سەروتار

ئالان حەسەنیان


ژینگە و
چالاکیی ژینگەیی لەڕۆژهەڵاتدا

بەگشتی و لە ئاستی جیهانیدا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینگەیی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەیەی حەفتای زایینی و فەوکۆسەکان، سنووردار بوون  بە بابەتگەلێکی وەکوو پێوەندیی نێوان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و شێوەی بەرهەمهێنان، دژایەتیکردنی پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی، دیپۆکردنی زبلی ئەتۆمی و دروست کردنی لەڕادەبەدەری بەنداو. زۆربەی لێکۆڵێنەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە دەسپێکی سەرهەڵدانی بوارە جیاجیاکانی چالاکیی ژینگەیی بە شێوەی ڕێکخراوەیی و، لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا، دەتوانرێ وەکوو مەیل و ڕەهەندێکی ڕۆژئاوایی و لە گۆشەنیگای پەرەسەندنی کۆمەڵگای مەدەنییەوە سەیربکرێت.

ژینگەی مرۆیی و سروشتی کوردستان، وەکوو بەشەکانی دیکەی گۆی زەوی، ڕووبەڕووی مەترسیی جیاجیا بووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم مەترسییانە ڕیشەی مێژوویییان هەیە و سەرهەڵدانیان تایبەت نییە بەم دوا دەیەگەلەوە، بەڵام لەڕاستیدا، ئاوڕدانەوەیەک لە دەسپێک، هۆکارو ڕادەی کێشە ژینگەیییەکان، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ژینگەی کوردستان لە دوای دەیەی هەشتاوە تا وەکوو ئێستا، ڕۆژ بە ڕۆژ و زیاتر ڕووبەڕووی کێشەی مەترسیدار و لە دواییدا لەناوچوون دەبێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ڕادەیەکی کەمی مەترسییە ژینگەیییەکان هۆکاری سروشتییان هەیە، شان بە شانی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردستان، ژینگەی کوردستانیش قوربانییەکی دیکەی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستانە. لە لایەکەوە بەتاڵان بردنی کانگا سروشتییەکان و لە لایەکی دیکەوە سیاسەتی بەئەنقەست وێرانکردنی سروشتی کوردستان، بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانی جۆرەها کارەساتی سروشتی و مرۆیی. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ میلیتاریزە کردنی کوردستان و بە ئەنقەست ئاگربەردان لە چیا و دارستانەکانی ئەم ناوچەیە، زیاتر ژینگەی کوردستانی بەرەو ویراکردن و لەناوچوون بردووە.

وەکوو کاردانەوە بە بەرز بوونەوەی ڕێژەی مەترسییەژینگەیییەکان و هەوڵێک بۆ دیتنەوەی ڕیگاچارەیەک بۆ لەناوچوونی ژینگەی سروشتیی کوردستان، سەرەڕای بوونی تەنگوچەڵەمە و بەربەستە جۆراوجۆرەکان، کوردستان لە دوو دەیەی ڕابردوودا سەرهەڵدانێکی بەرچاوی بزووتنەوەیەکی ژینگەییی بە خۆیەوە دیوە، کە لە ئاکامی سەرهەڵدانی ئەو بزاڤەدا، ژمارەیەکی زۆری ڕێکخراوی ژینگەیی دامەزراون و چالاکی دەنوێنن.

هەروەک لە ناوەڕۆکی بابەتەکانی ئەم ژمارەیەی تیشکدا دەردەکەوێت، هێندێک لە تایبەتمەندییەکانی چالاکیی ژینگەیی لە کوردستاندا کە خۆی لە ڕەهەندە ڕۆژئاوایی و گلۆباڵەکان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەم بزاڤە لە کوردستان، بەپێی هەلومەرجی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان، بووە بە پلاتفۆرمێکی دیکە بۆ خەباتی نەتەوایەتی لە کوردستان و خۆی لە چوارچێوەیەکی خەباتی دژە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا گونجاندوە. ئەم تایبەتمەندییە وای کردووە کە بزاڤی ژینگەیی لەکوردستاندا، لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە، بە شیوەیەکی بەرچاو بەتەناهی/ئەمنیەتی کراوە.

سەرەڕای ساوا بوونی ئەم بزاڤە، چالاکانی ژینگەیی و ڕێکخراوە ژینگەیییەکان، لە ڕێکخستنی گشتیدا بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاستە ئابووری، کەلتووری و زمانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا، پۆتەنسیەڵ و توانایەکی تایبەتییان لە خۆ نواندووە، و دژەگوتارێکیان بەرانبەر بە گوتار و سیاسەتە ئابووری و نەتەوایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و بەرانبەر بە گەلی کورد، داهێناوە. ئەم ژمارە تایبەتییەی گۆڤاری تیشک، تەرخان کراوە بە تیشک خستنەسەر تەوەرگەلێک وەک: دەرئەنجامە خراپەکانی سیاسەتی ئابووری و نیزامیی کۆماری ئیسلامی لە سەر ژینگەی سروشتی و مرۆیی لە کوردستاندا؛ هۆکارەکانی بەتەناهی بوونی چالاکیی ژینگەیی لە کوردستاندا؛ بەکولتوورکردنی ژینگەپارێزی و لێکدانەوە و خوێندنەوەی زانستییانە و تیۆریک لەم بوارانەدا.

error:

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان