ئارامتر بخوێنەوە!

فێمێنیسم یا ناسیۆنالیزم: دژایەتی، هەڤڕایی یا دەستەوایی
نووسین: سندووس ئەفشین، ئاویەر شێخی

“خەبات بۆ ئەوەی ژن مافی خۆی وەربگرێت جودا نییە لە خەباتی میللەتەکەمان بۆ دێموکراسی و ئازادی. لە هەر جێگایەک دێموکراسی زیاتر پێشکەوتووە و میللەتان مافی خۆیان وەرگرتووە ژنانیش ئازادیی زیاتریان دەست کەوتووە. ئەو سێ خەباتە وەک یەکە، بەڵام نایشارمەوە و دەمەوێ بۆ تاریخی بڵێم، کە خەبات بۆ مافی ژنان تەنانەت لە وەرگرتنی خودموختاریش درێژترە”.
“دوکتور قاسملوو”

پەرژانە سەر گەنگەشەکانی بەردەم ڕەوتی فێمێنیسم و چالاکی و خەبات بۆ مافە ڕەواکانی ژنان لە شوێنگەلێک کە هێشتا لەگەڵ ڕەوتی ناسیۆنالیزم و ئازادیی نەتەوە بەرەوڕوون و زۆربەی هەوڵەکانیان لە بازنەی چارەسەرکردنی پرسە نەتەوەیییەکاندایە و هەروەها پەرژانە سەر بابەتێکی وەک لەسەربوونی ئاستی یەکێکیان لەوی تر و لەم نێوانەدا دۆخی ژنی کورد و هەروەها هەڵسوکەوت و چۆنییەتیی ڕووبەرووبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەگەڵ پرس و پێگەی ژنان، تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم بابەتەی بەردەستتان لە خۆدەگرێت. هەروەها هەوڵ دراوە بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردوو و ئێستای ئەم پرسە، شێوەکانی کەڵک وەرگرتنی ئەم بزووتنەوانە لە ژنان و گۆڕینی دونیای پەنگخواردوو و نەناسراویان بۆ جیهانێکی کردەکی و نەناسراوتربخرێتە ڕوو و واتایەکی تر و یان لە بنەڕەتدا نیشاندانی رێگەیەکی نوێ بە مەبەستی خستنەڕووی پێناسەیەکی نوێ لە “ژنی نوێی کوردی” بدۆزرێتەوە.

سەرەتا بە پێویستی دەزانین بە مەبەستی چوونە ناو بابەتی دیاریکراو، ئامانجی نووسینی ئەم بابەتە بە پێناسەگەلێکی ئامادە و کورت لە دوو دەستەواژە دەست پێ‌بکەین کە دەمانهەوێت بە پەیوەندیی نێوانیان بگەین.

ناسیۆنالیزم

بە سەرنجدان بەوەی کە سەرچاوەی وشەی ناسیۆنالیزم بۆ زمانی لاتین دەگەڕێتەوە و پاشان هاتووەتە ناو زمانە مۆدێڕنەکانی ئێستای ئەوروپا، دەبێت سەرەتا ڕەگ و چوارچێوەی بەکارهێنانی ئەم وشەیە بدۆزینەوە و ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە درێژاییی مێژوو و لە ئەنجامی چەند کەتوار و ڕووداوی مێژوویی بە سەریدا هاتووە بخەینە بەرباس، هەتاکوو مەبەستی سەرەکیی بابەتەکە و چوارچێوە فراوانەکەی ڕوون ببێتەوە.
لە سەدەی دوازدەی زایینیدا، نزیک لە ساڵەکانی ۱۱۶۰ دەستەواژەی ناسیۆن nation)) سەرچاوەگرتوو لە وشەی ناتوس (natus)ی یۆنانی بە واتای شوێنی لە دایکبوون یان ناوچەیەکی دیاریکراوی “قەومی” بەکارهێنراوە. لە سەرەتای دەستپێکی سەدەی‌شازدەیەمیشدا‌ لەم ناوە هاوەڵناوی “ناسیۆنالیزم” دروست کرا.
لە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسە(۱۷۸۹-۱۷۹۵) یەکێک لە نوێنەران پێشنیاری ئەم ناوەی بۆ کۆمەڵێک لە نوێنەرانی خەڵک یا خود “چینی‌ سێهەم” Assembee nationale کرد. ڕۆژنامەی “هاوڕێی خەڵک” Ami du people بە بەڕێوبەرایەتیی “مارا” شۆڕشگێڕی بەناوبانگ و نوێنەری پەرلەمان، هاوەڵکاری ناسیۆنالیزمی بە مەبەستی دەوڵەتی کردن بەکارهێناوە. دواتر لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەم ناوی چاوگی هاوەڵکاری ناوبراو، بە شێوەی “نەتەوەیی یا دەوڵەتیکردن” بەکارهێنرا. هەر لەو ساڵانەدا دەستەواژەی ناسیۆنالیزم لەلایەن فەڕانسەوییەکانەوە کە گومان دەکرێت لە زمانی ئینگلیزی وەریانگرتبێت، بە شێوەیەکی گشتی لە جێگای “نەتەوەپەروەری یان ئەوینداری نەتەوەبوون” بەکار هێنرا. ئەم گۆڕانە هیوابەخشە. بەو واتایەی ئەوانەی کە خۆیان بە نەتەوەپەروەرpatriote) ) ناو دەبرد، لە پێناو خۆشەویستییان بۆ خاکەکەیان ستایشی کەسانێکی شۆڕشگێڕ یان هەمان “گەل”یان کرد و ئەوانیان خستە سەر دەسەڵات و لەسەر کورسیی حکومڕانی دایاننیشاندن، بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ناسیۆنالیزمnationalism)) جۆرێک ئاگاییی کۆمەڵە، واتە ئاگایی لە هەمبەر خاوەندارێتیی گەل، کە وەک “ئاگاییی نەتەوە”ییش ناو دەبرێت. ئاگاییی نەتەوەیی، زۆربەی کات دەبێتە هۆی پێکهاتنی هەستگەلێکی وەک وەفاداری، خۆشەویستی و هۆگربوونی مرۆڤ‌ بە چوارچێوەگەلی پێکهێنەری نەتەوە ( نەژاد، زمان، نەریت و کلتوور، ئەرزشە کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکان و بەشێوەیەکی گشتی فەرهەنگ) هەندێکجاریش زێدەڕۆیی لەم هەستەدا دەکرێت و دەبێتە هۆی سازبوونی بڕوای زاڵ بوونی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی تردا. (١)

فێمێنیسم

فێمێنیسم هەوڵ و خەباتێکی بێوچانە لە ڕێگای گەیشتن بە هاوسانیی نێوان ژن و پیاو و بنبڕکردنی چەوساندنەوە ڕەگەزییەکان. ڕوونە کە ئەم پێناسە گشتیی و بە رواڵەت سانایە، لەگەڵ هەموو لایەنە جۆاروجۆرەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵ و هەروەها زۆر و کەم لەگەڵ هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، پەیوەندی چێ دەکات. لە ڕاستیدا وشەی فێمێنیست لە لایەکەوە مامەڵە لەگەڵ فەلسەفە، ماف، فەرهەنگ، دابونەریت، خوڵقیات و کولتوور، بیری تاک و کۆمەڵ و لە لایەکی تریشەوە مامەڵە لەگەڵ سیاسەت و ئابووری و هتد… دا دەکات.
ئەم جووڵانەوەیە، لەگەڵ هەر هەنگاوێکی کە هەڵیهێناوە، کۆمەڵێک کەندوکۆسپ و دژواری و دژایەتیی جۆراوجۆر و بەردەوامی توندی هەندێک لە نەریت و عادەتەکان، ڕووبەرووی دەبوونەوە. لەگەڵ هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامی جووڵانەوەی فێمێنیستی بۆ گەیشتن بە مافی یەکسانی و پێکهێنانی گۆڕانکاریی یاسایی لەم بوارەدا، دژوارترین ئاستەنگ لە بەرەدەمیدا، ڕووبەڕووبوونە و پێکهێنانی گۆڕانکاری لە بیر و نەریتە دواکەوتوو و کۆنەکاندا بووە.(٢)
هەروا کە کریس بیسلی لە یەکێک لە کتێبەکانی خۆیدا بە ناوی “چییەتیی فێمێنیسم” دەڵێت؛ فێمێنیسم دەستەواژەیەکی پڕ دەردەسەرە، ئەو کەلێنە گەورەیەی کە تێیدا هەیە لە ئاکامی زانیاریی سنووردار یاخود هەڵەگەلێکی بەرچاوتەنگانەوە نییە. فێمێنیسم لەو دەستەواژانەیە کە بە پێداگرییەوە ڕوونکردنەوە ساناکان دەخاتە بەر پرسیار. هەروەها ئاڵۆزی و فرەجۆر بوونی فێمێنیسم، بەربەستێک لەبەردەم ئەو کەسانەدا ساز دەکات کە خولیای فێربوون و تێگەیشتنێکی پێملکەرانەیان لە فێمێنیسم هەیە. ئەم پێکهاتە سەرنجڕاکێش و بەهێزە، لە بنەڕەتدا لە چوارچێوەی پێناسەیەکی کورت و سانادا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ بەشێکی سەلمێندراوی دیسکۆرسی کۆمەڵایەتی و سیاسیی باو دەگۆڕدرێت؛ تەنانەت ئەو کاتانەش کە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە لێی ڕابمێنین.
بە شێوەیەکی گشتی فێمێنیسم بەتەواوی کێشە و گرفتەکانی کە هەیەتی، یەک ئامانجی ساکار و ڕوونی هەیە، ئەویش کۆتایی هێنانە بە سیستەمی پیاوسەروەری. تیۆریی فێمێنیسمیش ئامانجێکی گشتگیرتری هەیە کە پێکهاتووە لە ناسین، شیکردنەوە و بە پرسیار کێشانی دەسەڵات و سیستەمی پیاوسەروەری، کە لە کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتەدا، کاریگەر و یارمەتیدەرە. دەوترێت، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هۆگریی ژنان بە جووڵانەوە فێمینستییەکان بە هەمان ئەندازە شیاوی ڕێزە کە هۆگریت بە هەرکام لە حیزبە سیاسییەکانی وڵاتی ئامریکا هەبێت. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ۱۹۸۹ کراوە و تێیدا بیروبۆچوونی هەموو خەڵکی ئامریکا وەرگیراوە، دەردەکەوێت بە نزیکەی یەک لەسەر سێی ژنان لە وڵامی پرسیاری “ئایا خۆتان بە فێمینیست دەزانن؟” وەڵامی “بەڵێیان” داوەتەوە و تەنیا کەمێک زۆرتر لەم ڕێژەیە وەڵامی پۆزەتیڤیان بەرامبەر بە پرسیارەکانی “ئایا خۆتان بە کۆماریخواز دەزانن؟” و “ئایا خۆتان بە دێموکرات دەزانن؟” داوەتەوە.(٣)
بزووتنەوەی ژنانی کورد
باس کردن لەبارەی سیمای جیاواز و کەلێنی بزووتنەوەکانی ژنانی کورد لەگەڵ جووڵانەوەکانی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا، بابەتی سەرەکی و دەروازەی چوونە ناو ئەم بابەتەیە، چونکە ئەم جووڵانەوەیە ژێرکۆمەڵەی بزووتنەوە و جووڵانەوەی نەتەوەی بێ دەوڵەت یاخود کەمینەی ژێر دەسەڵاتداری زۆرینەیە. بەم هۆیەشەوە لایەنی تایبەت بە خۆی هەیە. هەرچەندە هەروەک دلوز دەڵێت “کەمینە” بوون بە واتای “ئەندام بوون لە گروپێک کە ئەندامی کەمتری هەبێت نییە”. بەڵکوو کەمینە بوون دەتوانێت لە شێوەی گروپێکدا بێت کە ئەندامەکانی لەلایەن کەسانێکی ترەوە بچەوسێنرێنەوە. بەم پێیە ژن دەتوانێت نموونەیەکی دیار و بەرچاوی “کەمینەیەکی سیاسی” بێت. هەر بەپێی هەمان بنەما، هەموو ژنان کە هەرچەندە دەکرێت ‌لە ڕووی هەژمارەوە ژمارەیان لە پیاوان زێدەتر بێت، بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە مافێکی نزمتر و ناهاوسانیان لە بەرانبەر پیاودا هەیە بە بەشێک لە کەمینە بێنە ئەژمار.
بزووتنەوەکانی ژنانی کورد، بەهۆی گرێدراوییان بە چەند گروپێکی کەمینەیی (زمانی،‌ نەتەوەیی، دینی، ڕەگەزی و…) تایبتەمەندیی تایبەت بەخۆیانیان هەیە. هەروەک پێشتر باسمان کرد جووڵانەوەیەکە لە ژێر سێبەری جووڵانەوەی نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەتدا. شیاوی ئاماژەیە کە هەبوونی دەوڵەت بە واتای تەواو بوونی جووڵانەوەکانی ژنان نایەت. هەر وەک چۆن زۆربەی دەوڵەتانی جیهان ڕۆڵی پاسەوانی نیزامی پیاوسەروەری دەبینن و یاساگەلێک لە ئاراستەی هەڵاواردنی ژنان و چەوساندنەوەیان پەسەند دەکەن و دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. چەند نموونەیەکی کەمی دەوڵەتان لە جیهاندا هەن کە ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان لە بواری چاکسازی و گەیشتن بە مافی یەکسانیی ژنان داوە و بە شێوەی یاسایی لە پلانی کاری خۆیاندا و لە دەستووری وڵاتەکەیاندا گرینگییان بەم پرسە داوە و یاسای گونجاویان بۆ پەسەند کردووە. (نموونە: یاساکانی وڵاتانی پێشکەوتووی سکاندیناوی)
جیاوازییەکی سەرەکی کە لە نێوان بزووتنەوەکانی ژنان لە کوردستان و جووڵانەوەکانی ژنانی دراوسێ و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژئاویی هەیە، ئەوەیە کە لەو وڵاتانە، کێشەی ناسیۆنالیزم چارەسەرکراوە و سەرکەوتووبوونە کە ئەوە خۆی بەشێکە لە “دیموکراسییەتی ڕۆژئاوایی”.
لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەدا ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوایی دەسەڵاتی حکومەتی گرتە دەست و گەل، دەوڵەت-نەتەوەی خۆی سازکرد. هەتا‌ پێش‌ ئەم مێژووە ژنان لە هیچ شوێنێکدا وەک “هاووڵاتی”ی دەرەجە یەک بە ئەژمار نەدەهاتن. بەڵام پێکهاتنی دەوڵەت نەبووە هۆی ئەوەی کە ژنان یەکسەر مافی هاووڵاتیبوونی خۆیان وەربگرن. بەڵکو پێویستی بە یەک سەدە خەباتی فێمینیستی هەبوو. دوای ئەو خەبات و تێکۆشانانە، ژنان توانیان چەند مافێکی سەرەتایی وەک مافی دەنگدان بەدەست بێنن و وەک هاووڵاتییەکی دەرەجە یەک بێنە ئەژمار. ژنان لە ڕێگەی خەباتی سیاسیی ڕێکخراو و ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سیستماتیکی بەرفراوان و تیۆریک لەگەڵ نیزامی پیاوسەروەری و ناسیۆنالیزمی پیاوسەروەر، توانیویانە یەکسانیی یاسایی لە زۆرێک لە وڵاتانی دێموکراتیکی ڕۆژئاوادا بەدەست بێنن. لە وڵاتانی درواسێشدا دەبینین هێشتا ناکۆکی لە نێوان ناسیۆنالیزم و فێمێنیسمدا بوونی هەیە. ناسیۆنالیزمی تورک، عەرەب ‌و فارسیش کە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، هیچ کاتێک بەرابەری و یەکسانیی نێوان ژن و پیاویان نەخستووەتە ناو دەستوور و بەرنامەی کاریانەوە و بەشێوەی ئاشکرا و نهێنی، ناهەماهەنگی و دژایەتی و ناکۆکییەکانی خۆیان لەگەڵ مافی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و فێمێنیسمیان، بەشێوەیەکی گشتی نیشان داوە. پێشینەی ئەوانیش لە هەڵسوکەوت لەگەڵ پرسی بەرابەری و یەکسانی و پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەز بە هیچ شێوەیەک باشتر لە هاوشانە ڕۆژئاوایییەکانیان نییە. ئەوەیکە مێژووی ناسیۆنالیزمی کورد و ئامانجەکەی بە ئێمەی نیشان دەدات، ئەمەیە کە ئامانجی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستانیش، ئەگەرچی ئاوڕی لە پرسی ژن داوەتەوە، بەڵام ئەوەیکە ئێستا دەیبینین کەموکووڕیی یەکجار زۆرە و وەک پێویست نەیتوانیوە پرۆبلماتیزەی بکاتەوە. لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی کوردییش نەیتوانیوە لە ئاراستەکانی ناسیۆنالیزم کە لە ڕۆژاوا دەستی پێ کردبوو لابدات و شێوازی نوێ و خۆماڵی‌تر(واقیعگەراتر) بەرهەم بهێنێت.

ژنی کورد لە نێوان جووڵانەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی و جووڵانەوەی فێمینیستیدا

ئێستا بە ‌پێویستی دەزانین بپەرژێینە سەر پەیوەندیی ژنی کورد لەگەڵ جووڵانەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی و هەروەها جووڵانەوە فێمینیستییەکان کە ئامانجیان بەدەسهێنانی مافی یەکسانی و لەنێوبردنی کڵیشە باوە ڕەگەزییەکانە.
سەرەڕای ئەوەی کە کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێ‌ دەوڵەتن لە جیهاندا، بەڵام مێژووییەکی درێژی حوکمڕانی لەسەر نیشتمانی خۆیانیان هەیە. لە سەدەی بیستەمدا دامەزراندنی دەوڵەت، پاڵنەر و ئامانجی زۆربەی هەرە زۆری جووڵانەوەی ناسیۆنالیستیی کوردەکان بوو. کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1946، کۆماری کوردستانیان کە جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ دەوڵەتە پێش مۆدێرنەکانی خۆیدا هەبوو بە ڕێبەڕیی پێشەوا قازی محەممەد، دامەزراند. کۆماری کوردستان کە تەنیا یازدە مانگ تەمەنی هەبوو، لەم ماوە کەمەدا چەندین هەوڵی لە ئاراستەی بەشداریکردنی ژنان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا داوە.
سەرۆک کۆماری کوردستان بە ئاشکرا خوازیاری بەشداریی ژنان لە بیاڤە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بوو. ژنانی بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان هان دەدا. هەرچەندە ئازادیی ژنان و مافی یەکسان لە دەستووری کاری کۆماری کوردستاندا هەبوو.‌ بەڵام هاوکاتیش دەبینین کە بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی نەتەوە، سیاسەتێکی پیاوانە بووە و ژنان وەک چالاکانی بزووتنەوەی ژنان، یاخود کادر و چالاکی حیزبی یا ڕێبەری لە ماڵ نەهاتبوونە دەر و تێکەڵی خەبات نەبووبوون بەڵکوو بۆ پشتیوانی لە کار و ئامانجێکی نەتەوەیی بوو. ژنان ئەرکیان ئەوە بوو لە ئامانجە ناسیۆنالیستییەکاندا یارمەتیی پیاوان بدەن. لەو سەردەمەدا ڕێکخراوێکی ژنان بە ناوی “یەکیەتیی ژنانی کوردستان” دادەمەزرێت. ئەم ڕێکخراوەیە لقێک بووە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەڵگە مێژویییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە هیچ ئاگایییەکی فێمینیستییان نەبووە و کەڵکەڵەکانیان گەیشتن بە بناغە سەرەتاییەکانی بەرابەری و یەکسانیی ڕەگەزی نەبووە.
ئەم ڕێکخراوەیەی ژنان، بە هیچ شێوەیەک لە ئەنجامی بیرێکی فێمینیستیدا دانەمەزرابوو بەڵکوو لەلایەن حیزبێکی سیاسییەوە دامەزرا، کە پیاوان ڕێبەرییان دەکرد و ڕووی سەرەکییان پێک دەهێنا. تەنانەت کادرەکانی ڕێکخراوی ژنان، بەناوی هاوسەرەکانییانەوە دەناسران، بە پێی بەڵگەگەلێک کە لە ڕۆژنامەی کوردستاندا هەیە، ژنانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە، نە تەنیا ئاگاییی فێمینیستییان نەبووە بەڵکو خۆشیان بەجۆرێک لە جۆرەکان لە قسە و وتارەکانیاندا پشتگیریان لە نیزامی پیاوسەروەری و چەوساندنەوە ڕەگەزییەکان کردووە. ژنانی خوێندەوار، باوەڕیان بە خوێندەوارکردنی ژنان و بەرابەریی فەرمی لەگەڵ پیاواندا هەبوو، بەڵام تەنانەت ئەوانیش بە شێوەیەکی شێلگیرانە، سیستەمی ئەوکات و جیاوازی و نابەرابەرییەکانی نێوان دوو ڕەگەزییان نەدەخستە ژێر پرسیار. ڕادیکاڵترین ڕەخنە لەلایەن کوبرا عەزیمییەوە گیرا، کە ئەویش لەگەڵ ناڕەزایەتیی ژناندا بەرەوڕوو بوویەوە. ئەم نووسینەی خوارەوە وتەی یەکێک لە مامۆستایانە کە بۆ ژنان قسە دەکات، بە وردە تێڕامانێک لە قووڵیی نائاگاییی فێمینیستی دەگەین:
“هەموو ڕۆژێک پێش ئەوەی هاوسەرەکانتان بڕوات بۆ بازاڕ دەبێت لێی‌ بپرسن، “کە ئایا فەرمایشتێکیان نییە؟” ژنی باش و جێگای باوەڕ تاجی سەری هاوسەرەکەیەتی. ئەگەر هاوسەرەکەتان هەڵسووکەوتێکی ئێوەی بەدڵ نییە، ئێوەش نابێت بەدڵتان بێت و دەبێت واز لەو هەڵسووکەوتە بێنن. باسی هیچ پیاوێکی غەریبە بە باشە نەکەن، دەنا هاوسەرەکانتان لێتان بەشک دەکەون.
تەنانەن ئەگەر زۆر ناڕەحەتیش بن، دەبێت کاتێک هاوسەرەکەتان دەگەڕێتە ماڵەوە ڕووتان خۆش بێت.”
لە حەز و ئارەزووەکانی هاوسەرەکەتان تێبگەن و بەوپێیە هەڵسوکەوت و ڕەفتار بکەن.” ٤
ئەڵبەت ئەم ڕێکخراوەیە، یەکەمین ڕێکخراوی ژنانی کورد نەبوو، بەڵکو یەکەمین ڕێکخراو لە ساڵی ۱۹۱۹ لەلایەن ئەندامانی ئێلیتە ناسیۆنالیستە دوورخراوەکان لە ئەستەمبوڵ دامەزرا. دواتر لە ساڵی ۱۹۲۰دا لە سەردەمی حکوومەتی خودموختاری شێخ مەحمووددا، یەکێک لە ئەندامانی ئاریستۆکراسی خاوەن موڵک بەناوی “حەفسە خانم”، ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنانی دامەزراند. ئەڵبەت لە کار و چالاکییەکانی حەفسە خانمیش نیشانەیەک لە وشیاریی فێمینیستی نابینرێت و تەنیا بۆ یارمەتی و پشتیوانیکردنی ئامانجی نەتەوەیی بووە.

بەرایەتیدانی ناسیۆنالیزم بەسەر فێمینیست لە کوردستاندا

زۆربەی حیزب و و سیاسییەکانی کورد(جگە لە چەند نموونەیەک وەک پێشەوا قازی محەممەد و د.عەبدولڕەحمان قاسملوو کە ئاماژەمان پێ کردن) چ بە شێوەیەکی فەرمی یاخود نافەرمی لە باسکردنی چەوسانەوە ڕەگەزییەکاندا پاساوی ئەوە دەهێننەوە، کە مەسەلەی نەتەوەیی لە بەرایەتیی باسی فێمینیستییە، یان بە دەربڕینێکی تر باس لەوە دەکەن لە هەوڵی ئەوەدان کە زەمینەیەکی گونجاو و لەبار بۆ جێگیرکردنی بەرابەریی ڕەگەزی بخوڵقێنن. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەخاتە بەردەستمان، کە پیاوسەروەری، مێژووییەکی قووڵی هەیە و هەموو لایەنەکانی گرتووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە پیاوان و ڕێبەرانی بزووتنەوەکان کە زۆربەی پیاوانن، ئەو ماف و ڕەوایییە بەخۆیان دەدەن کە بڕیار لەسەر بەرایەتییەکان بدەن و بە بیری ژنان بهێننەوە کە تا کاتێک کێشە و پرسی نەتەوەیی چارەسەر نەبێت، پەرژانە سەر پرسی ژن و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخی ژنان کارێکی بێسوود و کات بەفیڕۆدەرە. بەڵام سەرەڕای ئەم بڕیار و لێکدانەوە بێڕەحمانەیە کە چ بە ئاگایییەوە درابێت یاخود بە نائاگایییەوە، ئێمە بینیومانە و گەواهیدەری بەشداریی بەهێزی ژنان لە بوارەکانی زانستی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت لە مەیدانی جەنگیشدا بووین. بەڵگەش بۆ قسەکانمان ئامارەکانن کە دەریدەخەن؛ ڕێژەی ژنانی خوێندەوار و خاوەن کار لە پیشە جیاوازەکاندا چووەتەسەر. چوونەسەری ئاستی ئاگاییی ژنان لە دۆخی خۆیان و بە تایبەتیتریش کاتێک هزر و بیرکردنەوەکانیان دەنووسن، بووەتە هۆی ئەوەی کە فێمێنیسمی کوردی پەیداببێت و بە هاوکاریی کەسانی شارەزا و کارناس بتوانن بابەتە پێوەندیدارەکان تیۆریزە بکەن و وڵامی پرسیارە ناڕوونەکان بدەنەوە. ئەوەی کە لەم بابەتەدا پێویستە باس بکرێت، دەبێت ئەمە بێت کە دەبێت ژنانی چالاک لەم بوارە، هەوڵەکانی خۆیان بۆ پوچەڵکردنەوەی دژایەتییە سەرەتایییەکان لەگەڵ دەستەواژەی فێمێنیسم و هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسانی، پێداچوونەوە و شیکردنەوەی ورد و زانستی بە دروشمەکانی حیزبە کوردییەکان و شڕۆڤەی دیسکۆرسە پێوەندیدارەکان بەم پرسە توندتربکەنەوە، هەروەها پێشگیری بکەن لە کەڵک وەرگرتنی کاڵایی لە ژن و ڕەگەزەکەیان لەلایەن بزووتنەوە سیاسییە پێوەندیدارەکانەوە، بە بردنە سەری ئاستی ئاگاییی ژنانی بەهێز و کاریگەر لەم بوارەدا و بە ئەزموون وەرگرتن لە خەبات و هەوڵەکانی ڕابردوو، ڕێگایەکی نوێ بۆ خەبات لەبەردەم هەموو ژنانی کورددا بدۆزنەوە.
تەنانەت ئەگەر بۆ مێژوویەکی نزیک بگەڕێینەوە، واتا ساڵەکانی دەیەی حەفتای زایینی و دامەزرانی حیزبە چەپ و پێشەنگە کوردییەکان، چ پێش ڕاگەیاندنی کار و سیاسەت و چالاکییەکانیان و چ دوای ڕاگەیاندنی بەرنامە سیاسییەکانیان، هەرچەندە هەڵگری دروشمی یەکسانی و بەرابەریی ڕەگەزییش بوون، بەشداریی ژنان بە شێوەیەکی بەردەوام وەک تەواوکەری گەیشتن بە ئاڕمانگەلێکی لە پێشدا دیاریکراوی پیاوانە، چینایەتی و نەتەوەیییانەی ڕێکخراوەکان کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەوەی کە جێگای تێڕامان و ئاوڕدانەوە بێت، جلوبەرگی ژنانی ئەندام لەم گروپە سیاسییانەدایە کە لە جلوبەرگ و ئەرکە سەربازییەکاندا هاوشانی پیاوان بوون و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نەبووە بەڵام لە پاڵیشیدا، هیچ کار و هەنگاوێکی بەرچاویان لە ئاراستەی بردنە سەری ئاگاییی فێمینیستی هەڵنەهێناوە و بزووتنەوەی ژنان یان باشترە بڵێین جووڵانەوەی ژنان، ئاراستەی خەبات و تێکۆشانیان بەرەو ڕووی خەباتێکی تایبەت بە کێشەکانی ژنان نەچووە و لە ئاستی هەمان دروشم و «بێچمە وێنەییەدا» ماوەتەوە. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە چ لە کاتی کۆماری کوردستان و چ لە پێش و دوای ئەو سەردەمەش جووڵانەوەیەکی فێمینیستی بوونی نەبووە یان ئەگەریش هەبووە، زۆرتر ئیلهامی لە جووڵانەوە نەتەوەیییەکان وەرگرتووە. بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین بزووتنەوە و خەباتی نەتەوەیی، باڵی بەسەر جووڵانەوەی فێمینیستیدا کێشاوە و خستوویەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بە دەربڕینێکی تر جووڵانەوەی فێمینیستی زۆر لە دوای جووڵانەوەی نەتەوەیییە.
قوربانی بوونی داواکاری و خواستە فێمینیستییەکان لە پێناو ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەییدا، تەنیا تایبەت بە کوردستان نییە. ئەگەر چاوێک بە مێژووی جووڵانەوە ناسیۆنایستییەکانی جیهاندا بخشێنینەوە، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت. بۆ نموونە لە وڵاتانی *غەیرە عەرەبی* و کۆلۆنیالی یان پاش‌ کۆڵۆنالیستی، دەبینین کە چۆن بەشێوەیەکی باو داوا و خواستە فێمینستییەکان بوونەتە قوربانیی ئاڕمانەکانی ئازادیی نەتەوە و خستنەبەرباسی پرسی ژنیان وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر یەکگرتوویی و یەکدەنگیی گەل لەبەرانبەر «دوژمن»، «بێگانە»، «کۆلۆنیالیست» و «ئیمپریالیستەکان» زانیوە، ئەندامانی جووڵانەوەکانی ژنانیان بە ستونی پێنجەمی ئیمپریالیزم یاخود سیخوڕانی لۆکاڵی ناودێر کردووە. دوای ئازادییش دەوڵەتە نەتەوەیییەکانی پاش کۆڵۆنیالیست، بەبێ هیچ گوێدانێک بە بەشداریی ژنان لە بزووتنەوە دژە ئیمپریالیستییەکان لە ڕەوتی سازکرانی نەتەوە و گەیشتن بە ئازادیدا، لە دەوڵەتی نوێدا بە پێدانی چەند ڕۆڵێکی دواکەوتوو وەک ئەوەی لە پێشتردا هەبووە، وەک لە بوارەکانی تایبەت بە بنەماڵە یان پەسەند کردنی چەند یاسایەکی کەم و بچوک لە ئاراستەی کەمکردنەوەی هەڵاوردنە ڕەگەزییەکان، دووبارە ژنانیان پەراوێزخستووەتەوە و هیچ هەوڵێکی شێلگیرانەیان لە ئاراستەی پێکهێنانی گۆڕانکاری لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان یاخود لەناوبردنی هەڵاواردنە ڕەگەزییەکان و لاوازکردنی سیستەمی پیاوسالاری لە دابونەریت و فەرهەنگ و کولتووردا نەداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە سەردەمی شۆڕش و پێش وەدیهێنانی ئازادیی نەتەوەیی و گەیشتن بە هێز ودەسەڵات، جووڵانەوە ناسیۆنالیستییەکان لە خەبات بۆ ئازادیی نەتەوەدا ژنانیان بە هاوبەشی ئەو خەباتە زانیوە.
بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی شەڕەکان دەبینین لەو کاتانەی کە حکومەت یا هێزە شۆڕشگێڕەکان لە قەیراندان، کلێشە ڕەگەزییەکان دەشکێنن و ژنان لەناکاو بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی نەتەوەیی دەبنە خاوەن ڕۆڵگەلێک کە بە شێوەیەکی ئاشکرا دژایەتی لەگەڵ ڕەواڵی نەریتی و سیاسەتی ئاساییی ڕەگەزیی دەوڵەتەکان یا هێزە ناسیۆنالیستەکان دەکات. ژنان لە کەسایەتییەکی لاوازەوە دەبنە کەسایەتیگەلێکی بەهێز و هاوشانی پیاوان، تەنانەت زۆرجاریش کەڵکاژۆیی لە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکەن و وێنگەلێک لە ژنان بڵاودەکەنەوە کە بە دەستێکیانەوە چەک و بە دەستێکی تریانەوە کۆرپەکانیان هەڵگرتووە. هەتا بەو شێوەیە ڕایبگەیێنن کە ژنانیش بارتەقای پیاوان ئەرکی پاراستنی نیشتمانیان لەسەر شانە. لە دوای کۆتایهاتنی شۆڕش و سەرکەوتن هەر ئەم ژنانە کە سیمای سەرەکیی ڕاگەیاندنەکانی شۆڕشیان پێک دەهێنا، داوایان لێ دەکەن بگەڕێنەوە چوارچێوەی ئەو هاووڵاتییە گوێڕایەڵ و ژێردەستانە و وەک هاووڵاتییەکی پلە دوو بمێننەوە.
ژنان لە ڕێگا جیاوازەکانی وەک بەرهەمهێنانەوەی جیل، بەرهەمهێنانەوەی کلتووری، بەرهەمهێنانەوەی شوناسی و بەرهەمهێنانەوەی شارۆمەندی و لە نەتەوەسازی و پێکهێنانی شوناسی نەتەوەدا، ڕۆڵێکی گرینگ دەبینن بەڵام هەتا پێش سەدەی بیستەم وڵاتانێکی کەم هەبوون کە مافی هاووڵاتی بوون بە ژنان بدەن.
ئێستا پرسیارە گرینەگەکە لێرەدایە کە لە نێوان نەتەوەخوازی و جووڵانەوەی ڕەوای ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان چ پەیوەندییەک هەیە؟ ئەوەی ڕاستییە وڵامێکی سانا و ڕێکوپێک بۆ ئەم پرسیارە لەبەردەستدا نییە. بەڵام دەتوانێ بگوترێت بە گوێرەی مێژوو لە ڕۆژئاوا، یەکگرتووییی ژنان پێش دامرکانی یەکەمین شەپۆلەکانی گڕوتینی نەتەخوازی سەری هەڵداوە. بۆ یەکەمجار جووڵانەوە فێمینیستییەکان، پرسەکانی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، خوێندن و دەستڕاگەیشتن بە ناوەندەکانی پەروەردە، مافی کۆنترۆڵکردنی جەستەی خۆیان و حەزی سێکسییان خستووەتە بەرباس و لەلایەن ئەوانەوە سەریهەڵداوە نەک جووڵانەوە ناسیۆنالیستییەکان. هۆی سەرەکیی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جیاوازییە ڕەگەزییەکان و پیاوسەروەری، تایبەتمەندییە ئاشکراکانی ناسیۆنالیستەکانی لەخۆ دەگرت.هەندێک لە نێوان ناسیۆنالیزم یاخود نەتەوەخوازیی کلاسیک و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییدا جیاوازییان داناوە. جووڵانەوەی ناسیۆنالیزمیان بە پرۆژەیەکی تەواو پەتیی سیاسی پێناسە کردووە کە چارەسەری کێشەی نەتەوەیی تەنیا لە چوارچێوەی پێکهاتنی دەوڵەتدا دەبینن و دروستکردنی دەوڵەت دەبێتە ئامانج نەک ئامراز. لەبەرانبەریشدا جووڵانەوە ڕزگاریخوازییە نەتەوەیییەکان بەم شێوەیە پێناسە دەکەن کە ئەم جووڵانەوانە سەرەڕای ئەوەی داوای مافە نەتەوەیییەکان و مسۆگەربوونیان دەکەن و لە گەڵاڵەی کاریان‌دا هەیە، تەنیا لە دەوری ئەم ئامانجە سیاسییەدا کۆ نابنەوە، بەڵکوو ئەم جووڵانەوانە، دەتوانن تایبەتمەندیی تر وەک هاوسانیی ڕەگەزی و ژینگەپارێزی لە داڕێژەی کاری خۆیاندا بگونجێنن. ئەوەی ئێمە بە چاوخشاندنەوەیەک بە مێژووی خەباتە نەتەوەیییەکان بۆمان دەردەکەوێت ئەوەیە کە زۆربەی جووڵانەوانەوەکان لە ڕیزبەندی یەکەمدان و جووڵانەوەی ناسیۆنالیستین. بۆ نموونە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی هیند لەپێش چاو بگرین؛ هاوشێوەی هەموو وڵاتانی جیهانی سێهەم، وڵاتی هیندیش بۆ ڕزگاری لە ژێر کۆلۆنیالیزمی بریتانی، ژنان تیایدا بەشداری خەبات بوون. بەڵام دوای دەستەبەر کردنی ڕزگاری، سەرلەنوێ ژنان ڕۆڵی خۆیان وەک شۆڕشگێڕ و خەباتکار لەدەست دا و بۆ هەمان ڕۆڵی گوێڕایەڵ بوونی پێشتر گەڕانەوە.
«جووڵانەوەی ئازادیخوازی بە ڕێبەرایەتیی گاندییش هەر وەک میناکی بەرهەڤکردنی جەماوەری و پاشان گوێڕایەڵ کردنی ژنان خۆی دەبینییەوە؛ ئەمە لە کاتێکدا بوو کە شۆڕشی ڕزگاریخوازی، بانگەوازی لە ژنان دەکرد بۆ شەڕکردن شانبەشانی پیاوان لە دژی کۆلۆنالیزم پەیوەست بن بە خەباتەوە، گاندی داوای لە ژنان و پیاوانی هیندی دەکرد کە پەیوەست بن بە بەرگریی پاسیڤانە و لە پاڵیشیدا تانەی لە پیاوەکان دەدا کە وەک “ژنان” لە خەباتدا هەڵسوکەوت نەکەن و بێگومان هیچ کەس بێجگە لە ژن، بە هێمنی لەبەرانبەر دەسەڵاتی پیاوسەروەریدا نەجووڵاوەتەوە و بەم چەوسانەوەیە ڕانەهاتووە، کەچی بێگومان دەیتوانی مۆدێلێکی باشتر بۆ بەرگریی پاسیڤانە بهێنێتەوە.»
«بەم پێیە گاندی بە بەشداری پێ‌کردنی ژنان لە بزووتنەوەی ساتیاگەراکان (بزووتنەوەی دوور لە تووندوتیژی) پێویست نەبوو ڕۆڵی ژن و پیاو تێکەڵاو بکات بە تایبەت ئەوەیکە گاندی، کەلتووری پیاوسەروەری و چەوساندنەوەی ژنانی بەرەوڕووی پرسیار نەدەکردەوە. سەرەڕای تێڕوانینی تایبەتی ئەو کە پێی وابوو سۆزی سێکسیی ژن لە چوارچێوەی ژیانی هاوبەش، هاوسەربوون، دایکایەتی، ژیانی بنەماڵەیی، نەریتی جێکەوتووی یەک ئیدیۆلۆژی واتە شێوازەکانی زاڵ بەسەر جەستەی ژن‌دا بەهەموو شێوەیەک ڕەوایە».
بەشداریی ژنان لە بزووتنەوەی ساتایاگەراکاندا لە بنەڕەتدا هەستی بەهێز بوونی دا بە ژنان. بەڵام ئەم هەستە هێزێکی جێگە دیار و بۆ خەباتێکی مێژوویی لە ئاراستە وەدیهێنانی ڕزگاریی نەتەوەیی بوو. بەشداریی گشتیی ژنان لە بزووتنەوەی ساتیاگەراکاندا، بووە هۆی ئەوەیکە وەک نەهرۆ دەڵێت: “خۆیان لە کۆیلایەتیی ماڵەوە ڕزگار بکەن.” بەڵام ئێمە ناتوانین ئەم بەشدارییە لەگەڵ گۆڕانکاریی سیاسی هاوتا بزانین و پێمان وا بێ دەبێتە هۆی بنبڕکردنی بیری بەستنەوەی ژنان لە چوارچێوەی بنەماڵەدا.[٥]
“لە جیهانی سێهەمدا نموونەی ئەم ڕووداوە مێژوویییانە زۆرن و بەشداریی ژنان لە خەبات و شۆڕشە نەتەوەیییەکاندا لە زۆربەی ئەم وڵاتانەدا وەبەرچاو دێن، تەنانەت ئەگەر ئێمە لە کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی “بەکارهێنانی ئامرازییش”، کە دەتوانرێت لە ڕێگای ڕێدۆزگەلی بەراوردی، کۆمەڵناسی و مێژوویی، زۆر بە سوود و خاوەن ئەزموون بێ، خۆببوێرین. نموونەگەلێک کە پێمان دەڵێت تێگەیشتن لە سروشت و مانای مێژووی چالاکییەکانی ژنان لەم ناوچانەدا چەندە گرینگە. گرینگیی ئەم باسە کاتێک دەردەکەوێت کە دەبینین چۆناوچۆن کەسانێک دەخوازن ژنان هەروا ژێردەستە بمێننەوە، نکۆڵی لە نەریتە مێژوویییەکانی بەشداریی ژنان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵەکانی ژنان بۆ هاوسانیی یاسایی دەکەن و بانگەشەی هاوردەبوونی ئەم باوەڕە دەکەن. بەڵام پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە فێمێنیسم یان داکۆکیکردن لە مافی ژنان، تەنیا تایبەت بە ڕەگەزێکی دیاریکراو نییە. هەروەها هەموو جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکان و هەروەها پارێزگاری لە کیان و نیشتمان لە جیهانی سێهەمدا لە هەر ئاستێکدا، بە بەشداریی ژنان بەهێزتر دەبێت و ئەوان بەم شێوەیە دەتوانن خۆیان لە چەوساندنەوە، نەهامەتییەکان و پێکهاتەی پیاوسەروەرانە ڕزگار بکەن.
***
نوێترین نموونە بۆ ئەم باسە بەشداریی ژنان لە بیاڤی خەبات و شۆڕش لەدژی داگیرکەر و هێزی کلۆنیالیستی و پەیوەستبوونی بە ڕێژەیەکی زۆرتری ژنانە بە ڕیزەکانی خەباتەوە، هەروەها هاتنە ناو گۆڕەپانیان لە بوارگەلی جیاوازی فەرهەنگی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بێت و لەسەر بنەمایەکی زانستی و پێشکەوتووانە بێت، دەتوانێ گەلێک هیوابەخش بێت. تەنانەت لە ئاستی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکاندا، بەشداریی چالاکیان هەیە و ئەوە دەرخەری وریا بوونەوەی ژنانە سەبارەت بە دۆخی سیاسیی کۆمەڵگا و ڕۆڵیان وەک شارۆمەندێکی خاوەن پێگە و بەرپرسیار. ئەوەی نابێ لە بیر بکرێتەوە ئەو پرسیارە جەوهەری و سەرەکییەیە: ئایا بەرابەری لە مەیدانی جەنگ و شۆڕشدا، دەبێتە هۆی پێکهاتنی یەکسانی لە بوارەکانی “سیاسەت، فەرهەنگ، ئابووری، کۆمەڵایەتی… هتددا ؟

سەرچاوەکان

١.داور شیخاوندی، ناسیونالیسم و هویت ایرانی، تهران: مرکز بازشناسی اسلام و ایران١٣٨٠.
٢. میشل ریو سارسە، تاریخ فمینیسم، ترجمە عبدالوهاب احمدی، انتشارات روشنگران و مطالعات زنان، چاپ دوم ١٣٩٠.
٣. جین منسبریج، سوزان مولر اوکین، ویل کیملیکا، فلسفەی سیاسی فمینیسم، ترجمە نیلوفر مهدیان، نشر نی ١٣٨٧.
٤. شهرزاد مجاب، زنان و ناسیونالیسم در جمهوری کردستان سال ١٩٤٦
Women and Nationalism in the Kurdish Republic of 1946 / Sharzad Mojab (منبع: اینترنت)
٥. جای واردنا کوماری، فمینیسم و ناسیونالیسم در جهان سوم (بیدارزنی و ملی‌گری در جهان سوم)، ترجمە شهلا طهماسبی، تهران؛ نشر ژرف ١٣٩١.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان