ئارامتر بخوێنەوە!

سینەما و کۆلۆنیالیزم: پیشاندانەوەی کورد لە سینەمای ئێراندا


سارۆ ئەردەڵان

ئاماژە

لە پاش سازبوونی دەوڵەت نەتەوەی ئێران، سینەمای نوێی ئێرانی باشترین دەرخەری تایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە. لە ڕێگەی نیشانەناسیی ڕەخنەگرانەی ئەو فیلمانەی کە سەبارەت بە کوردستان لە لایەن دەرهێنەرە ئێرانییەکانەوە ساز کراون، دەردەکەوێ کە کوردستان ناوچەیەکی گوندی و لە دەرەوەی مێژووە. کورد نەخوێندەوار و نالۆژیکییە، کوردایەتی ئامانجیەتی ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەکە ساز بکا، خەڵکی کورد لە پێشمەرگە جیایە، پێشمەرگە مرۆڤێکە لە خۆشەویستی نیشتمان و عەشق تێناگا و تەنیا بە زمانی توندوتیژی دەیەوێ کێشەکان چارەسەر بکا. هەروەها لە بەرامبەردا مرۆڤی ئێرانی خوێندەوارە، لۆژیکی بیر دەکاتەوە و بە زمانی دیالۆگ کێشەکان چارەسەر دەکا. مرۆڤی ئێرانی لە بەرامبەر خۆشەویستی بەرپرسیارە، عاشقی ڕاستەقینەیە و بۆ پاراستنی نیشتمانەکەی گیانی خۆی فیدا دەکا. بەم شێوەیە مرۆڤی کوردی بەئێرانیکراو/ئاسیمیلەکراو بەرهەم دێ کە لە زمان و کولتووری کوردستان، لە خۆی، لە مرۆڤبوون نامۆ بووە.



پێشکەشە بە مامۆستا تەیفوور بەتحایی؛

بۆ شەهید چرچەی بارام میرزا و ئەو ئاگرەی لە ژێر پۆستاڵی داگیرکەر دایدەگیرساند.



(I) دەستپێک

کۆلۆنیالیزم و ئایدیۆلۆژیی ئێرانی

چ شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی لە جیاتی هەوڵ بدەین سیستەمی کۆلۆنیالیستیی ئێران بڕووخێنین، وامان لێ دێ بە ژیانی ڕۆژانەی خۆمانەوە سەرقاڵ ببین؟ ئایدیۆلۆژیی ئێرانی چۆن خۆی بەردەوام بەرهەم دەهێنێتەوە؟ ڕەنگە یەکەم وڵام بۆ زۆربەمان ئەوە بێ کە دەوڵەتی ئێران خاوەنی هێزێکی زەبەلاح لە سوپای چەکدار، پۆلیس و زیندانەکانە و دەتوانێ بە مەیلی خۆی هەر جۆرە نافەرمانی و شۆڕشێک سەرکوت بکا و دەستبەجێ کۆتایی پێ بێنێ. بە وتەی ئالتوسێر ئەم هێزانە “دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت” پێک دێنن. ئەم دەزگایانە لە ڕێگەی زۆرەملی و توندوتیژییەوە یاساکانی چەوساندنەوە بە سەر کوردستاندا دەسەپێنن. بەڵام کاتێک یاساکان چەسپان، چۆن بەردەوام دەبن؟ دەوڵەت هەمیشە دەتوانێ وەکوو دوایین ڕێگەچارە دەزگای سەرکوتکەر بەکار بێنێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی مەشروعیەتی دەچێتە ژێر پرسیارەوە. کەواتە لە ئاستی ژیانی ڕۆژانەدا پێویستە مرۆڤی کورد بە مەیلی خۆی لە چوارچێوەی سیستەمی بەهاکانی ئێراندا پەروەردە ببێ و بە شێوەیەک هەڵسووکەوت بکا کە دوژمن دەیەوێ. لە ڕوانگەی ئالتوسێرەوە، لێرەدایە کە دەزگا ئایدیۆلۆژیکەکانی دەوڵەت (لە قوتابخانەوە بگرە تا هونەر و سینەما) لە جیاتی ئەوەی خەڵک بە زەبری شمشێر لە خەو هەڵسێنن، لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژیی ئێرانییەوە ناچاریان دەکەن لە بەرژەوەندی مانەوەی سیستەمی کۆلۆنیالیستی هەڵسووکەوت بکەن.[1]

بۆمان ڕەنگە جێی پرسیار بێ بۆ زۆر جار دەرکەوتەی سیستەمی کۆلۆنیالیستی ئێران زۆر ڕوون نییە؟ یا لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ڕەنگە پێمان وابێ ئەگەر چەوساندنەوەیەکیش هەبێ یا پەیوەندی بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە و یا تەنانەت لەبەر هەندێک دەسەڵاتداری گەندەڵ و ناشارەزاوە ساز بووە. هەر بۆیە کاتێک لەگەڵ مرۆڤێکی ئێرانی هەڵسووکەوت دەکەین (لە کاروبارێکی تیجارییەوە بگرە تا خزمایەتی) کەمتر دژایەتیکردنێکی ڕووت و بەرچاو لە ئاست نەتەوەی کورد و کوردستان دەبینین. هەندێک جار لە زانکۆ هاوپۆلییە ئێرانییەکانمان هاودڵ و هاوڕا لەگەڵ خۆمان بینیوە و کاتێک لێکمان داوەتەوە وتوومانە کە حسێبی مرۆڤی ئێرانی لەگەڵ حکومەتی ئێران جیایە. هەر لێرەدایە کە دەردەکەوێ ئایدیۆلۆژیی ئێرانی توانیویەتی زۆر بە کارامەیی و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دزە بکاتە ناو هەست و نەستمانەوە. واتە توانیویەتی ئەم بیرۆکەیە لای تاکی کورد سەقامگیر بکا کە کولتووری ئێرانی بەرز و شارستانیانەیە و مرۆڤی ئێرانی مرۆڤی کورد و کولتووری کوردستانی خۆش دەوێ. من ئەم مێکانیزمەی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی لە چوارچێوەی چەمکی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگردا پێناسەی بۆ دەکەم. واتە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی لە ڕێگەی بە هی خۆکردن و نیشاندانی نزیکایەتی و گەرموگوڕی، خۆی لە جیاتی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەچەسپێنێ و لەم ڕێگەوە سوژەی تایبەت بەخۆی ساز دەکا. گرنگترین مێکانیزمی بەکۆلۆنیکردنی کوردستان سازکردنی ئایدیۆلۆژییە کە لە ڕێگەیەوە ئێمە لەگەڵ ئەوەیدا دەزانین کە دەچەوسێینەوە و وڵاتەکەمان داگیر کراوە بەڵام بە شێوەیەک ڕەفتار دەکەین کە دەڵێی کۆیلە نین و مافەکانمان پێشل نەکراوە.[2]

دەستپێکی هەر ڕەخنەیەک لە ئایدیۆلۆژی لە ژێر کاریگەری پێناسەیەکی کلاسیک لە نەریتی مارکسیزمدایە کە مارکس بە دەستیەوە داوە. لەم پێناسەدا ئایدیۆلۆژی ئاگامەندییەکی چەوتە بۆ ئەوەی تاک لە مەبەستی سەرەکی سیستەمی سەرمایەداری تێنەگا. لەم ڕوانگەدا هەڵسووکەوتی چینی کرێکار بۆیە لە بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداریدایە چونکە ئاگادار نییە و سیستەمی سەرمایەداری ناناسێت؛ یا باشترە وا بڵێین چونکە چینی کرێکار لە جیاتی ئەوەی هەقیقەت بناسێ ئاگاییەکەی چەوتی هەیە و بەلاڕێدا براوە. واتە “خەڵک ئاگادار نین بۆیە بەو شێوەیە ڕەفتار دەکەن.” ژیژەک بە یارمەتی وەرگرتن لە سلۆتەردایک پێی وایە کە ئێمە وەک سوژەیەک تەواو لەوە ئاگادارین کە تێگەیشتنی ئێمە لە دنیای ڕاستەقینە بەلاڕێدا براوە، بەڵام باوەشمان بەم درۆیەدا کردووە و وەلای نانێین. بە وتەی سلۆتەردایک: “ئەوان زۆر چاک ئاگاداری شتەکانن، بەڵام هەر بەو شێوەیە ڕەفتار دەکەن.” لە ڕوانگەی ژیژەکەوە دەبێ کەمێک گۆڕانکاری لە تێگەیشتنی سلۆتەردایکدا بکرێ، چونکە لە ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیدا زیاتر لەوەی کە زانین و مەعریفە گرنگ بێ، دەبێ ئاوڕ لە ڕەفتار و هەڵسووکەوت بدەینەوە. چونکە، بۆ نموونە، زۆرجار هەیە پیاوێک بە باشی تیۆرییە فێمینستییەکان دەزانێ و زۆر چاک لەوە ئاگادارە کە لە دنیای ئیستادا ژن و پیاو یەکسانن، بەڵام لە ماڵەوە سەرکۆنەی هاوژینەکەی دەکا کە بۆچی لە کاتی خۆیدا جلوبەرگەکانی ئوتو نەکردووە. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم پیاوە دەزانێ و ئاگاداری مافی ژنانە، بەڵام بەپێی کردەوەکانی کەسێکە لە چوارچێوەی پیاوسالاریدا هەڵسووکەوت دەکا. کەواتە ئەم پیاوە باش دەزانێ ژنان و پیاوان پێکەوە یەکسانن بەڵام جۆرێک ڕەفتار دەکا کە دەڵێی نازانێ. لەم مانایەدا ژیژەک دەڵێ: “ئەوان دەزانن کە بەو کارەی دەیکەن لە وەهمێک پەیڕەوی دەکەن، بەڵام هەر بەو شێوەیە ڕەفتار دەکەن.”[3]

بەگوێرەی ئەم مانا نوێیە کە ژیژەک لە ئایدیۆلۆژی مەبەستی دەکا تاکی کورد لە سەدەی بیستەم و یەکەمدا دەزانێ کە لە لایەن سیستەمی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی دەچەوسێتەوە، بەڵام دەیەوێ لەم وەهمەدا بژی کە سیستەمی ئێران نایەوێ کورد بچەوسێنێتەوە. هەڵبەت پێویستە کە دەزگا ئایدیۆلۆژیکەکانی دەوڵەت وەک مەکینەیەکی بەرهەمهێنەری ئایدیۆلۆژی وا بن و بەردەوام هەندێک مێکانیزمی دیاریکراوی هەبێ کە “باوەڕ” بە سیستەمێکی تایبەت لەناو خەڵکدا درووست بکەن. لەم رێگەوە باوەڕ بە شیاوبوونی ئەو سیستەمە لە ناوشیاری تاکدا ساز دەبێ و ئەمە ناوشیارە کە باوەڕ پێک دێنێ و تاکی چەوساوە بە ئایدیۆلۆژی ڕادەهێنێت.



سینەما وەک دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئایدیۆلۆژی

دەرکەوتەی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی دەکرێ بە باشترین شێوە لە ناو ئەو فیلمانەدا ڕەنگ بداتەوە کە لە چوارچێوەی سینەمای نوێی ئێراندا سەبارەت بە کورد و کوردستان ساز دەکرێ. ئەم فیلمانە سەرەڕای ئەوەی ڕوانگەی ئیلیتی ئێرانی سەبارەت بە کوردستان نیشان دەدەن، چونکە هەم لە لایەن دام و دەزگای ئایدیۆلۆژیکی دەوڵەتی ئێرانەوە مۆڵەت دەدرێن، بودجەیان بۆ دابین دەکرێ، لە سینەماکانی ئێران بڵاو دەکرێنەوە، زۆربەی جار لە فستیڤالی فەجر خەڵات دەکرێن و لە کاناڵە ڕەسمییەکانی تیڤی ئێرانەوە (بەتایبەت کاناڵی یەک) بڵاو دەکرێنەوە، دەتوانن باشترین نوێنەری ئایدیۆلۆژیی ئێرانی بن کە لەگەڵ ئەوەیدا ناوشیاری کورد و ئێرانی ساز دەکەن و لەم ڕێگەوە باوەڕی کورد بە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی بەهێز دەکەن، سوژەی ملکەچی کوردی ئێرانی بەردەوام بەرهەم دەهێننەوە. بە وتەی ژیژەک “بۆ تێگەیشتن لە جیهانی ئیستا، پێویستمان بە سینەمایە. تەنیا لە سینەمادایە کە دەتوانین لەم ڕەهەندە دژوارە تێبگەین کە ئێمە ئامادە نین بەرەوڕووی جیهانی ڕاستەقینەمان ببینەوە. ئەگەر ئێوە بە شوێن ڕاستییەکی زیاتر لەو ڕاستەقینەیەدا دەگەڕێن کە وەک خۆی لە ڕاستەقینەدا هەیە [دەتوانن] لەناو چیرۆکی سینەماییدا پەیجۆری بن.”[4]

بۆ تێگەیشتن لە شێوازی پیشاندانەوە و وێناکردنی کورد و کوردستان لە ڕێگەی نیشانەناسیی ڕەخنەگرانەی ئەو فیلمانەی کە لە ئێران بەرهەم هاتوون، هەوڵ دەدەم دالە سەرەکییەکانی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی دەستنیشان بکەم. لێرەدا ئاماژە بە دوو ڕەهەندی مێتۆدۆلۆژی توێژینەوەکەم دەکەم: (١) من بە شێوازێکی ئالتوسێر-لاکانی مێتۆدۆلۆژی نیشانەناسیی ڕەخنەگرانە بەکار دێنم. لاکان پێیوایە کە دەکرێ مێکانیزمە زێهنییەکان لە ڕێگەی سێ نەزمی بابەتی خەیاڵی، بابەتی سەمبولیک و بابەتی ڕاستەقینە پۆلینبەندی بکەین. بابەتی خەیاڵی لە قۆناغی ئاوێنەییدا من یا ئێگۆ ساز دەکا. بابەتی سەمبولیک نزیک لە هەموو شتەکان دەگرێتەوە، لە زمانەوە و یاساکانەوە بگرە تا پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و، دەکرێ بوترێ کە بابەتی سەمبولیک سازێنەری زۆربەی ئەو شتەیە کە ئێمە وەک جیهانی ڕاستەقینە باسی لێ دەکەین. بابەتی ڕاستەقینە ئەو بەشانە پێک دێنێ کە ناتوانین بیانناسین و هەموو شتێک دەگرێتەوە. بابەتی سەمبولیک و بابەتی ڕاستەقینە بەتەواوی پەیوەندییان پێکەوە هەیە. بۆ نموونە نەخۆشی کرۆنا لە دنیای ڕاستەقینەدایە، بەڵام ئێمە تەنیا لەناو بابەتی سەمبولیکدا لێی تێدەگەین. هەندێکمان پێمانوایە دەستکاری مرۆڤ لە سرووشت بووەتە هۆی سازبوونی ڤایرۆسی کۆوید ١٩، هەندێکمان پێمانوایە سزایەکە لە لایەن خوداوە نێردراوە و هەندێکیشمان واتێدەگەین کە ئەم ڤایرۆسە دەستکردی چینە تا کێشە بۆ ئابووری ڕۆژئاوا و دنیای سەرمایەداری ساز بکا. سووڕانی ڤایرۆسەکە بە دنیادا پەیوەندی بە تێگەیشتنی ئێمەوە نییە و پەتای کرۆنا لە ئاست بابەتی سەمبولیکدا بێلایەنە؛ هەڵبەت بابەتی سەمبولیکە کە مانا بە بابەتی ڕاستەقینە دەبەخشێ و فامی ئێمە ساز دەکا.

ئایدیۆلۆژیی ئێرانی کە سازکەری نەتەوەی ئێرانە، پەیوەندییەک لە نێوان بابەتی ڕاستەقینە و بابەتی سەمبولیک ساز دەکا. ئەم ئایدیۆلۆژییە کاتێک لە بەرامبەر ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەوەستێ، دەیەوێ بە هێرش کردنە سەر دنیای سەمبولیکی کورد (لە زمانەوە بگرە تا تایبەتمەندییە کولتوورییەکان) نەک سەمبولەکانی کوردستان لە ناو ببا و بێ‌بەهایان بکا، بەڵکوو لە ڕێگەی مێکانیزمەکانی وەخۆگرتنەوە سەمبولەکانی کوردستان لە ناو سەمبولەکانی ئێرانییەتدا بتوێنێتەوە. بۆ ڕەخنە لەم ئایدیۆلۆژییە، گرنگە کە بزانین دالی مەزنی ئەم ئایدیۆلۆژییە چەمکی ئێرانە کە لە ڕێگەیەوە پەیوەندی دالەکانی دیکە وەک خۆشەویستی، ئیمان و توندوتیژی و … ساز دەبێ. هەر کام لەم دالانە دەتوانن لە بەستێنی ئایدیۆلۆژیی جیاوازدا ئاماژە بە چەندین مەدلول بکەن و لەسەریان هەڵبخلیسکێن و لە خاڵی تەقەڵەکاندا جێگر ببن. لەم ڕێگەوە ئایدیۆلۆژی خۆی یەکپارچە دەکا و لە بەرامبەر ئایدیۆلۆژییەکانی دیکەدا بەهێز دەبێ.

(٢) لەم چوارچێوە تیۆرییەکەی کە باسم کرد و بە کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدۆلۆژی نیشانەناسیی رەخنەگرانە خوێندنەوەم بۆ حەوت فیلم لە سینەمای نوێی ئێرانیی پاش ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە و نیشانم داوە کە چۆن فیلمەکان دەتوانن ئایدیۆلۆژیی ئێرانی نوێنەرایەتی بکەن و لە ڕێگەی دەستکاری کردنی بابەتی سەمبولیکەوە بابەتی ڕاستەقینەی ژیانی ئێمە بەرهەم بهێنن. شێوازی هەڵبژاردنی فیلمەکان بەم شێوەیە بووە کە گرنگترینی ئەو فیلمانە بخەمە بەر باس کە لە چل ساڵی ڕابردوودا لە لایەن دەرهێنەرە ئێرانییەکانەوە بەرهەم هاتووە و بە شێوازێکی بەرفراوان بڵاو بوونەتەوە. لیستەی ئەم فیلمانە دەکرا زیاتر بن، بەڵام زۆربەی فیلمە سینەماییەکان کە بە شێوازێک پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە لە ڕووی تەکنیکییەوە لە ئاستێکی نەزمدان (وەکوو  عروس حلبچە، مرزی برای زندگی، کانی مانگا، عقابها، پنجە در خاک، حماسەی درە شلیر و هتد.)، هەر بۆیە بەئەنقەست لەم وتارەدا باس نەکراون. چونکە ویستوومە نیشانی بدەم کە ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیک لە باشترین فیلمەکانی سینەمای ئێران کە بینەری زۆرتریان هەیە، خەڵاتیان وەرگرتووە و ڕەخنەگرانی ئێرانی پێشوازییان لێ کردوون، دەتوانێ کارکردی پراکتیکی سیستەمی کۆلۆنیالیستی ئێران باشتر نیشان بدەن؛ ئەگەرچی لە فیلمە هەرزانباییەکانیشیاندا تەنانەت دەلالەتی ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی زۆر ڕوونتر و بەرچاوتر دەبیندرێ. بۆیە دەکرێ بوترێ ئەم توێژینەوەیە دەروازەیەکە بۆ چەندین لێکۆڵینەوەی گرنگتر، بەتایبەت وردبوونەوە لە ڕەهەندەکانی پەیوەندی کولتووری جەماوەری بە ئایدیۆلۆژییەوە، بەکارهێنانی کولتووریی ئێرانی، سینەمای کۆلۆنیال و نەتەوەسازی لە ئێران.



(II) نیشانەناسیی ڕەخنەگرانەی سینەمای ئێرانی

١. خاکی ئاشنا (خاک آشنا): کوردی ئاسیمیلەکراو باشترین کوردە!

بەهمەن فەرمانئارا کە وەک دەرهێنەرێکی بەرهەمهێنەر (مولف: auteur) لە سینەمای ئێراندا ناوی دەرکردووە، بە ساز کردنی فیلمی خاکی ئاشنا (١٣٨٦/٢٠٠٧) سەرەڕای ئەوەی لە لایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی لێ کرا، هەروەها فیلمەکەی توانی لە دوازدە بەشدا بۆ وەرگرتنی خەڵات لە دوازدەهەمین جەژنی سینەمای ئێران (١٣٨٧/٢٠٠٨) بەربژێر بێ کە لە ئاکامدا توانی لە چوار بەشدا (باشترین دەرهێنەر، موسیقای فیلم، مونتاژ، دەنگ و میکس) خەڵاتی یەکەم بباتەوە.[5] فیلمی خاکی ئاشنا سەبارەت بە ژیانی نیگارکێش و شاعیرێکی کوردی ئێرانییە (نامی نامدار بە دەورگێڕانی ڕەزا کیانییان) کە لە ژیانی تاران وەڕز بووە و گەڕاوەتەوە بۆ خانوو و زەوییەکانی بنەماڵەکەی لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی تیلەکۆ لە کوردستان تا لە ئارامیدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی هونەری بێت. لە یەکەم سێکانسدا قووڵایی ئاسیمیلاسیۆنی کوردی خوێنەوارمان لەناو ئایدیۆلۆژیی ئێرانی مەزندا بۆ دەردەکەوێ. خوشکی نامدار لە درەنگانی شەودا لە درگای ماڵەکەی دەدا و گلەیی دەکا ئەم “شوێنە دوورەدەستە” کوێە کە هاتوویت و “بۆمان نادۆزرێتەوە؟” (لە کاتێکدا خانووی باوکیان بووە و ئیستاش بە میرات بۆیان ماوەتەوە). دواتر نامدار وەک ئایدیال تایپی ڕۆشنبیری ئێرانی (کە لە پشتیەوە تابلۆی شێعرێکی شاملوو بە خۆشنووسیی نەستەعلیق هەڵواسراوە: آی عشق چهرەی آبی‌ات پیدا نیست”) تووڕە دەبێ و خەڵک قەرزدار دەکا کە بۆ “زمانی فارسییان” شێواندووە. خوشکی نامدار داوای لێ دەکا کە سەرپەرشتیاریی تەنیا کوڕەکەی (بابەک) بۆ ماوەیەک بەئەستۆ گرێ، چونکە ناتوانێ لەگەڵ چوارەم هاوژینەکەیدا بیبا بۆ دوبەی. نامدار بەتووڕییەوە دەیەوێ خۆی دەرباز بکا و دەڵێ دوبەی لەسەر نەخشەی جیهان بە ئەندازەی “گووی مێشێکە” و “نە شارستانیەتی هەیە و نە مێژوو!” “خاکەکەشی هی مەملەکەتی ئێمەیە کە بردوویانە و ئەوێیان پێ ئاوەدان کردووەتەوە!” هەر بەم چەند ڕستەیە دالە گرنگەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەسەر مەدلولەکانی خۆیان جێگر دەبن: عەڕەب دواکەوتووە و خاوەنی شارەستانیەت نییە، بە سووکی دەبێ باس لە وڵاتە عەرەبییەکان بکرێ، زمانی فارسی شادەماری ئێرانیبوونە و پارێزەری شارەستانییەتێکی کۆنە!

بە فێڵ، بابەک لای نامدار دەمێنێتەوە. نامدار کە خۆی لە زمانی کوردی تێدەگا بەڵام بابەکی خوشکەزای هیچ لە زمانی کوردی تێناگا و باوکی حاشای کردووە کە بابەک کوڕی بێ (چونکە پێی وایە زۆڵە)؛ هەر لەبەر ئەمە  بابەک سەرەڕای ئەوەی موعتاد و بێکارە، لە یەک ساڵدا سێ جار ویستوویەتی خۆی بکوژێ. بابەک بە یەک نیگا عاشقی کچێکی کوردی (مێهرماه، ناوێکی سەیر و سەمەرەی فارسی)  هەرە جوان دەبێ و ئەمە وای لێ دەکا بتوانێ لەو گوندە بمێنێتەوە. کچێک کە دواتر بۆمان دەردەکەوێ هەر لە منداڵییەوە دراوە بە ئامۆزاکەی و هەرچەند زەماوەندیان نەکردووە، بەڵام هەر کەس لێی نزیک بێتەوە دەکوژرێ. لە سێکانسێکی دیکەدا، ئەم کچە لە درگای خانووی نامدار دەدا و داوای ئاو بۆ بووکەڵە تینووەکەی دەکا! بابەک کە ئەم بۆچوونەی پێ خورافەیە لە لایەن ژنە خزمەتکاری ماڵی نامدارەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە ئەم ڕێوڕەسمە نزای خەڵکە بۆ باران بارین! بابەک دەچێتە سەر ڕێی مێهرماه و بە ڕەسمی خۆشەویستی چەند چەپکە گوڵی بۆ دادەنێ؛ کوڕانی ئاوایی پێی دەزانن و بەخەستی لێی دەدەن. بابەک هیچ کە واز ناهێنێ و تەنانەت لە خەودا مۆتەکە دەبینێ کە لەسەر ئەم ئەوینە دەکوژرێ، بەڵام لە کۆتایی فیلمەکەدا سەردەکەوێ و دەتوانێ دڵی کچەکە بە دەست بێنێ و مێهرماه بە دەم گوڵچنینەوە بە دەمیەوە پێدەکەنێ! مێهرماه لە تەنیا سێکانسێکدا کە لەگەڵ بابەک بەکورتی قسە دەکا پێی دەڵێ کە دەزگیرانەکەی “پێشمەرگەیە” و چووەتە ئەوبەر “سنوور” و دەگەڕێتەوە و ناکرێ لەگەڵ ئەو قسە بکا. بابەکی ئاسیمیلەکراو هەرچەند موعتاد و بێکارە، بەڵام چونکە بووەتە بەشێک لە نەتەوەی سەردەست دەتوانێ تەنیا بە نیشاندانی عەشق و نەرم و نیانی بە سەر توندوتیژی ڕووتی مرۆڤی نەتەوەی بندەست سەرکەوێ. ئەو مرۆڤانەی کە هیچ لە شارستانیەت تێناگەن و لە شاخەکانی کوردستان دەژین. پێشمەرگە لە دووردەستەکانە و پێی لە نەریتێکی کۆنەپەرەستدا چەقیوە، بابەک لێرەیە و خەڵکی شارە و ڕێوڕەسمی عاشقی دەزانێ. مێهرماهیش سەرکەوتووانە عاشقی پیاوی ئاسیمیلەکراو دەبێ و بە تیرێک سێ نیشان دەپێکێ: لە زیندانی ئامۆزاکەی ڕزگاری دەبێ، لە ژیانی دنیای پێش مۆدێرندا عەوداڵی ئاو بۆ بووکەڵەکەی نابێ و، چیتر بەتوندوتیژی لەگەڵیدا هەڵسووکەوت ناکرێ. کوڕێکی موعتادی دۆڕاوی ئاسیمیلەکراو کە لە لایەن کۆمەڵگاوە وەک زۆڵ سەیر دەکرێ  بە یەک نیگا تووشی عەشقێکی ئەفلاتونی دەبێ و بە ئاسانی و بە دانانی چەند گوڵ بە سەر عەشقی کوڕە پێشمەرگەیەکدا سەردەکەوێ!

چیرۆکی عەشقی بابەک هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ئاگادار دەبینەوە کە مام نامدار زگورت ماوەتەوە، چونکە عەشقە کۆنەکەی ئەوی بەجێ هێشتووە و ڕۆشتووە بۆ ئامریکا. ئیستاش شەبنەم (ژنێکی فارس) کە شێرپەنجەی هەیە گەڕاوەتەوە و مام نامدار لە کۆتایی فیلمەکەدا لەبەر ئەو عەشقەی بە شەبنەم هەیەتی حازرە کوردستان بەجێ بهێڵێ و بۆ تاران بگەڕێتەوە. بەڵام خاڵی گرنگی فیلمەکە بابەتێکی دیکەیە و وەک گۆڕانێکی گرنگ لە ژیانی ئەم ڕۆشنبیرە تەریک‌کەوتووەدا دەست نیشان دەکرێ. لە ڕێگەی پاستارێکەوە لە هەڵاتنی نووسەرێکی زیندانی بە ناوی ئەحمەد میرشکاری ئاگادار دەکرێینەوە کە ماوەیەکی هەرە زۆر لە زیندان بووە و پاش ئەوەی بۆ دوو مانگ مۆڵەتی پێ دراوە بە دەرفەتی زانیوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ بەندیخانە. بە نیشانەکاندا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەحمەد زیندانییەکی سیاسیی کوردە کە لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان لە پەیوەندیدایە و بەڵام نەیتوانیوە لە مەریوانەوە خۆی دەربازی ئەو دیو سنوور بکا. بۆیە هێزە ئەمنییەکان دێنە لای مام نامدار کە پێی بڵێن ماڵەکەی لە ژێر چاودێریدایە و پێیانوایە ئەحمەد لای ئەو خۆی حەشار دەدا. نامدار نایەوێ هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بکا و بە بیستنی ئەو هەواڵە تێک دەچێ. ڕۆژی دواتر دەردەکەوێ کە هێزە ئەمنییەکان هەر لەو ناوچەیە ئەحمەدیان کوشتووە و هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نامدار خۆی سەرکۆنە بکا بۆ درگای ماڵەکەی داخستووە، هاوڕێ کۆنەکەی داڵدە نەداوە و وەک هونەرمەندێک خۆی لە دنیا شاردووەتەوە.

فیلمی خاکی ئاشنا کە خاوەنی هێڵێکی دیاری گێڕانەوە نییە، لە لایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی لێ کرا. حەمید دەباشی مامۆستای بواری پۆست‌کۆلۆنیالیزم لە زانکۆی کۆلۆمبیا بەم شێوەیە فیلمەکە وەسف دەکا “فیلمی خاکی ئاشنا گوڵی سووری فەرمانئارایە بۆ ئێران… پەیامی نەسڵێکە کە جگە لە خۆشەویستی هیچی تری بۆ ئێران پێ نییە.”[6] دەباشی کە بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە کوردبوونی نامدار نادا، باس لەوە دەکا کە فەرمانئارا دەیەوێ گرێدراوەیی مرۆڤی ئێرانی بە خاکی خۆی لە نەسڵە جیاوازەکاندا نیشان بدا. دەباشی هەرچەند زۆر شارەزای تیۆرییەکانی پۆست‌کۆلۆنیالیزمە، بەڵام (هەر وەک فەرمانئارا) شارەزایانە ئاگادارە کە ئایدیۆلۆژی ناو فیلمەکە چەند سەرکەوتووانە کوردی ئاسیمیلەکراو دەکاتە باشترین کورد و تەنانەت لە ئاماژەپێدان بە ئۆپێرایەک کە نامدار لە کارگەکەی بەردەوام گوێی لێ دەگرێ مێژووی هونەری ئەورووپاش دەشێوێنێ. هەڵبەت ڕوانگەکانی دەباشی بەلامانەوە نابێ سەیر بێ کاتێک دەزانین کە ئەو یەکێک لە دژبەرە سەرسەختەکانی ناسیۆنالیزمی کوردییە (کوردایەتی) و تەنانەت ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی لە ساڵی ٢٠١٧ وەک “بەئیسرائیلی‌کردنی” کوردستان پێناسە کردووە.[7]

 فەرمانئارا دەیەوێ لە ڕێگەی نیشاندانی هەستی نامدار بۆ ئۆپێرای تۆسکا (بەرهەمی پوچینی) لە نێوان نامدار و ماریۆ کاڤارادۆسی جۆرێک لێکچوونی هونەری وێنا بکا. بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە ئۆپێرای تۆسکا هەندێک بابەتی دیکەمان لەسەر کوردی ئاسیمیلەکراو بۆ دەردەکەوێ کە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی دەیەوێ بیشارێتەوە. لە ئۆپێراکەدا سێزار ئانجێلۆتی سیاسییەکی سەردەمی ڕۆمە لە ساڵی ١٨٠٠ و دوای گۆڕانکارییەکان خۆی شاردووەتەوە و پەنای بۆ هاوڕێیەکی نیگارکێشی بە ناوی کاڤارادۆسی هێناوە. کاڤارادۆسی بە هاوکاری ئەویندارەکەی (تۆسکا کە گۆرانیبێژێکی ناودارە)، ئانجێلۆتی دەشارنەوە بەڵام لە ئەنجامی فێڵ و تەڵەکەی بارۆن سێکارپیا (سەرۆک پۆلیس) ئانجێلۆتی بەدیل دەگیرێ و لە زینداندا خۆی دەکوژێ، کاڤارادۆسی تیرباران دەکرێ و تۆسکا خۆی لە قەڵایەکی بەرزەوە فڕێ دەداتە خوارەوە و دەمرێ.[8] مام نامدار کە بەردەوام بە دەم ئەم شاکارە ئۆپێراییەوە نیگارەکانی دەکێشێتەوە (تەنانەت ژنە خزمەتکارە کوردەکەی کە لە ئۆپێرا “تێناگا” لەبارەیەوە دەڵێ “مام نامدار هەمیشە قیژوقاوی ژنێک [تۆسکا] دادەنێ و مێشکی سەری خواردووم”) نایەوێ هاوکاریی هاوڕێ نووسەرە سیاسییەکەی بکا و بەپێچەوانەی کاڤارادۆسی، درگا لە ئەحمەد (بەئەنقەست زیندانییەکی سیاسی بێپەنا و دەرەتان نیشان دەدرێ کە تەنیا هەندێک قاچاغچی هاوکاری دەکەن) دادەخا.

ئەگەر تا ئێرەتان خوێندبێتەوە ڕەنگە تایبەتمەندییەکانی کوردی ئاسیمیلیکراوتان بە باشی بۆ دەرکەوتبێ، بەڵام ئەی کوردەکان بۆخۆیان چۆنن؟ لە تەواوی فیلمەکەدا چەند کورد دەبینین. لە دوورەوە دیمەنی چەند وەرزێڕێک و دواتر چەند کچێک کە بە گۆزە لە کانی ئاو دێنن. سێ کوڕی کورد بە جلی کوردییەوە کە لەوپەڕی وەحشی و دڕەندە بووندا دەبنە پارێزەری کۆنەپەرەستی و، بە تاوانی خۆشەویستی تا ئاستی مردن لە بابەک دەدەن و سەر و گوێلاکی خوێناوی دەکەن. هەروەها حەسەن شوان کە ساڵیانێکە پاش ئەوەی مەڕ و ماڵاتەکەی دزراوە، شێت بووە و بەردەوام وەهمەکانی خۆی دەگێڕێتەوە و باس لەوە دەکا کە قیامەتە. نیگای فەرمانئارا زۆر وردە: سوژەی کوردی شوانکارە ئەگەر مێگەڵی نەمێنێ هاوسەنگی دەروونی دەشێوێ و پەیوەندی لۆژیکی بە دنیای ڕاستەقینەوە نامێنێ و بۆیە باوەڕ دێنێ کە قیامەت ڕووی داوە. خزمەتکاری خانووەکەی ژنە کوردێکی ساویلکەیە و کامێرای کۆلۆنیالیستی بە باشی پەیوەندی چەوساندنەوە لە بەرژەوەندی نیگای ڕۆشنبیرانەی نەتەوەی سەردەست نیشان دەدا. هەرچەند مام نامدار وا دەنوێنێ کە خێرخواز و مرۆڤدۆستە بەڵام گاڵتە بەم ژنە خورافاتییە دەکا کە هەموو ددانەکانی کڕمۆڵ بوون و نایەوێ پارەی کارەبای ماڵەکەی بدا. کوردی ئاسیمیلەکراو پاک و خاوێنە، دەستوور دەدا و کاتەکانی خۆی بۆ هونەرە بەرزەکان تەرخان دەکا و لەگەڵ فارسەکان باسی هونەری بەرز و خۆشەویستی دەکا؛ کوردی بندەست وەڕزێرە و لە ژێر هەتاو کرێکاری دەکا یا خزمەتکارە و چێشت لە بەر دەم خاوەن‌ماڵەکەی دادەنێ و خۆی بە قسە هێنان و بردنەوە سەرقاڵ دەکا.



٢. منداڵی خاک [فرزند خاک]: زارۆکی کورد لە باشووری کوردستان لەدایک دەبێ تا لە تاران ببێتە سەربازی ئێرانی مەزن!

فیلمی منداڵی خاک بە دەرهێنەری محەمەدعەلی باشەئاهەنگەر لە ساڵی  ١٣٨٦ (٢٠٠٧) بە پشتیوانی  بونیادی سورە ساز کراوە و لە جەژنی خانەی سینەمای ئێران لە دوازدە بەشدا بەربژێر بووە و لە ئاکامدا لە شەش بەشی (باشترین فیلم، دەوری تەواوکەری ژن، فیلمنامە، فیلمهەڵگرتن، دەنگهەڵگرتن،  ئێفێکتی تایبەت) خەڵاتی باشترینەکانی بردووەتەوە.[9] هەروەها لە بیست و شەشەمین فستیڤالی فەجر (١٣٨٦)، فیلمی منداڵی خاک هاوکات لەگەڵ ئەوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەری دووەمی ژنی بردووەتەوە، خەڵاتی سیمۆرغی زێڕینی بۆ باشترین فیلم لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە (شەرقی، ئایینی و ئێرانی) پێ بەخشراوە.[10] ئەم فیلمە توانیویەتی لە دووەمین جەژنی ئەنجوومەنی ڕەخنەگران و نووسەرانی سینەماشدا (١٣٨٧) خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و ئەکتەری یەکەمی ژن بباتەوە.[11] لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەوە منداڵی خاک فیلمێکە لە ژانری جەنگ و بەرگریی پیرۆزی ئێرانییەکان لە قۆناغی هەشت ساڵ شەڕ لەگەڵ وڵاتی عێراق. هەر بۆیە بە ابوەڕی ڕەخنەگران منداڵی خاک لەو دەگمەن فیلمانەیە کە توانیویەتی هەم بۆ مودیرانی سینەمای ئێران گونجاو بێ و هەم ڕەخنەگران پەسەندی بکەن.[12]

فیلمی منداڵی خاک چیرۆکی مینا ژنێکی تارانییە کە پاش پازدە ساڵ لە کوژران/دیارنەمانی هاوژینەکەی لەگەڵ کوڕە مێرمنداڵەکەی هاتووە بۆ شاری پاوە بە ئۆمێدی ئەوەی تەرمی مستەفای هاوسەری بدۆزێتەوە. لە پاوە دوای هەندێک کێش‌مەکێشەوە دەتوانێ بچێتە سەر سنوور و هەر لێرەوەیە کە گرنگترین ئالێنگاریی فیلمەکە دەست پێ دەکا. لەسەر سنوور چەندین خێوەتی تایبەت بە هێزێکی تایبەتی ئێران پیشان دەدرێ کە ئەرکیان دۆزینەوەی ئێسک و پرووسکی سەربازە ئێرانییەکانە. سەدان تابووت لە فیلمەکەدا نمایش دەکرێن کە بە ئاڵای ئێران داپۆشراون و ئامادەی گواستنەوەن. لە ناو خێوەتەکان قەرەباڵغییەکی زۆر دەبیندرێ و ژنانی کورد لە باشوورەوە ئێسک و پاشماوەی پلاک و جلوبەرگی سەربازە ئێرانییەکان ڕادەستی شارەزایانی ئێرانی دەکەن و لە بەرامبەردا بڕی پارەیەک وەردەگرن. سێکانسەکە هاوکات لەگەڵ ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە، بەڵام هەر لێرەوە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی لە زمانی شارەزایانی بواری سەربازییەوە دەردەکەوێ. ژنە کوردەکان ساویلکە و گێل، فێڵباز و تەماحکار نیشان دەدرێن کە هیچ گرنگی بە پاشماوەی سەربازە ئێرانییەکان نادەن کە لە لایەن شارەزاکانەوە وەک شتگەلێکی پیرۆز هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێ. ژنێک هەوڵ دەدا ئێسک و جلوبەرگێکی پرووتکاو بفرۆشێتەوە بەڵام ئێرانییەکان قەبوڵی ناکەن و لە ڕێگەی هەندێک نیشانەوە دەڵێن ئەمە تەرمی عێراقییە. لە دوای ئەوەیکە ژنەکە کە دەڵاڵێتەوە تا لێی وەرگرن، دەڵێن کێشە نییە وەریدەگرین و دواتر دەتوانین لەگەڵ تەرمی ئێرانییەک کە لای عێراقییەکانە بیگۆڕینەوە. شارەزاکان ئێسکەکان ماچ دەکەن و بە گریانەوە بەخێرهاتنیان دەکەن. لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا دالی گڵاوبوونی عێراقییەکان لە زمانی کوردێکەوە دووپات دەبێتەوە. گۆنا کە دەیەوێ زیرەکی خۆی نیشان بدا دەبێژێ: یەکێک لە شێوازەکانی ناسینەوەی ئێرانی لە عێراقی ئێسکەکانیانە، چونکە ئێسکی ئێرانییەکان سپی و ناسکە، بەڵام ئێسکی عێراقییەکان ڕەش و ئەستوورە!

گۆنا (مەهتاب نەسیرپور)، بێوەژنێکی دووگیانی باشوورییە کە قەرارە ڕێگە نیشانی مینا بدا و وا نیشان دەدرێ کە دەتوانێ کەمێک بە فارسی قسە بکا و مینا لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات – باشوور (ئێران – عێراق) دەپەڕێنێتەوە. گۆنا و خوشکێکی دیکەی، وەک زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچەیە، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی ئێسکی مردووەکان و دۆزینەوە چەک و تەقەمەنییەوە دەژین. خێزانی گۆنا سەیر و سەمەرە نیشان دەدرێ  کە لە چوار خوشک و دوو برا پێک هاتوون. گۆنا و سارا پاشماوەی مردووەکان کۆ دەکەنەوە، ڕۆژین (کە چاوەکانی کیمیایی بوون و خەریکە کوێر دەبێ) و مۆنا مێرمنداڵن، سەرکاو مۆنگۆلە و، سیروان کە برا گەورەیانە قاچی بە مین پەڕیوە و ژنەکەشی مردووە، هەر بۆیە زۆر ساخ نییە. سیروان بە جامەدانە و کووڵەباڵەوە لەسەر داشقەیەک دادەنیشێ، دەف لێ دەدا، گۆرانی دەڵێ و منداڵەکانی دیکە پاڵ بە داشقەکەیەوە دەنێن و لە زۆربەی فیلمەکەدا هەڵدەپەڕن.

لە درێژەی فیلمەکەدا بۆمان دەردەکەوێ تەرمی مستەفای هاوژینی مینا هیچ کە نەبووەتە ئێسک و پرووسک، بەڵکوو کاتێک لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە نەشێواوە و تەنانەت وەک وایە تازە مردبێت. هەر بۆیە خەڵک وەک موعجیزەیەک سەیری دەکەن و دەڵێن “سەیدی غەریب” یەکێک لە ئەولیای خودایە، بۆیە جەستەی شی نەبووەتەوە. لەبەر ئەم پێگە پیرۆزە، خەڵک بۆ خۆیان تەرمەکەیان ناشتووە و مەزارگەیەکیان وەک پیاوچاک بۆ ساز کردووە. مونا کە بە چاوی خۆی تەرمەکەی بینیوە هەر بە دەم میناوە پێدەکەنێ و لێی نزیک دەبێتەوە تا قسەی لەگەڵ بکا. گۆنا مینا ئاگادار دەکاتەوە ناکرێ تەرمی هاوژینەکەی بۆ ئێران بباتەوە، چونکە خەڵک و مامۆستای ئایینی ڕێگەی پێ نادەن گۆڕەکە هەڵبکەنێ و مەزارگەکە بشێوێنێ. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی گروپێکی توندئاژۆی ئیسلامی (کە بە عەڕەبی دەئاخفن) بە گوندەکاندا دەگەڕێن و ئاگر لە مەزارگەکان بەر دەدەن. چونکە پێیانوایە ئەمە پرستشی بتەکانە و خەڵک شەریک بۆ خودا دەدۆزنەوە. هەروەها ژنانی ئەو ناوچەیە کاتێک دەزانن کە مینا هاوژینی سەیدی غەریبە، دەستە دەستە دێن بۆ لای، دیاری بۆ دێنن وەک  کەسێکی نوورانی ماچی دەکەن. هەروەها زارۆکێکی بۆ دێنن کە مینا دەستی شەفای بە سەردا بێنێ، چونکە پێیانوایە دەستی ئەو تەبەڕوکی هەیە و نەخۆشەکان چاک دەکاتەوە.

مینا و خێزانەکەی دەیانەوێ تەرمی فڕۆکەوانێکی هەلیکۆپتەر بدۆزنەوە تا لە بەرامبەردا پارەی باش لە ئێرانییەکان وەرگرن. لەم گەڕانەدا مونا دەکەوێتە سەر مین و دەمرێ و بە دەم گۆڕانی وتنی سیروانەوە دەینێژن. لەم دۆخە دڵتەزێنەدا، گۆنا هەر مەکووڕە بچن و تەرمی فڕۆکەوانەکە لە پێش خەڵکی دیکەدا بدۆزنەوە تا بەو پارەیە ئەندامی خێزانەکەیان لەو جەهەندەمە ڕزگاریان بێ و بچن لە ئێران بژین (کە شوێنێکی شیاو و خۆشە). ڕۆژین، گۆنا و مینا هەلیکۆپتەرە شکاوەکە و تەرمی فڕۆکەوانەکە پەیدا دەکەن، بەڵام هەر لەو سەروبەندەدا گۆنا ژان دەیگرێ و ئەوان لەو شاخە دەستەوسان نازانن چ بکەن. مینا کە دەستەوسانە و نازانێ چ بکا، لە دوورەوە ڕوو لە مەزارگەی سەیدی غەریب (مستەفا) دەکا و دەڵێ یارمەتیمان بدە کە منداڵەکە لەدایک ببێ؛ پێی دەڵێ “من تۆم دۆزیوەتەوە، دڵم ئۆقرەی گرتووە و تۆ بۆ خەڵکی ناوچەکە بەجێ دێڵم.” منداڵەکە لەدایک دەبێ، بەڵام گۆنا دەمرێ و لە دوایین سێکانسدا مینا منداڵەکەی گۆنا لە باوەش دەگرێ و ناوی دەنێ مستەفا (چونکە نەزری مستەفای کردووە) و پشت لە مەزارگە و ڕوو لە ئێران دەکا و دەگەڕێتەوە.

بەخشینی خەڵاتی ڕوانگەی نەتەوەییی فستیڤالی فەجر بە فیلمی منداڵی خاک بێهۆ نەبووە. ئەم خەڵاتە لە سێ ڕەهەندەوە بۆ فیلمەکان دەڕوانێ: ڕەهەندی شەرقی، ئایینی و ئێرانی. دالەکانی ناو فیلمەکە لەسەر چەند مەدلولی تایبەت جێگر دەبن کە بریتین لە: بە هۆی هاتنی ئامریکاییەوەکانەوە عێراق شێواوە و ئیسلامی توندئاژۆ دەسەڵاتی گرتووە. لە هەموو فیلمەکەدا بە شێوازی ناڕاستەوخۆ خەڵک باوەڕدار نیشان دەدرێن و هەروەها بە زەقی باس لەوە دەکرێ کە ئێرانییەکان لەبەر ئیسلام و نیشتمان بە دەست کافرە خوانەناسەکان شەهید دەکران. هەڵبەت دالی ئێرانییەت لە فیلمەکەدا دالی مەزنە و دوو دالەکەی تر (شەرقی، ئایینی) لە ڕێگەی چەمکی ئێرانەوە لەسەر مەدلولی خۆیان جێگر دەبن. پێش لەم فیلمەش، لە فیلمی دیکەی وەک پەنجە لەنێو خاک نیشان دەدرێ کوردی عێراق (باشوور) خۆیان بە ئێرانی دەزانن و دڵیان بۆ ئێران لێ دەدا. لە فیلمی پەنجە لەنێو خاک (دەرهێنەر ئیرەج قادری ١٣٨٦ [٢٠٠٧]) کوردەکانی گوندێک لە باشوور ئامادە نین لە سوپای عێراقدا سەربازی بکەن و دژیان دەوەستنەوە. هەروەها خەڵک بەڕوونی باس لەوە دەکەن کە لە ڕووی ڕەچەڵەک، زمان و کولتوورەوە ئێرانین و دوای ئەوەی دژ بە عێراقییەکان کە ناوچەیەکی کوردستانیان کیمیاباران کردووە شۆڕش دەکەن، بەرپرسی باڵای ئەو کیمیابارانە دەکوژن و ئاڵای ئێران کە بە دەست تازەلاوێکەوەیە، لەسەر شاخێکی باشووری کوردستان بەرز دەکەنەوە.

لە منداڵی خاکدا مرۆڤی بەکۆلۆنیکراو نەک عاشقی مرۆڤی کۆلۆنیالیست دەبێ، بەڵکوو لەوەش تێدەپەڕێ و وەک سەمبولێکی خودایانە دەیپەرستێ. پیرۆزکردنی مرۆڤی کۆلۆنیالیست دەرەنجامی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە و چیتر مرۆڤی کورد ناتوانێ دژی دوژمن و سیستەمی کۆلۆنیالیستی بوەستێتەوە، چونکە هێزێکی مێتافیزیکی خودایانە پشتی گرتووە. هەروەها بەپێی تایبەتمەندی وەخۆگرانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی کورد لە هەر کوێ بێ ئێرانییە، کەواتە دەبێ لەسەر خاکی باشووری کوردستان ئاڵای ئێران هەڵ بکرێ. بە وتەی ڕەخنەگری ڕۆژنامەی کەیهان “ئەم فیلمە نەتەوەیەک تێدەپەڕێنێ و بەردەوامی بەهاکانی بەرگریی ئێرانییەکان لە جەنگ لەگەڵ عێراق نیشان دەدا.”[13] بەکارهێنانی تازەلاو  و زارۆک بۆ ئەم مەبەستە هەم نیشانەیەکە بۆ زیندوو نیشاندانی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی و هەم بۆ بەردەوامبوون و درێژخایەنبوونی. مینا دەزانێ کە هەم مەزارگەی سەیدی غەریب پیرۆزایەتی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی بۆ چەندین نەوەی دواتر دەگوازێتەوە و هەم زارۆکی کوردی لە ئامێزی مێهرەبانی خۆی گرتووە کە لە تاران لەنێو پەروەردەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا، بە ڕەحم و دڵسۆزییەوە، بەخێوی بکا تا هەتیو نەکەوێ. کوردی بندەست ئەگەر سێبەری نەتەوەی سەردەستی کۆلۆنیالیستی بە سەرەوە نەبێ هەتیو دەبێ و ڕێگای ژیان ون دەکا.



٣. فرمێسکی سەرما [اشک سرما]: مرۆڤی بەکۆلۆنیکراو عاشقی مرۆڤی کۆلۆنیالیست دەبێ!

فیلمی فرمێسکی سەرما ساڵی ١٣٨٢ [٢٠٠٣] لە لایەن عەزیزوڵڵا حەمیدنژادەوە ساز کراوە؛ لە هەشتەمین جەژنی خانەی سینەمای ئێران (١٣٨٣/٢٠٠٤) لە هەشت بەشدا بەربژێر و براوەی خەڵاتەکانی باشترین ئەکتەری ژن و موسیقا بووە.[14] هەروەها فرمێسکی سەرما براوەی خەڵاتی باشترین فیلم و ئەکتەری یەکەمی پیاو لە فستیڤالی فیلمی ئاسیا لە شاری نیودێلهی (٢٠٠٥) بووە.[15] فیلمەکە چیرۆکی کاوە کیانی (پارسا پیرۆزفەر) سەربازێکی شارەزای مین هەڵگرتنەوەی ئێرانە کە لە پاسگایەکی سەر سنووری ئێران و عێراق لە کوردستان ئەرکی کرانەوەی ڕێگایەکی لە ئەستۆیە. پیش ئەو چەندین سەرباز لە کاتی مین هەڵگرتنەوەدا کوژراون، چونکە لە کاتی ئەرکەکەیان کچە شوانێک بە ناوی ڕووناک (گوڵشیفتە فەراهانی) کە زۆر جوانە بە سەماکردن و قیژوقاو سەرنجیان ڕادەکێشێ و لە مینەکان غافڵیان دەکا. ڕووناک پێشمەرگەی نهێنی کۆمەڵەیە و لەناو شار و گوند زانیاری کۆ دەکاتەوە و یارمەتییان دەدا. پێشمەرگەکان دەزانن کە کاوە پیلانەکانیان تێک دەدا و هەر بۆیە دەیانەوێ بیکوژن، بەڵام چەند جار لە بۆسەدانان سەرکەوتوو نابن. بۆ نموونە، جارێکیان کە کاوە لە شار دەگەڕێتەوە و لە پێشەوەی سەیارەیەک دانیشتووە، لە نیوەی ڕێگا و لە کاتێکدا بارانێکی بەخوڕ دەبارێ، لە ڕووی “دڵسۆزییەوە” جێگەی خۆی بە پیرەمێردێک دەدا و پێشمەرگەکان بەهەڵە کابرای کورد بریندار دەکەن.

کاوە بەپێچەوانەی ڕوانگەی بەرپرسەکەی لە پاسگەی سەربازی، پێیوایە خەڵکی کورد خراپ نین و تەنیا هەندێکیان دژبەری ئێرانن و هەلەکەیان بۆ تێکدانی ئارامی ناوچەکە لە بەرژەوەندی خۆیان گواستۆتەوە. بەڵام لە بەرامبەردا بەرپرسی پاسگەکە سەربازەکان ئامۆژگاری دەکا کە “ئەم ناوچەیە لە دوژمن پاک نەکراوەتەوە. لە دەرەوەی پاسگەکە نابێ لەگەڵ کەس قسە بکەن. سنووری دۆست و دۆژمن دیار نییە. نابێ ئێرەتان لەگەڵ بەڕەی شەڕی باشووری ئێران لێ تێک بچێ! دەبێ هەمووان بە دوژمن دابنێن مەگەر پێچەوانەکەی بسەلمێ. ئەرکی سەرشانمانە کە ڕێگەکە کراوە بمێنێتەوە تا کاروباری “خەڵک” پەکی نەکەوێ!” لە سێکانسی گرنگی کتێبفرۆشیدا، دالە گرنگەکانی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر دەردەکەون. ڕووناک چووە بۆ کتێبفرۆشی ناو شار کە لە شوێنێکی نهێنی ناو کتێبفرۆشییەکدا دوو پێشمەرگەی باڵی چەکداری ببینێ. ئەوان فێری دەکەن کە چۆن یارمەتییان بدا بۆسە بۆ کاوە بنێنەوە. هەر دوو پێشمەرگەکە بە شێوازی تیپیک و بەپێی زێهنیەتی ئێرانی کورد نیشان دەدرێن: سمێل زل و برۆی چڕ، تووڕە و یەک قسە. یەکێک لە پێشمەرگەکان بە ڕووناک پێشنیار دەدا کە بێتە لای ئەوان بۆ بەشی چەکداری. بەڵام ڕووناک دەڵێ “چەک هەر فیشەک نییە (اسلحە تنها تفنگ نیست).” بەڕێکەوت لە ناو کتێبفرۆشییەکە کاوە هاتووە ڕۆمان بکڕێ و بە جۆرێک نیشان دەدرێ کە سەربازێکی خوێنەوارە و لە جەرگەی شەڕەدا دەست لە خوێندنەوە بەر نادا، لەگەڵ ژنان بە ئەدەبەوە قسە دەکا و هاودەردی خەڵکی هەژار و مرۆڤی کوردە. گوتاری ڕێفۆرمخوازی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی لە ١٣٧٦ [١٩٩٧] خۆی لە قسەکانی ڕووناک دەردەخا و بەدڵنیاییەوە کتێبفرۆشی باشترین شوێنە کە دالی ئاشتیخوازی لەسەر مەدلولەکانی جێگر ببێ. پێشمەرگەکان تەنیا بیر لە چەک دەکەنەوە، سەربازێکی ئاشخۆری ئێرانی لە گەرمەی شەڕدا ڕۆمان دەخوێنێتەوە و کوردی ئاسیمیلەکراو دەیەوێ خوێنەوار بێ و بیر لە چارەسەری بێ‌توندوتیژی دەکاتەوە!

لە ڕۆژێکدا کە لەبەر با و بۆران چاو چاو نابینێ، ڕووناک چەند مەڕ و بزنی وەپێش خۆی داوە لەو کوێستانە و کاوەش بەو بەندەنەوە پاسەوانی دەدا. ڕووناک (ڕۆژین ناوی نهێنییەتی) قاچی هەڵدەخلیسکێ و لە جێ دەردەچێ، بۆیە بەخێرایی پەنا دەباتە ئەشکەوتێک کە پێشتریش دەزگای بێسیمەکەی بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ پێشمەرگەکان لەوێ دەشاردەوە. کاوە بەڕێکەوت هەر لەو ئەشکەوتە دەگیرسێتەوە. ئەشکەوتی تاریک کە هێمای منداڵدانی ژنانەیە دەبێتە ژوانگەیەک هەتا ئەو دوو دوژمنە خۆشەویستی لە هەناویاندا گەرا بکا. لە یەکێک لەو جارانەی کە کاوە دەچێتە دەرەوەی ئەشکەوت تا چیلکە بۆ سووتەمەنی کۆ بکاتەوە، ڕووناک بە بێسیم قسە لەگەڵ پێشمەرگەکان دەکا و ئەوان فەرمانی پێ دەدەن کە دەرفەتە و دەبێ کاوە بکوژێ. بەڵام ڕووناک بە قسەیان ناکا، هەرچەند چەکیشی پێیە. پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە ئەشکەوت، هەوا کە خۆشتر دەبێتەوە، کاوە برانکاردێک بۆ ڕووناک ساز دەکا و لە شاخ دەیهێنێتە خوارەوە، بەڵام پێشمەرگەکان پێیان دەزانن و دەیاندەنە بەر دەستڕێژی فیشەک. ڕووناک لەبەر کاوە دەپاڕێتەوە کە بەجێی بێڵێ و هەر لەم سەروبەندەدا سەربازەکان دێنە یارمەتی ئەو دووانە. لە پاسگە لە کاوە لێپرسینەوە دەکرێ و پێشمەرگەکان لە ڕووناک. پێشمەرگەکان ڕووناک ناچار دەکەن بۆ ئەوەی وەفاداری خۆی بسەلمێنێ مینێکی کەنار جادە لەسەر ڕێگەی کاوە دانێ. ڕووناک بە قسەیان دەکا بەڵام بە سیمی شاراوەی مینەکەوە پەتێکی سوور لە کراسەکەی دەبەستێتەوە کە کاوە بیبینێ و ڕزگاری ببێ. هەر واش دەبێ و ڕووناک کە تەواو گرفتاری عەشقی کاوە بووە لە خۆشیدا ئۆقرەی نییە و بە دەمیەوە پێ دەکەنێ. بەڵام پێشمەرگەکان چونکە متمانەیان بە ڕووناک نەبووە مینی دیکەشیان چاندووە و هەر بۆیە یەکێکیان لە ژێر پێی کاوەدا دەتەقێتەوە. ڕووناک کە زرمەی تەقینەوەی مینەکە دەبیستێ بە هەلەپرووزکان بەرەو کاوە هەڵدێ، بەڵام هەر لە نزیک ئەو قاچی دەچێتە سەر مین و هەر دووکیان پێکەوە دەمرن.

فیلمەکە هەرچەند وەک بەرهەمێکی دژە جەنگ خۆی نیشان دەدا و بە هەوێنێکی عاشقانەوە دەیەوێ توندوتیژی هەر دوو بەرەی شەڕ مەحکوم بکا، بەڵام ڕێک هەر لەوێدایە کە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی بۆ شێواندنی بابەتە سەمبولیکەکانی کوردستان خۆی نیشان دەدا. لە ئەشکەوت، کاوە لە وڵامی ڕووناک کە لێی دەپرسێ بۆ دۆخەکە ئاوا ئاڵۆزە دەڵێ: “ئێوە کوردەکان مرۆڤگەلێکی سادەن، دڵپاکن و بە عەشقەوە دەژین. بەڵام کێشەتان ئەوەیە کە ساویلکەن و بە چەند وشە ڕێک هەموو بۆچوونەکانتان دەگۆڕێ. بۆیە ژیانتان وەک شنەیەک وایە و بەخێرایی تێدەپەڕێ.” لەو چەند ڕۆژەی ئەشکەوتەکەدا ڕووناک یەک دڵ نا سەد دڵ عاشقی دوژمنەکەی دەبێ. ئەو دوژمنەی کە پێشتر پێی وابووە هۆی کوژرانی براکەی بوون و ئەوان ناهێڵن کورد ژیانێکی باشی هەبێ. واتە مرۆڤی ژێردەست عاشقی مرۆڤێکی نەتەوەی سەردەست دەبێ کە ئەرکی ڕێگەخۆشکردنە بۆ کۆلۆنیالیزم. بەڵام هاوکێشەکە بۆ کاوە بەو شێوەیە نییە، چونکە ئامانجی ئەو لە بەشداری لەم شەڕەدا ئەوەیە کە بە ڤیزاوە سەفەر بۆ کوردستان نەکا و دەیەوێ کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا بمێنێتەوە. ئەو نەهاتووە کەس بکوژێ و تەنانەت کاتێک ڕووناک لە شاخ و سەرما ڕزگار دەکا و پێشمەرگەکان دەیانەوێ بیکوژن یەک فیشەک ناتەقێنێت؛ لە ڕۆژی مردنەکەشیدا بێ چەک سەرقالی مین هەڵگرتنەوەیە. بەڵام لە بەرەی بەرامبەردا، پێشمەرگەکان تەنانەت ڕەحم بە کوردەکان ناکەن و زۆر بێبەزییانە دەجووڵێنەوە و تەنیا زمانی توندوتیژی دەزانن. هەڵبەت فارسەکان ئەگەرچی هەندێکیان باوەڕیان بە توندوتیژییە، بەڵام کەسانی وەک کاوە دەتوانن نەرمەبڕانە دڵی مرۆڤی کورد بە دەست بێنن و ئەوانن دەتوانن کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا بهێڵنەوە. ئەمە هەمان تێگەێشتنە کە سەلاحەدین خەدیو بە شانازییەوە لە بروجێردی (لە فەرماندە خوێنڕژەکانی سوپا لە کوردستان) دەیگێڕێتەوە کە گوایە کاتێک ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێ لە کوردستان “فتح الفتوح” بکا کە بتوانێ “فتح القلوبی” هەبێ.[16] مەبەستی دەرهێنەریش هەر ئەوە بووە نیشانی بدا کە چۆن فارسەکان لە چوارچێوەی چەمکی ئێراندا دەتوانن کورد وەخۆگرن و بیانتوێننەوە، هەر بۆیە دەڵێ ئەم فیلمەم لەبەر ئەوە ساز کردووە کە بڵێم “فارس و کورد پێکەوە دوژمنایەتییان نییە.”[17]جۆری مردنی کاوە و ڕووناک هەرچەند لێک گرێ دەدرێتەوە و بەڕواڵەت بە یەک شێواز دەمرن، بەڵام دەلالەتی ناڕاستەوخۆ شتێکی تەواو جیاواز نیشان دەدا. کاوە لەبەر باوەڕ بە ئایدیۆلۆژییەکەی دەمرێ، بەڵام ڕووناک لەبەر ئەوە دەمرێ کە خەیانەت بە ئایدیۆلۆژییەکەی دەکا و باوەڕی پێێ نەماوە. کاوە لەپێناو نیشتمانی دەستکردی خۆیدا “شەهید” دەبێ و ڕووناک لەپێناو عەشق بە مرۆڤی داگیرکەردا “دەکوژرێ”.



٤. چریکەی هەورام [چریکە هورام]: پێشمەرگە لە دەرەوەی مێژوو چارەنووسی نووسراوەتەوە!

چریکەی هەورام یا ئەفسانەی عەشق ساڵی ١٣٧٨ [١٩٩٩] لە لایەن فەرهاد مێهرانفەرەوە ساز بووە. فیلمەکە هەم لە کوردستان و هەم لە ئێران پێشوازی لێ کرا و تەنانەت وەک ڕوانگەیەکی نوێ و دژ بە بۆچوونی باوی ژانری سینەمای جەنگی ئێران ئەژمار کرا.[18] هاوکات لەگەڵ چریکەی هەورام، عەباس کیاڕۆستەمی فیلمی شاعیرانەی با ئێمە لەگەڵ خۆی دەبا (باد ما را با خود خواهد برد) ساز کرد کە تیایدا ناڕاستەوخۆ ڕەخنەیەکی جیددی لە ڕوانینێکی ئانترۆپۆلۆژی و ئیتنۆگرافی بۆ کولتووری کوردستان دەگرت، هەرچەند لەوێشدا بە شێوازێکی ئەرێنی کوردستان خاوەنداریەتی لە ژیانی گوندی و پێش‌مۆدێرن دەکرد. سەرەتا وا دێتە بەر چاو کە مێهرانفەریش ویستوویەتی لە فیلمی چریکەی هەورامدا وێنای کڵێشەیی سینەمای جەنگ سەبارەت بە کوردستان بسڕێتەوە. بەڵام نەک هەر کڵێشەکان لەم فیلمەدا دووپات دەبنەوە، بەڵکوو چارەسەرێکی قووڵتر بۆ تواندنەوەی کورد پێشنیار دەکرێ. فیلمەکە چیرۆکی کچێکی فارسمان بە ناوی “خەزەر” بۆ دەگێڕێتەوە کە خۆشەویستەکەی (هەورام) کۆلیژی پزیشکی لە تاران بەجێهێشتووە، چونکە پێیوابووە لە کوردستان و لە گوندەکەی بومان (نزیک پاڵنگان) پێویستیان پێیەتی؛ بریندارەکان لەوێ چاوەڕێی دەکەن و کاتی ئەوەی نییە دەرسەکەی تەواو بکا و بڕوانامەکەی وەرگرێ. هەورام شریتێک بە دەنگی خۆی پڕ کردووەتەوە و بۆ خەزەری بەجێهێشتووە؛ تیایدا گۆرانییەکی بەناوبانگ دەخوێنێ (گوڵی خوێناوی) کە شێعڕەکەی هی مامۆستا گۆرانە و لە کوردستان بە دەنگی هۆمەر دزەیی ناودار بووە. خەزەر لەم چیرۆکەدا عەوداڵی ئەوەیە هەورام بدۆزێتەوە و فیلمی چریکەی هەورام سەفەری ئۆدیسەئاسای ئەومان بۆ دەگێڕێتەوە.

بەکورتی دەتوانین بڵێین کە هێڵی گێڕانەوەی چیرۆکەکە بە سەر سێ بەشی سەرەکیدا دابەش دەبێ: چیرۆکی سەفەری خەزەر و ئاشنابوونی ئەو بە خەڵکی هەورامان، گێڕانەوەی چیرۆکی دڵداریی گوڵی خوێناوی و هەروەها قسەکردنی خەزەر لە مێشکی خۆیدا لەگەڵ هەورام. هەمووان دەزانن کە هەورام چووە بۆ دەرمانگەیەکی زۆر بچووک لە گوندی بومان، بەڵام کەس باس لەوە ناکا کە گوندەکە لە بۆمباراندا خاپوور بووە و تاکوو خەزەر بە چاوی خۆی دەیبینێ. لەم سەفەرەدا سەرەتا خەزەر لەوە تێدەگا کە لە ناوچەکە شەڕ هەیە و شەوانە بەردەوام دەنگی فیشک و چەک دێ. پۆلێک لە کچان کە سەرقاڵی چنینی چلیقن، باس لەوە دەکەن کە نەخشی چریکەیەک دەچنن کە هەمان ئەو چیرۆکەیە کە لە شێعرەکەی گوڵی خوێناویدا باسی لێ دەکرێ. بەڵام بە شێوەیەک کە گوایە هەموویان دەیزانن و ئەمە ئەفسانەیەکی کۆنە. بیستنی ئەم چیرۆکە دڵدارییە خەزەر زیاتر هاندەدا بە شوێن هەورامدا بگەڕێ و لە خەیاڵی خۆیدا بەردەوام لەگەڵی قسە دەکا و لە فیلمەکەشدا هەورام بەم شێوەیە حزوورێکی ڕاستەقینەی هەیە. لە درێژەدا خەزەر لەگەڵ کەسێک ئاشنا دەبێ کە وەک چەلەنگەر دەیناسن. چەلەنگەر خۆی وەک چریکەخوێنی کورد پێناسە دەکا کە هەموو زارەکانی زمانی کوردی دەزانێ و بە هەموویان گۆرانی دەڵێ. چەلەنگەر کە سەمبولی پیاوێکی دنیادیدەی هەقیقەت‌وێژە (فارسی قسەکردنەکەی ناتەبایە لەگەڵ جیهانبینییەکەی)، خەزەر لە گەیشتن بە گوندی بومان ڕێنوێنی دەکا. لە گوندە خاپورەکە خەزەر ئاسەواری حزووری هەورام دەدۆزێتەوە، بەڵام نازانێ چۆن خۆی پەیدا بکا. لەوێ لەگەڵ ڕێبوار ئاشنا دەبێ کە لەگەڵ پۆلێک دەروێشدا دەیانەوێ بۆ ڕێوڕەسمی زەماوەندی پیری شالیار بڕۆن بۆ هەورامانی تەخت و وا نیشان دەدرێ هەر کەسە و بە شوێن ونبووەیەکدا دەگەڕێ. خەزەر لەگەڵیان ڕێ دەکەوێ و لە ڕێگەدا و بە دەم قسەکردن لەگەڵ رێبوار بە دەرکێکی تازە لە خۆی و جیاوازی حەکیم و پزیشک دەگا. لێرەدا گفتوگۆیەکی دیکە لە نێوان خەزەر و هەورام لە نێوان دوو دنیای خەیاڵ و واقیع ڕوو دەدا. ئەو دووانە لە بەرامبەر یەک دانیشتوون، لە پشت سەری خەزەرەوە (سەمبولی دەریا، نوێنەری بیرۆکەی ئێرانییەکی عآشقی نەرمەبڕ) ڕێبوار بۆ دەروێشەکان تەموورە دەژەنێ و لە پشت سەری هەورام (سەمبولی شاخ، نوێنەری کوردی چەک لە شان) پێشمەرگەکان خۆیان پۆشتە و پەرداخ دەکەن؛ گفتوگۆکەیان پوختەی ئەزموونی عیرفانی خەزەرە و لێرەدا چیتر ئەو گەڕیدەیەکی کرچ و کاڵ نییە و تەنانەت هەوڵ دەدا مانای ژیان فێری هەورام بکا. با دیالۆگەکە وەک خۆی بخوێنینەوە:

خەزەر: پیر بووی!

هەورام: دەزانم! من بۆ جەنگ ساز نەکراوم.

خەزەر: بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆت لە جەنگەوە تێگلاندووە!

هەورام: بۆ من چەک وەک پنگەیەک وایە کە لەبەر هێلانەی مار شین دەبێ.

خەزەر: بەڵام ئێوە خۆ کێو نین! تەنانەت گاشەبەردەکانیش هێندە خۆڕاگر نین. من پێش لەمە وێنایەکی دیکەم لە وڵاتی تۆ هەبوو، هەمووی کێو و گاشەبەردی سارد، جەنگ و فیشەک. بەڵام لێرە شتگەلێکی دیکەش هەیە…

هەورام: وەک چی؟

خەزەر: شێعر، کانی، گوڵی سپی! سەیری ئەو پیاوە بکە. ئەو بە شێوازێکی دیکە بیر دەکاتەوە [سەیری ڕێبوار دەکا].

هەورام: دەیناسم! ڕێبوار. لە پێکدادان و شەڕەکەدا فیشەک بەر قاچی کەوت. ئەو کاتە جۆرێکی دیکە بیری دەکردەوە. تۆ باش دەزانی! منیش شێعرم پێخۆشە. ئێمەش بۆ گوڵە سپییەکان شەڕ دەکەین!

خەزەر: تۆ تەنانەت لەناو شێعرەکەشدا بۆنی خوێن و ویزەی فیشک دێ! هیچ نیشانێک لە ژیان تیایدا بەدی ناکرێ!

هەورام: ئیتر کەسێکیش نەماوە تاکوو بریندار ببێ!

خەزەر: تۆ لە ژیان دواکەوتووی! پێشتر وەک حەکیمەکان بیرت دەکردەوە، بەڵام ئیستا تەنیا کەڵکەڵەت بووەتە مەرگ! ئێوە وەک ئەم کێوانە سەرسەختن و قسە هەر قسەی خۆتانە! بڕیا لە جیاتی ئەوەی خۆتان بەم گاشەبەردانە سنووردار بکەن، زیاتر لە دڵی ئەم وڵاتە نزیک دەبوونەوە. ئێرە لێوانڕێژە لە هەندێک سەمبولی قووڵ و ناسک!

هەورام: چارەنووسی ئێمە نووسراوەتەوە!

خەزەر: کێ چارەنووسی ئێوەی نووسیوەتەوە؟

هەورام: مێژوو! مێژوویەک کە لەم وڵاتە کۆسپی کەوتووە!

خەزەر: بەڵام بەشێک لەم مێژووە بە دەستی خۆتان ساز دەبێ. زۆر شت هەیە کە لەبەر ئێوە فەدا دەبێ!

هەورام: ڕەنگە هەق بە تۆ بێ! من زۆر شتم ون کردووە. تەنانەت خەریک بوو وێنەکەتم لەبیر دەچووەوە. ئیستا چ وەرزێکە؟ چ ساڵێکە؟

خەزەر: ئیستا پاییزە! چەند ڕۆژی دیکە سەدەیەک دەگۆڕێ. ئێمە دەچینە ساڵی دوو هەزارەوە.

هەورام: ساڵی دوو هەزار؟ سەدەیەکی نوێ؟ [هەورام ئاوڕ لە پێشمەرگەیەک دەداتەوە] لهۆن یانی دوو هەزار ساڵ بە سەر لەدایکبوونی پێغمبەرکەتدا تێدەپەڕێ؟ لهۆن: [سەندوقێکی فیشەک بەرز دەکاتەوە] خۆش بە حاڵی خۆڕاگران!

هەورام: [بەداخەوە] ئێمە لەم هەموو ماوەدا هیچ ڕێگەیەکمان نەدۆزیوەتەوە! هەموومان ون بووین!

خەزەر: چۆن دەتوانم بتدۆزمەوە؟

هەورام: تۆ هیچ کات منت بزر نەکردوە! دەتوانێ لە ڕێگەیەکی دیکەوە بمدۆزیتەوە!

لە درێژەی فیلمەکەدا، ڕێبوار (هادی زیائەدینی) لەگەڵ پەرستاری دەرمانگەکەی بومان (ڕۆژان) لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی پیری شالیار زەماوەند دەکەن و ڕۆژان کیفی پزیشکیی هەورام دەداتە دەست خەزەر. دوایین قۆناغی سەیر و سلوکی عێرفانی خەزەر لە گەڕان بە شوێن ئەوینەکەیدا بە کردنەوەی کیفەکە کۆتایی پێ دێ. کاتێک کیفەکە دەکاتەوە جگە لە هەندێک کەرەسەی پزیشکی، دیوانی شێعرێکی “شاملوو” و شریتێک بە دەنگی هەورام دەبینێ کە بە یادگار بۆی داناوە.

هەرچەند لە دەلالەتی یەکەمدا نیشاندانی سروشتی کوردستان (کە لەڕادەبەدەر جوانە و کامێراش زۆر بەباشی لە کاتی گفتگۆکاندا دیمەنەکان دەگوازێتەوە)، هەروەها خوێندنی گۆرانی عاشقانە و سەفا و سادەیی خەڵک هەستی بینەر لەگەڵ چەندین چیرۆکێکی خۆشەویستی تێکەڵ دەکا، بەڵام دەلالەتە ناڕاستەوخۆمان ئاستی وەخۆگرانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانیمان پێ نیشان دەدەن کە لە ڕێگەیانەوە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی لەسەر بەشێکی دیکە لە مەدلولەکانی خۆی جێگر دەبێ. لە فیلمەکەدا بۆمان دەردەکەوێ کە پاش ڕووخانی دەرمانگەی گوندی بومان لە کاتی بۆمباراندا هەورام چیتر پزیشک نەماوە و چەکی بە دەستەوە گرتووە و بووەتە پێشمەرگە. پێشمەرگەیەک کە لە دەرەوەی مێژووە و حسێبی ساڵ و مانگی لە دەست دەرچووە. لە مانایەکی هێگڵی بۆ مێژوو، کورد لێرەدا نەتەوەیەکی نامێژووییە چونکە نەیتوانیوە پێش بکەوێ و مۆری خۆی لەسەر مێژووی جیهان لێ بدا. پێشکەوتنێک کە لە ڕاستیدا هەمان پێگەیشتنی ڕۆحی ئازادییە. کورد نەتەوەیەکە کە بە خۆ-ئاگامەندی (selfconsciousness) نەگەیشتووە؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە ڕۆحی نەتەوەیی نەیتوانیوە لە سروشت (کە لە دەرەوە بە زۆرەملی خۆی بە سەر ڕۆحدا سەپاندووە) جیا ببێتەوە. لە کوردستان ڕۆح و سروشت یەکێکن و هەر بۆیە مرۆڤەکان لە چارەنووسی خۆیاندا زیندانی کراون و مرۆڤی کورد ناتوانێ بە ویستی خۆی بڕیار بدا. واتە مرۆڤی کورد بوونەوەرێکی ئازادی سەربەخۆ نییە، چونکە سروشت بەزۆرەملی لە دەرەوە، ویستی خۆی بە سەریدا دەسەپێنێ. خەزەر بە بڕیاری خۆی لە تارانەوە هاتووەتە هەورامان، بەڵام هەورام بەناچاری لە تارانەوە گەڕاوەتەوە. بەڵام ڕێبوار سەرەتا ڕێگای هەڵەی هەڵبژاردووە و تەنانەت لە پێشمەرگایەتیدا بریندار بووە. بەڵام توانیویەتی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە و عاشقی پەرەستاری دەرمانگا بووە. هەورام لە ئەفسانەی عەشقدا دۆڕاوە و ناتوانێ چەپکەگوڵی سپی بدا بە خەزەر، بەڵام ڕێبوار لە کۆتایی فیلمەکەدا ئەسپی سپی پێیە (نیشانەی خۆشبەختی و ڕزگاری) و چەپکەگوڵی سپی دەدا بە خۆشەویستەکەی ڕۆژان و پێکەوە ژیانی هاوبەش پێک دێنن. پێشمەرگە مرۆڤێکە لە دەرەوەی مێژوو و تەنانەت نازانێ کە کاتێک جیهان دەچێتە سەدەیەکی نوێوە، دەبێ فکری خۆی بگۆڕێت و لەناو گاشەبەردەکان، واتە لەناو چارەنووسی خۆیدا قەتیس ماوەتەوە. دوایین سێکانسی فیلمەکە دەیەوێ خودایانە پێشمەرگە لەم نامێژوویی‌بوونە ڕزگار بکا و یەکلایەنە بڕیاری بۆ دەدا. هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەروێشەکان بە هەقیقەت دەگەن و دەفەکانیان شەهید دەبن، پۆلێک پێشمەرگە چەکەکانیان دادەنێن و هەڵدەپەڕن!

ئایدیۆلۆژیی ئێرانی تەنانەت شێعری گوڵی خوێناوی گۆران دەکا بە هی خۆی و دەیشێوێنێ. هەڵبەت ئەگەر لەوەش گەڕێن کە ئەم شێعرە بەرهەمی گۆرانە و ئەفسانەیەک نییە کە بە شێوەی زارەکی و وەک ئەدەبیاتی فولکلۆر گواسترابێتەوە (دژوازییەکە زۆر ڕوون دیارە، چونکە لە هەورامان، گۆرانییەکی سۆرانی وەک ئەفسانە باس دەکرێ)، بەڵام دەستکاری کردنەکەی دەبێتە جێی ڕامان. گۆران لەم ئۆپێرایەدا باس لەوە دەکا کە کوڕێکی عاشق لەبەر ئەوەی دڵی خۆشەویستەکەی خۆش بکا بە شوین ئەوەدا دەڕوا کە دوو چەپکەگوڵی زەرد و سووری بۆ بێنێ. بەڵام چونکە پاییزە، جگە لە باغچەی پاشا کە دوژمن دەوری داوە لە هیچ شوێنێک ئەم گوڵانە دەست ناکەون. کوڕەکە گوڵی زەردی دەست دەکەوێ و بە دیاری دەیدا بە کچەکە، بەڵام کچ بیانووی پێ دەگرێ و دەڵێ لەگەڵت نایەم بۆ زەماوەند هەتاکوو گوڵی سوورم بۆ نەهێنی. کوڕ لەم کاتەدا یەخەی مورادخانییەکەی دەترازێنێ و سینگی خوێناوی خۆی کە لە ئەنجامی شەڕ لەگەڵ دوژمن بریندار بووە پێشکەشی دڵدارەکەی دەکا.[19] بەڵام لە فیلمەکەدا و لە هەر سێ هێڵی گێڕانەوەکەدا تەنیا باس لە گوڵی سپی دەکرێ کە سومبولی ئاشتییە. دەشزانین کە گوڵی سپی بەدەگمەن لە ئەدەبیات یا فولکلۆری کوردیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەم جێگۆڕکێیە نە لەبەر نەزانی بووە و نە لەبەر هەڵە. چونکە فیلمەکە لە ڕاوێژکاری فرە شارەزاری وەک مامۆستایان عەباس کەمەندی و هادی زیائەدینی کەڵکی وەرگرتووە. واتە دەرهێنەر و فیلمنامەنووس زۆر بەباشی دەزانن کە گوڵەکە سپی نییە بەڵام وا ڕەفتاریان کردووە کە نازانن. چونکە لە شێعری گوڵی خوێناویدا دالی گوڵی سوور لەسەر مەدلولی خوێن و دوژمن جێگر دەبێ و گوڵی زەرد تەنیا مەدلولی گوڵ لە مانا گشتییەکەیدا وێنا دەکا. بە سڕینەوەی گوڵی سوور چیتر پێویست بە بریندار و شەهیدبوون لە ڕێی دڵدار و نیشتمان ناکا. دالی گوڵی سپی وەک گوڵی زەرد نییە، بەڵکوو لەسەر چەمکی ئاشتی جێگر دەبێ. کۆتایی فیلمەکەش هەر ئەو مەبەستە دەپێکێ: لەبەر پێی هەڵپەڕینی پێشمەرگەکان کە چەکیان وەلا ناوە (نیشانەی خۆ وەدەستەوەدان) گوڵی سپی دەڕوێت.



٥. چیرۆکی ئەوینداری [حکایت عاشقی]: پێشمەرگە ڕێوڕەسمی خۆشەویستی نازانێ!

فیلمی حکایت عاشقی لە دەرهێنان و نووسینی ئەحمەد ڕەمەزان‌زادە)[20] ساڵی ١٣٩٤ [٢٠١٥] بڵاو کراوەتەوە و چەندین خەڵاتی وەکوو خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین فیلمنامەی لە سێیەمین فستیڤالی سینەمای ئاسیا لە شاری بارسێلۆن بردووەتەوە.[21] شاهۆ (شوان عەتوف) پێشمەرگەیەکە لە باشووری کوردستان و لە شاری هەڵەبجە دەژی و قەرارە پاش ماوەیەکی تر لەگەڵ خۆشەویستەکەی چیمەن (شیلان ڕەحمانی) ژیانی هاوبەش پێک بێنێ. هەر دووکیان دەنگ خۆشن و سازیش دەژەنن. لە ڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە (١٦/٣/١٩٨٨ [١٣٦٦]) و لە ئەنجامی کیمیابارانەکەدا چیمەن و باوەگەورەی و چەند منداڵێک کە ئەوان بەخێویان دەکەن ژەهراوی دەبن، بەڵام لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە ڕزگاریان دەبێ. لە ناو ئێرانییەکان کوڕێکی باڵابەرزی ئێرانی تێدایە کە وێنەگرە و ناوی عەلییە (بەهرام ڕادان). عەلی یەکێک لەو کەسانەیە کە یەکەم وێنەکانی لە هەڵەبجە گرتووە (وەرگیراو لە بەسەرهاتی ئەحمەد ناتقی) و لە هەڵەبجە یارمەتی چیمەن و باوەگەورە و منداڵەکان دەدا تا ڕزگار بن، هەرچەند هەموویان دەکەونە ژێر کاریگەری گازی کیمیاییەوە. نزیک سێ مانگ دواتر، عەلی دەگەڕێتەوە کەمپی ئاوارەکان لە نزیک کرماشان و لەوێ دیسان ئەو بنەماڵەیە دەبینێ. هەروەها لە ڕۆژنامەدا چاپ بووە کە شاهۆ لە عێراق تیرباران کراوە و کوژراوە و هەر ئەمە دۆخی دەروونی چیمەن تێک دەدا. بەڵام بەرەبەرە لە نێوان عەلی و چیمەندا خۆشەویستییەک ساز دەبێ. هەر لە کەمپ زەماوەند دەکەن و بە ماڵەوە دەچن بۆ تاران. پاش ماوەیەک دەردەکەوێ کە چیمەن دووگیانە و دەیانەوێ پێش لەوەی بە سەفەری پزیشکی بڕۆن بۆ ئاڵمان سەردانی کەمپی ئاوارەکان بکەن و منداڵەکان و باوەگەورە ببینن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بینەر لە سێکانسێکی دیکەدا دەزانی کە شاهۆ نەمردووە و لە کەمپ بە شوێن چیمەندا دەگەڕێ، بەڵام باوەگەورە نایەوێ ناونیشانی چیمەنی بداتێ نەکا ژیانی بشێوێ.

چیمەن لە گەڕانەوە بۆ کەمپ گوێی لە دەنگی ئاواز و سازی شاهۆ دەبێ و بێئەوەی قسەی لەگەڵ بکا لە دۆخێکی دەروونی خراپدا بەپەلە دەگەڕێتەوە بۆ تاران. لە کاریگەری گازی کیمیاییدا منداڵەکەی لەبار دەچێ. عەلی کە دەیەوێ دڵخۆشی بکا دەگەڕێتەوە کەمپ تا یەکێک لە منداڵەکان بە ناوی ڕۆژان بکاتە منداڵی خۆی. بەڵام بەڕێکەوت دەزانێ کە شاهۆ زیندووە و دەگەڕێتەوە بۆ تاران و بە چیمەن دەڵێ من نامەوێ تۆ بە جەستە لێرە بی و دڵت لە شوێنێکی دیکە بێ. چیمەن دەباتەوە بۆ کەمپ و چیمەن لە دوا ساتدا ئەنگووستیلەی دەزگیرانییەکەی بۆ بەجێ دێڵێ. هەرچەند دەردەکەوێ چیمەن دڵی هەر لە لای عەلییە و نایهەوێ شاهۆ ببینێ. دوابەدوای ئەمە فیلمەکە باز دەدا بۆ بیست و پێنج ساڵ دواتر (١٩٩٣ [٢٠١٤]) و لە مۆزەخانەی “ئاشتی” پێشانگای وێنەکانی عەلی سەبارەت بە هەڵەبجە بەڕێوە دەچێ. عەلی لەوێ لەگەڵ شاهۆ قسە دەکا کە ئیستا باڵوێزی کولتووریی هەرێمی کوردستانە لە تاران. لە نێوان ئەم دوو ڕەقیبە عەشقییەدا گفتوگۆیەک ڕوو دەدا کە نیشاندەری هەوێنی سەرەکی فیلمەکە:

عەلی: بارودۆخی باشە؟! [دوای سەرسووڕمانی شاهۆ] چیمەن؟!

شاهۆ: نازانم! هیچ هەواڵێکی نازانم!

عەلی: [بە تووڕەییەوە] یانی چی هیچ هەواڵێکم لێێ نییە؟! ئەو لەبەر تۆ گەڕایەوە بۆ “عێراق”!

شاهۆ: خۆزگە لەبەر من بوایە!

عەلی: زۆر ڕوونە لەبەر تۆ گەڕایەوە! ئەو عاشقی تۆ بوو!

شاهۆ: هە! عاشقی من بوو! ئەو کاتەی گەڕایەوە بۆ هەڵەبجە چیتر چیمەنەکەی پێشوو نەمابوو!

عەلی: هەزار بەڵا و نەیامەتی بە سەردا هاتبوو! چۆن چاوەڕوانی هەر مرۆڤەکەی جاران بێ؟!

شاهۆ: هاتووی ئامۆژگاریم بکەی؟!

عەلی: نابێ بەجێتهێشتبایە!

شاهۆ: تۆ چۆن لە عەشق تێگەیشتووی؟!

عەلی: ئەگەر شتێکم لێ زانیبایە نەمدەهێشت لێم جیا بێتەوە! تۆ چی؟!

شاهۆ: منیش سەد جار چوومە ماڵیان تا خوازبێنی لێ بکەم! بەڵام ئەوان وڵامیان نەدامەوە!

عەلی: دەی هەزار جار دەبوایە بڕۆی!

شاهۆ: چارەیەکم نەبوو! وتم خۆی با هەڵبژێرێ!

عەلی: تۆ چ عاشقێکی لەپێی عەشقەکەتدا ڕانەوەستای؟!

شاهۆ: [بە شەرمەوە سەر دادەخا] دەی ئەگەر تۆ تێگەیشتووی بۆچی جێت هێشت؟

عەلی: من دەمویست بەو شتە بگا کە دڵی پێوەیەتی. لەمە زیاتر شارەزا نەبووم!

شاهۆ: منیش وەکوو تۆ! وتم خۆی هەڵبژێرێ!

پاش ئەم گفتگۆیە عەلی زمانی شاهۆوە دەبیستێت کە چیمەن لە هەڵەبجەیە و دەیەوێ بۆ یەکەم جار لە ساڵیادی کیمیاباراندا گۆرانی بڵێ. عەلی بەپەلە خۆی دەگەیەنێتە هەڵەبجە و دەبینێ چیمەن پێش لەوەی گۆرانییەکەی دەست پێ بکا دیسان ئاسەواری کیمیاییەکە لەسەر سینگی دەیخاتە تەنگە نەفەس و بێهۆش دەکەوێت. لە سێکانسی کۆتایی فیلمەکەدا عەلی لەبەر درگای ژووری نەخۆشخانە وێستاوە و سەیری چیمەن دەکا (پێشتر گوڵێکی سوور و ئەنگوستیلەکەی لەسەر مێزی کەناری چیمەن داناوە). چیمەن چاو هەڵدێنێ و سەرەتا سەیری مێزەکە دەکا و دواتر لە وڵامی پێکەنینەکەی عەلیدا بە بزە و ئارامییەک وڵامی دەداتەوە!

سەرەڕای بەلاڕێ بردنی مێژوو کە تیایدا ئێرانییەکان وا نیشان دەدەن هیچ بەرپرسیارەتییەکیان لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا نەبووە و تەنانەت فریادڕەسی خەڵکیش بوون، چیرۆکی سازبوونی خۆشەویستی لە نێوان عەلی و چیمەن زۆر دوور لە بابەتێکی ڕاستەقینە خۆی نیشان دەدا. چونکە چیمەن هەموو کەس و کاری لە کیمیابارانەکەدا مردوون و تەنانەت خۆشەویستەکەشی کوژراوە. بەڵام ڕێک لێرەدایە کە بۆمان دەردەکەوێ بابەتی سەمبولیکە کە بابەتی ڕاستەقینە ساز دەکا. ئایدیۆلۆژیی ئێرانی دنیایەکی سەمبولیک ساز دەکا کە گەنجێکی ئێرانی فیداکار دەتوانێ کچێک سەرەتا لە کیمیاباران و دواتر لە کەمپ ڕزگار بکا (لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی لە دەست کوردایەتی ڕزگاری بکا) هەتا بیبا لە گەورەشاری تاران بژی و ژیانی باشتر ببێ. چەند مانگ دواتر کە دەردەکەوێ شاهۆ زیندووە، دیسان هەر ئەم گەنجە لەوپەڕی فیداکاری و مرۆڤایەتیدا دەست لە خۆشەویستەکەی هەڵدەگرێ، بەڵام بە خۆشەویستییەکەی وەفادار دەمێنێتەوە. لە گفتوگۆکەدا نیشان دەدرێ کە پێشمەرگەی کۆن ئیستا قات و کراواتی لەبەر کردووە و پێگەیەکی بۆ خۆی ساز کردووە. شاهۆ وا نیشان دەدرێ بە شوێن حاڵ و ماڵی خۆیدا ڕۆشتووە و لە بەرامبەردا عەلی هەم زگوورت ماوەتەوە و هەمدیسان پێشانگای وێنەی هەڵەبجەی داناوە. عەلی وەفادارە بە هەڵەبجە،  بەڵام شاهۆ تەنیا بۆ ڕابواردن و ڕەنگە ئەرکی پیشەکەی سەردانی پێشانگای وێنەکانی هەڵەبجەی کردووە. شاهۆ هەم خۆشەویستەکەی بەجێهێشتووە و هەم لە گفتگۆکەدا دەردەکەوێ هیچ لە ڕێوڕەسمی عاشقی تێناگا.

لەم سێگۆشەی عەشقەدا، چیمەن بەئاسانی واز لە عەشقی یەکەمی دێنێ و تەنیا بە هەواڵی ڕۆژنامەیەک کۆتایی بە چاوەڕوانییەکەی بۆ گەڕانەوەی شاهۆ دێنێ. عاشقی پیاوێک لە نەتەوەی داگیرکەر دەبێ و بێ هیچ لۆژیکێک بە ڕواڵەت لە عەلی جیا دەبێتەوە هەرچەند هەر خۆشی دەوێ. ڕەنگە ئەم ڕووداوانە لە دنیای ڕاستەقینەدا ڕوو نەدەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن ئایدیۆلۆژیی ئێرانی بابەتی سەمبولیک ساز دەکا. چیمەن لە کۆتایی فیلمەکەدا لەسەر قەرەوێلەی نەخۆشخانە ڕاکشاوە (خوازەیەکە بۆ نزیکایەتی لەگەڵ پیاوی فارس) و چاوەڕوانە عەلی جەستەی داگیر بکا. پیاوی فارسی جوانچاکی ژیری خاوەن کولتووری مرۆڤدۆست سەرکەوتووی بێ ئەملاوئەولای چیرۆکی ئەویندارییە.



٦. سوێری شیرین [شور شیرین]: پێشمەرگە دژەمرۆڤێکە مزگەوت دەسووتێنێ و کوژراوەکان سەر دەبڕێ!

فیلمی سوێری شێرین ساڵی ١٣٨٨ [٢٠٠٩] بە دەرهێنەری جەواد ئەردەکانی ساز کراوە و لە سیهەمین فستیڤالی فیلمی فەجردا خەڵاتی باشترین فیلمی لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە پێ بەخشراوە.[22] ئەم فیلمە بە وتەی فارس‌نیوز دەبێ هەر ئێرانییەک بیبنێ،[23] چیرۆکی فەرماندەیەکی سوپا بە ناوی پاستار مەحمود کاوە دەگێڕێتەوە کە پاش شۆڕشی ئیسلامی یەکێک لە بەرپرسانی سوپا لە کوردستان بووە. دەستپێکی فیلمەکە پێکدادانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ سوپا و ئەڕتەشی ئێران لە پاییزی ١٣٥٩ [١٩٨٠] دەگێڕێتەوە و باس لە هاتنی بنەماڵەیەک لە تارانەوە بۆ سەقز دەکا کە دەیانەوێ لە ڕێوڕەسمی دەزگیرانی کوڕەکەیان (پوریا) کە سوپاییە لەگەڵ کچێکی پەرەستاری شیرازیدا بەشداری بکەن. بەڵام پێش لەوەی بگەنە سەقز، پێشمەرگەکان هەموو موسافرەکانی مینی‌بوسەکە بە بارمتە دەگرن. باوکی پوریا (حەمید) ئەفسەری خانەنشینی گاردی پاشایەتی بووە و پاش لەوەی بارمتەکان بۆ بۆکان دەگوازرێنەوە، قەول بە سەرگورد عەلییار (فەرماندەی باڵای پێشمەرگەکان کە پێشتر ئەویش ئەفسەری گارد بووە) دەدا کە لە پیلانی کوشتنی مەحمود هاوکارییان بکا و ئەوانیش لە پێناویدا بنەماڵەکەی ڕزگار بکەن. بەڵام لە ڕاستیدا باوکی پوریا دەیەوێ فێڵیان لێ بکا و پاش بەڕەڵڵابوونی هاوکاری سوپا دەکا. پێشمەرگەکان کە ئاگادار دەبن سوپا و ئەرتش دەیانەوێ لە ڕێگەی سەقزەوە هێرش بکەنە سەر بۆکان، پێشوەخت هێرش دەکەنە سەر پایگایەکی گرنگی سوپا بە ناوی دەکەڵی وەنەوشەوە و هەموو سوپاییەکان دەکوژن یا بەدیل دەیانگرن و پوریاش لەم شەڕەدا ئەسیر دەبێ.

مەحمودیش لە تۆڵەدا سوپا تەیار دەکا تا هێرش بکەنە سەر گوندی سەرا لە نێوان سەقز و بۆکان، بە مەبەستی ئەوەی ئەسیرەکان وەربگرنەوە. لەم شەڕەدا خسرەو یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات ئەسیر دەبێ. حیزب کە خسرەوی زۆر بۆ گرنگە پێشنیار دەکا کە هەموو بارمتەکان لەگەڵ خسرەودا بگۆڕنەوە. بەڵام مەرج ئەوەیە تەنیا مەحمود و کەسێکی دیکە بێ چەک لە کاتی گۆڕینەوەدا ئامادە بن. وا پیشان دەدرێ کە پێشمەرگەکان ئەو شوێنەیان تەنیوە تا بە فێڵ مەحمود بەدیل بگرن، بەڵام دەردەکەوێ کە سوپاییەکان بە پیلانی ژیرانەی مەحمود لە جلوبەرگی کرێکارەکاندا لە هەموو ئەو ناوچەیە بڵاوەیان کردووە. لە ئاکامادا هەم بارمتەکان ئازاد دەبن و هەم ئەو پۆلە پێشمەرگەیە ئەسیر دەبن. هەڵبەت فیلمەکە کە دەیەوێ داستانی قارەمانییەتێک لە مەحمود بگێڕێتەوە زۆر ساویلکانە داڕێژراوە و تەنانەت لەناو ئێران ڕەخنە لە فیلمنامەکەی گیراوە کە نەیتوانیوە ژیانی مەحمود وەک خۆی نیشان بدا. چونکە گوایە مەحمود کەسێکە کە خومەینی لەبارەیەوە وتوویەتی کە کاتی شۆڕش مەحمود شاگری ئێمە بوو، بەڵام ئیستا بووەتە مامۆستامان.[24]

بەڵام لەگەڵ ئەوەیدا فیلمەکە هەندێک لاوازی هەیە، دەکرێ بوترێ هەڵگری گرنگترین دالەکانی ئایدیۆلۆژیی ئێرانییە کە لە ڕێگەیەوە خەباتی کوردایەتی لە بەها مرۆییەکان دەسڕدرێتەوە و  لەسەر سازکردنی دوو بەرەی مرۆڤ/دژە مرۆڤ، ئیمان/کوفر و ژیر/وەحشی چیگر دەبێ. خسرەو پیاوێکی باڵابەرزی وەحشییە کە قژە سپییەکانی دەبەستێ و نەک بەزەیی هەیە و نەک خاوەنی نەها مرۆییەکانە. لە سێکانسی شەوی گوندی میان بو (مایین بەو) لە نێوان سەقز و بۆکان (کە پێشمەرگەکان بارمتەکانیان لەوێ حەشار داوە)، خسرەو لە ناو مزگەوت ویسکی دەخواتەوە و کاتێک مامۆستای ئایینی دەیەوێ ڕێی لێ بگرێ، خسرەو فەرمان دەدا کە مزگەوتەکە (مسجد النبی) بسووتێنن و دەڵێ دەمەوێ ئاگر لە دینەکەت بەر بدەم. مامۆستاکە هاوار دەکا کە لە مزگەوت ئایەتی قورئانی لێیە و ناوی خودا و پێغەمبەر لەسەر دیوارەکانی نووسراوە. خسرەو دەڵێ دەی بزانم چیت بۆ دەکرێ؟ مامۆستا (جلوبەرگی کوردی لەبەردایە) هاوار دەکا یا محەمەد! و بە دەستی خاڵی هێرش دەکاتە سەر خسرەو. خسرەو (کە وەک پێشمەرگەکان هەموویان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردایە) بە چەقۆ سکی هەڵدەدڕێ و پێشمەرگەکان جەستەی نیوەگیانی مامۆستا فڕێ دەدەنە ناو ئاگرەکەوە. پێشمەرگەکان چەند فیشەک بۆ چاوترساندنی خەڵک دەتەقێنێن و خسرەو هاوار دەکا: “بەهەشت و جەهەندەمی حیزب لێرەیە!” مەحمود ئاگاداری ئەم ڕووداوە دەبێ دەڵێ: ” ئاژەڵە گڵاوەکان (حیوانات نجس) مزگەوتی گوندیان ئاگر تێبەرداوە!” و هەر بۆیە بەپەلە دەڕۆن کە لەناویان بەرن. بەڵام فریا ناکەون و پێشمەرگەکان ئاگادار دەکرێنەوە و گوندەکە بەجێ دێڵن.

دوابەدوای ئەمە خسرەو لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکان دەچنە ماڵی کوێخا کە شەو لەوێ بمێننەوە. هاوژینی کوێخا بەپەلە کوڕەکەی دەشارێتەوە بەڵام یەکێک لە پێشمەرگەکان تەماح دەکاتە ڕۆژان (کچی تازەلاوی کوێخا). خسرەو فەرمان بە کوێخا دەدا کە چونکە مامۆستاکە نانەجیبی کردووە، هەتا بەربەیان دەبێ دوو قاتی جاران یارمەتی بۆ حیزب لە خەڵکی گوند کۆ بکەیتەوە! خسرەو دەیەوێ ڕۆژان لەگەڵ خۆیان ببەن و بۆ ڕابواردن بیدا بە پێشمەرگەیەکی سمێڵ زلی چاوحیز. بەڵام کوڕە میرمنداڵەکەی کوێخا بە چەکێک بەڕەوڕوویان دەبێتەوە؛ خسرەو پێی دەڵێ ئەی ئافەرەم! تۆ بۆ پێشمەرگەبوون باشی و چەکەکەت دانێ! کوڕەکە باوەڕ دەکا، بەڵام خسرەو تەقەی لێ دەکا و دەیکوژێ.

لە سێکانسێکدا کە سەرگورد عەلییار پێشنیاری هاوکاری بە حەمید دەدا، سەرەتا حەمید لە حەوشەیەکەوە دەگوازنەوە کە لەسەر دیوارەکان درووشی “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” نووسراوە و لە پاڵیدا دوو گەنجی کورد (بە جلوبەرگی کوردییەوە) بە تاوانی مزدوربوون تیرباران دەکرێن. لە ژووری عەلییاردا و لە پشت سەریەوە وێنەیەکی گەورەی دوکتور قاسملوو دەبیندرێ و لە هەموو شوێنێک ئاڵای کوردستان لە قەبارەی گەورەدا بە دار و دیوارەوە هەڵواسراوە. سەرگورد عەلیار لە کاتی قسەکردن و بڕیارداندا شەراب دەخواتەوە و بەتووڕەیی لەگەڵ پێشمەرگەکان قسە دەکا. هەروەها لە هەموو فیلمەکەدا پێشمەرگەکان وەک مزدور (بەکرێگیراو) ناویان لێ دەبرێ و لە بەرامبەردا جاشەکان (پێشمەرگە موسڵمان) تەنیا بە پێشمەرگە بانگ دەکرێن.

لە سێکانسی هێرشی پێشمەرگەکان بۆ سەر پاسگەی دەکەڵی وەنەوشە. دوو نیشانەی گرنگ لە پیشاندانەوەی پێشمەرگە لە میدیای ئێرانیدا دەردەکەون. سەرەتا بە زیاتر لە سی پێشمەرگە فیشک بە جەستەی نیوەگیانی گروهبانێکەوە دەنێن کە فەرماندەی پاسگەکە بووە (لە جیاتی ئەوەی بەدیل بیگرن) و دواتر سەری یەکێک لە پاستارەکان لە جەستەی جیا دەکەنەوە و فڕێی دەدەن. واتە پێشمەرگە لەوپەڕی دڕەندەییدا وێنا دەکرێ کە تەنانەت ڕەحم بە جەستەی مردووش ناکا. وێنای چەوت بەڵام ئاشنای “سەربڕین” کە بەردەوام ئایدیۆلۆژیی ئێرانی لە بەکارهێنانی هیچ شەرمێکی نەبووە.

دەرهێنەر کە خەڵاتی نەتەوەیی بۆ ئەم فیلمە پێ بەخشراوە، بە باشی زانیویەتی کە چۆن تایبەتمەندییەکانی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی لە ڕێگەی فیلمەوە بەرهەم بهێنێتەوە. سەرەتا پێویستە مرۆڤی ئێرانی لەوپەڕی زیرەکی، نیشتماندۆستی، فیداکاری، ئەوینداریدا نیشان بدرێ کە تەنانەت سەربازی سەردەمی شا بۆ خزمەت بە نیشتمانەکەی دیسانەوە چەک هەڵدەگرێ و دەوری قارەمانێک دەگێڕێ. مەحمود بەردەوام لە فیلمەکەدا خەریکی نوێژکردنە و کەسێکی زۆر بەئیمانە لە بەرامبەردا پێشمەرگە کافرێکە کە مزگەوت دەسووتێنێ و گاڵتە بە خودا و پێغەمبەر دەکا. پاستارەکانی سوپا زۆر زیرەکن، پیلانی سەرکەوتوویان هەیە و بەردەوام دەیانەوێ یارمەتی خەڵک بدەن؛ هەروەها عاشق دەبن و تەنانەت لە کاتی جەنگدا یاری فوتباڵ دەکەن. پێشمەرگە ساویلکە و وەحشییە، چاوحیزە و تەماح لە کچێکی تازەپێگەیشتووی هاوزمانی خۆی دەکا و ڕێگەی پێ دەدرێ دەستدرێژی بکاتە سەری؛ هەروەها پێشمەرگە بە مەستی بڕیار دەدا، ناتوانێ ژیرانە بیر بکاتەوە و یارمەتی خەڵک هیچ کە نادەن بەڵکوو بە تۆقاندن پارە لە خەڵک وەردەگرن. فیلمی سوێری شیرین بەرهەمهێنەرەوەی وێنەی پێشمەرگەیەکە کە ساڵیانێکە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی پڕۆپاگەندەی بۆ دەکا. دەرهێنەر و فیلمنامەنووس نەک ئەوەی نەزانن کە ڕووداوەکان بەو شێوەیە نەبوون کە وێنای دەکەن، بەڵکوو ڕێک بەپێچەوانەوە، ئەوان دەزانن کە بەو فیلمەی سازیان کردووە لە وەهمێک پەیڕەوی دەکەن کە ساڵیانێکە دووپات دەکرێتەوە، بەڵام ڕێک هەر بەو شێوەیەی جاری جاران ڕەفتار دەکەن.



٧. چ [چ]: بێ چەکیش دەتوانین کوردستان لە “کورد” بسڕینەوە تا تەنیا کوردە ئێرانییەکان بمێننەوە!

فیلمی چ ساڵی ١٣٩٢ [٢٠١٣] بە دەرهێنەری ئیبراهیم حاتەمی‌کیا و پشتیوانی بونیادی سینەمایی فارابی ساز کراوە. تێچووی ئەم فیلمە دوو ملیۆن دۆلار بووە[25] و لە ڕووی فرۆشەوە کەمتر لە حەوسەد هەزار دۆلاری دەست کەوتووە.[26] فیلمی چ لە سی و دووەمین فستیڤالی فەجردا شەش سیمۆرغی بردووەتەوە.[27] فیلمەکە سەبارەت بە بڕگەیەک لە ژیانی مستەفا چەمران لە فەرماندەکانی سوپای ئێرانە و ماوەی دوو ڕۆژ لە شەڕی پاوە لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و پاستارەکانی سوپای ئێران لە کۆتایی گەلاوێژی ١٣٥٨ [١٩٧٩] دەگێڕێتەوە. دەوڵەتی کاتیی ئێران مستەفا چەمران (فەریبورز عەڕەب‌نیا) دەنێرێ بۆ پاوە کە کێشەی نێوان کورد و حکومەت چارەسەر بکا. لە فیلمەکەدا هەوڵ دەدرێ جوار ڕوانگە دەستنیشان بکرێ: (١) دوکتور مستەفا چەمران کەسێکە کە بۆچوونێکی عیرفانی هەیە و دەیەوێ لەسەر بنەمای ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکا؛ (٢) ئەسغەر ویسالی کە فەرماندەیەکی گەنجی سوپایە و دەیەوێ بە توندوتیژی و بوێری پێشمەرگەکان لەناو بەرێ و عەدالەت بۆ کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە؛ (٣) خەڵکی پاوە کە پێیانوایە سوپا و دەوڵەتی ئێران دەتوانن ڕزگاریان بکەن و (٤) پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بە فەرماندەیی کەسێک بە ناوی دوکتور عەنایەتی کە بیرۆکەی چەپیان هەیە و دەیانەوێ لە کوردستان حکومەتی خۆیان هەبێ.

لە فیلمەکەدا باس لەوە دەکرێ کە عەنایەتی و چەمران لە ئامریکا خوێندوویانە و تەنانەت چونکە هەر دووکیان بیرۆکەی چەپیان هەبووە لە ڕێکخستنی ڕێپێوان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی حکومەتی شادا بەشدارییان کردووە. بەڵام چەمران بیرۆکەی گۆڕاوە و وەک موسڵمانێک چووە بۆ لوبنان تا لەگەڵ موسا سەدر دەورێکی گرنگ لە بزووتنەوەی ئەمەل بگێڕێ. چەمران و عەنایەتی لە یەکێک لە سێکانسەکاندا (لە شەوێکی ئەنگووستەچاو و لە قەبرستانی پاوە) لەگەڵ یەک کۆ دەبنەوە. دیالۆگی نێوانیان هەندیک بابەتی گرنگمان لە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی بۆ دەردەخا:

عەنایەتی: دەمەوێ بزانم کەسێک دەیتوانی لە ناسا بێ و ڕەنگە لە داهاتوودا خەڵاتی نۆبێل بگرێ بۆ هاتووەتەوە بۆ ئێران و لە پاوە لە بەرامبەر ئێمەدا وێستاوە؟

چەمران: من هاتووم تا لەبەر ئەم خەڵکە پێکەوە دانووساندنمان هەبێ.

عەنایەتی: خەڵک؟! ڕۆژە سەرەتاییەکانی شۆڕش لە کوێ بووی؟!

چەمران: ئەمە لێپرسینەوەیە؟! شوێنێک کە من لەوێ بووم گرنگییەکی هیچ کەمتر لە ئێران نەبوو!

عەنایەتی: چ شوێنێک گرنگتر لە ئێران؟

چەمران: ڕێبەری بەرگری لوبنان لە لایەن سەرهەنگ قەزافییەوە دزرابوو، من دەبوایە لەوێ بوومایە.

عەنایەتی: کام ڕێبەر؟!

چەمران: ئێمام موسا سەدر!

عەنایەتی: ئەویش ئێرانییە! ئەویش لە کاتی شۆڕشدا لە ئێران نەبوو!

چەمران: وا بزانم تێگەیشتنی ئەمە بۆ تۆ قورس بێ دوکتور!

عەنایەتی: تۆ بۆ سەربەخۆیی شیعەکانی لوبنان شەڕت کردووە. ئەگەر بە ئاستەم ئینسافت هەبێ بە ئێمەش هەق دەدەی کە بۆ سەربەخۆیی نەتەوەی کورد شەڕ بکەین.

چەمران: خەریکی شتەکان تێکەڵ دەکەی دوکتور! لوبنان حکومەتی عەشیرەتەکانە، بەڵام ئێران هەر لە کۆنەوە هەر ئێران بووە! هەموو جۆرە عەشیرەیەک لە ناویدا بە ئاشتی پێکەوە ژیاون.

عەنایەتی: دەست لە ڕابردوو بەردە مستەفا! باسی ئیستا بکە! ئیستا!

چەمران: تەمەنی ئەم شۆڕشە تەمەنی زارۆکێکی شەش مانگەیە!

عەنایەتی: چ باشتر! چونکە تا پێنەگەیشتووە کاتمان هەیە!

چەمران: بەڵام ئەم داوای بەش کردنەی ئێوە بە بەهای پارچەپارچەبوونی ئێرانە!

عەنایەتی: ساڵیانێکە هەر بەم لۆژیکە ئێمەیان سەرکوت کردووە! پارچەپارچەبوونی نیشتمان! کوا نیشتمان؟! بەشی نەژادی من لەم وڵاتە تەنیا پارێزگاری کردن لە سنوورەکانی بووە! ئەمە عەدالەتی پێ دەڵێن؟!

چەمران: ئێرانیترین نەژادی ئێران نەژادی کوردە. نە کورد لە ئێران جیا دەبێتەوە و نە ئێران لە کورد!

عەنایەتی: ئەم ڕستانە بۆ وتاردان زۆر جوانە! بەڵام دەردی نەتەوەی من دەرمان ناکا مستەفا!

چەمران: ئەم نەتەوەیەی کە باسی دەکەی لە دەوڵەتەکەی داوای یارمەتی کردووە.

عەنایەتی: ئەمە کێشەیەکی ناوخۆییە! پەیوەندی بە غەریبەکانەوە نییە!

چەمران: بۆ خەڵکی پاوە دەوڵەت غەریبە نییە!… هەست بە بۆنی ئیسرائیل دەکەم!

بەڕوونی نیشانەکانی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگری ئایدیۆلۆژیی ئێرانی خۆی لەم دیالۆگەدا نیشان دەدا. کۆلۆنیالیزمێک کە سەرەتا ئێرانێکی ساختە ساز دەکا و لە ڕێگەیەوە کورد بە ئێرانیترین نەژادی ئێرانی دادەنێ. واتە ئێرانبیوون لەسەر هەر دوو ئاستی بوون و مەعریفی کورد وەخۆ دەگرێ کە نەتوانی داخوازی لە ناسنامەیەکی سەربەخۆ بکا. ئەگەر هەندێک لە کوردەکان بەپێچەوانەی ئەمە بیریان کردەوە، مێکانیزمی وەخۆگر کورد دەکاتە دوو بەشەوە: زۆرینەیەک کە خۆیان بە ئێرانی دەزانن و کەمینەیەکی دژەمرۆڤ کە دژ بەم خەڵکە بیر دەکەنەوە و دەیانکوژن. واتە لەم ڕێگەیەوە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی کوردی ناسیۆنالیستێک کە باوەڕی بە کوردایەتییە لە مرۆڤبوون دەسڕێتەوە. ڕوخسارێکی وەحشی و دڕەندەی بۆ وێنا دەکا تا لە مرۆڤبوون نامۆ ببێ. دیارە هاوکاتیش دەکرێ بیرۆکەی کوردایەتی بە سازکراوی ئیسرائیل دابندرێ، چونکە ئێرانییەکان خۆیان بەئیماندار دەزانن و لایەنگرانی کوردایەتی بە کافر. لەم ئایدیۆلۆژییەدا ئیسرائیل دەوڵەتێکە کە خاکی فلەستینی داگیر کردووە و موسڵمانەکان دەکوژێ. کەواتە لێکچوواندنی دەوڵەتی کوردستان بە ئیسرائیل بەو مانایە دەبێ کە لایەنگرانی کوردایەتی (کوردی ڕاستەقینە نین) دەیانەوێ خەڵکی کورد بکوژن یا بیانچەوسێننەوە. لە فیلمی چ‌دا پێشمەرگەکان تەنانەت ڕەحم بە نەخۆشخانە ناکەن و پەرستار و دوکتورەکان دەکوژن. خەڵک لە ترسی ئەوان هەموویان پەنا بۆ حەوشەی سوپا دێنن و، پاستارەکان بە ژمارەیەکی بیست کەسی و بە هاوکاری پێشەمەرگە موسڵمانەکان کە ئەوانیش دە پازدە کەس دەبن دوو ڕۆژ لە بەرامبەر سەدان پێشمەرگەدا بەرگری لە خۆیان و خەڵکی شارەکە دەکەن. لە دوایین ساتەکاندا کە پێشمەرگەکان هەتا ناو بینای سوپا هاتوونەتەوە پێشەوە، ئەرتش بە فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ کوشتنی کافرەکان دێنە ناو شار و پێشمەرگەکان شکەست دەدەن و چەمرانیش ڕزگاری دەبێ. ئەوە لەبیر نەکەین جەهادی خومەینی بەم ڕستە بەناوبانگە دووپات دەکرایەوە کە “ئێمە لەگەڵ کوفر شەڕ دەکەین نەک لەگەڵ کورد”. لە هەموو فیلمەکەدا مستەفا چەمران پیاوێکی ئێجگار لەسەرخۆیە کە بەردەوام لە مزگەوت نوێژ دەکا و لە خودا دەپاڕێتەوە، هەروەها خۆی لە خەڵکی پاوە جیا ناکاتەوە و تەنانەت چەندین جار گیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە کە ژن و منداڵی کورد ڕزگار بکا. لە هەموو ئەم ساتانەدا چەکەکەی بەکار ناهێنێ تا نیشان بدرێ کە هێزی مەعنەویەتی پاستارێکی ئێرانی چۆن دەتوانێ بۆ ئاشتی بانگەواز بکا و بەسەر توندوتیژی پێشمەرگەی کورددا سەرکەوێ.

پیشاندانی ڕوخسارێکی عارفانە لە سەرکردەکانی سوپا لە کوردستان کە بەرپرسی سەرەکی کوشتنی دەیان هەزار کەس لە ڕۆژهەڵات بوون و خۆیان وەک نوێنەری ئیسلام لە دژ بە کوردی کافر پێناسە دەکرد، بەرەبەرە دەبێتە ڕێڕەوێکی گرنگ لە سینەمای ئێران و لە فیلمی ڕاوەستاو لە تەپ و تۆزدا (ایستادە در غبار) دووپات دەبێتەوە. لەم فیلمەشدا کە سەبارەت بە ژیانی ئەحمەد مۆتەوەسۆلیان (لە سەرکردەکانی سوپا لە شەڕی پاوە و فەرماندەی سوپای مەریوان) ئەو پاستارە وەک قارەمانێکی عارف نیشان دەدرێ.



(III) دەرەنجام

ئایدیۆلۆژی لە ڕوانگەی ئالتوسێرەوە جیهانی ئێمە ساز دەکا. ڕەنگە ئێمە پێمانوابێ کە تاکی کورد لە ئێران سوژەیەکی ئازادە کە ئاگایی هەیە، بەڵام کاتێک سەیری هەڵسووکەوتەکانی دەکەین بۆمان دەردەکەوێ کە پەیوەندیمان لەگەڵ ڕاستییەکان جیهان و مێژوو تەنیا لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژییەوە ئیمکانی هەیە. بەم شێوەیە ئێمە بەپێی وەهمی نەتەوەی ئێرانی و ئێرانێکی ساختە دەجووڵێینەوە و لە کاتێکدا دەزانین کە دەوڵەت نەتەوەی ئێران خۆی سەد ساڵە ساز کراوە, بەڵام هەمدیسان بە شێوەیەک هەڵسووکەوت دەکەین کە دەڵێی ئێران دەوڵەتێکی لەمێژینەیە و باوەڕ دەکەین کە کورد لە بەرامبەر فارسدا خاوەنی شارستانیەت نییە و بەمگوێرەیە مرۆڤی فارس باشتر لە مرۆڤی کورد لە ئازادی، خۆشەویستی و نیشتمان تێدەگا.

ئایدیۆلۆژیی ئێرانی لە هەمان کاتدا کە ناسینێکی چەوت (misrecognition) لە مێژوو، کولتوور و شارستانیەتی کوردستان بەدەستەوە دەدا، هەروەها تاکی کورد وا لێ دەکا تا بە مەیلی خۆی خوازیاری ملکەچی بێ. ئالتوسێر ئەم چەمکە لە ژێر کاریگەری لاکاندا بەکار دێنێ و، پێیوایە ئێمە لە جیهانی دەوروبەرمان ناسینێکی چەوتمان هەیە چونکە خۆمان دەمانەوێ. چونکە بەم کارە پاداشتێک وەردەگرین. هەرچەند ئەم پاداشتە بۆ هەموو کەسێک یەکسان نییە. لە کرێکاری ڕۆژانە بگرە هەتا مامۆستاییەکی ئایینی، لە کوردێک کە لە ئیدارەیەک کار دەکا هەتا ئەو زانایەی کە پێیوایە لە زانکۆ سەربەخۆیانە ئیش دەکا، بە شێوەیەک لەم پاداشتە بەهرەمەند دەبێ. لە هەر کام لەم حاڵەتانەدا ئایدیۆلۆژییە کە پەیوەندی ڕاستەقینە لە نێوان پەیوەندییەکی خەیاڵیدا دەشارێتەوە. ئەم ئایدیۆلۆژییە تاکی کورد دەکاتە سوژەی خۆی و بانگی دەکا و لێی دەپرسێتەوە. سینەما مەودایەکی باشە کە تێبگەین چۆن ئایدیۆلۆژیی ئێرانی تاکی کورد دەکاتە بەردەنگی خۆی و داوای لێ دەکا بەو شێوەیە بیر بکاتەوە کە ملکەچی سیستەمی کۆلۆنیالیستی بێ.

دالی مەزن لە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی، چەمکی ئێرانە و دالەکانی تر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دالەدایە کە لەسەر مەدلولەکانی خۆیان جێگر دەبن. دەکرێ بگووترێ کە دالەکانی وەک خۆشەویستی، ئیمان، توندوتیژی، کوردایەتی، ئەخلاق و شارنشینی لە ڕێگەی پەیوەندییەکی کە لەگەڵ داڵی مەزن هەیانە جومگەبەندی دەبن و لەسەر مەدلولە جۆراوجۆرەکان فیکس دەبن. لە ئەنجامی نیشانەناسیی ڕەخنەگرانەی فیلمەکاندا بەم خشتەی خوارەوە دەگەین کە تیایدا ئایدیۆلۆژیی ئێرانی بابەتی سەمبولیکی ئایدیۆلۆژی کوردایەتی دەکاتە ئامانج و بە چەوتاندن، شێواندن و سڕینەوەی ئەو سەمبولانەی کوردایەتی گرنگییان پێ دەدا، بابەتی ڕاستەقینەی خۆی بەرهەم دێنێ. بەم شێوەیە مرۆڤی کوردی بەئێرانیکراو/ئاسیمیلەکراو بەرهەم دێ کە لە زمان و کولتووری کوردستان، لە خۆی، لە پەیوەندییە مرۆییەکان نامۆ بووە.

دال مەدلولەکان فیلمەکان
خۆشەویستی پێشمەرگە لە خۆشەویستی تێناگات – مرۆڤی ئێرانی لە بەرامبەر خۆشەویستیدا بەرپرسیارە – مرۆڤی کورد عاشقی مرۆڤی فارس دەبێ – مرۆڤی کورد خۆشەویستەکەی خۆی بەجێ دێڵێ خاکی ئاشنا – فرمێسکی سەرما – چریکەی هەورام – چیرۆکی عاشقی
ئیمان پێشمەرگە کافرە و مزگەوت دەسووتێنێ- مرۆڤی ئێرانی/سەربازی ئێرانی ئیماندارە و نوێژ دەکا، لە خودا دەپاڕێتەوە و داوای یارمەتی دەکا– مرۆڤی ئێرانی پەیوەندی عارفانەی لەگەڵ خودا هەیە – پێشمەرگە کۆمۆنیستە – مرۆڤی کورد باوەڕی بە خورافەیە خاکی ئاشنا – منداڵی خاک – چریکەی هەورام – سوێری شیرین – چ
توندوتیژی مرۆڤی کورد ناتوانێ بە زمانی دیپلۆماسی قسە بکا، نالۆژیکی بیر دەکاتەوە و تەنیا توندوتیژی بەکار دێنێ – مرۆڤی ئێرانی بە نەرمی دەتوانێ کێشەکان چارەسەر بکا و لۆژیکییە – پێشمەرگە خەڵکی ئاسایی بە ابرمتە دەگرێ –  پێشمەرگە ڕەحم بە زیندانی ناکا – پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕ دەکوژێ و مردووەکان سەر دەبڕێ – مرۆڤی کوردی ئاسیمیلیکراو باوەڕی وایە چەک تەنیا فیشەک نییە خاکی ئاشنا – فرمێسکی سەرما – چریکەی هەورام – سوێری شیرین – چ
کوردایەتی پێشمەرگە لە خەڵکی کوردستان جیایە – کورد لە هەر شوێنێک بێ ئێرانییە – کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان خۆیان بە ئێرانی دەزانن و ئاڵای ئێران هەڵ دەکەن – بیرۆکەی دەوڵەتی کوردی یەکسانە بە ساز کردنی ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەکەدا – کوردستان بەشێک لە ئێرانە و نابێ بە ڤیزا سەردانی بکەیت – پێشمەرگە دەیەوێ مێژووی پەیوەندی کورد بە ئێران بسڕێتەوە – زمانی فارسی هێندە گرنگە کە خەڵکی کورد بۆ پەیوەندی لەگەڵ یەک بەکاری دێنن – پێشمەرگە شێعری شاملو دەخوینێتەوە – مرۆڤی کورد خیانەت بە هاوزمانەکەی خۆی دەکا – پێشمەرگە سەر لێشێواوە و نازانێ چی دەوێ – پێشمەرگە لە پێشمەرگایەتی ماندوو بووە – پێشمەرگە ڕێگای ون کردووە و نەهاتووەتەوە دنیای مۆدێرنەوە خاکی ئاشنا – منداڵی خاک – فرمێسکی سەرما – چریکەی هەورام – چیرۆکی عاشقی – سوێری شیرین – چ
ئەخلاق پێشمەرگە ڕەحم بە هاوزمانەکەی خۆی ناکات و دەیکوژێ – سەربازی ئێرانی یارمەتی کیمیالێدراوەکان دەدا و ژیانی خەڵکی کوردی بۆ گرنگە – مرۆڤی ئێرانی منداڵە ئاوارە هەتیوەکانی خۆش دەوێ و یارمەتی هەژاران دەدا – مرۆڤی کورد فێڵباز و تەماحکارە – پێشمەرگە دەستدێژی دەکاتە سەر ژن – پێشمەرگە لە مزگەوتدا مەشروب دەخواتەوە = پێشمەرگە لە کاتی مەستیدا بڕیاری گرنگی سیاسی دەدا –  پێشمەرگە بریندارەکان دەکوژێ و سەریان دەبڕی – مرۆڤی کورد جێی متمانە نییە بەڵام مرۆڤی ئێرانی جێی متمانە و بڕوایە – مرۆڤی ئێرانی لێبوردەیە – پێشمەرگەکان بە زۆرداری پارە لە خەڵک وەردەگرن خاکی ئاشنا – منداڵی خاک –  فرمێسکی سەرما – چیرۆکی عاشقی – سوێری شیرین – چ
شارنشینی کورد بەگشتی خەڵکی گوندن و شارەکانیشیان وەک گوند وایە – سروشت و شاخی کوردستان جوانە – مرۆڤی کورد سادە و خورافییە – مرۆڤی کورد لە دنیای ئەفسانەکاندا ماوەتەوە و خاوەنی مێژوو نییە – پێشمەرگە نەخوێندەوارە و سەربازی ئێرانی خوێنەوارە – مرۆڤی ئێرانی بە ئەدەبە و ڕێز لە هەموو کەس تەنانەت دوژمنەکەی دەگرێ – هونەری کورد موسیقای فولکلۆرە – هونەری ئێرانی نیگارکێشی و شێعری مۆدێرنە خاکی ئاشنا – منداڵی خاک – فرمێسکی سەرما – چریکەی هەورام



سەرچاوەکان

[1] Althusser, Louis (2014) “Ideology and Ideological State Apparatuses.” In On the Reproduction of Capitalism (New York: Verso).

[2]  ئەردەڵان، سارۆ (٢٠١٩) “کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر:  ئێران چۆن توانیویەتی لە وکردستان هێژمونیی کولتووری ساز بکا؟” گۆڤاری تیشک ٢١ (٥٢)، ٢٤-٤٥.

[3] Myers, Tony (2003) Slavoy Žižek (London: Routledge) 63-67.

[4] Flisfeder, Matthew (2012) Slavoy Žižek’s Theory of Film (New York: Palgrave) 1.

[5] https://fa.wikipedia.org/wiki/دوازدهمین_جشن_سینمای_ایران

[6] آپارات (٢٠١٢) “مشروح گفتگو با پرویز جاهد و حمید دباشی درباره فیلم “خاک آشنا”.” سایت بی‌بی‌سی. دسترسی در ٢٥/١/٢٠٢١ از طریق لینک: https://www.bbc.com/persian/arts/2012/03/120307_lili_aparat10_12

[7] Dabashi, Hamid (2017) “On the Kurdish Question.” Aljazeera. Available at 01.02.2021 by the link: https://www.aljazeera.com/opinions/2017/11/27/on-the-kurdish-question

[8] Puccini, Giacomo (2002) Puccini’s Tosca. Edited by Burton D. Fisher (Miami: Opera Journeys Publishing).

[9] https://fa.wikipedia.org/wiki/دوازدهمین_جشن_سینمای_ایران

[10] https://fa.wikipedia.org/wiki/بیست_و_ششمین_دوره_جشنواره_بین‌المللی_فیلم_فجر

[11] https://filcin.com/festival/130-دومین-جشن-انجمن-منتقدان-و-نویسندگان-سینمایی-1387

[12] آزمودە، علی (١٣٨٧) “نقد فیلم فرزند خاک: نگاهی منطقی بە موضوعی حساس.” سایت بی‌بی‌سی. دسترسی در ١/٢/٢٠٢١ از طریق لینک:

https://www.bbc.com/persian/arts/story/2008/08/080827_an-aa-farzande-khak

[13] فهیم، آرش (١٣٨٧) “نگاهی به فیلم «فرزند خاک» به کارگردانی محمدعلی باشه آهنگر سفر به گرای عشق.” روزنامە کیهان. دسترسی در ١/٢/٢٠٢١ از طریق لینک: https://www.magiran.com/article/1685793

[14] https://fa.wikipedia.org/wiki/هشتمین_جشن_سینمای_ایران

[15] https://www.mehrnews.com/news/210467/اشك-سرما-بهترين-فيلم-و-پارسا-پيروز-فر-بهترين-بازيگر-هفتمين

[16]  خدیو، صلاح‌الدین (٢٠٢٠) “یک خاطره و دو نکتە.” کانال تلگرامی شارنامە. T.me/sharname1

[17] http://icinema.ir/page/8448

[18]  آپارات (٢٠١٤) “گفتگوی برنامە آپارات با هیمن سیدی و پرویز جاهد” سایت بی‌بی‌سی. دسترسی در ١/٢/٢٠٢١ از طریق لینک: https://www.bbc.com/persian/arts/2016/01/160114_aparatint_02_2016

[19] https://books.vejin.net/ck/text/444

[20] https://www.youtube.com/watch?v=LtlK3Tolbqw

[21] http://www.honaronline.ir/بخش-اخبار-6/74525-حکایت-عاشقی-دو-جایزه-اصلی-بارسلون-اسپانیا-را-گرفت

[22] https://fa.wikipedia.org/wiki/سی‌امین_دوره_جشنواره_بین‌المللی_فیلم_فجر

[23] https://www.fardanews.com/بخش-فرهنگ-96/210910-شور-شیرین-فیلمی-که-باید-هر

[24] http://siasefeed.blogfa.com/post/49

[25] https://web.archive.org/web/20191005190001/https://www.fcf.ir/docs/sales-report.pdf

[26] https://fa.wikipedia.org/wiki/چ_(فیلم)#cite_note-1

[27] https://fa.wikipedia.org/wiki/سی_و_دومین_دوره_جشنواره_بین‌المللی_فیلم_فجر

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان