ئارامتر بخوێنەوە!

تەوژمی ئیسلامیزم و ئیسلامی سیاسی:

خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانیان 

 

سەعید شەمس

 

سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ.ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.

پێناسهی کهسی

سەعید شەمس لە ساڵی ٢٠٠٦ لە زانکۆی ڕۆیاڵ هالۆوەی دوکتۆرای کۆمەڵناسیی وەرگرتووە. لە ئێستادا مامۆستای کۆمەڵناسییە لە زانکۆی سۆران، هەرێمی کوردستان. بەشێک لە نووسراوەکانی بریتین لە: ناسیۆنالیزم، ئیسلامی سیاسی و پرسی کورد لە ئێران: تێڕامانێک سەبارەت بە هەڵکشان و پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی لە ئێران (DVM Verlg, 2011)؛ ایرانیت و کردیت: همزیستی یا همستیزی (دەزگای موکریانی، ٢٠١١) و تیۆریی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ (چاپەمەنیی مانگ، ٢٠١٩).

 

پێشەکی

چل و یەک ساڵ بە سەر شۆڕشی ئێراندا تێدەپەڕێ. لەو ماوەیەدا خشتەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تەواوی گۆڕاوە و وێژمانی ئیسلامی سیاسی بووەتە ئایدیۆلۆژیی زاڵ بە سەر ناوچەکەدا. کاتێ شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی توانی ڕێژیمی پادشایی بڕوخێنێ، ئێران بۆ سەدە و نیوێک (١٥٠ ساڵ) لە ژێر کاریگەریی مۆدێڕنیتەدا بوو. دروشمەکانی ئەو شۆڕشە واتا ئازادی، سەربەخۆیی، و کۆماری(ئیسلامی)، نیشانەی ئەوە نەبوون کە دەسەڵاتدارێکی پاوانخواز و سەرەرۆی ئایینی لە ئێران دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت. بەڵام لە ئاکامی ململانێیەکی توندوتیژ و خوێنایی دوایی ڕووخانی ڕێژیمی پادشایی، گروپێک لەهێزە ئیسلامییەکانی بەشداربوو لە شۆڕشدا، لایەنەکانی تریان سەرکوت و دەسەڵاتی سیاسییان بۆ خۆیان پاوان کرد.

هەر لە سەرەتاوە لایەنگرانی خومەینی، تەنانەت لەو کاتەی کە دەوڵەتی کاتی، بە سەرۆکایەتیی مێهدی بازرگان لە سەر کار بوو، دەستیان بە کوشت و کوشتار و سەرکوتکردنی کۆمەڵانی خەڵك و هێزە سیاسییەکانی دیکە کرد. ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە و ئەو توندتیژییانە کە لە مێژوودا کەم وێنە بوون، بە مەبەستی «بەئیسلامی کردنی دەوڵەت و کۆمەڵگا» لە پاشخانی وێژمانی «گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەک»، گەڵاڵە کرابوو و ڕەگ و ڕیشەی لە پانتاییی کۆمەڵایەتی و لە ساڵانی پێش شۆڕشی سیاسیی ئێراندا داکوتابوو. هەر بۆیەش دەستەواژەی «بنچینەخوازیی ئیسلامی» بۆ پێناسەی ئەو تەوژمە و هێزی دەسەڵاتدار لە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە بە سووک و ئاسانی پەسەند کرا.

پسپۆڕانی زانکۆ ڕۆژئاواییەکان، زۆرتر هەوڵیان دەدا لە جیاتی دەستەواژەی «بنچینەخوازیی ئیسلامی» زاراوەی «ئیسلامی سیاسی»، بۆ ئەو تەوژمە سیاسییەی لە دەیەی ٧٠ی سەدەی ڕابردوو هەنگاو بە هەنگاو پەرەی سەندبوو و لە شۆڕشی ئێراندا دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە گرتبوو، بەکار بێنن. لەو باسەدا جەخت لە سەر ئەوە دەکەین بۆ چی دەستەواژەی «ئیسلامی سیاسی» لە جیاتی زاراوەی «بنچینەخوازیی ئیسلامی»[١] تۆکمەترە. بەو پێداگرییە، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان، لە نێوان فیکری سیاسیی ئیسلامی لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ی زایینی(ئیسلامیزم)، لەگەڵ تەوژمی بیری سیاسیی ئیسلامی لە کۆتاییی سەدەی ٢٠ (ئیسلامی سیاسی)، دەخەینە بەر باس.

دەســــتەواژەی بنچینەخــــــوازی (فاندەمێنتالیزم) کە لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە لە ناو ڕیزی سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژئاوایی بۆ پێناسەی ئەو هێزە سیاسییەی کە لە ئێرانی دوای ڕووخانی ڕێژیمی پادشاییدا، دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو و لە دۆخێکدا کە ئەو هێزە نە تەنیا شوێندانەری لە ناوچەکەدا هەبوو بەڵکوو کاریگەریی لە سەر کۆمەڵیک لە دانیشتوانی موسوڵمانی ئەرووپاش هەبوو، بەکاردەهێندرا. لە باری تیۆریکەوە ئەو دەسەتەواژەیە بۆ شی کردەنەوەی هێزی سیاسیی حاکم لە ئێرانی دوای شۆڕش، بە چەند هۆ زۆر شیاو نەبوو.

 یەکەم، ڕەچەڵەکی دەستەواژەی بنچینەخوازی دەگەڕێتەوە بۆ نەریتێکی ئایینی پرۆتێستان لە ڕۆژئاوادا. لەو گۆشەنیگایەوە وەکوو دەستەواژەیەکی بەراوەردکارانە، بۆ پێناسەی ئەو تەوژمەی نوێیەی ئیسلامییەی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەگونجاوە. بە واتایەک، بنچینەخوازی پەیوەست بوو بە نەریتێکی پرۆتێستانی کە لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە ئینجیل قسەی خودایە و پێویستە بە شێوەیەکی سەرڕاستانە لێکبدرێتەوە. بەو واتایە بەکارهێنانی بەراوەردکارانەی بنچینەخوازی بۆ تەوژمی نوێی ئیسلامی، لە جێی خۆی نەبوو و نییە. چونکە ئەگەر تەنیا ئەو بۆچوونە مەزهەبییەی پرۆتێستان، پێی وابوو کە ئینجیل قسەی خودایە، هەر موسوڵمانێک لە سەر ئەو باوەڕیە کە قورئان قسەی خودایە کە لە ڕێگەی فریشتە جوبرەئیلەوە بۆ موحەمەد ئاشکرا بووە و یان وەکوو وەحی هاتووە. گەلۆ لە پێناسەی وەحی، جیاوازی بۆچوون لە نێوان موجتەهیدە ئیسلامییەکاندا هەیە، بەڵام هیچ موسوڵمانێک لە سەر سەرچاوەی خوداییی دەقی قورئان گومانی نییە، بەو واتایە، جیاواز لە یەک یان دوو نەریت، هەموو تێڕوانیینێکی ئیسلامی بنچینەخوازە (زووبەیدە ١: ٢). لێرەدا مەبەست حاشاکردن لە تێڕوانینی بنچینەخوازانەی ئەو تەوژمە سیاسییە نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە ناکرێ تەنیا بەو تایبەتمەندییەوە شی بکرێتەوە.

دووەم، ناشیاویی بنچینەخوازیی ئیسلامی لێرەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئاماژە بە دووبارە سەقامگیرکردەنەوەی شێوازێک لە ئیسلامی «ڕەسەن و بێ خەوش» دەکات، ئیسلامێک لە دەرەوەی گۆڕانکاریی مێژوویی و کاریگەریی مۆدێڕنیتە کە ژیانی هاوچەرخی، موسوڵمانانی خستۆتە ژیر کاریگەریی خۆیەوە، هەر وا دەست لێ نەدراو ماوە.  بێگومان بنەمای سەرەکیی ئایدیۆلۆژیی ڕێبەرانی ئەو تەوژمە لە سەر ئەو گریمانەیە وەستاوە، بەڵام لەوباسەدا هاوسان کردنی پرۆژەی ئیسلامی سیاسی، بە دووبارە جێگیرکردەنەوەی شێوازیک لە ئیسلامی ڕەسەن، کە ١٤٠٠ ساڵ پێش ئیستا بوونی هەبووە، هەڵەیەکی فیکری و مێژوویییە. بە پێچەوانەوە، وێژمانی ئیسلامی سیاسی چ وەکوو ئایدیۆلۆژی و چ وەکوو جووڵانەوەی سیاسی، بریتییە لە بەرنامەی بەئیسلامی کردنی کۆمەڵگا و دەوڵەتی مۆدێڕن، لەو وڵاتانەی کە موسوڵمانان زۆرینەی دانیشتوانی پێکدێنن. لەو بەرنامە سیاسییەدا دەبێت لە پاڵ ڕەهەندی بنچینەخوازانە، کۆمەڵێک تێڕوانینی سیاسی و تا ئاستێک نۆژەیی (داهێنانە) و سەردەمەییانە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئالۆزی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران و هەروەها شوێنەکانیتر لە هەمووی ناوچەکەببیندرێت.

لێرەدا مەبەست لە زاراوەی «ئیسلامی سیاسی» ئەو ئایدیۆلۆژی و جووڵانەوە سیاسییانەیە کە قورئان و حەدیس و دەقە ئایینییەکان، بە مەبەستی شەرعیەتدان بە ئامانجێکی سیاسی و سەردەمییانە و نائایینیی خۆیان، بەکاری دێنین و شێوازی بەکارهێنانی ئەو دەقانە زۆر هەڵبژێرانەیە. بە واتایەکی تر، بیرمەندان و ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوانە، بە شێوەیەکی دڵخوازانە بەشگەلێک لە قورئان و دەقە ئاییینەکان هەڵدەبژێڕن و تێکەڵاوی بیر، نەریت و دامەزراوەکانی قۆناغی مۆدێڕنی دەکەن تا ڕووبەرووی دۆخێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری ببنەوە کە لە ئاکامی گەشە و پەرەسەندنی بازاڕی سەرمایەداری لە ناوچەکەدا خوڵقاوە. زاراوەی «ئیسلامی سیاسی»، بێگومان ئەو پرسیارە زەق دەکاتەوە کە چەند جۆر ئیسلام ئیمکانی بوونی هەیە؟  لە سەر بنەمای باوەڕی باو و وزاڵ کە گۆیا ئایینی ئیسلام هەر لە سەرەتاوە ئایینێکی سیاسی بووە، یانی تێکەڵاوێک لە لایەنی  ئیمانی و ئایینی لەگەڵ سیاسەت و دەوڵەت بووە. لەو گۆشەنیگایەوە دەستەواژەی ئیسلامی سیاسی بە چەمکێکی ناتەبا لێک دەدرێتەوە. ڕێبەرانی جووڵانەوە سیاسییە ئیسلامییەکانی هەنووکە و هەروەها وێژمانی جەوهەرباوەڕانەی[2] ڕۆژئاوایی سەبارەت بە ئیسلام،[3] هەوڵ دەدەن وای بسەلمێنن، بەڵام مێژوو، لانیکەم مێژووی تۆمار کراوی شارستانییەتی ئیسلامی، پێچەوانەی ئەو تیڕوانینە دەسەلمێنێ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە تێکەڵاوی و یان یەکانگیریی دەوڵەت و ئایین، تەوەری سەرەکیی بیرە ئیسلامییە هاوچەرخەکانە، پێداچوونەوەیەکی کورت بەسەر مێژووی بیری سیاسی لە ئێسلامدا پێویستە، بۆ ئەوەی نیشان بدەین هەم ئەو خوازەیە تەنیا نۆژەیەکی بیری ئیسلامییە لە سەردەمی مۆدێڕندا و هەمیش شڕۆڤە و چۆنایەتیی گەڵاڵەکردنی ئەو ئاوێتەبوون و یەکانگیرییەی ئایین و سیاسەت و ئاکامەکانی، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگا لە بیری ئیسلامیی هاوچەرخ، زۆرجیاوازە.

لە سەردەمی پەیامبەر و خەلیفەی یەکەمدا، زۆر ئەستەمە باس لە تێکەڵاویی دەوڵەت و ئایین بکرێت. لە خەلیفەی دووەم بەملاوە، کە مەڵبەند و دەسەڵاتگەی ئیسلامی پەرەی گرت، بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان شێوە و ناوئاخنی حوکمڕانی، تیكەڵاوێک بوو لە حەکەمییەتی عەڕەبی لەگەڵ نەریتی ئەو ناچاوانە کە پەیوەست ببوون بە دەسەڵاتگەی ئیسلامییەوە. بەڵام لەو قۆناغەدا سەرنجی سەرەکیی کاربەدەستان، بە موسوڵمان کردنی دانیشتوووانی ئەو مەڵبەندانە بوو، نەک ئاوێتەکردنی دەوڵەت لەگەڵ ئایینی ئیسلام.

لە دوو دەسەڵاتی ئیسلامی واتا ئۆمەوییەکان (٦٦١-٧٥٠. ز) و عەباسییەکان (١٢٥٨-٧٥٠. ز)، کە بە سەردەمی زێرینی گەشەی شارستانییەتی ئیسلامی ناودەبردرێ، وەزعەکە چۆن بووە؟ لە بەشی هەرە زۆری ئەو مێژوویەدا، خەلیفە لە کردەوەدا پاشایەکی سەرەڕۆیە و تەنیا لە ناو و نیشاندا پەیوەستە بە پەیامبەر و نەریتی ئیسلامی.  یانی لە کردەوەدا دەوڵەت، بە واتای سوڵتان و فەرمانگەی ئیداری، سیاسی و سەربازیی ئەو، لە ژێر سوڵتەی شەریعەتدا نییە. بیرمەندان و پسپۆرانی ئایینی تا ئەو ئاستەی کە سوڵتان و دەوڵەت، ئاسایش و یەکگرتووییی جڤاتی ئیسلامی دەپارێزن، بە دەوڵەتی ئیسلامی دەیناسن. لە دەورانی عەباسییەکان گەڵاڵەکردنی زانستی ئایینی ئیسلام(فێقهـ) دەستی پێ کرد و بە ئەنجام گەیشت و چوار مەزهەبی سوننی و چەند مەزهەبی شیعە بە فەرمی دامەزران و تا ئێستاش پێگەی شەرعیی خۆیان پاراستووە. زۆر دەگمەنە کە لایەنگرانی ئیسلامی سیاسیی سوننی بۆچوونی ئیمام شافیعی (٨٢٠-٦٧٦. ز) و ئەبووحەنیفە، یان غەزالی (١١١١-١٠٥٨) بخەنە ژێر پرسیارەوە. بەڵام زۆربەی ئەو بیرمەندانە و هەروەها شەریعەتناسەکانی مەزهەبی شیعە، لە نووسینەکانیاندا، باس لە ڕوانگەی سیاسی، کە بۆ بیری سیاسیی ئیسلامیی هەنووکە گرینگە، ناکەن. نموونەی ئەحمەد ئێبن حەنبەل (٨٥٥-٧٨٠)، دامەزرێنی مەزهەبی حەنبەلی، شایانی باسە. حەنبەل لە دەورانی خەلیفە مەئموون ڕووبەرووی دەسەڵاتی دەوڵەت بوو و زیندانی کرا. بەڵام ململانێ و کێشەکە لە سەر یەکێتیی ئایین و دەوڵەت نەبوو، بەڵکوو لە سەر شرۆڤەی پێگەی قورئان بوو. واتا حەنبەل لە بەرانبەر بۆچوونی فەرمی و زاڵ، کە قورئانی وەکوو داهێنەرێتیی خودا سەیردەکرد کە شایانی شرۆڤەیە، دەیگوت قورئان، وتە و قسەی ڕاستەوخۆی خودایە و هیچ شرۆڤەیەک هەڵناگرێ.

بە گشتی لە دەورەی عەباسییەکان، شەریعەتی ئیسلامی لە مەزهەبەکانی سوننی و شیعەدا کۆدبەندی کرا، بەڵام قانوونی بەڕێوەبەری تەنیا لە سەر بنەمای شەریعەت پەیڕەو نەدەکرا. شەرع لە بواری ئەحواڵی شەخسی و مەدەنی، و هەروەها لە بازرگانی ڕەچاودەکرا، بەس لە زۆر حاڵەتدا شموولی خەلیفە (سوڵتان) و کاربەدەستان و کارگێڕەکانی، واتا «دەوڵەتی ئیسلامی»ی، نەدەکرد. تەنانەت خودی دەوڵەت لە سەر بنەما و نەریتی شارستانییەتەکانی پیش ئیسلامی، واتا ساسانی و بیزانسی، دامەزرابوو. بەشیک لە ماڵیات کە سوڵتان (دەوڵەت)کۆی دەکردەوە لە سەر بنەمای شەرع بوو، بەڵام بەشگەلی زۆر لە سەر بنەمای ناشەرعی کۆ دەکرانەوە. بۆ وینە لەو قۆناغەدا پیتاک بۆ فروشتنی خواردەنەوەی ئەلکۆڵی لە لایەن کارگێرانی دەوڵەتەوە وەردەگیرا، یانی پیتاک لە شتێک کە لە باری شەرعییەوە پاوان کرابوو وەردەگیرا. بە سەرنجدان بەو ڕاستییە مێژوویییە، لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی چۆن باسی ئەو قۆناغەی مێژووی ئیسلامی دەکەن. لە لایەکەوە، ئەوە قۆناغی زێڕینی گەشەی ئیسلامی و شەرعی ئیسلامییە، لەلایەکی ترەوە، ئەو مێژوویە، پێچەوانەی وێژمانی سەرەکیی یەکێتیی ئایین و دەوڵەت نێشان دەدا. ڕەنگە بۆ بیرمەندانی شیعە بە پاساوی سوننی بوون، ڕەدکردەنەوەی ئەو مێژوویە ئەستەم نەبێت، بەڵام  ڕێبەرانی سوننی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی، لەبەرانبەر ئەو ڕاستییە، تەنیا بێ دەنگی هەڵدەبژێرن. (زووبەیدە ١: ٤٢-٤١).

ڕێبەرانی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی، زۆر ئاماژە بە ئێبن تەیمییە دەکەن و وەکوو نموونەی ئیسلامیی ڕەسەن و وەکوو بەڵگەی شاکاری  یەکێتیی ئایین و دەوڵەت لە مێژووی ئیسلامییدا دەیهێنەوە. ئیبنی تەیمییە کە پەیڕەوی مەزهەبی حەنبەلی بوو و خوێندنەوەی زۆر بنچینەخوزانەی بۆ قورئان و شەرع هەبوو، بە هۆی دژایەتی کردنی شێخە سۆفیییەکان، ماوەیەکیش زیندانی کرا. بەس ئەو ئاماژەکردنە بە ئیبنی تەیمییە، تەنیا یەک نموونەی مێژوویی لە خۆی دەگرێ. یانی کاتێ لێی دەپرسن کە ئایا ڕەوایە حاکمە ئیسلامییەکانی ماردین، کە بە ڕەگەز مەغول بوون، وەکوو موسوڵمانی ڕاستەقینە بناسرێن، ئیبنی تەیمییە، فەتوا دەردەکات نا، بەو هۆیە کە ئەوان شەرعی ئیسلامیان لەگەڵ یاسای خۆیان ئاویتە کردووە. گەرچی ڕێبەرانی سوننیی ئیسلامی سیاسی، زیاد لە ئاستی پێویست ئەو نموونەیە بەکار دێنن، بەڵام  ناکرێ ئەوە وەکوو بەڵگە بۆ سەلماندنی ئاوێتە بوونی سیاسەت و ئایین و کارگێڕی و شەرع لە سەرتاسەری مێژووی ئێسلامدا  بێنینەوە و بڵێین ئەو دروشم و نۆژەیە، کە دەڵێ «سیاسەتی ئێمە هەمان دیانەتی ئێمەیە»، مێژوویەکی کۆنی هەیە. لە ڕاستییدا، فەتوای ئاوا، واتا بە غەیرەموسوڵمان ناساندنی حاکم، بە هۆی ئەوە کە بە شێوەی تەواو و هەموولایەنە شەرعی پەیڕەو نەکردووە، لە لایەن موجتەهیدە ئیسلامیییەکانەوە، زۆر دەگمەنە. بۆ وێنە، ئیبنی تەیمییە هەمان فەتوای بە هیچ شێوازێک بۆ سوڵتان و یان حاکمەکانی ناوچەی خۆی دەرنەکرد کە ئەوانیش بە شێوەیەکی تر لە حوکمڕانییاندا بەتەواوی ڕەچاوی شەرعیان نەدەکرد (هەمان سەرچاوە: ٨-٧).

 

پاشخانی مێژووییی بیری سیاسیی ئێسلام، لە قۆناغێ مۆدێڕندا

ڕەچەڵکی بیری مۆدێڕنی ئیسلامی، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییی سەدەی ١٩ی زایینی کە دوو دەسەڵاتی ئیسلامیی ئەو کاتە، عوسمانی و قاجار، بە هۆی هاتنی ڕۆژئاواییەکان بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و دەسەڵاتی باڵای سەربازییان، تووشی ئەزمەیەکی قوول ببوون. سەرنجی سەرەکیی ڕووناکبیرانی ڕیفۆرمیستی عوسمانی و قاجاری، لەسەر لاوازی و وەدواکەوتووییی وڵاتەکانیان بە بەراوەرد بە ڕۆژئاواییەکان بوون. بە باوەڕی ئەو ڕووناکبیرانە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتوویی ئەمان و دەستی باڵای ڕۆژئاوایییەکان، تەنیا هێزی باشتری ئابووری و سەربازیی ئەوان نەبوو، بەڵکوو پێکهاتەی سیاسی ـ کۆمەڵایەتیی مۆدێڕنی ئەوان هۆکاری پێشکەوتن و گەشەیان بوو. بەم جۆرە یەکەم نەوەی ڕیفۆرمیستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەدایک بوو. زۆرینەی ئەو ڕووناکبیرانە، دواجار بوونە بیرمەند و چالاکوانانی بیری ناسیۆنالیستی لە ناوچەکەدا، بەڵام بەشێکیان سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی بیری مۆدێڕنی ئیسلامی بوون. لە حاڵێکدا کە ڕێبەرانی بیری ناسیۆنالیستی، ئایین و بیروباوەڕە پڕپوچەکانیان بە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتووییی وڵات لێکدەداوە، کەسایەتییە ئیسلامییەکان، نەک ئایینی ئیسلام، بەڵکوو لادان لە پرەنسیپی ئایینی ئیسلامیان وەکوو هۆکاری وەدواکەوتووییی شارستانییەتی ئیسلامی و باڵادەستیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی پێشکەش دەکرد، هەر بۆیەش پڕۆژەی چاکسازیی ئایینییان بەرزکردەوە. سەید جەماڵەددین و شێخ محەممەدی عەبدە، دوو کەسایەتیی بەناوبانگی ئەو تەوژمە بوون.

بە کورتی میراتی چاکسازیی ئایینی و بیری مۆدێڕنی ئیسلامی بریتی بوو لە: باوەڕ بە توانستی ئایینی ئیسلام بۆ ڕێبەری کردنی موسوڵمانان، ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ بیری پڕوپووچ کە بە نێوی ئایینی پەرەیان سەندووە؛ شرۆڤەی عەقڵانی لە قورئان؛ سەلماندنی ئەوەی کە بنچینەکانی ئایینی ئیسلام، ناتەبایییان لەگەڵ زانست و بیری نوێ نییە و خەبات لە دژی ئیستێعمار و سەرەڕۆییی سیاسی. دواجار شێخ عەبدە بەو قەناعەتە گەیشت کە تا ئەو کاتەی خەڵکی میسر نەزان و نائاگان، ناتوانن ئینگلیسییەکان لە وڵاتی خۆیان دەربکەن، هەر بۆیە بیری مۆدێڕنی  ئیسلامی و چاکسازیی فیکری ئایینی، دەبێت لە پێش خەباتی سیاسی لە دژی ئێستێعماردا بێت. بۆ عەبدە، چاکسازیی ئایینی، هۆکاری بنەرەتیی هەر چەشنە گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو. ئەو ڕێبازە لە لایەن ڕەشید ڕەزا، قوتابی و هاوکاری عەبدە، تا ساڵەکانی سی (٣٠)ی سەدەی ڕابردوو بەردەوام بوو.

لە نێوان کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی تا دەیەی سی (١٩٣٠)، لە حاڵێکدا سەید جەماڵەددین و عەبدە کۆچی دواییان کردبوو، ڕەشید ڕەزا، پێداگریی لەسەر چاکسازیی ئایینی، بە شموولی ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە دامەزراوەی خەلافەتی ئیسلامی، دەکرد. بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی لە لایەن دەوڵەتی تورکییەوە، ئەو پرسە بوو بە ڕۆژەڤی سەرەکیی ڕێبەرانی ئیسلامیزم. هەڵوەشاندەنەوەی خەلافەت لە دوو قۆناغدا جێبەجێ کرا. لە پاییزی ١٩٢٢ پارلەمانی نەتەوایەتی بڕیاری دا کە سەڵتەنەت لە خەڵافەت جیا کاتەوە و سەڵتەنەت بۆ سیستەمی سیاسیی کۆماری، بگۆڕدرێ. قۆناغی دووەم لە کۆتایی ١٩٢٣دا بوو، خەلافەتیش وەکو دامەزراوەیەکی فەرمی هەڵوەشایەوە(عەنایەت٢: ٥٤-٥٣).[4] ڕەشید ڕەزا، دامەزراوەی خەلافەتی بۆ وەدیهێنان و پاراستنی یەکگرتووییی ئیسلامی، بە باشترین ئامراز دەزانی. هەر بۆیەش بەردەوام لە هەوڵی دووبارە دامەزراندەنەوەی خەلافەتدا بوو. پاش چەند هەوڵی ناسەرکەوتوویانە لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو قەناعەتە کە دامەزراوەی خەڵافەت لە چەشنی «پاپاسی» لە مەزهەبی کاتۆلیک ڕێکبخاتەوە. واتا کەسێک کە هەم لە باری زانستی ئایینییەوە زانا و هەمیش سەر بە بنەماڵەیەکی نەجیبزادەی عەرب بێت، وەکوو خەلیفەی دەستنیشان بکەن. دوای هەڵوەشاندەنەوەی خەلافەت لە لایەن دەوڵەتی تورکییەوە، شەریفی مەککە لە ساڵی ١٩٢٤خۆی وەکوو خەلیفەی موسوڵمانان ڕاگەیاند، بەس تەنیا لە ئوردون، حیجاز و عێراق بەیعەتیان لەگەڵ کرد. میسرییەکان و هیندووەکان ئەو کارەیان نەکرد. لە کۆتاییدا، ڕەشید ڕەزا وازی لەوەش هێنا. بە گشتی ڕوانگەی عەبدە و ڕەشید ڕەزا، «ئەگەر بەردەوام ببا دەگەیشتە سێکۆلاریزم». بۆ وێنە، یەکێک لە گرینگترین باوەڕەکانی ئەوان سەبارەت بە سیاسەت، ئەوە بوو کە سوڵتەی حکوومەتی ئیسلامی تایبەتمەندیی مەدەنی هەیە نەک شەرعی، هەڤیازی(امتیازیات) پێگەی خەلیفە و حاکم و قازی و موفتی لە شەرعەوە سەرچاوەناگرێ، بەڵام شەرع ئەرک و بەرپرسایەتیی ئەوان دیاری دەکات، بەو هۆیەوە، نابێ خەلافەت لەگەڵ ئەو دیاردەیە کە ڕۆژئاواییەکان وەکوو تیۆکراسی یان خوداسالاری ناوی ڵێ دەبەن یەکسان بگیرێ» (عەنایەت١: ١٥١).

لە ساڵی ١٩٢٨ ئیخوانولموسلیمین دروست بوو. بە پێچەوانەی باوەڕەی باو، ئیخوان لە بەشی زۆری مێژووی خۆیدا، نەک جووڵانەوەیەکی فیکری-سیاسیی یەکدەست، بەڵکوو بەرەیەکی جۆراوجۆر بوو. لە سەرەتا ئیخوان، تێڕوانینی سەبارەت بە حکومەتی ئیسلامی، لە چوارچێوەی فیکری ڕەشید ڕەزادا بوو(عەنایەت٢: ٨٧)، بەڵام بە هاتنی سەید قوتب بۆ ڕیزی ئیخوان، تەوژمێکی نوێ لە ڕیزی ئیخوان و لە ڕیزی بیری ئیسلامیدا پەرەی گرت کە زۆر جیاواز بوو لەگەڵ فێکری عەبدە و ڕەزا. بە کورتی قوتب خولیای دووبارە وێناکردنەوەی  «مێژووی پیرۆز»ی لە مێشکدا بوو. یەکەم قۆناغی ئەو مێژوویە، کاتێ دەستی پێ کرد کە پەیامبەر و پەیڕەوانی، شانەکانی جڤاتی ئیماندارانیان لە دژی کۆمەڵەی نەزانی (جهالییە) دامەزراند؛ دوایە کاتێک کە بە ڕادەی پێویست هێزیان پەیداکرد، لە ڕێگەی کۆچ (هیجرە) لە مەککە بۆ مەدینە، بە تەواوی خۆیان لەکۆمەڵگای نەزانی جیاکردەوە. لە مەدینەوە، شەڕی پیرۆزی (جیهاد)یان لە دژی کافرەکان بەرپاکرد و لە ئاکامدا کۆمەڵگای ئیسلامییان دامەزراند.[5]

یەکێک لە نۆژە و داهێنانەکانی سەید قوتب، بەکار هێنانێکی تایبەت بوو لە چەمکی نەزانی (جاهیلییە) لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان لە دۆخی مۆدێڕندا. لە ڕوانگەی قوتبەوە، وازهێنان لە قانوونە ئیسلامییەکان و باوەڕێ ئایینی، بە تایبەت لە دوای ئێستێعماری ڕۆژئاوا، جیهانی ئیسلامیی وەکوو قۆناغی پێش ئیسلام خستۆتە ناو جاهیلییەت و لە ئاکامدا بەوە دەگات کە تەواوی حکوومەتە غەیرە ئیسلامییەکان، بە میسریشەوە، ناشەرعین و دەبێت بڕوخێندرێن و ئەرکی موسوڵمانانە کە وەکوو نموونەی پەیامبەر لەو چەند قۆناغە بۆ گەیشتن بە حکومەتی خودا، خەبات و مێژووی پیرۆز زیندوو بکەنەوە.

 

ئیسلامی سیاسی

وەکوو پێشتر ئاماژەی پێ کرا، مەبەستی ئێمە لە زاراوەی ئیسلامی، ئەو ئایدیۆلۆژی و جووڵانەوانەن کە ئامانجی دامەزراندنی «نەزمێکی ئیسلامی» واتا دەوڵەتی ئیسلامی، قانوونی شەرع، پاوانکردن و چاوەدێریی هەڵسوکەوتی خەڵک لە ڕێگەی بەها ئەخلاقی-کۆمەڵاتییەکانی «ئیسلام»، لە بەرنامەیاندا هەیە. لە چوارچێوەیەکی گشتیدا، ئیسلامی سیاسی و ئیسلامیزم (بە شموولی ئیخوان) لە ڕووی مێژوو، ڕەچەڵەک و سەرچاوەی لێوەهاتنیان و مەعریفییان زۆر لێک نیزیکن. بەڵام سنوورێک لە نێوان ئەو دوو شەپۆلەی بیری ئیسلامی دەبێت وێنا بکرێت. ڕەهەندی سەرەکیی جیاوازییەکە، جەختێکی تایبەتە کە ئیسلامی سیاسی لە سەر دامەزراوەی دەوڵەت هەیەتی، کە خۆی ئاکامی ئاوێتەکردنی بیری کەسانی وەکوو ڕەشید ڕەزا لە لایەکەوە و سەید قوتب لە لایەکی ترەوە لە چوارچێوەی تێڕوانین و وێژمانێکی نوێدایە.

ڕەشید ڕەزا، دوای ئەوە کە لە پڕۆژەی دامەزراندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی نائۆمێد دەبێت، باس لە حکوومەتی ئیسلامی دەکات، بەڵام پێناسەیەکی ڕوون بە دەستەوە نادات. هاوکات هەم «الدولة اسلامیة» و  هەمیش «الحکومة اسلامیة» بەکار دێنێ (عەنایەت٢: ٧٧). لە دوو تەوەردا بیری عەبدە و ڕەزا  هەم لەگەڵ قوتب و هەمیش لەگەڵ ئایدیۆلۆگەکانی ئیسلامی سیاسی بە تەواوی جیاوازە. یەکەم؛ حکومەتی ئیسلامیی پێشنیاری ڕەزا، گەڕانەوەیەکی هەمەلایەنە بۆ سەرچاوە ئایینییەکان لە ئیسلامدا نییە، چونکە لە ئیسلامدا باوەڕ، پرسێکی تاکێتییانەیە و لە ئاکامدا سوڵتەی سیاسیی ئایین، ڕەوا نییە. دووەم، بە ڕەچاوکردن و جیاکردنەوەی دوو کۆڵەکە لە ئایینی ئیسلامدا واتا پەرستن(عیبادات) لەگەڵ کاروباری کۆمەڵایەتی، لە نێوان موسوڵمانەکان و بەشێکی زۆری کاروباری کۆمەڵایەتی (مەعاملات)، خەڵک دەکەوێتە چوارچێوەی فەرعیی شەرع و بۆیەش بابەت و بواری قانوونیی نوێ، عورفی و مرۆیی دەبێت (عەنایەت٢: ٨٢-٨٠).

لەلایەکەوە، بە پێچەوانەی ڕێبەرانی بیری سیاسیی ئیسلامی هاوچەرخ، سەیدقوتب بە ڕوونی پێی لە سەر ئەوە دادەگرت کە «ئیسلام، ئایدۆلۆژییەکی کۆمەڵایەتی نییە کە پرسی دادپەروەری و یان ئازادی و یان گەشەی ئابووریی مرۆڤ بەشێک بێت لە بەرنامەی سیاسییەکەی. ئیسلام تەنیا باوەڕە و ئامانجی سەرەکیی پێشەنگی باوەڕ، چاندنی ئیسلام لە دڵ و میشکی خەڵکدایە. بەشێک لەو باوەڕە بریتییە لە وەدیهێنانی دەسەڵاتی خودا و هەر بۆیەش بەرنامەیەکی سیاسی هەیە کە بریتییە لە ڕووخاندنی حوکمڕانیی مرۆڤ و کۆتایی هێنان بە دەوڵەتی نەزانی» (جەهالییە) (زووبەیدە ١: ٥٣-٥٢). لە حاڵێکدا وێژمانی ئیسلامی سیاسی لە سەر دوو خوازە وەستاوە: یەکەم؛ ئایینی ئیسلام، خاوەنی قانوونی شەرعە کە پێکهاتەی سیاسی، ئابووری و قانوونیی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەوانە لە زانستی فێقهدا گەڵاڵەکراون؛ دوەم، ئەو زانستە بۆ هەموو سەردەمەکان دەبێت و ئەوە فەرمانی خودایە کە  موسوڵمانان لە هەموو سەردەمەکاندا لەو چوارچێوەیەدا بژین. هەر دوو ئەوانە لەگەڵ بیری ئیسلامیی سەرەتای سەدەی پیشوو (ئیسلامیزم) جیاوازییان هەیە.

بە واتایەکی تر، عەبدە و ڕەزا و هاوفکرانیان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە بڵێن: ئیسلام دەتوانێ خۆی لە بیری نوێ و مۆدێڕندا بگونجێنێ و تا ئاستێک، بوونی مەجلێسێک کە نوێنەرانی خەڵک تێیدا قانوون بۆ ئیدارەی وڵات دابنێن، لە ڕوانگەی ئەواندا لەگەڵ باوەڕی ئیسلامی ناتەبا نەبوو. بەڵام، قوتب، نە تەنیا هەموو ئەزموون و بیری مۆدێڕنی وەکوو جاهیلییەتی ڕۆژئاوا ڕەد دەکردەوە، بەڵکوو هەوڵدان بۆ هەر چەشنە دەسەڵات و حوکمڕانییەکی مرۆڤ، لای ئەو کوفر بوو. سەیدقوتب، نە تەنیا کەلتووری ڕۆژئاوایی ڕەد دەکردەوە، بەڵكوو ئەو هاوڕەگەز و موسوڵمانانەیشی کە لە ژێر کاریگەریی ئەو کەلتوورەدا بوون، بە کافر دەناساند. لە ڕاستیدا لە خولیای دووبار ژیانەوەی کەلتووری ڕەسەنی ئیسلامیدا بوو و بەو واتایە خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ناسیونالیزمی پۆپۆلیستدا هەبوو کە پاراستنی ڕەسەنایەتیی کەلتوور، بە ڕیگەی ڕزگاری لە دەستی بێگانەویستی دەبێنێ.

دستپێکی ئیسلامی سیاسی هەم لە ئێران و هەمیش ناوچە، بۆ وێنە لە میسر و پاکستان،  دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی ٧٠ی سەدەی ڕابردوو. هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدان و گەشەی ئەو تێروانینە، لاوازی، نسکۆ وناسەرکەوتووییی ناسیۆنالیزمی سێکۆلار، هەم بۆرۆکراتیک و هەمیش پۆپۆلیست بوو. بۆ وێنە، لە میسر چەند گرووپی نوێی ئیسلامی وەکوو «ئاکادێمیی سەربازی» (الفنیە العسکریە)، «تەکفیر و ئەلهیجرە» و «کۆمەڵگای موسوڵمانان»، لە دوای نسکۆی «ناسریزم» پێکهاتن. لە پاکستان «جەماعەتی ئیسلامی»، کە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی پاکستان، بە توندی لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە دژی ئەو بڕیارە وەستابوو، لە ساڵی ١٩٧٧ بە ڕابەریی مەولانا ئەبووعەلا مەدوودی، بوو بە پالپشتی سەرەکیی بەرنامەی بەئیسلامیکردنی ژێنێرال زیائولحەق، کە لە ڕێگەی کودەتا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتبوو. لە ئیرانیش هەر لەو دەیەیەدا، لە ژێر کاریگەریی وێژمانی «گەرانەوە بۆ ڕەچەڵک» لە لایەن ڕووناکبیرانی ئایینی و سێکۆلارەوە، باشترین بەستێن بۆ گەشەی ئیسلامی سیاسی ڕەخسا. ئەو بەستێنە خۆی ئاکامی ئەزمەی قووڵی ناسیۆنالیزمی سێکۆلار، هەم بە شێوازی بۆرۆکراتیک (لایەنگرانی ڕێژیمی پەهلەوی لە ئێران) و هەمیش پۆپۆلیست (ناسێریزم لە میسر) بوو. لە ڕاستییدا باشترین پێناسە بۆ ئیسلامی سیاسی، بریتییە لە ئاکامی ئاوێتەکردنی ناسیۆنالیزمی پۆپۆلیست، لەگەڵ ئیسلامیزم لە پانتاییی کەلتووریدا. بەستێنیک کە لە ئێران لە ژێر شوێندانەریی فکری جەلالی ئالی ئەحمەد و عەلی شەریعەتی، واتا ئاوێتەکردنی وێژمانی پۆپۆلیستیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، لەگەڵ نەریتی مەزهەبی شیعە، بواری بۆ ڕەخسابوو.

بەرنامەی سیاسیی ئەو تەوژمە، بریتییە لە ڕووخاندنی ڕێژیم و حاکمی غەیرە ئیسلامی (بۆ وێنە: شا لە ئێران و سادات لە میسر)، بونیادنانەوەی نەزمی ئیسلامی لە ڕێگەی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و گشتاندن و پەیڕەوکردنی شەرعی ئیسلامی. شەرعی ئیسلامی، بە پێی بانگەشەی ئەوان، تەواوی ئەو شتەیە کە مرۆڤ بۆ بێ کەمایەسی بوون و بەختەوەریی خۆی پێویستێتی. شەرعی ئیسلامی بۆ هەموو وەرز و سەردەمەکانە. بەڵام هاوکات بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە، دەوڵەتی شۆڕشگێڕی ئیسلامی پێویستە. پرۆبلێماتیکی ئیسلامی سیاسی، لە چەمک و پێناسەی دەوڵەتی ئیسلامییەوە سەرچاوەدەگرێ: یانی لە لایەکەوە،  قانوون و شەرعی ئیسلامی بریتییە لە کۆمەڵیک بنەمای ئایینیی ئیسلامیی ئەزەلی و هەتاهەتایی، بەڵام لە لایەکی ترەوە،  ئەو قانوونە تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوەی دەوڵەتی شۆڕشگێری ئیسلامییەوە دەکرێ وەدی بێت. بەڵام لەو ساتەوە کە دەوڵەت سەری هەڵداوە بریتیی بووە لە ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتی بە بنەمای ماددی، کە ڕەگ و ڕیشەکانی لە پێکهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی کات و شوێنی خۆیدا بووە. ناتەبایی لێرەوە سەرهەڵدەدا کە دیارەدەیەک کە خودایی، ئەزەلی و هەتاهەتایییە،  بۆ سەقامگیر بوونی، پێویستی بە ئامرازێکە بە نێوی «دەوڵەتی ئیسلامی»، کە خۆی دیاردەیەکی زەمانبەر و مێژوویییە.

بە پێچەوانەی باوەڕ و بانگەشەی لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی، زۆر ئەستەمە لە دەورانی مۆدێڕندا، باس لە دەوڵەتی ئیسلامی بکرێت. کارگێران و خاوەندارانی دەوڵەت، دەتوانن موسوڵمان بن، بەڵام زۆر ئەستەمە باس لە دەوڵەتی ئیسلامی بکەین. یەکەم؛ لە قورئان و حەدیسدا بە ڕوونی هیچ چوارچێوەیەک بۆ دامەزراوەیەکی سیاسی و جۆرەکانی دەوڵەت، و شێوازی و ڕێکخراوەی دەوڵەت،  باسی لێ نەکراوە. دووەم؛ دوای ئەوەی کە ئیسلام پەرەی سەند، لە ئیمپراتورییە ئیسلامییەکاندا مانا و واتای دەوڵەت تا سەردەمی مۆدێڕن، زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو. تا کۆتاییی سەدەی ١٩ی زایینی، لە لای پسپۆڕانی ئیسلامی، سوڵتە و حوکمڕانی سروشتی تاکێتییان هەبوو، واتا سوڵتە و دەسەڵاتی سیاسی، بە شەخسی حاکم (سوڵتان، خەلیفە، و یان ئەمیر) و یان بنەماڵەی حاکمەوە بەسرابووە. وشەی دەوڵەت (دەوڵە لە زمانی عەرەبی) کە ئێستا لە کەلتووری سیاسییدا لە جیاتی (state)بەکار دەهێندرێت، هەمدیسان گرێدراوی شەخسی حاکم بووە (زوبیدە ٤: ١١٧). بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٩ی زایینی بەملاوە، ژیان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی موسوڵمانان، کەوتە دۆخێکی نوێوە کە پیش هەموو شتیک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سیاسیی کردە ئەمری واقێع.  دوو دەسەڵاتی موسوڵمانی ئەو کاتە، واتا عوسمانی و قاجار، لە ژێر شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران و تەنزیمات و شۆڕشی تورکە گەنجەکان لە تورکیا، بەرەو گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی هەنگاویان نا. واتا دەوڵەت لە سەردەمی ئێستادا، چ لە پێکهاتە و چ لە ئەرکەکانی، ناکرێ لە چوارچێوەی تێڕوانینی نەریتیدا قەتیس بکرێت.

بۆ وێنە، لە دوای شۆڕش ساڵی ١٣٥٧ی ئێران، ئیسلامییەکان، پاش سەرکوتکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو لە شۆڕشدا، بە تەرخان کردنی بودجەیەکی بێ وێنەی مرۆڤی و ماددی، سەرقالی پڕۆژەی بە ئیسلامی کردنی دەوڵەت و کۆمەڵگای ئێران بوون. دوای ئەو ماوەیە، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی فۆڕمێکی مۆدێڕندا، دەوڵەتێکە کە بە وەزارەتەکان و بۆرۆکراسیی بێ سنوورییەوە، هەر لە جێی خۆیەتی. پرسیار ئەویە کە ئاکامی ٤٠ ساڵەی بە ئیسلامی کردن لە بوارە سیاسی، ئابووری و یاسایییەکان لە ئێراندا چی بووە؟ لە باری سیاسییەوە: یەکەم؛ بە ئیسلامی کردنی دەوڵەت لە کارگێڕ و کارمەنددا قەتیس کراوە. لە دوای شۆڕشەوە، پڕۆژەی بژارکردن و دەرکردنی هەر کەسێک کە «مەکتەبی»، ـ واتا لە ڕوانگە و داوەریی ئەوانەوە باوەڕی بە ئیسلام ـ نەبوو، لە تەواوی دامەزراوە دەوڵەتییەکان جێبەجێ کرا. دووەم، لە سەرەتای شۆڕشەوە، دروستکردنی دامەزراوەی هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتەکانی  دەوڵەتی کۆن: سوپای پاسداران لە بەرانبەر ئەرتەش، جیهادی سازەندگی لە بەرانبەر وەزارەتی کشتوکال، بەرێوە چووە. ئاکامی ئەو بە ئیسلامیکردنەوەیە، پاوان و کۆنترۆڵی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت، لە لایەن ڕووحانییەتەوە و خەمڵاندنی وێژمانی سیاسی بە دەستەواژە ئیسلامییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی زمانەوانی و قسەزانیی ئایینیەوە بوو. بەدەر لەو ڕەهەندە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، هیچ تایبەتمەندییەکی تری نییە کە ئیسلامی بێت.

لە باری ئابوورییەوە، لە ئێرانی ٤٠ ساڵ دوای شۆڕش، نەتەنیا سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری هەر وەک ڕابردوو زاڵە، بەڵکوو نموونەی یەکێک لە بۆرۆکراتیکترین، گەندەڵترین و مشەخۆرترین سسیتەمەکانی سەرمایەداری لە هەموو جیهانە. لە باری یاسایییەوە، چەند ڕەهەندی شەرعی خراونەتە نێو قانوونی بنچینەییی کۆماری ئیسلامییەوە و بڕیارەکانی مەجلیس و دەوڵەت، دەبێت خۆیان لەگەڵ شەرع بگونجێنن. بەڵام کاتێ خومەینی زیندوو بوو، لە ململانێی نێوان مووسەوی، سەرۆک وەزیران و خامەنەیی، سەرۆک کۆماری ئەو کاتە، بۆ لای مووسەوی لابژێری کرد و فەتەوای دا کە دەوڵەتی ئیسلامی لە پێناو بەرژەوەندیی ئۆمەی ئیسلامیدا، دەتوانێ نەتەنیا بنەما لاوەکییەکانی شەرعی بەڵکوو بنەما سەرەکییەکانی شەرعیش سڕ بکات و بەکارییان نەهێێت.

میراتی ٤٠ ساڵەی ئیسلامی سیاسی لە ئێران و ناوچەکە، دەرخەری ئەزمەیەکی قووڵ و شکستە لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کەلتووری و ئەخلاقیدا. بە شێوەیەک کە ئەمڕۆ زۆر کەس باس لە قۆناغی پاش-ئیسلامیزم لە ناوچەکەدا دەکەن. بەڵام ئەو نسکۆیە، بە وتەی ئۆلیوێر ڕۆی، پیش هەموو شتێک نسکۆیەکی مەعریفەتییە. بۆ؟ لە ڕوانگەی مەعریفەتییەوە، ئیسلامی سیاسی لە سەر بنەمایەک وەستاوە کە ڕەهەندی نۆژەیی و داهێنانی خۆی لەناو دەبات. وەکوو ڕۆی باسی لێ دەکا: «بیری ئیسلامی،  لە سەر کۆڵەکەیەک وەستاوە کە خاڵە داهێنەرانەکانی خۆی لە ناو دەبات: لەلایەکەوە، وەکوو باسی لێ دەکرێ، کۆمەڵگای سیاسیی ئیسلامی، مەرجی پێویستە بۆ ئەوەی کە ئیماندار بە پاکی و ڕەوشت چاکی بگات؛[6] بەڵام لە لایەکی ترەوە، کارکردەکانی ئەو کۆمەڵگایە و نموونەی ڕەوشت چاکی، تەنیا لە ڕێگەی ئەندامانی کۆمەڵگا و بە تایبەت لە ڕەفتاری ڕێبەرەکانییەوە، وەدی دێت. بە کورتی، گەشەی بیری ئیسلامی، کە بیری سیاسیی تەواوە، لە کۆتاییدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەشەکان(دامەزراوەکان)ی تر دادەبڕێ و، ئەوان تەنیا وەکوو ئامرازێ دەبینێ بۆ گەشەی ستانداردە ئەخلاقییەکان و دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی نەریتیی مەلاکان». دووەم؛ نسکۆی ئیسلامی سیاسی مێژوویییە، چونکە نە لە ئێران و نە لە ئەفغانستان کۆمەڵگایەکی نوێ وێنا نەکراوە (ڕۆی: x). ئەو نسکۆیە مێژوویییە، چونکە ئیسلامی سیاسی لە بۆشایییەکدا  کە ئەزمەی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی و بۆرۆکراتیک خوڵقاندبووی و لە دۆخێکدا کە ویستی ئازادی و پەرەسەندنی سیاسی و ئابووریی کۆمەڵگا ببوو بە دروشمی کۆمەڵانی خەڵک، بە وێژمانێکی پۆپۆلیستی-مەزهەبی هاتە مەیدان و بە کۆمەڵیک هۆ کە لێرەدا دەرفەتی شی کردەنەوەیان نییە، دەسەڵاتی سیاسیی پاوان کرد. بەڵام لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، نەتەنیا نەیتوانیوە نموونەیەکی باشتر بە کۆمەڵگا پیشکەش بکات، بەڵکوو لە جیاتی ئازادی و پەرەسەندنی سیاسی، تیۆکراسی، سەرەڕۆیی و تۆتالیتارێزمێکی بێ سنوور و بێ وێنەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا جێگیر کردووە. لە بواری گەشەی ئابووریدا، سیستەمێکی مشەخۆر و گەندەڵی سازکردووە کە زۆرینەی کۆمەڵگا هیچ ئاسایشێکی کاری و شوغڵیی بۆ نەماوە. لە پاڵ ئەوانە، سوڵتەی ئیسلامی سیاسی ئەزمەیەکی نوێ، «ئەزمەی کۆمەڵایەتی»ی، خوڵقاندووە کە پێشتر بوونی نەبووە. ئێستا بۆ وێنە لە ئێران، خەڵک تەنیا لە نەبوونی ئازادیی سیاسی و دۆخێکی نالەباری ئابووری و هەژاری وەزاڵە نەهاتوون، بەڵکوو قورساییی قەیرانی کۆمەڵایەتی، لە سەر شانی ئەوانە.

 

پەراوێز

[1]. Islamic fundamentalism

[2]. Essentialist

[3]. بۆ وێنە ڕوانگەی گێڵنێڕلە کتێبی “کۆمەڵگای موسڵمان”

[4]. لە دۆسییەیەک کە دوای ئەو کارە بڵاو بووەوە، هۆکاری هەڵوەشاندەنەوەی خەلافەت شی کراوەتەوە، کە تەنانەت بۆ ئیستاش جێی سەرنجە. لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە کە بە وردی باسی بکەین، بەس ڕەنگە ئاماژەیەکی کورت بە دوو هۆکار سوودمەند بێت. “یەکەم، لەو دۆسییەیەدا هەوڵ درا کە لە نێوان بیری سێکۆلار و ئایینی، سەبارەت بە ئەرک و سیستەمی دەوڵەت، پارسەنگی پێکبێت. دووەم، باس لە ئەوە دەکەن کە خەلافەت قەت سەرۆکایەتییەکی خودایی نەبووە، بەڵکوو دامەزراوەیەک بوو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئیش و کاری موسوڵمانان. خەلافەتی ڕاستەقینە، تەنیا سی ساڵ دوای کۆچی دواییی پەیامبەر بەردەوام بوو، ئەوانی تر هەموویان جەلەبی بوون و تەنیا بە هێزی زۆرەوە حوکمڕانییان کردووە و ئێستا ناتوانن ئەو ئەرکانەی کە پێیان سپێردراوە بەجێ بگەیەنن. هەر بۆیەش موسوڵمانان ئازادن لە هەڵبژاردنی هەر جۆرە حکومەتێک کە خۆیان سوودمەندی دەبینن.” (عەنایەت: ٥٦-٥٥)

[5]. بڕوانە سەید قوتب نشانەهای راه، (معالم فی الطریق).

[6]. Virtue

 

سەرچاوەکان

فارسی

 

ـ عنایت١، حمید (١٣٧٦) سیری در اندیشە سیاسی عرب: از حملە ناپلئون بە مصر تا جنگ جهانی دووم، چاپخانە سپهر، تهران

ـ سروش، عبدالکریم (١٣٧٥) قبض و بسط تئوریک شریعت: نظریە تکامل معرفت دینی، چاپ پنجم،موسئسە فرهنگی صراط، تهران

ـ شبستری، محمد مجتهد (١٣٧٩) نقدی بر قرائت ڕسمی از دین: بحرانها، چالشها و ڕاه حلها، انتشارات طرح نو، تهران.

ـ قطب، سید نشانههای راه  (معالم فی الطریق) ترجمە حسن اکبری، مرزناک مؤسسه خدمات فرهنگی

 

ئینگیلسی

 

ـ Al-Azmeh, Aziz (1996) Islams and Modernities, 2nd Edition, Verso.

ـ Abrahamian, Ervand (1993) Khomeinism: Essays on the Islamic Republic, I. B. Tauris.

ـ Bayat, Asef (2013) Post-Islamism: The Changing Faces of Political Islam, Oxford University Press.

ـ Devji, Faisal (2003) Landscapes of Jihad: Militancy, Morality, Modernity, Cornell University Press.

ـ Enayat2, Hamid (1982) Modern Islamic Political Thought, MacMillan.

ـ Gellner, Ernest (1995) Muslim Society, Cambridge University Press.

ـ Halliday, Fred (1995) Islam & the Myth of Confrontation: Religion and Politics in the Middle East,

ـ I. B. Tauris.

ـ Richard, Yann (1995) Shi’ite Islam, trans. Antonia Nevill, Blackwell.

ـ Rahnema, Saeed &Behdad, Sohrab (1996) Iran after the Revolution: Crisis of An Islamic State, I. B. Tauris.

ـ Rehnema, Ali (2000) An Islamic Utopian: A Political Biography of Ali Shari’ati, I. B. Tauris.

ـ Olivier Roy (1998) The Failure of Political Islam, Tran. Carol Volk, Harvard University Press.

ـ Zubaida 1, Sami (1993) Islam, the People and the State: Political Ideas and Movements in the Middle East, I. B. Tauris.

ـ Zubaida2, Sami (2003) Law and power in the Islamic world, I. B. Tauris.

Zubaida 3, Sami (2010) Beyond Islam: A New Understanding of the Middle East, I. B. Tauris.

Zubaida4, Sami (1997) “Is Iran an Islamic State?” in Joel Beinin& Joe Stork, Political Islam: Essays From Middle East Report, I. B. Tuaris.

error:

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان