ئارامتر بخوێنەوە!

فەزای مەجازی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان: خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ بزووتنەوەی کوردانی ڕۆژهەڵات لەدوای ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان و بومەلەرزەکەی ئەزگەلەی کرماشان(پاییزی ساڵی 2017)

کاروان موکریانی


زووتنەوە کۆمەاڵیەتییەکان، بەرهەمی مۆدێڕنیزاسیۆن، شارنشینی، سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی ئەتۆمیزە و قەیرانە ئابوورییەکانن. ئەگەرچی لە مەڕ بزووتنەوە کۆمەاڵیەتییەکان، پێناسەگەلی زۆر و جۆراوجۆر هەیە، بەاڵم گشتیان لەوەدا کۆکن کە بزووتنەوە، کردەوەیەکی بە کۆمەڵە.


پوختە

ئەم وتارە، ‌ بارودۆخی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە بەستێنی تێکنۆلۆژییە نوێیەکاندا‌ لێک دەداتەوە‌ و لە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتدا، پەیوەندیی نێوان تۆڕە‌‌ کۆمەڵایەتییەکان و باقیی ڕاگەیاندنە گشتییەکان لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە پاییزی ساڵی 2017ی زایینیدا، شی دەکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، لە چوارچێوەی تیۆریی کۆمەڵگەی ڕایەڵەیی مانووئێڵ کاستێڵز دا، بزووتنەوەی نەتەوەییی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە فەزای مەجازیدا شی دەکاتەوە. ئاکامی توێژینەوە دەریدەخا کە: لە نێوان بزووتنەوەی نەتەوەییی ئەم دوایییانەی گەلی کورد و فەزای مەجازی، پەیوەندییەکی پتەو هەیه و بە هۆی ئەوەی لە کۆمەڵگایەکی لە هەلومەرجی گەشەدا ڕووی داوه، ئەم بزووتنەوەیە، تایبەتمەندیی بزووتنەوە کلاسیک و نوێیەکانی پێکەوه ‌هەیە.

وشە سەرەکییەکان: بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ، ناسیۆنالیزم، فەزای مەجازی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناسنامەی کوردی



پێشەکی و گرینگی بابەت

گشتگر بوونی ئینتێرنێت لە ڕؤژئاوا و بڵاوبوونەوەی بە‌ گشت جیهاندا، کاریگەریی لەسەر سیاسەت، ئابووری، فەرهەنگ و گشت دیاردە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و چالاکی لە فەازی مەجازیدا، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی به دوای خۆیدا‌ هێناوە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، یەکێک لەو دیاردانەن‌ کە لەژێر کاریگەریی تەوژمی بەهێز و خێرای فەزای مەجازیدا تووشی گۆڕانکاری بوون. سەرهەڵدان و گەشانەوەی بزووتنەوەگەلی جۆراوجۆر وەک بزووتنەوەی واڵستڕیت، بزووتنەوەکانی ناودەرکردوو بە بەهاری عەڕەبی، بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی عێراق و بزووتنەوەی ئەم دوایییانەی خەڵکی ئەمریکا دژی ڕەگەزپەرەستی، گشتیان سەلمێنەری ئەوەن کە ئەمڕۆکه،‌ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە بەستێنی فەزای مەجازیدا سەرهەڵدەدەن و پەرە دەستێنن.
لە دەیەی ڕابردوووه بەم لاوە،‌ ئینتێرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پەرەیەکی بەرچاوی گرتووە ‌و بەکار‌‌‌هێنەرانێکی زۆری هەیە. هێندێک لە بیرمەندان پێیان وایە کە لە وڵاتانی داخراو، ئینتێرنێت دەرفەت دەدا بە شارۆمەندان کە دژایەتیی سیاسەتەکانی دەسەڵاتداران بکەن و دژی ئەوان بزووتنەوە‌گەلێک بە کەمترین تێچوو و زۆرترین دەستکەوت وەڕێ بخەن. نەتەوەی کوردیش لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، هەر کاتێک بۆی لوابێت و هەل و مەرج خوڵقابێت بە گوێرەی پێویست دژی نەتەوەی باڵادەست جووڵاوەتەوە و لە ڕاستای پاراستنی ناسنامە و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی، بزووتنەوەی جۆراوجۆری وەڕێ خستووە و بە پێی هێز و توانایی لە ڕاگەیاندن و کەرەسەگەلی پەیوەندیی گشتی کەڵکی وەرگرتووە. بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆڵی میدیا و ئینتێرنێت لە جووڵانەوە جۆراوجۆرەکانی گەلی کورددا بەرجەستەتر‌ بۆتەوە.
یەکێک لەم جووڵانەوانە، لە پاییزی ساڵی 2017ی زایینی(1396ی کۆچیی هەتاوی)، بەدوای ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان و بوومەلەرزەکەی ئەزگەلە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا، کە ڕاگەیاندنە گشتییەکان و کەرەسەگەلی پەیوەندیی گشتی ڕۆڵێکی سەرەکیی تێدا هەبوو. لەدوای ڕێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان لە ڕێکەوتی 25/9/2017، خەلکی ڕۆژهەڵاتی کورستان ڕژانە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و پێکەوە شادی و خۆشحاڵییان دەربڕی. هەروەها لەپاش بوومەلەرزەکەی ئەزگەلە لە ڕێکەوتی 12/11/2017، مانگ و نیوێک پاش ڕێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان، خەڵک کەمپەینی یارمەتیی خۆڕسکیان لە زۆربەی گوند و شارەکان دروست کرد. ئەوەی لەم پەیوەندییەدا گرینگ بوو ئەوەیە کە ئەم کەمپەینانە و شێوازی یارمەتیدانی خەڵک ڕەنگ و ڕووی سیاسی گرت و بوومەلەرزەی وەک ڕووداوێکی سروشتی لە بەستێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ‌کرد بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەم دوو ڕووداوه،‌ واتا ڕێفراندۆم و بوومەلەرزە، هاوپەیوەندییەکی بەهێزی له نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست کرد و دەرکەوتەکەی بوو بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی. لەم پەیوەندییەدا دوو پرسیار دەورووژێت کە ئەم لێکۆڵینەوەیە دەیهەوێت وەڵامیان بداتەوە، ئەم دوو پرسیارە بریتین لە:
١-فەزای مەجازی و ئینتێرنێت، چ کاریگەرییەکی لە سەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوه و چ دەرفەت یان بەربەستێکی بۆ خوڵقاندووە؟
٢-ئەو بزووتنەویەی پاش ڕیفراندۆم و بوومەلەرزە‌ بەدوای چییەوە بوو‌ و دەکەوێتە خانەی کامە جۆری‌ بزووتنەوەکانەوە؟ ئاخۆ لە جۆری بزووتنەوە کلاسیکەکان بوو‌ کە پرسی بەشداری کردن لە سیاسەت و دەسەڵات و کێشەی ئابووری و نابەرابەرییان بۆ گرینگ بوو، یان لە جۆری بزووتنەوە نوێیەکان بوو،‌ کە بە دوای ناسنامەی سیاسییەوەن؟



بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، لە پاش شۆڕشی پیشەسازی و بەرجەستە بوونی جیاوازی چینایەتی لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا وەک دیاردەگەلی نوێ بێچمیان گرتووە. بە گشتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەرهەمی مۆدێڕنیزاسیۆن، شارنشینی، سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی ئەتۆمیزە و قەیرانە ئابوورییەکانن‌. ئەگەرچی لە مەڕ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، پێناسەگەلی زۆر و جۆراوجۆر هەیە، بەڵام گشتیان لەوەدا کۆکن کە بزووتنەوە، کردەوەیەکی بە کۆمەڵە. ئەبرکڕامبی، لەم پەیوەندییەدا، هەر چەشنە کردەوەیەکی بە کۆمەڵ کە ئامانجی دووبارە بونیادنانەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بێ، بە بزووتنەوە پێناسە دەکات(Abercrombie,1984:389). هەرچەند ڕە‌نگە ئەم پێناسەیە زۆر ورد نەبێ، چوونکه هێندێک کردەوەی بەکۆمەڵ هەن کە بۆ ڕێگرتن لە دووبارە بونیادنانەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ڕێک دەخرێن و تایبەتمەندیی بزووتنەوەشیان هەیە؛ بەڵام بەگشتی، بەکۆمەڵ بوون تایبەتمەندیی سەرەکیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە. بە ڕای سمێلسێر، بزووتنەوەی‌ کۆمەڵایەتی کاردانەوەی ئەندامانی بۆ پێکهاتە و ئاقاری دەوروبەریانە(Smelser, 1963). لە پێناسەی ئابێڕڵ دا،‌ ویستی گۆڕان و وەستان لە بەرابەریدا، خسڵەتی هاوبەشی هەموو بزووتنەوەکانە. بە ڕای گیدێنز، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هەوڵێکی بەکۆمەڵە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکی هاوبەش یان گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش لە ڕێگای دامەزراوە ناڕەسمییەکانەوە(گیدنز، 1376: 671). گیدێنز پێی وایە، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دیارەدی تایبەت بە دنیای مۆدێڕنن که کۆمەڵێک مرۆڤ بە مەبەستی گۆڕانی نەزمی هەنووکەیی کردەوەی هاوبەش دەکەن.
یەکێکی تر لەو بیرمەندانەی بە وردی باسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە، توورەینە. توورەین، پێی وایە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن کە دژی سیستمی زاڵ سەرهەڵدەدەن، هۆکاری کردەی بە کۆمەڵن و “هەمیشە لە ناخی ژیانی کۆمەڵایەتیدا جێیان هەیه”‌(Touraine, 1981: 29). بەڕای توورەین، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا وەڵامی جیاوازاییەکان یان نابەرابەرییەکان نین، بەڵکوو هەڵگری کۆمەڵێک ڕێکار و ڕوانگەن کە نیشان دەدەن چۆن دەکرێت مرۆڤ بەسەر ئەم جیاوازای و نابەرابەرییانەدا‌ زاڵ ببێت. ئەو، پێی وایە هەمیشه ‌لە کۆمەڵگادا لە نێوان دوو بزووتنەوەی زاڵ و ژێردەستدا، دژایەتی و ململانێ هەیە. ململانێی ئەم دوو بزووتنەوەیە بە پێچەوانەی ڕوانگەی مارکسیستەکان، لەسەر خاوەندارێتی و کۆنتڕۆڵ کردنی کەرەسەی بەرهەمهێنان نییه، بەڵکوو‌ ئەندامانی بزووتنەوە هەوڵ دەدەن کە‌ ڕەوتی کۆمەڵایەتی کۆنتڕۆڵ بکەن؛ شتێک کە توورەین پێی دەڵێت “مێژوومەندی”. مێژوومەندی یان هیستۆریسیتە، شێوازێکە لە ڕوانین و ڕوانگە کە لە ڕێگایەوە، مرۆڤەکان بۆ گۆڕانی بارودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان، لە ناسینی ڕەوتەکانی کۆمەڵگا کەڵک وەردەگرن و کۆمەڵگا وەکوو ئاکامی ئەندێشە و کرداری وشیارانەی خۆیان، لەسەر کردە و بارودۆخی خۆی بەرهەم دێننەوه(نش،1392: 163).‌ بە هەر حاڵ، لە پێناسەگەلی جۆراوجۆردا دەردەکەوێت کە کردەی بە کۆمەڵ و ویستی گۆڕان بە ئاراستەیەکی سیاسییانە، خسڵەتی سەرەکیی‌ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە. بەڵام پێویست بە ئاماژە دەکا بڵێین کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە حیزبە‌ سیاسییەکان جیاوازن، بە هۆی ئەوەی کە وەکوو حیزبەکان ئەندامی هەمیشەیی و سەرکردەی دیاریان نییە و جگە لە ئامانجی سیاسی، ئامانجی فەرهەنگی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتیشیان هەیە.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە چەند ڕوانگەوە دابەش دەکرێن. بۆ نموونە لە ڕوانگەی بەربڵاوەوه، بزووتنەوەکان لە دەوری ئیدئۆلۆژییەکی مەزن و گەورە کۆ دەبنەوە و‌ بەدوای گۆڕانکاریی بنچینەیی و بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا دەگەڕێن. بزووتنەوەگەلی شۆڕشگێرانە، کرێکاری، ناسیۆنالیستی و بناژۆخوازانە لەم ڕوانگەیەوە دابەش دەکرێن. لە ڕوانگەی وردبینانەوه، ئامانج لە بزووتنەوەکان، گۆڕانی پێکهاتەکان نییە، بەڵکوو گۆڕینی ڕوانگەی مرۆڤەکان بۆ بارودۆخە جیاوازەکانە. بزوتنەوەگەلی ژینگەپارێزی، ژنان و خوێندکاران لەم ڕوانگەیەوه دابەش دەکرێن. هەروەها بە پێی پانتاییی کردەوە، بزووتنەوەکان بەسەر سێ جۆری شۆڕشگێرانە، ڕێفۆرمیستی و پیشاندەرانه‌ دابەش دەکرێن. لە ڕوانگەی نێوەرۆکی گۆڕانەوه،‌ بەسەر دوو جۆری بزووتنەوەگەلی ڕوووەو گۆڕان لە پێکهاتە و بزووتنەوەگەلی ڕوووەو گۆڕان لە تاکەکان دابەش دەکرێن. هەروەها، بە پێی لۆژیکی کردەوە، بەسەر دوو جۆری بزووتنەوەگەلی ئامرازی و پیشاندەرانە دابەش دەکرێن(غفاری و ابراهیمی‏لویه،1385: 216).
‌‌ لە ڕوانگەیەکی ترەوە و‌ بە پێی قۆناغی مێژوویی‌، کە بۆ ئیمە لەم وتارەدا بنەمایە، بزووتنەوەکان بەسەر دوو جۆری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکاندا دابەش دەکرێن. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان، ڕابردوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسپێکی مۆدێڕنیتە و قەیرانەکانی نیزامی سەرمایەداری. ئەم بزووتنەوەیانە پتر لەسەر کێشەی ئابووری و نابەرابەریی چینایەتی چڕ بوونەتەوه؛ ئەندامەکانیان زۆرتر سەر بە یەک چین و توێژن؛ ڕێکخراوێکی ڕێکوپێک و ناوەندگەرا و بەرنامە بۆ داڕێژراویان هەیە. شۆڕشی کرێکاریی سەدەی نۆزدەهەم نموونەیەکە لەم جۆرە بزووتنەوانە. دەستە‌ی دووهەم‌ کە بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان ناسراون، بەو جووڵانەوانە دەڵێن کە لە دەیەی 1960ی زایینی پەیدا بوون. وەکوو بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی ژینگەپارێزی و هتد. ئەم بزووتنەوانە کێشەگەلی وەک چۆنیەتیی ژیان، ناسنامەی هاوبەش، بارودۆخی ژیان و بەهاگەلی پۆست ماتریاڵیستی و نائابوورییان بۆ گرینگە و کاردانەوەیەکن لە هەمبەر‌ زاڵ بوونی بەربڵاوی سیاسەت، ئابووری، تێکنۆلۆژی و بورۆکراسی بەسەر ژیانی مرۆڤدا. کەیت نەش، ئەو تایبەتمەندییانەی خوارەوە بۆ ئەم بزووتنەوانە‌ دیاری دەکا(نش،1392: 131):
نائامرازین، واتا ئەم بزووتنەوانە بە جێی ئەوەی نوێنەری ڕاستەوخۆی بەرژەوەندیی تاقمێکی دیاریکراو بن، نیگەرانی بارودۆخی ئەخلاقیی گشتگر و جیهانین و بە دژی ئەم دۆخە ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
پتر لەوەی ڕوویان لە دەوڵەت بێ، ڕوویان لە کۆمەڵگەی مەدەنییە. چوونکە نایانهەوێت پێکهاتەگەلی زاڵ بگۆڕن، بەڵکوو خوازیاری گۆڕینی بیروڕای گشتین ؛ هەروەها ئەم بزووتنەوانە پتر لەوەی داواکاریی حقووقییان هەبێ، ناڕەزایەتی سەمبوولیکیان نیسبەت بە ڕەهەندەکانی جیاوازەکانی فەرهەنگ، شێوازی ژیان و بەشداریی سیاسی هەیه.‌
ئەم بزووتنەوانە ڕێکخستنی نافەرمی، کراوە و نەرمیان هەیە.
ئەم بزووتنەوانە بە چڕی وابەستە بە ڕاگەیاندنە گشتییەکانن و لە ڕێی ئەوانەوە داواکارییەکانیان بڵاو دەکەنەوە.
ئەم بزووتنەوانە زیاتر ئاشتیخوازانەن‌ و کەمتر تێکەڵ بە توندووتیژی دەبن(Kaldor, 2003: 83).
ئەم وتارە، لە چوارچێوەی تیۆریی کۆمەڵگەی ڕایەڵەیی کاستێڵز و ڕوانگەی ئەو لەمەڕ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوەی ناسنامەخوازیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە پاش ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان و بوومەلەرزەکەی ئەزگەلەی کرماشان لە پاییزی 2017دا شی دەکاتەوە. هەر بۆیە لێرەدا بە وردی ئاماژە بە ڕوانگەی‌ کاستێڵز بۆ کۆمەڵگەی ڕایەڵەیی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین.



کاستێڵز و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

کاستێڵز، ڕۆڵیکی زۆر گەورە بۆ زانیاری لە کۆمەڵگای نوێ دادەنێت و پێی وایە کە جیهانی نوێ وەک تۆڕێکی لێ هاتووه کە تان و پۆیەکەی سیستمی زانیاری و پەیوەندیی ئێلێکترۆنیکییە(کاستلز، 1380). کاستێڵز، بەم کۆمەڵگا نوێیە دەڵێت ” کۆمەڵگەی ڕایەڵەیی”. ئەو، پێی وایە لەم کۆمەڵگا نوێیەدا، خەڵک و کۆمەڵگا لە فۆڕمێکی نوێدا، ناسنامەی تازە وەردەگرن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی بەرهەمهێنان وێڕای هێز و دەسەڵات، تووشی ئاڵ و گۆڕی بنەڕەتی دەبن و فەرهەنگێکی نوێ سەرهەڵدەدا و کەسانێک کە زۆرتر دەستیان بە زانیارییەکان ڕابگات هێزێکی پتریان دەبێ‌. کۆمەڵگەی ڕایەڵەیی بەسەر باڵی ڕاگەیاندنەکاندا دەگەڕێ، واتا لە ئاوا کۆمەڵگایەکدا، ڕاگەیاندنەکان ئاراستەی ڕوانگە و هەڵوێستی سیاسیی خەڵک دیاری دەکەن. به ‌ڕای کاستێڵز، کۆمەڵگەی ڕایەڵەیی بەرهەمی وێککەوتنی سێ ڕەوتی مێژوویی جیاوازە‌ کە بریتین لە: 1- شۆڕشی زانیاری کە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی ڕایەڵەیی؛ 2- خۆرێکخستنەوەی نوێی پێکهاتەی هەر دوو نیزامی سەرمایەداری و نیزامی ئابووریی ناوەندگەرا لە دەیەی 1980 بەم لاوە بە مەبەستی زاڵ بوون بەسەر ناتەبایی و کێشە‌ نێوخۆیییەکانیاندا؛ و 3- بزووتنەوە فەرهەنگییەکانی دەیەی 1960 و درێژەی ئەوان لە دەیەی 1970دا، وەک بزووتنەوەی فێمێنیستی و ژینگەپارێزی. کاستێڵز، پێی وایە لەم کۆمەڵگە نوێیەدا ئاستی دەست ڕاگەیشتن بە زانیارییەکان، ئاستی هێزی جەماوەر یان دەوڵەتەکان دیاری دەکا و ‌هەر کەسێک پتر دەستی بە زانیاری ڕابگا، هێز و دەسەڵاتی پتریشی دەبێ. لەم کۆمەڵگایەدا، سیاسەت لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو دەبێتەوە و ڕووداوەکان لە فەزای مەجازیدا و لە هەموو شوێنێک بڵاو دەبنەوه(کاستێڵز،1380: 35-1)‌.
بەڕای کاستێڵز، ڕەوتی بە جیهانی بوون و بەدوای ئەودا بە ڕایەڵەیی بوونی کۆمەڵگاکان، بوونە‌ هۆکاری سەرهەڵدانی بزووتنەوە بەرهەڵستکارەکان. لە جیهانێکدا کە لە ڕێی ئینتێرنێتەوە پێکەوە بەستراوەتەوە، بزووتنەوەکان وەکوو ویرووسەکان بڵاو دەبنەوە و ئیتر تەنیا هەژاری، قەیرانی‌ ئابووری یان نەبوونی دێموکراسی نییە کە دەبنە‌ هەوێنی بزووتنەوە نوێیەکان، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا، هەستێکە کە خەڵکی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سووکایەتی پێکردنی خۆبەزلزانانەی دەسەڵاتدارانی ماڵی، سیاسی و فەرهەنگی لێک کۆ دەکاتەوە، بەو تەمایەی ترس و نیگەرانیی خۆیان ئاوێتەی تووڕەیی بکەن و تووڕەییش بکەنە هیوایەک بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵگایەکی مرۆڤانەتر. لە ڕوانگەی کاستێڵزەوە، ئامانجی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە هۆکاری تاکەکەسی یان پێکهاتەیییان هەیە، شۆڕشە دژی سوڵتەی کۆمەڵایەتی. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری مێژوودا، بەرهەمهێنەری ئامانج و بەهاگەلی نوێ بوون و کۆمەڵگایان سەر لە نوێ ڕێک خستۆتەوە و لە ڕێگەی پەیوەندیی سەربەخۆیانە و دوور لە چاوی دەسەڵاتدارانەوە، دژی دەسەڵات ئیشیان کردووە. ئێستاکە بە هۆی ئەوەی‌ زۆربەی هەرە زۆری ڕاگەیاندنە گشتییەکان لە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەکاندان، پەیوەندیی سەربەخۆیانە لە کۆمەڵگەی ڕایەڵەییدا له ئینتێرنێت و‌‌ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێک دێت. بزووتنەوەکانیش هەر لەم بەستێنەدا بێچم دەگرن، بەڵام پێویستییان بە کۆبوونەوە لە فەزای شارەکانیشدا هەیە. چونکە لە کۆتاییدا دەبێت لە شوینێک خۆیان وەدەرخەن، کە ئەو جێیەش شەقام و گۆڕەپانی شارەکانه. ئەم فەزایانە دەبنە هۆی کۆبوونەوەی تاکەکان و بنەمای کۆبوونەوەش پێکەوەبوونە. پێکەوەبوون میکانیزمێکی دەروونناسییە‌ بۆ زاڵ بوون بەسەر ترسدا و زاڵ بوون بەسەر ترسدا دەبێتە هەوێنی بەشداری کردنی تاکەکان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا(کاستلز، 1394: 25-10)‌. کاستێلز پێی وایە‌ دەبێت بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە زمانی خۆیانەوە بناسین، بەدەر لەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە چاک یان خراپ بزانین، هێما و نیشانەی کۆمەڵگای ئێمەن و ‌شتێکن کە خۆیان باسی خۆیان دەکەن.
کاستێلز کتێبی ” تۆڕەکانی تووڕەیی و هیوا: بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی ئینتێرنێتدا”ی، بە مەبەستی ناسینی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی نوێدا نووسی. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ساڵی 1990 هەتا ئەمڕۆ لەسەر بنەمای “ناسنامە‌”یە. مەبەست لە ناسنامە، ڕەوتێکە کە چالاکێکی کۆمەڵایەتی لە ڕێی ئەوەوە خۆی دەناسێت و بە پێی یەک یان چەند تایبەتمەندیی فەرهەنگی، واتا و دنیای ماناداری خۆی ساز دەکا. لە دنیای نوێدا، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ کەلێنێکی بەرینتر دەکەوێتە نێوانی ڕایەڵە (بە جیهانی بوون) و تاک (ناسنامە). لە ڕاستیدا، ڕەوتێکی دژ بەیەک لە نێوان بە جیهانی بوون ( تێکنۆلۆژیی زانیاری) و تاک(ناسنامە )دا لە گەڕدایە. کاستێڵز، لە ئاکامی تویژینەوەکانیدا بۆی دەرکەوت کە ئەگەرچی ئەم بزووتنەوانە جیاوازی سەرەکییان لەگەڵ یەکتری هەیه، بەڵام دەرکەوتەیەکی هاوبەشیان هەیە کە پێی دەڵێت “ناسنامەی خۆڕاگری”.‌ ئەم ناسنامەیە بەرەنگاری ئەو گۆڕانکارییانه دەبێتەوە کە لە دنیادا خەریکن ڕوودەدەن. ناسنامە ئەمرێکە کە بەدەستی ئەکتەرانی کۆمەڵایەتی و بە شێوەی بەکۆمەڵ ساز دەکرێ(کاستلز، 2012: 4). کاستێڵز، سێ جۆر ناسنامە لێک جیا دەکاتەوە کە بریتین لە:
ناسنامەی ڕەواییدەر: ئەم ناسنامەیە لە لایەن پێکهاتەی زاڵەوە ساز دەکرێت هەتا سوڵتەی توێژی باڵادەست بە شێوەیەکی ئاوەزمەندانە بەسەر تاکەکانی‌ کۆمەڵگادا بسەپێنێ.
ناسنامەی بەرگریکار: ئەم ناسنامەیە لە لایەن کەسانێکەوە ساز دەکرێت کە لە لایەن لۆژیکی سوڵتەوه بە بێ نرخ چاویان لێ دەکرێت و مۆرکی ‌عەیب و عاریان لێ دەدرێت.
ناسنامەی خاوەن بەرنامە: ناسنامەیەکە کە تاکەکان بە کەڵک وەرگرتن لەو کەرەسە فەرهەنگییانەی ‌ لەبەر دەستیانە، هەوڵ دەدەن ناسنامەیەکی نوێ ساز بکەن. ناسنامەیەک کە سەر لە نوێ پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەوان پێناسە بکاتەوە و بتوانێت پێکهاتەی زاڵ بگۆڕێت.
کاستێڵز لەژێر کاریگەریی گڕامێشیدا دەڵێت کە ناسنامەی ڕەواییدەر کۆمەڵگەی مەدەنی پێک دێنێت. لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا، کۆمەڵێک دامەزراوە و ئەکتەری ڕێکخراو، ئەم ناسنامەیە‌ دووبارە بەرهەم دێننەوە و‌ هێندێک جار سەرچاوەکانی سوڵتەی پێکهاتەیی بە شێوەیەکی ناتەبا عەقڵانی دەکەن. جۆری دووهەم، واتە ناسنامەی بەرگریکار، ئاپۆرەیەک لە خەڵک بە ئامانجی پەرچەکردار نواندن (‌داکۆکی کردن) دژی زوڵم و ستەم کۆدەکاتەوە و بەم کارە قورساییی ئەم زوڵم و ستەمە کەم دەکاتەوە. کاستێڵز لە ژێر کاریگەری توورەیندا پێی وایە کە جۆری سێهەمی ناسنامە واتە ناسنامەی خاوەن بەرنامە، دەبێتە هۆی سازبوونی سووژە. بە باوەڕی کاستیڵز، هەرچەند تاکەکان سووژە ساز دەکەن، بەڵام سووژەکان خودی تاکەکان نین. سووژەکان ئەکتەری کۆمەڵایەتیی بەکۆن کە یارمەتیی تاکەکان دەدەن لە ئەزموونەکانی خۆیاندا مانایەکی هەمەلایەنە و گشتگر بدۆزنەوە. لێرەدا، سازکردنی ناسنامە، پلانێکە بۆ گۆڕانی کۆمەڵگا و ئەویش بۆ دروست کردنی ژیانێکی جیاواز.
هەر وەک باسمان کرد کاستێڵز ڕۆڵێکی یەکجار زۆر بۆ “پەیوەندی” لە کۆمەڵگای ڕایەڵەیی دادەنێ.‌ بە باوەڕی ئەو، “پەیوەندی” بریتییە لە هاوبەش کردنی ماناکان لە ڕێگای گۆڕینەوەی زانیاری )کاستلز،1394: 13). کاستێڵز باسی سێ جۆر پەیوەندی دەکا کە بریتین لە: پەیوەندیی بەکۆمەڵ، پەیوەندیی نێوان تاکەکەسی و پەیوەندیی خۆبزوێن. بەڕای ئەو، ئەگەرچی تێکنۆلۆژیی زانیاری، گۆڕانکاری لە پەیوەندییە بەکۆمەڵەکانی وەکوو ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن داهێناوە و تەنانەت مۆدێلێکی نوێی لە پەیوەندییە‌ نێوان تاکە‌کەسییەکانی دروست کردووە، بەڵام زۆرترین کاریگەریی لەسە‌ر پەیوەندییە خۆبزوێنەکان دا‌ناوە. پەیوەندیی خۆبزوێن، لە بەستێنی ئینتێرنێتدا پێک دێت و تاک خۆی پەیام ساز دەکات و هەر خۆیشی بڵاوی دەکاتەوه. بەم چەشنە شکڵێکی نوێ لە پەیوەندی دروست دەبێت کە دەکەوێتە نێوان پەیوەندیی بەکۆمەڵ و پەیوەندیی نێوان تاکەکەسی. ئەم مۆدێلە نوێیەی پەیوەندی، لە بەستێنی تێکنۆڵۆژییە نوێیەکاندا و لە قالبی چالاکی لە ئینتێرنیت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەر هەڵدەدا.‌
کاستێڵز، ئینتێرنێت بە شادەماری ئابووریی جیهانی وەسف دەکا. ئەو، پێی وایە‌ لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئابوورییەکی نوێ لە ئاستی جیهانی پەیدا بووە کە دەکرێت ناوی بنێین ئابووریی زانیاری؛ چونکە کێبەرکێ، بەهرەدەری و وزەی کارگێڕانی ئەم ئابوورییە پەیوەندی بە ئاستی بەکارهێنانی دروستی زانیاریگەلێکەوە هەیە کە بنەمای زانستییان هەیە. ئەو، پێی وایە تێکنۆلۆژیی نوێی زانیاری، گۆڕانکاریی لە گشت بوارەکانی نیزامی کۆمەڵایەتیدا پێک هێناوە و بۆتە هۆی دروست بوونی پێکهاتەیەکی نوێ کە پێی دەڵێت ” کۆمەڵگەی ڕایەڵەیی”. تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆمەڵگا نوێیە‌ بریتین‌ لە:
ئابووریی زانیاری: بەم مانایەی کە بەهرەدەری و کێبەرکێ لە نێوان کۆمپانیا و ناوەندە بازرگانییەکان، هەروەها لە نێوان ناوچەگەلی ئابووری‌ و وڵاتانی جۆراوجۆردا، زیاتر لە هەموو وەختێک پاڵی وە تێکنۆلۆژی، زانست و زانیاریی نوێوە داوه.
‌ئابووریی جیهانی بۆتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و کۆمەڵێک چالاکیی ستراتیژیکی زاڵ لەخۆدەگرێ کە دەتوانن وەکوو یەکەیەکی پێکەوە بەسراو، کۆمەڵێک میکانیزمی ئابووری لە ئاستی جیهانیدا بەڕێوە ببەن.
چالاکیی‌ ئابووریی ڕایەڵەیی کە جۆرێکی نوێی ڕێکخستنه و خسڵەتی بەرچاوی ئابووریی جیهانییە، وەکوو کۆمپانییە‌ فرەنەتەوەییەکان.
گۆڕینی پێکهاتەی ئیش و کار.
جەمسەربەندی لەسەر بنەمای ئاستی دەست ڕاگەیشتن بە زانیاری.
سەرهەڵدانی فەرهەنگی ڕاستیی ڕواڵەتی
زەق بوونەوەی ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان لە کرداری سیاسیی تاکەکان و لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکاندا.



جیایی کات لە شوێن

لاواز بوونی دەوڵەت-نەتەوەکان
کاستێڵز پێی وایە کە لەم کۆمەڵگا نوێیەدا شکڵ و نێوەرۆکی ناڕەزایەتییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و خاوەن خسڵەتی تایبەت بە خۆیانن. تایبەتمەندییەکانی ئەم نارەزایەتییە نوێیانه لە ڕوانگەی کاستێڵزەوە بەم چەشنەی خوارەوەن‌:
‌ ئەم بزووتنەوانە هەرچەند لە فەزای شار و لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا دەبینرێن بەڵام، لە ڕاستیدا ڕایەڵەیین و ئینتێرنێت و مۆبایل ڕۆڵی سەرەکییان تێدا دەبینێ ‌و بەردەوامییان بەندە بە چالاکیی ئەندامانیان‌ لە فەزای سایبێردا. واتە ئەم بزووتنەوەیانە گەرچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوه دەست پێ دەکەن، بەڵام کاتێک وەک‌ بزووتنەوە دەردەکەون کە فەزای شارەکان دابگرن. ئەم پەیوەندییەی نێوان فەزای سایبێر و فەزای شار، فەزایەکی نوێ ساز دەکا کە کاستێڵز پێی دەڵێ ” فەزای سەربەخۆ”. ” فەزای سەربەخۆ “، شکڵی نوێی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە. سەربەخۆیی لە پەیوەندییەکانا، سرووشتی سەرەکیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانە، چوونکە هەل بۆ سەرهەڵدانیان دەرەخسێنێ و ئەم هێزەیان پێ دەدا کە بەدوور لە چاوی دەسەڵاتداران، لەگەڵ ئەندامانی لە پەیوەندیدا بێ و ڕێکیان بخات.
‌ ئەم بزووتنەوەیانە، ناوچەیی و هاوکات جیهانین. ئەوان لە شوێنگەلی جیاواز و بە هۆکاری تایبەت سەرهەڵدەدەن، تۆڕی پەیوەندیی تایبەت بە خۆیان ساز دەکەن و بە داگرتنی فەزای شارەکان و بڵاوبوونەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، فەزای گشتیی خۆیان ڕێک دەخەن. وێڕای ئەمانە، جیهانیشن؛ چونکە لە ڕێی ئینتێرنێتەوە بە گشت دنیاوە گرێ دراون، لە ئەزموونەکانی یەکتری کەڵک وەردەگرن و لە دنیای مەجازی و لە پانتاییی گۆی زەویدا بەردەوام قسە و باسیان لەسەر دەکرێ.
ئەم بزووتنەوەیانە، تا ڕادەیەکی زۆر خۆڕسکن و فرەتر لە ئاکامی تووڕەیی لە ڕووداوێک یان سیاسەتێکی نابەجێی دەسەڵاتدارانەوە هەڵدەگیرسێن. پاشان خەڵک ‌ بە هاوبیری و هاودەنگی لەگەڵ یەک هەوڵ دەدەن تووڕەیی بکەن بە هەوێنی هومێد و هیوا. ئەم گۆڕانکارییه،‌ واتا تێپەڕین لە دۆخی تووڕەیی و گەیشتن بە کەشێکی پڕ لە هومێد و هیوا، لە فەزای سەربەخۆدا بە ئاکام دەگات.
ئەم بزووتنەوانە، بە پێچەوانەی بزووتنەوە کلاسیکەکان کە پێکهاتەیەکی ستوونی و لە سەرەوە بۆ خواریان هەیە، خاوەنی پێکهاتەیەکی ئاسۆیی و هاوشانن. ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بزووتنەوە نوێیەکان پێویستییەکی ئەوتۆیان بە ڕێبەریی ڕەسمی نەبێت.
ئەم بزووتنەوانە، خسڵەتی بەخۆداچوونەوەیان هەیە؛ کەمتر خاوەنی پلان و بەرنامەی لەپێش داڕێژراون؛ هەروەها زۆر ئاشتییانەن و هەوڵ دەدەن لە توندوتیژی بە دوور بن.
ئامانجی ئەم بزووتنەوانە گۆڕینی بەهاکانی کۆمەڵگایە؛ ئەم بزووتنەوانە خوازیاری گۆڕانی دەوڵەتن‌ نەک بەدەستەوە گرتنی؛ قسە و باس دەورووژێنن و لە کو‌ڵی دەروون و هەستی خەڵک دەدوێن؛ حیزب و ڕێکخراو پێک ناهێنن و پاڵپشتی لە هیچ دەوڵەتێک ناکەن؛ بەم حاڵەشەوە تا سەر ئێسقان سیاسین، بە تایبەت کاتێک داوای دێموکڕاسییەکی هاوبیرانە دەکەن. ئەم بزووتنەوانە، بە مەبەستی جێگیر کردنی جۆرێکی نوێ لە دێموکڕاسی داڕێژراون کە زەمینەی هاریکاریی خەڵک لە فەزای خۆجێیی و سایبێردا پێک دێنن. ئەم دێموکڕاسییە یۆتۆپیایەکی نوێیە لە جۆری دێموکڕاسیی ڕایەڵەیی(کاستلز،1394: 186-133).
بەم چەشنه دەبینین لەم‌ دواییانەدا، گۆڕانکاریی بنچینەیی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانا ڕووی داوە. ڕیشەی ئەم گۆڕانکارییانە بە وتەی کاستێڵز تێکنۆڵۆژیی زانیاریی نوێیە، بە تایبەت ئینتێرنێت کە کۆمەڵگایەکی نوێی بە ناوی کۆمەڵگەی ڕایەڵەیی ساز کردووە. ئەم کۆمەڵگا نوێیە کۆمەڵێک دەرفەتی بۆ ناڕازییان خولقاندووە کە پێشتر نەبوو. تەنانەت هێندێک لەو تایبەتمەندییانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دا، بوونەتە خاڵی بەهێز بۆ بزووتنەوەکان، کەچی لە ڕابردوودا وەکوو خاڵی لاواز حیساب دەکران.
کاریگەریی فەزای مەجازی لەسەر بزووتنەوەی ناسنامەخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 25/9/2017، لە هەرێمی کوردستان بۆ دیاری کردنی مافی چارەنووس گشتپرسی بەڕێوەچوو. شەوی هەمان ڕۆژ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ پشتیوانی کردن لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، ڕژانە سەر شەقام و لە گۆڕەپانی شارەکاندا کۆبوونەوە و بە دروشم دان خۆشحاڵی و پاڵپشتیی خۆیان دەربڕی. یۆرۆنیووز بە‌م چەشنەی خوارەوە‌ باسی ئەم ڕووداوە دەکا:
” ئێوارێ و شەوی دووشەممه،‌ کوردەکانی پارێزگای کوردستان و بەشێک لە شارەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە بۆنەی ‌ گشتپرسی هەرێمی کوردستانی عێراق شادی و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. لەم ویدیۆیانەی بڵاو بوونەتەوە، هێزێکی زۆری پۆلیس دەبینرێ، بەڵام وێدەچێ ئەم هێزانە کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان دژی خەڵک نەبووبێ‌ و تەنیا تەماشاچی بووبێتن. ئەم‌ ویدیۆیانە خۆشحاڵی دەربڕینی خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز، بانە، مەریوان و مهاباد بەم بۆنەوە پیشان دەدەن.لە مهاباد، کوردەکانی ئەم شارە بە کۆبوونەوە و بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان بۆ پشتیوانی کردن لە گشتپرسیی هەرێمی‌ کوردستان دروشمیان دا. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ جێژن و شاییی خەڵک گۆڕەپانی ململانێی دوو ڕوانگه بوون‌. دەستەیەک لە جێژن و شادی و پشتیوانیی کوردەکانی ئێران ‌لە گشتپرسی هەرێمی کوردستان نیگەرانن و ئەم جێژنانە بە نیشانەی قووڵ بوونەوەی کەلێن و دابڕانەکانی کۆمەڵگای ئێرانی دەزانن؛ هێندێکی دیکه وێڕای‌ پشتیوانی کردن، ئەم خۆپیشاندانانە بە ئاکامی دەیان ساڵ هەڵاواردن و پەڕاوێز خرانی گەلانی ئێران بە تایبەت کورد دەزانن.”
بەکار هێنانی ئینتێرنیت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێێ مۆبایلەوە لەم بزووتنەوەیەدا زۆر بەرچاو بوو. سێ تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرامی‌ لەم کاتەدا چالاک بوون و دەوریان گێڕا که بریتی بوون لە کاناڵی نیشتمانی جوان بە 74000 ئەندام، ئامانج بە 35000 ئەندام و کاناڵی ناسیۆنالیسمی کوردی بە 30000 ئەندامەوە. جگە لەمانە دەیان تۆڕ و ماڵپەری دیکەی سەر بە حیزبە کوردییەکان هاندەری کۆبوونەوەی خەڵک بوون. هەروەها تەلەڤیزیۆنی ڕووداو، لە پێکهێنان و ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوەیەدا بەشدار بوو. تەلەڤزیۆنی ڕووداو بە دانانی بەشێکی تایبەت بە هەواڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بینەرێکی یەکجار زۆری هەیە، لە سازبوونی ئەم بزووتنەوەیەدا دەوری گێڕا.
ڕووداوێکی دیکە کە لەم سەروبەندەدا ڕووی دا، بوومەلەرزەکەی ئەزگەلە لە ڕێکەوتی 12/11/2017 بوو. ئەم ڕووداوە لە بەستێنی فەزای مەجازیدا لە فۆڕمی ڕووداوێکی سروشتی هاتە دەرێ و بوو بە دیاردەیەکی سیاسی. خەڵک دەیانزانی کە هۆی گیان لەدەست دانی خەڵک حکوومەتێکە کە دوای نزیک بە چڵ ساڵ نەیتوانیوە دەرفەتێک بۆ خەڵک پێک بێنێ کە خانووبەرەی ستاندارد ساز کەن. هەروەها تێگەیشتن کە دامەزراوەی‌ دەوڵەتیی مەسکەنی مێهر (مسکن مهر ) بە هۆی گەندەڵییەوە خانووبەرەی خراپی بۆ خەڵک ساز کردووه و بەرپرسی لە دەستدانی ژیان و ماڵی خەڵکە‌. جگە لەمانە خەڵک دەوڵەتیان لە پڕۆسەی هاوکاریی لێقەوماندا بە کەمتەرخەم دەزانی؛ سەرباری ئەمانە متمانەشیان بەو‌ ڕێکخراوە دەوڵەتییانە نەبوو کە یارمەتییان بۆ لێقەوماوان کۆ دەکردەوە، هەر بۆیە خۆیان لە فەزای مەجازیدا کەمپەینی یارمەتیدانی لێقەوماوانیان ساز کرد و بە شێوەیەکی خۆڕسک یارمەتییان کۆ کردەوە و گەیاندیانە خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو. لە ڕەوتی ئەم یارمەتی دانەدا پیاوێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی ئەبووبەکر مەعڕووفی تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبێ و ژیانی لە دەست دەدا. مەرگی ئەم کەسە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو دەبێتەوە‌ و دەکرێ بە بیانوویەک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین؛ تەنانەت نازناوی شەهیدی لێ دەنرێت. هەزاران کەس لە دەوری تەرمی کۆدەبنەوە و هەتا بۆکان بە ڕێزەوە و وەکوو پاڵەوانێک بەڕێی دەکەن. کاناڵە تێلێگرامییەکانی نیشتمانی جوان و ناسیۆنالیسمی کوردی وێڕای دەیان تۆڕی ڕاگەیاندنی دیکە بێ پسانەوە بەردەوام هەواڵی چۆنیەتیی گەڕاندنەوەی تەرمی ئەبووبەکر مەعڕووفییان دەگواستەوە. تەرمی ئەبووبەکر مەعڕووفی دەگەیشتە هەر شارێک خەڵک دە‌چوونە پێشوازی و دروشمی دژە حکوومەتییان دەگوتەوە. خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، کامیاران، سنە و سەقز چوونە پێشوازی و ڕۆژی دوای ڕووداوەکە لەنێو ئاپۆرەی خەڵکدا لە شاری بۆکان بە خاک سپێردرا. شتێک کە جێی سەرنج بوو، ئەوە بوو کە‌ خەڵک بە هەڵگرتنی دەیان پلاکارد کە لە ‌سەریان نووسرابوو ” لێرە خەیانەت بە نیشتمان ناکرێ، بەڵکوو لە ڕێیدا گیان دەدرێ” و دانی دروشمی وەک ” کاک عەبوو قارەمانە، کەرکووک دڵی کوردستانە”، مەرگی کەسێکی بۆکانی لەگەڵ پرسی ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان و دیاری کردنی مافی چارەنووس لێک گرێ دەدرا.
کاستیڵز دەڵێ، ئەگەرچی بزووتنەوە نوێیەکان بە ڕێپێوان لە شەقام و گۆڕە‌پانەکان لە فەزای شارەکاندا دەردەکەون، بەڵام لە‌ فەزای ئینتێرنیتدا‌ ڕێک دەخرێن. ئەم جم و جووڵانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، لە دنیای ئینتێرنێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستی پێکرد و بە داگرتنی فەزای شارەکان بوو بە بزووتنەوە. پەیوەندیی فەزای سایبێر و فەزای شار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەزایەکی نوێی ساز کرد، ئەو فەزا نوێیەی کە‌ کاستێڵز پێی دەڵێ ” فەزای سەربەخۆ”. فەزای سەربەخۆ وەکوو خسڵەتی نوێی بزووتنەوە ڕایەڵەییەکان لەم بزووتنەوەیەدا وەبەر چاو دەکەوت. کاستێڵز بۆیە پێی دەڵێت “فەزای سەربەخۆ”، چونکە ئەم سەربەخۆیییە بە ڕێکخستنی خەڵک لە فەزای ئازادی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانا دەستەبەر دەبێ و وەکوو هێزێکی گۆڕانکار بۆ ململانێ لەگەڵ نەزمی سەقامگرتوو، فەزای شار لە دەسەڵاتداران دەستێنێ. ئامانجی کۆبوونەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شەقام و گۆڕەپانی شارەکان بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان و بەشداری ناڕەزامەندانە لە پرسەی ئەبووبەکر مەعڕووفیدا، وەرگرتنەوەی فەزای شارەکانی کوردستان لە دەسەڵاتدارنی ئێران بوو.
ڕۆڵی ماڵپەڕ، کاناڵە‌ تەلەڤیزیۆنییەکانی وەک ڕووداو و کوردستان 24 و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هاندان، هەماهەنگی و ڕێکخستنی جووڵانەوەی کوردانی ڕۆژهەڵات زۆر بەرچاو بوو و خەڵکی کورد هەر لە ڕێی ئەم کەرەسانەوە تووڕەییی خۆی دژی نەتەوەی باڵادەست لە ئێران دەربڕی. دەنگی ناڕەزایەتیی ناڕازییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە تەلەڤیزیۆنێکی وەک ڕووداودا یەکیان گرت. تەڤیزیۆنی ڕووداو بەشێک له هەواڵ، وێنە و فیلمی کۆبوونەوەکانی لە ڕێی مۆبایلەوە لە خەڵک وەردەگرت و بڵاوی دەکردەوە کە ئەمەش دەبوو بە هۆی بەردەوامیی بزووتنەوەکە. شتێک‌ لێرەدا دەرکەوت ئەویش ئەوەبوو کە ‌ئەگەرچی، بارودۆخی خراپی ئابووری و کۆمەڵایەتی وەک بێکاری، گرانی و هەژاری زۆر جێی ناڕەزامەندیی گەلی کورد بوو، بەڵام ئامانجی ئەم ناڕەزایەتییانە پرسێکی ناسنامەخوازانە و گەڕان بە دوای ناسنامەوە بوو. واتا کەڵکەڵەی سەرەکییی ئاپۆرەی کوردی کە لە خۆشیی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان گۆڕەپانەکانی تەنیبوو یان بۆ ماتەمی بوومەلەرزە و پرسەی ئەبووبەکر مەعڕووفی شەقامەکانی داگرتبوو، ناسنامەی سیاسیی کورد وەکوو نەتەوەیەکی سەربەخۆ بوو نەک پرسێکی ماددی و ئابووری. ئەو دروشمانەی کە دەدران سەلمێنەری ئەم ئیددعایەن. بە قەولی کاستێڵز، لەگەڵ ئەوەی کە بزووتنەوە نوێیەکان لە ئێش و ژانی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام لە ڕاستیدا بنەمای فەرهەنگییان هەیە (هەمان، 194). ناسنامەخوازییەک کە ئەم بزووتنەوەیە بە دوایەوە بوو ئاماژە بەم خسڵەتە فەرهەنگییە دەکا.
تایبەتمەندییەکی دیکەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕوانگەی کاستێڵزەوە، ناوچەیی و هاوکات جیهانی بوونە. واتە، لە شوێنێکی دیار و بە هۆکاری تایبەت هەڵدەگیرسێن و لە ڕێی فەازی مەجازییەوە بە گۆی زەویدا بڵاو دەبنەوە، بۆیە هاوکات جیهانیشن. واتە، لەگەڵ ئەوەی کە ڕیشەیان لە ناسنامەیەکی دیار و تایبەتدا هەیه، جۆرێک فەرهەنگی جیهانی و گشتگر پیشان دەدەن و بەم چەشنە ناسنامەی ناوچەیی ‌خۆیان لە ناسنامەی جیهانی گرێ دەدەن(هەمان، 188). لەمەڕ بزووتنەوەی بەرباس، ئەم تایبەتمەندییە وەبەرچاو دەکەوێ. ئەم بزووتنەوەیە لە بەستێنی کۆمەڵگای کوردستان وەک شوێنی بزووتنەوە سەری هەڵدا و لە ڕێی ئینتێرنێتەوە بە هەموو دنیاوە گرێ درا؛ چوونکە کوردەکانی تاراوگە لە شوێنە جیاجیاکانی دنیاوە لە ڕێی ئینتێرنێتەوە لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە لە پەیوەندیدا بوون، تەنانەت لە ڕێنوێنی کردن و بەڕێوەبردنیدا بەشدار بوون. بۆ نموونه،‌ کاتی ڕاگواستنی تەرمی ئەبووبەکر مەعڕووفی لە جوانڕۆوە بۆ بۆکان، هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەهاوکاریی نوێنەری شار، بۆ ڕێگرتن لە کۆبوونەوەی خەڵک، ویستی تەرمەکە لە خەڵک بستێنێتەوە و خۆی بە هێمنی و دوور لە جەماوەر بە خاکی بسپێرێ بەڵام، کاتێ هەواڵەکە بڵاو دەبێتەوە، کەسێک بە ناوی ” ک،ئ ” لە دوورەدەست و لە وڵاتێکی ئورووپایییەوه کە بەم پیلانە دەزانێ، لە ڕێی ئینتێرنێتەوە خەڵکی‌ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گرتە ویدیۆیەک ئاگادار دەکاتەوه؛ ئەم گرتە ویدیۆیییە زۆر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک نیشتمانی جوان و ناسیۆنالیسمی کوردی لە تێلێگرام و باقی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆوە. پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و گەیشتنی بە جەماوەری ناڕازیی کوردستان، خەڵکی شاری کامیاران بە دروشم دان دژی ئەم نوێنەرەی ڕێژیم، ‌ پێشیان بە ‌سەرگرتنی ئەم پیلانە گرت و نەیانهێشت ڕێژیم تەرمەکە بڕفێنێت. ئەمە دەیسەلمێنێ کە ئەم بزووتنەوەیە هەم ناوچەیی و هەم جیهانی بوو. شتێکی تر کە کاریگەریی لەسەر بزووتنەوەی پشتیوانی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕێفراندۆمەکەی باشوور بوو و سەلماندی کە ئەم بزووتنەوەیە هەم خۆجێیی‌ و هەم جیهانییە، ڕێفراندۆمی کاتالۆنیا لە ئیسپانیا و بڵاو بوونەوەی هەواڵ و وێنەی کەش و هەوای ئەوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە تەلەفزیۆنەکاندا بوو کە بێگومان کارتێکە‌ریی لەسەر بزووتنەوەی پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی کوردستان بوو. ئەوانەی باسمان کرد، شایەتی دەدەن بزووتنەوەی پاڵپشتی لە بوومەلەرزە لێدراوان و بزووتنەوەی پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕێفراندۆمەکەی باشوور، هەردووکیان لەگەڵ ئەوەی ناوچەیی و لۆکاڵی بوون، لە هەمان کاتدا سەرانسەری و جیهانیش بوون.
سێهەمین تایبەتمەندیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییه نوێیە‌کان لە ڕوانگەی کاستێڵزەوه،‌ خۆڕسک بوونیانە کە لە ئاکامی تووڕەیی لە ڕووداوێک یان سیاسەتێکی نابەجێی دەسەڵاتداران سەرهەڵدەدەن. لە ئاکامی ئەم تووڕەییەدا، بانگەوازێک لە فەزای مەجازیدا بە ئامانجی سازدانی کۆبوونەوەیەکی خێرا ‌دەردەکرێت و ناڕازییان لە ژێر کاریگەریی پەیامی بانگەوازەکەدا‌ کە لە سەرچاوەی پەیامەکە بۆیان گرینگترە، بەرەو پیریی‌ دەچن(هەمان، 189).‌ ‌ ئەمە تایبەتمەندیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییه نوێیە‌کانە کە لە بزووتنەوەی پاڵپشتیی لە بوومەلەرزە لێدراوانی پارێزگای کرماشان و پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕێفراندۆمی باشووردا بە ڕوونی دەر‌کەوت. لەوانەیە تێلێگرام وەکوو تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی پڕڵایەنگر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، یەکێک لەو کەرەسە پەیوەندییانە بێ کە لەم بزووتنەوەیەدا ڕۆڵی سەرەکی بووبێت؛ چونکە بە بڵاوبوونەوەی پەیام، وێنە، فیلم و بانگەواز لەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانەدا بوو کە خەڵک ڕێکخران و هاتنە سەر شەقام. چۆنیەتیی هەڵقووڵینی تووڕەییی خەڵک لە بەستێنی فەزای مەجازی و ڕژانە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و پاشان چرۆ دەرکردنی هومێد و هیوا و دواتر گۆڕان لەم بزووتنەوە‌یەدا بەم چەشنە بوو: ڕۆڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و سپای پاسداران لە کەوتنی شاری کەرکووک و دژایەتیی تەواوی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دیاری کردنی مافی چارەنووسی خەڵکی باشووری کوردستان ڕقی کوردانی ڕۆژهەڵاتی هەستاند. پاش بوومەلەرزەکەی‌ ئەزگەلە، خەڵک ڕقی پەنگ خواردووی ڕێفراندۆمیان لە کۆماری ئیسلامی تێکەڵ بە تووڕەیی لە ڕووداوی بوومەلەرزە کرد، لووتکەی ئەم تووڕەیییە لە درووشمی ” کاک عەبوو قارەمانە، کەرکووک دڵی کوردستانە”، لە پرسەی ئەبووبەکر مەعڕووفی دا ‌دەرکەوت. ئەمە پیشاندەری وێککەوتنی سروشت(بوومەلەرزە) و سیاسەت(رێفراندۆم) لە بزووتنەوەی کورد دابوو کە بۆ یەکەم جار ڕووی دەدا، بۆیە دەکرێت وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی کورددا چاوی لێ بکەین کە درێژەی ئەم گۆڕانکارییانە دواتر لە کەیسی لایەنگریی ئاپۆرەی خەڵکی کوردستان لە شەریف باجەوەردا دیترا.
بڵاو بوونەوەی وێنەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قودسی پاسداران وێڕای هادی عامێری فەرماندەی حەشدی شەعبی لە تەلەفیزیۆنی ڕووداو و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەکوو داڕێژەرانی داگیرکردنی کەرکووک و سەرنەگرتنی سەربەخۆیی کوردستان، تووڕەییی خەڵکی بە تەواوی هەژاند، ئەم تووڕەیییە بە بەرز کردنەوەی دەیان پلاکارد لە ڕێوڕەسمی ناشتنی ئەبووبەکر مەعڕووفیدا کە لە سەریان نووسرابوو ” لێرە نیشتمان نافرۆشرێ، بەڵکوو گیانی لە پێناو دەدرێ”، گەیشتە لووتکە. هەروەها خەڵکی کورد بە هاوبیری لە فەزای مەجازی و بە بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە کە ” کورد بە مافی ڕەوای خۆی هەر دەگا و ڕۆژێکیش هەر دێت کە کەرکووک ‌بگەڕێنرێتەوە باوەشی کوردستانێکی سەربەخۆ” ، تووڕەییان ئاوێتەی هومێد و هیوا کرد. وەک کاستێڵز دەڵێت تێپەڕین لە تووڕەیی بەروە هیوا بە هاوبیری لە فەزای سەربەخۆی سایبێردا سەر دەگرێت: شتێک کە لە بزووتنەوەیە‌ی پاڵپشتی لە بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان و پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕێفراندۆمی باشووردا زۆر بە جوانی دیترا.
چوارەمین تایبەتمەندیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییه نوێیە‌کان کە لەگەڵ بزووتنەوەی بەرباسی ئێمه دەگونجێت،‌ ئاسۆیی بوونیانە.‌ هەر وەک پێشتر باسمان کرد، بزووتنەوە نوێیە‌کان‌ بە پێچەوانەی بزووتنەوە کلاسیکەکان کە پێکهاتەیەکی ستوونی و سەرەوخواریان هەبوو، خاوەن پێکهاتەیەکی ئاسۆیی و هاوڕیز بوون‌. ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بزووتنەوە نوێیەکان پێویستییەکی ئەوتۆیان بە ڕێبەریی ڕەسمی نەبێت (هەمان، 190). ئەم ئیددعایە لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی بەرباسدا ڕاستە. چوونکە خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای ئەم مەترسییانەی کە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە سەریان ‌بوو، لە خۆشی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم یان لە تاوی قوربانیانی بوومەلەرزە، ڕژانە سەر شەقام و لەبەر چاوی هێزە سەرکوتکەرەکان دروشمیان دا و شادی و خۆشحاڵی و ناڕەزایەتییان دەربڕی. شتێک لێرەدا‌ گرینگە ئەویش ئەوەیە که،‌ ئەم بزووتنەوەیە ئاسۆیی بوو، واتا هیچ حیزب و لایەنێک ئەم خۆپیشاندانەی ڕێک نەخستبوو و هیچ سەرکردە و ڕێبەڕێکی دیار و ناسراوی لەپشت‌ نەبوو؛ بەڵکوو، ئاکامی هاوفکری، هاوپەیوەندی و هاوکاریی خەڵکێکی زۆر ناڕازی لە فەزای مەجازیدا بوو. کوردانی ناڕازی لە دۆخی ژێردەستەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ هاوپەیوەندی لەگەڵ کوردانی باشوور لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمدا و هەروەها، بۆ هاوخەمی دەربڕین لەگەڵ بوومەلەرزەلێدراوان، بیروڕای خۆیان بە شێوەی ئاسۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گۆڕییەوە و پێکەوە بزووتنەوەیەکی ناسنامەخوازانەیان ساز کرد، بێ ئەوەی کە لەژێر سوڵتەی ڕەوتێکی ‌سیاسیی بورۆکراتیک و ڕەسمیدا بێت. واتا، ئەمە تایبەتمەندیی سەرکردەیەکی کاریزما یان بانگەوازی ڕێکخراوێکی سیاسی لە سەرەوە نەبوو کە خەڵکی هێنایە سەر شەقام، بەڵکوو ئەوە ئینتێرنیت بوو کە بوو بە چەترێک بۆ ئەوەی هەموان متمانە بە یەک بکەن و لە ژێریدا کۆ ببنەوە و بە هاوبەشی کردەیەکی ناڕەزایەتییانە لە فەزای شارەکاندا دەرببڕن.
هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بزووتنەوە نوێیەکان‌، خسڵەتی بەخۆداچوونەوەیان هەیە؛ کەمتر خاوەنی پلان و بەرنامەی لەپێش داڕێژراون. هەروەها زۆر ئاشتییانەن و هەوڵ دەدەن لە توندوتیژی دووری ‌بکەن. لە بزووتنەوەی پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕێفراندۆمی باشوور و پاڵپشتیی لە بوومەلەرزە لێدراوانی ئەزگەلە و دەورووبەری، ئەم تایبەتمەندییانە وەبەر چاو دەکەوتن. ئەم بزووتنەوەیە خسڵەتی بەخۆداچوونەوەی هەبوو، ‌خاوەنی پلان و بەرنامەی لەپێش داڕێژراو نەبوو و هەروەها تێکەڵ بە توندوتیژیش نەبوو. هەر ئەەوش کاری ڕووبەڕوو بوونەوەی پۆلیس و هێزە سەرکووتکا‌رەکانی لە گەڵی سەخت و دژوار کردەوە. بۆ نموونە شەوی دووشەممە سێی ڕەزبەری 1396 هەتاوی، ئەو ڕۆژەی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان بەرێوە چوو، تا چەند کاتژمێر پێش کۆبوونەوەی خەڵک،‌ هەواڵێکی ئەوتۆ لە‌مەڕ کۆبوونەوە لە شەقام و گۆڕەپانەکان لەبەر دەست نەبوو؛ بەڵکوو لەپێشدا چەند کەس لە ناوەندی شارەکانا کۆبوونەوە، هەر کە ژمارەیەک خەڵک کۆبوویەوە،‌ لە ڕێی موبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵک یەکتریان ئاگادار کردەوە و بە بڵاو بوونەوەی ویرووس ئاسای هەواڵەکە بە گوتەی کاستێڵز، بە زوویی حەشیمەتێکی زۆر پەیوەست بە کۆبوونەوەکان بوون؛ ئەم تایبەتمەندییەش وای کرد کە هێزە ئەمنییەتییەکان لەپێشدا خەبەریان نەبێت و نەتوانن پێش بە کۆبوونەوەکان بگرن.
هەروەها، ئەم بزووتنەوەیە خسڵەتی بەخۆداچوونەوەی هەبوو، چونکە پسپۆڕان و پێکهێنەرانی، بەردەوام لە فەزای مەجازیدا بە پێی بارودۆخ، پێداچوونەوەیان پێدا دەکرد و بە پێی پێویست گۆڕانکارییان لە چالاکی و هەڵوێستەکانیاندا دەکرد. بۆ نموونە لە ڕەوتی یارمەتیدانی بوومەلەرزە لێدراواندا، کە بە هۆی نەبوونی متمانە بە ناوەندە دەوڵەتییەکان، بە تایبەت پاش دژایەتیی دەوڵەت و نەتەوەی باڵادەست لەگەڵ ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان، بوومەلەرزە وەک دەیاردەیەکی سرووشتی کرا بە دیاردەیەکی سیاسی و‌ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لێ پەیدا بوو؛ بە پێی پێداویستیی بوومەلەرزه لێدراوان لە هەر کات و شوێنێکا، لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵک جۆر و شوێنی یارمەتییەکەیان دەگۆڕی. هەر وەها لە هیچ کات و شوێنیک خەڵک دەستیان نەبردە بەر توندوو‌تیژی و بە شێوەی مەدەنی و دێموکڕاتیک ناڕەزایەتییان دەربڕی.
دوایین تایبەتمەندیی بزووتنەوە نوێیەکان‌، ئەوەیە کە ئامانجی ئەوان گۆڕینی بەهاکانی کۆمەڵگایە؛ ئەم بزووتنەوانە خوازیاری گۆڕانی دەوڵەتن‌ نەک بەدەستەوە گرتنی؛ قسە و باس دەورووژێنن و لە کو‌ڵی دەروون و هەستی خەڵک دەدوێن؛ حیزب و ڕێکخراو پێک ناهێنن و پاڵپشتی لە هیچ دەوڵەتێک ناکەن؛ بەم حاڵەشەوە تا سەر ئێسقان سیاسین(هەمان،1394: 186-133). لەم‌ پەیوەندییەدا، ئینگڵهارت پێی وایە کە لە کۆمەڵگای بان پیشەییدا، خەڵک بە شوێن بەهاگەلی پۆست ماتڕیاڵیستییەوەن، چوونکە پێی وایە‌ لەم کۆمەڵگایانەدا، کێشەی ئابووری چارەسەر بووە و خەڵک بەدوای بەهاگەلێکی وەکوو سه‏ربه‏خۆیی بڕیاردان، یەکسانیی جنسییه‏تی، دێموکراسی، ئازادیی تاکەکەسی، لێبوردەیی و پێداگری له‏سه‏ر ئاسووده‏یی زه‏ینین(اینگلهارت و ولزل،1389: 285). لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی بەرباسدا، ڕاستە کە کۆمەڵێک بەهای پۆست ماتڕیاڵیستیی وەک ڕەخنه گرتن‌ لە دەو‌ڵەت، ویستی سەربەخۆیی و ئازاد ژیانی تێدا بەرجەستە بوو، بەڵام پێویسته بگوترێت‌ که لەم بزووتنەوەیەدا‌ هێندێک تایبەتمەندیی بزووتنەوه کلاسیکەکانیش وەبەرچاو دەکەوت؛ چوونکە ئەم بزووتنەوەیە‌ کۆمەڵێک بەهای ماددی وەک خەبات دژی نابەرابەریی ئابووری و سیاسیشی لە خۆ دەگرت. ناڕەزایەتی دەربڕین دژی پەیمانکارانی خانووبەرەی مێهر لە سەرپێڵ کە وێڕای دەوڵەتی گەندەڵ، بە بەرپرسیاری ژیان و ماڵی بوومەلەرزەلێدراوان دەزانران، نموونەیەک لە تایبەتمە‌ندییە‌ کلاسیکەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بوو کە لەم بزووتنەوەیەدا دەبینرا.
لە کۆتاییدا ئەم بزووتنەوەیە داوای دەکرد نەتەوەی باڵادەست و ڕێژیمی زاڵ، ڕوانگەی خۆی بۆ پرسی کورد بگۆڕێت و نەتەوەی کورد وەکوو “ئەویتری” خۆی پێناسە نەکا و بەرژەوەندی خۆی لە دژایەتی ئەودا نەبینێتەوە. بەم چەشنە لەم بزووتنەوەیەدا، خەڵک کۆبوونەوە‌ و هەست و سۆزی خۆیان بە شادی کردن له کاتی بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆم و بە ناڕاحەتی و ناڕەزایەتی دەربڕین لە کاتی بوومەلەرزەدا دەربڕی؛ هەرچەند ڕەنگە حیزبە سیاسییە کوردییە‌کان ناڕاستەوخۆ پشتیوانیان لە بزووتنەوەکە کردبێت و لەوانەیە بەشێکی‌ زۆری خۆپیشاندەران ‌ ئەندام یان لایەنگری حیزبە سیاسییەکان بووبێتن؛ بەڵام هیچ حیزبێکی سیاسی بە ڕاشکاوی و بە پلان و بەرنامەوە لەپشتی ئەم جووڵانەوەیەوە نەبوو. بەم حاڵەشەوە‌ ئەم بزووەتنەوەیە بە تەواوی سیاسی بوو، چونکە خوازیاری سەربەخۆییی “سووژەی کوردی” لە هەمبەر زاڵێتیی نەتەوەی باڵادەستدا بوو. کاتێک دەوڵەتی ئێران بە هۆی ڕوانگەی دژە کوردانە و سیستمی گەندەڵ و ناوەندگەرای خۆی لە بەڕێوەبردنی قەیرانی بوومەلەرزەکەی سەرپێڵ سەرکەوتوو نەبوو، خەڵکی کورد بەم قەناعەتە گەیشتن کە دەبێت خۆیان لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی قۆڵی هیممەت هەڵماڵن و بەهاوفکری لە فەزای مەجازی و سازکردنی کەمپەینی یارمەتی، وە فریای هاونیشتمانیانی خۆیان بکەون. ئەم هەوڵە بە کۆمەڵە‌ تەنیا یارمەتیدانێکی سۆزدارانە و هەرەوەزێکی نەریتی نەبوو،؛ بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ گۆڕانی هێز لە ڕێگای پێکەوە بەستنەوەی دنیای سایبێر و جیهانی واقعییەوە. ئەم گۆڕانکارییە سەرەتا لە بیر و زەینی ئەواندا لە چوارچێوەی کۆمەڵێک تۆڕی پەیوەندی لە دنیای ئینتێرنێتدا شکڵی گرت و لە ئاکامدا لە عەرزی واقیع و لە شەقام و گۆڕەپانەکانی شارەکان بە دەستی ئەکتەرانی چالاک لە کۆمەڵگای کوردستاندا پەرەی سەند، ئەکتەرانێک کە هەوڵیان دەدا کورد لە پەڕاوێزی مێژوو دەرهێنن و بیکەنە کارگێڕ و ڕێخەری مێژوویەکی نوێی کە لە حاڵی ساز بووندایە. ئەم ڕوانگە و شێوازە نوێیە لە خەباتی ئەم دوایییانەی کوردی ڕۆژهەڵات، هەوڵ دان بوو بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ڕەوتی کۆمەڵایەتی کە توورەین پێی دەڵێت “مێژوومەندی” یان هیستۆریسیتە. چوونکە ئەندامانی بزووتنەوە هەوڵیان دا تاکی کورد بکەنە‌ “سووژەیەکی سەربەخۆ” و بە بەکارهێنانی کەرەسەی نوێی پەیوەندیی واتا ئینتێرنێت ڕەوتەکانی کۆمەڵگا بناسن و لە ڕێی ئەوەوە بارودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان بگۆڕن و کۆمەڵگایەکی نوێ نەک لەسەر بنەمای بیر و هزری نەتەوەی باڵادەست، بەڵکوو لەسەر بناغەی ئەندێشە و کرداری وشیارانەی تاکی کورد ساز بکەن. واتا ئەوە ئینتێرنێت بوو کە بەستێن و نەخشە ڕێگای بۆ دروست کردنی ” سووژەی سەربەخۆی کورد ” خۆش کرد. ئەوەی کە بزووتنەوەکە بەو ئامانجە گەیشت یان نە، باسێکی ترە، بەڵام گرینگ ئەوە بوو کە بەو ‌تەمایە بوو.



ئاکام و دوا گوتە

ئێستا، بە گوێرەی ئەم شیکارییانەی لە سەرەوەدا کردمان، هەوڵ دەدەین بە بەڵگە وەڵامی پرسیارە سەرە‌کییەکانی توێژینەوەکە بدەینەوە.
لە وەڵامی پرسیاری یەکەم کە فەزای مەجازی و ئینتێرنێت، چ کاریگەرییەکی لە سەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوه و چ دەرفەت یان بەربەستێکی بۆ خولقاندووە؟ پێویستە بڵێین کە لە بزووتنەوەی پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕێفراندۆمی باشوور و پاڵپشتی لە بوومەلەرزە لێدراوانی ئەزگەلە و دەورووبەری، ناڕەزایەتییەکان بەرهەمی پەیوەندیی تاکی کورد لە دنیای سایبێر و گرێدانی لەگەڵ دنیای واقع بوو. واتا، ئەوە برەودانی فەرەهەنگی ئینتێرنێت بوو کە بوو بە هۆکاری سەرەکیی کۆبوونەوەکان. بڵاو بوونەوەی هەواڵ و کەش و هەوای ڕێفراندۆم و کارەساتی بوومەلەرزە لە کاناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی ڕووداو و کوردستان 24 و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نیشتمانی جوان، ناسیۆنالیسمی کوردی و باقی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوو کە ئەم کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییانەی لە شەقام و گۆڕەپانی شارەکاندا لێ کەوتەوە.
لە وەڵامی پرسیاری دووهەمدا کە ئەم بزووتنەویە بەدوای چییەوەیە و دەکەوێتە خانەی کام جۆر لە بزووتنەوەکان؟ پێویستە بڵێین کە ئەم بزووتنەوەیە تایبەتمەندیی هەر دوو جۆری بزووتنەوە کۆن و نوێیەکانی پێوە دیار بوو. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیه، خەبات دژی نابەرابەریی ئابووری و سیاسی و گەندەڵی بوو. خەبات دژی ئەو ستەمە نەتەوایەتییە کە نەتەوەی باڵادەست دژی نەتەوەی کورد ئەنجامی دەدات، کە تایبەت بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کۆنەکانە. هەروەها، ئەم بزووتنەوەیه خاوەنی کۆمەڵێک‌ ئامانجی پۆست ماتڕیالیستی وەک ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات و لایەنگری لە ئازادی بیروڕا و لە هەمووان گرینگتر ناسنامەخوازی بوو. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بزووتنەوەی بەرلێکۆڵینەوەی ئێمە تایبەتمەندیی بزووتنەوە نوێیەکانیشی هەبوو، ئەو بزووتنەوانەی کە لە ئورووپا و لە پاش دەیەی 1960 سەریان هەڵدابوو.
ئەگەرچی‌ ئەم بزووتنەوەیە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و داواکاریی بزووتنەوە کۆنەکانی وەک ویستی بەشداریی سیاسی و بەرابەری ئابووری تێدا بوو؛ بەڵام زیاتر‌ بەدوای “ناسنامەی سیاسی” نوێیەوە بوو. ناسنامەیەک کە نەتەوەی کورد لە ئێران لە پاش شکست هێنانی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان لێی دەگەڕا. ناسنامەیەک کە بەرنامەی بۆ گۆڕانی کۆمەڵگا و دەست پێ کردنی ژیانێکی کوردانە و جیاواز دادەڕشت.‌ ناسنامەیەک کە سەربەخۆیی “سووژەی کورد”ی لە هەمبەر زاڵێتی و سوڵتەی نەتەوەی باڵادەست، بونیاد دەنا و دەیویست نەتەوەی کورد خۆی ڕەوتی مێژوومەندی کۆنتڕۆل کا و کۆمەڵگایەکی کوردانە لە هەمبەر “ئەویتری” نەتەوەی باڵادەست سازکا و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دیاری بکات. ئەم بزووتنەوەیە زیاتر لەوەی کە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و ڕووخێنەرانە بووبێت، بزووتنەوەیەکی خۆڕاگرانه و بەرگریکارانە‌ بوو کە دەیهەویست ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە بەرابەر تەوژمی بەرینی هێرشی سەخت ئامێری و نەرم ئامێری دەوڵەتانی داگیرکەر بپارێزێت و لە هەمبەر زوڵم و ستەمی داگیرکەر بەکۆمەڵ بوەستێ، وەستانێک کە به شێوەی‌ تاکەکەسی تەحەمموول نەدەکرا و ئەم پەیامەی دەگەیاند کە: نەتەوەی کورد داکۆکی لە مان و ناسنامەی خۆی دەکا و هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی درێژە بە خەباتی خۆی دەدا.



سەرچاوەکان

اینگلهارت،رونالد؛ولزل،کریستین. نوسازی،تغییر فرهنگی و دموکراسی. ترجمه یعقوب احمدی. (تهران،نشر کویر،1389)
غفاری،غلامرضا؛ ابراهیمی لویه،عادل. جامعه شناسی تغییرات اجتماعی. (تهران، نشر آگرا، 1387)
کاستلز، مانوئل. شبکه‏های خشم و امید: جنبشهای اجتماعی درعصراینترنت. ترجمه مجتبی قلی پور. (تهران، نشر مرکز،1394)
کاستلز، مانوئل. عصر اطلاعات: اقتصاد، جامعه و فرهنگ. ترجمه احد علیقلیان، افشین خاکباز و حسن چاوشیان. (تهران، نشر طرح نو،1380)
گیدنز، آنتونی. جامعەشناسی. ترجمە منوچهر صبوری. (تهران، نشر نى، 1376)
نش، کیت. جامعه‏شناسی سیاسی معاصر: جهانی شدن، سیاست، قدرت. ترجمه‏ی محمدتقی دلفروز. (تهران، انتشارات کویر،1392)

Abercrombie, Nicholas. Hill Stephen and Turner. S. Bryan. Dictionary of Sociology (New York: Published by the Penguin Group, 1984).
Castells, Manuel. Networks of Outrage and Hope: Social Movements in the Internet age. (Cambridge, Polity Press, 2012)
Kaldor, M. Global civil society. (London, Blackwell Publishing, 2003)
Smelser, Neil. Theory of collective behaviour. (New York, Free press, 1963).
Touraine, A . The voice and the eye: an analysis of social movements. (New York, Cambridge University Press, 1981)

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان