سەروتار
ناسر مورادی
بیرمەندی کورد، واتە ئەو کەسەی کەڵکەڵەی سەرەوەریی نەتەوەییی کوردی هەیە، دوو ئەرکی لەسەر شانە. یەکەم، “نەتەوەیی بوون” بە چەشنێک واتا و وێنا بکات کە سیستەمی پیشەسازیی کولتووری داگیرکەر، نەتوانێ تێیدا تەڕاتێن بکات و بیخاتە خزمەت خۆیەوە. دووهەم، داڕشتنی سیستەمی گواستنەوەی ئەو واتایە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان. ئەگەر لایەنە سیاسییەکانیش کەڵکەڵەی نەتەوەیی بوون و پەروەردەی نەتەوەیییان هەیە، دەبێ لە ئێستاوە ئەو بەستێنە بۆ دواڕۆژ ئامادە بکەن و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش لە نێوان خۆیان و بیرمەندان و پسپۆڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ساز بکەن.
لە بابەتی خەسارناسی و تێڕامان لە دۆخی بندەستیی نەتەوەیی و دەربازنەبوون لە ستەمکاری و چەوساندنەوە، ڕەنگە هۆکارێکی سەرەکیی بگەڕێتەوە بۆ بزر بوونی سیستەمی مەعریفی بۆ واتا کردنی “کورد بوون” و سیستەمی پەروەردەی نەتەوەیی. بۆ خوێندەوار و دەستەبژێری کورد جێی پرسیار نییە بۆچی ڕێژیمی ئێران لە لایەکەوە ڕێگە بۆ سیاسیکاری بەرژەوەندیخواز دەکاتەوە تاکوو بەشداریی سیاسی نەتەوەی ژێردەست لە پڕۆسە و کایەی سیاسیی سەردەستدا بسەلمێنێ، بەڵام لە هەمان کاتدا لە قەڵاچۆکردنی تاکی کورد دەست ناپارێزێت؟ وڵامەکەی ڕوونە: داگیرکەر دەیهەوێ کوردبوون بە خێڵەکی بوون، سەرەتایی، کاڵفام، دەمارگرژ، بەنامووس، ئیماندار، گوێڕایەڵی دەسەڵات و… پێناسە بکات. هەرکام لەم ڕەهەندگەلە بە جۆرێک دەسەڵاتی داگیرکەری لە کوردستاندا بنەجێ کردووە؛ ئێستا ئیتر داگیرکەر ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی کورد بکات، بەڵام تەنیا ئەو ڕەهەندانەی کوردبوون وەردەگرێت کە لە ڕەهەندی سیاسی و بواری مافویستی و ڕزگاریخوازانەی بوونی کورد بەدوور بن. ڕەهەندێکی جەوهەری کە لە لایەکەوە داگیرکاریی داگیرکەر لە شەرعییەت دەخات و لە لایەکی ترەوە ڕەهەندەکانی تر لە خۆ دەگرێت و لە کۆمەڵگادا هێزی نەتەوەیی لە هونەرەوە تا سیاسەت ئاراستە و ڕێکدەخات. داگیرکەر خاوەنی گوتار و سیستەمی پەروەردەیە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پەروەردەکردنی تاکی نەتەوەی ژێردەست دەدات بە گوێرەی جیهانبینیی ستەمکاری و باڵادەستی خۆی.
نەتەوەیی بوون، وەستانەوەیە بەرانبەر بە نکۆڵیی داگیرکەر لە بوونی سیاسیی کورد و ئەرک دەخاتە ئەستۆی تاکی کورد. نەتەوەیی بوون و پەروەردەی نەتەوەیی، سنووری مەعریفیی کوردبوون و کوردستانی بوون لە داگیرکەر جیا دەکاتەوە. ئەم ئەرکداربوونەوە، پڕۆسەیە و بە هاواری سۆزدارانە و بە تاکەکەس و جیاکاری و بە ڕەشکردنی لایەنە سیاسییەکان (بە هەموو ڕەخنەکانەوە)ناگاتە ئەنجام.
کاتێک گوتارێکی نەتەوەییی بەهێز و ئەوڕۆیی لەگۆڕێدا بێ، تەنانەت ئەگەر دەزگا فەرمییەکانی پەروەردە و بارهێنانیش لەبەر دەستی ئێمەدا نەبن، ئەو گوتارە بە شێوەیەکی هەراو بەسەر کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە. بڵاو بوونەوەی ئەو دیسکۆرسە نەتەوایەتییە، لە حوکمی پەروەردەی نەتەوەییدایە. بە دەربڕینێکی دیکە، باسی پەروەردەی نەتەوەیی دەبێ داببەزێنین بۆ باسێکی بنەڕەتیی دیکە. خودی باسی پەروەردەی نەتەوەیی، باسێکی بنەڕەتی و ستراتێژیکە، بەڵام باسی تەنانەت بنەڕەتیتر و ستراتێژیکتر لەویش، بریتییە لە باسی بەرهەم هێنانی گوتاری نەتەوەیی. لەم ڕووەوە دەبێ بوار و پەیوەندییەکانی پەروەردەی نەتەوەیی و گوتاری نەتەوەیی، بە شێوەیەکی زانستی و بنیاتنەر چڕ بکرێنەوە.
هۆی تەرخانکردنی تەوەری ئەم ژمارەیەی گۆڤاری تیشک بۆ مژاری پەروەردەی نەتەوەیی، ئەم کەڵکەڵەیەیە و هیوادارین بەرگوێی بیرمەندانی کورد و لایەنە سیاسییەکانی بکەوێ.