ئارامتر بخوێنەوە!

سڵ کردن لە دەسەڵاتخوازی

کوردیار سەقزی

ئاماژە

ڕەوتی نەتەوەخوازیی ئاگامەند تایبەت بە یەک حیزب یان ڕەوت یان ناوچەیەکی دیاریکراو نییە. بەڵکوو لە قووڵاییی کۆمەڵگای کوردستاندان. هەوڵیان پڕکردنەوەی ئەو کەلێن و کەلەبەرە کۆمەڵایەتییانەیە کە شێوە ژیانی خێڵەکی و ئەندازیاریی داگیرکەر سازی کردوون. نەتەوەخوازیی ئاگامەندانە، بە شێوەی ڕێژەیی لە حیزب وڕەوت و تاکدا دەردەکەوێ.

پێشەکی

پرسی کورد سروشتی چەند ڕەهەندیی هەیە و دەبێ هەرکام بە وردی و لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا لێک بدرێتەوە. بە هۆی بەریەک کەوتنی خەسارە ناوخۆیییەکان و بەرژەوەندیی زلهێزان و دەورگێڕانی یەکە سیاییە ناوچەیییەکان دۆخێک بەرهەم هاتووە کە کورد لە نێوان خۆی و گەیشتن بە دەسەڵاتدا مەودایەکی دوور و درێژ وێنا بکات. پابەستە بوونی ئاگامەندانە بە سیستەمی داگیرکەرەوە لە هەر بوارێکدا، بە ئامراز بوون بۆ بەرژەوەندیخوازیی نەتەوە سەردەستەکان و… هۆکارە ناوخۆییەکانی نەگەیشنتی کورد بە دەسەڵاتی سیاسین. هۆکاری نووسینی ئەم وتارە ئەم پرسیارەیە کە، بۆ چی دەستەبژێر و خوێندەواری کورد سەرەڕای ئاگادار بوون لەو پێوەرانەی کە بۆ “مرۆڤ بوون” دەسنیشان دەکرێ و زانست و فەلسەفە سەلماندوویەتی و لە هەل‌ومەرجی ئەم سەردەمەدا بەڵگەنەویستن، خۆی لە پرسی گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی نادات و خۆی لە بازنەی ئەویتردا دەهێڵێتەوە؟ هەر بەو پێیە نەیانتوانیوە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی- سیاسیی گشتگیر پێک بهێنن  کە ئەنجامی بووەتە ئەوەی کۆمەڵگای کوردستان بە شێوەی مۆدێڕن بیچم نەگرێ و هەر بەشێکی ببێتە ژێڕدەستی وڵاتێکی داگیرکەر. لێرەدا، سەرەڕای هۆکارە جیهانی و ناوچەیییەکان، باری بەرپرسیارەتی دێتەوە سەر شانی دەستەبژێران. لە درێژەدا زۆرتر ڕوونی دەکەینەوە.

نەتەوەی کورد لە سەردەمی پێش مۆدێڕندا کە کۆمەڵێک خێڵ لە جوگرافیای کوردستان و خاوەن زمانی هاوبەش بوون، وەکوو هەموو کۆمەڵە خێڵەکانی تر کەسی بەهرەمەند و پاڵەوان و خوێندەوار و لێهاتووی لێ هەڵکەوتبوو. خاڵی جیاوازی دەستەبژێرانی ئەو سەردەمەی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیاندا لە نەتەوەکانی تر ئەوەیە کە بەگشتی دەسەڵاتیان بۆ کورد لە بەر چاو نەدەگرت. چەند میناک ئەم وتەیە ڕوون دەکاتەوە.

هەڵبەت جێی ئاماژەیە کە ناڵێین ناتۆرەی نەشیاویان  لێ بدرێت، بەڵکوو قسە لە بزر بوونی ویستی دەسەڵاتخوازی بۆ کوردە، چ بۆ خێڵێک یان هۆزێک بێت چ بۆ کورد بەگشتی.

ئارپاگ لە دژی ئاژیدهاک پشتی کورشی هەخامەنشیی گرت. ئارپاگ دەیزانی فارسەکان وەک نەتەوەیەکی بن دەستی مادەکانن. بۆ دەسەڵاتی لە ناو خودی مادەکاندا نەهێشتەوە؟ پاش هەرەسی دەسەڵاتی ماد بە درێژاییی مێژوو، لە هەر هەلێکدا، بەشێکی کوردستان ڕاپەڕیوە بەڵام گشتگیر نەبووەتەوە. لە دەستەبژێری خاوەن بڕیار( ئارپاگ) و دەستەبژێری پلەخوارتر لەو، بزرایییەک هەیە، ئەویش وێنا نەکردنی مەودای دەسەڵاتداریی کوردیی گشتگیرە. ئەگەر بە هۆی هێرشەکانی ئاشوورەوە یەکگرتووییی هۆزەکانی ماد پێک هات، بە هۆی بزر بوونی ویستی ڕاگرتنی دەسەڵات لە لایەن بڕیاردەرەوە هەڵوەشایەوە. کوشتن و بڕین و کۆچی زۆرەملێی کوردان لەو دەمەوە تا ئێستە بەردەوامە و کورد هەر بە ویستی دەستەبەر کردنی دەسەڵات نەگەیشتووە.

مەلا ئیدریس بدلیسی بە ڕاوێژدان بە خەڵیفەی عوسمانی کوردستانی بە ئاسانی خستە ژێر ڕکێفی تورکانی عوسمانییەوە. هەر ئەو ڕێگەی بۆ ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیی خێڵە کوردەکان خۆش کرد. عوسمانی و سەفەوی هەردەم بۆ سەرکوت کردنی خێڵێک چەند خێڵی تریان بە کار دەهێنا. ئەم کەلێن خێڵەکییە تا ئەم سەردەمەش بە ناسۆری ماوەتەوە.

مەحموودخانی دزڵی و مەحموودخانی کانی سانان کە لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیددا دەوری بەرچاویان هەبوو، بۆ دژایەتیی یەکترین دەکەوتنە پێش سوپای ئێران و دەیان هێنایە ناوچەکە.

بە بۆنەی جیهاد لەگەڵ کافراندا کورد هەردەم بووە بە بەشێ لە سوپای تورک و عەجەم، تەنانەت لە قەڵاچۆکردنی کوردانی ئێزدیدا زۆرتر خێڵە کوردەکان بەشدار بوون.

لە سەردەمی مۆدێڕندا دیسان بزر بوونی ویستی دەسەڵاتخوازی لە دەستەبژێر و خوێندەوارەکاندا بە زەقی دەردەکەوێتەوە. بەڵام ئەمجار تەم‌ و مژی ئیدیۆلۆژی و ڕێچکە سیاسییە هاوردەکان بۆ کوردستان پاساوی سڵ کردن لە دەسەڵاتخوازییان دەدا بە دەست دەستەبژێرانی کوردەوە.

لەم چەند میناکە بەم دەرهاویشتەیە دەگەین کە کورد پاش هەرەسی ئیمپراتووریی ماد، سەرەڕای هەندێ راپەڕین، بەگشتی بە ژێردەست بوون ڕاهات. ئاریشەی زەینی کوردی ئەوەیە کەلە دووانەی بزر بوونی ویستی دەسەڵاتخوازی- ملکەچ بوون بۆ ئەویتر دەرباز نەبووە. هەر بۆیە  بەستراوەیی ( دژایەتی کردنی ڕەوتی نەتەوەخوازیی کوردی بۆ خزمەت بە داگیرکەر لە هەر بوارێکدا، گوتاری، سیاسەت، کۆمەڵایەتی، کەلتوور و هونەر و چەکداری) کە لە سەردەمی مۆدێڕندا بە نائاگایی سەری هەڵدا، ئاگامەندانە/بەرژەوەندیخوازانە درێژەی پێ دەدرێ. لە درێژەدا بەریەک کەوتنی بۆشاییی دەسەڵاتخوازی و ڕەوت و ڕێچکە سیاسییە جۆراوجۆرەکان و بەرژەوەندیخوازی لێک دەدەینەوە.

هاوردەکرانی خواروخێچی مارکسیزم و لیبێرالیزم بۆ کوردستان ڕەوتی نەتەوەخوازیی کوردیی بە لاڕێدا برد، هەڵبەت لە بیرمان نەچێ کوردەکان نەیانتوانی ویستی دەسەڵاتخوازی لە ناو دەستەبژێران و جەماوەر بەگشتیدا جێگیر بکەن.  حیزبی توودە لە ئێرانی سەردەمی پەهلەوی و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراق و سووریا هێزی پێنەگەیشتووی کوردیان لە خۆ گرت. داگیرکەران کە پەرەیان بە خوێندنەوەی لیبرالیستی دەدا، دیسان بەشێ لە هێزی کوردیان دەخستە شەوارەوە. ئیسلامی سیاسییش پاش سەرهەڵدانی لە وڵاتە عەرەبییەکاندا- کە بەشێ بوو لە ڕەوتی نەتەوەخوازیی ئەوان لە دژی داگیرکەرە ئەورووپاییەکان- گەیشتە کوردستان. لە بەریەک کەوتنی ئەم ڕێبازە ئیدیۆلۆژیکییانە و دژکردەوەی کۆمەڵگای کوردستان لە هەمبەر زۆرکاریی وڵاتە تازە پێکهاتووەکانی داگیرکەری کوردستان، هەندێ بزووتنەوە سەریان هەڵدا کە خۆیان بە ڕزگاریخواز ناودێر دەکرد. ئەم بزووتنەوانە کە زۆرتر هەوێنی چەپیان هەبوو، هەڵگری دورشمی ڕزگاریی گەلی کورد بوون. بزر بوونی ویستی دەسەڵاتخوازی، هاوردەکردنی خواروخێچی ئیدیۆلۆژییەکان و خێڵەکی بوون سێ کوچکەی بەربەستی مسۆگەر کردنی دورشمەکانیان بوو. لە ڕاستیدا خێڵەکی بوون و نانەتەوەیی بوون لە کوردستاندا بە یەک میکانیزم کار دەکەن. هیچ کامیان ڕاستیی کۆمەڵگای کوردستان و هەلومەرجە جیهانی و ناوچەییەکان- بەو واتایەی کە سەرەکیترین هۆکاری ڕزگاری و بەختەوەر بوونی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەدەوڵەت بوونە- لە بەر چاو ناگرن. لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ کە لە کاتێکدا ڕاستیی کۆمەڵگای کوردستان و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگە بە نەتەوەخوازیی کوردستانی نادەن، چارە چییە؟ ویستی دەەڵاتخوازییە کە بەدەوڵەت بوون دەکاتە پرسی کوردستان و پێش بە پەرتەوازە بوونی هێزەکان دەگرێت و ڕێکیان دەخات و ئەندازیاریی کۆمەڵگا دەکات. دەوڵەت- قەومییەتەکانی سەردەستی کوردستان ئاڵای کوردستان بە هێمای نەمانی خۆیان دێننە ئەژمار، بۆ ئەوەی باش دەزانن کە ڕێکخستنی بەهێزی نەتەوەیی لە کوردستاندا زوو پەرەدەستێنێ و کۆمەڵگای کوردستان دەگرێتەوە، هەر بۆیە بە زەق کردنەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان و پەرەدان بە گوتار و ڕەوتە دژەنەتەوەیییەکان هەوڵ دەدەن ناسیۆنالیزمی کوردستانی پەرە نەستێنێت. چ هۆکارێک بەرپەرچی بەرنامەی ئەوان دەداتەوە؟ بەرنامەیەک کە بۆ مسۆگەر کردنی دەسەڵات داڕێژرابێت. هەندێ لایەن بانگەشەی شێوازگەلێکی تر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن کە قەوارەی سیاسیی هەنووکە وەکوو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام حکوومەتەکان دێمۆکڕاتیزە بکرێت. ئەمە خوێندنەوەیەکی ناتەواو لە ناسنامەی داگیرکەرە، داگیرکەرێک کە ئەقڵییەتی دان نانی بە ناسنامە و مافی کورددا نییە و ئەگەر ئەو کارە بکات سەرچاوەی دەسەڵات و ئابووری لە دەست دەدات، هەرگیز دێمۆکڕاتیزە نابێتەوە. ئەم خوێندنەوەیەش پاساوێکە بۆ سڵ کردن لە ویستی دەسەڵاتخوازی. نەتەوەی جوولەکە لەو پەڕی پەتەوازەییدا بوون بە دەوڵەت کە چەندە بە هۆی پشتگیریی ئەورووپا و ئەمریکاوە بوو، دە هێندە بە هۆی  ویستی دەسەڵاتخوازی و بە دەوڵەت بوونی خۆیانەوە بوو. جوولەکە لە تەوراتدا بەڵێنی ئیسڕاییلی هەنووکەی پێ درا بوو. هەر جۆرێک بێت وڵاتی بۆ وێنا کرابوو. بەڵام لە کوردستاندا ئەوەی لای ئایینی و نائایینیی کورد، لای خوێندەوار و نەخوێندەواری کورد ناڕوون و لاوازە، ویستی دەسەڵاتی سیاسییە. ئەگەر ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیی کوردستان – کە ئاگامەندانە و شارەزایانە داڕێژراوە- لە لایەن سەردەستەوە بەم  هاوکێشەیە زیاد بکرێت، سەر بەداگیرکەر بوون و شەرعییەت دان بە سەردەست بوونی ئەو دەبێتە ڕەهەندێکی تری کێشەکە.

ڕەوتە ئیسلامی و نائیسلامییە یۆنیڤێرساڵەکان و پاشکۆکانی ڕەوتەکانی سەردەست بۆ کوردستان ئامرازەکانی ئەندازیاریی کۆمەڵگای کوردستانن و زۆر جار بە یەک ستراتێژییەوە دێنە گۆڕەپانی سیاسی- کۆمەڵایەتییەوە. ئەمانە لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە، ئەویش دژایەتیی ڕەوتی نەتەوەخوازیی کوردستانییە.

هەڵوێست لە هەمبەر دەسەڵاتخوازیدا دوو بەرە پێک دێنن. دەسەڵاتخوازەکان و سڵکەرەکان. لە پێشدا سڵکەرەکان پۆلینبەندی دەکەین و پاشان لە دوو توێی لێکدانەوەی دەسەڵاتخوازیدا چۆنیەتیی دەرباز بوون لە تەنگانەکانی، لایەنەکانی ئەویش شی دەکەینەوە.

سڵکەرەکان

١-) ئەو حیزب و تاقم و تاکانەن کە لە باری دەروونییەوە داهێزراون و ژێردەستە بوون و ملکەچ بوونیان بۆ داگیرکەر وەرگرتووە.  چەپی یۆنیڤێرساڵ وچەپی ناوچەیی، بە هەر ناوێکەوە، کە شەرعییەت بە یەکە سیاسییە سەردەستەکانی کوردستان دەدەن. یان ئەو لایەنگەلەی خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی کورد دادەنێن بەڵام قسە لە سازان لەگەڵ داگیرکەرێکدا دەکەن کە باوەڕی بە بوونی ئەمان نییە. ئەو لایەنەی کە لە ناوەڕۆکی ئامانج خاڵی بووبێت، ویستی کۆیلەیی و ژێردەستە بوون بانگی دەکاتەوە و لە ئاکامدا دەگەڕێنەوە ژێر ڕکێفی داگیرکەر.

٢-) ئەو حیزب و لایەن و تاقم و تاکانەی کە لەگەڵ داگیرکەری بەشەکانی تری کوردستاندا پەیمانی ئابووری- سیاسی- ئەمنی دەبەستن. ئەمانە لە سەر حیسابی بەشێکی داگیرکراو لەگەڵ داگیرکەرەکەیدا پەیمان دەبەستن. ئەم لایەنە جۆرێ لە پابەستەبوون دەنوێنن کە سێ کوچکەی سڵ کردن لە دەسەڵاتخوازی دەگەشێننەوە. ئەگەر ئەم  شێوە سیاسەت و سەودایە درێژە پێ بدەن، بێ سێ‌ودوو دەچنە خانەی بەستراوەییەوە. هیچ ناسنامەیەک لەم تاقمەدا سەربەخۆ نییە، ئەگەر ڕەوتی نەتەوەیی تەشەنە بکات، دەبنە نەتەوەیی، بۆ دژە نەتەوەیی و سەر بە داگیرکەر بوونیش هەر وەتر.

٣-) هەندێ ڕەوت یان لقی لایەنە سیاسییەکانی ناو داگیرکەر هەن کە لە کوردستاندا بانگەشەی شەرعییەت دان بە داگیرکەر دەدەن، بۆ وێنە “حزب وحدت ملی ایران” کە باڵێکی سوپای پاسداران دایمەرزاندووە. پابەستە بوون لە ناسنامە و زەینی ئەندامانی ئەم جۆرە ڕەوتگەلەدا سڵ کردن لە دەسەڵاتخوازیی کوردانی کردووەتە دژایەتی و لەو پەڕی دۆڕاندنی ناسنامەدان. کەسانێک کە دەچنە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانەوە، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبنە ئۆبژەی داگیرکەر. تاقمی پۆپۆلیست، ئیداری، ئاکادێمیسییەن و … کە هەموویان لە لایەن حکوومەتەوە، پێش هەڵبژاردن دەسنیشان دەکرێن و ڕادەسپێردرێن، دەبنە بەشێک لە ئەندازیاریی داگیرکەر و لەو ڕێگەوە بەرژەوەندیی خۆیان مسۆگەر دەکەن.

٤-) بە ناو ڕێفۆرمیستەکان، کە خۆیان بە هاوتای ڕێفۆرمیستە فارسەکان دێننە ئەژمار، لە ڕاستیدا بووکەڵەی دەستی ئەوانن و لە خۆیان هیچ دەسەڵاتێکی سیاسەت داڕشتنیان نییە. وەکوو سێ تاقمی پێشوو لە بنەمادا دەسەڵاتداری بۆ کورد بە ڕەوا نازانن. مەترسیی ئەم تاقمە لەوەدایە گەیشتن بە دەسەڵات لە داوێنی ئەویتردا دەبیننەوە، بەڵام پاساوی شێوەزانستیی بۆ دەهێننەوە. ئەمە بەو واتایە دێت کە خۆیان لە گوتاری سەردەستدا دەبیننەوە کە لە هەڵوێستدا دەبێتە دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی نەتەوەخوازیی کوردی. ناسیۆنالیزمی کەلتووری لەو زاراوانەیە کە بە ناو خوێندەواراندا بڵاوی دەکەنەوە. مەبەست لەوەش کەڵکاژۆ کردن لە سۆزی کوردایەتیی کۆمەڵگایە (جەماوەری کوردستان بەگشتی بەڵام لە ئاستدا جیاواز هۆگری ناسنامەی کوردییە) بۆ کۆکردنەوەی هێز بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا و دەستەبەر کردنی قورسایییەک بۆ ئیمتیازی زۆرتر وەرگرتن لە ناوەند. خۆ بە خوار زانین وایان لێ دەکات بە خۆ هەڵبەستن بە ناوەندەوە بۆشایی کەسایەتییان پڕ بکەنەوە.بە ئاوڕدانەوە لە پێشینەیان دەردەکەوێ کە نەتەنیا لە کۆمەڵگادا قووڵاییی کۆمەڵایەتییان نییە، تەنانەت لای داگیرکەریش قسەیان تا نووکی لووتیان بڕ ناکات. نە پلەوپایەیەکیان پێ دەدرێت، نە لە پلان دانان و بڕیار داندا بەشداریان دەکەن. پێش هەڵبژاردن بە چڕی بانگەشەی بۆ دەکەن، پاش هەڵبژاردن کە بێ بەش دەکرێن، بڕێ وردە گلەیی و سووکە تۆرانێک لە میدیاکاندا بڵاو دەکەنەوە و دیسان ڕانتێکی ئابووری و بێ دەنگی هەتا ئەندازیارییەکی تر کە داگیرکەر بانگهێشتیان بکاتەوە. کە ڕەخنەیان لێ دەگیردرێت، بە کلاسیک بوون، نەخوێندەواری و نەتەوەخوازیی خێڵەکی بەرپەرچ دەدەنەوە. خۆشیان باش دەزانن کە لە دۆخی هاوسەنگدا هەڵێنجانیان جگە لە کایە بە چەمکەکان چی دی نییە. ئەمە هەر ئەو مافەیە کە داگیرکەر بۆ دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی نەتەوەخوازیی کوردستانی پێی داون.

٥-) ئەو ڕەوتە ئایینیگەلەی کە بۆ پەرەسەندنی خۆیان لەگەڵ حکوومەتە دژبەرەکانی خۆیان (واتە بە پێی بنەماکانی خۆیان نابێ پەیوەندییشان ببێت) پەیمان دەبەستن. بۆ وێنە لە تاران نووسینگە دەکەنەوە و لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن. شەرعییەت دان بەم کردەوەیە لە ڕێگەی کونگرە بەستن ( همایش دگرپذیری و رواداری) و بڵاڤۆک و میدیاوە بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەقڵییەتی ئەم ڕەوتە دژوازییەکی حاشاهەڵنەگری تێدایە. لەلایەکەوە دورشمی یەکگرتنی موسڵمانانی جیهان بەرز دەکەنەوە، لە لایەکی ترەوە چالاکییەکانیان لە خزمەت بەرژەوەندیی وڵاتێکی ناوچەدایە، بۆ میناک تورکیا. پابەستە بوونی ئەوان لە باری ئابووری و ئیدیۆلۆژیکییەوە بە دەسەڵاتدارانی ناوچە و پابەستە بوونیان بە داگیرکەرێک وەکوو ئیران، بە هۆی ڕێ پێ دان بۆ بانگەوازی ڕەوتەکەیان، دەیانکاتە بەربەستێکی مەترسیدار بۆ گەیشتنی نەتەوەی کورد بە دەسەڵاتی سیاسی.

ئەم لایەنانە لە سەر بزر بوونی ویستی دەسەڵاتخوازی بۆ کوردستان، ئیدعا دەکەن لەگەڵ داگیرکەر یان هێزە ناوچەییەکاندا سیاسەت دەکەن. بەڵام ئەوە لە بەر چاو ناگرن کە ناتوانن لەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتداریدا کایەیەکی سیاسیی هاوسەنگ بەڕێوە ببەن. بە هۆی بزرایی بنەمایییەوە بوێریی ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ داگیرکەر یان حکوومەتەکانی ناوچەدا نییە. دەبن بە ئامرازی ئەوان و بە چەشتەبوون بە بەرژەوەندیی بەرتەسک، ڕووبەڕووی هێڵی نەتەوەیی دەبنەوە. بۆ هەر پەنج ڕەوتەکە بەڵگەی ڕەسەن و سەلمێندراو لە بەر دەستن.

دەسەڵاتخوازەکان

١-) دەمارگرژیی خێڵەکی پێش بە لۆژیک و لێکدانەوە دەگرێت. پاش کارەسات و بەردەوام بوونی ژیانی خێڵەکی، هەستی پاڵەوانی و وەهمی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ داگیرکەردا دەیانگرێت. ئەم تاقمە زۆر بە کرچ‌وکاڵی خوازیاری دەسەڵاتدارین. بەڵام خاوەنی لۆژیک و هزری سیاسی نیین. لە خولی سەرهەڵدان و نسکۆ دەرباز نابن. لە ڕابردووش پەند وەرناگرن. ڕاهاتن بەم دۆخە گەیشتن بە دەسەڵاتی نەتەوەیی خستووەتە ناو تەم‌ومژی کارەساتی پاڵەوانەتییەوە. ئەم تاقمە لە کایەی هێزەکان تێناگەن، نەتەوەخوازی خێڵەکین .ئاکامی ئەم شێوە هەڵس‌وکەوتە بیانوو دان بە دەست داگیرکەر بە دیوی دەرەوە و پێنج ڕەوتە سڵکەرەکە بە دیوی ناوەوەیە. بیانوویەک کە ناتوانن بەرپەرچی بدەنەوە و بە نکۆڵی لە بوونی کێشە لە خۆیاندا پاساوی دەدەنەوە.

٢-) دەسەڵاتخوازێک کە لە پەیوەندیی ئامانج و ستراتێژی و ئەندازیاریی کۆمەڵگا و کایە سیاسییەکان و حەواندنەوەی هێزەکان تێدەگات. خاوەن بەرنامەیە و لە هەمبەر ئەو بەرنامەدا خۆی بە بەرپرس دەزانێ. هەڵگری ڕەوشتی نەتەوەییە و هەوڵ دەدا گشت هێزەکان ڕێک بخات.  ئەم ڕەوتە لە نێوان دوو بەرداشی ڕەوتە ناوخۆییەکان و داگیرکەراندا ئەرکێکی قورسی لە سەر شانە.هەر بەم پێیەش لە پرس و کێشە و دۆخ تێدەگات، بۆ داگیرکەر مەترسیدارترین هێزە. داگیرکەر ڕێ بە نەتەوەخوازیی خێڵەکی دەدات، بەو هۆیە کە بۆخۆی بەربەستی یەکگرتنی کوردستانە، بەڵام تەنیا یەک بەرنامەی بۆ ڕەوتی نەتەوەخوازیی ئاگامەند هەیە، لەناوبردن بە هەر تێچویەک.

ڕەوتی نەتەوەخوازیی ئاگامەند تایبەت بە یەک حیزب یان ڕەوت یان ناوچەیەکی دیاریکراو نییە. بەڵکوو لە قووڵاییی کۆمەڵگای کوردستاندان. هەوڵیان پڕکردنەوەی ئەو کەلێن و کەلەبەرە کۆمەڵایەتییانەیە کە شێوە ژیانی خێڵەکی و ئەندازیاریی داگیرکەر سازی کردوون. نەتەوەخوازیی ئاگامەندانە، بە شێوەی ڕێژەیی لە حیزب وڕەوت و تاکدا دەردەکەوێ. لەم ڕەوتەدا هێزی چەکدار، هێزی خێڵەکی نییە. پڕەنسیپە نەتەوەیییەکان دەبن بە ناسنامەی هەر چەشنە چالاکییەک. لێرەدا هێز و دەمارگرژیی خێڵەکی لە خزمەت نەتەوەدا دەحاوێنرێتەوە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان