ئارامتر بخوێنەوە!

فەلسەفەی «خاک-ڕزگاری »ی کوردستان

بەشی دووەم

شوعەیب دانش‌پەژوو

لەگەڵ قەبووڵکردنی دوو گریمانەی دامەزرانی دەسەڵات لەسەر خاک و ماناداربوونی دەسەڵات بەپێی پێناسەکردنی دوژمن، دەگەینە ئەو دەرهاویشتە لۆژیکییە کە تاکەکانی نێو سنووری خاکی ژێردەسەڵات دەبن بە سووژە/دۆست و تاکەکانی دەرەوەی سنوور دەبنە ئۆبژە/دوژمن. شەڕ وەکوو دوایەمین کەرستەی سیاسی، ڕوونکەرەوەی ئیمکانێکە کە لەپێناوی هەر بۆچوونێکی سیاسیدا، جیاوازیی نێوان دۆست و دوژمن دەردەخات. 


ڕەوتی بەکۆمەڵایەتی کردن، بەشێکی دانەبڕاوی هەموو کۆمەڵگەیەکی سیاسییە. هیچ کۆمەڵگەیەک، بەبێ چەسپاندنی ئامانجەکان و فەلسەفەی هەبوونیی خۆی بۆ تاکەکانی ناتوانێت درێژە بە ژیواری خۆی بدات و پێش بکەوێت. ئەگەر کۆمەڵگەیەک توانستی ئەم کارەی نەبێت، ڕەواییبوونی خۆی لەدەست دەدات. ئێستا کە تاکی بێ خاکی کورد لە لایەکەوە گیرۆدەی دەسەڵاتگەلی داگیرکەری دەرهاویشتەی دەوڵەت-نەتەوەی دەستکردی ناوچەکە، بەدەستی وڵاتانی کۆلۆنیالیستیی ڕۆژئاواییە و لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی ڕەوتی بەجیهانیبوون، مەترسیی لەدەستدانی پاشخانی مێژوویی/فەرهەنگیی لەسەرە، پرسیار لە بارودۆخی کورد وەکوو تاک لە ئێستای دابەشکراویی و بێ دەسەڵاتییدا، دەمانخزێنێتە نێو گێژاوی چەمکگەلی وەکوو مافی مرۆڤ، مافی شارۆمەندی و گەشەی ئابووری و هتد. ئەم جۆرە دەستپێکە تیۆریکە نەتەنیا ناتوانێت هۆکارە سەرەکییەکە دەستنیشان بکات، بەڵکوو زیاتر لە پرسیاری بنەڕەتیی کوردستان دوورمان دەکاتەوە. بۆیە داڕشتنی پرسی کوردستان [کوردستان بەچەشنی خاک] بەبێ ئەوەی گیرۆدەی چەمکگەلی دەرهاویشتەی دەسەڵاتی سەپێندراو ببین، پێویستی بە شیکردنەوەی پێوەندیی نێوان سووژە/تاک لەگەڵ دەسەڵات/ئۆبژە، هەروەها چۆنیەتیی ڕاوەستەبوونی ئەم دوو لایەنە لەسەر خاک هەیە. پێشتر ئەوەمان ڕوون کردەوە کە سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوان هێگل و شمیت، هەردووکیان لەسەر دوو خاڵ کۆکن، یەکەم: خاک، پێشمەرج و پێویستیی یەکەمی دەسەڵاتدارێتییە، دووەم: دەسەڵاتی دامەزراو لەسەر خاک، بەبێ پێناسەکردنی ئەویدی/دوژمن ئیمکانی نییە، بەڵام ئەوەی شمیت لە ئەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە بە بڕوای ناوبراو، حاکم/دەسەڵاتدار، بە بڕیاردان لە دۆخی تایبەتدایە کە دەسەڵات/دەوڵەت لەسەر خاک دادەمەزرێنێت.

شمیت بە یارمەتیی چەمکی دیکتاتۆری، دۆخی تایبەت پێناسە دەکات. بەڵام دیکتاتۆرییەتێک کە دۆخی نائاساییش لەخۆی دەگرێت لە بنەڕەتدا خۆی جۆرێک دۆخی تایبەتە. بەم شێوەیە شمیت، لە نێوان دیکتاتۆریی نیابەتی[1] و دیکتاتۆریی حاکم[2] جیاوازی دادەنێت. لە دیکتاتۆریی نیابەتیدا جیاوازیی نێوان فۆرمی یاسا و فۆرمی کردەییی یاسا دەردەکەوێت. لە دیکتاتۆریی حاکمدا، جیاوازیی نێوان دەسەڵاتی پێکهێنەر[3] و دەسەڵاتی پێکهێندراو[4] دەردەکەوێت. لە دیکتاتۆریی نیابەتیدا، بەکردەوەیی کردنی یاسای بنەڕەتی، دەتوانێت سڕ بکرێت بەبێ ئەوەی توانست و مەشرووعیەتی لەنێو بچێت، چونکوو سڕکردن تەنها نیشاندەری دۆخێکی تایبەتیی پەیوەستکراوە. لە دیکتاتۆریی حاکمدا، بارودۆخێکی جیاواز هەیە، چونکوو دیکتاتۆریی حاکم بە سڕکردنی یاسای بنەڕەتی [بەپێی مافێک کە خودی ئەم یاسایە دیاریی کردووە و لە ئاکامدا یاسایییە] کورت ناکرێتەوە. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئامانج دروستکردنی بارودۆخێکە کە یاسای بنەڕەتی تێیدا بنووسرێتەوە. لەم نموونەیەدا هۆکارێک کە ڕێگا دەدات دۆخی تایبەت بە پێکهاتەی یاسایییەوە ببەسترێتەوە، جیاوازیی نێوان دەسەڵاتی پێکهێنەر و دەسەڵاتی پێکهێندراوە.

لێرەدا ڕوون دەبێتەوە کە دەسەڵاتدار چۆن دەتوانێت لە دۆخی تایبەتدا نۆمۆس/یاسای پێشوو هەڵبوەشێنێتەوە و سنووری خاک/جوگرافیا سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە و هاوکات یاسایەکی نوێ دیاری بکات. ئانتۆنی گیدێنز[5] لە کتێبی کۆمەڵناسیدا سەبارەت بە پێوەندیی نێوان دەوڵەت و خاک دەڵێت: دەسەڵاتدارێتیی دەوڵەتگەلی کۆن، سنووری ورد و ڕوونیان نەبوو و ئاستی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ناوەندی لەسەر خاکەکەیان زۆر کەم بوو. چەمکی دەسەڵاتدارێتی – واتە دەسەڵات لە هەموو ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی خۆی، هەیمەنەی هەبێت و هێزی بێ ڕکابەری ئەو ناوچانە بەئەژمار بێت – مانایەکی ئەوتۆی نەبوو. بەڵام هەموو دەوڵەت-نەتەوەکان، ئەو فۆرمە لە دەسەڵاتدارێتییان هەیە[6] . مانای دەوڵەت بۆ گیدێنز بریتییە لە، دەزگای سیاسیی دەسەڵات (ناوەندگەلێک وەکوو پارلمان یان کۆنگرە، لێپرسراوان و فەرمانبەران و ناوەندگەلی مەدەنی) کە لەسەر خاکێکی دیاریکراو دامەزراوە و لە پشتبەستن بە دەزگای یاسایی و هەروەها دەکارگرتنی هێزی سەربازی، بۆ بەکردەوەیی کردنی سیاسەتەکانی، کەڵک وەردەگرێت[7]. بە دەربڕینێکی دیکە، دەوڵەتی نەتەوەیی، بەبێ دیاریکردنی سنووری خاک ناتوانێت دابمەزرێت و مانای نابێت.

 یەکێک لە پۆلێنبەندییە گرینگەکانی شمیت، پێناسەکردنی “بابەتی سیاسی[8] ” بوو، بەو واتایە کە دەکرێت/پێویستە بابەتی سیاسی لەگەڵ بابەتی دیکە وەکوو بابەتی جوانیناسانە، ئابووری و ئەخلاقی و … جیا بکرێتەوە. ئەم پێوەرە تایبەتە سیاسییە کە کردەوە و ویستی سیاسی دەتوانین پێوەی گرێ بدەین، جیاوازیی نێوان دۆست و دوژمنـه. جیاوازیی دۆست و دوژمن ئاماژە بە ترۆپکی یەککرتوویی و لێکدابڕان، پێکهەڵکردن و دوورکەوتنە دەکات. ئەم تایبەتمەندییە دەتوانێت لە ئاستی تیۆریک و پڕاتیکدا بوونی هەبێت. “بۆ پێناسەکردنی دوژمن، هەر ئەوەندەی کە ئەو لە ڕووی هەبوونەوە جۆرێک بێگانە و ئەویدی بێت، بەسە. بەجۆرێک کە لە خاڵی کۆتاییدا، ئیمکانی لێکهەڵپرژان لەگەڵ ئەو هەبێت”[9]. کەوایە بوونی هەر سیستەمێکی دەسەڵاتدارێتی لەگەڵ ئەگەری هەمیشەییی شەڕ ڕووبەڕوویە، بۆیە دەسەڵاتدار پاش دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتدارێتی، لە یەکەم هەنگاودا سوپای نەتەوەیی پێکدێنێت (بڕوانە بەشی یەکەمی وتارەکە).

دەوڵەت وەکوو کیانێکی سەرانسەر سیاسی، مافی ڕاگەیاندنی شەڕ، واتە ئیمکانی ڕاستینەی بڕیاردان لە بارودۆخی دوژمن و توانستی شەڕکردن لەگەڵ دوژمنی، بە یارمەتیی دەسەڵاتێک کە لێیەوە سەرچاوە دەگرێت، هەیە. شمیت لە کتێبی “بیرۆکەی پارتیزان[10]“دا دەڵێت: لە تیۆریی شەڕدا، ئەوە دەستنیشانکردنی دوژمنایەتییە کە بەردەوام مانا بە شەڕ دەبەخشێت. هەرچەشنە هەوڵدانێک بۆ سنووردارکردن و پەرەپێدانی شەڕ دەبێت ئەم تایبەتمەندییە ڕەچاو بکات کە سەبارەت بە چەمکی شەڕ، دوژمنایەتی چەمکی بنەڕەتییە. هەروەها دەستەبەندیی جۆرەکانی شەڕ، پێویستی بە پۆلێنبەندیی جۆرەکانی دوژمنایەتییە[11]. بەڕەچاوکردنی ئەم ڕوانگەیە باشتر دەتوانین چەمکگەلی پێوەندیدار بە شەڕ وەکوو شەڕی نەرم فام بکەین. بەواتایەکی دیکە، لەگەڵ قەبووڵکردنی دوو گریمانەی دامەزرانی دەسەڵات لەسەر خاک و ماناداربوونی دەسەڵات بەپێی پێناسەکردنی دوژمن، دەگەینە ئەو دەرهاویشتە لۆژیکییە کە تاکەکانی نێو سنووری خاکی ژێردەسەڵات دەبن بە سووژە/دۆست و تاکەکانی دەرەوەی سنوور دەبنە ئۆبژە/دوژمن. شەڕ وەکوو دوایەمین کەرستەی سیاسی، ڕوونکەرەوەی ئیمکانێکە کە لەپێناوی هەر بۆچوونێکی سیاسیدا، جیاوازیی نێوان دۆست و دوژمن دەردەخات. ئەم بابەتە تا کاتێک مانای هەیە کە جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان بەشێوەی کردەکی یان لانیکەم بەشێوەی شاراوە هەبێت. لەلایەکی دیکەوە، شەڕکردن بەهۆی ویستی تایبەتەن دینی، تایبەتەن ئەخلاقی یان ئابووری بێ مانا دەبێت. پۆلێنبەندیی دوست و دوژمن، و هەروەها شەڕ، ناتوانێت لەم دووفاقیگەلەی پانتاییی چالاکیی مرۆڤەوە سەرچاوە بگرێت .

لێکۆڵەران لە دەیەی 1960ی زایینییەوە دەستەواژەی “توندوتیژیی سیاسی”ـیان بەو مانایە بەکار هێناوە کە گرووپگەلی نێو کێشمەکێشێکی سیاسی، هەڕەشە لە یەکتر دەکەن یان خەساریان پێ دەگەیەنن. ئەم دەستەواژەیە لە سەرەتادا هەموو جۆرەکانی دژایەتیگەلی نێوخۆیی لەهەمبەر حکوومەتی (وەکوو تیرۆریسم – ڕێپێوان – شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازانەی دژەحکوومەتی، کە بە “توندوتیژیی مەدەنی”ـیش ناودێر دەکران) لەخۆ دەگرت. بەڵام دواتر بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە بەرینتر بوو، و کردەوەگەلی توند و سەرکوتکەرانەی حکوومەت لەهەمبەر شارۆمەندانی وڵاتیشی لەخۆگرت کە بە “توندوتیژیی دەوڵەتی” ناوی دەبەن. شەڕ لە ڕوانگەی یاسای گشتیی ئەورووپاوە، شەڕێکە لە نێوان دەوڵەتەکان کە تێیدا سوپای یەکدەستی دەوڵەتێک لە دژی سوپای یەکدەستی دەوڵەتێکی دیکە وەگەڕ دەخرێت. پارتیزانی مۆدێڕن، چاوەڕوانیی عەداڵەت و گەورەییی لە دوژمنەکەی نییە. یاسا واتە یەکگرتوویی، تەکووزی و شوێنمەندی، بەڵام پرسی پارتیزان بریتییە لە پێوەندیی نێوان شەڕی تەکووزمەند و شەڕی ناتەکووزمەند. هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لە نەبوونی خاکی سەربەخۆ و دەوڵەتی نەتەوەییی کوردیدا لەژێر دەسەڵاتی حیزبەکاندا چالاکی دەکات، دەبێت لەم پۆلێنبەندییەدا جێ بکەینەوە، واتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕێکی ناشوێنمەند و ناتەکووزمەند لەگەڵ سوپایەکی شوێنمەند و تەکووزمەندی دەوڵەتی داگیرکەردا ڕووبەڕوویە. بۆیە گیدێنز ئاماژە بەو خاڵە دەکات کە ئەو نەتەوە بێ دەوڵەتانە لەلایەن دەوڵەتی دەسەڵاتدار/داگیرکەرەوە بەفەرمی ناناسرێن. لەوەها نموونەگەلێکدا دەوڵەت-نەتەوەی دەسەڵاتدار لە ڕێگەی هێزەوە نکۆڵی لە کەمینەکان دەکەن. بۆ نموونە تەبەتییەکان لە چین و کوردەکان کە ئاخێزگە و ژیواریان بەشێک لە تورکیە، سووریە، ئێراق و ئێران لەخۆ دەگرێت. گیدێنز لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: “تەبەتییەکان و کوردەکان مێژووی فەرهەنگی و شارستانییەتێکی کۆنیان هەیە. لەنێو کوردەکانیش چەند بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانە هەیە کە زۆربەیان لەدەرەوەی خاکی کوردستان چالاکی دەکەن و پێیان وایە توندوتیژی ڕێگای گەیشتن بە ئاکامەکانیانە. هیوایەک بۆ گەیشتن بە خودموختارییەکی زۆر بەرتەسکیش بۆ تەبەتییەکان و کوردەکان نییە مەگەر ئەوەی دەسەڵاتگەلی دەوڵەت-نەتەوەی دەسەڵاتدار بڕیار بدەن شێوەی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەوان بگۆڕن[12] .

گیدێنز هەروەها لە کتێبێکی دیکەیدا دەڵێت: “سەبارەت بە “نەتەوە”، من دەگەڕێمەوە بۆ بەشداری لەسەر خاکێکی دیاریکراو، کە لەژێر بەڕێوەبەرایەتییەکی یەکگرتوودایە و هەم دەزگای دەوڵەتی ناوخۆیی و هەمیش لەلایەن دەوڵەتانی دیکەوە کاریگەری وەردەگرێت. یەک “نەتەوە”، بەوجۆرەی کە من لێرەدا ئەو چەمکە بەکار دێنم، تەنیا کاتێک بوونی هەیە کە وڵاتێک، بەڕێوەبەرایەتییەکی یەکگرتووی لەسەر ئەو خاکەی کە ئیدعای دەکات، هەبێت”[13] .

 ئەم دوو دەربڕینەی گیدێنز هەڵگری جۆرێک لە لاپارێزییە، هەرچەند وەکوو پێشمەرج ئاستی چەندنەتەوەبوون و هەروەها داگیرکاری/دەسەڵاتدارێتیی نەتەوەیەک بەسەر چەند نەتەوەی دیکە لەسەر یەک خاکی پشتڕاست کردۆتەوە، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی بەدەسەڵاتگەیشتنی هەر نەتەوەیەک لەسەر خاکی خۆی، ڕێگای خەبات/ڕزگاری پێشنیار ناکات و پێی وایە تەنها دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست دەتوانێت ئاڵوگۆڕ پێکبێنێت، ئەم ڕوانینە ناڕاستەوخۆ بەئۆبژەکردنی نەتەوە ژێردەستەکان لە بەرانبەر سووژەی دەسەڵاتی سەردەستە و دەتوانێت کۆی ڕزگاریخوازیی نەتەوەژێردەستەکان ئەگەر نەڵێین بێ بایەخ لانیکەم بێ ئاکام بکات و هەروەها نەتەوەی سەردەست بۆ چەسپاندنی پێناسەی ناوبراو لە نەتەوە (یەک خاک و یەک بەڕێوەبەرایەتی) ڕەوایی بە خۆی دەدات کە نەتەوەژێردەستەکان لە نەتەوەوە بۆ ئێتنیک دابەزێنێت و لە ڕەوتی مێژوودا هەموو شوناسێکیان لێ بستێنێتەوە. ئەم فۆرماسیۆنە سیاسییەی دەوڵەت-نەتەوەی داگیرکەر لەهەمبەر نەتەوە ژێردەستەکان هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەوە تا ئێستا بەردەوام و فۆرمی زاڵ بووە. پێناسەی هێگل لە دەوڵەت، هاوکاتە لەگەڵ بوونی دەوڵەتێکی دیکە، واتە یەک دەوڵەت بەتەنها مانای نییە، دەوڵەتی دیکە هەمان دوژمنە کە شمیت دواتر بە ڕوونی ئاماژەی پێ کرد. بە ڕەچاوکردنی ئەم دوو پێشگریمانەیە، دەتوانین داوەریی دەرکەوتەی کۆتاییی گیدێنز سەبارەت بە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان ڕەد بکەینەوە.

لویز سنایدێر[14] سەبارەت بەم ڕەوتە دەڵێت: “جیهان لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بە نیسبەت ساڵەکانی 1900ی زایینی زۆر جیاوازە. لە کۆتایییەکانی شەڕی دووەمی جیهانیدا، پرسی نەتەوەکان لە ئاسیا و ئەفریقا بە تووڕەیییەوە وەگەڕ کەوتەوە. وەرچەرخانێک کە گۆڕانی خێرای نەخشەی جیهانی لێ کەوتەوە. پەنجا و دوو وڵات پێکەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پێکهێنا. لەو کاتەوە، خەبات بۆ سەربەخۆبوون دووقات زیاتر لە بەئەندامبوون لەو ڕێکخراوەیە بووە. نەتەوە نوێیەکان زیاتر لە یەک لەسەر سێی خاکی جیهان و زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی مرۆڤیان لەخۆ گرتووە. هەریەکەو بۆ نیشاندانی شوناسی خۆی چالاکی دەکات. هەریەکە بۆ قازانجی خۆی تێدەکۆشێت و شانازی بە دەسەڵاتی بڕیاردانی خۆیەوە دەکات، هەموو بەدوای بناغەی خۆیان لە مێژوودا دەگەڕێن. هەریەک ئاڵای خۆی بەرزتر لەوانی دیکە دەکاتەوە و کۆنترۆڵی چارەنووسی خۆیان بەدەستی کەسانی دەرەکی و بەدەستەوەدانی دەسەڵاتدارێتیی نەتەوەیی خۆیان، ڕەد دەکەنەوە. ناسیۆناڵیزم بەردەوام ئەم ڕوانینەی بەنیسبەت دەوڵەت هەبووە” [15] . ئەم دەربڕینەی سنایدێر سەرەڕای بەگرینگ نیشاندانی هێماگەلی نەتەوەیی وەکوو ئاڵا و هەروەها تەرکیزکردنەوە لەسەر مێژوو وەکوو کۆڵەکەی ڕێکخەری نەتەوە، دەسەلمێنێت کە ئەگەری گیدێنز بۆ ئاڵوگۆڕی هەڵسوکەوتی نەتەوەی دەسەڵاتدار، ئەگەرێکی مایەپووچە و ڕەوتی مێژوو ناموممکن بوونی ئەو ئەگەرەی سەلماندووە. سنایدێر بە وردبوونەوە لە ڕەوتی دەوڵەت-نەتەوەکاندا، پێشگریمانەی هەوڵی بێوچانی هەموو نەتەوەکان بۆ بەرزتر کردنەوەی دەسەڵاتدارێتیی خاکی خۆیان ڕوونی دەکاتەوە کە پێکەوەژیانی یەکسانی دوو نەتەوە لەژێر دەسەڵاتی یەک دەوڵەت و یەک خاکدا چەندە بێ مانا و پارادۆکسیکاڵە.

سمیت سەبارەت بە بیچمگرتنی ئەندێشەی نەتەوە دەڵێت: “بەهۆی ئەوەی ئێتنێسیتی لەبنەڕەتدا لەڕووی سرشتییەوە، هەڵگری لایەنێکی ئوستوورەیی و هێمامەندە، و بەو هۆیەوە کە ئوستوورە و هێما و یادەوەری و بایەخەکان بەشێوەی بیچمگەلی دەستکرد[16] و چالاکییەکی زۆر هێواش دەگۆڕدرێن، دەگوازرێنەوە و لەم ڕووەوە دۆخی ئێتنیکی لەگەڵ دەستپێکەکەی دەیەوێت بەشێوەیەکی بێ وێنە لە هەوراز و نشێوی ئاسایی و بۆ چەند بەرە سەقامگیر بمێنێتەوە، و تەنانەت بۆ چەند سەدە بەردەوام بێت، هەربۆیە فۆرمگەلێک دروست دەکات لە تێیاندا کۆی ڕەوتگەلی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بتوانن ئاشکرا ببن و بەپێی ئەوانە هەمووجۆرە بارودۆخ و تەوژمێک بتوانن کاریگەرییان هەبێت” [17] .

 سمیت دەیەوێت بە ئاوڕدانەوە لە ئاخێزگە ئێتنیککیەکانی نەتەوە وەکوو ئوستوورە و هێما مێژوویییەکان، گرینگیی مێژوونووسینەوە یان تەنانەت مێژووسازی بۆ مانادارکردنی نەتەوە بەچەشنی فۆرمێکی سیاسی نیشان بدات. بەڕای نووسەر، لەم ڕێڕەوە مێژوویییەی سمیتدا، ئەگەری سازانی دوو نەتەوە لەسەر هێما یان ئوستوورەیەکی مێژوویی بەهۆی ویستی هەر نەتەوەیەک بۆ بەخۆیی کردنی مێژوو، ئەگەرێکی مومکین نییە. بەڵام سمیت پێی وایە لە پاش بەدەسەڵات گەیشتنی نەتەوەیەک، دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست دەتوانێت بە پشتبەستن بە هەندێک بایەخی یونیڤێرساڵ وەکوو مافی مرۆڤ، جۆرێک لە هەڵکردنی نەرم لەنێوان نەتەوە بێ دەوڵەتەکاندا پێکبهێنێت.

مۆنتسرات گیبێرنۆ ڕەخنە لە سمیت دەگرێت و دەڵێت: “سمیت بەڵگەدەهێنێتەوە کە کاتالانەکان وەکوو شارۆمەندانی سپانیا ماف و ئەرکی خۆیان هەیە و لە ڕوانگەی ناوبراوەوە، ئەم وێنایە مەرجەکان بەجێ دێنێت کە هەموو ئەندامانی وڵاتێک دەبێت ماف و ئەرکی یاساییی هاوبەشیان هەبێت. کێشە ئەوەیە کە سمیت ڕوونی ناکاتەوە کە ئایا ئەم ئەرک و مافگەلە دەبێت بە شێوەی دێموکراتیک قەبووڵ بکرێن و دابمەزرێن یان بە پێچەوانەوە، ئەوان دەتوانن بەسەر حەشیمەتێکدا بیسەپێنن. لە ماوەی 40 ساڵی دیکتاتۆریی فڕانکۆدا، کاتالانەکان ئەرک و مافی یاسایییان گواستەوە نێو خۆیان بەڵام نەتەنها ئەمانە بەسەریاندا سەپێندرابوو بەڵکوو یاساغکردنی زمان، فەرهەنگ و ڕێکخراوەکانی کاتالۆنیایشی بەدواوە بوو. بێجگە لەوە، وەها دێتە بەرچاو کە سمیت دەیەوێت بەڵگە بهێنێتەوە سپانیا “نەتەوەی نەتەوەکان”ه، سەردێڕێک کە لانیکەم جێگای پرسیارە، بەڵکوو ئەو نوکتەیە لەبیر دەکات کە ئەرک و مافی کاتالانەکان بە بارودۆخی ئەوان وەکوو شارۆمەندانی سپانیایییەوە بەستراوەتەوە”[18] . گیبێرنۆیش وەکوو سنایدێر چەمکی نەتەوەیەکی دروستکراو لە چند نەتەوە، بێ مانا دەزانێت و پشتبەستن بە هەندێک چەمکی گشتی وەکوو ماف، ناتوانێت بنەڕەتی پرسەکە بپێکێت و چارەسەری بکات. پارادۆکسێک لەنێوان فۆرمی بەئیدعا دێموکراتیکی مافی مرۆڤ و سەپاندنی ئەو مافە لە ڕێگەی هێزی دەوڵتییەوە هەیە و سووڕانەوەی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە دەوری چەمکگەلی دروستکراو/سەپێندراوی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست، چەرخێکی بێ ئاکام و هەر لەسەرەتاوە شکستخواردوویە.

کاتێک دەوڵەتێک لەسەر خاکێک دادەمەزرێت کە لە بنەڕەتدا چەند نەتەوە/خاک لەخۆ دەگرێت، توێژی ڕووناکبیر، وردە وردە لە ڕووناکبیربوون بەرەو فەرمانبەری دەوڵەتی وەردەگەڕێن. ئەم دیاردەیە لە دەوڵەتگەلی تۆتالیتێر بە ترۆپکی خۆی دەگات. دەوڵەتی تۆتالیتێر تەنها بە کۆنترۆڵی کەرستەگەلی کۆن و هێز ناوەستێت، لێرەدایە کە جیاوازیی دەوڵەتی تۆتالیتێر لەگەڵ دەوڵەتی موتڵەقە ڕوون دەبێتەوە. ئەگەر دەوڵەتی تۆتالیتێر دەیەوێت وەکوو دەوڵەتێکی دیکتاتۆر درێژە بە بوونی خۆی بدات، ناچارە کۆی ئەندێشەی شارۆمەندان کۆنترۆڵ بکات و لەم ڕێگەیەوە فەرهەنگ جێگای خۆی بە ڕێکلام دەدات. لە وەها بەستێنێکدا تاک/شارۆمەند لەبەرانبەر دەزگای ڕێکلامی دەوڵەتی کە سیستماتیک و بەردەوام ئەندێشەی ڕەخنەگرانە/ڕزگاریخوازانە بە گاڵتە دەگرێت، بە دژواری دەتوانێت خۆڕاگری بکات. ئەگەر لە ڕوانگەی ئاگامبنەوە چۆنیەتیی دەوڵەت-نەتەوەی دامەزراو لەسەر خاکی چەند نەتەوەی دیکە لێک بدەینەوە، دەبینین کە دەوڵەت بۆ پاراستن و بەهێزتر کردنی دەسەڵاتی نەتەوەی باڵادەست ڕێگایەکی جیا لە فۆرمی دەسەڵاتی ڕەهای نییە و لەئاکامدا دەوڵەت-نەتەوە دەبێتە سیستەمێکی تۆتالیتێر. دەوڵەتی تۆتالیتێر بەپێی ئەوەی کە هەموو دەزگا و فۆرماسیۆنەکانی هێزی سیاسی و ئابووریی لەدەستدایە، دەیەوێت و دەتوانێت فۆرماسیۆنە هزری، فەرهەنگی، مەدەنی و ڕووناکبیرییەکانی نێو جوگرافیای دەسەڵاتی خۆی بکێشێتە سەر هێڵی فۆرماسیۆنی دڵخوازی نەتەوەی دەسەڵاتدار. دەسەڵات دەتوانێت ئەم ڕاکێشان/وەرگەڕاندنە لە ڕێکاری بەکارهێنانی هێز بەشێوەی سەخت وەکوو ڕێگای نیزامی/سڕینەوە و یان بەکارهێنانی نەرم وەکوو ڕاگەیاندن و میدیا جێبەجێ بکات. لەم پێگەیە بەولاوە چەمکی ئەمنییەت دەبێتە پێوەری ناوەندیی ڕەفتاری دەوڵەت و لە ئاکامدا خودی دەسەڵات دەبێتە فۆرمێک لە دەوڵەتی ئەمنییەت.

ئاگامبێن دەڵێت:” چەمکی “دەوڵەتی ئەمنیەت” [19] بە ڕادەیەک هاتۆتە نێو وێژمانی سیاسی، کە ئیدی بە دڵنیایییەوە دەتوانین بڵێین “قازانجی ئەمنیەتی”[20] جێگای “قازانجی دەوڵەت”[21]ی گرتۆتەوە. ئەم دەوڵەتی ئەمنیەتە ئیتر نە “دەوڵەتی حەق”[22]ـه و نە ئەوەی فۆکۆ بە “کۆمەڵگەی تەکووزمەند”[23] ناودێری دەکرد. لە فۆرمی دەسەڵاتدارێتیی هابزیدا، گرێبەستێک کە دەسەڵات و بڕیاڕی پێشکەش بە دەسەڵاتدار دەکرد، لەسەر پێشگریمانەی ترسی دوولایەنە و شەڕی هەمووان لەگەڵ هەمووان دامەزراوە: دەوڵەت ئەو هێزەیە کە بۆ کۆتایی هێنان بە ترس بەکار دێت.

لە دەوڵەتی ئەمنیەتدا ئەم چوارچێوەیە پێچەوانە دەکرێتەوە: دەوڵەت بەردەوام لەسەر ترسی شارۆمەندان ڕاوەستاوە و پێویستە بە هەر شێوەیەک بووە ئەم ترسە ڕاگرێت[24].

ئەم وێنایە لە دەوڵەتی مۆدێڕن بەرەو پرسیار لە بینینەوەی دەرفەتی بەرەنگاری لەهەمبەر دەسەڵاتدا هانمان دەدات. ئاگامبێن لە ڕێگەی دلووزەوە هەوڵ دەدات کارکردێکی نوێ لە دەسەڵات پێناسە بکات.  “دلووز، کارکردی دەسەڵاتی بە واتای جیاییی مرۆڤەکان لە ئەو شتەی کە دەتوانن ئەنجامی بدەن پێناسە دەکرد؛ واتە جیابوونەوەی مرۆڤەکان لە توانستەکانیان[25]. هێزگەلی چالاک لە بەکردەیی بوونیان مەنع کراون، چ بە هۆکاری ئەوەی کە بارودۆخی پێویست بۆ بەکردەیی بوونیان ئامادە نەبێت، چ بەهۆی بوونی جۆرێک بەربەست کە بەکردەیی بوونی نامومکین کردبێت. لەهەردوو حاڵەتدا، دەسەڵات، مرۆڤەکانی لە توانستەکانیان جیا کردۆتەوە و بەم شێوەیە نەزۆکیان دەکات – و ئەمە بە دژوارترین فۆرمی دەسەڵات ئەژمار دەکرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، کارکردێکی شاراوەتر لە دەسەڵات هەیە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو شتانەی مرۆڤ دەتوانێت ئەنجامی بدات – توانستەکانیان – دانانێت، بەڵکوو لەسەر “نەتوانستەکانیان” کاریگەریی هەیە؛ واتە ئەو شتەی کە ناتوانن ئەنجامی بدەن یان باشترە بڵێین، ئەو شتەی کە دەتوانن ئەنجامی نەدەن.

ئەم بابەتە کە هەموو توانستێک، هەمیشە جۆرێک نەتوانستە، ئەوەی کە هەر توانستێک بۆ ئەنجامدان، بەردەوام توانستێکە بۆ ئەنجامنەدان، ئامانجی سەرەکیی بیرۆکەی “پەنگراوێتی”[26]یه  کە ئەرەستوو لە نۆیەمین کتێبی مێتافیزیادا لێکیدەداتەوە. ئەو دەنووسێت، نەپەنگراوێتی[27] ، نەبوونێکە پێچەوانەی بوونی پەنگراوێتی. ئەمە بەو مانایەیە کە مرۆڤەکان بوونەوەرێکی گیاندارن کە لەگەڵ هەبوون لە حاڵەتی هێزدا، ڕێک بەو ڕێژەیەی کە دەتوانن کارێک ئەنجام بدەن، هەر ئەوەندەیش دەتوانن ئەنجامی نەدەن. ئەم تایبەتمەندییە دەرفەت بە مرۆڤەکان دەدات کە “شیاوێتی”[28]ـیەکانی خۆیان کۆبکەنەوە و بە ویستی خۆیان کۆنترۆڵیان بکەن و بیانکەن بە “لێهاتوویی”[29]  .

نووسەر لە بەشی سێیەمی وتارەکەدا، چییەتی و چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەم کارکردە نوێیە لە دەسەڵات لە لایەن نەتەوە ژێردەستەکانەوە (وەکوو کورد) بەچەشنی فۆڕمێک لە خەباتی ڕزگاریخوازانە زیاتر ڕوون دەکاتەوە.


سەرچاوەکان

[1] Commissarial dictatorship

[2] Sovereign dictatorship

[3] Constituent power

[4] Constituted power

[5]  Anthony Giddens (1938)

[6] آنتونی گیدنز با همکاری کارن بردسال، جامعەشناسی، ترجمە حسن چاوشیان، (نشر نی،1387): 608 .

[7]

[8] The Concept of the political

[9] کارل اشمیت، مفهوم امر سیاسی، ترجمە یاشار جیرانی و رسول نمازی، (نشر ققنوس، 1393): 24 .

[10] Theory of the partisan

[11] کارل اشمیت، نظریە پارتیزان، ترجمە طاهر خدیو و مصطفی احمدزادە، (نشر فلات، 1396): 123 .

[12] جامعەشناسی، 643 .

[13] Anthony Giddens, The nation state and Violence,(Berkeley: Univ. Calif. Press 1984), 116 .

[14] Louis L. Snyder (1907-1993)

[15] Louis L. Snyder, The new Nationalism,(Taylor and Francis Group, 2017), 7 .

[16] artifacts

[17] Anthony Smith, The Ethnic Origins of Nations, Oxford Blackwell : 16 .

[18] Montserrat Guibernau, Anthony D. Smith on nations and national identity: a critical assessment, Nation and Ntionalism Journal 10, (2004): 130 .

[19] security state

[20] security reasons

[21] reasons of state

[22] State of right

[23] discipline societies

[24] جورج آگامبن، وضعیت استثنایی، ترجمە پویا ایمانی، (نشر نی : 1397)، 14 .

[25] Potentiality

[26] Dynamia, وشەیەکی یۆنانییە کە لە فارسیدا وشەی بالقوەبودگی بەکاردەبەن.

[27] Adynamia وشەیەکی یۆنانییە کە لە فارسیدا وشەی بالقوەنبودگی بەکاردەبەن.

[28] capacity

[29] faculty

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان