سەروتار

ناسر مورادی

دۆخی نەتەوەیەکی بندەست دەکرێ لە جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنی سەردەست وێنا بکرێت.کاتێک باس لە  دۆخی بندەستی دەکرێ، ئاماژە بە قەوارەیەکی دەسەڵات یان پێکهاتە و یەکەیەکی سیاسی دەدرێ کە لە ناوەندەوە پەیوەندییەکانی خۆی بە پەراوێزێکی داگیرکراوەوە دەبەستێتەوە. بۆ تێگەیشتن لە دۆخی کۆلۆنیالیزم پێویستە کە لە ڕووی تیۆرییەوە لێکدانەوەی ژێرخانی ئەم پەیوەندییە داگیرکارییە بکرێ و لەگەڵیدا تیشک بخرێتە سەر فاکت و واقیعی ئابووری – کۆمەڵایەتی، هەتا قووڵایی دۆخی کۆلۆنیالیستی زیاتر ڕوون ببێتەوە. تێگەیشتن لە سیاسەتی ناسنامە لە کۆمەڵگایکی بندەست یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەم داگیرکارییەیە کە دەخوازێ بە وردی و بە شێوەیەکی هەمەلایەنە توێژەران ئاوڕی لێ بدەنەوە.

سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گومانێک لەم پەیوەندییە داگیرکارییە نییە کە بەو پێیە قەومییەتی سەرەدست بە هەموو هێزییەوە هەوڵی سڕینەوە، نکۆڵی، تواندنەوە و شێواندنی ناسنامەی کوردستانی داوە، ئەگەرچی لایەنەکانی ئەم سیاسەتانە توێی ئاشکرا و زۆر جاریش ڕەهەندی شاراوەی هەیە. ئەنجام و ئاراستەی ئەم سیاسەتە ئەگەر لە سەردێڕێکدا کۆ بکەینەوە “سەرکوتی سیستەماتیک”مان لا وێنا دەبێ. یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەم سەرکوتە، پەیوەستە بە ڕێوشوێنەکانی ڕاگەیاندنی ئایدیۆلۆژیک و بەکارهێنانی بۆ چڕترکردنەوەی سیاسەتی سەرکوت لە جوغرافیای ئێراندا کە بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو گەراکانی خۆی لە سەر بەستێنی شکۆی بە ناو وڵاتی گەورە و دێرین و حکومەتێکی شۆڤێنیست – ئایینی داناوە. لەم ڕووەوە میدیای داگیرکەر کۆڵەکەیەکی گەورەی  دەسەڵات بووە بۆ پاراستن  وپەرەپێدان بە پەیوەندییەک لەسەر بنەمای کۆلۆنیالیزم و چەوساندنەوە.

پڕ ئاشکرایە کە میدیای ئایدیۆلۆژیک لایەنی نەرمئامێری دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئێرانییە کە دەیەوێ مەشروعیەت بۆ داگیرکاری لە کوردستان ساز بکا. ئامانج یان دەرهاوێشتەی ئەم هاوکێشەیە، پێکهێنانی مەترسی و هەڕەشە بووە بۆ سەر ناسنامەی نەتەوە بندەستەکان. ئەم هەڕەشەیە بە رێگای تێهەڵکێشێک لە دامودەزگای ئایدیۆلۆژیک  (میدیا، پەروەردە و یاساکان) و دامودەزگای سەرکوت و زەبروزەنگ (سوپا و زیندان) خۆی نواندووە.

هاوکات لەگەڵ میدیا وەک ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیکی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە وشیاریی تاک، کۆمەڵگا و بەرپرسیاریەتی هێزە خەباتکارەکان لە کوردستان تا چ ڕادەیەکە؟ خەسارناسی و  خوێندنەوەی نزیک لە واقعی پەیوەندیی نێوان میدیا  و دەسەڵات لە چ ئاستێکدایە؟ خوێندنەوەی بیرمەندان و توێژی ئاکادیمیسییەن و خوێنەواری کورد لە  بواری میدیایی و  تێڕوانینیان بۆ پرسی میدیا و دەسەڵات بە چ شێوەیەکە؟ لە دەلاقەی  زەروورەتی مێژوویییەوە، کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو تاک و ‌هێزانەی کە  بەرپرسیارەتی گەورەی مێژوویییان لە ئەستۆیە، بە چ شێوەیەک و تا چ ڕادەیەک دەتوانن کار بە گوتاری کوردایەتی لە میدیای نیشتمانیدا بکەن؟ چۆن دەتوانن پێناسە، مانا و چەمکی زیندوو بۆ سیاسەتی میدیایی نەتەوەیەکی ڕزگاریخواز بدۆزنەوە؟ لە توێی توێژینەوەکانی ئەم ژمارەیەی گۆڤاری تیشک وەڵام و خوێندنەوەی هەندێک لەم پرسانە بەردەستە.

error:

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان