ئارامتر بخوێنەوە!

فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم؛ لێکتێگەیشتنی دووقۆڵی

زانیار سنە

ناتەباییی فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم یان بەرەو لێکتێگەیشتنی دووقۆڵی

«خۆکوژیی کچێکی تەمەن ١٢ ساڵان لە ئیلام»، «ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵان لە شاری سنە بەدەست دوو براکەی کوژرا»، «کوشتنی کچێکی ١٨ ساڵانی مەریوانی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە»، «کچێکی دیواندەرەیی بە هۆی گوشاری بنەماڵەوە کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا» ئەمە و دەیان مانشێتی لەم جۆرە شایەتحاڵی بارودۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە لەم سەدەی بیست و یەکەمەدا لە کاتێکدا لە هێندێک وڵاتی دێموکڕاتیکی ڕۆژئاوایی تا ڕادەیەک مافەکانیان دابین کراوە و ئیدی ژنان نەک دڵەڕاوکێی سەرەتاییترین مافی ژیان و ترسی کوشتن و بڕینان نییە، بەڵکوو هەوڵ بۆ یەکسانی و بەرانبەری لە زۆربەی بوارەکاندا ئەدەن و نموونەشیان زۆرە کە توانیویانە لە بواری سیاسەت، ئابووری و … ڕۆڵی بەرچاو و چالاکانەیان ببێت. ئەتوانین وا بڵێین کە ئەمڕۆ چالاکیی ژنان و ژنانی فێمێنیست، کەوتووەتە قۆناغێکی دیکەوە بەڵام ئەم بەرەوپێشچوونە لە بەشێکی دیکەی دونیا وەک وڵاتانی ئاسیایی، ئەفریقایی و ئەمریکای لاتین، بەم شێوەیە نییە. بۆیە پێم وایە ناتوانین کێشە و گرفتەکانی ژنان لە یەک کانتێکستدا بخوێنینەوە و جۆری کێشەکان جیاوازن. بۆ نموونە کێشەی خەتەنەی ژنان لە وڵات تا وڵات و نەتەوە بە نەتەوە جیاوازە و ئەم حاڵەتە لە ناو هەموو نەتەوە و ئایینەکاندا نییە.
کورد وەک ئەوەی «دێشنێر» دەڵێت نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە کە تا ئێستا نەتوانیوە کیانێکی سەربەخۆی هەبێت و هێشتا خەریکە خەباتی بۆ ئەکات، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش زۆرن ئەو ژنانەی لە پەنای خەبات بۆ یەکسانی، ژیانی خۆیان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی تەرخان کردووە و ناویان لە مێژوودا تۆمار بووە. بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد هێندێک ئەزموونی چاک و خراپی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسی ژناندا هەبووە. چالاکانی بواری ژنان و بە تایبەت فێمێنیستە کوردەکانیش ڕەخنەی توندیان لە کارنامەی بزووتنەوەی کوردی و شێوازی داڕشتنی پیاوسالارانەی هەیە و پێچەوانەکەشی بەرەی نەتەوەیی، هێندێک ڕەخنەیان لە هەڵسوکەوتی چالاکانی ژنان هەیە. ئێستا پرسی سەرەکی ئەوەیە ئەم ڕووبەڕووبوونەوە و دووجەمسەرییەی نەتەوەخوازی و فێمێنیسم لە قازانجی کێیە و ئایا یەکڕێزیی ئەم دوو بزووتنەوەیە ئەتوانێ مافەکانی هەردوولا مسۆگەر بکات؟ دوو بزووتنەوەیەک کە لە لایەک ئازادیی ژنان ئەتوانێ پوتانسیەلی نیوەی کۆمەڵگا بۆ خەباتی نەتەوەیی ئاوەڵا بکات و لە لایەکی دیکەشەوە سەرکەوتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکڕاتیکیش دەتوانێ وەک دەسەڵاتێکی مەشرووعی سیاسی و یاساتەوەر دۆخی ژنان بگۆڕی و ئاستەنگەکانی بەردەم چالاکییەکانیان کەمتر بکاتەوە.
ئەم وتارە هەوڵی ئەوە ئەدا کە باروودۆخی ژنانی کورد و جیهان و هەروەها بە پێی نزیکایەتیی جوگرافیاییی ژنانی کورد لەگەڵ ژنانی ئێرانی هەلومەرجی ژنانی ئێرانی بخاتە بەر باس و لە لایەکی دیکەوە پەیوەندیی خەباتی ژنانی کورد لەگەڵ یەک سەدە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات بنرخێنێ.
دۆخی ژنان لە مێژووی جیهاندا
ڕەنگە ئەم وتەیەی «مارکس» کە دەڵێت «کەڵەکەبوونی سامان» یەکەم هەنگاوە بۆ داگیرکاریی مرۆڤ و دەسڕاگرتن بەسەر سەرجەم وزە و سامانەکان و ڕێگەیەکە بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ و هەروەها سەرەتایەکە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگای چینایەتی.
ڕۆڵی ئابووری لە ڕاگرتنی هێز و باڵانس لە هەموو بوارەکاندا لە کۆمەڵگەدا بەرچاوە. هەر وەک دەگوترێ ژنان چەندە لە باری ئابووریدا بەشدار بن لە بڕیارەکانیشدا بەشدارن. بۆیە مرۆڤ هەوڵ بۆ وەدەسختنی دەسەڵات و داسەپاندنی ئەو دەسەڵاتە بەسەر هەموو بوونەوەر و سەرجەم سامان و سەرمایەی گۆی زەویندا ئەدات. بێگومان ژنانیش وەک بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگا، بەسەرهاتی تراژێدیای داگیرکاری و چەوساندنەوە و بەکۆیلەکردنیان وەک نیوەی کۆمەڵگا، بە درێژاییی مێژوو لە ئارادا بووە؛ واتە لەم سۆنگەیەوە مێژوو لە هەموو چاخەکاندا پڕە لەم کاولکاری و یەخسیرکردنە و بێگومان سێ چینی منداڵ، بەساڵاچوو و هەروەتر ژنان بەتایبەت لە کاتی شەڕ و ململانێکاندا زەرەمەند و یەکەم قوربانیی زێدەخوازیی مرۆڤی باڵادەست بوون و لەم ڕووەوە کۆیلەکردنی ژنان گرینگیی ئەوتۆی هەیە.
«ئیولین ڕید» یەکێ لە بیرمەندانی فێمێنیست کە لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر بنەما مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی ستەم بەرانبەر بە ژن کردووە لەو باوەڕەدایە کە لە چاخێکی دێریندا، سەردەمێک کە ژن‌سالاری بووە، ژنان ڕۆڵی سەرەکییان لە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا گێراوە کە دواتر بە هۆی پێکهێنانی بنەماڵە، خاوندارێیتیی کەسەکی، سەرهەڵدانی بنەماڵەی ناوەند تەوەر، ستراکتۆری کۆمەڵگا تووشی گۆڕان بووە و ژنان لە گۆڕەپانی ئابووری و کۆمەڵایەتی وەلا نراون.( ڕید، اولین،1383.صفحه ٥)
چالاکانی بواری فێمێنیستی بەردەوام ڕەخنە لە دابەشکردنی کار و ئاستەنگەکانی بەردەم سەربەخۆییی ئابووریی ژنان چ لە سەردەمی هاوچەرخ و تەنانەت چ پێش مۆدێڕنیشدا دەگرن و پێیان وایە دابەشکردنی پیشە بە پێی تواناییی جێندەری، هەوڵێکی دیکە بووە لە پێناو چەوساندنەوەی ژنان. ئەگەر چی ئێستا بەشێک لە ژنان لە زۆر بوار و پیشەدا هەلی کاریان بۆ ڕەخساوە، بەشێکیان تا ڕادەیەک سەربەخۆییی ئابوورییان هەیە، بەڵام هێشتا هەر توندوتیژی لە کۆمەڵگادا هەیە و هێشتا دابونەریتە کۆنەکان بەسەر ژیانی نوێدا زاڵن و ئەم ڕاستییانە ئەوە دەر دەخەن کە کار کردن لەسەر بیر و باوەڕی کۆمەڵگا بە نیسبەت ژنەوە وەک مرۆڤ نەک جنسێکی لاواز، گرینگترە لە هەموو هەوڵێک.
بەو هەموو چالاکییانەی ژنان لەسەردەمی نوێدا، نە گۆڕینی شێوازی ژیان، نە بەشداریی ئابووری و دەسەڵاتی ئابووری، نەیانتوانی شێوە ڕوانینی سەقەتی پیاوسالاری نێو کۆمەڵگا بگۆڕن و ئامرازەکانی نوێی سەردەمی مۆدێڕنیتەش بە ڕێکاری نوێ و شێوازی نوێوە لە خزمەت کۆیلەتیی ژناندا بوون، بۆیە دەربازبوونی ژنان لە هەڵاواردنی ڕەگەزی شۆڕشێکی هزریی پێویستە و بردنەسەرەوەی ئاستی خوێندنی ژنان و گۆڕینی پارادایمی فیکری، هەم لە لایەن ژنانەوە کە جێندەرەی دووهەم نین و هەم کاریگەریی لەسەر پیاوان، لەڕێگەی پەیوەندیی بەردەوام و لێک تێگەیشتن، نەک خۆ خستنە ناو دوو بەرەی لێکدژی ژن و پیاو، مسۆگەر ئەبێت. بڕێجار بە شێوازی مەدەنی ئیمکانی ئەوە هەیە کە لە ڕێگەی گوشار خستنەسەر بنکەکانی دەسەڵات و هەروەها سیستەمی پەروەردەوە (وەک زۆر وڵاتی پێشکەوتوو کە تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوون)، هەر لە قوتابخانەوە فێری چۆن هەڵسووکەوت کردنی دوو جێندەری جیاواز لەگەڵ یەکدی و پرۆڤەکردنی ئەو پارادایمە فیکرییه بین کە لە واقێعدا مرۆڤ دابەش ناکرێتە سەر دوو باڵی ژێر دەست و باڵا دەست و ئێمە تەنها لەگەڵ یەک جێندەردا ڕووبەڕووین ئەویش مرۆڤێکە بە سەرجەم خەسڵەتەکانییەوە و ئەگەر جیاوازییەکیش هەیە تەنها لە ڕووی جەستەیییە و ئەگینا توانایییەکان بەرانبەرن. سەرەڕای ئەمەش و لەباسی پەروەدەدا ئەگەر گەڕین بۆ بەرانبەری ژنان و پیاوان لەسەرجەم بوارەکاندا و نەهێشتنی هەڵاواردن و ماف و دەرفەتی بەرانبەر، ژنان پێویستیان بە خەباتێکی بەرفراونی سیاسی-مەدەنی بۆ مسۆگەرکردنی سەرجەم ماف و داخوازییەکانیاندا هەیە.
بێگومان باسی ژنان لە وڵاتە دێموکڕاتیکەکانیشدا هێشتا چارەسەر نەکراوە و نایەکسانی و نادادپەروەریی هەیە، تەنانەت لە وڵاتێکی وەک فینلاند کە سەرۆکوەزیران و چەند وەزیری لە ژنان پێکهاتووە، ناتوانین بڵێین کە هەڵاواردنی ڕەگەزی سەدا سەد بنبڕ بووە؛ گۆڕینی سیمای سیاسی ناتوانێ کولتووری هەڵاواردن بەرانبەر بە ژنان بگوڕێ و هێشتا ژنان بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دەستەبەرکردنی مافەکانیان، چالاکی ئەکەن.
بە پێی لێکۆڵینەوەی بانکی جیهانی سەبارەت بە یەکسانیی مافی ژن و پیاو لە ۱۸۷ وڵاتدا، تەنها ٦ وڵات بە شێوەی یاسایی، مافی بەرانبەر بۆ ژنان دابین ئەکەن. سوید، دانماراک، فەڕانسە، بێلژیک، لێتۆنی و لۆکزامبۆرگ، توانیویانە یاسا بکەنە زامنی پاراستنی مافی ژنان و سەرکەوتوو بن. لەم لێکۆڵینەوەیەدا باسی ئابووری و ڕێژەی بڕیاردانی ژنان لەسەر پیشە و چالاکییەکانیان لەبەرچاو گیراوە. پێورگەلێک وەک ئەوەی ژنان چەندە لە سەر شوێنی ژیانیان بڕیارەدەرن یان ئایا لە شوێنی کار و چالاکییەکانیاندا یاسایەک دژ بە ئازاری جنسی لەبەر چاو گیراوە؟ ئەگەرچی ئەم پێوەرانە بۆ ژنان لە وڵاتە دواکەوتووەکان کە هێشتا لە سەرتاییترن مافەکانیان بێ‌بەشن چ بگاتە ئەوەی کە بتوانن لە باری ئابووری، سیاسی و کولتووری چالاک بن، مسۆگەر نەبووە. بۆ نموونە لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئێران لە ڕیزبەندی دوایین وڵاتاندا کە زۆرترین هەڵاواردنی ڕەگەزیی تێدایە، ناوبراوە.( سەرچاوە، دۆیچەوێلێ)
کەڵکەڵە و کێشمەکێشی ژنان لە وڵاتە پێشکەوتوو و دواکەوتووەکانی جیهان ناکرێ وەک یەک لەبەرچاو بگرین. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بە پێی ئەو هەنگاوانەی بۆ دێموکڕاسیەت و یەکسانی دراوە، دیارە هەلومەرجی ژنان چەندین پلە لە ژنانی وڵاتانی نادێموکڕات لەبەرەوەن؛ وڵاتە پێشکەوتووەکان کە ژنان زۆرتر لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و کولتووری، بەشداری دراون، ژنان بۆ یەکسانی لە پلە و پایەی سیاسی و بەشداری لە پرۆژە سیاسییەکان، باری ئابووری، یەکسانی لە مووچەی لەگەڵ پیاوان و لە ڕووی کولتوور و زانستەوە، هەوڵ بۆ کاندیداتۆریی ژنان بۆ پلە زانستییەکان و هەلی بەرانبەر بۆ وەرگرتنی کورسیی زانستگاکان و … ئەدەن، ئەگەرچی بەمانەشەوە هێشتا ژنانی ڕۆژئاوا زۆریان ماوە بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن.
لە لایەکی دیکەوە گرفتەکانی ژنان لە وڵاتە دواکەوتوو و نادێموکڕاتەکاندا جیاوازان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی؛ هێشتا ژنان سەرەتاییترین مافی هاتنە دەرەوەیان لێ زەوت کراوە، وەرگرتنی میرات، بەردباران، شێوە جل پۆشین، لێخوڕین و دەیان شتی لەو جۆرە و ڕۆژانەش هەزاران حاڵەتی لێدان و توندوتێژی بەرانبەر بە ژنان تۆمار ئەکرێ و بە پێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاواش کە بڕێکی زۆر لەو هەڵاواردنانە لە لایەن چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگاوە دەکرێ و لێرەدا دەوڵەت وەک مەرجەعێکی یاسایی پشتیوانی لە تاوانباران ئەکات.
حاشاهەڵنەگرە کە لە یەک سەدەی ڕابردوودا، بزووتنەوەی فێمێنیستی بۆ سڕینەوەی ئەم هەڵاواردنانە هەوڵی زۆری داوە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە وشیارکردنەوەی ژناندا هەبووە، بەڵام زۆربەی چالاکییەکانی ژنان، ناکرێ بخرێتە خانەی فێمێنیسمەوە و زۆر چالاکی ژنمان هەیە کە خەریکی خەباتکردن بوون کەچی خۆیان بە فێمێنیست لە قەڵەم نادەن. ئەمەش ئاسایییە و بەپێی توێژینەوەکان کە لە ئەمریکا و ئەورووپا ئەنجامدراوە، لە هەر ٥ ژنی گەنج تەنها یەک کەسیان خۆی بە فێمێنیست ئەزانێ. «کریستینا شارۆف» مامۆستای زانکۆی کینگر کالێجی لەندەن لەو باوەڕەدایە کە ئەگەرچی هەوڵی ژنان و تەنانەت پیاوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڵاواردنی ڕەگەزیی ڕوو لە هەڵکشانە و بەشێکی زۆری کۆمەڵگا لەگەڵ یەکسانیی ڕەگەزیدا هاوڕان، بەڵام لایەنگری لە چەمکی فێمێنیسم و پەیوەندی ‌گرتنی ژنان لەگەڵ ئەم زاراوەیە زیادی نەکردووە و ئەمەش تەنها قەبووڵ نەکردنی چەمکی فێمێنیسمە، نەک دژایەتییان لەگەڵ بەرانبەریی جێندەری. لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە کە فێمێنیسم بۆ چینی کرێکار و خوارەوەی کۆمەڵگا سەرنجڕاکێش نییە‌ و زۆرتر کەسانێکی سەر بە چینی سەرەوە و مامناوەندیی کۆمەڵگا خۆیان بە فێمێنیست دەزانن. لە هەموو ئەو توێژینەوانەدا فاکتەری “نەتەوە- نەژاد” ڕۆڵی بەرچاوی لە پەرەسەندنی بیری فێمێنیستیدا هەبووە و ژنانی ڕەش پێست، لاتین و ئاسیایی، پێیان وایە کە فێمێنیسم توانیویەتی لە دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا یارمەتیدەریان بێت.
ژنانی ئێرانی لە سەردەمی سەفەوییەکان بەملاوە
یەکەم وێنە لە ژنانی سەردەمی سەفەوییەکان، قاجاڕەکان و… کە هەر تاکێکی ئێرانی دێتە بەرچاوی باسی حەرەمسەرا و بوونی دەیان و سەدان ژن وەک هاوسەری پاشا بووە و بڕێجاریش وەک چیرۆکێکی کۆمێدی باسی کراوە، کەچی ئەوە تەنها وێنەیەکی سەرەتایی و ڕووکەشییە لە دۆخی ژنان و مێژوو تا توانیویەتی بێڕەحمانە خۆی لە ئازار و قاتوقڕی و کۆێلەبوونی ژنانی ئەو کاتە و بگرە ئێستاش گێل کردووە.
ئەوەی تا ئێستا لە سەر دۆخی ژنان لە مێژوودا تۆمار کراوە، تا دەگاتە سەردەمی هاوچەرخ لە سەفەوییەکان و قەجەرەکانەوە تا پەهلەوییەکان، زۆرتر باسی ژنانی ناوەند و ژنانی ناو کۆشکی پاشاکان بووە و کەمترین باسێک لە ژیانی ژنانی ئاسایی کراوە و ئەو بەشەی نێو تەلار و بارەگاکانیش حاڵ و وەزعێکی وایان نەبووە، وەک کۆیلە و میراتی سوڵتان کە بە زۆرەملێ داگیرکراون و ئەوەی سوڵتان پێی خۆش بووە پێیانی کردووە؛ لە دەستدڕێژیی زۆرەملێی سێکسییەوە بگرە تا کوشتن و سەربڕین و تەنانەت سووتاندن کە ئەوەی ئاخریان زۆرتر لە سەردەمی شاعەباسی دووهەم باو بووە و وەک کولتوورێک ماوەتەوە کە ژنان بە سووتاندن سزا دەدران.
ئەگەرچی بەشێک لەسەرچاوەکان باس لە گۆڕانکاریی ستراکتۆر و ڕێکخراوەکانی ئێران لە سەردەمی قەجەرییەکان دەکەن و بیچم‌گرتنی گۆڕانکاریی فیکریی بەشێک لە ژنانی کۆمەڵگا و هێندێک ئاڵوگۆڕ لە هەلومەرج و پێگەی ژنان و هەروەها دابونەریتەکان دەکەن. ئەم گۆڕانکارییانەش بۆ ئاشنابوونی کۆمەڵگای ئێران لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوا و ئاڵوگۆڕی هزری و کولتوریی ئەوکات ئەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆی سەرهەڵدان و هەستانەوەی بیری ئایینی و میللی لە پێناو مسۆگەرکردنی داخوازییەکانیان کە ژنانیش بەشێک لەو بزووتنەوەیە بوون. بەڵام «میرزا ئاغای کرمانی»، ڕەخنە لە دۆخی خراپی ژنان لە سەردەمی قەجەرەکان دەگرێ و دۆخی تاریکی ژنان بەمجۆرە وەسف ئەکات: « ژنانی ئێرانی نەک تەنها لە چاوی کۆمەڵگاوە بە سووکی و بێڕێزییەوە چاو لێ ئەکرێن و وەک کۆیلەن، بەڵکوو لە خوێندن بێبەهرەن و لە فەخری زانست دوور خراونەتەوە و بێ ئاگا لە هەموو جیهان، لە هەموو هونەرەکان بێبەهرە کەوتوون و پێوەندییان لەگەڵ کۆمەڵگا نییە و لە قوژبنی ماڵە وێرانەکانیان، جاڵجاڵۆکە‌ئاسا لە ناو خەیاڵی ژنانەی خۆیاندا ئەژین و بە پێی سروشتی خۆیان ئەیچنن. شەو لەسەر شەو بە دەیان فێڵ و درۆ بەڵکوو بتوانن لە دەست مێردێکی ناپیاوی نەمروودڕەفتار خۆیان دەرباز بکەن.»(میرزا ئاغای کرمانی.لاپەڕەی ۲۰).
سەردەمی مەشرووتە لە ئێران کە زۆرتر هەوڵێک بووە بۆ مسۆگەر کردنی ئازادی، تەسککردنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی و هەروەها سەروەریی یاسا و پێکهێنانی دوڵەتی یاسا، کاریگەریی زۆری لەسەر جومگەکانی کۆمەڵگا داناوە.
ژنان لە بزووتنەوەی مەشرووتەخوازیدا توانیان ڕۆڵ بگێڕن و هەوڵی بە ڕێکخراوەیی کردنی کێشەی ژنان درا، ئەگەرچی ئەو هەوڵانە لە ئەنجامدا دەنگدانەوەیەکی لە یاسای مەشرووتەدا نەبوو و هیچ ئازادییەکی وای بۆ ژنان مسۆگەر نەکرد، تەنات مافی دەنگدانیشیان پێ نەدرا. هێندێک هەوڵ بۆ پەروەردە و خوێندنی ژنان درا و چەند مەکتەب و قوتابخانەی ژنان کە زۆرتریان لە تاران بوون دامەرزان، بەڵام ئەم هەوڵانە ئەوەندە کەم بوون کە لە ئاست داخوازی و ئەو چاوەڕوانییەی کە لە بزووتنەوەی مەشرووتەخوازی ئەکرا، نەبوون. ئەتوانین بڵێین مەشرووتەش ژنانی لەو هەڵاواردنە ڕزگار نەکرد بەڵام چالاکیی ژنان، بەتایبەت ژنانی ڕۆشنبیر کە توانبوویان چەند گۆڤار و چاپەمەنیی تایبەت بە خۆیان دابمەرزێنن، درێژەی هەبوو.

ژنان و بزووتنەوەی کورد

سەرجەم ئەو کتێبانەی لەسەر مێژووی چەند سەدەی ڕابردووی کورد نووسراون پیاوسالارانە بوونە و کەمتر ئاوڕ لە ژنان و دۆخی ژیانیان دراوەتەوە. ئەوەی لە هەموویاندا هاوبەشە و وەک گوزارە و ڕستەیەک هاتووە کوشتن و بڕینی هۆڤانەی ژنان و منداڵانی بێ‌تاوان لە کاتی هێرشکردنی وڵاتانی داگیرکەر بووە کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا و سەرهەڵدانی شەڕ و بەرگریی کورد لەگەڵ دەوڵەتە ستەمکار و داگیرکارەکاندا، ئەو چینە تەنها وەک قوربانیی سەرەکی ناویان لێ براوە. ئەتوانین ئەم گوزارەیە وا پشتڕاست کەینەوە کە بەداخەوە ژنانی کوردەواری، هەم لە لایەن وڵاتی داگیرکارەوە بوونەتە گۆشتی قوربانی و هەمیش لەملاوە لە کۆمەڵگای کوردیدا بە هۆی دابونەریتی باو، زۆرترین ستەمیان لێ کراوە و چەوسێندراونەوە و کۆمەڵگای نەریتخواز ڕێگەی نەداوە ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە چارەنووسیاندا هەبێت و بڕیاردەر بن و ئەگەرچی ئەمەش لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکە لە یەک زەمەندا بەراورد بکەین، حاڵ و ڕۆژی ئەوانیش هیچ لە ژنانی کورد باشتر نەبووە و بگرە خراپتریش بووە.
بە گشتی لە کوردستاندا سێ جۆرە خوێندنەوە لەسەر گوتاری ژنان زاڵ بووە: یەکەم ڕەوتی بناژۆخوازان کە زۆرتر لە کەسانی ئایینی و هەروەها سوننەتگەرا پێکهاتووە کە هەر لە بنەڕەتدا لەگەڵ یەکسانی و مافی ژنان هاوڕا نین و باوەڕیان پێی نییە. بەرەیەکی دیکە کە سەر بە پارادیمی ناسیوناڵیسمی بنەڕەتخوازن و پرسی نەتەوەیی و کورد زۆر ڕۆمانسی چاو لێ ئەکەن و پێیان وایە مێژووی کۆمەڵگای کوردی نیشانی داوە کە پارێزەری مافی کەمینەکانی ناو کۆمەڵگای خۆی بووە و بۆ سەلماندنی ئەو گوتارە پەنا بۆ مێژوو و دەیان حەکایەتی دیکە دەبەن، لە واقیعدا پێیان وایە کورد بێ کێشە و گرفت و نەتەوەیەکی پاقژە بووە. ڕوانگەی بەرانبەر و خوێندنەوەی سێهەم کە خوێندنەوەیەکی فێمێنیستییانەی لە ژنان هەیە باسی ناسیۆنالیستی بە دواکەوتووانە ئەبینێ و پێی وایە کە پرسی نەتەوایەتی نەک کێشەکانی ژنان چارەسەر ناکات بەڵکوو ڕێگریشە لەبەردەم چالاکی و مافی ژنان و زۆر ڕەشبینانە لە بزووتنەوەی کوردی ئەڕوانن. ئەم ڕەهەندەش وەک ڕەوتە جیهانییەکەی نەیتوانی خۆی لەگەڵ چینی خوارەوەی کۆمەڵگا، کە بەشێکی هەرە زۆری ژنانی کوردی پێکئەهێنا، ڕێکبخات و زۆرتر پێکهاتەکەی بریتی لە ژنانی چینی مامناوەندەی بەرەو سەری شاری بوو.
زۆربەی کوردناسە بیانییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ژنانی کورد بە نیسبەت ژنانی نەتەوەکانی دیکەی دراوسێ وەک تورک، عەرەب و فارس ئازادییان زۆرتر بووە و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کۆمەڵگای کوردەواریدا گێڕاوە. «کلۆدیۆس جەیمز ڕیچ» گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسی بریتانی لە سەفەرنامەکەیدا کە ۱۸۲۰ .ز نووسراوە زۆربەی ناوچە و بەشەکانی کوردستان گەڕاوە، پێی وایە کە ژنانی کورد لەچاو ژنانی تورک و عەرەب لە ڕووی هەڵسوکەوت و حیجاب و … ئازادترن. ڕیچ دەڵێت: «پیاوان (مەبەست پیاوی کورد) بە شێوەیەکی یەکسان و هاوتا لەگەڵ ژنان هەڵسوکەوت ئەکەن. ژنانی کورد، بە گاڵتەوە چاو لە ژنە تورکەکان ئەکەن کە لە بەرانبەر مێردەکانیان وەک کۆیلە ئەبینرێن. لە کوردستاندا جۆرێک سەربەخۆییی بنەماڵەیی ئەبینرێ و کە ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی عوسمانییەکانەوە هەڵە و نادروست بووە.» (جەیمز ڕیچ، کلۆدیۆ،۱۳۹٦ لاپەڕەی ۲٤٤)
بەڵام سەرەڕای ئەمانەش ستەمی سەرکردەی عەشیرەت و خان و خانزادەکان لە ئیمارەتەکانی خۆیان بەرانبەر بە ژنان کە چۆن لەخۆڕا ژنەکانیان تەڵاق ئەدا و بەزۆرەملێ لەگەڵ کچێکی بنەماڵەیەکی هەژار، بەبێ ڕەزامەندیی بنەماڵەی کچەکە و خودی کچەکە، هاوسەرگیرییان ئەکرد، ئەمانە و زۆر شتی دیکەش لە چاوی گەڕیدە و مێژوونووسانیش دوور نەبووە و دەیان حاڵەتی وا تۆمار کراوە.
«ویلیام ئیگڵتون» بەم جۆرە باسی ژنانی مهاباد ئەکات و ئەڵێ: «ژنانی نەجیب و ناودار کەمتر پێش دێت لە ماڵ بێنە دەر و ئەگەریش بە پێی پێویست بیانهەوێ لە ماڵ بێنه دەر لەگەڵ چەند ژنێکی بەساڵاچوودا دێنە دەر و خۆیان لە ژێر دونیایەک چارشێو و عەگاڵدا دائەپۆشن و بەمجۆر ڕەسەنایەتیی خۆیان دەپارێزن.»( ایگلتون، ویلیام 1963. صفحه ٥٦)
«سی له سەدی ئەو پەنابەرانەی ئاوارە و سەرگەردان ئەبن و دێنە ناو خاکی ئێران، ژنانن» (دشنر، گونتر 2011. صفحه ۳۰٤)
«لە باشوور لەگەڵ دابونەریتێکی سەیر ڕووبەڕوو بووم کە باس لە مافی گەنجانی دێهاتێک بەسەر کچانی ئەو دێهاتەوە ئەکات، ئەگەر ئەو کچە لەگەڵ گەنجێکی دێهاتێک یان شوێنێکی دیکە هاوسەرگیری بکات، بنەماڵەی زاوا دەبێ باجێک بە گەنجانی ئەو گوندەی کە بووک تێیدا دەژی، بدات.»( برویین سن، مارتین وان 1946. صفحه ۹۹)
ئەوانەی سەرەوە چەن دیمەن لە دەیان و سەدان دیمەنی ژنانی کورد لە کتێبە مێژوویەکاندایە و دەیان حاڵەتی جۆراوجۆری لەمجۆرەی ژنانی ستەملێکراوی کورد تۆمار کراوە.
هەلومەرجی جواگرافیای هەر هەرێمێک کاریگەریی لەسەر ڕۆڵی ژنان لەو کۆمەڵگایەدا بووە، ڕۆڵی ژنانی شوێنە شاخاوی و چیاکان لەگەڵ ژنانی شوێنەکانی دیکە جیاواز بووە، ئەوەش بۆ ئاستی بەشدارییان لە کاروباری ڕۆژانە و تەنانەت ئابووریی بنەماڵەدا ئەگەڕێتەوە. تەنانەت ئەم جیاوازییە بۆ ژنانی لادێ و ژنانی شار و دیوانسالارەکان بەدی دەکرێت، سەردەمانێک کە ژنان لەبەر دابونەریت و یاسای ئەو کۆمەڵگایە نەیانتوانیوە نەک ئازادانە هاتۆچوو بکەن بەڵکوو مافی تەنانەت هاتنەدەرەوەیشان لێ زەوت کرابوو، هەر ئەوکات ژنانی لادێ بە پێی زەروورەتی ژیان و شێوازی ژیوارکردنیان، دەبووا شان بە شانی پیاوان لە کاتی کشتوکاڵ یان ئاژەڵداری، یارمەتیی بنەماڵەیان بدەن، ئەگەرچی لەباری ئابوورییەوە هیج دەسکەوتێکی بۆیان نەبوو و تەنانەت لە میراتی ماڵی باوکیشیان هیچیان بەر نەدەکەوت چ بگاتە ماڵی مێردەکەیان، بەڵام لانیکەم ئەو هەلەی بۆیان ئەڕەخساند کە لە ماڵەوە نەمێنن و پەیوەندییان بەنیسبەت ژنانی دیکە لەگەڵ کۆمەڵگا نەبچڕێ. سەرەڕای ئەمانە بەڵام ئەو بەشداریکردنەی ژنان لە ئابووریی بنەماڵەکەیاندا هیچی لە موعادیلەکە نەگۆڕی و هیچ پارسەنگیەکی دروست نەکرد و ژن هێشتا وەک بوونەوەرێکی سووک سەیر ئەکرا و هەڵاواردنی ڕەگەزی هەر لە جێگەی خۆی مابووەوە.
هەر وەک چۆن لە مەشرووتە بەملاوە ژنان هەوڵیان دا کە مافەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە مەدەنییەکانەوە پەیڕەو بکەن، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش ئەو جموجووڵانەش دەستی پێکرد. ناکرێت باس لە بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین و باسی پێکهێنانی «یەکیەتیی ژنانی کوردستان» نەکەین. ڕێکخراوەیەک کە بەرهەم و لەدایکبووی کۆماری کوردستانە و لە سەردەمی قازی محەممەددا سەری هەڵدا. ئەگەرچی ئەو ڕێکخراوەیە لە سەر باڵی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی دروست بوو و تا ڕادەیەک بەشداریکردنی ژنان لە کۆمەڵگا و چالاکییەکان درێژەدەر و لە خزمەت سیاسەتی پیاوان و سەرخستنی دەوڵەتی کوردیدا بوو. بەڵام بۆخۆی لە چەند ڕووەوه سەرنجڕاکێش بوو. یەکەم ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا و دەوڵەتانی دەوروبەر، شتێکی بێ وێنە بوو کە سەرۆککۆمارێک (پێشەوا قازی) بە ڕاشکاوی و ئاشکرا داوا لە ژنان بکات کە لە کۆمەڵگادا چالاک بن و ڕۆڵیان هەبێ (کەچی لە مەشرووتە دەسەڵات خۆی ڕێگر بوو) و داوا بکات کە ژنان دەست بە خوێندن بکەن و کچەکانیان بۆ قوتابخانە بنێرن و هەر لە سەردەمی قازیدا بوو کە چەند قوتابخانە دامەزران. دووهەم ئەوەی کە لە سەردەمی کۆماردا، ژنانی کورد هێندێک ئازادییان پێ درا کە ژنانی دیکەی ئێران و ناوچەکە لێیان بێبەش بوون. لەوانە خوێندن، هاتنە دەرەو لە ماڵ و… سەرەڕای ئەمانەش ئەو هەڵسوکەوتە ئەرێنییانەی سەردەمی کۆمار بوو بە کولتوورێک کە تا ئێستاش لە ناو حیزبەنەتەوەیییەکاندا پێشکەوتووانەتر پەیڕەو ئەکرێ.
ڕاستە پێش کۆمار و سەردەمی مەشرووتە ژنان تا ڕادەیەک توانییان چالاکی بکەن و هێندێک ڕێکخراوە و گۆڤاریش دابمەرزێنن بەڵام بە گشتی ئەنجامێکی ئەوتۆی بۆ ژنان نەبوو و هەروەها لە لایەن مەشرووتەخوازانیشەوە هیچ سیاسەتێکی فەرمی بۆ پشتیوانی لە ژنان کە لە بەرەوپێشچوونی مەشرووتەدا ڕۆڵیان هەبووە لە ئارادا نەبوو. ئەگەر بڕگەی ٥۱ی یاسای مەشرووتە لەگەڵ دۆخی کۆماردا بەراورد بکەین، ئەبینن کە لە مەشرووتە ژنان و ئازادییەکانییان لەبەر چاو نەگیراوە، کەچی یاساکانی کۆمار پێشکەوتووتر و بە پێی بەڵگەکان ژنان تا ڕادەیەک ڕزگارتر بوون. ئەمەش ئەتوانین وەک نموونەیەکی ئەرێنی بۆ کۆماری کوردستان لەبەرچاو بگرین.
هەرێمی کوردستان وەک ئەزموونی زیندووی دەسەڵاتداری لە ئێستای کورددا کە نیمچە حوکمڕانییەکە و هێشتا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی نییە، ئەتوانین لەبەرچاو بگرین. لە هەرێمدا ڕاستە هێشتا توندوتیژی و هەواڵی کوشتنی نامووسی کە لە لایەن بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا پشتیوانی ئەکرێن، بوونی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش ناتوانین کە هێندێک خاڵێ ئەرێنییش لەبەرچاو نەگرین بۆ نموونە لە بەشداریی سیاسیی ژناندا بە پێچەوانەی ژنانی دراوسێ ڕێژەی ژنانی وەزیر و بەرپرس لە ئاستێکی بەرزە و تەنانەت سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دراوەتە ژنێک و ئەمەش نیشانەی متمانە و هەلی بەرانبەر بۆ ژنانە، ئەگەرچی نابێ تەنها بە ڕێژەی بەشداریی ژنان لە پۆست و پلە و پایەدا وەک نۆرمێک و هەنگاوێک بۆ هەڵاواردنی ڕەگەزی بڕۆانین و چونکە بڕێک جار ئەو ژنانە وەک نوێنەری بیری پیاوسالاری هەڵسوکەوت ئەکەن.
یەکێ لە ڕەخنە و نیگەرانییەکانی ژنان لە پرسی نەتەوەیی ئەوەیە کە ئەگەرچی ژنان لە خەباتی میللیدا بەشداری ئەدرێن و له زۆر ڕووەوە سیمایەکی پاڵەوان ئاسا بە ژنان ئەدەن، بەڵام دواتر کە شۆڕش سەردەکەوێ ژنان دووبارە هەناردەی ناو ماڵ و سەرقاڵی ئیشی ناو ماڵ و منداڵداری ئەکرێن، وەک ئەوەی وڵاتی هیندووستان کە بزووتنەوەی سەرانسەری و نەتەوەیی دژ بە داگیرکەر کەوتە ڕێ کە ژنانیش تێیدا بەشدار بوون و سەرکەوتن، بەڵام دواتر وەلا نران و پەڕاوێز کەوتن یان ئەوەی ژنانی ڕۆژئاوا لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی، ژنان لە زۆر شت بەشداری دران و پاش کووژانەوەی شەڕ بۆ چالاکیی سیاسی و ئابووری، ڕێگرییان لێ کرا کە دواتر بووە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی بەرفراوانی ژنان لە جیهاندا.
لە شۆڕشی یەک سەدەی ڕابردووی بزووتنەوەی کوردی بە تایبەت ئەم دواییانە، ژنان هەوڵیان دا کە لە تەنیشت پیاواندا خەبات بکەن. پێش شۆڕشی ٥۷ و سەردەمی پاشایەتی، ژنان بە شێوەی نهێنی لە ڕێکخراوە بەتایبەت چەپەکاندا چالاکییان دەکرد بەڵام پاش دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، خەباتی ژنان قۆناغێکی نوێی بڕی و ژنان بە پەیوەست بوون بە هێزە کوردییەکان وەک هێزێکی سیاسی- نیزامی ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا و نموونەی ئەوانەی کە شان بە شانی پیاوان حەماسەیان خولقاند زۆرن. ئەم دۆخە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش زۆرن و وەک ئەوەی لە ژنانی شۆڕشێگێڕی کوردی ڕۆژئاوا بینیمان کە زۆر بوێرانە لە سەنگەری خەباتدا چالاکییان نواند بە جۆرێک کە سەرنجی جیهانیان بەرەو لای خۆیان ڕاکێشا و ئەتوانین بێژین خاڵێکی وەرچەرخان لە بزووتنەوەی تەنانەت ژنانی جیهان و ڕوانینی موحافیزەکارانە بە نیسبەت ژنان دێتە ئەژمار و بووە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی ژنان.
دەبێ خەباتی ژنان بە دوو ئاراستەدا دابەش بکەین یەکەم خەباتی سیاسی- چەکداری و دووهەم خەباتی مەدەنی. خەباتی چەکداریی ژنان کە زۆرتر لە قەوارەی حیزبە کوردییەکاندا بووە و ژنان بە پەیوەست بوون بە هێزە کوردییەکان چالاکییەکانیان لە دووسەنگەردا و دژ بە ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و هەروەها کۆمەڵگای پیاوسالار و نەریتخواز دەست پێ کرد. هەروەها خەباتی مەدەنی کە لە ڕۆژهەڵات و پاش شۆڕشی ئیسڵامی دەستی پێ کرد، مێژوویەکی پڕ هەوراز و نشێوی هەیە کە ئەم چالاکییانە کە بە کرانەوەی زانکۆکان و هەوڵی ژنان بۆ خوێندن لە زانکۆکان، ڕێکخستنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوە نهێنییەکان، چاپەمەنی و ماڵپەڕەکان و سازکردنی دەیان کەمپەینی جۆراوجۆر، توانیان بە دەرخستنی کەڵکەڵە و گرفتەکانیان، دژ بە هەڵاواردنی ڕەگەزی چالاکی بکەن، بێگومان زۆربەی ئەو ژنانەش لە ژێر بیری چەپ و فێمێنیستیدا وەک ژنانی پێشڕەو لە وشیارکردنی کۆمەڵگا و بە تایبەت ژناندا ڕۆڵیان گێڕا و ئەم چالاکی و پێشڕەو بوونە وای کرد کە ژنانی ڕۆژهەڵات توانییان سەرەنجی ژنانی ئازدیخوازی ئێران بەرەولای خۆیان ڕابکێشن، بەجۆرێک کە ئەتوانین بڵێین پێشەنگی ژنانی مافخواز و ستەملێکراو بوون و هێندێک لەو چالاکییانەش بوون بە سیمبولی خەباتی ژنانی ئێرانی. لەوانەیە هەر لە سەرەتای کۆماری ئیسلامییەوە و بەشداریی ژنانی کورد لە حەرەکەتی مەدەنیانەی خەڵکی سنه بۆ پشتیوانیی خەڵکی مەریوان و ڕێپێوان، شان بە شانی پیاوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی تا بەڕێوەبردنی یادی ۸ی مارس و بەشداری لە خۆپیشاندان و کەمپەینی یەک میلیۆن واژۆ هەتا پایسکیلسواریی بە کۆمەڵی ژنانی مەریوانی و دەیان چالاکیی لەمجۆرە وای کردووە کە ژنانی ڕۆژهەڵات، وەک پێشەنگی بزووتنەوەی ژنان له ئێراندا چاویان لێ بکرێ.
یەکێ لە خەسارەکانی چالاکیی مەدەنیی ژنان کە لە سەرەوەش باسمان کرد ئەوەیە کە وەک زۆربەی ژنانی جیهان چینی مامناوەندی بەرەو سەر تێدا بەشدار بوون و لە ماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا ژنانی چینی خوارەوەی کۆمەڵگا کە زۆربەشیان لە خوێندن بێبەری بوون و زۆرتر لە دێهاتەکان یان پەڕاوێزی شارەکاندا دەژیان، ئاگایان لەو چالاکییانە نەبوو و ئەگەریش ئاگادار بوایەن لەبەر دۆخی زۆر دژواری ئەم چینە و زاڵ بوونی پیاوان بەسەر ژناندا، نەیانئەتوانی بەشدار بن یان هاوڕایی بکەن و سەرەڕای ئەمەش ژنانی فێمێنیست و چالاکی کوردەواری، کەمتر ئاوڕیان لەم بەشەی کۆمەڵگا داوەتەوە و ئەمەش بەردەوام وەک بۆشایییەک لەبەردەم بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتدا بووەتە هۆی نیگەرانی، تاڕادەیەک کە ئێستا کەڵکەڵەی بەشێک لەو چالاکە فێمێنیستە کوردانە وەک ئەکتێکی سانتیمانتاڵی لێهاتووە و دیارە ژنانی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگا کە هێشتا لە سەرەتاییترن مافەکانیان بێبەرین، کەڵکەڵەگەلێکی وەک پایسکیڵسواری، سێکسی ئازادانە و … دەیان شتی وا بە هی خۆیان نازانن.
پاش شۆڕشی ٥۷ لە ئێراندا و هاتنە سەرکاری تاریکپەرستانی بەرەی کۆماری ئیسلامی و باڵادەست بوونی ئایین و مەزهەبی شیعە بەسەر یاسادا و هاتنە سەرکاری دەوڵەتە فاشیست و دواکەوتووەکان بە جێگەی دەوڵەتی یاسا، وای کرد هەڵاواردنەکان نەک تەنانەت له ڕێژیمی پاشایەتی زیاتر بوو بەڵکوو هێندێک دابونەریتی دڕندانه دژ بە ژنان وەک بەردباران، چەند ژن هێنان و… زیندوو بکرێتەوە.
بە پێی ئەوەی ژنانی کورد بەشێک بوون لە ژنانی ئێرانی و لە ژێر حوکمڕانیی فارسەکاندا ژیاون و دەبوایە ئەو یاسا و ڕێسایانە کە لە سەرانسەری وڵاتدا هەبوو ئەوانیش پەیڕەویی بکەن، بۆیە حیجابی زۆرەملێی سەردەمی خومەینی و لابردنی حیجابی سەردەمی ڕەزاخان کە هەردووکیان وەک پێشلکردنی مافی مرۆڤ ئەژمار ئەکرێ، مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن و دەیان شتی دیکە کە یاسای فەرمی پشتیوانیی لێ کردووە، ژنانی کوردیش بوونەتە قوربانیی یاسادانەران و کۆنەپەرەستانی تاران و بەو پێیەش کە سیاسەتوانانی کورد چ پێش کۆماری ئیسلامی و چ پاش کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بەشداری نەدراون و هیچ ڕۆڵێکیان لە دانانی یاسادا نەبووە، ناتوانین قەزاوەتێکی وا لەسەریان بکەین و ئاستی کاریگەرییان لەسەر یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بخەینە بەرباس. بەڵام ئەتوانین بێژین هێزە کوردییەکانی سەرەتای شۆڕشی ٥۷ یەکەم هێز لە ئێراندا بوون کە دژ بە یاسای بنەڕەتی لە ئێراندا وەستان. ئەگەرچی کورد لە یاسای بنەڕەتیدا هیچ ڕۆڵی نەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی یاسای ئێران لەسەر ئەساسی ئیسلامی سیاسی و مەزهەبی شیعە دامەزراوە و بە پێی نزیکاتیی جوگرافیایی، ئایینی و کولتووری بەشێک لەو یاسا کۆنەپەرەستانەیەی ناو یاسای بنەڕەتی وەک هاوسەرگیریی ژنان لە تەمەنی خوارەو یان منداڵ‌هاوسەری، حیسابکردنی ژن وەک نیوەی پیاو لە میرات ‌وەرگرتن و شاهیدی دان، مافی یەکلایەنی تەڵاق بە پیاوان و… کۆمەڵگای سوننەتیی کوردیش زۆر کێشەی لەگەڵ ئەو یاسایانە نەبووە و وەک دابونەریتێکی باو ڕەچاوی کردووە.
چالاکیی ژنان و ڕەوتی فێمێنیستیی کورد تا ڕادەیەک جیاوازیی لەگەڵ ژنانی دیکەی جیهان هەیە لەبەر ئەوەی کە ژنی کورد دەبێ لە دوو سەنگەردا شەڕ بکات، واتە سەرەڕای ئەوەی ژنانی کورد زوڵمیان لێ کراوە و دەبێ خەباتی بۆ بکەن، لە کۆمەڵگایەکیشدا دەژین کە لە قەوارەیەکی گەورەتردا نەتەوەکەیشی ستەملێکراوە و بێگومان ژنیش کە نیوەی ئەو کۆمەڵگایە پێکدێنێ، لەڕووی نەتەوەییشەوە ستەمی لێ کراوە و تەنها پەیوەندیی بە پیاوانەوە نییە، بۆیە لەم لایەشەوە خەباتی بۆ ئەکات هەر وەک لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا ئەنجامی داوە.

فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم

دوو بزووتنەوەی فێمێنیستی و ناسیۆنالیستی ستەملێکراو، هەر دووک کەڵکەڵەی ئینسانییان به نیسبەت کۆمەڵگاوە هەیە، بەو جیاوازییەوە کە فێمێنیسم وەک کەمینە هەوڵی چارەسەرکردنی نیوەی کۆمەڵگا واتە ژنان دەدات و ناسیۆنالیسم، خەباتێکی بەرفراوانتر بۆ گەلانی ستەملێکراو، چ ژن چ پیاو، دەکات.
کورد لە سەدەی بیستەمدا ڕووبەڕووی هێندێک پرسی چارەنووسساز وەک مۆدێڕنیتە، پێشکەوتن و ناسیۆنالیسم بووەوە و بە وتەی «عەبدوڵڵا جەودەت» کە لە ساڵی ١٩١٣ ئەوکات کە باکوور لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا دەبێت، دەڵێ: «ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە بڕیار لەسەر چارەنووسی نەتەوەکان دەدرێ و بە فەرمی دەناسرێن» (کلاین، جانیت. لاپەڕەی ١١٠) و بۆیە کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست و داگیرکراو لەو دۆخەدا دەبوایە وەک زۆربەی نەتەوەکانی دونیا هەوڵ بۆ وەرگرتنی مافی سەربەخۆیی و ڕزگاری لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا بدات. لەو نەزمە نوێیە جیهانییە و بە سەرهەڵدانی ناسیونالیسم لە ناو زۆربەی نەتەوەکاندا، زۆربەیان بوون بە دەوڵەت یان بە مافی خۆیان گەیشتن، کەچی مەخابن کورد پاش زیاتر لەسەدەیەک خەبات، هێشتا بە قەولی گونتر دێشنێر نەتەوەی بێ دەوڵەتە.
خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ناسیونالیسمی کوردی بە پێی ئەوەی زۆرترین هەوڵی بۆ وەدەست خستنی مافی نەتەوایەتی و دەسەڵاتی کوردی تەرخان کردبوو و لە زۆربەی قۆناغەکاندا هەوڵی بۆ هەلێکی شیاو بۆ ژنانی کورد لە ڕووی خوێندن و پەروەرەدەوە دا و کەچی ئەو هەوڵانە بەشێکیان لە پێناو سەرخستنی بیری نەتەوایەتی و وشیاریی نەتەوایەتیدا بووە نەک وشیاریی ڕەگەزی و چاوەڕوانی ئەوەیان ئەکرد کە ژنان، ئەرکی قورسی پەروەردەکردنی منداڵانێکی شوناسخواز و نەتەوەیی لە ئەستۆ بێ کە ئەم خوێندنەوە و چاوەڕوانییەش زۆرتر لە خوێندنەوە و گوتاری ئیدێئاڵیستی نزیک بوو وەک چۆن کەسە ئایینییەکان دەڵێن کە لە پشت هەر پیاوێکەوە ژنێکی باش هەیە و بەهەشت لە ژێر پێ دایکانە و … زۆرتر ڕۆڵی ژن لە پەروەردەکردنی منداڵانی چالاک و وشیار لە پێناو عەقڵی باوی کۆمەڵگا یان کۆڵەکەی سەرەکیی پتەوکردنی بنەماڵەیە؛ واتە ژن بۆ ویست و داخوازییەکانی ئەویدی بژیت و خەبات بکات و خۆی و داخوازییەکانی پشتگوێ ئەخرێ.
فێمێنیستەکان بەردەوام بە ڕەشبینییەوە چاو لە ناسیۆنالیسم ئەکەن و پێیان وایە کە ناسیۆنالیسم نەک تەنها ڕێگرە لەبەردەم مافەکانیان بەڵکوو خۆی بەشێکە لەو هەڵاواردنە و تەنها لەسەر زێدەخوازیی پیاوان بۆ گرتنی هێزی سیاسییە.
«جانیت کلاین» سەرهەڵدانی «کێشەی ژن» لە ناو ئاخێوی سیاسیی کورددا بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و ڕۆشنبیرانی کوردی عوسمانی لە ساڵی ۱۹۱۳ دەگەڕێنێتەوە کە هاوکات بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵێک کێشە و ئەکتەری نوێدا و بەم جۆرە باس لە کێشەی ژنان و هاوکات بوونی لەگەڵ پەرەسەندنی بیری نەتەوایەتیدا ئەکات: «به نیسبەت کوردەوە؛ هەروەک گەلێ لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی دیکەی هاوچەرخ “کێشەی ژن” و تەنانەت خودی ژنیش دەوری زۆر گرینگی نەبوو؛ بەڵکوو بابەتێک بوو کە زۆرتر پیاوان بڕیاریان لە گرنگییەکەی دەدا و سیمبولی مەسەلەکانی دیکە بوو؛ واتا گۆڕەپانێک بوو بۆ خەبات لە پێناو کۆمەڵێک پرسی بەرفراوانتر.( کلاین، جانیت. لاپەڕەی ۱۰۱)
کلاین لە شوێنێکی‌دیکەدا وا باس ئەکات کە ئەگەرچی قەڵەم بە ‌دەستان و ڕۆشنبیرانی کوردی سەردەمی عوسمانی پەرەسەندنی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا وەک هەنگاوێکی شارستانییەت لەقەڵەم ئەدەن، بەڵام بەهەرحاڵ کێشەی ژن یەکێ لەو کێشە بچووکترانە بوو کە ڕۆشنبیرانی کورد لە چوارچێوەی هەوڵە بەرفراوانەکانیاندا هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرد.
لە کاتێکدا کە ڕوونە کوردە ناسیۆنالیستەکان دانیان بە گرنگبوونی پەروەردەی ژنان بۆ مان و بەختەوەریی نەتەوەی کورددا دەنا، پێداگریشیان لەسەر دەوری زۆر بنەڕەتیی ژنی کورد هەم لە بواری هوشیاریی نەتەوەیی و هەم لە بواری ژیانی نەتەوایەتیدا بە گشتی وەک مامۆستایەک دەکرد.( هەمان، لاپەڕەی ۱۱٥)
جیاوازبووون یان هەوڵی جیاوازبوون لەگەڵ نەتەوەکانی تر، هێندێک تایبەتمەندیی بۆ ناسیۆنالیسمی کوردی دروست کرد، ئەم جیاوازییەش بۆ نەتوانەوە لە ناو نەتەوەکانی دیکەی داگیرکەری تورک و عەرەب و فارس دەگەڕایەوە کە کوردیان وەک شوناسێکی جیاواز لەقەڵەم نەدەدا، لەم ڕووەوە ناسیۆنالیستە کوردەکان جۆری ڕوانینیان بە ژنان و مەسەلەی ژنیان جیاواز لێکدەدایەوە و پێیان وابوو ژنانی کورد لەچاو ژنانی دیکەی وڵاتانی دەراوسێ ئازادترن و تەنانەت ئیسلامیش وەک ئایینی زاڵی ناوچەکە، نەیتوانیوە ئەو ئازادییانە بەرتەسک بکاتەوە و لە ڕووی پەروەردە، حیجاب و زۆر شتی تر، کورد هەم ئاوەڵاتر بووە و هەم یەک لە پێشمەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کوردیش لەقەڵەم ئەدرێ.
سەبارەت بە پەیوەندیی فێمێنیسم و ناسیۆنالیسم، تێرمێکی نوێش هاتووەتە ناو ئەدەبیاتی فێمێنیستەکانەوە کە پێی دەڵێن «فێمۆناسیۆنالیسم». ئەم چەمکە بەم جۆرە باس کرواە کە باسێکی نوێیە لە بواری توێژینەوەی ژنان و جێندەر کە دەوڵەتانی نیۆلیبراڵیستی ڕۆژئاوا بە خراپ کەڵک وەرگرتن لە کێشەی ژنان بەڕواڵەت وا نیشان ئەدەن پشتیوانی لە مافی ژنان ئەکەن کەچی وەک پاشەڕۆکی ناسیۆنالیسمن کە باسی ژنان بۆ خزمەتی سەرهەڵدان و بەرهەمهێنانی نەتەوە دێننە گۆڕێ و بەمجۆرە لە جەستە سێکسواڵیتەی ژن کەڵک وەرئەگرن. ئەم بزووتنەوەیە پێ وایە کە دەوڵەتە نەتەوەخوازەکان لە ژنان وەک کەرەسەیەک بۆ مۆدێڕن کردنەوە و هاوکاتیش گۆڕانی بایەخە جێندەرییەکان، بە مەبەستی ڕاگرتنی ستراکتۆری چینایەتیی دەسەڵات لە نێوان دوو ڕەگەزەکەدا، کەڵک وەرئەگرن.( صادقی پویا، مهدیس، صفحه 14)
ئەنجام:
تەنانەت ئەگەر میترا دایکی خواکان و سیمبولی زاوزوێ و ئاوەدانی سەر بە نەتەوەی کورد بێت، یان «زیغە خاتوون» حوکمڕانی گەورە شاری حەڵب و «حەمیدە خانی ئەردەڵان» حاکمی ڕەوانسەر و … لە سەردەمی خۆیاندا حوکمڕانییان کردووە و ڕۆڵیان لە سیاسەتدا بووبێت، ئەمانە یان ئەوەندە کەم بووە و کەم ڕوویداوە یان بە هەر هۆکارێکی دیکە و هەر چی بێت نەیتوانیوە سیمای پیاوسالارانەی کۆمەڵگەی کوردی بگۆڕێ.
باس کردن لەسەر فێمێنیسم و ڕەهەندەکانی و پەیوەندیی لەگەڵ بوارگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەتر، پەیوەندیی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیونالیستی پێویستی بە لێکۆڵینەوە لەو بەشە جۆراوجۆرانە و وردەکاریی زۆرترە و کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم دوو بزووتنەوەیە و ناسینی هەرکامیان، توێژینەوەی ئاکادیمیانەی ئەوێ.
یەکەم دوژمنی بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژهەڵات، هێزی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامییە کە بە شێوەی سیستەماتیک بەرانبەر بە ژنان توندوتیژی ئەکات. بێگومان بۆ بنبڕکردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەبێ هەوڵ بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە بدرێ؛ بۆیە بۆ سەرخستنی ئەم پلانە، پێویستە لەگەڵ هێزە کوردییەکان و بزووتنەوەی نەتەوەیی هاوکارییان هەبێت و بۆ ڕووخاندنی دووژمنی هاوبەش، یەکڕیز بن و هاوکاریی هاوبەشیان هەبێت.
ئەگەرچی دەوڵەت زامن و گەرەنتیی بەختەوەریی مرۆڤەکان و هەروەها کێشەی ژنان نییە و زۆربەی ئەو دوڵەتانەی کە نموونەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤێندا زۆرە، خۆیان یەکەم کەسن کە مافی ژنان نەک مسۆگەر ناکەن بەڵکوو بە شێوەی سیستەماتیک هەوڵ بۆ نایەکسانی و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان ئەدەن. لە واقێعدا ئەتوانین بڵێین کە ئەم دەوڵەتانە، لەسەر ئیرادە و ویستی نەتەوەکان دروست نەبوون و زۆرتر وەک دەبینین بە شەڕ و زۆرەملێ یان لەسەر ویست و بەرژەوەندیی وڵاتانی کۆلۆنیالیستی دامەزراون و بڕێ جاریش بە پێی تێکنەدانی ئەو شتەی پێی دەڵێین ئاژینی جیهانی و بێگومان ئەوەش هەر لە بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێزدایە؛ بۆیە ئەو دەوڵەتانە کە بە شێوەی نادێموکڕاتییانە بەڕێوە دەچن و یاسا سەروەر نییە، بوونیشیان ناتوانێ مافی زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگا، یەک لەوانەش ژنان، دەستەبەر بکات.
پرۆسەی پێشکەوتن و مۆدێڕنیتە لە لایەکەوە و چارەسەکردنی کێشەی ژن لە کۆمەڵگادا لە لایەکی دیکەوە و هەروەها چینی ڕۆشنبیر و ئێلیت لە ڕێگەی نووسین و خوێندنەوەی سەردەمیانە لە کێشەکان و کردنیان بە پرسی ڕۆژی ناو کۆمەڵگاوە، دەتوانن هەنگاوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەرچەشنە توندوتیژییەک بەرانبەر بە ژنان شلگێرانەتر بکەن.

ژێدەر:

– رید، اولین،1383. فمنیسم و جنبش کارگری، ترجمه مسعود صابری، نشر طلایه پرستو
– میرزا ئاغای کرمانی، پەرتووکی سێ نووسراوە
– جەیمز ڕیچ، کلۆدیۆ۱۳۹٦. سەفەرنامەی کلۆدیۆس جەیمز ڕیچ، دوکتور حەسەن جاف، وەشانخانەی ایران‌شناسی
– ایگلتون، ویلیام 1963. جمهوری ۱۹٤٦ کردستان، ترجمه سید محمد صمدی، انتشارات آکسفورد
– دشنر، گونتر 2011. کرد ملت بی دولت، ترجمه کمال الدین محمدی، انشارات آراس
– برویین سن، مارتین وان 1946. جامعەشناسی مردم کرد،ترجمه ابراهیم یونسی، انتشارات پانیذ 1378
– کلاین، جانیت، ڕۆشنبیران و کێشەی ژن، وەرگێڕ وریا ڕەحمانی ٢٠١٢، وەشانخانەی سەردەم
– صادقی پویا، مهدیس. مقاله فیموناسیونالیسم: همبستگی فمینیسم و ناسیونالیسم نولیبرالی

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان