ئارامتر بخوێنەوە!

خەسارناسیی فێمێنیزم و میکانیزمەکانی چارەسەری
سەربەست ڕۆژهەڵات

فێمێنیزم وەک فەلسەفەیەکی ژنانە بە شێوەی فرەڕەهەند ئاوڕ لە هەموو لایەنە دەروونی، جەستەیی، حقووقی، فەرهەنگی و هتدی ژنان ئەداتەوە و لەو ڕوانگە و ڕێبازە فەلسەفی و هزرییەوە توێکاریی ئەو پرسە ئەکات. هەرچەند ڕێبازە جیاوازەکانی فێمێنیزم پێکەوە ناکۆک و تەنانەت زۆر جار دژ بە یەکن، بەڵام هەر هەمووی لە هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی ژن لە بواری خۆیدان. ئەو ڕەوتە فێمێنیستییانە لە چوارچێوەی بزاڤێکی گەورەدا بە ناوی فێمێنیزم لە کێبەرکێی زیندوو و بەردەوامدا ئەژین. ڕێبازە جیاوازەکانی دنیای فێمێنیزم بەهۆی کێبەرکێی تەندروست و چالاکیی بەردەوام، گیانێکی زیندوویان بە بزاڤی فێمێنیزم بەخشیوە. لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا بەهۆی چەقبەستووییی چەمکە سیاسی، کلتووری و تەنانەت ڕۆحیاتەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، هیچ ڕەوتێکی نوێخواز ناتوانێ پێکهاتەشکێنی بکات و خۆی بچەسپێنێ. فێمێنیزم وەک بیرۆکە و بزووتنەوەیەکی بەربڵاو، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نیوەی کۆمەڵگا کە ژنانن، دادەنێ و هەروەها لەسەر پیاوانیش لە درێژماوەدا شوێندانەر ئەبێ. پێویستیی هەبوونی بزاڤی ژنانە لە کۆمەڵگادا بە ئەندازەی هەموو بزاڤە چالاکەکانی ناو کۆمەڵگایە، گرنگیی فێمێنیزم لەوەدایە هەم ژنان و هەم پیاوان لە ژێر کاریگەریی پۆزیتیڤی هزریدا، زانیاریی گشتییان ئەچێتە سەرێ. بۆ ئەو مەبەستە پشتیوانی و یارمەتیی پیاوان لە یارمەتیی ڕەگەزی بەرامبەردا ئەمرێکی حەیاتییە.

فێمێنیزمی کوردی:

هەر ڕەوت و جڤاتێک، کلتووری ڕەخنەگرانەی تێدا نەبێ و هەروەها خەسارناسیی کار و چالاکییەکانی نەکات، ئەوا ئامانجەکانی بە ئەستەم دێتە دی. لەو نێوەدا فێمێنیزمی کوردی ئەوەندە لاواز و کاڵ و کرچە کە ناکرێ بەپێی پێوەرەکانی سەردەم ڕەخنەی زانستی ئاراستەی بکرێ. بزاڤێک بە ناوی فێمێنیزمی کوردستانی بوونی نیە تا ڕەخنەی ئاراستە بکەین.
هەر لە سەر ئەو بنەمایە، پێویستە بیرۆکەی پێکهێنانی ڕەوتێکی نوێ بە پێکهاتەیەکی سەردەمیانەوە بهێنینە ئاراوە و لێرەدا بیورووژێنین. چەمکگەلی وەک کاپیتالیزم، جیهانیبوون، ژینگەپارێزی و هتد، ڕەوتگەلی فێمێنیستییان لە جیهاندا تووشی تەنگەژە و ئاستەنگ کردووەتەوە، هەر بۆیە لە کوردستان کە نە دەسەڵاتێکی کوردی هەیە و نە بزاڤێکی سەربەخۆی ژنانە، دەبینین کێشەکانی ئەوەندە زەق و بەرچاو و سەریەک کەوتوون کە باسکردن لەو باسە هەم بوێریی دەوێ و هەم هزر و بیرێکی سەردەمیانە. لە چاخی ئێستادا بەهۆی زۆربوونی چەمکگەلی جۆراوجۆر و هەروەها پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و گەشەی سەرمایەداری، توندوتیژی دژی ژنان، شێوازگەلی تایبەت و مۆدیڕنی بە خۆوە گرتووە کە تەنانەت ناسینی ئەو توندوتیژییانە بۆ خودی ژیانیش بە ئاسانی لێک نادرێتەوە. باڵادەستی و ژێردەستی، خوێندەواری و نەخوێندەواری، دەوڵەمەندی و هەژاری، جوانی و ناشیرینی، سپی پێستی و ڕەش پێستی و هتدی نێو کۆمەڵگای ژنان لە جیهاندا بەڕاستی نموونەگەلێکی زیندوو و بەرچاو و حاشاهەڵنەگرن. لە کوردستان بێجگە لەو توندوتیژییانەی سەرەوە، توندوتیژیی نەتەوایەتی، سەربارێکی دیکەیە، واتە ژنی کورد بە هۆکاری نەتەوەیی، زمانی و فەرهەنگییەوە لەلایەن ژنانی نەتەوەی باڵادەستەوە توندوتیژییان دەرحەق ئەنجام ئەدرێ. ژنانی کورد سەرەڕای کێشە و توندوتیژییەکانی تایبەت بە خۆیانەوە، ئەگەر ڕۆژێ لە ڕۆژان لەلایەن دەسەڵاتی داپڵۆسێنەرەوە لوتف و مەرحەمەتیان پێ بکرێ و ئاوڕیان لێ بدرێتەوە، ئەوا بە زمانی خۆماڵی نییە و دەبێ بە زمانی لاوەکی و نامۆ کە زمانی نەتەوەی باڵادەستە، خزمەتگوزاری ئەنجام بدرێ. بە هۆی بەربڵاوبوونی کێشەکانی ژنی کوردەوە پێویستە خوێندنەوە و میکانیزمەکان بۆ چارەسەریی زانستی و بەربڵاو بێت. ژنی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەهۆی کاریگەریی ناتەندرووستی کلتووریی تورک، فارس و عەرەبەوە لە دۆخێکی نابەرانبەر، پر لە حەسادەت و خۆبەکەمزان و هتددا ئەژین و لە گەورەشارەکانی کوردستاندا هەوڵیان ئەوەیە کە بە تێکەڵبوون بە نەتەوەی باڵادەست، شوناس و چییەتییەکی(هویت) یەکدەست دروست بکەن. جیهانبینی و جۆری بیرکردنەوەی ژنان لەگەڵ پیاواندا پێکەوە جیاوازە. ژنانی جیهانی سێهەم بەهۆی نەخوێندەوارییەوە کەمتر تێکەڵ بە پرسە هزری و ئایدۆلۆژیکەکان و تەنانەت ئایین کە وێژمانی سەرەکیی کۆمەڵگایە، دەبنەوە.
لە کوردستان کێشەی دنیای ژنان ئاڵۆز و بەربڵاوە بەتایبەتیتر لە ڕۆژهەڵات بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتێکی مەزهەبی و ناسیۆنالیستی (ڕادیکاڵ و شۆڤێنیست) زەین و هزری ژنی کورد ئەوەندە شێواو و ئاڵۆزە کە بە هیچ جۆرێک ناکرێ پێناسەیەکی بۆ دیاری بکرێ. دۆخی ژنی کورد لە چوار پارچەدا تا ڕادەیەک ناهاوسەنگی و بەرز و نزمیی تێدایە. هەر بۆیە ناکرێ بە پێوەرێک هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێوەندییەکی مێژوویی، زمانی، فەرهەنگی و هەروەها جۆرێک هاوبەشی و تێکەڵی لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و فارسدا هەیە کە هەم ناکرێ بە ئاسانی لێیان داببڕێین و جیا ببینەوە، نە دۆستایەتی و دەستە خۆشکایەتییان لەگەڵدا ئەکرێ. لە بەشەکانی تری کوردستان بەهۆی جیاوازیی زمانی و ڕەگەزی لەگەڵ عەرەب و تورکەکاندا بە ئاسانی دەکرێ سنوور و هێڵێک لە نێوان ئەو دوو نەتەوەیەدا دروست بکرێ و کوردەکان ئەویترێک بۆ خۆیان پێناسە بکەن. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ماددەی هۆشبەر یەکێ لە ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای ژنانە کە بەهۆی تێکەڵبوونی بەشێک لە خەڵک بەو ماددەیەوە، ژنان بوونەتە قوربانیی تەڵاق، توندوتیژی، سەرپەرشتیاری، ئایدز و هتد کە لە بەشەکانیتری کوردستان ئەو دیاردەی ماددە هۆشبەرانە ئەوەندە بەرچاو و زەق نەبووەتەوە کە ببێ بە دیاردە. یەکێ لە خاڵە گرنگ و لاوازەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی ئەوەیە کە ئەو ناسیۆنالیزمە سەرەڕای سیکۆلار و دیموکراتیک بوونی، بەڵام بە تەواوی پیاوڕەهەندە و ژن لەو پرۆسەیەدا نەیتوانیوە خۆی پێناسە بکات. گەورەترین خەسارێک کە لە هەر چوار پارچەدا ئاراستەی جووڵانەوەی کورد بووەتەوە لە ڕاستیدا لە بواری ژنانەوە بووە. یەکێ لە هۆکارە لاوازەکانی فێمێنیزم لە جیهاندا بەشداریی کەمی ژنانە لەو ڕەوتەدا. ئەو درمە لە کوردستاندا گەیوە بە تەشقی خۆی. سەرەکیترین هۆکار ئەوەیە کە لە کوردستاندا بە هۆی بەربڵاویی توخمەکانی نێرڕەهەندی، لە ناو هەموو چین و توێژەکان و تەنانەت لە ناو ژیانی تاکەکەسیی ژناندا هێشتا حوکمی سەرەکی دەکا. شەرم لە ژنێتی و هەڵاتن لە ژن بوون لە کوردستان لە لووتکەدایە. “تێزی تایگر سەبارەت بە پێوەندیی نێوان ژنان کە لە ساڵی 1969دا بڵاو کرایەوە پێی وایە کە ژنان تەنیا دەتوانن لەگەڵ مێرد و لەگەڵ ئەو منداڵانەی پەروەردەیان ئەکەن، پێوەندیی دۆستانەیان هەبێ و ژنان قەت ناتوانن لە چوارچێوەی گەورەتردا هاوپێوەندی دروست بکەن ” (فێمێنیسم و مردم شناسی .رید .ص125-126 ). هەرچەند بنەمای ئەو بیرۆکەیە بەڵگەمەند و تەواو زانستی نییە، بەڵام لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا(جامعە شرقی) ڕاستیی بۆچوونەکانی ئەو بیرۆکەیە دەبینرێ. لە لایەکی دیکەوە ژنان شەرمیان لە ورووژاندنی پرسەکانی خۆیان هەیە هەر بۆیە تەنانەت ژنانی ڕووناکبیر کەمتر خۆیان لە ڕێکخستن و کاری هاوبەش ئەدەن. بەپێی بۆچوونەکانی فرۆید ئەو خۆبەکەمزانین و شەرم کردنە ئەگەڕێتەوە “بۆ سەردەمی منداڵی و کاتێک کە کچ هەست بەوە دەکات وەکوو کوڕ ئەندامی نێرینەی نییە. لەو قۆناغە بە دواوە ئیتر ڕەگەزی مێ لەگەڵ ئێرەیی و حەسادەتدا ئەژی. ئەو ئێرەیی بردنە دەبێتە هۆی ئەوە کە ژن لە ژنێتیی خۆی هەڵبێ و لە باری دەروونییەوە لە دۆخی دەروون ئازاریدا بژی ” (روان شناسی زنان،ص ص 62-61 ) جووڵانەوەی سیاسیی کورد و پیاوی کورد بەهۆی هەڵوێستی کلاسیکەوە یان نەیانهێشتووە ژنان بەشداری پرۆسەی هزری و سیاسی ببن یا ئەگەریش دەرەتان درابێ بە شێوەی سەقەت بووە و لە ژن وەک هێزی چەکداری کەڵکیان وەرگرتووە. ژنی نەخوێندەوار و پەروەردەنەکراو لەو سەردەمەدا بە تەسیلم بوون بە خواستی پیاوان چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات. لە دنیای پێشکەوتوو و مۆدێڕنی ئیمڕۆدا کە هەموو ڕەوتەکان بە خێرایی دەچنە پێشەوە، بەداخەوە ژنانی پەروەردەنەکراوی کورد (تەنانەت پیاوانیش) هەڵویستیان لاواز و دواکەوتووانەیە و بە هیچ جۆرێک ئامادەییی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دنیایەیان نییە. لێرەدا بۆیە بە چڕی باسی ژن ئەکرێ چونکە قورساییی هەموو کێشەکانی ژنان، منداڵان و تەنانەت پیاوانیش بە سەر ژناندا ئەشکێتەوە و ژنان تێیدا خەسارمەند ئەبن.

میکانیزمەکانی ڕاسانەوەی ژنان:

ژنی کورد بەگشتی و ژنی ڕۆژهەڵات بەتایبەتیتر وەک زەروورەت و پێویستییەکی هەنووکەیی دەبێ هەنگاو بۆ پێناسەیەکی نوێ و سەردەمیانە سەبارەت بە خۆیان هەڵبگرن و وەکوو واقیع خۆیان بسەلمێنن. ژنی کورد بۆ دەربازبوون لەو دۆخە داپڵۆسێنەرە کە لەلایەن دەسەڵات، کۆمەڵگا و پیاوان و خودی ژنانەوە ئاراستەیان دەبێتەوە، پێویستە بە خوێندنەوەیەکی قووڵ و زانستی کەسێتیی ڕاستەقینەی ژن وەک خۆی و لە ڕوانگەی خۆیەوە پێناسە بکات و دواتر چالاکییەکانی بۆ ناو جومگەکانی کۆمەڵگا بگوازێتەوە. لەو سەردەمەوە کە پێشەوا قازی محەممەد، یەکێتیی ژنانی لە مەهاباد پێکهێنا و خێزانی خۆی وەک یەکەم ژن هێنایە ناو ئەو ڕێکخراوەیەوە، ئەگەر ژنان چالاکی و تێكۆشانیان هەبوایە، بێگومان ئێستە دۆخی ژنان و تەنانەت کۆمەڵگای کوردستان لە جێگە و پێگەیەکی دیکە بوو. ئەحزاب و بزاڤی سیاسی و فیکریی کوردی سەبارەت بە کێشەی ژنان هەنگاوی جیدی و زانستییان هەڵنەگرتووە و ئەو لایەنگەلەش کە ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان و کچانیان پەلکێشی ڕێزەکانی شۆڕش کردووە، لە ڕاستیدا زیاتر بە مەبەستی خزمەت بە ئەندێشە و بیرۆکەی سیاسیی پیاوسالارانەیە نەک دۆزی ڕاستەقینەی ژنان. ژنی کورد بەرلەوەی چالاکیی سیاسی و مەدەنیی ببێ، دەبێ بیر لە دۆزی خۆی بکاتەوە. نەتەوەیی بوون بۆ ژنان زۆر ساکارە و بەکورتی بریتییە لە بەکوردیکردنی هزر و ئەندێشەی فێمێنیستی. کاتێک ژنی کورد هەموو بەرهەم و دەق و تێکستەکانی بە کوردی نووسی، ئیتر لە ناو بزاڤی نەتەوەییی کورددا جێی خۆی کردووەتەوە و پشکی تایبەتی هەیە. فێمێنیزم فەلسەفەیەکی بەربڵاوە کە بابەتگەلی حقووقی، سیاسی، مێژوویی و سایکۆلۆژیکی و … هتد ئەکرێتە بەر و بێجگە لە ژنان، دەبێ پیاوانیش یارمەتیدەر و هاوکار بن. دوو بۆچوون سەبارەت بە بەشداریی پیاوان لە جووڵانەوەی فێمێنیستیدا هەیە کە وەک دژبەر و هۆگر بریتییە لە “فێمێنیزم وێژمانێکی ژنانەیە. بەشێک لە بیرۆکە فێمێنیستییەکان پێیان وایە کە بیرۆکەی فێمێنیستی بە هۆی ژنان و بۆ یارمەتیی ژنانە و پێوەندیی بەو ڕەگەزەوە هەیە و هەروەها ژنان سووژەی سەرەکیی داهێنان، ئافرێنەری بیرۆکە، کردەوە و زمانی ئەو ڕەوتەن. بە پێچەوانەکەشی بیرۆکەگەلی فێمێنیستییە کە پرسی نژاد و نەتەوە بە لایانەوە گرنگە و پێیان وایە کە پیاوان دەبێ بەشێک لە بیرۆکەی فێمێنیستی بن.” (چیستی فێمێنیسم .ص ص 65-64) پاڵپشتیی ژنان لەو بوارەدا پێویستی بە پیاوی نوێ هەیە کە لە بیرۆکەی فێمێنیستیدا پیاوی نوێ شرۆڤەی تایبەتی بۆ کراوە و بریتییە لەو “پیاوگەلەی کە فێمێنیزم کاریگەریی لەسەر ژیانیان هەبووە و لانیکەم پشتیوانیی ڕواڵەتی لە ئادیۆلۆژیای فێمێنیستی بکا” (فرهنگ نظریەهای فێمێنیستی ل 302). پیاوی نوێ بێجگە لە پشتیوانیی هزری لە فێمێنیزم بە کردەوەش خوازیاری “سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆڵ و ئەرکەکانی نێو بنەماڵەیە و هەروەها دژی هەر جۆرە چەقبەستوویییەکی ڕەگەزایەتی و نەریتییە” (فرهنگ نظریەهای فێمێنیستی، ل 302). ڕەخنە و ڕەخنەگری وەک باشترین کلتوور سەبارەت بە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤایەتی پێویست و حەیاتییە بەڵام لەدوای ڕەخنە، دیاریکردنی ڕێگا و میکانیزمی نوێ سەبارەت بە هەر ڕەوت و چالاکییەکی مرۆڤ و ڕێکخراوە باشترین نەریتە. لێرەدا بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەرک و چالاکییەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییی ژنان، پێویستە هەندێک خاڵی گرنگ و ستراتێژیک دیاری بکرێن و لە ئاکامی ئەو پرۆسەیەدا بەرەبەرە کەم و کورتییەکانی دیکەی سەر ڕێگای تێکۆشان دەستنیشان بکرێن.

بیرۆکە و تیۆری:

لە هەر بڕگەیەکی مێژووی مرۆڤایەتیدا بیرۆکە و هزر لە ئارادا نەبووبێ، چالاکی و هەوڵ بۆ دروستکردنی ئاڵوگۆڕ لە ئارادا نەبووە. واتە سەرەتا پێویستە وەکوو ئەندێشەیەک لە ئارادا بێ هەتا مرۆڤ هان بدرێت بۆ کار و چالاکی. کورد بەگشتی لە هەموو بوارەکاندا لە هەژاریی تیۆریدا ئەژی و ئەگەریش بیرۆکەیەکی نوێ لەلایەن کەس یا کەسانێکی بیرمەندەوە هاتبێتە کوردستان، بەداخەوە هەوڵ نەدراوە بەردەوام ڕۆژەڤ و نۆژەن(بازتولید) ببێتەوە. ڕەوتگەلی وەک ناسیۆنالیزم، سۆسیالیزم و دیموکراسی بەردەوام شەڕڤان و شۆڕشگێڕیان ڕاهێناوە و هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینە کە هاوسەنگی و مامەڵە لە گەل دنیای دەرەوەدا بکا، لە ئارادا نەبووە. هەر بۆیە دەبینین کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوەند و ئەنستیتۆگەلی جیهانیدا نەناسراوە. سۆسیالیزمی کوردی هێشتا کۆپی و نوسخە پێچراوەکەی حیزبی توودە، حیزبی شیوعیی عێراق و پارتی کومونیستی تورکیایە.
لە بیرۆکەی فێمێنیستیدا “کرداری فێمێنیستی هەم بیرۆکەیە و هەم کردەوە. فێمێنیستەکان لە نێوان بیری فێمێنیستی و بیرۆکەکانی دیکەدا جیاوازی دادەنین.” (فرهنگ نظریەهای فێمێنیستی، ل 443) لە سەر ئەو بنەمایە ئێمە دەبێ حەقیقەتی ئەو جیاوازییە قەبووڵ کەین. پشتیوانیی بیرۆکە سیاسی و فەلسەفییەکان لە بیرۆکەی فێمێنیستی بەجێ و پێویستە بەڵام ئەگەر ئەو ئەندێشە سیاسی و ئایدۆلۆژیکانە بوونە هەمەکارەی پرسی ژن و فێمێنیزمیان بە شێوەی ناتەندروست تێکەڵ بە ئەندێشەی خۆیان کرد، ئەوا لەوێدا فێمێنیزمم لاواز، ناشیرین و قێزەون دەبێ. لێرەدا بەو ئاکامە ئەگەین کە هزری فێمێنیستی لە هەر شوێن و کات و لە ناو هەر بارودۆخێکدا بێ، دەبێ پەیامی سەرەکیی خۆی و ئامانجەکانی بپارێزێ و نەبێتە داردەست و گورزی بیری پیاوسالاری. ئەگەر ژنان لە بڕگەیەکی هەستیار و تایبەتیدا لە بواری چەکداریدا یارمەتیدەری بزاڤی سیاسی بن، کێشە نییە. بەڵام ئەگەر دیاردەی شەڕوانی و چەکداری ببێ بە بەشێک لە ستراتێژیی ژنانە، ئەوا خەساری قەرەبوونەکراو لە بزاڤی ژنان ئەدات. داوێنی ژن مەکۆی خوڵقاندن، ڕەحم، بەزەیی، بەخشەندەیی و پەروەردەکردنە نەک چەک و چۆڵ و مرۆڤ کوشتن. بۆ سەلماندنی ئەو وتەیە ئاماژەکانی خانمی ڕید بەسە کە دەڵێ: “ژنانی سەرەتایی لە ماڵیکردنی ئاژەڵان و پەلەوەراندا ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە وهەروەها ژنانی سەرەتایی ڕەگی گیا و مێوەکانیان دەخوارد و دواتر لە پیاوانەوە فێری خواردنی گۆشت بوون” (مادرسالاری.اولین ،رید ص.203)
سروشتی فێمێنیزمی سەرکەوتوو، لیبراڵ و دیموکراتیکە نەک توندوتیژخواز و شەڕوان. ” فێمێنیزمی لیبراڵ ناسراوترین ڕەوتی فێمێنیستییە، دوو ڕەگەزی نێر و مێ ڕووبەڕووی یەکتر ناکاتەوە و هەروەها چاکسازیخوازە”(چیستی فێمێنیسم.ص 85-86)

پێکهێنانی ڕێکخراو، ناوەند و حیزبی ژنانە:

بۆ کۆکردنەوەی ژنان لە دەوری یەکتر و گۆڕینەوەی بیروڕا و هەروەها دروستکردنی کلتووری کاری هەرەوەزی و بەکۆمەڵ، دروستکردنی ناوەندگەلی ژنانە پێویستیی بەپەلە و ئورژانسییە. ڕێکخراوەکانی ژنان جیاواز لە هەموو ڕێکخراوەکانی دیکە دەبێ بە چڕی و سەدی لە سەد کاری ژنانە بکەن. بەهۆی بەربڵاویی پرسی ژنەوە دەبێ لە ژێر چەندین ڕێکخراوەدا و دەیان کۆمیتە، گرووپ، دەستە و تاقمی تایبەت بۆ کار و چالاکی دروست ببێ. ئەو کۆمێتە و گرووپانە دەبێ لە ژێر ناوی کۆمێتەی توێژینەوە، کومێتەی ئارشیو، کومێتەی هەواڵدەری و کۆکردنەوەی ئامارەکان، کومێتەی ڕاهێنان و پەروەردە و هەروەها دروستکردنی گرووپگەلی هونەری، وەرزشی، شاخەوانی و دەستە و تاقمگەلی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی، پێوەندییەکان و هتد چالاکی بکەن. ڕێکخراوی مودێڕن لە ئیمڕۆدا دەبێ لانیکەم ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێ و هەروەها دەزگای دەسەڵات یا حیزبی سیاسی تەنیا یارمەتیدەر و پشتیوان بێ. ڕێکخراوەکان سەرمایەی مەعنەویی کۆمەڵگان و کاتێک ڕێکخراوەکان چالاک و زیندوو بن، ئیتر کۆمەڵگای ژنان بەپێی خواست و سەلیقە و حەزەکان لە ژێر سێبەر و چەتری گرووپ و کومێتەدا خڕ ئەبنەوە و کاروانی ڕێگاکە پڕ ڕێبوار ئەکەن. لە کوردستانی باشوور کە نزیک بە سی ساڵە دەسەڵات لە دەستی خەڵکدایە، دەبوا هەنگاوی گەورەتر لە ڕێکخراو و ناوەند واتە دروستکردنی حیزبی ژنانە لە ئارادا بوایە. دروستکردنی حیزبی ژنانە، دەرەتانی گەورەتر بۆ ژنان ئەخوڵقێنێ کە بۆخۆیان لە پرۆسەی گشتی و گەورەتردا کە پرۆسەی سیاسی و ئابوورییە بەشداری بکەن. حیزبی ژنانە بەهۆی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا، دەتوانێ نوێنەر و ئەندامی لە ناو پارلمان و هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا ببێ و لە چەسپاندنی یاسادا ڕۆڵی ئەرێنییان ببێ. ڕێکخراو و حیزبی ژنانە نابێ بە مەبەستی دژایەتیکردن و شەڕ لەگەڵ پیاو و بیری پیاوانەدا دروست ببێ و بۆشاییی هزری و جودایی لە نێوان ئەو دوو ڕەگەزەدا دروست بکات؛ بەڵکو دەبێ بە لێک تێگەیشتن و دروستکردنی حەڵقەکانی پێوەندی و خۆشەویستی، عەقڵانی، لۆژیکی و هتد، بەپێی زەمەن هەنگاو بۆ چارەسەریی کێشەکان هەڵگرێ. کاتێک ژن و پیاو ئەو هەستە لە نێوانیاندا دروست بوو کە بەڕاستی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا تەواوکەری یەکترن، ئیتر بە شێوەی خۆڕسک و ئۆتۆماتیک گیروگرفتەکان یەک لە دوای یەک چارەسەر دەبن. ژنانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە قۆناخی ئێستەدا بە پێکهێنانی ناوەند و ڕێکخراوە ئەتوانن بیرۆکەوان و لیدێری باش بۆ قۆناخەکانی دیکە پەروەردە بکەن.

ئینسایکلۆپیدیا:

ژنان لە دوای پێکهێنانی ڕێکخراو وەک کاری درێژماوە، نووسین و کۆکردنەوەی ئینسایکلۆپێدیای ژنانە لە بەرنامە و چالاکییەکانیاندا بگونجێنن. بۆ نووسینی فەرهەنگنامەی ژنانە پێویستە سەرچاوە، ژێدەر و بەڵگەنامەی تایبەت لە بەردەستدا ببێ و بێجگە لە کتێبخانەیەکی پێشکەوتوو بە شێوەی مەیدانی بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ ناوەندگەلی زانستی و ئاکادیمیدا، بابەتی نوێ و ڕۆژانە بهێننە ئاراوە. ئینسایکلۆپیدیا بە خوڵقاندنی باس و بابەتی تایبەت بە ژنانەوە، دەقی جێی متمانە بۆ خوێنەران و لێکۆڵەران بەرهەم دێنێ. کاری ئینسایکلۆپیدیایی کاری بەربڵاو و بەردەوامە، هەر بۆیە هەموو چین و توێژ و هەموو ڕادەیەکی تەمەنی، دەرگیر و خەریکی خوێندنەوە و توێژینەوە ئەکات. خاڵی هەرە گرنگ لە کاری ئینسایکلۆپێدیادا ئەوەیە کە بەهۆی زانستی بوونی بەرهەمەکانەوە بە ئاسانی دەتوانێ لەگەڵ دەزگای ڕاهێنان و پەروەردەدا تێکەڵ ببێ و باس و بابەتەکان وەکوو وانە لە خوێندنگە و زانکۆکاندا بگونجێنێ. لە ئاکامی پێوەندیی ئینسایکلۆپێدیا و خوێندنگەکان زمانی نوێی فێمێنیستی ئەخولقێ. دروستکردنی زمانێکی نوێ یەکێ لە ئامانجە گەورەکانی جیهانی فێمێنیزمە. لە زمانی نوێی فێمێنیستیدا هەموو دیاردە ڕەگەزایەتییەکانی پێوەندیدار بە ژنانەوە وەک توندوتیژیی زمانی، پۆرن، زاراوە نێرسالارییەکان و … هتد دەسڕێتەوە و زمانێک دروست دەبێ کە پشکی ژنانی تێدایە. کاتێک زمانێک زبر و توندوتیژ بێ، بێگومان ژنانی لێ دوور ئەکەونەوە و ڕوو ئەکەنە زمانێکی نەرم و نیانی دیکە. بەگشتی “ئامانجی بیرۆکەی فێمێنیستی، دروستکردنی زمانی نوێیە و فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان بنەمای ئازادیی ژنان لە ئازادکردنی زماندا دەزانن و هەر بۆیە مری دیلی بەتایبەتی وشەی فێمێنیستی ئەخوڵقاند. (فرهنگ نظریەهای فێمێنیستی، 240)
کۆتا باس ئەوەیە کە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان بەڵام تا ڕادەیەک دەرەتانی بۆ چالاکیی ژنانی ڕۆشنبیر هەیە. بەهۆی فرەدەنگی و فرەپێکهاتەییی ئایینی و دژە ئایینییەوە پێویستە ڕێکخستنەکانی ژنان، دیموکراسی و کاری زانستی بکەنە بنەما و بە پێکهێنانی ناوەند و سەنتەری فێمێنیزمی ئایینی وەک فێمێنیزمی یارسان، فێمێنیزمی ئیسلامی و … هتد، جۆرێک هەلومەرج بۆ کاری هاوبەش پێک بێنن و لەجیاتی دوژمنسازی، دەنگە جیاوازەکان لە دەوری یەکتر کۆ بکەنەوە. جیهانیبوون و تێکەڵیی کلتوورەکان بە جۆرێک پێکهاتەی کۆمەڵگا ڕووبەڕووی دیاردەی تازەتر ئەکاتەوە و پێدەچێ ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕەوتگەلی لێزبییەنی و هاوڕەگەزخوازی لە کوردستاندا سەرهەڵبدات و ببنە مەسەلە. هەر بۆیە فێمێنیزمی کوردی دەبێ لە پێشدا خوێندنەوەی قووڵی لە هەموو چەمک و بابەتەکان ببێ. وەک دوا وتە، ڕەوتی فێمێنیستی بۆ دروستکردنی شوناسێکی سەردەمیانە و کوردی لە سەرەتادا پێویستە دەست بکا بە هێماسازی، زاراوەسازی و دروستکردنی ڕۆژژمێری تایبەت بە ژنان لەو بەشەی نیشتمان. کاتێک شوناسی تایبەت بە خۆتت هەبوو، ئیتر دروستکردنی پەیوەندی و دۆستایەتی و دانیشتن لەگەڵ ڕەگەزی جیاواز و ڕەوتگەلی جودابیر و دەنگە دژبەرەکانیش ئاسان و بێ دەردیسەرە.

سەرچاوەکان

ــ رید.ایولین.فێمێنیسم و مردم شناسی.ترجمە افشنگ مقصودی.نشر گل آذین1388
ــ هورنای .کارن.روان شناسی زنان.ترجمە سهیل سمی.نشرققنوس1382
ــ هام .مگی. فرهنگ نظریەهای فێمێنیستی.مترجمان ؛فیروزە مهاجر،نوشین احمدی خراسانی،فرخ قرەداخی.نشر توسعە1382
–ایولین رید،مادرسالاری.ترجمە افشنگ مقصودی.نشرگل آذین1390
ــ کریس بیسلی.چیستی فێمێنیسم.ترجمە محمد رضا زمردی.انتشارات روشنگران و مطالعات زنان.1385

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان