ئارامتر بخوێنەوە!

فێمێنیسم یان دژایەتیکردنی پیاو

ئالین ڕۆژهەڵات

زۆر جار ئەگەر سەرنج بدەینە کۆمەڵگا و دەوروبەرمان، جا چ لە نێو چینی خوێندەوار و بڕێجار کەم خوێندەواریش، تووشی کەسانێک دەبین کە بە نێوی فێمێنیسم و کەوتنەگەڵ بزووتنەوی فێمێنیستی، دژی پیاو و ڕەگەزی نێر دەوەستنەوە و ڕەگەزی نێر بە تاوانباری سەرەکیی چەوسانەوە و ژێردەستەییی خۆیان دەزانن و بەمجۆرە بەرەیەکی پەرش و بڵاو و بێسەروبەرە و تەواو دژی پیاو بەدیهاتووە کە هیچ بنەمایەکی زانستیی لەپشت نییە و هەڵبەت کاریگەریی نەرێنیی لە سەر بزوتنەوەی فێمێنیستیی ڕۆژهەڵات داناوە و ئەگەر ڕوونکردنەوەی لەسەر نەکرێ پەک بە ڕەوتی تازەپێڕەوکەبووی فێمێنیسمی کوردی دەخا.
بە داخەوە لە کوردەوارییش لەو ساڵانەی دواییدا ئەو بابەتە تۆختر بووەتەوە و زۆرێک لەو ژنانەی لە ڕەوشی خۆیان لە کۆمەڵگادا ناڕازین، ڕوو دەکەنە ئەو هەڵسوکەوتە و خەریکە پرسی سەرەکی کاڵ دەبێتەوە و پشتگوێ دەخرێ.
لەحاڵێکدا ئەو بابەتە ئاشکرا و ڕوونە کە کێشەی ژن لە وڵاتی ئێمە پیاو نییە و بەڵکوو ئەوە دیاردەی هەڵاواردنی ڕەگەزی و پیاوسالارییە بە ڕەهەندی جۆربەجۆریەوە کە نووکەڕمبی نەک هەر ڕووی لە ژنە، بەڵکوو ژن و پیاو و خێزان بەگشتی دەپێکێ. بێگومان ئەو دیاردە نەگریسە، ئەگەر بەردەوام بێ و خەسارناسی و لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکرێ و بۆ چارەسەرکردنی لە بناغەوە و بە شێوەی زانستییانە هەنگاو هەڵنەگیرێ، نەک هەر کۆمەڵگای لێ دەرباز نابێ، بێگومان نەوەی دواڕۆژیش بە هەمان شێوەی ڕابردوو، دەبنە قوربانیی ئەو دۆخە ناحەز و ماڵوێرانکەرە.
شکی تێدا نییە کە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە بەڵام دیارە کەلتووری سەقەت و نەریتە ژەنگاوییەکان و خڵتەی فکری خێڵایەتی، ئەو باڵادەستییەیان ڕادەستی پیاو کردووە و ناکرێ لەونێوەدا هەر پیاو تۆمەتبار بکرێ.
شتێکی ڕوون و ئاشکرایە لە بزووتنەوە فێمێنیستیەکاندا بە گشتی پیاوەکان دەوری کارا و شوێندانەریان هەبووە و کەم نین ئەو پیاوە مەزنانەی کوردیش کە لەدژی چەوساندنەوە و ژێردەستەییی ژنان وەستاون و بەرەنگاری ئەو ستەمە بوونەتەوە کە لە ژن کراوە و دەکرێ. سەردەمێک کە هێشتا تەنانەت ناوی بزووتنەوەی فێمێنیسم بۆ وڵاتی ئێمە نامۆ بوو، گەورەشاعیرانی کوردی وەک مامۆستا قانع بە چەکی پێنووسیان لەو نایەکسانی و هەڵاواردنەی نێوان ژن و پیاو ڕاساون و لە بەرهەمەکانیاندا بەرەوڕووی ئەو ستەمە بوونەتەوە کە لە ژن دەکرێ.
مامۆستا هێمن پێی ستەم وغەدرە ژن بەس تەنیا لە سوچی ماڵ دانیشێ، تەشی بڕێسێ و لە دژی بێبەشکردنی ژن لە خوێندن و زانست و بەشداری لە کۆمەڵگادا دەوەستێ و ئاوات و خولیای پێشکەوتن و گەشەی ژنی کورد مێشکی دەتەنێ.
زۆر جار ئێسک و پڕوسکی فەرامۆشکراوی ئەو ژنانەی لە ئاگری نەریتی باب و باپیرانیاندا بوونە خۆڵەمێش، بە بالۆرەی گریان و شینگێڕیی شیعری شێرکۆ لە خەوی مەرگ ڕاچەنیون. شێرکۆ ئەو پیاوەیە چرای شیعری هەڵدەگرێ و ڕوو دەکاتە ئەو کۆڵانە تاریکانەی بای خوداش نایانگرێتەوە و تەنها مێ بە ژانەکانیان ئەزانێ. ئیمپراتۆری شیعری جیهان لە بەشی زۆری دیوانە شیعرییەکانیدا لە ڕێی لزگەکانی ملوانکەی شیعریەوە دەنک دەنک دەچێتە قوڵاییی خەمی ژنانی وڵات و بە نمەنمەی فرمێسکی چاوانی، ژانەکانیان دەنووسێتەوه.
ئەو پیاوە بوێرانەش جێی ڕێزن کە شەق لە قاقای ڕەشی مێشکە بۆگەنەکان هەڵدەدەن و لە وڵامی بێ ڕێزی و سوکایەتی به جلوبەرگی ژنانی وڵاتەکەیان، بە شانازییەوە جلوبەرگەکە دەکەنە بەریان و دێنە پێش ئەو چاوانەی تانەی گەمژەیی، ساڵەهایە بەری ڕووناکیی ئاوەزی لێ گرتوون و سوکایەتی بە جلوبەرگی دایک و خوشکەکانیان دەکەن.
دیارە پیاوسالاری وەک لوویەکی شێرپەنجە وایە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێ هەموو خانەکانی کۆمەڵگا دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و هەرەس بە پێشکەوت و تەنانەت بزووتنەوەکان دێنێ. حاشا کردن لەمافی ژن وەک گرینگترین چینی کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر بردنی کۆمەڵگایە.
لەباربردنی پتانسیەل و توانستی ئەو چینەی سەلماندویەتی دەتوانێ لووتکەکانی زانست و هونەر و ئەدەبیات بگرێتەوە و تەنانەت چەک لەشان کا و سەرکەوتووانە شەڕی دوژمنانی گەل ونیشتمان بکا، نەک هەر هەڵەیە، بەڵکوو خەیانەتێکی پاساو هەڵنەگرە لە حاند نیشتمان.
مخابن وڵاتی ئێمە هێشتاش لە بواری ئامار و ڕێژەی خۆکوژیی توند وتیژانە و ژن کوژیدا لە پلەکانی یەکەمی جیهاندایە .هێشتاش ژن بۆ کوژاندنەوەی خوێن و مەسڵەت دەدرێ و ژن بەژن و گەورەبەچوکی پێدەکرێ و حیسابی مرۆڤێکی بۆ ناکرێ.
لە ڕاستیدا هیچ نێرینەیەک کە دێتە سەر دونیا، نە دژی ژنە و نە جێنی دژەژنی پێیە و نە بە چەکی پیاوسالاریی و چەوساندنەوەی ژن تەیارە. ئەو منداڵە هەر لە سەرەتاوە وانەی ژیان و هەڵسوکەوتی لە خێزان و کۆمەڵگا وەردەگرێ. بە جاران هەموو دیتوومانە پێش باوک، ئەوە دایکەکانن پاروو لە زاری کچەکە دەگێڕنەوه بۆ کۆڕەکە، چون نێرینەیە. دایک ڕێزگرتن لە برا فێری کچ دەکا بەڵام پێچەوانەکەی نا، خوشک دەبێ پرس بە برا بکا بۆ هەڵبژاردنی هاوسەر و هاوبەشی ژیانی بەڵام برا پێویست نییە پرس بە خوشکی بکا. خوشک دڵداری بکا، برا و باب پێی سەرنەوی دەبن، بەڵام کوڕەکە بۆی هەیە دڵداری بکا و لێی عەیب نییە. لە پەیوەندیی سێکسیدا ئەتک بە ژن دەکرێ بە پیاو نا. ژن نامووسی پیاوە، موڵکی پیاوە، بەڵام پیاو موڵکی خۆیەتی و نامووسی کەس نییە. ژن زەعیفەیە پیاو نا. بێگومان تا کاتێک ئەوانە یاسای نەنوسراوە و کەلتووری کۆمەڵگا بن، ژن و ڕەگەزی مێ زەعیفەی لێ سازدەبێ و بەڕاستیش زەعیفە.
بوونی ئەندامی نێرینه لەپیاودا بووەتە هۆی ئەوەی ژن هەست بە نوقسانی بکا لەبەر نەبوونی ئەو ئەندامە، چون نەریت ئەوەی لە مێشکی ئاخنیوە کە ئەندامی نێرینە هێمای ئاوەز و هێزمەندیە تا ئەو جێگەی جگە لە باڵادەست بوونی لە سێکس و زاوزێ و خستنەوەی تۆرەمە و ڕاگرتنی وەجاخدا، ڕێی بردووەتە ئەدەبیاتی زارەکیشەوە و لەوێشدا باڵادەستیی بۆ پیاو بەدیاری دێنێ و چەکێکە بۆ جوێندان و تەنانەت دایک لە ئەندامی نێرینەی برا و باب و کوڕەکەی بۆ جوێندان کەڵک وەردەگرێ.
بەڵام بوونی ئەندامی مێیینە شەرمە و هۆی شەرمەزارییە. ژن خەتەنە دەکرێ لە بەر ئەوەی مافی چێژ بردن لە سێکس و پەیوەندیی ژن و مێردایەتیی نییە وپێی سەرنەوی دەبێ. بوونی ئەندامی مێیینە شەرمە و هۆی شەرمەزارییە و بە شەرمیش ناوی دەهێنرێ و تەنانەت جلوبەرگی ژێرەوەشی شەرمە دیار بێ و دەبێ لە چاوان ون کرێ. ژن بۆ پەسن دانەوەی ئازایەتییەکانی و داوێنپاکییەکەی، خۆی بە نێوی پیاو دەڕازێنێتەوە و بە شانازیەوە دەڵێ وەک پیاو وایە و زۆر مەردە.
بەڵام کێ ئەو ڕێبازە بەردەوام دەکا و کێ ئەو کەلتوور و نەریتە سەقەتانە بەرهەم دێنێتەوە؟ پیاو یا ژن خۆی؟ ئەگەر هەردووکیان تاوانبارن، بێ شک تاوانی ژن لە پەروەردەکردنی زەعیفە و کۆمەڵگای نێرسالاردا ئەگەر قورستر نەبێ سووکتر نییە. بۆ یەکەم و گەورەترین هەنگاو، ئەگەر دایکانی وڵات، دادوەرانە سۆز و خۆشەوێستی و ژیانی ئینسانی لە نێو کوڕ و کچەکانیانا دابەش کەن، ئەگەر وەک دوو مرۆڤی یەکسان تەماشای کوڕ و کچەکەیان بکەن و ئەگەر بەگشتی لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتی دایکایەتی و پەروەردەدا، دادوەرانە بجووڵێنەوە، بێگومان دوونیایەکی گەلێک تەندروست و ساغتر بۆ هەردوو ڕەگەز دەخەمڵێنن کە لەوێدا هیچ پێویستییەک بە بزووتنەوەی فێمێنیستی و شیر و تیخ سوونی ژن و پیاو لە یەکتر نییە و بنەماڵە کە جێی حەوانەوەی ڕۆح و ئارامیی مرۆڤەکانە، نابێتە دۆزەخێک کە ئەندامەکانی، لەباری دەروونییەوە ناجێگیرن و لەجیاتی بەستێنێکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستییان بۆ دەخەمڵێنن کە بەختەوەریی تێدا مسۆگەر دەبێ.
بۆ دوا وتە، فێمێنیسم لە بنەڕەتدا نە لە دژی پیاوە و نە بە دوای لێکهەڵوەشانەوەی خێزانەوەیە و ئامانجی سەرەکیی فێمێنیسم، بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و نایەکسانی و خەبات لە پێناو هاتنە دی مافە ئینسانییەکانی ئافرەتانە، بەڵام لەبەر ئەوەی داڕشتە کۆمەڵایەتییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگا ئینسانییەکاندا، لە ژێر زاڵیەتیی پیاودا و پیاوسالارانه پێناسە کراون، فێمێنیسم ناچار بە خەباتێکە بۆ گۆڕینی ئەو داڕشته نەخۆشانه و ئاراستە کردنی پێناسەیەکی نوێ و ئینسانی، بە جۆرێک کە ژنیش وەک مرۆڤێکی یەکسان لەگەڵ پیاو خۆی تێدا ببینێتەوە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان