ئارامتر بخوێنەوە!

دەسەڵات و ئۆتۆریتە

ڕۆژبین هەوشاری

ئاماژە

“ڕاستە کورد بە درێژاییی مێژوو، نەتەوەیەکی چالاک و خەباتکارێکی ماندویی نەناس و شێلگیر و مرۆڤ دۆست بووە. واچاکە لە بەرانبەر دوژمناندا لۆژیکێکی ئانتاگۆئیستیمان هەبێ تاکوو دوژمنان بە ڕوانگەیەکی دیکەوە لێمان بڕوانن. بە واتایەکی دیکە یانی فەرامۆشکار نەبین. هەروەها تاکی کوردی نابێ بۆ ساتێکیش لە خەبات و چالاکی سڵ بکاتەوە.

ئاشکرایە ئەگەر بە داڵانی مێژوودا فلاشبەکێکی قووڵ لێ بدەین و بە دووربینی دەسەڵات و دەسەڵات خوازییەوە بڕوانییە کەیسەکە و میرایەتی و حوکمڕانییەتی مرۆڤ ئانالیزە بکەین؛ دەبێ بڵێین هەر لە سەرەتای بوونی مرۆڤەوە یەکێ لە فاکتەرە هەرە گرینگەکانی وجوودی ئینسان خوازەی دەسەڵات و ئۆتۆریتە(authority ) بووە و هەیە.

بەو باکگراوەندە مێژوویییە بۆمان دەردەکەوێ کە هەر نەتەوە وکاڵچێرێک بۆ ئەوەی  بوونی خۆی بسەلمێنێ و شوناسی نەتەوەییی خۆی پێناسە و ڕۆژەڤ بکات، پێویستە ئۆتۆریتەی خۆی هەبێ. لە ئەساسدا لە باری دەروونی و پێسیکۆلۆژیستیشەوە یەکێ لە پێویستییەکانی ئۆرگانیکی مرۆڤایەتی دامەزراندنی دەسەڵات و میرایەتی خۆسەرە.

بۆچی خۆسەر! چونکە خاوەن ئیرادە و ئایدیا و ئەندێشەی تایبەتی خۆیەتی بۆ ئەوەی خۆی بتوانێ هاوڕەگەز و نەتەوەی خۆی بژیێنێ.

 کورد نەک بە قسە و داخوازیی کۆ و تاکی کوردی، بەڵکو بە بەڵگە و شاهیدی ‌دانی مێژووی دێرین و کەونارا – هەڵبەتە ئەوە جیا لەو دەست تێ وەردەان و شپرزەیی و شێواندنی بەڵگەکانی مێژووە لە لایەن نەیاران و دوژمنانی زاڵی ناوچەدا – لە یەکەمین نەتەوەگەلێگ بووین کەهەستمان بە بوونی دەسەڵات و دامەزراوەی حوکمی سەربەخۆی خۆمان کردووە و وەک کورد توانراوە لە 28سەدە لەوە پێش کیانی خۆی بنیاد بنێ و ئەمپراتۆریەتی ماد(مەد. میدیا …. ) بە پانتایی میزۆپوتامیا و بە باڵای زاگرۆس و تۆروس، قەوارەی دەسەڵاتی خۆی ڕابکێشێ.

هەر تاکێک لەم جیهانەدا سەر بە نەتەوەیەکە و هەر نەتەوەیەکیش خاوەن مێژووی خۆیەتی بە وێژمانێکی تایبەتی بوونی خۆیەوە. ئەم تاکە بە کورد و باقی نەتەوەگەلی دیکەوە لە سەریەتی سێ ڕەهەندی گرینگی ڕەوتی تێپەڕینی خولی ژیان ڕەچاو بکا و بە چاوێکی کراوەوە تاوتوێی بکات:

  1. تۆ کێی؟
  2. مێژووی تۆ چییە؟
  3. داهاتووت چۆن پڕاکتیزە دەکەی؟

1.تۆ کێی. واتا سەر بە کامە نەتەوە و ڕەگەزی گۆی زەویت. پێناسە کردن و شرۆڤەی نەتەوە بوون، یەکێ لە سەرەکیترین چەمکەکانی خۆ ناسینیە. چونکە لە باری سایکۆلۆژیستییەوە ئەم گرێ کوێرەیە ئەگەر کراوە و تاکی کۆمەڵگا بۆی ڕوون بوەوە  چوارچێوەی بوون و چییەتیی کەڕامەتی ڕەگەزیی بوونی بۆ دەرکەوت، بێ شک بەرچاوڕوونییەکی بەرینی دێتە زەینەوە و هەوڵ و تێکۆشان و ئومێد بە ژیان و حەز و ئاوەزی زۆر پەرە دەستێنێ و بۆی ڕوون دەبێتەوە کە ئەویش سەرێکە لە نێو سەراندا.

  1. کاتێ بۆت مەعلووم بوو تۆ کێی و چیەتیی بوونت سەر بە چ ئاقار و سەرچاوەیەکە، بێ شک مێژووەکەشیت لا گرینگە و لە هەوڵی ئەوەدای ڕەهەندی زانستیی تۆکمە لێدەی بۆ چوونە ناو داڵانەکانی مێژووی نەتەوایەتییەوە. چونکە ئیدی بۆت گرینگە وێژمان و گوتاری خۆیی بوونت بۆ مێژووی خۆت هەبێ.
  2. کاتێ وەک نەتەوە توانیت مێژووی خۆت بناسی و ڕەهەند و گوتاری سەربەخۆی خۆتت تێدا خوڵقاند، ئەوجار دەتوانی و دەکرێ نەخشەڕێگایەکی پوخت و کارا بئافرێنی.

ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەم سێ خاڵە پلە بەندییە بۆچی هاتە نێو ئەم وتارەوە؛ بە داخەوە و بە گشتی ئێمەی کورد هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ خوێندنەوەیەکی سەربەخۆیانەو گوتارێکی تایبەتیمان بۆ مێژووی خۆمان نەبووە و ڕاڤە و شرۆڤەی زانستییانە، وردە وردە و بە پێڕەوکە خەریکە خۆی نیشان دەدا و بە ڕەهەندەکانی مێژووماندا شۆڕ دەبێتەوە.

هەتاکو ئێستا ئێمەی کورد مێژووی خۆمان لە دوو ڕوانگەوە خوێندووەتەوە:

  1. یەکەم لە لایەن ئەو کەسانەی سەر بە نەتەوەی زاڵ و ئوتۆریتەی کولۆنیالیزمی زاڵ بە سەر نەتەوەی کورددان. دیارە زۆربەی ئەو مێژوو ناس و مێژوو نووسانە سێبەری سیاسەتی دەسەڵاتی نەتەوەیی و مێژووییی خۆیانیان بە سەرەوەیە و بە چاوێکی سووک و بێ بنەما، فاکتی بێ ڕیشە و دەستکرد و نافاکتمان دەرخوارد دەدەن. فارسەکان ڕیشەی مێژوویی و تەنانەت زمانیمان دەگەڕێننەوە سەر مێژووی کۆچەری بوونی پارس. کەسانێکی وەک سەعیدی نەفیسی یان قەڵەم فرۆشانێکی وەک ڕەشید یاسەمی کە مێژووی کورد دەلکێنن بە پارسەوە. عەڕەبەکان ڕیشەیەکی جن و ئەهریمەنی و دێو و درنج و شەیتانی دەخەنە ڕوو؛ تورک کە خۆی بێ ڕیشە و بێ مەوتەنە کەچی کورد بە شاخی و پاشکۆی خۆی وەسف دەکات!!
  2. لایەنی دووهەم، ئۆرنتالیسم و ڕۆژهەڵات ناسان و گەڕۆکان و مێژوونووسانی ئەوروپایین. ئەوانە کەسانێک بوون و هەن کە یان وەک توریست و گەڕۆک بە ناوچەکانی کوردەواریدا تێپەڕیون، یان وەک پسپۆڕێک و مێژوو ناسێک لە مێژووی ناوچەیان کۆڵیوەتەوە. ئەو کەسانە کە مێژووی گەلانی بێ دەوڵەت دەنووسنەوە بە داخەوە زۆرجار باری قەڵەمەکەیان بە لای ئۆتۆریتەی زاڵ بە سەر نەتەوەی کورددا دەشکێنەوە؛ چونکە گوێیان بە گێڕانەوەی ئەوان زۆرتر ئاشنا دەبێ و لە بەڵگە و دێکۆمێنتەکانی ئەو دەسەڵاتە کڵونیالیستانە کەڵک وەردەگرن، بە داخەوە دەسەڵاتی نەتەوەی باڵا دەست بە ئەنقەست دێکۆمێنتی قازانج خوازیی خۆی دەخاتە ڕوو و بەڵگە و دێکۆمێنتەکانی دیکە، یان لە ناویان دەبات یان شوێن بزریان دەکات. هەر وەک دەبینین بە تایبەت بە درێژاییی تەمەنی دوو دەسەڵاتی پەهلەوی و ئیسلامیی ئاخوندی دزی و تاڵانی ناوچە مێژوویییەکانی کوردستان شتێکی ئاسایییە و نە تەنیا پێشی پێ ناگیردرێ بەڵکو دنەش دەدرێ تاکوو ئاداری بە سەر پادارەوە نەمێنێ.

بۆ نموونە مێژوونووسێکی وەک گزنەفۆنی یۆنانی بۆ ئەوەی لە داڕمانی ئەمپڕاتۆریەتی ماد تێبگا و وەک پسپۆڕێک ڕووداوەکان تاوتوێ بکا، لە بەرپرسانی هەخامەنشی دەپرسێ. یان بۆ ئەوەی شۆڕشە مەزنەکەی ( گێئۆماتا)ی مادی لێک بداتەوە و لە چۆنیەتیی سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشە دوای شکستی ئەمپڕاتۆریی ماد  دژ بە هەخامەنشییەکان ئاگاداربێ، کە چۆنە لە هەڕەتی دەسەڵاتی هەخامەنشییەکاندا دەتوانێ حەوت مانگ دەسەڵاتی پارسەکان بگوازێتەوە بۆ ئۆتۆریتەی ماد؛ گزنەفۆن دێت و لە کەسایەتییە ناسراوەکان وسەربە دەرەوەکانی نەتەوەی ماد/کورد دەپرسێ کە پارسەکان پێیان ناساندووە. ئەو کەسانە کێن؟!  بۆ نموونە کوڕان و تایفە و تۆرەمەی “هارپاگە”ی گەل فرۆش و خۆ فرۆشە. بەڵگە و بەرهەمی مێژووییی هێرودۆت و گزنەفۆن لە زمان نەوەی هارپاگە یان نەوەی (حەوت ئەشرافیی ئاریستۆکرات)ی پارسییەوە کە دژی گێئۆماتا بوون داڕێژراوە. دیارە لە وڵامدا گێئۆماتا وەک کەسایەتییەکی خوێن خۆر و ئاژاوەگێڕ و ناجوامێر وەسف دەکەن؛ ئەو گێڕانەوە ناجوامێرانە و دوور لە ڕاستییانە و هەر وەها ئەو خەڵات و دیارییانەی کە لە لایەن خانەدانی سەڵتەنەتی هەخامەنشییەوە پێشکەشی گزنەفۆن و هێرۆدۆت کراوە، مێژوویەکی تەواو چەواشەکارانە و ئانتی ڕیئالیستانەی لێ دەئافرێت. هەر بۆیە دەڵێین باری مێژووناسیی ماد لە ڕوانگەی گزنەفۆن و هێرۆدۆتەوە تەواو ڕوانگەیەکی پارس تەوەرانەیە و تاریف تاریفی پارسە و زەم زەمی مادییە.

ئەو دەردەش وەک باقیی دەردەکانی دیکە دەکەوێتە قەوارەی دەردی بێ دەوڵەتی و بێ دەسەڵاتی خۆیی بوونەوە. هەر بۆیە بە هەموو بارێکەوە ناعەداڵەتی و نادادپەروەریی لێ دەزێتەوە.

بە دوای ڕوخانی ماد، لە چاخی دێرینەوە هەتا ئەمڕۆکە پرسەکان بۆ مانەوەی خۆیان لە سەر کورسیی دەسەڵات و کلۆنیالیزم بوونیاندا دوو هێڵی هاوتەریبیان دەستنیشان کردووە:

  1. شێواندن و شوێن بزر کردن و وێران کردنی فاکتە مێژوویییەکان. تێکدان و گۆڕینی دێمۆگڕافیای ناوچە کوردنشینەکان، پەراوێز خستنی کلتورو زمان و ئایین و مۆسیقا و….. ماد.

بە شاهیدیی مێژوو، پارسەکان لە کلتور، زمان، مێعماری، موسێقا، ئایین ….ی مادی بوونە خاوەن هەموو فەکت و ئەرزشە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە: لە سەر ئایینی میترائیسمی/مادی. ئایینی زەردەشت بنیاد نرا. ئەهورامەزدا بە جێگای میترای مادی دانراوە. بە جۆرێکی کە هەرچی میترا پەسندی کردبوو ئەوان بە بارێکی دیکەدا و بە ڕەنگێکی دیکە دایانڕشت. سونبول و توتمی ماد/کورد .شێر(هێز)، مار( زەویی کشتوکاڵی). لە پارس/فارسدا. گا، لە بەرانبەر شێر دادەنرێ. داڵ لە بەرانبەر ماردا دانراوە. مار هێما و توتمی ئەندێشەی زەوی و ڕئالیستییە و داڵ هێمای ئەندێشەی متافیزیکی و ئیدەئالیستییە. هەر بۆیە لە زۆربەی بەردەنوس و بەڵگەنامەکانی سیلسیلەی پارسدا ڕاوە شێر و شێر کوشتن وەک بەها و کلتورێکی نەتەوەیی سەیر دەکردرێ. هەر وەک قوربانی کردن و کوشتنی گا و ڕاوە بەراز هەتا ئێستاش نماد و توتمی کوردی/مادییە.

تەنانەت هونەر و مێعماریی مادی دەبێتە ئۆتۆریتەی هونەری پارس. هێرۆدۆت دەڵێ: پارسەکان لە زۆر شتدا لە مادەکانەوە فێر دەبوون وەک: بە جێگای بەردە نووس و گڵێنە نووسی، لە مادەکانەوە فێر بوون لە پێستی ناسک و تەنک و پێنووسی تایبەتی کەڵک وەرگرن. لە بیناسازی و بە تایبەت دروست کردنی کۆڵەکەی بەردین و بەرین، تەنانەت ئەو وەستا و مێعمارانە مادی بوون کە “تەختی جەمشید” و پێرسپۆلیسیان ساز کرد، بە تایبەت کۆڵەکە بەردینەکان. هێرۆدۆت دەڵێ پارسەکان تەنانەت یاسای ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیش لە مادەوە فێر بوون و ئەوانیان بە مامۆستای خۆیان دەزانی.

لە ئەدەبیاتیشدا، فەرەیدوون/ کوروشە. ئەژدیها، ئاژدیاک/ئاستیاگە، واتا دوایین پادشای ماد. هەر وەها داریوش لە بەرانبەر گێئۆماتا دادەنێن کە پارسەکان بە بەردیای درۆزن دەیناسێنن. بە واتایەکی ڕوونتر فردەوسی بە چاوێکی سووک لە پیرۆزییەکان و بنەماکانی کورد/ماد دەڕوانێ. ڕۆستەم هێمای ئایینی مێهر/میترایە و ئەسفەندیاریش هێمای ئایینی زەردەشتییە. مەبەستم ئەوەیە تەواوی چرکە ساتەکانی مێژووی فارس مل ملانێیەکی چڕوپڕە لە گەڵ کلتوور و هێما و تووتم و ئۆتۆریتەی کەونارا بوونی ماد/کوردە.

بە گشتی دەتوانین بڵێین پارس هەموو ئاکار و هونەرێکی پەسند و ئەکتیڤی لە ماد ستاند و خۆی پێ گرت و ڕیشەی مادییەکەی لە بەین برد و بە دریژاییی مێژوو هەر لە گەورەییی مادیان کەم کردەوە و کەمایەسیی خۆیان پێ گەورە کرد. خۆیان کردە نەتەوە و ماد/کوردیان کردە تایفە و “قەوم”

لە ڕوانگەی کوردەوە دەتوانین بڵێین مێژوو نوسانێکی کە لە سەر کلتوور و مێژووی کوردیان کۆڵێوەتەوە دوو دەستەن:

یەکەم: ئەو کەسانەی لایەنگریی کورۆش و پارسیان کردوە وەک: گزنەفۆن و هێرۆدۆت.

دووهەم: لە بەرانبەردا هەتا لە سەردەمی هەخامەنشییەکان دوور دەکەوینەوە  مێژوو نووسانی بێ لایەن و بە ئینسافمان دێتە بەر چاو، وەک ویل دۆرانت. داندایۆف. شاندۆر. هێرتێسفێڵد و…. کە زۆرجار لە بێ ڕەحمی و خوێن خۆریی کورش چاو پۆشییان نەکردووە و گێئۆماتا و فەرەوەرتیس و مەزدەک و … باشتر دەناسێنن.

  1. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی هەخامەنشییەوە هەتا ئەمڕۆ، شەڕێکی پڕۆپاگەندەییی داپڵۆسێنەرانا وەگەڕ خراوە. هەرجارەو بە ناوێک: نەتەوە، ئایین و ئایینزا، سنوور، ژێئۆپۆلێتیک‌ و زۆر چەمکی دیار و نادیاری دیکە. لەو لاوە بۆ شکاندنی کەسێتی و تێک شکانی نەتەوەخوازیی کوردی، ناو و ناتۆرەی سووک و بێ بنەمایان لە سەر داناوین. وەک: ئەژدیها، توورانیان، دێو،  ئەهریمەن و زوحاک، زەندیق(بێ دین)، ئاژاوەگێڕ، جیایی خواز، سەر بە بێگانە و ئەمپریالیسم و……

هەر لە شۆڕشی گێئۆماتا کە لە سەردەمی پاشایەتیی کەمبوجییەدایە. کەمبوجییە نەسیحەتی بنەماڵەکەی دەکا و دەڵێ: هەتا بۆتان دەکرێ نابێ بێڵن ماد سەر بەرزەوە بکات و هەتا دنیا بە دنیایە دەبێ لە سەرکوتدابن. ( چونکە سەرکوتی کورد/ماد لە سەربەرزیی و مۆنۆپۆلی دەسەڵاتی پارسیزمدایە). دوای شکستی ئیمپڕاتۆریەتی ماد ئەو قەوارە بەرینەیان لە ناوچەیەکی جوگرافیی سەرووی زاگرۆسەوە قەتیس کرد و ناویان نا ” مادی بچووک”. ئەو سەرکوت و بێ حورمەتییە ئەوڕۆش خەست‌تر و ڕەشەکوژانەتر درێژەی هەیە. تەواوی شەڕی فارس دژ بە کورد بۆ ئەوەیە تاک تاکی کورد، خۆی بدۆڕێنی و نوستالێژییەکی بێ بنەما و تەواو نائومێدانەی بخرێتە مێشکەوە. واتا: خۆ بە کەم زانین و خۆ دۆڕان( ئلیناسیۆن).

کارتێکەریی پڕۆپاگەندەیی و شەڕی ڕەوانی و نەرمی فارسیزم بۆ داڕمانی کەسایەتی و ئیلیتی کوردییە. بە داخەوە زۆرجار تاکی کورد لە بەرانبەر فارسدا خۆی دەدۆڕێنێ، دەست و پێی خۆی ون دەکات.

لە کەم میدیا و ڕاگەیێنەری فارسدا دیتراوە، کاتێ کەسایەتییەکی چالاک و ئەکتیڤی سیاسی، مەدەنی و ئابوریی کورد بانگ دەکەن بە جێگای گوللـە پرسیارێکی ئاراستە نەکەن، ” ئایا تۆ جیایی خوازی؟!” یانی ئایا تۆ دەتهەوێ لە ئێران جیا ببیەوە. لێرەدا دوو ترس و وەهم زاڵە.

یەکەم ترسی پرسیارکەر بۆ ئەوەی هەر لە سەردەمی مادەوە ترسی ئۆتۆریتەی ماد/کوردی هەر لە دڵدایە و پەیتاپەیتا بە پێی ڕەوتی زەمان ترسەکە لە خۆی دوور دەخاتەوە و دوژمنەکەی واتا بەرانبەرەکەی کە کوردە، پێی دەترسێنێ کە، ئاگادار بە و لە بیرت نەچێ تۆ ژێر دەستەی مێژووییی منی و سەرکوت کراوی دەستی خۆمی.

دووهەم، ترسی لایەنەکەی بەرانبەر یانی کەسایەتیی کورد، ترسێکی دێرینی خراوەتە دەروونەوە کە وەک جەغزێکی ناجوامێرانە ختۆکەی دڵی دەدا و وەک دۆڵپا بە سەر شانی مێشک و ئەندێشەیەوە قورسایی دەکات. هەر بۆیە دەبینین کەم یەک لەو کەسایەتییە کوردانە توانیویانە وڵامێکی پڕ بە پێست و پڕ مانا بە گورچوی بەرانبەریاندا بدەن.

ئەوەی تاکوو ئێستا باس کرا سەلماندنی ئۆتۆریتەی ترسە کە بە درێژاییی مێژوو، کولۆنیالیزمی لۆکاڵی بە سەر کوردیدا  تاپۆ کردوە.

هەر ئەو ترسەیە کە پێمان دەڵێن: کورد شەڕڤانێکی بێ وێنەیە کە هەموو پیرۆزی و سەرکەوتنەکانی چەندین ساڵەی بە دانیشتنێکی چەند سەعاتەی سەر مێزی وتووێژ دەدۆڕێنێ. واتا لاوازیی دیپلۆماسییەت و دیالۆگ. هەر بۆیە کەم سەرکردەی کوردە لە پشت مێزی بە ناو ئاشتی و دیپلۆماسی بە سڵامەتی رزگاری بووبێ.

شک لەوەدا نییە کە دیپلۆمات بوون و گفت و لفتی دانوستانکاری کورد لە چاو ڕابردوو، زۆر بەهێز و بە دیسیپلین  و شارەزاترە و هەر دەبێ وابێ و چاکتریش بێ.

سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران و دوای شەڕی سێ مانگە دەسەڵاتی سانتڕاڵی تاران کە شکستێکی سەختی خوارد و لە ئۆپۆزسیۆنی کوردی داوا کرد شەڕ ڕاگیرێ و وتووێژ بکەن. هەموو لایەک دەزانین ئەو فورجەیە بۆ خۆ ڕێکخستنەوە بوو نەک بۆ ئاشتی و ڕێز لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، لەو کاتەدا کورد باڵانسی هێز بوو بەڵام شەڕی ڕاگرت و بە بڕوای من دەبوو شەڕ و وتووێژ هاوتەریبی یەک‌ و هەنگاو بە هەنگاو بڕواتە پێشێ. بێ شک ئەوکات دەسەڵاتی دۆگمی تاران نەیدەتوانی بە ئاسانی و بە گاڵتە دانوستان بکات.

بو نموونە: ئەم ڕۆژانە تاڵبانی ئەفغانستان بەو فکر و ئایدیایە کۆنە پەرستی و فەندەمینتاڵییەیەوە خەریکی دانوستاندن لە گەڵ گەورە هێزی دنیایە، بەڵام هێشتا شەڕی ڕانەگرتووە و زەبری خۆی هەر دەوەشێنێ. یان ئۆپۆزیسۆنی فارک لە کلۆمبیا هەتا ئەو کاتەی جەوهەری واژۆی ئاشتی کە سێ ساڵ زیاتری خایاند ویشک نەبوەوە لە شەڕ و خەباتی خۆیدا بەردەوام بوو.

لە سەد ساڵی ڕابردووەوە هەر بزاڤ و ڕێکخستنێکی کوردی سەری هەڵداوە بێ شک جیاییخوازییان وەپاڵ داوە. یان پێی کوتراوە ئەشرار، یان نۆکەری ئیستیعمار. هەموو ئەوانە و زۆر دروشمی دیکە ئۆپۆرتۆنیزمێکی ڕاسیزم خۆازانەیە. بە قەولی کوردی  «بەشی خۆم بۆ خۆم بەشی تۆش دەخۆم».

لەمڕۆکەی جیهانی مۆدێڕندا میدیا و سۆشیال میدیا کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان لە سەر تاکی کۆمەڵگا هەیە، سەردەمانێک بولشویکەکان دەیانکوت: ڕۆژنامەیەکی بە بڕشت کە ئۆرگانی ناوندی ئۆپۆزیسۆن بێ، ڕەگی حەیاتی هەر حیزبێکە. ئێستاش لەدنیای پێوەندییە خێراکاندا و لە جەرگەی دەسەڵاتی توتالیتاریستی سەدەی بیست و یەکدا و ئەویش دەسەڵاتێک لە چەشنی لۆمپێنی ئیسلامییەکەیدا، میدیا و سوشیال میدیای کوردی دەبێ ئاوانگاردی خەباتی میللی/دێموکراتیکی گەلی کورد بێ. گەورەترین ئەرکی سەر شانی میدیاکاری کورد ئەوەیە، کۆمەڵگای کورد لەو ڕاستییە ئاگادار بکاتەوە کە تۆ نەتەوەیەکی سەربەخۆ و جیاوازی‌ و دەبێ شانازی بە خۆت و سێلێبریتی خۆتەوە بکەی. دەبێ لە باری فکری و ئەندێشەی مودێڕنەوە ئیلیتی کورد دێسانترالیزە بکرێ.

تاکی کورد و چینی مامناوەندی و ئیلیتی کوردی ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکات کە کوردیش هیچی لە نەتەوەکانی باڵادەست کەمتر نییە و ئۆتۆریتە و دەسەڵات مافی سەرەکیی خۆیەتی. هەر بەو پێیە کوردستان تەوەری بە تیوری و بە پڕاکتیگ خوازانە ئەرکی هەمیشەیی و دایمیی هەر تاکێکی ئەمڕۆی کورد بێ. چونکە دەبێ هەموو لایەک ئاگاداربێ کە خەبات ڕەهەندی جوراوجۆری هەیە، وەک چەکداری، چالاکیی مەدەنی، چالاکیی ئەدەبی/فەرهەنگی، ژینگەیی، کلتوری، هونەری و…. بەڵام خەبات کات و ساتی دیاری کراوی نییە. چونکە لە هەر کات و ساتێکدا دەبێ چالاکی وخەبات لە بەر چاو بێ و پێشڕەوی هەمو ئەرک و کردارێکی ژیانی شەو و ڕۆژمان بێ.

ڕاستە کورد بە درێژاییی مێژوو، نەتەوەیییەکی پاسیف و خەباتکارێکی ماندویی نەناس و شێلگیر و مرۆڤ دۆست بووە. واچاکە لە بەرانبەر دوژمناندا لۆژیکێکی ئانتاگۆئیستیمان هەبێ تاکوو دوژمنان بە ڕوانگەیەکی دیکەوە لێمان بڕوانن. بە واتایەکی دیکە یانی فەرامۆشکار نەبین. هەر وەها تاکی کوردی نابێ بۆ ساتێکیش لە خەبات و چالاکی سڵ بکاتەوە. بۆ کورد لەمڕۆکەی زەمەندا: ژیان یانی خەبات، خەبات یانی ژیان.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان