ئارامتر بخوێنەوە!

جیهانی سنووردارکراو بە هۆی سەروەریی وڵاتانەوە

د. بەرزۆ ئەلیاسی

و: کەیوان فاتحی


لە تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتدا، سەروەری و دەوڵەت دوو چەمکی لێک گرێدروان کە بە شێوەی بەرفراوان مشتومڕیان لە سەرە. بە گشتی لێرەدا تێگەیشتنێک هەیە کە زۆریەک لە بیرۆکەکان لە سەر دەوڵەت- نەتەوە بەربەستن لە بەردەم گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی جیهانی کە هەرکام لەم بەربەستانە، واتە دەوڵەت و ناسیۆنالیزم سەرچاوە و نۆرمێک نین بۆ هاوبەشکردنی شوناسی مرۆڤایەتی.

دەسپێک

بۆتێگەیشتن لە نەزم و بەها سیاسییەکانی دەوڵەت – نەتەوە، کە پەیوەندیدارن بە پرسی ئەمنییەت، قازانج، ئەگەرەکان و بەربەستەکان، سەروەریی دەوڵەتەکان دەتوانێ لە شوێنێکدا نوێنەرایەتیی جیهانێک بکات کە ڕوانگەی دەوڵەت – نەتەوە حاکمە و بە بایەخەوە وەکوو پێوانەیەکی سیاسی بۆ ڕیکخستنی ژیانی مرۆڤەکان سەیر دەکرێ. هەر وەها بەو ڕادەیە گرینگە کە سەرنج بدرێتە ئەو شێوازانەی کە دەوڵەت بە زۆرینە و کەمینەوە پێک دێنن و پەیوەندیی سەردەست و ژێردەست، زاڵکردنی قەومی- فەرهەنگی و پاساوهێنانەوە بۆ کلتوورەکانی ئەوانیتر. بە واتایەکی دیکە، چۆن دەوڵەت یارمەتیدەر دەبێ بۆ بەرهەمهێنانی بیرۆکەیەکی ناسیونالیستی و دەستنیشانکردنی شوناسی زاڵ لە بیاڤەکانی وەکوو ژیان، یاسا، سیاسەت، کلتوور، ئابووری وپیکهێنانی بارودۆخێکی نائەمن و مەترسیدار. بە هۆی زاڵبوون و پێداگریی دەوڵەت- نەتەوە، خەڵکانی بێ دەوڵەت بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی بە ئیلهام وەرگرتن لە فۆڕمەکانی دیاریکردنی چارەنووس، وەکوو خودموختاری، فیدراڵیزم یان سەربەخۆیی، هەوڵ دەدەن. بە واتایەکی دیکە چارەسەری برینی بێ دەوڵەتی بە بەردەوامی وەکوو برینپێچێکی سیاسی بۆ کەمکردنەوە یان کۆتایی هێنان بە ئازار و مەینەتییەکانی ئەوان خۆی لە دەوڵەت – نەتەوەدا دەبینێتەوە. بوونی سەربەخۆیی دەتوانێ زامنی ئاشتی بێ و پێشگیری بکات لە دەستێوەردانی دەرەکی و ناوخۆیی بۆ ڕێگریکردن لە هەر چەشنە نائارامییەک و هەروەها دەتوانێ وەکوو ڕوانگەیەک بێ بۆ یەکگرتووییی نەتەوەیەک. بۆ ئەو کەسانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە پەڕاوێز خراون، ڕوانگەی دەوڵەتی سەردەست دەبێتە بەربەست بۆ گەشەی بیری سیاسیی نەتەوەی ژێردەست بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی { Grzybowski & Koskenniemi 2015} و بەڕێوەبربردنی نیشتمانی خۆیان، سەرچاوە سروشتییەکان، شوناس، کلتوور، ئایین و زمان. ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر ئەو پرسیارانەی کە پەیوەندییان بە دەوڵەت و سەروەری لە سەردەمی بە جیهانیبووندا هەیە.



سەروەری و دەوڵەت

 لە تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتدا، سەروەری و دەوڵەت دوو چەمکی لێک گرێدروان کە بە شێوەی بەرفراوان مشتومڕیان لە سەرە. بە گشتی لێرەدا تێگەیشتنێک هەیە کە زۆریەک لە بیرۆکەکان لە سەر دەوڵەت- نەتەوە بەربەستن لە بەردەم گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی جیهانی کە هەرکام لەم بەربەستانە، واتە دەوڵەت و ناسیۆنالیزم سەرچاوە و نۆرمێک نین بۆ هاوبەشکردنی شوناسی مرۆڤایەتی {بڕوانە بارتلسون ٢٠٠٩}.

کە واتە سەروەری چ شتێک لە خۆ دەگرێ و ئامانج لە دەستڕاگەیشتن بەو وەکوو بەرزترین ئاستی دەسەڵات چییە؟ سەروەری یەکێک لە بیرۆکە بنەرەتییەکانی پیکهێنانی نەزمە لە پاش- سەدە نێوەراستییەکان و پوختەی شێوەیەکی تایبەتە لە هێزی دەوڵەت. هەر دەوڵەتێک بە شێوەیەکی باو لە حەشیمەتێکی پەڕاوێزخراو و پایەدار پێک دێ کە لە لایەن دەوڵەتێکەوە بەڕێوە دەبرێ {جەکسۆن ٢٠٠٧}. لە وەها بارودۆخێکدایە کە سکینەر لە {٢٠٠٩}دا، دەوڵەت و فەرمانڕەوایی، بە هاوتا لە قەڵەم دەدات. لە پاش پەیمانی وێسفاڵیا {١٦٤٨} لێک گرێدراویی سەروەری لەگەڵ دەوڵەت- نەتەوەدا کە زۆر جار حەشیمەت، قەلەمڕەو و باڵادەستی لە خۆ دەگرێ، هاتە ئاراوە. لە ڕاستییدا هەوێنی بیرۆکەی دەوڵەت- نەتەوەی مودێڕن، داهێنانی ئەوروپییەکان بوو. فۆڕمە جیاوازەکانی ڕێکخراوی سیاسی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە شکڵی دەوڵەت- نەتەوەدا خۆیان نواند {هۆڵستی ١٩٩٦؛ هەروەها بڕوانە … ٢٠١٣}. یەکیك لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی نەزمی وێسفاڵیا ئەمەیە کە ئەم دەوڵەتە، لە لایەن خەڵکی دنیاوە دەبێنرێ و {لە لایەن ئەوکەسانەی کە لێی بێبەشن} وەکوو “بەرزترین چوارچێوەی سیاسیی خەڵک و هەر گرووپێکی گرێدراوی دیکە لە هەر قەومییەت یان مەیلێکی هاوشێوەدا” ئیلهامی لێ وەردەگیرێ {٢٠١٥، پ. ٢٢٤}. بەم پێیە، ناسیۆنالیزم وەکوو سەرەکیترین ئیدیۆلۆژی، پرەنسیپەکانی خۆبوون و ئەوانی دیکە ئاراستە دەکات و هەبوونی دەوڵەتیك وەکوو مەرجێکی بنەڕەتی بۆ مەوجودییەتی خەڵک لە جیهانی دەوڵەت- نەتەوەدا، ستایش دەکات {بڕوانە … ٢٠١٥}. بوون بە ئەندامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە بێ بەفەرمی ناسینی سەروەریی دەوڵەت و قەڵەمڕەوێکی دیاریکراو لە کردەوەدا ئیمکانی نییە. بە فەرمی نەناسینی دەوڵەتێک لە ڕووی سیاسییەوە، پێگەیەکی لە یاسای نێودەوڵەتیدا بۆ دەستەبەر نابێ. بەم شێوەیە، ئەم دەستنیشانکردنە فەرمییەی سەروەریی دەوڵەت، جیاوازیی جۆربەجۆر لە نێوان سازوکارە ئیداری و ڕێکخستنە دەوڵەتییە جیاوازەکاندا، بە شاراوەیی دەهێڵێتەوە {هۆڵستی ١٩٩٦}. ئەوەی کە سەروەریی دەوڵەتێک دەکاتە بوونێکی جێی ڕەزامەندی، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە پێی یاسایی نێودەوڵەتی، دەوڵەتەکان خاوەنداریەتی دەکەن و ئەوان بە دەسەڵات و بەرپرسیاریەتییەکی یاسایییەوە، پارێزگاری لە مافی مرۆڤ لە جیهاندا دەکەن. ئەم شتەش دەبێتە هۆی ئەوە کە سەروەریی دەوڵەت وەکوو بابەتێکی یاساییی چەسپاو لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە {جکسون ٢٠٠٧، پ، ١٢٣- ١٢٤}. هاوکات جکسون {٢٠٠٧} بەڵگە دێنێتەوە کە ئەو خەڵکانە کە خاوەنی سەروەریی دەوڵەتن، خەڵکانێکن کە لە کاتی ئاخاوتندا بە هۆی پێگەکەیانەوە باڵادەستن. ئەم پێگە تایبەتە دەتوانێ ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی خواستی سەروەریی دەوڵەت وەکوو مەرجێکی بنەڕەتی بۆ مانەوەی سیاسی لە جیهانی دەوڵەت- نەتەوەکاندا دێتە ئەژمار. سەروەری بە تەواوی گرێدراوی مودێڕنیتەیە، لە بەر ئەوەی یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی مودێڕنیتە چەمکی سەربەخۆیییە. پێڕەوی کردن لە مەفهوومی سەروەری، وەکوو نوێنگەی سەربەخۆیی واتە دەوڵەتداری، بە مەبەستی ئینکار کردن و ڕەدکردنەوەی دەستێوەردانی نەخوازراوی هێزەکان و ئەکتەرە دەرکییەکان لە قەڵەم دەدرێ. سەروەری وەکوو ئەبزارێک بۆ ئازادیی سیاسی لە هەمبەر دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆییی ولاتێکدا سەیر دەکرێ {جکسون ٢٠٠٧، بۆ ڕەخنە گرتن بروانە کۆکس ٢٠١٤}.

لە ڕووی میژویییەوە، سەرەڕای بوونی ڕەواییی ئەخلاقی و سیاسیی جیاواز، زۆربەی ئەکتەرەکان، هەر لە پاشاکانەوە تا دیکتاتۆرەکان، هێزە داگیرکارەکان و بزووتنەوەی دژە داگیرکاریی ناسیۆنالیستی، بابەت و بانگەشەکانی خۆیان لە سەر سەروەری خستووەتە ڕوو { جکسون ٢٠٠٧}. ئەوەی لە سەروەریدا ڕۆڵی سەرەکیی هەیە، پەیوەستە بە یاساوە. لە جیهانی هاوچەرخدا، نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی وەکوو فەلەستینییەکان، کوردەکان، کاتالۆنییەکان و سکاتلەندییەکان هەموویان بانگەشە دەکەن کە سەروەرییان هەیە تاکوو بە شێوەیەکی شوێندانەر نوێنەرایەتیی خەڵکەکەی خۆیان بکەن و بە گژ دەسەڵاتی زاڵدا بچنەوە، تاکوو بتوانن خاوەنداریەتیی خۆیان لە سەر زێد و سەرچاوە سروشتییەکانیان بەدەست بێننەوە. لە ڕوانگەی جەکسۆنەوە { ٢٠٠٧} بۆ دەستەبەرکردنی پێگەیەک لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهان، هەر دەوڵەتێک دەبێ خاوەن سەروەری و دەسەڵات بێ. تێفکرین کە تورکیە چۆن هێزی دیپلۆماسی خۆی بەکار هێنا بۆ سڕینەوەی نەخشەی کوردستان لە سەر گوگڵ مەپ. لە هەڵسوکەوتی ورد و ڕۆژانەی کردەوە و دژکردەوەکان لە گەڵ خەڵکی سەردەستی تورک، عەڕەب و فارس، بانگەشەی کوردەکان لە بارەی کوردستانەوە زۆر جار وەکوو شتێکی ساختە و خەیاڵ ڕەد دەکرێنەوە {بڕوانە ئەلیاسی ٢٠١٣}. لەم پەیوەندییەدا، بەڵگە دەخرێتە ڕوو کە بیرکردنەوە لەبارەی جیهانەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی دەوڵەت، تا ڕادەیەک نامومکینە. بە سڕینەوەی دەوڵەت، “وەکوو ئەوە وایە کە تەنیا بڕوانینە کۆمەڵێک مەلەوان- بە بێ بیرکردنەوە و هیچ چەشنە ئاماژەیەک بە ڕۆڵی کەشتییەکان لە ناو دەریا دا”  (Manning cited in Grzybowski & Koskenniemi 2015, p. 27). چاوەڕوانی لە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری دەکرێ کە ئەمنیەت و ئاشتی دەستەبەر بکات و هاوکات بۆ پاراستنی خەڵک، قەڵەمڕەو و دەسەڵاتی خۆی توندوتیژی بەکار بێنێ. هەر لەم ڕاستایەدایە کە هابز چەمکەکانی” شمشێری عەداڵەت” لە چوارچێوەی مەترسییە ناوخۆیییەکان و ” شمشێری شەڕ” لە دژی دەستێوەردانی دەرکی و هەڕەشەکان دێنێتە بەر باس. بێجگە لەم ” شمشێرانە”، دەوڵەت وەکوو شتێکی بێ کەڵک، بێ توانا وبێ هێز دێتە بەرچاو {جەکسۆن ٢٠٠٧، پ ١٧}. پرسی توندوتیژی وەکوو تایبەتمەندییەکی سەرەکیی پێکهاتەی دەوڵەت بەرجەستە دەبێتەوە. پاش وێبر {١٩٩٤}، کاتێک نەزمی سیاسی لە دەرەوەی پارامێترە دیاریکراەکان کە نەزمی سیاسیی ڕەنگڕێژ دەکەن، دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، توندوتیژی دەبێتە ئەبزارێکی سەرەکیی سیاسەت. لەم ڕووەوە، پێناسەی سەرەکیی دەوڵەت، پاوانکردنی توندوتیژیی ڕەوا یان کەڵک وەرگرتن لە هێزی ڕەقی لە قەڵەمڕەوی نیشتمانی خۆیدا دەستەبەر کردووە {وێبر١٩٩٤} هەروەها لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆشی ئەو کاتەی کە بانگەشە دەکرێ کە “تیرۆر” یان ” جوداییخوازی” دەکەنە نیشانە. بۆ وێنە تورکیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستد کوردەکان لە سوریە و عێراق دەکاتە ئامانج. لە ڕاستیدا، زۆربەی وڵاتەکان ناپاکی دەکەن لە هەمبەر ئەسڵی سەروەری، کە دەستوەرنەدان و ڕێزگرتن لە سنووری وڵاتەکان لەخۆ دەگرێ و زۆر جار وەکوو شتێکی پیرۆز باسی لێوە دەکرێ. زۆر جار دەگوترێ کە دەوڵەت- نەتەوە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتیی دوورەپەرێز لە شەڕە { گیدێنز١٩٨٧؛مالێسڤیچ ٢٠١٠؛ ئەپادوریا ٢٠٠٦؛ پەندی ٢٠٠٦}. هەر لەم پەیوەندییەدا، مالێسڤیچ {٢٠١٠} بەڵگە دێنێتەوە کە جێگرەوەی دەوڵەتێکی دیکتاتۆری یان دابەش کردنی بۆ دوو یان چەند چوارچێوە ڕێی تێدەچێ، بەڵام هەڵوەشانەوەی دەوڵەت- نەتەوە وەکوو ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی زۆر دژوارە. بە پێی ئەزموون، ئەمە شتێک نییە کە زۆربەی خەڵک خواستی هەڵوەشانەوەیان هەبێ. هەربەوشێوەیە کە نموونەی هاوچەرخی سوماڵی و کۆماری دێموکڕاتیکی کۆنگۆ دەریانخست، کاتێک کە دەوڵەت- نەتەوەیەک لە بەریەک هەڵدەوەشێتەوە، ئەکتەرە جۆراوجۆرەکان بە هەوڵی خوێناوی و توندوتیژی بۆ داسەپاندنی پاوانخوازیی خۆیان لە ڕووی یاسایییەوە بەرەو توندوتیژی هەنگاو دەنێن {مالێسڤیچ ٢٠١٠، ٣٣٢-٣٣٣}. یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی دەوڵەت، سازوکارە لە شەڕدا. لە گەڵ هەڵگیرسانی شەڕەکان، دەوڵەت لە ئورووپا یەکگرتنی سیاسی، ئیداری و ماڵیی ڕێکخست. ئەو وتە بە ناوبانگ و لە بیر نەکراوەی تیلی کە دەڵێ: “شەڕ دەوڵەتەکان دروست دەکات و وڵاتەکانیش شەڕەکان” {١٩٨٥ پ، ١٧٠}. نموونەیەکی زەق و بەرچاو، کەیسی ئیسرائیلە کە لانیکەم چوار شەڕی گەورەی لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆری عەڕەبیدا کردووە؛ شەڕی ١٩٤٨، شەڕی ١٩٥٦، شەڕی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ و شەڕی یوم کیپوور لە ساڵی ١٩٧٣ دا. ئەم شەڕانە ئیسرائیلی وەکوو ولاتێکی نیزامی لێکرد کە بە هۆکاری هەڕەشەی لەناو بردنی لە لایەن وڵاتانی عەڕەبییەوە، یەکگرتنێکی سیاسیی قووڵی لە نێوان حەشیمەتی یەهودیییەکاندا هێنایە ئاراوە. بەم پێیە، وتەکەی تیلی لە بارەی شەڕەکانەوە وەکوو خاڵێکی سەرەکیی دەوڵەتسازی ناتوانێ لە بواری سیاسی لە وڵاتانی عەڕەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیهانی بێتە بەر چاو. شوارتز{ ٢٠١٢} بەڵگە دەخاتە ڕوو کە وڵاتانی عەڕەبی، بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆژەکانی دروستکردنی دەوڵەتی خۆیان، “شەڕگەلێکی نادروستیان” کردووە. لە کاتێکا لە ئورووپادا، وڵاتەکان قەڵەمڕەوکانی خۆیان لە هەمبەر دەستێوەردانە دەرکیییەکان پاراست یان بۆ بەرفراوانکردنی قەڵەمڕەوەکانی خۆیان شەڕیان کرد، وڵاتانی عەڕەبیش ئەم کارەیان ئەنجام دا بەڵام زیانێکی زۆری بەوان گەیاند. ئێراق و سووریە دوو نمونەی بەرچاون. شوارتز{٢٠١٢} پێی وایە هەبوونی وڵاتێک و خۆسەپاندن و فەرمانڕەواییکردنی کافی نییە. کارکردی دەوڵەتی مودێڕن دەبێ تەناهی، خۆشبژێوی و نوێنەرایەتییش لە خۆ بگرێ { پ ١}. لە کاتێکدا دەکرێ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی ڕێژیمەکە، ئەمنیەت جێگیر بکرێ، بەڵام خۆشبژێوی و نوێنەرایەتی بنەجێ نەبووە، لە بەر ئەوە کە زۆریەک لە فەرمانڕەوایان، سەرەڕای بانگەشە کردن بۆ دێموکڕاسی، ڕەواییی دەسەڵاتەکەیان لە ژێر پرسیاردایە. بە ڕاشکاوی ئەگەر وشەی “سەروەری وەکوو ئیرادەی سیاسی و ڕەزایەتی خەڵکی وڵاتێک لەقەڵەم بدرێ” وڵاتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دژواری دەتوانن ئیدیعا بکەن کە دەسەڵاتێکی خەڵکین {جەکسۆن، پ ٧٨}. پێویست بە بیرهێنانەوەیە کە هەڵبژاردنی گشتی لە شکڵی دێموکڕاسییەکی ساختەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێ، بەڵام ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا خەڵک لە بارەی چۆنیەتیی ئیدارەدانی وڵاتەوە قسەی ئاخر دەکەن. وایت {٢٠١٢} ئیستدلال دەکات کە ناتوانی دێموکڕاسی لە نمایشێکی دێموکڕاسییانەدا کورت بکەیتەوە. بە پێچەوانەوە، فەرمانڕەوایان ئیدیعا دەکەن کە نوێنەری خەڵکن و لە ڕێگەی ئەم نوێنەرایەتیکردنەوە، ڕێگری لە هاتنەئارای نوێنەرایەتییەکی دێموکڕاتیکی ڕاستەقینە و بەرفراوان. ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەوێتە بەر چاو، ئەوەیە کە ڕێژیمە نا دێموکڕاتیکەکان، ئاگاداری هێزی نمایشی دروشمدانن و بە بەردەوامی بۆ سەرکوتکردنی گرووپە جیاوازەکان، کە لەوانەیە بیانهەوێ دەوڵەت ببێتە دامەزراوەیەکی سیاسیی بەرفراوان و نوێنەرایەتیکردن، کەڵک وەردەگرن { بڕوانە وایت ٢٠١٢}. ئەگەرچی دەوڵەتەکان و حکومەتەکان بە هاوتا لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام نەزمی سیاسی زۆرگرینگە کە ئایا دەوڵەت و حکوومەت هاوشێوەی یەکن؟ لە لیبراڵ دێموکڕاسیدا، حکوومەتەکان دەتوانن دەنگ بدەن و دووبارە هەڵبژێردرێنەوە یان بگۆڕدرێن، بەڵام دامەزراوە دێموکڕاتیکەکانی دەوڵەت کەم تا زۆر دەتوانن وەکوو خۆیان بمێننەوە، ئەگەر پارتە غەیرە لیبراڵەکان دەست بەسەر دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا نەگرن و نەیانخەنە خزمەت ڕوانگەی بەرژەوندیخوازی و ئەجنداکانی خۆیانەوە، هەر بەو شێوەیە کە ئێمە شاهیدی ئەو مەیلانەین لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ئورووپا و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەوڵەتی ترامپدا. کاتێک باس لە کانتێکستی دەوڵەتی ئیستبدادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێ، بۆ وێنە وڵاتێکی وەکوو ئێران، دەوڵەت بە بەربڵاوی لە لایەن تاقە حیزبێکەوە کە خۆی بە پارێزەری دەوڵەت، میللەت و تەنانەت لە هێندێک بواردا خوداش دەزانێ، بەڕێوە دەچێ. ئەمە سەرمەشقێکە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی هەیە، جێگایەک کە بنەماڵەیەک، هێزە چەکدار و ئەمنیەتییەکان، مێدیاکان و ئابووری پاوان دەکات تاکوو لەم ڕێگەیەوە دەسەڵاتەکان لە نەسڵێکەوە بگوازنەوە بۆ نەسڵێکی دیکە { بڕوانە سەسوون ٢٠١٦ }. لە وڵاتە ئیستبداد لێدراوەکاندا، سیاسەتی خۆشبژێوی {ڕفاە} لە پلەی یەکەمدا وەکوو ڕێوشوێنێک بۆ دابین کردنی عەداڵەت بە کار ناهێنرێ، بەڵکوو بۆ ڕام کردن و سزادانی خەڵکی ناڕازی لە هەمبەر حکوومەتی غەیرە دێموکڕاتیک، پێشێلکردنی یاسا و گەندەڵیی لەڕادەبەدەر، بنەجێ کراوە. ئەمەش بووەتە ئەبزارێک بۆ بەرتیل دان و کەم کردنەوە خەڵکی ناڕازی. دابین بوونی خۆشبژێوی پێویستی بە وەفاداریی تاقیکراو و بەردەوام بە فەرمانڕەوایان هەیە کە لە ڕێگەی پابەند بوون و پێڕەویکردن لە نەزمی کۆمەڵایەتی و دەستڕۆیشتووەکانی ئەو حکوومەتەوە، مسۆگەر دەبێ. مەترسیی تۆمەت لێدان وەکوو خائین یان دژی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دژایەتیکردن لەگەڵ ڕێژێمە سەڕەڕۆکاندا، بەرز دەبێتەوە. ئەوە مەنتقی دێتە بەرچاو کاتێک جەکسۆن لە {٢٠٠٧} ڕایگەیاند کە دەوڵەت دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی بەختەوەریی مرۆڤەکان، کە خۆی لە دابینکردنی ئازادی، تەناهی و کەرامەتی شارۆمەندەکاندا ببینێتەوە. جەکسۆن بەوپەڕی دڵنیایییەوە ڕایگەیاند، ڕاستە کە دەوڵەتە سەرەڕۆ و ناموتەعارفەکان دەتوانن مافەکانی مرۆڤ پشتگوێ بخەن و پێشێل بکەن، بەڵام بە وەلانانی دەوڵەت، ناتوانی بە سەر ناعەداڵەتی و پێشێلکارییەکانی مرۆڤدا زاڵ بی. بەم پێیە، ئیدعاکەی جەکسۆن {٢٠٠٧} جێگای مشتومڕە لە بەر ئەوە سەرنجی خەڵکانێک لەسەر دێموکڕاسیی ڕۆژئاوایی بە لاڕێدا دەبات. زۆریەک لە دەوڵەتە دێموکڕاتییەکانی ڕۆژئاوا کە لە کتێبی سەروەریی جەکسۆن {٢٠٠٧} دا ستایش کراون، لە ڕووی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و کەمینەکانەوە ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بێبەری کراون. کەیسی پەنابەرانی سوووری لە ساڵی ٢٠٢٠ دا کە ڕوویان لە ئورووپا کرد، نموونەیەکی بەرچاوە کە ئەو خەڵکانەی کە لە دەستی توندوتیژی و شەڕی خوێناوی لە سووریەدا هەڵهاتبوون، مافی پەنابەرییان پێ نەدرا. جگە لەوە، پەنابەرە سوورییەکان بوونە قوربانیی شەڕی ژێئۆپۆلێتیک لە نێوان تورکیە، ڕووسیە و هەروەها یەکیەتیی ئورووپادا. لە کاتێکدا یەکیەتیی ئورووپا پشتیوانیی تورکیەی کرد بۆ ڕێگریکردنی پەنابەرەکان بۆ گەیشتن بە ئورووپا. تورکیە، کەڵکئاژۆیانە پەنابەرانی بۆ قازانج و بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی خۆی لە بەرانبەر یەکیەتیی ئورووپادا بەکار هێنا. ئەوانە هەر ئەو خەڵکەی سووریە بوون کە ئازار و مەینەتیان دەچێشت و لە نێوان بۆمب، سنوور و دیواری وڵاتە داگیرکەرەکاندا، گرفتار ببون. تەنانەت لە وڵاتیکی بە تەواوی دێموکڕاتیکی وەکوو سوید، پارتە سیاسییە بەرچاوەکان، دەرگیری کێبەرکێی سیاسین بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە کامیان سیاسەتێکی قورس و بەرفراونتر لە بەردەم پەنابەریدا، بە دورشمگەلی وەکوو “سوید پڕ بووە”، ” سنوورەکان داخەن” سنوورەکان پۆشتەتر بکەن!” بەڕێوە دەبەن. لە ڕاستیدا پەناخوازی یەکێک لە نموونە زەق و بەرچاوەکانی چۆنیەتیی سازوکاری نابەرابەری و پەیوەندیی ژێئوپۆلیتیکی هێزەکان لە نێوان سەروەریی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە جیهانی باکوور و باشووری دنیادا بە دابەشکردنی جیاوازیی بیروڕای سیاسی، جموجۆڵ، پشتیوانیی یاسایی و مافی ئابووری لێک گرێ دەدرێ.


هیرارشیی دەوڵەت – نەتەوەکان و کێبڕکێی بە جیهانیبوون

گەرچی هەموو وڵاتە ناسراوەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بێ لەبەرچاوگرتنی قەڵەمڕەو و حەشیمەتەکەیان، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خاوەنی کورسی و پێگەن، ئەوان لە کردەوەدا بە پێی لۆژیکی داگیرکاری، بە شێوەیەکی هیرارشی و پەیوەندیدار شکڵیان گرتووە. بارتڵسۆن {٢٠١٤} پێشنیار دەکات کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگە سنووردارەکاندایە کە سەروەری لە جیهانی ئێمەدا بەرجەستە دەبێتەوە و سەرەکیترین کارکردی ئیدئۆلۆژیی چەمکی سەروەری، ڕەوایی بەخشینە بە سیستەمی نێودەوڵەتی و سیستەمی دەوڵەت، کە سەروەری لەوێدا مانا پەیدا دەکات. سەرەڕای ئەمانە، بارتڵسۆن {٢٠١٤} ئەوەی خستەڕوو کە کردەوەی بە فەرمیی ناسین و نەناسینی دەوڵەتەکان و میللەتانی غەیرە ئورووپایی وەکوو سەروەرییەک، دەبێتە ئەبزارێکی سەرەکی بۆ پاراستنی هیرارشییەکی پەیوندیدارلە نێوان ئورووپایییەکان و غەیرە ئورووپایییەکاندا. بۆ وێنە، غەیرەئورووپایییەکان زۆر جار بۆ چوونە نێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە هۆکاری بیرو بۆچوونی” ناشارستانی بوون” و نەبوونی دامەزراوەی ڕێکوپێکی سیاسیی هاوشێوەی وڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژئاوایی، بێبەش بوون. وەها پرۆسەگەلێکی تر، بواری بۆ باڵادەستی و پێڕەویکردنی ئورووپایییەکان لە لایەن غەیرەئورووپایییەکانەوە، ڕەخساندووە. تەنانەت ئەگەرغەیرەئورووپایییەکان توانیان بە شێوەیەکی فەرمییش بچنە ناو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیییەوە، بە چاوێکی هاوسانەوە لەوانیان نەدەڕوانی و بگرە سەروەرییەکی مەرجداریشیان پێ دەدرا {بارتڵسۆن ٢٠١٤، پ ٢٩}. لەم ڕوانگەیەوەیە کە ئەگنو {٢٠٠٩} لە نێوان ئەو دەوڵەت و سەروەرییانەی کە تەنیا ناوێکن و ئەو وڵاتانەی کە لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کاریگەرییان هەیە، جیاوازی دادەنێ. وڵاتانی ناسراوی دنیا بە هۆکاری جیاواز لە بواری هێزی نیزامی، ئابووری و سیاسی، لە ڕێگەی جۆربەجۆرەوە سەربەخۆیی و سەروەرییەکی زیاتریان هەیە. زۆریەک لە وڵاتانی عەڕەبی لە ناوچەی خەلیج ناتوانن ئیدیعا بکەن کە سەروەرییەکی بەهێزیان هەیە، لەبەر ئەوەی ئەوان پێویستیان بە پشتیوانیی نیزامیی ئەمریکایە بۆ خۆپاراستن لە هەمبەر یەکتر و لە بەرانبەر وڵاتانی نەیاری وەکوو ئێراندا. لەوانەیە قەتەر وڵاتێکی بچووک بێت، بەڵام خاوەنی خەزێنەیەکی لەڕادەبەدەری گازی سروشتییە و لە کەناڵێکی میدیاییی وەکوو ئەلجەزیرەی عەڕەبی و ئینگلیزی سوودی وەرگرتووە تاکوو ئەجێندا سیاسییەکانی خۆی لە سەرتاسەری دنیادا بباتە پێشەوە. قەتەر سەرەڕای هێزی نەرمی کەناڵە مێدیاییەکان و هێزی ئابووریی خۆی، خانەخوێی گەورەترین بنکەی نیزامیی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بێگومان، لەوانەیە بە قازانجی ئەمریکا نەبێ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەکەکان بێدەنگ بن و ئاشتی بەرقەرار بێ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە وڵاتانی خەلیج بە بەردەوامی کڕیارێکی بەڕۆژی چەکە ئەمریکییەکانن. ئەمە نموونەیەکە لەو ڕاستییە کە ئەم وڵاتانە بە هۆکاری نەزمی ژێئۆپۆلیتیکی ناهاوسان و ناجێگیر لە ناوچەدا، بۆ لەسەرپێ ڕاوەستان، دەستەوداوێنی هێزە ڕۆژئاوایییەکانن. ئەمەش ئەو پرسیارە بەجێیە لەبارەی مۆدێلی دەوڵەتی وێستفاڵی لە بوارەکانی ناڕۆژئاوایی و دیسکۆرسی جیهانیبوندا دێنێتە ئاراوە.


دیسکۆرسی مافی سەروەری، لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەی کە تەرخان کرابوون بۆ داگیرکاری، بە مەبەستی کپکردنی بانگەشە لۆکاڵییەکان بۆ بەرانبەری و پاساوهێنانەوەی خەڵکی خۆجێی لە ئۆستراڵیا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمریکای لاتین و کانادا، داڕێژرابوو {بڕوانە ڕابینسون ٢٠٠٧؛ کۆکس ٢٠١٤}. ئەمە بەو مانایەیە کە لە بنەڕەتدا نەزمی جیهانی لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایییەوە و بایەخی شارۆمەندیی ڕێژیمەکان، لەو شوێنانەی کە دامەزراوە ڕۆژئاوایی و ئورووپایییەکان زۆر بەرز دەنرخێندران و یەکسانیخوازتر لە نائورووپایییەکان بوون، پێک دێ.{ کاستڵ ٢٠٠٥} تەنانەت لە بارودۆخێکدا کە نائورووپایییەکان بە شێوەی فەرمی مافی شارۆمەندی و یەکسانیان پارێزراو بێ { ئەلیاسی ٢٠١٣}. لە کاتێکدا کە سەرمەشقی وێستفاڵ لە ئورووپادا سەدان ساڵی خایاند تاکوو لە چوارچێوەی ئەزمونێکی دوورودرێژی دەرگیری و شەڕە خوێناوییەکاندا شکڵی گرت و بنەجێ بوو {بڕوانە ئەگنو ٢٠٠٩} ئەو بڕوایە لە ئارادایە کە هەمان مۆدێلی دەوڵەتی بەستەبەندی کراو وەکوو خەڵاتێکی بەردەست لە ڕێگەی زەریاکانەوە بگوازرێتەوە تاکوو چوارچێوەیەکی ئەرکدار بە مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاشتی لە گەڵ لیبڕالیزم لە باشوری جیهان دەستەبەر بکات {کارتس، ٢٠١٥ پ ١٠٩، ..}. لێرەدا دژبەیەکی لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی سەروەری لە دژی نائورووپایییەکان و چۆنیەتیی چەسپاندنی لە کانتێکستی لۆکاڵیدا دێتە ئاراوە. ئاشکرایە جیاوازیی قەومی و مەزهەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئافریقا، وێڕای چەندین دەیەی هەوڵ بۆ بەرقەراکردنی ئاشتی و سەرخستنی سازوکاری پڕۆژەی دەوڵەت لەسەربیرۆکەی ئورووپایی- ئەمریکایی لەگەڵ مۆدێلی وێستفاڵیدا یەک ناگرێتەوە {ئەگنو ٢٠٠٩، پ٢١٢}. لە بیاڤی قەوم-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەوڵەت، ئیدارەدانی لە شێوەی ئەمنی و پاوانکردندا بنەجێ کردووە و بە هەستیارییەوە لە ڕێگەی ئەم خۆسەپاندنەوە، پارێزگاری لە سەروەرییەکان دەکەن. ڕوانگەی ئەوان ئەوەیە کە دەنگە جێگرەوەکان، ئەزموونەکان، شوناسە بێ سەروەرییەکان وەکوو “دژە نەتەوەیی” و پیلانی دەرەکی یان دوژمنانی ناوخۆیی دەشوبهێنن. سەرەڕای ئەمانە، هەر بەو شێوەیە کە جەکسۆن {٢٠٠٧} پشتڕاستی کردووەتەوە، تێگەیشتنی نێودەوڵەتی بۆ سەروەریی وڵات، ئەنجومەنێکی کۆنەپارێزە کە نە خوازیاری هاندانە بۆ دروست کردنی وڵاتێکی نوێ و نە مەیلێکی هەیە بۆ بەفەرمی ناسینی داخوازیی خەڵکانێک کە بێ دەوڵەتن و مافی دروست کردنی دەوڵەت بۆ خۆیان بە ڕەوا دەزانن. زۆر جار ڕەدکردنەوەی ئیدیعای قەبوڵکردنی دەوڵەت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دابەشکارییەکی نادڵخواز و دژبەیەکی لە سنوورەکانیاندا، لە ڕێگەی ” ئاشتی” و ” سەقامگیرییەوە” پاساو دەدرێ، ئەمەش بە مەبەستی بەپیرۆز زانینی یەکپارچەییی وڵات لەقەڵەم دەدرێ. زۆریەک لە سنوورەکانی ئێستا لە باشووری جیهان لە لایەن هێزە ئیمپریاڵەکانی ئورووپاوە دەستنیشان کراون و لەو کاتەوە نەخشەی سیاسیی جیهان تا ڕادەیەکی زۆر وەکوو خۆی ماوەتەوە. جەکسۆن دەستەواژەی کەوشی نالەباری بۆ شیکردنەوەی ڕاستییە دژوارەکان لە بواری قەڵەمڕەو وحەشیمەت کە وڵاتە سەقامگیر و ناسراوەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بە کار هێناوە:

تەنانەت لە زۆربەی کەیسەکاندا، کەوشەکانی ئەو ناوچەیە بە هیچ شێوەیەک بۆ لە پێ کردنی خەڵکەکەی نەدەبو و چاوەڕوانی گۆڕینی کەوشەکان جگە لە کێشەی پاراستنەکەی، دڵەڕاوکێ و نیگەرانیییەکانی زیاتر دەکرد. بە تایبەتی ئەم بابەتەش کاتێک زیاتر خۆی دەنواند کە لە ڕوانگەی نێونەتەوەیییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرا. ئەم سنوورانە، وەکوو میراتێکی پیرۆزیان لێهات و گۆڕینی سنوورەکان بەم شێوەیە دژوارتر بوونەوە {جەکسۆن ٢٠٠٧، پ ١٠٧}.


شیاوی ئاماژە پێ کردنە کە هیچ وڵاتێک بوونێکی پیرۆز و سەروو مێژووی نییە لە بەر ئەوەی خودی دەوڵەت پێکهاتەیەکە کە گرێدراوی مرۆڤە و هاوکات بەرئەنجامە ڕاستەقینەکەشی بۆ ئەو خەڵکەیە کە لەو چوارچێوەیە یان جیهانەدا دەژین. سەرەڕای جێگیربوونی قەڵەمڕەو و سنوورەکانی دەوڵەت و ئیدیعای نەگۆڕبوونیان، ئیدیعای جۆراوجۆر لە بارەی چۆنیەتیی گۆڕین و ئاڵۆزبوونی پڕۆسەکان وکاریگەریی هێزی بازاڕی جیهانی لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت لە ئارادایە. زۆر جار جیهانیبوون لە پەیوەندی لەگەڵ کەمکردنەوەی بایەخی فەزا و مەودایەک کە بازاڕی ماڵیی جیهانی، پەیوەندیی تەکنۆلۆژی و بەرهەمهێنانی خێرای کەرەستەی هاتوچۆی لێ کەوتووەتەوە، کەوتووەتە بەر باس {ئەگنیو ٢٠٠٩}. پاش جیهانیبوون، هەڵوەشانەوە یان پاشەکشێی سەروەریی دەوڵەت کەوتووەتە ژێر پرسیار و هەڵسەنگاندنەوە { بڕوانە ١٩٩٦؛ سترانگ ١٩٩٦؛ لێڤی و سزینایدەر ٢٠٠٦}. بەم شێوەیە، کاریگەریی جیهانیبون، تەفسیری جیاوازی بۆ کراوە. بە دروستکردنی زمینەی سیاسی لە فۆڕمی نانەتەوەیی، ماف و ئەندامبوون، وەکوو هێزێکی سیاسیی ڕزگاریدەرلەقەڵەم دراوە. لە کاتێکدا کە چەپەکان دەیانهەوێ هێزی فەرسایشی جیهانیبوون بخەنە چوارچێوەی دەوڵەتی خۆشبژێوییەوە {رفاە}، پارتە ڕاستڕەوەکانی قەوم-نەتەوەکان لە سەرتاسەری دنیادا، جیهانیبون وەکوو هێزێک دەبینن کە شوناسی نەتەوەیی لاواز دەکات و دوکتورینێکی چەند فەرهەنگی دابەش دەکات و یەکگرتووییی نەتەوەیی پارچە پارچە دەکات {بڕوانە ئەلیاسی ٢٠١٣}. هابسون لە ٢٠١٥دا ڕایگەیاند کە جیهانیبون لە لایەن هێزە ڕۆژئاوایییەکانەوە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دنیا، کە لە ڕاستای لۆژیک و بەرژەوەندیی شارستانیەتی ڕۆژئاوادایە، پەسند کراوە، گەرچی چین و ڕوسیا بە جددی بەرەوڕووی بوونەتەوە. سەرەڕای ئەمانە، دیسکۆرسێکی جیهانی کە بە بەرفراوانی پەسند کراوە کە لە بنەڕەتدا سەرچاوەکەی لە ڕۆژئاواوە سەری هەڵداوە، ئەو مەیلەی هەیە کە شوناسە ناڕۆژئاوایییەکان وەکوو بوونێکی مەترسیدار بۆ سەر دێموکڕاسی، بەرابەریی ڕەگەزی و پێکەوە هەڵکردن نیشان بدات کە ڕۆژئاوایییەکان ئیدیعا دەکەن ئەوان خاوەنداریەتی لەو بایەخانە دەکەن {بڕوانە بارون ٢٠٠٦}. ئەم بەجیهانیکردنەی ئەوانیترکە موسوڵمانەکان وەکوو جەوهەرێکی دەمارگرژ، دژە ژن، توندوتیژ و پێکەوە هەڵنەکردن لەقەڵەم دەدا، بەرئەنجامێکی خوێناویی بۆ حەشیمەتی موسڵمانان لە وڵاتەکانی وەکوو هیند، ئیسرائیل، چین و ڕوسیا، لێ دەکەوێتەوە.


بەردەوامیی ناوەندگەریەتیی دەوڵەت لە دونیا

لە چوارچێوەی هێزی قورس و قایم یان بەرەو لاوازی چوونی دەوڵەتەکان، دوو بۆچوونی دژ بەیەک هەیە، بەڵام جیاواز لە یەکتریش نین. بۆ وێنە، ئسکینر {٢٠١٣} بەڵگە دێنێتەوە کەهەنووکەش پلەبەندیی نێودەوڵەتی لە ژێر هێژمونیی ئەو وڵاتانەدایە کە لە بواری شەڕ، ئابووری و دەستێوەردانی مرۆڤ دۆستانەدا پێشەنگن. دەوڵەتەکان لە ناوخۆدا ڕۆڵێکی سیاسیی بەرچاو دەگێڕن لە بیچم گرتنی سیاسەت و یاسادا. سەرەڕای ئەمانە، دەوڵەتەکان وێڕای پارێزگارییەکی چڕتر لە سنوورەکانی خۆیان، لە هەمبەر هەڕەشە دەرەکییەکاندا و چاوەدێریکردنی شارۆمەندەکانیان جەسوورتر بوون. هەر بەو شێوە کە لە قەیرانی ئابووریی ساڵی ٢٠٠٨ دا بینیمان، کاتێک سیستەمی بانکی تووشی قەیرانی هەڵدێری ئابووری دەبێ، دەوڵەتەکان وام دەدەن. هەروەها ئێمە دەتوانین ئەوەش زیاد بکەین کە چۆن ڤایرۆسی کرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بوو بە هۆی زیندوکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوە. وەکوو دژکردەوە و وڵامدانەوەیەک بۆ کۆنترۆڵی کردنی ڤایرۆسی کرۆنا، زۆریەک لە وڵاتەکان دەستیان دایە داخستنی سنوورەکانی خۆیان و سنوردارکردنی هاتوچۆ لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکانیان. ئەم کردەوەیە وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپاشی لەخۆ گرت کە دوکتورینێکی هاوبەشیان هەیە لە بواری سنورە ئازادەکان و شوناسی بەهێزی ئورووپایی، هاتوچۆی خەڵک، کاڵاکان و دروستکردنی سەرمایەدا. ئەوەش ئاشکرا بوو کە یەکیەتیی ئورووپا میکانیزمێکی هاوبەشی بۆ ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ ڤایرۆسی کرۆنادا نییە. بە پێچەوانەوە، دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی خۆویستانە، وێرای هەمەگیربوونی مەترسیی ڤایرۆسی کرۆنا، دەستیان دایە پاراستنی سنوورەکانی خۆیان و لە پلەی یەکەمدا جەختیان لە سەر نەتەوەکەی خۆیان کردەوە. جگە لەمانە، بە هۆکاری کارتێکەری و ناسەقامگیریی ڤایرۆسی کرۆنا لە ئابوورییدا، زۆرێک لە وڵاتەکان بەڵێنیان دا کە یارمەتیی دەوڵەتی پێشکەش بکەن و پشتیوانیی ئابووری لە شەریکە تایبەتە ناوخۆیییەکان بکەن کە ڕووبەرووی مەترسیی داشکان بوونەتەوە. لە سەر ئەم بنەمایە، دەوڵەت لە ژێر سێبەری وشەی جیهانیبوندا کە بانگەشە دەکرێ کە دەوڵەتی لە گۆڕ ناوە، نەیتوانیوە کۆتایی پێ بێنێ و کەمڕەنگی بکاتەوە {بڕوانە ئسکینر ٢٠٠٩}. کوهن {٢٠٠١} هەر لەسەر ئەم بنەمایە ئاماژەی بەوە کرد کە جیهانیبوون بە مانای باڵادەستی و ناجێگیربوونی دەوڵەت و سەروەریییەکان نییە، لە بەر ئەوە وڵاتەکان و بە تایبەتی وڵاتە بەهێزەکانی ڕۆژئاوا، ئەکتەری سەرەکین لە ڕێکخستن و بیچم دان بە ئابووریی دنیا لە جیهاندا. بەم پێیە، مەبەسەتەکە ئەوە نییە کە هیچ شتێک گۆڕانگاریی بە سەردا نەهاتوە، بەڵکوو گۆڕانکارییەکە پەیوندیی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەوە هەیە نەک لە ناو بردنی دەوڵەتەکان. هەنووکەش دەوڵەتەکان هێزی خۆیان لە سەر قەڵەمڕەو و سنوورەکانیان پاراستووە و کەڵک لە سەروەرییەکی نەرم و نیانتر وەردەگرن بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە کانتێکستی جیهانیدا. جگە لەمانە، خەڵکانێک هەن کە خوازیاری بانگهێشتکردنی لویاتانن و دەوڵەت وەکوو”ئەبزاریکی سەرەکی بۆ ئازادیی مرۆڤ، ئاشتی و دابینکردنی تەناهیی کۆمەڵایەتی دەزانن و بە شێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ سەرپەنایەکیان بۆ ڕەخنەگرانی سیاسی دەستەبەر کردووە {٢٠١٢، پ ٣٩٧}. بە پێچەوانەوە، ئیسکنیر{٢٠١٣} و دوگەی {٢٠١٢} پێداگری و جەخت لەسەر دەوڵەت دەکەنەوە، براون{٢٠١٤} لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ناتوانی دەوڵەتە دیواردارەکانی جیهان وەکوو هێزێکی ماسولکەردا لەقەڵەم بدەی بەڵکوو کەمڕەنگ بوونەوەی سەروەرییەکان وەکوو نیشانەیەک دێتە ئەژمار. تایبەتمەندیی سەرەکیی دنیای ئێمە لە سەردەمی بە جیهانیبووندا ناکۆکیی نێوان کردەوەی دەوڵەت لە پەیوەندی لەگەڵ کرانەوە و داخستنی سنوورەکان، تۆڕە جیهانییەکان و نەتەوەخوازیی لۆکاڵیدایە. هۆکارەکەی هێرشی نیزامیی دەرەکییەکان نییە کە دەوڵەتەکان سنوورەکانی خۆیان پۆشتە دەکەن، بەڵکوو زۆرتر پەیوەندیی بە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانەوە هەیە. دەوڵەتەکان پێیان باشە کە دیوارەکان و سنوورەکانی خۆیان بە ئاماژە بە هەڕەشەی تیرۆر، کۆچبەران و قاچاخ، یاسایی بکەنەوە. بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە وڵات دۆخی داراییی باشە یان خراپ، مەیلێکی لە ڕادەبەدەر هەیە بۆ ڕاکێشانی دیواربە ئامانجی دابینکردنی ئەمنییەتی وڵات و هەروەها دانیشتوانی وڵاتەکە. براون ساڵی {٢٠١٤} ئاماژەی بە دوو نموونەی بەرچاوی وەکوو ئیسرائیل و ئەمریکا کرد کە چۆن خەریکن ڕەوایی بە دروستکردنی دیوار دەدەن. لە کاتێکدا کە ئیسرائیل دیسکۆرسی قوربانی بوون و خەسارهەڵگرتوویی بە هۆی هەڕەشە تیرۆریستییەکان لە لایەن فەلەستینەوە دەخاتە ڕوو، کۆچبەرانی لاتین تەبار لە بەرهەمەکانی ساموئیل هانتینگتون وەکوو مەترسییەکی فەرهەنگی و زاڵبوون بەسەر فەرهەنگی ئەنگلۆ-ساکسون نیشان دەدرێ و لە لایەن سەرۆک ترامپەوە وەکوو “هێرشکردن” دێتە ئەژمار. ئەم وڵاتانە وەکوو وڵامدانەوەیەکی بەهێز بۆ پێشگرتن لەم هێزە “یاغییانە”، دژایەتییان وەکوو مەترسییەکی یاسایی بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕین و دەربازبوونی موسوڵمانانی “بەربەر” یان لاتینەکان لە سنورەکانەوە داناوە بۆ کۆنترۆڵکردن و دەرکردنی ئەوان کە تەنانەت هێندێک جار دەشیانکوژن. بەم کردەوەیە، دەوڵەت سیگناڵێک بۆ سەروەری، بە نیشانەی ڕاشکاوی و بەهێز بوون لە دابینکردنی ئەمنیەتی شارۆمەندانی خۆی بە هەڵچنینی دیوارەکان و نیزامی کردنی سنوورەکانیان، بۆ شارۆمەندان و دنیای دەرەوەی دەنێرێ. ئەم دەوڵەتە هەم قوربانی دەبێ و هەمیش وەکوو ئەبزارێکی بەهێز بۆ ڕاگرتنی دوژمنانی شاراوەی ناوخۆیی و دەرکی لە سنوورەکاندا، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لەوجیهانە شارستانییە کە ڕەنگرێژ کراوە و “بەربەرەکان” ئارەزووی هەڵوەشانەوەی دەکەن، لەبەرچاودەگیرێ. لەو کاتەوە کە دەوڵەت وەکوو نوێنگەی سەروەری و لووتکەی دەسەڵات بۆ پارێزگاری لە شارۆمەندانی خۆی لە هەمبەر مەترسییە ناوخۆیی و دەرکییەکاندا دێتە ئەژمار، پێویستە خاڵە لاوازەکان، خەسارهەڵگرتوویی، گوماناوی بوون و نائارامیییەکان بڕەوێننەوە. بە هەڵچنینی دیوارەکان وەکوو قەرەبووکردنەوەی مافی سەروەریی لەدەستچوو یان لاوازکراو و پاراستنی هێرشبەرانە لە سنوورەکانی خۆی، دەوڵەت هێزی خۆی نمایش دەکات و یارمەتی دەکات بە بەرهەمهێنانی بیرۆکەی سیاسی لەو بوارانەدا کە پارێزگارییان لێ دەکات و ئەوکەسانەی کە خوازیارە وەلایان بنێ. دەوڵەت تەنیا ئامانجەکەی بیچم دانی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو بەشێک لە نەتەوە نییە بەڵکوو هەوڵ دەدات تاکوو هەستی گرێدراویی {همذات پنداری} ئەوان لەگەڵ دەوڵەت لە پاوانی خۆیدا ڕاگرێ {بارون ٢٠١٤}. ئەدکینز و پەین- فت { ١٩٩٩} لە هەڵسەنگاندنەکەی خۆیاندا لە بارەی کردەوەی سیاسییەوە، لە سەر ئەو بڕوایەن کە نەزمی کۆمەڵایەتی و فەردانییەت، هاوکات شکڵیان گرتووە و بوونیان گرێدراوە بە یەکەوە. بە شێوەیەکی دیاریکراو، زۆر جار شوناسی نەتەوەیی، وەکوو فۆڕمێک لە بیرۆکەی سیاسی لە نەزمی کۆمەڵایەتیی دەوڵەت-نەتەوەی ئێستادا یان دوڵەت-نەتەوە لە داهاتوودا بنەجێ دەبێ. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئەندامانی گرووپە سەردەستەکان مەترسیی لەدەستدان، لاوازبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت و شوناسی نەتەوەی،ی بە خەسار و زیان بۆ خۆیان دەزانن و لە داخستنی سنوورەکان و دابین کردنی ئەمنییەتی نەتەوەیی پشتیوانی دەکەن کە لە ڕۆاڵەتدا ئەمنییەتی گیانی، ڕۆحی و ئابووریی ئەوان بەهێزتر دەکات {براون ٢٠١٤}. ئەم بەڵگە هێنانەوەیە بە مانای ئەوە نییە کە براون لە بایەخی دەوڵەت کەم بکاتەوە، بەڵکوو لاوزبوونی سەروەریی ئەوان بەرجەستە دەکاتەوە. هەر بەو شێوەیە کە براوان جەختی لە سەر دەکاتەوە، سەرەڕای شێوەی ئاسمانی، فەرمانڕەوایی و ئارگیۆمێنتەکانی پۆست نەتەوەییی ئەم وڵاتانە بە بەردەوامی وەکوو ئەمانەی خوارەوە دەمێننەوە:


نیشانە گرینگەکانی سیاسەت پەیوەستە بە پاراستنیانەوە. بارودۆخی نالەباری پەنابەران و خەڵکی بێ دەوڵەتی دیکە وەبیرهێنەرەوەی ڕێژەی بەربڵاوی شارۆمەندی سیاسی و گەرەنتیی مافی شارۆمەندییە لە نێو دەوڵەتەکاندا و هەروەها وەکووباوترین خاڵی ئەمنییەتی ماوەتەوە، وێڕای ئەوەی وەکوو خاڵێکی شارۆمەندی چەسپاوە، بەڵام وێدەچێ مافەکان بە یەکسانی دابەش نەکرێن {براون ٢٠١٤، پ ٦٧-٦٨}. هەر لەم ڕووەوە، {٢٠١٣} مالێسڤیچ بەڵگە دەهێنێتەوە کە ئەم بیرۆکەیە کە جیهانیبون کێشەی بۆ دەوڵەت-نەتەوە دروست کردووە و ڕەوایییە سیاسییەکەی لاواز کردووە، تێگەیشتنێکی زۆر ناڕوون و نادروستە {بڕوانە ئەگنیو ٢٠٠٩}. ئەو لە سەر ئەو بڕوایەیە کە جیهانشموولی و بەکارهێنەری، هەر بەوشێوەیەی کە ئولریش بەک و زیگمونت باومەن پێشبینییان کردبوو، دەوڵەت-نەتەوە و ناسیۆنالیزم کاڵ ناکاتەوە و جێگرەوەش نییە. بەم پێیەش، شۆڕشە مەزهەبیییەکان و بیروباوەڕکان، وێڕای تایبەتمەندیی سەروو نەتەوەیی، نەیانتوانیوە هێزی دەوڵەت-نەتەوە کەمڕەنگ بکەنەوە و ببنە بەدیلێک بۆ ناسیۆنالیزم. بە گشتیی مالێسڤیچ سەرەڕای ڕوانگەی ڕەخنەییی خۆی لە سەر ناسیۆنالیزم، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەجیهانیبون، ناسیۆنالیزمی لاواز نەکردووە، بەڵکوو بووەتە هۆی گەشەپێدانی ئیدئۆلۆژیی ناسیۆنالیزم و بوارێکی بەربڵاو بۆ خۆناسین لە ڕوانگەی نەتەوەیییەوە. ئەمە بە بەرفراوانی هۆکارەکەی بۆ ڕێکخستنە بەپێشینەکان و سەرمایەدانانی ئیدئۆلۆژی دەگەڕیتەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی دەوڵەت-نەتەوە، وەکوو شێوەیەکی ستانداردی دامەزراوەی دەوڵەت بناسرێ و هەروەها خەڵک لە سەرتاسەری دنیا شوناس و ناسنامەیەکی جێگیر لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە و ناسیۆنالیزمدا ببیننەوە. بە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە کە جیهانیبوون بایەخی جوغرافیا یان شوێن کۆتایی پێ دێنێ، هەستی گرێدراوی بە نیشتمان و جوگرافیاوە لە کانتێکستی ناسیۆنالیزمدا، هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ پڕۆسەی خودی و غەیرەخودی، خۆڕێکخستن و بێبەشی پڕ بایەختر دەکات {مالێسڤیچ ٢٠١٣}. بە کورتی، دەوڵەت-نەتەوە و گرێدراوی بە نەتەوەوە، نۆڕمی سیاسیی دنیای ئێمەن و ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ئەم نۆڕمانەن، وەکوو شتێکی زیادی وەلا دەنرێن و بایەخ و گرینگیی سیاسییان نابێ. کەیسی کوردەکان، تامیلییەکان، ڕوهینگیا و ئاشوورییەکان، دەریدەخەن کە بەبێ پشتیوانیی ڕاستەقینەی دەوڵەت، ئەم گرووپانە وەکوو ژەمە خواردنێکن لەو بیاڤە هۆڤانییەدا {وحشیگەری} کە خۆیان وەکوو زۆرینە و خاوەندارانی دەوڵەت دەناسێنن. بێ شوناسی، خۆی لە خۆیدا پەڕاوێزخراویی سیاسی، فەرهەنگی و نابەرابەریی بەردەوامی لێ دەکەوێتەوە.




سەرچاوەکان

Agnew, J. (2009) Globalization & Sovereignty. Lanham: Rowman & Littlefield Publishers.

Appadurai, A. (2006). Fear of Small Numbers. An Essay on the Geography of Anger. London: Duke University Press.

Bartelson, J. (2009). Visions of World Community. Cambridge: Cambridge University Press.

Bartelson, J. (2014). Sovereignty as Symbolic Form. London: Routledge.

Brown, W. (2014). Walled States, Waning Sovereignty. New York, NY: Zed Books.

Castles, S. (2005). Nation and Empire: Hierarchies of Citizenship in the New Global Order. International Politics, 42: 203-224.

Cocks, J. (2014). On Sovereignty and Other Political Delusions. London: Bloomsbury.

Du Gay, P. (2012). Leviathan calling: Some notes on sociological anti-statism and its consequences. Journal of Sociology, 48(4): 397- 409.

Eliassi, B. (2013). Contesting Kurdish Identities in Sweden: Quest for Belonging Among Middle Eastern Youth. New York, NY: Palgrave Macmillan.

Gryzbowski, J. & Koskenniemi, M. (2015). International Law and Statehood: A performative view. In Robert, S. & Peter, M. R. S. (eds.), The Concept of the State in International Relations: Philosophy, Sovereignty, Cosmopolitanism (pp. 23-47). Edinburgh: Edinburgh University Press.

Jackson, R. (2007). Sovereignty. Cambridge: Polity Press.

Levy, D. & Sznaider, N. (2006). Sovereignty transformed: a sociology of human rights. The British Journal of Sociology, 57(4): 657-676.

Malešević, S. (2010). The Sociology of War and Violence. Cambridge: Cambridge University Press.

Malešević, S. (2013). Nation-State and Nationalisms. Cambridge: Polity.

Pandey, G. (2006). Routine Violence. Nations, Fragments, Histories. Stanford, CA: Standford University Press.

Sasson, J. (2016). Anatomy of Authoritarianism in the Arab Republics. Cambridge: Cambridge University Press.

Schuett, R. (2015). Open Societies, Cosmopolitanism and the Kelsonian State as a Safeguard against Nationalism. In Robert, S. & Peter, M. R. S. (eds.), The Concept of the State in International Relations: Philosophy, Sovereignty, Cosmopolitanism (pp. 221-243). Edinburgh: Edinburgh University Press.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان