ئارامتر بخوێنەوە!

جیاکاریی جێندەری و فێمێنیزم لە کۆمەڵگەی کوردیدا
خەندە حەمید

پێشەکی
جیاکاریی جێندەری یەکێکە لەو کێشە سەرەکییانەی لە زۆرینەی کۆمەڵگە و کولتوورەکاندا ڕووبەڕووی مرۆڤەکان و بەتایبەتی ژنان دەبێتەوە. بەدرێژاییی مێژوو، ژنان هەڵاوێردراون و جیاکراونەتەوە و وەک نزمتر لە پیاوان سەیرکراون. لە زۆرینەی کۆمەڵگە و کولتوورەکاندا پیاوان و ژنان لەسەر بنەمای دوالیزمێتی سەروەر و کۆیلە، هۆشمەند و سۆزمەند، بەهێز و لاواز و هتد دابەش کراون و لە یەکدی جیاکراونەتەوە. وەک دەگوترێ ژن ناسکە، یەک پارچە سۆزە، جوانە، لاوازە؛ هاوکات پیاو ڕەقە، زبرە، توندە، بەهێزە! بۆیە پێویستە پیاوان و ژنان ئازاد بن لەوەی هەردووکیان هەستیار بن هەروەک چۆن بەهێزیش بن. لەبەرئەوە گەرەکە ئەم دابەشکردنانە هەڵبوەشێنرێنەوە.
جیاکاریی جێندەری لەوێوە دەست پێ دەکات، کاتێک مرۆڤێک تەنیا بە هۆی جێندەرەکەیەوە بە نایەکسانی و خراپ ڕەفتاری لەگەڵ دەکرێت. چونکە سەروەریی پیاو زاڵ کراوە بەسەر سەروەریی ژندا. لەبەرئەوە بەگشتی ژنان زیاتر ڕووبەڕووی جیاکاریی جێندەری دەبنەوە. هۆکارەکانی جیاکاریی جێندەری بریتین لە: سیستەمی پیاوسالاری، ئایین، خێڵ، سیاسەت، ئابووری، هەروەها خێزان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان.
گەر ئێمە باس لە جیاکاریی جێندەری بکەین دەبێت لە شتە بچووکەکانەوە دەست پێ بکەین و پەل بهاوین بۆ شتە گەورەکان. بە داخەوە ڕەنگە بە لای زۆرێکەوە شێواز و فۆڕمەکانی جیاکاریی جێندەری، شتی هاکەزایی و شایانی قسە لەسەرکردن نەبن، هەربۆیە ئەم جیاکاری و نایەکسانییانە بە بەردەمی هەموواندا ڕەت دەبن و هیچکەس ناوەستێنن، ئاخر لای هیچ کەس نابێتە پرسیار. گەرەکە هەموو مرۆڤێک لە خۆی بپرسێ بۆچی ئەم کێشە و جیاکارییە جێندەرییانە بەم شێوەیە ڕەگیان داکوتاوە؟! بۆچی بەبێ ئەوەی هەنگاوی چارەسەری بنێین، ئومێدی گۆڕانکاریمان لەدەست داوە؟ ئایا دەکرێ تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بەتایبەت ژنان ئازاد بن و ئاسوودە بژین، لە کاتێکدا ڕۆژانە کوشتاری ژنان لە زیادبووندایە؟ ڕەنگە زۆرێک بپرسن ئێمە لە کۆمەڵگەکەماندا خەمی زۆر گەورەترمان هەیە؛ من دەڵێم دەزانم کە هۆشیاریی جێندەری تەنیا خەمە گەورەکە نییە، بەڵکو یەکێ لە کێشە گەورەکانە و فەرامۆش کراوە.
لەم وتارەدا هەوڵی شیکارکردنی جیاکاریی جێندەری و هۆکارەکانی لە هەرێمی کوردستان دەدەم، هەروەها فێمێنیزم وەک ئەڵتەرناتیڤێکی چارەسەری بۆ دەربازبوون لەو جیاکاری و نادادپەروەرییە جێندەرییەی لەم هەرێمەدا هەیە، دەخەمەڕوو.

جیاکاریی جێندەری
جیاکاریی جێندەری بریتییە لە ڕەفتارێکی زیانمەند کە تەنیا لەبەر جێندەرەکەی، بەرانبەر بە تاکێک یان گروپێک دەکرێت؛ یاخود بریتییە لە هەڵوێستێک، ڕەفتار و کردارێک یان بڕیارێک، بەشێوەیەکی لایەندارانە لەسەر بنەمای جێندەر.
جیاکاریی جێندەری بە شێوەیەکی بایۆلۆژی بە هیچ کەس نەدراوە، بەڵکو کۆمەڵگە وەک نۆرم، بەها و کولتوور، بەسەر تاکەکانیدا دەیسەپێنێت. بە گشتی نایەکسانیی جێندەری و جیاکاری بەرانبەر ژنان بەکاردێت، لەبەرئەوەی ژنان وەک نزمتر و لاوازتر لە پیاوان سەیر دەکرێن. ئەم جیاکارییە لە نایەکسانیی ژنان و پیاوان لە ئابووری و داهاتدا، لە سیاسەت و دەوڵەتداریدا، لە ئیشدا، لە خاوەندارێتیدا، لە میراتدا، لە خوێندن و پەروەردەدا، لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەردا و لە توندوتیژیی خێزانی بەرانبەر بە ژناندا دەردەکەوێت. هەروەها جیاکاریی جێندەری چەندین ڕووی هەیە بە فۆڕمی جیاواز، وەک: هاوسەرگیریی پێشوەخت، توندوتیژیی خێزانی، دەرهێنانی کچ لە خوێندن، جیاوازی کردنی کچ و کوڕ لە خواردن و جلوبەرگ، بێڕێزی کردن بە کچان لە نێو کۆمەڵگە و خێزاندا، نەبوونی توانستی بڕیاردان و دەسەڵات، سەروەریدان بە کوڕ، نادادیی کۆمەڵایەتی بەرانبەر بە ژنان. لە ڕاستیدا کێشەی بنەڕەتیی جیاکاریی جێندەری ئەوەیە بۆت دیاری دەکرێت ببی بەکێ، لە بری ئەوەی خۆت کێی! بۆیە لە کوێدا جیاکاری هەبێت، لەوێدا نادادی هەیە.
ئایینی ئیسلام ڕەوایەتییەکی زۆر دەدات بەم جیاکارییە لەبەرئەوەی چەندین کۆتوبەندی بۆ ژنان داناوە، چۆنیەتیی قسەکردن، لەبەرکردنی جلوبەرگ، چۆنیەتیی خواردن و ڕەفتار نواندن، جووڵە و بەڕێگادا ڕۆیشتن و هتد. هەموو ئەمانە پیاوان ناگرێتەوە. هەربۆیە ئێمەی ژنان پێوستمان بە جۆرە یاخیبوونێکە بۆ لادان لە چاوەڕوانییەکانی ئایین و نەریتی ئایینی (یان کۆمەڵگا).
بە گشتی جەستەی پیاو لە سەروو جەستەی ژنان و منداڵانەوەیە. ئەمەش وەک شتێکی ئاسایی دەبینرێت، چونکە کوردستان کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییە، وەک زۆرینەی کۆمەڵگەکان پیرۆزکردنی پیاو بە جەستەشیەوە شتێکە قابیلی پرسیار و گومانکردن نییە. لەبەرئەوە زۆر ڕێگەیان داناوە وەک نەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتی، پەیڕەوی دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردن و دیسیپلینکردنی جەستەی ژنان، سەرەکیترینیان خەتەنەکردن و سەرپۆش(حیجاب)ـە. هەروەها خەتەنەکردن، توندوتیژییەکی فیزیکییە بەرانبەر بە کچان. جیاکاریی جێندەری لە خەتەنەکردنی کچان بەربەرییانەیە و زیانی تەندروستیی هەیە، ئەشکەنجە و ئازاری لەگەڵە، هۆکاری سەرەکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سێکسوالێتی و چێژ و ئۆرگازمی ژنە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەسەڵاتی زاڵی پیاوانە.
خەتەنەکردن و حیجاب دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئایینین، لە ڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە هێنراونەتە نێو کۆمەڵگەی کوردییەوە. تاکە پاساو بۆ ئەمە، داپۆشین و کۆنترۆڵکردنی سێکسوالێتیی ژنانە، هەروەها دیسیپلینکردنی جەستە و ژیانی کچان و ژنانی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە زۆر داخراون. هەربۆیە لێرە ژنان بە ڕادەیەکی زۆر جەستەیان ئازار دەدرێت، ڕووبەرووی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، هەروەها لە شەقامەکاندا گێچەڵی سێکسییان پێ دەکرێت بۆ هەموو ئەمانە هۆکار و فاکتەری زۆر هەن. هەندێکیان لەژێر کاریگەریی توندڕەویی ئایینی و نەریتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ئەنجام دەدرێن. لە ئایینی ئیسلام و بەتایبەت لە مەزهەبی شافیعیدا، کە زۆرینەی کورد پەیڕەوی ئەو مەزهەبە دەکات، وەک فەڕز دادەنرێت و دەسەپێنرێت. هەروەها لە کوردستان، خێزان، بنەماڵە و کۆمەڵگا بۆ چاودێریی جەستەی کچەکانیان سەرپۆش یان حیجابیان پێ دەکەن. پێیان وایە دەبێت جەستەی کچان و ژنان داپۆشراو بێت، هەست و هەڵچوونەکانیان کپ بکرێنەوە، ئەوان بەو جۆرە لێکی دەدەنەوە کە کچەکانیان دەپارێزن! پرسیار ئەوەیە لە چی و لە کێ دەیانپارێزن؟ هەربۆیە تاکوو ئەو ئەقڵییەتە پیاوسالاری و خێڵەکی و ئایینییە نەگۆڕدرێ جیاکاری، توندوتیژی و گێچەڵی سێکسی بنەبڕ نابێت. لەبەرئەوەیە لێرە زۆرینەی کچان بە زۆر سەرپۆشیان پێ دەکرێت بۆ ئەوەی پارێزراو بن! ئەوانیش بە ناچاری دواتر وەک ڕاستییەک قەبوڵی دەکەن. هەموو ئەم ڕەفتارانەی بەرانبەر کچان دەکرێت تاکە هۆکار و پاساویان ئەوەیە کە بە پاکیزەیی بمێننەوە! کەوایە پاکیزەییش دیوێکی تری جیاکاریی جێندەرییە.
یەکێک لەو بوارانەی تر کە جیاکاریی تێدا دەکرێت یاسایە، لە هەرێمی کوردستان یاساکان لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی دادەڕێژرێن؛ یاسا شەرعییەکانیش لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێت. ئەمەش ڕێگە بەوە دەدات زیاتر لێکدانەوەی پیاوسالارانە بۆ بەند و بڕگە یاسایییەکان بکرێت. هەروەها پیاوان و دادوەرە پیاوەکان زۆرینەی دادگاکان بەڕێوەدەبەن و پەرلەمانتار و یاسادانەرەکانیش زۆرینە پیاون، بۆیە زیاتر لێکدانەوە و ڕاڤەی یاساکان و داڕشتنی یاساکان لە بەرژەوەندیی پیاواندایە و جیاکاریی تێدا دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا، لە ساڵی ٢٠١٤ لە ٢٥٠ دادوەر تەنیا ١٢ دادوەریان ژن بوون. هەروەها سەرەڕای ئامادەییی ژن لە پەرلەمان و لە ئەنجومەنە خۆجێیییەکان، ژمارەی ژن لە ناوەندەکانی بڕیار یەکجار کەمە، بۆ نموونە لە ٢١ وەزارەتی حکوومەتی هەرێم، تەنیا یەک وەزیری ژن هەیە. لەبەر ئەوە تاکوو بەرزتر بڕۆی لە هەر بوارێکدا ژنانی کەمتر دەبینی. هەروەها زۆرینەی ژنە ئەندام پەرلەمانەکان لە ڕێگەی بەرپرسە پیاوەکانی حیزبەکانیانەوە پاڵێوراون. ئەمەش وا دەکات کە ئەوان ناچار بن بە گوێرەی تێڕوانینی حیزبەکانیان لە کێشەی ژن بڕوانن. یان لە ڕێگەی سیستەمی کۆتاوە دەردەچن.
هەروەها لە ئابووریدا ژمارەیەکی کەمی ژن خاوەن ئیش و کۆمپانیان، ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ نین و لە ژێر ڕکێفی پیاواندان. سەرۆک فەرمانگەکان، کۆمپانیا و خاوەن ئیشەکان زۆرینە پیاون، هەروەها زۆرینەیان سکرتێری کچ بۆ خۆیان دادەنێن. ئەم کچانە زۆر جار ڕووبەڕووی هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە. بۆیە بەشداریی ژنان لە سیاسەت، ئابووری و دەسەڵاتدا زۆر سنووردارە. بە هۆی زاڵبوونی ئایین و مێنتەڵێتی خێڵەکییەوە، بەشداری و ئیشی ژنان تەنیا لە ماڵداریکردن، خێزان و منداڵ بەخێوکردندا کورت کراوەتەوە. کەوایە پراکتیک کردنی جیاکاریی جێندەری بەردەوامە و بەها جێندەرییەکان، تاکوو ئێستاش پیاوسالارانەن، توندوتیژی دژی ژنان بەردەوامە، بەشداریی ژنان لە کاری دەرەوە، ئابووری، … هتد سنووردارە، زۆرینەی ژنان ڕێژەی خوێندەوارییان لە هی پیاوان کەمترە.
هەروەها لە زانکۆکانی هەرێم جیاکاریی جێندەری بوونی هەیە. بۆ نموونە مامۆستا هەیە جیاکاری لە نێوان کچ و کوڕ دەکات، نمرەی زیاتر بە کچێک دەدات ئەگەر داوای پەیوەندییەکەی قەبووڵ بکات. ڕێژەی زۆرینەی مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پیاون. ڕێژەی زۆرینەی پرۆفیسۆرەکان پیاون. هەروەها ڕێژەی زۆرینەی سەرۆک بەشەکان، ڕاگرەکان و سەرۆکی زانکۆکان پیاون. تەنانەت یەک سەرۆک زانکۆی ژن نییە. ڕێژەی مامۆستا و پرۆفیسۆری ژن لە زانکۆکانی کوردستان زۆر کەمە. ڕەنگە هەندێک کەسی ئەکادیمی بڵێن بەرزکردنەوەی پلەی زانستی پڕۆسەیە و کەسەکە دەبێت هەنگاوەکان ببڕێت بۆ ئەوەی پلەی بەرزبکرێتەوە؛ بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا پلە بڕینی ئەکادیمی نییە، بەڵکوو ئاستەنگی زیاتر لەبەردەم ژنانە و لە بناغەوە زەمینەسازیی لەبار نەکراوە بۆ ژنانی نێو ئەکادیمیاکان تاکوو بگەنە پلە بەرزە زانستییەکان. لە لایەکی دیکەوە ڕێژەی نەخوێندەواری لەناو ژناندا زیاترە، لەبەرئەوەی جاران زوو کچان لە قوتابخانە دەردەهێنران، تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی، سێیەمی ناوەندی یان شەشەمی ئامادەیی ڕێگەیان پێ دەدرا بخوێنن، ڕێژەیەکی زۆر کەم لە کچان دەیانتوانی بچنە زانکۆ، چونکە پێیان وا بوو کچ پێویست نییە بخوێنێت، بەڵکوو دەبێ خزمەتی ماڵ، دایک و باوک یان مێرد بکات!
جیاکاریی جێندەری لە هەر کۆمەڵگەیەکدا دەگۆڕێت. مەرج نییە ئاستی یەکسانیی جێندەریی وڵاتەکە لە لای هەموو تاکەکانی وڵاتەکە وەک یەک بێت. دەشێ وڵاتێک وەک سەرجەم، یەکسانیی جێندەری تێیدا لە ئاستێکی بەرزدا بێت، بەڵام لە لایەن تاکەکانییەوە جیاکاریی جێندەری هەبێت، هەرچەندە ئەمە کاریگەرییەکەی کەمترە. تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و ئەوانەی کە یەکسانیی جێندەری لە ئاستێکی بەرزدایە، بۆشایی و جیاکاریی نێوان جێندەرەکان تەنیا توانراوە کەم بکرێتەوە، نەک بە تەواوی بنەبڕبکرێت. بۆیە تاکوو ئێستاش یەکسانییەکی تەواو لە نێوان جێندەرەکاندا بوونی نییە.
یەکسانی واتای یەکایەتی(وەکیەکی) نییە، ئەوە نکۆڵی ناکرێ کچ و کوڕ لە ڕووی بایۆلۆژییەوە جیاوازن. ڕاستە پیاوان لە ڕووی فیزیکییەوە بەهێزترن، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ لە جیهانێکی جیاوازتردا دەژین. ئەوەی سەرکردایەتی دەکات کەسێکی هێزدار نییە، بەڵکوو کەسێکی داهێنەر و زیرەکە. بۆیە دەشێ هەر دوو جێندەرەکە بە یەکسانی ئەم خەسڵەتانەیان هەبێت. ڕاستییەکی تاڵ ئەوەیە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی جیاکاری ئاسانە، بەڵام ئیش کردن بۆ فرەیی و یەکسانیی ڕاستەقینە سەختە. چونکە یەکسانیی جێندەری تەنیا کێشەیەکی ژنانە نییە، بەڵکوو کێشەیەکی مرۆیانەیە و کاریگەریی لەسەر هەموومان هەیە.

فێمێنیزم وەک چارەسەر
کاتێک فێمێنیستەکان باس لە یەکسانیی جێندەری دەکەن، ئارگومێنتی ئەوە ناکەن کە نێر و مێ یا ژن و پیاو بەتەواوی وەکوو یەکن و لە ڕەفتار، توانست و هەڵبژاردنەکانیاندا هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە. هەروەها ناڵێن دەبێ هەموو جیاوازییە جێندەرییەکان لەناو ببرێن. لە یەکسانیی جێندەریدا، ژن و پیاو، وەک بوونێکی یەکسان لە ڕووی بەها و پێگەوە سەیردەکرێن. هەروەها بڕیار بەسەر کەسێکدا دەدرێت لەسەر بنەمای شارەزایی و لێهاتووییەکەی نەک سەیرکردنی ژن و پیاو وەک سەروەر و کۆیلە، باڵاتر و نزمتر تەنیا لەبەر جێندەرەکەیان. مافی یەکسان بەس نییە، چونکە نایەکسانی و جیاکاریی جێندەری لەنێو هۆشماندا بوونی هەیە، بۆیە دەبێت ئەمە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. هەربۆیە فێمێنستەکان ئیش لەسەر گۆڕانکاریی ئەو مێنتاڵێتییە دەکەن.
فێمێنستەکان بیانووی بایۆلۆجی ڕەت دەکەنەوە و باوەڕیان بە هیچ جیاوازی و بەربەستێکی بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتی بۆ ژن نییە. بۆیە کاری سەربازی و زۆر کاری تر کە بۆ ژنان بە نەشیاو و بڤە دەزانرا، فێمێنیستەکان پێچەوانەکەیان سەلماند. ئێمەش لە کوردستان نموونەیەکی زیندوو و بوێرانەمان هەیە. لە ڕۆژئاوای کوردستان کە ژنانی شەڕڤان، توانیان بەرانبەر دڕندەترین هێزی تاریک و توندڕەو بوەستنەوە و تێکیان بشکێنن.
گرنگە یەکسانیی جێندەری، دادپەروەری و یەکسانی و بەمرۆیی بوونی سەرجەم کایەکانی لەنێو خۆیدا هەڵگرتبێ. تاکوو ژنان بە بیر و هزر و توانستی خۆیان، یەک گوتاری هاوبەشیان نەبێت و لەهەوڵی بەرفراوانکردنی ڕێسا و ماف و گوتاری ژنانە نەبن، داوا کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ژنان جێبەجێ ناکرێ .تەنیا “ژنە پیاو” بەرهەم دێت!
پیاوسالاری ژنی هەڵاواردووە. زۆرینەی ژنی کورد تا ئێستا گوتار و هزری فێمێنستیی لە لا نەورووژاوە و هیچ ئاگاداری ئەم مێژووە نییە. تەنیا بیر و بۆچوون و جیهانبینیی پیاوسالاری (پاتریارکی) دەناسێ و پەیڕەوی دەکات.
فێمێنیزم هەوڵ دەدات بۆ گۆڕینی ئەو ئەقڵیەت و کولتوورەی کە ژنی وەک گوناهبار نیشان داوە و بەردەوام سەرکوتی کردووە. بۆ دەرچوون لە چوارچێوەی ئەقڵیەتە ترادیسیۆنییەکان، پێویستمان بە هۆشیارییە، چونکە هۆشیاری، ئازادی دروست دەکات. ئەوەی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی جیاکاریی جێندەری، هەبوونی بزوتنەوەیەکی فمێنیستییە، کە پڕۆژەی بۆ بەرەو پێشچوونی هۆشیاری و فکری ژنان هەبێت.
گەرچی سیستەمی پیاوسالاری بە ئاسانی دەسبەرداری ئەو دەسەڵات و سەروەرییە باڵا و زەوتکەرەی خۆی نابێت، بەڵام هەوڵی فێمێنستەکان، تێکشکاندنی ئەم سەروەرییە زاڵ و باڵادەستەیە. هەربۆیە گەر بمانەوێ یەکسانییەکی جێندەری دروست بکەین، پێویستە لە کچ و کوڕەکانمانەوە دەست پێ بکەین و بە یەکسانی و جیاوازتر لەوەی هەبووە پەروەردەیان بکەین. پێویستە منداڵەکانمان بە شێوەیەک پەروەروەردە بکەین کە سەرنجیان لەسەر تواناکانیان بێت نەک ئەو پێگە جێندەرییەی هەیانە، لە کاتێکدا لە زۆرینەی خێزانەکاندا گرنگیی زیاتر بە کوڕەکان دەدرێ و جێگای شانازین، بە شێوەیەک پەروەردە دەکرێن کە نەترس و پیاوانە و توند و ڕەق بن، چونکە لە دواجاردا ئەوان دەتوانن کچەکان بپارێزن! بەڵام ئەمە نەک ڕوونادات، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەم هەموو توندوتیژییەی کە ئێستا لەنێو خێزان و کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە.
هەروەها پێویستە ژنانی هۆشیار و چالاک بۆ نیوە چەوساوەکەی کۆمەڵگە خەمخۆربن و بیر لە ڕێگەچارەیەکی یەکلاییکەرەوە بکەنەوە. ژنان پێویستییان بەوەیە لە کۆت و بەندی ئایین و نەریتی کۆمەڵایەتی و پیاوسالاری ئازاد بکرێن، یەکێک لە ڕێگەکانی ئەم ئازادبوونەش تەنیا لە ڕێگەی یەکسانیی جێندەری لەنێو ژیاندا بەدی دێت. لەبەرئەوە دەکرێ فێمێنیزم ئەو ئەڵتەرناتیڤە بێت، کە خۆی یەکێ لە ئامانجە سەرەکییەکانی یەکسانیی جێندەری و هێنانەدی مافە زەوتکراوەکانی ژنانە. هەروەها هۆشیارییەکی دروست دەتوانێت خواست و گوتاری ژنانە پەرە پێ بدات، مافە زەوتکراوەکان بستێنێتەوە و یەکسانییەکی شیاو دەستەبەر بکات. لەبەر ئەوەی فێمنیست مرۆڤێکە باوەڕی بە پەیوەندییەکی نوێی کۆمەڵایەتی هەیە؛ باوەڕی بە یەکسانی و هۆشیارییەکی ڕاستەقینە هەیە؛ کەسێکە خودی خۆی دەناسێ و گوزارشت لەو خودناسینەی خۆی دەکات. هەوڵی فێمنستەکان تێکشکاندنی سەروەریی زاڵ و باڵادەستیی پیاوسالارییە. پێویستە هیوا و ئومێدمان هەبێت بۆ گۆڕینی ئەم بێدادییە، چونکە مرۆڤایەتی ئەو توانستەی هەیە کە ئەم دۆخە تێپەڕێنێت و جیهانێکی جیاوازتر و دادوەرانەتر دروست بکات.
کاری جدی و کولتووری دەتوانێت ئەم دەمارگرژییە خێڵەکییە پیاوسالارانەیە کەم بکاتەوە و لەناوی بەرێت، ئەگەرچی کاریگەرییەکانی هێواش و لەسەرخۆش بن. ئێمە لە نێو کێشەکانی ئەو کۆمەڵگایەداین، هەربۆیە لەو کێشانە تێدەگەین و دەیانبینین کە لەنێو کۆمەڵگاکەماندا هەن، بە هەموومان دەتوانین تیشک بخەینە سەریان و ڕاستیان بکەینەوە. پێویستە کاربکەین بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسان و بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکی جێندەری کە شایسەتەی ژیان و گوزەرانی هەموو تاکێک بێت، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە گۆڕانکاری خەمیانە و دەیانهەوێت لە ژیانێکی شایستەی یەکسان و گونجاودا بژین.
بەهۆی جیاکارییەوە بۆشاییی نێوان جێندەرەکان فراوانتر دەبێت، هەربۆیە پێویستە بەهاکانی ئەم دوو جێندەرە لەسەر بنەمایەکی یەکسان دیاری بکرێن. هەرچەندە ئەمە ئیش کردن و کاتی دەوێت، بەڵام شتێکی مەحاڵ نییە. فێمێنیزم مرۆڤ و تاک هۆشیار دەکاتەوە. ڕەنگە هەندێک کەس، ئەمە بە مەترسی بۆ دەسەڵاتی پیاوسالاری بزانن. فێمێنیزم هەوڵی ئەوەیە بە جیهانبینییەکی ژنانەوە ڕەخنە لە گوتاری زاڵی پیاوانە و نێرسالارانه‌ بگرێ. لەو ڕوانگەیەوە دەڕوانێت کە گەیاندنی ژنان بە بارودۆخی باش و شایستە، گەیاندنی سەرجەم کۆمەڵگایە بە بارودۆخی دروست و سروشتی. هەروەها فێمێنیزم ئیش دەکات بۆ سەربەخۆییی ژیان و جەستەی ژنان، لە دەستدرێژی و هەراسان کردنی سێکسی و توندوتیژیی خێزانی. هەوڵ دەدات بۆ دابین کردنی دەرفەتی یەکسان بۆ ژن و پیاو لە پەروەردە و ئیش کردندا، هەروەها کرێی یەکسان و مافی خاوەندارێتی. هەروەک چۆن پێویستە ئێمە لە هەموو بوارەکاندا (هونەری، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و …) هۆشیاریی تاک بەرزبکەینەوە، بە هەمان شێوە پێویستە ژنان بە ماف و توانستەکانی خۆیان بناسێنرێن و لە گۆڕانکارییەکاندا بەشداربن. کەوایە گرنگیی هۆشیاریی فێمێنیستی ئەوەیە کە دەتوانێت لە ڕوانگەیەکی فێمێنیستییەوە پرسیار لەسەر جیاکاری و نایەکسانییەکان دروست بکات. فێمێنست کەسێکە لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە باوەڕی بە یەکسانیی نێوان ڕەگەزەکان هەیە. هەروەک ژنە فێمێنست، بێل هوکس، لە کتێبی فێمێنیزم بۆ هەمووان دەڵێ؛ ئامانجی سیاسەتی فێمێنستی کۆتایی هێنانە بە زاڵبوون، بۆ ئەوەی ئێمە ئازاد بکات ببین بەوەی کە کێین، ژیانێک بژین کە دادمان خۆش بوێت و بتوانین بە ئاشتی تێیدا بژین، لەبەرئەوەیە فێمێنیزم بۆ هەمووانە. (Hooks, Bell 2000)

دەرئەنجام
جیاکاریی جێندەری یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی کوردی، کە لە زۆرینەی بوارەکاندا جیاکاری لە نێوان ژنان و پیاواندا دەکرێت. ئەمەش بە هۆی سیستەمی پیاوسالاری، زاڵبوونی ئایینی ئیسلام و مێنتاڵێتیی خێڵەکی سەری هەڵداوە، ئەم جیاکارییانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ژنان نەتوانن توانست و کاراییەکانی خۆیان بۆ بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگە بەکاربهێنن.
لەم وتارەدا سەرەتا جیاکاریی جێندەریمان خستەڕوو، پاشان نموونەی ئەم جیاکارییانە لە بوارە جیاوازەکان و هۆکارەکانی پشت ئەم جیاکارییانەمان باس کرد. لە کۆتاییدا، فێمێنیزممان وەک ئەڵتەرناتیڤی چارەسەری پێشنیار کرد.

سەرچاوەکان:

Gender Inequality and Women Discrimination Andrey Shastri
IOSR Journal Of Humanities And Social Science (IOSR-JHSS) Volume 19, Issue 11, Ver. VII (Nov. 2014), PP 27-30
Hooks, Bell (2000) Feminism for Everybody: Passionate Politics, London: Pluto Press.
Margaret Wertheim (2016): The Sexism Problem [online] available here:
https://aeon.co/essays/why-is-scientific-sexism-so-intractably-resistant-to-reform. accessed 15/01/2019.
Beatrice Alba (2018) to achieve gender equality [online] available here:
https://theconversation.com/to-achieve-gender-equality-we-must-first-tackle-our-unconscious-biases-92848. accessed 17/01/2019.
Zeynep N. Kaya (2016) Women in post-conflict Iraqi Kurdistan [Online] available here:
https://www.opendemocracy.net/westminster/zeynep-n-kaya/women-in-post-conflict-iraqi-kurdistan. accessed 25/01/2019.
Brian Earp (2015) Boys and Girls alike [online] available here:
https://aeon.co/essays/are-male-and-female-circumcision-morally-equivalent. accessed 18/01/2019.
Khanda Hameed (2018) NGO’s Cannot Raise Gender Equality And Body Awareness Among Women [Interview] interviewed by Scott Douglas Jacobsen. Available here: http://cultureproject.org.uk/2018/03/17/ngos-cannot-raise-gender-equality-and-body-awareness-among-women/. Accessed 22/01/2019.
خەندە حەمید (٢٠١٨) ترس لە فێمێنیزم لە هەرێمی کوردستان، گۆڤاری کولتور مەگەزین، ژمارە ٤.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان