ئارامتر بخوێنەوە!

ڕەنگدانەوەی کورد لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی “نون خ”دا

‌هێرش ناسری


“ئەوەی کە من لێرە و لە بابەتێکی نیوە زانستیدا دەیخەمە بەرچاو، لێکدانەوەیەکی گشتی لە کۆی دوو وەرزی ئەو زنجیرە تەلەڤزیۆنییەیە، کە لە تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسالمیدا بڵاو بۆتەوە. لێرەدا تەنیا بە کورتی سەرنج دەخرێتە سەر خاڵە گشتییەکانی وەک، هۆکاری جەماوەرپەسەندبوونی زنجیرەکە، زمان و زاراوە، گرێدانەوەی کورد بە تاران، چۆنیەتیی نیشاندانی کورد و هێزە ئەرمەنییەکان لە دوو وێنەدا لە ڕووداوەکانی ناو زنجیرە تەلەفزیۆنییەکە و بە کورتی خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت.”


لە ئێرانی مۆدێڕن دا و بەتایبەتی لەوکاتەوە کە کەرەستە و بەرهەمی مێدیایی لەو وڵاتە گەشەی سەندووە لەوانەیە بە سەدان و هەزاران بەرهەمی مێدیایی لەسەر کورد، پرسی کورد و بزووتنەوەی کورد بەرهەم هاتبێ. لە دەورەی دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی زیاتر پەرە بە بەرهەمی مێدیایی بە تایبەت لە شێوەی فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی لە سەر کورد دراوە. فیلمەکانی لە شێوەی کانی مانگا (١٣٦٦)، فیلمی چ (١٣٩٢) جۆرێک لە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە کوردستان و بزووتنەوەی کورد لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییە و زیاتر ئامانجیان خراپ نیشاندانی بزووتنەوەی کورد و بەرحەق بوونی کۆماری ئیسلامی لە داگیرکردنی کوردستان بووە. دەکرێ بڵێین هەتا دەیەیەک لەمەوبەر زیاتری بەرهەمە مێدیاییەکانی کۆماری ئیسلامی لایەنی پڕوپاگەندەیان زەقتر و زۆرتر بوو، هەروەک چۆن لە فیلمەکانی کانی مانگا و چ-ش دا دەکرێ بە هاسانی لایەنە پڕوپاگەندەیی و ئەمنی-سەربازییەکە دەست نیشان بکرێن. بەڵام وادیارە کۆماری ئیسلامی بەرهەمە مێدیاییەکانی خۆی لە سەر کورد و نەتەوەکانی دیکە جگە لە پڕوپاگاندا و گێڕانەوەی تاک لایەنە و نادرووستی ڕووداوەکان، بۆ لایەنی دیکەی وەک ڕووکردنە بەرهەمی کولتووری بە تایبەتی کولتووری جەماوری (پەسەند) (pupular culture) پەرەپێداوە. ئەو بەرهەمانە زیاتر لە مێدیای ترادیسیۆن (Traditional Media) لە شێوەی تەلەفزیۆن بڵاو دەبنەوە. لاسایی کردنەوەی بەرنامەگەلی ڕۆژاوایی لە شێوەی شۆوی تەلەفزیۆنی و هەروەها بەرنامەی گەڕان بە دوای کەسانی بەهرەمەند (Talent) وەکوو (عصر جدید) لە ئێران ئاسایی بووەتەوە و بینەرێکی زۆریان تەنانەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش دا بەلای خۆیان دا ڕاکێشاوە. لە ناو ئەو بەرنامانە دا جۆرێک لە دەرکەوتن یان باشترە بنووسین ڕەنگدانەوەی (representation) کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران دەبینرێت، هەڵبەت ئەو ڕەنگدانەوەیە بە جۆرێک کۆدیان بۆ دادەنرێت کە بە گشتی ئامانج و سیاسەتی پشت ئەو بەرنامانە دەپێکرێن. بەڵام ئەوەی لەو بابەتە دا دەخرێتە بەرچاو، مەسەلەی ڕەنگدانەوە (representation) نەتەوەییەکانی ئێران بە گشتی لە مێدیای کۆماری ئیسلامی دا نییە. بەڵکوو خوێندنەوەیەک کورت دەکرێت لە سەر کۆی زنجیرە درامای (نون خ، ١٣٩٨) ئەوەی کە کورد وەک نەتەوە چۆن لەو بەرنامەیە دا پێشان دراوە. نون خ وەک هەواڵگری مێهری ئێران (٢٠ آذر ١٣٩٨) ئاماژەی پێ کردووە، لە لایەن گرووپی (فیلم و سڕیال) کاناڵی یەکی ئێران بەرهەم هێنراوە. فیلمنامەی ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە لە لایەن ئەمیر وەفایی نووسراوە و سەعید ئاقاخانی دەرهێنەری فیلمەکەیە. زنجیرەکە تا ئیستا دوو وەرزی بڵاوکراوەتەوە. وەرزی یەکەم لە شانزدە بەش پێک هاتووە و لە نەورۆزی ساڵی ١٣٩٨ لە کاناڵی یەکی ئێران بڵاوکراوەتەوە. وەرزی دووهەم لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ١٣٩٨ دا و لەهەمان کاناڵ بڵاو کراوەتەوە. هەوڵگری مێهری ئێران (٢١ آذر ١٣٩٨) وتەی سەعید فەرەجی، بەرهەمهێنەری فیلمەکەی کاتی دەستپێکی فیلم هەڵگرتن لەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە و هەروەها هەڵبژاردنی سەعید ئاقاخانی وەک دەرهێنەری زنجیرەکە بڵاوکردۆتەوە کە وتوویەتی:


“کاتێک ئاقاخانیمان بانگهێشت کرد تاوەکوو دەرهێنەریی بۆ فیلمەکە بکات، بەو شەرتە ئامادە بوو کارەکە بگرێتە ئەستۆ کە فیلمەکە دەبێ باس لە لایەنە دڵگیرو سەرنجڕاکێشەکانیش بکات و هەروەها تەئکیدی کردۆتەوە کە خۆی لە قەومی کوردە و بۆیەش دەخوازێ کار لەسەر کولتوور و خەڵکی کورد بکات”.

جێی ئاماژەیە کە زنجیرەی نون خ یەکێک لە بەرهەمەی پڕ بینەرەکانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٩٨ بووە. بەشی پێوەندییە گشتییەکانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، لە ڕاپرسییەک دا بۆی دەرکەوتووە کە زنجیرەی نون خ لە سەرجەم پارێزگای کوردستان دا ٧٨ لەسەد بینەری لە نێو دانیشتوانی ئەو پارێزگایە دابووە (هەواڵدەری مێهری ئێران ۲۰ فروردین ۱۳۹۸). هەروەها بەشی یەکەم لە وەرزی یەکەمی زنجیرەکە تەنیا لە لاپەڕەیەکی کاناڵی یوتیوب زیاتر کە ٥٠٠ هەزار بینەری بووە. ئەوە لە کاتێک دایە کە کاناڵی یوتیوب لە ئێران فیلتەر کراوە و تەنیا خەڵکانی دەرەوەی ئێران دەتوانن لەو ڕێگەیەوە سەیری زنجیرە و فیلمە ئێرانییەکان بکەن.
لەسەر بنەمای ئەو پێشەکییە ئەو پرسیارانە دێنە پێش:
ڕەنگدانەوە یان پێشاندانی کورد (Kurdish representation) لە درامای نون خ دا چۆن بووە؟
ئەو زنجیرە چۆن بنیاتی (construction) کۆمەڵگەو کولتووری کوردی نیشانداوە و دایڕشتووەتەوە؟



کولتووری جەماوەرپەسەند (pupular culture)

پێش ئەوەی کە بچینە سەر لێکدانەوەی گشتی ناوەرۆکی زنجیرەی نون خ، دەخوازم ئەو تێئۆریانە بێنمە بەر باس لێکدانەوەکە بە پێی ئەوان دەکرێت. پێشەکی بەوەوە دەست پێدەکەم کە کولتووری جەماوریی (پەسەند) (pupular culture) چییە و بە چ بەرهەمگەلێک دەوترێت جەماوەر پەسەند؟


کولتووری جەماوەرپەسەند (pupular culture)

دەیان و لەوانەیە سەدان و هەزار پێناسەی جیاواز بۆ کولتووری جەماوەریی (پەسەند) هەیە. ىەڵام جۆن ستۆری (John Story, 2018) لە کتێبی (Cultural theory and pupular culture) دا شەش لە گرنگترین و جیاوازترین پێناسەکانی بۆ کولتووری جەماوەرپەسەند (pupular culture) کۆکردۆتەوە. لێرە دا بە کورتی باس لە سێ پێناسی کولتوور دەکەم کە جۆن ستۆری لە کتێبەکەی دا هێناویەتە بەرباس. بەڵام لە پێش دا بزانین چەمکی (term) جەماوەریی (Popular) چییە. ویلیامس ((Williams: 1983 چوار مانای بۆ ئەو چەمکە پێشنیاز کردووە: “جێی پەسەند و حەزی خەڵکانێکی زۆر بێت”، “کارگەلێکی تا ئاستێکی نزم یان سەرپێیانە بێت”، “کارێکی ئاگایانە بۆ بەدەست هێنانی دڵی جەماوەر” و یان “کولتوورێک لە لایەن خەڵکەوە بەرهەم هاتبێت یان درووست بووبێت” (Williams; 1983: 237). هەرچەندە جۆن ستۆری (John Story, 2018:5) ئاماژە بەوە دەکات کە هەر جۆرە پێناسەیەک لە کولتووری جەماوەرپەسەند (pupular culture) گرێ دەدرێتەوە بە پێناسەی جیاواز و ئاڵۆزی دیکە بە چەمکی کولتوور (culture) و هەروەها ئەو جیاوازیانەی کەلەگەڵ چەمکی جەماوەریی (Popular)ەوە هەیەتی. هەر بۆیە لە پڕۆسەی بە تیۆریزەکردنی کولتووری جەماوەرپەسەند (pupular culture) پەنا براوەتە هەندێک تیۆری تایبەت بە مێژوو و بواری کۆمەڵایەتییەوە.

وەک دەستپێکیک بۆ پێناسەی کولتووری جەماوریی، جۆن ستۆری پێی وایە کولتووری جەماوەرپەسەند (pupular culture) لەسەرەتاوە وادەردەکەوێت کە جێگەی پەسەندی خەڵکێکی زۆرە و یان بە واتایەکی دیکە بەرهەمێک کە خەڵکێکی زۆر حەزی پێ دەکەن. بۆنموونە دەتوانرێ فرۆشتنی زۆری سی دییەک (CD) یان فیلمێکی تایبەت لە بازاڕ دا بە نێشانەی جەماوریی بوون یان جێگەی پەسەند بوونی ئەو بەرهەمە لە نێو خەڵک دا دابنرێت. ئەو ڕوانگەیە بۆ کولتووری جەماوەرپەسەند (pupular culture) زیاتر ڕوانگەیەکی چەندایەتییە (quantitative). هەرچەند دەکرێ لە ناو بەرهەمگەلی جێگەی پەسەند دا بەرهەمێک زیاتر یان کەمتر جێگەی پەسەندی خەڵک بێت. بۆ نموونە لە ناو کورد دا دەتوانین دوو بەرهەمی هونەریی هونەرمەندانی گۆرانی بێژ میکایل و سەعدوڵڵا نەسیری لەبەرچاو بگرێن و دواتر بە دوای چەندایەتی فرۆشی کارەکان لە بازاڕ دابگەڕێین تاوەکوو بزانین کامەیان زیاتر فرۆشرابێت و لەسەر ئەو بنەمایەش بەو ئەنجامە بگەین کە هەرکامیان زیاتر فرۆشرابێت ئەوە کاری ئەو هونەرمەندە جێگەی پەسەندی زیاتری خەڵکە. بەڵام تۆنی بەننێت (Bennett; 1986) پێی وانییە کە خۆی بەرهەمێکی زێدە فرۆشراو یان باشترە بڵیین ئەنجامێک لە بەراوردیی چەندایەتیی (quantitative index) بۆ بەرهەمگەلی کولتووری بە تەنیا پێناسەیەکی گونجاو بۆ کولتووری جەماوەرپەسەند (pupular culture) بداتە دەستەوە. بەننێت دەڵێ هاوکات لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی چەندایەتی کارێک دەبێ گرنگی ناوەرۆکی بابەتێکی بڵاوکراوەش لەبەرچاو بگیرێت و هەروەها لە نێوان بەرهەمە کولتوورییەکان دا جیاکاری بکەین بۆ نموونە لە نێوان کتێبێک دا کە خەڵکانێکی زۆر دەیکڕن و ناوەرۆکێکی بە پێزی هەیە، تا ئەوەی کە کتێبێک بە ناوەرۆكێکی سادەتردەوە لایەنگری زۆر بێت (Bennett, 1986: 20–1).


دووهەمین پێناسە بۆ کولتووری جەماوەرپەسەند (pupular culture) مەسەلەی مانەوەی ئەو کولتوورەیە. واتە کولتوورێک کە لە ناو خەڵک دا دەمێنێتەوە و وەکوو کولتووری بەرز دەناسێندرێ و کولتوورێک کە زیاتر لە ماوەیەکی زەمەنی دا جێگەی پەسەندە نامێنێتەوە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە کاری شانۆیی بەرز بکەین و کە چ وەک دەق و چ وەک ئەکت دەمێننەوە. بەڵام لەوانەیە شانۆیەک لە قوبانخانەیەک بە ناوەرۆکێکی سادەوە نمایش بکرێت و قەت لە ناو خەڵک دانەمێنێتەوە. جۆن ستۆری (John Story, 2018:6) وێڕای پشتڕاستکردنەوەی مانەوەی کولتووری بەرز، سەبارەت بە پێناسەیەک بۆ کولتووری جەماوەری دەنووسێ “کولتووری جەماوەریی (پەسەند)جۆرە کولتوورێکە کە ناتوانێ بگاتە ئاستی کولتووری بەرز (qualified)یان بەواتایەکی دیکە هیچ بۆشاییەک پڕ ناکاتەوە و نامێنێتەوە. هەروەها پەسەند بوونی بەرهەمێکی کولتووری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندی بە حەز و ئیشتیای جەماوەرێکەوە هەیە و نیشاندەری ئاستی پێگە و بەرزی و نزمی پلەی کۆمەڵایەتیی (Class)ی ئەو جەماوەرەیە. مەسەلەیەکی کە کۆمەڵناسی فەڕەنسایی پییەر بۆردیۆ (Pierre Bourdieu) باسی لەسەر دەکات. بۆردیۆ (1984:4) باس لە پلەی کۆمەڵاتیی سەرفکردنی کولتووری دەکات و دەڵێ: ئەوەی کە خەڵک چ جۆرە کولتوورێکی پێ خۆشە “ئاگایانە یان نائاگایانە دەرخەری ئەو ئاست و پلە کۆمەڵایەتییەیە کە تاکێک یان جەماوەرێک هەیەتی.” واتە بۆردیۆ سەرفکردنی جۆری کولتوور لە لایەن جەماوەرەوە بە واتایەکی سادەترەوە دەبەستێتەوە بەوەی کە کەسێک تا چەندە ئیمکانی یان بواری مادی ئەوەی بۆ ڕەخساوە کە ئیشیای کولتووریی بەرزی بکرێتەوە و واز لە کولتووری ئاست نزم بێنێت.

سێهەمین پێناسە بۆ کولتووری جەماوەری لە ڕوانگەی جۆن ستۆرییەوە (John Story, 2017:7) بەرهەمی (کولتوور)یی زۆرە (mass culture). یەکەم خاڵی جێگەی سەرنجی ئەو پێناسەیە لە کولتوور ئەوەیە کە بەرهەمی (کولتوور)یی زۆر، شتێکی بێ بنەمای بازرگانی (Commercial)ە. واتە بەرهەمی زۆر و بەکاربەری زۆری هەیە. لە جۆرە کولتوورە دا جەماوەر وەک بەکار بەر (بەرخۆر) سەیر دەکرێت. خودی کولتوور بە شێوەی ڕەسمی لە ژێر ڕکێف (manipulation)ی گرووپێک یان ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت دایە. جۆن ستۆری دەنووسێ ئەو کولتوورە لە لایەن کەسانێکەوە بەکار دەبرێ کە مێشکیان سڕ کراوە یان بۆ سڕکردنی مێشکیان ئەو کولتوورە بەرهەم دەهێنرێت. هەرچەندە جۆن فیسکە (John Fiske,1989: 31) پێی وایە نزیک بە ٨٠ تا ٩٠ لەسەدی ئەو جۆرە بەرهەمانە سەرکەوتوو نابن و زۆربەیان ئەگەرچی ئامانجێکی ئابووریان لە پشتە بەڵام ناتوانن پارەی ئەو ڕێکلامەش پێ بەدەست بێننەوە کۆ بۆ خودی بەرهەمەکەیان کردووە. ئەو شێوازە لە کولتوورە خوێندنەوەی زۆری چ لە ڕوانگەی فکری لیبڕاڵ و هەروەها ڕاستەوە و چ لە ڕوانگەی فکر و ئیدئۆلۆژی چەپ لە سەر کراوە. لە ڕوانگەی فکری لیبڕاڵ و ڕاستەوە وەک جۆن فیسکە باسی دەکات لە وڵاتانی کاپیتالیستی دا ئێمە جۆرە کولتوورێکی ڕەسەنی خەڵک (folk culture) بە دی ناکەین تاوەکوو بیکەینە پێوانەیەک بۆ پێوانی بەرهەمی (کولتوور)یی زۆر (mass culture). ڕوانگەی فکری چەپ بۆ (mass culture) زۆر ڕادیکاڵ ڕەخنەگرانەیە و کەسانی سەر بە قوتابخانەی فرانکفۆرت بە توندی خوازیاری هەڵوەشانەوە و نەمانی ئەو شێوازە لە کولتوور دەکەن. هەردووک فیلسیۆفی بەناوبانگ ماکس هۆرکهامێر و تیۆدۆر ئادۆرنۆ سەر بە قوتابخانەی فڕانکفۆرتن و لە بابەتێکی زانستی دا بە ناوی سەنعەتی کولتوور (culture industrialism: 1944/1996) ڕەخنەی بابەتیانە لە (mass culture) دەگرن.



ڕەنگدانەوە – نیشاندان (Representation)

لێرە دا کورتەیەک لە تیۆری ڕەنگدانەوە – نیشاندان (Representation) لە مێدیا دا لە ڕوانگەی ستوارت هاڵ دەخەمە بەرچاو. هەرچەند لێرەش دا پێناسەی کولتوور جارێکی دیکە دێتەوە بەرباس. ستوارت هال (Stuart Hall) لە کتێبی (representation: 1997) دا بابەتی ڕەنگدانەوە (respresntation) و کولتوور (culture) گرێ دەداتەوە بە تیۆری ئاماژە ناسی (Semiotic)ەوە. واتە تیۆرییەک کە زیاتر بە، زمانناسی سویسڕایی-فەڕانسایی زمانەوە، واتە فێردیناند دێ ساوسوێر (Ferdinand de Saussure)و هەروەها ڕۆلاند بارت (Roland Barthes)ەوە دەناسرێتەوە. دێ ساوسوێر وەک باوکی زمانناسیی مۆدێڕن دەناسرێ. ساوسوێر دەڵێ وشەی نووسراو و وتراو، ڕەنگ، وێنە و تەنانەت موزیکیش خەسڵەتی ئاماژەیان “signs” لە زمانێک داهەیە (Story, 2018:116). واتە ئاماژەیەک کە تەنیا یارمەتیدەرن بۆ پێوەندی گرتن و قسەکردنمان بۆ ئاسان دەکەنەوە. بەڵام لایەنێکی گرنگی تیۆریی ئاماژەی ساوسوێر ئاماژە وەک ” signifier” و بە ئاماژەکردن “signified”ە. (بۆ هاسانکردنەوە و تێگەیشتنی باسەکە دەتوانین حەیوانێک وەک نموونەیەکی سادە و سەرەتایی بێنێنەوە. “پشیلە” لێرە دا ئاماژەیە بۆ وشەی “پشیلە”، بەڵام کاتێک خوێنەر پشیلەی نووسراوی بەرچاو دەکەوێت زەینی بۆ لای حەیوانێکی چوارپێ دەچێت کە دەمیاوێنێت. واتە لێرە دا وشەی “پشیلە”، ” signifie”ە بەڵام ئەو وێنەیەی خوێنەر لە مێشکی دا دەیبینێ حەیوانێکی چوار پێیە کە پێی دەڵێن “signified”. ستوارت هاڵ (Hall 1997:31) لە سەر ئەو بنەمایە ئەوەش زیاد دەکات کە ئاماژەکان ” signifier” تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ یەکتر دا دەتوانن کاراییان هەبێ. ستوارت هاڵ دوو وشەی “باوک” و “دایک” بە نموونە دەهێنێتەوە، کە بەیەکەوە چەمک (Concept)ی “خزم – بنەماڵە” دروست دەکەن. خۆی ستوارت هال مەسەلەی ڕەنگدانەوە (representation) وەک لە پێشتریش ئاماژم پێ کرد بۆ ئەو ئاماژانە دەگەڕێنێتەوە کە لەبەرهەمێکی کولتووری دا ڕەنگ دەدەنەوە. لێرەدایە کە ستوارت هاڵ ڕەنگدانەوە (representation) وەک تێگەیشتنێکی گشتی لە سەر ڕێسا و نەریتەکان، پێناسە (Identity)، بەرخۆری یان بەکاربردن و هەروەها بەرهەم لێک دەداتەوەو بەیەکەوە ناویان دەنێت “بازنەی کولتووری” و بە وتەی ناوبراویش “کولتوور بە مانای دابەشکردنی مانا (Sense) دێت”.(Hall, 1997: 2) وەک شی کردنەوەیەک بۆ دابەشکردنی مانا لە ڕێگەی کولتوورەوە، ستوارت هاڵ دەڵێ: “کولتوور یانی بەرهەم هێنانەوە و گۆڕێنەوەی ماناکان – یانی پێدان و وەرگرن (بدەبستان) – لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەیەک یان گرووپێکدا” (Hall, 1997: 3).
بەڵام کولتور (culture) و ڕەنگدانەوە (representation) چۆن بەیەکەوە گرێ دەدرێنەوە؟ ستوارت هاڵ دەبێژێ کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەکان، هەڵس و کەوت لەگەڵ ئۆبژەکان (Objects) یان ئەوەی لە ڕێگەی زمانەوە دەریدەبڕین و دەیڵێین، بیرکردنەوە و هەستەکانمان و ئەوەی کە ئەو شتانە ڕەنگدانەوەیان لای ئێمە چۆنە، مانایان پێ دەبەخشین. واتە لە ڕیگەی چوارچێوەیەکی تایبەت بۆ لێکدانەوە، مانا دەبەخشینە ئۆبژەکان، مرۆڤەکان و ڕووداوەکان. بۆ کەرەستەکانیش هەرواتر. چۆنێتی بەکارهێنانی کەرەستەکان لە لای ئێمەوە مانا دەبەخشێتە هەر کەرەستەیەک و ئەوەش لە ژیانی ڕۆژانەمان دا ڕەنگ دەداتەوە (Hall, 1997: 3). هەروەها لە سەر چۆنێتی گرێدانەوەی ڕەنگدانەوە (representation)و مانا (Sense) بە کولتوورە، ستوارت هاڵ گرنگی زمان بەرجەستە دەکاتەوە کە لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەوە زمانە کە ڕەنگدانەوەی کۆی گشتی جیهانی تێدا دەبینینەوە. بە واتەیەکی دیکە (ڕەنگدانەوە /representation) بەرهەمی مانایە لە ڕێگەی زمانەوە (Hall, 2007: 16) . ناوبراو لە درێژە دا بۆ شی کردنەوەی زیاتری چەمکی (ڕەنگدانەوە /representation) و گرێدانەوەی بە ماناو کولتوورەوە نموویەک دێنێتەوە و دەبێژێ ئەگەر ئێمە لە بەرچاوی بگرین لە ژوورێک دانیشتووین و پەرداخێکی ئاوخواردنەوەمان بەدەستەوەیە، دواتر پەرداخەکە دادەنێین و دەچینە دەرەوە. لەو کاتە دا ئێمە پەرداخەکەمان وەک کەرەسەیەک (object) بە دەستەوە نییە بەڵام دیسانیش دەتوانین ئەو پەرداخە لە دەستمان دا ببینین. واتە ئێمە لە زەینمان دا بە وتەی ستوارت هال چاومان هەیە و دەتوانی بە چاوی زەینمان شتێک ببینین کە لە ڕاستی دا و بەشێوەی فیزیکی لەبەردەستمان نییە. مەبەستیشی لێرەدا بیرکرنەوە لە خودی پەرداخێک وەک کەرەسەیەکی فیزیکی نییە کە مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە، بەڵکوو لەو کاتەو مرۆڤ بیر لە چەمکێکی تایبەت دەکاتەوە کە لێرە دا دەبێتە پەرداخێکی ئاو. بەو شێوەیە ستوارت هاڵ مەسەلەی مانا، زمان، کولتوور و ڕەنگدانەوە (representation) بەیەکەوە گرێ دەداتەوە و ئەوەشی پێوە زیاد دەکاتە کە (ڕەنگدانەوە/ representation) بەرهەمهێنەری مانایە بۆ چەمکەکان لە زەینی ئێمە دا و ئەوەش لە ڕێگەی زمانەوە دەکرێت. ئەوەش بە وتەی ستوارت هاڵ لینکی نێوان زمان و چەمکە کە ئەو ئیمکانەمان پێ دەدات تاوەکوو ئاراستەی زەینمان یان بەرەو جیهانی واقع واتە کەرەستە، مرۆڤەکان یان ڕووداوەکان بێت، یانیش بیرۆکەی خەیاڵی لە جیهانی جیاوز، مرۆڤی جیاواز و ڕووداوی جیاواز لە زەینمان دا وێنا بکەینHall, 1997: 17) ). ئەوەی کە تا ئێستا باسی لێوەکراوە، یەکەم پڕۆسە یان سیستەمی (ڕەنگدانەوە/ representation)ە لە ڕوانگەی ستوارت هاڵەوە و بە (ڕەنگدانەوە/ representation) – “cpncep/menatal” واتە چەمک/زەین بە ناوی کردووە. دووهەمین سیستەمی (ڕەنگدانەوە/ representation) لە ڕوانگەی ستوارت هاڵەوە، شتێک نییە کە بتوانین بیبینین، بەڵکوو وێنەیەکی خەیاڵییە لە کەرەستە، ئۆبژەی جیاواز وەک بۆ نموونە “چەمکی شەڕ، مردن، دۆستایەتی و خۆشەویستی”. یان بە واتایەکی دیکە چەمکی مێتافیزیکی کە لەوانەیە مرۆڤ قەت نەتوانێ لە دونیای ڕاستی دا بیانبینێت. دەتوانین بۆ ئەوەش نموونەی “خودا، فرشتەکان، شەیتان، بەهەشت و جەهەننەم” بێنینەوە. هەروەها ئەوەی کە ستوارت هاڵ وشەی سیتسێم بە (ڕەنگدانەوە/ representation)ەوە دەلکێنیت لەبەر ئەوەیە کە ناوبراو پێی وایە ئەو چەمکە پڕەنسیپێکی ئۆرگانیزەی (organizational) هەیە.

لە لایەکی دیکەوە و وەک لەسەرەتاشەوە ئاماژی پێ کراوە، ستوارت هاڵ گرنگییەکی تایبەت بە مەسەلەی ئاماژەناسی (Semiotic) دەدات. ناوبراو لە درێژە دا ئاماژە بە تیۆری ئاماژەناسی ڕۆڵان بارت (Roland Barthes) دەکات و پێی وایە کە گرنگییەکی تایبەتی بۆ چەمکی- سیستەمی (ڕەنگدانەوە/ representation) هەیە. هەروەها لە پرسی دیسکۆرس (Discourse) دا ستوارت هاڵ ئاماژە بە تیۆرییەکانی میشێڵ فۆکۆ (Michel Foucault) دەکات. تێئۆری دیسکۆرسی فۆکۆ شی دەکاتەوە کە چۆن دیسکۆرس “سوبژە – فیگۆڕێک ( subject – figure) بەرهەم دێنێت کە بە گشتی زانست دەخاتە چوارچێوەیەکی تایبەت و بە تاکەکەسی دەکاتەوە (Hall, 1997, 56). لە ڕوانگەی ستوارت هاڵەوە، مێتۆدی دیسکۆرس، ئەنجامی زۆر رادیکاڵی بۆ تێئۆری (ڕەنگدانەوە/ representation) لێ دەکەوێتەوە. هۆکارەکەشی بە وتەی ستوارت هاڵ ئەوەیە کە دیسکۆرس لە سەر ئەو بنەمایە دەڕوات کە خۆی سۆبژە (subject) یان دۆخێک ئەرزشی مانایی دەخوڵقێنێت و خۆشی پێی وایە ئەو دۆخ و سۆبژەیە کاریگەریی هەیە. بۆ نموونە پرسەکانی “ڕەگەز (race) جنسییەت، مۆرک و تایبەتیمەندییە ئیتنیکییەکان” بە پێی ئەو دۆخ و بنەمایانەی کە دیسکۆرس دەیخوڵقێنێت، مانایان پێ نابەخشرێت و دەردەهاوێژرێن(Hall, 1997, 56).



ڕوانینی سادە (Denotation) و قوڵبوونەوەی ئاماژەییانە (connotation)

لەو بەشە دا دەخوازم ڕاوەستەیەکی کورت لە سەر تیۆری ئاماژەناسی (semiotic) لە لای ڕۆلاند بارت (Roland Barthes) بکەم کە ستوارت هاڵ بە یەکێک لە تیۆرییە گرنگەکانی بە تایبەت لە پرسی (ڕەنگدانەوە/ representation)ی دادەنێت. من خۆم ئەو بەشەم لە بەر لایەنی گرنگی بۆ ناسینەوە و خوێندنەوەی بەرهەمی وێنەیی و بەتایبەتیش وێنەی جوڵاو پێ گرنگە. ڕۆلان بارت (Roland Barthes: 1977) ئاماژەناسی (semiotic)و نیشانەکانی بە دوو یەکەی جیاواز پێناسە دەکات کە مانای جیاوازیش هەڵدەگرن. واتە ڕوانینی سادە (Denotation)و قوڵبوونەوەی ئاماژەییانە (connotation)نە.
ڕوانینی سادە (Denotation) ئەو واتا ڕوون و ئاشکرایەیە کە ئێمە لە وشەیەک یان سیمبۆلێکدا بەدی دەکەین. بە واتایەکی دیکە زۆر هاسانە ئێمە کۆدەکانی پشت ئەو سیمبۆل و وشانە بکەینەوە لێی تێبگەین. بۆ نموونە هاسانە ڕەنگەکەکانی نێو وێنەیەکی دیزاین کراو لێک بکەینەوە و بڵێین لێرە دا شین بەکار هاتووە و ئەو بەشەی سوور کراوە. بەڵام ئەوەی گرنگە ڕوانین یان قوڵبوونەوەیەکی ئاماژەییانەیە (connotation). ڕۆلاند بارت دەبێژی قوڵبوونەوەی ئاماژەییانە ئەوەیە کە کۆدی ئەو ئاماژانە بکەیەوە کە لە پشت سیمبۆلێک یان وشەیەک هەیە. بە وتەین ناوبراو مانایەکی قووڵتر، پەیامێکی قووڵتر هەیە لە پشت وشە و ڕەنگ و سیمبۆلەکانەوە. وێنەیەکی دیزاین کراو بە کۆمەڵێک ڕەنگی جیاوازەوە دەتوانێ نیشانەی ئاڵای وڵاتێک بێت و یان سیمبۆلی بەرخۆدانێک بێت. وەک ئەوەی کە ئێمە ئێستا لە ئاڵای بزووتنەوەی کەسانی (LGBTQ) دا دەیبینین. بە وتەی ڕۆڵاند بارت هاسان نییە هەمیشە بتوانین لە مانای پشت وێنەیەک تێبگەین. لە ڕوانگەی ناوبراوەوە پیویست نییە یان پەلەیەک لە ئارادا نییە تا مرۆڤ بتوانێ قوڵبوونەوەی ئاماژەییانە (connotation) بۆ بەرهەمێک بکات و ماناکانی پشت ئەو بەرهەمە هەڵێنجێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێ هەندێک ئاماژە یان مانای سەرەکی لە بەرهەمێکی مێدیایی و لە لایەن کەسی وەرگر یان بەکاربەری بەرهەمەکە وەربگیردرێت (Barthes, 1977, s: 19). بۆ ئەو مەبەستە ڕۆڵاند بارت چەند کۆدێکی/ئاستێکی بەرهەمی مێدیایی دەست نیشان دەکات وەریاندەگێڕێتەوە بۆ چەند چەمکێکی سەرەکی یان بنەڕەتی:
⦁ هونەری فێڵ کردن و کاریگەرییەکانی (Trick effects). واتە وێنەیەک کە لە لایەن کۆمەڵێک ئاکتۆر یان مێدیاوە دیزاین کراوە. بۆ نموونە دیزاین کردنی وێنەی سیاسەتوانێکی تەواو لیبڕاڵ لە لای سەرۆکێکی کۆمۆنیست، یان وێنەیەک کە دەتوانێ ئاماژە بێ بۆ چەندین کەس.
⦁ پۆز لێدان (Pose): واتە دەرکەوتن یان پۆز لێدانی کەسێک لە وێنەیەک دا بۆوەی کە مانا و ئاماژەی قوڵ بگەیەنێت.
⦁ بابەت یان بابەتگەل (Objects): ڕۆڵاند بارتس دەبێژێ کە گرنگترین شت ئەوەیە کە چۆن بابەتێک یان کەرەسەیەک لە وێنەیەک دا جێ دەکرێتەوە و دادەنرێ تاوەکوو خوڵقێنەوەی ئاماژە و مانی قوڵ بێت.
⦁ تەکنیکی وێنەگرتن و بەکارهێنانی تەکنیک لە وێنە دا (Photogenia): بە وتەی ڕۆڵاند بارت (Photogenia) پەیامی وێنەیەکە. ئەوەی کە وێنەیەک چۆن گیراوە، یان بەواتایەکی دیکە ئەو وێنەیە بە زەوقێکی تایبەتەوە و بەیارمەتی نوور، ڕوون کردنەوە یان ڕەش کردنی گۆشەیەک و هونەری چاپ کردن نەخشێنراوە (Barthes, 1977, s: 23).
⦁ ئیستاتیکا (Aestheticism): واتە وێنەیەکی هونەری، ئەوەی کە فۆتۆگراف یان خوڵقێنەری وێنەیەک لە هەستی خۆی کەڵک وەردەگرێ تاوەکوو وێنەیەکی جوانتر بخوڵقێنێت. بە وتەی ڕۆڵاند بارت هونەری وێنە گرتن ئاوڕ بۆ هەندێک ڕەنگکاری تایبەت دەداتەوە و بۆوەی کە کە یان خودی وێنەگرەکە بکاتە ئاماژە یانیش وێنەکە بەشێوەیەک بخوڵقێ کە بتوانرێ چەند ئاماژەیەکی قوڵ لە خۆی دا هەڵگرێت.
⦁ ئاماژەی پشت چەند وێنەیەک (Syntax): ئەوەی کە چەند وێنەیەک بەیەکەوە ئاماژەیەکی قوڵ (connotation) بخوڵقێنن. وەک ئەوەی کە دەتوانین لە زنجیرە وێنەیەکی ناو گۆڤارێک دا بەدی بکەین.



پێناس/ شوناس(Identity)

چەمکی پێناس/شوناس (Identity) تازە نییە، بەڵام پێناسەکردنەوەی ئەوی دی ((Dis)identification چەمکێکی نوێیە. توێژەری فینلاندی ئێلینا ویستینێن (Elina Westinen: 2017) لە توێژینەوەیەک دا ئەو باسە لەبابەت پەنابەران یان نەوەی دووهەمی پەنابەران لە فینلاند دینێتە بەرباس. هەرچەندە کە ئەو چەمکە لە بابەت کەسانی بە جنسیەت جیاواز لە شێوە کووێر (queer)ەکانیش دا بەکار دەبردرێت و زیاتر لایەنێکی ئەرێنی (Positive)ی هەیە. بەڵام من لێرەدا دەخوازم کەڵک لەو چەمکە وەرگرم بۆ مەسەلەیەکی جیاواز. ئەویش ((Dis)identificationی نەک بەمانای پێناس/شوناسی تاکەکەسی بە ویستی خۆی، بەڵکوو ئەوەی کە کەڵک لەو چەمکە وەردەگیردرێت بۆ داڕشتنەوەی پێناس/شوناسی تاکەکەسی کورد بەو شێوەیەی کە دەخوازرێ.
وەک بنەمای تیۆری بۆ چەمکی پێناسەکردنەوەی پێناس/شوناس ((Dis)identification دەبێ بگەڕێینەوە بۆ هەندێک بنەمای تێۆری لەسەر خودی چەمکی پێناس/شوناس. مانۆئێل کاستێل (Manuell Castells:2010: 3) لە سەر چەمکی پێناس/شوناس دەڵێ لەو سەردەمەی گلۆباڵە دا کە ئۆرگانەکان، ئەنستیتۆکان، جوڵە و جۆری دەربڕینەکانیش بە شێوەی بەردەوام تێک دەدرێن، پرسی پێناس/ شوناس (Identity) گرنگتر دەبێتەوە و تەنانەت دەبێتە تاکە سەرچاوە بۆ مانا (Sense) بەخشین و مانا درووست کردن. لەسەر ئەو بنەمایە ئێلینا وێستینێن (Elina Westinen: 2017) چەمکی پێناسەکردنەوەی پێناس/شوناس دادەڕێژێتەوە. ناوبراو چەمکی پێناسەکردنەوەی پێناس/شوناس ((Dis)identification لە دژایەتی لەگەڵ هاوبەشی، سەربەگرووپ بوون، جیاوازی و هەڵاواردن – یان بە واتایەکی دیکە خودی پێناس/شوناس (Identity)، بونیات دەنێت. لە ڕوانگەی ناوبراوەوە پێناسەکردنەوەی پێناس/شوناس خۆی جۆرێکە لە داڕشتنەوەی پێناس/شوناس، بەڵام ئەمجارەیان بە جێی ئەوەی کە پڕۆسەیەکی جێگر و نەگۆڕ بێت، دەگۆڕدرێت بۆ پڕۆسەیەک کە بەردەوام لە ئاڵوگۆڕ و چالاکی دایە.

هەر لە داڕشتنەوەی چەمکی پێناسەکردنەوەی پێناس/شوناس دا ئیلین وێستینێن ئاماژە دەکات تیۆری بروبەیکێر و کوپێر (Brubaker och Cooper: 2000) کە باس لە پڕۆسەی گەیشتن بە پێناس/شوناس (identifying processes) دەکەن. لە ڕوانگەی بروبەیکێر و کووپێرەوە، پێناس/شوناس ئاماژەیە بۆ ئەو پێوەندییەی مرۆڤ لەگەڵ ئەوی دی هەیەتی و پێناسێکی کاتاگۆریکە (categorical). واتە دەرخەر یان نیشاندەری گرێدراوی و ئەندامەتی کەسێک لە گرووپێک دا، یان سەر بە ڕەگەزرێکی تایبەت، ئیتنیکێک، زمان یان نەتەوەیەکی جیاواز بێت. هەر لەو بارەوە ڕوانگەیەکی دیکە هەیە کە هی بلوممایرتە Blommaert 2005: 205)) و دەڵێ بۆوەی کە پێناس/شوناس ڕاست ودروست بێ، دەبێ ئەو پێناسە لە لایەن کەسێکی دیکەوە بناسرێتەوە. لە ڕوانگەی ناوبراوەوە تاکەکان لە نێو زۆریەک لە پێناسە لەبەردەستەکان دا بە دوای پێناسێکی تایبەت بە خۆیان دا دەگەڕێن بەڵام دیسانیش مرۆڤ بەو پێناسە هەمیشەییە باوانەی وەک تەمەن، پلەی کۆمەڵایەتی، جنسییەت و ڕەگەز دەناسرێتەوە و ئەوەش زۆر جار دژایەتی هەیە لەگەڵ ویستی کەسەکان یان تاکەکاندا.

لە درێژە دا بروبەیکێر و کوپێر (Brubaker & Cooper, 2000: 14–21.) پێیان وایە کە مرۆڤ خۆی دەزانێت کە کێیە و چ پێناسەیەکی تایبەتی بۆخۆی هەیە، ئەوەی کە لە چ ئاست و پلەیەکەی کۆمەڵایەتی دایە، تەنانەت بە سەر توانایی ڕۆڵ بینینی لە کۆمەڵگەی دەورووبەری خۆی دا زاڵە. هاوکات ئاماژە دەکەن بە مەسەلەی هاوبەشیی، تێکەڵاوی مرۆڤ لەگەڵ کەسانی دیکە و گرووپێک دا کە هەستی گرێدروای بەو گرووپە یان بەو نەتەوەیە بۆ مرۆڤ درووست دەکات.



لێکدانەوەی زنجیرەی نون خ

لێکدانەوەی وردی زنجیرەی نون خ جیا لەوەی کە کاتی زۆر دەوێ، دەتوانرێ نامەی دۆکتۆراشی لە سەر بنووسرێت. بەڵام ئەوەی کە من لێرە و لە بابەتێکی نیوە زانستی دا دەیخەمە بەرچاو لێکدانەوەیەکی گشتی لە کۆی دوو وەرزی ئەو زنجیرە تەلەڤزیۆنییەیە کە لە تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامی دا بڵاو بۆتەوە. لێرەدا تەنیا بە کورتی سەرنج دەخرێتە سەر خاڵە گشتییەکانی وەک، هۆکاری جەماوەرپەسەند بوونی زنجیرەکە، زمان و زاراوە، گرێدانەوەی کورد بە تاران، چۆنێتی نیشاندانی کورد و هێزە ئەمەنییەکان لە دوو وێنەدا لە ڕووداوەکانی ناو زنجیرە تەلەفزیۆنییەکە و بە کورتی خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت.



نون خ، زنجیرەیەکی جەماوەرپەسەند

نزیک بە سەرجەم بەرهەمە کولتوورییەکانی لە شێوەی زنجیرەی تەلەفزیۆنی دەچنە خانەی بەرهەمی کولتووری جەماوەر پەسەند و لەسەدا نەوەدی ئەو بەرهەمانەش لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی (کولتووریی) زۆر و بۆر (mass culture) دا جێگە دەگرن. زنجیرەی نون خ، یەکێک لەو زنجیرانەیە کە لە ناوەرۆک دا دەچینە خانەی نزمترین ئاستی بەرهەمە کولتوورییەکانەوە. چیرۆکی سەرەکی بەشی یەکەمی زنجیرەی نون خ، باس لە کەسێک (نورالدین خانزادە) دەکات کە تۆوی گوڵەبەڕۆژەی بە بازرگانێکی تارانی فرۆشتووە و لە ڕێگەی ئەو بازرگانەوە بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەکە هەناردەی تورکیا کراوە. کاراکتەری سەرەکی واتە (نورالدین خانزادە) تۆو گوڵەبەڕۆژەی کۆمەڵیک لە جووتیارانی گوند/شارەکەی خۆیانی کڕیوەتەوە و داوێتی بەو بازرگانە تارانییە. بازرگانی تارانی لە پڕ دا ڕۆژێک دەمرێ، لە کاتێک دا پارەی خانزادەی نەداوە و پێی قەرزدارە و خانزادەش بە خەڵکی ئاوایی قەرزدارە. لێرە دا خانزادە لە لایەن خەڵکی ئاواییەوە دەخرێتە ژێر گووشارەوە وئەویش بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکەی ڕوو لە تاران دەکات.

لە وەرزی یەکەم کۆمەڵێک ڕووداوی دیکەی پێوەندیدار بەچیرۆکەکە دێنە پێشەوە کە هیچکام لەو ڕووداوانە هیچ گرنگییەکی تایبەتیان نییە، لە ڕاستی دا زیاتر سادە نیشان دانی خەڵک و گرفتاریان بە کۆمەڵیک مەسەلەی ناڕاستەوە کە هیچ ڕیشەیەکی لە واقعی کۆمەڵگە دا نییە. بەڵام هۆیەکی دیکەی ئەوەی کە ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە بەرهەمێکی کولتووری جەماوەر پەسەندە ئەوەیە کە ئەو بەرهەمە لە لایەن جەماوەی ئاساییەوە زۆر سەیری کراوە. یەکێک لە هۆکارەکانی جەماوەر پەسند بوونی ئەو زنجیرەیە سادە بوونی دیالۆگ و هەڵسوکەوتی ئاکتەرەکانی ناو فیلمەکەیە کە وادەکات خەڵکی ئاسایی بە ئاسانی تێی بگەن.

لە وەرزی دووهەم دا هەوڵدراوە کێشەگەلی تایبەت بە خەڵکانی بوومەلەرزە و بەڵا لێدراوی کورد لە ناوچەی کرماشان بخرێتە بەرچاو و لە ڕێگەی چیرۆکێکەوە بگێڕدرێتەوە. بەڵام لیرەش دا بەرهەمە هیچ گێڕانەوەیەکی جێگەی سەرنجی نییە و لە ڕاستی دا زیاتر کایە بە هەستی کەسانێک دەکەن کە لە بوومەلەرزەی چەند ساڵی ڕابردووی ناوچەی کرماشان دا هەموو ژیان و ماڵ و حاڵیان و تەنانەت کەسانی خۆشەویستیان لە دەست دا. لە ڕاستی دا گێڕانەوەی کارەساتێکی تراژیدی بە ئەکتێکی کۆمێدی سەرپێیانە، تەنانەت دەکەوێتە چوارچێوەی بێ ڕێزی پێ کردن بە خەڵکی بەڵالێدراو. وەرزی دووهەم بە هیچ شێوەیەک چیرۆکێکی بەردەوامی نییە کە بتوانێ بەشەکانی ئەو زنجیرەیە بە یەکەوە گرێ بداتەوە و بتوانێ جێگەی لێ وردبوونەوەی زیاتر بێت.

بەڵام خاڵێکی گرنگی دیکەی ئەوەی کە ئەو زنجیرەیە دەخرێتە نێو بەرهەمگەلی جەماوەر پەسند، مەسەلەی لە چوارچێوە دابوونی ئەو بەرهەمە لە نێو بازنەی ئایدۆلۆژی ئێرانی بەتایەتی ئێرانی/کۆماری ئیسلامی دابوونە. واتە ئەو زنجیرەیە بۆ ئامانجێکی تایبەت، لێرە دا هاندانی خەڵک بۆ سەیر کردنی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بەرهەم هێنراوە. هەروەها لاساییکردنەوەیەکی سەقەتی بەرهەمهێنانی زۆری کولتوورییە کە لە ژێر ڕکێفی کۆماری ئیسلامی دا بەرهەم هاتووە و وەک جۆن ستۆری ئاماژەی پێ کردووە ئەو بەرهەمە دەکەوێتە چوارچیوەیەکی کولتوورە کە لە لایەن کەسانێکەوە بەکار دەبرێ یان باشترە بڵێن سەیر دەکرێ کە یان مێشکیان سڕ کراوە یان بۆ سڕکردنی مێشکیان ئەو کولتوورە بەرهەم هێنراوە.



زمان، پێناس/شوناس و ڕەنگدانەوەی/ representation کورد

زنجیرەی تەلەفزیۆنی نون خ باس لە بنەماڵەیەک و گوندێک دەکات کە لەوە دەچی لە ناوچەی کرماشان هەڵکەوتبێ. جل و بەرگی بەشدارانی زنجیرەکە کوردییە و لە زۆریەک لە دیالۆگەکانیش دا کاراکتەرەکان باس لە کورد بوونیان دەکەن. بەڵام زمانی قسە و دەربڕینی فیلمەکە زمانی فارسییە. ئاخاوتنی زمانی فارسی لە لایەن کوردەکانەوە و لە زنجیرەیەکی تایبەت بە کورد دا بۆ ئەوە نییە کە بڵێن با هاوڵاتیانی دیکەی ئێرانیش لە زمانی کاراکتەرەکان تێ بگەن. ئەگەر خۆی دەرهێنەری فیلمەکە یان کاراکتەرەکانی وەها هەڵسەنگاندنێک بۆ هەڵبژاردنی زمانی فارسی بۆ زنجیرەی نون خ بکەن، یان ساویلکانە لە مەسەلەکە دەڕوانن یانیش دەخوازن بە جۆرێک خۆ لە قووڵبوونەوەی زیاتر بۆ هەڵبژاردنی زمانی فارسی بۆ زمانی زنجیرەکە بپارێزن. زمانی کوردی پێوەندی بە پێناس/ شوناسی کوردەوە هەیە و کاراکتەری کوردی بە زمانی کوردی دەناسرێتەوە، لە ڕاستی دا وێنە و بیرکردنەوەی و خەیاڵی کوردی لە زمانی کوردی دا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوەی کە زمانی فارسی بۆ کاراکتەری کورد لە زنجیرەیەکی پێوەندیدار بە کورد و کولتووری کورد هەڵبژێردراوە، لە ڕوانگەی یەکەمەوە دەتوانین بڵێین ئەوە ڕەنگدانەوەی کاراکتەری کورد نییە. بەڵام لە وردبوونەوەیەکی زیاتر دەتوانین لە ئامانجی پشت هەڵبژاردنی زمانی فارسی بۆ زنجیرەی نون خ تێبگەین.

ئاماژەی پشت هەڵبژاردنی زمانی فارسی بۆ زنجیرەیەکی کوردی جۆرێکە لە هەوڵ دان بۆ جیاکردنەوەی کاراکتەی کورد لە زمانی خۆی کە وەک پێشتریش وتم پێوەندی بە پێناس/شوناسی کوردەوە هەیە. لە ڕاستی دا کاراکتەری کورد ناتوانی هەستەکانی، نواندن و ئاکتەکانی لەگەڵ ڕاستی کۆمەڵگەی کوردی یەک بخاتەوە، ئەگەر بە زمانێکی جیاواز لە کوردی بئاخڤێ. بەڵام نیشان دانی کوردی فارسی ئاخێو، هەوڵێکە بۆ لە بیربردنەوەی زەین و زمانی کوردی. واتە کۆدی پشت هەڵبژاردنی زمانی فارسی بۆ کاراکتەری کورد تەنیا ئەوەیە کە کورد لە پلەی یەکەم دا لە زمانی کوردی داببڕدرێت. دواتر ئەوە هەوڵێکە بۆوەی کە کورد بە فارسی ئاخێوەر نیشان بدەن یان لە پلەی دووهەم دا ئەوە بچەسبێنن کە زمانی خەڵکانی کورد، زمانی فارسییە نەک کوردی. بۆ ئەو مەبەستە زنجیرەی نون خ، گرنگی بە لایەنێکی گرنگ لە زمان داوە، ئەویش کەڵک وەرگرتن لە زاراوە (Dialect)یەکی تایبەتە کە لەمێژە بە زاراوی “فارسی کرمانشاهی” ناسراوە. لە ڕاستی دا هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی یان بابەتێکی بێ لایەنانەی زمانەوانی لەبەردەست نییە کە پشتڕاستی ئەسڵ و درووست بوونی زاراوی “فارسی کرمانشاهی” وەک بەشێک زمانی فارسی بکاتەوە. بەڵام زاراوەی “فارسی کرماشانشاهی” هەوڵێکی سیاسییە بۆ گۆڕینی زمانی کوردی لە ناوچەی کرماشان. ئێستا ئەو هەوڵە لە زنجیرەی نون خ داو زۆر زیرەکانە بە دیکۆمێت کراوە. واتە ئەو زنجیرەیە هاتووە کاراکتەری کوردی پۆشی فارسی ئاخێوەری درووست کردووە. ئامانجیش ئەوەیە کە لە داهاتوو دا زاراوەی “فارسی کوردستانی” بکاتە باو. ئەوەشیان لە ڕێگەی بە کایە وەرگرتنی ئاکتەری کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە زنجیرەکە دا بردۆتە پێشەوە. تێخزاندنی ئاکتەرێکی سنەیی یان مەهابادی لە زنجیرەی نون خ و فارسی قسەکردنی ئەو ئاکتەرە جیاوازە لەگەڵ ئاکتەرێکی کرماشانی کە فارسی دەئاخڤێ. بەڵام لە زنجیرەکە دا نەتەنیا بە هێچ شێوەیەک جیاوازی ناکرێت لەوەی کە ئاخاوتنی فارسی ئەو کەسانە جیاوازە، بەڵکوو بە شێوەیەک ئەو کەسانە بەو شێوەیە نیشان دەدرێن کە هەموویان هاوڵاتی ناچەیەکی تایبەتن. لەو وێنەیە دایە ئێمە دەتوانین وێنەی هەموو کوردستان ببێنینەوە کە بە فارسی قسە دەکەن. خەڵکانێک کە زنجیرەکە دا دیارە جۆری پۆشینیان جیاوازە بەڵام زمانیان هەمان زمانی ڕەسمی ئێران واتە زمانی فارسییە و بەشێکن لە خەڵکی فارسی بێژ بە زاراوەی جیاواز (زاراوەی فارسی – کوردستانی). بە واتایەکی دیکە (ڕەنگدانەوەی/Representation)ی کورد لەو زنجیرەیە دا ئەوەیە کە کورد خەڵکانێکی فارسی ئاخێون. ئەگەر زمانیش بە پێی تیۆرییەکانی کە لە پێشتر دا باس کراوە پێوەندییەکی تۆکمەی هەبێ لەگەڵ کولتوور، کەواتە کولتووری کوردی لە زنجیرەی نون خ دا بە پێی (دیسکۆرس/ Discourse)ی هیرارشیانە داڕێژراوەتەوە و هەوڵ دەدات بونیاتی کاراکتەری کوردی پۆشی فارس زمان بەهێزتر بکات.

خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج لە پێوەندی لەگەڵ زمانی ئاخاوتن لە زنجیرەی نون خ دا، بەشداری ئاکتەرە ناکوردەکانە کە هەندێکیان توانایی قسەکردن بەو زاراوە داتاشراوە نییە کە ناوی نراوە (فارسی کرمانشاهی). بەڵام لە ناو زنجیرەکە دا زۆر بە وردی کارکراوە لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسانە زیاتر بە شاری نێشان بدرێن و پێوەند بدرێنەوە بە کەسانێک کە فێربوون و عادەتیان گرتووە “فارسی ستاندارد” قسە بکەن. لێرەش دا مەسەلەی پێناسی کوردی و زمانەکەی گرێدراوەتەوە بە گوندی بوون. تازە لێرەش دا ڕەوا نەبینراوە کارەکتەرەکان بە زمانی کوردی قسە بکەن.

لە کۆتایی ئەو بەشە دا ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بکرێ هەوڵی ئەو زنجیرەی نون خ بۆ لەبیر نەکردنی زاراوە و زمانی فارسی بە منداڵانە. لە پەردەیەکی (Scene) زنجیرەکە لە وەرزی دووهەم دا دەبینین لە کاتێک دا خەڵک لە ژێر چادر دا دەژین و قوتابخانەکان داڕماون و منداڵان لە دەرس و خوێندن دوور کەوتوونەتەوە، مامۆستای ئاوایی هەوڵ دەدات قوتابخانەیەک لە دەشت بۆ منداڵان دامەزرێنێت. لە دەرسێک دا کە گەورە ساڵەکانی ئاواییش تێیدا بەشدار دەکرێن، مامۆستاکە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بە ڕیتم و ئاواز کردنی وشەگەلی فارسی منداڵەکان فێری فارسی بکات. هەروەک دەزانین دەرسی قوتابخانە لە ئێران بە تەنیا ناتوانێ زمانی فارسی بێت، بەڵام لە زنجیرەی نون خ دا بە ئامانجەوە تەنیا کلاسێکی دەرس لە دەشتێک دا پێشان دەدرێ و ئەویش بە بەشداری هەموو گەورە ساڵەکان و لەوێ دا دەرسی فارسی دەگوترێتەوە.



گرێدانەوە کورد بە ناوەند (تاران)ەوە

ئاراستەی چیرۆکی نون خ بەتایبەتی لە وەرزی یەکەم دا گرێدانەوەی کورد و کوردستان بە تاران و ناوەند-لێرە دا ئێران- دایە. لە یەکەم ڕوانینی سەرپێیانە دا ئەو چیرۆکە دەتوانین بپرسین لەکاتێکدا کوردستان سنووری دەرچوونی هەمووی کاڵایەکی بازرگانی بەرەو تورکیا و وڵاتانی ڕۆژاواییە، چۆنە بەرهەمی کشت و کاڵی کوردی دەبێ بچێتەوە تاران و لەوێوە بڕواتە ولاتانی دەرەوە. بۆیە پێویست دەکات زیاتر لەو مەسەلەیە قوڵ بێنەوە. لە هەردوو وەرزی زنجیرەی نون خ دا بەرهەمی کشت و کاڵ وەک سیمبۆلێک کە تایبەتە بە خەڵکی ناوچەکە نیشان دەدرێت. لە وەرزی یەکەم دا تۆوی گوڵەبەڕۆژە و لەورزی دووهەمیش دا هەنار وەک سیمبولی ناوچە کوردستانییەکان دەناسێنرێت. خۆی بەرهەمی کشت و کاڵی یان سرووشت و ژینگە گرێدراوییەکەی تایبەتی بە کولتوورەوە هەیە. یەکەم مانای وشەی کولتوور بە مانای چاندن و بەرهەم بە دەست هێنانە لە ناو سروشت دا (Johan Förnäs; Culture; 11). کەواتە لە ناو زنجیرەی نون خ دا ئەوەی بەرهەم دەهێنرێت تەنیا پێوەندی بە خودی کوردەوە نییە، ئەو بەرهەمە دەبێ بچێت بۆ ناوەند و بەرهەمێک بۆ هەموان بێت. لێرەدایە وەک چۆن لە بواری زمانەوە زنجیرەی نون خ هەوڵ دەدات زمانی کوردی بسڕدرێتەوە و زمانی فارسی/کوردی جێگیر بکات، لە بواری بەرهەمی کولتووری و سرووشتیشەوە هەوڵ دەدات کورد بە تاران و بە چوارچێوەیەکی جوغرافیایی بە ناوی ئێران زیاتر گرێ بداتەوە و پێناسەی نوێ بە بەرگی کورد داببڕێت.

دواتر لە تاران شتێکی گرنگ ڕوودەدات کە لێرەدا گرنگی تایبەتی هەیە. ئەویش (نورالدین خانزادە) لەگەڵ پارێزەر- ئاخوندێکی ڕاستگۆ و هاوکات مۆدێڕن بە پاشناوی (افشە) ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەو پارێزە هاوکات لەگەڵ ئەوە کە مەلایە (ئاخوندە) ناوبژیوانی فووتباڵیشە. ئەوەی کە لە زنجیرەی نون خ داو بە مەبەستی وەرگرتنەوەی قەرز، کوردێک ڕوودەکات تاران و لەوێ کاری دەکەوێتە دەست مەلایەکی پارێزەر، ناتوانین بڵێن بە ڕێککەوت کراوە. کاراکتەری ئەو ئاخوندە وەک لەسەرەتاشەوە باسم کرد بە هیچ شێوەیەک وەک کەسێک کە بیهەوێ فێڵ بکات یان حەقی کەسێک بخوات دەرناکەوێ. هاوکات ئەو ئاخوندە وەک ناوبژیوانێکی ڕاستگۆ نیشان دەدرێ کە هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ تاوەکوو بەو پەڕی ویژدانەوە عەدالەت بچەسبێنێت. ئەوە وێنەیە دوورە لەو ڕاستییەی کە کورد بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سەردەمی کۆماری ئیسلامی دا ڕووبەڕووی بووەتەوە. بە تایبەتیتر مرۆڤ دەتوانێ کاراکتەری ئەو ئاخوندە لە گەڵ وێنەیەک کە لە زەینی مرۆڤ کورد لە ئاخوند خەڵخاڵی هەیە هەڵسەنگێنێ و وێنای بکات، ئەو کات دەردەکەوێ کە هەوڵی زنجیرەی نون خ زیاتر بۆ جوان کردن و جوان نیشان دانی تاران و دەسەڵاتدارانی ئاخوندی ئیڕانە بە تایبەت لە پێوەندی لە گەڵ مەسەلەی کوردستان و ئەوەی کە ئەوانیش کوردستان بە بەشێک لە خۆیان دەزانن و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆوەی کە ڕەچاوی دۆخی (هاوڵاتیانیان) بکەن و تەنانەت هەندێک نۆبەبڕیشیان بۆ بکەن. وەک ئەوەی کە لە خۆدی زنجیرەی نون خ دا دەیبینین کە ئاخوندەکە لە ساخ کردنەوەی قەرزی کابرای مردوو دا هەوڵ دەدات دانەوەی قەرزی کاراکتەرە کوردەکە وەپێش بخات، لەبەر ئەوە کە بەوتەی خۆی ئەو تێگەیشتنی بۆ بارودۆخی نالەباری ئابووری کوردەکە هەیە!



ناوەندە نیزامییەکان، کورد و چەک

لە لای هاوڵاتی کورد تەنیا وێنەیەک کە لە نیزامییەکانی سەر بە حوکوومەتی ناوەندی هەیە، وێنەی زەبر و زەنگ و پێشێل کردنی مافەکانی هاوڵاتیان کوردە. لە زنجیرەی نون خ دا ئەو وێنەیە تەواو پێچەوانە دەکرێتەوە. لە هەندێک حالەت دا و بەتایبەت لە تاران کاتێک کەسایەتی سەرەکی زنجیرەکە واتە نون خ، لە هەموو شتێک نائومید دەبێ و ناتوانێ وڵامی قەرزدارەکانی بداتەوە پەنا دەباتە بەر هێزی ئینتزامی. ئەو وێنەیەکی کەو لەو زنجیرەیە داو لە هێزی نیزامی نیشان دەدرێت تەنیا بەڕێوەبردنی ئەرکی پاراستنی نەزم و ڕەوانە کردنی پەروەندەکان لە لایەن ئەو هێزەوە بۆ دادگایە. لە کاتێکدا وێنەی ڕاستی هێزی نیزامی و ئەمنی لە کوردستان، وێنەیەکی داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەرە کە سەر دەکاتە هەموو جومگەکانی ژیانی تاکەکەسی مرۆڤی کوردەوە. لە پەردەیەکی زنجیرەی نون خ داو لە کاتێک دا چەند کاراکتەری فیلمەکە لە لایەن هێزی ئیتزامییەوە دەسگیر دەکرێن، نورالدین خانزادە تەنیا بە دانانی تاڵێکی سمێڵی لە لای بەرپرسە نیزامییەکە، ئەو ڕازی دەکات کە کەسە دەستگیر کراوەکان بۆ مەڕاسمێکی زەماوەند ئازاد بکرێن و دوای مەڕاسمەکە بگەڕێنەوە زیندان. واتە لێرە دا زنجیرەی نون خ دەخوازێ هەستی بڕوا و متمانە بە یەک بوون لە نێو خەڵکی کورد و کەسانی نیزامی سەر بە حوکوموومەتی ئێران درووست بکات و وێنەیەکی پڕ لە میهرەبانی لە هێزی نیزامی ئێران لە کوردستان نیشان دەدات. لە کاتێکدا وەک لەسەرەتاوە باسی کرا وێنەی ڕاستەقینە لە هێزی نیزامی ئێران، وێنەیەی هێزێکی داپڵۆسێنەری بێ پڕەنسیپەو هیچ متمانەیەک لە نێوان هێزی نیزامی ئێران بە هەموو لق و بەشە جیاوازەکانییەوە لەگەڵ خەڵکی کورد دانییە. لێرە دا گرنگە بە پێی تێئۆری ئاماژە ناسی ڕۆڵاند بارت خوێندنەوە بۆ دوو وێنەی زنجیرەی نون خ بکەین کە لەو دا کاراکتەری کاووس وەک کەسێکی لاساری عاشقە چەک نیشان دەدات و دواتریش هەر ئەو کەسایەتییە بەو پەڕی ڕێزەوە لە لایەن هێزی نیزامییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.


وێنەی یەکەم:

لە ڕوانینێکی سادە (Denotation) مرۆڤێک دەبینین چەکێکی لە باوەش گرتووە و بە سەرێکی ئاڵۆز و ڕوخسارێکی خەماوییەوە دانیشتووە. بەڵام کاتێک ڕۆدەچینە نێوقوڵبوونەوەی ئاماژەییانە (connotation) مرۆڤێک دەبینین کە بە ڕووخسارێکی پڕ لە خەمەوە چەکێکی بەدەستەوە گرتووە و لەوە دەچێ شوێنێکی چەکەکە کە لەوانەیە قۆنداخەکەی بێت، شکاوە. ئەو مرۆڤە جلی کوردی لەبەر دایە و باکگراوندنی وێنەی ئەو کەسەش لە ژینگەیەکی کوردی دەچێت، بەو پێیەی کە کورد هەرزاڵ و چادری ڕەنگاوڕەنگی هەیە و ئەوەش لە وێنەکە دا بە ڕوونی دەردەکەوێت. تیکچڕژاوی و خەمی قوڵی کەسایەتی ناو ئەو وێنەیە و ئەوەی کە وەک مرۆڤێک باوەشی بە چەکێک داگرتووە ئاماژەیە بۆ گیرۆدەبوون و خۆشەویستی ئەو کەسە بۆ چەکەکەی. واتە لێرە دا مرۆڤێکی کورد دەردەکەوێ کە خەمی شکانی چەکەکەی تێکی شکاندووە. ئەوە لە کاتێکدایە کەئەگەر بۆ چیرۆکی ئەو کەسایەتییە بگەڕێینەوەو زیاتر زانیاری لەسەر کۆبکەینەوە دەبینین کە ئەو کەسە کەسایەتی ناو زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی بە ناوی نون خ و لەو ساتە دا کە چەکەکەی لەباوەش کردووە بوومەلەرزە گوندەکەی وێران کردووە و ئەو خۆی لە چادر دا دەژی. لە تەواوی پەردەکانی ئەو زنجیرەیە دا کە ئەو کەسایەتییە کە ناوی (کاووسە) ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت و تەنانەت لە کاتی بوومەلەرزەش دا هیچ کات ئەو کەسایەتییە بە قەت ئەو ساتەی کە چەکەکەی بە شکاوی لە باوەش گرتووە خەمگین نیشان نادرێت. هۆکاری ئەوەش ئەوەیە کەو ئەو وێنەیە یان ئەو پەردەی نمایشەی ناو زنجیرەی نون خ دەخوازێ بیسەلمێنێت کە کەسایەتی کورد عاشقە چەکە و شکاندن و لەناوچوونی چەکەکەی لە هەموو شتێک زیاتر خەمگینی دەکات.
بەڵام ئەو کەسایەتییە عاشقە چەکە لە یاسا لادەرەوە چۆن لە لایەن هێزێکی “یاسا پارێز”ی وەک هێزی ئینتزامی ئێران هەڵس و کەوتی لەگەڵ دەکرێت؟ وڵامی ئەو پرسیارە دەتوانین لە وێنەی دووهەم دا بەدی بکەین کە گرێدراوی وێنەی یەکەمە و لە ڕاستی کۆمەڵێک پەردەی دیزاین کراوی سەر بەیەکن بۆ نیشاندانی ئەو شێوەیە لە کەسایەتی کورد.


لە وێنەی دووهەم دا دەبینین لە ڕوانینێکی سادە دا دەبینین کە کاراکتەری کاووس لە ژوورێک دا و لە سەر مێز بەرامبەر کەسێکی نیزامی دانیشتووە. لە ڕوانێکی وردتر و قوڵتر دا دەتوانین بڵێن دیزاینی وێنەکە بە شێوەیەکە کە کاووس سەیری بەرپرسە نیزامییەکە دەکات بەڵام ئاراستەی ڕوانینی کاووس هاوکات بەڕووی ئاڵایەکی کۆماری ئیسلامی و هەروەها ئاڕمی سەر بە هێزی ئینتزامییە. کاووس لێرە داو بەرامبەر ئاڵاکان و کەسی بەرپرسی نیزامی دەستەو نەزەر دانیشتووە و واش وێدەچێت کە قسە بۆ بەرپرسە نیزامییەکە دەکات یان وڵامی پرسیارێکی ئەو دەداتەوە. خاڵێک کە ئەو وێنەیە بە وێنەیەکی دیکەوە گرێ دەداتەوە ئەوەیە کە کاووس چەکی هەیە و هەر ئەوەشە بووەتە هۆی ئەوەی کە بانگهێشتی بنکەیەکی نیزامی بکرێت. بەڵام جێگەی سەرنجە کە بەرپرسی نیزامی لە وێنەی دووهەم دا هیچ جۆرە توندووتیژییەکی تێدا بەدی ناکرێت بەڵکوو تەنیا ڕووخسارێکی جیددی و بەویقاری هەیە.


بۆ زیاتر تێگەیش لەو وێنەیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ چیرۆکی زنجیرەکە بە تایبەتی ئەو چیرۆکەی کە پێوەندی بەو وێنەیەی سەرەوە هەیە. کاووس لە بەر بوونی چەک و تەقەکردنی نایاسایی بانگهێشتی بنکەی ئینتزامی کراوە. لە دیالۆگی کاووس و بەرپرسە نیزامییەکە دا، کاووس زانیارییەکانی خۆی لە بارەی چەک و چۆڵەوە بە بەرپرسە ئینتزامییەکە دەڵی و بەرپرسە نیزامییەکەش تەنیا گوێی بۆ شل دەکا و دواتریش بەکورتی ڕوونی دەکاتەوە کە کاووس کاری نایاسایی کردووە و دەبێ کەیسەکەی ڕەوانەی دادگا بکرێت. وێنەیەکی کە کاراکتەری ڕاستەقینەی کورد هیچ کات نەیتوانیوە تەجرووبەی بکات. بەهۆی ئەوە کە کەسانێک کە چەکیان پێ بووبێت یان زانیاریان لەسەرچەک و چۆڵ بووبێت بە توندترین شێوە سزا دراون. کەواتە لێرە دا تەنیا ئامانج ئەوەیە کە وێنەی کەسی نیزامی و هێزەی ئەمنی لە کوردستان دا بەو شێوەیە نیشان بدرێت کە تەنیا هەوڵی پاراستنی ئاسایش و نەمانی بێ نەزمی و دەرچوون لە یاسا دەدەنەوە. وێنەیەک کەلەگەڵ ڕاستی سەرکوتگەریی هێزی ئەمنی و نیزامی ئێران دا یەک ناگرێتەوە و ناتوانێ ڕەنگدانەوەی ئەو پێوەندییە واقعییە بێ کە لە نێوان هێزی ئەمنی و نیزامی ئێران و خەڵکی کورد دا هەیە.



ئەنجام

بەڕێوەبەران و دەرهێنەرانی زنجیرەی نون خ، هەوڵیان داوە ئەو زنجیرەیە بە کورد و کوردستانەوە گرێ بدەنەوە. ئەوەی کە ئەو زنجیرەیە لە سرووشت و ژینگەی کوردی دا وێنەی گیراوە و کاراکتەری کوردی پۆشی هەیە نیشان لە هەوڵی ئەو زنجیرەیەیە بۆ ئەوەی بتوانێ ڕەنگدانەوەی کولتوورو کۆمەڵگەی کوردی بێت. بەڵام ئەو ڕەنگدانەوەیە زیاتر هەوڵێکە بۆ داڕشتنەوەی بونیاتی کولتوور و کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەک کە لە گەڵ سیاسەتی گشتی حوکوومەتی کۆماری ئیسلامی و کۆی فکری یەکدەست کردنی ئێران یەک بگرێتەوە. لە ڕاستی دا زنجیرەی نون خ هەوڵێکە بۆ درووست کردنی پێناسێکی کوردیانەی فارسی ئاخێو. واتە هەوڵێکە بۆوەی کە پێناسی کوردی وەک نەتەوە و گرووپ بسڕێتەوە و پێناسێکی فارسی بە سەر داببڕێت. هەروەها لە مەسەلی (ڕەنگدانەوە/Representationn)ی خەڵکی کورد دا ئەو زنجیرەیە زۆر لایەنی ڕاستی کۆمەڵگەی کوردی شاردۆتەوە و هەوڵی داوە ئەو کوردە دەستەمۆ زەین سڕکراوە نیشان بدات کە ویستەکانی لە تاران و بە زمانی فارسی و لەلای دەسەڵاتدارانی ئێران جێبەجێ دەکرێت. ئەو زنجیرەیە هەوڵی ئەوەیە کە بەمتمانە بۆ هێزی نیزامی کە سیمبولی داگیرکارییە لە کوردستان لە لای خەڵکی کورد بکڕێتەوە. هەموو ئەوانەش لە ڕێگەی مێدیاو بەرهەمێکی ئاست نزمی جەماوەر پەسەند کراوە. بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدراوە لە ڕێگەی درووست کردنی چیرۆکێکی خەیاڵییەوە (fictive)ەوە وێنەیەک لە کورد و کۆمەڵگای کوردستان نیشان بدرێت کە وێنەی ڕاستەقینەی کورد و خەڵکی کوردستان نییە.



سەرچاوەکان

Blommaert, J., & Verschueren, J. (1998). Debating diversity. Analysing the discourse of tolerance. London: Routledge.
Barthes, R; Image Musik Text – Published 1977 by Fontana Press
Bourdieu, P; A Social Critique of t&e Ju agement of Taste: Published 1984, Translated by Richard Nice, Harvard University Press
Brubaker,R., & Cooper, F (2000: 1-24) Beyond “Identity”(1-47), Published by Springer
Bennett, T; Popular Culture and Social Relations: Published 1986: Open University Press.
Fiske, J: Understanding Popular Culture, London: Unwin Hyman, 1989. A clear presentation of his particular approach to the study of popular culture.
Förnäs, Johan; Defending Culture, Conceptual Foundations and Contemporary Debate: Published by Department of Media and Communication Studies School of Culture and Education Södertörn University 2017.
Horkheimer, M, Adorno; Theodor W: Upplysningens dialektik, 1944, (svenska versionen 1996 bokförlaget Daidalos AB)
Hall, S; REPRESENTATION; First published in 1997, second published 2003, published by: SAGE Publications lnl
Story, J; Cultural Theory and Popular Culture: An Introduction, Eighth Edition: Published 2018 by Routledge
Westinen, E. (2017) “Still alive, nigga”: Multisemiotic constructions of self as Other in Finnish rap music videos; University of: JyväskyläWilliams, R; vocabulary of culture and society: second edition 1983: Oxford University Press

¤. هەردووک وێنەی کە لێرە دا کەڵکیان لێ وەردەگیراوە لە گووگڵ وەرگیراوەن.

لینکی ئەو زانیاریانە لە سەر زنجیرەی نون خ لە ماڵپەڕی مێهری ئێران وەرمگرتوون.

https://www.mehrnews.com/news/4519130
https://www.mehrnews.com/news/4795773
https://www.mehrnews.com/news/4586484/

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان