ئارامتر بخوێنەوە!

دژەکۆلۆنیالیزم[i]

وەرگێڕان: بەڕۆژ ئەسعەدی

 

دژەکۆلۆنیالیزم خەباتی سیاسیی خەڵکێکی کۆلۆنیکراو لە دژی ئایدیۆلۆژیا و کردەوەکانی کۆلۆنیالیزمە. دژەکۆلۆنیالیزم لەم شوێنەدا مانا دەدات کە شێوە جیاوازەکانی خەبات بۆ بەرگری، لە بەردەم چالاکییەکانی کۆلۆنیالیزم، لە دامەزراوە سیاسی، ئابووری و کەلتوورییەکاندا شکڵ دەگرێت. ئەم چەمکە جەخت لە سەر پێویستیی ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی و گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵی خۆجێیی دەکات. بە شیوەیەکی دژەیەک، بزووتنەوە دژەکۆلۆنیالیستییەکان خۆیان لە ڕێگەی ستاندنەوە و سست کردنی فۆرمە وەرگیراوەکانی دامەزراوەکانی کۆلۆنیالیستدا دەردەبڕن و بۆ ئەوانیش دەگەڕێنەوە. کەواتە خەباتی دژەکۆلۆنیالیستی زۆربەی کات بە مانای گوتارێکی ناسیۆنالیزمی دژەکۆلۆنیالیزمە کە تێیدا کەڵک لە شێوازە مۆدێڕنە ئەورووپایییەکانی دەوڵەت-نەتەوە وەردەگیرێ و وەک هێمایەکی بەرگری کاری پێ دەکرێت. هەندێک کات ڕێکخستنە ستەمکارەکانی حکوومەتی کۆلۆنیالیستی – وەکوو پێکهاتەکاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و ناوەندەکانی نوێنەرایەتیی سیاسی – دەبنە پانتاییی دروست بوونی گوتارێکی ناسیۆنالیزمی دژەکۆلۆنیال و داواکاریی پێکهێنانی دەوڵەت نەتەوەیەکی سەربەخۆی پاش کۆلۆنیالیستی پێک دێت.

لە بارودۆخە کۆلۆنیالییە جیاوازەکاندا، دژەکۆلۆنیالیزم فۆڕم و شێوەی جیاجیای بە خۆوە گرتووە؛ بۆ نموونە دژەکۆلۆنیالیزم هەندێک کات لە گەڵ ئایدیۆلۆژییەکی ڕزگاریخوازیی ڕەگەزیدا یەک دەگرێت، وەکوو حاڵەتی سەدەی نۆزدەیەمی ئافریکای ڕۆژئاوا و ئایدیۆلۆژییەکانی ئێدوارد ویلیام بڵیدن و جەیمس ئافریکانووس هۆرتۆن (ئەو ئایدیۆلۆژییانەی کە دەتواندرێن وەک پێشەنگی بزووتنەوەکانی سەدەی بیستەم سەیر بکرێن، بۆ نموونە بزووتنەوەی نێگریتیوود[ii]). بە پێچەوانەوە، لە هەندێک بارودۆخدا دژەکۆلۆنیالیزم لە گەڵ داواکاریی دانپێدانان بە جیاوازییە کەلتوورییەکان، بە شێوەیەکی بەرفراوان یەک دەگرێت، بۆ نموونە کۆنگرەی نەتەوەیی هیند کە ئامانجی دروست کردنی یەکیەتییەکی نەتەوەیی لە هیند و  لە چوارچێوەی یەک بزووتنەوەی سەربەخۆی نەتەوەیی لە نێوان ئەو گرووپە ئەتنیکییە جیاوازانە بوو کە لە باری ئایینی و ڕەگەزییەوە لە یەکتر جیاوازن  بوون.

          دژەکۆلۆنیالیزم لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا زیاتر بە مانایەکی ڕادیکاڵ و لە چوارچێوەی گوتارێکی ڕزگاریخوازیی مارکسیستیدا بەکار دەهات و ئامانجی ئاشت کردنەوەی داواکارییەکانی ئینتەرناسیۆنالیزم و دژە نوخبەگەری، لەگەڵ هەستی نەتەوەییی ئەو کات (شێوازەکانی ڕزگاریی نەتەوەیی)، لە بەرهەم و تیۆرییە سەرەتاییەکانی بیرمەندە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەکانی وەک سی ئێڵ ئاڕ جەیمز، ئامیرکار کارباڵ و فرانتز فانۆندا بوو. ئەم بزووتنەوە دژەکۆلۆنییە ڕزگاریخوازییە نەتەوەیییانە، بۆ شی کردنەوەی ڕۆڵی گرنگی ئەو چینە ڕووناکبیرانەی کە لە ئەورووپای کۆلۆنیال  خوێندبوویان و لە خەباتی دژەکۆلۆنیاڵدا دەوریان هەبوو، بیرۆکەی مارکسیستیی کادرە شۆڕشگێڕەکانیان پەرە پێدا. ئەم بزووتنەوانە لەم بڕوایەدا بوون کە ڕەعیەت/پڕۆلێتاریا – لە میانەی قۆناغە جیاوازەکانی پەیوەندیی خۆجێیی و نەتەوەییەوە – پێویستیان بەوەیە کە بەرەو کردەوەیەکی ڕزگاریخوازیی ئاراستە بکرێن. ئەم ئاراستەکردنەش لە رێگەی نوخبەی بورژوازییەوەیە کە لە کۆتاییدا، بە پێی فۆڕمولی دراماتیکی کابراڵ، [بۆ چینی بۆرژوا] ‘کردەوەیەکی خۆکووژییە’، چونکە بە هۆی گەشەپیدانی کردەوەیەکی خۆجێیی کۆمەڵایەتیی و جەماوەری دژەکۆلۆنیالزیمەوە نوخبە بورژوازییەکە دەتوێتەوە.

          بەتایبەتی کابراڵ ئەم بیرۆکەیەی پەرەپێدا کە پێویستە کردەوەی خۆجێیی وەک تایبەتمەندییەکی جیاواز و تایبەتی سیاسەتی پۆست ­کۆلۆنیالیستی بەهێز بکرێن و دانی پێدا بنرێن، بە شێوەیەک کە کردەوەکانی بیرۆکەی مارکسیستیی پاش ستالینیستی ڕەقتر و ئۆرتۆدۆکستر ببێ. بەپێچەوانەی فۆڕمولە ناسیۆنالیستییەکانی دواتری نوخبە بورژوازییەکانی پاش سەربەخۆیی، لێرەدا هیچ پەیوەندییەکی هەستەکی یان ئەفسانەیی بە بارودۆخی بەئایدیال کراوی پێش کۆلۆنیالیزم بوونیان نییە. وا دەرک بە کردەوەی خۆجێی دەکرێت کە بە شێوەیەکی  تەواو دەتواندرێ چاکسازیی تێدا بکرێ و بە شێوەیەکی حەتمیش لە پڕۆسەی گۆڕانی مێژووییەوە دەگلێ:

جەماوەری کرێکار و بەتایبەتی جووتیارەکان، کە زۆربەیان نەخوێندەوارن و هیچ کات لە سنوورەکانی گوند یان ناوچەکەیان واوەتر نەڕۆیشتوون، لەگەڵ گرووپەکانی دیکە پەیوەندی دەگرن و ئەو گردبوونەوە خۆجێیەی خۆیان کە لە پەیوەندی گرتن لەگەڵ ئەتنیک و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی سنووردار کردوون، لە کیس دەدەن. ئەوان لە ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە خەباتدا تێدەگەن؛ کۆت و بەندی جیهان و ژیانی لادێ دەپسێنن و بەرەبەرە تێکەڵی وڵات و جیهان دەبن… بەم شێوەیەش خەباتی ڕزگاریخوازیی چەکداریی دەبێتە خەباتێکی ڕاستەقینە بۆ دەستەبەرکردنی پێشکەوتنی کولتووری.

(Cabral, January 1969)

(هەروەها سەیری بەراوردی ئێدواڕد سەعید (1993: 264) دەربارەی گوتاری پێشکەوتنخوازانەتری ناسیۆنالیستیی سیما سەرەتایییەکانی دژەکۆلۆنیالیستی لە بەرانبەر گوتاری دواکەوتنخوازی مۆدێرنی هەندێک ناسیۆنالیستی پۆست کۆلۆنیالیست بکە.)

   کەمتر باس لە بەشداریی زانستی کابراڵ بە ڕادەی فانۆن کراوە. چونکە کردەوەی سیاسییەکی کەمتری هەبووە. هەرچۆنێک بێ تیۆرییەکانی فانۆن سەبارەت بە شکڵ گرتنی وشیاریی نەتەوەیی، بەهێزترین بەشدارییان لە دروست کردنی گوتارێکی دژەکۆلۆنیالیستیی کاریگەردا کردووە. بە گشتی دژەکۆلۆنیالیزم ئەو بەرگرییەیە کە بەرهەمی پەیوەندییەکی جێگیر و دیاریکراوی نێوان کۆلۆنی و کۆلۆنیالیستە  کە تێیدا ئەم دووانە بە شێوەیەکی ڕەها و نەگۆڕ دژی یەکن و لە بەرانبەر یەکتردا ڕاوەدەستن. بە هەمان شێوە، دژەکۆلۆنیالیزم کەمتر تایبەتمەندییەکی ئەو کۆلۆنییانە بوو کە دانیشتووانەکانیان گۆڕدراون و تێیدا شێوازێک لە هاودەستی لە نێوان هێزی کۆلۆنیالیستی و دانیشتووە نوێکاندا دەبیندرێ، بۆ نموونە لەم شێوازەدا خەڵکی خۆجێیی سەرکوت کراون و لە شوێنێکی دیکەوە خەڵک بۆ ئەو ناوچەیە گوازراونەتەوە. لەو کۆلۆنییانەدا کە دانیشتووەکانی گوازراونەتەوە و خەڵکی نوێ لە جیاتیان دانراوە دەسەڵاتێکی بنەڕەتیتری کولتووری بە مەبەستی کاریگەرییەکی بەهێزتری دەبیندرێ و لەم ڕێگەوە کۆلۆنیالیزم هێژمۆنییەکی کامڵتری کولتووریی هەیە. لەم شێوازە کۆلۆنییەدا کە خەڵکەکەی گوازراونەتەوە، خەبات بۆ دەستنیشان کردنی  هەڵاواردنێکی بنەڕەتیی سیاسی و ئابوورییە کە لە ئەنجامی پەیوەندییەکی کۆلۆنیالیستییەوە ڕوو دەدات و لە ئاکامدا بەرەو هۆشیارییەک دەڕوا کە پەیوەندییەکی سنووردار لە نێوان کۆلۆنی و هێزی کۆلۆنیالیستیدا هەبێ. ئەم هوشیارییە پێگەیەکی ناوەندیی بۆ هەر جۆرە ویستێکی دژەکۆلۆنیایستی هەیە. لە بارودۆخی ئەم جۆرە کۆلۆنییەدا کە خەڵکەکەی گوازراونەتەوە، ڕەنگە بەرگری لە ئاستی کردەوەی کولتووریدا پێش لە گرنگ بوونی بەرگری لە ئاستی سیاسیدا دەرکی پێ بکرێ و شکڵ بگرێت.

سەرچاوەکان

[i] “Anti-Colonialism” in Postcolonialism Studies: The Key Concepts, by Bill Ashcroft, Gareth Griffiths and Helen Tiffin (London: Routledge, 2013), 15-17.

 Negritude [ii] چوارچێوەیەکی تیۆریی ڕەخنەیی و ئەدەبی بوو کە لە دەیەکانی ٢٠ و ٣٠ سەدەی بیستەمدا لە لایەن ڕووناکبیر و دیاسپۆرای ئافڕیقاییەکانەوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ڕەشپێستەکان دروست کرا.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان