ئارامتر بخوێنەوە!

دیکتاتۆرییەت و هەڵبژاردن:

نموونەی کۆماری ئیسلامیی ئێران


ئیدریس ئەحمەدی


“فاکتەری پێکهاتەیی، لەوانە جۆری دیکتاتۆرییەتی هەڵبژاردنکارانە و دامەزراوەی تایبەت بە هەڵبژاردن وێڕای ئابووریی سوودخۆر لە ئێراندا، هۆکاری سەرەکیی خۆڕاگرییی کۆماری ئیسلامین. لە ئێراندا ئوپۆزیسۆنێک لە ئارادا نییە تاکوو باس لە دەوری ئەکتەری سیاسی بکرێ. باڵی «ڕیفۆرمخواز» ناشێ بە ئۆپۆزیسۆنی کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم بدرێ، چونکە پابەندن بە مانەوەی ڕێژیم. تەنانەت ئەگەر بە ئۆپۆزیسۆنیش لەقەڵەم بدرێن، تاکوو ئێستا یەکێک لە هۆکارە سەرەکی و کاریگەرەکانی درێژکردنەوەی دیکتاتۆرییەتی ویالیەتی فەقیه بوونە.”


سەرەتا

   چۆنە لەنێو ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆ یان دیکتاتۆرانەدا کە هەڵبژاردن بەڕێوە دەبەن، هێندێکیان بەرەو دێموکراسی گوزار دەکەن، لە کاتێکدا هێندێکیان وەک خۆیان دەمێننەوە یان تەنانەت داخراوتر دەبن؟ بە واتایەکی دیکە، هۆی چییە هەڵبژاردن لە هێندێک وڵاتی سەرەڕۆ یان دیکتاتۆردا، دەرفەتێکە بۆ گوزار بەرەو دێموکراسی، لە کاتێکدا لە هێندێکی دیکەیاندا، زۆرتر بووەتە هۆی درێژکردنەوەی دەستەڵاتی ڕێژیمی سەرەڕۆ یان دیکتاتۆر؟


زانایانی سیاسی وەڵامی جۆراجۆرییان بەو پرسیارانە داوەتەوە. ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە کە، بە پشتبەستن بە هێندێک لەو لێکوڵینەوانەی کە لەو بارەوە ئەنجام دراون، لە کەیسی کۆماری ئیسلامی ورد دەبێتەوە بە مەبەستی نیشاندانی ئەوەی کە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا دەرفەت نییە بۆ پێکهێنای گۆڕانی سیاسی و تەنانەت ئەنجامدانی ڕیفۆرمی سنووردار، تاکوو دەرفەتێک بێ بۆ گوزار بەرەو دێموکراسی. بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنانەی کە کۆماری ئیسلامی ڕێکیان دەخا، بەتایبەت هەڵبژاردنی مەجلیس و سەرۆک‌کۆماری، نەتەنیا ڕەوایی دەبەخشێتە ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و ستەمکار، بەڵکوو تەمەنی ئەو ڕێژیمە درێژ دەکاتەوە. ئامانجێکی دیکەی ئەم وتارە، هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی ئەو بابەتەی کە بۆ هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا یارمەتیدەری درێژکردنەوەی دەستەڵاتی دیکتاتۆرییەتە.



“خۆڕاگریی” دیکتاتۆرییەت

   پاش کۆتایی‌هاتنی شەڕی سارد، خۆشبینییەکی زۆر سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی دێموکراسی لە دنیادا هەبوو. لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆچوونێک هەیە کە پێی وایە وڵاتانی سەرەڕۆ یان دیکتاتۆر، زوو یان درەنگ گوزار دەکەن بەرەو دێموکراسی. بەپێچەوانەی ئەم بۆچوونە، زۆرێک لەو وڵاتانە گوزاریان نەکرد بەرەو دێموکراسی و شاهیدی “خۆڕاگریی” دیکتاتۆرییەت بووین.[1]


   ئێستا جۆرە ڕێژیمێک لە دنیادا هەیە کە بە “ڕێژیمی تێکەڵاو”[2] یان “سەرەڕۆی هەڵبژاردنکارانە”[3] لەقەڵەم دراون. تایبەتمەندیی ئەو ڕێژیمانە سەرەڕای ئەوەی سەرەڕۆ یان دیکتاتۆرن، ئەوەیە کە  هەڵبژاردن بەڕێوە دەبەن؛ بۆیە بە “تێکەڵاو” یان “هەڵبژاردنکارانە” لەقەڵەم دراون. بە واتایەکی دیکە، تێکەڵاوێک لە سەرەڕۆیی و دامەزراوەی دێمۆکراتیک لەخۆ دەگرن، یان سەرەڕای ئەوەی کە سەرەڕۆن، هەڵبژاردن بەڕێوە دەبەن. هەڵبەت هەڵبژاردن لەو جۆرە ڕێژیمانەدا، ئازادانە و دادپەروەرانە نییە؛ هەربۆیە لە وڵاتانی دێمۆکراتیک جیا دەکرێنەوە.

  
هێندێک لەو رێژیمە تێکەڵاوانە گوزاریان کردووە بەرەو دێموکراسی، لە کاتێکدا هێندێکیان وەک خۆیان ماونەتەوە. بە مەبەستی سادەکردنەوەی باسگەلێکی ئاڵۆز، دەتوانین بڵێین بە گشتی بە دوو شێوە ئەو جیاوازییە لەنێوان ڕێژیمە تێکەڵاوەکان شی کراوەتەوە؛ لەلایەک هێندێک لێکۆڵەر گرنگی بە فاکتەری پێکهاتەیی (ساختاری)[4] دەدەن، لە لایەکی دیکەوە هێندێک لێکۆڵەری دیکە گرنگی بە بکەری[5] یان ئەکتەرەکانی گۆڕەپانی سیاسەت دەدەن، واتا هەم حکومەتی دەستەڵاتدار، هەم ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتانی سەرەڕۆدا.

  
فاکتەرە پێکهاتەیی‌یەکان بریتین لە دامەزراوەی (نهاد) مەوجوود، واتە هەم جۆری ڕێژیمی سەرەڕۆ یان با بڵیین سیستەمی سیاسیی ڕێژیمی ناوبراو، هەمیش یاساوڕێسای هەڵبژاردن لە سیستەمێکی لەو چەشنە. فاکتەری پێکهاتەیی دەتوانێ سیستەمی ئابووریش لەخۆ بگرێ. کاتێک باس لە بکەر یان ئەکتەری سیاسی دەکەین، مەبەست کردار و ستراتێژیی حکومەتی دەستەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنە لە کاتی ململانێ لەگەڵ یەکتر لە گۆڕەپانی هەڵبژاردندا. لە کاتێکدا حکومەتی دەستەڵاتدار بە  زۆرەملی یان لە ڕێگای ساختەکاری و فریوکارییەوە بێ، هەوڵ دەدا هەڵبژاردن “بباتەوە” و لە دەستەڵاتدا بمێنێتەوە، ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ لە ڕێگای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن یان پێکهێنانی بەرە یان بە شێوەی دیکە، شەرعییەت لە ڕێژیمی حاکم زەوت بکا و ناسەقامگیری بکا، یان ئەوەی لە هەڵبژاردندا بەسەر حکومەتی دەستەڵاتداردا سەرکەوێ. بە کورتی، جیاوازیی نێوان پێکهاتە و بکەری وەک جیاوازیی نێوان ترافیک و شۆفیر وایە، یان وەک جیاوازیی نێوان کوێستان و شاخەوان وایە.[6]

  
جێگای ئاماژەیە، هێندێک لێکۆڵەری دیکە فاکتەری دەرەکی، لەوانە سیاسەتی زلهێزان یان پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتانەی کە سیستەمێکی تێکەڵاویان هەیە، بەرجەستە دەکەنەوە. ئەمانەش ڕەنگە بکەوێتە خانەی فاکتەرە پێکهاتەیی‌یەکانەوە یان باندۆڕیان (تأثیر) هەبێ لەسەر ئەکتەرە سیاسییەکان لە وڵاتێک کە سیستەمێکی تێکەڵاوی هەیە. بۆ نموونە لەوبارەوە دەکرێ ئاماژە بە سیاسەتی ئەمریکا یان وڵاتانی ڕۆژئاوا بدرێ، دەربارەی گوشارهێنان بۆ حکومەتێکی سەرەڕۆ یان پشتیوانیکردن لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو جۆرە حکومەتانە.[7]

 
  وێدەچێ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە هێندێک حکومەتی سەرەڕۆی هەڵبژاردنکارانە بەرەو دێموکراسی گوزار دەکەن، بەڵام هێندێکیان وەک خۆیان دەمێننەوە، بگەڕێتەوە بۆ جۆری ڕێژیمی تێکەڵاو یان سەرەڕۆی هەڵبژاردنکارانە. بە واتایەکی دیکە، ئەو جۆرە ڕێژیمانە یەکدەست نین. لەم پەیوەندییەدا، جیاکاریی لە نێوان دوو جۆر لەو ڕێژیمانە کراوە؛ لە لایەک  جۆرێک کە لە دەروونی خۆیدا ڕێگا بە ڕکابەری دەدا، بۆ نموونە مۆڵەت بە ئۆپۆزیسیۆن دەدا کە لە هەڵبژاردندا بەشدار بێ، هەرچەند هەڵبژاردنەکان ئازاد و دادپەروەرانە نین، لە لایەکی دیکەوە جۆرێک لە ڕێژیمی سەرەڕۆی هەڵبژاردنکارانە کە ڕێگا بەو ڕکابەرییە نادا. هەڵبەت ئەم جیاوازییە بە شێوەی جیاواز پێناسە کراوە. بەبێ ئەوەی لێرەدا بەوردی باس لەو پێناسە جیاوازانە بکەین، دەتوانین بڵێین لێکۆڵەران کۆکن لەسەر  ئەوەی کە جۆری یەکەم، واتا ئەوانەی ڕێگا بە ڕکابەری دەدەن، هەوێنی ئەوەیان تێدایە بەرەو دێموکراسی گوزەر بکەن، جۆری دووهەم ئەو هەوێنەیان تێدا نییە. ئەمەش شیکردنەوەیەکی دامەزراوەیی‌یە بۆ جیاوازیی نێوان ئەو جۆرە ڕێژیمانە سەبارەت بە گوزارکردنیان بەرەو دێموکراسی یان مانەوە لە شکڵی ڕێژیمی تێکەڵاو یان سەرەڕۆی هەڵبژاردنکارانەدا.[8]

 
  هێندێک لێکۆڵەری دیکە لەم پەیوەندییەدا دەوری سیستەمی ئابووریی بەرجەستە دەکەنەوە. ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو ڕێژیمانەی سامانی سروشتی بەرچاویان وەک گاز و نەوت لەبەردەستدایە، کە بە ڕێژیمی “سوودخۆر” ناوزەد کراون، جگە لەوەی بێ‌منەت دەبن لە کۆمەڵگا، هەروەها بەشێکی زۆر لەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت، بۆ بۆ کڕینی وەفاداریی هاووڵاتییان و پێکهێنانی ڕێکخراوی زەبەلاحی ئەمنییەتی بە مەبەستی سەرکوتکردنی ئوپۆزیسیۆن و جەماوەری ناڕازی لەپێناو مانەوە لە دەستەڵاتدا بەکاری دێنن. بە کورتی، لێکۆڵەرێک بەو دەرئەنجامە گەیشتووە، ئەو دیکتاتۆرانەی ئابووریی وڵاتەکەیان بەدەستەوەیە، دەتوانن لە ڕێگای فێڵ‌وتەڵەکەوە لە کاتی هەڵبژاردن لە دەستەڵاتدا بمێننەوە، بەڵام ئەوانەی ئابووریی وڵاتیان لەدەستدا نییە یان سەرچاوەی سروشتییان نییە، هەڵبژاردن دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی لە دەستەڵات بکەون.[9]


   هێندێک لێکۆڵەری دیکە، تواناییی دەوڵەت، یەک لەوان تواناییی سەرکوتکردن، وەک فاکتەرێکی سەرەکی لەم پەیوەندییەدا بەرجەستە دەکەنەوە. بەکورتی، ئەو دەوڵەت یان ڕێژیمانەی تواناییی بەرچاویان هەیە، وەک باس کرا یەک لەوان تواناییی سەرکوتکردن، لە دەستەڵاتدا دەمێننەوە. بەپێچەوانە، ئەو دەوڵەت یان ڕێژیمانەی لاوازن، ئەگەری هەیە لە نەتیجەی هەڵبژاردندا بگۆڕێن.[10]

دەستەیەک لێکۆڵینەوەی دیکە گرنگی دەدەن بە ئەکتەرەکان لە گۆڕەپانی هەڵبژاردندا. هێندێک ڕێژیم بە شێوەیەکی تەڵەکەبازانە دەتوانن لەو “هەڵبژاردنانەدا” سەرکەوتوو بن؛ ئەویش بۆ نموونە دەتوانێ لە ڕێگای لەتکردن یان دەورلێدانی ئوپۆزیسیۆنەوە بێ. هەڵبەت ئۆپۆزیسۆنێک کە بتوانێ لە بەربەرەکانی لەگەڵ دەستەڵاتدا یەکگرتوو بێ یان بەرە پێک بێنێ و داهێنەر بێ، دەتوانێ لەو جۆرە هەڵبژاردنانەدا، لەگەڵ ئەوەی ئازاد و دادپەروەرانە نین، دواجار براوە بێ.[11]


   لە کۆتاییدا، هێندێک لێکۆڵەر دەوری فاکتەری دەرەکی لە یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان حکومەتی دەستەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن لەو وڵاتانەی کە ڕێژیمی تێکەڵاویان هەیە، بەرجەستە بکەنەوە. بە گوێرەی لێکۆڵەرێک، فاکتەری دەرەکی وێڕای پێکهێنانی بەرە لە لایەن لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوەیە دەبنە هۆکاری گوزار بەرەو دێموکراسی لەو جۆرە وڵاتانەدا.[12]   



کۆماری ئیسلامیی ئێران چ جۆرە ڕێژیمێکی هەڵبژاردنکارانەیە؟

  ئەگەر دوو جۆری ڕێژیمی سەرەڕۆی هەڵبژاردنکارانە کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا خاڵی دەستپێکمان بێ و لەو سۆنگەیەوە بڕوانینە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆمان دەردەکەوێ  کۆماری ئیسلامی لەو جۆرە ڕێژیمانە نییە دەرفەت بە ڕکابەریی مانادار لە هەڵبژاردنەکاندا بدا. کۆماری ئیسلامی ڕێکخراوە سیاسییەکانی بە “هەڵوەشاوە” ڕاگەیاندووە و بە شەڕکردن لەگەڵیان و تیرۆرکردنی کادر و ئەندامانی سەرکردایەتییان، هەوڵی لەنێوبردنیانی داوە. بەو پێیە، لە کۆماری ئیسلامیدا، ئۆپۆزیسیۆنێک لە ئارادا نییە. ئەگەر ڕکابەری لە کۆماری ئیسلامیدا هەبێ، ڕکابەرییەکە سنووردار کراوە بە ململانێی سەر کورسییەکانی مەجلیس و پۆستی سەرۆک‌کۆماریی نێوان باڵ یان کۆتلەکانی ڕێژیم ئەمانەش هەموویان، سەرباری هەر جیاوازییەک پێکەوە هەیانبێ، پابەندن بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی و دەرهاویشتنی هەر جۆرە ئۆپۆزیسیۆنێک بەرانبەر بە ڕێژیم.[13]

  
سەبارەت بە دامەزراوەی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا، بێ گومان دەبێ ئاماژە بە شۆرای نیگابان بدرێ. شۆرای نیگابان دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو نییە و ئەندامانی لە لایەن وەلیی فەقیهەوە دیاریی دەکرێن. ئەو شۆرایە بڕیار دەدا لە سەر پەسەندکردن یان رەدکردنەوەی کاندید بۆ مەجلیس و پۆستی سەرۆککۆماریی. شۆرای نیگابان ئەو بڕیارە لەسەر ئەساسی پابەندبوونی ئەو کاندیدانە بە کۆماری ئیسلامی، واتا سیستەمی ویلایەتی فەقیه دەدا و، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ویستی وەلیی فەقیه جێبەجێ دەکا. پاش چوار دەیە و پتر لە ٣٠ هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا، ئێران گۆڕانی سیاسی بەرەو ئازادی و دێموکراسی بەخۆیەوە نەبینیوە. لێرەدا جێگای ئاماژەیە بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ و ٢٠١٣دا، ڕێژەی کاندیدەکانی سەرکۆماریی، واتە ئەوانەی ڕێژیم پەسەندیان دەکا بۆ خۆپاڵاوتن، لە نۆ لەسەدەوە داشکاوە بۆ کەمتر لە یەک لە سەد.[14] کەوابوو، بەپێی زەمان، ڕێژیم بەرتەسکتر و یەکدەستر بووەتەوە، نەک کراوەتر و پلۆرالیستر. هەروەها کۆماری ئیسلامی نەتەنیا لەمێژە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە “هەڵوەشاوە” ڕاگەیاندووە، بەڵکوو تەنانەت هێندێک حیزبی خۆشیانی داخستووە؛ دەتوانین داخستنی “جبهه مشارکت ایران اسلامی” و “سازمان مجاهدین انقلاب اسلامی ایران” پاش ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ وەک نموونە بێنینەوە.[15]

 
  سەبارەت بە مانەوە و خۆڕاگرییی دیکتاتۆرییەت لە چوار دەیەی ڕابردوو لە ئێراندا، دەبێ بگوترێ کۆماری ئیسلامی لە ڕووی دەستەڵاتی زبرەوە ڕێژیمێکی بەهێزە. هێزی ڕێژیم لە توانای سەرکوتکردنەوە سەرچاوە دەگرێ. سەرچاوەی ئەم هێزەش، ئەوەیە ڕێژیم کۆنترۆڵی بەسەر ئابووریی وڵاتدا هەیە و لەپێناو چەسپاندنی دەستەڵاتی خۆی و سەرکوتی هەر جۆرە ڕاپەڕین و شۆڕشێک لە نێوخۆ وێڕای سیاسەتی بەرفراونخوازی و ئیمپێریالیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، سامانی داراییی وڵاتی بەکار هێناوە.[16]

 
  لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی نەتەنیا بە شەڕ و تیرۆر،  ئۆپۆزیسیۆنی لە ڕووی فیزیکییەوە لە وڵات دوور خستووەتەوە و لاوازی کردووە، بەڵکوو ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی لە دەرەوەی وڵاتیش هەیە، بە هۆی جیاوازیی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە نەیتوانیوە بەرەیەک پێک بێنێ. وڵاتانی ڕۆژئاواش تاکوو ئێستا بە ڕوونی پشتیوانیی ئۆپۆزیسیۆنێان نەکردووە.

  
بە کورتی، فاکتەری پێکهاتەیی، لەوانە جۆری دیکتاتۆرییەتی هەڵبژاردنکارانە و دامەزراوەی تایبەت بە هەڵبژاردن وێڕای ئابووریی سوودخۆر لە ئێراندا، هۆکاری سەرەکیی خۆڕاگرییی کۆماری ئیسلامین. لە ئێراندا ئوپۆزیسۆنێک لە ئارادا نییە تاکوو باس لە دەوری ئەکتەری سیاسی بکرێ. باڵی “ڕیفۆرمخواز” ناشێ بە ئۆپۆزیسۆنی کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم بدرێ، چونکە پابەندن بە مانەوەی ڕێژیم. تەنانەت ئەگەر بە ئۆپۆزیسۆنیش لەقەڵەم بدرێن، تاکوو ئێستا یەکێک لە هۆکارە سەرەکی و کاریگەرەکانی درێژکردنەوەی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیه بوونە.



بۆ لە کۆماری ئیسلامیدا دەرفەتی ڕیفۆرم نییە

   تەنانەت ئەگەر وای دابنێین باڵی “ڕیفۆرمخواز” لە کۆماری ئیسلامیدا بەڕاستی ڕیفۆرمخوازن، هەڵبەت وا نییە، دوو بەربەست لەسەر ڕێگای ڕیفۆرمی سیستەمی سیاسیی مەوجوود لە ئێراندا هەیە. لە دەستوور یان یاسای بنەڕەتیدا، سیستەمی ویلایەتی فەقیه وەک “هەمیشەیی” سەپێندراوە. بەو پێیە، دەستوور ڕێگا بە ڕیفۆرمی دەستووری لەوبارەوە نادا. هەروەها، پاش هەموارکردنەوەی دەستووری کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨٩، دەستەڵاتی وەلیی فەقیه کرا بە ڕەها. ئەمەش ئەوەندەی دیکە ڕیفۆرمی دەستووریی ئەستەم کردووە. بەو پێیە، تەنیا لە ڕێگای شۆڕشەوە دەکرێ نیزامی سیاسی لە ئێران بگۆڕدرێ.[17]

 
  دووهەم، بەپێی دەستوور، شۆرای نیگابان و وەلیی فەقیه لە ڕێگای ئەو شۆرایەوە دەتوانن ڕێگری لە هەر پڕۆژەیاسایەک (لایحە) لە مەجلیس بکەن کە لەگەڵ ئیسلام و بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم ناکۆک بێ. ئەمەش ساڵی ٢٠٠٠ ڕووی دا، کاتێک ڕیفۆرمخوازەکان، کە زۆرینەی کورسییەکانی مەجلیسیان هەبوو، پڕۆژەیاسایەکیان لەپێناو پێکهێنانی گۆڕان لە یاسای چاپەمەنیدا هێنایە گۆڕێ، بەڵام وەلیی فەقیه و شۆرای نیگابان، پێشیان بە پەسەندکردنی گرت.[18]

 
  بەدەر لەو پڕۆژەیاسایە، ڕیفۆرمخوازەکان تاکوو ئێستا هیچ بەرنامە یان مانیفێستێکیان لەپێناو ڕیفۆرمدا پێشکەش نەکردووە، تاکوو دەگا بەوەی باس لە ڕیفۆرمی دەستوور بکەن. محەممەد خاتەمی لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لێدوانێکدا دانی بەوە دانا کە خاوەن مانیفێست نەبوون: “کێشەیەکی ڕیفۆرمخوازی [لە ئێراندا] ئەوە بوو کە پێناسەیەکی وردی لە ڕیفۆرم نەبوو و هەر کەس و گرووپێک کە تێیدا بەشدار بوون، پێیان وا بوو ڕیفۆرمیستن.”[19]

  
لەگەڵ ئەوەش، خامەنەیی و شۆرای نیگابان تەحەمولی ڕیفۆرمخوازەکان ناکەن، سەرەڕای ئەوەی سامانێکی سیاسیی گرنگن بۆ ڕێژیم، چونکە بە هۆی ئەوانەوە، هەم خەڵک بە هیوای ڕیفۆرم لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار دەبن، هەمیش ڕۆژئاوا بە هیوای سەرکەوتنی ئەوان و گۆڕینی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی ئێران، سەبری زۆریان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی شۆرای نیگابان لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کاندیدی ڕیفۆرمخوازانی بۆ مەجلیس ڕەت کردووەتەوە و ڕیفۆرمخوازەکان لە نەبوونی کاندیدی خۆیان لە دوو هەڵبژاردنی دواییی سەرۆک‌کۆماریدا پشتیوانییان لە ڕۆحانی کرد، ئەگەری زۆرە پەراوێز بخرێن، مەگەر ئەوەی خامەنەیی مەجالدان پێیان بە قازانجی ڕێژیم بزانێ، بەتایبەت بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا سیاسەتی توند بەرانبەر بە ڕێژیم نەگرێتە بەر.

 
  هەرچۆنێک بێ، ئەزموونی پتر لە ٣٠ هەڵبژاردن لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە ڕوونی نیشانی داوە کە ئەگەر دانیشتووانی ئێران بە مەبەست یان هیوای ڕیفۆرم لەپێناو ئازادی و دێموکراسی، یان لانیکەم حکومەتی کارامە و بەرپرسیار و کەمتر ستەمکار و گەندەڵ، لە هەڵبژاردندا بەشدار دەبن، ئەوا بەهەڵەدا چوون و دواجار هەر پەرێشانییان بۆ ماوەتەوە. لەوەش خراپتر، بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا، دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقی.



بایکۆتی بەرین و ناسەقامگیرکردنی کۆماری ئیسلامی

   ئەگەر ئەو لێکدانەوەی سەرەوە دروست بێ، ئەوا بایکۆتی بەرین لە هەموو هەرێمەکانی ئێراندا دەتوانێ کۆماری ئیسلامی تووشی ناسەقامگیریی سیاسی بکا.[20] ئەوەی تاکوو ئێستا تاقی نەکراوەتەوە، بایکۆتی بەرینە. ڕاستە، لە کوردستان بەردەوام بایکۆت بژاردەیەک بووە، بەڵام بۆ ئەوەی بایکۆت شوێندار بێ، پێویستە بەتایبەت لە ناوچە فارسنشینەکان وەکوو بژاردەیەکی جیددی و کاریگەر، بەڵام لە هەمان کاتدا کەم‌تێچوو، ڕەچاو بکرێ و تاقی بکرێتەوە.

  
هەڵبەت تا ئەو کاتەی ڕیفۆرمخوازەکان لە ئارادا بن، بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی ئێران لە ناوچە فارسنشینەکان و تەنانەت هەرێمەکانی دیکەی ئێران، بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبن. تا ئەو کاتەی دانیشتووانی ئێران دەرک بەوە نەکەن کە ڕیفۆرمخوازەکان نەتەنیا خاوەن مانیفێست نین، بەڵکوو ڕێژیم‌پارێزن، ئەفسانەی ڕیفۆرمخوازی لە ئێراندا ڕێگر دەبێ لە مەیسەربوونی بایکۆتی بەرینی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی.

 

پەراوێز

[1] Valerie J. Bunce and Sharon L. Wolchik, “Defeating Dictators: Electoral Change and Stability in Competitive Authoritarian Regimes,” World Politics, Vol. 62, No. 1 (January 2010); Daniela Donno, “Elections and Democratization in Authoritarian Regimes,” American Journal of Political Science, Vol. 57, No. 3 (July 2013).

[2] Hybrid regimes

[3] Electoral authoritarianism

[4] Structure

[5] Agency

[6] Bunce and Wolchik, “Defeating Dictators,” passim.

[7] Donno, “Elections and Democratization in Authoritarian Regimes,” passim.

[8] Ibid., passim.

[9] Merete Bech Seeberg, “Electoral Authoritarianism and Economic Control,” International Political Science Review, Vol. 39, No. 1 (2017).

[10] Aurel Croissant and Olli Hellmann, “Introduction: State Capacity and Elections in the Study of Authoritarian Regimes,” International Political Science Review, Vol. 39, No. 1 (2017).

[11] Bunce and Wolchik, “Defeating Dictators,” passim.

[12] Donno, “Elections and Democratization in Authoritarian Regimes,” passim.

[13] Idris Ahmedi and Ali Abdelzadeh, “Iran” in Carsten Anckar and Thomas Denk (eds.), Komparativ politik: Nio politiska system (Lund: Studentlitteratur, 2018).

[14] Luciano Zaccara, “Elections and Authoritarianism in the Islamic Republic of Iran,” in Mahoud Hamad and Khalil al-Anani (eds.), Elections and Democratization in the Middle East: The Tenacious Search for Freedom, Justice, and Dignity (New York: Palgrave Macmillan, 2014), p. 160.

[15] Naser Ghobadzadeh and Lily Zubaidah Rahim, “Electoral Theocracy and Hybrid Sovereignty in Iran,” Contemporary Politics, Vol. 22, No. 4 (April 2006), pp. 454-5.

[16] Misagh Parsa, Democracy in Iran: Why It Failed and How It Might Succeed (Cambridge, Mass: Harvard University Press, 2016), passim.

[17] Ahmedi and Abdelzadeh, “Iran”; Parsa, Democracy in Iran.

[18] Ghobadzadeh and Rahim, “Electoral Theocracy and Hybrid Sovereignty in Iran,” p. 455.

[19] Quoted in Anoushiravan Ehteshami and Mahjoob Zweiri, Iran and the Rise of Its Neoconservatives: The Politics of Tehran’s Silent Revolution (London: I.B. Tauris & Co Ltd, 2007), p. 1.

[20] Cf. Ian O. Smith, ”Election Boycotts and Hybrid Regime Survival,” Comparative Political Studies. Vol. 47, No. 5 (2013).

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان