ئارامتر بخوێنەوە!

شوناسی ژنان لە کۆمەڵگا و پێناسەی پیاو هاووڵاتییەکان

کازیوە سنە، ئابدانان ڕۆژهەڵات

بێگۆمان پەیجۆری بیرۆکە نوێیەکان لەبەر شوناس و هاووڵاتی بوون Citizenship، گۆڕانە سەرەکییەکانی ئەم تەوەرە دەگەیەنێتە دەورەی ڕۆشنگەریی هاوچەرخی ئەورووپی و هەروەها سەردەمی ڕۆنێسانس. لە ڕاستیدا بەشێکی سەرەکی لە وتووێژ، وتاربێژی، ڕا و بۆچوون، بڕوا و باوەڕمەندی و شێوازی بەربەرەکانێی نێو وڵات، نموونەی ڕزگاریبەخشی کۆمەڵایەتیی ئیمە بە تێکڕا، لەم سەردەمە مێژوویییە گرینگەدا، ڕەگی داکۆتاوە. شێوەی نوێی ڕوانین بۆ مرۆڤ و جیهانی کۆمەڵایەتی و تێکشکاندنی دیواری تەسکی مێتافیزیک و ئاوەڵا کردنی دەرگای ژیریەتیی نوێ لەم سەردەمەدا دەست پێ دەکات. کەوایە دەتوانین لە هەر بزووتنەوەیەکی نوێی سیاسیدا، شوێنەواری دەورەی ڕۆشنگەریی ئەورووپی ببینینەوە.
بەڵام ئەمە زۆر سەرەنجراکێشە کە بڵێین ڕا و بۆچوونی زۆربەی بیرمەندانی ئەم سەردەمە پێشکەوتووە لەسەر ژنان، بەردەوام پاراستنی ئەو بیروبۆچوونانەی مێشکی وشکی کۆن بووە و ژنان لە چەمکی هاووڵاتی بوونەوە پۆلێنبەندی کراون. ئەوەی ڕاستی بێت، ڕا و بۆچوونەکانی سەردەمی ڕۆشنگەرییش -وەکوو سەرچاوەکانی بیرمەندیی زۆربەی ئیمە لە فۆرمولەکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان- سەرچاوەی لە سیستەمی ئۆستوورەناسیی یۆنانی کۆندا هەبووە. لەلایەکی دیکەوە خاوەن بۆچوونەکانی چەرخەی ڕۆشنگەری لەسەر ژنان، بیر و باوەڕیکی دۆگماتیکیان هەیە و ژنان وەکوو چاڵاکێکی لە پەڕاوێزی کۆمەڵگاش بەبەشدار نازانن. بۆ نموونە ژان ژاک ڕۆسۆ، کە چالاکیی هەرە زۆرێ بۆ ناساندن و تاوتوێ کردنی ئازادی و هاوسەنگی ئەنجام داوە، کاتێک کە ویستوویەتی باسی “سروشتی ژنان” بکات، بە گشتی دژایەتیی ئازادی و هاوسەنگیی ژنان لەگەڵ پیاوانی کردووە و لە بۆچوونەکانی خۆیدا باسی لەسەر نابەرابەریی ژن و پیاو و دەسەڵاتی پیاوان بەسەر ژناندا کردووە.
بە بڕوای ڕۆسۆ ئەوەی کە زۆربەی دەور و بایەخەکانی کۆمەڵگا بەرەو ئامانج هان دەدات شارستانییەتە بەڵام بەشی ژنان لە سروشت، نە ئازادییە و نە بەرابەری و تاوتوێکردنی بایەخە سەربەخۆکان، بەڵکوو بەخێوکردن، پاراستن و ئاگاداری کردن لە منداڵان و پابەند بوون بە پەیمانی ژن و مێردایەتی و بنەماڵە و خۆپارێزییە. بە تێکڕا ئاکاری عاتفی و هەستیارانەی ژنان لە ناخیانەوە هەڵئەقوڵێ نەک لە بەربەرەکانێ کۆمەڵایەتییەکان. واتە لە پرۆسەی فێرکاریی کچان دەبێ ئەم تایبەتمەندییە ژنانەییانە ڕەچاو بگیردرێت. ژنان بە پێچەوانەی پیاوان تەنیا ئینسانن نەک پیاو. خوا هەر لە سەرەتای بەدیهێنانی بەشەرەوە، جیاوازیی ژن و پیاوی لە ئافراندنیاندا داناوە، کەوایە ئەرکی ژنان بە گشتی ئەو کارانەیە کە لەگەڵ پیاوان جیاوازیی هەیە: بە گشتی فێرکاریی ژنان دەبێ لە پەیوەندی لەگەڵ پیاواندا بێت و بۆ ڕەزامەندیی چێژ و لەززەتی پیاوان بێت.
ڕۆسۆ باوەڕی بە جیاوازی و دووجۆرە ئافراندنی ئینسان هەیە. واتە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هزر و بیرمەندیی پیاوان و مێهرەبانی و عاتفەی ژنان، تەواوکەری یەکترن. بە بڕوای ڕۆسۆ، پیاوان دەبێ بوێر و دادوەر و ژنان دەبێ خاوەن سەبری زۆر، ڕووخۆش و سازگار بن. کەوایە بەم پێناسەیەوە ئیمیل(ئۆلگووی کچێکی گەنج و لەبار لە ڕوانگەی ڕۆسۆوە) دەست دەکاتە فێربوونی زانستی ئینسان و زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی سروشتی. ئەمە لە حاڵێکدایە کە سۆفی (ئولگووی کچێکی گەنج و لەبار لە ڕوانگەی ڕۆسۆ) لەگەڵ فێربوونی ماڵداری، شیعریشی ئەهۆنیەوە و لە چیرۆکنووسی و هونەر و مۆسیقاش دەستێکی باڵای هەبوو. ڕۆسۆ هیوادار بوو کە بەم شێوەیە، بیرمەندیی ژنانەی ئیمیل ببێتە هۆی ئەوەی کە هاوسەرێکی باش و باوکێکی بەئەخلاق و خۆڕاگر دروست بکات و هەستیارییەکانی سۆفی، ببێتە هۆی ئەوەی هاوسەرێکی بیرمەند و دایکێکی مێهرەبان بێنێتە بەرهەم. بەم شیوەیە، ڕۆسۆ بەڵگە دەنوێنێ کە ژیان دەبێ بە شێوەی “بنەماڵەی پیاوسالاری سروشتی”، گەشە و نەشە بکات؛ لەبەر ئەوەی بە بڕوای ئەو، ژنی سروشتی، بیرێکی ئاقڵانەیان نییە و توانای خۆڕاگری لە هەمبەر هەستیاربوونی خۆیان نییە و دەبێ پیاوان دەسەڵاتی بنەمالەیان لەدەستدا بێت.
واتە هەرچەند سەردەمی ڕۆشنگەری هەڵگری پەیامی ئازادی و بەرابەری و دەستپێکێکە بۆ شۆڕشی فەڕانسە بەڵام مافی هاووڵاتی بوون بۆ پیاو تەرخان کراوە. هەروا کە ئیمانۆئێل کانت دەڵێت: “بازنەی ئەقڵ لەگەڵ بازنەی هەستیاری ناتەباییی ئاشکرایان هەیە”. کانت وەکوو ئارشیتێکتێکی سەرەکی، ئەقڵانی بوون بۆ پیاوان و مێهر و عاتفە بۆ ژنان پێناسە دەکات. بەم شێوەیە، ژیانی کۆمەڵایەتی پێکهاتووە لە ڕا و بۆچوونی ڕامیاری، ئابووری، کولتووریی بیرمەندانی پاش کانت، کە دەڵێن دەسەڵات دەبێ لە دەستی پیاواندا ببێت و ژن لە تێکەڵبوون لە ئاقاری کۆمەڵایەتی و ژیانی سیاسی و بیرمەندی بێبەش بکرێت. ئەم ڕەوتە پیاوسالارانەیە پەرەی گرت هەتا سەرهەڵدانی ئەندێشەی فێمێنیستی. لەوانەیە یەکێک لەو دیاردانەی کە بوو بە هۆی ئەوەی پیاوان لە سەردەمی ڕۆشنگەریشدا پیاوسالارانە بیر بکەنەوە، لە نێو ئوستوورەکانی یۆناندا ڕەگی داکوتاوە کە بە پێی ئەو ئەندێشەیە، ئیزەدخاتوونەکان زۆر حەسوود پێشان دراون. خوایانێک کە هێمای پیاوبوونن، زۆرتر بیرمەند و خاوەن ئەندێشە بوون و ژیانبەخش پێشان دراون.
گۆستاو یۆنگ و جۆزف کەمبڵی ئوستوورەناس، لەبارەی کارێگەریی ئوستوورەناسیی یۆنانی لەسەر بیرمەندانی سەردەمی ڕوشەنگەری و پیاوسالارانە بوونی ئەندیشەی ئەوان نووسیویانە. بە کورتی ئەگەر بمانهەوێ شوناسی مۆدێڕن و نوێ شی بکەینەوە و باشتر لێی تێبگەین، دەبێ بە ئەندێشەیەکی نوێ کە لە ژێر کارێگەریی بیرمەندانی ڕۆشنگەری پێکهاتووە لە بابەتەکە بڕوانێن.
شوناس
لە جیهانی ئەمڕۆدا مرۆڤەکان، بە تایبەت ژنان، لە بوار و لایانە جۆراوجۆرەکانەوە دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵێنەوە. شوناسی ژنان بەشێکی سەرەکی لە بوونی هەر ژنێکە. ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی ژنان لە ژیانی ڕۆژانەدا، لە ژێر کارێگەریی شوناسی ژناندا پێکهاتووە. شوناس واتە identity لە زمانی ئینگلیزی کە بە واتای دابینکردن، پێشاندان، ناسیینەوە، یەکیەتی، تیکەڵبوون، تەبایی و سازگارییە. کەمتر وشەیەک هەیە کە ئاوا واتای قووڵی هەبێت. چەمکێک وەک یەک و نزیک لە یەک و پەیوەندیداری جۆراوجۆر بۆ شوناس (وەکوو من، ئێمە، خۆ، تێگەیشتن لە خۆ، تێڕوانین لە خۆ، کاردانەوەی خۆ، زانیاری لەسەر خۆ، شوناسی خۆ، ئیگۆ، سوپەرئیگۆ و کەسایەتی) لەمەدا سەرچاوە دەگرێت. شوناس بە جۆریک پەیوەندی لە نێوان کەسایەتیی تاک و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، بەم مانایە کە شوناس پەیوەندیی نێوان هزری تاک و ڕاستییەکەی ژیانی کۆمەڵایەتییە. پرس و دیاردەی شوناس لانی کەم لە چەند دەیەی ڕابردوودا بیری خاوەن بۆچوونەکانی بواری دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و خۆێندنەوەی کولتووریی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. گۆڕانکارییەکانی دەیەکانی ئەم دوایییە بوونەتە هۆی ئەوەی چ لە بواری کولتووری و چ لە بواری پێکهاتەی جۆراوجۆر، هێندێک جاریش ناکۆکی و ناتەبایی پیک بێنێت و پەرەپێدانی نوێگەرایی و چاکسازیی جیهانی بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک بەتایبەت ژنان تووشی قەیرانی شوناس ببن.
لە هەمبەر ئەم بیروڕایانە مانۆئێل کاستلز جەخت دەکاتە سەر شوناسی گشتی نەک تاک. بە بڕوای ئەو، شوناس پێکهاتەیە و بەرەبەرە چەمکی خۆی بەدەست دێنێت. هەروەها لە نێوان سێ جۆر پێکهاتەی شوناس واتە شوناسی ڕەوا، شوناسی بەرەنگاری و شوناسی بەرنامەدا جیاوازی دادەنێت. کاستلز فێمێنیزم بە یەکێک لە بزووتنەوە ئەرێنییەکان دەزانێ بۆ بە دەست هێنانی شوناسی ژنان. هەروەها دەڵێت کە بزووتنەوەی فێمێنیزم بریتییە لە دووبارە کردنەوەی پێناسەی شوناسی ژنان. هەروەها باس دەکات کە ئەوەی کە بزووتنەوەی ژنان دژ بەوەن، شوناسێکە کە پیاوان بۆ ژنان پیناسەیان کردووە.
گیدێنز لە کتێبی “نۆیگەرایی و پێشاندان، کۆمەڵگا و شوناسی تاک لە سەردەمی نوێ” بە وردی پرسی شوناسی شرۆڤە کردووە. بە باوەڕی گیدێنز شوناسی تاک هەم دابینکەری کۆمەڵگای ئێمەیە و هەمیش پێکهاتووە لەم کۆمەڵگایە. بە ڕای ئەو، شوناس ئەرک یان ڕۆڵێکی نەگۆڕ نییە کە لە لایەن کۆمەڵگاوە بە تاک درابێت، بەڵکوو شوناس هەمیشە لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە. بەم واتایە شوناس، لە درێژاییی ژیانی تاک و بە پێی ئەزموونە جیاوازەکانی و تایبەتمەندیی کاتجێ spacetime بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێت و لە ڕاستیدا ناکرێت باس لە یەک شوناسی نەگۆڕ بکەین.
لە زانستی کۆمەڵناسیدا، شوناسی کۆمەڵایەتی لەسەر جیاوازیی نێوان کۆمەڵگای نەریتی و نوێ دامەزراوە. لە کۆمەڵگای نەریتیدا، بنەمای شوناسی کۆمەڵایەتی، تایبەتمەندییە پەیوەندیدارەکانیەتی. شوناسی کۆمەڵایەتی هەم پەیوەندیی کۆمەڵایەتی پێکدێنێت و هەمیش ژیان مانادار دەکاتەوە. لە ڕاستیدا شوناسی کۆمەڵایەتی، ڕەوتێکە بۆ خۆناسینەوە و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگا. شوناس هەندێ چەمکی سەرەکیی هەیە کە گرینگییان هەیە و ئەوەش لەوەدایە کە خۆیان پێناسە دەکەن. بە گۆڕانی بارودۆخی کاتی وشوێنی هێندێک پێکهاتەی مێژوویی و ڕامیاری و کۆمەڵایەتی، ڕوانگەی خەڵک لەسەر ئەوانە دەگۆڕدرێت و بەم شێوەیە بنەمای شوناسی کۆمەڵگا بەهێز یان سست و لاواز دەبێت.

هاووڵاتی بوون، وێنەیەک لە پێناسەی شوناسی نوێ

ئەگەر بڕیار بێت بۆ تاوتۆێکردنی پێناسە و ڕوونکردنەوەی هەموو بوارەکانی، تەنیا پشت بە ناسینەوەی تیۆریک و ئاماری ببەستین، تەنیا بەشێوەیەکی میکانیکی، ناوەرۆکی ئەو پێناسەیەمانە بۆ دەردەکەوێت. بەڵام لە ڕێگای کۆمەڵناسییەکی مێژوویی و ناسینەوەی لە دڵی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگادا، دەتوانین ڕاڤەیەکی کارا و وردمان لەسەر پێناسەی ژنان لە کۆمەڵگادا هەبێت. هەروا کە وتوومانە پێناسە کاریگەریی لە بنەمای ئەندیشەی نوێ وەرگرتووە کە ئەو بنەمایە، بەو هۆیەوە کە باسمان لەسەر کردوون زۆرتر پێناسەیەکی پیاوانە بووە.
لە شی کردنەوەی بڕوا و ڕای خاوەن بیرەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری وەکوو کانت، دێکارت، مونتێسکیۆ، ژان ژاک ڕۆسۆ و هابز و ژان لاک، دەگەینە ئەو ئاکامە کە: سووژەی خۆبنیاد، “پیاوێکی سپی پێستی سەردەمی ڕۆشنبیری”، سەرەڕای ڕابواردنیان لە مێتافیزیک و هەژمۆنیی کلیسا، سووژەیەکی نێری خاوەن ناسنامەی ئەورووپی و سپی پێست و مەسیحییە. واتە هەموو ڕۆشنبیران و فەیلەسووفەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری، بە شێوەی ڕوون سووژەی ئیستێلایییەکەیان Transcendental بەم شێوەیە ناساندووە. هەروەها لە کۆ کردنەوە و دەستهاتی ڕوانگەی ئەوان سەبارەت بە کۆمەڵگا، سووژەی پێناسە و جێگای کەس لە نێو کۆمەڵگادا وا دێتە بەر چاو.
ڕەنگە دوور لە ڕاستی نەبێت ئەگەر بگوترێ ئەم تێگەیشتنە لە هاووڵاتی بوون، بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕۆژاوای جیهانەوە هاتە نێو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان. ئەو مانایە لە هاووڵاتی بوون و بایەخ نەدان بە ژن و جێگیر بوونەوەی یەک هۆز یان ڕەگەز، لە پێناسەی سووژە لەم وڵاتانە و بە تایبەت ئێران و تورکیاش جێگیر بووە.
بۆ وێنە سووژە لە ئێراندا کە ئەو ڕاڤەیە بە تۆزێک تێڕامانەوە هەتا ئەمڕۆ گەیشتووەتەوە دەستمان، بەردەوام پیاوی/فارس/شیعەیە. هەروا کە لە تورکیادا سووژەی تەواو) هەمان هاووڵاتی) پیاو/تورک/سوننەیە. هەرچەند کە لە سەردەمگەلێکدا، سەردەمی هاوچەرخی ئەم کۆمەڵگایانە، دەوری ئایین و مەزهەب لە ڕاڤە کردنی سووژەدا کەم و زیاد بووەتەوە، بەڵام بەردەوام ئەم قاڵبە بە شێوەی فۆڕم و پێکهاتەی ئیستعلایی، لەسەر پێناسەی سووژەی ئێرانی و تورکی دەبینرێت.
لێرەدا دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرێن کە پیاو بوون، تەنیا جنسیەت و ڕەگەز نییە. واتە ژنانێک کە تەنیا لە بواری جنسییەوە دەوری بایۆلۆژیکی ژنانەیان هەیە، بەڵام لە شیکردنەوەی دیسکۆرسیدا وەکوو پیاوان چالاکییان هەیە و بۆ مەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پیاو هەوڵ دەدەن. ژنانی پارلمانتار لە ئێران، نموونەیەکی تەواون بۆ ئەم پێناسەیە: جەستەیەکی ژنانە و مێشکێکی کە ڕێک وەکوو پیاو بیر دەکاتەوە و مافی کۆمەڵایەتیی پیاوان لەبەرچاو دەگرێت. دەبێ هەر ئەو ڕوانگەیە بۆ فارس بوونیش لەبەرچاو بگیردرێت. لێرەوە مەبەست لە فارس بوون پێناسە کردنی وشەی هاووڵاتی لە کۆمەڵگای ئێراندا، تەنیا خاوەن ژێنێتیکی فارس بوون و ئەوەی کە زمانی زگماکیی فارسی بێت نییە، بەڵکوو لێرەدا بە شێوەی بەرچاو، ڕاڤەکردنمان لە فارس بوون سەقامگیربوونی فۆڕمێکی سیاسی- زمانی-ئایینییە کە بەرهەمی سیاسیی سەردەمی پاشاکانی پەهلەوییە لە ئێران کە بۆ نەتەوەپەرەستی و یەکڕەنگ کردنی کۆمەڵگای فرەچەشنی ئێرانی بەدی هاتووە و بەم مانایە تاکێک کە بە ڕەگەز کورد یان تورک یان عەرەبیش بێت، لە دوای ئالوودەبوونی بە ئاسیمیلاسیۆن ئیتر فارس دێتە ئەژمار، چونکە بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەی فارس هەوڵ دەدات.
ئەگەر هێرەمی هاووڵاتی بوون لە ئێران شی بکەینەوە، دەگەینە ئەم ڕاستییە کە لووتکەی هێرەمەکە لە لایەن “پیاو/فارس/شیعە”وە داگیر کراوە و بە پێچەوانەوە بنی هێرەمەکە “ژن/نافارس/ناشیعە”یە. واتە ژنی کورد – هەرچەند بەشێک لە ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەر بە ئایینەکانی ترن – لە پێناسەی دیسکۆرسی مۆدێڕنی ئێرانی، وەکوو هاووڵاتی لەبەرچاو نەگیراوە و زیاترین ڕێژەی دووچاوەکیی کۆمەڵایەتی تەجروبە دەکات.
بەم پێناسەیەوە، بە لێکدانەوەی ئەم بارودۆخە، ژنی کورد بە ناچار دەیهەوێت چی بکات؟ ڕیگای ڕزگار بوونی دەبێ چی بێت؟ دەبێ چ پێناسەیەکی لە خۆی هەبێت و بە چ ڕوانینێک لە بنی ئەو هێرەمە خۆی دەرباز بکات. فێمێنیزم بە شێوەی جۆراوجۆر لە ڕادیکاڵ هەتا ئۆرتۆدۆکسترین ڕەوتی خۆی، هەوڵی داوە بۆ پێناسەکردن و شوناسی ژنان لە کۆمەڵگادا. بەڵام هەروا کە لە پێناسە و لێکدانەوەی سووژەی مۆدێڕن و نوێی ئێرانی بۆمان دەرکەوتووە، تەنانەت ئەگەر یەک ژنی کوردیش بتوانێت لە قۆناغی دیل بوون لە دۆخی سووژەی ئێرانی تێپەڕێت، بێگومان دوو دیاردەی دیکە لە سەرکەوتنی لە هێرەمی کۆمەڵگا بەرەو قۆناغە بەرزەکانی هاووڵاتی ڕێگرن. لە ڕاستیدا هیچکام لە فێمێنزمە ئێرانییەکان نەیانتوانیوە دۆخی کۆمەڵگا بگۆڕن و هەلومەرجێکی نوێ و سەرکەوتنانە بۆ ژنان بسەلمێننە سەر کۆمەڵگای پیاوسالار و، ئاپراتوس و دەزگای سووژەییی کۆمەڵگای خۆیان کە هەتا ئیستا بە شێوەی دوگماتیک پێناسە کراوە، هەڵوەشێننەوە. ڕوانینی فێمێنیزمی ئێرانی بە شێوەی تەواو میکانیکی و بەبێ هیچ چەشنە لێکدانەوەیەکی جنسیەتی لە پرسی ژنان خراوەتە بەر باس کە کەلێنی زۆرێ تێدا دەبینرێت. لە حاڵێکدا کە بەشەکان و ماناکانی دەزگای سووژەیی، ڕەخنەی زۆریان لەسەرە و دوو هۆکاری سەرەکی دەخەنە پەڕاوێزەوە. لێرەدا دەتوانین ئەم ڕاستییە بدرکێنین کە :بۆ ڕووخاندنی پرسی سووژەی ئێرانی، ڕەخنەگرتن لە یەک بەشی کەمە. ئیمە چ فێمێنیست بین و چ لە دۆخێکی مەدەنی و هاووڵاتیدا بژین، ناچارین بۆ هەڵوەشاندنەوە و چاکسازیی دووبارەی سوژەیی/هاووڵاتی بوون، مۆنۆپۆلی و تاکی چەند بەشی پێناسەکراوی بەرتەسک، لە پێناسەی ئەم فۆڕمە هەڵوەشێنینەوە. سەنتێزی وەها دۆخێک، تەنیا لە ئەستۆی فێمێنیزم نییە لەبەر ئەوەی ئێمە لە دۆخێکی چەندلایانەداین کە نەتەنیا ژنان، بەڵکوو کرێکار و پیاو و بازاڕی و هتدیش لە خۆ دەگرێت. پرسی ئەمڕۆکەی ژنانی کورد لە هەر شوێنێکی کوردستان، زیاتر لەوەی کە وەکوو پرسێکی سەرکۆتکردنی جنسی ژنان پێناسە بکرێت، بە وتووێژێکی دوولایەنە و چەندبەرەکی لێک دەدرێتەوە. شوناس، دیاردە و پێکهاتەیەکی ڕوون و ئاشکرا نییە کە بتوانێت بە شێوەی یەکلایانە لێک بدرێتەوە. شوناس بە پێی پێویست، مانایەکی کۆمەڵایەتیی نییە کە مرۆڤ بەو پێوەرە خۆی پێناسە بکات. شوناس بە شێوەی ئاڵۆز و چەند لایەنە، بڕێک جار پێدانی بە تاکە، بڕێک جار لە تاک وەردەگیرێت و هێندێک جاریش تەنیا بە شێوەی فۆرمالیتە پێی دەسپێردرێت.
گرینگترین هەڵوێست بۆ ناسین و لێکدانەوەی کۆمەڵایەتیی ژنان، تێپەڕبوون لە کلێشە شیکاری و شوڕشگێڕانە و مەدەنییەکانە کە لە ژێر ناوی فێمێنیزمدایە و دەتوانێ لە پێکهاتەیەکی بە ڕواڵەت ڕادیکاڵ و ڕەخنەگیرانەدا دەرکەوێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە هێشتا پێیان لە قوڕی پێکهاتە هێژمۆنییەکان چەقیوە، ناتوانن ڕێگای ڕزگاری بپێون. ئەمڕۆکە شوناسی ژنانی کورد چیتر تەنیا پرسی ئازادیی لەش و خوازیاری بەرانبەریی جنسیەتی نییە و بەڵکوو بووەتە هەوێنێک بۆ دەرکەوتنی تواناییی ژنان و هێز و دەسەڵاتیان لە ئافراندنی کۆمەڵگایەکی نوێ. ئەمە بەو واتایەیە کە مێژوو دووبارە سەرهەڵدەدات و ژن جێگای ئیلاهەبوونی خۆی بە دەست دێنێتەوە. واتە مێژوو وەکوو میلی کاتژمێر کە لە سووڕاندایە، دیسانەوە ژن دەباتەوە جێگەی خۆی، واتە پێش لە کۆیلەبوون بە دەست پیاوان.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان