ئارامتر بخوێنەوە!
کورد، میدیا، ڕاگەیاندن
ڕزگار بەهاری
“ئەمڕۆکە «میدیا» لە کاریگەرترین هۆکارەکانی قەبارەگرتن و داڕشتنەوەی ژیانی خەڵکە و ڕۆڵی بەرچاو لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگەدا دەگێڕێت. بەهۆی ئەو کاریگەرییەی هەیەتی، کەڵکوەرگرتن لەم ئامرازە لە ڕۆژەڤی سەرجەم سیستەم، دەوڵەت، ڕەوتی جیاوازی فکری، سیاسی، ئایدۆلۆژی، کۆمپانیی بازرگانی، ڕێکخراوەی مەدەنی و پاراستنی مافەکان و یەکەکانی خوارووتر جێی گرتووە.“
شەڕی سارد (Cold War)
شەڕی سارد بەشێکە لە ململانێی نێوان دوو لایەن و دەکرێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بکرێت. هەرکات دوو هێز ناچار بە ئاگربەست بکرێن یان شەڕی گەرم لە بەرژەوەندیی هەردوولا نەمێنێت و هاوکات سوور بن لەسەر دژایەتیی یەکتر، شەڕی سارد دێتە ئاراوە. بواری سەربازی پەرەپێئەدەن، خۆیان پڕچەک دەکەن، دەکەونە ململانێی ئابووری، باڵ و هاوپەیمانەکانی یەکتر دەشکێنن و لاوازیان دەکەن وەک چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باڵەکانی ڕووسیا کە پێک دەهاتن لە ئەفغانستان، عێراق، سووریا و ئیستاکەش ئێران، یەک لەدوای یەک دەشکێنێت.
پاش شەڕی سارد، ململانێکان لەو چوارچێوەیەدا قەتیس نامێنێت و شەڕی نەرم بەڕێی میدیاکانیش هەڵدەگیرسێت؛ میدیا یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی جیهانی ئەمڕۆیە و هەر دەوڵەت و دەسەڵاتێک پشتی پێ دەبەستێت. بەگشتیی دەتوانین میدیا بە باڵ و دەنگی دەسەڵات پێناسە بکەین بە جۆرێک کە میدیای هەر لایەنێک بەهێزتر بێت، سەرنجی خەڵکانی زیاتر ڕادەکێشێت و لە شەڕی نەرمدا هەژموونی گشتگیرترە. خوێندنەوە و پێناسەی جیاواز بۆ میدیا هەیە؛ هەندێک جار بە دەوڵەتی شاراوە و هەندێک جاریش بە هێزی جێگرەوەی سەربازی و هێڵی هاوتەریبی ناو دەسەڵاتێک پێناسە دەکرێت چونکە دەتوانێت جومگەکانی کۆمەڵگە بتەنێتەوە.
شەڕی نەرم (Soft War)
دەکرێ شەڕی نەرم (لە ڕێی میدیاوە) لە شەڕی سەربازی کاریگەرتر و مەترسیدارتر بێت؛ لە شەڕی سەربازیدا، دوژمن لوولەی چەکی بەرانبەر گرتووە و شەڕی ڕاگەیاندووە؛ لەئاکامدا هەستی نەتەوەیی و بەرگریی دەورووژێت و یەکئالی و یەکڕیزی ساز دەبێت، بەڵام ئەگەر ئاستی زانستی میدیای کۆمەڵگە بەرز نەبێت، دوژمن میدیا بەکار دەهێنێت و لەو ڕێگەیەوە ڕاستییەکان دەشێوێنێت و کۆمەڵگە و ڕای گشتی، لە بەرژەوەندیی خۆی ئاراستە دەکات. دەتوانێت ناکۆکی لە ناو بەرانبەرەکەی چێ بکات و تەنانەت سۆزی ڕای گشتی بۆ خۆی ڕابکێشێت. دوژمن پڕوپاگەندە بۆ کلتووری خۆی دەکات و هەژموونی خۆی لە ڕێی میدیا و لە چوارچێوەی شەڕی نەرمدا دەسەپێنێت. بۆ وێنە وڵاتی تورکیا لە ڕێی زنجیرە فیلمەکانی، دزەی کردوووەتە نێو زەینی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەنانەت گەلی کورد. تاکی کورد بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکات، بە بڵاوکردنەوەی مۆسیقا و بڕگە تورکییەکان، دەبێتە بەشێک لە شەڕی نەرمی تورکیا دژ بە خۆی. ئەم ڕەوتە بەردەوام بوو تا ساڵی ڕابردوو کە ڕژێمی تورک هێرشی زیاتری کردە سەر ڕۆژاوای کوردستان و هێزی ناردە باکووری لیبیا. ئەوکات بوو کە وڵاتانی عەرەبی هەستیان بە پیلانی تورکیا بۆ خۆسەپاندن بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناویندا کرد و یەکێک لەو هەڵوێستانەی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی دژی ئەم وڵاتە گرتیان، ئەوە بوو کە پەخشی زنجیرە فیلمە تورکیەکانیان ڕاگرت. هاوکات چەند میدیای باشووری کوردستانیش بە هەمان شێوە کۆتایییان بە پەخشی زنجیرە تورکییەکان هێنا.
بەگشتیی، شەڕی نەرم بریتیە لە بەئامانجگرتنی کلتوور، سیاسەت، زمان، ئابووری، ئامانج، پیرۆزییەکان، ناسنامە، جلوبەرگ و سەرجەم هەبووە نەتەوەییەکانی گەلێک لە لایەن دوژمنەوە، کە هۆکارن بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتن. لە شەڕی نەرمدا کە بەڕێی کەرستە ئەمڕۆیییەکانی وەک میدیا و سۆشیال میدیا پێش دەخرێت، شەڕی دەروونی ڕێک دەخرێت و لە ڕێی پڕوپاگەندە، دەستکەوت و ستراتیژییەکان دەکەوێتە مەترسییەوە. دەسەڵاتی ئیستاکەی ئێران بەگشتیی لە ژێر دەستی کەمینەی فارسی ناوەندی جوگرافیای ئێرانە و سەدان ساڵە فارسی کەمینە، بە زۆری شمشێر و بەو زەینیەتە دەسەڵاتی سەپاندووە کە، بەهێزبوونی گەلانی دیکە بە مانای لاوازبوونی خۆی دەزانێت؛ بۆیە جگە لە بەکارهێنانی زمانی چەک، هاوکات شەڕی دەروونی و نەرمی بۆ داپڵۆسین و ژێردەستهێشتنەوەی گەلانی دیکە بەکار هێناوە.
بڵاوکردنەوەی زنجیرەی «نونخ»، هەرچەند لە لایەن دەرهێنەرێکی بە ڕەگەز کوردەوە ساز کرابوو، دوایین بەرهەمی بەرچاو بوو کە لە چوارچێوەی شەڕی نەرمی دژی کورد لە میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامی بڵاو بوویەوە ولە پێڕی کۆمێدیدا، زمان، کلتوور، جلوبەرگ و شارستانیەتی کورد کرایە ئامانج. کاریگەرییەکانی شەڕی نەرم وەهایە کە تەنانەت زۆربەی ئەکتەرەکانی کورد بوون و بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی کوردی شەوانە بەدیار ئەم زنجیرە فیلمەوە دادەنیشتن و دڵگران نەدەبوون بەو سووکایەتییەی بە هەبووەکانیان دەکرێت. سیاسەتی دەرهێنانی ئەو فیلمە وەها بووە کە لە کاتی هەڵبژاردنی ئەکتەرەکان، بە زانست، ئەکتەری لاواز و نەریتییان بۆ دەستبژێر کردووە. هەمان سیاسەت بەرانبەر گەلانی دیکەی نیشتەجێی باکووری ڕۆژاوا، باکوور و باشووری ئێران پەیڕەو کراوە؛ ئازەرییەکان و باکوورییەکان، ناڕەزایەتییان نواند و لە ئاکامی نارەزایەتیی ئازەریەکان، بەرنامەی “فیتیلە” ڕاگیرا و پاش گردبوونەوەی گیلانییەکان لە بەردەم ناوەندی ڕاگەیاندنی پارێزگای گیلان، لە بابەت پەخشی زنجیرەی «وارش»، ڕژێم لە ڕێی پارێزگار و میدیاکانەوە دڵنەواییی دانیشتوانی دایەوە؛ کەچی لە پارێزگا کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناڕەزایەتی لەدژی پەخشی «نونخ» بەڕێوە نەچوو. سەرەڕای هەمووی ئەمانە، ئەگەر ڕاگەیاندنی کورد بەهێز بوایە، لەبری گلەیی لە میدیای دوژمنان و شەڕی نەرم کە دژی لە ئارادایە، ڕاگەیاندنی خۆی بەهێز دەکرد و لە هەمان سۆنگەی «ڕاگەیاندن» داکۆکی لە گەل دەکرد.
لە هەمان چوارچێوەدا، زنجیرە فیلمی بەناوبانگی King Of The Ring لەو بەرهەمانەیە کە سەرەڕای ئەوەی ناوەرۆکی پێک هاتووە لە هێرش و کوشتن بەڵام هێندە پیشەیییانە ساز کراوە کە جگە لەوەی سووکایەتی بە هیچ گەلێک ناکات و سروشتی بینەر ناشێوێنێ و برینداری ناکات، دەیخاتە سەر پێکەنین و پڕی دەکات لە هیوا و ئومێد، کەچی لە میدیای ئێراندا بۆ ئەوەی بزە بخەنە سەر لێوی بینەر، سووکایەتی بە گەلانی جوگرافیای (ئیستای) ئێران دەکەن. وێنای هاوشێوە لە بەرهەمی بڕێک شانۆکار و دەرهێنەری کورد (کە بەرهەمەکانیان زیاتر لە میدیای ئێران بڵاو دەکرێتەوە) بۆ هەمان مەبەست، جلی کوردی بە شێوازی ناباو دکەنە بەر ئەکتەر، زمانی کوردی دەشێوێنن و لەبری دیالۆگی بەهێز، جەخت لە جووڵەی نەشیاو دەکەنەوە کە هاوشانی کورد نیە.
کۆماری ئیسلامی کە لە ڕێی دەزگای ڕاگەیاندنی خۆیەوە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا شەڕی دەروونیی پەیڕەو کردووە، دەیان بەرهەمی سینەماییی پێوەندیدار بە کوردی بڵاو کردۆتەوە کە بە دەستی دەرهێنەری ناکورد ساز کراون. کەسانێک کە شارەزایییان لە ناخ و ئازار و کلتووری ئەم گەلە نیە، دەیان فیلمیان لە شەڕی پێشمەرگە و سوپای ڕژێمی ئێران بەرهەم هێناوە و لە ڕوانگەی خۆیانەوە کوردیان وەک سەربڕ، نەریتخواز و دواکەوتوو نمایش کردووە. لەکاتێکا کە دەبێ مێژووی کورد بە دەستی دەرهێنەری کورد بکرێتە فیلم و بخرێتە بەر چاوی گەلانی دیکە، کەچی لە ئیستادا دوژمنی کوردە کە خەریکە بەسەرهاتی کورد لە ڕوانگەی خۆیەوە دەگێڕێتەوە و ئەم مافە دەیان ساڵە لە وڵاتانی دیکتاتۆری وەک ئێران پێشێل دەکرێت.
بەپێی بڕگەی ١٧٥ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، بەرپرسی یەکەمی دەزگای ڕاگەیاندن لەلایەن خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەستنیشان دەکرێت یان لادەبرێت و ئەمەش گرنگیی پێگەی ڕاگەیاندن و ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەگەیەنێت لە دژی کورد. بە ئاوڕێک لە مێژووی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەبواری میدیایی، فام بە سێ بابەت دەکرێت: ١- گرنگیی میدیا ٢- ئاستی دەستێوەردانی ڕژێم لە وڵاتانی جیهان ٣- ڕژێم لە گەمە سیاسییەکاندا کوردی لە یاد نەکردووە و بۆ شەڕی دەروونی دژی کورد دەستەوەستان نەبووە. ڕژێمی ئێران ساڵانێکی زۆرە دەیان کەناڵی ئاسمانیی وەک العالم، PressTv، SaharTv کە بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیسی و عەرەبی و چەندین زمانی دیکە بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە، دامەزراندووە و تەنانەت بەشێکی زۆر لە کوردانی باشوور ڕۆژانە سەیری هەواڵ و دراماکانی SaharTv دەکەن. هەروەها لەڕێی میدیاوە سیخوڕی بەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە دەکات وەک ئاژانسی هەواڵی «کردپرس» کە سەر بە سپای پاسدارنە و قەرارگای ڕەمەزان بەڕێوەی دەبات. هەرچەند هەواڵەکانی ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە ڕاست بن بەڵام جگە لەوەی بە ناردنی هەواڵنێر بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان سیخوڕی بەسەر کوردەوە دەکەن، تەنیا ئەو شڕۆڤانە بڵاو دەکەنەوە کە مرۆڤی کورد دڵسارد و ناهومێد دەکات. دەستکەوتەکانی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان ڕەشبینانە باس دەکەن، کەم دەینرخێنن و هاوکات باس لە کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەران و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکەن. ئەم ڕاگەیاندنە کە بڕێک هەواڵنێر و ڕۆژنامەوانی کوردیش لەخۆ دەگرن، تێچوویەکی زۆریان بۆ تەرخان دەکرێت و ڕۆژانە لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی کورد و ئەوروپی و ئەمریکی وتووێژ دەکەن. هەروەها شڕۆڤە و بابەتەکان لەچوارچێوەی شەڕی دەروونی دەستبژێر و بڵاو دەکەنەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی مژاری ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کرانەوەی چەندین ڕۆژنامەی ناوچەیی، قەرارگای ڕەمەزانی سەر بە سوپای پاسداران، گۆڤار و ڕۆژنامەی هاوتەریبی دامەزراند. لەنێو سەرنووسەرانی ئەو چاپەمەنییانە، چەکدار و فەرماندەی پێشووتری سپای پاسدارانیش هەن کە بە سپۆنسەریی و ڕێنوینیی قەرارگای ڕەمەزان چالاکن. هەر لەو چوارچێوەیەدا لە شارەکانی ڕۆژهەڵات، ئیتلاعاتی سپای پاسداران سیخوڕەکانی وەک چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوان ناردۆتە پێشەوە کە جگە لە سیخوڕیکردن بەسەر چالاکانی مەدەنییەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان، ڕەوتی هەوانێری و چالاکییە مەدەنییەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵات بگرنە دەست و بەم چەشنە، هەوڵ بۆ دەستبەسەراگرتن و نزۆککردنی چالاکیی مەدەنی و ڕاگەیاندنی خەڵکی دراوە. هەر شارەو ماڵپەڕ و پێگەی هاوتەریبی ئەلکترۆنیی بۆ دابینکراوە کە خەڵک بە هەواڵ و زانیاریی لۆکاڵی سەرقاڵ بکەن و زەینیان لە کوشتن و سێدارە و پیلانەکانی ڕژێم دوور بخەنەوە.
نەبوونی میدیای پیشەییی بێلایەنی کوردی
ئەمڕۆکە «میدیا» لە کاریگەرترین هۆکارەکانی قەبارەگرتن و داڕشتنەوەی ژیانی خەڵکە و ڕۆڵی بەرچاو لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگەدا دەگێڕێت. بەهۆی ئەو کاریگەرییەی هەیەتی، کەڵکوەرگرتن لەم ئامرازە لە ڕۆژەڤی سەرجەم سیستەم، دەوڵەت، ڕەوتی جیاوازی فکری، سیاسی، ئایدۆلۆژی، کۆمپانیی بازرگانی، ڕێکخراوەی مەدەنی و پاراستنی مافەکان و یەکەکانی خوارووتر جێی گرتووە.
مەدتیڤی (MedTv) یەکەم کەناڵی کوردی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، شۆڕشێکی بواری ڕاگەیاندن بوو کە لە ١٥ی گوڵانی ساڵی ١٩٩٥ی زاینی لە شاری لەندەن دەستی بە وەشان کرد و دواتر لەلایەن ڕژێمی تورکەوە کەوتە بەر گوشار و داخستن. بەڵام دوابەدوا چەندین کەناڵی دیکە کرانەوە و لە ئیستادا دەیان ڕادیۆ و کەناڵی ئاسمانی و سەدان پێگەی میدیاییی کوردی بوونی هەیە. گرنگتر لە ڕێژەیان، شێوازی کار کردنیانە چونکە ڕێژەیان هەرچەندە زۆربێت، بەڵام ئەگەر ئەرکی سەرەکیی خۆیان بەجێ نەهێنن و نەکەونە خزمەت بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد، بەهۆی سەرقاڵکردن و کوشتنی کات و وزەی خەڵک بە پرسی لاوەکییەوە، لەبری بەهرەڕۆڵی نەرێنییان دەبێت.
جگە لەو کەموکوڕیانە کە ڕەوتی کوردی بەرانبەر داگیرکەران و زلهێزە جیهانییەکان هەیەتی، نەبوونی میدیایەکی پیشەیی و ئاکادیمیی نیشتمانیی بێلایەن، وەک لاوازییەک بەرچاوە کە پرسەکانی کورد بە بێ لایەنگری بخاتە بەرچاوی دەوڵەتان و گەلانی دنیا. جگە لە شەڕێکی دەروونی کە لەلایەن داگیرکەرانەوە بەرەوڕووی کورد بۆتەوە، بەشێک لە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیش پشێوییان لەناو زەینی تاکی کورد ساز کردووە. بەگشتی سەرجەم میدیا ئاسمانییە کوردییەکان سەر بە لایەن و حیزبێکی کوردین و پەخشی بەرنامەی هەرکامیان لە بەرژەوەندیی ئەو لایەنەیە کە تێچووی دابین دەکات. تەنانەت بڕێکیان نەک لە بەرژەوەندیی گشتی، بەڵکوو لە چوارچێوەی کێبەرکێ و ململانێی لایەنی ڕکابەردا دامەزراون؛ بێگومان لەو هەلومەرجەدا دەنگی کورد لاواز دەبێت و جگە لەوەی دەنگی ناگاتە ناوەندە جیهانییەکان، کۆمەڵگەش بە ململانەی نێوخۆیییەوە سەرقاڵ و وزەیان خەسار دەکات. بۆ وێنە لە باشووری کوردستان (بەهۆی کەشی ڕەخساو)، ڕێژەی میدیاکان زۆرە بەڵام لەبەر نەبوون یان پێمل نەبوون بە پڕەنسیبە ڕۆژنامەوانییەکان و زانستی میدیایی و بەرژەوەندیی حیزبی، میدیاکان بە گشتیی لە چوارچێوەی ململانێی حیزبدا وەشان دەکەن نەک پێشخستنی پرسی کورد.
ئاکامی حیزبی بوونی میدیاکان، لە پاش چۆڵکردنی ناوچە ناکۆکیلەسەرەکانی باشووری کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ زەق دەبێتەوەکە لە کەرکووک تا شنگال و سنووری تورکیا لە هێزە کوردییەکان چۆڵ کران و حەشدی شەعبی و سوپای بەغدا جێی گرتنەوە. میدیاکان کەوتنە هێرشی ڕاگەیاندنی سەر یەکتر و پەرتەوازەییی زیاتری لێ کەوتەوە. شیمانە دەکرێت بەبۆنەی دەستڕانەگەیشتن بە میدیای بەهێز، ئازاد، سەربەخۆ و هەروەها لێشاوێک لە میدیای دەسەڵاتانی داگیرکەر و ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای هاوتەریبی ئێرانی، وا لە کۆمەڵگە بکات تا تێپەڕاندنی قۆناغی هەڵکشان و کرانەوەی زەینی کورد لە دنیای میدیا و ڕاگەیاندن (هاوشێوەی گەلانی ناوچە)، مەودای زۆرمان لەبەر بێت.
لە ڕابردووداهەوڵی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کردنەوەی میدیایەکی بەهێزی هاوبەشی بێلایەن سەرکەوتوو نەبووە و جێگەی میدیایەکی بەهێزی پیشەیی کە پرسی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵات تایبەت بکاتە ڕۆژەڤی جیهان، دیار و بەرچاوە؛ میدیایەک کە بتوانێت سنوورەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین ببڕێت و سیاسی و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی زلهێز و پسپۆڕانی رۆژنامەوانیی رۆژاوای جیهان پشتی پێ ببەستن. بۆ وێنە وڵاتی قەتەر لە ڕێی یەک کاناڵی «الجزیرة»وە توانیویەتی قورساییی خۆی لە دنیا بسەپێنێت، تا ڕادەیەک کە یەکێک لە مەرجەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبی (بە پێشەنگایەتیی سعوودیا) بۆ گەڕانەوەی قەتەر بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی کە گەمارۆیان خستبووە سەر، داخستنی ئەو کەناڵە ئاسمانییە بوو. بەهۆی هەموو ئەو نەهامەتییانەی لە مێژەوە هەتا ئیستا ڕۆژانە بەسەر کورد دێت، وەها میدیایەک پێویستە کە بە زمانە زیندووەکانی زاڵی دنیا وەشان بکات. بۆ ئەم مەبەستە، دەشێت چەندین لایەنی سیاسی تێچووی لە ئەستۆ بگرن و داوا لە ڕۆژنامەوانانی کورد کە لە میدیا غەوارەکان چالاکن بکرێت پەیوەستی بن؛ لە ئیستادا دەیان میدیاکاری بە توانای کورد لە میدیا غەوارە فارسییەکان چالاکن و بگرە لەسەر دەستی ئەوانە کە چەندین میدیای بەهێزی فارسی توانیویانە خۆیان هەڵکشێننە سەر. ئەگەر میدیایەکی بەهێزی کوردی هەبێت کە هاوکات مانگانەیان دابین بکات، میدیاکارانی پسپۆڕی کورد ڕوو ناکەنە میدیا فارسییەکان وتواناکانیان دەخەنە خزمەت گەلەکەیان.
نەبوونی میدیایەکی کوردی لە چوار دەیە پێشتر کە خواستەکانی ڕۆژهەڵات وەک خۆی بگوازێتەوە، بووە هۆی ئەوەی ڕژێمی خومەینی لە ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکانی تارانەوە، ڕاستییەکان پێچەوانە بۆ گەلانی ئێران باس بکات. قوتبزادە کە بەرپرسی دەنگوڕەنگی میدیای ئەوکاتی ئێران بوو، هەواڵەکانی ناجوامێرانە بە پێچەوانە باس دەکرد و ڕاستییەکانیان بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵانی ئێران دەشاردەوە. کۆماری ئیسلامی بەڕێی دەیان ڕاپۆرت و بۆڵتەنی چەواشەکارانە، هەواڵی درۆی سەربڕینی پاسدارانی بە دەستی پێشمەرگە و باسی دابەشکردنی کوردستانی بڵاو دەکردەوە و بەستێنی هێرشێکی هەمەلایەنە بۆسەر کوردی ڕەخساند. بەهۆی نەبوونی میدیا، ڕەوتی کوردی، هەوڵی ئەدا دەنگی خۆی لە ڕێی ڕۆژنامە و میدیای تارانەوە بگوازێتەوە بەڵام ڕێگەیان پێ نەدان؛ ڕەنگە ئەگەر لەوکاتەدا کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان میدیا و دەنگێکی بەهێزی هەبوایە، لانیکەم بڕێک لە پیلانەکانی تارانی بە ڕێی ڕووخستنی ڕاستییەکان پووچەڵ بکردایەوە کە بووە هۆی فەرمانی جەهادی خومەینی بۆسەر ڕۆژهەڵات. پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکرێت هەرچەند ڕاگەیاندن گرنگە بەڵام بە تەنیا بە هانای کورد ناگات و لە کۆتاییدا چارەنووسساز نیە؛ ئەگەرچی بەهاوکاریی ڕاگەیاندن ڕاستییەکان ناشاردرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندیی نێوان زلهێزەکان لە ئارادا بێت، کۆمەڵکوژیی کوردان پشتگوێ دەخرێت وەک چۆن بینیمان ڕژێمی تورک لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لە ڕۆژاوای کوردستان بە بەرچاوی هەموو دنیاوە هێرشی کردە سەر کورد و دنیا لێی بێدەنگ بوو. لەو کاتانەدا چەک و هێزی سەربازی بە هانای کوردەوە دێت. کەواتە هیچکام بە تەنیا بەس نیە و پێویستە کورد لە هەر بوارێکەوە خۆی بەهێز بکات و پشت بە خۆی ببەستێت.
پێگەی ڕاگەیاندنی کوردیی
لە دەیەکانی 1990-2010ی زایینی ڕێژەی بەرهەمی کلتووری لە بەرنامەی منداڵانەوە تا شانۆ و درامای کوردی زیاتر و ناسنامەی ڕاگەیاندنی کوردی لەئاست ئەمڕۆ بەرچاوتر و نیشتمانیتر بوو، ترسی ئەوکاتی ڕژێمی ئێران هێندە بوو کە هەر ماوەی جارێک و لە ناوچە کوردییەکان سەتەلایتیان کۆ دەکردەوە. ئەگەرچی ئێستاکە ڕێژەی سۆشیالمیدیا زیادی کردووە بەڵام بەرهەمی کلتووریی کوردی وەکوو پێویست زیای نەکردووە، ڕێژەی کەناڵی ئاسمانیی کوردی بەرز بۆتەوە بەڵام سەرنجی بەشێکی زۆر لە خەڵک ڕوو لە میدیا غەوارەکانە. میدیاکان نەیانتوانیوە وەکوو پێویست کاریگەر بن لەسەر ڕێنووس و ڕێزمانی پاراوی کوردی؛ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەکارهێنانی وشەی عەرەبی وفارسی لە نێوئاخاوتنی تاکی کورد زیاتر دەبیسترێت و پێویستە سەرجەم ئەم خاڵانە خەسارناسی و چارەسەر بکرێن.
بڕێک ڕاگەیاندنی کوردی، لای بەشێکی کۆمەڵگە هێشتا نەناسراون یان ناویان نەبیستراوە و هاوکات ڕاگەیاندن و میدیا فارسییەکان پتر لای ئەو بەشە ناسراون و باش وایە هۆکارەکانی وەبیندرێت. ڕەنگە خۆ نوێ نەکردنەوە، بایەخ نەدان بە خواستی بینەر، لەبازنەیەکدا خولانەوە، بەس نەبوونی ڕێژەی زانیاری بۆ بینەر و تاکڕەهەندی بوونیان، لە هۆیەکانی ئەو مژارە بێت. زۆربەی ڕاگەیاندنە کوردییەکان خۆ دەبوێرن لە بانگهێشتکردنی دەنگی جیاواز کە وەک میوان بەشداری بەرنامە بێت یان ڕێگە نادەن بۆچوونی جیاواز لە میدیاکەیانەوە بڵاو بێتەوە یان سانسۆڕی دەکەن و یەک لەو هۆکارانەیە کە ڕێژەی بینەران بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێت. ڕاگەیاندنی پیشەیی، کارناسان و سیاسیگەلێک کە سەر بەوان نەبن بانگهێشت دەکات و ئیزن ئەدات لەو پێگەیەوە تەنانەت ڕەخنە لە حیزبی سپۆنسەریان بگیرێت، کەچی زۆربەی ڕاگەیاندنی کوردی هاوشێوەی میدیای داگیرکەران دەنگی جیاواز سانسۆڕ دەکەن. هەروەها لە تایبەتمەندیەکانی کلتووری حیزبگەراییی کوردی ئەوەیە هەر لایەنێک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تایبەت بەخۆی هەیە. لەو بابەتە خراپتر، نەبوونی ڕۆحی هاوکارییە لە بابەت داکۆکی لە مافی مرۆڤی کورد تا ئەو ڕادەیە کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی کوردی، پێی قەبووڵ ناکرێت ڕێکخراوێکی دیکەی مافی مرۆڤی سەر بە لایەنێکی دیکە، وێنەی کۆڵبەرێکی کوژراو لە ماڵپەڕەکەی هەڵبگرێت و لە پێگەی خۆی دایبنێت و تەنانەت هەڕەشەی سکاڵای لێ بکات. نەبوونی ڕۆحی هاوکاری و یەک وەرنەگرتن، باڵی بەسەر ڕێکخراوەیەکدا کێشاوە کە کار بۆ مافی مرۆڤی کورد دەکات و ئەمەش لای کۆمەڵگەی کوردی گومان لە ئامانجی کارەکەیان و بێمتمانەیی هەمبەر سەربەخۆبوونی ڕاگەیاندنی کوردی ساز دەکات.
میدیای کوردی نابێ بەشوین حەزەکانی کۆمەڵگەدا بڕوات و بە مەیلی خەڵک هەنگاو بنێت؛ میدیاگەلێک لەبری ڕاهێنانی تاکی وریا و بیرمەند، بە حەز و خواستی کۆمەڵگا پەخش دەکەن؛ لەکاتێکدا پێویستە پڕۆگرامی میدیای کوردی کۆمەڵگە ڕاچڵەکێنێت و بەخەبەری بێنێت. تاکی کورد بداتە بەر ڕەخنەی توند و ڕیشەیی، بەرپرسیارەتی ساز بکات و بیخاتە سەر هێڵی بیرکردنەوە. بەڵام مخابن میدیای کوردی هێشتا نەکەوتۆتە وەها چاخ و قۆناغێک. یان هاوتەریبی کاری سیاسی، گەلی کورد پێویستی بە مەستەڕبینێکی کوردییە کە بەمەبەستی ڕاستکردنەوەی نەریتی نەگونجاو، لەڕێی هونەری سینەما، تاک بداتە بەر توانج و ڕەخنە. مەستەڕبین بەبێ ئەوەی بێڕێزی بە گەلێک یان چینێک بکات، تاکی هەلپەرەستی کۆمەڵگەی بریتانی ئەدایە بەر توانج و جگە لەوەی بینەر دەخاتە پێکەنین، فێری کلتوور و شێوازی هەڵسوکەوتی شیاوی ڕۆژانەی دەکات.
ڕەوتێکی نوێ کە لە نێو ژمارەیەک دەرهێنەری کورد باوە، کەڵکوەرگرتنە لە مژاریڕەش(سوژە سیاە). بۆ وێنە ئەو بەشە لە دەرهێنەران، بۆ ڕاکێشانی سەرنجو سۆزی بینەر، کەڵک لە ئەکتەری خاوەن پێداویستی تایبەت یان خەتەنەی کچان وەردەگرن کە بە بڕوای شارەزایانی سینەما بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە: ١- هاوشێوەی سینەماکارانی وڵاتانی پێشکەوتوو تەکنیکیان لەبەر دەستا نیە و بە هەڵبژاردنی «مژاری ڕەش» خۆ نیشان ئەدەن. ٢- بەرهەمەکانیان بۆ وەرگرتنی خەڵات ساز دەکەن. لە خەسارەکانی ئەم ڕەوتە ئەوەیە سیمایەکی دیکە لە کورد نمایش دەکات بۆ وێنە «کورد» و «خەتەنەی کچان» لە ڕستەیەکدا لە زەینی بینەری غەوارە جێ دەهێڵێت. چونکە گەلی کورد ئیستاکە لە شەڕێکی هەمەلایەنەیە لەگەڵ داگیرکەران، ئەرکی سەرشانی چالاکان و هەروەها سینەماکاران قورسترە؛ خوڵقاندنی بەرهەمێک کە بەبێ مەترسیی گیانی بۆسەر دەرهێنەر، پرسی کورد بکاتە ڕۆژەڤ هونەرە و کاریکی پیرۆزە.
زانستی میدیایی (media literacy)
بۆ ئەوەی مرۆڤ نەبیتە بەشێک لە زۆرینەی کۆمەڵانێک کە پێک دێن لە جەماوەری ئاسایی و گوێڕایەڵ، یان بە حەشیمەتکراو (تودە شدە) کە بە هاسانی لەلایەن میدیاکانەوە ئاراستە دەکرێن، دەبێ تا ڕادەیەک هێڵە فکرییەکان، وشە و ڕستەکان، هێماکان و لەوان گرینگتر ڕەوتەکان بناسێت. ئەگەر تاکی کورد سپۆنسەری میدیاکانی ناسی و ئاگاداری مێژوو، سیاسەت و ئایدۆلۆژییان بێت، ڕستە و دێڕ و هەواڵەکان دەناسێتەوە و بە فام پێ کردنی، بڕوا بە هەر هەواڵ و زانیارییەکی چەواشاکارانە ناکات. پاش بینینی هەر زانیارییەک هەڵوێست نەگرێت، لێکۆڵینەوەی بۆ بکات و سەرچاوەکەی بزانێت کە نەبینە بەشێک لە پڕۆسە و ئامرازی داگیرکەران یان ململانەی نێوان هەلپەرەستان.
“ئۆرتێگا ئیگاست” فەیلەسووفی سپانیایی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، باس لە دەرکەوتنی مرۆڤی حەشیمەتکراو (تودەشدە) دەکات کە هێندە زۆرن سەرڕێژیان کردووە. بەبڕوای ئیگاست، خەڵکانی «حەشیمەتئاسا» لە هەموو شوینێک ئامادەن و لەسەر هەر بابەتێک بەبێ بیرکردنەوە و تێفکرین، بە مافی خۆیان دەزانن بۆچوون و هەڵوێستیان هەبێت. لە پێناسەی وەها مرۆڤێکدا دەڵێت: کەسێکە کە دوودڵی و دڕدۆنگی بە خۆیا ناهێنێت، ژیانی بەبێ ئامانج بەردەوامە و دیلی ژیانی دووپاتبوونەوەیە؛ ئەو کەسەیە کە لەلایەن میدیاکانەوە ئاراستە دەکرێت و هەرچی دەرخواردی بدەن بەبێ هیچ دوودڵییەک وەری دەگرێت. لە هزری ئیگاستدا، مرۆڤی بەحەشیمەتکراو ڕۆبۆتێکە لە لایەن میدیاکانەوە قورمیش دەکرێت و میدیاکان بەرەو هەر ڕێچکەیەک بیانەوێ ئاراستەی دەکەن. دەڵێت باوەڕی مرۆڤی ئەمڕۆیی بە میدیاکان لە جۆری باوەڕی مرۆڤی سەدەکانی ناوەڕاستە و بەحەشیمەتکراوەکان (تودەشدەایها) لە لایەن میدیاکانەوە بە بارمتە گیراون.
ئێستا ڕێژەی سۆشیالمیدیا و کەناڵە ئاسمانییەکان کە بە گشتیی بۆ بانگەشەی ئابووری، بیروباوەڕی ئایینی و ئایدۆلۆژی، سیاسی و هتد بەکار دێن، یەکجار زۆرە بەڵام مەرج نییە هەموویان ڕاستوێژ بن و ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن ئەرێنی و بەکەڵک بێت. پێویستە ئەو ڕاستییە بزانرێت، سپۆنسەرانی میدیاکان لەخۆڕا کاتی خۆیان ناکوژن و تێچووی زۆر خەسارناکەن کە هەواڵەکان بەڕێی شاشەیەک و بێبەرانبەر بخەنە بەردەستی بینەر. هەر ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیایەک سیاسەت یان ئایدۆلۆژییەکی لە پشتە و بەگشتی میدیای سەربەخۆ بوونی نیە. هەروەها هەن ڕۆژنامەوان و چالاکوان کە بە ڕواڵەت سەربەخۆن بەڵام لایەنێکی سیاسییان لە پشتە، تێچووی زۆری بۆ تەرخان دەکرێت و شێوەسوپایەکی سایبێریی ئەو لایەنە سیاسییە پاڵپشتیی دەکات و بۆ تیرۆری کەسایەتی، شکاندن، ڕەشکردن و سەمپاشیی زەینی کۆمەڵگە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت کە لە دنیای سیاسەتدا ئەم کەسانە بە لۆمپەن پێناسە دەکرین.
داگیرکەرانی کوردستان بە شەڕی نەرم ڕاناوەستن و بە کردنەوەی سەدان و ڕەنگە هەزاران پێگەی ساختە (فیک) و سێبەر، هەواڵی ناڕاست دەورووژێنن و بەبێ هەست پێ کردن، ناکۆکی لە نێوان دەنگە جیاوازەکانی کورد زەق دەکەنەوە و هۆگرانی حیزبەکان بەگژ یەکدا دەکەن. لێرەدا تەنیا ئاستی وریاییی تاکی کورد و بەرزبوونی زانستی میدیایییە کە دەتوانێت وەها پیلانێک پووچەڵ بکاتەوە بە کەمترین تێچوو لێی تێپەڕ بێت. هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بەر بە چالاکیی پێگە و بەگشتی سۆشیالمیدیاکان بگرێت و ڕۆژانە گەورە و پچووک سەردانیان دەکەن. لێ ئەوەی پێویستە کورد بیزانێت، ناسینەوە و شێوازی بەکارهێنانی میدیاکانە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پێویستە جگە لە حیزبەکان، لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە، خوێندەواریی کۆمەڵگە بەرزتر بکرێتەوە و هەروەها ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ناوخۆ بە هاوکاریی کارناسان و پسپۆڕانی بواری میدیایی، لەو چوارچێوەیەدا کۆڕ و سیمینار بۆ کۆمەڵانی خەڵک ڕێک بخەن. شێوازی کەڵک وەرگرتن لە میدیا (زانستی میدیا) ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن بەکاری بێنین لێی زەرەرمەند نەبین.
پێش دەستپێکی بینین و خوێندنەوەی هەواڵ، ئەم خاڵانە ڕەچاو بگیرێت:١- ڕێژەی زانیاریی ڕۆژانە لە ئەنتەڕنێت کۆتایی نایات بەڵام پێویستیش ناکات هەموویان ببینین و وەیانخوێنین، تەنیا بەدواداچوونی ئەو پێگانە بکەین کە پێویستمانە و جێی متمانەن. ٢-هەر هەواڵێکمان بۆ هات بڕوای پێ نەکەین ئەگەر سەرچاوە و بەڵگەکانی بڕواپێکراو نەبن. ٣- خۆ ببوێرین لە ناردنەوەی ئەو هەواڵانەی متمانەمان نییە لە ڕاستبوونی. ٤- سەیری دیمەنی ڕووداوی دڵتەزێن کە ناخمان ئازار دەدات نەکەین و نەینێرینەوە. ٥-لانیکەم بزانین کام سەرچاوە هەواڵەکەی بۆ یەکەمجار بڵاو کردووەتەوە. ٦- سەرەتا بە گومانەوە لە ناوەرۆکی هەواڵەکە بڕوانین و بزانین ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵ و زانیاری و شڕۆڤەیە چییە. ٧- سەرچاوەکە بێلایەنە یان هەواڵەکانی لەچوارچێوەی لایەنگریدایە. ٨- سەرنجی شێوەی داڕشتنی هەواڵەکە و ئەو وشانە بدەین کە تێیدا بەکار هاتووە. ڕەنگە ئەگەر چەندجار و هەر جارەو لە ڕوانگەیەکی جیاواز هەواڵەکەمان خوێندەوە، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە بە مەبەست یان بۆ بەلاڕێدا بردنی زەینەکان داڕێژراوە. جاری وایە زۆربەی میدیاکان ڕووداوێک ڕووماڵ دەکەن بەڵام هەرکامەو زەینی تاک بەرەو لایەک دەبات. شێوازی ڕاپۆڕتنووسین و بەکارهێنانی وشەکان یەکجار گرنگە بۆ وێنە لە ڕاپۆڕتێکی ڕۆژی ١٤ی جۆزەردان (3 June2020) کەناڵی ئاسمانی BBC لەبری ئەوەی لە سەردێڕی هەواڵەکەدا بنووسێت ڕێژەی کوشتنی کۆڵبەران لەسەر دەستی کۆماری ئیسلامی زۆری کردووە، نووسیبووی:”ڕێژەی تەقەکردن لە کۆڵبەران لەپاش بڵاو بوونەوەی پەتای کۆڕۆنا زۆری کردووە” کە ئەمە شاردنەوەی ڕێژەی کوشتنی کۆڵبەران و ئەو جەنایەتەیە کە لە ئارادایە. سەردێڕی ڕاپۆڕتێکی ساڵی ڕابردوو (2019)ی هەمان کاناڵ بەمشێوە بوو: “سەیرکەرانی تۆپێ پێی عەرەب لە ئەهواز دروشمی ڕەگەزپەرستییان دەوتەوە” لەکاتێکدا شارۆمەندانی عەرەب کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرکوت دەکرێن، هەوڵیان دابوو لەو دەرفەتە بۆ گەیاندنی دەنگی ڕەوای خۆیان کەڵک وەرگرن.
سیاسەتێکی وەها لەلایەن هەندێک کەناڵی ئاسمانیی کوردیشەوە لە ئارادایە و لە ڕاپۆڕت و هەواڵەکاندا، بە بەکارهێنانی زیرەکانەی وشەگەلێک، زەینی تاکی کورد سەمپاشی و تووشی پشێوی دەکەن. لە بۆڵتەنی هەواڵی یەکێک لە میدیاکانی باشووری کوردستاندا باس لەوە دەکرا کە دانیشتوانی ڕۆژاوای کوردستان سووتەمەنییان نییە بۆ زستان بیسووتێنن و وتووێژیان لەگەڵ چەند شارۆمەندێکیش کردبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا لە باشووری کوردستانیش سووتەمەنی نەبوو خەڵک بیسووتێن. مژارێکی دیکەی ڕاگەیاندنی کوردی ئەوەیە کە جەختێکی زۆر لە گوندیبوونی کورد دەکرێتەوە؛ میدیایەکی کوردی ڕاپۆڕتی لە گوندێکی ئەمریکا ئامادە کردبوو کە کوردانی نیشتەجێی ئەو گوندە کە هەرچەندە لە ئەمریکا دەژیان بەڵام بە گۆچانەوە شوانییان دەکرد، دەچوونە بازاڕی زێڕفرۆشان و ژیانیان هاوشێوەی ژیانی گوندییەکی کوردستان نەریتی بوو. ڕاپۆڕتی ئەو کەناڵە کوردییە لەسەر وەها شێوازێکی ژیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەواییدانە پێی، ناپیشەیییانەیە و دەکرا دانیشتوانی ئەو گوندە کە هێشتا شوێن نەریتەکان کەوتوون بخاتە ژێر پرسیار و ڕەخنە کە بۆچی لە بەهێزترین وڵاتی دنیا، شوێن زانست و تەکنەلۆژیا نەکەوتوون؟. یان میدیایەک بەردەوام سەرنجی بینەر دەخاتە سەر بڕێک ڕووداو و پرسی کۆمەڵایەتیی لاوەکی و نالۆژیک کە بابەتیانە نییە. بۆ وێنە بەها دان بە ڕووداوگەلێکی ڕۆژانە وەک دۆزینەوەی کارگی کوێستان لەلایەن شاخەوانێکەوە، جگە لەوەی نابابەتییانەیە، جۆرێک هەوڵی پۆپۆلیستییە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جەماوەر.
زانستی میدیا ڕوونی دەکاتەوە کام سەرچاوە و سۆشیالمیدیا شیاوی کاتکوشتنن؛ کۆماری ئیسلامی لە ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە ڕانەوەستاوە؛ سیاسەتی بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە وەها سەرکەوتوو بووە کە لەبری یوتیوب و فەیسبووک (کە چاوی خەڵک لەهەمبەر پرسە سیاسیەکان زیاتر دەکاتەوە)، زۆرینەی کۆمەڵگە ئینستاگرام بەکار دەهێنن کە پتر بۆ هاوبەشکردنی وێنە و دیمەنی کاری ڕۆژانە کەڵکی لێ وەردەگیرێت. هەروەها لەکاتێکدا تەلەگرام و فەیسبووک هەردووک فیلتەر کراون، بەڵام کۆماری ئیسلامی توانیویەتی سەرنجی کۆمەڵگە لە فەیسبووک دوور بخاتەوە و تەلەگرام بکاتە ڕۆژەڤ بۆ ئەوەی دەستی خەڵک کەمتر بگاتە زانیارییەکانی دەرەوەی جوگرافیای ئێران و پێوەندیی لەگەڵ شارەزایان و چینی ئاکادمیکی سیاسی کەم بکاتەوە. فەیسبووک ئەو توانایەی تێدایە کە تۆڕێکی بەربڵاو لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لەناو بەکارهێنەرانی ساز بکات و بەکارهێنەر زیاتر لە سۆشیالمیدیاکانی دیکە بە دەرەوە دەبەستێتەوە.
زیانەکانی ململانێی ڕاگەیاندنی نێوخۆییی کورد
بە درێژاییی مێژوو، یەکێک لە زەقترین هەڵە ستراتێژییەکانی کورد شەڕی ڕاگەیاندنی نێوخۆیی بووە کە جگە لە چڕبوونەوەی گرژییەکان و ڕەنجبەخەسار بوونی حیزبەکان، کۆمەڵگەی بەسەر چەند بەرەدا دابەش کردووە و شارچیەتی، ناوچەگەرایی و ناتەباییی لێ کەوتۆتەوە. ناکۆکیی نێوان سیاسییەکان لەڕێی میدیاوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو ئەندامانی حیزب، لایەنگران و کۆمەڵگە. ئاستی بەگژداچوونەوەی خەڵک، هاوتەریبی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان بەرز و نزم دەبێت؛ لەگەڵ بەرزبوونی ناکۆکیی لایەنەکان لە ڕاگەیاندن، بۆشاییی نێو بەرەکانی کۆمەڵگە گەورەتر دەبێت و گرژیی لێ دەکەوێتەوە تا ڕادەیەک کە لە باشووری کوردستان سووتاندنی بارەگای حیزبەکانی لێ دەکەوێتەوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بێژەری سەر بە لایەنێک هەڕەشەی شەڕی براکوژی دەکات.
لەبەر کەشی ڕەخساو، هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی ململانێکانی ڕاگەیاندنی زۆربەی حیزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێژەیەکی بەرچاو میدیا و پێگەی نەناسراو لەو بەشەی کوردستان چالاکن کە هەرکام لای خۆیەوە پڕوپاگەندە بۆ لایەنێک دەکات. بە دانپێدانانی چەند سیاسییەکی باشوور، «سۆشیالمیدیا» لەو بەشەی کوردستان حوکم دەکات. لەپاڵ ئەو پێگانەی کە بە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و ڕوونکردنەوە ڕۆڵی ئەرینی دەگێڕن، بڕێکی زۆر پێگەی سێبەر هەیە کە بە ڕواڵەت سەربەخۆن بەڵام کار بۆ حیزبەکان دەکەن و سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ڕەشکردنن.
جووڵاندنی هەستی نەتەوەیی و سۆزیاری، ڕێگەیەکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی تاکی کورد لە لایەن ڕاگەیاندن و پێگە ئەلکترۆنییەکانەوە بە مەبەستی ململانێی حزبیی. وێنەی فۆتۆشۆپ کراو، تێکەڵکردنی سەری شێر و داڵ لە تەنیشت کەسانی سیاسیی پیرۆزکراو، دیمەنی کیژی کوردی ڕازێندراو بە ئاڵای کوردستان و بەرزکردنەوەی دووپەنجەی هێمای سەرکەوتن، دیمەنی کاروانی ئوتۆمبێلی بەرپرسی سیاسی لەگەڵ سروودی حەماسی و شەکاندنەوەی دەیان ئاڵای کوردستان و دیمەنی بەرپرسانی سیاسی کە بۆ وێنەگرتن چوونە سەنگەرەکان تەنیا بۆ وروژاندنی گەنجانی دڵگەرمە، ئەگەرنا هیچکام لەمانە پرسی کورد چارەسەر ناکات. پرسی کورد لە مەیدانی خەباتی ڕاستەقینەی شەڕ و دیپلۆماسی دەڕواتە پێش و سیاسیی ڕاستبین و ژیری دەوێت نەک کاری سیمبولیک. ئیستاکە دەیان پەیجی سێبەری لایەنگری حیزبەکان بەم چەشنە سەرنجی گەنجانی خوێنگەرم ڕادەکێشن و وزەی خۆیان خەسار و کلتووری وەهم و خەیاڵ لە ناو کۆمەڵگەدا چێ دەکەن.
تاک سەرچاوەیی
غەدرێک کە ڕاگەیاندنی خۆیی لە تاکی کوردی کردووە ئەوەیە کە هەندێکیان ڕاستییەکان وەک خۆی باس ناکەن یان نیوەی ڕاستییەکان دەڵێن و کۆمەڵگە بەلاڕێدا دەبەن. لە بری بەڕێوەبردنی شەڕی دەروونی دژی داگیرکەران، دژی لایەنەکانی دیکە دەیکەن و کۆمەڵگەش بە خۆیانەوە تێوە دەگلێنن. بڕێک لایەن بە هۆی کەمتەرخەمی و گرنگینەدان بە بابەتی بنەڕەتیی دامەزراندنی ڕاگەیاندن، یان ناکۆکی و ململانێی نێوحیزبی، هێشتا میدیایەکیان لە ئاست حزب نیە بەڵام هاوکات بڕێک هێز و دەسەڵاتی کوردی بە داهاتێک (کە ڕەنگە بە ناحەق لە بەردەستیان بێت)، چەندین پێگەی ڕاگەیاندنی پڕ زەرق و بەرقیان لە کەناڵی ئاسمانی تا سۆشیالمیدیا و میدیای سێبەر هەیە کە لە دژی لایەنە کوردییەکانی دیکە بەرنامە پەخش دەکەن. تەنانەت توانیویانە قەڵەمی بڕێک ڕۆژنامەوان، توانای ڕەوانبێژان، بەهرەی نووسەران و هونەری هونەرمەندان بە پارە بکڕنەوە و بیانخەنە خزمەت بەرژەوەندیی خۆیان. ڕۆژانە بە دروشمی بریقەدار و پاشناوی کوردییەوە بە مەبەستی حیزبی و لەدژی لایەنە کوردییەکانی دیکە ڕاگەیاندن دەکەن. ئەم تێچووانە بەبێ هۆ ناکرێت و ئامانج و پیلانی لە پشتە؛ ئەگەرنا سیاسەتکردن، ئەویش بەرانبەر کۆمەڵگەی کوردی، مانا و هۆکارێکی دیکەی نییە جگە لە شەڕی دەروونی لە دژی کورد و ئەمەش دوورە لە پڕەنسیبی خەباتی نیشتمانی.
بە نەبوونی زانستی میدیایی، ناسینی ئەم پێڕە لە سەرچاوەی میدیایی بۆ کۆمەڵگە هاسان نابێت. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە تینووی ئازادی و چاوەڕێی هەواڵی خۆشە، زیاتر گوێبیستی ئەو ڕاگەیاندنانە دەبن کە دروشمی نەتەوەیی و بەڵێنی گەورە ئەدەن. ئەو سەرچاوانەش دەست دەخەنە سەر خاڵی لاوازی کۆمەڵگە و بە وتار و دروشمی بریقەدار و پۆپۆلیستی، دەست دەگرن بەسەر زەینی کۆمەڵگە و لە بەرژەوەندیی حیزبی خۆیان ئاراستەیان دەکەن. ئامانج لەوە، شۆردنەوەی مێژوو، لەخۆ داماڵینی سیاسەتی نانیشتمانی، کردنی«خیانەت» بە«هەڵە و تاکتیک» وچواندنی «ئاشبەتاڵ» و «پەلکێشکردنی داگیرکەران» بە «دەستکەوته». ئەزموون سەلماندوویەتی هەر میدیایەکی کوردی هەڵگری دروشمی بریقەدار و گەورەترە، یان بە بڵاو کردنەوەی دیمەنی شەڕ و سروودی نیشتمانی و پیرۆزییە نەتەوەییەکان سوار شەپۆلی هەست و سۆزی کۆمەڵگە بووبێت، بەهرەی کەمتر تێدایە و تەنانەت لە وێستگە هەستیارەکانی مێژوودا ئەگەر بەرژەوەندیی خۆی تێدا نەبووبێت، ڕێگری کردووە لە بەئەنجامگەیشتنی پرسی کورد.
بۆ ئەوەی کەسایەتیی کورد خویندنەوەی ڕاستەقینەی هەبێت بۆ زانیارییەکان، تووشی پشێوی نەبێت و لێکدانەوەی هەڵە بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نەکات، پیش هەرشتێک باش وایە ئەم ڕێکارانە بگرێتە بەر: ١- تاک سەرچاوە نەبێت و ڕاگەیاندنی لایەنە کوردییەکانی دیکەش و تەنانەت میدیای دوژمنانیش ببینێت. ٢- لە کتێب و ماڵپەڕەکاندا مێژووی لایەنەکان بخوێنێتەوە چونکە پێشینەی هەر لایەنێک ناسنامەیەتی. ٣- دەمارگرژی (تعصب) بخاتە لاوە. هەر کوردێک مافی خۆیەتی لە ناخەوە لایەنێک یان چەند لایەنی کوردیی خۆش بوێت، بەڵام بیرکردنەوەی سەربەخۆ و بەبێ دەمارگرژی بێت. ٤- لێکۆڵەر بێت. هەواڵێک چەندجار و لە چەند ڕوانگەی جیاوازەوە بخوێنێتەوە و بۆ زانینی زانیاریی زیاتر، سەردانی پێگە جیاوازەکانی دیکە بکات کە بزانێت پێگەکانی دیکە چۆن باسیان لێ کردووە. ٥- گەڕان (سرچ) بەناو ماڵپەڕەکان. هێشتا تاکی کورد ڕا نەهاتووە بۆ گەیشتن بە وڵامی ئەو پرسیارانەی لای ساز دەبێت، بەناو ماڵپەڕەکاندا بگەڕێت. پێویستە هەر کوردێک لای خۆیەوە لێکۆڵەرێک بێت و بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانەی دەیبیستێ و دەیبینێت، خۆی بە گەڕان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕابهێنێت. ٦- بڕوا بە هەر شڕۆڤە و هەواڵێک نەکرێت، چونکەمەرج نییە هەر زانیارییەک ڕاست بێت. ٧- بەکارمان نەهێنن و ئاراستەمان نەکەن. ئیزن نەدەین ڕاگەیاندنی پۆپۆلیست، بە دروشمی هەستبزوێن لە ڕاستییەکان دوورمان بخاتەوە و بمانخاتە سەر ڕێچکەی بەرژەوەندیی خۆیان.
مرۆڤی ئاسوودەخوازی ئێستا، بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکان لەسەر پرسێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی یان مێژویی، بەدواداچوون ناکات و خۆی ناخاتە نێو ئەرک؛ بەڵکو چاوەڕێ دەکات کەسێک و لایەنێک شڕۆڤەی بۆ بکات و بە دەنگ و ڕەنگ بیخاتە بەردەستی. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەو ڕاگەیاندنانەی کە دەیانهەوێت کۆمەڵگە لە بەرژەوەندیی خۆیان ئاراستە بکەن. وەها مرۆڤێک، خۆی دەسپێرێتە دەست میدیا و کەس و خۆی لەناو یەکڕەهەندیی (تکبعدی) ڕاگەیاندن و سەرچاوە، واتا یەک ئایدۆلۆژیا قەتیس دەکات. یەکڕەهەندیی بیرکردنەوە لە بابەتەکاندا لە ئاکامی خۆ سپاردنە بە دەستی یەک یان چەند سەرچاوە کە دەرهاویشتەیان لێک نزیکە و ئاکامەکەی ئەبێتە کۆمەڵگەیەک کە بە هاسانی ئاراستە دەکرێت و دەکەوێتە سووڕی هەڵەی مێژوویی؛ کۆمەڵگەی لەو شێوەیە کە لێکۆڵەر نەبێت، ئەو شکستانەی لە ڕابردوو بەسەری هاتووە سەرلەنوێ ئەزموونی دەکاتەوە.
ناگەینە وڵامێکی ڕاستەقینە ئەگەر بێلایەن لە چەندین سەرچاوەی جیاواز، بەشوێن وڵامی پرسیارەکانماندا نەگەڕێین. چونکە میدیا و ڕاگەیاندنەکان کە لەڕواڵەتدا بێ لایەنن، وەک مارکێتە پڕلە زەرق و بەرقەکان، هەرکام ئایدۆلۆژیای خۆیان وەک کاڵایەک لە ڤیترین نمایش دەکەن و هەر ئەوانەشن کە زۆرترین بەردەنگ و بیسەریان هەیە. کەواتە ئەگەر بڕیارە مژار و بابەتێکی گرنگ ڕوون بێتەوە، بە لێکۆڵینەوەی بێلایەن، چەندین سەرچاوەی جیاواز و بەتایبەت لاپەڕەکانی مێژووی پێوەندیدار هەڵبدرێتەوە و بە بێ دەمارگرژی لەگەڵ لۆژیک و ژیرانە هەڵەسەنگاندنی بۆ بکرێت.