ئارامتر بخوێنەوە!

فێمێنیزم و وڵاتی سوید

تایر عەلیار

فێمێنزم کۆی ئەو جووڵانەوە و ئیدئۆلۆژییەیە کە داوا دەکا و ئیسباتی دەکا ژنەکان هەمان ماف و ئیمکانات و ئەرکیان هەیە کە پیاوان هەیانە و خۆی لەوتێکۆشانانەدا نیشان دەدا کە لە باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە مافی ژنان دەسەلمێنێ.
ئەو ئیدئۆلۆژییە سیاسییە لە سەر بنەمای “هەموو ئینسانەکان یەک بایەخیان هەیە”، فورموولە کراوە و لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتانی پێشکەوتوودا ددانی پێداهێندراوە، بە شێوەیەک کە ئەرک و ماف بۆ شەخس بە بێ فەرق و جیاوازی دیاری کراوە، ئەو شەخسە دەتوانێ ژن یا پیاو بێ. لە یاسادا ئەرک و مافیان هیچ فەرقی نیە.
ئەو دیاردە مۆدێڕنە بووەتە فەرهەنگێکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتوو بۆ پێکەوە ژیانی ئینسانەکان. لەو کۆمەڵگایانەدا بۆ هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە کە ژن، وەک پیاو مافی کۆمەڵایەتی، یاسایی، سیاسی و ئابووریی هەیە. ئەوەش لە ڕەوتی خەباتێکی دوور و درێژدا دەستەبەر بووە کە ئێستاش درێژەی هەیە. ئەو خەباتە بۆیە دوور و درێژ بووە چونکە بە درێژاییی مێژوو، پیاو بە سەر ژندا زاڵ بووە و سەرکوتی کردووە؛ بەڵام ئەو سەرکوتە چۆن ناسێندراوە و پاساو دراوە و فێمێنیزم چۆن لە شۆڕشی فەڕانسەوە تا ئەوڕۆ خۆی ڕێکخستووە و چۆن توانی بیسەر پەیدابکا بۆ ئەو ئیدە ڕادیکاڵە؟ و فێمێنیزم چۆن سەرکەوت بە سەر جنسی سەرکوتکەر و دەسەڵاتی غاڵبدا؟ و ئایا نەفرەت لە ژنان لە دنیای ئەوڕۆدا مەجالی هەیە دووبارە مەیدانداری بکا؟ هەرکامیان جێگای باس و ڕامانێکی وردە و بەشێکە لە مێژووی ئینسانی و شارستانییەتی ئەوڕۆ.
نایەکسانیی بەینی ژن و پیاو و تاوانبارکردنی ژن و باڵادەست کردنی پیاو، ڕەنگە لەو کاتەوە بێ کە خواردنی میوەی قەدەغەکراو نەزەری ئێمەی سەبارەت بە ڕۆڵی ئەو دوو جنسەی نێو ماڵ و نێو کۆمەڵگا داڕشتبێ. بە گوێرەی ئینجیل کردەوەی حەوا کە فریوی ماری خوارد و میوەی قەدەغەکراوی خوارد بووە هۆی ئەوەی ئەو دوو جنسەی لە بەرابەر یەکتردا ڕاگرت.
بەڕاستی کەم تێکستی وا هەیە ئەوەندەی ئەو تێکستەی تەوڕات کە دەڵێ(پەکوو لەو پیاوەی کە ڕێگا بە خۆی دەدا فریوی قسەی ژنێک بخوا) بناغەدانەری بۆچوون و کردەوەی ستەمکارانەی پیاو بەرابەر بە ژن لە ڕەوتی مێژووییی خۆیدابووبێ.
2
ئەوە ئەو فەرمایشەی تەوڕات و ئەو هەڵخلیسکانەی حەوا لە باغی عەدەن بوو کە بوو بە هۆی ئەوەی ژنە سویدییەکان تا سالی 1873 لە چوونە زانکۆ بێبەش کرابوون و تا ساڵی 1919 مافی دەنگدانیان نەبوو و تا ساڵی 1927 دەبیرستانی کچانە نەبوو و تا ساڵی 1958 حەقی دادوەرییان نەبوو. لە ساڵی 1960 بەولاوە ئیزن بە ژنان درا لە دەرمان یا ئامێری پێشگیری لە دووگیان بوون کەڵک وەرگرن و پێشی منداڵداریی نەخوازراو بگرن. هەروەها مافی منداڵ لەباربردنیان وەرگرت. ساڵی 1967 یاسای تازەی منداڵ لەباربردن پەسند کرا. بە گوێرەی ئەو یاسایە تا هەفتەی هەژدەهەمی دووگیانی ژن مافی هەیە منداڵ لەبار بەرێ بەڵام کە ئەو کاتە تێپەڕی، ئیدی ئەو مافەی لێ دەستێندرێتەوە و ناکرێ ئەو کارە بکا.
یاسای کەڵک وەرگرتن لە دەرمان و ئامێری پێشگرتن لە دووگیان بوون یا یاسای مافی منداڵ لەباربردن هەروەها یاسای مافی دەنگدان، هەموویان لە ڕێگای خەباتی فێمێنیستییەوە دەستەبەر کران و ئەگەر تێکۆشانی ژنانی کۆڵنەدەر نەبوایە، ئێستاش ئەو مافانە هەر وا پێشێل دەکران.
لە کۆنترین یاساکانی میسری باستان هەروەها لە یاسای حەمۆڕابی لە بابل، هیچ ماف و جێ و ڕێیەک بۆ ژن لەبەرچاو نەگیراوە. یاساکان تەنیا بۆ پیاوەکان نووسراون و ژن و کۆیلە لە کۆمەڵگادا بەحیساب نەهاتوون. مادام بەحیساب نەهاتوون، مافیشیان نەبووە و بەشێک لە داراییی پیاوەکان بوون. ئەو سوننەتە نابەجێیە وا بە یاساکراوە و زیهنیەتی ژن و پیاوی بە هەزاران ساڵ وا داگرتووە، وەک واقعییەتێکی مێژوویی ئێستاش لە هێندێک ناوچەی دواکەوتووی ئەو دنیایە، جێ پێی هەر دیارە و بەرۆکی مروڤایەتیی بەرنەداوە. ئەڵبەتە لە وڵاتی سوید کۆمەڵگا ئەو مێژووە جەببارانەیەی تێپەڕاندووە. سوید ئێستا یەک لە ئاڵاهەڵگرانی یەکسانی و یەکڕەنگییە و لە هەموو بوارێکدا و لە هەموو ڕەدە و قۆناغێکدا یەکسانیی بەینی ژن و پیاو تەتبیق دەکرێ.
فێمێنیزم بە مانای مۆدێڕنی ئەوڕۆییی خۆی بەرهەمی شۆڕشی گەورەی فەڕانسەیە. زەحمەتە پیاو بتوانێ بڵێ کەنگێ جووڵانەوەی فێمێنیستی دەستی پێ کردووە، بەڵام لە نێوەڕاستەکانی سەدەی 18ەوە ئەو بیرۆکەیە پێشڤەچوونی گرینگی هەبوو. پێش ئەو ڕێکەوتە زۆر کەس بۆ دابین کردنی مافی ژن تێکۆشابوون بەڵام نەگەیشتبوونە ئەو هەڵوێستەی کە دەبێ ژن و پیاو مافی بەرابەریان هەبێ.
3
ئەگەر بڵێین ئەو جووڵانەوەیە لە سەدەی 17وە دەستی پێ کردووە و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە گەشەی کردووە، دەتوانین بەسەر سێ شەپۆلدا دابەشی کەین.
شەپۆلی بەینی ساڵەکانی 1700 تا 1940 :
لەو سەردەمەدا ئیدەی فێمێنیزم کە ڕیشەی لە شۆڕشی گەورەی فەڕانسە و سەردەمی ڕۆشنبیریدایە، دەست بەوە کرا ئەو باسە بێتە گۆڕێ کە ئینسانەکان بایەخ و مافی دەنگدانی وەکوو یەکیان هەیە. لە ڕاستیدا تێگەیشتن لە جووڵانەوەی ژنان لەو سەردەمەوە دەست پێ دەکا. جان ستوارت میل، فیلسووفێکی بەناوبانگی ئەو سەردەمە، بوو بە ئاڵاهەڵگری سەرەتای بیری فێمێنیستی. پێشاهەنگی بیری فێمێنیستی لە وڵاتی سویدیش نووسەرێک بوو بە نێوی “فردریکا برمر” کە لە سەدەی 1800 دا دەژیا. لە ئاڵمان و بریتانیا لە سەدەی 1800 و دەستپێکی 1900دا جووڵانەوەی فێمێنیستی تین و گوڕێکی تایبەتی هەبوو و زۆر لەسەر مافی دەنگدانی ژنان پێداگریی دەکرد تا ئەو جێگایەی کەوتە نێو ئیدئۆلۆژییەکانی وەکوو کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمەوە.
سەرەڕای خەباتێکی درێژخایەن زۆری پێ چوو تا لە نێوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەدا، مافی دەنگدانی ژنان لە هێندیک وڵاتی دنیادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. سوید ئاخرین وڵاتی باکووری ئورووپا بوو کە ددانی بەو مافەدا هێنا و لە ساڵی 1921 مافی دەنگدانی ژنانی یاسامەند کرد. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە فینلاند لە نێو وڵاتانی باکووری ئورووپادا هەوەڵین وڵات بوو لە ساڵی 1906دا یاسای دەنگدانی ژنانی بەڕێوە بردبوو.
ئەو مافی دەنگدانە بەرهەمی ئەو خەباتە بوو کە لە هەموو سەدەی 18 و 19 لە دنیای ڕۆژاوادا، هەمیشە خۆپێشاندان و خۆ دەرخستنی ژنان بەڕێوە چووە تا گەیشتوونە ئەو سەرکەوتنەی کە بگەنە ئەو ئاستەی لە یەک شوێن دەگەڵ پیاوان قسەی خۆیان بە مافی بەرابەرەوە بسەلمێنن. یەک لەو تێکۆشەرە ناودارانەی لەو بوارەدا لە دنیای ڕۆژاوادا هەوڵی دا “ئێمیلین پانک هورست”ە. ئەو ژنانەی لەو جووڵانەوانەدا بەشدارییان کرد لە بریتانیا و ئامریکا هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگایەکی یەکسانتر دروست کەن. خەباتی بێوچان و بەردەوامی ئەوان بەشێکە لەو بنەمایانەی کە جووڵانەوەی ئەوڕۆی فێمێنیستیی لە سەر دارێژراوە. ئێستا هەموو وڵاتانی ئورووپا ئەو مافەیان لە یاسای بنەرەتیی خۆیاندا گونجاندووە و بەڕێوەی دەبەن. ئاخرین وڵات لیختن شتاین بوو کە ساڵی 1984 ئەو مافەی بەیاسایی کرد.
شەپۆلی بەینی ساڵەکانی 1940 تا 1990 :
4
پێش شەڕی جهانیی هەوەڵ، پەرەگرتنی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ، بۆوەی وڵامدەرەوەی ویستی بازاڕ بێ پێویستیی بە هێزی کاری زیاتر هەبوو بە چەشنیک ئەو هەلەی ئامادەکرد کە ژنان لە کونجی ماڵێ بێنە دەر و وەکوو هێزی کار بێنە بازاڕەوە و وەکوو پیاوان بتوانن لە کارخانە و دامەزراوەی دەوڵەتیدا کار بکەن و دەوریان هەبێ و ئەوە کەلێنێکی گەورەی نایەکسانیی بەینی ژن و پیاوی پڕکردەوە. بەڵام شەڕی جهانیی هەوەڵ و ئەو کارکردانەی بەدوایدا هاتن، بۆ وێنە داڕمانی ئابووری، بۆ ماوەیەکی کاتی جووڵانەوەی فێمێنیستیی لە ڕەونەق خست بەڵام لە بەینی ساڵەکانی 1950 تا 1980 بووژانەوەیەکی بەهێزی فێمێنیستی سەری هەڵدا کە لەسەر ئاشکرا کردنی بایەخی ژن و نەبوونی یەکسانیی بەینی ژن و پیاو و شکڵی ناشایستی کۆمەڵگا لەو پەیوەندییەدا دەدوا و باسی یەکسانیی ژن و پیاو لە نێو بنەماڵە، شوێنی کار، ڕادەی خوێندن، توندوتیژی لە نێو بنەماڵەدا و هتدی دێنا گوڕێ. مارکسیزم بە کەڵکوەرگرتن لەو پرسانە لە شۆڕشی ئازادیخوازانەی ئەو سەردەمەدا لەسەر ئەو زەمینەیە بوو بە سەرهەڵدانێکی باڵادەست. لە ساڵی 1960 تا 1970 جووڵانەوەی فێمێنیستی هێز و قەوامێکی دیکەی گرت و هەنگاوەکانی بۆ ئازاد کردنی ژن بە هێزتر کرد.
لە ساڵی 1960 ڕا کە بەڕاستی دەستپێکی ئەوە بوو کە ژن لە هەموو بوارێکدا وەکوو پیاو مافی یەکسانی هەبێ، کاتی ئەوە هات زۆر پرسیاری گرینگی دیکە تاوتوێ بکرێ؛ بۆ وێنە یەکسانیی ئابووری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی. ژنەکان دەستیان بەوە کرد داوای مافی کارکردن و حەقدەستی وەکوو پیاوان بکەن کە هەرچەند لەوبارەیەوە پێشکەوتن زۆربووە دیسانیش هێندێک جیاوازی هەر هەیە.
شەپۆلی سێهەم لە 1990 ەوە تا ئێستا:
ئێستا ئێمە خۆمان لە شەپۆلی سێهەمی فێمێنیزمدا دەبینینەوە کە زۆر پان و بەرینە و زۆر بابەتی تازەی هێناوەتە گۆڕێ وەکوو پێشگرتن بە فێمێنیزمی سپی (1)، خەبات بۆ لابردنی چینی جیاوازی کۆمەڵایەتی، دژایەتی دەگەڵ باسی نژادپەرەستی، چۆنیەتیی پەیوەندیی سێکسی و زۆر شتی دیکە.
وڵاتی سوید لە 21 ی ژانویەی ساڵی 2019 ەوە کابینەیەکی فێمێنیستی هەیە کە وەزارەتەکانی بەینی ژن و پیاو یەکسان دابەش کردووە و لە ڕاستیدا فێمێنیزم و یەکسانیی بە تەواوی لێک گرێداوە و لە بەرنامەی کاری دەوڵەتدا نووسراوە دەمانهەوێ کۆمەڵگایەکمان هەبێ کە لەوێدا هەموو ئینسانەکان بایەخی وەک یەکیان هەبێ، مافی وەک یەکیان هەبێ، ئیمکانی وەک یەکیان هەبێ و ئەرکی وەک یەکیان هەبێ و جنسییەت بەربەست بۆ کەس دروست نەکا. بۆ وڵامدانەوە بەو پرسانە، شەش خاڵی گرینگی دیاری کردووە کە لەو بوارەدا کاریان لەسەر دەکا:
1.دابەش کردنی یەکسانی دەسەڵات و نفووز
یانی ژن و پیاو، ماف و ئیمکانی یەکسانیان هەبێ لە هەڵسووڕانی کۆمەڵایەتی و چۆنیەتیی دابەش کردنی دەسەڵات و ئیمکانات لە هەموو ئیدارات و دامەزراوەکانی دەوڵەتی و نێو کۆمەڵگا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر.
2. یەکسانیی ئابووری
ژن و پیاو بۆ کاری یەکسان، حەقدەستی یەکسانیان هەبێ و تواناییی بەخێو کردنی خۆیان و منداڵەکانیان هەبێ و بتوانن بەرپرسی ژیانی خۆیان بن.
3.پەروەردەی یەکسان
مافی وەک یەک بۆ ژن و پیاو و کچ و کوڕ، بۆ خوێندن و هەڵبژاردنی لقی خوێندن و بەرنامەدانان بۆ پێشکەوتن و پەروەردەکردنی کەسایەتیی خۆیان.
4. کار کردنی بێ حەقدەست وەکوو یەک
مەبەست کارکردنی نێو ماڵێیە کە بۆ ئەوە پارەیەک وەرناگیڕێ و ژن و پیاو یەکسان و پێکەوە دەبێ ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنن کە چاوەدێری و گەورەکردنی منداڵیش دەگرێتەوە.
5. یەکسانی لە ساغی و سڵامەتیدا
مەبەست ئەوەیە ئیمکاناتی پێشگیری لە نەخۆشی و خزمەتگوزاریی چاک کردنەوەی نەخۆش و هەر پێداویستییەکی بۆ ژیانێکی سڵامەت و سەرکەتوو لازمە، بە بێ فەرق و جیاوازی لە ئیختیاری گەورە و منداڵ، پیر و جحێڵ، کچ و کوڕ، ژن و پیاو، بە شێوەی یەکسان، بە بێ فەرق و جیاوازی بەکار دەهێندرێ.
6. توندوتیژیی پیاو بەرانبەر بە ژن دەبێ تەواو بێ
ئەو خاڵە زۆر شت دەگرێتەوە و تەنیا مەبەست لێدان و کوتان نیە، بۆ وێنە جنێو و قسەی سووک، تەوس و تەشەر، فشاری ڕۆحی خستنە سەر ژن، فشاری ماڵی و کار خستنە سەر ژن، تەنانەت کاری سکسیش دەگەڵ ژن کردن بە بێ مەیلی ژنەکە، ئەگەر ژن و مێردیش بن مەنع کراوە و بە تاوان دەژمێردرێ و نابێ ڕووبدات.
فێمێنیزمی سپی : زیاتر مەسایلی ژنانی سپی پێستی کلاسی نێونجیی کۆمەڵگا دەخاتە بەرچاو. هەوڵ دەدا ئەو هەنگاوە نێودەوڵەتییانەی بۆ دابینکردنی مافی یەکسانی دەدرێ داپۆشێ و بیانشارێتەوە. هەوڵ دەدا مافی ژنانی چینی کرێکار لە پێش چاوان لابا و نەدیدەیان بگرێ. خەباتی چینایەتیی ژنان و ئەو شێوە سەرکوت کردنەی لە وڵاتانی دواکەوتوو، ژنان بەرەوڕووی دەبنەوە هەروەها ڕاسیزم بەهێند ناگرێ.

ژێدەر

1( فێمێنیزمی سپی : زیاتر مەسایلی ژنانی سپی پێستی (
کلاسی نێونجیی کۆمەڵگا دەخاتە بەرچاو. هەوڵ دەدا ئەو هەنگاوە
نێودەوڵەتییانەی بۆ دابینکردنی مافی یەکسانی دەدرێ داپۆشێ و
بیانشارێتەوە. هەوڵ دەدا مافی ژنانی چینی کرێکار لە پێش چاوان
لابا و نەدیدەیان بگرێ. خەباتی چینایەتیی ژنان و ئەو شێوە
سەرکوت کردنەی لە وڵاتانی دواکەوتوو، ژنان بەرەوڕووی دەبنەوە
هەروەها ڕاسیزم بەهێند ناگرێ.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان