ئارامتر بخوێنەوە!

خاتوونی ئاسنین
کەیهان یووسفی

بەرایی

مارگارێت تاچر، یەکێک لە بەناوبانگترین ڕێبەرانی جیهانی ئازاد لە سەردەمی شەڕی ساردە. سێکوچکەی تاچر، ڕەیگان و ژان پۆلی دووهەم، وەکوو سێکوچکەی ڕووخێنەری کۆمۆنیزم و یەکێتیی سۆڤیەت ناودەبرێت. دوای وینستۆن چرچیل، بەناوبانگترین سەرۆکوەزیری وڵاتی بریتانیایە. ئەو یەکەمین ژن بوو کە بوو بە سەرۆکوەزیری بریتانیا و لە سەدەی بیستدا تاقە سەرۆکوەزیرێکە توانیویەتی بۆ سێ خول ئەم پۆستە بەدەست بهێنێ. قارەمانی شەڕی فۆکڵەند دژی ئارژانتینە. کاتێک باسی کەرتی تایبەت و نیۆلیبراڵیزم دەکرێت، بێگومان ناوی تاچر و تاچریزمیش دەهێنرێت. سۆڤیەتەکان پێیان دەوت خاتوونی ئاسنین.
لەم نووسینەدا تێدەکۆشین هەڵسەنگاندنێکی مارگارێت تاچر وەکوو ڕێبەرێک یان وردتر ژنێکی ڕێبەر و قارەمانی جیهانی لیبراڵ بکەین، کەسێک کە ژن بوون لە بەرانبەر پێشکەوتن وسەرکەوتنی لە جیهانی پیاواندا لەمپەر نەبوو. لێرەدا تێدەکۆشین لە دووتوێی ڕووداوەکاندا و بەکەڵک وەرگرتن لە فاکتۆرەکانی ڕێبەری، سەرنج بخەینە سەر پێگە و کەسایەتیی تاچر وەکوو ڕێبەرێکی بەناوبانگ و کاریگەر. ئەو سەلماندی کە ژن بوون، تەنیا بیانوویە و نەریتی پیاوسالاری لە بەرانبەریدا چۆکی دادا.

بیۆگرافی

مارگارێت تاچر(١٣ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٥ – ٨ ی ئاپریلی ٢٠١٣)، لە شاری گرانتهام، شارێکی چکۆلە لە ١٥٠ کیلۆمەتریی لەندەن و لە بنەماڵەیەکی چینی مامناوەند لە دایک بوو. باوکی خاوەنی سوپێرمارکێتێکی چکۆلە بوو. تاچر یەکەمین سەرۆک وەزیری ژنی بریتانیا لە ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٩٠ و سەرۆکی پارتی کۆنەپارێزی بریتانیا لە ساڵی ١٩٧٥ تا ١٩٩٠ی زایینی بوو. تاچر ساڵی ١٩٤٣ ز لە گەرمەی شەڕی دووهەمی جیهانیدا لە زانستگەی ئەکسفۆرد و لە بەشی کیمیا وەردەگیردرێـت. لەوێ دەبێتە ئەندامی ڕێکخراوی یەکێتیی کۆنەپارێزانی زانستگەی ئاکسفۆرد و لە ساڵی ١٩٤٦ دەبێتە سەرۆکی ئەم ڕێکخراوەیە. دوای تەواو کردنی خوێندن وەکوو لێکۆڵەری بواری کیمیا کار دەکات. بەڵام حەزی ڕاستەقینەی لای سیاسەت بوو.
ساڵی ١٩٥٠ لە ناوچەی دارفۆرد کە لە ژێر کۆنترۆڵی پارتی کرێکاردا بوو، خۆی بۆ پاڕلمان بەربژێر دەکات. ئەو بە دروشمی “دەنگ بدەن بۆ مانەوەی ئەوەی هەمانە” دێتە مەیدان، بەڵام لەو ساڵە و ساڵی دواتریش ١٩٥١ ناتوانێت سەرکەوتن وەدەست بێنیت، بەڵام ڕێژەی دەنگەکانی لە بەربژێرە پێشووەکانی پارتی کۆنەپارێز زیاتربوو.
لە دێسەمبێری ١٩٥١ لەگەڵ دێنیس تاچر کە تاجرێکی دەوڵەمەند بوو ژیانی هاوبەش پێک دەهێنێت. دوو ساڵ دواتر دوو منداڵی(دووانە) دەبێت، کارۆل و مارک. بەو حاڵەش ئەو لە ئەزموونی ماف و پارێزەری، خۆی تاقی دەکاتەوە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٤ قەبووڵ دەبێـت. چەن ساڵێک کاری پارێزەری دەکات و دوایی لە ساڵی ١٩٥٩ بۆ یەکەمین جار لەو ناوچەیەی کە کۆنەپارێزەکان دەسەڵاتیان هەبوو، واتا فینچڵی Finchley دەنگی پێویست بۆ چوونە پاڕلمان بە دەست دەهێنێت.
یەکەمین گەڵاڵەی بۆ پاڕلمان، مافی بەشداریکردنی ڕاگەیاندنەکان لە کۆبوونەوە لۆکاڵییەکانی حکوومەت بوو کە پەسەند کرا. ئامانجی ئەو لەم گەڵاڵەیە ئازادیی ڕاگەیاندن نەبوو بەڵکوو کەمکردنەوەی تێچووەکانی حکوومەت بوو، بابەتێک کە لە ژیانی سیاسیی خۆیدا هەمیشە جەختی لەسەر دەکردەوە.
ساڵی ١٩٦١ تاچر پێشنیاری پۆستی جێگری پاڕلمان لە وەزارتی بیمەی نەتەوەیی و خانەنشینیی قەبووڵ کرد. ئەو دوایی بوو بە وەزیری خوێندن و زانست کاتێک کۆنەپارێزەکان دەسەڵاتیان لەساڵی ١٩٧٠ گرتە دەست. ساڵی دواتر ئەو لە لایەن پارتی کرێکار، پارتی ئۆپۆزیسیۆنەوە بە ” تاچری شیردز” ناو نرا. ئەمەش بە هۆی ئەوەوە بوو کە تاچر پرۆگرامی شیری بێ بەرانبەر بۆ قوتابییە منداڵەکانی تەمەن نێوان ٧ تا ١١ ساڵی داخست. سەرەڕای ئەمە ئەو پۆستەکەی خۆی پاراست. ساڵی ١٩٧٥ پارتی کۆنەپارێز دەسەڵات لە دەست دەدات. تاچر سەرۆکوەزیری پێشوو، ئیدوارد هێس شکست دەدات و دەبێتە سەرۆکی پارتی کۆنەپارێز.
تاچر یەکێک لە بەهێزترین ژنانی جیهان لەو ڕۆژانەدا بوو. ئەو تیۆرییەکانی جۆن مەینارد کینز، کە لایەنگری کەمکردنەوەی تێچووەکانی کەمبوونی بوودجە لە قۆناغەکانی بەرزبوونی ڕێژەی بێکاریدا بوو، ڕەت کردەوە و لە بەرانبەردا لایەنگری تیۆرییەکانی ئابووریزانی قۆتابخانەی شیکاگۆ، میلتۆن فریدمەن بوو(تیۆریی پارەگرایی).
تاچر لە یەکەمین لێدوانی خۆی، پارتی کرێکاری بە هۆی سیاسەتە ئابوورییەکانییەوە لۆمە کرد و وتی: “مافی هەر تاکێکە بەو جۆرەی کە حەزی لێیەتی کار بکات، ئەو پارەیەی بەدەستی دەهێنێ خەرجی بکات، خاوەنی مڵک بێت، حکوومەت وەکوو خزمەتکاری خۆی بزانێت نەک ئاغاوەت و ئەمە میراتی بریتانیایە.”
ماوەیەکی کەم دوای ئەم لێدوانەی ،هێرشێکی توندی کردە سەر یەکێتیی سۆڤیەت کە دەیەویست دەسەڵاتی خۆی بە سەر جیهاندا بسەپێنێ. ڕۆژنامەی سپای سووری یەکێتیی سۆڤیەت، لە وتارێکدا نازناوی ” خاتوونی ئاسنین”ی بە تاچر دا.
کۆنەپارێزەکان بە یارمەتیی “زستانی ناڕەزایەتی” کە یەکێتییە پیشەیی و کرێکارییەکان وەڕێیان خستبوو، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٧٩دا سەرکەوتن. تاچر بوو بە سەرۆکوەزیران.
لە خولی یەکەمی سەرۆکوەزیراندا، حکوومەت ماڵیاتی ڕاستەوخۆی کەم کردەوە و ماڵیات لە سەر تێچووی بردە سەرێ، خانووە گشتییەکانی فرۆشت و ڕیفۆرمگەلێکی دیکەشی کرد. بێکاری و ئاوسان لەم ڕۆژانەدا بوونە هۆی دابەزینی خۆشەویستیی تاچر.
شەڕی فۆکڵەند لە ساڵی ١٩٨٢ کە دواتر باسی دەکەین و هەروەها گەشەی ئابووری، توانی خۆشەویستییەکەی دووبارە زیاتر بکات و بۆ جارێکی دیکە لە ساڵی١٩٨٣ ببێتە سەرۆکوەزیر. لەم خولەدا حکوومەتی تاچر یەکێتییە کرێکارییەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و داوای لێیان کرد کە پێش لە هەر چەشنە ڕاگرتنی کار و مانگرتنێک، کۆبوونەوە و دەنگدانێکی نهێنی لە نێو خۆیاندا بەڕێوە ببەن. ئەو حازر نەبوو هیچ چەشنە ئیمتیازێک بە کرێکارانی کانگە کە بۆ ماوەی یەک ساڵ مانیان گرتبوو، بدات. تاچر هەروەها تێلکۆمی بریتانیا، بریتیش گاز، هێڵی ئاسمانیی بریتانیا، ڕولزڕویس و ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا حکوومەتییەکانی ڕادەستی کەرتی تایبەت کرد و ئەمەش وەکوو میراتی تاچر مایەوە. تاچر هەندێک کردەوەی دژوازی هەبوو، لە ئاسیا وتووێژی کرد تا هۆنگ کۆنگ کە کۆلۆنیی بریتانیا بوو، دەسەڵاتی بگەڕێتەوە بۆ چینییەکان، لە زیمباوە کارئاسانیی کرد کە دەسەڵاتی کەمینەی سپی پێست زووتر تەواو بێت و لە هەمان حاڵیشدا گەمارۆکان دژی دەسەلاتی ئاپارتایدی ئەفریقای باشووری پەسەند نەکرد.
لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ جاری سێهەم بوو بە سەرۆک کۆمار، حکوومەتەکەی نرخی ماڵیات لە سەر داهاتی بۆ خوارترین ئاست لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی کەم کردەوە. ئەمە ناڕەزایەتییەکی سەرانسەریی لێ کەوتەوە. لە ڕێکەوتی ١٤ی نوامبێری ساڵی ١٩٩٠ وەزیری پێشووی بەرگری لە مەڕ جیاوازیی تێڕوانین بۆ یەکێتیی ئۆرووپا تاچری بە پێکۆڵ کێشا. تاچر لە یەکەمین خولی دەنگدان، توانی ڕێژەی نزیک لە سەرکەوتن بە دەست بێنێت، بەڵام چەند دەنگێکی کەم بوو. ئەندامانی کابینەکەی یەک یەک لەگەڵی چاوپێکەوتنیان کرد و خوازیاری دەست لە کارکێشانەوەی بوون. لە ٢٨ی نوامبێر ئەو دەستی لە کار وەکوو سەرۆکوزیر کێشایەوە. تا ساڵی ١٩٩٢ هەر ئەندامی پاڕلمان بوو و دوایی بووە ئەندامی پاڕلمانی لۆردەکان کە پاڕلمانێکی تەشریفاتییە. تاچر لە ٨ی ئاپریلی ٢٠١٣ و لە تەمەنی٨٨ ساڵیدا کۆچی دواییی کرد.

رێبەریی تاچر:
تاچر و ئیمپراتۆری سۆڤیەت
تاچر ڕێبەری جیهانی ئازاد لەسەردەمی شەڕی سارد بوو. تاچر لە گەڵ ڕۆناڵد ڕەیگان سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکا و پۆپ ژان پۆلی دووهەم وەکوو سێ کوچکەی ڕێبەرایەتیی جیهانی ئازاد و سێ قارەمانی دەیەی هەشتای زایینی دژی ئایدۆلۆژیی کۆمۆنیزم و یەکێتیی سۆڤیەت بە ئەژمار دێن. ئەوان بە شێوەیەکی نافەرمی پێکەوە هاوئاهەنگییان هەبوو.
سۆڤیەتییەکان تاچریان بە یەکێک لە ڕێبەرە سەرسەختە دژبەرەکانی خۆیان دەزانی و نازناوی ژنی ئاسنینیان پێ بەخشیبوو. ڕەنگە ئەوان لە سەرەتاوە پێیان وا نەبوو کە ژنێک، یەکێک لە ڕووخێنەرانی خەونەکانیان بێت. دیپلۆماسیی دەرەوەی بریتانیا لە دوای چرچیل و بە تایبەتی دوای شەڕی کەناڵی سوئێز و شکست لە میسر زۆر خراپ بوو. تاچر پەیوەندییەکی گەرموگوڕی لە گەڵ ڕەیگان پێکهێنا و هاوپەیمانیی ئانگلۆ ـ ئەمریکەن هیچ کات تا ئەم ڕادەیە بەهێز نەبوو. ئەوان بە نیسبەت هەموو بابەتە نێونەتەوەییەکانەوە لە گەڵ یەک هاوئاهەنگ بوون. ڕۆڵی تاچر لە گەڵ ڕەیگان و پۆپ لە ڕووخاندنی ئیمپراتۆریی سۆڤیەت زۆر گرنگ بوو. ئەوان قارەمانی وڵات و خاکی خۆیان بوون و دوایی ڕۆڵێکی جیهانییان گێڕا. ئامانجی هاوبەش، پێکهێنانی هاوئاهەنگی و پەیوەندیی نێوان ئەوان بوو. ئەم ئامانجە هاوبەشە، دوژمنێک بوو کە ئەگەر لەناو نەدەچوو، هەموویانی لەناودەبرد. تاچر بزووتنەوەیەکی جیهانیی بۆ کەمکردنەوەی کەرتی گشتی یان بە وتەیەکی دیکە ڕادەست کردنی کەرتی تایبەت و ڕووخانی یەکێتییە کرێکارییە کێشەخولقێنەکان وەڕێ خست و دیسانەوە سیستەمی کاپیتالێیستیی لە جیهان بووژاندەوە. ئەم پرۆگرامە واتا ڕادەست کردنی کەرتی تایبەت، لەو میراتە شڵەژاوە کە بە ئەو وەکوو سەرۆکوەزیر گەیشتبوو، باڵای کرد و کامڵ بوو. تاچر ڕاکێشانە ئایدۆلۆژییەکانی بینی و تیۆریزەی کرد. هەر بۆیە ئەم پرۆگرامەی سەرەنجی بیرمەندانی جیهانی ئازادی لە سەرانسەری دونیا بۆ لای خۆی ڕاکێشا و زیاتر لە پەنجا وڵاتی جیهان ئەم پرۆگرامەیان کۆپی کرد و بەڕێوەبرد. تاچریزم بوو بە خۆشەویستترین هەناردەی فیکریی بریتانیا لە کاتی کینزگەراییەوە و لەواقعدا بوو بە جێگرەوەی کینزگەرایی. سەرکەوتنی تاچریزم وەکوو هێزێکی جیهانی بۆ بەرەی کاپیتاڵیستیش سەرکەوتن بوو. پۆل جەنسۆن، نووسەر و مێژوونووسی بە ناوبانگی بریتانیایی دەڵێت: ئەمە واتا تاچریزم، بەشی سەرەکیی ڕۆڵی تاچرە لە ڕووخاندنی ئیمپراتۆریی سۆڤیەت. تاچر خۆشی لە فێمێنیزم نەدەهات، بەڵام هەڵسوکەوتی ژنانەی خۆی قەت لە بیر نەدەکرد. ئەو ژن بوونی خۆی پاراست گەرچی ڕێبەرێکی گەورە و کۆڵەکەیەکی بەهێزی جیهانی کاپیتاڵیستی بوو. تاچر لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانیەوە تەنیا ڕێبەری بریتانیا بوو کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر واقیعەکانی جیهان هەبوو، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی هاوپەیمانیی واشنگتۆنەوە.

شەڕی فۆکڵەند و ڕۆڵی تاچروەکوو ڕێبەرێک

شەڕی فۆکڵەند ناوبانگی تاچری جیهانی کرد و سەرنجی جیهانی بۆ لای ئەم ژنە سەرسەختە ڕاکێشا و لە ئاستی نێونەتەوەیی، لە ڕێگەی تاچرەوە شکۆ و گەورەییی بۆ بریتانیا گەڕاندنەوە. لێرە بە وردی هەڵوێست وبڕیاردانی تاچر لەو دۆخە تاریکەدا وەکوو ڕێبەرێک تاوتوێ دەکەین:
تاچر لەو ڕۆژە سەختانەی کە تێیدا دەژیا ئەمەی وت: “کاتێک لە شەڕدای، نابێت ئیزن بدەیت کێشە و گرفتەکان زاڵ بن لە سەر بیرکردنەوەتدا، تۆ دەبێت بە ئیرادەیەکی پۆڵایین ڕێکیان بخەیت و زاڵ بیت بەسەریاندا”.
لە ساڵی ١٩٨٢ز دەسەڵاتی سەربازیی ئارژانتین هێرش دەکەنە سەر دوڕگەکانی فۆکڵەند لە باشووری ئۆقیانووسی ئەتلانتیک و داگیری دەکەن. ئەم دوڕگانە کۆلۆنیی بریتانیا بوون و هەردوو وڵاتی ئارژانتین وبریتانیا ئیدیعای سەروەریی ئەوانیان دەکرد.
ئەم دوڕگانە لە ساڵی ١٧٦٩ وە خاکی بریتانیا بوون، ئارژانتین دوای سەربەخۆیی لە ئیسپانیا لە ساڵی ١٨٢٤ ئیدیعای سەروەری دەکات و ساڵی ١٨٢٩ داگیریان دەکات بەڵام بریتانیایەکان ساڵی ١٨٣٣ وەری دەگرنەوە. ئەم دوڕگانە لە ساڵی ١٩٨٢ تەنیا ١٨٠٠ کەس حەشیمەتیان هەبوو. ٨٠٠٠ مایل لە بریتانیا دوور بوون و ٣٠٠ مایل لە ئارژانتین. تەنیا ٨٠ سەربازی بریتانیاییان لێ بوو. بەڵام بە هۆی بەندەرەکانییەوە ونزیکی لە ئامریکای لاتین و کەناڵی پاناما، خاوەن پێگەیەکی گرنگی سیاسی و ئابووری بوون.
لە ساڵی ١٩٧٦وە ئارژانتین بوونی سەربازیی لە باشووری تولە و دوڕگەکانی ساندوویجی باشوور دەبێـت. حکوومەتی پارتی کرێکاری ئەوکاتی بریتانیا هیچ هەوڵێک بۆ سڕینەوەی بوونی سەربازیی ئارژانتین لەو شوێنانە نادات و تەناتەت پەرلمانی بریتانیا تا دێسەمبری ساڵی ١٩٧٨ ئاگای لەم مەسەلەیە نابێت. ساڵی ١٩٨١ دەسەڵات لە ئارژانتین دەگۆڕدرێت و ژێنراڵ گالتێری دەبێتە سەرۆککۆمار. دەسەڵاتی نوێی سەربازی بۆ چەندین مانگ لە نیۆیۆرک لەگەڵ بریتانیا بۆ گەڕاندنەوەی دوڕگەکانی فۆکڵەند بۆ ئارژانتین، وتوێژ دەکەن. بەڵام لە ناکاو و لە ڕێکەوتی دووی ئاپریلی ساڵی ١٩٨٢ ئارژانتینییەکان هێرش دەکەنە سەر ئەم دوڕگانە و داگیریان دەکەن. ڕووداوێک کە هیچ کەس لە بریتانیا و تەنانەت تاچریش چاوەڕوانیی نەدەکرد.
ئارژانتینیەکان لە دێسەمبری ساڵی ١٩٨١ دوڕگەکانی جۆرجیای باشوور داگیر دەکەن، بریتانیا سکاڵا دەکات و بەڵام حکوومەتی ئارژانتین دەڵێت ئێمە ئاگامان لێ نییە. تاچر دەڵێت: “لە ڕێکەوتی ٣ی مانگی مارسی ١٩٨٢ی ز، تلێگرامێک لە بۆئینس ئایرسەوە لە مەڕ جموجۆڵی سەربازیی ئارژانتین پێم گەیشت، ئێمە پلانی خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە کردبوو، بەڵام سەرەڕای خەمباری و نیگەرانیی من، چاوەڕوانی هێرشێکی وەها سەرانسەریمان نەدەکرد، ئاخرین ئانالیزی زانیاریی ئێمە لە سەر ئارژانتین، چاوەڕوانیی وەها هێرشێکی نەدەکرد. لە ٢٠ی مارچ بە ئێمەیان گوت کە لە باشووری جۆرجیا چەکوچۆل و . . . جێگیر کراوە، ئێمە بە ئارژانتینییەکانمان گوت بەڵام ئەوان دیسانەوە حاشایان لێ کرد. ئێمە هەوڵمان ئەوە بوو لە ڕێگەی وتووێژەوە لەگەڵ ئارژانتینیەکان بە ئەنجامێک بگەین و پێش لە شەڕ بگرین.”
ئارژانتین دوڕگەکانی داگیر کردبوو. وەزیری بەرگریی بریتانیا، جۆن نۆت هۆشداری دەداتە تاچر و دەڵێت ئەگەر ئەو دوڕگانە داگیر بکرێن، ناتوانین وەریان بگرینەوە.
تاچر لە وەڵامدا دەڵێت: “ئەمە کارەساتە، ئەگەر ئەوان داگیری بکەن ئێمە دەبێت وەریان بگرینەوە.”
تاچر خۆی دواتر لە زمانی ڕووسەکانەوە دەیگێڕیتەوە کە: “سۆڤیەتەکان پێیان وا بوو کە لە ئەگەری داگیرکاریی ئەو دوڕگانەدا، تاچر وەکوو سەرۆکوەزیر و ژنێک، ناوێرێـت شەڕ بکات، ئەگەریش بریتانیا شەڕ بکات، دەیدۆڕێنێ.”
تاچر وەکوو سەرۆکوەزیر لە دۆخێکی سەختدا بوو، ئەو دەبێت بەرگری لە غرووری بریتانیا بکا. هەروەها لە ڕوانگەی ئەوەوە خەڵکی فۆکڵەند وەکوو بەشێک لە بریتانیا مافی ئەوەیان هەیە لە ئاشتیدا و چۆنیان پێ باشە بژین و ئەم دوڕگانەش لە بواری ئابووری و سیاسییەوە خاوەن پێگەیەکی گرنگ بوون.
بۆ خاتوونی ئاسنین زۆر ئەستەم بوو کە لە داگیرکەر و دیکتاتۆرێک شکست بخوات و تاچر دەیگوت ئەم شەڕە شەڕی نێوان دیکتاتۆری و دێمۆکڕاسییە.
بەڵام شەڕ و ئەستاندنەوەی دوڕگەکان زۆر ئەستەم بوو، فۆکلەند ٨٠٠٠ مایل لە بریتانیا دوور بوو. هیچ وشکانییەک بۆ شەڕ لە ئارادا نەبوو. ئارژانتین خاوەن هێزی ئاسمانی و زەریاییی بەهێز بوو. باهۆزی زەریا و دۆخی خراپی کەشوهەوا لەئارادا بوو. لە پاڕلمان و کابینەی حکوومەت ژمارەی ئەو کەسانەی کە هیچ هیوایەکیان بە گەڕانەوەی ئەم دوڕگانە نەبوو، ئێجگار زۆر بوو. بێجگە لە خەڵکی فۆکڵەند نزیکەی ٧٠٠ شارۆمەندی بریتانیایی لە ئارژانتین بوو. داوای پشتیوانی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئۆرووپا و وڵاتانی بەرژەوندیی هاوبەش زۆر دژوار بوو. ئامریکا نەیدەویست لە نێوان بریتانیا و ئارژانتین یەکیان هەڵبژێرێت. ئارژانتین هاوپەیمانی ئامریکا لە سپەڕی دژەکۆمۆنیزم واتا دژە کووبا و سۆڤیەت لە ئامریکای لاتین بوو. هەروەها مەترسیی دەستێوەردانی یەکێتیی سۆڤیەتیش لە ئارادا بوو و ئەگەری ئەوە هەبوو کە ئارژانتینییەکان یارمەتیی سۆڤیەتەکان قەبووڵ بکەن.
تاچر دەڵێت: “من پرسیارم لە فەرماندەری هێزە ئاوییەکان، هێنڕی لیچ کرد و گوتم چ بکەین؟ هێنڕی گوتی من دەتوانم هێزێکی تایبەت لە ناڤ شێکێن، ناڤ و کەشتی هێرشبەر و پشتیوانی ڕێک بخەم. ئەو بڕوای وا بوو بەم هێزە دەتوانێت دوڕگەکان وەربگرێتەوە. تەنیا ئیزنی منی بۆ ئەم کارە دەویست و منیش ئیزنم پێ دا.”
تەواوی هەوڵەکانی تاچر ئەوە بوو کە ئارژانتینییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ، بەڵام ئەوان هیچ باوەڕێکیان بە وتووێژ نەبوو.
تاچر دەڵێت: “ئێمە سەرەتا دەبوا هەموو شتێکمان بکردبایەت تا پێش لە ڕوودانی هەر چەشنە کارەساتێک بگرین. تەنیا هیوای ئێمە ئامریکایییەکان، دۆستان و هاوپەیمانەکانمان بوون. ئێمە نامەیەکی خێرامان بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕەیگان نارد و داوامان لێ کرد گوشار بخاتە سەر ژێنراڵ گالتێری بۆ کشانەوەی هێزەکانیان. ڕەیگان داواکەمانی قەبووڵ کرد.”
تاچر بۆ وەرگرتنەوەی ئەم دوڕگانە دوو فاکتەری لە بەردەستدا بوو و پێداگریی لەسەر هەردوویان دەکرد: فاکتەرەکانی دیپلۆماسی و سەربازی.
ئەو دەیگێڕیتەوە کە لە سەرەتای ئاپریل ئێمە بابەتێکی کورتماوە و چەندین بابەتی درێژخایەنی دیپلۆماسیمان لە بەردەستدا بوو. لە کورتماوەدا پێویست بوو ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئارژانتین سەرکەوتن وەدەست بێنین. لە درێژماوەدا ئێمە دەمانزانی دەبێت هەوڵەکانمان لە دەرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان چڕ کەینەوە. دووهەمین دیپلۆماسیی درێژماوەمان ئەوە بوو کە دڵنیا بین زۆرترین پیشتیوانیی هاوپەیمانەکانمان وەدەست بێنین، بە تایبەتی ئەمریکا، ئەندامانی یەکێتیی ئۆرووپا و وڵاتانی بەرژوەندیی هاوبەش و وڵاتە گرنگە ڕۆژئاواییەکان.”
ئەنجومەنی ئاسایش داوا لە هەر دوو لا دەکات دان بەخۆدا بگرن، وڵامی بریتانیا ئەرێنی دەبێت بەڵام ئارژانتین هیچ وڵامێک ناداتەوە.
تاچر لە لەگەڵ فرانسوا میتران، سەرۆککۆماری فەرەنسا پەیوەندی دەگرێت و لە نەتەوە یەکگرتووەکان فەرەنسا پشتیوانی لە بریتانیا دەکات. هەر وەها پەیوەندی لەگەڵ شاحسێن، پاشای ئۆردۆن دەگرێت و داوا دەکات یارمەتییان بکات بۆ پێشگرتن لە هەر چەشنە ڤێتۆیەکی یەکێتیی سۆڤیەت دژی ئەوان.
لە پەرلمانی بریتانیا، هەندێک ئەندام پەرلمان داگیرکاریی ئارژانتین دەخەنە ئەستۆی حکوومەتەکەی تاچر. تاچر دەڵێت: “لەم کاتەدا من دەبوایە بەرگریم لە حکوومەت بکردایە و لە هەمان حاڵیشدا ئەوانم دڵنیا بکردبایە کە وەڵامێکی شیاو و کاریگەر بە ئارژانتین دەدەین.”
ئەو پێیان دەڵێت: “فۆکڵەند خاکی بریتانیا دەمێنێتەوە، نە داگیرکاری و نە پەلاماردان ناتوانێت ئەمە بگۆڕدرێـت. ئەمە ئەرکی حکوومەتە کە دوڕگەکان بگەڕێنێتەوە بۆ باوەشی بریتانیا و بە زوویی ئەمە دەکەین. ئێمە دەمانهەوێت ئارژانتین بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ، بەڵام دڵنیام ئارژانتین بێ شەڕ ئەو دوورگانە بە جێ ناهێڵێت. “
تاچر ڕێبەرە و دەبێت هیوا و کۆڵەکەی خەڵکەکەی بێت، دەبێت هیوایان بێت، ئیرادەی پۆڵایینێک بێت کە ئەوان پشتی پێ ببەستن، دەبێت باوەڕی بەو شتەی کە دەیڵێت هەبێت تا غرووری خەڵکەکەی نەشکێنێـت و کەرامەتی نەتەوەکەی بپارێزێـت. ئەو بەم وتانە خۆی وەکوو ڕێبەرێکی باوەڕمەندی خاوەن ئیرادە کە دەیهەوێت شکۆی نەتەوە و وڵاتەکەی بپارێزی دەردەخات.
گرنگیی ئەم قسانە لێرەدا دەردەکەوێـت کە لەو کاتەدا لە نێوخۆی بریتانیا هیچ هیوایەک بۆ وەرگرتنەوەی دوڕگەکان نەبوو. بەڵام تاچر هەم هیوای هەبوو و هەمیش باوەڕ. کاتێک پیاوەکانی حکوومەت، یەک لە دوای یەک دەستیان لە کار دەکێشایەوە، ئەو بیری لەسەرکەوتن دەکردەوە.
پیتر کارینگتۆن، وەزیری کاروباری دەرەوە لەگەڵ دوو بەرپرسی باڵای ئەم وەزارەتە دەست لە کاردەکێشنەوە. وەزیری بەرگری داوای دەست لە کارکێشانەوە دەکات، بەڵام تاچر قەبووڵی ناکات.
تاچر لەو دۆخە نالەبارەی کابینەکەیدا دەڵێت:” تەنیا شتێک کە پێویستە ئێمە بیری لێ بکەینەوە، سەرکەوتنە.”
تاچر فرانسیس پایم وەکوو وەزیری کاروباری دەرەوە دەست نیشان دەکات. کابینەی شەڕ پێک دەهێنێت و لە ڕێکەوتی ٦ی ئاپریل نامە بۆ ڕێبەرانی یەکێتی ئۆرووپا، ئامریکا، ژاپۆن، کەنادا، ئۆسترالیا و نیوزلەند دەنێرێت و داوای پشتگیری دژی ئارژانتینیان لێ دەکات کە ئابلۆقەی چەک و چۆل بخەنە سەر ئەم وڵاتە.
دۆخەکە بە گشتی بە قازانجی بریتانیا نەبوو، لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆچوونی دژەکۆلۆنیاڵیستی بەهێز بوو و هەروەها یەکێتیی سۆڤیەت گەمارۆکانی دژی ئارژانتینی ڤێتۆ کرد. ئیتالیا پەیوەندییەکی گەرموگۆڕی لە گەڵ ئارژانتین هەبوو. ئیسپانیا پشتیوانی لە ئارژانتین دەکرد. ئاڵمانی ڕۆژئاوا پشتیوانیی لە بریتانا کرد. یەکێتیی ئۆرووپا ئابلۆقەیەکی یەک مانگە دەخەنە سەر ئارژانتین.
بەڵام تاچر هەر لە سەرەتاوە دەیزانی کە تەنیا هێزی سەربازی دەتوانێت ئارژانتین ناچار بە چۆڵ کردنی دوڕگەکان بکات.
رێکارە دیپلۆماتیکەکان، گوشارەکانی ئامریکا و ئابلۆقەکان نەیانتوانی ئارژانتین ناچار بە پاشەکشە بکەن.
تاچر لەو دۆخە ئاڵۆزەی نێوخۆی بریتانیا، کابینە و پاڕلمان و لەو دۆخە مەترسیدارەی دونیای دەرەوەشدا، بڕیارێک دەدات کە لە ئەگەری سەرنەکەوتندا، دەتوانێت کارنامەی سیاسیی ئەو بۆ هەمیشە بنێتە چاڵ و کورسیی سەرۆکوەزیریش بە جێ بهێڵێت و شکۆ و غرووری نەتەوەکەشی لە مێژوودا بشکێنێ. بەڵام ئەو سوورە لە سەر ئەوەی دەیڵێ و ئەنجامی دەدات، ئەو دەڵێت من بە سۆڤیەتەکانم نیشان دا کە هەم شەڕمان کرد و هەمیش سەرکەوتین.
بریتانیا لە شەڕێکی دوو مانگەدا بە ڕێبەریی تاچر شکست بە ئارژانتینەکان دەهێنێت. دوڕگەکان وەردەگرنەوە. دوای ئەم شەڕە پێگە و جێگەی بریتانیا لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا دەگۆڕدرێت و ئەو شکۆیەی تاچر دەیویست بۆ بریتانیا دەگەڕێتەوە. دەسەڵاتی سەربازیی ئارژانتین شکست دەخوات و ژێنراڵ گالتێری بە هۆی دۆڕان لە شەڕدا دەستبەسەر و زیندانی دەکرێـت.
٦٣٥ سەربازی ئارژانتینی و ٢٥٥ سەربازی بریتانیایی دەکوژرێن. تاچر بە پلانێکی تۆکمە و هیوا بەسەرکەوتن و ڕیسک کردن، هەروەها کەڵکوەرگرتن لە پەیوەندییەکانی و ئەو هێز و ئیمکاناتەی لە بەردەستیدا بوو، شەڕەکە دەباتەوە تا ببێتە قارەمانی ئەو کاتی بریتانیایییەکان و خۆشەویستیی لە دڵی خەڵکەکەیدا زۆرتر بێت.
پۆڵ جۆنسۆنی بریتانیایی، ٥ فاکتەر وەکوو تایبەتمەندییەکانی ڕێبەری بۆ ڕێبەران دەستنیشان دەکات و دەڵێت هەر ڕێبەرێکی دێمۆکڕات دەتوانێت هەڵگری سێ یان چوار خاڵ لەم تایبەتمەندییانە بێت:
١- ئایدیا و باوەڕ
٢- ئیرادە
٣- پێداگری
٤- تواناییی پەیوەندی
٥- گەورەییی ڕۆح
لێرەدا شیکاریی ئەم تایبەتمەندییانە ناکەین بەڵام بە ئانالیزی هەڵسوکەوتی مارگارێت تاچر بۆمان دەردەکەوێـت کە تاچر چ لە سیاسەتی نێوخۆیی و بووژاندنەوەی ئابووری و. . . چ لە سیاسەتی دەرەوە لە شەڕی فۆکڵەند و بەرەنگاربوونەوەی سۆڤیەت، هەم ئایدیای هەبوو و هەمیش باوەڕی بەو ئایدیایانە هەبوو.
ئەو خاوەن ئیرادە بوو، سۆڤیەتیەکان نازناوی خاتوونی ئاسنینان لێ نابوو و هەروەها لە شەڕیش سەلماندی کە ئەو ڕێبەرێکی خاوەن ئیرادەیە. تا ئەو ڕۆژەی سەرۆکوەزیر بوو لە سەر بۆچوونەکانی پێداگر بوو، لە شەڕ وێڕای هەموو دژبەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئەو پێداگر بوو لەسەر ئەستاندنەوەی فۆکڵەند لە ئارژانتینییەکان.
ئەو لە ڕێگەی هەڵسوکەوت، ئیرادە و باوەڕەکانییەوە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ خەڵک و جیهانی دەرەوە دروست کرد.
ئەو کاتێک ڕۆیشتە پاڕلمان، ڕێژەیەکی زۆر کەم ژنی ئەندام پاڕلمان هەبوون و تەنانەت سەردەمانێک لە پاڕلمان باو بوو کە دەیانگوت “ژنان خۆش نەهاتن بۆ ئێرە”.
ئەو گشت ئەم بەربەستانەی تێپەڕاند و سەلماندی کە لە جەهەندەمی پیاوسالارییشدا، ژنێک دەتوانێت باڵاترین پێگەی سیاسی وەدەست بێنیت و تەنانەت ببێتە هێرۆ و قارەمانێکی نەک نەتەوەیی بەڵکوو جیهانییش.

سەرچاوەکان:

“Heroes: What Great Statesmen Have to Teach Us” – Paul Johnson
“The heroic trinity who tamed the bear: Reagan, Thatcher and John pa. ” Paul Johnson
Margarert Thatcher’s Revolution – Edited by Subroto Roy
Margaret Thatcher – The downing years
– https://www. history. com/news/١٠-things-you-may-not-know-about-margaret-thatcher
– https://www. history. com/news/margaret-thatcher-falklands-war
– https://www. magzter. com/article/Education/All-About-History/Hero-Or-Villian-Margaret-Thatcher
– https://www. bbc. com/persian/world/٢٠١٢/١٢/١٢١٢٢٨_l٠٣_falkland_thatcher

– https://jangaavaran. ir/%D٨%AC%D٩%٨٦%DA%AF-%D٩%٨١%D٨%A٧%D٩%٨٤%DA%A٩%D٩%٨٤%D٩%٨٦%D٨%AF/

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان