ئارامتر بخوێنەوە!

دەسەڵات و کۆمەڵگا

لە نێوان بیرکردنەوە و فەرامۆشیدا

مامەند عەلیار

ئاماژە

ئایا سیستەمێکی نەتوانای فیکری و سیاسی بە ئایدۆلۆژیایەکی توندئاژۆ و چەقبەستووەوە دەتوانێ بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا خاوەنی فکر و «بیر کردنەوە » بێ؟ پرسیارێکی بنەڕەتی کە بەردەوام دوو تاقم لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگای ئێمە بیری لێ دەکەنەوە و دەیورووژێنن و هەڵبەت لەسەر وڵامەکەی تووشی کێشەی بنەڕەتی دەبن؛ ئەگەرچی لە ڕاستیدا ساکار دەنوێنێ، بەڵام وڵامەکان و وردبوونەوە لە ئاکامی ئەو وڵامانە قووڵایی و هەستیاریی پرسیارەکەمان بۆ دەردەخا.

رەنگە زۆر وڵام بۆ ئەو پرسیارە نووسرابێ یان بە شێوەی خولیا و کەڵکەڵەی تاکەکەسی و نەنووسراو، ختووکەی زەینی ئینسانی ئەمڕۆیی بدا. لێرەدا دوو سەری هێڵێک دەخەمە بەرچاو و خوێندنەوە نێونجییەکان جارێ وەلادەنێم.

جەمسەرێک کە بە خۆش بینییەوە پێی وایە سیستەمێکی ئاوا کە تا سەر ئێسقان کۆنەپارێز و خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی نەگۆڕ و چەق‌بەستووە، لە ڕاستیدا نە بیرێکی هەیە و نە بیرێک بەرهەم دێنێ، بەڵکوو لە ڕابردوو و سەرچاوەکانی پێشووی کە ئێستا لێڵ و بۆگەنیش بوون پاراو دەبێ و پلانێکی بۆ بیرکرنەوە لە دۆخی ئینسانی ئێستا نییە. بە واتایەکی ڕوون‌تر ئەو جەمسەرە پێی وایە لە بنەماوە سیستەمێکی لەو شێوەیە، توانای بیرکردنەوە و بەرهەم‌هێنانی سامانێکی فیکریی نییە و بۆ دڵنیاییش دەڵێن “ئەو چەشنە بیرە کە ڕیشەی لە جۆرێک لە بەربەرییەت و وەحشیگەری” بە واتا یوونانییەکەیدایە، ناتوانێ بیر بکاتەوە و تەنیا بە پێی زاتی خۆی وێران‌کەرە و بەربەرەکانی و دژوەستانیشی کارێکی سانایە.

جەمسەرێکیش پێیان وایە ئەوە سامانی ڕابردووی ئەو سیستەمەیە کە خەزێنەی لەبڕان نەهاتووی بیری وێرانکەری بۆ بە جێهێشتوون و ئەوانیش نەک ئێستا بەڵکوو بیری بایەگانی‌کراوی پێشوویان بۆ بەڕیوەبردن و دژایەتی و هێژمۆنی ئێستایان دەکار دەکەن و لە ئاکامدا دیسان ئەو شێوەیە چون ناکارامەیە ناتوانێ بیرێک بەرهەم بێنێ.

بۆ گەڕانیکی وردتر بە شوێن سەرەداوی وڵامیکی ترسێنەر و هەڵبەت دڵنیاکەرەوە، بۆ پلانی ئێستا و داهاتووی ئەو مرۆڤانەی کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی وادا دەژین، کێشەیەکی لە گوێن کێشەی بەرباس لە ئەورووپا و لە زمان “ئالێن بەدیو” فیلسووفی بە توانای فەڕانسەوە دەکەمە بناخە بۆ شیکارییەک کە بتوانێ هێندێک ڕووناکایی بەو کەشە تاریک و تەماوییە ببەخشێ کە لە پرسیارەکەدا زەقم کردەوە.  لە کتێبی “ئەو سەدەیەدا”، “ئالێن بەدیو” باسی سەدەی بیستەم دەکا و گۆشەنیگای جۆراوجۆر بۆ پێناسەی بابەتێک بە ناوی سەدە دەخاتە ڕوو. ئەوەی سەدەیەک چەندە و لە کەیەوە تا کەی دەخایەنێ و ئایا هەمیشە پێناسە و کاتێکی دیاری کراو، واتە سەد ساڵی ڕەبەق بۆ ناسینی سەدەیەک پیویستە؟ لە ئاکامدا ئەوەی پێمان دەڵێ  ئەوەیە کە ئەو، سەرهەڵدان و ماوەی خۆ دەرخستن و ئاوا بوونی شێوە بیرێک بە نیشاندەر و پێناسەی سەدە دەزانێ و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە پێناسەی جیاواز و کاتی جیاواز و ئاکامی جیاواز بگەین. بۆ وێنە بە پێی ئەوەی لە کام گۆشەوە و بە پێی سەرهەڵدان و مەودای کاتیی ژیانی کام بیرکردنەوە، لە جیهان بڕوانین، کات و پێناسەی سەدەیەک جیاواز دەبێ. سەدەی ئەستالین یان سەدەی لیبڕاڵ، سەدەی نازیسم یان سەدەی مارکسیسم و …

دواتر بابەتێکی دیکە دەخاتە ڕوو و دەڵێ: ئێمەی فیلسووف کارمان بەوە نییە لەو سەدەیەدا چی ڕووی داوە، بەڵکوو قسە و کەڵکەڵەی ئێمە ئەوەیە لەو سەدەیەدا “بیر لە چی کراوەتەوە”.

ئەوەی کە بیر لە چی کراوەتەوە دیارە خاڵی کێشەیەکە کە “ئالێن بەدیو”  دەستی لە سەر دادەنێ. چون بە ڕای ئەو تاقمیکی زۆر پێیان وایە لە ڕاستیدا هەندێک لە سیستەمەکان نەتەنیا بیریان نەکردووەتەوە بەڵکوو دەکار کردنی وشەی بیرکردنەوە بۆ ئەو سیستەمانە یاساخ و بڤەیە و دەبێ حاشا لەوە بکرێ کە ئەو سیستەمە تۆتالیتێرانە بیریان کردبێتەوە. بۆ وێنە کاتێک پرسیار دەکرێ “نازییەکان بیریان لە چی دەکردەوە؟” لە ڕاستیدا ئەو تاقمە هەر لە بنەما ڕا پرسیارەکە بە ناڕەوا دەزانن. بەدیو پێی وایە پێش گرتن بەو پرسیارە و ئاستەنگ سازکردن بۆ  بیرکردنەوە لەوەی کە نازییەکان بیریان لە چی دەکردەوە، بێ گومان کێشەیەکمان ئاوقا دەکا ئەویش ئەوەیە کە؛ “تا نەزانین نازییەکان بیریان لە چی دەکردەوە، ناشزانین چییان کردووە.” ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێش بە پێکهێنان و بیچم بەخشی و سورەتبەندی سیاسەتێکی ڕاستین بگیرێ کە ببێتە هۆی بەرگرتن لە کردەوەکانی ئەوان. ئەوەی پێمان وابێ نازیسیم یان هەر سیستەمیکی سەرکوتکەر و بەڕبەڕیی دیکە بیر ناکاتەوە خۆی هەڵگری “بزاڤێکی شاراوەی پاکانە بۆ کردنە”.

ئەو کێشەیە ئەگەر لە سۆنگەی ئەو بیرە وردەی بەدیو لێک بدەینەوە و بۆ خوێندنەوەی سیستەمی داسەپاو بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا  کەڵکی لێ وەربگرین، دەبێ بپرسین ئایا لە سیستەمێکی داخراوی کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کە کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە دیاریی هێناوە، هەر لە بنەماوە سیستەم بۆ بەڕێوەبردن و چۆن لە خشتەبردنی کولتوری و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیر دەکاتەوە یان نا مودێلێکی نەگۆڕ هەیە و هەر ئەو مودێلە ڕەچاو دەکرێ؟

بە پێی هەموو ئەو ئاڵ‌وگۆڕانەی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە چوار دەیەی ڕابردوو هاتووەتە پێشێ، بەرز و نزمیی زۆر لە چەشنی پلان و پیلانە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی سیستەم لە کوردستان وەبەرچاو دێ. چون مەجالی ئەو نووسراوەیە کورتە ناکرێ کۆی ئەو کێشانەی کە لە دەیەکانی شەست و حەفتای هەتاوی بە چەشنێک بە سەر کوردستاندا سەپان و هەروەها مودێلێکی جیاواز و شێوە ڕوانینێکی دی کە لە حەفتاوە تا هەشتا ڕەچاو کراوە و پاشان وەرچەرخان لە سەردەمی دوو دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد بخەینە بەرباس.

باسی ئەو کورتە نووسینە “بیرکردنەوە و پلان و پیلان”ی نوێی سیستەمە لە دوو ساڵی ڕابردوودا و هەڵبەت پێشتریش لەگەڵ ڕمێنی کەشی مەجازی و ڕاگەیەنە مەجازییەکان پێشینەیەک لەو بیرەی ئێستا بە پانەوە جێ‌بەجێ دەکرێ وەبەرچاو دەکەوت.

واتە لێرەدا نامانهەوێ چی گوزەراوە بخەینە بەرباس، بەڵکوو بە مودێلی بەدیو بیر لە چی کراوەتە و لە ئێستادا بیر لە چی دەکرێتەوە هێندێک تاوتوێ دەکەین، ئەویش تەنیا لە ئاستی ڕاگەیەنە مەجازی و کەسایەتییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەنا وەک ڕۆژ ئاشکرایە ئەگەر توێژەرانی بوارە جوداکان هەرکام سووچێک لە ژیانی کورد لەو بەشەی کوردستان بگرنە بەر، ئەوە دەتوانن بیرکردنەوەی سیستەم لەو بوارەدا بدۆزنەوە و بیخەنە بەر تیشکی ڕوون‌کردنەوە و تیغی ڕەخنەوە.

*

کاتێک “واڵتێر بێنامین” ڕاسپێردرا توێژینەوەیەک لەسەر مێژووی کۆمەڵایەتیی فەڕانسە بنووسێ، یەکێک لە گرینگترین کارەکانی کە نیشاندەری ئاراستەی ڕەخنەیی و میتۆدی کاری دواتری ئەو بوو، ئاوێتەی توێژینەوەکەی بوو. ئەویش ئەوەی کە ڕێبازیکی نوێی بۆ نووسین و خستنە دەستی زانیاری و ئەو کۆد و داتایانە گرتە بەر کە لە شێوەی پێشینیانی خۆی جیاواز بوو. ئەو کون بە کون و کەلێن بە کەلێنی پاساژەکانی فەڕانسە گەڕا تا بزانێ لە ناخی کۆمەڵگا و لە نێو خەڵکاندا چی دەگوزەرێ و کولتووری “بوت سازی لە کالا” چۆن ڕۆچووەتە هەناوی بازاڕەوە، هەر بۆیە ئەو کارە دوایی بە پڕۆژەی پاساژەکان یان کتێبی پاساژەکان ناوی دەرکرد. وتاری “کڕین هاوڕێ لەگەڵ واڵتیڕ بینامین” بە وردی باسی بەشێک لە پڕۆژەی پاساژەکانی ئەو فیلسووفە دەکا و لە لایەکی دیکەوە ئەو نەریتە ڕەخنەیییەش دەناسێنێ کە لە بە بوت بوونی کاڵا دەدوێ. ڕوانینێک کە تێیدا شت بە واتای کاڵایەک لە بازاڕدا پێشکەش دەکرێ وەک بوونەوەرێکی خەیاڵی و وەهمیی لێدێ و لە بەرانبەریدا کەسەکان تا ئاستی شت بوون دادەبه‌زن.  بوودریاریش هەر لەو بارەوە دەڵێ کڕین چەشنێک لە فریوی تێدایە. نواندنەوەی چێژبەخشانە، ڕازاندنەوەی جادوویی، کایەی دڵبزێو و دنەدەری شکڵ و ڕەنگەکان دەبێتە هۆی فریوی پیاسەکەر. پیاسەکەر لە ڕێگای ئەو فریوەوە دەبێتە دەکار کەر و بە کارهێنەر. (بودریار بە پێی وتاری گۆرین) کۆی کارێک کە بنیامێن لە پڕۆژەی پاساژەکاندا دەیکا لەو پێوەندییەدا و لە باسی ئەو وێنانەیە کە دۆخی پاساژ و کاڵاکان و فەزای تازە پێکهاتوو لە بازاڕی فەڕانسە دەیخوڵقێنێ.

گرینگایەتییه‌ک کە هەم بنیامین و هەم باقی بیرمەندانی قوتابخانەی فڕانکفۆڕت بە‌و بابە‌تە‌یان دا و دواتریش زۆربەی ئەو رۆشنبیرانەی خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانە و زۆر جار شۆڕشگێرانەیان لە دۆخی کۆمەڵگای چەق بەستوو ھە‌بووە‌ جە‌ختیان لە‌سە‌ر كردوە‌تە‌وە‌، رێگای خۆش کردووە بۆ وەی چەشنێک لە خوێندنەوەی نوێ بێتە ئارا و ببێتە سەرباسی زۆر یەک لە خوێندنەوەکان کە لەودا رۆڵی بزوێنەرانی کۆمەڵایەتی و میعمارانی کولتووری تێیدا بەرچاو و بە گشتی رۆڵی کولتوور و کاری کولتووری و گرینگی بزواندنی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گۆڕان گرینگ و حاشا هەڵنەگرە.

ئەگەر دونیای ئێستا بەرهەمێکی دیکەی لێ زیاد کرابێ کە ئێمەی کوردیش لەو کاڵایە بێ‌بەش نەبووین و نە تەنیا بێ‌بەش نەبووین بەڵکوو گیرۆدەی زۆر لایەنیشی بووین، ئەو کاڵایە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئەو شتە ماددی و فکرییانەیە وەک کاڵای مادی و فکری کە دەسەڵات لە فەزای مەجازیدا بە شێوەیەکی ڕازاوە و فریودەر نیشانمانی دەدا. ئەوە نییە وەک شەقام‌گەڕ و پاساژ گەڕەکانی سەردەمی واڵتێر بێنیامین، ئێستا زاراوەی وێب‌گەڕی و سایت‌گەڕی و کاناڵ گەڕی و هەموو گەڕانە مەجازییەکان بوونەتە پانتای گەڕانی نەسلێک کە بۆتە ڕێبواری ئەو کووچە و کۆڵان و ڕێگا هەراو و ڕازاوانە. ڕێگا و کووچە و کۆڵانێک کە کاڵای فیکری دەسەڵاتی تێدا داندراوە و لە هەمان کاتدا فرۆشیارانی ئەو کاڵایانەش خۆیان کڕدراو و بکەری پڕۆژەی بازاڕێکن کە دەسەڵات بە دژی ئەوان یان بۆ فریوی ئەوانی داناوە. بە واتایەکی دی، دەتوانم بڵێم هەم کاڵاکان داسەپێندراو و فریودەرن و هەم فرۆشیارانی کاڵاکان یا بەشێک لە دەسەڵاتی شاراوەی سیستەمی داگیرکارن و یان لە خزمەت دەسەڵاتدا، بەشێک لە پڕۆژەی فریو و بە لاڕیدابردنی پیاسەکەرانن کە دواتر ئاکامی نالەباری لێ‌دەکەوێتەوە و هەر ئەو پیاسەکەرانە لە شوناس و کۆمەڵگا و کولتووری خۆیان دادەبڕێ.

*

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی ئەوەی لە چل ساڵی ڕابردوودا سیستەمی سیاسی و  کولتووریی زاڵ سیستەمێکی داسەپاوی خاوەن دەسەڵات و هەڵبەت نەک خاوەن هێژمۆن بووە، تاک و کۆمەڵگای کورد دوو ئاراستەی جودایان لەو بارەدا گرتووەتە بەر. یەکەمیان سیستەمی زاڵ و سەپاوی بە زۆربەی تایبەتمەندییەکانییەوە وەرگرتووە و لە زەینیدا هەڵیتاواندووە و وەک بکەری ئەو سیستەمە جووڵاوەتەوە، گوتارێک کە ئەو ئاراستەیە بەرهەمی هێناوە مرۆڤی پەسیڤ و لە باش‌ترین دۆخیدا مرۆڤی نامۆ لە شوناسی ڕەسەن و بە دوور لە کاراکتەرێکی کوردی و نیشتمانی بووە. ئەوانەی دواجار ئەگەریش بەرهەم و چالاکییەکیشیان بووبێ هاوشانی گوتاری دەسەڵات لە نزم کردنەوە و بەرەو کزی بردنی هێزە شوناس خوازەکان و بەدی‌هێنەرانی گۆڕانکاری، دەستی باڵایان بووە و زۆر جار زەبری ئەو لایەنە گورچووبڕتر و کاریگەرتر بووە لە زەبرێک کە دەسەڵات ڕاستەوخۆ ویستوویەتی لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و نیزامە کولتوورییە ڕەسەنەی بدا. ئەویش بە چەند هۆ دەتوانین باسی بکەین. واتە ئەگەر لایەنی ناوخۆی کورد کە تەبا و هاوشانی ویستی سەردەست و گوتاری زاڵی سیاسی – کۆمەڵایەتی، کە نیگایەکی کۆلۆنیالیستییە هەنگاو هەڵدەگرێ، زووتر بە مەبەست دەگا و هەندێ جار لەوانەیە دەستکەوتیشی بۆ ئەو ئاراستەیە ببێ کە بە ئاگایانە و دژە کوردانە گرتوویەتە بەر.

ئەو تاقمە بەشێک لە حەساسییەتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد باش‌تر لە دەسەڵات دەناسن و قامک لە سەر هەندێ بابەت دادەنێن کە لە ڕواڵەتدا دیمەنێکی خۆماڵییان هەیە یان لانی‌کەم ڕواڵەتێک پێشان مرۆڤی کورد دەدەن کە ئەو ڕواڵەتە لە نیگای یەکەمدا نامۆ و دژ نانوێنێ.

دووەم ئەوەی کە ئەو لایەنە باش‌تر لە دەسەڵات دەتوانێ پلان بۆ لە خشتە بردنی ئەو سامانە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە دابڕێژێ کە دژە سیستەمە و لە هەڵوەشاندنەوەی پلانەکانیشیدا کاراتر و خۆماڵی‌تر دەردەکەوێ.

سێیەم بابەتی گرینگ لەو بوارەدا ئەوەیە کە ئەگەر هەموو ئەو پلانانە دەسەڵات و دامودەزگا ئیدیۆلۆژیکەکانی بە تەنێ بەڕێوەی بەرن و لە ڕواڵەتدا چ نیشانەیەکی وا بە جێ نەهێڵن کە نامۆیی و پرینگانەوەی ئینسانی کوردی لێ بکەوێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا لە خاڵی وەرگرتن یان گەیاندنە مەبەستی پڕۆژە فیکرییەکەیدا، دیسانەوە دەسەڵات لەگەڵ کێشەی قووڵ ڕووبەڕوو دەبێتەوە. چون لێرەدا چالاکان و بیرمەندان و شیکارانی بوارە جوداکانی کۆمەڵگای کوردی دڕدۆنگی دەکەن لە کاڵا و پلانێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی کە لەسەر دەستی دەسەڵاتی سەپاو خەریکە بە “بەستەبەندییەکی نوێ”وە دەرخواردیان دەدرێ و لە ئاکامدا ئەو کاڵایە بە سەردەستی دەسەڵاتەوە دەمێنێتەوە.

 نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو بەستە کولتووری – هونەری- سیاسییە بوو کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ژێر ناوی “کۆنگرەی مەشاهیری کورد” بە هەمو زەرافەتەکانییەوە دەیانویست پێشکەش نەوەی نوێی خوێندەواری کوردی بکەن و ئەوەی لێی بەرهەم هات شەپۆلێکی ڕەخنەگرانە نەک بە تاکە بەشداربووەکانی ناو ئەو هەڵبژێردراوانە، بەڵکوو بە کۆی مەبەست و پلان و پیلانە کولتوورییەکەی دەسەڵات و لە ئاکامدا تەنانەت بە وشیاریی کۆمەڵگای چاوکراوەی کوردی ڕۆژهەڵات وەک کاڵایەکی بۆژۆ و ناڕەسەن بە سەر دەستاندا مایەوە و جگە لە هەندێ کەسی تایبەت، تەنانەت هێندێک دڵسۆزی کوردیش کە کەوتبوونە بازنەی ئەو کایەیەوە و دواتر ئاگاداری پلان و پیلانەکە بوون، یان خۆیان لێ کێشاوە و یان دژی ڕاوەستان.

بەڵام ئەگەر کۆی ئەو کردەیە ناوی بەڕێوەبەرانی دەستنیشان نەکرابا و دەزگای وەک “دایرەی گشتی ئیتلاعات” و “سوپا” و “دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی” وەک بەڕێوەبەر بە ناوچاوانەوە نەبا و تەنیا بەسەندە کرابا بە هەندێ بنکە کە یەستا ئیعتباریان لە مەحەکی کۆمەڵگا نەدرابوو، ڕەنگە بۆیان چووبا سەر و زۆر ساناتر پڕۆژەکەی ڕێژیم سەری گرتبا. پڕۆژەی خستنە پەراوێزی تاقمێک لە ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندانی کورد، بە خستنە بەرچاوی چەند سیمای خۆشەویستی کورد و شاردنەوەی دەیان کەسی حکوومەتی لە ناو ئیعتبار و ناوبانگی ئەو هونەرمەند و کەسایەتییانە و خستنە ڕووی کۆی ئەوانە وەک پەکەیجێکی خاوەن ئیعتبار.

لە دۆخی ئێستادا ئەو ڕەوتە وەک چوار دەیەی ڕابردوو دەوامی هەیە. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا و به تایبەت لە ساڵی پارەوە، شەپۆلێکی نوێی پلان و پیلانی کولتووری – کۆمەڵایەتی دژ بە کولتوور و کۆمەڵگای کوردی و لە ڕواڵەتدا بۆ خستنە ڕووی سیمای تازە و ئەکتیڤی کولتووری لە کوردستان لە ئارادایە.

ئەو شەپۆلە نوێ‌یە هاوکات دەسەڵات لە چەند لاوە کاری بۆ دەکا. سازکردنی هێندێک بنکەی هەواڵ و شیکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە ئاراستەی خستنە ڕووی ساکارترین بابەتەکان و بڵاو کردنەوەی هەواڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە بنەمادا کار کردن بۆ چەشنێک کولتوورسازی بە مۆرکی دەسەڵاتەوە. ئەو کاڵایە لە بازاڕی مەجازیی دەسەڵاتدا زۆر جار بە ڕەنگ و ڕووی ڕازاوە یان لە پەنا هێندێک بابەتی فریودەری دیکەدا دادەندرێ و بە سەر بەشێک لە کوردی بەکارهێنەری ئەو فەزایە و چالاک لەو فەزایەدا دادەسەپێ.

تەرخان کردنی بوودجە بۆ هێندێک چالاکی فەرهەنگی کە لە ڕاستای سیاستی گشتیی سیستەمدا لەبەرژەوەندیی “سیاسەت” و “سیاسەتی زمانیی” سیستەم، شت دەنووسن و بە گشتی ئەدەب و زمان و کولتووری کوردی بە سەرچاوە پان ئێرانەکانەوە دەبەستنەوە و لە ئاکامدا بە چەشنێک خەریکی مێژوو سازییەکی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی نوێ دەبن و مێژووی دەسەڵات لە کولتوور و زمانی کوردی دەنووسنەوە. بۆ ئەو بابەتەش ئاماژە بە بەڵگەیەک دەکەم کە لە سەر “مێژوو سازیی ڕەزاخان”ی بە تازەیی دەرکەوتووە و نیشان دەدا کە چۆن ئەو ڕەوتە بە هێوری و تەنانەت ئاکادێمێک کاری بۆ کراوە و پلانی بۆ داڕێژراوە. پڕۆژەی پێشنیاری کۆی دەستەی وەزیرانی ڕەزا خان بۆ بەخشینی پارە بە کەسانی وەک “رەشید یاسەمی” و “ولادیمێر مینۆرسکی” و … بۆوەی مێژووی کورد لە بەرژەوەندیی دەسەڵات بنووسن. مێژوویەک کە کورد ببەستێتەوە بە کولتووری سەردەست و تەنانەت ئاوێتەی ئەوی کا و شوناسێکی سەربەخۆی بۆ قایل نەبێ. لەو سەنەدەدا تەنانەت ڕادەی پارەیەک کە بۆ هەرکام لە سێ مێژوونووسەکە دیاری کراوە نووسراوە و ڕەزا خان دەستووری لەسەر داوە و دواتر هەر ئەو مێژووانە بڵاو کراونەتەوە. جا بە پێی میتۆدی کارەکەیان ڕەنگە کەسێکی وەک مینۆرسکی هێندێک جیاوازتر و پابەندی میتۆدتر نووسیبێتی. (ئەو سەنەدە بە زوویی بلاو دەکرێتەوە)

سێیەم بابەت لەو بوارەدا سیاسەتی سیستەمە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو کەسانەی ڕێگایەکی جودای کولتووری و کۆمەڵایەتی دەگرنە بەر. واتە یان بە پێی تێگەیشتنی زانستی و دروستی خۆیان لە ڕەوتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان و یان بە پێی پێداویستیی هاوزەمانی نەتەوە و وڵات و شوێن-کاتی خۆیان، خەریکن بۆ بەرەو پێش بردنی نەخشە ڕێگایەک و خەمڵاندنی و بە کردەیی دەرهێنانی، هەنگاو هەڵدەگرن و بەرە بەرە لە هەزارەی تاریکییدا ئەوان سەردەمی ڕۆشن‌گەریی خۆیان دەخەنە بەر دەم تاک بە تاکی ئینسانی وڵاتەکەیان. ئەو تاقمە کە بە خۆشییەوە خۆبەخشانە و بە دوور و بەدەر لە ویستی دەسەڵات و لە پێناو ئیڕادەیەکی “فۆکۆ” گوتەنی “رووەو زانیاری” نەک “رووەو دەسەڵات” خشتی نوێ وەسەر ئەو شوورەیە دەخەن کە پێش ئەوان و لە سەردەمی “ئەحمەدی خانی” و پێش ئەویشەوە خەونی بۆ دیتراوە و وەردە وردە بینا کراوە. لە ئێستاشدا کە ڕەوتەکانی ڕەسانەیی و تەوژمی زانیاری هەڵە/راست لەوپەڕی خۆیدایە، جێگە و پێگەی ئەو تاقمە بۆ کورد و زمان و کولتوور و کۆمەڵگای کوردی بایەخی مان و نەمانی هەیە.

بۆ ئەو بڕگەیە دەبێ کەوانێکی دی بکەینەوە. دەسەڵات و کۆمەڵگا و لە ئێستادا هێزە کوردییەکان، هەر کام چ ئاراستەیەک لە بەرانبەر ئەو تاقمەدا دەگرنە بەر. لە درێژەی نووسیندا و وەک ئاکامی باس دووبارە دەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەش و ئەگەریش وەک ئاکام‌گیری نا، بەشێوەی تایبەت ئاوڕێکی لێ دەدەمەوە.

دەسەڵات بە مەبەستی ناکارا کردنی ئەو چالاکە کولتووری و کۆمەڵایەتییانەی لە ناوخۆ بە کار کردنی ڕەسەن و مەبەستی ڕۆشنگەری و بردنە سەری ئاستی زانیاریی تاکی کورد حەول دەدەن، بەر لە هەموو شت دەستی داوەتە “نەهاد سازی” و تەنانەت “کەسایەتی سازی” و ئەوانە وەک نەهاد و کەسایەتی ئیدئالی خۆی بە کۆمەڵگای کوردەواری دەناسێنێ و دەیانکاتە سەرچاوە بۆ بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا کە ئاگاداری پلان و پیلانی سیستەم نین. دانانی زۆر بنکە و ماڵپەڕ و گرووپی تێلگرامی و لاپەڕەی فەیسبووکی و ناوەندی تەنانەت کوردۆلۆژی و … لە ژێر ناوی جودا جوداوە، لەو کارانەیە لە مێژە کاری بۆ دەکرێ و هەزینەی لێ دەکرێ. ناوەندەی وەک “کورد پرێس” و کاناڵی وەک “موکریانی مەهاباد” و “زریانی موکریان” و “دیپڵۆماسی ئێرانی” بەشی تایبەت بە کوردستانەکەی و … نمونەیەک لەو ناوەند و فەزایانەن بە مەبەست و بیرلێ کراوە سیستەم یان خۆی دایمەزراندوون و یان بە تەرخان کردنی سامانی فیکری و ماددی، کەسی کوردی بەتاڵ لە شوناس و تەنانەت دژە شوناسی بۆ ڕاسپاردوون و پلان و پیلانی سیستەم لە هەموو بوارێکەوە دەبەنە پێش و زۆرجار فریودەرانە بوونی هێندێک لە کار و چالاکییەکانیان و بەشێک لە دوژمن‌کارانە بوونی بیرەکەیان دادەپۆشێ و زۆرجاریش بە پانەوە نووکی ڕمبیان لە دڵی شوناس و شوناس سازانی کورد دەچەقێنن. ئەگەر بمهەوێ نموونەیەک بۆ ڕوون‌تر بوونەوەی مەبەست بخەمە ڕوو، دەکرێ ئاماژە بە چەشنی دەکارکردنی وشە و دەستە وشەکان، لە ئامادە کردنی هەواڵێکدا بکەم. زۆربەی جاران ئاراستەی هەواڵەکانی بەشی کوردستانی هەموو ئەو ناوەند و کاناڵە سەر بە سیستەمانە، ئاراستەیەکی ئەمنییەتی و سەتاسەد حکوومەتییە و بەنموونە لە هەموو ئەو سەرچاوە باس‌کراوانەدا زۆر بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی کورد بە لاڕێدا براون. بۆ وێنە لە گێڕانەوەی تێکهەڵچوونەکانی پێشمەرگەی هێزە کوردییەکان بە گشتی لە گەڵ لایەنە چەکدارە حکوومییەکان، لە دەکارکردنی دەستەواژەی “تیرۆریست “هیچ پرینگانەوە و ترسێکیان نەبووە. دەکار کردنی ئەو دەستەواژەیە بە نموونە بۆ پارێزەرانی بەشێک لە بەدیهێنەرانی سەروەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پەنای هەواڵی فستیوالی شایی و کێ‌بەرکێی ئەسپ سواری و هەندێ وردە بابەتی زەردی ڕۆژنامەیی، لە درێژماوەدا، جێگیر بوونی ئەو ئەدەبیاتە لە نێو نەسلێک دا بەدی دێنێ کە پێشینەی ئەو وەسفانە نازانن  کە بۆ وەها هێزێک دەکار کراوە یان لانی کەم ئەو چەشنە لە سووکایەتی کردن بە شوناس سازانی کورد له لایان گرینگیی لە دەست دەدا. هەڵبەت ئەگەر کورد لە دەرەوە و ناوەوە پلانی بۆ بەرامبەرکێ لەگەڵ ئەو چەشنە ئاراستەیە بێ، نە تەنیا ئەو کایەیە لەبەرژەوەندیی دەسەڵات تەواو نابێ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئاکامی نالەباریشی بۆی دەبێ و ئەو بابەتەش باسێکی جیاواز هەڵدەگرێ. ئەوە تەنیا بە نموونە و بۆ دەرکەوتنی گۆشەیەک لەو کارە هێور و دژە کوردە خرایە ڕوو، دەنا بە هەزاران نموونە لە بوارەکانی دی هەن کە لە چوارچێوەی بەستەی هەواڵیی و شیکاری و یادداشتی سیستەم خوازدا دەرخوارد خوێنەری لاو و بەردەنگی ڕاگەیەنە مەجازییەکانی دەدەن.

کۆمەڵگا یان لانی‌کەم ئەو بەشە لە کۆمەڵگای کورد کە ئەو چەشنە ئاراستەیەی دەسەڵات، یان دەست و پێوەندی سایبێری و مەجازیی دەسەڵات لە کوردستان دەبینێ، بە هۆی ئەوەی کەشی سیاسی و تەنانەت فەزای بڵاو کردنەوە هێند کپ و داخراوە، تا ئێستا لە ناوخۆ نەیانتوانیوە گوتارێکی بەرانبەر بەرهەم بێنن و ئەو ئاراستە تێک‌دەر و لاڕێ و چەواشەیە و بەڕێوەبەرانی لە قاو بدەن.

لە دەرەوەش بە داخەوە هەندێ بابەتی گشتی‌تر وەک کێشە کەڵەکەکانی سیاسەتی کوردی و سەرقاڵیی بەشێکی زۆر لە چالاکان بە بابەتی هونەری و ئەدەبی ڕووتەوە، نەیهێشتووە گوتارێکی تۆکمە بۆ بەربەرەکانی لەبەرانبەر ئەو ڕەوتە مەترسیدارە ساز بێ و تەنانەت وەکی لەسەرەتادا ئاماژەم پێ کرد، جاری وایە ئەو زایەڵەیە دەگاتە گوێ کە ئەو سیستەمە لە ڕاستیدا “بیرناکاتەوە” و پێویست نییە نیگەرانی ئاکامی نووسین و پلانەکانی بین، چون لە بیرێکی قووڵەوە هەڵنەقوڵاون. ئەگەریش جار جار هەڵوێستی جوان و ڕەسەن و شیکاریی بە پێزیش بوون، لە فەزای مەجازی تێنەپەڕیوە و تەنانەت دەتوانم بڵێم لە لاپەڕەی ئەو نووسەرەوە بۆ لاپەڕەیەکی تر ڕانەگوێزراوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبێ و کۆی ئەوانە گوتارێکیان لێ بەرهەم نەیە کە بە گوتاری جێگرەوە و دەستکەرەوە ناودێری بکەین. هەرچەند جاری وابووە کێشەیەک کە هەستیاریی گشتیی لێ ساز بووە هەموو فەزاکەی تەنیوەتەوە و کاریگەریی خۆشی داناوە. نموونەی وەک “کۆنگرەی مەشاهیری کورد” لە سنە و “کۆنگرەی مودارا و ڕەواداری” لە مەهاباد دوو نموونەی باشن.

بەڵام بە گشتی تا ئێستاش کۆمەلگای کوردی و خاوەن بیرانی ئەو کۆمەڵگایە بە دەرەوە و ناوەوە، نەیاتوانیوە پلانێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بە بەرنامە و بیرلێ کراوە و جیددی دابنێن و گوتاری بەرانبەری پێ دەمکوت بکەن.

ئەو دۆخە بۆتە هۆی ئەوەی سیستەم و دەست و پێوەندە سایبێری و ڕەسانەیییەکانی “بیر لە شتێکی دیکەش بکەنەوە”. ئەویش هێرش کردنە سەر هەر چەشنە بیرێکی شوناسخواز و ڕۆشنگەرە لە کۆمەڵگای کوردیدا. بۆ ئەو مەبەستە بە دوو شێوە دەست و پێوەندەکانی سیستەم کار دەکەن.

شێوەی یەکەم گرتنەبەری ئاراستەیەکی بە ڕواڵەت خوێندەوارانە و توێژەرانە و شیکارانەیە. ئەو شێوەیە مەبەستی کەڵە و زەبەللاحی هەیە، ئەویش کردنە نیشانەی کۆی شوناسی مێژوویی و کولتووریی کوردە. بۆیە کۆمەڵێ خوێندنەوەی هەڵە و چەوتی مێژوویی لە مێژوو، زمان و ئەدەبیاتی کورد دەخەنە ڕوو. ئەوانە بە خۆ خزاندنە فەزای ڕۆژنامەیی و سەردانی بنکە توێژینەوەیییەکانی دەسەڵات، سیمای شیکار و مێژووناس و زمان‌زان بە خۆیانەوە دەگرن و هەم جیلێکی پێ چەواشە دەکەن و هەم مێژوو و سەنەدی ناڕوون و هەڵە بۆ داهاتوو بەرهەم دێنن. ئەو کارەی لە ڕابردوودا کەسانی وەک “رەشید یاسەمی” کردیان و ئێستاش کەسانی وەک “ئیحسان هووشمەند” و دەست و پێوەندەکانی بە هاوسۆزی لەگەڵ نووسەرانی دژە کوردی وەک “گارنیک ئاساتووریان” خەریکی بەڕێوەبردنین.

شێوەی دووەم کردنە نیشانەی ئەو تاکانەی وەک کەسایەتیی خاوەن شوناس و متمانە پێ کراو لە بوارە جۆداکانی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و سیاسی لە لایەن دامودەزگای ڕەسانەیییەوە، ئەویش نەک ئەو دام و دەزگایانەی ڕاستەوخۆ مۆری سیستەمیان بە سەرەوەیە، بەڵکوو ئەوانەی مووچەخۆر و دەست‌پەروەردەی موهەندیسانی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کۆماری ئیسلامین. ئەوانە لە پەنا ئەوەی لە ئاستی وردتردا نەک لە ئاستی کەلان، وردە بابەتی پێوەندیدار بە ڕۆژنامەنووسیی ناوچەیی و پەرەستاندن و باسی کۆڵان و شەقام و … کە خەڵک ئاوڕیان وێ دەدەن، دەکەنە خۆراکی ڕۆژانەی دەزگا ڕەسانەیی و کاناڵەکانی خۆیان، لە لایەکی دیکەوە لەو کەسایەتییانەی زیاترین کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا هەیە هەڵدەپێچن و بە چەندین ئاست دەیانخەنە ژێر گوشارەوە.

یان بە سووک کردنی ئاستی کار و نووسین و یادداشتی بێ کەڵک حەول دەدەن بۆ کورت ماوەش بێ یان بیانشکێنن یان بەر بە بیر و نووسینیان بگرن و بە خەیاڵی خۆیان لە نێو جەماوەردا لە کاریگەرییان کەم کەنەوە، یان بە شێوازی “کەیهانیی” گوزارشتیان لە سەر بڵاو دەکەنەوە. گوزارشتێک کە زیاتر لەوەی دەرخەری ڕاستیی کار و چالاکیی ئەو چالاک و کەسایەتییە کاریگەرانە بێ، زیاتر ئاوێتەی توهمەت و پەروەندەسازییەکی شاراوەیە و بە گشتی خستنە بەردەستی کۆدی مەترسیدارە لە سەر ئەو کەسایەتییانە بۆوەی دام و دەزگا ئەمنییەتییەکان بەر بە چالاکی و کاریان بگرن و تەنانەت دەست بە سەر کرێن و بخرێنە بەندیخانەوە. (بە پێی بەڵگەکانی ناوخۆ لە نووسینی دواتردا ئاماژە بەو چەشنە حەولە دەکەم کە بە پێی دەقی ئەو کاناڵ و ماڵپەڕانە خۆیان بۆ شیکاری زیاتر بە دەستەوە دەدەن)

ئەنجام

نامهەوێ باسەکەم بە شێوەی باو بە وەرگرتنی ئاکام لە کۆی گوتەگان کۆتایی پێ بێنم. چون ئەوە باسی ئەوشتانە بوو کە سیستەم لە دوو ئاستی کەلان و ورددا تەنیا لە بوارێکدا “بیریان لێ‌دەکاتەوە” و پلانیان بۆ دادەڕێژێ.

ئەو نووسینە بە چەند پرسیاری جارێ بێ وڵام کۆتایی پێ دێنم. ئەو پرسیارانەی هەڵدەگرێ هەموو لایەک “بیری لێ بکەنەوە” و بەرنامەیان بۆ وڵام دانەوەی جیددی پێێان هەبێ. لە ناوخۆش هەموو چالاکانی دڵسۆز، پێویستە نە تەنیا بیری لێ‌بکەنەوە بەڵکوو دەخوازێ بە پلانێکی تۆکمەوە پشتی هەر جووڵانەوە و ڕەوتێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی بگرن کە تەنانەت بەرژەوەندیی تاکەکەسی و دەستەییی ئەوانیشی تێدا نەبێ. ئەوەی دواجار هەمووان دەبێ کۆ بکاتەوە خزانە ژێر چەتری بەرژەوەندیی گشتی و هەست بە ژانێکی هاوبەشە کە ئەگەر ئەوڕۆش بەرۆکی ئێوەی نەگرتووە، سبەی بەرەو ئیوەش دادەگەڕێ و ماری دەسەڵات و دەست و پێوەندی دژە شوناس و دژە کوردی، ڕۆژێکیش بەرەو ئێوە گەزارە دەردەکێشێ. هەر بۆیە ئەو پرسیارانە بە ڕەوا دەزانم و وڵام دانەوەیان بە ئەرکێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیرانە دادەنێم.

-هێزە کوردییەکان لە بەرانبەر ئەو دۆخە و ئەو “بیرکردنەوە سیستماتیکەی” دەسەڵات چۆن بیر دەکەنەوە و پلانیان چییە؟

-چالاکانی بوارە جوداکانی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەرەوە و ناوەوە چ ئاراستەیەک دەگرنە بەر بۆ بەرگری لە خۆیان و هاوشان و هاوڕێیەکانیان و بەگشتی چۆن “بیر لەو دۆخە دەکەنەوە” کە بەروە پەسیڤ بوون پاڵیان پێوە دەنێ؟

-گوتاری هاوبەشی هێزەکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو فەزایە ئەگەر هەر شەرمێونانە بنوێنێ و سیمایەکی ڕەخنەیی و لە قاودەری نەبێ، داهاتووی بیرکردنەوە و بوونی شوناس ویستان و شوناس سازانی ناوخۆ بەرەو چ ئاقارێک دەڕوا؟بێ هیوایی یان تێکەڵ بوون بە دۆخی سەپاو؟

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان