سەروتار
د. بابان ئەلیاسی
پڕۆژەی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی نوێ لە ئێران، لە پاش شۆڕشی مەشرووتەوە لە ساڵی ١٩٠٦دا، ئێرانی تووشی قەیرانی ناسنامەیی کردووە. ئەم سیاسەتە ناوەندگەرایانەیە، کە لەسەر بنەمای ئینکارکردنی فرەییی ئێتنۆ- نەتەوەییی ئێران، بنیات نراوە، لە لایەن دەوڵەتی پەهلەویی یەکەمەوە، پاشان لە لایەن دەوڵەتی پەهلەویی دووەمەوە، تا ساڵی ١٩٧٩و دواتریش، بەردەوام بووە.
ناسنامەی نەتەوەییی ئێرانی نوێ، لەسەر بنەمای ناسنامەی فارسی و بیرۆکەی ئاریایینیزم دامەزرا. چەمکی نەتەوە، لە کاتێکدا ئاماژە بە فارسبوونی ئێران دەکات، بەڵام ئێتنیکەکانی دیکەی ئێرانی لە دەسەڵات دوور خستەوە. بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکە، پێویستی دەکرد کە ڕەزا شا چیرۆک (ڕەوایەت)ی زمانی هاوبەش، ڕیشە و بیرەوەریی مێژووییی بەکۆمەڵ(جەمعی)، لەنێوان ئێرانییەکاندا دروست بکات. بۆیە بۆ یەکدەستکردنی فەرهەنگی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی(مودێڕن)، پشتئەستوور بە تیۆرییەکانی کۆمەڵێک بیرمەندی ناسیۆنالیستی پان-ئێرانی بووە کە داکۆکییان لە ئاریایینیزم و فارسبوون، وەک بنچینە و بنەمای شوناسی نەتەوەییی ئێران دەکرد. بە گوێرەی سەرچاوەکان، لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کە ئێران سەرقاڵی گواستنەوەی بۆ دەوڵەتێکی عەلمانیی هاوچەرخ بوو، لە سەدا 50ی ئێرانییەکان لەڕاستیدا بە فارسی قسەیان نەدەکرد و، زیاتر لە سەدا 80ی فارسیزانان نەخوێندەوار بوون و توانای خوێندن و نووسینی فارسییان نەبوو.
فارسی کە زمانی دایکیی کەمتر لە نیوەی دانیشتووانی ئێرانە، وەک زمانی فەرمی سەپێنرا و، زمانەکانی دیکە پشتگوێ خران. بەم شێوەیە، دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی هاوچەرخ، کولتوور و زمان و ئەدەبی فارسیی پێش ئیسلامی، بە فەرمی لە ڕێگەی میدیای ژێردەستی دەوڵەت و سیستەمی پەروەردەوە، بڵاو دەکردەوە. ئەوە لە کاتێکدایە، کە مافی کولتووریی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران، لە نووسین بە زمانەکانی غەیرەفارسی و قسەکردنی ئەو زمانانە لە شوێنە گشتییەکاندا بە نایاسایی ڕاگەیەندرا.
هەر بە گوێڕەی لێکدانەوە و پێناسەی شارەزایانی زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەوڵەتێکی نەتەوییخواز، ئەو دەوڵەتەیە کە لە ئێتنۆفەرهەنگێکی تایبەت و بە شێوەی ئامانجدار پێک دێت. بە جۆرێک کە دەبێ زمان، کولتوور، پێگەی دیمۆگرافی، خۆشگوزەرانیی ئابووریی و هەژموونی سیاسیی “نەتەوەی بنگە”، لە لایەن دەوڵەتەوە بپارێزرێت و برەوی پێ بدرێت. سەبارەت بە ئامرازی بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوەوە، هەڵگرانی ئەم ئیدئۆلۆژییە لە ئێراندا، لە هەر دوو ئامرازی ڕێگەپێدراو و زۆرملێ کەڵکیان وەرگرتووە.
پڕۆسەی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە، بە گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران و ڕووخانی سیستەمی پەهلەوی کۆتایی پێ نەهات. پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، کۆماری ئیسلامی نەک کاری نەکرد بۆ گۆڕینی ئەم دینامیکە شۆڤێنیستییە، بەڵکوو دەوڵەتی دوای شۆڕش، لە لایەن خۆیەوە، لە هەر دوو ئامرازی شیعەگەری و فارسیزم، بۆ دروستکردنی ناسنامەیەکی یەکدەست بۆ پێکهاتەکانی سەر جوغڕافییای ئێران کەڵکی وەرگرتووە. ئەم لەپاڵیەکدانانە سەرپێییە ناکۆکە( ئیسلامگەراییی شیعە و پانفارسیزم)، بووە هۆی ئەوەی کە سەرئەنجام ناڕوونییەکی زیاتر لە تێگەیشتنی خودی، لەناو ئێرانییەکاندا دروست بکات. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەدیل، سیاسەتەکانی لە ئیسلامگەرایییەوە بۆ ناسیۆنالیزم، یان لە ناسیۆنالیزمەوە بۆ ئیسلامیزم، یان هەندێک جار بە تێکەڵەیەک لە هەردووکیان، بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی، خۆی دەگۆڕێ. بە پشتبەستن بە خوێندنەوەی شارەزایانی بواری مێژووی ئێران، پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێران بە ناتەواوی ماوەتەوە.
هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی نوێوە، بابەتگەلی وەک پرسی هاوڵاتیبوون، دیموکراسی و پڕۆسەی سیاسیی دیموکراتیک، لە کارنامەی سیاسیی سیستمە ناوەندگەراکانی ئێران، پشتگوێ خراوە. نەتەوە غەیرەفارسەکان، ئەم سیاسەتە فارستەوەرەی تاران، وەک هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر ئاسایش و ناسنامەی نەتەوییی خۆیان بینیوە. لە ئاکامدا، پێکهاتە ئێتنیکییەکانی ئێران، بە شێوەی جیاواز و بە گوێرەی دۆخی سیاسیی ئێران، گوتاری بنیاتنانی نەتەوە و ناسنامەی فارستەوەریان، لە ڕێگەی خەباتی دێمۆکراسیخوازی و ناسنامەتەوەریی خۆیان لەگەڵ گرفتی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.
یەک سەدە سیاسەتی سەرکوتکارانەی ناوەند، درز و بۆشاییی قووڵی لەنێوان نەتەوەکانی ئێران و دەوڵەتی ناوەندی لە ئێران دروست کردووە. دوورخستنەوە لە دەسەڵات و هەڵاواردنی سیستماتیک، بووەتە هۆی چڕبوونی ناسنامەی ئێتنیکیی نەتەوە غەیرەفارسەکان. دەرکەوتنی بزووتنەوە سیاسی و کولتوورییەکان کە نوێنەرایەتیی ئێتنیکەکانی ئێران دەکەن، چ پاش شەڕی دووەمی جیهانییەوە لە لایەن کورد و ئازەرییەوە و، چ پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە سالی ١٩٧٩دا، نیشان دەدەن کە پڕۆژەی یەکدەستسازیی ئێران، کە دەوڵەتی پەهلەوی لە ١٩٢٦ بە دواوە دەستی پێ کردبوو، شکستی هێناوە. بۆ وێنە، بەلووچەکان، کورد و تورکمانەکان هەرگیز لەناو کۆمەڵگای ئێراندا هیچ کات تێکەڵ-بەشداریی پڕۆسەی سیاسیی ئەم وڵاتە نەبوونە.
پەرەسەندنی بەجیهانیبوون و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن، ئەو مەجالەی ڕەخساندووە کە نەتەوەکان لە ئێران، دەستیان بە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بگات. لە دنیای ئەمڕۆدا، بوونی ئینتەرنێت، کەناڵە تەلەفزیۆنییە ئاسمانی و ناوچەیییەکان، هەروەها، سوود وەرگرن لە میدیای هاونەتەوەکانیان کە لە دەرەوەی وڵات پەخش دەکرێنەوە. شایانی باسە، کە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، خزمایەتی و پەیوەندیی ئێتنیکی و نەتەوەیییان، لەو دیوی سنوورەکانەوە هەیە. بە شێوەیەک، گرووپە ئێتنیکییەکانی ناو ئێران، لەو زانیارییانەی کە لە دەرەوەی ئێران پەخش دەکرێنەوە، وەک سەرچاوەی بەدیلی زانیاری بۆ میدیاکانی ناوەندگەرا کەڵک وەردەگرن. ئەم دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە، بووەتە هۆی بەهێزبوونی هەستی نەتەوەیی و زیادکردنی کارلێکردن لەسەر گرووپە ئێتنیکییەکان لە هەردوو دیوی سنوورەکان و تاراوگە. بە جۆرێک ئەم پڕۆسەیە، پاشکۆی گرووپە ئێتنیکییەکان بۆ تاران کەم دەکاتەوە و میدیاکانی ناوەندگەرا، بە شێوەیەکی بەرچاو، کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی بیروڕای گشتی، لەنێو ئێراندا کەم بووەتەوە. ئەم گۆڕانکاری و دینامیکە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە شوێندانەرییەکی زۆریان لەسەر ناسنامەی نەتەوەییی ئێران هەیە، کە لە بنەڕەتدا تووشی قەیران بووە. دیارە ئەم هەڕەشانە، هەم لە فیکر و زەینی دەوڵەت، هەم لە گوتاری نوخبەی فارستەوەردا ڕەنگی داوەتەوە.