پێکهاتەی سیستەمی سیاسەتی جیهانی لەسەر بنەمای دەوڵەت دامەزراوە. واتا دەوڵەت سەرەکیترین ئەکتەری سیاسەتی جیهانییە. لەم چوارچێوە سیاسی – یاسایییەدا، هەر کام لەو ئەکتەرانە، پێناسە بۆ هێزی نەتەوەییی خۆیان دەکەن. لەم نێوانەدا، ئەگەرچی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییە و کوردستان لە نێو وڵاتانی داگیرکەردا دابەش کراوە، بەڵام خاوەنی چەندین توخم و فاکتەری هێزە کە دەتوانێ لە لایەک کار بکاتە سەر هاوکێشەکان و لە لایەکی دیکەشەوە  خوێندنەوە و ڕێکخستن بۆ ئەم فاکتەرانە بکات. بە وردبوونەوە و تێڕامان لەم فاکتەرانە دەکرێ نەخشەڕێگای گەیشتن بە ئامانج زیاتر ڕوون بکرێتەوە و دوورەڕوانی پرسی خۆی وێنا بکات. بەم پێیە، وێڕای ئەوەی کە  هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی لاوازی و بەهێزیی وڵاتانی داگیرکەر دەکات، بەراوردی هێز  و توانست و دەرفەت و پتانسییەڵەکانی خۆیشی دەکات.

پڕ ئاشکرایە هێز بابەتێکی فرەڕەهەند  و چەمکێکی ئاڵۆزە. ئاڵۆز لەو ڕووەووە کە  فۆرم و ناوەرۆکی هێز تا دێ گۆڕانکاریی بە سەردا دێ. چەمکی هێز و نوێنگەکانی لە هەر سەردەمێکدا، لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵێک فاکتەردا بووە، هەر بۆیەش لە هەر قۆناغێک مانایەکی جیاواز بە دەستەوە دەدات. بەم پێیەش لە ڕوانگە و تیۆریی جیاواز کەڵک وەردەگیردرێت،  بۆ ئەوەی لایەن و ڕەهەندەکانی  هێز بۆ ڕای گشتی و ناوەندەکانی بڕیار ئاشنا بکرێت.

بنیاتنانی دەسەڵاتی کوردی و بەڕێوەبەری  کایەی  سیاسی، گرێدراوی شێوازی تێگەیشتن  لە فاکتەرەکانی هێزە، ئەمەش لە خۆیدا یەکلاکەرەوەیە. هەر بۆیە ڕێکخستنی ئەم فاکتەرانەیە  کە دەتوانێ کورد لە هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لە گێژاو و تەنگژەکان بپەڕێنێتەوە و لە ئامانجی  ڕزگاری نزیکی بکاتەوە.

هێز دیاردەیەکی چەند ڕەهەندییە کە بەدەر لە بواری سەربازی کە لێرەدا مەبەست هێزی پێشمەرگەیە، بواری دیکەش لەخۆ دەگرێ کە دەکرێ ئاماژە بە فاکتەری کلتوور و شوناس، مێژوو، زمان، سەرچاوە و سامانە سرووشتییەکان، جوگرافیا و سنوور، شەقام، دیپلۆماسی، گوتاری کوردایەتی و هاوخەباتی بدرێت کە زیاتر خۆی لە چوارچێوەی حیزبە کوردییەکاندا دەبینێتەوە.

فاکتەری سرووشتی، هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەش بوون لە نێوان چوار دەوڵەتی تورکیا، ئێران و عێراق و سوریا وای کردووە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا و دوای سەرکوتی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد، کوردستان وەک ناوچەیەکی نائارام و ناسەقامگیر سەیر بکرێ. ژمارەی دانیشتووانی کوردستان بۆ ٤٠ ملیۆن کەس مەزندە دەکرێ کە بە بەراورد بە حەشیمەتی هەر کام لە وڵاتە داگیرکەرەکان، ژمارەیەکی بەڕچاو و کاریگەرە. گرێدانی هێز و تواناکان لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژیی ڕزگاریکەری کوردستانەوە دەتوانێ وەک هێزێکی گرنگ بۆ گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر بکرێت. بە دۆزینەوەی نەوت لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا و هەروەها وابەستەبوونی ئابووریی جیهانی بە نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەوت و گازی کوردستان دەتوانێ وەک کارتی هێز و یاری سەیر بکرێ. هەڵبەت لە ئیستادا بەرەبەرە دەردەکەوێ کە ئاوی کوردستان کە سەرچاوەیەکی گرنگی دابین کردنی ئاوی ئێران، تورکیا و عێراقە، دەورێکی ستراتێژیک لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا دەبینێت. سەرەڕای ئەم خاڵانە، کەش و هەوای باش، ئاوی زۆر و خاکی بەرفراوان، کوردستانیان کردووە بە ناوچەیەک کە دەتوانێ لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە وەک ناوچەیەک بۆ دابین کردنی کەرەسەی خاو و پێخۆر سەیر بکرێت.

سەبارەت بە فاکتەری توانای چەکداری، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو هێزەیە کە داگیرکەران سەرەڕای هەموو هەوڵ و تەقالا و تاقی کردنەوەی هەموو پیلان و شێوازەکان، تاکوو ئیستا لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ لەناوبردنی شکستیان خواردووە. خەباتی بەردەوام و ئەزموونی درێژخایەن، ئەم هێزەی وەک هێزی دابینکەری مانەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریکەری کوردستان لە ناوچەکەدا بەبڕشت نیشان داوە. هەرچەند زیاتر پێداگری لەسەر توانای ڕێکخستن و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمن کراوە، بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا ئەم هێزە دەتوانێ دەورێکی کاریگەرتری هەبێ. بۆ نموونە هێزی سایبری و ئەمنیی پێشمەرگە دەتوانێ مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی داگیرکەرانی کوردستان ساز بکا. بێ­گومان سەرچاوەی مەشروعییەتی ئەم هێزە لە خەباتی ڕەوای نەتەوەیی و پابەندبوون بە ئایدیۆلۆژیی ڕزگاریکەری کوردایەتیدایە.

ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی و حیزبی سیاسی، هێزی نەرم و ڕێکخەری فاکتەرە جیاوازەکانی دەسەڵاتە لە کوردستان. لە ڕاستیدا ئەگەر ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراو نەبێ چۆن دەکرێ نەتەوەیەکی مەزن بەرەو سازکردنی کیانێکی کوردی بڕوا و هەروەها لە بەرامبەر هێزەکانی ناوچەدا، وەک هێزێکی بەرگریکار لە بوونی کورد لە جیهاندا خۆی نیشان بدا. ئاشکرایە، ئەگەر حیزبە سیاسییەکانی کوردستان نەبن کە بتوانن داواکارییەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا بگونجێنن، داواکاریی کەلتووری، یاسایی و کۆمەڵایەتی بە هیچ شوێنێک ناگا. حیزبە سیاسییەکانی کوردستان تەنیا لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و مافی دیاری کردنی چارەنووسە، کە  دەتوانن وەک هێزێکی بەرچاو لە ناوچەکەدا خۆیان دەرخەن و مەودای خۆیان لە گەڵ ڕەوتە ڕێفۆرمیستەکان بپارێزن.

پیویستە سەرچاوە و فاکتەرەکانی هێز و بەرژەوەندیی نەتەوەیی  بە شێوەی هاوکات تەریب بکرێن. ئەکتی سیاسی کاتێک دەستکەوتی بەدواوە دەبێ کە دیدێکی واقعبینانە لە ژینگەی ناوخۆ و دەرەوە بەرایی بدات.

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان