ئارامتر بخوێنەوە!

کاتێ لۆژیکی بازاڕ چۆک بە ژیان دادەدا

دەربارەی نیۆلیبراڵیزم و پەروەردە[1]

شەماڵ کاوە


سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ.ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.


پێناسەی کەسی
شەماڵ کاوە  (١٩٦٤) مێژووکاری هزر و زانستە (History of Science and Ideas) و لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لە زانستگای ستۆکهۆڵم خەریکی وانەگوتنەوەیە. بواری سەرەکیی نووسینەکانی کاوە، فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ، بەتایبەت فەلسەفەی سیاسیی میشێل فۆکۆ و هەروەها لیبرالیزم و نیۆلیبرالیزمە. کاوە تا ئێستا لە چەندان کتێبدا، وتاری دەربارەی ئەندیشەی بیرمەندانی وەک وەک میشێل فوکۆ، جۆرجۆ ئاگامبێن، سلاڤۆی ژیژەک، هاننا ئارێنت و هەروەها بابەت دەربارەی پرسگەلی وەک نیۆلیبرالیزم، دێمۆکراسی و پەروەردەوە نووسیوە.



ئاماژە

لە ئەنجامی زاڵبوونی نیۆلیبراڵیزم، سیستەمی پەروەردە لە زۆر شوێندا، ملکەچی لۆژیکی بازاڕ و میکانیزمەکانی کێبڕکێ بووە. ئەمەش هاوتەریب بووە لەگەڵ بەرهەمهێنانی وێژمانی سامانی مرۆڤی، کە لە جەستەی سەوداگەردا بووە بە سووژەی ناوەندی نیۆلیبراڵیزم. دیارە نیۆلیبراڵیزم بەبێ پێداگۆژی و وێژمانێکی تایبەتیی پەروەردەیی و هەروەها کۆمایەک دامودەزگای پەروەردەیی، نەیدەتوانی وەک عەقڵانییەتێکی سیاسی ببێتە بەم هێژمۆنە زاڵە. لەناوەندی ئەم پڕۆژە پەروەردەیییانەدا، ڕوانینی نیۆلیبراڵیزم بە مرۆڤ وەک کۆبەندی وەبەرهێنان، توانیوێتی ببێتە ڕێژیمێکی هەقیقەت. لە هەمان کاتدا گرینگە کە سەرچاوەی هەموو گۆڕانکارییەکانی ئەم چەند دەیەی ڕابرود، نەدەینە پاڵ نیۆلیبراڵیزم، بەڵکوو دەشێ مەرجە شیمانەیییەکانی سەرکەوتوویی و، هەروەها شوێندانەریی نیۆلیبراڵیزم لە پاشخانی هەندێ گۆڕانگاری و وەرچەرخانی پێکهاتەییدا بخوێنینەوە و لێکدەینەوە.

ئیتر لەمەدا هیچ گومانێک نییە کە ئێمڕۆ خەبات لە دژی ئایدیۆلۆژی خۆی بووە بە ئایدیۆلۆژییەکی نوێ.

بێرتۆڵت برێشت[1]


دەستپێک

بابەتی بەردەستتان، ئاماژەیەکە بە هەندێ شوێندانەریی نیۆلیبراڵیزم لەسەر سیستەمی پەروەردە لە ڕۆژئاوادا. دوای کورتەوەستانێک لەمەڕ پێناسەی نیۆلیبراڵیزم هەول دەدەم بەبێ چوونە ناو وردەکارییەکان، دوو جەمسەری سەرەکیی کارتێکەری نیۆلیبراڵیزم لە ئاستێکی گشتیدا دەستنیشان بکەم. دواتر لە ڕێگەی “تیۆریی سامانی مرۆیی”یەوە،[2] خۆم لە پرسی سۆبژێکتیڤیتی (سابجێکتیڤیتی)ی[3] نیۆلیبراڵ نزیک دەکەمەوە، کە هەم کۆڵەکەیەکی سەرەکیی بیرۆکە و پراکتیکی ئەم پێکدێنێت و هەمیش بەتایبەت لە پەیکەری سەوداگەر[4] وەک سووژەی نیۆلیبراڵ، دەورێکی بنجبڕانە لە ئاست پەروەردەدا دەگێڕێ.

زۆر جاران و بەتایبەت لە ئەدەبیاتی ڕۆژانەدا وا پێدەچێت کە “سامانی مرۆیی” و “سەوداگەر” زایەڵەیەکی ئەرێنییان هەیە و دابڕاو لە ناوەڕۆکی ئایدۆلۆژییان، وەک دوو چەمکی بێ لایەن و نیۆتراڵ[5] باسیان لێ دەکرێ. واتە کەم هەیە، جەخت بکرێتە سەر لایەنی ئایدۆلۆژییانە و ناوەڕۆکی مەترسیداری ئەم چەمکانە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە، کە بەئابووریکردن و بازرگاندنی ژیانی جڤاکی و سیاسی لەم چەند دەیەی دواییدا، تا ڕادەیەکی زۆر لە سۆنگەی بەرهەمهێنانی وێژمانی سامانی مرۆیی و سەوداگەرییەوە مەیسەر بووە، سەیرە کە ئەم چەمکانە توانیویانە وا بە خشکە خۆ بخزێننە هوشیاریی کۆمەڵایەتیی ئێمەوە.

ئەمەش ڕەنگبێ هۆکارێکی دیکە بێت لە بژارەی ئەم چەمکانە. چونکو ئەم چەمکانە، میکانیزمەکانی بە نیۆلیبراڵبوونی ئێمە لەقاودەدەن. نەک تەنیا ئێمە وەک تاک، بەڵکوو وەک بنەماڵە، وەک حیزبی سیاسی، وەک حكوومەت و دامودەزگا. لەم نێوەشدا، سیستەمی پەروەردە بە هەموو دامودەزگا و خوێندنگەکانییەوە، هەم بەرهەمهێنەرەوەی ئەم سووژەیەن و هەمیش لە ڕێگەی بەنۆڕمالیزەکردنی ئەم سووژەیە و شاردنەوەی ڕووی ئایدیۆلۆژییانەی ئەم، بەردەوامی و بەرهەمهینانەوەی هێژمۆنی نیۆلیبراڵی، دەستەبەر دەکەن.



ئاڵۆزیی چەمکی نیۆلیبراڵیزم

نیۆلیبراڵیزم وەک چەمکێک کێشە و ئاڵۆزیی کەم نییە کە من لێرە دەرفەتی پەرژانە سەر وردەکارییەکانیم نییە. بەشێ لەم ئاڵۆزییە، لەوانەیە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە لە ئاستی سیاسیدا ئەم چەمکە زۆر جاران (بەتایبەت لە لایەن چەپەکانەوە) وەک سووکایەتی بەکار دێت و ئەوانەی بە نیۆلیبراڵیزم تاوانبار دەکرێن، کەمیان هەن بە ڕاشکاوی و ڕاستەوخۆ ئەم چەمکە بۆ ناسنامەی خۆیان بەکار بێنن. هۆکارێکی دیکە پەیوەندیی بەم ڕاستییەوە هەیە کە وەک نیچە دەنووسێ، هەموو چەمکێکی خاوەن مێژوو، بارگران دەبن بە مانا و ڕاڤەی جیاواز. واتە تەنیا چەمکێک کە مێژووی نییە، دەتوانێ شەفاف و تاکواتە بێت، ئەگینا هەموو چەمکێکی خاوەنی مێژوو، مەیدانی شەڕی ڕاڤە و بۆچوونی جیاوازن.[6] هۆیەکی دیکە، دەگەڕێتەوە سەر ئەو کارکردە فرە جیاوازانەی دەخرێنە پاڵ ئەم چەمکە. واتە هەندێک نیۆلیبراڵیزم وەک ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی دەبینن کە نوێنەرایەتیی توێژێکی نوێی سەرمایەی ماڵی (فینانس) دەکات. کەسانێک هەن کە ئەم چەمکە بۆ کۆمەڵێک پرەنسیپی ئابووری بەکار دێنن و هەندێ لەم چەمکەدا، سازانێکی مێژوویی لە نێوان جەماوەری بەلاڕێداچوو و نوخبەی سەرمایەداردا دەبینن.[7] بە بڕوای من هەمووی ئەو بۆچوونانە، کەم تا زۆر، هەندێ ڕەهەندی سەرەکیی نیۆلیبراڵیزم دەپێکن، بەڵام بێبەشن لە شیکردنەوەی چۆنیەتیی تەشەنەسەندنی نیۆلیبراڵیزم لە کۆمەڵگا فرە جیاوازەکاندا.

ئێمە کاتێک باسی نیۆلیبراڵیزم دەکەین، لەراستیدا باسی هێژمۆنییەک دەکەین کە لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، نەتەنیا ڕەنگدانەوەی خەستی لەسەر ژیانی سیاسی، ئابوری و کولتوریی ئێمەدا هەبووە، بەڵکوو تەنانەت ڕەفتاری ڕۆژانە، پەیوەندییەکان و پێوایی و تێگەیشتنی ئێمە لە خودی تووشی گۆڕان کردووە. واتە لێرە باس، باسی ئەوە نییە کە چۆن حكوومەتە جیاوازەکان توانیوییانە، سیاسەتێکی نیۆلیبراڵ بەسەر سیستەمی ئابووری یان پەروەردەی وڵاتەکانیاندا بسەپێنن. نا، پرسیار ئەوەیە کە چۆن ئەم نیۆلیبراڵیزمە، توانیوێتی پەیوەندیی ئێمە لە خۆماندا، لەگەڵ نزیکترین کەسانمان و لەگەڵ ئەوانیتردا بگۆڕێ؟

بۆیە گرینگە ئێمە نیۆلیبراڵیزم و هێز و سەرکەوتووییی ئەم وەک هێژمۆنییەک، تەنیا لە شێوەی نەفی و نگەیشن[8] یاخود لە سۆنگەی فاکتۆرە نەرێنییەکاندا نەبینین (وەک نەبوونی ئاڵترناتیڤی چەپ، قەیرانی ئابووری دەیەی هەفتا و …)، بەڵکوو دەبێ هاوکات سەرنجی لایەن و هێزی بەرهەمهێنەرانە و داهێنەرانەی نیۆلیبراڵیزم بدەین و توانستی ئەم لە تەرجومەی بیرۆکەکانی خۆی بە مۆدێل، خەون و مەیلی ڕۆژانەی جەماوەریدا لەبیر نەکەین. ئەمە لە ڕاستیدا، ڕەگەزێکی گرینگی هەموو هێژمۆنییەکە بۆ ئەوەی، بەبێ پەنابردن بۆ توندوتیژیی فیزیکی، بتوانێ ڕوانگە و بۆچوونەکانی بکاتە جەماوەری، واتە ببێتە ڕێژیمێکی هەقیقەت یان ڕاستینە.[9] هەموو هێژمۆنییەک، وەک ڕێژیمێکی زانیاری و  هەقیقەت، هێز و توانستیان لەوەدایە کە بتوانن پەسندی کەسان و جەماوەر بەرەوخۆیان ڕابکێشن یاخود ڕوانگە و بۆچوونیان، وەک هەڵوێستگەلی سروشتی و ژیرانە بنوێنن. بەکورتی، هژمۆنییەکی سیاسی، بەبێ شیوازێکی سەرکەوتووی سوبژێکتیڤیتی نامەیسەرە. هەر ئەم خاڵەش، لای من ئاراستەیەکی فرە سەرکەوتوو و هەروەها مەترسیداری نیۆلیبراڵیزم دەردەخات کە نەتەنیا، جەستە و ڕۆحی کەسی ئورووپی و کوردی داگرتووە، بەڵکوو هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێ دا، لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا، لە هەڵسوکەوتی حیزبەکان و تێگەیشتنی ئەوان لە سیاسەت، لە پەیوەندیی ئێمە لە گەڵ خۆماندا، لە هەڵسوکەوتی ئێمە لەگەڵ دامەزراوەی وەک بنەماڵە، پەروەردە، خۆشەویستی و حیزبایەتیدا، ڕەنگدانەوەیەکی زەقی هەیە.

با لێرەش بە خێرایی پەنجە بۆ دوو خاڵی گرینگ ڕابکێشم. یەکەم، من لە دژی ئەم بۆچوونە گشتگیرانەم کە نیۆلیبراڵیزم بە سەرچاوەی هەموو نەگبەتی و نەهامەتییەک دەزانن. ڕاستە نیۆلیبراڵیزم دەوری سەرەکیی لە قووڵبوونەوە و بەرفرەوانبوونەوەی نایەکسانیدا هەبووە و لە هێزکاریی ئەو لە وێرانی و نەهاتیی زۆر وڵاتان، جێگەی نکۆڵی نییە، سەرەڕای ئەمەش، ئێمە نابێ تووشی ئەم ساکارییە بین کە پێمان وا بێ نیۆلیبراڵیزم لە پشتی هەموو نەهامەتییەکە و دەستی لە هەموو کێشەیەکدا شاراوەیە. لە شیکارییەکی بابەتییانەدا، پرسیار دەبێ ئەوە بێت کە چۆن ئەم نیۆلیبراڵیزمەی ئێمە بە حەق، بە هێمای نەهاتیی جەماوەری خەڵک و دزێویی دادەنێین، توانیویەتی ئاوا بەرفرەوان ڕا و سەرنجی کۆمەڵانی خەڵک بۆ لای خۆی ڕاکێشێ؟ بۆیە دەبێ ئێمە مەرجەکانی شیمانەییی سەرهەڵدان و تەشەنەی نیۆلیبراڵیزم، هەرنا لە یەک ڕووەوە، لە توانستی فکری و قواستنەوەی ئەوان لە فرسەتێکدا ببینین کە گۆڕانکارییە ساختارییەکان هۆکاری بوون. فرسەتێک کە چەپ و لیبراڵەکان یان نەیانبینی یان نەیانتوانی بیقۆزنەوە.

دووەم، ئێمە نابێ نیۆلیبراڵیزم وەک درێژەی لیبراڵیزم یان وەک ڤێرژنێکی پەڕگیرانەی لیبراڵیزم ببینین. ئەم دووانە لە هەندێ ڕووی گرینگەوە لێک جیان، بەتایبەت کە دێتە سەر ڕوانینی ئەمان بۆ بازاڕ و کارکرد و سروشتی بازاڕ، ڕوانینیان بۆ مرۆی ئابووری[10] و هەروەها هەڵوێستیان سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان بازاڕ ودەوڵەت. ئەمە گرینگە بۆ ئەوەی ئێمە دەرک بە داپسان و وەرچەرخانی ئیپیستمۆلۆژییانەی نێوان لیبراڵیزم و نیۆلیبراڵیزم بکەین، ئەگینا دابڕینە بنەڕەتییەکان و هەروەها جیاوازییە بەرچاوەکانی نێوان لیبراڵیزم و نیۆلیبراڵیزم ون دەبن. لێرەدا بەتایبەت دوو ڕەهەندی گرینگ دەبێ ئاماژەیان پێ بکرێ. یەکەم، بازاڕ لای نیۆلیبراڵیزم دیاردەیەکی سروشتی نییە، بەڵکوو دەستکردە و پێویستی بە تەیارکردن و پێڕاگەیشتنە. ئەمە بە پێچەوانەی لیبراڵیزمی کلاسیکە کە پێیان وا بوو بازاڕ دیاردەیەکی سروشتییە و خۆی دەتوانێ، بە وتەی ئەدام سمیت،[11] لە ڕێگەی “دەستە نادیارە”کانییەوە، بەڕەی خۆی لە ئاو دەرکێشێ.

دووەم، لە باری مێژوویییەوە، کێشەی لاباڵەکانی لیبراڵیزم لە سەر سنووری دەسەڵاتداری و ئۆتۆریتەی دەوڵەت و ڕادەی مافی خۆتێوەردانی ئەو لە کاروبار و کارکردی بازاڕ زۆر بووە. بەڵام سەرەڕای هەموو کێشە و دژدەنگییەک، ئەوان بەر لە سەرهەڵدانی نیۆلیبراڵیزم، لەسەر ئەوە هاودەنگ بوون کە لە دوایین لێکدانەوەدا، دەوڵەت دەبێ لە بڕیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا (تەنانەت زۆر جاران ئابووریشدا) دەستی باڵای هەبێت. بەڵام لای نیۆلیبراڵیزم، بە پێچەوانە، دەوڵەت و سیاسەت تەنیا کاتێ دەتوانن ڕەوایەتییان هەبێت کە پەیڕەوی لۆژیکی ئابووری و بازاڕ بن. نیۆلیبراڵیزم بەم جۆرە پەیوەندیی دەوڵەت و شارۆمەند دووبارە دادەڕێژێتەوە. لەم پەیوەندە نوێیەدا، دەوڵەت دەوری دابینکەر و  دەستەبەرکەر دەگێڕێ و شارۆمەندیش دەبێتە بەرخۆری خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ڕێگەی بازاڕەوە دەفرۆشرێن.

لە کۆتاییدا، گرینگە سەرنجی ئەم خاڵەش بدەین کە مرۆڤ لای لیبراڵیزم تەنیا مرۆڤی ئابووری یان سووژەی ئابووری نییە، بەڵکوو مرۆڤی ئابووری، لایەنێکی ئەو پێکدێنێ. مرۆڤ لای لیبراڵیزم هاوکات هەم سووژەیەکی سیاسییە و هەمیش حقوقی. بەپێچەوانەوە لای نیۆلیبراڵیزم مرۆڤ تەنیا لە قەوارە و لە خانەی بازاڕ و چالاکییەکانی ناو بازاڕدا پێناسە دەکرێت.

 

لە نێوان پێکهاتە و ئایدیۆلۆژیدا

لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، سیستەمی پەروەردەی زۆرینەی وڵاتانی جیهان تووشی ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو هاتووە، بەچەشنێ کە دەکرێ باسی وەرچەرخانێک لە سیاسەتی پەروەردە[12] یان وێژمانێکی نوێی پەروەردە بکەین. هەڵبەت ئەم وەرچەرخانە خۆی یەکێکە لە لێکەوتەکانی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی خۆشبژێو و نسکۆی بەرەی چەپ و لیبراڵی ڕۆژئاوا. هەرچەند ئەو گۆڕانکارییانە لە وڵاتە جیاوازەکاندا لە ڕووی خێرایی، پانتایی و قووڵاییدا وەک یەک نەبووە، بەڵام دەکرێ کۆمەڵێ ڕەهەند، ڕێکار و جەمسەری هاوبەش دەستنیشان بکەین، کە هۆکار و چاوگە هاوبەشەکانی ئەم گۆڕانکارییانە نیشان دەدەن. لە پاڵ ئەمەشدا، نابێ ئێمە دەوری بێوێنەی شۆڕشی زانیاری و تێکنۆلۆژیا لەبەرچاو دوور خەین کە گواستنەوەی ڕۆژئاوای لە سیستەمی فۆردیزم بۆ پۆست‌فۆردیزم مەیسەر کردوو و بەم چەشنەش گۆڕانکارییەکی قووڵی لە هوشیاری و تێگەیشتنی ئێمە لە دیاردەگەلێکی وەک شوێن، کات، کار، چین، تاک و پێناسە پێکهێنا.[13] بەتایبەت ئاڵوگۆڕ لە ڕێکخستی کار (کە تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی گەشەسەندنی تێکنۆلۆژیای زانیاری و گەیاندنە[14] لە بەرهەمهێناندا) لەگەڵ جێگیربوون و بەهێزبوونی کەرتی خزمەتگوزاری[15]، بووەتە هۆی هەڵکشانی دەوری تێبەر (بخۆر) و داکشانی دەوری شارۆمەند. ئەم جێگۆڕکێیە لە پلە و گرینگیی تێبەر و شارۆمەند، هەم چاوەڕوانییەکی جیاواز لە هێزی کار و  توانستەکانی ئەو دەخوازێ و هەمیش جۆرێکی‌تر لە ویست و داخوازی لە مەیدانی سیاسەت و حیزبیدا دەخوڵقێنێ.

کە وایە ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەی لە کۆمەڵگا و لە سیستەمی پەروەردەدا ڕوویان داوە، لانی کەم دوو چاوگەی پێکهاتەیی (ساختاری) و سیاسیی جیاوازیان هەیە. یەکەمیان دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕەهەندە پێکهاتەیییانەی کە لەو نیو سەدەیەدا، ڕوخساری کۆمەڵگاکانی ئێمەی تەواو گۆڕیوە. ئەم گۆڕینەش، تا ئاستێکی زۆر لە سۆنگەی گەشە و پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیا و مەرجە بنەمایییەکانی ئابووری، زانیاری و گەیاندن بووە و کەمتر ئاراستەی ئایدیۆلۆژییانەی پێوە دیارە. سەرەڕای ئەمەش، ئەم ڕەوتە کارتێکەریی بەرچاوی هەبووە لە ڕەفتار و ڕوانینی ڕۆژانەی ئێمە سەبارەت بە کۆمەڵ، تاکێتی، کار، هەقیقەت، زانست و خود.

ئەم گۆڕانە پێکهاتەیییە لە ئاستی پەروەردەشدا دەورێکی کاریگەری هەبووە لە هێنانە ئارای وێژمانی نوێ، کە نابێ تەنیا لە ئاستی فێرکارانەدا[16] بەربەست کرێت. ئەمە تەنیا مەسەلەی هاتنی ئامراز و کەرەسەی نوێی دیجیتاڵ یان سەرچاوە و چاوگەی نوێی فێربوون نییە کە، بۆ وێنە، خوێندنگاکانی گۆڕیوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا، ڕەوایەتی خوێندنگە و بەتایبەت مامۆستای خوێندنگەی لاواز و هەندێ جاریش، بەتەواوی تووشی تەنگژە کردووە.[17] ئەمەش درێژەی ڕەوتێکە، کە لەودا بڕوا بە هێزی ڕزگارکەری دامەزراوەکانی خوێندنگە و تەنانەت زانیاری فرە سست بووە و دامرکاوە.

لێکەوتەیەکی فرە گرینگی دیکەی ئەم ڕەوتە و بەتایبەت گواستنەوەی سەرمایەداری لە شێوە ڕێکخراوەی فۆردیزم بەرەو پۆست‌فۆردیزم و گواستنەوەی مرۆڤەکان لە کارخانەکان و کاری بەکۆمەڵ بەرەو کەرتی خزمەتگوزاری و کاری داهێنەرانە، سەرهەڵدانی تاکێکی تازە بوو کە وێکچووییی لەگەڵ تاکی لیبراڵ زۆر نەبوو. ئەم تاکە خۆی زیاتر پێ تاقانەیە[18] تا تاکێک کە دەیەوێ وەک خۆی بێت. سەرهەڵدانی ئەم چەشنە تاکە یان ئەوەی پییەر ڕۆسانڤالۆن،[19] وەک کۆمەڵگای تاقانەکان[20] یاخود، تاکسالاریی نوێی تاقانە[21] باسی لێ دەکات.[22] ئەم تاکە نوێیە، تەنانەت لە پرسی نایەکسانیشدا، جیاوازییەکان لە ئاستێکی تاکەکاندا دەبینێت تا لە نیوان چینەکان و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا. واتە تەنانەت نایەکسانیش دەبێتە ئەزموونێکی تاکیی تاقانە. ئەمەش ڕەنگبێ یەکێ لەو هۆکارانە بووبێت کە ڕێخۆشکەر بوو لە گەشەی سیاسەتی پێناسە. بە هەرحاڵ، ئەم تاکە تاقانەیە، نامۆیە بە سیستەمێکی پەروەردە کە لەودا، تاک دەبێ خۆی لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا بگونجێنێ. ئەم گۆڕانە لە ڕاستیدا ڕەهەندێکی جیددیی تەنگژەی ئێمڕۆی خوێندنگا و پەروەردەیە کە لە بنەڕەت و لە پلەی یەکەمدا، ئەنجامی گۆڕانێکی ئایدیۆلۆژییانە نەبووە.

بەهەرحاڵ، من لەم باسەمدا ناپەرێژیمە سەر ئەم لایەنە ئاڵۆز، فرەڕەهەند و لە هەمان کاتدا گرینگە. ئەم نموونانەم بۆیە هێناوە کە ئێمە خۆپارێز بین لە تێکەڵکردنی ئەم ڕەوتە جیاوازانە و تووشی ئەم هەڵە باوە نەبین کە هەموو گۆڕانێک بخەینە گەردنی نەیار (لێرە نیۆلیبراڵیزم) و بەم چەشنە لە جیاتی خەریکبوون بە کاری شرۆڤە و شیکاری، بکەوینەی داوی تیۆریی پلانگێڕی.

دووەم چاوگە، تایبەتمەندییەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژییانەی هەیە. ئەوە لەم ڕەوتەدایە کە نیۆلیبراڵیزم وەک هێزی سەرەکیی قووت دەبێتەوە و ئاڵای بەرەنگاری لەگەڵ سۆسیالیزم و هەروەها کێنزیانیزم[23] هەڵدەگرێ، کە لە ڕۆژئاوادا لە جەستەی دەوڵەتی خۆشبژێودا خۆی نواندبوو. هەڵبەت سەرهەڵدانی نیۆلیبراڵیزم دەگەڕێتەوە بۆ مەودای نێوان دوو شەڕی جیهانی و وەک بەرەنگارییەک لەگەڵ ئابووریی پلانداڕێژراو و وەک وڵامێک بەو تەنگژەیەی ئەوسا لەلایەن فاشیزم و سۆسیالیزمەوە بەرۆکی ئورووپای گرتبوو. فۆکۆ لەمبارەیەوە دەڵێ کە وێکچوونێک لە نێوان ئوردۆلیبراڵەکان [24] و قوتابخانەی فڕانکفۆرت هەیە. لە حاڵێکدا بیرکارانی قوتابخانەی فڕانکفۆرت دەیانهەویست عەقڵانییەتێکی کۆمەڵایەتیی نوێ بدۆزنەوە کە بتوانێ پێش بە ناعەقڵانییەتی ئابووری بگرێت، وا جەماعەتی ئوردۆلیبراڵ بە پێچەوانەوە بەدوای ڕێگەیەکدا بوون کە عەقڵانییەتی ئابووریی سەرمایەداری بە شێوەیەک لە سەرڕاوە پێناسەبکەنەوە کە ناعەقڵانییەتی کۆمەڵایەتیی سەرمایەداری هەڵوەشێنێتەوە.[25] واتە ماکێکی سەرەکیی نیۆلیبراڵیزم، پێدەچێ هەر لەسەرەتاوە، دوژمنایەتی لەگەڵ ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ناعەقڵانییەتی ئەو بێت و دەرمانی ئەمەش لای ئەوان مۆدێل و میکانیزمی بازاڕ بوو.

ئەوە لە حەفتاکان بەولاوەیە کە نیۆلیبراڵیزم بەشێوەیەکی بەرهەست، ئامادەییی مەیدانیی خۆی نیشان دەدات و لە ماوەیەکی کورتدا، دەسەڵاتی لە دوو وڵاتی بەهێزی ڕۆژئاوا (بریتانیا و ئەمریکا) دەستەبەر دەکات. ئاراستەی هەرە سەرەکیی نیۆلیبراڵیزمیش لەم ماوەیەدا، بەدەر لە هەموو جیاوازییەکانی، بەتایبەتکردن[26] و تەفروتووناکردنی هەموو ئەو دامەزراوە و ڕاژە (خزمەتگوزارییە) گشتییانە[27] بوو کە بەئاستەم بۆنی بەکۆمەڵ،[28] بەکۆمەڵباوەڕی،[29] و هاوبەستیی[30] لێ دەهات و بۆیەش لە هەموو شوێنێک، یەکێتییە کرێکاری و فەرمانبەرییەکان و دەوڵەتی ڕیفاهـ، بەرپێکی سەرەکیی هێرشەکانی نیۆلیبراڵیزم بوون. سیستەمی پەروەردەش یەکێ لەو دامەزراوانە بوو کە بڕبڕەی پشتی دەوڵەتی ڕیفاهـ یان خۆشبژێویی پێکدێنا.

من لەم وتارەدا، مەبەستم پێکانی هەندێک تایبەتمەندی و ماکی ئەو ڕەوتە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەیە. خودی ئەم ڕەوتە، لقوپۆپی زۆر لێ دەبێتەوە و بە گوێرەی وڵات، لە بێچم و قەوارەی جیاوازدا دەردەکەوێ و بەدی دێت. کەچی دیسانیش دەکرێ  لە ئاستێکی گشتیدا، باسی دوو گواستنەوەی هێمایی و سەرەکی بکەین کە دابڕانی سیستەمی پێشووی ڕۆژئاوا، لەگەڵ سیستەمی نیۆلیبراڵی ئێستادا پێشان دەدات و بە هەمان شێوەش داستانی کەوتنە ئاویلکەی پەروەردەی پێشڕەو[31] و سەرهەڵدان و گەشەی پەروەردەیەکی سەوداگەرانە[32] نیگارکێش دەکات.


داڕشتنەوەی[33] سیستەمی پەروەردە

ئەم داڕشتنەوەیە پەیوەستە بە گواستنەوەی پەروەردە وەک کەرەسەی بەرژەوەندیی گشتی، بۆ پەروەردە، وەک کەرەسەی بەدیهێنانی پڕۆژەی کەسێتی. واتە پرۆسەیەک کە پەروەردە وەک کەرەسەیەک بۆ چاکسازی و گۆڕینی کۆمەڵگا بەرەبەرە بووە بە سەکۆیەک بۆ بەتاقیکردنەوە و بەدیهێنانی پڕۆژە شەخسییەکانی تاک. پەروەردە لە وێژمانی مۆدێرنیتەدا، تەنیا ئەرکی فێرکاری و بەئابووریکردنی وزەی کار نەبوو، بەڵکوو ئەرکی سەرەکیی (لانی کەم لە تیۆریدا)، گۆشکردن و ڕاهێنانی شارۆمەند و هاووڵاتییەکی دێموکڕات بوو. واتە گۆشکردن و بارهێنانی تاکێک کە بەرژەوەندیی کۆمەڵگا لە سەرووی بەرژەوەندیی خۆی دادەنێ. لەم وێژمانەدا، جیاوازییەک لە نێوان پەروەردە و دێموکڕاسیدا نەبوو و هەروەک جان دووئیی،[34] فەیلەسۆفی پراگماتیست و بەناوبانگترین وتەبێژی پێداگۆژی پێشڕەو، دەڵێ: پەروەردە خۆی دێموکڕاسییە و ئامانجی سەرەکیی پەروەردەش، ئامادەکردنی مناڵان بۆ بازاڕی کاری داهاتوو نییە، بەڵکوو پەرداخکردنیانە بۆ بەشداری لە کار و چالاکیی کۆمەڵایەتیدا.[35] بۆیەش لەم ڕەوتەدا و بەتایبەت دوای پەنجاکان و سەرهەڵدان و گەشەی دەوڵەتی خۆشبژێو، سیستەمی پەروەردە نەتەنیا وەک کەرەسەیەک بۆ چاکسازیی کۆمەڵگا سەیری دەکرا، بەڵکوو هاوکات بەردێکی بناخەی سیستەمی سیاسیی ڕۆژئاوا بوو، کە هەم ئەفسانەی شایستەسالاری (مێریتۆکراسی)ی[36] زیندوو ڕادەگرت و هەمیش بەرهەمهێنەرەوەی وێنەی شارۆمەند بوو. بۆیەش دەوڵەت خۆی بووە بە خاوەن و بەرپرس لە داڕشتن، بەجێگەیاندن و وەگەڕخستنی سیاسەتی پەروەردە. بەم چەشنە دەوڵەت لە لایەکەوە پەروەردەی لە شکڵی کاڵا دەرخست و کردی بە چەشنە مافێکی کۆمەڵایەتی و لە لایەکی دیکەشەوە، بەڵێنی دەستەبەرکردنی جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتی[37] بە شارۆمەندانی خۆی دەدا.

پێ بە پێی بەهێزبوون و گەشەسەندنی نیۆلیبراڵیزم، پەروەردە دووبارە کرایەوە بە کەرەسەیەک لە خزمەت بەرژەوەندیی تاک و بەدیهێنانی پڕۆژەکانی ژیانی تاکەکەسەکان. دەوڵەتیش لەپڕ لە هەموو شوێنێک یان ئاشبەتاڵی کرد و لە کردەوەدا، دەسەڵاتی داڕشتن و گەڵاڵەکردنی سیاسەتی پەروەردەی ڕاست و ڕەوان پێشکەشی کۆمەڵێ ئەکتەری کەرتی تایبەت کرد، یانیش بووە بە ئامرازی بەڕیوەبردنی سیاسەتی بازاڕ. ئەو ئەکتەرانە بەیەکەوە توانیویانە تۆڕێکی جیهانیی پەروەردە بخوڵقێنن کە لە ڕێگەی جیاواز وەک بەراوردکردن، ئامارگیری، ڕاوەرگرتن، ڕیزبەندی و پلەبەندی، دەوری فرە بنجبڕیان هەبووە لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی پەروەردە لە جیهاندا. بەمجۆرە، پەروەردە دووبارە بووە بە کاڵایەک کە ئەم تۆڕە بە نرخی جیاواز لە بازاڕدا دەیفرۆشێ. ئەگەر پەروەردە وەک کەرەسەیەک بۆ بەرژەوەندیی گشتی، بەشێک بوو لە سیاسەتی نەتەوەییی هەر وڵاتێک، لە پڕ پەروەردە وەک کاڵایەک، بووە بە کەرەسەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تاکەکەس و بەشێك لە پەروەردەیەکی گلۆباڵ. ئەم بەجیهانیبوونەی پەروەردە، ڕێخۆشکەر بووە لەوەی داڕشتنی سیاسەتی پەروەردە لە دەستی دەوڵەتەکان دەربێت و بخرێتە ئامێزی کۆمەڵێ ئەکتەری کەرتی تایبەت (لە قەوارەی زلەرێکخراوی فرەنەتەوەیی و باننەتەوەییدا). ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی “بازاڕی بەجیهانیبووی پەروەردە” کە لە ئینگلیزیدا بە چەمکی (edu-business) ناوزەد بووە.[38]

بەم جۆرە پەروەردە و زانیاری بووە بە کاڵایەکی هەناردە و لە چەشنی هەموو کاڵای دیکە، بە چۆنییەتیی جیاواز و نرخی جیاواز، دەفرۆشترێتە مشتەرییەکانی. دەوڵەتیش لەم بەینەدا، هەم دەوری مشتەری دەبینێ و هەمیش دەوری دابینکەر. نموونەیەکی هەرە زەقی ئەم چەشنە ڕێکخراوانە لە ڕۆژئاوادا پیسایە (PISA).[39] “پیسا” کە لەلایەن ڕێکخراوی هەماهەنگیی هاوبەشی ئابووری و گەشەسەندنەوە (OECD) درووست کراوە، لە ماوەی ئەم چەند دەیەیەدا، بەتەواوی سیما و ئاراستەی پەروەردەی ڕۆژئاوا و تەنانەت بەشێکی گەورەی وڵاتانی جیهانی گۆڕیوە. کەرەسەی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوەیەش، ڕووپێوان، نرخاندن و هەڵسەنگاندنی زانیاریی نێوان پەروەردەی وڵاتانی جیاوازە. بەم چەشنە ئەم ڕێکخراوەیە بازاڕێکی جیهانیی کردووەتەوە کە لە زۆر وڵاتان، حكوومەتەکان ناچار پەیڕەوی لە سیاسەت و ئامۆژگارییەکانی دەکەن. سیاسەتی گشتیی ئەم ڕێکخراوەیەش، لە وێنەی ڕیکخراوەکانی هاووێنەی وەک بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەییی پارە، گەشەی ئابوورییە لە سەر پرەنسیپە نیۆلیبراڵییەکان و مەرجەکانی بازاڕ.

بە کورتی، پەروەردە لە سایەی نیۆلیبراڵیزمدا، بەرەبەرە لە پرسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و وەک کەرەسەی خێر و بەرژەوەندیی گشتییەوە[40] بووە بە ئەمرێکی ئەهلی و ئامرازی خێری کەسێتی[41] و پرس و مافی بنەماڵەکان. بەم چەشنەش سازدان و پیکهێنانی شارۆمەند جێی داوەتە پڕۆژەی سازکردنی سەوداگەر و بەرخۆر[42]. لەم ڕوویەوە ڕەنگبێ زێدەڕەویی نەبێت ئەگەر بڵێین ئەمە بەدیهاتنی خەونی مارگرێت تاچێرە[43] کە دەیگوت، “شتێک بەناوی کۆمەڵگا بوونی نییە، ئەوەی هەیە تاکی ژن و پیاو و بنەماڵەیە.”[44]


سەرهەڵدانی تاکێتیی تاقانە[45]وماڵئاوایی لە پێکهاتەکان

 دوای پەنجاکان لە ڕۆژئاوا پڕۆژەی دەوڵەتی خۆشبژێو خێرایی دەگرێ و دەبێتە پڕۆژەیەکی سیاسیی هاوبەش. ستوونی ئەم دەوڵەتە لە سەر بنەمای کێنزیانیزم ڕاوەستاوە کە لەودا دەوڵەت دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ لە ئابووری و داڕشتنی سیاسەتی کۆمەڵایەتی. یەکێ لە بنچینەکانی دەوڵەتی خۆشبژێو، بەکۆمەڵایەتیکردنی ڕیسکەکانە.[46] واتە دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسوودە، سەرەڕای مەترسییەکانی وەک هەژاری، بێکاری، نەخۆشی، پەککەوتوویی و پیری. کەرەسەی ئەم کارەش سیستەمێکی گشتگیری بیمە لەلایەک و سیستەمێکی باجی هەڵکشاو یان پلەدار[47] لە لایەکی دیکە بوو. لەم نێوەدا، دەوری پەروەردە لە چەند ڕووەوە، بەهای فرەی پێ دەدرا. لە لایەکەوە، پەروەردە ئەرکی کەم کردنەوەی کەلێن و قەڵشتی چینایەتیی کەوتە ئەستۆ، هەم لە ڕێگەی جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتی و هەمیش لە ڕێگەی چاکسازی لە مێنتالیتە و هوشیاریی کۆمەڵایەتی. لە لایەکی دیکەوە، بە سەقامگیربوونی سیستەمی خوێندنگەی هاوبەش (کچ و کوڕ، نەدار و دەڵەمەند)، دژبەرەکییەکانی کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەک سەرپۆشیان لێ نرا و زەمینە بۆ سازشێکی کۆمەڵایەتی و هاوبەستی کۆمەڵایەتی ساز بوو کە مەرجێک بوو بۆ مانەوە و پەسندکردنی دەوڵەتی خۆشبژێو و بەتایبەت سیستەمی باجی ئەم وڵاتانە.

بەڵام ئەوەی لەمانە گرینگتر بوو، سەرهەڵدان و گەڕانەی پێکهاتە بوو وەک هۆکارێکی شیکارانە. ئەمە بە چ مانایە؟ سیستەمی پەروەردە لە ڕۆژئاوا تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر تاوی شیکاریی تاکێتی و دەروونناسی بوو کە لەودا، توانست و بەهرەی تاک لە ناوەندی بژارە و  شرۆڤەی پەروەردەدا بوو. کاتێک ئەم سیستەمە نسکۆی هێنا یان هەر نا، نەیتوانی بە شێوەیەکی ڕزامەندانە گرێکوێرەکانی سیستەمی پەروەردەی ڕۆژئاوا تا پەنجاکان شی بکاتەوە، ئەوسا پەنا بردرا بەر ڕەخنە و چارەسەرە پێکهاتەیییەکان. واتە هەم ڕەخنەیەکی پێکهاتەیی لە نایەکسانی (چۆنە مناڵی چینی کرێکار هەمیشە لە مناڵانی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان، لاوازتر و لە پاشترن؟) و هەمیش گەڕان بەدوای چارەسەری پێکهاتەیی، واتا پێشنیاز و چاکسازیی گرووپی، بەکۆمەڵ و لە ئاست توێژ و چینی کۆمەڵایەتیدا (سەرنجدان و  چاکسازی لە هەلکێشانی قوتابییە لاوازەکان). ئەمەش مانای گەڕانەوەی دووبارە چەمکگەلێکن کە ئەم نایەکسانی و میکانیزمەکانی ئەو نایەکسانییە لە سەر بنەمای پێکهاتەیییەوە شرۆڤە دەکەن. بۆیەش سەیر نییە کە لەم قۆناغەدا بیرمەندانی نیۆمارکسی و چەپ لە پڕ دەبنە پێشڕەو لە شیکاریی سیستەمی پەروەردە و پێشنیاز و ڕەخنەکانی ئەوان دەبێتە بەردی بنەمای کۆمەڵناسیی پەروەردە.[48]

ئەوەی لە ئەنجامی گەشەی نیۆلیبراڵیزمدا ڕوودەدات، گەڕانەوەیەکی دووبارەیە تاک و تاکێتی (بەڵام ئەمجارەیان، هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، تاکێکی تاقانە) و دوورخستنەوەی هەموو چەشنە شیکارییەکی پێکهاتەیییە، لە پلان و سیاسەتی چاکسازیی پەروەردەدا. لە بری ئەمانە، فشارێکی زۆر دەخرێتە سەر خوێندنگە گشتییەکان و لە ڕێگەی جیاوازەوە ڕێ خۆش دەکرێت بۆ بەتایبەتکردنی کەرتی پەروەردە. لەم نێوەشدا، پەروەردە لە مافی شارۆمەندییەوە دەبێتەوە مافی دایک و باوکان یان لە ڕاستیدا مافێک کە دایک وباوکان بە گوێرە وزەی کڕیاریان[49] دەتوانن بۆ مناڵەکانیان دەستەبەر بکەن. ئەمەش دووبارە، شیمانەی بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی بەرز دەکاتەوە. لە سیستەمێکی ئاوادا، هاوبەستی شوێنی نییە و هەر کەسە، هەوڵی ئەوە دەدات کە زیاترین کەڵک لە خوێندنگە وەربگرێت، بەڵام نەک بۆ فێربوون و بۆ یارمەتی بە بەرژەوەندیی گشتی، بەڵکوو بۆ سەرکەوتنی تاکەکەسی، بۆ پلەهاوێژی[50] و بۆ بەدیهێنای ئامانج و پڕۆژە شەخسییەکان. بەم چەشنە دووبارە تاک بووەوە بە ناوەند و ماکی شیکردنەوەی سەرکەوتوویی و نسکۆی کەسەکان.

ئەنجامێکی ئەم بیرۆکەیە، لاوازکردن و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵێک دامەزراوە بوو کە بە شێوەی جیاواز (بۆ وێنە لە شێوەی سیستەمی باجەوە گرتوویەتی تا سیستەمی بیمە و دەزگا گشتییەکانی خزمەتگوزاری) هاسانکاریی بۆ ئەندامانی بێ دەرەتان و هەژاری کۆمەڵگا دەکرد. بەو پێیە، هەموو ئەو گرفت و کێشە کۆمەڵایەتییانەی پێشتر وەک ئەنجامی کۆمەڵێک پێکهاتەی نایەکسان و ناهاوسەنگ دەبیندران، ئێستا وەک ئەنجامی شایانێتیی کەسەکان و ڕادەی توانستی ئەوان، یان بەپێچەوانەوە، وەک ئەنجامی کەمتەرخەمی لە دەستپێشخەریی، نەرمێتی[51] و هوشیاریی ئەوان لێکدەدرێنەوە. لەخۆڕا نییە کە لەم دواییانەدا، لە دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە گرتوویەتی تا مێدیاکان، هەموویان ستایشی دەوڵەمەندەکان دەکەن و کاری خێرداری بووە بە حەزی دەوڵەمەندەکانی وڵات و ڕۆژئاوا. ئەمانە وا دەنوێنن کە گۆیا هەژاری و نەداری هاومانان لە گەڵ تەمبەڵی و نەبوونی هەست بە بەرپرسێتی، یان لە باشترین حاڵەتدا، بەدشانسی. بۆیەش خەونی بوون بە ئەستێرەی سپۆڕت یان موزیک، بووەتە خەونێک کە بەردەوام لە لایەن مێدیاکانیشەوە بەرهەم دێتەوە.[52]

بە کورتی ئەم دوو ڕەوتەی سەروو، ناوەڕۆکی گواستنەوەیەک دەدرکێنن کە لە سۆنگە و لە ئەنجامی تەشەنەی نیۆلیبراڵیزمدا ڕوویان داوە و تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستن بە ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئایدیۆلۆژییانەوە کە بەرەبەرە ڕوخساری ڕۆژئاوایان گۆڕیوە. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە گۆڕانکارییە  پێکهاتەیییەکان دەکرێ بەتەواوی لە لایەنە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکان جیا بکرێنەوە، بەڵام بە بڕوای من ژیرانە ئەوەیە کە ئێمە ئەم دوو لایەنە تێکەڵ نەکەین. لە شیکارییەکی جیددیدا، دەبێ ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن گۆڕانکارییە پێکهاتەیییەکان، مەرجە شیمانەیییەکانی[53] سیاسەتیان گۆڕیوە؟ چۆن ئەم گۆڕانە پێکهاتەیییانە، زەمینە ماددییەکانی گۆڕانکاریی ئایدۆلۆژی و سیاسییان بەرهەم هێناوە، یان لەبارخستۆوە؟ بەتایبەت ئێمە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە نیۆلیبراڵیزم، چۆن توانی بیرۆکەکانی خۆی ئاوا بەجەماوەری بکات؟ چۆن ئەمیان توانی لەم گۆڕانکارییە پێکهاتەیییانەدا، ڕۆژەڤی سیاسیی بەرهەست و کۆنکرێت ساز بکات و پەسندی جەماوەری بەرەو خۆی ڕاکێشێ؟


نیۆلیبراڵیزم لە گۆشەنیگایەکی فۆکۆیانەوە

لە ئەدەبیاتی سیاسیدا، نیۆلیبراڵیزم بە گشتی وەک ئایدیۆلۆژی و تیۆرییەکی سیاسی باسی لێ دەکرێت، کە خوازیاری کەم کردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و کەرتی گشتییە. هاوکات، وێڕای دژایەتییەکی تووند لەگەڵ یەکێتییەکانی کرێکاری و فەرمانبەری، داکۆکی بەبڕشتانە لە مافی خاوەندارێتی و بەتایبەت خاوەندارێتیی تاکەکەسی دەکا. هەروەها هەوڵی بەئەهلی کردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ئەو ڕاژە گشتییانە دەدات کە ڕوویان لە هاووڵاتییانە. ئەمانە هەموو دەتوانن ڕاست بن، بەڵام وێنەیەکی تەواو لە نیۆلیبراڵیزم پێشان نادەن. بۆ وێنە گوتنی ئەوە کە نیۆلیبراڵیزم دژی دەوڵەت و خوازیاری کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە، لە هەموو شوێنێک ڕاست نییە. ئەوە کافییە سەیری مامەڵەی دەوڵەتانێکی وەک ئەمریکا لە دوای قەیرانی ئابووریی ٢٠٠٨ لە گەڵ بانکەکاندا بکەین. یان ئێستا لە جەرگەی پەتای کۆرۆنا دەبینین کە دەوڵەت لە نیۆلیبراڵترین وڵاتەکانیشدا، خۆی لە حوکمداری نادزێتەوە. لە ڕاستیدا ڕەنگبێ ئەوە خودی دەوڵەت نەبێ کە نیۆلیبراڵیزم کێشەی لەگەڵدا هەیە، بەڵکوو کارکرد و ئاراستە و جۆڕی حوکمداریی دەوڵەتە کە  بۆ ئەوان گرینگە. بۆیەش لەم بارەیەوە پێم وایە ڕوانگەیەکی فۆکۆیانی زیاتر یارمەتیمان بدات لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دیاردەیە تێبگەین.

لەم دیدەوە، نیۆلیبراڵیزم لە پلەی یەکەمدا، وەک عەقڵانییەتێکی سیاسی[54] دەبیندرێ. مەبەست لە عەقڵانییەتی سیاسی، ئەو کردەوە و بیرۆکانەن دەربارەی باشترین و کەمگرژترین شێوەی کارگێڕی و حوکمڕانیی خود و ئەوانی تر.[55] فۆکۆ باسی نیۆلیبراڵیزم، چەشنی عەقڵانییەتێکی سیاسی لە ئاستی حوکمڕانێتیدا[56] دەکات.[57] ئەم چەمکە ئاماژەیە بە کۆمەڵێ کرد و پێداچوونەوە سەبارەت بە باشترین شێوەی شیاوی بەڕێوەبەرێتی و حوکمڕانێتی. بەم واتایەش نیۆلیبراڵیزم بریتییە لە “کۆمەڵێ دامەزراوە، ڕێکار، لێکدانەوە، پێداچوونەوە، ژمێریاری (هەژماردن) و تاکتیک” کە شێوەیەکی تایبەت لە دەسەڵات و زانیاری مەیسەر دەکات.[58] یەكێ لە مەبەستەکانی ئەم شێوە دەسەڵاتەش، دۆزینەوەی باشترین و باڵاترین شێوەی حوکمڕانییە بە کەمترین کەرەسەی مومکین و هەرزانترین شێوەی مومکین. بەم مانایە کە ئێمە چۆن دەتوانین خەڵک بەرەو مەبەست و ئامانجێکی تایبەت هان بدەین، بەبێ ئەوەی ئەوان هەست بەوە بکەن کە ئەمە بژاردەی ئەوان نییە. بۆ نیۆلیبراڵیزم بازاڕ باشترین و تاکە مۆدێلی ئەم چەشنە حوکمڕانییە پێک دێنێ.

بۆیەش نیۆلیبراڵیزم دەکرێ وەک شێوە دەسەڵاتدارییەک پێناسە بکرێت کە لە حوکمڕانیدا، بانگەشەی باڵادەستی و سەروەریی بازاڕ و لۆژیکی بازاڕ دەکات و، پێی وایە هەموو کەرت و بەستێنەکانی دیکە، لە کەرتی گشتی و تایبەتەوە گرتوویەتی تا بەستێنی (حوزە) سیاسی و کولتوری، دەبێ گوێڕایەڵی لۆژیک و پرەنسیپەکانی بازاڕ بن کە بریتین لە کێبڕکێ و کارایی و لە یاریی بەردەوامی نێوان خستنەڕوو و داوا.[59] ئەمەش بەم هۆیە ساکارە کە بازاڕ و لۆژیکی بازاڕ، پێکهاتووە لە باشینەی حوکمڕانی.[60] بەم پێیە دەبێ کۆمەڵگا لە لایەکەوە بەگوێرەی پرینسیپەکانی بازاڕ و مۆدێلی ئابووری بەڕیوە بچێ و لە لایەکی دیکەشەوە، لۆژیکی بازاڕ دەبێ ببێتە پێوانەی ڕاستی و دروستی بۆ نرخاندنی توانست و ڕەوایەتیی دەسەڵاتی سیاسی.[61] بە کورتی، ڕەوایەتیی سیاسەت بەم چەشنە دەبێتە پرسیارێکی ئابووری.

بەم مانایە، گرینگە ئێمە سەرنجی ئەم خاڵە بدەین کە بۆ نیۆلیبراڵیزم، بازاڕ تەنیا شوێن و پێگەیەک نییە بۆ کێبرکێ، بەڵکوو پێگەیەکە بۆ هەقیقەت. واتە هەقیقەتی بازاڕ تەنیا هەقیقەتێکە کە نیۆلیبراڵیزم ملی بۆ دادەنوێنێ و دانی پێدا دەنێ. هەقیقەتی سەرەکیی بازاڕێش ئەوەمان پێ دەڵێ کە کێبڕکێ، کۆڵەکەی حوکمدارییەکی کارا پێکدێنێ. ئیتر فەرقیش ناکات ئەمە حوکمداریی کۆمپانیا و شەریکە یان دەوڵەت و قوتابخانە، یاخود  هونەر و زانست بێت. بۆیەش دەکرێ بڵێین کۆمەڵگای ئایدیاڵی نیۆلیبراڵیزم یان ئۆتۆپیای کۆمەڵایەتیی ئەوان لە ڕاستیدا کۆمەڵگایەکی پێکهاتوو لە کۆمپانیایە. ئامانجی نیۆلیبراڵیزم، هەر وەک فۆکۆ ئاماژەی پێ دەدا، کۆمەڵگایەکی سوپەرمارکێتی نییە بەڵکوو کۆمپانیاکۆمەڵگا و گشتاندنی فۆرمی کۆمپانیایە.[62] مەبەست کردنی بازاڕ، کێبڕکێ و کۆمپانیا بە هێزی هاندەری کۆمەڵگا و گەردوونیکردنی فۆڕم و قەوارەی کۆمپانیا لە هەموو کونو قوژبنی کۆمەڵگایە.[63]

بۆ ئەم مەبەستەش چ بەربژارێکی باشتر هەیە لە کاردێر کە هەم بەجەستەکردنی سامانی مرۆیییە و هەمیش لە هەموو ڕووەوە گونجاوە لەگەڵ مەرجەکانی بازاڕ، یان لەوانەیە باشترە بڵێێن، ئەو بەرهەم و زادەی لۆژیکی بازاڕی پۆست فۆردیزمە. نیۆلیبراڵیزم هەر وەک گووتم، داواخوازی حوکمدارێتییەکی ناڕاستەوخۆیە. بەڵام ئەوەی بۆ نیۆلیبراڵیزم و لە تیۆریی سامانی مرۆییدا گرینگە، دەستێوەردانە لە ژینگە و دەورانپشتی مرۆڤەکان، بەبێ ئەوەی ڕاستەخۆ مرۆڤەکان بپێکێ. واتە مرۆی نیۆلیبراڵ، مرۆڤێکە کە هەستیارە بە گۆرانکارییەکانی دەورانپشتی و بە دەستێوەردانەکانی ئەم ژینگەیەی تێیدا دەژی. ئەو کەسێکی گوێرایەڵ و شیاوی کۆنترۆڵە. بۆ ئەم مەبەستەش هەر وەک گوتم، کافییە ئێمە گۆڕان لە دەورانپشتی مرۆڤەکان پێکبێنین، جا ئەمە لە ڕێگەی یاساوە بێت یان بەربەستکردن یان بەرفرەوانکردنی مەودا بۆ ئەم یان ئەو بژاردەیە. ئەم شتەش دەوری ناوەندیی هەیە هەم بۆ پرسی سۆبژێکتیڤیتی و هەمیش بۆ عەقڵانییەتی حوکمدارێتی. چونکو ئەگەر ئەمە ڕاست بێت کە سووژەی نیۆلیبراڵی گوێگر و هەستۆکە لەمەڕ گۆڕانکارییەکانی دەورانپشتی، ئەوسا بۆ هەڵسوڕان و ئاراستەدان بەم کەسە پێویستە کۆمەڵێ تەکنیک، تاکتیک، ستراتێژی و شێوازی حوکمداری بدۆزرێتەوە کە ئەنجامی دڵخوازی لێ بکەوێتەوە.[64]هەمووی ئەمانەش ڕاستەوخۆ گرێدراوی بیرۆکەی سامانی مرۆیین.


سامانی مرۆیی

سەوداگەری شاستوونی سیاسەتی پەروەردەی ئێمڕۆی ڕۆژئاوا پێکدێنی و بەرهەمهێنانەوەی سەوداگەر، لە هەموو خوێندنگە و دامودەزگایەکی پەروەردە، وەک سیاسەتی فەرمی بەڕێوە دەچێ. سەرکەوتووییی ئەم بیرۆکەیەش تاڕادەیەکی زۆر لەم ڕاستییە سەرچاوە دەگرێ کە نیۆلیبراڵیزم لە شۆردنەوە و پاککردنەوەی لایەنی ئایدیۆلۆژییانەی چەمکی سەرمایەی مرۆیی سەرکەتوو بووە و توانیوێتی ئەم چەمکە وەک دەستەواژەیەکی تەکنیکی، ئابووری و زانستی بنوێنێ. لەم گونجاندن و بەتاڵکردنەی ئەم چەمکەشدا، هەموو ڕەهەندە بوونناسانە و ئیپستمۆلۆژییانەی ون دەبن. بۆیەش لە پێناسەی ئەم دەستەواژەیەدا زۆرجاران تەنیا باسی ئەوە دەکرێت کە پەروەردە بەرهەمهێنەری سامانی مرۆیییە و سامانی مرۆییش بەنۆرەی خۆی یاریدەری گەشەی ئابووریی وڵاتە. بەڵام ئەم چەشنە پێناسەیە، هەروەک پیتر فلێمینگ دەنووسێ، پەردە دەخرێتە سەر لایەنە نگریسەکانی ئەم چەمکەوە.[65]

هەروەک فۆکۆ ئاماژەی پێ داوە، بیرۆکەی سامانی مرۆیی لە دوو ڕووەوە فرە گرینگە. یەکەم ئەمە ڕێگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێسا و یاسای ئابووری بەسەر بوارە نائابوورییەکاندا بسەپێنن. ئەمەش مانای ئەوەیە کە لەمەولاوە دەبێ هەموو بوارەکانی ژیان، لە خۆشەویستییەوە تا حیزبایەتی، خوێندن، کارکردن و هتد سەردانەوێنن بۆ لۆژیکی بازاڕ و بە پێی پرەنسیپەکانی بازاڕ بەڕێوە بچن. واتە ئەمە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی چەشنە ڕاڤەیەکی ئابووری، بەسەر ئەو دیاردە و بەستێنانەی لە دەرەوەی ئابوورین، داسەپێندرێت؛ ئەمەش خۆی لە خۆیدا دابڕینێکە لە ڕوانینی ئابووریی نەریتی. بەم چەشنە “کار” ئیتر چەندایەتییەک نییە لە دەرەوەی شرۆڤەکاریی ئابووری (وەک لای کێنیز یان مارکس)، بەڵکوو  چۆنایەتییەکە کە دەکەوێتە خانەی شیکاریی ئابوورییەوە.[66]

گرینگیی ئەم شرۆڤەیە، لەوەدایە کە ئەوەی بنەمای ئابووری پێکدێنێ، ڕەفتاری مرۆڤەکانە نەک ڕەوت و میکانیزمەکانی پشت بەرهەمهێنان. ئەوسا ئەرکی ئابووری لە حاڵەتێکی وادا، بریتییە لە شیکاریی ڕەفتاری مرۆڤ و ئاوەزمەندیی ناوەکیی ئەم ڕەفتارە. بۆ نیۆلیبراڵیزم ئەوەی لەم نێوەدا گرینگە، شیکاری و شرۆڤەی ڕەفتار و چالاکی و جوڵەی مرۆڤەکانە. بۆ؟ چونکە هەمووی ئەمانە لە هەڵکشان یان داکشانی داهاتی مرۆڤدا دەور دەبینن، جا ئەوە سینەماچوون و کتێب‌خوێندنەوە بێت، یان مەشقی دانس، خوێندنی باڵا، زمان‌فێربوون و یان منداڵداری و کارکردن. کۆی ئەم داهاتەشە، کێش و وەزنی سامانی مرۆیی دیاری دەکات. بەم جۆرە هەموو چالاکییەکی مرۆڤ وەک وەبەرهێنان[67] دادەندرێت کە بەسەریەکەوە سامانی مرۆیی پێکدێنن. وەک دانەری ئەم بیرۆکەیە، تیۆدۆر شوڵتز دەنووسێ، مرۆڤ و سەرمایە دووانەیەکی لێکدانەبڕاون، مرۆڤ خۆی سەرمایەیە.[68]

ئەوسا لای نیۆلیبراڵیزم، مرۆڤ وەک سەرمایە و بەرجەستەکردنی سەرمایە، پێناسە دەبێت. وەک ئەنجامێکی ئەم پێناسەیەش، مرۆڤ بریتییە لە کۆی هەموو ئەو داهاتە کە لە ژیانیدا توانیوێتی کۆی کاتەوە. داهات لێرە بە مانای هەموو ئەو خاسڵەتە فیزیکی و ڕۆحی و هەموو ئەو تایبەتمەندییە تاکەکەسییەی کە مرۆڤێک هەیەتی: لە لەشساغی، بەهرەی زمانی، جوانیی لەش و توانستی زمانییەوە تا کورتی و درێژیی جەستە، ڕەنگی پێست، ڕەگەز و … کەوایە مرۆڤ لە کۆتاییدا شتێک نییە جگە لە ئەنجامی بژاردەکانی. هەموو شت لە مووچەوە تا خوێندنی باڵا دەگوازرێتەوە سەر بەرەچەی سامان. بەم چەشنە، کار، سەرمایە و داهات و مووچە، هەموویان ئاوێتەی یەکدی دەبن.[69]

دەرئەنجامێکی دزێوی ئەم بیرۆکەیە ئەوەیە: ئەگەر کار وەک سەرمایە دەژمێردرێ، واتە تاکتاکی ئێمەش وەک کۆمپانیایەکی خاوەن سەرمایە دەژمێردرێین. ئەوسا نە کار و نە میکانیزمەکانی بەرهەمهێنان گرینگییەکی ئەوتۆیان نابێت لە شرۆڤەی ئابووریدا. لە جیاتی ئەوان ئەوە کۆمپانیا و کۆمپانیادارییە کە کۆڵەکەی ئەم شڕۆڤەیە پێکدێنێ. دەرئەنجامێکی دیکەی ئەم ڕوانینە، پەیوەستە بە پرسی سۆبژێکتیڤیتی. ئەگەر مرۆی ئابووری کۆمپانیایە و بەرهەمی بژاردەکانییەتی، نەک پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، ژیانی شەخسی و شانس و ڕێکەوتەکان، ئەوسا ئێمە ناتوانین ئەو بە یارمەتیی لایەنە ئانترۆپۆلۆژییەکان یان کۆی ژیانێکی بایۆگرافییانە پێناسە بکەین، کە بۆ وێنە لای کەسێکی وەک پییەر بوردیۆ ناوەندییە. کە مرۆڤ بووە ئەنجامی چالاکی و بژاردەکانی، سۆبژێکتیڤیتی وەک ئەندرو دیلتس[70] دەنووسێ، دەبێتە شتێکی بەتاڵ.[71] واتە مرۆڤ دادەکێشرێتە ئاستی کۆمای سەرمایەگوزارییەکانی خۆی و بنەماڵەکەی.

لێرەشە کە خودی نیۆلیبراڵ، بەوتەی کۆمەڵناسی ئەڵمانی، ئولریخ برۆکلینگ،[72] لە سەوداگەرەوە دەبێتە خودسەوداگەر،[73] یان بە وتەی فۆکۆ، سەوداگەری خود.[74] بەم پێیە مرۆڤ دەبێتە سەکۆیەکی بەردەوام بۆ سەرمایەگوزاری لە سەر خود. چونکە ئێستا ئەوە ڕادەی ژیری و وردبینی و بژاردەی دروستی ئێمە لە چەشنی سەرمایەگوزارییەکی عاقڵانەیە کە چارەنووسی ئێمە دیاری دەکات و بەختەوەری و نەهاتیی ئێمە لەقەڵەم دەدات. هەر ئەوەشە کە سەوداگەری نەتەنیا دەبێتە چەشنە ئاوەزمەندی و عەقڵانییەتێک، بەڵکوو تەنانەت وەک ئەرکێکی ئەخلاقیش دەژمێردرێ.[75] ئەمە لە ڕاستیدا چی لە شۆڕشێک کەمتر نییە کە دێتە سەر داڕشتنەوەی مانای مرۆڤ و پێناسەکردنی دووبارەی ئەم.[76]

با لە کۆتاییدا ڕەهەندێکی دیکەی فرە مەترسیداری ئەم بیرۆکەیەش بخەینە ڕوو. ئەگەر ئێمە وەک کۆمپانیایەک، خاوەن سەرمایەین، واتە ئێمە بە مانایەک هەموومان سەرمایەدارین. چونکە ئەگەر کار وەک سەرمایە بە حسێب بێت؛ ئەگەر جەستە و زمان و هوشیاری و عادەتەکانمان سەرمایە بێت، ئەوسا دژبەریی نێوان سەرمایە و کار ون دەبێت و هەڵدەوەشێتەوە. ئەوسا سەرمایەداری وەک سیستەمێکی خاوەنی دژایەتییەکی نێوەکی نییە، بەڵکوو مەیدانی ڕکەبەرایەتی و کێبڕکێی پڕۆژە جیاوازەکانە. بەم مانایە هەموو کەسێک خاوەنی سەرمایەیە، کەم و زۆری سەرمایەکان، پەیوەندیی بە پێکهاتە ناڕەواکانەوە نییە، بەڵکوو ئەنجامی سەرمایەگوزارییەکی باش یان گەوجانەیە. ئەوا ئێمە هەموومان دەبین بە سەرمایەدار، بەڵام هەندێکمان سەرمایەداری کالفام و هەژارین، هەندێکیشمان دەوڵەمەند و وریا. لەم ڕەوتەدا، دیاردەی وەک چەوسانەوە و نایەکسانی ئەگەر بێ مانا نەبن، وا لە باشترین حاڵەتدا، وەک ئەنجامی بژاردە عەقڵانی یان ناعەقڵانییەکانی ئێمە بەحسێب دێن. ئینجا پرسی نایەکسانی و چەوسانەوە دەکەوێتە خانەی ئیپیستۆلۆژی و تەنانەت سایکۆلۆژییەوە، چونکو نایەکسانی دەبێتە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو تایبەتمەندییە ڕۆحی، هوشیاری و جەستەیییانەی تاکەکان هەیانە، نەک سروشت و خاسڵەتی سەرمایەداری، کۆمەڵگای چینایەتی و ناهاوسەنگی پیوەندییەکانی دەسەڵات.

 

دەرئەنجام

سەرتۆپی ڕوانینی نیۆلیبراڵیزم بە مرۆڤ لە سەر بنەمای تاکسالاری و عەقڵانییەتی تاک ڕاوەستاوە. بەڵام لە ناخی ئەم ڕوانینەدا، دووفاقییەکی بوونناسانە هەیە کە ڕەنگبێ ڕەگەزی ڕۆشنگەریی تێدا بەدی بکرێت. واتە لە لایەکەوە مرۆڤ بوونەوەرێکی عەقڵانییە و وەک تاک، خاوەنی سەروەرییە، لە هەمان کاتیشدا، ئەم تاکە پێویستی بە هەندێ ڕێنوێنی و بەڵەدی هەیە. واتە عەقڵانییەت وەک توانست شیاوی بەدیهاتنە، بەڵام مەرج نییە بەدی بێت. بۆیەش مرۆڤەکان (یان بەشێ لە مرۆڤەکان) توانستی عەقڵانیی کافییان نییە و بۆیەش پێویستییان بە چاوەدێری و ڕێنوێنی کردنە. ئەوەی لای نیۆلیبراڵیزم و ڕوانینی ئەم بە حوکمڕانی ڕوو دەدات و ئەو ئەنجامە تەواو ڕادیکاڵانەی لێ دەکەوێتەوە، ئەوەیە کە نیۆلیبراڵیزم پێی وایە باشترین ڕێگەی هیدایەت و ڕێنوێنیی تاکەکان لە ڕێگەی دەستێوەردان و گۆڕینی دەورانپشت و مەرجەکانی ژیانی ئەوانە. ئەو چەشنە گۆڕینە شوێن دادەنێتە سەر ئاراستە و جۆری بژاردەکانی تاک.

نیۆلیبراڵیزم لە پاڵ ئەمەدا و بۆ مسۆگەرکردنی ئەنجامی شیاو و چاوەڕوانکراو، هەموو ژوور و بەستێنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتورییەکانیش تووڕدەداتە خانەی شیکارییەکی ئابووری. بەمجۆرە هەمووی ئەو دامەزراوانەی کە بە شێوەیەکی نەریتی دەکەونە دەرەوەی بەستێنی ئابووری (وەک خۆشەویستی، دۆستایەتی، هونەر، پەروەردە، ڕاهێنان و…) لەپڕ خۆیان لە ناوەندی بەستێنی ئابووریدا دەبیننەوە و ناچار دەکرێن وەک هەموو بوارە ئابوورییەکان، تەسلیمی لۆژیکی کێبڕكێ، کارایی و مەزندەکردنی بەهاکان[77] بن. ئەم وەرچەرخان و کۆلۆنیالیزەکردنی بەستێنەکان بەر لە هەموو شت لە ڕێگەی تیۆریی سامانی مرۆیییەوە مومکین دەبێت.

هەروەک گوترا، نیۆلیبراڵیزم بە زۆری چەک خۆی بە سەر کۆمەڵگا، یان دامەزراوە و دامودەزگا پەروەردەییەکاندا دانەسەپاندووە، بەڵکوو بوون، ئامادەیی و هێژمۆنی ئەوان، ئەنجامی ڕەوتێکی فرە دوورودرێژ و ئاڵۆز بووە. نیۆلیبراڵیزم دەبێ وەک ڕێژیمێکی هەقیقەت سەیری بکرێت کە هێز و وزەی تاڕادەیەکی زۆر لە گرەوی توانستیان لە ڕاکێشان و قەناعەت‌پێهێنان بە خەڵکدایە.

هێژمۆنی نەزمێکی ئاڵۆزی دەسەڵاتە کە پێکهاتووە لە گرێچنێک لە ئارەزوو، شوناس، خولیا، ئەمەگداری و پەیوەندی کە مرۆڤەکان بەیەکەوە گرێ دەدا. ئەم هێژمۆنییە تا ئەوکاتەی هێژمۆنییەکی دیکە ئالنگاری[78] نەبێ، خۆی وەک نوێنەری هەقیقەتێکی گەردوونی و نەگۆڕ دەنوێنێ. کەوایە هەقیقەت مەرج نییە دەقاودەقی واقیع بێت یان لە گەڵیدا بگونجێ. هەقیقەت دەتوانێ وێڕای بێدەنگی لە بەشێکی واقیع یان گوێ کڕکردن و دەرهاویشتنی بەشێکی واقیع سەرهەڵبدا. یان لە ڕێگەی بەعەقلانیکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانەوە خۆ بخزێنێتە توێێ وێژمانەکانەوە. ئەوسا ئەمە توانستی هەقیقەتی وێژمانەکانن کە لە ئاستی واقیعدا خۆیان دەردەخەن و بۆیان هەیە واقیع تووشی گۆڕان بکەن. بیرۆکەی سەوداگەری نموونەیەکی باشی ئەم چەشنە هەقیقەتەیە، واتە بوونی ئێمە بە سەوداگەر لە سۆنگەی وێژمانێک بوو کە سەوداگەریی بە هەقیقەت دەزانی، ئەگەر چی ئەم هەقیقەتە هێشتا لە دایک نەببوو. ئەمە وێژمانەکانی نیۆلیبراڵیزم وەک ڕێژیمێکی هەقیقەت بوون کە لە ڕێگەی گۆڕینی دۆخ، دەورانپشت، یاسا و ڕێساکان و هاسانکاری یان تەگەرەخستنە بەردەم هەندێ ڕەوت، سەوداگەرییان بە هەقیقەت کرد.[79]

ئەمە گرینگە سەرنجی بدرێتێ ئەگینا مەترسیی ئەوە هەیە کە ئێمە پێمان وابێ هەقیقەت ڕەگەزێکی ئەخلاقیی هەیە و هەمیشە خۆ دەخاتە پاڵ زوڵملێکراوەکان یان پێداگر بین لەسەر ئەم بڕوایە کە گۆیا هەقیقەت لای ئێمەیە و نەیارەکانمان (نیۆلیبراڵیزم) دوژمنی هەقیقەتن. ئەمە، لە ڕاستیدا چەشنە گەڕانەوەیەکە بۆ پۆزیتیڤیسم یان لە باشترین حاڵەتدا، مارکسایەتییەکی چەقبەستوو و ساویلکە. هەقیقەت، بەتایبەت لە خانەی ئەمری سیاسیدا،[80] تەنیا ئەنجامی هەندێ فاکتی ئەزموونی نییە، بەڵکوو لە لایەکەوە بەرهەمی یارییەکی بەردەوامی دەسەڵات/زانیاری و بڕشتی وێژمانییەکانە و لە لایەکی دیکەشەوە، ڕەهەندێکی بوونناسانەی هەیە، واتە بەرهەمی دژبەرەکییەکە[81] کە لە ئاستی هەڵوێستە و ڕوانینێکی ڕەوشتی و سیاسییدا یەکلا دەبێتەوە. لەم کێشەیەدا، هەقیقەت دەبێتە پرسی ڕوانگە نەک واقیع. بۆیە ئێمە دەبێ لە هەمان کاتدا کە خۆمان دوور دەخەینەوە لە کەسانی “ترامپ‌ئاسا”، کە هەموو چەشنە فاکتێک دەبەنە ژێر پرسیار و گەمە بە زانست و زانیاری دەکەن، دەبێ هەمدیسان بەپارێز بین لە نزیکبوونەوە لەوانەی کە دیلی فاکتن و پێیان وایە زمانی فاکت، زمانێکی شەفاف و ڕاشکاوە. ئەمانە، دوو ڕووی دراوێکن.

پەروەردە و پێداگۆژی هەمیشە پەیوەندییەکی تۆکمەیان لە گەڵ ئەمری سیاسیدا هەبووە. بەم واتایە، پەروەردە و پێداگۆژی هەمیشە لە خانەی هەقیقەتێکی تایبەتدا بەدی دێن و  دەخولێنەوە. بۆیەش، هەموو چەشنە سیستەمێکی سیاسی، لە دێموکڕاتەوە تا توتالیتەر، سیستەمی پەروەردە و پێداگۆژیی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوە بە یارمەتیی لەشکرێک توێژەر، پسپۆڕ، بیرمەند و کەسانی ئاکادێمییە کە نیۆلیبراڵیزم، نەتەنیا توانیوێتی ڕەوایەتیی خۆی جێ بخات، بەڵکوو تەنانەت شەرعییەت بەو پەروەردەیە بدات کە لە بنەڕەتدا دژە لەگەڵ پەروەردەی پێشڕەو، کە پەروەردەی هێژمۆن بوو. ماکێکی سەرەکی لەم سەرکەوتنەشدا، لە سۆنگەی چێکردن و گۆشکردنی سەوداگەر و ڕۆحی سەوداگەری لە پەیکەری کۆمەڵگادا بووە. پڕۆژەی نیۆلیبراڵیزم بۆیە لەم ڕوانگەیەوە، کەمتر نییە لە ئوتۆپیایەک کە بەرایی[82] وەدیهاتووە. پڕۆژەیەکی ئاواش تەنیا کاتێ دەتوانێ بەدی بێت کە خۆی لە چنگی مرۆڤە ڕاستەقینەکان ڕزگار کردبێت. چونکە هەر وەک جان کێری[83] دەڵێ، مرۆڤە واقیعییەکان ناتوانن لە ئوتۆپیادا بوونیان هەبێ، چونکو ئۆتۆپیا لە ئەساسدا مەبەستی جێگیرکردنی دنیایەکی دیکەیە لە جیاتی ئەم دنیایەی مرۆڤە ڕاستەقینەکان ئاوەدانیان کردۆتەوە.[84] بۆ ئەم مەبەستەش هەموو پڕۆژەیەکی سیاسی پێویستی بە سۆژەسازییەکی خۆماڵی هەیە.

کە دەڵێم نیۆلیبراڵیزم بەرایی لێرە ئامادەیە، چونکو ئەمڕۆ تایبەتمەندیی سەوداگەری و گرینگیی کۆمپانیاداری نەتەنیا نکۆڵی لێ ناکرێت، بەڵکوو بە فەرمی خراوەتە ناو بەشێ لە بەرنامەی خوێندن.[85] بە هەمان شێوە، جێپەنجەی سامانی مرۆیی لە هەموو بەڵگە پەروەردەیییەکان و سیاسەتی پەروەردەدا بەرچاو دەکەوێت. کەوایە پرسی سەرەکی لە وڵاتێکی بۆ وێنە وەک سوید، ئەوە نییە کە ئایا وێنای سەوداگەر و سەوداگەری، دێموکڕاتییە یان نا، بەڵکوو پرسیار ئەمەیە کە ئێمە چ لەم دووفاقی و دژبەرایەتییە دەکەین کە لە نێوان کردەی نیۆلیبراڵی سیاسەتی پەروەردە و خواست و فانتازیای بەڕواڵەت دێموکڕاتی ناو بەڵگەنامە فەرمییەکاندا هەیە؟ دێموکڕاسی چ داهاتوویەکی لە وڵاتێک دەبێت کە بە فەرمی خەریکە شارۆمەند بە سوودی تێبەر هەڵوەشێنێتەوە؟

بە کورتی، نیۆلیبراڵیزم دەیەوێ لە سەر بنەمای ئابووری و بازاڕ و بە پلەی یەکەمیش کێبڕکێ، وەک شاکەرەسەی حوکمڕانی، هەموو ئەو گرفت و کێشانەی پەیوەستن بە ژیان، مرۆڤ و دەورانپشتی ئەو، بەعەقڵانی بکات. واتە هەموو شتێک، لە خودەوە تا ژیان دەبێت چۆک دادەن بۆ لۆژیکی بازاڕ و بەم چەشنە، هەموو بەستێنەکانی ژیان و سیاسەت لە هاوسەری و منداڵ ڕاهێنانەوە تا بیمەی کۆمەڵایەتی و پەروەردە، دەبنە ژێرکەرتی ئابووری. لەم نێوەدا، سەوداگەر دەبێتە پاڵەوانی سەردەمی ئێمە و هەموو ئێمەش حەولمان دەبێتە گەیشتن بە سەوداگەری وەک ئایدیاڵێک. لە کۆتاییدا، ئەوەی دەمێنێتەوە تاکەکانن و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەوان. کەوایە سەیر نییە کاتێ سیاسەت و حیزبایەتی دەبێتە کێبڕکێی دامودەزگاکان بۆ وەرگرتنی دەنگ. لە کەشێکی وادا، بەرژەوەندیی گشتی دەبێتە یەکەم قوربانیی بەرژەوەندیی ئابووری، ژمارەی لایکەکانی فەیسبوک و دیاگرامی بازاڕەکانی بورس.

ئەگەر ئێمە بمانەوێ بەرەنگاری ئەم دۆخە بینەوە، دەبێ وڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە چ سووژەیەکی دیکە توانستی خۆگونجانی لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆڕە پێکهاتەیییانە هەیە و لە هەمان کاتیشدا، دەتوانێ خاسڵەتی دێموکڕاتییانە و یەکسانیخوازانەی خۆی بپارێزێ؟ هیوای سیاسی تەنیا وابەستە نییە بە بارودۆخی شیاو، ئەمە هاوکات بەستراوەتەوە بە خولیا و خەونێکی سیاسی کە شیاوی وەرگێڕانە، بەبێ ئەوەی ڕەهەندە ئانتاگۆنیستییەکانی پشتگوێ خرێن.

[1]

[1]ئەم باسەی من زیاتر لە ئاستێکی گشتیدا دەبێت و لە بنەڕەتدا لەسەر ئەزموونی وڵاتانی ڕۆژئاوایە، نەک کوردستان یان ئێران، چونکە بەداخەوە ئاگاداریی من لە پرسی پەروەردە و بارودۆخی کوردستان بەرتەسکە. سەرەڕای ئەمەش دڵنیام کە سەرەڕای هەندێ جیاوازیی بارودۆخ، لە بنەڕەتدا تەئسیری نئولیبرالیزم لە ناوچەی ئێمەشدا بە ئاشکرا دیارە و وێکچوویی لە گەڵ بارودۆخی ڕۆژئاوادا کەم نییە.

لە هەندێ زمانی ئورووپی (بۆ وێنە لە زمانی ئەڵمانی و سویدیدا) جیاوازییەک هەیە لە نێوان (bildningochutbildning/bildungund ausbildung) کە ئێمە لە زمانە ئانگلۆساکسییەکاندا نایدۆزینەوە. لە ئینگلیزیدا بۆ وێنە چەمکی education بەمانای پەروەردە و ڕاهێنان دێت. واتە دوو مانای لێک جیاواز لە چەمکەکەدا هەیە کە بە گشتی گرژییەکی ناوەکیی چەمکەکە پێشان دەدات. بەم مانایە education هەمیشە دوو ڕەهەندی جیاواز بەیەکەوە دەبەستێتەوە: پەروەردە و ڕاهێنان. یەکەمیان بە مانای فێرکاری و گواستنەوەی زانیارییە و ئەویتریان بە مانای ڕاهێنان و پەروەردەی کەسایەتی. لە فارسیدا دووانەی “آموزش و پرورش”  لە جیاتی education هاتووە بۆ ئەوەی ئەم دوو ڕەهەندە بگرێتەوە. پەروەردە لە کوردیدا زیاتر لە پرورشی فارسی نزیکە تا آموزش. لە وەرگێڕانی آموزش و پرورش لە کوردیدا زۆر جاران “پەروەردە و ڕاهێنانەوە” یان “پەروەردە و فێرکاری” دێت. بە هەرحاڵ کاتێ ئێمە باسی پەروەردە دەکەین دەبێ ئەم دووفاقێتییە لە بیر نەکەین، چونکە جەختکردن لەسەر ئەم یان ئەو ڕەهەند زۆر جاران بارێکی دیاری ئایدیۆلۆژیکی هەیە. لە باری مێژوویییەوە بە گشتی لایەنی ڕاست و کۆنسێرڤاتیڤەکان پێداگریی زیاتر لەسەر پەروەردە و گواستنەوەی زانیاری وەک ئەرکی سەرەکیی دامەزراوەی پەروەردە دەکەن، لە حاڵیکدا زۆر جاران چەپەکان پیداگرن لەسەر دەوری ڕاهێنان، بەتایبەت ڕاهێنانی شارۆمەندێکی دێمۆکراتیک، وەک شائەرکی دامەزراوەیی پەروەردە.

[2]Human capital theory

[3]Subjectivity

[4]Entrepreneur

من لێرە چەمکی سەوداگەر  لە جیاتی (Entrepreneur) و سەوداگەری لە بڕی (entrepreneurship) بەکار دێنم . لە کوردی و تەنانەت فارسیشدا وشەیەکی شیاو جێ نەکەوتوون و لە هەندی زمانی ڕۆژئاواییش هەر لەم وشەیە کەڵک وەردەگرن کە لە فەرەنسییەوە وەرگیراوە. وشەیەک لە بنەڕەتدا، لە دوو وشەی لاتینەوە هاتووە: “entre ” بەمانای لە نێوان و، “prendes ” بە واتای بەئەستۆگرتن و  هەندێ جاریش فڕاندن و دەستبەسەرداگرتن هاتووە. لە خودی فەرەنسیشدا ئەم وشەیە (entrepreneur) تا سەدەی پازدە و شازدە بە مەبەستی ڕیسککردن، بەرەنگاربوونەوە و بەسەردا زاڵبوونی هەبووە. لە ئینگلیزیی کۆنیشدا ئەم وشەیە بەمانای دەستبەسەرداگرتن، وەئەستۆگرتن، ماجەراجو و مامەڵەچییەکی ماجەراجو بەکار هاتووە. بە کورتی، وشەکە بەمانای کەسێک هاتووە کە دەیەوێ کۆنترۆڵی لەسەر ژیانی خۆی هەبێت و دەوڵەمەند بێت. ئێمڕۆ وشەکە لە ئاستی قامووسییەوە  Entrepreneur کەسێک دەگەیەنێ کە لە مامەڵە کردن و کاسبیدا لە ڕیسککردن ناترسێ.

 لە باری مێژووییەوە، ئەم چەمکانە ڕەنگبێ بەر لە هەموو کەس پەیوەست بن بە ئابووریزانی بەناوبانگ، یوسف شومپێتر (Joseph Schumpeter) کە لە کتێبی تیۆریی گەشەی ئابووری (١٩٣٤)  باسی ئاوێتەکردنی سەرلەنوێی بەرهەم، شیوازی بەرهەمهێنان، بازاڕ و ڕێکخراوەکان بە شیوازێکی تازە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیستەمی ئابووریدا. سەوداگەر ئەم کەسەیە لای شومپتێر کە دەوێرێ خۆی دابڕێ لە شیوە نەریتییەکانی بازاڕ و هاوسەنگیی بازاڕ بشکێنێ. بۆیەش تەنانەت ئێمڕۆش لە زمانی ڕۆژانەدا وا باسی سەوداگەر دەکەن کە گۆیا ئەو پاڵەوانی تازە کەشفکراوی بازاڕە کە لە ڕیسککردن ناسڵەمێتەوە و ئامادەیە لە  ڕێگەی پێداگری، لاساری، داهێنەری، بوێری و پلانداڕێژی، داهاتووی خۆی مسۆگەر کات و لە هەمان کاتیشدا یارمەتیی گەشەی بازاڕ و ئابوورییش بدات. ئەمە هەڵبەت ئەفسانەی نیۆلیبراڵییە بۆ شاردنەوەی نایەکسانی و چەوسانەوە لە کۆمەڵگادا. بەهەرحال، کە باسی سەوداگەر دەکرێت، مەبەست مرۆڤێکی ئابوورییە کە لە ڕووی عەقڵانییەت و حسێب و کتێبەوە، ژیانی خۆی دادەڕێژێ و بەرژەوەندیی خۆی و نزیکانی خۆی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیکەدا دادەنێت و هەروەها لە مامەڵەدا دەوێرێ لە کەرەسەی شاز و شێوازی ناباو کەڵک وەرگرێ. لە مانای ڕۆژانەیدا، ئێمڕۆ سەوداگەر کەسێکە کە لە هیچ کار و کەرەسەیەک بۆ دەوڵەمەندبوون و سوودی زیاتر نەپرینگێتەوە. هەربۆیەش من وشەی سەوداگەر و سەوداگەریم پێ شیاوترە لە وشەی بۆ وێنە”کاردێر”کارساز” و “کارخوڵقێنەر” کە هەندێ جار بەکار دێت. سەودا هەم مانای خولیا و مەیل بۆ وێنە لە “سەوداسەری” تێدایە، هەم چەشنە سروشتێکی مامەڵەکاری، بازرگانی و هەروەها چەشنە ماجەراجووییەکی تێدایە و زۆر جار لە ئەدەبیاتیش هەر بۆ ئەم مەبەستە بەکار دێت. هەڵبەت لێرە دەبێ سەرنجی ئەوەش بدرێت کە ئەم وشەیە لێرە وەک چەمکێکی شیکارانە کەڵکی لێ وەردەگیرێت و جیاوازە لە مانای شەقامی و ڕۆژانەی. واتە لێرە ئەوانە وەک مۆدێلی سوژەی نیۆلیبراڵی بەکاردێن کە لە بنەڕەتدا، تاکێکی عەقڵانییە کە خۆی قازانجی خۆی لە هەموو کەس باشتر دەزانێ و لە کێبڕكێش وەک باشترین کەرەسە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کەڵک وەردەگرێ. بۆ ئیتمۆلۆژیی وشەکان بڕوانە:

Carayannis, E.G. (2013). Encyclopedia of Creativity, Invention, Innovation and Entrepreneurship. New York, NY: Springer New York, 2013, pp. 569ff.

[5]Neutral

[6] Friedrich Nietzsche, On the Genealogy of Morals. New York: Vintage Books, 1989: 80.

[7]من خۆم لە چەند وتارێکدا ئاماژەم بەم ڕێبازە جیاوازانە کردووە، لەوان:

Shamal Kaveh, ”Tillsammans mot entreprenörskapets förlovade land: Foucault om nyliberalism”, Tillsammans: politik, filosofi och estetik på 1960- och 1970-talen. [ed] Burman, Anders & Lennerhed, Lena, Stockholm: Bokförlaget Atlas, 2014, pp. 591–624.

لە ئینگلیزیدا ڕەنگبێ کورتترین وتار لەمبارەیەدا ئەم نووسراوەی خوارەوە بێت:

Terry Flew, “Six Theories of Neoliberalism”, Thesis Eleven 2014, Vol. 122(1) 49–71

بۆ زانیاریی زیاتر من ئەو چەند کتێبە پێشنیار دەکەم کە لە ڕوانگەی جیاوازەوە نووسراون:

Philip Mirowski& Dieter Plehwe (red.), The Road from Mont Pèlerin: The Making of the Neoliberal Thought Collective. Cambridge: Harvard University Press, 2009; David Harvey, A Brief History of Neoliberalism. Oxford: Oxford University Press, 2005; Pierre Dardot& Christian Laval, The New Way of the World: On Neoliberal Society. Brooklyn. NY: Verso, 2014; Wendy Brown, Undoing the Demos: Neoliberalism’s Stealth Revolution. New York: Zone Books, 2015.

[8]Negation

[9] Regime of truth. See Michel Foucault, The Birth of Biopolitics. Lectures at the Collège de France, 1978–79. Basingstoke: Palgrave Macmillan, 2008, pp. 20; 18)

[10]Homo oeconomicus

[11]Adam Smith

[12]Educational policy

[13]خودی فۆردیزم لە ڕاستیدا هێماشە بۆ ئەو سازشە مێژووییەی لە نێوان کرێکاران و سەرمایەداران ساز بوو. سازانێک کە هەر دوو لایەن لە هەندێ بەرژەوەندی پاشەکشەیان کرد بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ گرژی هاوژیانی بکەن. پۆستفۆردیزم بە پێچەوانە وەرگرتنەوەی هەموو ئەو بەڵێن و پەیمانانەی لەگەڵدا بوو.

[14]Information and communications technology

[15]Service sector

[16]Didactics

[17]لەمبارەوە بەتایبەت کۆمەڵناسی فەرەنسی فرانسووا دوبەیت (François Dubet) چەند بابەتێکی نووسیوە لەوان باسی ئەوە دەکات کە کاتی خۆی قوتابخانە وەک بەشێک لە پڕۆژەی مۆدێڕنیتە، هەولی دا خۆی لە چنگی کەنیسەکان ڕزگار بکات، بەڵام ئێستا  خەریکی سیکۆلاریزەکردنی سێکۆلاریزمە وئەم وزەیەی نەماوە. ئەم پاپاییەش بە بەشێک لە خاسلەتی پرۆژەی مۆدێرنیتە دەزانێ.

[18]Singular

[19]Pierre Rosanvallon

[20]Society of singularities

[21]New individualism of singularity

[22] See: Pierre Rosanvallon, The Society of Equals, Cambridge. Mass.: Harvard University Press, 2013.

[23]Keynesianism.

 John Maynard Keynes ئابووریناسی بریتانی کە بیرۆکەکانی ئەم لە چلەکانەوە تا ناوەراستی حەفتاکان، بیرۆکەی زاڵی ئابووری بوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەشی هەرە زۆری وڵاتانی کاپیتالیستیدا. کەینز لیبراڵ بوو بەڵام دەورێکی گرینگی بۆ دەوڵەت داناوە لە بیرۆکەکانی و  پێی وابوو دەوڵەت دەبێ تا ڕادەیەک بازاڕ کۆنترۆڵ بکات و بازاڕی ئازاد خۆی ناتوانێ پلان بۆ خۆی دابڕێژێت.

[24]Ordoliberalism

ئوردولیبراڵەکان دەستپێشخەری بیرۆکەی نیۆلیبراڵیزم بوون و هەر ئەوانیش بوون کە یەکەم جار کەڵکیان لەم چەمکە وەرگرت بۆ پێناسەکردنی خۆیان. ئەمانە کۆمەڵێک ئابووریزان بوون کە لە زانستگەی فرایبۆرگ (Freiburg) کاریان دەکرد و کەسانی بەناوبانگی وەک والتەر ئویکۆن (Walter Eucken)، فرانز بوم (Franz Böhm)، لودڤیک ئێهارد (Ludwig Erhard) و ئەلەکساندر ڕوستۆ (Alexander Rüstow)یان لەناودا بوون. ئەم گرووپە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی دەورێکی سەرەکییان بینی لە بنیاتنانی یەکێتیی ئووروپا و دامەزراوەکانی سەر بەم ڕێکخراوەیە.

[25] Foucault, The Birth of Biopolitics, p. 105-106.

[26]Privatization

[27]Service sector

[28]Collective

[29]Collectivism

[30]Solidarity

[31]Progressive education

[32]Entrepreneurship education

[33] Restructuring

[34]John Dewey

[35]See: John Dewey, Democracy and Education: An Introduction to the Philosophy of Education. [New ed.]. New York: Free Press; 1999[1916].

[36] Meritocracy

[37]Social mobility

[38]واپێدەچێت چەمکەکە لە لایەن “ستیڤن بال”ەوە داهاتبێ. بۆ زانیاریی زیاتر سەیری ئەم کتێبەی بال بکەن.

Stephen J. Ball, Global Education Inc.: New Policy Networks and the Neo-liberal Imaginary. New York: Routledge, 2012

[39]Programme for International Student Assessment.

[40]Public good

[41]private good

[42]Consumer

[43]Margaret Thatcher

[44] Margaret Thatcher in an interview in Women’s Own in 1987.

[45]Individualism of singularity

[46]Socialization of risk

[47]Progressive tax

[48]هەربۆیەش لە ئاستی پێداگۆژی و زانستی پەروەردە لەپڕ سەرنجەکان ڕادەکێشرێن بەرەو ئەو بیرکار و سیستەمە فکرییانە کە لەودا دەوری پێکهاتەکان جددی گیراوە، لەوان کەسانی وەک پاڤلۆ فرێیری (Paulo Freire)، ئیڤان ئیلیش (Ivan Illich)، بازل بێرنستاین (Basil Bernstein)، پییەر بوردیۆ (Pierre Bourdieu). 

[49] Purchasing power

[50]Careerism

[51]Flexibly

[52]ڕەنگبێ هیچ دیاردەیەک وەک خەونی دەوڵەمەندبوون لە ڕێگەی بوون بە ئەستیرەی تۆپێن یان سینەما و مۆسیقا ئەم مەیل و ئاراستەیەی کۆمەڵگای ئێمە نیشان نەدات. کۆمەڵێ پرۆگرامی بازرگانی و گەردووونی وەک got talent، و  idolو یان جیاوازی لە تەلەفیزیۆنەکان نموونەیەکن. بە ناشکوری ناڵێم خۆ ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکانیش لە بەر هەواڵی کێبڕکێی لیگاگانی تۆپێن و ژیان و پاشملەگۆیی (gossip) دەربارەی ژیانی ڕۆژانەی ئەستێرەکانی سپۆرت و موزیک شوێنیان بۆ شتی دیکە نییە.

[53]Conditions of possibility

[54]Political reason

[55]حوکمڕانی لای فۆکۆ تەنیا لە ئاست حکومەتیدا نییە و بەڕێوەبەری لە سەرەوە بۆ خوارێ ناگرێتەوە، بەڵکو حوکمکردن لە پێوەندیی شەخسی، بنەماڵەیی دەگرێتەوە تا خودبەڕێوەبەری. لە کوردیدا دەستەواژەی حوکمڕۆیشتن هەیە. بو وێنە من لە ماڵێ حوکمم ناڕوا. واتە من لە ماڵێدا، هێزی بەڕیوەبەریم نییە. وشەی government  و هاووێچووەکانی لە زمانی دیکە، زۆربەیان لەسەرەتا بە لەپاڵ مانای حوکمدانی دەوڵەتی، بە مانای بەڕێوەبردنی منداڵ ، خێزان و خودەوە هاتووە . فوکۆ کە باسی حوکمداری دەکات، ئەم مانایە فرەڕەهەندییەی مەبەستە.

[56]Governmentality.

من نازانم چ بەرانبەرێک بۆ ئەم چەمکە دابنێم، ڕەنگبێ عەقڵانییەتی سیاسی باشترین بەرانبەر بێت، بەهەرحاڵ من لێرە وشەی حوکمڕانێتیم بەکار هێناوە. لە تاریفێکی کورت و سادەدا ڕنگبێ بتوانین حوکمڕانێتی وەک پانتاییەک لە تەکنیک و ڕێکار بۆ گۆڕین و هەڵسورانی (directing) ڕەفتاری مرۆڤەکان وەسف بکەین. 

[57] Foucault, The Birth of Biopolitics, pp. 33, 191.

[58] Michel Foucault, Security, Territory, Population: Lectures at the Collège de France, 1977-78. Basingstoke: Palgrave Macmillan, 2009[2007], p. 108.

[59] Supply and demand

[60]Optimal government

[61] Foucault, The Birth of Biopolitics, pp. 242-247.

[62]” Not a supermarket society, but an enterprise society.” Foucault, The Birth of Biopolitics, p. 147.

[63] Foucault, The Birth of Biopolitics, pp. 148-149.

[64] Andrew Dilts, “From ‘Entrepreneur of the Self’ to ‘Care of the Self’: Neo-liberal Governmentality and Foucault’s Ethics”, Foucault Studies, 2011: 12, s. 139.

[65] Peter Fleming, The Death of Homo Economicus: Work, Debt and the Myth of Endless Accumulation. London: Pluto Press, 2017), p. 175.

[66] Foucault, The Birth of Biopolitics, pp. 220-1

[67] Investment

[68] Theodore W. Schultz, ”Human Capital: Policy Issues and Research Opportunities” in EconomicResearch: Retrospect and Prospect 1972, Volume 6, Human Resources, NBER, s. 8.

[69] Foucault, The Birth of Biopolitics, p. 224.

[70]Andrew Dilts

[71] Andrew Dilts, “From ‘Entrepreneur of the Self’ to ‘Care of the Self’: Neo-liberal Governmentality and Foucault’s Ethics”, Foucault Studies, Number 12, October 2011, pp. 136-137.

[72]Ulrich Bröckling

[73]The Entrepreneurial Self. See Ulrich Bröckling, The Entrepreneurial Self: Fabricating a New Type of Subject. Thousand Oaks, CA: SAGE Publications Ltd, 2016.

[74]Entrepreneur of the himself. See: Foucault, The birth of biopolitics, p. 226.

[75] Luigi Pellizzoni L. Ontological Politics in a Disposable World: The New Mastery of Nature. Farnham: Ashgate, 2015, p. 61.

[76] Philip Mirowski, Never Let a Serious Crisis Go to Waste: How Neoliberalism Survived the Financial Meltdown. London: Verso, 2013, p. 58.

[77] Cost estimate

[78]Challeng

[79]فوکۆ لەم کتێبەی خوارەوەدا باسێکی مێتۆدیکی لەم بارەیەوە هەیە. بڕوانە وانەی دەی ئەم کۆوانەیەی فوکۆ:

Michel Foucault, Subjectivity and Truth: Lectures at the Collège de France, 1980-1981. Basingstoke: Palgrave Macmillan, 2017, p. 221-236.

[80]The Political

[81]Antagonism

[82] Already

[83] John Carey

[84]ئەم قسەیەی جان کێریم لەم سەرچاوەی خوارەوە وەرگرتووە:

Ruth Levitas, Utopia as Method: The Imaginary Reconstitution of Society. Basingstoke: Palgrave Macmillan, 2013, p. 153-154.

[85]Curriculum

error:

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان