سەروتار

ناسر موردای


تا پێش شەپۆلی ئایدیۆلۆژییەکان بۆ کوردستان، ژن و پیاو لە دابەشکارییەکی کۆمەڵایەتیدا دەوری خۆیان دەگێڕا. لەوەی کە لەو سەردەمەدا ژن زۆری لێ دەکرا و دەچەوسایەوە، هیچ گومانێک نییە، بەڵام ئایدیۆلۆژییە جیاواز- تەنانەت لێکدژ-ەکانیش نەک لە چەوسانەوە دەربازی نەکردن، بەڵکوو سەریشی لێ شێواندن و بەهۆی نامۆبوونیان بە ڕاستییەکانی کۆمەڵگاوە، پرس و مافەکانی ژنانیان ئاڵۆزتر و بە هەمان شێوە ئاسۆی خەبات و تێکۆشانی مافخوازانەیان ناڕوونتر کرد. لەژێر کاریگەریی ئەم ئایدیایانەدا هێماگەلی مرۆڤانە و نەتەوەیی لە زەینی ژنی فێمێنیستی کورددا گۆڕدرا و جێگۆڕکێێ پێ کرا. بۆ وێنە، فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان بە دروشمی دژ بە دەورگێڕانی نەریتیی ژنان هاتنە کایەوە؛ دایکبوون و پەروەردەکردنی منداڵ بێبایەخ نیشان دەدرا. لێرەوە بوو کە هەوڵەکان بۆ دابڕینی ژن و مافەکانی لە ژینگەی ڕاستەقینەی خۆی دەستی پێ کرد.

نکۆڵی لەوە ناکرێ کە ژن وەک هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا، مافی دەسەڵات و بڕیاری بەسەر ژیان و دەورگێڕانی خۆیدا هەیە. بەڵام کێشە لەوەدایە کە فێمێنیستی کورد (کە دیارە وەک ڕەوت تا ئێستا بیچمی نەگرتووە) نەیتوانیوە ناسنامەیەک بۆ خۆی دابڕێژێت کە هەم ئەندامێکی چالاکی کومەڵگای کوردستان بێت، هەم لەسەر مافی ژنان- بە هەڵوێستی ڕادیکاڵەوە- داکۆکی بکات. فێمێنیستی سۆزداری کورد ئەگەر بنەمای مەعریفییی خۆی بەهێز نەکات، ناتوانێت قسە لە فێمێنیزم بکات. دیسان دەکەوێتە داوێنی ئەو ڕەوت و ئایدیایانەوە کە ژن دەکەنە ئامراز و زیاتر لە هەست و نەست و ژنبوون دایدەماڵن.

خەبات بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری، پرۆسەیەکی دوورودرێژ و ماوەبەرە کە پەیوەستە بە خەباتێکی گشتیتر بۆ دەربازبوون لە دۆخی بندەست و جۆرەکانی ستەم. ژنی کورد ئەزموونێکی نوێی مافخوازی و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ چەند جۆر ستەم تاقی کردەوە؛ ستەمی چینایەتی، ستەمی نەتەوایەتی و ستەمی ڕەگەزایەتی. ئەگەرچی حزووری شۆڕشگێڕانەی ئافرەتان لە دوو باڵی خەباتی شار و شاخدا بەرچاو و مانادار بووە، بەڵام جۆری پەیوەندیی ئەم تێکەڵبوونە لە چوارچێوەی شۆڕشی فێمێنیستیدا نەبووە و بنەما تیۆرییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە نەپارێزراوە و شێوەی گرێدرانەوەی بە خەباتی نەتەوایەتیی کوردەوە لاواز بووە.

داڕشتنەوەی ناسنامەی ژن لە کوردستان و هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان یەکەم هەنگاوە. بیری ئەم داڕشتنەوەیە بەر لە هەرلایەنێک، بەرپرسیارێتی لای هێزە سیاسییەکانی کوردستان گەڵاڵە دەکات کە دروشـمی بەختەوەریی کۆمەڵگایان هەڵگرتووە. بیرمەندانی کورد پێویستە لەسەر چەمک و جومگەبەندیکردنی فێمێنیزمی کوردستانی بیر بکەنەوە. دیارە تەنیا، یان سەرەکیترین سنوور بۆ فێمێنیستی کوردستانی، سنووری زەینی- کۆمەڵایەتی- کەلتووریی کوردستانە. لەم ڕێڕەوە فکرییەدا، فێمێنیزم لە ئێستا و داهاتووی سیاسیی کوردستاندا ڕەهەندێکی بەرچاوە و و ئاسۆیەکی ڕوونتری بۆ گەشە و نزیکبوونەوە لە ئامانجەکانی بۆ وێنا دەکرێت.

 

error:

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان