ئارامتر بخوێنەوە!

دیپلۆماسیی نەتەوە بندەستەکان

ئارەش ساڵح

ئاماژە

لە دنیای ئەمڕۆدا کە تێکەڵاو بوون یەکێک لە میکانیزمەکانی گەرەنتیکەری پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندیی نەتەوەیییە، نەتەوە بندەستەکان بە شێوەی سیستماتیک ئەو مافەیان لێ زەوت دەکرێت کە بتوانن بەشداریی ئەو کردەوەیە بن کە ناوی دەنرێت دیپلۆماسیی نەتەوەیی. هەوڵی هەندێک نەتەوەی بندەست بەتایبەت لەدامەزراندنی ڕێکخراوێک بە ناوی ڕێکخراوی خەڵکە نوێنەرایەتی نەکراوەکان یان بەو شێوەیە کە لە کوردستاندا ناسراوە ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، ئەگەرچی گرینگە بەڵام ناتوانێت ڕاستیەکان تووشی گۆڕانێکی سادەش بکات. لەم پێوەندیەدا و لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت کە  دوو  چەمک لەیەک جیا بکرێنەوە؛ ئەویش چەمکی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانە لە گەڵ چەمکی نەتەوە بندەستەکان. جیا کردنەوەی ئەو دووچەمکە لەو ڕوانگەیەوە گرینگە کە ئاستی نوێنەرایەتی کردنی سیاسی کە یەکێک لە گرینگترین باسەکانی دیموکراسی و دیپلۆماسیە، لەو دوو نەتەوەیەدا زۆر جیاوازە. بەڵام پێش لە هەرشتێک پێوستە بزانرێت دنیای ئەمڕۆ بە نیسبەت دیپلۆماسی و ڕۆڵی ئەو ئەکتەرانەی کە دەوڵەت نین چۆنە.

رۆڵی یاریکەرە نا دەوڵەتەکان

لە دنیای ئەمڕۆدا و هەم لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەم لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەمکێک هاتۆتە ئاراوە بە ناوی دیپلۆماسیی یاریکەرە نادەوڵەتەکان Diplomacy of Non-State Actors . سەرهەڵدانی ئەو چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ڕۆڵی ئەو ئەکتەرانە لە پەنای دەوڵەتەکاندا (کە هێشتا ڕۆڵگێڕی سەرەکین) زیادی کردووە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خەریکن ئەندامەتیی ئەو یاریکەرانە لە ناو خۆیاندا پەسەند دەکەن و ئەو یاریکەرانە خەریکن کاریگەری و شوێنگەی خۆیان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا پێشان دەدەن.

یەکێک لەو هۆکارهێنانەوانەی کە لە بەرژەوەندیی زیاد بوونی ئەو ڕۆڵە دێتە ئاراوە دەگەڕێتەوە بۆ چەمکێکی تر بە ناوی ناتەواویی ڕەوایی لە دەوڵەتداریی نێودەوڵەتیدا Legitimacy Deficit in Global Governance . لە ڕاستیدا هەندێک هزرمەند پێیان وایە کە زیادبوونی ڕۆڵی ئەو ئەکتەرانە دەبێتە هۆی ئەوەی دەوڵەتداریی نێودەوڵەتی ڕەواتر ببێت.

 دیارە ئەم چەمکانە هەمووی لە ئاراستەیەکی هزریەوە سەرچاوە دەگرن کە جیهانی نێودەوڵەتی وەکوو کۆمەڵگایەک دەبینن کە خاوەنی دامەزراوەی خۆیەتی. بۆ وێنە یەکێک لە گرینگترین ڕێکخراوەکانی ئەو کۆمەڵگایە کە هەڵگری ڕۆڵی دەوڵەتداریی جیهانیە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە. لەو ڕوانینەدا هەندێک کەس پێیان وایە کە لەو سیستەمەدا بە هۆی ئەوەی کە ڕۆڵی بڕیاردان تەنیا لە دەست هەندێک یاریکەری تایبەتدا کۆ بووەتەوە کە ئەوانیش دەوڵەتەکانن، ئەو سیستەمە بە تەواوەتی دیموکراتیک نییە بۆیە تووشی ناتەواوی ڕەوایییە.

ئەم چوارچێوەیە کراوەترین چوارچێوەی فیکریی نەزمی لیبراڵیی ئەمرۆیە کە دەتوانین لە ناوئاخنیدا جێگایەک بۆ نەتەوە بندەستەکان بدۆزینەوە کە بتوانن یاریدەری هەبوونی ئەوان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بن. بەڵام ئەم ڕوانگەیە بە دوو هۆکار تووشی دژبەرییەکی ناوخۆیییە کە ڕۆڵی نەتەوە بندەستەکان لەبەرچاو ناگرێت و پەراوێزیان دەخات. سەرەتا و پێش لە هەرشتێک پێشمەرجێکە کە ئەم ئاراستە فیکرییە هەیەتی و ئەویش ئەوەیە کە دنیای ئەمڕۆ بە کۆمەڵگایەک لە یاریکەری بەرامبەر و هاوئاست دەزانێت و ئەو یاریکەرانەش دەوڵەتەکانن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا مەودایەکی زۆری لەگەڵ چەمکی کۆمەڵگا هەیە و ئەودامەزراوانەش کە لەوێدا بەدی دەکرێن بە هیچ شێوە ناتوانن نزیک بەو دامەزراوانە بن کە کۆمەڵگایەکی ئاسایی هەیەتی. دووهەم ئەوەی کە جیاوازییەکی قووڵ هەیە لە نێوان نەتەوەی بێ دەوڵەت لەگەڵ نەتەوەی بندەست. لە نەتەوەی بێ دەوڵەتدا ئەگەرچی نوێنەرایەتیی سیاسی بە شیوازێکی تەواو نایێتە دی، بەڵام تا ڕادەیەک (پێوەندیی بە شێوازی حکومەت هەیە) ئەو نەتەوەیە دەتوانێت لە هەندێ میکانیزم ودامەزراوەی سیاسی بۆ نوێنەرایەتی کردنی سیاسیی خۆی کەڵک وەربگرێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە نەتەوەی بندەست نەتەنیا بەهێج شێوە خاوەنی نوێنەرایەتیی سیاسی نییە بەڵکوو بە شێوەی سیستەماتیک و بنەڕەتی پێشی پێ دەگیردرێت کە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا نوێنەرایەتی بکرێت. ئەو نەزمە لیبەراڵەش کە دەوڵەتداریی نێودەوڵەتی ئایدیاکانی لەسەر ئەودامەزراون بە تەواوەتی یاریدەری ئەو سەرکوتە سیستەماتیکەیە.

بۆ وێنە لەم پێوەندییەدا یەکێک لەو مێکانیزمانەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ڕێگەدان بە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان هەیەتی لە ڕاستیدا دانوستانی ساڵانەی خەڵکە خۆجێییەکانە کە نوێنەرانی گەلانی بێ دەوڵەت لە ڕێگەی ڕێکخراوە جیاوازەکانیانەوە لەوێ بەشدار دەبن و کاریگەرییان دەبێت. ئەگەرچی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چەند ساڵە لە ڕێگەی مێکانیزمی تایبەتەوە بەشداریی ئەودانیشتنانە دەکات بەڵام یاسا و ڕێساکانی ئەو دانیشتنانە بە شێوەیەک دانراون کە بە شیوەی سیستەماتیک نەتەوە بندەستەکان لە نوێنەرایەتی بێ بەش دەکات.

دیپلۆماسیی جیهانیی کورد

لە درێژەی خەباتی گەلی کورد بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی، ئەو نەتەوەیە هەوڵی داوە کە سەرنجی بیروڕای گشتیی جیهانی بۆ سەر بابەتی مافەکانی خۆی ڕابکێشێت. هەربۆیە دیپلۆماسیی کورد لەم پێوەندییەدا خاوەنی دوو تایبەتمەندی بووە. یەکەمیان ئەو دیپلۆماسییە خاوەنی مێژوویەکی نوێیە و هەروەها دیپلۆماسییەکی پاسیڤە. هەرکام لەو تایبەتمەندییانە خاوەنی ڕۆڵی خۆیانن و ناسینیان دەتوانێت سنوورەکانی تواناییی دیپلۆماسی کورد زیاتر ڕوون بکاتەوە و هەروەها یارمەتیدەر بێت لە ڕوون بوونەوەی ڕێگای داهاتوو.

ئەگەرچی پێوەندیی نێوان کورد و نەتەوەکانی تر پێوەندییەکی درێژخایەنە بەڵام لەم وتارەدا دوو چەمکی پێوەندی و دیپلۆماسی لە یەک جیا دەکرێنەوە. لەم وتارەدا دیپلۆماسی زیاتر وەکوو دامەزراوە لەبەرچاو دەگیردرێت و لە چەمکی خاوی پێوەندی جیا دەکرێتەوە. بەڵام سەرەرای ئەوە باسی مێژووی پێوەندی وەکوو باسێکی بنەمایی چاوی لێ دەکرێت.

یەکەمین پێوەندی لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی مودێڕنی کورد بە شێوەیەکی سروشتی دەگەڕێتەوە بۆدامەزراندنی دەوڵەتی مودێڕنی کورد لە کۆماری کوردستان. پێوەندییەکانی نێوان کۆماری کوردستان لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان و ئەو گرێبەستانەی کە لە نێوان ئەو دوو کۆمارەدا بۆ ڕێکخستنی پێوەندیەکانی نێوانیان و ڕەوشی کەمینە تورکەکان لە کوردستان و کەمینەی کورد لە ئازەربایجان هاتۆتە ئاراوە، یەکێکە لە سەرەتاییترین و یەکەمین دەرکەوتەکانی دیپلۆماسیی کورد.

یەکەمین هەوڵ بۆدامەزراندنی دیپلۆماسیی کوردی کە وەک دامەزراوەیەکی ناحیزبی و نەتەوەیی بتوانێت نوێنەرایەتیی سیاسەتی کورد بکات، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و دوکتور قاسملوو لە سەرەتاکانی هەشتاکاندا. خواستی دوکتور قاسملوو لەم پێوەندیەدا (کە لەگەڵ چەندین کەس سەبارەت بەو بابەتە قسەی کردووە) ئەوە بووە کە دامەزراوەیەکی پرۆفیشێناڵ دابمەزرێت کە بتوانێت کورد وەکوو نەتەوە لە دەرەوەدا نوێنەرایەتی بکات. ئەمە یەکەمین تێگەیشتنی مودێڕن لە چەمکی دیپلۆماسییە کە لەو سەردەمەدا و لە ناو گەلی کورددا چرۆ دەکات. هەروەها هەر لە دەیەی هەشتاوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران  بەدانانی نوێنەرایەتی لە دەروەی وڵات و بەتایبەت بە دامەزراندنی دەفتەری پاریس، هەوڵ دەدات یەکەم دامەزراوەی دیپلۆماسیی پرۆفیشێناڵی کوردی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات پێک بێنێت. پاش دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەندین ساڵ دوای ئەوە بە دانانی نوێنەرایەتیی ئەو حکومەتە لە دەروەدا هێدی هێدی دامەزراوەیەکی کوردیی دیپلۆماسی، تایبەت بە کوردی باشووریش دێتە ئاراوە.

بەڵام بە هۆی پێکهاتەی یاسای نێودەوڵەتی و هەروەها بە هۆی ڕاستییەکانی جیهانی نێودەوڵەتی، دیپلۆماسیی کوردی دیپلۆماسییەکی پاسیڤە. ئەم ڕستەیە بەو واتایەیە کە دیپلۆماسیی کوردی ناتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ لە پێکهێنانی یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتیدا بێنێتە ئاراوە. ئەم بابەتەش زیاتر لەوەی کە پێوەندیی بە تواناییی گەلی کوردەوە هەبێت، پێوەندیی بەو پێکهاتەیەوە هەیە کە نەزمی جیهانیی دنیای مودێڕن هەیەتی.  لێرەدا پێویستە دوو چەمکی دیپلۆماسی و لابی کردن لە ڕوانگەی زانستییەوە لە یەک جیا بکرێنەوە. ئەگەرچی یەکێک لە ئامرازەکانی دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو دەتوانێت لابی کردن بێت و لەوانەیە دیپلۆماسیی کوردیش بتوانێت لە ڕێگەی لابی کردنەوە هەندێک گۆڕانکاری بێنێتە ئاراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو گۆڕانکارییانەش کە لە ڕێگەی لابی لە لایەن دیپلۆماسیی کوردەوە بێنە ئاراوە ناراستەوخۆ دەبن چوونکە کۆمەڵگا و نەزمی نێودەوڵەتی ستاستوسێکی فەرمی بۆ دیپلۆماسیی کوردی لە ناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا ناناسێت.

پێگەی دیپلۆماسی لە خەباتی نەتەوە بندەستەکاندا

لە زۆربەی ئەو واتایانەی کە بۆ دیپلۆماسی دێنە ئاراوە، هەبوونی ستاستووسێکی یاسایی بە پێی یاسای نێوەدەوڵەتی یان یاسای ناوخۆییی وڵاتێک گرینگترین فاکتەرە بۆ ئەوەی چالاکییەکانی نوێنەرانی وڵاتان یان ڕێکخرواوەکان بە ناوی دیپلۆماسی بناسرێت و بکەوێتە ئەو خانەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو واتایانە لە سەر ئەوە بنیات نراون کە دۆخی هەبوو بە دۆخێکی ڕەوا دەزانێت. بە گشتی کردەوەی دیپلۆماسی کردەوەی هێشتنەوەی دۆخی هەبووە و دیپلومات کەسێکە کە هەموو بەرژەوەندییەکی لە هەبوونی سەقامگیری لە دۆخی هەبوودایە.

بەڵام ئاخۆ ئەم ڕاستییانە چۆن دەتوانن لەگەڵ ئەو ڕاستییە یەک بگرنەەوە کە حیزبی دیموکرات، خەباتی کورد و بە گشتی بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد بەشێوەیەکی توند گرێدراوی ئەوەیە کە دۆخی هەبوو گۆڕانی بنەڕەتیی بەسەردا بێت؟ ئایا ئەم ڕاستییانە و ئەم تەزادانە بەو واتایە نایەنەوە کە کورد و خەباتی کورد پێویستە دەستبەرداری دیپلۆماسی بن؟ بە باوەڕی من بە هیچ شێوە. لەبەر ئەوەی ئەگەرچی ئەوانەی کە دۆخی هەبوو لە بەرژەوەندییاندایە هەوڵ دەدەن خۆیان ڕاستییەکان دەستنیشان بکەن یان ئەو ڕاستییانە وەکوو ڕاستیی موتڵەق بەرجەستە بکەنەوە کە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، بەڵام ڕاستییەکی تر کە دانی پێدا نەنراوە بوونی هەیە و ئەویش ڕاستیی بەرگریی نەتەوە بندەستەکانە. هەرچەندە کە دۆخی هەبوو و ڕاستییەکانی بەهێز بن و خۆ سەلمێنەر، بەڵام ڕاستیەکی تر هەیە بە ناوی بەرگری و مێژوو دەری خستووە کە بەرگری هەرکات دەتوانێ ڕاستیی کۆن تووشی گۆڕان بکات و ڕاستیی نوێ  بێنێتە ئاراوە.

بۆیە لە چوارچێوەی خەباتی نەتەوەیەکی بندەستدا دیپلۆماسی دەبێت بەو شێوازە پێناسە بکرێتەوە: دیپلۆماسی هەوڵ، کردەوە یان هونەرێکە لە لایەن نوێنەرانی نەتەوە بندەستەکان یان ڕێکخراوە و حیزبەکانی سەر بە ئەوان کە بە مەبەستی بەرز کردنەوەی دەنگی خەباتەکەیان، دۆزینەوە و زەق کرنەوەی بەرژەوەندیی هاوبەشی خەباتەکەیان لەگەڵ ئەو وڵاتە کە لەوێدا نوێنەرن و دۆزینەوە و فراوان کردنی هاوڕایی و پشتگیری بۆ خەباتەکەیان لەو وڵاتەدا ئەنجام دەدرێن و دێنە ئاراوە.

لەو پێناسەیەدا کە بۆ دیپلۆماسیی نەتەوە بندەستەکان دێتە ئاراوە چەمکێک ڕۆڵی بنەڕەتی دەگێڕێت ئەویش خەباتە. واتە دیپلۆماسی بۆ نەتەوەی بندەست تەنیا کاتێک واتا پەیدا دەکات کە خەباتێک لە ئارادا بێت. ئەم ڕاستییەش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نەتەوەی بندەست بە شێوەیەکی ئاسایی ناتوانێت وەک یەکەیەکی سیاسی بەرژەوەندیی هاوبەشی خۆی لە گەڵ یەکە سیاسییەکانی تر واتە نەتەوەکان و دەوڵەتەکان بدۆزێتەوە و هەروەها ناتوانێت بە تەنیا ڕێکخراوەیەک بێت بۆ ئەوەی وەک ڕێکخراوەیەک ڕۆل بگێڕێت. تەنانەت ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەی بندەست بە شێوەی ئاسایی ناتوانن بە ناوی نەتەوە یان یەکەیەکی سیاسییەوە خاوەنی دیپلۆماسی بن. لە ڕاستیدا هەبوونی خەباتێکی سیاسی ئەویش تەنیا خەباتێک کە لە شێوازی بەرگریی سەربازییە دەتوانێت نەتەوەیەکی ژێردەست وەکوو یەکەیەکی سیاسی دەربخات و چەمکی دیپلۆماسی بۆی واتادار بکات.

بۆیە لە ڕاستیدا دیپلۆماسی بۆ نەتەوە بندەستەکان (ئەم چەمکە جیا بکەنەوە لە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان) تەنیا دەتوانێت مێکانیزمێک بێت کە لە ئەگەری هەبوونی بەرگریی چەکداریدا بوونی هەبێت و بە بێ بەرگرییەکی چەکداری، چەمکی دیپلۆماسی بە هیچ شێوە ناتوانێ واتایەکی بۆ نەتەوەی بندەست هەبێت. لەم واتایەدا دیپلۆماسی ئەکت، کردەوە یان چالاکییەکی تەواوکەرەر بۆ بەرگریی نەتەوە ژێردەستەکە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان