رۆڵی رێکخراوە لە بەرچاوسازیی و سەبجەسازیی دا
ڕزگار ئەمین نژاد
پێشەکی و ئاماژە
٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١، لە کۆبوونەوەیەکی بەریندا، بەشێک لە بژاردەکانی شاری مەهاباد و چەند شاری دیکەی کوردستان، دامەزراندنی رێکخراوەیەکی کوردیی ڕادەگەیەنن بە ناوی «کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان». خاڵی سەرنج راکێش لەو راگەیاندنەدا ناوی رێکخراوەکەیە. ئەگەر لە گۆشەنیگای تیۆری کردەی زمانیدا لە تێرمی ژیانەوە بڕوانین؛ ئەوا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: بۆچی «ژیانەوەی کوردستان»؟ مۆتیڤی ژیانەوە لەهەمبەر چی و کێ دایە؟ لێرەدا «ژیانەوە» مەبەستێکە، دەبێت بە دەربڕین، دەربڕینیش دەلاقەیەک بە رووی جیهاندا دەکاتەوە بەڵکوو لە بەستێنی تیۆریدا شرۆڤە بکرێت. بەڵام ئەم ناوە بەردەنگیشی هەیە، کار بۆ ئاگاکردنەوەی بەردەنگەکانی دەکات، لەوەش گرنگتر شتێک بە ناوی «ئەوانی دیکە» بەرهەم دەهێنێت و بەرەنگاری ئەو هێژمۆنانە دەبێتەوە کە ناسێنەی نەتەوەکەی چەواشە دەکەن. لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی ژ ک، ئیتر ژیانەوە وشە یا ئاماژەیەکی ئاسایی نامێنێت بەڵکە دەبێ بە سەبجەیەکی سیاسی، گێڕانەوەی خۆی بەرهەم دەهێنێت، ئاکاری خۆی دادەهێنێت، تیشک دەخاتە سەر شتێکی بزرکراو کە لە قوژبنە تاریکەکانی مێژوویان پەستاوتووە و هەروەها تێدەکۆشێت ببێت بە پاڵنەرێکی گرنگ لەمەڕ بنیاتنانی «کۆبیرەوەریی». کەوایە ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەیەکدا ئاشنا دەبین کە لە پێوەندیی «دەسەڵات/دژەدەسەڵات»دا هەوڵ بۆ بیرهێنانەوە و ژیاندنەوە دەدات.
ئەم وتارە هەوڵ دەدات خوێندنەوەیەک بکات بۆ پرسی رێکخستن و کارایی حیزب لەسەر بەرچاوسازیی دیاردە زەینییەکان و هەروەها چۆنایەتی نوێنەرایەتی کردنی هێما و کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگا. وەک سەرەتا و لە بەشی چەمکناسیدا هەوڵ دەدرێت پێناسەیەک بۆ دیاردەی حیزب بکرێت و ئاماژە بەو کەلێنە کۆمەڵایەتیانە بکات کە رێخۆشکەرن بۆ سەرهەڵدانی حیزبی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بەهۆی دۆخی ژێۆپۆلیتیک، ژێۆستراتیژیک و ژێۆئێکۆنۆمی کوردستان، مۆدێلی کولتوریی روکان کە خۆی لە هاودژگەلی وەک «دەوڵەت/ دەین» و «ناوەند/پەڕاوێز»دا دەبینێتەوە بە بنەما دەگرم. بەڵام بە هۆی رەوتی گەشەسەندوویی کاپیتالیزم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سروشتییە جیاوازییەکی بنچینەیی هەبێت لەگەڵ رەوتی گەشەسەندن لە وڵاتانی رۆژاوا، کەوایە خسڵەتەکانی ئەم مۆدێلە لە لەباری چییەتییەوە و هەروەها شێوازی هاوپێوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیشی جیاوازیان دەبێت کە لەم وتارەدا ئاماژەیان پێدەدرێت.
ئەگەرچی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵیان لە دارشتنی ستراتیژی سیاسی و کارکردی حیزب هەیە، بەڵام ناکرێ رەهەندی سەبجەکتیڤی ناسیۆنالیزمی ئێرانیش لەبەر چاو نەگرین کە بە دوو ئاپاڕاتوسی زمان و گێڕانەوە پڕچەک کراوە. کەوایە ئەم وتارە هەوڵ دەدات لەباری مێتۆدۆلۆژییەوە پشت بە دیسکۆرس ئانالایز ببەستێت بەڵکوو تیشک بخاتە سەر رەهەندە شاراوەکانی سەبجەسازیی[1]، گێرانەوە و هەروەها داهێنانی کۆبیرەوەریی لە ئێراندا. لە بەشی دواسەرنجدا؛ بە کورتی باس لە گرنگبوونی بەدامەزراوەیی کردن و ئاماژە بە رۆڵی حیزب دەدرێت لەمەڕ تێکشکاندنی هێژمۆنی باڵادەست لە رێگای بنیاتنانی هێڵی بینین، هێڵی بەیان، هێڵی هێز و هێڵی سەبجەسازیی کە ژیل دۆلوز لە شڕۆڤەکردنی ئاپاراتوسەکانی فۆکۆدا سەرنجی پێداوە.
چەمکناسیی حیزب
«چییەتی» و «پێکهاتەیی» دوو کانسێپتی سەرەکین بۆ شرۆڤە و پێناسەکردنی حیزب کە لە بۆچوون و کاری مەیدانیی توێژەرانی زانستی کۆمەڵایەتیدا زۆر سەرنجی پێدراوە. ئەم وتارە لەبری پەنابردن بۆ پێناسەیەکی لەکسیکاڵی لەمەڕ حیزب، هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر رەهەندەکانی چییەتی حیزب و پێکهاتەی حیزب، بۆ ئەم مەبەستە پشت بە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسیانە دەبەستێت. وەها بۆچوونێک هانمان دەدات باندۆڕی مێژوو وەک پێشمەرجێک لەمەڕ تێگەیشتن لە چەمکی حیزب لەبەرچاو بگرین و بزانین داخوا دیاردەی حیزب لە چ بەستێنێکیی مێژووییدا سەر هەڵدەدات و دۆخی کۆمەڵایەتی چۆن کارایی لەسەر دیاریی کردنی پێکهاتەی حیزب دەبێت.
چییەتی حیزب
کاڕل مارکس و فرێدرک ئێنگێڵز لە نۆهەمین قەتعنامەی کۆنفرانسی «هاگ» لە کۆڕی نێونەتەوەیی کرێکاران و لە ساڵی ١٨٧٢دا باس لە گرنگبوونی دامەزراندنی حیزبێک بۆ «کرێکاران» دەکەن بەڵکوو وەک ئەڵتەرناتیڤ لەهەمبەر حیزبە بروژواییەکاندا چالاک بێت. وەک لەم بۆچوونەدا دەردەکەوێت، چینی کرێکار ناتوانێ وەک چینێک رۆڵی مێژوویی هەبێت ئەگەر لە هەمبەر حیزبە بروژواییەکاندا رێکخستن و لە ئاکامدا حیزبی خۆی دانەمەزرێنێت. ئەوان پێیان وایە دامەزراندنی حیزبی کرێکار سەرکەوتنی ئینقلابی کۆمەڵایەتی و لە ئاکامدا هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی چینایەتی دەستەبەر دەکات (جانستون، ٢٠٢٠). ئەو شتەی کە لە نێوەرۆکی بۆچوونەکانی مارکس و ئێنگێڵزدا بە روونی دیارە، روانگەی کۆمەڵناسانەیە لەمەڕ حیزب. ئەم بۆچوونە ئاماژە بە کەلێن و هەروەها هاودژە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە لە ماتریالیزمی مێژوویشدا شرۆڤە کراوە و لێرەدا بە پێویستی نازانم ئاماژەی پێ بدرێتەوە. دواتر لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا خوێندنەوەی کۆمەڵناسیانە لەمەڕ دیاردەی حیزب پەرە دەستێنێت و زیاتر لە جاران سەرنجی توێژەرانی سیاسی بۆ لای کەلێن و هاودژە کۆمەڵایەتییەکان رادەکێشێت. بەڵام جیاوازیی توێژینەوەکانی دوای مارکس لەوەدایە کە بە روانگەیەکی پۆستماتریالیستییەوە لەو کەلێن و هاوکێشانە دەروانن و دیاردەی کولتور لە دەرکەوتنی کەلێن و هاودژەکانیشدا بەهەند دەگرن. یەک لەو کەسانەی کە توێژینەوەیەکی ورد و مێتۆدۆلۆژیانەی بۆدیاردەی حیزب کرد و زەمینەی بۆ هاتنەئارای کۆمەڵناسیی حیزب خۆش کرد، ستەین روکان مامۆستای زانستە سیاسییەکان بوو لە وڵاتی نۆروێژ. توێژینەوەکانی روکان زیاتر خۆی بە رووداو و بەرەنگارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەریک دەکات و دواجار بەم ئاکامە دەگات کە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی حیزب، سەرەتا دەبێ لەو کەلێنە رژدانە تێبگەین کە لە کۆمەڵگادا بەدی دەکرێن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە حیزبەکان نەک بەرهەمی ئەو کەلێنانە بەڵکە نوێنەرایەتیشیان دەکەن. لەو توێژینەوەدا کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان بەم چەشنە پۆلین کراوە:
رەهەندی کولتووری
لە ئینقلابە مەزەبییەکانی ئۆروپا لە سەدەی شازدەهەمەوە دەست پێدەکات کە زەمینەی بۆ دامەزراندنی «دەوڵەت- نەتەوەکان» خۆش کرد و لەهەمان کاتدا کۆتایی بە دەسەڵاتی رەهای دامەزراوە دینییەکان هێنا. وەها رووداوێک دوو کەلێنی بنەمایی لێ کەوتەوە: دامەزراوە دینییەکان لەهەمبەر دەوڵەت و هەروەها ئەتنیکەکان لە هەمبەر نەتەوەی باڵادەستدا، واتە؛ کەلێنی «دەوڵەت/دین» و «ناوەند/پەڕاوێز». ئەم کەلینە تایبەتمەندیی کولتوریی هەیە و لە چوارچێوەی «کولتور/دژەکولتور»دا شرۆڤە هەڵدەگرێت (Rokkan, 1977).
رەهەندی ئابووری
قۆناغی دووهەم بەدوای ئینقلابی پیشەیی و لە سەدەی هەژدەهەمەوە دەست پێدەکات. یەک لە دیاردەکانی ئینقلابی پیشەیی، نەک هەر گۆڕانی دێمۆگڕافی شارەکان بەڵکە دەرکەوتنی جوگرافیایەکی چینایەتیش بوو. کرێکاران لە دەوروبەری کارگە پیشەییەکانەوە مەنزڵیان دەکرد و هەر ئەمە بووە هۆی بەرچاوبوونی جیاوازییە چینایەتییەکان کە دواتر لە تیۆریی مارکسیستیدا وەک چینی بروژوا و چینی کرێکار شرۆڤە دەکران. بەڵام روکان ئاماژە بە کەلێنێکی دیکەش دەکات کە جێگای لێ وردبوونەوەیە: کۆچی بە کۆمەڵی گوندنشینەکان بەرەو شارە پیشەییەکان، کەلێنی نێوان شار و گوندیش چێدەکات. گوندنشینەکان شێوازێکی کۆنسێرڤاتیانە دەگرنەبەر و نیگەران بوون لەوەی کە داب ونەریتی گوندنشینەکان -کە کشتوکاڵ سەرەکی ترین بەرهەمی بوو، بکەوێتە بەر هەڕەشەی ستایلی ژیانی شارنشینی. کەوایە ئینقلابی پیشەیی دوو کەلێنی دیکەی بەرهەم هێناوە کە بریتین لە کەلێنی « بروژوا / کرێکار» و کەلێنی « شار/ گوند». وەک دیارە ئابووری هۆکاری دەرکەوتنی ئەم کەلێنانەیە (ibid).
ئەگەر ئەو خوێندنەوەیە بە بنەما بگرین زۆر بە باشی لە دیاردەی فرەحیزبی ئۆرووپا و شێوازی هاوپەیمانی و هاودژییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تێدەگەین. نموونەی حیزبە دێمۆکرات مەسیحییەکان، سێکۆلار لیبەراڵەکان، کۆنسێرڤاتیڤەکان، چارتیستەکان، سۆسیال ذیمۆکراتەکان، نەتەوەییە راسترەوەکان، حیزبەکانی کار و هتد، سەرچاوەکانیان بە بۆچوونی روکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەلێن و ناتەباییە کۆمەڵایەتییانە. بەڵام یەک لەو ئاکامانەی لە کتێبەکەی روکاندا سەرنجڕاکێشە و پێوەندیی بەم وتارەشەوە هەیە، پرسی کەلێنە کولتورییەکانە کە بە بۆچوونی روکان هۆکارێکی پایەدار و گرنگن بۆ جووڵە کۆمەڵایەتییەکان و سازدانی کۆدەنگی لە فەزای سیاسیدا. دەرەنجامی ئەو توێژینەوە پێمان دەڵێت: کاتێک ئێمە باس لە دیاردەیەکی سیاسی یا کێشەیەکی سیاسی دەکەین، مەبەستەکەمان ئەوە نییە کە کێشە و دیاردەکان بە شێوەیەکی زاتیی سیاسین، بەڵکە دەبێ لە دوای بەستێنی بەسیاسی کردنیان بگەڕێین.
پێکهاتەی حیزب
یەکێک لەو ئێلێمانانەی کە بووەتە هۆکار بۆ پێناسەکردنەوەی حیزب لە فەزای سیاسیی وڵاتانی دێمۆکراتیکدا، کارکرد و ئاماجی حیزبە. ئەم رووکردە لە راستیدا لە بنەمایەکی فۆکسیۆنالیستییەوە سەرچاوە دەگرێت و بەتایبەت لەژێر سریمەی رەوەندی دێمۆکراسیزاسیۆن و پاڕلێمانتاریزمدا هاتووەتە ئاراوە. دیاردەی دێمۆکراسیزاسیۆن، دامەزراوەخوازی و هەروەها ململانێی حیزبی بۆ گەیشتن بە کورسیی دەسەڵات، ئامانج و کاردکردی حیزبایەتیشی دیاریی دەکرد. بۆ نموونە چارتیستەکان کە لایەنگریی رێفۆڕم بوون لە بریتانیا، ئەجندای سیاسی خۆیان لە چوارچێوەی خەبات لە پێناوی بە فەرمی ناسینی دەنگدانی گشتیی دیاری دەکرد. موریس دۆریس «رێکخستن» بە بنەما دەگڕێت بەڵکوو شێمایەکی توکمە بۆ پێناسە کردنی حیزب بدا بەدەستەوە. رێکخستن بە لای دۆریسەوە ئاپاراتووسی دەسەڵاتە، واتە حیزب بۆیە دادەمەزرێت بەڵکوو دەسەڵات بگرێت بەدەستەوە. سروشتییە کە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دەبێ حیزب ئاماناجێکی دیاری کراوی هەبێت، رێکخستنی بەهێزی هەبێت، رێکخراوەکانی وەها چالاک بن کە بتوانن رێژەی لاینگرانی حیزب زیاتر بکەن و و لەوەش گرنگتر دەبێ حیزب پوتەنسێلێکی وەهای هەبێت کە کادێری پێویست بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی پەروەردە بکات (Dalton & Wattenberg 2002). هەر لەم چوارچێوە کارکردییەوە دۆریس حیزبەکان بەسەر حیزبی بژاردە و حیزبە جەماوەریدا دابەش دەکات. حیزبی بژاردەکان خاوەن کادێری تەکنۆکرات، سیستەمێکی هیرارشیکاڵ و بە گشتی سێکتاریستین. بەڵام حیزبی بژاردەکان لە باری مەعنەوییەوە لە کۆمەڵگادا مەشروعیەتان هەیە چوونکە ئەندامانیان سیاسەتمەدار و تەکنۆکراتن. زۆر جار دەوڵت بۆ پڕکردنەوەی کابینەکانیان ناچارن لەگەڵ ئەو حیزبانەدا ئیئتەلاف بکەن. لە پێناسەکردنی حیزبی جەماوەریدا، سەرەتا دۆریس ئاماژە بەوە دەکات کە حیزب نمادی بزووتنەوەی سیاسی/کۆمەڵایەتییە، کەوایە بە پێی ئینتمای چینایەتی یا ئینتمای نەتەوەییەوە دەبن بە بەشێک لە بزووتنەوە سیاسی/کۆمەڵایاتییەکان و زۆر سرووشتییە کە خەڵک لەو حیزبانەدا ببن بە ئەندام کە رۆڵیان لە رێبەرایەتی وەها بزووتنەوەیەکدا هەیە. رێکخستن و پرۆپاگاندا میکانیزمەکانی حیزبی جەماوەرین بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و لە لایەن کادێرانی حیزبییەوە – کە پسپۆرن لەو بوارەدا، کۆنترۆڵ دەکرێت. بە پێی بۆچوونی مۆریس، لەگەڵ ئەوەیدا ئایدیالۆژی حیزب رۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر، بەڵام رێکخستنەکانی حیزب میکانیزمێکی گرنگترن بۆ گەیاندنی حیزب بە دەسەڵات. بەم چەشنە کۆبوونەوەی جەماوەر لە دەوری حیزب و زۆروبۆر بوونی ئەندامان هەمیشە لە ئەجندای حیزبی جەماوەری دایە (ibid).
کوردستان و کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی
ئێمە کە خوێندکاری هەمیشەیی زانستی کۆمەڵایەتین، یەکەم شت کە لە زانکۆکان فێری دەبین بۆ توێژینەوە و کاری مەیدانی -وێڕای رەهەندی ئانتۆلۆژیکی رووداوەکان، ڕەچاو کردنی مەعریفە و هەرمێنۆتیکە لە مێتۆدۆلۆژیای مێژوودا. کەوایە ئێمە فیر بووین مانا و هێماکان بەهەند بگرین چوونکە دالی کۆمەڵێک رووداوی مێژووین. ئەگەر ئەو رووداوانە رۆڵیان لە بەرهەمهێنانی هێما و ماناکاندا نەبوایە، مێژوو فەرامۆشی دەکردن. مێژوو زۆر لەوە بێبەزەیی ترە کە یاد لە رووداوە بێ ماناکان بکاتەوە. هەڵبەت کۆ کردنەوەی زانیاری و بەڵگەی پێویست یەک لە مەرجە گرنگەکانی مێتۆدۆلۆژیای مێژوون. کەوایە ئاوڕدانەوە بۆ مێژووی کورد و ئەو رووداوانەی کە زەمینەی مێژوویی بۆ گۆڕانە کۆمەڵایەتیەکان خۆش دەکەن -ئەگەرچی لە تاقەتی ئەم وتارەشدا نەبێت، بەڵام زۆر پێویستن. کەوایە ئەگەر بەکورتیش بێت خوێندنەوەیەکی خێرا بە پێویست دەزانم بۆ تیشک خستنە سەر بەستێن و هۆکارەکانی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان. یەکێک لە گرفتەکانی خوێندنەوە بۆ مێژووی کورد لەوەدایە کە لە نێوان دوو بەرداشی «سڕینەوە» و «بیرهێنانەوە»دا فۆرمێکی گێڕانەوەی مێژوویی بەرهەم هێناوە کە زۆر یەک لە کارناسانی مێژوو رازی ناکات. بە واتایەکی دیکە ئەو شتەی ئێمە وەک مێژووی کورد ئاوڕی لێ دەدەینەوە، ئەگەرچی پرسی کورد وەک سەبجە لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام بە دوو رووکردی جیاوازەوە چەمک و بنەما مێژووییەکانی کورد شرۆڤە دەکات. یەکەم: بەشێک لە خوێندنەوەکان لە دەرەوەی کۆنتێکستی کورد هەڵکەوتوون (واتە بیانییەکان) و ئەوەی دیکەش: خوێندنەوەیەکە لە هەناوی کۆنتێکستی کورد. خوێندنەوەی دەروون کۆنتێکست لەمەڕ کورد زۆرجار وا دێتە بەرچاو کە لە ئاستی خوێندنەوەیەکی بەرەنگارانەدا بێت لەهەمبەر پرۆژەی سڕینەوە و هەروەها لە هێندێک نموونەشدا کارایی ئایدیالۆژیکیان پێوە دیارە. لەوانەیە هۆکارەکە پێوەندیی راستەوخۆی هەبێت بە دۆخی ژێۆپۆلیتیکی کوردستان و سیاسەتی کۆلۆنالیستیانەی ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کە وا کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە.
سەبارەت بە کەلێنی «دەوڵەت/دین» دەکرێ ئاماژە بەوە بدەم کە بە درێژایی مێژووی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی، وەها کەلێنێک لە کوردستاندا هەست پێکراوە و هۆکارەکەش ئەوەیە مەزەبی شیعە یەک لەو ئێلەمانانەیە کە فۆرماسیۆنی دەوڵەت- نەتەوەی ئێرانی پێک هێناوە. راستە بەیسی شیعەگەریی لە ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا لەگەڵ بەشە سوونی نشینەکانی کوردستان قەت بێ کێشە نەبووە، بەڵام ئەم کەلێنە نەیتوانیوە سەبجەسازکەر بێت. بۆ شیکردنەوەی وەها دۆخێک دەکرێ چوار هۆکار لەبەرچاو بگرین: سەرەتا پێوەندی بە کۆمەڵگای کوردەوارییەوە هەیە کە بە پێچەوانەی کۆمەڵگای فارس -کە شیعە مەزەبێکی سەرەکی و فەرمییە، کوردستان کۆمەڵگایەکی فرەدینی و فرەمەزەبییە. یەک لە هۆکارە سەرەکییانی دیکەش ئەوەیە کە لە روانگەی ئێلیتی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا پرسی شەرعیەتی دین بە بنەما نەگیراوە بەڵکە هەمیشە ڕەچاوی رەهەندی مەعنەویانەی دین کراوە؛ هەر ئەو رەهەندەش دەرفەتێکی لەباری رەخساندووە بەڵکوو پێکهاتە ئایینییەکانی کوردستان -بە گشت مەزەب و دینێکەوە، ئاوێتەی شەپۆلەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی ببن و لە جێگیرکردنی روانگەی سێکۆلارانە لەنێو بزاڤە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستانیشدا رۆڵی بەرچاویان هەبێت (موفیدی ٢٠١٩). هۆکاری سێهەم پێوەندی بە پاراستنی یەکڕیزیی کۆمەڵگای کوردییەوە هەیە؛ چوونکە گرێدانەوەی بزاڤەکانی کورد بە پرسی هەڵاواردنی مەزەبی، بە پێی ئەو زەرفیەتە پۆلۆرالیستییەی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدی دەکرێت، بەر لەوەی بتوانێ ببێت بە دینامیزمی ڕاپەڕین، دەتوانێ هەڕەشە بێت بۆ لێکترازانی نەتەوەیی. هۆکاری چوارەم پێوەندیی هەیە بە کارایی «دینی حکوومی» بۆ پەرەدان بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی. لە سەردەمی مەشروتەوە پێوەندییەکانی شەرعیەت و نەتەوە بەو رادەیە نەپسابوو کە وەک پرۆسەی لاییتیسەی دەوڵەت-نەتەوەی تورک، دین و شەریعە لە جومگەکانی کۆمەڵگادا بسڕێتەوە. لەوەش گرنگتر؛ سیستەمی پاشایەتی ئێران بەبێ مەشروعیەتی دین و بەتایبەت بەیعەتی مەرجەعەیەتی شیعە کە خاوەن مۆنۆپۆلی ئابووریش بوون، توانای سەقامگییربوونی نەدەبوو (Matin, 2013). یەک لەو ڕاپەڕینانەی کە دەکرێ لە چوارچێوەی کەلێنی «دەوڵەت/دین» دا شرۆڤە بکرێت، ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران بوو لە دژی پرۆژەی لایەتیسەی ئاتاتورکدا، هەڵبەت نکۆڵی لە تایبەتمەندیی نەتەوەیی بوونی ئەو ڕاپەڕینەش ناکرێت (قاسملو ١٣٧٨). بەڵام رێکخستن و سەرهەڵدانەکانی دواتر، بۆ نموونە بزووتنەوەی «خۆیبوون» زیاتر بە پێی سروشتی ناوەند/ پەڕاوێز شرۆڤە هەڵدەگرێت.
کەلێنی ناوەند/پەڕاوێز هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پەتریکال-فێۆدالی ئێران و دامەزراندنی سیستەمی سەنتراڵ-بروکراسی لەو جوگرافیایەدا کە ئەمرۆ بە ئێران دەناسرێت. دۆخی کۆمەڵناسیانەی ناوچە میرنشینەکان نۆمادیسم و بەشێک لە میرنشینەکان مڵکداری-خێڵەکی بوون کە بە سیستەمی دەرەبەگایەتی بەڕێوە دەچوو. ئەم دۆخە کۆمەڵناسیانەیە لەسەر سێ بنەما دامەزرابوو کە وێکڕا پێوەندییەکی ئۆرگانیکیان بە سیستەمی پەتریکال-فیۆدالی ناوەند هەبوو:
-
مڵکداری [دەرەبەگەکان]– سەروەریی سیاسی [حکوومەتی ناوەندی]،
-
داهاتی زەوی [بۆ مڵکدارەکان] –ماڵیات [باجی حکوومەت لە سوودی مڵکدارەکان] و
-
جوتێر [رەعیەت لە خزمەت مڵکدارەکان] –هاوڵاتی [کە چارەنووسیان لە دەستی حکوومەت بوو] (گلاویژ، ١٣٦١).
حکومەت و دەسەڵاتی میرنشینەکان لە رێگای وەها ستروکتورێکەوە پێوەندییەکانیان دامەزراندبوو. تەبایی لە نێوان حکومەت و دەسەڵاتی میرنشینەکان لە رێگای سوود و ماڵیاتەوە رێک دەخرا و هەرکات هاوسەنگی نێوان سوود و ماڵیات تێک چووبا، تەبایی نێوان حکوومەت و میرنشینەکانیش تووشی قەیران دەبوو. بەڵام ژینگەی کولتوریی لەو هاوپێوەندییەدا پرسێکی سەربەخۆیە و بە پێی سروشت و نەریتی ناوچەکان، گەشەیان دەکرد و ڕەسەنایەتیی خۆیان دەپاراست. لەگەڵ دێفۆرمە [2] کردنی سەروەریی سیاسی لە سەردەمی قاجار، ئەم سێ فۆنداسیۆنەش لەبەریەک هەڵوەشانەوە. واتە مڵکداری دەبێت بە «مڵکی مەشاع» کە هەر کات پاشا ویستی بەناوی میللەت داگیری دەکات، سوود دەکەوێتە پاوانی مۆنۆپۆلەکانی ئابووری-حکوومی و هەروەها جوتیارەکان چیدیکە وەک رەعیەت نامێنن و لە چوارچێوەی یاسای وڵاتدا دەبن بە هاوڵاتی، واتە بە پێناسەیەکی سیاسییەوە دەناسرێن (ibid). بەڵام سیستەمی سەنتراڵ-بروکراسی ناوەند ئامانجێکی شاراوەی بۆ پێناسەکردنی «هاوڵاتی» هەبوو کە لە یاسای بنچینەیی مەشروتەوە (١٩٠٦) تەکووز کراوە و ئاماژە بە ناسنامەی ئەتنیکی هاوڵاتیان ناکرێت، بەم کارە دەسەڵاتی ناوەندیی رێگا بۆ نکۆڵی کردن لە جیوازییە نەتەوەییەکان خۆش دەکات و نەتەوە بێدەوڵەتەکانی ئێران بە کردەوە لە مافی مەدەنی و دێکۆکراتیک بێبەش دەبن (ولی، ٢٠١١).
سیستەمی کۆمەڵایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆچوونی عەلی گەلاوێژ نیمچە نۆمادیسم بوو، واتە بەهۆی ئاژەڵداریی کە بەشێکی گرنگ بوو لە ئابوریی کوردستان، خێڵەکانی کورد ناچار بوون بیر لە ژیانێکی نیمچە مڵکداری ونیمچە نۆمادیک بکەنەوە بەڵکوو لە رێگای کشتوکاڵەوە تفاقی ئاژەڵەکان لە وەرزی زستاندا دابین بکەن. (گلاویژ، ١٣٦١). لە نێوەراستەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە حکوومەتی ناوەندیی بە تۆبزی خێڵەکانی کورد ناچار بە نیشتەجێ بوون دەکات، چەکیان دەکات و بەم چەشنە حەشیمەتی شار و گوندەکانی کوردستان روو لە زیاد بوون دەکەن. سیاسەتی نیشتەجێ کردن لە رێگای زەبر و زەنگ و هەروەها بە تۆبزیی کۆچاندنی بەشێک لە خێڵەکانی کورد بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کوردستانیش جێبەجێ کراوە. هۆکارەکان بۆ وەها پلانێک لەم سێ خاڵەدا فۆرموولە کراوە.
-
نیشتەجێ کردنی زۆرەملی لە پێناو سەنترالیزەکردنی سیاسەت-ئابووری و دامەزراندنی سوپایەکی توکمەی سەربازی هاتە ئەنجام کە وەک مەرجێک بۆ گەشەی کاپیتالیستی لە ئێران دەهاتە ئەژمار.
-
شارنشینی زۆرەملی، پێوەندییەکی ئۆرگانیکی بە تاپۆکردنی مڵکداریی تایبەت هەبوو کە لە چوارچێوەی یاسادا وەک مولکی مەشاع بناسرێت.
-
سیاسەتی شارنشینی رەگێکی ئایدیالۆژیکاڵی هەبوو، واتە بە پێی ستراتیژیای کاپیتالیستی جێبەجێ دەکرا و نێوەرۆکی وەها پلانێک زۆر دژە نەتەوەیی و لە هەمانکاتدا زۆر دژە دێمۆکراتیک بوو (ibid).
نیشانەکانی رەوەندی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی[3] لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، لە رۆژهەڵاتی ناڤینیشدا کەم کەم دەردەکەوت، چوونکە پارامێتری ئابووری رۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ ترانسفۆرماسیۆنی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانە. کەوایە سیستەمی پەتریکال-فیۆدال شانسێکی ئەوتۆی نەمابوو کە درێژە بە سەقامگرتوویی خۆی بدات. رۆژهەڵاتی ناڤین بەهۆی دۆخی ژێۆئێکۆنۆمیک و هەروەها ژێۆستراتیژیکیش مەیدانێکی لەبار بوو بۆ ململانێی کارتێل و مۆنۆپۆلەکانی ئابووری جیهانی و بەتایبەت چاڵە نەوتییەکان لەو دەڤەرە، رێگای بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە خۆش دەکرد. بەڵام دەوڵەت-نەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەت بە پێی سروشت و مەعریفەی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی وڵاتانی رۆژئاوا نەچووە پێش چوونکە هیچ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان حکوومەت و گەلانی ژێر دەسەڵاتیان لە ئارادا نەبوو. ئەو شتەی بەناوی حکوومەت دەیبینین و دەیناسین، سیستەمێکی سەنترالیزەکراوە کە لە رێگای هیرارشی و بە دیسپلینێکی سەربازی، لە رێگای وەرگرتنی مالیاتی زۆرمەلی و هەڕەشەی لەشکەرە پڕچەکەکانیان دامەزراوە. یاسا لەو ناوچانە کۆمەڵێک پەیرەو و دەستووری حکومی-لەشکەرییە کە وڵاتی پێ بەڕێوە دەبەن. سیاسەتی نیشتەجێکردن لە ئێرانیش بە تەما نەبوو بە ئاقارێکدا تێپەڕێت کە رێخۆشکەر بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەک کە خسڵەتەکانی بروژوا-لیبەراڵیی پێوە دیار بێت. ئەو سیستەمە سیاسییە کە بەناوی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی دامەزرا، بە پێی دیسیپلینێکی بروژوا-بروکراتیک رێکخرا [واتە چینی مامناوەندی کە بۆخۆی بەرهەمی حکوومەتەکانە] بەڵکوو لە رێگای کۆنترۆڵ و باڵانسی کاپیتالیزمی حکوومی و هەروەها ئەفسانەسازی بۆ بەرهەمهێنانی کانستراکتی نەتەوەی ئێرانی، خزمەت بە بەردەوام بوون و دامەزراوەیی دیکتاتۆڕیی سیاسی بکەن. لە پرۆژەی گەشەسەندوویی حکومەتی مۆدێڕن، سیستەمی «مەمالکی مەحروسە» هەڵوەشێندرایەوە و دەسەڵاتەکانی ئەو ناوچانە کە بەناوی ئەیالەتی و ویلایەتی ناسرابوون تا ئاستی پارێزگا دابەزین و بەم کارە سەربەخویی سیاسی و هەروەها رەوەندی وەبەرهێنانی ئابووریی ناوچە میرنشینەکان کۆتایی پێهات (قاسملو، ١٩٩٦).
رەوەندی نیشتەجێ کردن و لە ئەنجامدا مۆدێڕنیزاسیۆن لە ئێران، بە پێچەوانەی بۆچوونی عەلی گەلاوێژ، بە مۆدێلێکی ناسیۆنالیستی دەچووە پێش کە سەعید شەمس لەگەڵ نموونەی ناسیۆنالیزمی فەرمی لە روسیای سەدەی نۆزدەهەم بەراوردی دەکات. واتە لە رێگای سیاسەتی داگیرکارییەوە سنوورەکانی ئیمپراتۆریەتی روس بەرفراوان دەکرا و بە پرۆژەی بەرووسی کردنی نەتەوە داگیرکراوەکان، سیستەمێکی یەک پارچە و ناوەندگەرای دامەزراند بەڵکوو نەتەوە داگیرکراوەکان خۆیان لە گەڵ نۆرمە سیاسی و مەدەنییەکانی کولتوری رووس بگونجێنن و سروشتییە زمانی رووسی سەرەکی ترین و گرنگترین کاتالیزۆری وەها پرۆژەیەک بوو. (شەمس ٢٠١١).
ئەگەرچی لە بەراوردکردنی ناسیۆنالیزمی روسی و ئێرانیدا زۆر خاڵی هاوبەش بەدی دەکرێت بەڵام تەووژمی جەبباریەتی سیاسی[4] کە بە هۆی کودیتای رەزا خان دەست پێ دەکات، هەروەها سیاسەتی ستانداردیزەکردنی کولتوور لە ئێران کە لە سەر خوانی ئەنفال کردنی کولتور و زمانی نەتەوەکانی دیکە کاری بۆ داسەپاندنی ناسیۆنالیزمی فەرمی لە ئێرانیدا دەکرد، بەرچاوترە. هۆکارەکان دەتوانن پێوەندییان بە دوو شتەوە هەبێت: یەکەم مەعریفەناسیی سەروەریی سیاسی و ئەوەی دیکە کولتورسازییە. سەبارەت بە سەروەری؛ دیاردەی ئیمپراتۆریەت و کولتور لە رووسیا لەباری زەمەنییەوە کرۆنیک و لەباری مەعریفی و پێکهاتەییەوە بەرهەمی فیۆدالیزمە بە خەسڵەتە مێژووییەکانیەوە. بەڵام ئێران بەدوای داڕمانی ئیمپراتۆری سەفەوی و بە سەردەمی پەهلەویشەوە نیمچە کۆلۆنیاڵ بوو (قاسملو، ١٩٩٦). فیۆدالیزم بەو خەسڵەتە مێژوویانەیەوە لە ئێراندا نامۆیە و نۆمادیسم و سیستەمی خان-دەرەبەگ چارەنووسی دەسەڵاتی دیاریی دەکرد (گەلاویژ ١٣٦١). سەروەریی سیاسی و یاسا لە رووسیا بە پێی کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتی (ئەگەرچی سیستەمەکە فیۆدالی بوو) تەکووز دەکرا و هەموولایەک پابەند بوون پێی، بەڵام لە ئێران سیستەمەکەی دەستوورییە. رەگەکانی چینی ئۆتۆکرات لە مێژووی رووسیا گەلێک قووڵتر و هەروەها دوای پارامێتری دین [ئۆرتۆدۆکس] رۆڵی هەبوو بۆ مەشروعیەتدان بە دەسەڵاتی ئیمپارتۆر. واتە پاشای وڵات لە ئاغەڵێکی مازندەران قوتار نەبووە کە ببێت بە قەزاق، بە کەڵەگایی و دەمپیسیی ناوبانگ دەربکات، دواتر رێی لە کۆنسۆلخانەی ئینگلیز و بازنەی فراماسیۆنەکان بکەوێت و ببێت بە رەزاخانی سپەهبورد، بە نەخوێندەواریی بیکەن بە وەزیری جەنگ و دواجار بە کودیتایەک تاجی پاشایەتی بکاتە سەر. سەبارەت بە دیاردەی کولتور-زمان، هەتا ئێستاش، تەنانەت لە نێو فارسەکانیشدا مشتومڕ و ناکۆکییەکی زۆر هەیە لەمەڕ پێناسەکردنی کولتوری ئێرانی. ئەو شتەی ئەمرۆ بە کولتوری ئێرانی (فارس) دەیناسێنن پرۆژەیەکە بە پێی ئالیناسیۆن و لەژێر چاوەدێریی سیستەمێکی توتالیتێر داتاشراوە کە رێسا و پێناسەکانی و تەنانەت ناوەکەشی (واتە فرهنگ) لە خزمەت بەرژەوەندی و سەروەریی سیاسی پێکهاتەیەکی ئیتنۆ-زمانییە. هەروەها زمانی فارسی یەک لە ئاڵەنگارییە جیددییەکانی خەسڵەتی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە، زمانێک کە بە ئەنفالی وشە، دەستور و خەتی زمانەکانی وەک کوردی، عەرەبی، تورکی، فەرانسی و هتد ساخکراوەتەوە. پرسی مەشروعیەتی دەسەڵات، رەسەنایەتی کولتور (واتە کێشەی کولتوری مۆدێڕن-نەریت، دین- سەکۆلار) و هەروەها سیستەمی ئابووری لە ئێراندا گرنگترین هۆکارن بۆ خوێندنەوەی جیاواز لەمەڕ مۆدێلەکانی ناسیۆنالیزم و حوکمرانی لە ئێراندا و ئەم کێشانە هێندە قووڵ و رەگاژۆن کە بە بێ ئینقلاب قەت بە ئەنجام نەگەیشتوون.
ناسیۆنالیزمی ئێرانیش بە پێی سیاسەتی داگیرکاریی و بە روانگەیەکی ئێتنو-شۆڤێنیستیانە هەڵمەتی ئاسمیلەکردنی نەتەوەکانی دیکەی دەست پێکرد. بە مەبەستی سێنترالیزەکردنی دەسەڵات و دامەزراندنی سیستەمێکی بروکراتیک و هەروەها سڕینەوەی «… شوێنەواری نەتەوەیی و مێژوویی و فەرهەنگی ئەم گەلانە بەرنامەیەکی داڕێژراو و درێژخایەن بەڕێوە دەچوو کە مەبەستی تواندنەوەی گەلانی غەیرە فارس بوو. دەست تێوەردانی مێژووی کۆن و نوێ، گۆڕینی ناوی شار و گوندوکان، قەدەغەکردنی گەلێک رێورەسمی نەتەوەیی، تەنانەت لەبەرکردنی جل و بەرگ، هەموو بۆ ئەوە بوو کە نیشان بدرێ لە ئێران تەنیا تاقە نەتەوەیەک هەیە، ئەویش نەتەوەی فارسە.» (قاسملو، ١٣٧٨. ل. ١٢).
دەسەڵاتی سیاسی بە دوو میکانیزم جێبەجێ دەکرێت: ماشینی سەرکوت و تۆقاند و هەروەها هێژمۆنی. هەرکام لەو میکانیزمانە لە چەسپاسندنی دەسەڵاتدا رۆڵیان هەیە بەڵام لە زۆر دۆخی تایبەتدا میکانیزمی زەبروزەنگ جێی خۆی بە میکانیزمی کولتوری دەدات بەڵکوو لە چەسپاندنی هێژمۆنیدا سەرکەوێت. هۆکارەکەش لەوەدایە کە کارایی دەسەڵاتی کولتوریی پایەدارتر، کەم تێچوو تر، مەشرووع تر و لەهەمانکاتدا درێژخایەن ترە (گرامشی ١٣٦٢). پلانی سەخت ئامێری شۆڤێنیزمی ئێرانی بە هەڵمەتی داگیرکاری و کۆمەڵکووژی لە لۆرستان، سەرکوتی ڕاپەڕینی جەنگەڵ، لەباربردنی دەسەڵاتی شێغ خەزعەل، کوشتنی سمکۆی شکاک و قڕکردنی بلوچ و تورکمانەکان دەستی پێکرد (قاسملو، ١٣٧٨). پلانی نەرم ئامێریش لە رێگای هەژمۆنی کولتوریی و سەبجەسازییەوە دەست پێ دەکات کە لەبەشی سەبجەسازییدا زیاتر شرۆڤەی دەکەم.
لەباربردنی دەسەڵاتی میرنشینەکان رێگای بۆ داسەپاندنی سیاسەتی یەک نەتەوە، یەک ئاڵا و یەک زمانی خۆش کرد و نیشانەکانی کەلێنی «ناوەند/پەڕاوێز» زیاتر لەجاران دەرکەوت. بەڵام ئەم کەلێنە هەر ناوەند پەراوێز ناگرێتەوە بەڵکە کەلێنێکی «نێوان-پەراوێزی»یش بە هۆی دابەشکردنی کوردستان و، لە نێوخۆش بە هۆی رێکخسنی پارێزگاکان هاتە ئاراوە. بۆ نموونە کەلێنی پەراوێزەکانی وەک تورک و کورد لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا و هەروەها دابەشکردنی پارێزگاکانی وەک ئیلام، کرمانشا و سنە بە پارامێتری مەزەبی. کەلێنی نێوانپەراوێزیی بە هۆی سنوورسازی و دابەش کردنی کوردستان لە نێوان چوار وڵاتدا ڕێگریی دەکرد لە هاتوچۆی خێڵەکانی کورد بۆ ناوچە سنوورییەکانی دوای دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی فارسی شیعی. لە ئاکامی وەها سیاسەتێک بوو کە خێڵی هەرکی بەسەر سێ وڵاتی ئێران، تورکیە و غێراق و هەروەها خێڵی شکاک بەسەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیەدا دابەش کران (ibid). هەر ئەم دیاردەیە وای کردووە کە پرسی کەلێنی ناوەند\پەراوێز لە ئێراندا خاوەن خسڵەت و تایبەتمەندی خۆی ببێت و زۆرجار لە پرسە ستراتێژیکەکاندا رووی پارادۆکسیالی گوتاری و هەروەها ناسیۆنالیزمی کوردیش پیشان بدات.
سەبجەسازی و نامۆسازی
سەبجەسازی[5] لە خوێندنەوەی دەزگاکانی[6] فۆکۆ و لە پەنای هێڵەکانی «چۆن بینین»، «چی بیستن» و «هێز»دا، یەک لە ئالۆزترین هێڵەکانیەتی کە هاوکات کاریگەریی هەیە لەسەر ئەو هێڵانەی کە ئاماژەیان پێدرا. فۆکۆ «دەوڵەت-شار»ی ئاسێنا لە یۆنانی کۆن وەک یەکەم شوێن بۆ سەبجەسازیی دیاریی دەکات کە هێڵی هێز لە رێگای ململانێی نێوان «پیاوانی ئازاد»وە بۆ بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە دەزگایەکی مەعریفیدا یەکەمجار خۆی پیشان دەدات (واتە هێڵی بینین). پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆ دەبێ پیاوێکی ئازاد ئەمر بکات، بڕیار بدات و چارەنووسی مرۆڤە ئازادەکانی دیکە بگرێت بە دەستەوە؟ وڵامەکەی سادەیە چوونکە بەهێزە، بەڵام خاڵی سەرنج راکێش لەوە دایە کە ئەو پیاوە ئازادە دەبوایە خۆشی کۆنترۆڵ بکات. جێبەجێ کردنی سوڵتە لەسەر «خۆی»، واتە ملکەچ بوونی پیاوە ئازد و بەهێزەکە لە حاند ستاتوس و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیدا، بە بۆچوونی فۆکۆ بە مەیلی خۆیان و لە رێگای سەبجەسازی و خەیاڵاندنەوە هاتە دی نەک هێز و ململانێ (Deleuze, 1992). سەبجەسازیی هەر بە رەهەندەکانی جوانیناسیانەی «سەروەرسازی[7]» کۆتایی پێ نایەت، بەڵکە دواتر فۆکۆ بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر رەوتێکی «داماوسازی[8]» لە مێژووی مەسیحیەتدا دەدۆزێتەوە. «فورەنس تۆکەی»[9]، یەک لە چینۆلۆژە ناسراوەکانی مەجارستان، لە کاتی تۆژینەوە لەسەر رەفتاری کۆمەڵایەتی کۆیلەکان، بە سوڕمانەوە دەبینێت کە بە دوای ئازادیشدا وەک کۆیلە هەڵسوکەوت دەکەن و نەیانتوانی پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان نۆژەن بکەنەوە. ئەو داماوانە هەتا ئاستی مرۆڤێکی پەڕگر و بێ وەی دابەزیبوون کە هەمیشە دەکڕووزانەوە و بێجگە لە گازەکردن هیچیان لەدەست نەدەهات (ibid). لە سۆنگەی رەوەندی سەروەریسازی و داماوسازی لە سەردەمی مۆدێڕنیشدا، وڵامەکان ئاڵۆز و کارە مەیدانییەکانیش لاواز دەرکەوتوون. لەوانەیە فۆکۆ لەم گۆشەنیگایەوە سەری لە سەبجەسازی سوڕمابێت کە دۆلوز دەڵێت: فۆکۆ قەت نەیتوانی وڵامێک بۆ ئەم پرسیارە بدۆزێتەوە: «شێت، زیندان و رەگەز لەم سەردەمەدا چین؟ بێجگە لە سەبجەسازییەکانی سەردەمی یۆنانی کۆن و سەردەمی مەسیحییەت چ سەبجەسازییەکی مۆدێڕن شک دەبەین بۆ شرۆڤەکردنی ئەو دیاردانە، ئەمە لە کاتێک دایە کە ئێمە نە مەسیحی ماوین و نە وەک یۆنانییەکانی سەردەمی کەوناراش دەچین…» (ibid). ئەگەر سەبجەسازی نەبێت بە ڕاستی چی دەتوانێ مرۆڤ تا ئاستی سەروەر (وەک نیچە دەڵێت: ئێمەی بەرز و بەڕێز…) هەڵکێشێت و لە هەمان کاتدا مرۆڤ وەها داماو بکات کە نەتوانێ پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی نۆژەن بکاتەوە. هێڵی سەبجەسازی لە دەزگاکانی فۆکۆدا پیشانمان دەدات کە سووژەکان هەمیشەین، جاری وایە لاواز و بێڕەنگ دەبن، دیسانەوە و لە دۆخێکی تایبەتدا پڕ رەنگ دەبنەوە و تەنانەت ئەگەر دەزگا کۆنەکان کاراییشیان نەمێنێ، سەبجەسازیی چاکسازیان تێدا دەکات و لە قەوارەیەکی مۆدێڕنتردا خۆیمان بیر دەهێنێتەوە. لەوانەیە هەوڵدان بۆ شکاندن، کەمبایەخ پیشاندان و لەباربردنی سەبجەی کۆن کارێکی ئەستەم بێت، بەڵام داهێنانی سەبجەی نوێ وەها کە مەرجەکانی دەزگاکانی فۆکۆ ڕەچاو بکات، واتە بینینێکی نوێ، بەیانێکی نوێ و خەیاڵاندنێکی نوێ دابهێنێت، تەنیا رێکار بێت بۆ بەرەورووبوونەوە لەگەڵ سەبجەی بەهێژموونکراو. ئەم دۆخە بەم باوەڕەوە دێتە دی کە دۆلوز دەڵێ: «دەبێ بەو قەناعەتە بگەین کە ئێمە سەر بە کام دەزگاین و چۆن لە ناو وەها دەزگایەکدا کایە دەکەین». دۆلوز نرخی دراوی وڵاتان بە نموونە دەگرێت و دەڵێت گرنگ دراوەکە نییە، بەڵکە میکانیزمەکانی نرخاندن و پیتاندنی دراوەکەیە کە وا دەکات بازاڕ بەو دراوە کار بکات. لە دەزگای نوێدا دەبێ لە نێوان ئەو شتەی کە هەین و ئەو شتەی کە بڕیارە ببین، جیاوازی دانێن بەڵکوو ببین بە بەشێک لە مێژوو، مێژوویەک کە بەڕێوەیە و بڕیارە ئێمە بگۆڕێت و پەرە بە سەربەخۆبوونی ئێگزیستەنسیالی ئێمە بدات (ibid).
کاتێک فۆکۆ باس لە شەڕی دوو ستراتیژیای «دەسەڵات» و «دژەدەسەڵات» دەکات، لە راستیدا ئاماژەیەکە بۆ بەرگری، واتە بەرهەمهێنانی سەبجە لە دژی سەبجەی زاڵ. لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری «رۆژی کورد» عەبدوڵا جەودەت بابەتێک بە زمانی تورکی بڵاو دەکاتەوە و لەو بابەتەدا بە ڕاشکاوی باس لە زیندووراگرتنی مێژوو و کۆبیرەوەریی کورد دەکات و فەرامۆشیش وەک هەڕەشەیەکی رژد پێناسە دەکات بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد (حاجی ئاقایی ٢٠١٥). کەوایە ئێمە لە ڕێگای بەرەنگارییەوە هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی رووداوە فەرامۆشکراوەکان دەدەین، دەیانکەینەوە بە سەبجە و بنەمایەک لەمەڕ عاملیەتی سیاسی و کولتووری خۆمان. بەم چەشنە؛ بەرگریی خۆی لە بەرەنگارییەکی زیندوودا پێناسە دەکاتەوە لە نێوان دیاردە فەرمی و نافەرمییەکان، لە نێوان کولتوری بژاردە و گشتییەکان، لە نێوان ناوەند و پەراوێزکان و هەروەها لە نێوان بیرهێنانەوەی ئایدیالۆژیک و دێمۆکراتیکدا. وەها بەرەنگارییەک هەر ئەو هاوپێوەندییە ستراتیژیکەی دەسەڵاتە کە فۆکۆ ئاماژەی پێداوە و بیرمان دەهێنێتەوە کە دیاردەی بیرهێنانەوە و کۆبیرەوەری، لە چ بەستێنێکی سیاسی/کولتورییەوە سەری هەڵداوە و چۆن خزمەت بە مەشروعییەتی دەسەڵات دەکات (Foucault, 2006). سیاسەتی نیشتەجێ کردنی بە تۆبزی و هەروەها رەوتی مۆدێڕنیزاسیۆن کە لە فۆڕمی پەتریکالیزمێکی نوێدا[10] دەرکەوت، بە لانیکەمەوە بە چوار فاکتۆری: مێژووسازی، سنوورسازی، سیاسەتی زمانیی وهەروەها کولتوورسازی هاتە نێو کایەی سیاسی ئێرانەوە و لە ئەنجامدا کارایی هەبوو لە قووڵترکردنی کەلێنی ناوەند/پەراوێز. ئەم چوار فاکتۆرە وەک کاتالیزاتۆر بۆ بردنە پێشی سیاسەتی تاقانەیی[11] زمان-نەتەوە لە سیاسەتی حکوومەتەکانی ئێران لەبەرچاو گیراوە کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەم.
فاکتۆری مێژوو
گێڕانەوەی مێژوو یەک لەو قوربانیانەیە کە کەوتووەتە بەر ئەنفال و دەسکەنە و بژار کراوە. ئەم دیاردەیە بە پێی پرۆژەیەک چووەتە پێش کە ئەمڕۆ بە ئایدیالۆژیزەکرانی مێژوو دەیناسین، واتە ساغکردنەوەی مێژوو بە تامی ئایدیالۆژیا. سەربوردەی ساغکردنەوەی مێژووی «ئێران» لە رێگای بە سۆغرە گرتنی تێرمێکی راسیستیانە بە ناوی «ئاریایی» و بۆ سەلماندنی کەونارابوونی ئێران دەست پێدەکات کە لە ژێر سریمەی روانگەی ئوریانتاریستی و بە لێنزێکی «نژادی-زمانی» دەچێتە پێش و هەنووکەش وەک نۆرمێکی ئاکادەمیک لە کاری توێژەرانی مێژوو و کولتوری ئێرانیدا بەهێزە. یەک لە خەسارناسیەکانی وەها توێژینەوەیەک بە بۆچوونی حامید ئەحمەدی لەوەدایە کە ئەم توێژینەوانە ئێتنۆسەنتەریکن و کولتووری نەتەوەکانی دیکەی نێو جوگرافیای ئێران تا ئاستی بابەتی وەک کولتوری «خۆجێیی» و «خێلەکی» دادەبەزێنێت (احمدی ٢٠٢٣ لە وتارەکەی محمدپور، ١٤٠٢) و لە ئەنجامدا کانستراکتێک بە ناوی ناسنامەی ئێرانی بەرهەم دەهێنێن کە پێوەڕەکانیی؛ زمان، مێژوونووسینی بژارکراو و ناسیۆنالیزمی فارستەوەرە (بروجردی ١٩٩٨ لە وتارەکەی محمدپور ١٤٠٢). ئەم پرۆژەیە نەک حاشا لە کەلەپوورێکی مرۆیی دەکات بەڵکە ڕێگری لەو کۆبیرەوەریی و گێڕانەوە مێژوویانەش دەکات کە لە پەڕاوێزی وەها ئیمپراتۆریەتێکی خەیاڵی هەبن. سڕینەوەی سەبجە و بیرهێنانەوە جیاوازەکان رێگای بۆ دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی خۆش کردووە بەڵکوو لە چوارچێوەی سیستەمێکی هیرارشیکاڵ و هەروەها بە شێوەیەکی سیستەماتیک مێژووی «ئێستا و ڕابردووی» نەتەوەکانی دیکە پەردەپۆش بکات (محمدپور و سلیمانی ٢٠٢٢). ئەم پرۆژەیە لە گۆڤاری «کاوە». «ایرانشهر»، «فرنگستان» و «آیندە» دەست پێ دەکات و دواتر لە کتێبەکانی قوتابخانە و هەروەها توێژینەوەکانی کۆمەڵگای ئاکادیمیای ئێراندا تیۆریزە دەکرێن.
لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەنفالی مێژوو لە پێناو چی دایە؟ وڵامەکەی سادەیە: لەخزمەت پیتاندن وبووژاندنەوەی دیاردەیەکە بە ناوی کۆبیرەوەری. کۆبیرەوەری؛ پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی/ سیاسییە و کار بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕابردووییەکی دوور دەکات لە پێناو سەقامگیربوونی دۆخی ئارایی. گشت پێکهاتە و کۆمەڵگایەکی مرۆیی پێویستی بە سەقامگرتوویی کۆمەڵایەتی هەیە و هەر بەم هۆیەش گێڕانەوە و بیرهێنانەوە گرنگترین میکانیزمێکن بەڵکوو هەنووکە وا بێتە بەرچاو کە درێژەی ڕابردوویەکی کۆنە (Halbwachs, 1992). بیرهێنانەوە لە لایەکی دیکەوە چەمکێکە بۆ شرۆڤەی رەخنەگرانە و هەروەها نرخاندن. ئێمە لە روانگەی رەخنەگەرانەوە تێبینی لە سەر پرۆسەی بیرهێنانەوە دەکەین، لە دوای هاوپێوەندییەکانی دەسەڵات دەگەڕێین، شوێنپێی هەڵاواردنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تێدا دەبینینەوە، تیشک دەخەینە سەر ئیماژەکان، هاودژەکان و بەگشتی زۆر یەک لە هۆکارەکانی گۆڕانی کولتوری و سیاسی تێدا دەبینینەوە. کەوایە دەتوانین لە ئەجندای سیاسەتی دەسەڵات و رووکردی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا گرنگبوونی بیرهێنانەوەی ڕابردوو هەست پێبکەین. بەڵام بیرهێنانەوەی ئایدیالۆژیک بە بێ پرۆژەی «سڕینەوە» نایەتە دی. سڕینەوە یانی گوڵبژێرکردنی ئەو سەبجانەی کە یارمەتی بە دەوام وجێگیرکردنی وێنەیەکی خەیاڵی لەمەڕ رابردوو دەدات. ئەم رەوەندە لە رێگای بەرچاوسازییەوە دەچێتە پێش، بۆ نموونە بەرز ڕاگرتنی کەلەپوور، رێکخستنی کەرنەڤاڵە کولتورییەکان، جێژن و بۆنە ئاینی و نەتەوەییەکان، هونەر و هەروەها موبالغەکردن بە شوێنە ئارکۆلۆژییەکان لەمەڕ نواندنەوەی ڕابردوویەکی پڕشکۆ (صارمی، ١٣٩٨). بێگوومان دیسکۆرسەکانی بیرهێنانەوە هەمیشە لە خزمەت پرۆژە سیاسییەکان و بەتایبەتیی دەسەڵات دایە کە ئەرکەکەی داهێنانی سەبجە و دابینکردنی ئاپاراتووسەکانییەتی (Foucault, 2006). بەڵام کۆبیرەوەریی -وەک چۆن نیچە لە کتێبی ڕەچەڵەکناسی ئەخلاق دا دەڵێ؛ کاتێ هەست بە زەروور بوونی داهێنانی بیروەری کرا، مرۆڤ قەت نەیتوانی بەبێ ئەشکەنجە و قڕکردن و قوربانیدان جێبەجێی بکات (Nietzsche, 2010).
فاکتۆری سنوور
پرۆژەی بیرهێنانەوە و هەروەها سڕینەوە لە چوارچێوەی گوتارییدا دێتە بەرهەم و سروشتییە دەبێت بە بەشێک لە میکانیزمی دەسەڵات و هەمیشە لە خزمەتی چەسپاندنی مەشروعییەت و ئاوتۆریتێیی دەسەڵاتیشدا دەمێنێتەوە. نموونەیەکی بەرچاو لە پرۆژەی سڕینەوە و ئەنفاڵی مێژوو، نکۆڵیکردن لەمەڕ فرەنەتەوەیی بوونی جۆگرافیای ئێرانە. ئەم تێگەیشتنە رەگی لە راونینیێکی نا-مێژووییدا هەیە کە پێی وایە ئێران وڵاتێکی هەتایی[12]، بوونێکی ئەبجێکتیڤە و سەرەڕای ئاڵوگۆڕە سنوورییەکانی کە لە سەدەکانی پێش هاتنی ئیسلام و هەتا سەردەمی قاجار کەم و زیاد بووە، هەمیشە بە یەکپارچەیی ماوەتەوە. بەڵام بە پێی زۆربەی بەڵگە مێژووییەکان و تەنانەت پەیمانی سەعدابادیش کە سەبارەت بە کێشەی سنووری بەسترا، سنوورەکانی ئێران کە تا سەردەمی قاجارەکان بە «پرشیا» ناسرابوو، لە سەدەی حەڤدە و هەژدەهەمدا و لە لایەن هێزە کۆلۆنالیستییەکانەوە نەخشاوە و دیار نییە تا چەند پێوەرەکانی جۆگرافیاناسیانەی ڕەچاو کرابێت. لەو نەخشەیەدا کە ئەمرۆ مێژوونووسانی ئێرانی بە بنەمای دەگرن، سنوورەکانی ئێران لە دەریای کاسپینەوە هەتا کەنداوی عەرەبی (خلیج فارس) دەگرێتە خۆی و ئەمە لە کاتێکدایە کە لە نەخشەی سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئێمە شتێک بەناوی «ئێران» وەک جوگرافیایەکی هەتایی و نا-مێژوویی نابینین. تەنانەت لە کتێبی رۆژنووسەکانی «محەمەدی کوڕی عومەر واقیدی» کە رۆژمێری سەرکەوتنەکانی سپاسی ئیسلام لە سەردەمی خالیدی کوڕی وەلیدی تۆمار کردووە، هیچ ئاماژەیەک بە وڵاتێکی یەکپارجە نەکراوە و لەوە بەرچاوتر ئەوەیە کە زمانی فارسی، بەو جۆرەی مێژووناسانی ئێرانی باسی دەکەن، زمانی ئەدمینستراسیۆنی فەلاتی ئێران هەتا هیندوستانیش نەبووە. ئەو شوێنەی ئەمڕۆ بە ناوی ئێران دەیناسین؛ لە ڕاستیدا فرەمیرنشین بووە و سپای خالیدی کوڕی وەلید بۆ پێوەندیی گرتن لەگەڵ پاشای مەنگوڕان و پاشای بانیج (بانە)، لە رێگای دیلمانجە کوردیزانەکان و بە زمانی کوردی (اکراد) نامەیان گۆڕیوەتەوە و هەروەها لەگەڵ پاشاژنی یەک لە ناوچە فارسنشینەکانیش بە زمانی فارسی نامە گۆڕدراوەتەوە (واقدی، وەرگێڕانی واعضی ١٣٧٤). سنوورەکانی ئێران، وەک بەشێک لە دەوڵەت-نەتەوەکان، بە هۆی داگیرکردن و ژینۆسایدی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی دیکە دیاریی کراوە کە ئەمرۆ بەناوی ئێرانشار دەیسەلمێنن. هەڵبەت سنوورەکانی ئەو ئێرانە خەیاڵییەش بەهۆی شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئیمپراتۆرییەکانەوە هەتا سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێرانیش هەر لە کەمی داوە. کەوایە هەرچەشنە خوێندنەوەیەکی پێش مۆدێڕن لەمەڕ هەتایی بوونی ئێران کە زمانی فارسی پێناسەکەی بووبێت و زۆرینەش هەر فارس بن، تێگەیشتنێکی نا-مێژووییانەیە (Kashani-Sabet, 1997).
بە بۆچوونی دوورین مێسی جوگرافیناسی فێمێنیست، ڕانان، پێناسەکردن و وەسفی «شوێن» لە گشت کات و دۆختێکدا هەوڵێکی ساختەچییانەیە بۆ چەواشەکردنی جوگرافیا و هەروەها دەستێوەردان لە واقعیەتی مێژووە. ئەم دوو ستراتیژییە وێکڕا و هەمیشە لە خزمەت بەرهەم هێنانەوەی سنوور و نەخشە خەیاڵییەکان و هەروەها نووسینەوەی مێژووی هێڵئاسا و ئایدیالۆژیکن. سنوورە سیاسییەکان بە بۆچوونی مێسی یەکێکە لە کانستراکتەکانی دەزگای دەوڵەت-نەتەوە بەڵکوو دەسەڵاتێکی رەها لەنێو ئەو سنوورانەدا بچەسپێنێت و لە رێگای سەرکوتکردنەوە، فەزای کۆمەڵایەتی بە لایەکدا بخات کە لەگەڵ ئایدیالۆژی دەسەڵات بێتەوە. سنوورەکانی دەوڵەت- نەتەوە بە پشت بەستن بە دەسەڵاتی سیاسی، میکانیزمی یاسایی و هێزی سەربازییەوە بەرهەم هاتوون و هەر بەو میکانیزمانەش بەردەوام دەبن. بەلام ئەو ساختەکارییە هەر بە «شوێن» رازی نابێت، چوونکە جوگرافیا پێویستی بە فۆرماسیۆنێکی مێژووییش هەیە بەڵکوو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە هەمیشە گۆڕانیان بەسەردا دێت، بە قۆناغ و سەردەمێکی تایبەت و دیاریکراو ببەستێتەوە. لەوەها دۆخێکدا دەست لە نەریت وەردەدەن، رووکار و هێماکان دەشێوێنن و سنوورەکانی دەسەڵات بە باڵای کۆبیرەوەرییەکانی خۆیان پان و بەرین دەکەنەوە بەڵکوو یارمەتی بە سەقامگریی دەسەڵات و سەبجەسازییەکانیان بدەن. بەم چەشنە ناسنامەی «شوێن» پێوەندی بە پێگەی کۆمەڵایەتی-جوگرافی و هەروەها بەرژەوەندییەکانی ئەو گروپ و پێکهاتە ئەتنیکی-دینییانەوە هەیە کە پەرە بە وەها گێڕانەوەیەک دەدەن. هەڵبەت ئەمە هەر پێوەندی بە هەنووکە و رابردووەوە نییە، بەڵکە «شوێن» دەسکاریی وێنەی داهاتووش دەکات بەڵکوو فەزا و دوورەدیمەنی داهاتووە دوور دوورەکانیش بۆ خۆی مسۆگەر بکات (Massey, 1995).
فاکتۆڕی زمان
سیاسەتی زمانیی پێوەندی بە رهههندێكی سیستەماتیک و لە هەمان حاڵدا ئەجندایەکی سیاسییەوە هەیە بۆ چەسپاندن و ستانداردیزەکردنی یەک یان چەند زمان لە یاسای بنچینەیی وڵاتاندا. لەم روانگە سیاسییەوە تیۆری «کەمینەی زمانیی» هەمیشە بیانوویەک بووە بۆ تواندنەوەی ئەو پێکهاتە زمانیانەی کە لەباری هەژمارەوە کەمتر لە پێکهاتە زمانییەکانی دیکەن (اسپالسكی، ١٣٩١). سپاڵسکی باس له سێ فاكتۆری سهرهكی دەکات بۆ بردنهپێشی سیاسهتی زمانی لە کۆمەڵگا فرەزمانییەکاندا: یەکەم؛ ئێکۆلۆژی زمانییە کە باس لە تەعامولی نێوان زمان و جیگرافیای زمان دەکات، واتە پەروەردە و فێرکاری بە پێی ژینگە، زمانێک دەکات بە ستاندارد کە لەگەڵ سیستەمی کولتووریی ناوچەکەدا گونجاو بێت. گەشەی کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی پیشەیی، بازاڕ و حەشیمەت رۆڵیان هەیە لە هەڵبژاردنی زمانێکی فەرمی لەو ناوچانەدا کە فرەزمانن. دووهەم؛ فاکتۆری پراتیکی زمانییە کە «هایمز دێڵ» بە زمانی ئێتنۆگرافیک پێناسەی کردووە (ibid، لا ١٢). فاکتۆری كارگێڕیی و پلاندانانی زمانیش [13] سێهەم فاکتۆری سیاسەتی زمانییە کە بۆ شرۆڤەی دۆخی زمانیی لە ئێران، بە سەرەکی ترین فاکتۆڕی دەزانم و لەم وتارەدا لەبەرچاو دەگیرێت.
کاتێ پرسی کارگێڕی و پلاندانانی زمانی دێتە ئاراوە لە راستیدا باس لە دەستێوەردانی هۆکارە «نا-زمانییەکان» دەکرێت لە دیاری کردنی زمانی فەرمیدا. واتە لە هێندێ دۆخی تایبەتدا، هەوڵێکی ئاشکرا و ئامانجدار لە لایەن ئێلیت یا پێکهاتەیەکی سیاسییەوە لە ئارادایە بەڵکوو لە رێگای کۆنترۆڵ و بەرنامەداڕشتنەوە، ئاست و دۆخی زمانێک دیاریی بکەن. کۆنترۆڵ و موهەندیسی کردنی زمان دەکرێ لە ئەستۆی پاڕلێمان یا مەرجەعێکی یاسادانان بێت کە بۆ دیاریکردنی زمانی فەرمی یا دەستێوەردان و چاکسازیی لە زمانێکدا رۆڵیان هەیە. هەڵبەت رەوەندی بەفەرمیکردنی زمان هەمیشە بە ئاشکرا ناچێتە پێش. سپاڵسکی باس لەوە دەکات کە لە هێندێ وڵاتی فرەزمانیدا بە خشکە کار بۆ چەسپاندنی یەک زمان وەک زمانی فەرمی کراوە و سروشتییە کە لە وەها دۆخێکدا شانسی زمانێک بەرزترە کە ئامانجەکەی ئایدیالۆژیای پێکهاتەیەکی ئەتنیکی-زمانی بێت کە لە دەسەڵات دایە (ibid، لا. ١١).
ئایدۆلۆژیای زمانی پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ فاکتۆری کارگێڕی و پلاندانانی سیاسەتی زمانیی و مەیدانی کردەوەیی کردنی وەها ئایدیالۆژییەک لە ژوورە داخراوەکانی دەسەڵاتی سیاسی دایە. بۆ نموونه كاتێ دهسهڵاتی سیاسی له ئێران پرسی زمانی فارسی وهك رەمزی یهكگرتوویی وڵات لهبهرچاو دهگرێت، لە راستیدا زمانی فارسی دەبێت بە ئایدیالۆژی دەسەڵات. له وهها دۆخێكدا زمان و بن زمانهكانی دیكه ههرهشهی سرینهوه و تێداچوونیان لهسهردهبێت، چوونكه دیاردەی فرەنەتەوەیی بوون و هەروەها خوێندن به زمانی کەمینەکان، وهك هەڕەشەیەکی ئهمنیهتی پێناسە دەکرێت بۆ یەکپارچە مانەوەی ئێران. ئیبراهیم رەشیدی لە وتارێکدا کە لە سایتی بی بی سی فارسی بلاو کراوەتەوە، باس لە پرۆسەی بەفەرمیکردنی زبانی فارسی لە سەردەمی مەشرووتەوە هەتا کۆماری ئیسلامی دەکات کە ئێمە دەتوانین وەک نموونەیەک بۆ شیکردنەوەی ئایدیالۆژی زمان و بە خێشکە ناساندنی زمانی فەرمی لە ئێران سوودی لێ وەربگرین. بە پێی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی ١٢٨٥هەتاوی و بۆ یەکەم جار لە قانوونی ئەساسی ئێراندا باس لە زمانی فارسی کراوە. لە بەندی سێهەمی «نظامنامە انتخابات»یدا شارەزابوون لە زمانی فارسی وەک مەرجێک دیاریی کراوە بە مەبەستی خۆپاڵاوتن بۆ نوێنەرایەتی مەجلیسی میللی. لە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی، لە یەکێک لە ئەرکەکانی «شوورای عالی معارف»یشدا ئاماژە بە گرینگیدان و پەرەدان بە خەت و زمانی فارسی و عەرەبی کراوە بۆ چاپ کردنی بابەتە زانستییەکان. دە ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی ١٣١٠ هەتاویدا نزامنامەیەکی نوێ تەکووز دەکرێت و کارمەندی وەزارەتخانەکان ئەرکدار دەکات بەڵکوو زمانی فارسی بە «باشی!» قسە بکەن (رشیدی، ٢٠١٨). هەڵبەت پێوستە لە بیرمان نەچێتەوە کە لە ساڵی ١٣٠٦ پرۆژەی گۆڕین و دەستکاری کردنی ناوی شارەکان بۆ سەر زمانی فارسی دەستی پێ کردووە و لە ساڵی ١٣٠٩ هەتاویش بڕیاری قەدەغەکردنی جلوبەرگی کەمینە نەتەوەییەکانیش دەرچووە. دواتر لە سەردەمی رەزا شادا کاتێ یەکەم قوتابخانەی حکوومی دادەمەزرێت و دەستی ناوەندە ئائینییەکان لە پەروەردە کورت دەکرێتەوە، ئیتر کتێبی قوتابخانەکان لە گشت شار و گوندێکی ئێران بە زمانی فارسی دەردەچن. هەتا ساڵی ١٣٥٧ لە هیچ شووێنێکدا باس لەوە نەکراوە کە زمانی فارسی زمانی فەرمی ئێران بێت. لە یەکەم قانوونی ئەساسی ئینقلابی ١٣٥٧ زۆر بە روونی و لە چەند ماددە دا باس لەوە دەکرێ کە زمانی فارسی زمانی فەرمی ئێرانە و خوێندن ، ئیدارە، وەزارەتخانە و رادیۆ و تەلەفیزیۆنەکان دەبێ بە زمانی فارسی بن. دووهەمین بەڵگەی فەرمی لە ساڵی ١٣٧١ هەتاوی دەرچوو کە لە ئەسڵی پێنجەمی ئەو سەنەدەدا باس لە لابردنی بەربەستە قەومی و مەزەبییەکان [!] دەکرێت (ibid).. زۆر کەس ئەم ماددە دەستوورییە وەک سیاسەتێک دەبینن بۆ سڕینەوەی مادەی ١٥ لە یاسای بنەرەتی کە باس لەوە دەکات لە پەنای زمانی فارسیدا وانەیەک بۆ فێربوونی زمانی «اقوام» هەبێت و رێگەی بە گۆڤار و بەرنامە تەلەفیزۆنییەکان داوە کە بە زمانی «محلی» رووماڵ بکرێن. وەک لەو توێژینەوەدا دەردەکەوێت، سیاسەتی زمانیی بە مەبەستی بە فەرمی کردنی زمانی فارسی، بە خێشکە چووتە پێش و هەتا ساڵی ١٣٥٧ نە نوێنەری پێکهاتە زمانییەکانی ئێران لە مەجلیسی میللی دەنگیان پێداوە و نە قەتیش رێفراندۆمێکی گشتی بۆ پرسی بەفەرمیکردنی زمانی فارسی رێک خراوە.
رەوەندی بێدەنگی سیاسەتی زمانیی لە ئێران، بە پێچەوانەی تورکیە، بەبێ تێگەیشتن لە رەهەندی پێرفۆرماسیۆنی زمان کە دۆلوز و گاتاری (١٩٩١) ئاماژەیان پێداوە زۆر زەحمەتە. کارکردی زمان لەم گۆشەنیگایەوە هەر ئەوە نییە کە وەسفی واقەعیەتەکان بکات بەڵکە زمان داهێنەری واقەعیەتیشە. سیاسەتی زمانی لە ئێران بە خێشکەیی رێگای بۆ واقعیی نواندنی «حەوزەی پارسی» خۆش کردووە کە سنوورەکانی لە جوگرافیای سیاسی ئێرانیش تێپەڕێت و ستاتوسی زمانی فارسی وەها بچەسپێت کە هەڵگری چەمکی شارستانیەتی فارس بێت (محمدپور، ١٤٠٢) واتە زمانی فارسی وەک ستاتوس، وەک بایەخێکی کولتوریی و هەروەها وەک سەرچاوەیەکی مانابەخشە کە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی زمانی لە توانایدا نییە جێگای پڕ بکاتەوە. بەڵام ستاتوسی زمانی فارسی بە چی و چۆن بەرهەم هاتووە؟ محەمەد تەقی بەهار، شاعیری «مرغ سحر!» هۆکاری ئەندام بوونی خۆی لە حیزبی «تجدد» بۆ بڕوای قوڵی ئەو حیزبە لەمەڕ ناوەندخوازیی و دژایەتی کردن لەگەڵ خودموختاریی ئەیالەتی و هەروەها ئاسیمیلە کردنی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە نێو زمانی فارسیدا دەگەڕێنێتەوە. لە وتارێک لە ژێر سەردێڕی «دین و ملیت» لە گۆڤاری ئیرانشەهر پێداگریی لەسەر تەفروتونا کردنی پێکهاتە «محلی»، بنزارەکان [واتە زمانی نەتەوەکانی دیکە]، جل و بەرگی مەحلی، داب و نەریت و کوژاندنەوەی هەستی نەتەوەیی ئەوانی دیکە کراوە (آبراهامیان، ١٣٧٧). ستاتوسی زمانی فارسی نەک بە هەڵبژاردنێکی دێمۆکراتیک، نەک بە نرخاندنێکی ئاکادێمیک، بەڵکە بە گۆپاڵی ژاندارمە چەسپاوە. وەک ئاماژەدرا تا ئینقلابی ١٣٥٧، هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە کە فارسی وەک زمانی رەسمی راگەیاندرا بێت، بەڵام بەڵگەنامە نەهێنییەکانی وەزارەتی «جەنگ» کەم نین کە بە بڕیاری وەزیری جەنگ دامەزراندنی مامۆستایانی کورد و تورک زمان لە قوتابخانەکان یاساخ دەکات، بە پێداگرییەوە بڕیار دەردەکات بۆ ژینۆسایدی زمانی نەتەوەکانی دیکە، نەکا بێگانە (اجانب) بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئێران دنەیان بدات (بڕوانن بۆ وێنەی ژمارە ١). ئەم ستاتوسە بە نرخی ئازاردانی منداڵانی نەتەوەکانی دیکە و ژینۆسایدی زمانەکانی نێو جوگرافیای ئێران هاتووەتە دی. بۆ نموونە بڕوانن بۆ وتارێک کە لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی کوردستان و لە ساڵی ١٣٢٥ دەرچووە کە چۆن باس لەم ستاتووسەی زمانی فارسی دەکات و لە وتارێکدا لە ژێر سەردێڕی «فەرهەنگ بنچینەی شارستانیەتە» ئاماژە بە بیرەوەرییە تاڵەکانی سەردەمی خوێندن بە زمانی فارسی و فێرکردنی کولتووری ئەوانی دیکە کراوە و دەڵێت: «چەند ساڵێک و بەڵکو چەند چەرخیکی دریژ زمانێکیان تدریس دەکرد [واتە منداڵانی کورد] کە چەند فرسنگ لە زمانی زگماکی گەنجانی زیرەک و تیگەیشتوی کوردان دوور بوو ئەوانیان لە فەرهەنگ و زمانی شیرینی خویان دەگیرایەوە. پتر لە هەموان ئەمە دیقی بە پیاو دەکرد و وەرهەمی بە انسان هەلدەهێنا کە دەبوو خویندن بەم زمانە کە بو ئیمە سەرسامی و واقمان نەبی نەی دەهێنا، بە شانازی و فخری بزانین[14].» (کوردستان ژمارە ٧١، ٦ی گەلاوێژی ١٣٢٥).
فاکتۆر کولتوریی
رۆژی ١٤ی فێبرێوەری ٢٠٢٤، «یاسمین موقبیلی» لەنێو وێستگەی نێونەتەوەیی ناسا و لە بۆشاییەکانی ئاسمانەوە وێنەیەکی سەلفی لە خۆی و بەشەژەمەکەی کە «قورمە سەوزی» بوو، دەگرێت و رەوانەی زەوی دەکات. لە وێنەکەدا بزەیەکی تەژی لە پەیام لەسەر روخساری دیارە بەڵکوو بیری هاونەتەوەییەکانی بهێنێتەوە کە هەنووکە گۆی زەوی لە ژێر پێی ژنێکی پەرژییەن دایە. لە وێنەکەدا سوودێکی ئەکسیۆماتیک لە تەکنۆلۆژیای مۆدێڕن و سەرمایە وەرگیراوە بەڵکوو بۆ جارێکی دیکە گیان وەبەر سەبجەیەکدا بهێنێتەوە کە بە تەمایە خۆی لەگەڵ جیهانی مۆدێڕن سازگار بکات، واتە نواندنەوەی کولتور و فانتازیای ئێرانی لە شانۆیەک کە سەرمایە و تەکنۆلۆژیا بۆی ئامادە کردووە. بەڵام بۆچی چێشتی قورمە سەوزی؟ لە کولتوری ئێرانیدا سیمبولێکی دیکە دەست نەدەکەوت کە پەیامەکەی لە کاتی مۆنتاژ کردنی کولتور و فانتازیای ئێرانیدا باشتر بگەیەنێت؟ لە درێژەی بەشی فاکتۆری کولتوریدا هەوڵ دەدەم ئاماژە بە دیاردەیەک بەناوی کولتوری ئێرانی بکەم و سەرەتا بە پێویستی دەزانم بنەمایەک بۆ پێناسەکردنی کولتور لەبەرچاو بگرم بەڵکوو شرۆڤەکردنی دۆخی کولتوری ئێرانم بۆ ئاسانتر بکات.
یەک لەو دیاردانەی کە پێناسەیەکی فرەرەهەندی هەیە و لە روانگەی جیاوەزەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە، دیاردەی کولتورە. بەڵام لە زۆربەی خوێندنەوەکاندا کولتور وەک پرۆگرامێکی دەرونی-زەینی بۆ مانەوە، بۆ خۆریالیزەکردن و هەروەها بۆ پێناسەکردنی تاک و پێکهاتە مرۆییەکان سەلمێندراوە (Hofstede, 1993). مانەوە لە ژینگەیەکی کولتوریدا پێویستی بە پتەوکردنی سولیداریتی و هەروەها خۆگونجاندنی تاک و کۆمەڵ لەگەڵ سروشت و مەرجە کۆمەڵایەتی و ماددییەکانەوە هەیە. بەڵام کولتور هەمیشە دۆگم نییە، تایبەتمەندییەکی پلاستیکیشی هەیە کە مرۆڤ لە هەلومەرجی تایبەت و لە دیالۆگێکی کولتورییدا پەرە بە سیستەمە باوەڕیی و نۆرمییەکانیان دەدەن بەڵکوو لە رێگای تەعامول و نواندندا ژیان هەموارتر و کولتوریش دێمۆکراتیکتر بکەن، ئەم رەوەندە لە رێگای تەعامول لەگەڵ کەسانی نزیک [15] و گشتاندنی ئەوانی دیکەدا [16] دێتە دی. بەمچەشنە کولتور رەهەندێکی ئێنتراڵی هەیە کە لە شێوازی ژیان، هەڵسوکەوت، هاوپێوەندیسازکردن، بیرکردنەوە و مێتۆدی دەربڕینی هەست و بیری مرۆڤدا خۆی پیشان دەدات و هەروەها رەهەندێکی ئێکستراڵیشی هەیە کە لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەوانی دیکە دەردەکەوێت (ibid). سەرەڕای ئەم دوو رەهەندە کولتورییە، دیاردەیەکی مێتاکولتوریش هەیە کە کار بۆ کۆنترۆڵ و کولتورسازی [17] دەکات. کاتێ باس لە کولتورسازی دێتەئاراوە، کۆمەڵێ پرۆژەی وەک ئاسیمیلەکردن [18]، دابڕان [19]، یەکپارچەکردن [20] و پەراوێزخستنیش [21] بەدوایدا دێت، هۆکارەکەش پێوەندیی بەوەوە هەیە کێ و چ پێکهاتەیەکی ئەتنیکی یا دینی لە سەنتەری کولتوردا [دەسەڵات] جێگای گرتووەتەوە. کەوایە دەسەڵات تیژڕەوی بازنەی کولتور دیاریی دەکات و لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ جیاوازییەکان، یەک لەو پرۆژە کولتوریانە لەبەرچاو دەگرێت کە لە ئەجندای دەسەڵاتی سیاسییە. ئەجندای سیاسی لە رێگای دەستە ئاشکرا و شاراوەکانی دەسەڵات و بە دوو پلانی سایکۆ-سیاسی یا زەبروزەنگ، یەک لەو پرۆژانە دەکات بە بنەما بۆ تەعامول کردن لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکان لە کۆمەڵگایەکی فرەئەتنیکی و فرەکولتوری و هەروەها فەرەدینیشدا (Aukrust og Skulstad, 2011).
پێشتر ئاماژەم پێدا کە پرسی کولتوری ئێرانی یەک لەو دیاردانەیە کە جێگای مشتومڕی کارناسانی کۆمەڵایەتین. ئەگەر کولتور ئەو شێوازە لە تەعامول بێت کە لە بۆچوونی هۆڤستێدە (1993) دا هاتووە، بەراستی سەختە شتێک بە ناوی کولتوری ئێرانی، کوردی و یا هەرنەتەوەیەکی دیکە وەک دیاردەیەکی سەربەخۆ پێناسە بکەین، چوونکە گشت ئەو ئەلێمانانە میراتێکی مرۆیین و دەکرێ وەک کولتوری مرۆیی سەیر بکرێن و کوردیش بۆ نموونە هاوبەشە تێیدا. بەڵام کاتێ لە کۆنتێکستی کۆنترۆڵ و کولتورسازییدا خوێندنەوە بۆ دیاردەی کولتور بکەین، دەتوانین لە مانا و مەبەستی کولتوری ئێرانی نزیک ببینەوە. سەرەتا پێویستە ئەم پرسیارە بێتە ئاراوە: داخوا پێناسەیەکی تۆکمە بۆ کولتوری ئێرانی هەیە کە رازیمان بکات؟ دۆزینەوەی وڵامێک بۆ ئەم پرسیارە گەلێک زەحمەت دەبێت ئەگەر ئینتما کولتوورییەکانی ئێران لەبەرچاو نەگرین کە هەتا ئێستا دوو ئینقلابی گرنگی لێکەوتوەتەوە: یەکەم ئینتیمایەکی فانتازیکە کە کولتوری رۆژئاوا بە بنەما دەگرێت و «نەریتی-مۆدێڕن» وەک هاودژ دیاریی دەکات، ئەوەی دیکە ئینتیمایەکی نۆستالۆژیکە کە نەریت بە بنەما دەگرێت و «تاغووتی/ئیسلامی» وەک هاودژ دیاریی دەکات. ئەم دووانەی کولتورییە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران لە ململانێ و یەکتر سڕینەوەدان. ئەمە روکاری کێشەی کولتورە لە ئێران، بەڵام رەهەندی سایکۆلۆژیانەی کولتور وەها دراماتیکە کە کۆمەڵناسانی ئێرانی وەک قەیرانی «نامۆیی کۆمەڵایەتی[22]» ئاماژەی پێ دەدەن کە دواجار لە ئاستی تاک واتە لە مرۆڤی ئێرانیدا دەگاتە «لە خۆ تۆران[23]». ڕادەی لە خۆ تۆرانی ئێرانییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە نەک لە کولتوری فەرمیی ئێرانی بەڵکە تەنانەت لە رواڵەت و روخساری خۆشی بێزارە و حەز دەکات وەک ژاپۆنییەک، وەک ئوروپاییەک بچێت بەڵام شێوەی خۆی و ئەو نژادە رەنگی و زمانیانە نەداتەوە کە راسیزمی کولتوریی لە ئێراندا بە چاوی سووک لێی دەڕوانێت (داهاتی خەیاڵیی ناوەندەکانی جوانکاری وبووتاکس و پڕۆتێز کردن لە ئێران، ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت).
پرۆژەی کولتورسازی لە ئێراندا و ئەو شتەی کە بە کولتوری ئێرانی ناسراوە لە دوو سەردەمی جیاواز و بە دوو مشووری جیاوازەوە -بەڵام بە یەک مێتۆد، واتە زەبروزەنگی سیستەماتیک چووەتە پێش. پرۆژەکانی کولتورسازیی ناوەرۆکی ئایدیالۆژیکی حکوومەتەکانمان بۆ دەردەخەن کە سەرەتا لەرێگای کودیتا یا ئینقلابەوە کولتورێکی «تایبەت» دەچەسپێنن و دواتر لە رێگای چینێکی بروژوا-بروکراتیکەوە پەرە بە کولتورسازیی دەدەن. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بەو دوو پرۆژەیە دەدەم:
فانتازیا (خەونی مۆدێڕنی ئێرانی)
بە دوای کۆتایی هاتنی حوکمی قاجارەکان لە ئێران، رەزا شا، بەشێک لە بژاردەی ئێرانی لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە کە بڕوایان بە لادان لە نەریت (ترک سنت) و نزیکبوونەوە لە کولتور و ستایلی رۆژئاواییەکان هەبوو. ئەم رێفۆرماسیۆنە لای ئەوان وەک پاڵنەرێکی گرنگ بۆ پێشوەچوونی سیاسەتی مۆدێڕنە کردنی ئێران دەهاتە ئەژمار بەڵکوو رێگا بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئیداری خۆش بکات. پرۆژەی مۆدێڕن کردنی ئێران سەرەتا سیلە لە جلوبەرگی پیاوان دەگرێت و دواتر پۆششی ژنانیش دەگرێتەوە (کەشفی حیجاب). لە ١٥ی گەلاوێژی ١٣٠٦ لە ژێڕ رێنمایی رەزا شا و بە بڕیاری لێژنەی وەزیران، بڕیارنامەیەک ئامادە دەکرێت بەڵکوو گشت فەرمانبەرانی حکوومی و قوتابخانەکان جل وبەرگێکی یەک دەست و یەک رەنگ لەبەر بکەن و ئەو شتەی کە دواتر بە شەپکەی پەهلەوی ناوبانگی دەرکرد لەسەر بکەن. لە رۆژی ٤ی بەرفرانباری ١٣٠٧ وێڕای هێندێک گۆڕانکاری، ئەم بڕیارە لە مەجلیسی میللی پەسند دەکرێت و دەبێت بە یاسا. سەبارەت بەو کەسانەی ملکەچی ئەو بڕیارەی حکوومەت نابن، سزایەک لە ماددەی سێهەمدا دیاری کرا: ئەگەر خەڵکی شارەکان لەو بڕیارە حکوومییە لابدەن سزاکەیان پێنج تمەن یا حوکمی زیندان بۆ ماوەی یەک تا حەوت رۆژە و سزای خەڵکی لادێش یەک تا حەوت رۆژ دەبێت. دوای سەفەری رەزا شا بۆ تورکیە لە ١٣١٣ و چاوەدێری کردنی پێشکەوتنەکانی تورکیە، لێژنەی دەوڵەت دیسان لەژێر ڕێنماییەکانی رەزاشادا، بڕیار بۆ قەدەغەکردنی شەپکەی پەهلەوی دەردەکات و لە ٧ی پووشپەری ١٣١٤ بڕیارێک دەردەچێت کە پیاوان دەبێ کڵاوی «شاپۆ» کە مۆدێلێکی ئوروپاییە، لەسەر بکەن (مکی، ١٣٦١). لەوانەیە رەزا شا لەو سەفەریدا بۆ تورکیە بەو ئاکامە گەیشتبێت کە هۆکاری دواکەوتنی ئێران لە مۆدێڕنیزم کڵاوی پەهلەوی بێت، بەهەر حال ئەم بڕیارانە تا کۆتایی دەسەڵاتی رەزا شا جێبەجێ دەکران و دوای هەڵاتنی رەزاشا نەمان. بەڵام پرۆژەی بە رۆژئاوایی کردنی کولتوری ئێرانی لە رێگای هەژمۆنی چینی مامناوەندی کە بەرهەمی حکوومەت بوو، هەروەها لە رێگای دەزگا مەدەنی و کولتورییەکانەوە بەردەوام دەبێت بەڵکوو لە جێژی ٢٥٠٠ ساڵەی شاهەنشاهیدا [ساڵی ١٣٥٠] پانارۆمایەک ڕێبخەن بۆ نواندنەوەی گەشەی «کولتوری ئێرانی» کە زمانی فارسی کاتالیزاتۆریەتی. هەڵبەت ئەم پانارۆمایە گمەیەکی شیزۆفێریانەشی پیشان دەدات بەڵکوو بە ئوروپاییەکان بڵێت؛ کولتوری ئێرانی نەک لە کولتوری رۆژئاواییەکان کەمتر نییە بەڵکە بە هۆی شارستانیەتی ئاریایی، نووسراوە بەردینەکەی کوروش لەمەڕ مافی مرۆڤ، زۆر بەرزتر و پێشکەوتووتریشە. وەها کولتورسازییەک بە مۆدێلی ژێنووسی دوو سەر لە ئەفسانەی یۆنانی کۆندا جێبەجێ دەکرا، واتە روخسارە جوان و نیانەکەی بەرەو رۆژئاوا و روخسارە مۆن و گرژەکەشی ڕووی لە نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی نێو جوگرافیای ئێران بوو.
نۆستالێژیا (گەڕانەوە بۆ نەریتی ئێرانی)
بەدوای ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧، ئێران شیفتێکی کولتووری دیکە بە خۆیەوە دەبینێت و لە هەڵمەتێکی گشتیدا هەموو هێما و ستایلە مۆدێڕنەکانی کولتوری ئێرانی [!] دەکەوێتە بەر غەزەبی «گەلی موسڵمان و شۆڕشگێڕ»ی ئێران و مۆدێلی پۆشینی ئیسلامیی هەر لە سەرەتای ئینقلابەوە بە ریش و پەشم و جبەی رەشەوە، بە یەخەی ئاخوندیی و لەچکەی ژنانەوە خۆی دەنواند. سڕینەوەی کولتوری مۆدێڕن بە پێی یاسا نەچووە پێش بەڵکە بە پێی ئیرادەیەکی جەماوەریی لەلایەن خەڵکی رەشەکییەوە جێبەجێ دەکرا. بێجگە لە یاسای حیجاب کە یەکەمجار لە ساڵی ١٣٦٢ پەسەند کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥ یاسایەکی تەعزیراتی بۆ هەموار کرا کە لەودا ٧٤ زەربە شەلاق بۆ ئەو خانمانە دیاری کرا کە ملکەچی یاسای حیجاب نابن، هیچ یاسایەک بۆ پۆشینی پیاوان لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێران پەسند نەکراوە (ئەمین نژاد ٢٠٢٢). بەڵام بە پێی یاسایەکی نەنووسراو کە لەلایەن گەشتەکانی وەک «ثاراللە»، «جنداللە» «کمیتە انقلاب» و «گشت ارشاد» و هەروەها بازاڕی «امری بە معروف و نهی از منکر» چاوەدێریی دەکرا، ڕێگەیان لە خەڵک دەگرت و بیانویان بە مۆدێلی قژی سەر و رەنگی جلوبەرگی پیاوان و تەنانەت ستایلی پۆششی پیاوان و ژنانیش دەگرت کە وەک ستایلی رۆژئاواییەکان چووبایە.
لەم دوو شیفتە کولتورییەدا (فانتازیا و نوستالۆژیا) تەنیا زمانی فارسی بە دەست لێنەدراوەیی ماوەتەوە و ئەگەر ریالیستیانە سەیری ئاڵوگۆڕە کولتورییەکانی ئێران بکەین؛ شێوازێک لە نامۆیی کولتوریی دەبینین کە ئەنجامەکەی ئاسیمیلەکردنی نەتەوەی فارس لە پلەی یەکەمدا بووە و بە پێی ئاستی بەرگریکردن، نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە پلەی دووهەم و سێهەمدان کە لەوانیە پێوەندی بە پەراوێزخستنی ئەو نەتەوانەوە بێت. ئەمڕۆ زۆر بە زەحمەت ئاسەواری فلکلۆر کە فۆنداسیۆنێکی گرنگە بۆ کولتور، لە کولتوری فارسەکاندا دەبینین، بۆ نموونە سەما، موزیک، جل و بەرگ و چۆنیەتی تەعامولی کۆمەڵایەتی و هتد. لەوانەیە قورمەسەوزی نۆیتراڵ ترین سیمبول بێت بۆ نواندنەوەی کولتوریی ئێرانی کە یاسمین موقبلی لەو شانۆ ئەکسیۆماتیکەدا خۆی پێ ڕادەنا.
تێگەیشتن لە کولتوری ئێرانی بەبێ خوێندنەوەیەکی مێتۆدۆلۆژیانە لەمەڕ پرۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆنی ئێران، ئاکامێکی راست نادا بەدەستەوە. هەڵپەهەڵپی رەزاشا و راوێژکارەکانی بەرەو دێفۆرمەکردنی سیستەمی حوکمڕانی و کولتوری ئێران، لە راستیدا ستارتی پرۆژەیەکە بە ناوی کۆلۆنالیزمی نێوخۆیی. ئەم پرۆژەیە بە بۆچوونی کامران مەتین کۆلۆنالیزمی ئوروپایی بە بنەما دەگرێت بەڵکوو بە بیانۆی بەشارستانەیکردن[24]، وەک ئوروپاییەکان کار بۆ سەنتێریزمی سیاسی وهەروەها ئاسیمیلەکردنی کولتوری بکات. هەوڵەکە لە رێگای کولتورسازیی بە مەبەستی سەپاندنی کولتورێکی «تایبەت»، دیاریی کردنی زمانێکی ستاندارد و لە رێگای توندوتیژینواندی سیستەماتیک لە دژی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی دیکە جێبەجێ کرا بەڵکوو ناسنامەیەکی تاقانەی نەتەوەیی پێ ساخ بکەنەوە. یەک لە سیاسەتەکانی کۆڵۆنالیزمی نێوخۆیی، بە مۆدێلی کۆلۆنالیزمی رۆژئاواییەکان، تێوری داتاشین بۆ تیرمۆنۆلۆژیی «نەتەوە» بوو کە لەوە بەدوا نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی ئێران بە «گروپی ئەتنیکی» بناسێنێت و دەرکەوتەی وەها پرۆژەیەک؛ نەک بە تەنیا تواندنەوەی ئەو نەتەوانە، بەڵکە لە باری سیاسی و کولتوریییەوە رێگا بۆ داماوسازی و بندەستبوونی ئەوان خۆش بکات و بە هۆی بەتاڵانبردنی ئابووری، ڕووتاندنەوەی سروشت، هەڵلووشینی کانزاکانی بن عەرز و قڕکردنی ژینگەی ئەو نەتەوە بێ دەوڵەتانە، خەونی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی فارس-شیعەی هەتاهەتایی بێنێتە دی (متین ١٤٠٢).
حیزب و نوێنەرایەتی کردن لە کوردستان
جووڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە قەد تەمەنی ئەو دیاردەیە درێژە کە بە مۆدێڕنیتەی ئێرانی ناسراوە. مۆرکی چالاکبوونی بژاردە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئائینییەکانی کورد لە بزاڤە سیاسییەکانی ئێراندا هەمیشە بەرچاو بووە و تەنانەت رۆڵی کورد لە مەشرووتەشدا نکۆڵی لێ نەکراوە. بەڵام باسەکەی ئێمە پێوەندیی بە رۆڵی تاکی کورد لە گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا نییە وەک چۆن لە تورکیە و عێراقیش بژاردەی کورد رۆڵیان لە بونیاتنانی دەوڵەت-نەتەوەکاندا هەبووە. لێنزی سەرەکی ئەم وتارە، وەک لە پێشەکیدا ئاماژەی پێدراوە، لەسەر دیاردەی رێکخراوە و ئەو جووڵە سیاسیانەن کە بەرهەمی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانن، رۆڵیان لە مێژووی کوردا بەرچاوە و لە ئەنجامدا هەم واقعیتر و هەم بەردەوامترن.
سیاسەت لە روانگەی ئەرەستودا – وەها من لێی تێگەیشتووم، پێوەندی بە ژیانی مەدەنییەوە هەیە. کەوایە پرسی «هاوپێوەندی» و ژیان لە هەناوی پێوەندییە مەدەنییەکاندا زیاتر دێتە بەرچاو. ئەمە فەزای چەمکی سیاسەتە بەڵام ئەم فەزایە جوگرافیایەکیشی هەیە کە لە کتێبی «سیاسەت»ی ئەرەستوودا ئاماژە بە «شار» کراوە. دیاردەی «شار» لە سەردەمی ئانتیکدا هەر تایبەت بە یۆنانی کۆن نەبوو، لە بەشە جیاوازەکانی جیهان، بۆ نموونە رۆما، «شار» نوێنگەی ئیمپراتۆریەت و دەسەڵات بوو. بەڵام ئەو شتەی کە تێرمی «شار»ی ئەرەستوو لە مانای شارەکانی دیکە جیا دەکاتەوە؛ رەهەندی ئۆنتۆلۆژیای «شار» و «سیاسەت»ە. کەوایە ئێمە لەبەردەم پرسیارێکی سەرەکیدا راوەستاوین: شار چییە و پرسی سیاسەت لە پێوەندی بە شاردا چۆن ڕاڤە دەکرێت؟ سیاسەت لە روانگەی ئەرەستووەوە بە مانای سازدانی هاوپێوەندیی لە نێوان شار، هاوڵاتی و هەروەها لە نێوان هاوڵاتیان بە بۆچوونی جیاوازیشەوەیە. هاوڵاتی لە رێگای عەقڵی سیاسییەوە پێوەندی لەگەڵ شار ساز دەکات و شاریش لەم پێوەندییەدا دەبێت بە کۆنتێکست بۆ تاقی کردنەوەی پراکتیکی سیاسی. وەها تەعامولێک نایەتە دی ئەگەر هەستی هاوچارەنووسی لە نێوان شار و هاوڵاتتیاندا چێ نەبێت، واتە چارەنووسی شار لە گرەوەی چارەنووسی هاوڵاتییە و شاریش بە بێ پراکتیکی هاوڵاتی لە مانای ئۆنتۆلۆژیک بەتاڵ دەبێتەوە. بەڵام یەک لەو ئێلێمانانەی کە مانای شاری ئەرەستوو لە شارەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، دیاردەی «ئاگوورا»یە. ئاگوورا لە راستیدا گۆڕایی یا گۆڕەپانێکە بۆ سازدانی وەها تەعامولێک کە لەودا رەهەندی ئۆنتۆلۆژیکی «شار-سیاسەت- هاوڵاتی» بباتە پێشەوە و نەک هەر پڕاکتیکی سیاسی بەڵکە رێتۆریکی سیاسەتیش دیاریی بکات (Aristoteles, 1993).
دوابەدوای هاتنی هێزە هاوپەیمانەکان، دەرکردنی رەزا شا لە ئێران (ساڵی ١٣٢٠)، خۆشاردنەوەی ژێنێڕاڵ و ئاشبەتاڵی لەشکەرەکانیان، سیاسەتی ئەرستووئاسایی باڵ بەسەر فەزای شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگرێت. کەوایە بەر لە دامەزراندنی حیزب و رێکخراوە لە کوردستان، دیاردەی سیاسەت و پراکتیزەکردنی تەعامولی شار و هاوڵاتیان لە ئارادا هەبوو. مەزنشارەکانی کوردستان بۆ نموونە مەهاباد دەبن بە ناوەندەکانی سیاسەت و لە رێگای بژاردە مەدەنی و کەسانی کاریزماوە کار بۆ چەسپاندنی دسیپلینێکی مەدەنیانە دەکەن بەڵکوو رێز و تەناهیی هاوڵاتیان نەشکێت و وڵات لە بشێوی، تاڵان و پاشاگەردانی رزگار بکەن. بەڵام ئەو هاوپەیوەندییە هەر لە نێوان شار و هاوڵاتیدا سنووردار نەکرا بەڵکە بە هۆی ئەو ئازادییە رێژەییەی کە لە شارەکاندا بەدی دەکرا، هاوپێوەندیی لە نێوان هاوچارەنووسەکاندا بەهێزتر، دیالۆگ ئازادانەتر و خوێندنەوە بۆ سەبجەکانیش دێمۆکراتیکترە.
قاسم قازی (٢٠١٩) لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا و لەو پاژەی کە باس لە دامەزرانی رێکخراوی سیاسی لە کوردستان دەکات، لە چوارچێوەیەکی پرۆژەیەکی ڕەچەڵەکناسیانەدا کۆمەڵێک سەرچاوەی پێوەندیدار کۆ دەکاتەوە بەڵکوو دامەزرانی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان ساغ بکاتەوە. نووسەرانی ئەو سەرچاوانەی ئاماژەی پێداون، بۆخۆیان لە سەردەمێکدا ژیاون کە وەها جووڵەیەک لە ئارادا بووە و تەنانەت چالاکیش بوون لەو جووڵە سیاسیانەدا. وەک لەو سەرچاوانەدا دەردەکەوێت، زەمینەی دامەزراندنی رێکخراوەیەکی کوردی لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ ١١ی جۆزەردانی ١٣١٧ی هەتاوی (١٩٣٨) ، واتە پێش دەستپێکردنی شەڕی دووهەمی جیهان و لە سەردەمێکدا کە هێشتا ماشینی بێدادیی رەزا شا خەریکی رەشەکووژی و ساغکردنەوەی کولتوری ئێرانییە. رێکخراوەکان بە پێی رێکەوتی دامەزرانیان بەم چەشەن:
حیزبی ئازادیخوازانی کوردستان
لە ساڵی ١٩٣٨ بە سەرۆکایەتی «عەزیز زەندی» دامەزرا (ق. قازی، ٢٠١٩). روون نییە مەرامنامەی ئەم حیزبە کەی فۆرموولە کراوە بەڵام لە ساڵی ١٩٤٢ دەقێکی ئەو مەرامنامەیە لە لایەن وەزارەتی جەنگ کراوە بە فارسی و لە تۆی راپۆرتێکی نەهێنیدا بۆ وەزیری نێوخۆیی ئێران بەڕێکراوە (ح. قازی، ٢٠٢٠). مەرامنامەکە لە ٢٨ خاڵدا فۆرموولە کراوە و لە نێوەرۆکەکەیدا ئاماژە بە یەکیێتی کورد، ئەرمەنی، تورک و ئاسووری کراوە و لەوە سەرنجراکێشتر ئەوەیە کە باس لە کوردستان وەک جوگرفیایەکی سیاسی دەکات و دیارە دابەشبوونی ئوستانیی بۆ نموونە ئازەربایجانی رۆژئاوا ناسەلمێنێت. باس لە وەسەریەکخستنەوەی لورستان و کوردستان دەکات و داوای گەڕاندنەوەی خێلەکانی کورد دەکات کە لە سەردەمی شا عەبباسەوە تا رەزا شا بە تۆبزی دوورخراونەتەوە. پەرەدان بە زمانی کوردی لە پەنای ئەرمەنی و تورکی و دامەزراندنی قوتابخانە بەو زمانانە، لە مەرامنامەکەدا بەرچاون. ئەم حیزبە لە باری سیاسییەوە کۆماریخوازە و لە مەرامنامەکەدا داوا دەکات رێگە بۆ پەروەردەی سیاسی لە سەر بنەمای بیری رەهای ئازاد و هەروەها دێمۆکراسی لەسەر بنەمای کۆماریی بۆ گشت کوردستان خۆش بکرێت. دابینکردنی ئازادی کولتووریی، ئەدەبی و قەڵەم، یەک لەو مەرجانەیە کە لەو مەرامنامەیەدا پێداگریان لەسەر کراوە (ibid). ئەندامانی ئەو حیزبە لەسەردەمی رەزا شادا دەکەونەبەر پەلاماری حکوومەت، عەزیز زەندی دەچێ بۆ ئاڵمان، حاجی خوسرەوی لە لایەن رێژمەوە زیندانی دەکرێت و حوسێن فروهەر و راتبی لە مەهاباد دوور دەخرێنەوە (ق. قازی،٢٠١٩).
سازمانی جەوانانی کورد
ناوی رێکخراوەیەکە تایبەت بە لاوانی مەهاباد کە لە ژێر کاریگەریی بیری چەپ دەست بە تێکۆشان دەکات. یەک لە هاندەرانی دامەزرانی وەها رێکخراوەیەک، ئەفسەرێکی کوردی ئەرمەنستانە، لە رێگای بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی «رێیا تازە» کە بە کوردی و لە ئەرمەنستان دەردەچوو، لاوانی مەهابادی هان دەدا بیر لە دامەزرانی رێکخراوەیەک بە شێوەی رێکخراوە سوسیالیستییەکانی سۆڤیەت بکەنەوە. ئەندامانی ئەم رێکخراوەیە لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٢١ (١٩٤٢) لە باغی میکایل کۆدەبنەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرن، کتێبخانەیەک بە ناوی «ژین» دادەمەزرێنن و بە توندی بە دژی سیستەمی خێڵەکی و دەرەبەگەکان هەڵوێستە دەکەن (ibid).
کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان
«ئەی برای کوردی خۆشەویست: کۆمەڵەی ژ.ک بە پێچەوانەی هەموو بەرهەڵست و قوورت و چەڵەمەیەکی وەکوو دوژمنایەتی خۆبەخۆ، دووبەرەکی و خۆخۆری، پوڵ پەرەستی و بێگانە دۆستی کە لە رێگای پێشکەوتن و سەرکەوتنی کوردا هەیە، بە هەموو هێز و توانای خۆی تێ دەکۆشێت تا زەنجیر و کەلەمەی دیلی و ژێردەستی لە ئەستۆی نەتەوەی کورد داماڵێ و لەم کوردستانە لەتوکوتەی ئێستا، کوردستانێکی گەورە و رێکوپێک بێنێتە بەرهەم کە هەموو کوردێک بە سەربەستی تیابژیت.» (گۆڤاری نیشتمان، ژمارە ١، ساڵی١٣٢١، لە کتیبی ق. قازی ٢٠١٩).
ئەمە رستەی یەکەمی ئامانجی «کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان» بوو کە لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری نیشتماندا میدیایی دەکرێت و وادیارە بەم ڕاگەیاندنە ژ.ک واز لە چالاکییە نەهێنییەکانی خۆی دەهێنێت و دەچێتە قۆناغێکی نوێیەوە. ژ.ک رێکخراوەیەکی سەربەخۆیخواز بوو کە باوەڕی بە کوردستانی گەورە و خەباتی ئاشتیخوازانە هەبوو، لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ بە پێی کتێبەکەی ئیگلتۆن، لە باخی حاجی داودی و لە قەراغ چۆمی سابڵاغ دامەزرا (ق. قازی ٢٠١٩). گۆڤاری نیشتمان دەبێت بە زمانحاڵی ژ.ک، چالاکییە کولتورییەکان بە چەند شانۆوە لە ژێر چاوەدێری ژ.ک بەڕێوە دەچن، فێرکردنی زمانی کوردی دەبێت بە یەکێک لە پرۆژەکانی ژ.ک و هەروەها دیاریکردنی ئاڵای کوردستان و پرۆژەی دیپڵۆماسیی نێوخۆیی کوردان بە ئامانجی لەیەک نزیک کردنەوەی هەرچوارپارچەی کوردستان، کە بە دانیشتنی سێ سنوورە دەست پێدەکات، لە ئەجندای کاری ژ.ک دا بوون. پێکهاتەی ئەندامانی ژ.ک توێژێکی خوێندەواری چینی مامناوەندییە کە دەکرێ ئاماژەیەک بێت بۆ پەرەسەندنی چینی بروژوا لە کوردستان (قاسملو، ١٣٧٨). یەکەم کۆنگرەی خۆی لە بانەمەڕی ١٣٢٢ دەبەستێت و لەو کۆنگرەیەدا نەخشەرێگای چالاکیی کۆمەڵە فۆرمولە دەکەن کە بریتین لە: ١- بەفەرمی ناسینی زمانی کوردی لە لایەن حکوومەتی ناوەندی، ٢- خوێندن بە زمانی کوردی و دەکارکردنی زمانی کوردی لە فەرمانگەکانی کوردستان، ٣- فەرمانبەران و پۆلیس لە شارەکانی کوردستان دەبێ کورد بن، ٤- مالیات دەبێ لە خزمەتی ئاوەدان کردنەوە و گەشەی کوردستان بێت، ٥- بڕیارەکانی پارلمانی ئێران دەبێ لە چوارچێوەی دڵنیاکردنەوەی کورد دەرچن. ئەمانە داوا سەرەتاییەکانی کۆمەڵەن و خاڵی ٦ی مەرامنامەکە پرۆژەی درێژخایەنی سیاسەتی ژ.ک پیشان دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ (لەوەانەیە مەبەستی لە داگیرکرانی ئێران بێت) کار بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و هەموو گەلانی ئێران دەکات (ق. قازی، ٢٠١٩).
ئەگەرچی لە گۆڤاری نیشتمان کە زمانحاڵی ژ.ک بوو بە بەردەوامی باس لە داگیرکاری چوار دەوڵەتی تورک، ئێران، سوریا و عێراق وەک هۆکاری دەرەکی بۆ گەشە نەکردنی کوردستان کراوە، بەڵام زیاتر پێداگریی لەسەر لەمپەرە نێخۆییەکانی گەشە نەکردنی کوردستان کراوە کە دەکرێ وەک کێشەی چینایەتی ئاوڕی لێ بدرێتەوە کاتێ چاو لە ریزی ئەندامانی ژ.ک دەکەین، کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی پێشووی حیزبی ئازادیخوازانی کوردستان و هەروەها بە دوای پەیوەستبوونی سازمانی جەوانان بە ریزەکانی ژ.ک، هەست بە هەبوونی هاودژی لە شار بە مانای ئانتۆلۆژیکی ئەرەستوو دەکەین. واتە ململانەیەکی پێکهاتەیی کە هاوڵاتیان بەسەر دوو بەرەی چینی مامناوەندی و خێڵی پڕچەک دابەش دەکات و ئەو هاودژییە زۆرجار تا سنووری پێکدادانیش رۆشتووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزبوون و بشێوی لە شاری مەهاباد لە ساڵانی پێش راگەیاندنی کۆماری کوردستان (ibid). ئەم هەڵوێستە کۆمەڵایەتییە سەرەڕای ئەوەی کە خۆی لە ململانێی نێوان توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەبینێتەوە، ئاماژەیەکیشە بە سیاسەتی نیشتەجێکردن لە کوردستان. حکومەتی ناوەندی دەرەبەگەکان لە چەک داناماڵێت بەڵکوو لە کاتی پێویست و لە رێگای تەماح وەبەرنان ڕەگژ بزاڤە نەتوەییەکانیاندا بکات. سەبارەت بە خەسڵەتی سەربەخۆیی خوازانەی ژ.ک ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە چۆنە لە شەش خاڵی مەرامنامەکەیدا رووی لە ناوەندی دەسەڵاتە و بۆچی لەسەرەتاوە سەربەخۆیی کوردستان لە ستراتیژی خەباتەکەیاندا فۆرموولە نەکراوە.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستان
لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد دادەمەزرێت. بێجگە لە چەند کەس لە ئەندامانی ژ.ک، ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە بە پانەوە لە دامەزراندی حدک دا چالاک دەبن و چاوەڕوان دەکرا کە کولتوری رێکخراوەیی ژ.ک ببێت بە هەژمۆن لە دامەزرانی حدک دا. بەڵام دامەزرانی حدک خاڵی دەستپێکردنی رێاڵپۆلیتیکی کوردییە و کەم کەم کۆتایی بە رەهەندی رادیکاڵانەی رێکخراوەکانی پێش خۆی دەهێنێت کە دواتر ئاوڕی لێ دەدەینەوە.
لە یەکەم بڕگەی بەیاننامەی حدک دا ئاماژە بە شکستی فاشیزم و دوژمنانی ئازدی دەکات بە دەستی بەرەی هاوپەیمانان (واتە شکستی ئاڵمانیای نازی) و لە بەیاننامەکەدا حدک خۆی بە بەشێک لەو هاوپەیمانییە دەزانێت کە خەبات بۆ جێگیرکردنی دێمۆکراسی دەکات[25]. لە هەمان کاتدا چاوەروانی ئەوەیان هەیە کە خێر و بێری مەنشووری ئەتلانتیک، نەتەوەی کوردیش بگرێتەوە و رێخۆشکەر بێت بۆ بەدەستەوە گرتنی کاروباری نێوخۆیی و چارەی خۆنووسین. بڕگەی دووهەم پێشێلکاریی ماف و سەرکوتی نەتەوەیی بیر دەهێنێتەوە کە لە سەردەمی رەزا شادا لە دژی نەتەوەی کورد جێبەجێ کراوە و لەوانە؛ بێبەش کردنی کورد لە یاسای بنەڕەتی و ئەو مافانەی کە لە چوارچێوەی یاسای «ئەیالەتی و ولایەتی»دا بۆ نەتەوەی کورد لەبەر چاو گیرابوو، قەدەغەکردنی هێما نەتەوەییەکانی کولتوری کوردی وەک پۆشینی جلی کوردی، رێگرتن لە خوێندن بە زمانی کوردی و هەروەها قەڵاچۆکردنی مافە سیاسی، کولتوری و مەدەنییەکان لە کوردستاندا. لە بڕگەی سێهەمدا سەرەڕای ئەوە کە هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە ماف نادرێ بەڵکە وەردەگیردرێت، ستراتیژی خەباتی حدک بۆ خەبات (واتە خودموختاری) دیاریی دەکات و «سنووری دەوڵەتی ئێران» وەک مەیدانی خەبات بۆ وەها ستراتیژییەک دەسەلمێنێت. خاڵی سەرنجراکێش لەو بەیاننامەیەدا ئەوەیە کە: «… هاونیشتمانانی خۆشەویست، دەبێ چاو و گوێی خۆتان بکەنەوە لە دەوری حیزبی نەتەوەی خۆتان کۆببنەوەو لە پێناوی وەرگرتنی مافی رەوای نەتەوەیی خۆتان دا فیداکاری بکەن… تەنیا لە ژێر ئاڵای ئەوە کە نەتەوەی کورد لە مەترسیی تفرو تونا بوون ڕزگاری دەبێ و…» (قاسملو، ١٣٧٨، ل ١٧ و ١٨). دواجار درووشمەکانی حدک لە هەشت خاڵدا دیاری دەکات: نەتەوەی کورد ئازاد و سەربەخۆ بێت بۆ هەڵسووڕانی کاروباری مەحەللی خۆی و لە سنوورەکانی دەولتی ئێراندا خودموختاری هەبێت، مافی خوێندن بە زمانی زگماکیی و گشت ئیدارەکان بە بە زمانی کوردی کار بکەن، ئەنجومەنی «ویلایەتی کوردستان» لەسەر بناخەی قانوونی ئەساسی هەڵبژێردرێ بەڵکوو بە کاروباری کۆمەڵایەتی دەوڵەتی ڕابگا و چاوەدێرییان بەسەردا بکات، کاربەدەستانی دوڵەتی دەبێ کورد بن، لەسەر بنەمای یاسایەکی گشتی رێککەوتن لە نێوان لادێیی و خاوەن مڵکدا واژۆبکرێ بەڵکوو دوارۆژیان دابین بکات، حدک هەوڵ بۆ تەبایی لە نێوان نەتەوەکانی ئازەری و کەمایەتییەکانی دیکە دەدات، لە رێگای داهاتی سامانە سرووشتییەکانەوە حدک هەوڵ بۆ گەشەسەندوویی کشتوکاڵ و بازرگانی، پەرەپێدانی کولتور و باشتر کردنی ژیانی مەعنەوی و لەشساغی گەلی کورد دەکات و لە دوایین خاڵدا حدک داوا دەکات دەرفەت بۆ گشت گەلانی ئێران بڕەخسێت بەڵکوو بۆ بەختەوەری و پێشخستنی نیشتمانی خۆیان کار بکەن[26] (ibid).
خاڵی هاوبەش و جیاواز لە مەرامنامەی حیزبی ئازادیخوازانی کورد، هەڵوێستەی سازمانی جەوانان، ئامانجەکانی ژ.ک و بەیاننامەی حدک دا بەدی دەکرێت کە بە کورتی پۆلینیان دەکەم:
خاڵە جیاوازەکان:
ئەگەر لە مەرامنامەی ح.ئا.ک و کۆمەڵەی ژ.ک دا بە ئاشکرا باس لە سیاسەتی داگیرکاری دەکرێت، بەیاننامەکەی حدک ئەنتێگراتیڤە و داوای جێبەجێکردنی ئەو مافانە دەکات کە لە یاسای مەشروتەداهاتوون. پرسی خودموختاری کە وەک رێگاچارە بۆ بوژاندنەوەی نەتەوەیی لە بەیاننامەی حدک دا هاتووە، لە ئامانجەکانی ژ.ک دا (ئەگەرچی لە سەردەمی یەکیەتی سۆڤیەت و کۆمارە خودموختارەکانیدا دامەزراوە) بەهەند نەگیراوە. کۆمەڵەی ژ.ک باس لە خەبات بۆ سەریەکخستنەوەی کوردستانی گەورە دەکات و مەرجی مانەوەش لە ئیدارەی سیاسی ئێران تا کاتی دیاریکردنی چارەنووس دیاریی دەکات. هێڵی سیاسی ح.ئا. ک تا رادەیەک لیبەرالیستییە، هێڵی سیاسی سازمانی جەوانان چەپی نزیک لە سۆڤیەتە، هێڵی سیاسی ژ.ک ناسیۆنالیستییەکی رادیکاڵە، بەڵام حدک رێاڵپۆلیتیک بە بنەما دەگرێت بەڵکوو ناسیۆنالیزمی کورد لەگەڵ دۆخی ژێۆپۆلیتیکدا سازگار بکات و هەروەها پرسی ئایدیالۆژی و چینایەتی بەهەند ناگرێت. نەبوونی وەسواسی ئایدیلۆژیک لە حدک دا بەڕادەیەک بووە کە درگای بەسەر گشت کەس و لایەنێکدا کردووەتەوە و بە چەشنێک مامۆستا هەژار لە کتێبی چێشتی مجێوردا ئەم دیاردەیە وەک خاڵی لاوازی حدک دیاریی دەکات کە بووەتە هۆی پەرەدان بە خزم خزمێن و تەنانەت هۆکارێک بووە بۆ نفوزی جاسوس بۆ نێو ریزەکانی حیزب (ق. قازی، ٢٠١٩). بەگشتی لە باری پێکهاتەییەوە دەکرێ ح.ئا.ک و کۆمەڵەی ژ.ک لە چوارچێوەی حیزبی بژاردە پێناسە بکەین و حدک لە خانەی حزبی جەماوەریدا جێی دەبێتەوە.
خاڵە هاوبەشەکان:
کەلێنی کولتوریی واتە پرسی «ناوەند/پەراوێز» لە لێدوان و بەیاننامە و کارکردی ئەو رێکخراوانەدا بەدی دەکرێت. هەر کام لەو رێکخراوانە لە بەرهەمیهێنانی سەبجەی «کورد» دا رۆڵی بەرچاویان هەبووە و لە بەرنامە و هێڵە گشتییەکانی ئەو رێکخراوانەدا پرسی کورد وەک دیکۆرسێک لەهەمبەر دیسکۆرسی بەهێژمۆنکراوی ناوەند زۆر بەرچاوە و بە روونی دیارە کە ئەو حیزبانە نوێنەرایەتی پرسی کورد وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی و کولتورێکی جیاواز دەکەن. خاڵی جێگای سەرنج و هاوبەش پرسی کۆمارییخوازییە کە لە بەرنامەی ئەو حیزبانەدا هاتووە لە کاتێکا حکومەتی ناوەندی سیستەمێکی پاشایەتییە.
بەرچاوسازیی[27] و رۆڵی رێکخستن
لە کۆنتێکستی جیاوازەوە خوێندنەوە بۆ بەرچاوسازی کراوە، هەڵبەت مەبەستی ئەم وتارە خوێندنەوەیەکە لە کۆنتێکستی کۆمەڵناسییەوەیە. پرسی بەرچاو یا ئەبجە پێوەندی بە تێگەیشتنێکی رێالیستیانەوە هەیە بۆ فام کردنی راستەقینەی شت یا دیاردەکان. هەڵبەت رێالیزم قەبارە و پێوەری جیاوازیشی هەیە بۆ نموونە «سووکە رێالیزم[28]» پێمان دەڵێت شتەکان لە دەرەوەی بیر و خەیاڵی ئێمەدا هەن کە لە رێگای وەسفکردنەوە دەتوانین بیهێنینە بەرچاو (واتە رەهەندی زمان-گێڕانەوەیی). «رێیالیزمی زانست[29]»یش قاییل بە فرەیی و تاقیکارییە، بەڵام مەبەستی ئەم وتارە رێالیزمی میانڕەوە[30] کە لە خوێندنەوەکانی بێڕگێر و لاکمان (2006) دا سوودی لێ وەرگیراوە. لەم روانگەیەدا شت یا رووداوەکان بە پێوەری بڕوا یا وێناکردنیان دەبن بە ئەبجەیەکی راستەقینە. وێناکردن رەهەندێکی سایکۆلۆژیانەی هەیە کە لە رێگای پەسەنکردن، باوەڕکردن و تێگەیشتن دەسەلمێندرێن. بە واتایەکی دیکە ئەو شتە یا ئەو دیاردەیە تاچەند سەربەخۆن لە نواندنیاندا و هەروەها تاچەند لەگەڵ ژینگەی راستەقینە و ئەزموونی ژیاندا تەبان. رێالیزم لە راستیدا دیالیتیکی نێوان سەبجە و ئەبجەیە کە بەدامەزراوەیی کردن[31] دەیکات بە واقەعیەت (Berger og Luckmann, 2006).
لە سەردەمی داگیرکردنی ئێران لە لایەن هێزە هاوپەیمانەکان و ئەو کرانەوەیە سیاسییەی باڵی بەسەر بەشێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان کێشا، فەزایەک پێک هات بەڵکوو خوێندنەوەیەکی دێمۆکراتیک بۆ سەبجەکان بکرێتەوە. لە هەناوی هاوپەیوەندیی شار-هاوڵاتییەوە سەبجەی «کوردبوون» لە دایک دەبێت. سەبجەکان لە ئاستی شرۆڤەییەوە بەرەو ئاستی بەیان هەڵدەکشێن و دواتر لە ئاستی ئێگزەنسیالدا دەبێت بە واقعیەت. هەرکام لەم ئاستانە بە ئاقارێکدا تێدەپەڕن؛ بۆ نموونە لە خانەی دیسکۆرسدا سەبجەکان شرۆڤە دەکرێن، مانا دەکرێنەوە و دواتر لە ئاستێکی بەرچاوتردا دەبن بە پەیام وبانگەاز، لێرەوە زەمینەکانی واقعیبوونیان دەست پێ دەکات و دەبن بە دیاردەیەک کە جیهانی ئێمە و واقعی ئێمە بنیات دەنێت. وەک فۆکۆ ئاماژەی پێداوە دیسکۆرس سەبجەیەک ساز دەکات کە ئێمە بتوانین قسەی لەسەر بکەین و وەها لە سروشتی مرۆیی ئێمە نزیک بێت کە بتوانین فامی بکەین و بە شێوەیەکی تایبەت پۆلبەندییان بکەین کە رەنگدانەوەی جیهانی «خۆمان» بێت (Foucault, 2006). بەڵام دیسکۆرس لە سازکردنی ئێمەشدا رۆڵی هەیە بۆ نموونە لەگەڵ هاتنە ئارای دیسکۆرسی کوردایەتیدا ئێمە ئیتر ئەو تاکە پەڕگر و پاسیڤەی جاران نەماوین کە دەزگای باندەست هەوڵی دەدا نموونەیەکی داماومان لێ ساز بکات. لە دیسکۆرسی کوردایەتیدا «من»ی داماو بۆ ئاستی «سوپەر ئێگۆ»یەکی بنیاتنەر بەرزدەبێتە و دەبێت بە ئەیجێنت. بەم چەشنە رێکخراوەکان لەو سەردەمەدا رێخۆشکەر بوون بۆ بەدامەزراوەیی کردنی ئەو دیسکۆرسانەی لە دەوری سەبجەی کوردبوون دەسووڕانەوە.
ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤، وەک دیسپۆسیتیف، نواندنەوەی هێڵی بینین، هێڵی بەیان، هێڵی هێز و هێڵی سەبجەسازیی بوو کە بە بڕیارێکی هاوبەشەوە دەهات خۆی لە ئاستێکی دیکەدا بەرچاو بکات. ئەم دەرکەوتنە هەر رێالیزمێکی ئانتۆلۆژیانە نییە -کە حەتمەن پێویستیشە چوونکە مێژوو هەمیشە چاوێکی لەو دیاردانەیە کە واقعبوونیان بسەلمێت، بەڵکە ئەم کۆمارە رووداوێکی سەمبۆلیکیش بوو، واتە گۆڕانی لە گشت ئاستەکاندا پێک هێنا. هاتنی کۆمار سەرەتایەک بوو بۆ رەوینەوەی زۆر یەک لە گێڕانەوە و سەبجە نامۆکان بە ژینگەی کورد، دەرکەوتنی کۆمار دەسپێکی بیرهێنانەوە بوو، گێڕانەوەیەکی ئاشنا بوو بە گوێی کورد. ئەم ئیرادەیە کە هەمیشە چاوێکی لە شتە راستەقینەکانە؛ لە ڕاگەیاندنی سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستاندا بەم چەشنە بەیان دەکرێت: «… ئێستا ئێمە لە کوردستاندا نێوی مەنگوڕ و مامەش و زەرزا و دێبوکری و … هەر پیتێ کە بۆنی جودایی لێ بێ، ناکوترێ. هەموو بە یەک دەنگ دەڵێین کوردین [و] کوردمان دەوێ. ئیمڕۆ سەرکزیمان بە سەربڵندی و هەژاریمان بە دەوڵەمەندی و دووبەرەکیمان بە یەکێتی گۆڕیوەتەوە. هاونیشتمانان بە چاوێک تەماشا دەکەین و هەموومان بۆ میللەت کار دەکەین و بە زمانی شیرینی کوردی دەخوێنین. ئەخلاقی خراپمان گۆڕیوەتەوە بە ئەخلاقی چاک[32].» (کوردستان، ژ ١، ١٣٢٤). کاتێ حدک لە یەکەم بەیاننامەیدا داوا لە گەلی کورد دەکات کە «… لە دەوری حیزبی خۆتان کۆببنەوە … [بەڵکوو] لە مەترسی تەفر و تونا بوون رزگاریتان ببێت…» (قاسملو، ١٣٧٨)، لە راستیدا ئاماژە بە رۆڵی بەدامەزراوەیی کردن و رێکخستن دەکات بۆ بەرانگاریی، خۆ تەیارکردن بۆ شەڕی دەسەڵات و دژەدەسەڵات، شەڕی سووژە هاودژەکان، شەڕی گێڕانەوەکان و شەڕی سڕینەوە و بیرهانینە. رێکخراوە ئێستا بڕیاڕی داوە گشت ئامێرەکان بۆ بینن و بەیان کردن فەراهەم بکات و لە توێی رۆژنامە و دامەزراندنی ڕایۆی کوردییەوە کار بۆ گێڕانەوەی خۆی و بیرهێنانەوە مێژووی کورد دەکات. بیرهێنانەوە دەکرێ وەک هێڵی پچڕان لەبەرچاو بگرین کە لە شیکارییەکەی دۆلوز لەمەڕ دیسپۆسیتیڤی فۆکۆ هاتووە. پچڕاندنی گلۆڵەی دەزگای دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی نایەتە دی ئەگەر سەبجەیەکی هاودژ خۆی لە گێڕانەوەیەکی نوێدا پیشان نەداتەوە، گێڕانەوەیەک کە بتوانێت لەگەڵ پرۆسەی زەین و خەیاڵاندنی دیسپۆسیتیڤی نوێ (واتە کۆمار) بێتەوە بەڵکوو یارمەتیدەر بێت بۆ رزگاربوون لە هەژمۆنی دەزگا کۆنەکە. لە وتارەکەی سەرۆکی کۆماری کوردستاندا دەر دەکەوێت کە دەزگای کۆمار تا چەند مەجال بە بنیاتنانی سەبجە و بەیان دەدات. «گرینگیدانی کورد و کوردستان وەک بونیاتی تێفکرین و کردەوەی سیاسی، بۆ یەکەمجار -لە زمانی بەرپرسێکی فەرمی حکومەت- هەوڵدەدا نەتەوەی کورد بە هێندێ چەمکی ترەوە پێناسە بکات (…) ئازادی، سەربەخۆیی، حقوقی بەشەریت [مافی مرۆڤ] حزب، دیمۆکرات، استثمار [چەوسانەو]، هێزی ملی، دیموکراسی». (حاجی ئاقایی، ٢٠١٥، ل. ٣٥٢). وتەکانی پێشەوا، بۆچوونەکەی دۆلوزمان بیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت: دەبێ بەو قەناعەتە بگەین کە ئێمە سەر بە کام دەزگاین و چۆن لە ناو وەها دەزگایەکدا کایە دەکەین. لە دەزگای نوێدا دەبێ لە نێوان ئەو شتەی کە هەین و ئەو شتەی کە بڕیارە ببین، جیاوازی دانێن و ببین بە بەشێک لە مێژوو، مێژوویەک کە بەڕێوەیە بەڵکوو ئێمە بگۆڕێت و پەرە بە سەربەخۆبوونی ئێگزیستەنسیالی ئێمە بدات (Deleuze, 1992).
دواسەرنج
لە سەردەمی مۆدێڕندا ئۆپۆزیسیۆنسازی لە قەوارەی حیزب و رێکخراوەی فرەچەشن و فرە رەنگدا وەها رۆتینایز بووەتەوە کە بڕوا بکەین دامەزراندنی حیزب و رێکخراوە کارێکی زۆر ئاسانە! بەڵام کاتێ بیر لە نفوز و کارایی حیزب لە نێو جەماوەردا دەکەینەوە، هەست بە زەحمەت و دژواربوونی ئەو ئەرکە دەکەین. لەم وتارەدا ئاماژە بە هۆکاری سەرهەڵدانی حیزب لە رۆژهەڵاتی کوردستان درا و شرۆڤە بۆ بەستێنەکانی وەها زەروورەتێکیش کرا. کەوایە موهەندیسەکانی حیزبسازیی ئەگەر کەلێنی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو نەگرن، لە دەسپێکی دامەزرانەوە رێگا بۆ مەرگی لەناکاوی حیزبەکانیشیان خۆش دەکەن. لەم وتارەدا بە پشت بەستن بە تیۆرییەکانی روکان و خوێندنەوەی بەشێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و ئابووریناسانی کورد لەسەر بارودۆخی کوردستان لە سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا، کەلێنی کولتوریی واتە «ناوەند /پەڕاوێز» وەک بەستێنێکی رێالیستیانە بۆ سەرهەڵدانی حیزب و رێکخراوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان شی کرایەوە. کەلێنی ناوەند/پەڕاوێز دەرەنجامی هەڵمەتێکی داگیرکاریی بوو لە ئێران کە هەوڵی بۆ بەرین کردنەوەی جۆگرافیای سوڵتەی خۆی داوە و چوونکە زمانی فارسی کاتالیزاتۆری وەها ناسیۆنالیزمێکە، لە رێگای کولتورسازییەوە کاری بۆ سڕینەوەی زمان و هێماکانی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی نێو ئەم جۆگرافیای داگیرکارییەدا کردووە. کەلێنی کولتوریی وەک ئاماژەی پێدرا نەک لە ئێران، بەڵکە لە زۆربەی وڵاتانی مۆدێڕن و دێمۆکراتیکیش رێخۆشکەر بووە بۆ ئۆپۆزیسیۆنسازی. ئەگەرچی دۆخی ئابووری کوردستان لە چاو چڕبوونەوەی سەرمایە لە ناوچە فارسنشینەکان زۆر نایەکسانە، بەڵام هێشتا کەلێنی کولتوریی دیاریکەرە بۆ جووڵەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێراندا. هۆکارەکەش روونە؛ مرۆڤ ناتوانێ لە حاند ناسنامەی نەتەوەکەی کە بنەمای بڕوایەکی بەهێزی ئەخلاقی و هەروەها بووژێنەری تایمۆس واتە رۆحی هەست و سۆزیەتی بێ هەڵوێست بێت، لە لایەکی دیکەوە پرسی هەڵاواردنی نەتەوەیی خۆی هۆکارە بۆ لاسەنگیی گەشەی ئابووری لە کوردستان (بڕوانن بۆ وێنەی ژمارە ٢). لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەم نەبوون ئەو حیزبانەی کە خەباتی چینایەتییان بە بنەما دەگرت، بەڵام دواجار بەشێک لەو حیزبانە بەرەو پارادایمی کولتوریی گەڕانەوە و تەنانەت رێکخراوە دینییەکانیش شانسێکی ئەوتۆیان نەما بۆ بەردەوام بوون لە شەقامی سیاسەتی کوردستان.
سیاسەتی نیشتەجێ کردنی بەتۆبزی و سەنترالیزەکردنی دەسەڵات لە ناوەند، سەرەتایەک بوو بۆ پرۆژەی کۆلۆنالیستیی ناوخۆیی کە لە لایەن بەشێکی بەرچاو لە توێژەرانی کورد بەڵگێندراوە. ئەم سیاسەتە بە دوو ئاقاردا هەوڵی بۆ هەژمۆنسازی داوە: بە گۆپاڵی ژاندەرمە و دواتر لە رێگای سەبجەسازییەوە. پرۆژەی سەروەرسازیی لە فارس و داماوسازیی نەتەوەکانی دیکە، بە لانیکەمەوە بە چوار فاکتوری؛ مێژووسازی، سنوورسازی، سیاسەتی زمانی و کولتورسازی جێبەجێ کراوە. ئەم پرۆژەیە بەبێ چالاک کردنی دامەزراوە مەدەنییەکان (قوتابخانە، دەزگاکانی دەوڵەت، زانکۆ …) و راهێنانی چینی مامناوەندی (بروژوا-بروکرات) جێبەجێ نەدەکرا. بە چاوخشاندنێک بە رەوەندی سەقامگیرکردنی حکوومەتە نادێمۆکراتیکەکان و هەروەها لە بۆچوونەکانی گرامێشییشدا ئەم راستییە سەلماوە کە ئێئتیلافی نێوان حکوومەت و چینی مامناوەندی لە پێناو چەسپاندنی هێژمۆنی کولتووریی، لەسەر خوانی دارایی گشتی وڵات و بەرژەوەندیی ئابووری دەبەسترێت. کەوایە هێڵی سەبجەسازی و خەستایی هێژمۆنیکی دەسەڵات زۆر لەوە رژدترە کە بە کاری تیۆریک، لە رێگای دیالۆگی مەدەنی، شەرماندنی چینی مامناوەندی، مێتۆدی رەخنەگرانە و بەڵگاندن، تەما بەستن بە دێمۆکراسی و کۆبوونەوە لە بن کەپری مافی مرۆڤ و هاوڵاتی، بپچڕێت. هۆکارەکەش روونە:
-
یەکەم؛ گشت ئەو چەمکە نۆرماتیڤانەی کە ئاماژەی پێدارا بەرهەمی سەبجەسازیی دەزگای دەوڵەت-نەتەوەی فارس-شیعەیە لە پێناو ڕاگرتنی هاوسەنگیی دەسەڵات بە قازانجی ئەتنیکی ناوەندنشین. تەما بەستن بەو نۆرمانە لە ڕاستیدا گمەکردن لە مەیدانی سەبجەکتیڤی ئەوانە و سروشتییە هێژمۆنەکەش لە دەستی چینی بروژوا-بروکراتی فارسدا دەبێت. لە بەشی سەبجەسازیدا ئاماژە بە هێڵی سێحراوی سەبجەسازیی درا؛ کەوایە دەزگای دەوڵەت-نەتەوەی ئێران ئەگەرچی وەک سەردەمی رەزاخان ناچێت و لەباری ئایدیالۆژیکیشەوە لە ئاریاییخوازیی کشابێتەوە، بەڵام بە فۆرم و نێوەرۆکێکی نوێیەوە چاکسازیی لە دەزگای دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی دەکات و درێژە بە سەروەرسازیی فارس دەدات.
-
دووهەم؛ هیچ مەنتقێک ناتوانێ خۆی لە قەرەی مەنتقی ئامار و ژمارەکان بدات کەوایە بە سەرنجدان بە وێنەی ژمارە ٢ کە رێژەی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی[33] (GDP) پیشان دەدات، دەبێ ئەو راستییە فام بکەین کە هیوادارمانەوە بە ئیئتەلافی دێمۆکراتیک و دیالۆگی هابرماسی، ئەویش لە وڵاتێکدا کە هاوسەنگیی گەشەی ئابووری وەها لاسەنگ بێت، لە رادەبەدەر گەشبینانەیە.
وابزانم لە مێژووی هزری سیاسیدا قۆناغێک شک نابەین کە پێمان بڵێت دوو نۆرمی جیاوازی سیاسی یا دوو ئایدیالۆژی دژ بە یەک بە گوێرەی مەنتقی زمانیی و دیالۆگێکی دێمۆکراتیک لەبەر یەک بکشێنەوە؛ فاشیزم، نازیسم، دیکتارۆریی پلۆرتێری و دەوڵەتی یەکپارچەی یوگوسلاوی و هتد، لە سۆنگەی نۆرم و مەنتقی سیاسی لیبەرالیزم نەشکان، بەڵکە ئەوە «واقەعەیەت» بوو کە پێی سەلماندن نۆرم و هزری سیاسی ئەوان چی دیکە لەگەڵ رەوتی مێژوو سازگار نەماوە. دیواری واقەعیەت زۆر لەوە پتەوترە کە دەسەڵاتێکی سیاسی یا هێڵێکی ئادیالۆژک بتوانێ بە پەنایدا لابڕ لێدات و خۆی لێ نەبان بکات. دامەزرانی حیزب و رێکخراوەکان و دواتر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، بنیاتنانی دیواری واقەعیەتی کورد بوو. لە ژێر سێبەری ئەو دیوارە بوو کە هێڵی بینین، هێڵی بەیان و هێڵی سەبجەسازی چالاک بوون. ڕاپەڕینی ٤٦-٤٧، دەنگ نەدان بە ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٨و لە ئەنجامدا بەرگریی چەکدارانە لە کوردستان، کۆڕەوەکەی مەریوان لە هەمان ساڵ و شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١دا، هەر هەموویان لە خزمەت نۆژەنکردنەوەی دیواری واقەعیەتی کورد بوون کە نزیک بە سەت ساڵە لەبەرچاوی جیهان دەیڕووخێنن و کورد لە هەر دەرفەتێکدا بۆی بڕەخسێت؛ نۆژەنی دەکاتەوە. ئەم دیوارە بۆ کورد خەسڵەتی هێڵی هێزی هەیە، بزاڤی کوردایەتیی پیشانی جیهان داوە و لە هەمان کاتیشدا بەیانی دەکات. بەڵام دیواری واقەعیی کورد وەک گشت دیاردەکان بێ پارادۆکس نییە.
لە بەشی حیزب و نوێنەرایەتیکردندا ئاماژە بە پارادۆکسی ناسیۆنالیزمی کورد درا کە لە ساڵانی ١٣٢٠ بەولاوە و بەدوای دامەزراندنی حیزب و رێکخراوەکان هاتە ئارا. ئەم پارادۆکسە بە دوو ئاراستە و گوتاری جیاوازەوە لەمەڕ ناسیۆنالیزمی کورد دەرکەوتوون کە یەکیان لەژێر کاریگەریی رێالپۆلیتیک دایە و ئەوەی دیکەش ئاراستەیەکی رادیکاڵانەی هەیە. ئەگەرچی ئەم پارادۆکسە وەک درزێک بۆ دیواری واقەعیەتی کورد دێتە ئەژمار، بەڵام بەشێک لە چییەتی ناسیۆنالیزمی کوردیش پێک دەهێنت. لەوانەیە پێوەندییەکی دال و مەدلولی لەم پارادۆکسەدا هەبێت کە لە زۆر قۆناغی مێژووییدا تەواوکەر و زۆرجاریش بووژێنەری یەکتر بوون. بۆ نموونە لە سەردەمی راگەیاندنی کۆماری کوردستان، شۆڕشی گەلی کورد بە دوای ئینقلابی ١٣٥٧ و هەروەها لە دەسپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا رەهەندی رێاڵپۆلیتیکی ناسیۆنالیزمی کورد چالاکتر دەبێت بۆ بردنە پێشی پرۆژە سیاسی و خەباتە مەیدانییەکانی. بەڵام بە دوای لاوازبوونی هەرکام لەو قۆناغە مێژوویانە -هەڵبەت لە سەردەمی پێش راگەیاندنی کۆماریش کە بزاڤە ناسیۆنالیستییەکان نەهێنی و داخراو بوون، ووزەی رادیکاڵانەی ناسیۆنالیزم زیاتر لە جاران چالاک دەبێت. پرسیار ئەوەیە: رەهەندی ڕادیکاڵانە چ پێوەندییەکی بە پرسی زیندووکردنەوەی هیواکانی کوردەوە هەیە؟ بۆچی لە سەردەمی چالاکبوونی خەباتدا رەهەندی رێاڵپۆلیتیک هیوابەخشە؟ لەوانەیە شرۆڤەکەی دۆلوز لەمەڕ دەزگاکان بتوانێ وڵامێک بۆ وەها پارادۆکسێک بێت کاتێ هێڵەکان بەسەر دوو گروپدا دابەش دەکات؛ هێڵەکانی چینبەندی[34] یا نسکۆ و هێڵەکانی کاراکردن[35] یا داهێنان. هێڵی سەبجەکتیڤی دەزگاکان خاوەن لێکدانەوەی خۆیەتی، لە فۆرم و بە نێوەرۆکێکی دیکە دەردەکەوێتەوە، گۆڕانکارییەکان دەبنە هۆی موتاسیۆنی هێڵی سەبجەکتیڤ و بەگشتی خۆی لەگەڵ کات و فەزاکان سازگار دەکات (Deleuze, 1992).
سەرچاوە ئینگلیسی و زمانەکانی سکاندیناوی:
-
1993. Politiken. Övers. Karin Blomqvist. Partille: Åströms förlag.
-
Aukrust Knut og Skulstad Dorte (2011), Spansk gullalder og arven fra jøder og muslimer. 1. utgave. Oslo, Pax Forlag.
-
Berger, Peter L. Og Luckmann 2006, Den Samfunnsskapte Virkelighet, oversatt: Wiik, Frøydis, 4. opplag, Oslo 2006.
-
Dalton, Russell J. & Martin P. Wattenberg 2002:Parties without partisans: Political change in advanced industrial democracies. Oxford University Press.
-
Foucault M. (2006), “Tingenes Order“. Oversett av Eliassen, kunt O., Spartacus forlag, Oslo 2006.
-
Gilles Deleuze 1992,What Is a Dispositif? Two Regimes of Madness. http://www.no-w-here.org.uk/what%20is%20dispositif.pdf
-
Halbwachs, (1992); On Collective Memory, Trans. and ed. L.A. Coser. Chicago: University of Chicago Press.
-
Hofstede, G. (1993). Kultur og organisasjoner. Oslo: Bedriftsøkonomens Forlag.
-
Kashani-Sabet, Firoozeh 19997, Fragile Frontiers: The Diminishing Domains of Qajar Iran. International Journal of Middle East Studies 29, No. 2 (May, 1997), pp. 205-234 (30 pages). Published By: Cambridge University Press 1997.
-
Matin, Kamran 2013: “Recasting Iranian Modernity”, International relations and social change. London, Routledge (2013).
-
Massey, Doreen (1995): “Places and Their Pasts“. History Workshop Journal, 39 (Spring, 1995), pp. 182-192 (11 pages). Published By: Oxford University Press 1995.
-
Nietzsche, Friedrich (2010): “Moralens genealogi“. Oversett av Skar, Øystein. Spartacus forlag. Oslo 2010.
-
Rokkan S. 1970, Citizen, Election Political Parties, Approaches to the Comparative Study of the Processes of Development. Antologi av artikler (med Angus Campbell, Per Torsvik og Henry Valen). Oslo, 1970.
سەرچاوە فارسی و کوردییەکان:
-
آبراهامیان، یرواند (١٣٧٧)؛ ”ایران بین دو انقلاب”، ترجمە: گل محمدی، احمد و فتاحی، محمد ابراهیم، نشر نی.
-
اسپالسکی، برنارد (١٣٩١)؛ ”سیاست زبانی”، ترجمە: عرفانی، سید مهدی و داوری، حسین و ایرانمهر، ابوطالب، چاپ اول، انتشارات نوروزی، گرگان ١٣٩١.
-
ئەمین نژاد، رزگار (٢٠٢٢)؛ ”خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی حیجاب و دۆخی ئەبجەکتیڤانەی ژن لە ئێران”، گۆڤاری تیشک، ژمارە ٦٤، لاپەڕەی ٢٣- ٣٩، ساڵی بیست و چوارەم، هاوینی ٢٧٢٢.
-
حاجی ئاقایی، ئازاد (٢٠١٥)؛ ”ڕابردووە هاودژەکان”؛ خوێندنەوەیەکی دیسکۆرتیڤ لە ناسیۆنالیزمی کوردی. ژمارەی سپاردن: ١٠٧٩. دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان.
-
جانستون، مانتی (٢٠٢٠)؛ ”مارکس و انگلس و مفهوم حزب”، ترجمهی آزاده ریاحی. لینکی وتارەکە لە سایتی «نقد اقتصادی»:
https://pecritique.com/2020/04/13/%D9%85%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B3-%D9%88-%D8%A7%D9%86%DA%AF%D9%84%D8%B3-%D9%88-%D9%85%D9%81%D9%87%D9%88%D9%85-%D8%AD%D8%B2%D8%A8-%D9%85%D8%A7%D9%86%D8%AA%DB%8C-%D8%AC%D8%A7%D9%86%D8%B3%D8%AA%D9%88/
The International Herald (London), No.37, 11. December 1872.
-
دلوز ژیل و گاتاری فلیکس (١٣٩١)؛ ”هزار فلات” (کاپیتالیسم و اسکیزوفرنی)؛ ترجمه زهره اکسیری و دیگران؛ تهران: رخداد نو.
-
رشیدی، ابراهیم (٢٠١٨)، سایت بی بی سی فارسی: https://www.bbc.com/persian/blog-viewpoints-43486619
-
ساڵح، رەفیق و ساڵح، سەدیق (٢٠٠٧)؛ ”رۆژنامەی کوردستان”، بڵاوکراوەی هاوبەشی بنکەی ژین و ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠٠٧.
-
شمس، سعید (٢٠١١)؛ “ایرانیت و کردیت- همزیستی یا همستیزی”، چاپ اول؛ جا:؟؛ ٢٠١١.
-
صارمی، نسترن (١٣٩٥)؛ ”تاریخ ها و هویت های متکثر”: چگونە حافظە جمعی در رسانەهای تصویری جدید ساختە می شود، حرفە هنرمند، شمارە ٥٩، ص ١٣٩-١٤٥.
-
قاسملو، عبدالرحمان (١٩٩٦)؛ ”کردستان و کرد”، ترجمە: عتیقی، طە، کمیسیون انتشارات حزب دمکرات کردستان ایران، چاپ اول.
-
قاسملو، عبدالرحمن (١٣٧٨)؛ ”چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازدی”: کورتەیەک لە مێژووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، چاپی سێهەم.
-
قازی، قاسم (٢٠١٩)؛ ”مێژووی گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان” (سەردەمی زێڕینی نەتەوایەتی)، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی کتاب ارزان، سوید.
-
قازی، حەسەن (٢٠٢٠)؛ ”حزب آزادی کردستان و عزیزاللە خان زندی”، بلاگی روانگە:
https://ruwange.blogspot.com/2020/05/blog-post_24.html
-
گرامشي، آنتونيو (١٣٦٢)؛ ”نامەهای زندان”، ترجمە مريم علوينيا، تهران: آگاه.
-
گلاویژ، علی (١٣٦١)؛ ”مناسبات ارضی در کردستان” (فروپاشی نظام عشیرەای). چاپخانە آذر. چاپ اول دی ماه ١٣٦١.
-
مکی، حسین (١٣٦١)؛ ”تاریخ بیستساله ایران”، ج 5، نشر ناش، تهران.
-
محمد پور، احمد (١٤٠٢)؛ ”شرق شناسی فارسی”: ایدئولوژی های نژادی-زبانی و ساختن «ایرانیت»، ترجمە: شورش فرامرزی، سایت نقد اقتصادی سیاسی، آبان ماه ١٤٠٢.
-
محەمەدپوور، ئەحمەد و سلێمانی، کەمال (٢٠٢٢)؛ ”بە کەمینەکردنی ئەوانی دیکە”: ستراتێژییە یەکدەستکردنەکانی دەوڵەتی ئێتنۆکراتیکی ئێران، وەرگێڕانی: رێبوار رۆژهەڵات، گۆڤاری تیشک، ژمارە ٥٩-٦٠، ل ٤٤٠-٤٦٧. ساڵی بیست و سێهەم، بەهار و هاوینی ٢٧٢١.
-
موفیدی، سەباح (٢٠١٩)؛ ”ئایین و سیاسەت لە کوردستان؛ لە سیاسەتی مەعنەوییەوە بۆ سێکۆلاریزم”. ئاکادیمیا:
https://independent.academia.edu/sabahmofidi
· متین، کامران (١٤٠٢)؛ ”استعمارزدایی از ایران”: یادداشتی اولیه بر استعمار بیناـفرودستیفرودستی، برگردان: هیوا رستگار. سایت رادو زمانە: https://www.radiozamaneh.com/799622/
-
ولی، عباس (٢٠١١)؛ ”شکل گیری هویت ملی کوردی در ایران”، ترجمە باقری، سحر و رحمانی، جمیل. سایت پروبلماتیکها.
-
واقدی، محمد بن عمر (١٣٧٤)؛ ”فتوح سواد العراق”، (نخستین تاریخ فتوحات اسلامی در کردستان). ترجمە و تحشیە: واعظی سردشتی، عبدالعزیز. مقدمە و تصحیح و تعلیقات: کریمیان، نادر. ناشر: م. واعظی. تهران.