەزا فەتحوڵڵانژاد

 

دەکری بوترێ کتێبی مێژووی مۆدێرنی کورد، دەیڤید مەکدۆوال، باشترین بەرهەمی زانستییە کە لەسەر مێژووی سیاسی دوو سەد ساڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسراوە. مەکدۆوال ماوەی چوار ساڵ سەرقاڵی توێژینەوە بۆ ئەم کتیبە بووە و جگە لە کتێبناسی و ئارشیڤێکی دەوڵەمەند لەگەڵ گرنگترین بەرپرسە سیاسییەکانی کوردستان چاوپێکەوتنی ئەنجام داوە. لە کاتێ چاپی ئەم کتێبەوە تاکوو ئیستا سێ جار ناوەڕۆکی کتێبەکەی بەڕۆژ کردووتەوە و هەر لەبەر ئەم تایبەتمەندییانە و زانیاری سەرنجڕاکێشی مەکدۆوال لەسەر گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناسیۆنالیزمی کوردی، کتیبی مێژووی مۆدێرنی کورد وەک سەرچاوەیەکی بنچینەیی لەسەر کوردستان سەیر دەکرێ. مەکدۆوال لەبەر کارکردن  لە هێزە چەکدارییەکانی بریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان هەم سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن زانیارییە و هەم چەندین کتیبی لەسەر مێژووی بریتانیا و هەروەها کێشەی فەلستین و ئیسرائیل نووسیوە. مەکدۆوال جگە لەم کتیبە دوو بەرهەمی دیکەشی لەسەر کوردستان بە ناوەکانی کورد: نەتەوەیەکی حاشالێکراو و کوردەکان هەیە. 

ئەم کتیبە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە لایەن ئیبراهیم یونسییەوە و لە ژێر ناوی تاریخ معاصر کرد بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕدرا، بەڵام بەشی سیانزەی ئەم کتیبە لە لایەن دەزگای سانسۆری ئێرانەوە دەرهاوێژرا. لە وەرگێڕانی کوردیشدا چونکە دەقی فارسی کتێبەکە بە بنەما گیراوە، دیسانەوە بێ بەشی سیانزە، تەوەرە جێی باسەکان لە کۆماری شیعەدا، کتێبەکە چاپ کراوە. بەشی وەرگێڕانی گۆڤاری تیشک بە مەبەستی ئامادەکردنی سەرچاوەی زانستی بۆ بواری لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان کۆی بەشی سانسۆرکراوی ئەم کتێبەی، لە ڕووی چاپی ٢٠٠٥ی ئەم کتێبەوە، تەرجەمە کردووەتەوە. جێی ئاماژەیە نووسەر بە میتۆدی کۆمەڵناسی سیاسی ئەم بەرهەمە ناوازەی نووسیوە بەڵام لە هەندێک شوێندا کە دەکەوێتە بواری فەلسەفەی سیاسییەوە و باس لە دەبێ و نابێکان دەکا، خۆی لەگەڵ سیاسەتی بریتانیا بۆ مانەوەی سنوورە هەنووکەییەکانی ناوچەکە دەگونجێنێت. ئاشکرایە ڕوانگەی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک لەگەڵ ئەم بۆچوونانەی نووسەر یەک ناگرێتەوە.

 

پێشەکی

هەر وەک باقیی ئێران، کوردستانیش پێشوازیی لە داڕمانی ڕێژیمی پەهلەوی کرد و دەستی خۆی تێدا وەشاند. سەرهەڵدانی پاییزی 1978 بە تەواوی لەگەڵ ئەو قسەیەی ساڵێک پێشی سەرۆکوەزیران هۆوەیدادا ناتەبا بوو کە گوتبووی: لەوێ هیچ کێشەیەک نییە و کۆمەڵگای کوردی “بەرامبەر بە وڵات هەست بە وەفاداری دەکەن”.[1] ڕقی خەڵکی کورد لە شا لە پاش ڕێکەوتننامەکەی ئەلجەزایر لە ساڵی 1975دا دووقاتیش ببوو، ڕێککەوتننامەیەک کە بە هۆیەوە شا پشتی کوردەکانی عێراقی بەردا. کاتێک لە پاییزی 1978دا یەکەکانی سوپا لە ناوچە کوردییەکاندا لە متمانەبەخۆبوون کەوتن، کوردەکان لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا ئەوەندەی توانییان دەستیان بەسەر چەکوچۆڵەکاندا گرت و بوونە هێزێکی کاریگەر لە مەیدانەکەدا. ئەگەرچی لە سەرەتاوە ئەوان پێشوازییان لە هاتنی خومەینی بۆ تاران کرد، بەڵام ئەو کارەیان لە پێناو وەدەرپەڕاندنی ڕێژیمی کۆن کردبوو نەک لە پێناو هێنانەژوورەوەی کۆمارێکی ئیسلامی. سەرەڕای ئەوەی ، ئەگەرچی زۆرینە ڕەنگ بوو وەکوو حەز پشتیوانییان لە دروشمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دروشمی “دێموکراسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان” کردبا، بەڵام زۆر ڕوون نەبوو کە لە جیاتی ڕێژیمی پەهلەوی هیوادار بوون چ سیستمێک بێتە سەر کار.

لە ماوەی سێ حەوتووی پاش گەڕانەوەی سەرکەوتووانەی خومەینی لە تاراوگە، شەڕێکی قورس لە نێوان کوردەکان و هێزە وەفادارەکان بە کۆماری ئیسلامیی تازە ڕاگەیەندراو لە بانە ڕووی دا کە زیاتر لە سەد کوژراوی لێ کەوتەوە. ئەم شەڕە بە هۆی تێکهەڵچوونێکی توندڕەوەکانی دوو لایەنی شیعە خۆجێییەکان و هێزە کوردییەکان هەڵگیرسا. سەرەڕای ئەوەش و لە بنەڕەتدا، وەها شەڕێکی بنەڕەتی لە نێوان ڕێژیمی نوێ و کوردەکاندا هەر چاوەڕێ نەدەکرا. بۆ ئەم ڕێژیمە ئیسلامییە نوێیە ، هەموو موسوڵمانەکانی نێو کۆمارەکە وەک پێویستییەک ئامانجی سیاسی بوون بۆ ئێران. هاوڕانەبوون لەگەڵ کۆمارەکە گومانی دەخستە سەر وەفاداری بە ئیمانە]ئیسلامییەکە[. لە هەمان کاتدا، ئەم ڕێژیمە نوێیە کە نە لە خۆی دڵنیا بوو و نە لە خەڵکی وڵاتەکە، بەنیسبەت لێکدابڕانی نەتەوەیی ترسی هەبوو. ڕێژیم نەیدەتوانی هیچ ترازانێک لە ناوچە سنوورییەکان قەبووڵ بکات و ڕاست بە هۆی ئەمەشەوە بوو کە لە کوردەکان دەترسا.

لە لایەکی دیکەوە، چاوەڕوانیی کوردەکان لە پاش 35 ساڵ ناوەندگەرایی پێشکەوتووانە ئەو ئەگەرە بوو کە دەکرێ ئەو ناناوەندگەراییەی کە بە هۆی بۆشایی دەسەڵاتەوە هاتبووە ئاراوە، بەیاسایی بکرێت. زۆرینەیەکی هەرەبەرچاوی کوردەکان وێنای دامەزراوەیەکی خۆجێییان دەکرد کە سێکۆلار و دێموکراتیک بوو. 

ئەوە کاکڵەی بۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی چەپگەرا بوو، ئەو حیزبەی کە ئەگەری شەڕکردن لەگەڵ بیروبۆچوونی ئیسلامی لە تارانی لێدەکرا. لە ماوەی ساڵێک و بڕێک پاشتری، کوردستان بوو بە مەیدانی تێکهەڵچوونە بەردەوامەکانی نێوان خەباتگێڕانی کورد لەگەڵ ڕێکخراوی تازەدامەزراوی پاسدارانی شۆڕش پێکهاتوو لە خۆبەخشەکان، ڕێکخراوێک کە بە شێوەیەکی زۆر پەلاماردەرانە بڕوایان بە باڵادەستی بەها شیعییەکان لە ڕێژیمە نوێیەکەدا بوو. بە گشتی زۆربەی ناوچە گوندییەکان تا ساڵەکانی 1982 و 1983 لەدەست هێزە کوردییەکاندا مانەوە لە کاتێکدا زۆربەی شارەکان سەرەڕای سەرهەڵدانە جاروبارەکانیان، لە دەستی لەرزۆکی ڕێژیمدا بوون. مەهاباد بە بەردەوامی دەکەوتە دەستی شۆڕشگێڕەکان کە هەندێ جاری بە چەندین مانگیشی دەخایاند. بۆکان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ وەکوو قەڵای بەرخۆدانی کوردەکان مایەوە. شاری سنووریی سەردەشت پاش ئەوەی لە لایەن دەوڵەتەوە داگیر کرایەوە، ڕێژیم تەنیا دەیتوانی لە ڕێگەی ئاسمانییەوە کەلوپەلی پێ بگەیەنێ لەبەر ئەوەی ڕێگەی عەرزییەکەی هەتا کۆتاییەکانی ساڵی 1982یش هەر لە دەست شۆڕشگێڕەکاندا بوو.

رێژیم بە کەڵک وەرگرتن لە پاسداران لە جیاتی  ئەرتەش، دڵڕەقییەکی زیاتری لە شەڕەکەدا لە خۆی نیشان دا. دڵڕەقییەکە زیاتر دەرکەوت کاتێک کە ڕێژیم بە شێوەیەکی دڕندانە کوردەکانی سەرکوت کرد کە لەودا لە دەورووبەری دە هەزار کورد تەنیا لە دوو ساڵی سەرەتادا گیانیان لەدەست دا، هەندێکیان لە شەڕدا و هەندێکیشیان لەو ئێعدامە بەکۆمەڵ و گۆترەییانەدا کە ئایەتوڵڵا سادق خاڵخاڵی، “قازیی سێدارە” کە بۆ ترسانی جەماوەرەکە و ناچارکردنیان بە خۆبەدەستەوەدان نێردرابووە ئەوێ، بەڕێوەی بردن.[2]

دیسانیش لە هەر دوو لا، هەوڵ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە و گەیشتن بە بارودۆخێکی پێکەوەحەوانەوە لە ئارادا بوو. ئەوەندەی پەیوەندیی بە لایەنی کوردەکانەوە بوو، ئەوان ئاشتییان لە پێناو هاتنەدیی ئاواتیان بۆ خودموختاری و کۆتایی هاتن بەو نەهامەتییە بەربڵاوەی بە هۆی شەڕەکەوە بەسەریان هاتبوو، دەویست. کە دەهاتە سەر لایەنی ڕێژیم، هاندەری هەرەسەرەکیی ئەو ڕێژیمە بۆ وتووێژ کەم کردنەوەی ژمارەی ئەو کێشەگەلە بوو کە هەم لە باری نێوخۆیی و هەمیش لە باری دەرەکییەوە ڕووبەڕوویان ببووەوە، ئەگەریش پێویستی کردبا لەو پێناوەدا ئامادە بوو ئەوەندە پاشەکشە بکات کە یەکیەتیی خاکی وڵاتەکە نەکەوێتە مەترسییەوە.

لە ماوەی ساڵی یەکەمدا، هەوڵ بۆ سێ دەورە وتووێژی ئاشتی درا. لە سەرەتای مارسی 1979دا، کوردەکان بۆ یەکەم جار داخوازییەکانی خۆیان کە هەڵگری هەشت خاڵ بوو، خستەڕوو و کۆماری ئیسلامییان ئاگادار کردەوە کە ئەوان داوای خودموختاری بۆ سەرتاسەری کوردستان وەکوو یەکەیەکی بەڕێوەبەری لە نێو ئێرانی فێدراڵدا دەکەن.[3] داواکارییەکان زۆر زیاتر لە پارێزگای کوردستان بوو و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ئیلامیشی دەگرتەوە.  ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەڕاستیدا زۆربەیان ئازەری و کرماشان و ئیلام زۆربەیان شیعە بوون و تەنانەت ئەوەش کە ئیلام زۆربەی لوڕ بوو تا کورد جێگەی موناقشە بوو. هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوانیاندا ڕێگەی تێ نەدەچوو. ڕێژیم بە پانەوە پێناسەی کوردستانی ڕەت کردەوە و لە بەرامبەریدا پێشنیاری مافى تەواوی زمانی و کولتووریی خستەڕوو و پێشنیاریشی کرد کە پۆستە باڵاکانی ئیدارە خۆجێییەکان بە دەست کوردەکانەوە بێت و گارانتیی تایبەتی مافی کەمینەش لەیاسای بنەڕەتیدا بکرێت. کوردەکان ڕوانگەی خۆیان بەڕوونی دووپات کردەوە:

خەڵکەکەمان بۆ دوو ئامانجی سەرەکی شەڕیان کردووە: ڕووخاندنی دیکتاتۆریەت و جێ گرتنەوەی بە ڕێژیمی ئینسانی کە لە سەرانسەری ئێراندا ڕێز لە ئازادی و مافە سیاسییەکان بگرێت و هەروەها هاتنەدیی مافی نەتەوەیی بۆ هەموو نەتەوەکان لە شێوەی خودموختاری یان فێدراسیۆن لە ئێرانێکی ئازاددا.[4]

“لە قومدا، خومەینی پێشوەخت پێشنیارەکەی دەوڵەتی ڕەت کردبووەوە. لە کوردستاندا، سەرنجێکی زۆر کەم درایە ئەم ئاڵوگۆڕی پێشنیارانە، چونکە شەڕەکە سەرەتا لە دەورووبەری سنە و دواتر لە باکوورەوە لە نەغەدە گەیشتبووە لووتکەی توندوتیژی.”

لە سەرەتای ئاگۆستدا، لەسەر داخوازیی ڕێبەرێکی ئایینی کورد، شێخ عێزەددین حوسێنی هەوڵێکی تر بۆ ئاگربڕ درا، ئەمە دوابەدوای ئەوەی لەو هاوینەشەڕەدا کە سەرتاسەری ناوەند و باکووری کوردستانی گرتبووەوە، سەدان کەس کوژران و هەزارانی دیکە ئاوارە بوون. ئارامییەکە بە زۆری دوو حەوتووی پێ چووبوو کە شەڕێکی قورس لە پاوە هەڵگیرسا و ئایەتوڵڵا خومەینیی هان دا کە هەم قاسملوو و هەم شێخ عێزەدین بە تەواوی بە دوژمن ناوببات. ئەوپەڕی نەرمی نواندنەکەی دەرکردنی عەفوو بوو بۆ ئەوانەی ئامادە دەبوون خۆیان بەدەستەوە بدەن و هەروەها خەرج کردنی داهاتی ڕۆژێکی نەوت (بڕی 75 میلیۆن دۆلار)  بوو بۆ مەبەستی پەرەپێدانی بەپەلەی ناوچەکە. قاسملوو تکای ئەوە بوو کە لەسەر ئەساسی ڕێککەوتنەکەی دەوڵەت لەسەر ئەم چەند بنەمایە ئاگربڕ بکرێت: 1) ڕاگرتنی ناردنی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ ناوچەکە، 2) ئازادکردنی هەموو زیندانییە سیاسییەکان، 3) ئازادکردنی هەموو دیلە کوردەکان، 4) ڕاگرتنی ئێعدامی کوردە دەستبەسەرکراوەکان، بەڵام تکاکەی درا بە گوێی کەڕدا.

لە پاییزی 1979دا، پێگەی ڕێژیم خراپتر بوو ئەویش بە هۆی ئەوەی شۆڕشگێڕەکان لە پێناو بۆسە نانەوەی کاریگەر لە دژی هاتوچۆی هێزەکانی ڕێژیم، کارێکیان دەکرد پاسدارەکان نەتوانن پێکەوە لە پەیوەندیدا بن. لە ئۆکتۆبردا، پاسدارەکان کونتڕۆڵی مەهابادیان لەدەست دا، ئەو شارەی کە سیمبولی ناوەندیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەکان بوو.

لە کۆتاییی ئەو مانگەدا، دەوڵەت ڕەزامەندیی نابەدڵانەی خومەینیی بۆ وتووێژی دووبارە لەگەڵ شۆڕشگێڕەکان وەرگرت. ئەوان پێشنیاریان کونتڕۆڵی کوردەکان بەسەر کاروباری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری لە ئوستانەکەدا بوو. لە دووی دێسامبەردا، کوردەکان بە داواکارییەکی تری هەشت خاڵییەوە وڵامیان دایەوە کە هەمان ئەو ناوچە جیۆگرافیانەی لەخۆ دەگرت کە پێشتر داوایان کردبوو، بەو جیاوازییەوە ئەم جارە داوایان دەکرد خودموختاریی کوردەکان لە ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتیشدا بنووسرێت.[5]

هەروەها چەندڕۆژ دواتر، کوردەکان کاتێک زانییان ڕەشنووسی هەموار کراوی یاسای بنەڕەتی، هەر جۆرە ئاماژەکردنێک بە کوردەکانی سڕیوەتەوە و تەنانەت وەکوو یەکێک لە خەڵکانی ئێرانیش ناوی نەبردوون، ڕیفراندۆمی یاسای بنەڕەتیی نوێیان بایکۆت کرد. کوردەکان لە دژایەتی کردنی یاسای بنەڕەتیی پێشنیارکراودا بەتەنێ نەبوون، چونکە 80 لەسەدی دەنگدەرانی ئازەربایجانیش ڕیفراندۆمەکەیان بایکۆت کرد. لە نێوەڕاستی ئەو مانگەدا، دەوڵەت پلانێکی بۆ دامەزراوەی خۆجێیی لە دوو شوورای پارێزگا بە ناوەندیی سنە و مهاباد و هەروەها خودموختاریی کولتووری بە کوردەکان پێشنیار کرد.[6] لە ژانویەدا، خومەینی ئەوەشی بە پێنشیارەکە زیاد کرد کە گارانتی کردنی مافی عیبادەتی مەزهەبیی سوننییەکان لەو ناوچانەی زۆرینەیان سوننین بەیاسا بنەڕەتیییە ئیسلامییەکە زیاد بکرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە کە شتێکی ئەوتۆ نەبوو و وەدی نەهات. 

تێکهەڵچوونی نوێ لە نێوان کوردەکان و پاسدارەکاندا لە سەرەتای ساڵی نوێ لە مانگەکانی مارس و ئاوریلدا سەری هەڵدایەوە، سەرەتا لە سنە و دواتر کێشرایە پاوە، نەوسوود، جوانڕۆ، پیرانشار و ورمێ. ئەوەش هێرشێکی بەربڵاوی سەربازی بۆ سەر کوردستانی بەدواوە بوو. ئەگەرچی ڕێژیم زۆربەی شارەکانی داگیر کردەوە، بەڵام ناوچە گوندییەکان لەدەست کوردەکاندا مایەوە. بە دەستپێکی شەڕی ئێران ـ عێراق لە سێپتامبری 1980دا، پەیوەندیی ئەو دوولایەنە بە شێوەیەک کە گەڕانەوەی بۆ نەبوو، تێکچوو.

بۆچی ئەو ڕێککەوتنی ئاشتییەی  وتووێژی لەسەر کرابوو، جێبەجێ نەکرا؟

  1. هۆکاری سەرنەکەوتنەکە: ناکۆکییەکان لە کۆماری ئیسلامیدا

لە ڕواڵەتدا، شکست ئاکامی ئەو بۆشایییە بوو کە لە نێوان لانیکەمی مەرجەکانی هەر کام لە لایەنەکاندا هەبوو. ئەگەر ئەمە تەنیا هۆکار بوایە، ئەو ئەگەرە لە ئارادا دەبوو کە ڕێگەیەک بۆ پێکگەیشتنێکی جێی هەڵکردن بدۆزرێتەوە، پێکگەیشتنێک کە خودموختاریی تەواوی بۆ کوردەکان دابین نەدەکرد بەڵام ئیزنی پێ دەدان ئاستێکی بەرچاو لە دەوڵەتێکی ناناوەندگەرا ئەزموون بکەن. سەرەڕای ئەمەش، هەندێ بەربەستی دیکە لە بەردەم سەرکەوتنی وتووێژەکاندا هەبوون. هیچکام لە لایەنەکان ڕێبەرییەکی یەکگرتوویان بۆ کونتڕۆڵی ئەو ناوچانەی ئیدیعای نوێنەرایەتی کردنیانیان دەکردن، نەبوو. بە پێچەوانەوە، هەر دوو لایەنەکە چەند سەرۆکی بوون. لە کردەوەدا دوو ڕێژیم لە ئێراندا هەبوون: دەوڵەت لە تاران کە هەموو بەرپرسیارەتییەکانی لە ئەستۆ بوو بەڵام زۆر بێ هێز بوو، و ڕێژیمی مەزهەبی لە قوم کە کەسێک وەک ئایوتوڵڵا خومەینی نوێنگەی بوو. وەها پێناسەکردنێکیش تەنانەت سادەکردنەوەی پرسەکەیە، چونکە مەلا پایەبەرزەکانیش لە نێو خۆیاندا دابەش ببوون. ئەگەرچی دەوڵەت لە تاران سەرەتا لە لایەن مێهدی بازرگانەوە بەڕێوەبرا و دواتر سەرکۆمار ئەبولحەسەن بەنیسەدر سەرۆکایەتیی کرد، بەڵام هەر دوو دەوڵەتەکە بە شێوەی بەردەوام بە هۆی بڕیارەکانی قومەوە یان بە هۆی بەرنامەی تاکەکانی نێو بەرەی مەلاکانەوە لە نرخیان دابەزێندرا و بوونە قوربانیی دووبەرەکی ناو هیرارشیی مەزهەبی. بۆ نموونە، لە کۆتاییەکانی ئاگۆستی 1979دا، دوابەدوای شەڕێکی بەتایبەتی قورس، ناسیۆنالیستی بەئەزموون، ڕەحیم سەیف قازی[7] بەمەبەستی دیدار لەگەڵ ئایەتوڵڵا تاڵەقانی کە مەلایەکی جێی ڕێز بوو، لە پێناو بەرەوپێش بردنی کاری ڕێککەوتنێکی ئاگربڕ چووە تاران. ڕێککەوتنێک کە خومەینی بیست و چوار کاتژمێر پاشتر ڤێتۆی کرد. چەندڕۆژ دواتری، سەرۆک وەزیران بازرگان لەبەر ڕووبەڕووبوونەوەی “لیبڕاڵانە”ی بارودۆخەکەی کوردستان کەوتە بەر ڕەخنەی توندی هیرارشیی مەلاکان. سەرکۆمار بەنیسەدریش لەوە باشتری بەسەر نەهات. لە پشتی ناوبراوەوە کۆمەڵێک مەلای توندڕەو هەبوون تا دڵنیا بن بەنیسەدر هیچ جۆرە پاشەکشەیەکی خۆبەدەستەوەدەرانە لە بەرامبەر کوردەکاندا ناکات.

بەرپرسانی مەدەنی و مەزهەبیی کۆمارەکە لە هەوڵدا بوون دەسەڵاتیان لە ڕێگەی دوو هێزی دژ بە یەک واتە ئەرتەش و پاسدارەکانەوە بچەسپێنن. ئەرتەش سێبەری پاسدارەکان بوون. بەجێهێشتنی ئەرتەش بە ڕادەیەک زۆر بوو، نزیک بە 60 لەسەدی ئەوانەی پێشتر بەشێک بوون لە ئەرتەشی بەهێزی شاهەنشاهی کە پێشتر ژمارەی ئەندامانی 171000 بوو، ئەرتەشیان بەجێهێشت. دەرپەڕاندن، دەرکردن و لەسێدارەدان هۆکارەکانی لەدەستدانی نزیک بە 12000 سەربازی دیکە بوون. نزیک بە نیوەی ئەفسەرانی پلە مامناوەنجی (فەرماندە گوردان و فەرماندە تیپ) لەسەر کار لابران و بەمەش تواناییی شەڕی ئەرتەش بە تەواوی دابەزی. وەفادارییان بە نیزام هێشتا جێگەی گومان بوو، لەبەر ئەوەی هەتا جوولای 1980 چەندین هەوڵی کودەتا درا، یەکێک لە جیدیترینی ئەم هەوڵی کودەتایانە لە ژوئەنی 1980[8] لە شاری سنووریی کوردستان واتا لە پاوە ڕووی دا. دوودڵییەکی جێگەی لێ تێگەیشتن بە نیسبەت ناردنی هێزی ئەرتەش بۆ کوردستان لە ئارادا بوو. تەنانەت کاتێک ڕێژیم ناردنی هێزی لە بەرانبەر پەرەسەندنی سەرهەڵدانەکان لە ئاپریلی 1980دا بە پێویست زانی، دەوڵەت خۆی لە بارودۆخێکدا بینییەوە کە خەریکە لە ئەرتەشێک کەڵک وەردەگرێت کە ناچار بوو بە نیسبەت بێسەروبەرەییەکەی هۆشداری پێ بدات. لەڕاستیدا دەوڵەت ڕووبەڕووی ڕەت کردنەوەی هەندێک لە ئەرتەشییەکان بوویەوە کە ئامادە نەبوون گوندەکانی کوردستان بومباران بکەن یان هێرش بکەنە سەریان. ئەرتەش کە ئیمانێکی قایمی نەبوو، بە شێوەی سروشتی حەزی لە شەڕی نێوخۆیی نەبوو.

کەوابوو سرووشتی بوو ڕوو بکرێتە پاسدارەکان کە لەو خۆبەخشانە پێک دەهات کە لە باری ئایدیۆلۆژیکییەوە هاندەریان هەبوو و بۆ پاراستنی ئاسایشی نێوخۆیی سەریان هەڵدابوو. بەڵام پاسدارەکان، بە دڵنیاییەوە لە سەرەتاوە، ناوەندێکی بەرپرسیارەتیی دیاریان نەبوو. ئەوان وەڵامدەری ئیمام خومەینی (کۆمیتەکانی ئیمام) و ئەو کۆمیتە شیعانە بوون کە لە سەرانسەری وڵات بۆ دابین کردنی دەوڵەتی لۆکاڵیی کاتی و بۆخۆیان دامەزران. هەر دوو هێزەکە زیاتر بە بنەماکەیان کە سەرکەوتنگەرایی شیعە بوو، دەناسرانەوە تا ئەوەی بە لێهاتووییە سەربازی یان مەدەنییەکانیانەوە. ئیدی با هەر نەزم و دیسیپلینیان لەم لاوە ڕاوەستێ. زەحمەتە دامەزراوەگەلێک لەوانە توندڕەوتر وێنا بکەین کە هەم دژی کوردستانی سوننی و هەم دژی ئەرتەش بن. زۆربەی شەڕەکان بە هۆی ئامادەبوونی پڕچەکی پاسدارەکانەوە سەریان هەڵدا. تاران نە لە کونتڕۆڵی پاسدارەکان و نە لە کونتڕۆڵی ئیمام خومەینیدا بوو. سەرەڕای ئەوەش، ئەوان ئامادە نەبوون وڵامی داواکارییەکان بۆ لەسەرکارلاچوونیان بدەنەوە. 

2. هۆکاری سەرنەکەوتنەکە: دووبەرەکی لە نێو کوردەکاندا

دیارە کوردەکانیش بە دەست لاوازبوونیان لەیەکگرتووییدا ئازاریان دەچەشت. گەورەترین حیزب، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئیدیعای نوێنەرایەتی کردنی خەڵکی کوردستانی دەکرد بەڵام هیچ بارەگایەکی گەورەی لە کاتی شۆڕشەکەدا نەبوو. قاسملوو کە لە نوامبری 1978دا گەڕابووەوە وڵات، بە پەلە دەستی کرد بە پەیوەندی گرتن لەگەڵ ئەفسەرە متمانە پێ کراوەکانی خۆی لە تاران و مهاباد و هەروەها لەگەڵ ئەوانەی لە تاراوگە گەڕابوونەوە. هەندێکیان کە پێشتر هەر لە تاران ببوون، هەوڵیان دابوو تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زیندوویی ڕابگرن. بەڵام ئەمجارە باس باسی وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی بەرین بەمەبەستی داواکردنی خودموختاری لەو ڕێژیمە نوێیە بوو کە خەریک بوو شکڵی دەگرت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناچار بوو دەسەڵاتی خۆی لە نێو گێژاوی ڕووداوەکانی پاش شۆڕشدا بچەسپێنێ و هەوڵی دا ئەم کارە لە ڕێگەی دامەزراندنی شوورای گوندەکانەوە بکات. سەرەڕای ئەمەش، ئەم حیزبە بە نیسبەت کونتڕۆڵی ئەو تووڕەیییە باوەی بە دژی پاسداران هاتبووە ئاراوە، بێ دەسەڵات بوو. بۆ نموونە بازرگانێکی بێ هیوا لە پاش یەکەمین زنجیرە تێکهەڵچوونە قورسەکان لە سنە کە نزیک سەد کەس کوژراوی لێ کەوتەوە، وتی “ئەگەر ئەمەش کۆتاییی پێ بێت، ئەودەم نەبوونی ڕێبەریی خۆمانە کە زەربەمان لێدەدا. چاو لە دەورووبەرت بکە. ڕێبەرمان نییە، تەنانەت خراپتریش، هەر کەسێک پێی وایە ڕێبەرە”.[9] خەباتی کوردەکان لە ماوەی 18 مانگی چارەنووسسازدا بەدەست نایەکگرتوو بوونەوە دەیناڵاند.

ئەگەر سەرەڕۆیی یەکێک لە کێشەکان بوو، دداننان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کێشەیەکی تر بوو. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەیتوانی لەسەر پشتیوانیی هەمەلایەنەی ـ با ناڕێکخراویش بووبێت ـ ناوەندی نەریتیی خۆی لە دەورووبەری مەهاباد و ورمێ حسێب بکات، بەڵام کەمتر دەیتوانی لەسەرلای سەرەوەی باکوور و هەروەها باشووری کوردستان حسێب بکات.[10] لە بەشی باکووریدا ڕووبەڕووی ڕکەبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی عێراق بە ڕێبەریی برایانی بارزانی ببووەوە کە دەیانویست عەشیرەتە کرمانجەکان بە مەبەستی پشتیوانی لە کۆمارەکە و لە دژی خودموختاریی کوردستان ڕێک بخەن. لە بەشی باشووردا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕووبەڕووی کێشەی کۆمەڵە ببووەوە (رێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) کە کێشەی ئایدۆلۆژیکییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات هەبوو و هەروەک فەداییانی خەڵق کە ئەویش لە کوردستاندا چالاک بوو، ڕقی لە خۆناساندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان بوو.

کۆمەڵە کە بەو جۆرەی ئەندامانیان ئێعدیعایان دەکرد ساڵی 1969 لە لایەن گرووپێک خوێندکارەوە لە تاران دامەزرابوو. لە شکستی ئاسانی کومیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێ هیوا بوو کە ئاکامەکەی دەبووە دستەوەستانی. لە ڕاستیدا کۆمەڵە لە کۆتایی 1978دا بە ئاشکرا خۆی ڕاگەیاند. کۆمەڵە لە ژێر کاریگەریی شۆڕشی چیندا بوو و هیوادار بوو لە ڕێگەی دروست کردنی ئەو کادرانەوە کە دواتر بەمەبەستی پەروەردەکردنی جەماوەر و کردنیان بە شۆڕشخواز، دەگەڕانەوە بۆ ناوەندە سەنعەتی و کشتوکاڵییەکانی کوردستان، لاساییی ئەو شۆڕشە بکاتەوە.

ئەگەرچی ئەوان سووکایەتییان بە ڕێبەرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکرد و وەکوو “ناسیونالیستە بورژواکان” ناویان دەبردن، بەڵام زۆرێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بۆخۆیان کوڕەئاغای بنەماڵە گەورەکانی بۆکان، سەقز و سنە بوون،[11] هۆکارەکەشی ئاسان بوو، لەبەر ئەوەی هیچ کەسێک لە توێژی خوارووی کۆمەڵگە هەمان ئەو دەرەتانەی ئەوانی نەبوو کە بچێتە زانکۆ بۆ خوێندن.

کۆمەڵە دەیویست ئامانجی خۆی کە ڕێکخستنی جەماوەر بوو لە ڕێگەی پەروەدەکردن، خزمەتگوزاری و ئەو کلینیکە لادێییانەوە کە دواتر دایمەزراندن، بەدەست بێنێت. کۆمەڵە بە توندی “رێزیۆنیزمی سوڤیەتی”ی حیزبی توودەی مەحکووم دەکرد و ناسیۆنالیزمی کوردیی بە کورتبینانە ناو دەبرد. ئەو دەیویست دەسەڵات بۆ هەموو کۆمەڵگاکانی ئێران بگەڕێتەوە و دەوڵەتی ناوەندی شکست بخوات. پتر لە ناسیۆنالیزم، ناناوەندگەرایی مەبەستی سەرەکییان بوو. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، کوردەکان تەنیا بەشێک بوون لەو پڕۆسەیەدا و تەنیا هیوایان دەکرا سەرکەوتنی هاوبەش لەگەڵ شوێنەکانی تری ئێران بێت.

کۆمەڵە لە هیچ شوێنێک بەقەد ناوچەی سنە ـ مەریوان بەهێز بوو. ئەوە لە باری مێژوویییەوە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ڕێبەریی کۆمەڵە لەو ناوچەیەوە بوون، هەروەها ڕەنگە بەشێکیشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە سنە لە شۆڕشە کوردییەکانی پێشوودا بەشداریی نەکردبوو، ئەو شۆڕشانەی کە ناوەندی دەسەڵاتیان لە لای باکوورەوە بوون، بۆ نموونە سەرهەڵدانی سمکۆ و کۆماری مەهاباد. کەوابوو ماکەیەکی وەفاداریی ناوچەییی تێدا بوو. 

هەروەها سنە هەمیشە تێکەڵاویی زیاتری لەگەڵ کاروباری پارێزگا فارسە دراوسێکاندا هەببوو و بەمەش زیاتر لە بەردەم ئەو ئایدیۆلۆژییە چینایەتییانەدا خۆی بینیبووەوە کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ئێرانی ناوەندیدا هەبوو. سنە هەروەها مێژوویەکی یەکیەتیی چینایەتیشی هەبوو. لە 1917و 1918دا بۆ نموونە، گرووپێک لە بازرگانەکانی چینی خوارەوە لە ژێر کاریگەریی دێموکراتەکان لە شوێنەکانی تری ئێراندا، حیزبی سۆسیال دێموکراتیان دامەزراندبوو. کاتێک قاتوقڕی و برسیەتی لە کوردستاندا گەیشتە لووتکەی، ئەوان کونتڕۆڵی شارەکەیان گرتە دەست و دانەویڵەی کەڵەکەکراویان لە ئەنباری بازرگانە دەوڵەمەندەکان بەتایبەت فەرەجوڵڵا ئاسەف دەرهێنا و دابەشیان کرد. ئەوان دەستبەجێ لە لایەن ئەو ئاغا و مەلایانەوە کە دەمڕاستی تاران بوون، دەرکران. 

سەرەڕای ئەمەش، تۆوەکە چێنرابوو. لە سەرەتای 1920دا، حیزبی سۆسیالیست لقێکی لە سنە کردەوە کە تا هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە لە 1926دا بەردەوام بوو. لایەنگرییان لە کۆمەڵگای یەکسان لە کردەوەدا بوو بە هۆی نوێ کردنەوەی بەرخۆدان لە دژی ئاغا و خاوەن مڵکەکان. لە ئاکامدا، توودە زیاتر لە سنە چالاک بوو تا شوێنەکانی تری کوردستان. هەر بۆیە، کاتێک لە بەهاری1979دا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەیتوانی پشتیوانی لەوانە بکات کە شەڕی پاسدارانیان لە سنە و مەریواندا دەکرد، کۆمەڵە و فیداییەکان بەپەلە بوون لە مەحکووم کردنیدا و کۆمەڵە لەو ناوچەیەدا خۆی کرد بە حیزبی سەرەکی.

لە کۆتاییدا، کۆمەڵە بۆ زۆر کەس لە ناوچەکە سەرنجڕاکێشتر بوو چونکە وا دەردەکەوت کە دێموکراتیکترە. کۆمیتە ناوەندییەکەی هاوکاریی شانە نیوەخودموختارەکانی دەکرد، بەڵام ئیزنیشی بەوە دەدا کە زیاتر بڕیاردانەکان لۆکاڵی بن. هەموو کەس ئەو هەستەی بەرامبەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەبوو، سەرەڕای تەشکیلاتە لۆکاڵییەکانی.[12] لە سنە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێگەیەکی کەم بەڵام چالاکی هەبوو، بەڵام بە ناردنی کەسێکی مهابادی وەکوو کارگێڕ بۆ سنە و دیاری نەکردنی کەسێک لە خودی شارەکە، ئەو ڕوانگەیەی بەنیسبەت خۆی بەهێزتر کرد کە دەیگوت خۆی بە جیاواز و سەرتر دەزانێ.[13]

کۆمەڵە کەمتر لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادەی سازش لەگەڵ تاران بوو و زیاتر لە حیزبی دێموکرات سوور بوو لەسەر درێژەدانی شەڕ. ئەمە بێ ئەملاوئەلا پێگەی کوردەکانی لە وتووێژدا لاواز کرد. لە نوامبری 1979دا، کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاگربڕێکی لەگەڵ دەوڵەت قەبووڵ کرد کە پێشزەمینەی وتووێژەکان بوو، هەوڵەکانی بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانی کۆمەڵە بۆ سەر هێزەکانی دەوڵەت تووشی کێشە بوو. کۆمەڵە ڕەشبین بوو و مانگێکی خایاند تا قەناعەتی پێ بهێنرێت بە شێوەیەکی نابەدڵی ئامادەی وتووێژەکان بێت. کاتێک لە دێسامبردا وتووێژەکان شکستیان خوارد، کۆمەڵە گەڕایەوە مەیدانی شەڕ. ئەم ڕێکخراوە ڕەدی کردەوە کە لە هەوڵی ئاگربڕی دواتر لە ژوئەنی 1980دا بەشداری بکات و بەمەش پشتیوانییەکی زیاتری لە نێو جەماوەری ڕەشبین و لەسەر حەسێبی حیزبی دێموکرات بەدەست هێنا.

دواتر ناوچە “پارێزگاخواز”ەکانیش هەبوو کە هەندێک ئاغا و شێخ و خاوەن مڵکیان تێدا بوو کە هێشتا ژمارەیەک پێڕەوی هەژار و هاوکات پرشوبڵاویان هەبوو. یەک دوو ئاغا، بەتایبەت کوڕی سمکۆ، تاهیرخان، هەوڵی دا لەو ئاژاوەی لە کۆتایی 1978دا لە کوردستان هەبوو، کەڵکئاژۆ وەربگرێت و خۆی بکاتەوە سەرۆک. ژمارەیەکی تر ئاژاوەکەیان قووڵتر کرد کاتێک ویستیان دەست بەسەر ئەو زەوییانەدا بگرنەوە کە لە ڕیفۆرمی 1960ەکاندا لەدەستیان دابوو. ژمارەیەک کە بەداخ بوون بۆ لەدەستدانی ڕێژیمی پێشوو، هیواداربوون بە ژێنێراڵ پالیزبانی کورد پەیوەست بن، ژێنێراڵێک کە فەرمانداری گشتیی کرماشان بوو و هەڕەشەی کردبوو کە بە سوپای سەربازییەوە لە عێراقەوە دەگەڕێتەوە ئێران.

رێژیمی نوێ بەدوای یارمەتی لە نێو ئەو کوردانەدا دەگەڕا کە هاوکاریی ڕێژیمی شایان کردبوو، بەو پێشگریمانەیەوە کە ئەوان بەستراونەتەوە بە ناوەندەوە بەبێ ئەوەی جۆری ڕێژیمەکەیان بۆ گرینگ بێت. لە عێراقیشدا، ژمارەیەک بەشی عەشیرەیی هەبوون کە ڕەنگە بە هۆی ڕکابەرانی خۆجێییی خۆیانەوە بووبێت، لە بنەڕەتدا دەیانویست لایەنی دەوڵەتەکە بگرن، بۆ نموونە پێڕەوانی حاجی جەواهیر لە دۆڵی مەرگەوەڕ. دیسانیش پێشبینی کردنی سیاسەتی ئاغایەک هەمیشە ئاسان نەبوو. بۆ نموونە، تاهیر خان لە باکوور لە سەرەتادا شەڕی لەگەڵ ئەرتەشی ناوچەکە و ژاندارمێری کرد بەو هیوایەی خۆی دامەزرێنێت، بەڵام لە جولای 1979دا بە شێوەیەکی نابەدڵی ناچار بوو داوا لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکات بگاتە فریای، شتێک کە بە زەحمەت پێگەی سەرۆکایەتیی ناوبراوی لە نێو خەڵکی ئاساییی عەشیرەکەی بەهێز دەکرد. دواتر بووە هاوپەیمانی بارزانییەکان، تۆکمەترین هێزی عەشیرەگەرای باکووری کوردستانی ئێران، ئەو هێزەی کە تاهیرخان مێژووی پەیوەندیی بنەماڵەییی لەگەڵی هەبوو[14] و بەمەش خۆی لە بەرەی دەوڵەت بە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بینییەوە. سەرەڕای ئەمەش، ژمارەیەک لە خزمانی عەبدووی شکاک دژی تاران جەنگین.

هەروەها یەک دوو کەسیش بوون کە بە هۆی باوەڕیانەوە پشتیوانییان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد. بۆ نموونە، سەنار، سەرۆکی شکاکی مامەندی ڕابردوویەکی درێژی لە ناسیۆنالیزمدا هەبوو. سەنار بە هیچ جۆر دۆستی بارزانییەکان نەبوو، لەبەر ئەوەی مەلا مستەفا لە 1967دا سەناری کە بۆ کومیتەی شۆڕشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی دەکرد، دەستبەسەری کردبوو و تەحویلی شای دابووەوە. سەنار شانسی هەبوو کە تەنیا زیندانی کرابوو. دوابەدوای ڕووخانی ڕێژیمی شا، سەنار بە بزووتنەوەکە پەیوەست بووەوە و لە فێوریەی 1980دا وەکوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا. لە هاوینی ئەو ساڵەدا، ئەو دژی زۆرێک لە ئەندامانی بنەماڵەی خۆی ڕاوەستا و تاقە ڕێگەی ئاسنی ئێران بۆ تورکیە و ئورووپای کە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەو و بە دۆڵی قوتووردا تێدەپەڕی، لە نێو برد. 

یەکێک لە بەرچاوترینی ئەو کەسانەی کە تاران بۆ لای خۆی ڕایکێشابوو، مەلایەکی پایەبەرزی سوننی، ئەحمەد موفتی زادە بوو. موفتی زادە لە حەفتاکاندا مەکتەبی قورئانی لە شاری سنە دامەزراندبوو و یەکێک لە لایەنگرانی مافی کولتووریی کوردەکان بوو. ئەو لە ماوەی خولی یەکەمی شەڕی قورسی سنە لە مارسی 1979دا، بە دڵنیاییەکی زۆرەوە بۆ زەربەلێدان لە کەسایەتیی مەلای خۆشناوی مهاباد، شێخ عێزەددین حوسێنی (بەگشتی بە شێخ بانگ دەکرا) کە ببووە ناوەندی سەرنج بۆ بەرخۆدانی کوردی، هاتە مەیدانەکەوە. ئەگەرچی موفتی زادە پێشتر لەگەڵ چالاکانی کورد پەیوەندیی هەببوو، بەڵام بە زۆری وەکوو کەسێکی دواکەوتوو سەیر دەکرا.[15] ئەمەش پێگەی ناوبراوی لای خەڵکی شار کە هەستی شۆڕشگێڕییان بەهێز بوو، لاواز کردبوو. شێخ عێزەدین، موفتی زادەی بە کەسێک ناوبرد کە “خودموختاریی دەوێ، بەڵام هیچ ئیدەیەکی لە بارەی مانای خودموختارییەوە نییە”، پێناسەکردنێک کە دەربڕی هەستی جێی پەسندی جەماوەر بوو.[16] لەو ماوەیەدا، موفتی زادە ناچار بوو لەبەر ئاسایشی گیانی خۆی، سنە بەجێ بهێڵێ.[17] 

توێژی ئایینی کە موفتی زادە نوێنگەیەکی تەواوی بوو، بەرەو پارێزکاری دەکشان. بەڵام هەمیشە دەگمەنەکانیش هەبوون. شێخ عێزەددین ناسراوترین مەلای چەپگەرا بوو، بەڵام چەندین کەسی تریش لە پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکاندا لایەنی لیبراڵ یان چەپیان گرت. لەوانەش دوو کەس کە پێشتر پێشبینیی ڕیفۆرمی زەوی لە 1960ـەکانیاندا کردبوو و گوندەکانی خۆیانیان دابووە دەست دانیشتووانیان و هانی خوێندنی ژنان لە قوتابخانە دەوڵەتییەکانیان دابوو.[18] هەر بۆیە، گەر هەڵوێستی لیبڕاڵانەی ژمارەیەک لە مەلاکان نەبووایە، دەکرا خەڵکی ئاسایی زیاتر بە مارکسیزمی توندڕەوی کۆمەڵە بشڵەژایەتن. 

مەلای دیکە هەبوون کە بەختی خۆیان لە شوێنی دیکەدا دەبینییەوە. برای شێخ عێزەدین حوسێنی، جەلال، بە مەبەستی وەڕێ خستنی میلشیایەکی سوننی پارێزکار بە ناوی “خەبات” بە دژی تاران و کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەکوچۆڵی لە سەدام حسێن وەرگرت.[19] 

بۆ زۆرێک لە چینی کۆنی خاوەن مڵک، داڕمانی ڕێژیمە شاهەنشاهییەکە دەرەتانێک بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو زەوییانەیان کە دوابەدوای شۆڕشی سپی بەسەر وەرزێڕەکاندا دابەش کرابوون، یان لانیکەم دەیانویست کرێی ئەو زەوییانە وەربگرن کە نەیاندەتوانی بەدەستیان بهێننەوە. لەشوێنی تر، وەرزێڕەکان بە مەبەستی خاوەن بوونی ئەو زەوییانەی کە پێیان وابوو لەسەریان فێڵیان لێ کراوە، یاسایان گرتە دەست خۆیان. ئەمە لە هیچ شوێنێک ئەوەندەی مەریوان زەق نەبوو، لەو شوێنەی کە پەیوەندیی خاوەن مڵک ـ وەرزێڕ زۆر ناوزڕاو بوو. کۆمەڵە لەڕاستیدا پشتیوانیی کرد و لە شەڕی دژە چینی خاوەن مڵک، ڕێبەرایەتیی وەرزیڕەکانی کرد. کاتێک وەرزێڕە تووڕەکان لە جوولای 1979دا بەرەو کۆمیتەی ئیمام ڕێپێوانیان کرد و داوای “دەرکردنی ماکە فیۆدالەکانیان” کرد، هیچ دژوار نەبوو بۆ خاوەن مڵکەکان کە کۆمیتەکە بهێننە سەر ئەو قەناعەتە کە فیۆدالیزمەکەی ئەوان بەڕوونی لە کۆمۆنیزمی کۆمەڵە باشترە.

هەر بۆیە، ئەگەرچی دامەزراوە لۆکاڵییەکانی دەوڵەت لە بنەمادا لە زۆر بەشی ئێراندا پشتیوانییان لە وەرزێڕەکان دەکرد، لە مەریوان پرسەکە جیاواز بوو، کیشمەکێشێکی چینایەتی لە ئاستی خۆجێیی لەسەر پرسی زەوی و زار هەر لە سەرەتاکەیەوە بووە پرسێکی نەتەوەیی کە بە شێوەیەکی جیددی زەبری لە پەیوەندییەکانی خەڵک لەگەڵ تاران دا. ماوەیەکی پێ چوو تا ڕێژیم بە تێگەیشتنێکی پترەوە ڕووبەڕووی پرسی زەوی و زار ببێتەوە ـ واتە پاش ئەوەی لە سەرتاسەری ئێران بە شێوەیەکی نادرووست مامەڵەی لەگەڵ پرسەکە کردبوو.

کۆمەڵە هەڵوێستێکی توندڕەوانەی لەسەر پرسی زەوی و زار بە لایەنگریی وەرزێڕەکان گرتە بەر، بەتایبەت لە دەورووبەری مەریوان و سنە. ئەم سیاسەتەی لە دەورووبەری بۆکان لەو شوێنەی کە خزمە دێبوکرییەکانی ڕێبەرایەتیی کۆمەڵە دەژیان، کەمتر پێڕەو دەکرد. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش سوودی لە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی ـ ئابووریی سوسیالیستی برد. کاتێک ئاغاکانی دەورووبەری ورمێ و مهاباد هەوڵیان دا ماڵیاتی باو (نەنووسراو لەیاسادا) بەسەر خەڵکدا ببڕنەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناچاری کردن واز لە هەوڵەکانیان بێنن. دیسانیش حیزبی دێموکرات دەیویست خۆی لەو جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیە نەدات کە کۆمەڵە دەیویست. حیزبی دێموکرات دەیویست پشتیوانیی عەشیرەتەکان بۆ لای ڕوانگەی خۆی ڕاکێشێ، نەک بە هۆی جیاوازی بیروبۆچوونەوە تووشی تێکهەڵچوون بێت لەگەڵیان. سەرەڕای ئەمەش، پرۆسەیەکی سروشتیی دووبەرەکی سازبوون لە ئارادا بوو، ئاغاکان داوای یارمەتییان لە بەرپرسانی حکوومی دەکرد و وەرزێڕەکان ڕوویان لە کۆمەڵە یان حیزبی دێموکرات دەکرد.

لە کۆتاییدا، ڕێژیم هاوکاریی هێزی بارزانییەکان لە نێو کرمانجەکانی ناوچەی باکووری کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەدەست هێنا تا ناوچەکانی نزیک لە سنوور لەژێر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربهێنێ و ئاغا کورمانجەکان بە قەناعەت بگەیەنێت کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ڕووی یەکیەتیی زاراوەییەوە زیاتر سوننییەکان ڕۆڵیان تێدا دەگێڕا، دوور بکەونەوە.[20] بارزانییەکان بەو جۆرەی هاوکاریی پەهلەوییەکانیان کردبوو، هاوکاریی کۆماری ئیسلامییان کرد. سەرەڕای ئەمەش، زۆربەی ئەو ئاغایانە هەوڵیان دا لە دەرەوەی کێشەکەدا بمێننەوە، دەیانویست ددان بە دەسەڵاتی تاراندا بێنن و بەمەش کەم تا زۆر سەربەخۆ بمێننەوە، بەڵام بەکردەوە نەکەونە نێو شەڕەکەی کوردستانەوە.

تێڕوانینی کۆمارەکە بەرامبەر کوردەکان

رێژیمە نوێیەکە بە نیگەرانییەوە لە سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی کوردییان دەڕوانی. کەمینە نافارسەکانی ئێران بەسەریەکەوە نزیک بە نیوەی حەشیمەتی ئێرانیان پێک دەهێنا. لە ڕۆژە سەرەتاکاندا و لەو کاتەی کە ڕێژیم لە خۆی دڵنیا نەبوو، ئەو ترسەی هەبوو کە پاشەکشە بەرامبەر کوردەکان دواتر داواکاریی گرووپەکانی تریشی بەدوادا بێت. ئەم کەمینانە لەمبەر و ئەوبەری سنوورەکانی ئێراندا نیشتەجێ بوون، کوردەکان و عەرەبەکان لە سنووری عێراق، ئازەرییەکان و تورکەمەنەکان لە سنوورەکانی تورکیە و سوڤیەتدا و بەلووچەکانیش لەسەر سنووری ئەفغانستان و پاکستان. لە سێ نموونەدا (کوردەکان، تورکەمەنەکان و بەلووچەکان)، هەستی نزیکایەتی لەگەڵ ئەوبەر سنوور بە هۆی ئەوەی کەمینەی سوننیش بوون لە ئێراندا، زیاتر بوو.

لای کوردەکان، سەرنجڕاکێشیی کەڵک وەرگرتن لە مەترسیی دەرەکی زیاتر وەک کارتی گوشار بوو تا ئەوەی بڵێین لە ترسی حکوومەت ناچار بووبێتن دەست بۆ ئەو کارتە ببەن. لە مارسی 1979دا، غەنی بلووریان (کە لە دێسامبردا پاش 25 ساڵ بەند بوون، ئازاد کرابوو) لە لێکدانەوەیەکی  خێرادا وتی “ئەگەر ئەم دەوڵەتە شۆڕشگێڕە قەبووڵی بکات مافی نەتەوایەتی بە خەڵکی کورد بدات، ئەوکات زۆر ئاسان دەبێت بەرگری لە سنوورەکانی ئێران لە بەرامبەر هێرشی دەرەکیدا بکرێت. بەڵام گەر ئەم کارە نەکات، هەندێ هێزی دەرەکی دەتوانن کەڵکئاژۆ لە هەستی خەڵکی کورد وەربگرن”.[21] هەڕەشەکە هەڵەی تێدا نەبوو. هەر جۆرێک بێت، پرسی کورد تارانی بە تەواوی تووشی دڵەڕاوکێ کردبوو، لەبەر ئەوەی وەبیرهێنەرەوەی سمکۆ، مهاباد و ئەوکاتە بوو کە عێراق ئیزنی دابوو جیابیرە کوردەکان وەکوو خاڵی هێرش بردن کەڵک لە خاکەکەی وەربگرن. 

کەوابوو، ئەو “خودموختاری”ییەی کوردەکان دەیانویست، لای تاران لە “جیاییخوازی” دەچوو. بۆ نموونە، کاتێک لە جولای و ئاگۆستی 1979 لە مەریوان و سنە لەسەر پرسی مڵکداری شەڕ گەڵگیرسا، سەرۆکوەزیران بازرگان وتی: “ئەوان [کوردەکان] هەر خودموختارییان ناوێ، ئەوان دەیانەوێ لە ئێران جیا ببنەوە”، ئەمە سەرەڕای ئەوەش ڕێبەرایەتیی کورد وریا بوون لەسەر شی کردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە داواکارییەکەیان بۆ خودموختاری، وەها لێکەوتەیەکی بەدوادا نەیێت. لە ڕاستیدا، لە ڕوانگەی قاسملووەوە “ئەوە دواکەوتووەکان بوون کە لە بارەی جیابوونەوەوە هاواریان دەکرد. چەپی کوردی خودموختارییەکی بیاتنەرانەیان دەویست”.[22] بەڵام ڕوانگەی تاران بەنیسبەت کوردەکان نەدەسڕایەوە: ئەوان سەربەخۆییخواز بوون و سەربەخۆییخواز دەمانەوە.  

کوردەکان ڕووبەڕووی بەربەستێکی تر بوونەوە، بەربەستێک کە هەم لایەنی کردەوەیی هەبوو و هەم لایەنی ئایدیۆلۆژیکی. ئەوەش ئەو جیاکارییە مەزهەبییە بوو کە زۆربەی کوردەکانی وەکوو کەمینەی سوننی لە سەرزەمینی شیعەدا دەناساند. لە ئاستی کردەییدا، پەیوەندیی کوردە سوننییەکان لەگەڵ دراوسێ شیعە نەکوردەکانیان بە شێوەی نەریتی لاواز بوو و هەندێ جاریش توندوتیژی لە نێوانیاندا هەڵایساوە.[23] ئێستا ڕێژیم، توندڕەوە شیعەکان لە فۆرمی کۆمیتەکانی ئیمام و پاسداراندا دەنێرێ تا کوردستان کونتڕۆڵ بکەن، کە پێشبینی دەکرا جێگرەوەی ئەو وەزعە هەر شەڕی چەکداری لە نزیک بە هەموو شارەکانی کوردستاندا دەبێت: مەریوان، سنە، سەقز، بانە، پاوە و هتد. پاش یەکەمین دەوری شەڕەکان لە سنە، تاران بە دیاری کردنی بەرپرسێکی باڵای شیعە، ئایەتوڵڵا حوججەتولئیسلام سەفدەری بە فەرماندەریی پادگانی پاسداران لە شارەکە، زیاتر هەستی خەڵکەکەی بریندار کرد.

جیددیترین شەڕ لە نەغەدە ڕووی دا، شارێک کە دانیشتووانەکەی تێکەڵاو بوون. لە کۆتاییەکانی ئاوریلی 1979دا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەیەکی بەرینی لە ستادیۆمێکی فووتباڵ کە لە بەشی ئازەری نشینی شارەکەدا هەڵکەوتبوو، ڕێکخست. کومیتەی خۆجێیی ئازەرییەکان داوای لە حیزبی دێموکرات کرد کە کۆبوونەوەکە لە شوێنێکی تر بگرێت تا پێش بە دنەدرانی کەسانێک بگیرێت. حیزبی دێموکرات نەتەنیا ئەم داواکارییەی ڕەت کردەوە بەڵکوو ژمارەیەک لە گرووپەکانی حیزبی دێموکرات بە چەکەوە گەیشتنە شوێنەکە. کاتێک باندە ئازەرییەکان دەستیان کرد بە تاڵانی گوندە کوردییەکان، لانیکەم 200 کەس کوژران و نزیک بە 2000 کەس ئاوارە بوون.[24]

کوردە شیعەکان لە باشووری سنە هەستێکی جیاواز لە برا سوننییەکانیان بەنیسبەت شۆڕشی ئیسلامی هەبوو. ئەوانەی پارێزگای کرماشان وتیان هیچ ئۆگرییەکیان بە خودموختاری نییە. ئەوان لە بنەڕەتدا دەیانویست هەر جۆرێک بێت بەشێک لە کۆماری شیعە بمێننەوە و ڕێژیمیش لە کاتی وەرگرتنی ئەندام لە نێوانیاندا وەک “پێشمەرگە موسوڵمان” بۆ شەڕ دژی ناسیۆنالیزم و چەپەکان لە ناوچە باکوورییەکانی سەروویانەوە کێشەیەکی ئەوتۆی نەبوو. لە 1979دا، کوردە سوننی و شیعەکان لەو گوندانەی پارێزگای کوردستان کە پێکەوە دەژیان، بە کردەوە تووشی شەڕە تەقە لەگەڵ یەکتر بوون.

ئەوە لە ئاستی ئایدیۆلۆژیکییەوە بوو کە داهاتووی کوردەکان بۆ خۆبەڕێوەبەری بە جیددی تاریک و لێڵ بوو. خومەینی پێش لە بەدەسەڵات گەیشتنی هیچکات بۆچوونی خۆی لە بارەی کەمایەتییە ئیتنیکییەکانەوە دەرنەبڕیبوو، ئەمە سەرەڕای نووسینە بەربڵاوەکانی لە بارەی پرسە کۆمەڵایەتی، ئایینی، ئابووری و سیاسییەکانەوە. ڕەنگە ئەو هەر بیری لێ نەکردبێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، کێشەکانی بەردەم ئێرانی شۆڕشگێڕ دەرەتانی پێویستی بۆ دەربڕینی بۆچوونی لەم بارەیەوە بە ناوبراو دا. نیگەرانیی بنەڕەتی خومەینی ستراتیژیک بوو. ئەمە بۆ شێخ عێزەددین حوسێنی لەیەکەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ خومەینی لە ئاوریلی 1979 ڕوون بوو: “کاتێک ئەوێم بەجێ دەهێشت،] خومەینی[ گۆشەیەک لە عەباکەمی گرت و پێی وتم: ئەوەی داوات لێ دەکەم ئاسایشی کوردستانە”، منیش گۆشەیەک لە عەباکەیم گرت و وتم: “ئەوەی من داوات لێ دەکەم خودموختاریی کوردستانە”.[25] لە مانگە سەرەتاییەکاندا، خومەینی دەیویست ئیزن بە دەوڵەت بدات لەگەڵ کوردەکان لەسەر داواکاریی خودموختاری وتووێژ بکات. وەک سەرۆکوەزیران بازرگان وتی (ئەگەرچی ڕوانگەی خودی بازرگان لە بارەی خودموختارییەوە زۆر بەرتەسک بوو): “ئێمە دەمانویست لەگەڵ کوردەکان بگەینە ڕێککەوتنێک، ئەگەرچی لەگەڵ ئەو ڕادیکاڵانە مامەڵەمان دەکرد کە تا ڕادەیەکی زۆر توندڕەو بوون. ئێمە وتمان “ئیزنیان پێ بدەن ئەوە هەڵبژێرن کە دەیانهەوێ”. کاتێک ئەوان دەستیان کرد بە قسەکردن لە بارەی خودموختارییەوە، ئێمە تەنانەت ئەوەشمان قەبووڵ کرد.”[26]

رەشنووسی یاسای بنەڕەتیی ئیسلامی لە ژوئەنی 1979دا بڵاو کرایەوە، ئەگەرچی پێشنیاری خودموختاریی تێدا نەبوو، بەڵام بەڵێنی دەدا کە “فارسەکان، تورکەکان، کوردەکان، عەرەبەکان، بەلووچەکان و تورکەمەنەکان و ئەوانی تر مافی وەک یەکیان دەبێت”.[27] ئەو ڕەشنووسە تەنانەت ئەو دۆکتۆرینەی تێدا نەبوو کە دواتر پێی زیاد کرا و باسی دەوڵەتێکی دەکرد بە ڕێبەرایەتیی ڕێبەرێکی باڵای مەعنەوی (ویلایەتی فەقیه). خومەینی دەیویست ئیزن بدات ڕەشنووسەکە ڕاستەوخۆ بچێتە بەردەم ڕیفراندۆمی خەڵکەوە. ئەوە بازرگان و بەنیسەدر بوون کە بە شێوەیەکی کارەساتهێنەر پێداگرییان لەسەر ئەوە کردبوو کە ڕەشنووسەکە دەبێ بدرێتە دەست شووڕایەکی هەڵبژێردراوی یاسای بنەڕەتییەوە و ئەوان پێداچوونەوەی پێدا بکەن. ئەوان هیچ لەوە تێنەدەگەیشتن کە ئەم کارە دەبێتە کردنەوەی دەرگا بۆ مەلا ڕادیکاڵەکان. لە بەرامبەردا، ئەوە ئایەتوڵڵا عەلی ئەکبەری ڕەفسەنجانی بوو کە هۆشداریی پێدان و وتی “پێتان وایە کێ بۆ شوورای یاسای بنەڕەتی هەڵدەبژێردرێت؟ مشتێک بێ مێشک و بناژۆخوازی دەمارگرژ، ئەوانە وەها زەبرێک لە ڕەشنووسەکە دەدەن کە لە کۆکردنەوەیان پەشیمان دەبنەوە”.[28] دەرکەوت هەر وای لێهات. 77 ئەندامی شوورای کارناسان هەڵبژێردران و لە ئاگۆستدا کۆ کرانەوە، 55 کەسیان مەلا بوون.

بۆ ئەم بناژۆخوازانە دژوار نەبوو کە هەوڵ بدەن خومەینی بۆچوونی لە بارەی ڕەشنووسەکەوە بگۆڕێت. لە نوامبردا، خومەینی باسی کرد کە بۆچی هەر جۆرە ئاماژەیەک بە کەمایەتییە ئیتنیکییەکان لا برا:

“هەندێ جار وشەى کەمینەکان بۆ ئاماژە بە خەڵکانێک وەک کوردەکان، لوڕەکان، تورکەکان، فارسەکان و بەلووچەکان و هتد بەکار دەچێت. ئەم خەڵکانە نابێ بە کەمینە ناوببرێن، چونکە ئەم چەمکە ئەو گریمانەی تێدایە کە جیاوازییەک لە نێوان ئەم برایانەدا هەیە. لە ئیسلامدا، وەها جیاوازییەک هیچ جێگایەکی نییە. هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو موسوڵمانانە نییە کە بە زمانی جیاواز قسە دەکەن، بۆ نموونە، عەرەبەکان و فارسەکان. ئەگەری ئەوە زۆرە کە وەها کێشەگەلێک لە لایەن ئەو کەسانەوە دروست کرابێت کە حەز ناکەن وڵاتە موسوڵمانەکان یەکگرتوو بن … ئەوان کێشەی ناسیۆنالیزم، پان ـ ئێرانیزم، پان ـ تورکیزم و ئەو جۆرە ئیزمگەلەیان دروست کردووە کە بە دژی هزری ئیسلامییە. بەرنامەیان لەنێوبردنی ئیسلام و فەلسەفەی ئیسلامییە.”[29]

هەر بۆیە، تەنانەت باس کردن لە کەمایەتییە ئیتنیکییەکان لە چوارچێوەی ئیسلامدا دژایەتییەک بوو بەرامبەر ئایینی ڕاستەقینە.

ئەگەر کوردەکان نەدەکرا وەکوو کەمینەیەکی ئیتنیکی بە جیاواز لە قەڵەم بدرێن، ئەوا زۆرینەیان دەکرا بانگەشە بۆ پێگەی کەمایەتیی خۆیان وەک سوننی بکەن. هیچ گومانێک لە جیاوازی و پێگەی نزمتریان لە دەوڵەتێکی شیعەدا نەبوو، ڕاست ئاوێنەی ئەو بارودۆخە بوون کە شیعەکان لە عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی عەرەبیی دیکە هەیانبوو. ئەوان خەڵکی ئاسایی بوون (ئۆمە)، لە بەرامبەردا شیعەکان خەڵکی تایبەت (خاسە) بوون. سەرەڕای ئەمەش کاتێک ڕەشنووسی سەرەکیی یاسای بنەڕەتی بە ناوهێنان، چوار لقی شەریعەتی سوننیی بە فەرمی ناسی، دواڕەشنووس ئەو ناوانەشی داخست و پێداگریی لەسەر سروشتی شیعەی حکوومەتەکە کرد و بەو پێیە پێویست بوو بەرپرسانی باڵای حکوومی، سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران، شیعە بن.

 ئەگەر ئەوان هیچ شوناسێکیان نەبوو، نە کورد و نە سوننی، کەوابوو هیچ مانای نەبوو دەنگ بەیاسای بنەڕەتی بدەن. بۆیە کوردەکان تا ڕادەیەک بە یەکدەنگ و وێکڕا خۆیان لە دەنگدان پاراست و لەو شوێنانەی دەنگدان بەڕێوە دەچوو، سندووقەکانی دەنگدانیان سووتاند. تەنیا کوردە شیعەکانی کرماشان بەشدارییان تێدا کرد.[30] لە ژانویەی 1980دا، خومەینی بە شێوەیەکی گونجاو نەرمیی نواند و بەڵێنی دەستکاری کردنی یاسای بنەڕەتی لە پێناو گەرەنتی کردنی عیبادەتی مەزهەبی سوننی لەو شوێنانەی زۆرینەیان سوننی بوون، دا. دیسانیش وەها دەستکاری کردنێک چاوەڕوان کراو نەبوو و کوردەکان ئەوەیان بە داوێک لێکدەدایەوە بۆ بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا.[31]

هەر لە سەرەتاوە، شێخ عیزەددین حوسێنی وەها پێناسەیەکی بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی کردبوو کە لەگەڵ ئاییندا بێتەوە ئەویش لە پێناو بەرپەرچدانەوەی ناڕوونییەکانی ڕێژیمە نوێیەکە. وەکوو لیبراڵێکی مەزهەبی و چەپگەرایەک، ناوبراو زیاتر لەگەڵ کۆمەڵە دەگونجا تا لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەمەش ببووە مەلایەکی نائاساییی سوننی. سەرەڕای بۆچوونە جێی گەنگەشەکانیشی، ستانداردە تاکەکەسییە جیاوازەکانی، گەرەنتیکەری ڕێزێکی جەماوەری بۆ شێخ بوو.[32] کەوابوو، شێخ بەپێی هەڵوێستە تاکەکەسی، مەعنەوی و ناسیۆنالیستییەکانی، کاندیدایەکی سروشتی بوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی ڕێبەرایەتی لە مهاباد لە پاش داڕمانی ڕێژیمی پەهلەوی.

شێخ عێزەددین دۆکتۆرینی ویلایەتی فەقیهـ و بەم پێیەش لە کردەوەدا خودی خومەینی و شوورای نیگابانی بە قسەکانی ڕەت دەکردەوە. ئەو دەیگوت:

“ئەوەی هەمانە دەوڵەتێکی ئایینی نییە، بەڵکوو دیکتاتۆرییەکە لە ژێر ناوی ئیسلامدا … ڕۆڵی مەلا دەبێ ڕێنمایی بێت لە ناساندنی خودادا. هەندێ مەلای شیعەشمان هەیە کە بەرپەرچی تێڕوانینی خومەینی بەنیسبەت فەقیهـ دەدەنەوە. ئەمە ڕێژیمێکی ئیسلامی نییە … هەر جۆرە ڕێژیمێکی ئایینی، دیکتاتۆری لێ دەکەوێتەوە و ئایینیش دەبێتە ئامرازێکی لێدان، لەسێدارەدان و کوشتن بە ناوی خوا.”[33]

ئەگەری ئەوە لە ئارادا نەبوو کە خومەینی لە وەها ڕەخنەیەک ببوورێت یان لەبیری بچێت. دیسانیش شێخ زیاتریشی وەسەر نا:

“من باوەڕم بە جیایی دین و دەوڵەت هەیە. هەر کاتێک دەوڵەتێکی ئایینی دامەزرێت، ئەوە چەقبەستوو و دژی دێموکراسییە. دەوڵەت دەبێ ئیزن بە دێموکراسی و جیاوازیی سیاسی لە نێو کۆمەڵگادا بدات.”[34]

وەها بۆچوونگەلێک دەڵێی هی ئورووپاییەکانە تا ئەوەی بۆچوونێکی سیاسیی ئیسلامی بێت و بە دڵنیاییەوە هیچ جێگەیەکی لە ئێرانی شیعەدا نەبوو. هەر بۆیە هیچ سەیر نەبوو کە شێخ لە قوم وەکوو دوژمنێک سەیر دەکرا.

زەحمەتە بگوترێ بۆچوونە ئایینییەکانی شێخ چەندە جێی پەسندی کوردە ئیماندارەکان بوو، بەڵام ئیستدلالەکانی بە قازانجی خودموختاریی نەتەوەیی بوو و شێوەی ژیانی خۆی شەپۆلێک لە پشتیوانیی بۆ بەرهەم هێنابوو. ئەو بەم ئیستدلالەی خوارەوە خۆی لە قەرەی ئەو بانگەشە جیهانگەرایانە لە ئیسلام نەدا کە قوم باسەکەی هێنابووە ئاراوە و بەو پێیە حاشا لە خودموختاریی ئیتنیکی دەکرا: “ئیسلام پێویستی بەوە نییە کە گرووپێک خەڵک  بەسەر هەموو موسوڵمانەکاندا حکوومەت بکەن. ئیسلام ئەوەی قەبووڵە کە خەڵک بەسەر گرووپ، نەتەوە و عەشیرەی جیاوازدا دابەش بوون. لە ئیسلامدا هیچ هۆیەک بۆ ئەوە نییە کە ئەم گرووپانە نابێ لەمەڕ کاروباری خۆیان بڕیاردەر بن.”[35]

وەها بۆچوونگەلێک، هاوکات، لە خزمەتی تەئیدی بۆچوونی خومەینی بەنیسبەت جیهانی کوردییەوە بوو. خومەینی، شێخ عێزەددین و قاسملووی بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی هەڵایسانی شەڕی مڵکداری لە جولای و ئاگۆستی 1979 ناو دەبرد، ئەگەرچی ئەوان بە ئاشکرا کەوتبوونە دوای شەپۆلی ڕووداوەکانەوە. پروپاگەندەچییەکانی ڕێژیم دەستیان کردبوو بە ناوبردنی شێخ عێزەدین (شانازیی ئایین) بە “زیددەدین” (دژە ئایین). قاسملوو ڕێگەی چوون بۆ شوورای حەفتاوسێ ئەندامیی کارناسەکانی لێ گیرا، ئەو شوورایەی کە ناوبراو بۆی هەڵبژێردرابوو. هەر دووکیان وەک ئاژاوەگێڕ سەیردەکران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە “حیزبی شەیتان”، “گەندەڵ و نۆکەری بێگانە” ناو براو و بە نایاسایی ڕاگەیەندرا.[36] ئەوە دواتر و لە ژێر گوشاری شەڕ لەگەڵ عێراق بوو کە ڕێژیم تێڕوانینێکی نەرمتری بەرامبەر سوننییەکان ڕەچاو کرد و هەوڵی جیددی دا بۆ ڕاکێشانی مەلا کوردە سوننییەکان تا پشتیوانی لە ڕێژیمەکە بکەن. 

دابڕان  لە دەرەوە و لە نێوەوە

لە کۆتاییەکانی یەکەمین ساڵی پڕکێشمەکێشدا، بارودۆخەکە وەک چاوەڕوان دەکرا، لەدەستدانی سەبری ڕێژیم و بێ هیواییی کوردەکانی بەدواوە بوو.

ئاژاوەکانی مارس ـ ئاوریلی 1980 دەوڵەت لە تارانی هان دا تا هێرشێکی بەرین بکاتە سەر کوردستان. دەوڵەت سوور بوو لەسەر ئەوەی کونتڕۆڵی تەواوی سەرانسەری وڵات بکات و لەوە دەترسا کە کوردستانێکی لیبراڵ دەبێتە نموونەیەکی مەترسیدار بۆ شوێنەکانی تری ئێران. بەنیسەدر کە بە تەواوی ئاگاداری دوژمنە ئاخوندەکانی لە قوم بوو، نەیدەتوانی بە لاواز دەربکەوێت. هەروەها بە هۆی ئەوەی شەڕ لە کوردستان جێی پەسندی جەماوەر نەبوو، بەنیسەدر ناچار بوو هۆشداری بدات بە ئەرتەش تا لە بڕیاڕە سەربازییەکانی دەوڵەت سەرپێچی نەکەن. لە کۆتاییی ئاوریلدا، دەوڵەت کونتڕۆڵی زۆربەی خاکی کوردستانی لەدەستدا بوو، بەڵام بە تێچووی نزیک بە هەزار کەس کوژراو لە شەڕەکەدا. 

 کاتێک کاتی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتیانە هات، هەوڵەکانی بەنیسەدر بە هۆی ئاخوندگەلێکی توندڕەوی وەک ئایەتوڵڵا موحەممەد بەهەشتییەوە کە دەیویست سەرانسەر کوردستان “لەسەر عەرز تەخت بکرێت”، پەراوێز خران.[37] غەنی بلووریان کە ڕەدی کردبووەوە وەکوو نوێنەری خەڵکی مهاباد بچێتە “مەجلیس”، خۆی لە بارودۆخێکدا بینییەوە کە ڕوو لە چاپەمەنییەکان، بە دژی جینایەتە زۆرەکانی ئایەتوڵڵا خاڵخاڵی، داکۆکیی  لە هاوکارانی کرد. ئەوە دوایین خزمەتی بە حیزبەکە بوو.

لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، هەمیشە کێشمەکێشێک لە نێوان دوو ویستی بە ڕواڵەت پێک نەگونجاو لە ئارادا ببوو: قۆستنەوەی هەلەکە لە پێناو بەدەستهێنانی خودموختاری یان پێشوازی، خۆگونجاندن و پشتیوانی لە شۆڕشەکە. بۆشایییەک هەبوو کە پڕکردنەوەی تا دەهات نەلواوتر بوو. تا ڕادەیەک جگە لەو دژوارییانەی بە نیسبەت چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لەگۆڕیدا بوون، ئەو هەوڵانەیش کە بۆ وتووێژی نوێ دەدران بە جۆرێک بە هۆی سووربوونی کۆمەڵە لەسەر شەڕ سووک دەکران. 

پتر لەوەش، کوردستان ببووە مەیدانی شەڕ بۆ زۆرێک لە دژبەرە ڕادیکاڵەکان بە دژی ڕێژیم و ئەمەش کونتڕۆڵی سیاسیی کوردەکان بەسەر خەباتەکەی لاواز دەکرد. لەو هاوینەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، فیداییانی خەڵق و موجاهیدین کەمپەینێکی بەهێزی شەڕی پارتیزانی و بۆسەدانانەوە بۆ کاروانە سەبازییەکانی پاسدارەکانیان بەڕێوە برد. بۆ سێ مانگ، حکوومەت هیچ هەوڵێکی بۆ گرتنەوەی مەهاباد، بۆکان و سەردەشت نەدا.

هەوڵە نێونجیگەرانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیم بێ ئاکام بوون، مەگەر ئەوە نەبێت کە ژمارەیەک کوردی هان دا هەڵگەڕێنەوە و ڕوو بکەنە کۆمەڵە. لە چوارەمین کۆنگرەی لە فێوریەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانی لە درێژەدانی هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتیانە کرد. بەڵام بەپێی هیوابڕاوی لە وتووێژەکان و ئەویاسا بنەڕەتییەی لە کۆتایی 1979 درایە دەرەوە، بارودۆخەکە بە شێوەیەک کە گەڕانەوەی بۆ نەبوو، بەرەو شەڕ دەچوو. حیزبی دێموکرات داوای لە ئەندامانی کرد کە بەرەو شاخەکان بکشێنەوە. هەندێکیان زیاتر و زیاتر ئەو هەستە ناخۆشەیان لا درووست دەبوو کە حیزبەکە وێدەچێ وازی لە بڕیارەکەی کۆنگرەی چواری هێنابێ و لە هەوڵەکانی حیزبی توودە کە وتووێژ لە نێو سیستمەکەدا بوو، زیاتر مەودا دەگرێت.

لە کۆتاییەکانی مانگی مایدا، غەنی بلووریان و شەش کەسی دیکە لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی حیزبەکە بە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ڕێبەرایەتیی قاسملوو و تۆمەتی دوورکەوتنەوەی ناوبراو لە بڕیارەکەی کۆنگرە، وازیان لە ئەندامەتیی حیزبەکە هێنا.[38] ئەوان قاسملوویان لەبەر وەرگرتنی یارمەتی لە بەغدا لە کاتێکدا مەترسی بۆ سەر ئێران زۆر بوو، مەحکووم کرد و دەیانگوت خودموختاریی کوردستان دەبێ پاش دڵنیایی لەوە بێت کە شۆڕشی دژەئیمپریالیستی پارێزراوە. ئەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان  بەوە تۆمەتبار کرد کە بە فیتی ئیمپریالیزم شەڕی چەکداری دەکات. ئیستدلالەکەیان هاوتەریبی سیاسەتی توودە بوو کە پشتیوانی کردن لەو ڕێژیمە ئیسلامییە بوو. لە ئاکامدا، بلووریان هەندێ لەو قسانەی بڵاو کردەوە کە لە نێوان قاسملوو و بەغدادا کرابوون. بەڵام نەیتوانی ئەو تاوانبارکردنە بە بەڵگەوە بسەلمێنێت.[39] لە ڕاستیدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچکات بە دژی ئێران هاوکاریی هێزە عێراقییەکانی نەکرد.

ئەم سەربزێوییە ئەندامانی حیزبەکەی تووشی شڵەژان کرد. هەرچی بێت، بلووریان نیشتمانپەروەریی خۆی بە 25 ساڵ بەندبوونی سەلماندبوو. بەڵام باڵانسی وەفاداری بە قازانجی قاسملوو بوو و سەربزێوەکان بە زوویی نازناوی “تاقمی حەوت کەسی جاش”یان لەسەر دانرا،[40] واتە دابەزاندنیان تا ئاستی ئەو دەستەی کە بەکرێگیراوی ڕێژیم بوون. جیابوونەوەیەکی هاوشێوە هەر لەو کاتەدا لە نێو فیداییانی خەلقیش ڕووی دا، بەڵام لە نێو ئەواندا ئەوە زۆرینە بوون کە بڕیاریان دا هەمان سیاسەتی هاوشێوەی توودە پێڕەو بکەن. تەنیا کەمینەیەکیان بە نیسبەت شەڕی چەکدارییەوە خۆیان بە دەروەست دەزانی.  

ئێران ماوەیەک بوو سەری بە دنەدانەکانی خۆی قاڵ بوو. ئێران بە هۆی پروپاگەندەی شیعەگەرییەوە و شەرمەزارکردنی سەددام حوسێنەوە، عێراقی کردبووە دوژمنی خۆی. ڕێژیمی ئێران یارمەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی (پارتی) کردبوو و دەکرد، هەڵبەت بەگشتی بۆ شکست دانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو ئێران و ئێستایش خەریکی وتووێژ بوو لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان. لە نێوەڕاستی هاوینی 1980دا، ئەگەری شەڕی ئاشکرا هەبوو، بەڵام ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وەها شەڕێک بە باشی تەیار نەبوو. ئەرتەشەکەی بە هۆی وازهێنان و دەرپەڕاندنەوە قاتوقڕیی تێ کەوتبوو. سێ لق لەو لقانەی ئەرتەش کە مابوونەوە، بۆ سەرکوتی کوردستان بەڕێ کرابوون. کاتێک عێراق لە کۆتاییەکانی سێپتامبری 1980 هێرشی کرد، چاوەڕوان دەکرا ئێران زوو خۆی بدا بە دەستەوە.

هێرشی عێراق وەکوو دەرفەتێکی زێڕین بۆ کوردەکان وابوو کە کوردستان بە تەواوی لە ژێر کونتڕۆڵی دەوڵەت دەربێنن یان بەندەکانی خودموختارییەکەیان بەسەر ڕێژیمدا بسەپێنن. دەکرا یەکێک لە بەربژێرەکان پشتیوانیی بێ مەرجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆیەکیەتیی خاکی ئێران بوایە، بەو هیوایە کە تاران وەها ئاماژەیەکی خەڵات کردبا. بەڵام قاسملوو کە چاوەڕوانییەکی ئەوتۆی بەنیسبەت ئەوە نەبوو کە تاران دێتە دەست و هێرش دەکات، هەستێکی بەهێزی هەبوو کە پێداگر بێت لەسەر ئەوەی پێش لەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لوولەی چەکەکانی ڕوو بکاتە عێراقی هێرشبەر، تاران پرەنسیپەکانی خودموختاریی کوردستان قەبووڵ دەکات و هێزەکانی لە کوردستان دەکشێنێتەوە. بەپێی شێوەی بیرکردنەوەی تاران، وەها ئۆلتیماتۆمێک تەنیا دەکرا وەکوو خیانەت هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێَت.

شکست و دابڕانی زیاتر

دەرکەوت هیواکانی کورد کورتخایەنن، لەبەر ئەوەی سوپای ئێران لە ئۆکتۆبردا بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بەرگریی قایمیان لە خوزستان کرد. بۆ چەند مانگی پاش ئەوە، ئەرتەش نیگەرانی ملدان بە هێرشی عێراقییەکان بوو، هەر بۆیە کوردستانی بە پانەوە بۆ خودی کوردەکان بەجێ هێشت. لە کردەوەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە توانییان لەو شوێنانەی بەدەستیانەوە بوو، قوتابخانە و شوورای هەڵبژێدراوی گوند و شارەکان دامەزرێنن.

سەرەڕای ئەمەش، هەردووکیان بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆیان نەبوو و چاوەڕوان بوون هەوڵەکانی ئێران بۆ داگیرکردنەوەی ناوچەکە ببینن. لە ئاگۆستی 1981دا، مەسعوود ڕەجەوی، ڕێبەری موجاهیدین و بەنیسەدر سەرکۆماری پێشوو کە ئێستا هەڵاتوو بوون، دامەزراندنی شوورای بەرگریی نەتەوەییان ڕاگەیاند. چارتی شووراکە، لە نێو شتەکانی دیکەدا، بەڵێنی ئازادیی مەدەنی، تێکەڵاوکردنی زەوی و زارەکان بە هاوبەشی، ڕێزدانان بۆ دارایی، یەکسانی بۆ ژنان و شوورای هەڵبژێدراو و ڕاوێژکاری دەدا. بەڵێنیگەلێک کە بەتایبەتی لە پێناو ڕاکێشانی چینی مامناوەندی خواروو حەسێب و کتێبیان بۆ کرابوو. چینێک کە وزەی سەرەکیی خەباتەکەکەیان بوو.  لە پێنجەمین کۆنگرەیدا لە دێسامبردا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڕیاری دا بە شوورای بەرگری نەتەوەیی پەیوەست ببێت. بەڵام هەندێ کەس هەستیان دەکرد بڕیارەکە بە پەلە و بەبێ لێکدانەوەیەکی دروست دراوە، حیزبی دێموکرات وەکوو ئەندامێکی نەگونجاو مایەوە. 

لە هاوینی 1982دا، هێرشی ئێرانییەکان کە دەمێک بوو چاوەڕوان دەکرا، دەستی پێکرد. لە سەرەتادا، هێزە دەوڵەتییەکان نەیاندەتوانی بەرەو لای باشوورەوە بەرەوپێش بچن و ئەو هێزانەیان بگرنەوە کە بە درێژایی بەرەی سنووری باشوور دامەزرێندرابوون. ئەوە تەنیا لە نوامبردا بوو کە ئەوان توانییان جاددەی سەردەشت ـ پیرانشار کە لە باری تاکتیکییەوە گرینگ بوو، بگرنەوە، جاددەیەک کە بە درێژاییەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران توانیبووی هێز و تەقەمەنی ئاڵوگۆڕ بکات. لەدەستدانی ئەم جاددەیە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ناچار کرد بچێتە نێو پێگە بەتەواوی پارتیزانییەکانی کە لە بەرزاییەکانی دەورووبەری سەردەشت هەڵکەوتبوو. لە سێپتامبردا، حیزبی دێموکرات بە شێوەی کاتی بانەی گرتەوە و بەمەش نیشانی دا کە هێشتا لە هێزە کاریگەرەکەی نەکەوتووە. لە کۆتاییەکانی 1983دا، تارادەیەک هەموو ئەو ناوچانەی لە ژێر دەست هێزە شۆڕشگێڕەکاندا بوون لە لایەن هێزە ئێرانییەکانەوە داگیر کرابووەوە.   

لە جولای 1984دا، هێزە ئێرانییەکان دواجار بە کەڵک وەرگرتن لە هێلیکۆپتێر، بۆ گەمارۆدانی لووتکەی شاخەکان و زاڵبوون بەسەر ناوچەکانی دەورووبەری، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان، لە بنکەوبارەگا سنوورییەکانیان لە هەورامان دەرکرد. هەروەک عێراق، ئێرانیش لەو شوێنانەی بە پێویستی زانی خەڵکی گوندەکانی بەمەبەستی دروست کردنی کەمەربەندێکی ئەمنییەتی و پێشگرتن بە بەرخۆدانی پارتیزانی لەو ناوچانە، لە ناوچە سنوورییەکان دەرکرد. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرەو عێراق پاشەکشەی پێ کرا، لەو شوێنەی کە لە لایەن یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانەوە بە دژی هێزە ئێرانییەکان یارمەتیی چەکدارانە درا.

لە هێرشبەرییەکانی هاوینی 1982ەوە زیاتر دەردەکەوت کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە بە زەحمەت دەیانتوانی چاو لە ئاستی یەکتر بنووقێنن. سەرەڕای ناکۆکی لەسەر ئەندامەتیی حیزبی دێموکرات لە شوورای بەرگریی نەتەوەییدا، کۆمەڵە لە نوامبری 1982دا ئامادەیی خۆی بۆ هاریکاریی سەربازی لە ژێر ناوەندێکی فەرماندەیی هاوبەشدا دەربڕی. بۆ ماوەی دوو ساڵیان زیاتر، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە برد. لە هەمان کاتدا، لە نوامبری 1984دا، لێک هەڵبەزینەوەیەک لەسەر خاوەنداریی شوێن و کوژرانی فەرماندەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن کۆمەڵەوە بوو بە دەستپێکی شەڕێکی قورس لە نێوانیان کە بۆ ماوەی چوار ساڵ زیاتری خایاند و لە هەندێ قۆناخیدا هیچکام لە لایەنەکان لە کوشتنی یەکتر سڵیان نەکردەوە.[41] ئاگربڕی نێوانیان تەنیا لەبەر ئەو گوشارە هاتە دی کە هەر دوو لایەنەکە لە بەرامبەر هێزە ئێرانییەکاندا ڕووبەڕووی ببوونەوە.

لە پشت ئەم تێکهەڵچوونەدا، جیاوازییەکی ئایدیۆلۆژیکی قووڵ لە نێوان هەر دوو گرووپەکەدا هەبوو. لە جولایدا، لێژنەیەکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێگەچارەی ئاشتییانە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ تاران، هەوڵێکی دابوو. ئەمە بەهۆکاری تێکهەڵچوونەکەی لەگەڵ کۆمەڵە دەزانرێت کە بوو بە هۆی کشانەوەیشی لە شوورای بەرگریی نیشتمانی. ئەوە خودی قاسملوو بوو کە بڕیاری دا حیزبی دێموکرات لە شوورای بەرگریی نیشتمانی بێتەدەر کە زۆرێک لە چەپەکانی نێو حیزبی دێموکراتی تووڕە کرد. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نها شوێنی پێکگەیشتنی دوو لایەن بوو، ئەوانەی هاوبۆچوونی شوورای بەرگریی نەتەوەیی یان کۆمەڵە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم بوون و ئەوانەی کە هێشتا بە سازان هیوادار بوون.

نیشانەگەلێکی دیکەی دڵەڕاوکێ لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا لەسەر پرسی ڕێبەرایەتی لە گۆڕێدا بوو.  حیزبەکە دوابەدوای کۆنگرەی شەشەمی خۆی لە ژانویەی 1984دا، ئەوانەی دەرپەڕاند کە شکیان لەسەر بوو، کە بەرچاوترینیان کەریمی حیسامی بوو. ناوبراو کەسێکی بەئەزموونی حیزبەکە بوو کە هەر لە چوار ساڵ پێشترییەوە گومانی لەسەر بوو، کاتێک لە 1980ەوە هاودەردیی لەگەڵ تاقمی حەوت کەسی دەربڕیبوو بەڵام دەستی لەکار نەکێشابووەوە.[42]

کۆمەڵەش پێی نایە نێو قۆناخێکی پڕگیروگرفتەوە. کۆمەڵە، هەمیشە لە باری ئیدیۆلۆژیکییەوە دژی ئایدیای “بورژوازی”ی “خەبات تەنیا لە پێناو نەتەوە کورد” وەستابوو. ئەمە لە هەمان کاتدا بیر و بۆچوونێک بوو کە زیاتر بۆ ڕووناکبیرەکانی کە بڕیاربەدەستی سەرەکی بوون، سەرنجڕاکێش بوو تا بۆ کرێکار و وەرزێڕەکانیان کە ژمارەیان بەنیسبەت کەمتر بوو. لە 1982دا، کۆمەڵە پەیوەستی دوو گرووپی چەپگەرای ئێرانیی بچووکتر لە خۆی بوو (سەهەند و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەیکار کە بۆ خۆی لە موجاهیدین جیاببوونەوە)[43] و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان لە ژێر ڕێبەرایەتیی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، عەبدوڵڵا موهتەدی، دامەزراند.

بە فەرمی، کۆمەڵە بوونی نەما، ئەگەرچی لە کوردستان هەر بەو ناوە دەناسرایەوە. کۆمەڵە نەتەنیا لە مەحکووم کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی سەردەم بەڵکوو لە مەحکووم کردنی سەردەمی پڕشنگداڕی حیزبی دێموکرات لە مهاباد لە 1946دا بە تەواوی تووشی هەڵەی لێکدانەوە بە نیسبەت هەستی کوردایەتی بوو. لە ماوەی شەش ساڵی پاشتریدا، زۆرێک لە خەباتگێڕان و پشتیوانانی کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران چوونەدەر، لەبەر ئەوەی ئەگەرچی زۆربەی پێکهێنەرانی حیزبی کۆمۆنیست کورد بوون، بەڵام ڕەنگوبۆنی کوردایەتیی پێوە نەمابوو.

کاتێک لە کۆتاییدا لە 1991دا، کۆمەڵە سەرلەنوێ هەستی کوردایەتیی وەبەرهاتەوە، لە باری ژمارەوە کەمتر لەو گرووپە بچووکانە بوو کە لە 1982دا تێکەڵاویان ببوو. بڕیاری گەڕانەوە بۆ شوناسی کوردی بوو بە هۆکاری جیابوونەوەیەکی تر، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، موهتەدی و هاوکارەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە خۆیان بە پاشماوەی ناسیۆنالیزمەوە لکاندووە.

کۆتاییی شەڕی ئێران ـ عێراق لە 1988دا بە زەحمەت مایەی ئاسوودەیی بوو بۆ کوردەکانی ئێران. ئەوەی کە قاسملوو بە شانازییەوە دەیگوت هێزە کوردییەکان چارەگە میلیۆنێک هێزی ڕێژیمیان زەمینگیر کردووە، بێ کاریگەر بوو. مەوقعییەتی قاسملوو لاواز بوو و ئێستا هاتبووە سەر ئەو قەناعەتە کە ناچارە لەگەڵ ڕێژیم وتووێژ بکات.

سەرەڕای ئەو پێکناکۆکییەی بە هۆی پێشنیاری وتووێژکردن لەگەڵ ڕێژیم لە نێو ئاستە جیاوازەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتە کایەوە، قاسملوو وتووێژی کردبووە تەوەرێکی سەرەکیی کۆنگرەی هەشتەمی حیزبەکە کە لە ژانویەی 1988دا گیرا. ئەو سێ هۆکاری بۆ خستنەڕووی ئەوپێشنیارە باس دەکرد: هیچ ڕێگەچارەیەکی سەربازی بوونی نەبوو، بە کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران ـ عێراق، تاران هەستی بەوە دەکرد کە دەتوانێ خۆی لە بەرامبەر کوردەکان بگرێتەوە و، لە کۆتاییدا، بەوەی کە خومەینی بە خێرایی خەریک بوو هێزی لێ بچنرێت، شانسێکی ڕاستەقینە بۆ دەستپێکێکی نوێی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ کۆمارەکە لە ئارادا بوو.

لە هەمان کاتدا، وەها بەڵگەهێنانەوەیەک و هەوڵەکانی قاسملوو بۆ دەربازکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قەیران، بوو بە هۆی سەربزێویی جیددی لە نێو حیزبەکەدا. هەمیشە دەستەیەکی سوسیالیستیی بەهێز لە نێو حیزبەکەدا هەبوو، دەستەیەک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر وەک کۆمەڵە چەقبەستوو بوون لە بیروبۆچوونیاندا. ئەندامانی ئەم گرووپە ئێستا قاسملوویان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە سوسیالیزمەوە بەرەو سوسیال دێموکراسی بردووە و بەمەش پێگەی جەماوەریی حیزبەکەی وەمەترسی خستووە. پانزدە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی لەسەر ئەو بنەمایە کە لە پاش کوژرانی نزیک بە پەنجا هەزار کورد بە هۆی سەرکوتی ڕێژیمەوە، وتووێژی ئاشتی پەسندکراو نییە. هەڵبەت لە پشت وەها بابەتگەلێکی تایبەتییەوە، ناڕازی بوونێکی قووڵ لە بەڕێوەبەریی سەرەڕۆیانەی قاسملوو کە هەر لە کۆنگرەی شەشەمەوە زیادی کردبوو، خۆی حەشار دابوو. 

ئەم ناڕازییانە لە پشت ڕێبەرەکەیان، جەلیل گادانی، کۆنگرەکەیان بەجێهێشت تا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ دامەزرێنن. ئەوان ژمارەیەکی بەرچاوی چەپەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەوانەشیان کە لەوەی پێیان دەگوت شێوازە نادێموکراتیکەکانی قاسملوو ڕەنجابوون، بۆ لای خۆیان ڕاکێشا. ئەم جیابوونەوەیە تا ڕادەیەک لەوەی 1980 قورستر بوو، لەبەر ئەوەی گادانیش هەر وەک بلووریان یەکێک لە کۆنترین چالاکان بوو و تا ڕادەیەک لەگەڵ حیزبەکە هاومانا بوو.[44]

رێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ هەر زوو لەگەڵ کۆمەڵە ئاشتیی کرد، شتێک کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زەحمەتی دەبینی. سەرەڕای ئەمەش، قورسایی حیزبەکە لەگەڵ قاسملوو مایەوە و لە ماوەی دوو ساڵی پاشتریدا، ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ بە هۆی داڕمانی ئیمپراتۆریی سۆڤیەت و لەنێوچوونی ئێعتباری مارکسیزمی لایەنگری سۆڤیەت، لاواز بوو. ئەگەرچی ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ بەدوای سازش لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بوو، بەڵام ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حەزی لە هیچ پاشەکشەیەک نەبوو و بە تەواوی ڕەنجابوو لە “لادەرەکان”، ئەو ناوەی ئەوان لەسەریان نابوون.

لەو ماوەیەدا، قاسملوو بە هۆی دۆستەکەی، جەلال تاڵەبانییەوە ئاگادار کرایەوە کە تاران دەیەوێ وتووێژ بکات. ئەوە هەواڵێکی باش بوو و بەمەش زنجیرەیەک وتووێژی نهێنی لە دێسامبری 1988 و ژانویەی 1989دا  لەڤیەننا ڕێک خران.

قاسملوو بە تەواوی ئەو بوێرییەی هەبوو کە هەوڵ بدات نێردراوەکانی تاران بێنێتە سەر ئەو خاڵە کە بە چاوبەستراوەییەوە نە داوای خودموختاری ڕەد بکەنەوە نە ئەو تکایە ڕەد بکەنەوە کە ناوچەی کوردستان دەبێ لە باری ئیدارییەوە وەسەریەک بێت، ئەگەرچی ئەوان هیچکام لەو داوایانەیان قەبووڵ نەکرد. لە مانگی مارسدا، قاسملووو بە ئاگاداربوون لەوەی کە تاران نایهەوێ وتووێژەکان درێژە بدات، خەمسارد بوو.

لە ژوئەندا، زۆر زوو پاش مردنی خومەینی، قاسملوو بەنیسبەت ویستی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان ئاگادار کرایەوە. ئەو زۆر بەو هەواڵە دڵخۆش بوو، ئەگەرچی ئەجێنداکەی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە بەرنامەی لێبوردنی گشتی بۆ پێشمەرگەکانی نەبوو، بەڵکوو پەیوەندیی بە ڕێککەوتنێکی سیاسییەوە هەبوو. پاش خومەینی، شانسێک بۆ دەستپێکی نوێ هاتبوووە گۆڕێ. کاتێک لێژنەکەی ئێران گەیشتە شوێنی وتووێژەکە، قاسملوو لەگەڵ یاریدەدەرەکەی و هەروەها نێونجیگەرێکی جێی باوەڕ لە ئاپارتمانێکی ڤیەن چاوەڕێیان دەکرد.[45] هەر سێکیان تەقەیان لێ کرا و کوژران. ڕۆژی چلەی مردنی ئایەتوڵڵا مردووەکە بوو.

تیرۆری قاسملوو خەسارێکی گەورە بوو لە هیواکانی کورد درا. زۆرێک کە قاسملوویان لە نزیکەوە دەناسی، ئەویان بە شارەزاترین سیاسەتمەداری سەرانسەری کوردستان دەزانی. دوکتور سادق شەرەفکەندی، هاوکارێکی نزیکی قاسملوو، ڕێبەرایەتیی حیزبەکەی لە پاش ئەو گرتە دەست. ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ نەیانتوانی خۆیان بەرانبەر شاگەشگەبوون بە چارەنووسی قاسملووەوە بگرن و نەڵێن: 

“دوکتور قاسملوو بوو بە قوربانییەکی تراژیکی هەڵەی سیاسیی خۆی و هەڵوێستی سازشکارانەی بەرامبەر ئەو تیروریستە چەقبەستووانەی  کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەبەن … ئێمە هیوادارین کە مەرگی دوکتور قاسملوو وانەیەک بۆ ئەو کەسانە بێت کە لە کۆنگرەی هەشتەمدا سیاسەتی سازشیان لا پەسندتر بوو لە خەباتی چەکداری.”[46]

شەش حەوتوو دواتر، ئەندامێکی پایەبەرزی کۆمەڵە لە لارناکا تیرۆر کرا.[47] شەرەفکەندیش زۆری پێ نەچوو تیرۆر کرا. ئەو لە سێپتامبری 1992 لە بێرلین لە پاش بەشداربوون لە کۆبوونەوەی ئینتێرناسیۆنالی سۆسیالیست لەگەڵ سێ هاوڕێی تیرۆر کرا. جێگرەوەی شەرەفکەندی، ئەندامێکی کەمتر ناسراوی حیزبەکە، مستەفا هیجری بوو.

خەباتی  بەردەوام

 تا ساڵی 1993، هەم حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەم کۆمەڵە تووشی خەسارێکی زۆر ببوون: شکست لە مەیدانی شەڕدا، ناکۆکیی نێوخۆیی و تیرۆر. سوپایەکی دووسەد هەزار کەسیی ڕێژیم، سەرەڕای لاوازییان بەرامبەر ئەو هێرشانەی پاش تاریکان دەکرایە سەریان، کوردستانیان خستە ژێر کونتڕۆڵی خۆیان. 

رێژیم بایی ئەوەندە هەستی بە ئاسایش دەکرد کە ئیزن بە ئازادیی کولتووری بدات، لە نێویاندا پروپاگەندە بۆ ڕووداوە کولتوورییە کوردییەکان و بڵاوکراوەی کوردی. سەرەڕای ئەمەش، بە هیچ شێوەیەک ئامادەی نەرمی نواندن لە بەرامبەر گرووپە سیاسییە کوردییەکان نەبوو[48] کە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ژمارەی ئەو پاسدارانەی دەخرانە کەمینەوە و دەکوژران دەستی بە زیادبوون کردبوو.

ئێستا ئیدی پرسی وتووێژ هەر باسیشی نەبوو. لە جیاتی ئەوە، دەوڵەت دەستی کرد بە زنجیرەیەک هێرشی تۆپخانەیی و ئاسمانی لە دژی مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە لە نێو خاکی کوردستانی عێراقدا کە قوربانیی کەمی لێ کەوتەوە بەڵام زۆرێک لە کوردانی عێراقی ناچار کرد کە گوندە سنوورییەکان بەجێ بهێڵن. ڕەنگ بوو تاران بە جۆرێک دژی ئەو هەڕەشە پەرچەکرداری نیشان دابوو کە بە هۆی ڕزگاریی نەتەوەیی ڕێژەیی کوردانی ئێراق لە 1991 بەولاوە هاتبووە ئاراوە، بەڵام لە پاییزدا پاش ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەدکردنەوەی تاڵەبانی و بارزانی بۆ دەرکردنی شۆڕشگێڕە کوردە ئێرانییەکان لە عێراق بووەوە ـ ئەوان ساڵێک پێشتر ئەو کارەیان لەگەڵ شۆڕشگێڕەکانی دژبەری تورکیە کردبوو ـ هێزی پەرچەکرداری خێرای بۆ بەستنی سنوورەکان پێک هێنا.

سەرەڕای ئەمەش سیاسەتی تاران زۆر بێ مانا بوو. سیاسەتی سڕینەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یان کۆمەڵە. تا ئەو کاتە هەر دوو حیزبەکە نوێنەرایەتیی هەستی نەتەوەییی زۆربەی کوردەکانیان دەکرد، هیچ دوورەدیمەنێکی ڕێئالیستیکی نەبوو. هەڵوەشانەوەی هەر کام لەم حیزبانە بە هۆی ناکۆکیی نێوخۆیی زیاتر ڕێی تێدەچوو تا ئەوەی بە هێرشی دەرەکی. 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەردەوامی و بە ڕوونی دەیگوت کە نە باوەڕ نە چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە کە شەڕی پارتیزانی بباتەوە و هیچ جێگرەوەیەک بۆ ڕێگەچارەی ئاشتیانە شک نابات.[49] سەرەڕای ئەوەش کەسانێکی پایەبەرزی ئەم حیزبە بە زمانی هەڕەشەی جیابوونەوە لە ئێران قسەیان دەکرد لە ئەگەری ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی چەقبەستوویی خۆی بەرامبەر داوای خودموختاری بسەلمێنێت. وەک نموونەی تورکیە، لە ئێرانیش ڕەدکردنەوەی چەقبەستووانەی ئامادەیی پاشەکشە لە بەرامبەر بیرۆکەی خودموختاری سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی سەربەخۆییخوازییەکی ڕەسەن بوو.

ئێران لە وڵامەکەیدا بەرامبەر شۆڕشەکە دوو لایەنی بنەڕەتیی پرسی کوردی لەبەرچاو ون کردبوو. یەکەمینیان ئەوە بوو کە زۆربەی شەڕە پارتیزانییەکان بە هیچ شێوەیەک لە نزیک سنوورەکانی عێراق بەڕێوە نەدەچوون، بەڵکوو لە دەرەوەی ماڵی هاودەردەکانیان و بە درێژایی و پانتایی خاکی کوردستان بەڕێوە دەچوون. وەک چۆن یەکێک لە ئەندامانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتی “ئەوان]تاران[ زۆر پۆشتەوپەرداخترن، ئەوان هەموو ئیمتیازەکانی دەوڵەتێکیان هەیە. بەڵام هیچ پێگەیەکی سیاسییان نییە. تەنیا پێگەیان پایگایە لە سەر هەر شاخێک”.[50] میلیتاریزەکردنی کوردستان لە لایەکەوە بوو بە هۆی ئەوەی پارتیزانەکان ئامانجی هێزەکی زیاتریان لەبەردەستدا بوو بۆ هێرشەکانیان و لە لایەکی دیکەوە هەستی نەتەوەییی لە نێو جەماوەری خەڵکدا بەهێزتر کرد.

ئازادیی جموجۆڵە پارتیزانییەکان بۆ ژیان لە نێو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا نیشانەیەکی سەرەکی بوو لە پێشکەوتنی بزووتنەوەی نەتەوایەتی لە شۆڕشی گەلانی ئێران بەملاوە. نیشانەیەکی تر خۆی لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ژوئەنی 1993دا دەرخست. پارێزگای کوردستان تەنیا پارێزگای ئێران بوو کە خۆی لەوانی تر جیا کردەوە و لە بەرانبەر ئەو کاندیدایەی کە سەرۆک کۆماری ئەوکات بوو، واتە عەلی ئەکبەر ئەفسەنجانی، دەنگی بە کاندیدای دژبەر دا. دواجار هەستی نەتەوایەتی ڕێگەی خۆی بەرەو لای باشووری ڕۆژهەڵات کردەوە کە زۆربەی شیعەنشین بوو، بەشێکی بۆ ڕقی خەڵکەکە لە دڕندەیی دەوڵەت بەرامبەر ئەو کوردانەی لە باکووری ئەوان دەژیان، دەگەڕایەوە و بەشێکیشی بۆ ناخۆشەویستی و نرخی مرۆیی پشتیوانی لە ڕێژیمێکی ئیدیۆلۆژیکی لە شەڕ بە دژی عێراق لە 1980کاندا دەگەڕایەوە.

سەیر ئەوە بوو کە هاوپەیمانی زۆر جێی متمانەی تاران لە کوردستان تا ساڵی 1993 لە نێوان عەشیرە توندڕەوە شیعەکانی ئەهلی حەق، عەشیرەتەکانی گۆران و سەنجابی بوو. هەر لە سەرکوتی سەرۆک عەشیرەتەکانیان لە لایەن ڕەزا شاوە، دەسەڵاتی سەیدە حەیدەرییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردبوو. سەید نەسرەدین وەکوو ڕێبەرێکی بەهێزی گۆران دەرکەوت، بە جۆرێک هاوتای سەردەمی شێخە سوننییەکانی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە کوردستانی عوسمانیدا بوو. ئەهلی حەقەکان کە بە کەمینەبوونی لەپەراوێزکەوتووی ئایینی خۆیان وشیار بوون، پشتیوانییان لە پەهلەوییەکان کردبوو و پێویستیی ڕەچاوکردنی ئەم سیاسەتە لە پاش هاتنەسەرکاری کۆمارێکی شیعە لە تاران کە شایی بە خۆ بوو، نەک کەمتر نەبوو بەڵکوو زیاتر بوو. سەید نەسرەدین بۆ خودی خۆی پێشڕەوی ئەو هێزە ئەهلی حەقیانەی کرد کە لە شەڕی ئێران ـ عێراقدا پارێزگارییان لە سنوورەکە دەکرد، و بەمەش وەفاداریی زیاتری ئەمان لە ژێر ئاگری شەڕدا لە بەراورد لەگەڵ هەر کام لەیەکەکانی یەکەی بەسیجدا ناوبانگی دەرکرد. پتر لەوەش، عەشیرەگەلێکی وەک سەنجابی کە لە ژێر دەسەڵاتی پەهلەوییەکاندا نەهامەتییان کێشابوو، تەنانەت سەرەڕای پشتیوانییان لە پەهلەوییەکان، پێیان وابوو کۆماری ئیسلامی زیاتر ئامادەیە خزمەت بە ژیانی عەشیرەیی بکات، بەشێکی لەبەر ئەوەی عەشیرە خۆی لە خۆیدا ماکەیەکی گرینگی کولتووریی ئێران بوو و بەشێکیشی لەبەر زۆریی نرخی ئاژەڵداری لە وڵاتێکدا بوو کە بەدەست کەمیی گۆشتەوە بە ڕادەیەکی زۆر دەیناڵاند. بەڵام ئەمانە لایەنگەلێکی دەگمەن و جوانی ئەو پڕۆسەی بە بێگانە زانینە بوو کە بەرامبەریان دەستی پێ کردبوو. 

فاکتۆرێکی دیکە کە کێشەیەکی درێژخایەنی ڕووبەڕووی ڕێژیم کردەوە، فاکتۆری ئابووری بوو کە لەودا، کوردستانێکی هەژار نوێنگەی ڕەهەندێکی زەقی کێشەیەکی بەرینتر بوو. بەو حەشیمەتەی کە هەر بیست ساڵ کەڕەتێک دووبەرابەر دەبوو، جێی گومان بوو کە ئێران هێشتا ئەو تواناییەی هەبێت کە وڵامی داخوازییەکان بۆ خۆراک، پەروەردە و دامەزراندن بداتەوە. لە 1992دا، بێکاری لە نێوان ئەوانەی تەمەنیان کەمتر لە 25 ساڵ بوو، هەڵکشا بۆ هەفتا لەسەد و ئاوسانی ڕاستەقینە سەدلەسەد بوو. وێدەچوو ئەوەی گرینگ بوو زیندوومانەوە بوو نەک پەرەسەندن.

لە کوردستاندا، ئەم گۆڕانکارییە ئابوورییە خۆی لە دامەزراندن و کۆچ کردندا دەبینییەوە. لە نێوەڕاستی 1970کاندا، شارەکانی کوردستان بۆ لەخۆگرتنی ئەو هێزی کارەی کە تا دەهات زیادی دەکرد، بەرینتر بوونەوە. تا 1990، بەپێی مەزندەکان زیاتر لە شەست لەسەدی کوردەکان شارنشین بوون، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زیاتر لەوان دەچوونە خوزستان بۆ کاردۆزینەوە لە پیشەسازیی نەوتیان لە بەندەرەکاندا، یان ڕوویان دەکردە تاران. ڕێک بەپێچەوانەی ئەوەی ڕێژیمە ناوەندگەراکانی ناوچەکە زۆر پێی هیوادار بوون کە دروست کردنی شوناسی میللیی نوێ و یەکدەست بوو، کۆچ کردنی خەڵک بۆ ناوەندە گەورە پیشەسازییەکان، زیاتر پێداگریی لەسەر هەستی جیاوازی، خۆ بە بێگانە زانین و شوناسی لۆکاڵی لێ بەرهەم دەهات.

بزووتنەوەی کوردی وا دیار بوو لەو گەڕەکە قەراخ نشینانەی کە بە خێرایی حەشیمەتیان زیادی دەکرد و دەوڵەت لە دابین کردنی تەنانەت سەرەتاییترین خزمەتگوزاری تێیاندا بێ توانا بوو، ئەگەری گەشەسەندنی زیاتر بوو و لەو شوێنانە بزووتنەوەکە لەگەڵ ئەو بزووتنەوە سیاسییانەی کە دەیانویست بە ئاستێک لە ناناوەندگەرایی بگەن، ئاوێتە دەبوو. کۆمەڵە بەتایبەتی زۆر زەحمەتی دەکێشا کە لەو دیاردە کۆمەڵایەتییە کە هەر لە حاڵی پەرەسەندندا بوو، کەڵک وەربگرێت، بەڵام ڕێگەیەکی درێژی لەبەر بوو. بەپێی قسەی ڕێبەری کۆمەڵە، عەبدوڵڵا موهتەدی، “بە مەبەستی ڕێکخستنی خەڵک، دەوڵەت دەبێ بە ئاشکرا ناسەقامگیر بکرێت”.[51] 

هیواکانی کورد بە لیبراڵیزەکردن لە دوای هەڵبژاردنی ڕیفۆرمیستی ئیسلامی، سەرکۆمار موحەممەد خاتەمی لە 1997دا زیادی کرد. لەڕاستیدا، 76 لەسەدی دەنگدەران لە پارێزگای کوردستاندا پشتیوانییان لە ناوبراو کرد. ڕوانگەی پلۆرالیزمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوبراو جۆرێک دەربازبوون لەو پارێزکاریخوازییە خنکێنەرە بوو کە بەرپرسانی دەوڵەتی لە ناوچەکەدا  بەسەر خەڵکیاندا دەسەپاند. خاتەمی خەڵکناسێکی لەڕۆژئاوا وانەدیتوو، عەبدوڵڵا ڕەمەزانزادەی وەکوو پارێزگار بەمەبەستی چاودێری بەسەر پرۆسەی تواناسازی و ئاشتبوونەوەی کوردستانی سوننی دیاری کرد. ڕەمەزانزادە یەکەمین کوردێک بوو کە لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە ئەم پۆستەی پێ درابوو. ناوبراو بە باشی دەستی پێ کرد و بودجەیەکی بەرچاوی لە تاران بۆ پەرەسەندنی بنەما ئابوورییەکانی ئەم پارێزگا بە زۆری پشتگوێخراوە سەند. ناوبراو هەوڵی بەهێزکردنی کۆمەڵگا خۆجێییەکانی دا، ئەویش لە ڕێگەی کۆبوونەوەگرتن لەگەڵ خەڵکی خۆجێیی و بەرزکردنەوەی چالاکانەی پلەی کوردەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا.

هەر بۆیە هیچ سەیر نەبوو کە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان لە فێوریەی 1999دا، کاندیدا ڕیفۆرمیستەکان لە سەرانسەر پارێزگادا کاروبارەکانیان گرتە دەست. لە کۆتاییەکانی هەمان مانگدا کاتێک هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئۆجەلان لە نایرۆبی بیسترا، ئەم ئامانجە سیاسییە]لیبراڵیزم[ بە شێوەیەکی ئاشکراتر دەربڕا. لە سەرانسەری شار و شارۆچکە گەورەکانی ناوچەکە، خۆپیشاندانی بەرین بەڕێوە چوو.[52]

ئەمجارە بەرتەسکبوونی پرۆسەی ڕیفۆرمی خاتەمی لە ناکاو خۆی دەرخست. نە خاتەمی و نە پارێزگارە کوردەکەی ئامادەی قەبووڵ کردنی سەرهەڵدان نەبوون. هەر دووکیان پشتیوانییان لە سەرکوتک ردنێکی قورس کرد کە لەودا لانیکەم 30 کەس کوژران، سەدان کەس بریندار و نزیک بە 2000 کەس دەستبەسەر کران.

ئەگەرچی هەڵسوکەوتی دەوڵەت بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی فێوریە هیوابڕاوییەکی قووڵی بۆ کوردەکانی ئێران بەدواوە بوو، بەڵام ئەوان لە ئێستا هیچ بژاردەیەکی باشتر لە خاتەمییان نییە. خاتەمی پاڵپشتیی خۆی بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی نیشان داوە و بۆ خەڵکی کوردستان، کارکردن لە پێناو لیبراڵیزەکردن، سەرەڕای ئاستەنگەکان و هێواشیی زۆری پرۆسەکە، ڕەنگە جارێ بژاردەیەکی باشتر بێت تا ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار لەوبەر سنوورە نێونەتەوەییەکانەوە.

سەرچاوەکان

Secondary Sources: No2.af Alaolmolki, ‘The new Iranian Left’, Middle East Journal, vol. 41, no. 2. (Spring 1987); Shaul Bakhash, The Reign of the Ayatollahs (London, 1985); Abol Hassan Bani Sadr. My Turn to Speak (Washington, 1991); Ali Banuazizi and Myron Weiner, The State, kligion and Ethnic Politics (Syracuse 1986); van Bruinessen, ‘Kurdish tribes and the state ofIran: the case of Simko’s revolt’; van Bruinessen, ‘The Kurds between Iraq and Iran’. Middle East kport. no. 141 Guly-August 1986); Shahram Chubin and Charles Tripp, Iran and Iraq at War (London, 1988); Nader Entessar, ‘The Kurds in post-revolutionary Iran and Iraq’, Third World Quarterly, vol. vi, no. 4 (October 1984) and Kurdish Ethnonationalism, Kahn, Children oftheJinn; Charles MacDonald, The Kurdish question in the 1980s’ and David Menashri, ‘Khomeini’s policy towards ethnic and religious minorities’ in Milton Esman and !tamar Rabinovich, Ethnicity, Pluralism and the State in the Middle East (Ithaca and London, 1988); Christiane More, Les Kurdes Aujourdnui (Paris, 1984); Bo Utas, Carina Jahani, Ferhad Shakely, Muhamad Mohtadi, ‘Present situation of the Kurds in Iran’ (mimeograph paper, Stockholm, March 1991); Sapehr Zabih, The Iranian Military in Revolution and War (London and New York, 1988). Newspapers, etc. BBC, Summary of World Broadcasts, The Daily Telegraph, The Financial Times, The Guardian, Hawkar, Al Hayat, The Independent, International Herald Tribune, Liberation, Le Monde, Middle East International, New York Times, The Observer, The Times. Interviews: Hama Ali (London, 26 July 1993); Kemal Davoudi (Stockholm, 17 March 1991); Hassan Ghazi (by cassette, autumn 1993); Mustafa Hijri (London, 18 June 1993); Shaykh Izz al Din Husayni (Stockholm, 16 March 1991); AbdAllah Muhtadi (Stockholm, 16 March 1991); Khalil and Haydar Rashidian(London, 9 June 1993); Kawa and Bayan Rezannezhad (London, 30 June 1993); Abbas Vali (Swansea, 17 October 1993).

یادداشتەکان

[1] The Egyptian Gazette, 9 February 1977.

[2] By February 1981 the death toll among Iranian Kurds was reckoned at 10.000, Daily Telegraph, 11 February 1981.

[3] It was drafted by the Kurdish Revolutionary Council, a rapidly convened body representing major Kurdish groups out of an elected assembly of 500 ‘elders’.

[4] Franjo Butorac, ‘Iran’s revolution and the Kurds’, Review of International Affairs (Belgrade), 20 April 1980, p. 17. quoted by Charles MacDonald, ‘The Kurdish question in the 1980s’ in Milton Esman and ltamarRabinovich (eds.) Ethnicity, Pluralism and the State in the Middle East (Ithaca and London, 1988), p. 242.

[5] These demands were: (i) Kurdish autonomy should be formally recognized and mentioned in the constitution; (ii) The Kurdish region should extend from Ham to West Azerbaijan; (iii) The National Assembly of Kurdistan should be freely elected by secret ballot; (iv) Kurdish should be the primary language in school and in official correspondence; (v) Pan of the [Iranian] national budget should be allocated to Kurdistan, to remedy its backwardness; (vi) Kurdish representatives should be appointed to central government; (vii) Foreign policy, national defence and economic planning should be a responsibility of central government;

(viii) All Iran should enjoy the basic democratic freedoms of assembly, speech and religious practice. (The Times, 4 December 1979.)

[6] The actual terms of the proposal for local administration were: (i) A provincial council would administer the local population, except regarding: national defence, foreign affairs, the monetary system and long-term planning, large industrial enterprises, telecommunications, rail and major roads. (ii) Senior appointments, for example city governors, local police and gendarmerie commanders, would be made by central government on the recommendation of the provincial council. (iii) A judicial system would be operated autonomously but subject to the Supreme Council of the Islamic Republic. (iv) Local responsibility for the maintenance of order. (v) The Provincial Council’s legislative powers would be confined to traditional personal, family and religious law. (vi) The religion of the majority would be considered ‘official’. (vii) The budget would be supplemented in two ways by government: by subsidy from central government and by local taxes and duties. (viii) Extra finance would be made available for backward areas. (ix) Freedom of expression and organization for all political, religious and cultural activity. (x) Freedom to teach in Kurdish, Baluchi, Azari, Armenian, Assyrian, Hebrew, Arabic or Turkish. The princip: J languages to be taught alongside Persian at school. (xi) The local language may be used for administrative purposes but not in dealing with central government. (xii) Each province to have its own university, radio and television services. (xiii) The provincial council to fix the size of the army and gendatmerie in proportion to the population (Le Monde, 18 December 1979.)

[7] The younger brother of Sayf Qazi, Rahim had been in Soviet Azerbaijan undergoing military training at the time of the collapse of the Mahabad Republic. He was sentenced to death in absentia, was invited back afrer the collapse of the Pahlavi dynasty, and was elected to the KDPI Central Committee at the Fourth Congress in Mahabad, February 1980. He later defected with the Gang of Seven (see page 273). He died in Baku in May 1991.

[8] Altogether, 62 officers and men were executed and 115 condemned to life imprisonment; 200 men were rescued by the KDPI; Zabih, The Iranian Military, p. 124.

[9] New York Times, 12 March 1979.

[10] In March 1980 the election for the Iran National Assembly had revealed the strength of the KDPI’s hold in north-western Kurdistan. In Mahabad it obtained 80 per cent of the vote, and 96 per cent in Naqada-Ushnaviya. It was weaker to the south: only 57 per cent in Bukan and Saqqiz respectively, and further south the results were declared void. No election was attempted in Sanandaj; Ie Montle, 22 April 1980.

[11] For example, Abd Allah Muhtadi and Umar Ilkhanzada were both from the Dihbukri of Bukan.

[12] Alaolmolki, The new Iranian Lefr’, p. 231.

[13] A man with the unfortunate family name ‘Baghdadi’.

[14] It will be recalled that Mulla Mustafa made his legendary march through Shikak territoty in spring 1947.

[15] Mufrizada may possibly have suffered from association with his uncle, Muhammad Sadiq Mufrizada, who had been editor of the Pahlavi propaganda journal, Kurdistan. There was also an unsubstantiated rumour of his links with Idris Barzani, associated in some minds with suppon for the old agha class against the peasantty; Ie Montle, 23 March 1979.

[16] Le Monde, 30 March 1979.

[17] Muftizada was subsequently imprisoned by the regime and after his release died in 1992.

[18] For example, Sayyid Abd Allah Hazrati Malakshan, who sold his lands to the people who worked it. Mulla Abd al Rahim Mudarrisi was the first cleric in Sanandaj to send his daughter to government school. His son joined Komala.

[19] Shaykh Jalal severed his connection with Baghdad following the chemical attack on Halabja.

[20] Marrin van Bruinessen, The Kurds between Iraq and Iran’, Middle East Report, no. 141, July-August 1986, pp. 14, 17.

[21] Egyptian Mail, 3 March 1979.

[22] Ie Monde, 6 March 1979.

[23] Kurds resented the appointment of Shi’is to govern them during the Pahlavi period. This sensitivity led to violence when Shi’i Azari peasants around Urumiya were armed by Tehran in April 1942 to keep order, implicitly against lawless Kurds. An American living in Urumiya in 1975 noted ‘One of the reasons Kurds give for hating the Turks is their vety Shi’iness’, Kahn, Children oftheJinn, p. 119.

[24] The best account of the Naqada affair is to be found in Karim Husami’s memoirs, published in Stockholm in 1990.

[25] Middle East Rrport, no. 113, March-April, 1983, p. 9.

[26] New York Times Magazine, 28 October 1979.

[27] Anicle 5 of the draft appeared in Iran Voice, 2 July 1979, see Hamid Algar, ‘Documents: draft constitution of the Islamic Republic ofIran’, Ripeh 3 (Fall 1979), pp. 20-51, quoted in Charles MacDonald, The Kurdish challenge in revolutionary Iran’, Journal of South East Asian and Middle Eastern Studies, vol. xiii, nos 1 &2, (FalllWinter 1980), p. 61.

[28] Bakhash, The Rrign of the Ayatollahs, p. 75, quoting from Bani Sadr’s own account.

[29] Radio Tehran, 17 December 1979, in BBCISWB 19 December 1979, quoted in Menashri, ‘Khomeini policy’, p. 217.

[30] In Kurdistan province ballot boxes in 36 locations were removed by Kurds, and in the 37th it was burnt. But in Kirmanshah the vote was ovetwhelmingly in favour; in Qasr-I Shirin there were 9,460 votes in favour and only 21 against.

[31] Kurds and Turkomans might have parricipated had the pro-autonomy candidate, Masud Rajavi, not been disqualified on account of his opposition to the recently introduced constitution. Bani Sadr offered ‘Islamic autonomy’ in July 1980, but it was insubstantial.

[32] Unlike many religious figures, he lived modestly, supporting his wife and seven children by dint of Arabic classes to theological students, owning no land and- taking no money gifrs from his admirers.

[33] Middle East Rrport, no. 113, March-April 1983, pp. 9-10.

[34] Interview with the author, Stockholm, 16 March 1991.

[35] Interview with Shaykh Izz al Din Husayni, Stockholm, 16 March 1991.

[36] Financial Times, 20 and 21 August; New York Times, 19 August 1980; Menashri, ‘Khomeini’s Policy’, p. 218.

[37] Financial Times, 24 May 1980.

[38] The signatories were Fawziya Qazi, Nafidh Muini, Rahimi Sayfi Qazi, Fatuq Kaykhusri, Ahmad Azizi and MuharnmadAmin Sarraji (in consultative status to the Central Committee), information from Hassan Ghazi.

[39] Karim Hussami’s memoirs dismiss Bulurian’s evidence as insubstantial. One of the letters related to Qasirnlu’s secret meeting with the Iraqi Vice-President Taha Yasin Ramadan at Hajj Umran.

[40] ‘Jash’, literally small donkey, but popularly used to mean collaborator.

[41] The catalyst for conflict was a quarrel over tree felling. Komala insisted on the people’s right to fuel, while KDPI protested that the trees in question were private property, Hassan Ghazi, personal information; The Times, 24 January; Le Monde, 9 February; The Guardian, 4 March 1985.

[42] Karim Husami defended his position with his own version of events in his memoirs, published in Stockholm, 1993. Having deplored the Gang of Seven’s departure he did not hesitate to criticize Qasimlu and his advisers for branding them as ‘jash’; information from Hassan Ghazi.

[43] For further information on Paykar, see Alaolmolki, The new Iranian Lefr.’

[44] Ghadani had spent 10 years in prison afrer his arrest with 250 others in 1959. He was re-arrested when attending the funeral ofSulayman Muini in 1968. As an active organizer in Tehran, he gave Qasimlu the base from which to work in 1978. That year he had been one of three main orators (along with Shaykh Izz al Din Husayni and Umar Qazi) at Aziz Yusifi’s funeral, calling for Kurdish autonomy.

[45] The best account available is in Liberation, 7 August 1989.

[46] Aghazi No, special bulletin, 18 July 1989, quoted in Entessar, Kurdish Ethnonationalism, p. 42.

[47] This was Bahman Javadi (nom de guerre Ghulam Kisharvaz).

[48] A Kurdish culrure and literature congress was held in Mahabad in September 1986. A Kurdish culrural magazine, Sirwa, was commenced in Spring 1985. Work began on Kurdish primary level school texts, Utas, Jahani, Shakely and Mohtadi, ‘Present Situation of the Kurds in Iran’, p. 19.

[49] Kemal Davoudi, KDPI spokesman, Stockholm, 17 March 1991; interview with Mustafa Hijri, London, 18 June 1993.

[50] Salam Azizi in The Independent, 23 June 1993.

[51] Interview with Abd Allah Muhtadi, Stockholm, 16 March 1991.

[52] Urumiya, Mahabad, Bukan, Piranshahr, Sardasht, Saqqiz. Sanandaj, Bana and Pavao

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان