ئارامتر بخوێنەوە!
ئایدۆلۆژیی کوردایەتی
ڕامیار و ڕۆژبەیان
ئاماژە
“ئایدۆلۆژیکی یەکانگیر ڕەنگە کارێکی خەیاڵی و ناکردەیی بێتە بەر چاو؛ بەڵام خوێندنەوەی مێژوو و ئەزموونی میللەتان نیشانمان دەدا کە ئەو کارە کردەیی و ڕێگە تێچووە. بۆ ئەو کارە هەوڵمان داوە بە تیشک خستنە سەر بیر و ڕاکانی کاڕڵ شمیت ڕەهەندێکی نوێ و کارتێکەر بە سەر ئایدۆلۆژیی کوردایەتیدا بکەینەوە.“
بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕەوتی بیچم گرتنی چەمکی (تکوین مفهومی) ئایدۆلۆژی، ئەگەر بمانهەوێ پێناسەیێکی گونجاو لە ئایدۆلۆژی بدەینە دەست:
ئایدۆلۆژی پێکهێنەری پەیوەندیی ژینەییی ئێمە لەگەڵ کەتواری مێژوویی یا خود جیهانە، لە ڕاستیدا ئایدۆلۆژی نیزامێکە بە لۆژیک و سەرنجی تایبەتی خۆی لە ڕەنگدانەوەکان(وەکوو وێنەکان، ئوستوورەکان، ئایدیاکان و چەمکەکان. . . ) کە هەبوویی مێژوویی، ڕۆڵێکی تایبەتی لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا هەیە. ئایدۆلۆژی ڕێگەیێکە کە کۆمەڵ یا جەماوەر بۆ هەست پێ کردنی جیهانی خۆیان هەڵی دەبژێرن، بە واتایەکیتر کۆمەڵێک لە گوتارەکان کە لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەزموونمان هەست پێ دەکەین.
ئایدۆلۆژی زۆرتر لە ئەدەبیاتی مارکسیستیدا پێناسەی بۆ کراوە و بە جۆرێکیش دەستی بەسەردا گیراوە. لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە ئایدۆلۆژی وەکوو سەرخان، بوونێکی سەربەخۆی نییە و گرێ دراوی ژێرخانی ئابوورییە. ئەم ڕوانگەیە لە لایان ئالتووسێرەوە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە. ئالتووسێڕ ئەگەرچی لە ئاخێوی مارکسیستییەوە خەریکە ڕەخنە لە مارکسیسمی مرۆڤ تەوەر دەگرێ بەڵام ئەو پێی وایە بندەستەکانیش دەتوانن ئایدۆلۆژیی خۆیان بەرهەم بهێنن.
بۆ نموونە لێنین باس لە حیزبی پێشڕەو بۆ دابین کردنی ئایدۆلۆژی لە لایان نوخبەی شۆڕشگێڕەوە بۆ بەرەنگار بوونەوە ئایدۆلۆژیی سەردەست دەکات یان مائۆ کە بەکەڵک وەرگرتن لە بنەماکانی مارکسیسم بە پێی بارودۆخی چین ئایدۆلۆژیی ئێنقلابی دادەڕێژێت. بەرچاوترین میناکی دووبارە پێناسە کردنی ئایدۆلۆژی لە سەر بنەمای مارکسیستی لە شۆڕشی گینەدا و لە سەر دەستی ئامیلکار کابڕاڵ بەرچاو دەکەەوێت. کابڕاڵ بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی ستەمی نەتەوەیی(ملی) ئایدۆلۆژیی ڕزگاریی نەتەوەیی بۆ درباز بوون لە ژێر ڕکێڤی ئیستعمار/داگیرکاری و ئێستسمار چەمکبەندی دەکات. لەو پەیوەندییەدا کابڕاڵ ئاماژە بە هێزی داگیرکەری وڵاتی گینە واته پورتووگال دەکات. پرسی سەرەکیی کابڕاڵ، چارەسەری ناکۆکی لە نێوان بەرژەوەندیی ئەفریقییەکان و پورتووگالییەکان بوو. کابڕاڵ چارەسەری وەها ناکۆکیگەلێکی بە واتای لە ناوچوونی خێرا و یەکجارەکیی داگیرکاریی پورتووگال لە گینەدا، لە شەرێکی مان و نەماندا دەزانی. ئەو بە ئاماژە بە ڕۆڵی ئێستعمار /داگیرکاری لە تێکدانی پڕۆسەی گەشە و ئاڵوگۆڕی مێژوویی لە کۆمەڵگاکانی بندەست و داگیرکراودا باس لە ” تەرکی مێژوو” دەکات و دەبێژێ:
بە بڕوای هەندێ لە چەپ و مارکسیستەکان، مێژوو واتە شەڕی چینایەتی. ىڕوای ئێمە ڕیک پێچەوانەی ئەم لێدوانەیە. بە ىڕوای ئێمە کاتێک ئێمپریالیسم هاتە ناو گینە، ئێمەی ناچار کرد مێژووی خۆمان جێ بهێڵین و بێینە ناو مێژوویێکی تر.
لە مەڕ ڕەوشتی هێزە شۆڕشگێڕەکان، کابڕاڵ بڕوای وابوو کە جەماوەری گینە وەکوو گەلێکی بندەست تەنیا دەرخەری کۆمەڵێک مرۆڤی بندەستە لە بەرانبەر هێزێکی چەوسێنەر و داگیرکەردا. ئەو پێی وابوو ئەوەی لە بارودۆخی داگیرکاری بە سەر مێژوودا زاڵە، بەرەنگاریی چینایەتی نییە. بەڵکوو لە سەر ئەو بڕوایە بوو یەکگرتووییی تەواوی توێژە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ سەرکەوتن لە بەرەنگاریی ڕزگاریخوازانەی نەتەویی دژی داگیرکاری پێویستە، بەڵام سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوەیەی بە بێ فاکتۆری ئایدۆلۆژیک بە ناتەواو دەزانی.
لەم بابەتەدا هەوڵ دراوە زەروورەتی لەبەرچاوگرتنی فاکتۆری ئایدۆلۆژیک بۆ خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد بخرێتە بەر باس و لێکدانەوە، لە ڕاستیدا هەوڵمان داوە بە هێنانەوەی فەکتی مێژوویی و تێئۆریک هەرچی زۆرتر گرنگی ئەو فاکتەرە بدەینە دەست خوێنەر.
لە ناو جمەی ئەو هەموو بیر و ئایدۆلۆژییە جیاوازەی کۆمەڵگای کوردستاندا، دۆزینەوەی ئایدۆلۆژییەکی تۆکمە و گشتگیر و دیاری کردنی مەیدانێکی ئایدۆلۆژیکی یەکانگیر ڕەنگە کارێکی خەیاڵی و ناکردەیی بێتە بەر چاو؛ بەڵام خوێندنەوەی مێژوو و ئەزموونی میللەتان نیشانمان دەدا کە ئەو کارە کردەیی و ڕێگە تێچووە. بۆ ئەو کارە هەوڵمان داوە بە تیشک خستنە سەر بیر و ڕاکانی کاڕڵ شمیت ڕەهەندێکی نوێ و کارتێکەر بە سەر ئایدۆلۆژیی کوردایەتیدا بکەینەوە.
ئێشمیت و چەمکی دۆخی سیاسی
لە ڕوانگەی ئێشمیتەوە دۆخی سیاسی بە تەنیا بە دۆزینەوە و شی کردنەوەی گوتەزا سیاسییەکان دەکرێ پێناسەی بۆ بکەی. دۆخی سیاسی لە رووبەڕوو بوونەوەی لە گەڵ ئەمبازەکانی فرە چەشن و تا ڕادەیەکیش سەربەخۆی ئەندێشە و کردەوەی مرۆڤ بە تایبەت ئەخلاق، جوانی ناسی و ئابووری دێت و پێوەری تایبەت بە خۆی هەیە و خۆی بە شێوازی سەربەخۆ دیاری دەکات. لە ئەمبازی ئەخلاق باس لە دووانەی شەڕ و خێر، لە جوانیناسیدا دووانەی جوان و ناشیرین و لە ئابووریدا قازانج و زەرەر وەکوو بنەما وەردەگیرێ. بەڵام ئەو شتەی لە گۆڕەپانی سیاسەتدا یەکلاییکەرەوەیە جیاکاریی نێوان دۆست و دوژمنە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان دۆست و دوژمندا ئاماژە بە یەکگرتن یا دژایەتی، لە خۆگرتن یا دەرهاویشتن دەکات. ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە دەتوانێ هەم لە ڕوانگەی تێئۆری و هەم لە ڕوانگەی کردەیی بوونی هەبێت؛ بەری لەوەی کە بە شێوازێکی هاوکات پاڵ وە ئەخلاق، جوانی ناسی و ئابوورییەوە بدات. سروشتی ئەم هەڵاواردە سیاسییە لە تەک هەڵاواردەی ئاماژە پێکراوی سەرەوە جیاوازە، ئەو پێوەرە ئەشێ سەربەخۆ و خۆڕسک بێ.
گرنگیی جیاوازی و سەربەخۆیی ئەو بەرامبەرێتییە لەوەدایە کە ناتوانرێ لە لایەن هەمبەرێتییەکانی ترەوە دەستی بە سەردا بگیرێ. کەواتە هەمبەرایەتیی دۆست و دوژمن تەنانەت کەمتر لە هەمبەرایەتییەکانی تر ئەگەری تێکەڵاویی بۆ هەیە. جیاوازی دۆست و دوژمن، ئاماژە بە خەستترین و دژوارترین یەکگرتوویی یان جیایی، یەکیەتی یان تەکینەوە دەکات. ئەو جیاوازییە دەتوانێ هەم لە بواری نەزەری و هەم لە بواری کردەیی بوونی هەبێ بە بێ ئەوەی حەتمەن بە شێوازێکی هاوکات پاڵ وە جیاوازیی مۆڕاڵی، جوانیناسانە یان ئابوورییەوە بدات. پێویست ناکات دوژمنی سیاسی لە لایەنی ئەخلاقییەوە شەڕ یا لە لایەنی جوانیناسییەوە ناحەز بێت، دوژمن پێویست ناکات وەک ڕەقیبی ئابووری بێتە ئاراوە، ئەو دوژمنە لە هەر دۆخێکدا ئەویترە و غەوارەیە؛ بۆ پێناسەی سروشتی ئەو دوژمنە پێویستە کە بە شێوازی وجوودی و بە جۆرێکی خەست جوداواز و نامۆ بێتە ئەژمار؛ بە شێوازێک کە لە دۆخی کۆتاییدا، ناکۆکی لەگەڵ ئەو ڕێی تێچێ. بڕیاردان لەم بوارەوە نە بە چەشنێک نۆڕمی گشتگیری پێشوەخت دێتە دی و نە بە دادوەریی کەسی سێهەمی بێ لایەن و بەهرەبەر. تەنیا بەشداربووانی کردەکی دەتوانن بە ڕێکی دۆخی هاوپێچکراو بناسن، تێبگەن و بیخەنە بەر دادەوەری و دۆخی نەهاییی ناکۆکی ڕەپێچەک خەن.
ئیشمیت لە شوێنێک باس لەوە دەکات، ئەگەر کەسانێک هەن کە تاقم بەندیی دۆست و دوژمن بە پاشماوەی باو و باپیران و سەردەمی بەربەرییەت لە قەڵەم دەدەن و پێیان وایە کە ئەو بەرامبەرییە ڕۆژێک بارگەی دەپێچێتەوە، یان ئەوەی لەو بڕوایەدا بن کە دژومنان ئیتر بوونیان نەبێ، لە بواری پەروەردەییەوە بەسوودە، لێرەدا پێوەندیی بە بابەتی منەوە نییە. کەڵکەڵەی ئێمە لێرەدا کاروباری ئینتزاعی و ئارمانگەرایی فۆڕمیک نییە؛ بەڵکوو واقعییەتی زاتی و ئیمکانی واقعی هەبوونی وەها جیاوازییەکە. ئیشمیت هەروەک هابز دژایەتی و شەڕ، دوژمنی و تێکهەڵچوون وەک دۆخی سروشتی پێناسە دەکات. ئیشمیت پێی وایە خواستی دەوڵەتان و سەردەستان پێکهێنانی جیهانێکی بێ قڕە و بەتاڵ لە شێلگیری و بۆش لە سیاسەتە. ترسی ئێمە وەک نەتەوەیەکی بندەست هەموو کات دەبێ لە نیزامی بەتاڵکەر و سیاسەت ڕاماڵی سەردەمی مۆدێڕن بێت، کە لە ئەنجامدا مرۆڤ بەری لە مانا دەکات. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج و گرینگی پێ دانە، کارابوون و ڕێژەی ئاگاییی فاکتەری ئایدۆلۆژیکی ئێمەیە. ئیشمیت پێی وایە پێوەر لەوەها دۆخێکدا ناسینەوەی ڕاستی دۆست لە دوژمنە.
کوردایەتی وەک ئایدئۆلۆژی
کوردایەتی ئایدۆلۆژییەکە کە دەکرێ ڕیشەکانی بۆ سەردەمی ئەحمەدی خانی بگەڕێنینیەوە. خانی وەک بناغەدانەری ناسیۆنالیزمی کلاسیکی کوردی دەناسرێ، پاش ناوەندخوازیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و تێکچوونی یەک لە دوای یەکی میرنشینە کوردییەکان، ناسیۆنالیزمی کوردی هەر لە سەرەتاوە تووشی قەیران هات. لەم ماوەیەدا سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ عوبەیدیللای نەهری لە ساڵەکانی ١٨٧٩ و ١٨٨٠ و دامەزراندنی سنووری نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێرانی وەک یەکەم سەرۆکی کورد وشەی نەتەوەی بۆ گەلی کوردستان بەکار هێنا. ئەوەی جگە لە گرنگیی ستراتیژیک، لە بواری ئایدۆلۆژیکی زۆر گرینگ بوو: لەدایک بوونی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کوردی کە “دالی” مەرکەزی، نەتەوەو کوردایەتی بوو.
بەپێی ئەزموونی مێژووی بزاڤی نەتەوەییی کورد، ئایدۆلۆژیی کوردایەتی توانیویەتی وەک دالێکی ناوەندی زۆرێک لە ئایدۆلۆژی و جیاوازیی تر وەک دالی بوچکتر لە خۆبگرێت. هەرچەند لە هەندێک بڕگەی مێژوویدا لادانیش هەبووە، بەڵام ئەوەی هەنووکە گرینگە، کۆک بوونی گشتی فەزای سیاسیی کوردستان لەسەر بە مەرکەزی دانانی دالی کوردایەتییە.
بەناوەند دانانی ئەو دالە دەتوانێ مەیدانێکی ئایدۆلۆژیکی کارا و ئامانجدار بۆ ئێمە پێک بهێنێ. بەڵام پێکهێنانی وەها مەیدانێک تەنیا بەس نییە و سەرەتایەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجی درێژ خایەن.
ئەوەی ڕاستی بێ لە فەزای وێژمانی سیاسیی کوردستاندا بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، بازنەیەکی شاراوە و خاڵی بۆشایی ئەم ئایدۆلۆژیایە جگە لە “ئەمری سیاسی” بە پێناسەی ئیشمیتەوە شتێکی تر نییە، ئەمری سیاسی وامان لێ دەکا جیاوازیی دۆست لە دوژمن تێبگەین و ڕەهەندەکانی ڕوون بکەینەوە. سنوورە شێوێندراوەکان لێک جیا بکەینەوە و دەروازەی دژایەتی و شەڕ لەگەڵ دوژمن دیاری بکەین.
پێویستە ڕۆحی مردووی ئەو مەیدانە ئایدۆلۆژیکەی وا بە مێژوویەک خەبات و بەرخۆدان و بە خوێن پێکمان هێناوە چالاک بکەینەوە و هەردەم ڕووی لە گەشەکردن بکەین و لە کۆتاییدا بەو ئاکامە بگەین تەنیا شەڕ لە لەگەڵ دوژمن و هەرەس پێ هێنانی، ڕێگای ڕاستەقینەی گەیشتن بە ڕزگارییە.