ئایینەکان، یەک لەدوای یەک، هەوڵیان داوە واتایەک لە مرۆڤ و جیهان بەدەستەوە بدەن و هەڵسوکەوتی مرۆڤ بەگشتی بە ئاقاری ئەو سیستەمە واتایییەدا ببەن کە مەبەستیانە. لەڕۆژئاوا، لە ڕێنێسانسەوە، بۆچوون و میتۆدی زانستی کە ڕەهەندێکی دژەئایینیشی تێدابوو پەرەی سەند، بەڵام دژایەتی لەگەڵ ئایین لە سەدەی نۆزدە بەم لاوە، لە زانستدا بوو بەڕەوتێک و بە ئێستەیشەوە شوێندانەر و بەردەوامە. تا ئێرە دوو هەڵوێستەی ئایینی و دژەئایینی، لە گێرەوکێشە و تێکهەڵچووندان. ڕوانگەی سێیەم کە ئاسۆی زانست فرە ڕەهەندتر لە جاران ئەبینێت، نائایینییە. واتە ئایین وەکوو دیاردەیەک چاو لێ دەکات و هەوڵ ئەدات لە بەستێنی گشتیی ژیانی مرۆڤ، لە پێش مێژووەوە تا ئێستەخوێندنەوەی بۆ بکات.

لە کوردستاندا هەر سێ ڕوانگەکە هەن. پرسیار ئەوەیە ئەو ڕەوتە ئایینی و دژەئایینییانە کە بەهیوان پانتای کۆمەڵگای کوردستان لەخۆ بگرن، بۆ نەیانتوانیووە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگای کوردستان بپارێزن. یان لانیکەم خەساری پێ نەگەیەنن؟ وڵامی ئەم پرسیارە سەرەڕای ڕەهەندە مێژوویییەکەی، بیچم و ئاراستەیەکی سیاسیی هەیە. واتەڕەهەندە پێشووەکان لە ژێر چەتری سیاسەتدا یەک دەگرنەوە. ڕەوتە ئایینی و دەژەئایینەکان، لە پێناسە کردنی خۆیان بە ناسنامەی کوردستانییەوە خۆیان بواردووە و تەنانەت لە دژی ئەو ناسنامەیەدا وەستاونەتەوە. لەم سەردەمەدا کە دەوڵەت-هۆزەکان (بەو واتایەی کە نوێنەرایەتیی دانیشتووانی یەکەی سیاسیی ژێردەستی خۆیان ناکەن) لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕەوتە دژەئایین و ئایینییە دژەنەتەوەیییەکانیان کردووەتە ئامرازی مسۆگەرکردنی ئامانجەکانیان. دیارە لە ئاکامی بنج داکوتانی ئەو جۆرە ئیدیۆلۆژییانەوە لەم ناوچەیەدا، کورد بە بەراورد لە گەڵ نەتەوەکانی تر، زۆرتر خەساری پێ گەیشتووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسیی نەبووە و بەرژەوەندیی نەتەوەییی بۆ وێنا نەکراوە. کۆمەڵگاکەی بووەتە مەیدانی تەڕاتێنی چەپی ئینتەرناسیۆناڵ و نێئۆعوسمانیزم و سەلەفیگەری و ڕەوتە دەستکردەکانی وڵاتە سەردەستەکانی کوردستان.

لە سەدەی 21دا مەترسیی سەرەکیی بۆ کوردستان ئەو ڕەوتە ئیسلامییانەن کە لە کردەوە و هەڵوێستدا، دژ بە بەرژەوەندیی نەتەوەییی کوردستان و بزووتنەوەکەی دەجووڵێنەوە. کاتێک ئایین و سیاسەت دەبنە هاوپەیمان زۆر مەترسیدار دەردەکەون. بەتایبەت ئایین لە شێوەی ئایدۆلۆژیای سیاسیدا لە هەموو ئایدۆلۆژیاکانی تر مەترسیدارتر دەبێت؛ لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ بیروباوەڕی تاکەکان سەروکاری هەیە و زیاتر لەوانەی تر لە ئاوەز دوور دەکەوێتەوە و  هەڵگری پاساوی زیاترە بۆ خۆبەختکردن و کوشتنی مرۆڤەکان لە پێناو ئامانجگەلێکدا کە خزمەت بە مرۆڤایەتی ناکەن. دژایەتی لەگەڵ ئەوان، دژایەتیی ئایینی ئیسلام نییە. هەوڵی زانستی ئەوەیە بە ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاکان و پێشینەیان لە کوردستاندا، ئاراستە سیاسییەکەیان کوردستانی بێت. لەم خاڵەدا، ڕوانگەی نائایینی دەتوانێ دوانەی ئایین-دژەئایین لە بەستێنێکی کوردستانیدا بحاوێنێتەوە. وێژمانی نەتەوەییی کوردستان، نەک دژایەتیی لەگەڵ ئایین یان هیچ ڕەوتێکی تردا ناکات، تەنانەت ڕێی خۆدەربڕینیشیان پێ دەدات، بە مەرجێک هەوڵی سڕینەوەی یەکدی نەدەن . لە ڕوانگە گشتییەکەیدا، کوردستان دەبێتە بەستێنێکی فرەدەنگ و فرەڕەنگ کە ڕەنگە ئەو لایەنگەلە، لە پێناسەیاندا تەنیا خاڵی هاوبەشیان کوردستانی بوونیان بێت.

error:

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان