ئارامتر بخوێنەوە!

فێمێنیزم، ژن، نەتەوەخوازی، کۆمەڵگا: دەربازبوونی کۆمەڵگایەکی بندەست

ڕووناهی ڕۆژهەڵات

ئاماژە:

ڕوانگەی فێمێنیستی لە کۆمەڵگایەکی بندەستدا چۆن خۆی دەبینێتەوە؟ دەرخستن و لێکدانەوەی پەیوەندیی نێوان ژن و چین و نەتەوە و ژینگە ئامانجی ئەم وتارەیە. ڕەوت و ڕێبازە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی خاڵێک یان چەند خاڵیان لەبەرچاو نەگرتووە. پێویستە لە داڕشتنەوەی ستراتێژیی چالاکیی لایەنە سیاسی و ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەم خاڵگەلە و پەیوەندیی نێوانیان وەکوو بنەما هەژمار بکرێن.

پێشەکی:

بندەست بوون ئەو دۆخەیە کە هیچکام لەو ڕەوت و ڕێبازە سیاسییانە وا بۆ کۆمەڵگای بندەست خەبات دەکەن، نکۆڵیی لێ ناکەن. تەنانەت ئەگەر بە هەڵەشدا چووبێتن. ناڕوونیی ئیدیۆلۆژییە جیاوازەکان کە لە ناڕوونیی چەمک و پێوەر و ئاراستەکەیانەوە دێت، بە ئێستەیشەوە لە سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕزگاریخوازیی گشتگیر بۆ ڕزگاریی کوردستان، ڕێگر بووە. کە دەڵێین کوردستان، ئەو لایەنانەی خۆیان بە مافخوازی ڕەگەزی و چینی هەژار و ژینگە و… دەزانن، بەرهەڵستی وشەی کوردستان دەبنەوە. ئەگەر بە پێوەری زانست و ڕاست‌ بینین و بنەماکانی بە سیستەم‌بوون لە بابەتەکە بڕوانین، هەڵوێستەی ئەوان لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام چۆنیەتیی ئەم پەیوەندییە، شێوەی وێنا کردنی کوردستان لای ئەوان دیاری دەکات. لایەنی دەروونی و زەینیی هەڵوێستەکەیان ژێرخانی ئاراستەی سیاسی – کۆمەڵایەتیی ئەو لایەنانەیە. لەم وتارەدا هەوڵ ئەدەم نەشتەری ڕەخنە بۆ هەموو ڕەوت و ڕێبازە سیاسییەکانی کوردستان بخەمەگەڕ. سەرەتا ڕەوتە نەتەوەخوازەکان و پاشان خوێندنەوەی چەپی جیهان سێیەمی و فێمێنیزم و … لە کۆتاییدا ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی ڕاستەقینەی ڕەهەندەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە ڕێگای ڕزگاریدا دەخەمە بەر باس. وتارەکە بۆیە ئەو سەردێڕەی هەیە کە ژن ڕەهەندێکی گرنگی هەموویانە و بەشێک لە دژایەتیی ڕەوتە جیاواز/ دژبەرەکان، بۆ شێوەڕوانینیان بۆ ژن دەگەڕێتەوە.

ڕەوتی نەتەوەخواز و ژن: دینامیسمی کۆمەڵگای کورستان بە پێی شەپۆلی نەتەوەخوازی نەگۆڕدرا. بەڵام دە ستەبژێرە نەتەوەخوازەکان، سۆزدارانە ویستیان وێنایەک لە کۆمەڵگای کوردستان نیشان بدەن کە تەنانەت لە پێش‌ مۆدێڕنیشەوە مافی ژن لەم کۆمەڵگایەدا شەرعییەتی پێ دراوە و ژن دەورێکی بەرچاوی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا هەبووە. لە ڕاستیدا بێجگە لە ئەو دەستەبژێرانەی کە لە ئورووپا لەگەڵ نەتەوەخوازیدا ئاشنا بوون، درێژەی ئەو ڕەوتە لە ژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی ساختەکاری تورک و عەجەمدا بووە. ناسیۆنالیزمی تورک و عەجەم بۆ سەلماندنی ڕەوابوونی خۆیان بە تەتەوەی خۆیان و خۆسەپاندنیان بە سەر نەتەوە ژێردەستەکاندا کە بە دەستێوەردانی زلهێزان و نەزانکاریی خودی ئەو نەتەوەگەلەوە بە سەریاندا زاڵ ببوون، چاخی زێڕینی پێش‌مێژوویان بە دزی و ساختەکاری ساز کرد. لەو چاخەدا مافی مرۆڤ، مافی ژن، مافی هەژاران پارێزراو بوو. لە گۆڕینی دەقی نووسراوەی کوورشی هەخامەنشیدا کە حکوومەتی پەهلەوی کردی، بە ڕوونی دەردەکەوێت. نەتەوەخوازیی کرچوکاڵی کورد هەوڵیدا وێنایەک لە کۆمەڵگای پێش‌مۆدێڕنی کوردستان نیشان بدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەتەوە سەردەستەکان و نەتەوەی کورد بە ئێستەیشەوە کۆمەڵگایەکی پێش‌مۆدێڕنیان هەیە. ئەگەر ئاراستەی نەتەوەخوازی هاوکات لەگەڵ گۆڕینی کۆمەڵگادا نەبێت، بەرهەمەکەی دەبێتە بەرنامەیەکی ناتەواو کە ئەگەر کوردستانیشی پێ ڕزگار بکرێت، خەسار و گەندەڵیی لێ دەکەوێتەوە. باشووری کوردستان تا ئێستە نەیتوانیوە دەوڵەت دەستەبەر بکات، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگاکەی خێڵەکی و پێش‌مۆدێڕنە. زەینی داخراو بۆ بگۆڕبووونی سیستەم مل نادات.
کاراکتێری پێشمەرگە، وێڕای پیرۆزبوونی، کاراکتێرێکی پیاوانەیە کە لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ڕوانگەی پیاومەزنیی کۆمەڵگایە. فێمێنیستەکان بەرهەڵست دەبنەوە کە ڕەوتی ناسیۆناڵیستی، ژن کەڵکاژۆ دەکات و پاش سەرکەوتن دەیانباتەوە ناو چێشتخانەی ماڵان. لە ڕاستیدا خودی فێمێنیستەکانیش لە وێناکردنی کاراکتێری ژنی ڕزگاریخوازدا کۆڵن. واتادار کردن و وێنا کردنی هەر دیاردەیەک پێویستە لە ئاستی مەعریفەناسیدا شی بکرێتەوە. نە ناسیۆناڵیزم، نە فێمێنیزم لە کوردستاندا تا ئاستی مەعریفە قووڵ نەبوونەتەوە. مەعریفە قووڵتر لە تێۆرییە، بەڵام کورد لە نەتەوەخوازی و مافی ژندا، بیردۆزەی بە ناتەواوی وەرگرتووە و هەوڵ دەدات کۆمەڵگای کوردستان بەو ئاقارەدا ببات. وەک دیوومانە، ئاکامی ئەم پڕۆسەیە تێکشکانە.
چەپی جیهان سێیەمی و ژن: مەبەست لە چەپی جیهان سێیەمی، خوێندنەوەیەکی نەخوێندەوارانەیە لە مارکسیزم و وەچەکانی. لەو وڵاتانەدا کە ئاخێزگەی بیری چەپ بوون یان هێزی چەپ دەسەڵاتی گرتەدەست، لە ئاکامدا چوونەوە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی یان یەکە سیاسییەکەیان. بەڵام چەپی جیهان سێیەمی لە کوردستاندا نەک بەرژەوەندیی یەکەی کوردستانی لەبەر چاو نەگرت، تەنانەت هەر هەوڵێکیان لەو پێناوەدا بە کۆنەپەرەستی هەژمار دەکرد. ژن بەپێی وێنای وەرگیراو لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە هاتە ناو جەرگەی خەباتەوە. سەرەڕای ئەوەی ڕچە شکاندن بۆ چالاک کردنەوەی ژنان خاڵێکی پرشنگدارە کە جووڵەی خستە ناو کۆمەڵگاوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە چەپ لە خۆیدا لە وێنا کردنی ژن کۆڵ بوو و چەپی هاوردەی کوردستانیش بە ناتەواوی بیروهزری چەپی وەرگرتبوو، نەیتوانی ژن، وەکوو نیوەی کۆمەڵگا لە پێکهاتەی خەباتدا جومگەبەندی بکات.
چەپی بێ بنەما و ژن: چەپی بێ بنەما سەرەتا بەشێک بوو لە چەپی جیهان سێیەمی. چەپی جیهان سێیەمی لە باری ئاکار و ڕەوشتەوە هەم لە بنەماکانی مارکسیزم دانەبڕابوو، هەم پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگای کوردستاندا نەپچڕاندبوو. بەڵام چەپی بێ بنەما سەرەتا ویستی ببێتە پێشەنگی خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافی خەڵکی کوردستان بە میتۆدی چەپ و هێزی نەتەوەخواز- چەپی چوار پارچەی کوردستانی لە خۆی کۆ کردەوە. نەتەوەخوازییەکی ناتەواو و چەپێکی ناتەواو. وەرچەرخان لە ئامانج و ستراتێژی و پێکهاتەکەیدا ڕووی دا و بوو بە ڕەوتێکی دژە نەتەوە و نێۆلیبراڵ. لە ڕاستیدا پێکهاتەی ئەم لایەنە بێ بنەما خێڵەکییە و سەرەتا هەوڵی دا هێز و خەبات پاوان بکات. بەڵام لە بیر و هزردا سەقەت بوو. هەر بۆیە لە ئایین، نەتەوە، کەلێنە کۆمەڵایەتی و زمانی و ئایینییەکانی ناوخۆی کوردستان بۆ دەستەبەر کردنی قووڵاییی کۆمەڵایەتی بۆ خۆی کەڵی ناڕەوای وەرگرت. ئامرازی بۆ ئەم کارە، دەروون و کەسایەتیی تاکی کوردە کە بریتییە لە پاڵەوانەتی و کارەسات و دژکردەوەی پاڵەوانەتییە بۆ کارەسات.
ژن لەم پێکهاتەیەدا کاراکتێرێکی تایبەتی بە خۆیەوە دیت. بوو بە هاوسەرۆک، بەشدار لە دەنگ و چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و چەکداری. هەموومان لە میدیاکاندا وێنەی گەریلایەکی ژن یان شەڕوانێکی ژنمان بینیوە کە زۆر جوانە، پەلکەشۆڕ و…. جێی ئاماژەیە هەندێ لایەن هەوڵیان داوە و دەیدەن کە وەها کاراکتێرێک لە ژن بدەن بە دەستەوە کە تێیدا سەرنەکەوتوون. ئەم وێنا کردنە لە ژن، وێنا کردنێکی میدیایییە. کە دەچیتە بنج ‌و بناوانی ڕەوتی نەتەوەیی یان چەپی ناتەواو یان چەپی بێ بنەما، دەردەکەوێ هیچیان لە زەین و کەسایەتیی ژنی کورد تێنەگەیشتوون. هەر بۆیە لە پێکهاتەی ناتەواوی ئیدیۆلۆژییاندا وێنای ناڕوونی ژن دەبێتە بەئامراز کردنی ژن. میدیا و بازاڕ وێنای ناڕوونی ژن لەم ڕەوتگەلەدا دەکاتە بابەتێک بۆ سەرنجڕاکێشانی جەماوەر.
فێمێنیزم و ژنی کورد: بەشێک لە فێمێنیستەکان خۆیان لە ڕێبازەکانی پێشتر وتراودا دەبیننەوە. بەڵام بەشێکی تر تەنیا داکۆکی لە مافی ژن لە کۆمەڵگادا دەکەن و هەوڵ بۆ هەر گۆڕانێکی سیاسی- کۆمەڵایەتی لە پێناو دەستەبەر کردنی مافی ژندا لێکدەدەنەوە. بابەتی ژن و مافخوازی بۆ ژن، وەکوو هەر دیاردەیەکی تر لە بنەمای ئێپیستمۆلۆژییەوە دەست پێ دەکات. فێمێنیزمی کوردستانی لە بەرهەم هێنانی مەعریفەی خۆماڵیدا نەیتوانیوە هەنگاوێک هەڵبهێنێت. دوو مەترسی لە ڕێی فێمێنیستە کوردەکاندایە. یەکەم گوتارەکەیان بکەوێتە ژێر سێبەری ڕێبازە پێشتر وتراوەکانەوە، دووەم ببن بە ئامرازی فێمێنیزمی داگیرکەر. داگیرکەرانی کوردستان هەوڵ دەدەن سەردەست بوونی خۆیان بە توندوتیژیی ڕووت و گوتار و ئیدیۆلۆژیی ناتەواوەوە درێژە پێ بدەن. توندوتیژیی ڕووت تەنیا لە هەمبەر ڕەوتی نەتەوەییدا بە کار دەبەن، بەڵام ڕێگە بەو ڕەوت و ڕێبازانە دەدەن کە، سەرەڕای ئەوەی بۆ وێنە کۆماری ئیسلامییان قەبووڵ نەبێت بەڵام لە دژی ڕەوتی نەتەوەییی کوردستان هەڵوێست دەگرن یان ئاستی داخوازییەکان دادەبەزێنن، لە کوردستاندا ئازادانە چالاکییان هەبێت. فێمێنیستی کۆمەڵگای داگیرکەر، ڕووکەشێکی بێ ناوەڕۆکە و بێجگە لە هەندێ هەڵسوکەوت و دورشمی بریقەدار هێچی تر نییە. ڕاستە ناوەڕۆکی نییە، بەڵام فۆڕمی هەیە، ئەوێش یەکەی سیاسیی داگیرکەرە. فێمێنیزمێک کە بنەمای مەعریفیی نییە و بەو هۆیەوە خۆی لە سیاسەتی کوردستانی –با هەڵەش بێت – نادات، بۆ هەندێ چالاکی ڕێگەی پێ دەدرێت کە سەرچەشنەکەی لە ناوەندی داگیرکەرەوە دێت. بەم پێیە مافی ژنی کورد لە کورد بوون و سیاسی بوون دادەماڵێ و دەیکات بە بەشێک لە ڕێبازێکی ناتەواو کە تەنیا کەڵکی، شەرعییەت دان بە یەکەی سیاسیی داگیرکەرە. دواهاتی وەها ڕەوتێک بۆ کوردستان مەترسیدارە. لێرەدا خەساری گشت ئیدیۆلۆژییەکان لە فێمێنیزمیشدا دەردەکەوێ کە سووژەی نائاگای کورد دەبێت بە سووژەی نائاگای ئاپاراتووسی داگیرکەر.

شیکاری:

ئەوەی کە ژن لە ڕێبازە نەتەوەیی/ نانەتەوەیی/ دژەنەتەوەیییەکاندا لە کوردستان بە ڕاستی دەرنەکەوتووە بۆ چەند هۆکار و کارلێکیی وان پێکەوە دەگەڕێتەوە.
یەکەم؛ وێنا نەکردن و چەمکمەند نەکردنی ژنی کوردە.
واتە ژنی کورد لە بەستێنی دینامیسمی کۆمەڵایەتی – ئابووریی کورستاندا چ جێگە و پێگەیەکی هەبووە و هەنووکە لە چ دۆخێکدایە. ئەم خوێندنەوەیە بە میتۆدۆلۆژیی زانستە مرۆیییەکان مسۆگەر دەبێت، نەک بە خوێندنەوەی ناتەواوی ئیدیۆلۆژییە ناتەواوەکان. هەڵبەت وەکوو هەر هەوڵێکی زانستی دەتوانین پەنجەمۆری سیاسەتی تێدا ببینین، بەڵام هەوڵی زانستی لە سەر بنەمای زانستی پێکدێت، بە پێچەوانەوە هەوڵی ئیدیۆلۆژییانە پاساودەری ئیدیۆلۆژییە. چەپی یونیڤێرساڵ کە چەپی جیهان سێیەمی، ماکێتی ناتەواوی ئەوە، لە دەروونزانیی مرۆڤ تێنەگەیشتووە. وەکوو ئایینییەکی باوەڕدار، بە دەقە پیرۆزەکانی چەپی جیهانییەوە چەسپاوە و نکۆڵی لە زانست دەکات – تووشی وەهمی ماتریالیست بوونیش هاتوون -. چەپی جیهان سێیەمی لە کوردستان کە لێکدراوی چەپی جیهانی و چەپی یەکەی سیاسیی داگیرکەرانی کوردستانە، نە ڕەهەندی زانستیی هەیە نە ئاخێزگەکەی کوردستانە. وەها ڕێبازێک کە لە واتا کردنی خۆیدا کۆڵە، بەم شێوەیە ناتوانێ میتۆدی خەبات بۆ ڕزگاری دابڕێژێت، ژن واتا بکات و لە ڕیزەکانی خەباتدا جێگیری بکات. چەپی بێ بنەما، وێڕای خەساری چەپی جیهان سێیەمی، ئاڵۆزیی ئیدیۆلۆژییشی لێ کەوتووەتەوە. پێکهاتەی ستالینیستی، لایەنی ئابووری – کۆمەڵایەتیی نێۆلیبراڵ، سەقامگیرکەری ئەو سنوورانەی کوردستانیان پارچەپارچە کردووە، ستراتێژیی خێڵەکی لە هەمبەر لایەنەکانی تردا، هەوڵ بۆ یەکدەست کردنی کۆمەڵگای کوردستان بەو کاراکتێرەی کە ئیدیۆلۆژییە ئاڵۆزەکەی باسی دەکات. بە پێی ئەم خاڵانە لەگەڵ ڕەوتێکدا ڕووبەڕووین کە نازانستی، سۆزدار، تاک‌ پەرەست (ئەم دوو خاڵە لە ڕەوتەکانی تریشدا بەرچاوە)، بێباوەڕ بە یەکەی کوردستانە. سا وێنا کردنی ژنی کورد لەم ئاڵۆزییەدا ناگونجێ. ئەوەش وا لە میدیاکاندا دەبینرێت، ڕواڵەتێکە لە سووژەییی ژنان. بۆ ئەوەی کە خۆیان لە وێنا کردنی خۆیاندا بەشدار نەبوونە و لەو سیستەمەدا دەستیان بە دەسەڵاتی بڕیاردان ناگات. ڕەوتی نەتەوییش نەیتوانیوە خۆی لە وێنای نەریتیی ژن دەرباز بکات و هەندێ جار هەوڵی داوە ڕواڵەتی مۆدێڕنی پێ بدات. زانستی بوون، هەوڵ دەدات ئیدیۆلۆژییەکانیش لەبەر چاو بگرێت، بەڵام پاشەکشە لە میتۆدی زانستی ناکات و لەوە ئاگادارە کە خوێندنەوەی دەروونناسی و کۆمەڵناسیی ژن و چەمکمەند کردنی بابەتەکە، درێژخایەنە و جومگەمەند کردنی ژنی کورد لە کۆمەڵگایەکی مۆدێڕندا درێژخایەنترە.
دووەم؛ وێنا نەکردنی کوردستان وەکوو یەکەی مەودای خەبات.
هەڵەی ستراتێژیی ڕەوتە چالاکەکانی کوردستان بەگشتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سیستەمی هزر و چالاکییان یان ناوچەیی یان یونیڤێرساڵ یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان یەکەی داگیرکەر بووە. تا ئەو سنوورە هزری – کۆمەڵایەتی – سیاسییە ڕوون نەبێتەوە، وێنا کردن و دەسنیشان کردنی جێگە و پێگەی ژنی کورد مسۆگەر نابێت.
زانستی بوون و دەسنیشان کردنی یەکەی کوردستان بۆ وێنا و واتا کردنی لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و ژن بەتایبەتی، بەستێنی لێک تێگەیشتنی لایەنەکان دابین دەکات. گرنگە ژن بۆ خوێندنەوەی خۆی پێشەنگ بێت و بە لەبەر چاو گرتنی دوو خاڵی پێشتر وتراو مەعریفەی فێمێنیزمی کوردستانی دابمەزرێنێت.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان