ئارامتر بخوێنەوە!

بۆچی ڕێفۆرم لە ئێران ناکرێت؟ ڕۆڵی فەرهەنگی سیاسی و ئابووریی سیاسی و هەڵوێستی کورد

د. خالید خەیاتی


“سەکۆ لە کورتەوتارێک پێک دێ کە بایەخ و پێگەی وتاری
سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسێکی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی بە ئەستۆ دەگرێ .ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.”


پێناسەی کەسی

  • خالید خەیاتی، هەڵگری دوکتۆرای زانستی سیاسی لە زانکۆی لینشۆپینگ لە وڵاتی سۆئێد و، هەڵگری دیپڵۆمی تایبەتی زانستی سیاسی لە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە ئەنستیتۆی تویژینەوەی سیاسی لە شاری ئێکس ئان پڕۆڤانس لە وڵاتی فەڕانسەیە.
  • بابەتی لێکۆڵینەوە: دیاسپۆڕا، ترانسناسیۆنالیزم و پەیوەندیی نێودەوڵەتی
  • لە چوارچێوەی چەمکی دیاسپۆڕا لە سەر کوردەکانی ئۆرووپا بە تایبەت کوردانی سۆئێد و فەڕانسە لێکۆلینەوەی کردۆوە.
  • ئێستا لێکۆلەڕ و مامۆستای زانکۆیە لە زانکۆی لینشۆپینگی سوئێد، بەشی زانستی سیاسی و سیاسەتی نێودەوڵەتی.
  • کۆرسی تایبەتی داناوە لە سەر رؤژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریکا.
  • لە وڵاتانی جۆربەجۆری وەکوو رووسیا، تورکیا، نامیبیا، کێنیا، کۆمارێ چێک، و فەڕانسە وەکوو مامۆستای میوان وانەی گوتۆتەوە.
  • لە ساڵی خوێندی ٢٠١٨/٢٠١٩، لە کۆڵیژی فەلسەفەی زانکۆی لێنشۆپینگ کە هەموو بەشەکانی زانستی فەلسەفی، مرۆیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی بۆ زیاتر لە ١٥٠٠٠ خوێندکار لە خۆی دەگرێت، وەکوو مامۆستای ساڵ هەڵبژێردراوە.


سەرەتا

دۆستانی گۆڤاری تیشک داوایان لێ کردبووم، کە بۆ بەشی سەکۆی ئەم ژمارەیان بابەتێک بنووسم، کە پەیوەندیی بە ڕیفۆرم، شۆڕش و کۆلۆنیالیزمەوە هەبێت. سپاسیان دەکەم بۆ متمانەیان، هەروەها بۆ ئەو چالاکییە بەنرخەی کە لە چۆارچێوەی ئەم گۆڤارەدا بەڕێوەی دەبن. هەڵبەتەداوا لە خوێنەر دەکەم، کە ئەم نووسینەم وەکوو وتارێکی ئاکادیمیک، کە بەپێی پێوەرە میتۆدۆلۆژییەکانی زانستی کۆمەڵایەتی و مرۆیی ئامادە کرابێت، لێ وەرنەگرن. ئەمە زیاتر ڕوانگە، ڕامان، یان بە شێوازێکی خۆمانەتر، تێڕامانێکە و لەگەڵ ئێۆەی خۆشەویست بەشی دەکەم.

تا ئەوجێیەی کە کورد دەگرێتەوە، باسی ڕێفۆرمی سیاسی لە ئێران و گریمانەی ئەوەی کە پڕۆسەی ڕێفۆرم بتوانێ هەم لە ئاستی گشتیی وڵاتدا سیستەمی تێۆکرات و دیکتاتۆر تێپەڕێنێ و هەم ئاسۆیەکی ڕوون، یان دەراوێک بۆ پەڕێنەوەی کوردانی ڕۆژهەڵات دەستەبەر بکات، تەمەنێکی بیست و چەند ساڵەی هەیە. لە سۆنگەی ئەم هیوایەوە، جاروبار شاهیدی بەشداریی بەلێشاوی کوردان بووین لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا، یان دیتوومانە کە ژمارەیەک تاکی کورد لەژێر سەرناوی “ئیسلاحتەڵەبی”دا، لێرە و لەوێ وەکوو نوێنەری تیۆری، یان پڕاکتیکی ڕیفۆرمی ئێرانی هاتوونەتە مەیدان، یان بگرە لە سەردەمێکی تایبەتیدا فراکسیۆنێکی کوردیش لە مەجلیسی ئێران هەبوو. هەڵبەتە هەرچەند پرۆژەی ڕیفۆرمی ئێرانی، تەنانەت لە سەرەتای مێژووی سەرهەڵدانی خۆێدا، هەڵگری جەوهەری گۆڕانکاری نەبوو، بەڵام دیسانیش بەهۆی کرانەوەی ڕێژەییی فەزا کۆمەڵایەتییەکان جێگای سەرنجی ڕۆشنبیرانی کورد بوو.

بە هەرحاڵ، بابەتی ئیسلاحتەڵەبی لە ڕەوتی خۆیدا وەکوو دیاردەیەکی سنوورپەڕێن، نە تەنیا پەڕەوازەی دیاسپۆڕاش بوو، بەڵکوو وەکوو سەرچاوەیەکی ناکۆکی و شێوازێک لە پۆلاریزاسیۆنی سیاسی، تەنانەت پەلی هاویشتۆتە نێو حیزبەکانی کوردیشەوە. تا ئیستا هەموو شتێک ئاساییە. بەڵام ئەوەی کە ئاسایی نییە، ئەوەیە کە یەکەم) کەسانێک خوێندنەوەیان ئەوە بێت، کە سەڕەرای هەموو شتێک دیسانیش نیشانەگەلێکی هیواخوڵقێن بۆ ڕێفۆرم و گۆڕانکاری هەن، هەربۆیەش ئەم کەسانە (هەڵبەتە زۆر جار ناڕاستەوخۆ و بەشەرمەوە) داوا لە خەڵک دەکەن، کە لەسەر بنەمای ئەوەی ئەوان پێی دەڵێن “مشارکت” لە کاروباری ڕۆژانەی مۆئەسەساتی ئێرانی (بە تایبەت لە هەڵبژاردن)دا بەشدار بن.

لەم نووسراوەیەدا، من لە ڕێگای پشتبەستن بە چەند نموونەیەکی تیۆریک، هەروەها چەند ئەزموونێکی ڕاستەقینەی وڵاتانەوە دەمەوێ نیشانی بدەم کە پڕۆژەی ڕێفۆرمی سیاسی لە کۆی جۆگرافیای سیاسی و کولتووریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریکادا (بە ئیستیسنای چەند ساڵێک لە تورکیا) ئێمکانی نەبووە و نییە و هۆکاری نەبوونی ئەم ئیمکانەش ڕاستەوخۆ بواری فەرهەنگی سیاسی (Political Culture) و ئابووریی سیاسی (Political Economy) لە هەردوو ئاستی تیۆری و پڕاتیکدا دەگرێتەوە.

فەرهەنگی سیاسی و ئابووریی سیاسیی ئێران و نامۆییی ڕیفۆرم

لە زانستی سیاسیدا، ئامانجی ڕێفۆرم بریتییە لە دەستەبەرکردنی سیستەمێکی بەڕێوەبەری دیمۆکراتیک (Democratic Governance) کە ئەویش دیاردەگەلی وەکوو وەگەڕخستنی پڕۆسەی بڕیاری سیاسی، ڕەخساندنی مەجالی نوێنەرایەتی و بەفەرمیناسینی توێژە کۆمەڵایەتییەکان، کارایی و گەشەی ئابووری، بنبڕکردنی گەندەڵی و، بەم پییەش، بە‌هێزکردنی دیاردەی حیسابدانەوە و شەفافییەتی دەزگا دەوڵەتییەکان، گەشەی کولتووری و، هەروەها گەشەی پۆتانسییەڵی تاک دەگرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش، هەم فاکتەری نێوخۆیی و هەم فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. بۆ نموونە، هۆکارەکانی سەرکەوتنی ڕێفۆرم لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، کە لە ساڵانی ١٩٩٠ی زایینیدا دەستی پێ کرد، لە ئاستی دەرەکیدا پەیوەستە بەوەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی نەمانی سیستەمی ڕەقیبی سۆڤیەتەوە چی دیکە پێویستی بەوە نەمابوو کە پشتگریی سیستەمی دیکتاتۆریی سەربازی لەم وڵاتانەدا بکا. لە ئاستی نێوخۆییشدا، ئەم توێژە کۆمەڵایەتییەی کە پڕۆژەی شۆڕشی بەدەستەوە بوو (بە ئیستیسنای یەک دوو وڵاتی بچووک لە ئەمریکای ناوەندی)، یان بە دەستی ڕژیمی سەربازی لەناو چووبوون، یان وەکوو پەنابەر ئاوارەی وڵاتانی دیکە ببوون و، لەجێی ئەوانە توێژێکی تایبەتی بۆرۆکرات، کە بەتایبەت لە ئەمریکا پەروەردە ببوون، گەڕانەوە و جڵەوی دەوڵەتەکانیان بەدەستەوە گرت. هەروەها دەکرێ ئاماژە بە نموونەی ڕیفۆرمی سەرکەوتووانەی وڵاتانی ئاسیای باشوور بکەین، کە ئەویش لە ڕاستای کەمبوونی کەرەستەی خاو و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم بۆشاییە پێداویستیی بە گەشەی مرۆیی لە ئاستی نێۆخۆییدا هەبوو، کە لەگەڵ پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەستەبەری کرد. نموونەیەکی دیکە لە ئەزموونی سەرکەوتنی ڕێفۆرم، سێ وڵاتی ئورووپای ڕۆژئاوا (یۆنان، ئیسپانیا و پۆرتۆگال)ن، کە بە شێوازێکی درەنگوەخت هاتە ئاراوە. بەردەوامیی مودێلی دیکتاتۆری لەم سێ وڵاتەدا، ئەویش لە حاڵێکدا کە ساڵانی حەفتا هەموو ئورووپای ڕۆژئاوا بەرەوە پێکهێنانی یەکێتیی هاوبەش و پتەوکردنی دیمۆکراسیی نێوخۆیی دەچوون، حاڵەتی ئانۆمالی بوو.

لەسەر بنەمای ئەم ئاماژانەی سەرەوە، دەمەوێ بڵێم کە پڕۆژەی ڕێفۆرم لە کۆنتێکستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا (ئەگەر هەبێت) بەگشتی و لە ئێران بەتایبەتی، دەبێ گۆڕینی ناوەرۆکی سیاسەت لە فۆرمێکی داخراو، ئۆتۆریتەر، توندوتیژتەوەر، تێۆکرات، مۆنۆپۆلیستی، ئۆلیگارشیک، ڕانتخۆر و حیسابنەدەر بۆ مۆئەسەسەیەکی شەفاف، پلۆرال، مەدەنی و هاووڵاتیتەوەر بەئامانج بگرێت. بەڵام فەرهەنگی سیاسی و ئابووریی سیاسی ئەم مەجالە نادات.

فەرهەنگی سیاسی (لانی کەم لە فۆرمی ئیدیال تیپی وێبەریدا و ئەویش پێش ئەوەی باسی خودی گۆڕانکارییە کردەییەکان بکەین) پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی بە هەموو ڕەنگ و نیشانەکانی خۆیەوە هەیە، کە لەوێدا چینی ڕۆشنبیر ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. ئەرکی ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە لە سەرەوەی هەموو شتێکەوە پێشکێشکردنی میتۆدۆلۆژییەکی دابڕانە لە ئۆنتۆلۆژیی پێشوو، کە خۆی لە خۆیدا هەڵگری ژمارەیەک چەمک و هزری تایبەت بێت، کە ئاسۆی پێکەوەژیان و گەشەی دیمۆکراسی بۆ داهاتوو دەستنیشان بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، ڕۆشنبیر لەتەنیشت تواناییە مەعریفییەکانییەوە، پێویستە و دەبێ هەڵگری نەوعێک ئەخلاق و فەزیلەت بێت کە لە پڕۆژەی ڕۆشنبیریی خۆێدا هیچ کەلێنێک بۆ دوورەپەرێزی و دڕدۆنگی لەنێو خەڵکی مافخوراوی وڵاتدا نەهێڵێتەوە. بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی تیۆریی سیاسی، دەبینین تێپەڕاندنی کۆمەڵگای گەندەڵ و قەیرانلێدراو بەرەوە ئاراستەی دادپەروەری و بەختەوەری لە چوارچێوەی شارستانییەتیدا، پڕۆژەی هزریی دەیان گەورەبیرمەند و فەیلەسووف بووە. ئەفلاتوون بە ئامانجی بنبڕکردنی گەندەڵی و نیپۆتیزم و دەستەبەرکردنی کۆمەڵگای دادەپەرەر دەیەویست کە فەیلەسووفەکان پادشایەتیی وڵات بکەن. ئەریستۆ پێی وابوو مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە، هەربۆیە دەبێ وەکوو هاووڵاتی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا (Polis) بەشداری لە پڕۆسەی سیاسەتدا بکا. لەسەر هەمان ڕێچکە، فارابی باسی مەدینەی فازیلەی دەکرد، یان ئیبن خەلدوون کە داڕمانی شارستانییەتی بە شەڕی بەردەوامی نێوان ”عەسەبییە” و ”عومران” لەنێو خولێکی مێژووییی بەردەوامدا دەبەستێتەوە.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە گەلۆ، پڕۆژەی ڕۆشنبیریی ئێرانی (مەبەست ئەو دەستەیەی کە پێناسەی نەتەوەی سەردەستی هەیە)، لەپێناو دابڕان لە ئۆنتۆلۆژیی ئیستاییی ئێرانی دامەزراو لەسەر دوو عونسوری ئایینی (شیعە) و مێژوویی/کولتووری (فارس) بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئەوەی ژان ژاک ڕۆسۆ پێی دەڵێ (پەیمانی کۆمەڵایەتی) و گەیشتن بە ناسنامەیەکی ئێرانیی هاوبەش بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکان و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران چییە؟ کێها دەقی ئیپیستۆمۆلۆژیکی، یان مەعریفی لە لایەن ئەم تویژە ئێرانییەوە ئامادە کراوە، کە بۆ نموونە، مەجالی دیالۆگێکی سوکراتیی ڕەوشتمەند لە پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا پێشکێشی ڕۆشنبیرانی هاوشێوە لە نێوان نەتەوەکانی کورد، عەرەب، بەلووچ، تورکمان، ئازەری، لۆڕ و ئەوانی دیکە بکات؟ قەڵەمبەدەستی ئێرانی، هەتا ئەو جێگایەی من لێی حاڵیم، دوو دەستەن: دەستەی یەکەم کە ژمارەیان زیاترە، ئەوانەن کە خوێندنەوەیەکی ساختە و جەوهەرخوازانە لە مێژووی هەویەتی (هویت/شناس) پێشکێش دەکەن، زۆر توند بە ڕابردووەوە نووساون، هەموو خەون و ئارەزوویان هێشتنەوەی یەکپارچەییی ئێرانە و لە بەردەوامیی دەربڕێنەکانی خۆیاندا شێوازێک لە فاشیزمی فەرهەنگی بەرهەم دەهێننەوە. دەستەی دووەم ئەوانەن کە بەڕواڵەت کۆسمۆپۆلیتن و هەڵگری پەیامێکی گەردوونیی پێکەوەژیانن. ئەم دەستەیەش هیچ دەقێکی مەعریفیی ئەوتۆی بۆ پشتبەستن بە دەستەوە نییە، چونکە پەیامی کۆتاییی ئەوانیش بۆ نەتەوە چەوساوەکان (کە پەیامی ترساندنە) ئەوەیە “تکایە، باسی شتی گەورەی وەکوو کۆلۆنیالیزم و دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی مەکەن، چونکە ئەو قسانەی ئێوە کوشتاری گەورەی بەدوادا دێت و ئێران دەکا بە سووریە!” ئەم باسەی سەرەوە نیشانی دەدات کە ڕۆشنبیری ئیرانی بەتایبەتی و، کۆمەڵگای مەدەنیی ئەم وڵاتە بەگشتی، لە ئاستی فەرهەنگی سیاسیدا، بەرنامەی ڕیفۆرم و دابڕانی بەدەستەوە نییە.

کاریگەریی ئابووریی سیاسی لەسەر ڕێفۆرم لە کارتێکەریی فەرهەنگی سیاسی گەلێک گرینگترە. لە ڕاستیدا، گۆڕانکاری لە ئاستی فەرهەنگی سیاسیشدا ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە مەجالی گۆڕانکاری لە ئابووریی سیاسییەوە هەیە. ئابووریی سیاسیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر مودێلی ئابووریی ڕانت (Rentier-State) دامەزراوە، کە لەوێدا وەکوو داڕیژەرانی ئەم تیۆرییە (Hezem Beblawi & Ciacomo Luciani) هەر لە ساڵانی هەشتاوە باسی دەکەن، دەسەڵاتی سیاسی مەشرووعییەتی خۆی نە لەسەر بنەمای بەشداریی هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسەتدا، بەڵکوو لەسەر بنەمای دابەشکردنی سەرچاوەی ماددی و سیمبۆلیک (کە ئەویش لە ڕێگای فرۆشتنی نەوت، یان داهاتی گومرک، یان یارمەتیی دەرەکییەوە بەدەست دێنێت) لەنێو هاووڵاتیاندا دەستەبەر دەکا. بەپێی ئەو بۆچوونە، دەوڵەتی ڕانت لە چوارچیوەی فۆرمۆڵی (No Taxation, No Representation)دا بێمنەتە لە هاووڵاتیانی خۆی و بەم پێیەش، خۆی بەمەجبوور نابینێت کە ڕیفۆرم بکات و دەزگا و مۆئەسەساتی دیمۆکراتیک بۆ هاووڵاتیان دامەزرێنێت. لەم مودێلەدا هاووڵاتیان بەپێی ئەو پشتگرییە ماددی و سیمبۆلیکەی وەریدەگرن، خۆیان لە بەرانبەر دەسەڵاتدا بە ملکەچ و وەفادار دەبینن و ئیزن بە خۆیان نادەن داوای گۆڕانکاریی سیاسی بکەن. ئەم مودێلە بەگوێرەی پەرەپێدەرانی، ڕێک پێچەوانەی ئەو مودێلەیە کە ئەوان پێی دەڵێن دەوڵەتی بەرهەمهێنەر (Productive-State)، یانی ئەو فۆرمە دەسەڵاتدارییەی کە لە وڵاتانی دیمۆکراسی بە ڕێژەی جۆربەجۆر لەسەر بنەمای ئابووریی ئازاد و بەرهەمهێنەر و هەروەها سیستەمی باج دامەزراوە. لەم سیستەمەدا، بەپێچەوانەی مودێلی ڕانت، ئەوە هاووڵاتیانن کە لە ڕێگای باجی مانگانەوە دەوڵەت بەخێو دەکەن و هەر ئەوانیشن کە دەبنە سەرچاوەی مەشرووعییەت بۆ دەسەڵاتی سیاسی. لێرەدا، ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە کە لە چوارچیوەی فۆرمۆڵی (Taxation and Representation)دا مەجبووریەتیی دەستەبەرکردنی سیستەمی نوێنەرایەتی، بەهێزکردنی مۆئەسەساتی دیمۆکراتیک و دەستاودەستکردنی خۆی گرتۆتە ئەستۆ.

شایانی باسە کە ئەو دەوڵەتە ڕانتانەی کە بە چەمکی ڕانتی سەرەتاییش پێناسە دەکرێن، لە ساڵانی ڕابردوودا بە چەند هۆکارێک وەکوو دیاردەی گلۆبالیزاسیۆن، گەشەی دیمۆگرافێک، بەرزبوونەوەی ڕیژەی بێکاری، داخراویی فەزای کولتووری و کۆمەڵایەتی چەند هۆکار دی تووشی کۆمەڵێک قەیران هاتن، هەربۆیەش، ژمارەیەکیان وەکوو ئیمارات و قەتەر و تا ڕادەیەک کوێت، مەغریب و ئۆردن و ئیستاش عەرەبستانی سعوودی ناچار بوون ڕوو لە چەند گۆڕانکاری بکەن، بۆ نموونە، لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدا ڕێگا بە وەبەرهێنانی دەرەکی بدرێت، تەحەمول و وێکهەڵکردن (تۆلێرانس)ێکی ڕێژەیی لە بەرانبەر ڕەخنەدا هەبێت، هەروەها تا ڕادەیەک فەزا داخراوە فەرهەنگی/کۆمەڵایەتییەکانیش بکرێنەوە. بەڵام زۆر گرینگە لەبیرمان بێت، ئەوەی ئەو دەوڵەتانە کردیان و دەیکەن، ناچێتە خانەی دیمۆکڕاتیزاسیۆن یان ڕێفۆرمەوە، بەڵکوو وەکوو شارەزایان دەڵێن، ئەوە ڕاگوێزانێکە لە دەوڵەتی ڕانتیی سەرەتاییەوە بۆ دەوڵەتی ڕانتیی دوایی (Late Rentierism). لە ڕاستیدا ئەم گۆڕانکارییە کە لە چوارچێوەی ئابووریی سیاسیی ئەم چەند وڵاتەدا هاتە ئاراوە، مانەوەی ئەوانی بۆ داهاتوو مسۆگر کرد. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەم دەوڵەتە ڕانتانەی وەکوو تونس، میسر، سوودان، جەزایر، ئێراق، سووریا، لوبنان و ئێران (لیبی تا ڕادەیەک کەیسێکی تایبەتە) نەیانتوانی قۆناغی ڕانتی سەرەتایی بەرەو ڕانتی دوایی تێ پەڕێنن، ڕەوتێکی جیاواز و بەرەودواوەیان گرتە پیش. ئەمانە لە بواری ئابووریی گشتی و دابینکردنی بوودجەی وڵاتدا بەردەوام بەرەوە لاوازی ڕۆیشتن و لە کۆتاییدا بوون بە دەوڵەتی مرۆڤخۆر (Predatory State). گرانکردنی ئەم دواییانەی بێنزین لە ئێران بە مەبەستی دابینکردنی مووچەی کارمەندان نموونەی بەرجەستەی ڕەفتاری دەوڵەتی پڕێداتۆرە، کە بە هیچ شێوەیەک مەجالی گەڕانەوە بەرەو دواوەی نەماوە. بە واتایەکی دیکە، دەوڵەتانی پرێداتۆر، یان مرۆڤخۆر، هیچ ڕێگایەکیان بەدەر لە ڕووبەڕوونەوەی درەنگ، یان زووی شۆڕشی هاووڵاتیانی برسی و وەزاڵەهاتووی خۆیان نەماوە. ئەو شۆڕشە ناوچەییە کە ئێستا ئێرانیشی گرتۆتەوە، لە ساڵی ٢٠١٠ڕا دەستی پێ کردووە و بەردەوامە. لە ئاکامی ئەم بەشەی ئەو باسە دەمەوێ بڵێم کە فۆرمی ئابووریی سیاسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەجالی ڕیفۆرمی تێدا نییە. تەنیا دوو ڕێگا هەیە؛ یان ڕۆیشتن بەرەوە ئاراستەی سیستەمی ڕانتیی دوایی؛ یان ڕۆیشتنی ناچاری بەرەو دەوڵەتی پرێداتۆر و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شۆڕشی خەڵکی برسی و وەزاڵەهاتوو. ئەم پرۆسەیە لە ئێران دەستی پێ کردووە و ناگەڕێتەوە.

کۆتایی

ئەم باسەی سەرەوە نیشانی دا، کە نە دیاردەی فەرهەنگی سیاسی و، بەم پێیەش نە ڕۆشنبیریی ئێرانیی سەر بە نەتەوەی سەردەست بەهۆی غیابی مەعریفە و ئیتیک و، ئابووریی سیاسیی ئەم وڵاتەش، نە لە ڕابردوو، نە لە ئێستا و نە لە داهاتووشدا مەجالی ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی سیاسیی تێدا نییە. تێچووی زۆری سیاسەتی دەرەوەی ئێران و گەمارۆی ئابووری و، بەردەوامیی سیستەمی ئابووریی مافیایی و ئۆلیگارشیک، لەمێژە باڵانسی تواناییی دابەشکردنی سەرچاوەی ماددی و سیمبۆلێکی لە لایەن دەوڵەتی ئەم وڵاتەوە لەگەڵ ئاستی چاوەڕوانیی هاووڵاتیان بۆ دابینبوونی پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانی ڕۆژانەیان تێک داوە. ڕیگایەک کە بۆ دەوڵەتی پرێداتۆری ئێران ماوەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی توندوتێژی لەڕادەبەدەر، تەنیا شۆڕش و ڕووخانە. لە فەزایەکی ئاوادا و تا ئەو جێگایەی کورد دەگرێتەوە، هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێراندا لە ئیدیعایەکی کۆمیکی تێکەڵاو بە تراژیدی زیاتر، هیچی دیکە نییە. دیسکۆرسی کوردی لە ڕەوتی دەستەبەرکردنی سەربەخۆییی خۆیدا دەتوانێ یەک پڕۆژەی گشتی بەجیددی وەربگرێت و تێیدا بەشدار بێت، ئەویش بەشدارییە لە شۆڕشی سەرانسەریدا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەوڵەتی پرێداتۆر. لە ئەساسدا مەبەست لەم بەشدارییە بۆ کورد بەدەر لە ڕووخانی دەوڵەتی پرێداتۆر، وەکوو سەرچاوەی هەموو چەشنە کارەساتێک، پێویستە مانەوەی خۆی وەکوو یەکەیەکی نەتەوەیی، ئەویش لە ڕێگای تێکدانی کۆی هاوکێشەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی و دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسییەوە بەئامانج بگرێت.

error:

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان